رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شانۆی داستانیی برێخت و کاریگەرییەکانی لەسەر شانۆی پۆستمۆدێرن

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینی: ڕیبوت باسوکی

وەرگێڕانی: فریاد حەسەن

پێشەکی وەرگێڕ:

برێخت یەکێکە لە دیارترین و گرنگترین ڕابەرەکانی شانۆ، برێخت لە شانۆدا یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانەکانی هێنایە ئارەوە و ئەنجامی دا. یەکێک لە هۆکار و پایەکانی شانۆی پۆستمۆدێرن ئەو تەکنیک و وەرچەرخانە بوو کە برێخت لە شانۆکەی خۆیدا (شانۆی داستانیی) ئەنجامی دا. وەکو بەشێک لەم زنجیرە وەرگێڕانە دەربارەی شانۆی پۆستمۆدێرن بە گرنگی دەزانین کە باس لەو کاریگەرییانە بکەین کە برێخت هەیەتی بەسەر شانۆی پۆستمۆدێرنەوە. بۆیە دوو بەشی تایبەتی ئەم زنجیرە وەرگێرانە (بەشی دووەم و سێیەم) تایبەت دەکەین بە کاریگەرییەکانی برێخت لەسەر شانۆی پۆست مۆدێرن. سەرەتا لەم بەشەدا هەوڵدەدەین کە ئاشنایەتیەکی کورت و پوخت و ورد بە شانۆکەی برێخت (شانۆی داستانیی) و ئەو وەچەرخانەی خوڵقاندی بخەینە بەرچاو، لە بەشی داهاتووی زنجیرەکەشماندا بە وردی بچینە سەر ئەو خاڵانەی کە باس لە کاریگەرییەکانی برێخت بەسەر شانۆی پۆستمۆدێرنەوە دەکەن. بێگومان بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی برێخت بەسەر شانۆی پۆستمۆدێرنەوە پیویستمان بە تێگەیشتنی ورد هەیە لە خودی تیۆرییەکەی برێخت و شانۆ داستانییەکەی برێخت.

شانۆی داستانی برێخت وەک ئاڤانگاردێکی مۆدێرن و کاریگەرییەکانی لەسەر شانۆی پۆستمۆدێرن

پێشەکی:

وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرییەکانی شانۆ، بێرتۆڵت برێخت مۆری میراتی خۆی لە شانۆی جیهانیدا چەسپاندووە. گەڕان بە دوای جۆرێکی نوێ لە شانۆدا، شانۆکەی ئەوی کردە ئاڤانگاردێکی مۆدێرن کە شوێنەواری خۆی لە شانۆی پۆستمۆدێرندا بەجێهێشتووە. ئەم بابەتە هەوڵدەدات لێکۆڵینەوە لە شانۆی داستانیی برێخت بکات وەکو ئاڤانگاردێکی مۆدێرن و کاریگەرییەکانی لە شانۆی پۆستمۆدێرندا. شانۆی داستانیی برێخت ڕاپەڕینێک بوو لە دژی (شانۆی مۆدێرن)، برێخت زۆر بە ڕوونی ئەوە دەڵێت کە دەبێ شانۆ (سیاسیی) بێت. شانۆی برێخت ئەوەندە کاریگەر بوو کە شانۆکەی دەبێتە ئاماژەیەک بۆ شانۆی پۆستمۆدێرن.

بێرتۆڵت برێخت پیاوێکی مۆدێرن بوو. لە کاتێکدا کە ئایدیا مۆدێرنەکان لە شەڕدا بوون لەگەڵ یەکتر، ئەو وەکو دراماتیستێک گەشەی کرد. هەوڵی دەدا ئەوە بیسەلمێنێت کە کامیان باشترینە. لیبڕاڵیزم سەربەسەر لەگەڵ کۆمۆنیزمدا و کاپیتاڵیزمیش ڕووبەڕووی سۆسیالیزمێکی تازە لەدایک بوو ببووەوە.

         شەڕەکە بە هۆی لایەنە جیاوازەکانی سۆسیالیزمەوە ئاڵۆز بوو، یەکێک لەوانەش ناسیۆنلیزمی کۆمەڵایەتی توند بوو کە لە نازیزمی هیتلەردا دەرکەوت. برێخت لەم قۆناغەدا سەرسام بوو بە ئایدیاکانی مارکس، کە مارکسی خستە بەرەی سۆسیالیستی. تەنانەت ڕۆڵان پارت بە ڕوونی برێخت بە مارکسیست ناو دەبات. برێخت هەرچەندە مارکسیست بوو و بە ڕوونی دژی سەرمایەداریی بوو، بەڵام لە ڕاستیدا سەر بە هیچ کام لە پارتە کێبڕکێکارەکان و سۆسیالیستییەکان نەبوو. لە ڕکابەریی نێوان بۆرژوازی سەرمایەداریی و پرۆلیتاریای سۆسیالیستیدا، ئەو لەگەڵ پڕۆلیتاریادا بوو. لە ڕاستیدا “ئەندامێکی پرۆلیتاریا نەبووە کە لە پێناو بەرژوەندی چینە کۆمەڵایەتییەکەیدا خەبات بکات، بەڵکو ئەندامێکی دەرەکی بۆرژوازیی بووە”(برێمەر). کاتێک لە دەربەدەرییدا لە دانیمارک دەبێ، لە گۆڤارەکەیدا دەنووسێت: (من زۆر حەز بەوە دەکەم پرۆلیتاریا سەرکەوتنی کۆتایی بەدەست بهێنێت. بەڵام پرۆلیتاریا باوەڕێکی نزیک و بە شتە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی دیکەوە دەیبەستێتەوە، کە من پێی ئاسوودە نیم). برێخت بەهۆی نائومێدی قووڵی لە شارستانیەت و کۆمەڵگە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، هەڵوێستێکی دژە بۆرژوازیی هەبوو، لەگەڵ مارکسدا لەوەدا هاوڕا بوو کە سەرمایەداریی کۆمەڵگەیەکی داڕووخاو  Decadentدروست دەکات. بەڵام لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، هەرچەندە هەمان ئایدیۆلۆژیای بنەڕەتیی مارکسیستی لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستدا هەبوو، زۆر دەکەوتە ناکۆکیەوە لەگەڵیان. ویڵێت دەڵیت: “برێخت کەسایەتییەکی وای نەبوو کە بە ئاسانیی لە هەموو گرووپێکدا جێی ببێتەوە”. بۆیە برێخت وەکو هونەرمەندێک خزمەتی هیچ “حیزبێک-پارتێک”ی سیاسیی نەکردووە. ئیستاتیکای ئەو بریتیبوو لە دژە شانۆی دراماتیکی ئەرستۆیی، ئیستاتیکای ئەو لەگەڵ ئیستاتیکی کۆمۆنیستی (ڕیالیزمی کۆمەڵایەتیی)دا یەکیان دەگرتەوە. ئەو بە تاقیکردنەوەکانی بووە پێشەنگێکی جیاواز و پەرەی بە هونەر و ئیستاتیکاکەی خۆی دا.

         شانۆکەی برێخت، کە بە شانۆی داستانی ناسراوە. بە ڕوونی شانۆیەکی ئاڤانگارد بووە. لە ڕاستیشدا وەکو یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین شانۆکانی ئاڤانگاردی مۆدێرن دادەنرێت. کاریگەرییەکەی تا ئێستاش لەسەر شانۆ بەردەوامە، کە یەکێکە لەو قوتابخانانەی لە مۆدێرنیزمەوە بۆ پۆستمۆدێرنیزم وەرچەرخاوە. لەم بابەتەشدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەین کە چۆن شانۆی داستانی برێخت کاریگەری لەسەر شانۆی پۆستمۆدێرن هەیە. بۆ ئەمەش سەرەتا پێداچوونەیەک بەوەدا دەکەم کە چۆن شانۆی داستانی برێخت بە ئاڤانگاردێکی مۆدێرن دادەنرێت. پاشانیش بەدواداچوون بۆ ئەو بیرۆکانە دەکەم کە لە شانۆ داستانییەکەی ئەودا هەن و دەستپێشخەری لەدایکبوونی شانۆی پۆستمۆدێرنن.

شانۆی داستانی وەک ئاڤانگاردێکی مۆدێرن

شانۆی داستانیی برێخت لە هەڵچوون و بارودۆخێکی سیاسییدا گەشەیکرد، ئێلین دایمۆند ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم تیۆرییەکەی برێخت لە ماوەی ٣٠ ساڵدا نووسرا و بناغەی داکوتاوە، لە پێش جەنگی جیهانی دووەمەوە تا دوای جەنگی جیهانی دووەم. بۆ تێگەیشتن لە تیۆرییەکەی برێخت پێویستە پێداچوونەوە بە پاشخانە مێژووییەکەیدا بکەین پێش ئەوەی لە بناغە تیۆرییەکەی بکۆڵینەوە کە فەلسەفەی بنەڕەتی شانۆی داستانییە.

ڕۆلان پارت دەڵێت: (جیاکردنەوەی شانۆیی برێختی لە بناغە تیۆرییەکەی، هەڵەیە) پشکنینی بنەما فەلسەفییەکەی دەمانگەیەنێتە تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی شانۆی داستان. دواجاریش دەبینین ناوەڕۆک و گوتارەکە دەبێت هۆی پەرسەندنی فۆڕمە هونەرییەکەی. شانۆ لە سەردەمی شەڕی سیاسی ئەڵمانیادا پەیوەندییەکی زۆری بە سیاسەتەوە هەبوو. ئەم پەیوەندییە نزیکەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە شانۆ میدیایەکی زۆر کاریگەرە بۆ بەدەستهێنانی کارتێکردن و کاریگەرییدانان. شانۆ بە بڕوای هۆبنەر بەوە لە هونەرەکانی دیکە جیادەکرێتەوە کە سروشتێکی فێرگەیی (دامەزراوەیی-پەیمانگەیی) و کۆمەڵایەتییە. ئەم تایبەتمەندییانەش بە زۆریی هاریکاریین بۆ سیاسەت، بەو پێیەی کە وا دەکات شانۆ وەک ئامڕازێکی پڕوپاگەندە بەکاربهێنرێت. سۆسیالیستەکان ئاگاداری ئەم ئایدیایە بوون، لە ڕاستیشدا ئەوان باوەڕیان بەو بیرۆکەیە هەبوو کە شانۆ دەبێ خزمەت بە کۆمەڵگە بکات. لە دەرئەنجامدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕیالیزمی بۆرژوازیی باو هەڵگری بیرۆکەکانی سەرمایەداریی بوو، هەوڵەکان لەلایەن “شۆڕشگێرانەوە” بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە شانۆیانە دەستی پێکرد و سەری هەڵدا.

         پێش ئەوەی هیتلەی لە ساڵی ١٩٣٣ دەسەڵات بگرێتە دەست، لانیکەم دوو ئایدۆلۆژیای شانۆیی باڵاداست لە ئەڵمانیادا هەبوون کە دژی ڕیالیزمی بۆرژوازیی (ڕۆژئاوایی) بوون. ئەوانیش ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی و و شانۆی کولت (نازیس)ن. ئەم ئایدۆلۆژیایە لە سەرەتادا لەیەکدەچن، بەوەی کە کاریان بۆ شۆڕش کردووە. هەموویان کەسایەتی شانۆکاری کاریگەریان هەبوو کە ئەزموونیان بۆ پەرەپێدانی جۆرێکی نوێ لە شانۆ دەکرد و ئەنجام دەدا. (هونەرمەندانی ئاڤانگارد وەک پەروەردەکاری شۆڕشی جیهانیی پڕۆلیتاریا تاوانبار کران) گوایە برێختیش یەکێک بوو لەوانە. لە ساڵی ١٩٢٧ەوە پارتی سۆسیالیستی نیشتیمانی هیتلەر دەستیکرد پەرەپێدانی جۆرێکی شانۆی تایبەت بە خۆیان، ئەویش شانۆی کولت بوو، کە بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەی کولتووری “پاک” و “ڕاستەقینە”ی ئەڵمانیا بەکاردەهێنرا. ئەم حیزبە مەبەستی تەنیا سنووردارکردنی هەژموونی کولتووری بۆرژوازیی نەبوو، بەڵکو (هەروەها) مەبەستی لەناوبردنی بوو.

کاتێک نازیەکانی حوکمڕانی وڵاتیان دەکرد، شانۆی کولت گەیشتە لوتکە. “کاتێک هیتلەر هاتە سەر دەسەڵات، شانۆی ئەڵمانی گەشەیسەند، چەندین بینای نایاب بە ئاستێکی هونەریی بەرزەوە بونیادنران کە لەلایەن دەرهێنەر و ئەکتەرانەوە تاقیدەکرانەوە و دڵنیادەکرانەوە لە کوالێتی هۆڵەکان. بەڵام ئەمە سوودی بۆ برێخت و هاوڕێکانی نەبوو، چونکە تەنیا پڕوپاگەندەی بەتاڵ بوون، و هونەرمەند دەبوو خۆی بخاتە ژێر ئامانجە سیاسییەکانەوە کە بۆی دادەنرا، سەبارەت بەم دۆخەش، زۆرتمان دەڵێت:    

(نازییەکان پەیوەست بوون بە ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکەی خۆیانەوە، هەرگیز نەیانتوانی قەدری ئەوە بزانن کە هەموو داهێنانێکی هونەریی لە ئیلهامی تاکەکەسی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت… هەرگیز نەیانتوانی لەوە تێبگەن کە هونەرمەند هەرچەندە ڕەخنە لە کولتوورەکەی بگرێت یاخود ئیهانەی بکات، ئەوە لە بنەڕەتدا ڕێز لە کولتوورەکەی دەگرێت، ئەگەر شایەنی ئەوەی بێت، وە بە پێشکەشکردن و بەخشینی بەهرەکانی خۆی گەشە دەکات.)

لە ڕووی ئیستاتیکییەوە، برێخت ئازاری زۆری چەشت بەهۆی بەهۆی ئەو چواچێوە دیاریکراوەوە کە نازییەکان بۆ گەشەسەندنی شانۆی (داستانی و دیداکتیکیی) دایاننا. برێخت لەبەرئەوەی نەیدەتوانی کار بکات و هاوسەرەکەی یەهودیی بوو ئەڵمانیای جێهێشت و لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ بوو (کە ئەمەش لە دانیمارکەوە دەستی پێکرد) کە لەوێوە بەردەوام لەسەر شانۆ داستانییەکەی و خۆی لە هیتلەر بەدوور گرت.

         دوای جەنگی جیهانیی دووەم، لە ساڵی ١٠٤٨، برێخت دەچێتەوە ئەڵمانیا، هەرچەندە لە ئەڵمانیا ئایدیۆلۆژیای مارکسیستی پەیڕەو دەکرا، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ پێشوازییەکی وا لە برێخت نەکرا، لەبەرئەوەی دەبوو شانۆی داستانیی برێخت ڕووبەڕووی ڕیالیزمی سۆسیالیستی ببێتەوە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەرچەندە برێخت تا ڕادەیەک هەمان ئایدۆلۆژیای لەگەڵ سۆسیالیستی ڕیالیستیدا هەبوو، بەڵام ڕوانگەیەکی جیاوازی هەبوو بەرامبەر مارکسیزم.

هەرچەندە شانۆکەی برێخت لە سروشتی خۆیدا شانۆیەکی سیاسیی بوو، بەڵام تاقیکردنەوەکانی برێخت پێچەوانەی ڕیالیزمی سۆسیالیستی بوون و ئامانجیان بەدەستهێنانی دەسەڵات نەبوو. هەربۆیە لەگەڵ هەندێک لە هونەرمەندە ئاڤانگاردەکانی ئەڵمانیا، بە جۆرێکی دیکە دەستیان پێکرد، “لە سەدەی نۆزدەهەمدا، شانۆ هاوواتای هەرزانترین و لە ڕووی هونەریشەوە بووە بە گوماناویترین فۆڕمی کات بەسەربردن.” ئەم دۆخەش ئەوانی هاندا بۆ ئەوەی کە بڕیار بدەن شانۆیەکی شایستە لە ڕووی هونەرییەوە بۆ جەماوەر دابین بکەن. برێخت بە ڕاستی دەیویست کۆمەڵگەکەی بگۆڕێت، ئەمەش لە ڕێگەی هەوڵە پرۆلیتاریاییەکانەوە نا، بەڵکو لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە.

بۆ هابنەر، شانۆی برێخت جیاواز بوو لە ڕیالیزمی سۆسیالیستی، چونکە شانۆکەی برێخت شانۆیەکی ئاژاوەگێڕانە بوو، لە کاتێکدا شانۆی ڕیالیزمی سۆسیالیستانە شانۆیەکی پڕوپاگەندانەیە. هابنەر ئاماژە بەوەش دەکات (پڕوپاگەندە واقیع دەڕازێنێتەوە، بەڵام ئاژاوەگێڕی دەیەوێت بیگۆڕێت) هابنەر پێی وایە ئیستاتیکای برێخت لە ساڵانی ١٩٢٠دا ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە ژێر کاریگەریی جیاوازی پیسکاتۆر و شانۆی ئاژاوەگێڕیدا بەدەستهێناوە. بەڵام سیزانتۆ بە شێوەیەکی جیاواز دەیبینێت. ئەو پێی وایە خودی شانۆ پڕوپاگەندەییە. (هەر شانۆیەک پڕوپاگەندە بۆ ئایدۆلۆژیایەک دەکات بەبێ ئەوەی بەئاگاهاتنەوە یاخود هۆشیارییەک لەلایەن شانۆنامەنووسانەوە یان بەرهەمهێنانەوە هەبێت کە ئەم شانۆیە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بارگاوی دەبێت بە پڕوپاگەندە و پیاهەڵدان). لای سیزانتۆ، تەنانەت شانۆنامەکانی ئەسخیلیۆس و شەکسپیریش پڕوپاگەندەیان تێدایە!. سیزانتۆ پڕوپاگەندەی شانۆ بۆ سێ کاتیگۆری پۆلێن دەکات: پروپاگەندەی ئاژاوەگێڕی، پڕوپاگەندەی یەکگرتوویی، پڕوپاگەندەی دیالێکتیکی. بۆ پڕوپاگەندەی ئاژاوەگێڕی قسەکانی جاکس ئیلوول دەهێنێتەوە کاتێک دەڵێت: (پڕوپاگەندەی ئاژاوەگێڕیی زۆربەی کات پڕوپاگەندەیەکی چەوسێنەرە و مۆرکی دژایەتیکردنی هەیە. لایەنێک سەرکردایەتی دەکات و هەوڵی لەناوبردنی حکومەت یاخود دامەزراوەکان دەدات.) ڕیالیزمی سۆسیالیستیش دەکەوێتە ناو ئەم کاتیگۆرییەوە. پڕوپاگەندەی یەکگرتوویی (یەکگرتن): (پڕوپاگەندەیەکی خۆبەرهەمهێنەرە کە هەوڵدەدات ڕەفتاری جێگیر بەدەستبهێنێت، تاک لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەیدا بگونجێنێت، بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی لە ڕووی ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە دابڕێژێتەوە.) ڕیالیزمی بۆرژوازیی سەر بەم جۆرە پڕوپاگەندەیەیە. بێگومان شانۆی برێخت دەکەوێت ناو کاتیگۆریی سێیەمی سیزانتۆوە، ئەم پۆلە بە بۆچوونی ئەو، (ئەستەمترین شانۆیە بۆ دروستکردن) سەبارەت بەم جۆرە شانۆیە دەڵێت:

         (ئەم شانۆیە هەوڵی دروستکردنی وێناکردنێکی جیاواز دەدات و هەوڵدەدات ئەو توخمە بنەڕەتیانەی کە بوونەتە هۆی سەرلێشێوانی دۆخی کۆمەڵایەتیی و مێژویی ڕزگار بکات. ئەمەش زانستی مەترالیزمی دیالێکتیکە… و هێنراوەتە ناو نمایشێکی دراماتیکیەوە.)

بە کەڵک وەرگرتن لە دیدگا و بۆچوونەکانی سیزانتۆ دەتوانین بزانین شانۆکەی برێخت باسی چی دەکات، ئێستا دەتوانین پاشخانی فەلسەفەی بنەڕەتی شانۆی داستانی و فۆڕمەکەی دەستنیشان بکەین.

بە پێی توێژینەوەکانی گوبا و لینکۆڵن دەتوانین بڵێین کە شانۆی مارکسیی، شانۆی داستانی برێخت بەم شێوەیە سەیری واقیع دەکات.

ئۆنتۆلۆگی: ڕیالیزمی مێژوویی (مەجازیی) – واقیعی کۆمەڵایەتیی – سیاسیی – کولتووری – ئابووریی.

ئیپستمۆلۆگی: مەعریفەناسی لە واقیعدا.

میتۆدۆلۆگی: دیالێکتیکی

هەربۆیە (خود) لە شانۆی داستانییدا لەلایەن هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی/سیاسیی/کولتووری/ئابووری باڵادەستەوە لە چوارچێوە دەگیرێت. هیچ (خود – سەبجێکتێک) سرووشتی و سەربەخۆ نییە. بە پێچەوانەی شانۆنامە کلاسیکییەکانەوە (شانۆنامە یۆنانییەکان بە تایەتی) هیچ ئازارێک سروشتئاسا نییە. بەڵکو هەمیشە پەیوەندی بەو پێکهاتانەوە هەیە کە جۆری مرۆڤ سنووردار دەکەن و دەیقۆزنەوە. خود (سەبجێکت) لە شانۆی داستانییدا بەستراوەتەوە، بە پێچەوانەی باوەڕە ڕیالیزمیەکەوە کە کەسێک خۆی دەتوانێت ناسنامە و شوناسی خۆی هەڵبژێرێت. مرۆڤ پێش هەموو شتێک پێویستی بەوەیە خۆی لە پێکهاتەی چەوسێنەر ڕزگار بکات.

گۆڕین و ڕزگاکردنی (خود – سەبجێکت) پێویستی بە زیاترە و بە تەنیا شیکاری سایکۆلۆژی بەس نییە. برێخت پێی وایە کە دەبێت “گۆڕانکاریی ململانێی دەروونی بۆ بارودۆخی مێژوویی” لە شانۆدا هەبێت بۆ ڕزگارکردنی (خود – سەبجێکت). بۆ ئەوەی بەڕاستی لە بارودۆخی مێژوویی تێبگەین و بزانین کە مرۆڤ لەو بەها باڵادەستانە پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی نائاگایی وەریگرتووە، عەقڵی ڕەخنەگرانە پێویستە. بۆیە نابێت نە ئەکتەر و نە بینەر بکێشرێنە ناو (هاوسۆزییەکی سادە)ەوە، کە زیاتر هەوڵی ناساندنی خۆیان دەدەن.

برێخت لە ڕوونکردنەوەیەکیدا سەبارەت بە شانۆی داستانیی، پێشنیاری ئەوە دەکات کە شانۆ پڕۆسەی نامۆبوون (نامۆکردن) دابین بکات و بەرجەستەی بکات. ئەو نامۆبوونەی کە بۆ هەموو تێگەیشتنێک پێویستە. جگە لەوەش گفتوگۆکردن لەگەڵ بینەر وا لە برێخت دەکات بەرواردی نێوان بینەری شانۆی دراماتیکی و بینەری شانۆی داستانیدا بکات؛ بەم شێوەیە:

بینەر شانۆی دراماتیک دەڵێت: بەڵێ؛ منیش هەستم بە هەمان شت کردووە – ڕێک وەکو منە – ئەوە بە تەواوی سروشتییە – ئەوە هەرگیز ناگۆڕێت – ئازارەکانی ئەم پیاوە شۆکم دەکات – ئەوان هەر بەو جۆرەن – ئەوە هونەرێکی گەورەیە – پێدەچێت هەموو ئەمانە دیارترین شت بن لە جیهاندا – دەگریم کاتێک ئەوان دەگرین – پێدەکەنم کاتێک ئەوان پێدەکەنن.

بینەر شانۆی داستانیی دەڵێت: هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە – ئەوە ڕێگاکە نییە – ئەوە نائاساییە و ئەستەمە باوەڕپێکردنی – دەبێت بوەستێت – ئازارەکانی ئەم پیاوە توشی شۆکم دەکات چونکە پێویست نین – ئەوە هونەرێکی گەورەیە، هیچ شتێکی ئاشکرا و دیار نییە. پێئەکەنم کاتێک ئەوان ئەگرین، ئەگریم کاتێک ئەوان پێدەکەنن.

بۆ ئەوەی گوتارێکی تەواو لە خۆبگرێت، برێخت پێویستی بە فۆڕمێکی نوێ بوو. “شانۆنامە گەورەکانی شەکسپیر کە بنەمای دراما و شانۆن، کاریگەر نەماون” (برێخت). ئەو پێی وایە ئەم بەرهەمانە سێ سەدەیان بەسەردا تێپەڕیوە و مرۆڤ گەشەی کردوو و سەرمایەداریی دروست بوو، ئەوەی کوشتینی دەرئەنجامی سەرمایەداریی نەبوو، بەڵکو خودی سەرمایەداریی بوو. بۆیە بڕیار بوو فۆڕمێکی نوێ پەرە پێ بدرێت، و لە دایکبوونی شانۆی داستانی زەرورەت بوو.

 ئەم ڕوونکردنەوەیەی خوارەوە بە گشتی بەرچاوڕوونیەک دەدات سەبارەت بە فۆڕمی شانۆی داستانی:

شانۆی داستانیشانۆی درامیی
گێڕانەوەپڵۆت
بینەر دەبێتە چاودێربینەر لە قۆناغێکدا بەشداریی دەکات
بەڵامبارودۆخ
توانای کردار دەوروژێنێتتوانای کرداری خۆی لەدەست دەدات
ناچاری دەکات بڕیار بداتهەستکردن تیایدا زاڵە
وێنەی جیهانئەزموون
وا لە بینەر دەکرێت ڕووبەڕووی شتێک ببێتەوەبینەر لە شتێکدا بەشدارە
ئارگۆمێنت دەکاتپێشنیار دەکات
خاڵی دانپێدانانهەستە غەریزییەکان پارێزراو دەمێننەوە
بینەر لە دەرەوە وەستاوە، فێردەبێتبینەر لە ڕیزێکدا و ئەزموونەکە هاوبەش دەکات
مرۆڤ بابەتی لێکۆڵینەوەیەتیمرۆڤ بە شتێکی ئاسایی وەرگیراوە
ئەو دەتواندرێت بگۆڕدرێت و توانای گۆڕینی هەیەئەو نەگۆڕە
چاوەکان لەسەر کۆرسەکەنچاوەکان لەسەر کۆتایین
هەر دیمەنێک سەربەخۆیەدیمەنێک دیمەنێکی دیکە دروست دەکات
مۆنتاژگەشەکردن
دەرخستنی کێشەکانگەشەکردن وەک ستوونێک
بازدانویستی پەرەسەندن
مرۆڤ وەکو پڕۆسەیەکمرۆڤ وەک خاڵێکی جێگیر
بوونێکی کۆمەڵایەتی بیرکردنەوە دیاری دەکاتبیرکردنەوە بوون دیاری دەکات
ئەقڵهەست

         بە ئاسانی دەتوانین درک بەوە بکەین کە خشتەکە وەڵامی پرسیارە ئۆنتۆلۆژی و ئیپستمۆلۆژی و میتۆدۆلۆژییەکان دەداتەوە سەبارەت بە شانۆی داستانی. بۆ نموونە دژبەریی نێوان (بیرکردنەوە بوون دیاری دەکات) و (بوونێکی کۆمەڵایەتی بیرکردنەوە دیاری دەکات)، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دژایەتی ئۆنتۆلۆژی و ئیپستمۆلۆژی نێوان پۆزەتیڤیزم و تیۆری ڕەخنەیی مارکسیزمەوە هەیە.

         هەروەها خشتەکە بە ڕوونی تایبەتمەندییەکانی فۆڕمی شانۆی داستانیی دەخاتە ڕوو، شانۆی داستانی دیمەنەکان دەگێڕێتەوە (نەک پڵۆتی بکات)، مۆنتاژە (نەک گەشەسەندنی دراماتیکیی) جەختی لەسەر کێشەکانە (نەک گەشەسەندنی هێڵیی) و بۆ دیمەنەکانی بازدان (نەک هۆکار و کاریگەریی) بەکاردەهێنێت. ئەم تایبەتمەندییانە وەک کەرەستەیەکی میتۆدۆلۆژی پێویستن بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان. بەو پێیەی پڵۆت دەیەوێت بینەر بۆ ناو (چیرۆک) ڕابکێشێت، برێخت دێت بە بەکارهێنانی گێڕانەوە دیمەنەکان دەناسێنێت، کە تێیدا بینەر تەنیا دەبێتە چاودێر. جگە لەوەش، لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی زنجیرەیی دیمەنەکان پێشکەش بکرێت، ئەو دێت و بازدان دروست دەکات بۆ هەر شوێنێک ان کاتێک بەبێ ئەوەی بینەر پێشبینی بکات، ئەمەش وا دەکات بینەر لە چیرۆکەکە دەربکرێت و لە هەر کاتێکیشدا بێت ڕابکێشرێتە ناویەوە. لەوە سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە کە وەک مۆنتاژێک دەتوانرێت دیمەنەکان لە زنجیرەیەک دیمەنی ناهێڵیدا پێشکەش بکرێن کە ئیتر بینەر بەتەواوی بیر لەوە دەکاتە لەسەر شانۆ چی ڕوودەدات.

         هەروەها پێویستە ستەیجەکە بە شێوەیەکی جیاواز دابنرێت. بەو پێیەی بینەر ئاگادار دەکرێتەوە کە ئەو شانۆیەک دەبینێت نەک بێت بۆ شتێک کە لاساییکردنەوەی ژیانە. هەر بۆیە پەردە و دیواری نێوان بینەر و ئەکتەر سوودی نەما، بینەر ڕاستەوخۆ ستەیجەکە دەبینێت کاتێک دەچێتە ناو شانۆکە. برێخت دەڵێت: (شانۆ وەک شانۆ دەمێنێتەوە – ئەوەی لەوێ ڕوودەدات لاساییکردنەوەی ژیان نییە).

         شانۆی داستانی پێویستی بە هەبوونی شێوازێکی نواندنی جیاواز هەیە. ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی کاریگەریی نامۆبوون هەیە بۆ ئەوەی بینەر لە نزیکبوونەوەی خۆیدا هەڵوێستێکی لیكۆلێنەوە و ڕەخنەگرانە بگرێتەبەر. لەسەر شانۆ ئەکتەر کارەکتەرێک پێشکەش دەکات نەک نوێنەرایەتی کارەکتەرێک بکات. برێخت پێشنیاری ئەوە دەکات کە: (ئەکتەر ڕێگە بە خۆی نەدات بە تەواوی لەسەر شانۆ بگۆڕێت بۆ ئەو کارەکتەرەی کە وێنای دەکات، ئەو لیر و هارپاگۆن و شڤێک نییە، ئەو تەنیا نیشانیان دەدات.)

         برێخت دەیویست بینەر بیر بکاتەوە، بۆ برێخت شانۆ پڕۆسەیەکی فیکرییە. ئەو نەیدەویست بینەر ژیان لەسەر شانۆ ببینێت، بەڵکو دەیویست بینەر بیر لە ژیان بکاتەوە. ئەو ویستوویەتی بینەر بزانێت چۆن شانۆ پەیوەندییەکان نێوان تاک و دامەزراوەکان، تاک و تاک، دامەزراوە و دامەزراوەکان لادەبات، بۆ ئەوەی سەرەتا سروشتی سۆز و یاسا ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پیشان بدات. دووەمیش ئەو میتۆدانە پیشان بدات کە مرۆڤ بە هۆیانەوە دەتوانێت هەم خۆیان و هەم دامەزراوەکانیان کۆنتڕۆڵ بکات.