رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

(پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیک) گەیشتووینەتە کوێ؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: کارین مەنبوو

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

تیۆرییەکانی هانس لێمان (١٩٤٤-٢٠٢٢) وەڵامی ئەو پێداویستییانەی داواتەوە کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندی نێوان و دراما و فۆڕمەکانی شانۆ کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەریان هەڵداوە؛ پێویستن، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە “چیتر دراماتیک نین”. زۆرجار ئەم پەیوەندییە پشتگوێ خراوە، یان دەتوانین بڵێین کەم لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە لەلایەن ئەو ڕێبازانەی کە پێیان باشە ئەم فۆڕمە شانۆییە نوێیانە بە “پۆستمۆدێرن” یان بە شێوەیەکی بێلایەنتر بە “ئەزموونی هاوچەرخ” یان بە “ئەڵتەرناتیڤی هاوچەرخ” ناو ببەن. ئەوەی تێبینی کراوە (مەرگی کارەکتەر)ی ئێلینۆر فۆکسە، کە تیشک دەخاتە سەر وێرانکردنی کارەکتەری دراماتیک لە شانۆی هاوچەرخی ئەمریکیدا لە پێوەندی لەگەڵ تیۆرییە پۆستمۆدێرنەکانی سوبژێکتیڤیەتدا، کە لەم چوارچێوەیەدا کارە نوێیەکانیش لە پەیوەندییەکەیدا بە تێکچوونی ڕێسا دراماتیکییەکانەوە دەبەستێتەوە و لێیان دەکۆڵێتەوە. هانس لێمان وەک فۆکس و ڕەخنەگرەکانی دیکە؛ شانۆ و پێرفۆرمانس بە پۆستمۆدێرنیزمەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەست دەکات بە دۆزینەوەی زمانێک بۆ فۆڕمەکانی شانۆی نوێ بەڵام بە ڕەچاوکردنی سیستماتیکی پەیوەندییەکان بە تیۆریی دراماتیک و مێژووی شانۆوە، لەوانەش دەنگدانەوە و جیابوونەوەیان لە شانۆی مێژوویی ئاڤانگارد. هانس لیمان بە پێچەوانەی فۆکسەوە، بە شێوەیەکی سیستماتیک ئیستاتیکای شانۆی نوێ لە ڕووی ئیستاتیکای پانتایی (space) و کات و جەستە و هەروەها بەکارهێنانی دەقەوە لەبەرچاو دەگرێت. بە درێژایی ئەم بابەتە، هانس لیمان لە پەیوەندی شانۆ بە گۆڕانی میدیا لە سەدەی بیستەمدا دەکۆڵێتەوە. بەتایبەتیی ئەو گۆڕانە مێژووییەی کە لە کولتوورێکی تێکستییەوە (textual culture) بۆ کولتوورێکی وێنە و دەنگیی (بە میدیاکردن) هەنگاو دەنێت. ئەم ڕێبازەی هانس لیمان لێرەدا سوود لە چەندین شیکاریی میدیایی و تیۆریی ئیستاتیکیی وەردەگرێت لە بێنیامین و ئادۆرنۆوە تا پارت و کیتلەر و ماکلۆهان، هەروەها ئەو بیرمەندانەش کە زۆر کەم ناسراون وەک ڤیڤیان سۆبچاک وەکو تیۆریستی فیلم و گۆتفیرد بۆیم وەکو تیۆریستی وێنە.

لێرەدا دەمەوێت بە شێوەیەکی جددیتر باسی ئەوە بکەم کە “پۆست” لە “پۆستدراماتیک”دا تووشی بەدحاڵیبوونێکی هاوشێوەی “پۆست” لە پۆستمۆدێرنیزم”دا بووەتەوە. چونکە مانای “پۆست” لێرەدا بە واتایەکی کرۆنۆلۆژیی و مێژوویی نایەت، لەبیرکردنی دراماتیکیی نییە وەک ڕابردوویەک. بەڵکو وەک پچڕانێک یان (ئەودیو- میتا) دراماتیکە، کە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی لەگەڵ درامادا دەکات و لە زۆر ڕووەوە شیکاری  بیرهێنانەوەیەکە بۆ مێشک (ئەنامنێسیس). ناوهێنانی شانۆ بە پۆستدراماتیک بریتییە لە خستنەڕووی پەیوەندییە نەریتییەکەی شانۆ بۆ دراما، بۆ وێرانکردن، و ئەو ڕێگە زۆرانە لەبەرچاو دەگرێت کە پەیوەستن بەو نمایشانەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا پێشکەش دەکران.

تیۆری پۆستدراماتیک؛ “پۆست”سیزۆندی و هیگڵ

تیۆریی شانۆی پۆستدراماتیکی هانس لیمان وەڵامدانەوەیەکە بۆ تیۆری درامای مۆدێرن لای پیتەر سیزۆندی، کە شانۆنامەکانی ئیپسن و سترندبێرگ تا ئۆنێڵ و ئارسەر میلەر لە ڕووی “قەیرانی دراما”ەوە دەخوێنێتەوە. ئەم قەیرانە خۆی لە ناکۆکییەکانی نێوان بنەما فەرمییەکانی درامای ئەرستۆ و خواستە کۆمەڵایەتییە (داستانییە) مۆدێرنەکاندا دەرخست کە چیتر نەدەتوانرا کۆنتڕۆڵ بکرێن. سیزۆندی بە قسەکردن دژی تیۆریی دراماتیکی ئەرستۆیی و یاسا نەریتییەکان، کە فۆڕمی دراماتیکی بێ-کاتە (وەک هەبوویەکی دەرەوەی مێژوو) بیری لێ دەکردەوە. ئەو مێژووی درامای وەک دیالێکتێکی مێژوویی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە تیۆریزە کرد. ئەو دەیگوت دراما چەمكێکی “کاتیی”بووە کە واتای ڕووداوێکی ئەدەبی و مێژوویی تایبەتە، واتە دراما ئەوەیە کە لە ئینگلتەرای سەردەمی ئەلیزابێسدا سەریهەڵداوە و لە سەدەی حەڤدەیەمدا لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام بوو. ئەمەش ئیستاتیکایەکە کە لە پێویستی بە بوونەوەرێکی خودئاگاوە سەرچاوەی گرتووە کە دوای داڕمانی جیهانی سەدەکانی ناوڕاست هەوڵیدا واقیعێکی هونەریی دروست بکات کە لەو چوارچێوەیەدا بتوانێت خۆی بە تەنیا لەسەر بنەمای پەیوەندییە کەسییەکان جێگیر بکات. ئەمەش لە ئەنجامدا بوو بە فۆڕمێک و ناونرا “درامای ڕەها” کە تایبەتمەندە بەمانەی خوارەوە: باڵادەستی دیالۆگ و پەیوەندیی نێوان کەسایەتییەکان؛ وەدەرنانی هەر شتێکی دەرەکی لە دەرەوەی دنیا دراماتیکییەکە؛ پەرەسەندنی کات وەکو زنجیرەیەکی هێڵیی، پابەندبوون بە سێ یەکێتی کات و شوێن و کردارەوە.

بە بڕوای سیزۆندی کاتێک “قەیرانی دراما” وەک ناتەبایەک خۆی لە نێوان فۆڕمی ڕەهای درامادا دەرخست، ئەو ئایدیایانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە لە بەرهەمە دراماتیکییەکانی ئیپسن و چێخەف و ستریندبێرگ و مۆتەرلینگ و هاوپتماندا کەوتنە ژێر فشارێکی زیاترەوە. سیزۆندی درێژە بەم بابەتە دەدات و درامای سەدەی بیستەم وەک وەڵامێک بۆ ئەم قەیرانە دەخوێنێتەوە. بەرهەمە ناچوڕالیست و ئێکسپرێشیۆنیست و بوونگەراییەکان وەک هەوڵێکی ڕزگارکردن سەیر دەکات کە هێشتا پابەندن بە فۆڕمی دراماتیکیەوە، لە کاتێکدا بە دوای ناوەڕۆکی نوێدا دەگەڕێن. هەروەها بەرهەمەکانی برێخت و بروکنەر و پیراندیلۆ و ئۆنێل و وایڵدەر و میلەر چارەسەرە تاقیکاریی و ئەزموونیەکانیان دەخەنە ناو “دراما”وە.

وەکو مارکۆس وێسێندۆرف دەڵێت: (لێکۆڵینەوەکانی هانس لیمان لە زۆر ڕووەوە درێژەپێدەری پڕۆژەکەی سیزۆندییە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنێکی گەورە بۆ مۆدێلەکەی سیزۆندی دەکات کە زۆرینەی لەسەر فەلسەفەی هیگڵ دامەزراندووە). لیمان پێی وایە کە پڕۆژەکەی سیزۆندی تێگەیشتنێکی هیگڵییە لە گەشەسەندنی شانۆی سەدەی بیستەم، کە ڕەگ و ڕیشەکەی دژایەتیکردنی نێوان درامای ئەرستۆیی و ئارەزووە داستانییەکانە، کە ئەمەش بۆ هانس لیمان بابەتێکی سنووردارە. شانۆی داستانیی برێخت پچڕانێکی سەرەکیی لەگەڵ شانۆی نەریتییدا دروستکردووە، بۆیە ناکرێ داهێنانەکانی برێخت وەک بەشێک لە شانۆی نەریتیی سەیر بکرێن. لیمان دەڵێت ئەم مۆدێلەی سیزۆندی ڕێگە بەوە نادات شانۆ بەبێ دراما، واتە بەبێ نوێنەرایەتیکردنی گەردوونێکی خەیاڵی داخراو، هەبێت. لە کاتێکدا لیمان بەهۆی ئەو گرنگییەی بە شانۆی دەدات شانۆ وەکو پێرفۆرمانسێک تەماشا دەکات، بەمەش دەتوانێت ئەوەمان نیشان بدات کە شانۆ و دراما لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا بە تەواوی لە یەکتری جیابوونەتەوە. (ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوەی سیزۆندیەوە کە دراما وەکو ئەدەب دەخوێنێتەوە و سەیر دەکات).

گۆڕین بۆ پێرفۆرمانس

تیۆری شانۆی پۆستدراماتیکی هانس لیمان بەڵگەیە لەسەر جەختکردنەوەیەکی نوێ لەسەر پێرفۆرمانس لە شانۆ و هونەری ئەورووپی و ئەمریکای باکووردا بە تایبەت لە شەستەکان بەدواوە. کە لە ئەنجامدا بووە هۆکاری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە لێکۆڵینەوە شانۆییەکاندا و سەرهەڵدانی توێژینەوەی پێرفۆرمانس وەک دیسپلین و ڕێسایەک. سەرهەڵدانی فۆڕمەکانی نیو-ئاڤانگارد وەکو ڕووداوەکان، ڕووداوەکانی فلۆکسۆس و هونەری پێرفۆرمانس یان هونەری زیندوو هەموویان بوونە هۆی تێڕوانینێکی نوێ بە مەتریاڵی پێرفۆرمانس لە شانۆدا و تەحەدای نوێبوونەوە بەرامبەر باڵادەستی دەقەکە، ئەم تەحەدایەش پێشتر لەلایەن ئاڤانگاردە مێژووییەکانەوە پاڵپشتی کرابوو، کە دیارترینیان لەلایەن ئەنتۆنین ئارتۆوە بوو، کە دەق دەبوو ببێتە تەنیا یەک توخم لە سینۆگرافیا و “نووسینی نمایش”ی گشتی شانۆ.

ئەو شانۆیەی کە هانس لیمان وەکو پۆستدراماتیک دەیناسێنێت، زۆر جار بارودۆخی نمایشکردنیان بە دڵەڕاوکێ و فشار و چێژ و پارادۆکس و چەوتییەوە دەورەدراون، کە بە شێوەیەکی گشتی دانپێدانەنراون.

تیۆری فێمینیست و تیۆری شانۆی پۆستکۆڵۆنیالیزم، هەروەها شیکارییە نوێیەکانی پێرفۆرمانس و سەردەمەکان، هەموویان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێرفۆرمانس هێزی دروستکردنی پرسیار و ناسەقامگیرکردنی بنیاتی ناسنامە و شوناسی بینەرەکەی هەیە، ئەمەش ڕێک بە پێچەوانەی درامای نەریتیی ڕیالیستییەوە، کە لە ئاڕاستەکردن و نوێنەرایەتیکردندا گیری خواردووە و تەنانەت زۆرجار ئایدۆلۆژیا باوەکان بەرهەم دەهێنێتەوە. چەمکی شانۆی پۆستدراماتیکی و بایەخدانی بە ڕەهەندی پێرفۆرمانس ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو دەقانەی بۆ شانۆ نووسراون ئیتر پەیوەندییان بە پۆستدراماتیکییەوە نییە و ناتوانرێت بەکاربهێنرێن، بەڵکو دەتوانرێت (گۆڕین بۆ پێرفۆرمانس) تیایدا بەدی بکرێت و ئەنجام بدرێت، وەکو مالگۆرزاتا سوجێرا دەڵێت:

(لە ئێستادا بنەمای بنەڕەتی پێکهاتەیی ئەو دەقانەی کە بۆ شانۆ نووسراون وەک دەقێکی شانۆییانەی خۆڕسک دەردەکەون، لەگەڵ ئەوەشدا چیتر وەک چالاکییەکی هونەریی لە ژیانی مرۆڤ تێناگەن، لەکاتێکدا تێکستە پۆستدراماتیکییەکان وەکو ئامڕازێکن بۆ ئەوەی بینەر هانبدەن سەیری خۆیان بکەن و خۆیان وەک سەبژێکتێک ببینن کە توانای هەستکردنیان هەیە و مەعریفە وەردەگرن و بەشێک لە ناسینی خۆیانی لێ دروست دەکەن)

لە شانۆی ئەڵمانیدا، نموونەی سەرەکی ئەم جۆرە نووسینانە دەقەکانی هاینەر مۆلەرە (هاملێتماشین) و شانۆنامەنووسی نەمسایی ئەلفرێد جێلینێک. ئەو نووسەرە بەڕیتانی و ئەمریکییانەش کە دەقەکانیان دەتوانرێت وەک پۆستدراماتیک سەیر بکرێن نموونەی سارا کەین”مان هەیە، بەتایبەت (شێتەکەی سەعات ٤:48 دەقە)ی. مارتین کریمپ و سۆزان لۆری بە هەمان شێوە. هەموو ئەم نووسەرانە ئەو شتانە بەرهەم دەهێنن کە دەتوانرێت پێی بگوترێت دەقێک بۆ نمایشکردن یان نووسەرێک بۆ پێرفۆرمانس و نمایشەکان. بەو مانایەی کە داوا لە بینەران دەکەن هاونووسەرێکی چالاک بن بۆ ئەو دەقەی کە نمایش دەکرێت. بینەران چیتر تەنیا ئەو بۆشاییە پێشبینیکراوانە پڕ ناکەنەوە لە گێڕانەوە دراماتیکییەکاندا هەن، بەڵکو لە نمایشەکاندا بیر لە ماناسازیی خۆیان دەکەنەوە و مانا بە نمایشەکە دەدەن، و ئامادەن کەلێنەکان پڕبکەنەوە و ماناکان لە شوێنی جیاواز جیاوازدا دابنێن و جێگیری بکەن.

هانس لیمان لە کۆتایی کتێبەکەیدا سیاسەتی شانۆی پۆستدراماتیک لەبەرچاو دەگرێت و دەڵێت کە ئەوە ناوەڕۆک یان بابەتگەلی سیاسیی ڕاستەوخۆ نییە کە ئەم شانۆیانە دەکاتە شانۆیەکی سیاسیی بەڵکو ئەوە ناوەڕۆکی ناڕاستەوخۆی شێوازی ئاڕاستەکردن و نوێنەرایەتیکردنەکەیەتی، لە کاتێکدا پێرفۆرمانس دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ کردە ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرستیی و سێکسییەکاندا بکات و نیشانیان بدات، بەڵام ئەمە لە ڕێگەی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ یان کردەیەکی ڕاستەقینەوە نا، بەڵکو لە ڕێگەی شتێکەوە کە هانس لیمان ناوی دەنێت (هونەری ئەفۆرمنس – afformance art)

تیۆری پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیک

سەرەڕای ئەوەی کە هانس لیمان بۆ شیکردنەوەی شانۆی نوێ و هاوچەرخ لە بری دەستەواژەی “پۆستمۆدێرن” دەستەواژەی “پۆستدراماتیک” هەڵدەبژێرێت و بەکاردەهێنێت. بەڵام هێشتا تیۆرە شانۆییە پۆستدراماتیکییەکەی ئەو لەگەڵ زۆر لایەنی بیرکردنەوەی پۆستمۆدێرنیستی و پۆستستراکچەراڵیستیدا یەکدەگرێتەوە و ڕەنگدانەوەیان هەیە. ئەو شیکارییانەی کە لویتارد کردوویەتی بۆ پۆستمۆدێرن و لەو شوێنەی کە دەڵێت: (پۆستمۆدێرن نەمانی باوەڕە بە گێڕانەوە گەورەکان) کاریگەریی هەبووە لەسەر تیۆرییەکەی هانس لیمان. وەک هانس لیمان لە بەشی “دراما و دیالێکتیک”دا ڕوونی دەکاتەوە، کە پێکهاتەی درامای کلاسیک بە ململانێ و بڕیارەکانیەوە مۆدێلێک بووە بۆ گەشەسەندنێکی خوازراو لە مێژوودا. بەڵام ئەزموونەکانی جەنگی جیهانی دووەم و هۆلۆکۆست و هێرۆشیما باوەڕیان بەم مۆدێلە مێژووییە لەقاند، ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی فیگەرەکانی دوای جەنگ وەک ساموێل بیکێت و تادیۆش کانتۆر و هاینەر مۆلەر لە دوای ئەم ڕووداوانەوە خۆیان لە فۆڕمی دراماتیک بە دوور دەگرن.

         بێگومان بەکارهێنانی چەمکی پۆستمۆدێرن و بەتایبەتیش پۆستستراکچەرالیستی بۆ شانۆ و نمایشی هاوچەرخ دەوڵەمەندییەکی زۆر لێکەوتووەتەوە و لێکۆڵینەوەکانی قووڵتر کردووەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵاوسانێکی کێشەدار و زۆرجار ڕووکەشانەی چەمکی (شانۆی پۆستمۆدێرن) یاخود خراپتر (درامای پۆستمۆدێرن) جگە لە سەختیی بۆ تێگەیشتن هیچی دیکەی بەرهەم نەهێناوە. چونکە هەمیشە پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە پۆستمۆدێرن لە ڕاستیدا چییە؟ لویتارد و بۆدریلارد و جەیمسۆن بۆ ئەم چەمکە زۆرجار ڕەخنەی ئەوەیان گرتووە کە ئەم گوتارانە لە دەرەوەی شانۆ و پێرفۆرمانسەوە سەرچاوەیان گرتووە. هەربۆیە یۆهانس برینگەر دەڵێت:

         (ئەوەی کە تیۆرییە پۆستمۆدێرنەکان لە دەقگەرایی و لایەنی بینراودا کەموکوڕییان هەیە، پەیوەستە بەو تێگەیشتنە مێژووییە کۆنکرێتییەوە کە چاوی لەسەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی {تێکست و زمان بە نمایش و پانتایی}ەوەیە لە شانۆدا. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە مەعریفەیەکی شانۆیی کۆنکرێتییان نییە سەبارەت بە تێڕوانینی ڕێبازە جیاوازەکان بۆ نواندن لەسەر تێکست و کۆنتێکستەکانی (سینۆگرافیا و کۆریۆگرافیی و مۆسیقیی). کە لەلایەن چەند هونەرمەندێکی ئاڤانگاردەوە ئەنجامدراون).

یاخود وەک چۆن وێسندۆرف زۆر بە کورتی دەڵێت: (هەرچەندە چەمکی شانۆی پۆستدراماتیک لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی چەمکی شانۆی پۆستمۆدێرنە، بەڵام لەسەر بنەمای بەکارهێنانی چەمکێکی کولتووری گشتیی بۆ بازنەی تایبەتیی شانۆ دامەزراوە. تەنانەت لە چوارچێوەی گوتارێکی درێژخایەنی شانۆوە سەرچاوە دەگرێت و دەکرێتەوە ئیستاتیکای خۆی، وەک وێرانکردنی یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیکەی.)

         بۆ شانۆکاران، ڕەنگە زاراوەی “شانۆی پۆستدراماتیک” لە کۆتاییدا تەنیا وشەیەکی وەسفکەری دیکە بێت. چونکە وەک کلێر مارشاڵ دەڵێت (ئێوە (تیۆریستەکان) دەست ناکەن بە دروستکردنی بەشێک یاخود پارچەیەکی پۆستمۆدێرنیستی (یان پۆستدراماتیکی)).

لێرەدا هەوڵدەدەین بگەڕێینەوە بۆ بەشێک لە کتێبی (شانۆی پۆستدراماتیک)ی هانس لیمان کە خۆی بە وردی باس لە پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیک دەکات.

(ئەو شانۆیەی کە ئێمە لێرەدا باسی دەکەین، بە نزیکەیی لە ساڵانی حەفتاکان تاوەکو نەوەدەکان دامەزراوە و ناومان لێ ناوە شانۆی پۆستمۆدێرن. ئەم شانۆیەش دەتوانرێت بە چەندین شێوەی دیکەی ناوی بهێنرێت: شانۆی وێرانکردن، شانۆی ماڵتیمیدیا، شانۆی پێشڕەوایەتی، شانۆی ئاماژە و جووڵە. سەختی تێگەیشتن لە بوارێکی وەها فراواندا لە زۆرینەی لێکۆڵینەوەکاندا دیارە، بەڵام زۆرینەی لێکۆڵینەوەکان هەوڵدەدەن لە دوای ساڵی ١٩٧٠ وێنایەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم شانۆیە بکەن. هەندێک لەو تایبەتمەندییە سەرەکییانەی کە لە باسی شانۆی پۆستمۆدێرنیزمیشدا دەرکەوتوون بریتین لە: ناڕوونی، ئاهەنگی هونەری وەکو چیرۆکێکی خەیاڵی، ئایەنگێکی هونەری وەکو پڕۆسەیەکی پچراو، نایەکسان، نادەقگەرایی، فرەییخوازی، پڕ لە نهێنی، چەوساوە، شێواندن، نمایش و پێرفۆرمانس وەک جیهانی سێیەم لە نێوان دراما و شانۆدا، دژە تەقلید. ئێمە شانۆی پۆستمۆدێرن دەبیستن کە بێ گوتارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندێکی گرتووە کە ئاماژە و ڕیتم و تۆن تیایدا زاڵن. جگە لەمانەش فۆڕمی نیهیلیستی و گرۆتیسک، پانتایی بەتاڵ، بێدەنگی ئەو تایبەتمەندییانەن کە لە شانۆی پۆستمۆدێرندا زاڵن. ئەم وشانە زۆرجار لەبارەی شانۆی نوێوە دەگوترێن. بەڵام ناکرێ جێگەی متمانە و باوەڕی تەواوەتی بن (بەشێکی زۆری ئەو خاڵانە – ناڕوونی؛ بەرەنگاربوونەوە، نهێنیی زۆر، بۆ هەندێک لە فۆڕمەکانی پێشووی شانۆش ڕاستە). بێگومان لە شانۆی پۆستمۆدێرندا (گوتار) هەیە. وەکو هەر کارێکی هونەریی دیکە لە گەشەندنی مۆدێرن بێبەریی نییە. شانۆی پۆستدراماتیک نەک تەنیا پانتایی بەتاڵ، بەڵکو پانتایی قەرەباڵغیش دەناسێت و قەبووڵ دەکات، بە شێوەیەکی ڕاستەقینە دەتوانێت نهیلیستیی و گرۆتیسکیش بێت، پڕۆسێس، نایەکسانی یاخود فرەیی بۆ هەموو جۆرە شانۆیەک ڕاستە، کلاسیک، مۆدێرن و پۆستمۆدێرن. کاتێک پیتەر سێلاریس لە ١٩٦٨دا ئەیاکس و فارسەکانی لە ١٩٩٣دا نمایشکرد، تەنیا لەبەر ئەوەی کە زۆر بە توندی و بێ هیچ سانسۆرێک بەرهەمە ڕەسەکانی وەک ئۆپێراکانی مۆزارت ی هێنایە ناو جیهانی هاوچەرخەوە، بە پۆستمۆدێرن ناودەبرا.

زانایان باسیان لەوە کردووە کە “چیتر دەقی شانۆی دراماتیک نەماوە”، هەروەک چۆن ئێمەش لە پێشتردا باسمان کردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا، هەوڵێکە بۆ ڕووپێویکردنی شانۆی و هەمەچەسنی ئامڕازە شانۆییەکان لە ژێر ڕۆشنایی ئیستاتیکای دوای دراماتیک. هاینەر مۆلەر لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ هۆرست لاوبێ لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەڵێت: {برێخت پێی وابوو کە شانۆی داستانی کارێکی قورس و مەحاڵە، تەنیا لەو کاتەدا دەکرێت گۆڕانکارییەکی زۆر لە دابەشکردنی شانۆدا بکرێت لە نێوان شانۆ و هۆڵدا. بەوەی کە ئەم دوانە هەڵبوەشێنرێنەوە، کاتێک دەچمە ناو شانۆییەکەوە تا دێت بێزارتر دەبم کە دەبێت شوێن یەک پڵۆت بکەوم، چونکە چیتر ئەوە بۆ من سەرنجڕاکێش نییە. بەڵام ئەگەر لە وێنەی یەکەمدا پڵۆتێک و لە وێنەی دووەمدا پڵۆتێکی دیکە و لە سێیەم و چوارەمدا هی دیکە، ئەوە سەرگەرمیی و چێژی زیاتر بە من دەدا، بەڵام دەشزانم کە چیتر ئەوە تەنیا شانۆییەکی تەواو نییە.}

هەر لەم چوارچێوەیەدا مۆلەر نیگەرانە کاتێک دەبینێت هەتاوەکو ئێستاش شێوازی کۆلاج بە شێوەیەکی پێویست لە شانۆدا بەکارنەهێنراوە. لە کاتێکدا شانۆ گەورەکان لە ژێر فشاری نۆرمە ئاساییەکانی خەریکی کات بەسەربردنن و ناوێرن زیاتر لە پڵۆتێک دروست بکەن. ئیستاتیکای شانۆی هاوچەرخ وازهێنانە لە یەک پڵۆتی، ئەمەش بەبێ ئەوەی تیشکی بخاتە سەر وازهێنانە لە مۆدێرنیتە و تێپەڕاندنیەتی.

تایبەتمەندییەکانی پۆستدراماتیک شانۆیەک دەگرێتەوە کە پابەندە بە کارکردن لە دەرەوەی درامادا، لە کاتێک (پۆست-دوا) دەسەڵاتی پارادایمانەی دراماتیکە لە شانۆدا. پۆستدراماتیک بەو مانایە نایەت کە نکۆڵیکردنێکی ئەبستراکت و سەیرکردنێکی دوورانە بێت لە نەریتی دراما. چەمکی “پۆستمۆدێرن” بەو مانایە دێت کە پرسیار لەو شتانە دەکات کە لە مۆدێرنیتەدا پرسیاری لەسەر نەکراوە و ئاماژەی بۆ نەکراوە، ئەمە ڕەنگە نکۆڵیکردن، یان ڕاگەیاندنی شەڕ، یانخود ڕزگاریی بێت، یاخود ڕەنگە تەنیا لادان و گەڕانێک بێت تا بزانین لە دەرەوەی مۆدێرنیتەوە چی بوونی هەیە و چی شیاو و مومکینە. بە هەمان شێوە دەتوانرێت باس لە شانۆیەکی (پۆست-برێختیی) بکرێتەوە، بەو مانایە نا کە هیچ پەیوەندییەکی بە برێختەوە نەبێ، بەڵکو بەو مانای شانۆیەک کە دەزانێت کاریگەریی ئەو داواکاریی و پرسیارانەی بۆ شانۆ هەیە لە کارەکانی برێختدا نیشتوون و بەجێ نەگەینراون و چیتر ناتوانرێت وەڵام و ئەنجامەکانی برێخت قبووڵ بکرێت، فە لەبەر ئەوە پۆست برێخت دێتە کایەوە.) (هانس لیمان)

پاشکۆی وەرگێڕ

بەو پێیەی خوێنەر و توێژەرانی ئێمە کەمترین بەرکەوتنیان بەرامبەر بەم بابەتە نوێیانە هەیە، زۆرکات لەگەڵ دەستەواژە و چەمکەکانی شانۆی نوێدا دەکەونە کێشەوە و تووشی ناڕوونی یاخود بەدحاڵیبوون دەبن، بە پێویستی دەزانین کە ڕوونکردنەوە لەسەر هەندێک لەو دەستەواژە و ناونیشانانە بدەین کە لەم زنجیرە وەرگێرانەدا زۆرترین جار بەکار دەهێنرێن. ئەمەش بۆ ئەوەی بابەتەکە لە بەرچاوی بینەر ڕۆشنتر بێت و ببێتە هاوکارێک بۆ تێگەیشتنی زیاتر و وردتر لە بابەتەکە.

شانۆی نەریتی: مەبەست لە شانۆی نەریتی ئەو شانۆیانە دەگرێتەوە کە لەسەر بنەما و تەکنیکەکانی ئەرستۆتالیس دامەزراون و لە کارەکتەرسازیی و پڵۆت و داڕشتنەوەی ڕووداوەکان و کات و شوێن و بابەتدا پەیڕەوی میتۆدەکەی ئەو دەکەن. شانۆی نەریتی لە شانۆی کلاسیکەوە تاوەکو شانۆی مۆدێرنە دەگرێتەوە، واتە هەتا ئەو کاتەی کە شانۆی ڕیالیزم و شانۆی مۆدێرن تێدەپەڕێنین ئێمە هەر لە شانۆی نەریتیداین.

مەرگی کارەکتەر: یەکێکە لە تیۆرییە نوێیەکان لەناو شانۆی پۆستمۆدێرندا؛ ئەم تیۆرییە لە لالەیەن “ئێلینۆر فۆکس”ەوە داڕێژراوە و بە وردی تیشک دەخاتە سەر کارەکتەر و کارەکتەرسازیی لە ناو شانۆی ئاڤانگارد و پۆستمۆدێرندا.

کارکردن لە درامادا و کارکردن لە دەرەوەی درامادا: وشەی دراما بە زمانی یۆنانی بە واتای کردار دێت، بەڵام ئەم دەستەواژەیە لە سەرهەڵدانی شانۆوە زیاتر قووڵ دەبێتەوە و تا دەگاتە شانۆی پۆستمۆدێرن هەزاران شیکردنەوە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر شانۆی نوێ (پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیک) کارکردن لە دراما و کارکردن لە دەرەوەی دراما بەو واتایە دێت کە شانۆی نوێ هەوڵدەدات بە هەموو شێوەیەک لە دراما بێتە بێتەوە، مەبەستیش لە دراما کارکردنە لەسەر بنەماکانی ئەرستۆ بۆ شانۆ، کە ئەم بنەمایانەی هەتاوەکو سەدەی ڕابردوو بە تەواوەتی لە شانۆدا پەیڕەو دەکران هەتاوەکو برێخت شانۆیی ئەرستۆیی تێکشکاند و شانۆی داستانیی بنیاتنا. هەربۆیە کاتێک دەگوترێت کارکردن لە درامادا بە واتای ئەوە دێت کە کارکردنە لەناو شانۆیەکدا کە پەیڕەوی بنەماکانی ئەرستۆیە، و ئەم بنەمایانەش لە شانۆی کلاسیکی یۆنانیەوە هەتاوەکو دواین ڕیالیست و مۆدێرنیست دەگرێتەوە. کارکردن لە دەرەوەی دراما ئەو کارە هونەرییانە دەگرێتەوە کە پشت نابەستن بە کارەکتەرسازیی و یەک پڵۆتی و یەکێتی بابەت و هتد، بەڵکو لەسەر ئەو تایبەتمەندییانە دەڕۆن کە شانۆی پۆستمۆدێرن کردوویەتی بە پرسیار لەلای خۆی.