رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پۆست-مۆدێرنیزم و پێرفۆرمانس

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: فلیپ ئاوسلاندەر

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

پێشەکی وەرگێڕ

شانۆی پۆست-مۆدێرن وەکو زۆر بابەتی دیکەی هونەریی و بە تایبەتیش شانۆیی، یەکێکە لەو بابەتانەی کە ئێمە کەمترین بەرکەوتنمان هەبووە لەگەڵیدا و مەعریفەمان بەرامبەر ئەم بوارە لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە، هەر بۆیە پێویستی بە کارکردنی ورد و چڕ هەیە تا بتوانین ببینە خاوەنی تێگەیشتن بەرامبەری و کاتێک دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین بزانین کە ئەم بوارە چی دەگرێتەوە و چی ناگرێتەوە؟ پێویستە چۆن مامەڵە بکەین لەناویدا؟ ئێمە لە شانۆی پۆست-مۆدێرندا دەتوانین چی بکەین و گرنگی چییە بۆ ئێستای ئێمە؟ بۆچی پێویستە ئاشنای بین و کاری لەسەر بکەین و لە داهاتوودا ببینە خاوەن دونیابینی تایبەت لەم بوارەدا؟ بێگومان لە ئێستای شانۆی جیهانیدا بووەتە یەکێک لە ئاڵۆزترین و سەرنجڕاکێشترین بابەتەکانی ناو هونەر بە گشتی و شانۆش بە تایبەتی.

         هەرچەندە ئەوە لەبەرچاومە کە پێویستمان بە کارکردنی زۆرە لە وەرگێراندا بۆ ئاشنابوون بە شانۆی پۆست-مۆدێرن، وەلی من لێرەوە هەوڵی بچووکی خۆم دەدەم و هیوادارم ببێتە جێی سەرنج و سەرچاوەی پێویست بۆ خوێنەران و فێرخوازانی شانۆ و هونەر.

         لە لایەکی دیکەوە بە گرنگی دەزانم کە ئاماژە بەوەش بدەم، بۆ تێگەیشتنێکی ورد لە شانۆی پۆست-مۆدێرن پێویستمان بە تێگەیشتنە لە شانۆی مۆدێرن و پێش شانۆی مۆدێرنیش. هەوڵمداوە کە زمانی وەرگێڕانەکەم زمانێکی پاراو بێت و ئاسان بێت بۆ تێگەیشتن (هەرچەندە بابەتەکە بابەتێکی وردە و پێویستی بە موتاڵاکردنی وردی فێرخوازان و توێژەران و خوێنەرانە). بەهیوام ئەم زنجیرە بابەتە ببێتە پەنجەرەیەک بە ڕووی شانۆی پۆست-مۆدێرندا و لە داهاتووشدا کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

پۆست-مۆدێرن و پێرفۆرمانس

هەر لە یەکەم نیگا و ڕوانیندا، دەستەواژەی پۆست-مۆدێرنیزم و پێرفۆرمانس وەکو شتێکی سادە و ئاسان خۆی پیشان دەدات. نموونەیەکی ڕەخنەییە کە لایەنە پراکتیکەکانی پۆست-مۆدێرنیزم لەناو پۆلێکی دیاریکراوی پۆلە کولتوورییەکاندا دیاری دەکات. بەڵام کاتێک زۆر بە سووکی دەستی بۆ دەبەیت، ئەم نموونەیە تێکدەشكێت و دەبێتە کۆمەڵێک پارچەی پەیوەندیدار و لە هەمان کاتیشدا جیاواز، کە هەریەکەیان لایەنێکی جیاوازی ئەو پەیوەندییەن کە باس دەکرێت. لەم بابەتەشدا هەوڵدەدەم هەندێک لەو لایەنانە بخەمەڕوو. ئەمەش توێژینەوەیەکی مەیدانیی و ڕاپرسیارانە نییە، بەڵکو باس لەو بەرهەم و کەسایەتییە هەڵبژێردراوانە دەکەم کە نموونەی تیۆریی و پراکتیکی تایبەتن. هەروەها جەخت دەکەمەوە سەر پێرفۆرمانس لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمەش لەبەرئەوەی کە من باشتر دەیناسم (بە باشترین شێوە بەری کەوتم و دەیناسم). هەرچەندە باس لە چەند جۆرێک لە پێرفۆرمانس دەکەم، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر تیشک دەخەمە سەر پرسەکانی تایبەت بە پۆست-مۆدێرنیزم و شانۆ، چونکە پەیوەندییە کێشەدارە تایبەتەکانی نێوان ئەم دوو زاراوەیە پرسیاری گرنگ دەوروژێنێت. ئاڵۆزیی و سەختییەکانی بیرکردنەوە لە ڕێگەی شانۆ و پۆست-مۆدێرنیزمەوە شایەنی باسکردنن؛ ئەمەش بۆ ئەو ڕێگەیانەی کە ئاماژە بەو پرسانە دەکەن کە پەیوەندییان بە شوێنی پۆست-مۆدێرنیزمەوە هەیە لە چوارچێوەی مێژوو و فۆڕمە هونەرییە تایبەتەکاندا.

         تا ڕادەیەکی زۆریش، ئاڵۆزییە چەمکییەکانی پەیوەندی نێوان پۆست-مۆدێرنیزم و پێرفۆرمانس لە ناسەقامگیری هەردوو زارەوەکەوە سەرچاوە دەگرن چونکە هیچ کامیان مانایەکی دیاریکراو و گشتگیریان نییە و ڕێکەوتنیان نییە. لێرەدا لە پێناسەکانی پۆست-مۆدێرنیزم ناکۆڵمەوە و باسی ئەوە ناکەم کە پەیوەندیی لە نێوان پۆست-مۆدێرنیزم و پێرفۆرمانسدا دروستکردووە کە لە کۆمەڵێک پێناسەی پۆست-مۆدێرنیزمەوە سەریان هەڵداوە. بەڵام لە بارەی زاراوەی (پێرفۆرمانس)ەوە شتێک دەڵێم، چونکە هەموو ماناکانی پەیوەستە بە پۆست-مۆدێرنیزمەوە. ئێمە زۆربەی جار چەمکی پێرفۆرمانس بەو ڕووداوانەوە دەبەستینەوە کە ئیستاتیکین، جا هونەرە نمایشییە نەریتییەکانی وەک (شانۆ و سەما و مۆسیقا و ئۆپێرا)، کات بەسەربردنە باوەکانی وەکو (سێرک و کۆمیدیای ستاند ئەپ، و نمایشە نهۆمییەکانی لاس ڤێگاس) یاخود فۆڕمە هونەرییە نوێیەکان (بۆ نموونە پێرفۆرمانس). من مۆسیقا (بە زۆریش ئۆپێرا) لە لایەکەوە جێدەهێڵم و تێبینی ئەوە دەکەم کە شانۆ و سەما و کۆمیدیای ستاند ئەپ هەموویان لە پەیوەندیی بە پۆست-مۆدێرنیزمەوە باسکراون. چەمکی پۆست-مۆدێرنیزم بە لایەنی کەمەوە بە سێ شێوازی جیاواز، پەیوەستە بە پێرفۆرمانسی ئیستاتیکیەوە (نمایشی ئیستاتیکیەوە). من بە پلەی یەکەم باسی ڕەخنەسازیی دەکەم، چونکە جگە لە هەندێک سەماکارانی سەرەتایی پۆست-مۆدێرین، هونەرمەندانی نمایشکار (پێرفۆرمەر) بە گشتی ئەو وشەیەیان بەکارنەهێناوە بۆ وەسفکردن و شیکردنەوەی کارەکانی خۆیان، زیاتر لە لایەن ڕەخنەگران و زانایانەوە بەکارهاتووە. بە بەراورد بە پێرفۆرمانسی ئیستاتیکی، پۆست-مۆدێرنیزمیش وەکو (١) چەمکێکی قۆناغبەندی (٢) ڕێگەیەک بۆ ئەو کولتوورە هاوچەرخەی کە نمایشەکان تێیدا ڕوودەدەن و (٣) وەسفکەرێکی شێوەیی (ستایلیسیتی) بەکارهاتووە. بەکارهێنانی زاراوەی پۆست-مۆدێرن بۆ وەسفکردنی سەردەمێکە لە مێژوودا، و تا ڕادەیەک قورسە کە بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە جیابکرێتەوە لە کولتووری هاوچەرخ. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لە شرۆڤەکاران هەوڵدەدەن سەردەمی پۆست-مۆدێرن پێناسە بکەن بە قسەکردن لەسەر ئەو پرسیارانەی کەی دەستی پێکردووە و جیاوازیی چییە لە ساتەوەختە مێژووییەکانی پێشوو، لە کاتێکدا هەندێک شرۆڤەکاری دیکە ڕازین بەوەی کە پۆست-مۆدێرین و کولتووری هاوچەرخ پێکەوە پێناسە بکەن بەبێ سنووردارکردنی سنوورە مێژووییەکانی. هەندێک لە ڕەخنەگران بە شێوەیەکی دیکە “پۆست-مۆدێرن” بەکاردەهێنن، و وەکو زاراوەکی فۆڕمیی بۆ دەستنیشانکردنی پێشکەوتنە نوێیەکان لە ژانرە ئیستاتیکییەکاندا تەماشای دەکەن. بێگومان هەر سێ تێڕوانین و بەکارهێنانەکە بە یەکتری دەگەنەوە و یەکتربڕن. چونکە زۆربەی ڕەخنەگران لە کۆتاییدا دەیانەوێت باس لەوە بکەن کە چۆن تایبەتمەندییە جیاوازەکانی پێرفۆرمانس بە مانا مێژوویی و کولتوورییەکانییەوە بە پۆست-مۆدێرنیزمەوە دەبەسترێتەوە.

         یەکێک لە دەرکەوتە گرنگەکان جیاوازیی نێوان چەمک و مانا مێژوویی و کولتوورییەکانی پۆست-مۆدێرنیزمە لەو جیاوازییەی کە لە نێوان تایبەتمەندییەکانی پۆست-مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنیستدا هەیە. زۆرجار زاراوەی پۆست-مۆدێرن بۆ دەستنیشانکردنی قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت و زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم قۆناغە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دەستیپێکردووە. پۆست-مۆدێرنیست زۆرجار ئەماژەیە بۆ ئەو بەرهەمە کولتوورییانەی کە خاوەنی تایبەتمەندیی شێوەیین؛ کە لەگەڵ پۆست-مۆدێرنیزمدا هاوشانیان دەکاتەوە وەکو پێکهاتەی هەست و سۆز و مەعریفیی، نەک ئەوەی کە لە ساتێکی پێناسەکراوی کرۆنۆلۆژییدا بێت. هەندێک پێرفۆرمانس کە بە ڕوونی پۆست-مۆدێرنن بە مانا مێژووییەکەی؛ مەرج نییە لە ڕووی شێوەوە بە تەواوی پۆست-مۆدێرنیست بن (هەندێ جۆری سەمای پۆست-مۆدێرن و نموونەن بۆ مۆنۆلۆگە هونەرییەکانی پێرفۆرمانس. وەکو توێژەرێک جیاوازیی نێوان پۆست-مۆدێرن و پۆستمۆدێرنیست بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی بە درێژایی بابەتەکەم ئاڵۆزییەکانی ئەدای کارکردن لە ڕووی پۆستمۆدێرنیزمەوە نیشان بدەم.)

         بۆ دەستەواژەی پۆست-مۆدێرن سێ جۆرم باسکردووە کە ئەوانیش شانۆ و سەما و هونەرە نمایشییەکانی دیکەن، ژانرێکی دیکەی نمایشی ئیستاتیکی کە چەقی باسەکانی پۆست-مۆدێرنیزمەوە؛ هونەری پێرفۆرمانسە، (کە پێی دەگوترێت پێرفۆرمانس، یاخود هونەری پێرفۆرمانس، و بەتایبەتی لە بەڕیتانیاش پێی دەگوترێت، هونەری زیندوو). پەیوەندیی هونەری پێرفۆرمانس بە پۆست-مۆدێرنیزمەوە جیاوازە لە هونەر نمایشە نەریتییەکان، چونکە هونەری پێرفۆرمانس لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە پەرەی سەندووە (هەرچەندە لە پێشتردا لە نمایشەکانی ڕەوتی ئاڤانتگارددا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوونی هەبووە) زۆرجار وەکو بنەڕەتی فۆڕمێکی هونەریی پۆست-مۆدێرن تەماشا کراوە، چ لە ڕووی مێژوویی و چ لە ڕووی شێوەشەوە، نەک ئەوە بە تەنیا دەرکەوتەی پۆست-مۆدێرن بێت. مرۆڤ بەو شێوەیەی کە گوێی لە “سەمای پۆست-مۆدێرن” و “شانۆی پۆست-مۆدێرن” دەبێت گوێی لە هونەری پێرفۆرمانسی پۆست-مۆدێرن نابێت، چونکە وا گریمانە دەکرێت کە جۆرێک نییە لە هونەرە نمایشییەکان.

         بابەتی کۆتایی و ڕەنگە فێڵاویترین بابەتیش کە باسی دەکەم، ئەو شێوازەیە کە چەمکی پێرفۆرمانس بووەتە بابەتێکی مەجازیی لە تیۆرەکانی خودی پۆست-مۆدێرنیزمدا. زۆربەی گوتارەکانی پۆست-مۆدێرنیزم و ئەدای ئیستاتیکی تیۆریەکانی پۆست-مۆدێرنیزم وەک زەمینەیەک بۆ شیکردنەوەی ڕەوتەکانی پێرفۆرمانس بەکاردەهێنرێن، بەمجۆرە وای دادەنێن کە پۆست-مۆدێرنیزم و کولتووری پۆست-مۆدێرنیزم لە ڕووی کۆنسێپتەوە پێش پێرفۆرمانس دەکەون و ڕەنگە هەندێ پێرفۆرمانس وەکو نیشانەی پۆست-مۆدێرنیزم تەماشا بکرێن. بەڵام لە یەکێک لە سەرەتاییترین خاڵەکاندا کە بیرۆکەکانی پۆست-مۆدێرنیزم و پێرفۆرمانس تێیدا یەکتریان گرتبوو، کۆمەڵە وتارێک بوو بە ناوی پێرفۆرمانس لە کولتووری پۆست-مۆدێرندا. میشێل بێنامۆ کە یەکێک بوو لە نووسەرانی کتێبی پێرفۆرمانس لە کولتووری پۆست-مۆدێرندا؛ پێچەوانەی ئەو هەڵوێستە ئاساییە بوو کە لە گیرابووە بەر، کە تێیدا پێرفۆرمانس وەکو “شێوازی یەکگرتووی پۆست-مۆدێرن” دەناسێنێت. بێنامۆ تایبەتمەندی باڵادەستی کولتووری پۆست-مۆدێرن وەکو خۆی باس دەکات، ئەویش بەوەی کە هەموو شتێ پێشکەش دەکات: تەکنەلۆژیاکان پێشکەش دەکات، هونەر چیتر ئەوە قبووڵ ناکات لەسەر دیواری مۆزەخانەکان بمێنێتەوە، ڕەخنەگرە ئەدەبییەکان نووسینەکانیان وەکو جۆرێک لە پێرفۆرمانس دەبینن، گەشە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانیش لە گۆڕەپانی گشتیدا پێشکەش دەکات، و بەتایبەتیش میدیا کە گەشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە جۆرێک لە نمایشکاریی.

شتێکی زۆر دژیەکییە کە لە کاتێکدا ڕەخنەگرە پراکتیکەکانی پێرفۆرمانس بە زۆری بیرۆکەکانی پۆست-مۆدێرنیزم دەبەستنەوە بە دیسپلینەکانی دیکەوە (بەتایبەتی تەلارسازیی و تیۆریی ئەدەبی)، دیسپلینەکانی دیکە دەستیان گرتووە بەسەر بیرۆکەی پێرفۆرمانسدا. وەک پارادایم و جۆرە لێکدانەوەیەک، بیرۆکەی پێرفۆرمانس بۆ وەسفکردنی هەموو شتێکە؛ لە فۆڕمە هونەرییە ئیستاتیکییەکانەوە؛ لە ڕەفتاری ڕۆژانەوە؛ تا خۆپیشاندنی سیاسیی و تیرۆر، تا ململانێ کۆمەڵایەتییە بەرفراوەکان بەکاردێت. “سووڕی پۆست-مۆدێرن” لە چەندین دیسپلینی هیومانیستی و کۆمەڵایەتیدا بە شێوەیەکی سەرەکییش لە مەرجەکانی پێرفۆرمانسدا، تەماشای دیسپلینەکان و بابەتی لێکۆڵینەوەکانیان دەکات. زانایانی مێژوو و کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی و زۆ بواری دیکە هاتوونەتە سەر ئەو ڕایەی کە گوتاری هەر یەکێکیان وەک شتێکی کتوپڕ و گریمانەیەک ببینن نەک وەک شتێکی ڕەها، وەک ئەوەی لەگەڵ بینەرێکی تایبەتدا مامەڵە بکەن نەک بینەرێکی گشتیی. وەک ئەوەی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و تایبەتدا بوونیان هەبێت، و تایبەتمەندە بە پڕۆسە پراکتیکیەکان نەک بەو بەرهەمانەی کە دەیخوڵقێنن. جێگای سەرنجە کە دەتوانین بڵێین یەکێک لەو دیسپلینە نوێیانەی پۆست-مۆدێرن لە هەوێنێکی فیکرییەوە سەرهەڵدەدات، کە ئەویش توێژینەوەکانی پێرفۆرمانسە، کە پێرفۆرمانس بە مانایەکی فراوان وەردەگرێت، ئەویش بەوەی کە پێرفۆرمانسی ئیستاتیکیی دێت ڕێوڕەسمە و نەریتیە ئایینییەکان، ڕێوڕەسمە سیکۆلارییەکان، کەرنەڤاڵ، یاری، وەرزش و زۆر فۆرمی کولتووری دیکە وەکو بابەتی لێکۆڵینەی خۆی و نەریتی توێژینەکانی شانۆ لەگەڵ تەکنیک و ڕێبازەکانی مرۆڤناسیی و کۆمەڵناسی و تیۆریی ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوەی کولتووری و مێژووی هونەر و دیسپلینەکانی دیکە لە ناو خۆیدا یەکدەخات.

لەم کورتە تێڕوانینەدا، گەیشتووینەتە قۆناغێکی سەرلێشێواوانەی پۆست-مۆدێرن. لە کاتی بیرکردنەوە لە پێرفۆرمانسە ئیستاتیکییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ پۆست-مۆدێرنیزمدا، پرسیارە ڕەخنەییە بنەڕەتییەکە بە زۆری ئەوەیە کە دەڵێت: بە چ مانایەک پێرفۆرمانس یان جۆرێک لە پێرفۆرمانسی دیاریکراو، پۆست-مۆدێرنیستە؟. بێنامۆ ئەو پرسیارە دەگۆڕێت و پێشنیاری ئەوە دەکات کە پرسیارە ڕەخنەییەکە لەسەر کڕۆکی باسەکانی پۆست-مۆدێرنیزم و پێرفۆرمانس ئەمەیە: لە چ ڕێگەیەکەوە کولتووری پۆست-مۆدێرن ئەوە پێشکەش دەکات و ئەنجامی دەدات؟. لە سەرەتادا پێدەچوو زاراوەی پۆست-مۆدێرنیزم زاراوەیەکی نهێنیی و شاراوە بێت سەبارەت بە “پۆست-مۆدێرنیزم و پێرفۆرمانس” بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە. دەبێت بە دوای چیدا بگەڕێین – پۆست-مۆدێرنیزم لە پێرفۆرمانسدا یان پێرفۆرمانس لە پۆست-مۆدێرنیزمدا؟ لە هەر لایەکیانەوە دەست پێ بکەین، بە ناچاریی کۆتایی بە باسکردنی هەردووکیی دەهێنین، بەڵام لێرەدا تیشک لەسەر یەکەمیان دەبێت.

بە سەردەمکردنی[1] پۆست-مۆدێرنیزم لە شانۆ و سەمادا

         وەکو مێژوونووسی سەما و ڕەخنەگر و تیۆریست “ساڵی بەینز” لە کتێبی ” Terpsichore in Sneakers”دا ئاماژە بە پرسێکی چارەنووسساز دەکات لە سەمای پۆست-مۆدێرندا کاتێک دەڵێت: “زاراوەی پۆست-مۆدێرن لە هەر فۆڕمێکی هونەرییدا مانایەکی جیاواز بەرهەم دەهێنێت”. لەبەر یەک شت، ئەوەی کە فۆرمێکی هونەریی دیاریکراو بە پۆست-مۆدێرن ئەژمار دەکرێت، ڕێژەییەن لەگەڵ ئەوەی کە بۆ هەمان فۆڕم بە مۆدێرن ئەژمار دەکرێت؛ نایەکسانی چەمکی پۆست-مۆدێرنیزمە لە تەواوی هونەرەکاندا و بەشێکی کارکردنی ئەم نایەکسانییەش هاوشێوەیە لە پێناسەکانی مۆدێرنیزمدا. بەینز گۆڕانکارییە مێژووییەکەی سەما لە مۆدێرنەوە بۆ سەمای پۆست-مۆدێرن بە شێوەیەکی تەواو ڕوون پێناسە دەکات، چ لە ڕووی کرۆنۆلۆژی و چ لە ڕووی ستایلەوە. تا درەنگانێک، سەمای مۆدێرن شێوازەکانی خۆی و تیۆرییەکانی خۆی پاڵاوتە کردبوو و وەکو ژانرێکی سەمای ناسراو سەریهەڵدابوو. جوڵەی ستایلدار و ئاستی وزەی لە پێکهاتە خوێنەرەکاندا بەکارهێنا، بۆ گەیاندنی هەست و پەیامە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی. شەپۆلی یەکەمی کۆریۆگرافەرانی پۆست-مۆدێرن هەوڵیان دەدا سەمایەک دروست بکەن کە ناوەڕۆکەکەی ئەدەبیی نەبێت، وە لە سادەترین جووڵەوە دەستیان بگات بە وشەسازییەکی گەورە، (هەندێک جار لەسەر بنەمای جووڵەی ڕۆژانە بونیاتیان دەنا و تەنانەت پەنایان دەبردە بەر کەسانێک کە ڕاهێنانی سەمایان نەکردبوو پێشتر). لە درێژەی باسەکەی بەینزدا چەندین شێوازی دیکەی سەما لە دوای سەمای مۆدێرنەوە باس دەکات و سەمای پۆست-مۆدێرن بۆ یەک جۆر کورت ناکاتەوە و چونکە سەمای پۆست-مۆدێرن کاردانەوەیەک بوو لە دژی سەمای مۆدێرن و لە ساتێکی مێژوویدا ڕوویدا.

         بەڵام کاتێک لە سەماوە ڕوو لە شانۆ دەکەین، ناتوانرێت وێنەیەکی ئاوها ڕوون و ئاشکرا بکێشین. چونکە ئەستەمە شانۆی پۆست-مۆدێرن کاردانەوەی دژی هەبووبێت، ئەمەش لەبەرئەوەی کە ئەستەمە وەسفێکی یەکگرتوو بۆ شانۆی مۆدێرن بونیات بنرێت. بە شێوەیەکی ئاسایی؛ “شانۆی مۆدێرن” ئاماژەیە بۆ شانۆنامە و نمایشە واقیعییەکان “ڕیالیستییەکان” (بە پێچەوانەی ڕۆمانتیکەوە کە لە دەوروبەری ناوڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئینگلتەرا دەستیان بە گەشەکردن کرد) شانۆی مۆدێرن سەرەتا لە شانۆنامە ڕیالیستییە ئەوروپییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە لەلایەن ئیپسن و چێخەفەوە گەیشتە لوتکە، و پاشان درامای ڕیالیستی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەمریکا و بەڕیتانیا گەشەی سەند. کاتێک کە ئێمە شانۆی مۆدێرن بە شانۆی ڕیالیزمەوە بناسینەوە، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە پاڵنەری شانۆی پۆست-مۆدێرن دژە واقیع دەبێت. کێشەکەش لێرەدا ئەوەیە کە شانۆی دژە واقیع هەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا شانبەشانی شانۆی ڕیالیستی گەشەی کردووە (بە نموونە سیمبولیستەکان) و یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی شانۆی مۆدێرنیش. ئەم ئاڵۆزییەش وایکردووە کە کارەکە زۆر قورس بێت. [2] بۆ نموونە بێرتۆڵد برێشت و ساموێڵ بیکێت کە هەردووکیان بە شێوەیەکی یەکسان تەحەدای شانۆی ڕیالیزمیان کردووە بە ئاڕاستەی جیاواز جیاوازەوە، ئایە دەبێت بە مۆدێرنیست یان پۆست-مۆدێرنیست یان هاوچەرخ هەژمار بکرێن؟

         بەهۆی پەیوەندی نێوان دەق و نمایشەکەوە کە تایبەتمەندیی فۆڕمە شانۆییەکەیە شیکاریی بۆ پۆستمۆدێرنیزم لە شانۆدا زۆر ئاڵۆزتر دەبێت. لە نێوان نمایشەکە و ئەو دەقەی کە لە شانۆدا نمایش دەکرێت جیاوازییەک هەیە کە لە سەمادا بوونی نییە. لە سەمادا، شێوازی نمایش و ژانر و کۆریۆگرافیی جێگیر کراوە. ڕەنگە بالێیەکی کلاسیک بە شێوازی پۆست مۆدێرن پێشکەش بکرێت، بەڵام کاتێک بتەوێت بە تانگۆ پێشکەشی بکەیت سەر ناگرێت. (ڕەنگە بتوانرێت سەمایەکی پۆست-مۆدێرن لەسەر بنەمای گێڕانەوەی بنەڕەتیی یان خەتی بالێیەکی کلاسیک ئەنجام بدرێت، “بۆ نموونە سوان لەیکی پۆست-مۆدێرن”. بەڵام ئەمەش پێویستی بە کۆریۆگرافیی نوێ دەبێت بە شێوازێکی پەیوەست بە سەمای پۆست-مۆدێرنەوە. بەڵام مەحاڵە بە کۆریۆگرافیای بالانچینی بڵێین شێوازێکی پۆست-مۆدێرنە.) بەڵام لە شانۆی هاوچەرخدا گریمانەی ئەو دەکرێت کە شێواز (ستایل) لە تێکستە دراماتیکیەکاندا نەنووسراوە و دیارینەکراوە، هەربۆیە بەتەواوی دەتوانرێت وێنای ئەوە بکرێت کە شەکسپیر یاخود کارەساتە یۆنانییەکان بە شێوازی پۆست-مۆدێرن پێشکەش بکرێن. لە ڕاستیدا هەندێک نموونەی گرنگی شانۆی پۆست-مۆدێرنیستیشمان لەم ڕووەوە هەیە، (بۆ نموونە کارەکانی پیتەر سێلاریس کە دواتر باسیان دەکەم)، ڕێک ئەوەن کە شانۆیەکی نا پۆست-مۆدێرن دەهێنن و بە شێوازێکی پۆست-مۆدێرنیستی پێشکەشی دەکەن. ئۆپێرا کەیسێکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئەم بابەتەی ئێمە، بەو پێیەی لایەنە موزیکییەکەی هاوشێوەی سەمایە، لە کاتێکدا نمایشکردنەکەی هاوشێوەی شانۆیە. گەر ئەکتەرەکە وەکو نۆتە نووسراوەکە بژەنێت، ناتوانێت ئۆپێرایەکی سەدەی نۆزدەهەم بە شێوازێکی مۆسیقای پۆست-مۆدێرن پێشکەش بکات. بەڵام دەکرێ هەمان ئۆپێرای سەدەی نۆزدەیەم بە شێوازێکی پۆستمۆدێرنیستی نمایش بکرێت.

         کەواتە ناتوانین لە ئایدیای شانۆی پۆست-مۆدێرن بکۆڵینەوە، هەتاوەکو پرسیار لە بارەی درامای پۆست-مۆدێرن و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی پۆست-مۆدێرنەوە نەکەین و لێیان نەکۆڵینەوە. بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە پێشتر پێشنیارم کردن، زۆر کەم باس لەوە کراوە کە درامای پۆست-مۆدێرن چی بەرهەم دەهێنێت و چی دروست دەکات، هەربۆیە لێرەدا هەندێ شتی مەحاڵ باس دەکەم. خاڵێکی گرنگ و سادە ئەوەیە کە پلوڕالیزم لە ڕووی مێژووییەوە یەکێکە لە دیاردەکانی پۆست-مۆدێرن لە شانۆدا (بەڵام مەرج نییە بە تەواویی پۆست-مۆدێرنیست بێت). هەرچەندە هێشتا مشتومڕی زۆری لەسەرە، بەڵام کاستینگ و دابەشکردنی ئەکتەرەکان لە ڕووی جێندەرەوە بۆ ئەو کارەکتەرانە ناگونجێن کە ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، کە ئەمەش فۆڕمێکی دیکەی پلوڕالیزمە و تایبەتمەندییەکانی قۆناغی پۆست-مۆدێرنەیە. خاڵێکی دیکە، نمایشی کولتوورییە، کە تێیدا پێکهاتەکانی نمایش لە نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکانەوە سەرچاوە دەگرن، و تێکەڵ دەکرێن بۆ پێکهێنانی شانۆییەکی جیهانیی، هەروەها شانۆییە پۆست-مۆدێرنەکان هەمیشە جێی مشتومڕی زۆر بوونە و پرسیاری زۆریان لێ کەوتووەتەوە کە ئایە چۆن هونەرمەند لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا دێن و کار لەسەر نەریتێکی دیکە دەکەن، کە تێگەیشتن و بەرکەوتن لەگەڵیدا ئاسان نییە، ئەو ئیمپریالیزمە کولتوورییەی لە بەرکەوتندان لەگەڵ ئەم جۆرە کارانەدا، ڕەنگە بە شێوەیەکی ئاسان و نەبێت و ناڕاستەوخۆ بن بۆ بینەران. بۆ نموونە دەرهێنەری بەڕیتانی (پیتەر بروک) کە نمایشێکی لەسەر مەهابەهاراتای هیندی کۆن بونیاد ناوە، بابەتێکی گرنگە بۆ ئەم گفتوگۆیانەی ئێمە.


[1] بە قۆناغ کردن، قۆناغبەندیکردن، Periodizing

[2] – ئەم بابەتە یەکێکە لە بابەتە گرنگ و زۆر ئاڵۆزەکان، کاتێک شانۆی مۆدێرن لەگەڵ شانۆی ڕیالیزمیدا گەشە دەکات، کە شانۆیەکی تەواو واقیعییە، ئەوا دەشێ کە شانۆی پۆست مۆدێرن شانۆیەکی دژە واقیعی بێت، ئیپسن کە خۆی بە باوکی شانۆی ڕیالیزم دادەنرێت و شانۆی مۆدێرنەوە لەوەوە دەست پێدەکات، هەر خۆی لە شانۆنامەکانی کۆتاییدا لایەنێکی سیمبوولی دەخاتە ناو شانۆنامەکانیەوە، کەواتە گەر ئیپسن باوکی شانۆی ڕیالیزم و شانۆی مۆدێرن بێت، ئەوە دەشێ کە هەر خۆی یەکەمین هەوڵیش بێت بۆ شانۆی پۆست مۆدێرن.