رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەخلاق و سیاسەت و فەلسەفە لەلای دانتێ

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئاودین و. پێڵیتەر

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

ئەو زانیاریانەی لەسەر دۆزەخ (بەرگی یەکەمی کتێبی کۆمیدیا)ی دانتێ هەن ساڵانێکی زۆر پێداچوونەوە و ڕەخنەیان لەسەر کراوە، بە چەندین وەرگێرانی جیاواز. شیکاریی لێکۆڵینەوەکانی ئەخلاق و سیاسەت و فەلسەفە لە سەدەکانی ڕابردوودا هەنگاوی جیاوازیان تێدایە کە دەبێ جەختیان لەسەر بکرێتەوە، بەڵام گرنگترین شت تێگەیشتنە لە گرنگی ڕوانینی لێکۆڵینەوەکان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا. دۆزەخی دانتێ گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، چونکە بەرهەمێکی ئەدەبییە و لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە وەکو خۆی ماوەتەوە؛ بەڵام وەرگێڕانی جۆراوجۆر و تێگەیشتنی باشتر، چەندین وەرگێرانی جیاوازی دروستکردووە کە وا دەکات بە ڕێگە و بە شێوەی جیاواز پەی بە تێکستەکە ببرێت. چاپی پیاچوونەوە و ڕەخنەیی نۆرتۆن لەسەر دۆزەخ بە هەمان شێوەی چاپێکی دیکە وەرنەگێڕدراوە، هەرچەندە دەکرێت نزیک و هاوشێوەش بێت لە یەکێکی دیکەوە. ئەم بنەمایە لەگەڵ لیكۆڵینەوەکەدا وەک خۆی نامێنێتەوە، بەو پێیەی بیرۆکەکان لەسەر سیاسەت و ئەخلاق و فەلسەفە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هاتووە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لێکۆڵینەوەکە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەی دواییدا بەرتەسک بکەینەوە هێشتا تێڕوانینی گەورە بەدەستەوە دەدات سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە لێکۆڵینەوە لەسەر دۆزەخ دروست بووە و ڕوویداوە.

        ئەم پێداچوونەوەیە لێکۆلێنەوە لە سێ لایەن دەکات کە پەیوەندییان بە دۆزەخی دانتێ”وە هەیە و ئەوانیش لایەنی ئەخلاقیی و سیاسیی و فەلسەفیین. لە بەشی یەکەمدا توێژینەوەکە باس لەوە دەکات کە چۆن لە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەخلاق لە کتێبی دۆزەخی دانتێ”دا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و چۆن دۆزەخ کاریگەریی ئەخلاقیاتی کەسایەتی دانتێی بەسەرەوەیە. لە بەشی دووەمدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن دانتێ لە ژێر کاریگەری سیاسەتدایە و ئەو کەسانەی بەڕاستی لە ژیانی خۆیدا هەبوونە دۆزەخ دەیانگرێتەوە، لەگەڵ پەیوەندییی نێوان سیاسەتی ئەمریکا و فلۆرانس؛ لێکۆڵینەوەکان لەسەر سیاسەت لە دۆزەخدا ساڵ بە ساڵ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، کە ئەمەش پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی توێژەرەوە هەیە. لە بەشی کۆتاییدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن فەلسەفە لەناو دۆزەخەکەی دانتێ”دا جیگیر کراوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر فەلسەفە باس لە کەسایەتییە گرنگەکان دەکەن و دانتێ چ فێرکارییەکەی فەلسەفیی قبووڵ دەکات و دەیخاتە ناو نووسینەکەیەوە.

ئەخلاق

 لێکۆڵینەوە لە ئەخلاق و دۆزەخی دانتێ بریتییە لەو ساڵەی کە لێکۆڵینەوەکەی تیادا بڵاوبووەتەوە، لێکۆڵینەوەکە باسی چ پانتایی و لایەنێکی ئەخلاق دەکات و چۆن بۆ دۆزەخ دەگوونجێت. ئەو لێکۆڵینەوانەی لە سەدەی ڕابردوودا ئەنجامدراون، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە چۆن ژیان لەو کاتەدا گۆڕانکاریی دەکات لە بۆچوون و پێشوازییەکان لەسەر ئەخلاق لە کتێبی دۆزەخدا. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەخلاق لە دۆزەخدا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵکو و شیکردنەوە و لێکدانەوەکان بۆی لەگەڵ چۆنیەتی گۆڕانی بیروڕاکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

        لێکۆڵینەوەکانی مارک کۆگان باس لەوە دەکەن کە چۆن شوێن و ناوچە لە دۆزەخەکەی دانتێ”دا پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە کارێکی ئەخلاقیی. دانتێ هەست بەوە دەکات کە ئەوانەی لە دۆزەخدان سزاکانیان نوێنەرایەتی ئەوەیان دەکات کە تا چەند دەبێ سزا بدرێن، ئەو سیستەمێکی تایبەتیی خۆی دروست دەکات کە مرۆڤ دەخاتە بازنەی جیاوازی دۆزەخەوە. بۆ نموونە ڤێرجیڵیۆ (ڕێبەری دانتێ لە گەشتەکەیدا) لە لیمبۆدا گیری خواردووە، لەبەرئەوەی بێ باوەڕە و هەرگیز ئاوشۆر نەکراوە، سزای ئەو حەسرەتێکی هەمیشەییە بۆ بەهەشت؛ لەکاتێکدا لیمبۆ لە لوتکەدایە (باشترینی دۆزەخە) و ئارەزووی هەمیشەیی تەنیا بە هۆی نزیکبوونەوە لێیەوە بەهێزتر دەبێت. کەسانی دیکە کە دانتێ دەیانناسێت، وەکو فیلیپۆ دی کاڤیچیۆلی کە موڵک و ماڵەکەی دانتێ بە میرات دەگرێت کاتێک کە دانتێ دەربەدەر دەکرێت.

        کۆگان بۆ ئەوەی گرنگی تیۆریی ئەخلاق لە دۆزەخدا وەربگرێت، ئاماژە بۆ چەن بەرهەمێکی دیکە دەکات و لەو بەرهەمانەش میتامۆرفۆسی ئۆڤیدە. هەروەها مەبەستیش لەمە ڕوونکردنەوەیە بۆ خوێنەر کە چۆن سزای گوناهـکردن پەیوەندیی بە کێشە ئەخلاقییەکانەوە هەیە، وەکو ئەو کەسانەی کە لە بازنەی ئەم کێشە و غەزەبەدان و (نەناسراون). کۆگان نموونەیەک دەخاتەڕوو کە چۆن گوناهباران لە دۆزەخدا “سزا ئەدرێن بەپێی گوناهەکانیان و هەست و سۆزیان وێنەی  گوناهەکەیان دابین دەکات نەک پێچەوانەکەی”. لێکۆڵینەوەکە ئاماژەیە بۆ گرنگی گوناهـ و چۆن کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ژیان، مرۆڤەکان بەرەو قۆناغە جیاوازەکانی بازنەی دۆزەخ دەبات. دانتێ بە گەشتی دۆزەخدا تێدەپەڕیت چونکە گوناه لە ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆی دووری دەخاتەوە، هەرچەندە گوناهەکەی دیارینەکراوە، بەڵام کۆگان باس لە قۆناغە جیاوازەکان دەکات کە نیشاندەری ئەوەن دانتێ گوناهـ دەکات. سەرچاوەی کۆگان”یش بۆ گوناهی کەسایەتی دانتێ ئەوەیە کە جەخت لەسەر گرنگی گەشتەکەی دەکاتەوە.

گوتەیەکی گرنگ لە وتارەکەدا ئاماژە بە شیعرگەرایی و ئەخلاقی گوناهباران لە دۆزەخ و چۆنیەتی سزادانیان لە دۆزەخدا دەکات. گوتەکەش ئەمەیە: “هەستێکی دوانەیی بەهێزی دادپەروەریی هەیە لە سزادانی نەفرەت لێکراوان بە هۆی دووبارە پیشاندانی گوناهەکانیانەوە”. مرۆڤەکان لە ژیاندا هەر گوناهێک بکەن، بەپێی ئەنجامدانی گوناهەکە باجەکەی دەدەن، کە کۆگان بە “هەستی بەهێزی دادپەروەریی” ئاماژەی بۆ دەکات؛ هەروەها دەڵێت: “ئازاری نەفرەت لێکراوان زیاتر ئیلهامن (وەحین) نەک تۆڵە و سزای تاوان، ئەوان نیشانە ئەخلاقییە سەختەکان بەروارد دەکەن، کە سێبەری سروشتی ناوەکیی هەر گوناهێکە”.

جێفری تامبلینگ لە لێکۆڵینەوەکانیدا سەرنجی لەسەر جیاوازییە ئەخلاقییەکانی نێوان بازنەکانە، بۆ نموونەی بازنەی حەوتەم، کە ئەوانەی توندوتیژی دژی خۆیان ئەنجام دەدەن، دەچنە خوار ئەوانەوە کە توندوتیژی دژی ئەوانی دیکە ئەنجام دەدەن. هەروەها باس لە گرنگی خوێن دەکات لە بازنەی پێنجەمدا و چۆن ڕووخسارە توندوتیژەکانی تیادا دەشاردرێتەوە. مەبەست لەم بابەتەش ئاماژەیەکی توندە بە سروودی دوانزەیەم کە دەربارەی ئەو گوناهبارانەن کە تووڕە و توندوتیژ بوونە. تامبلینگ باس لەوە دەکات کە چۆن لە سروودەکەدا دانتێ ئاماژە بەو گوناهبارانە دەکات کە خۆیان دەکوژن یان کەسانی دیکە دەکوژن، کە مەحکوومن بە دووبارەکردنەوەی هەمان کردەوەی توندوتیژی و کوشتن، بەڵام لە ناویاندا سەرنج دەخاتە سەر سروودی دوانزەیەم، کە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ستەمکارە جیاوازەکانیان کە دەستیان بە خوێن سوور بووە.

یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکان کا تامبلینگ جەختی لەسەر دەکاتەوە “گویدۆ دا مۆنتێفێلترۆ فۆرلی”یە لە سروودی دوانزەیەمدا. فۆرلی لە خوێندا گەوزاوە، لە سەرەتادا دانتێ نایناسێتەوە، کاتێک کە یەکەم جار دەیبینێت دەکێشێت بە سەریدا بەهۆی ئەوەی کە وای لێهاتووە نەناسرێتەوە. دانتێ ئەزموونێکی هاوشێوەی لەگەڵ مالاتێستینۆ هەیە کە یەکێکی دیکەیە لە ستەمکارەکان و لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا چەندین کەسی بێتاوانی کوشتووە. یەکێکی دیکە لە گوتە گرنگەکان لێرەدا باس لەوە دەکات کە “ئەو خوێنەی لە جەستەوە دروستبووە، جەستە دەشارێتەوە”. تامبلینگ باس لەوە دەکات کە زۆر گرنگە کە سەرنجی کەسە جیاوازەکان و ئەو خوێنە بدەیت کە تێیدا داپۆشراون چونکە لە دۆزەخێکی ئەخلاقیدا گیریان خواردووە؛ دانتێ پێکهاتەگەرایی بەکاردەهێنێت بۆ شیکردنەوەی چینەکانی دۆزەخ و ئەو کەسانەی تیایدا دایاندەنێت بە هۆکاری پەیڕەوی ئەخلاقییە لە ماوەی لە ژیاندا بوونە.

ئامانجی ئەم بابەتە ئەوەیە کە تێبینی ئەو ئاکار و ئەخلاقە بکەین کە دانتێ لە دۆزەخەکەیدا بەکاری دەهێنێت، لەلایەنی تیۆلۆگییەوە (خوداناسیی)ەوە و لە لایەنی گوناهی ناو ژیانەوە (فانییەوە). تۆرێنس باس لەوە دەکات کە چۆن وەرگێران دەتوانێ ڕاستییەکانی تێکستە ئیتاڵییەکە چەواشە بکات. وە دەڵێت ئەوەندە وەرگێڕانی بۆ کراوە کە مانا و مەبەستی دێڕەکان بوونەتە سانسۆرێک بۆ بەرهەمەکە. هەروەها تۆرێنس دەڵێت گرنگە زانکۆکان هێشتا ئاماژە بەم تێکستە بکەن تا پیشانی بدەن کە ئەدەبیات و ئەخلاق لە سەدەکانی ڕابردوودا چۆن بووە، تەنانەت ئەگەر هەندێک لە تێکستەکە هێرشیش بێت بۆ سەر بۆچوونی ئەخلاقیی مۆدێرن، و دەشێ ئاماژەی پێ بکرێت کە بەو شێوەیەش نەبووە.

ئەخلاق چەقی ئەو ڕێگەیە کە دانتێ مرۆڤە ڕاستەقینەکانی پێ دەخاتە ناو دۆزەخەوە. لێکۆڵینەوەکانیش تیشک دەخەنە سەر شێوازی مامەڵەکردنی مرۆڤەکان لە ناو دۆزەخدا و کاتێک کە لە ژیاندان دانتێ پێی وایە کە دەبێت چۆن سزا بدرێن لەسەر گوناهەکانیان. لە کاتێکدا هەندێ وتار جەخت دەخەنە سەر هەندێ سروودی تایبەت و هەندێ وتاری دیکەش جەخت دەخەنە سەر دۆزەخ بە گشتی. هەندێکی دیکە جەخت لەسەر گرنگی خوێن دەکەنەوە و هەندێکی دیکە ئاماژە بۆ ڕۆڵی ژن دەکەن لە کارەکەدا، بەڵام بە گشتی ئەخلاق چەقی مامەڵەکردنەکەی دانتێیە کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤەکانی پێ سزا دەدات.

سیاسەت

سیاسەت هەمیشە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، سیاسەتی ئەمریکا جیاوازە لە بەڕیتانیا کە ئەویش جیاوازە لە فلۆرەنسا. و هەروەها کاتێک باسی سیاسەت دەکرێت شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتە جیاوازەکانیش لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. سیاسەت بە شێوەی جیاواز دادەنرێت، سەرکردەی سیاسیی جیاواز دێنە ئاراوە، و لە کۆتاییدا کاتێک لە مەودای سەدەیەکدا سەیری ئەو وڵاتە دەکرێت بەرز و نزمییەکەی دەبینرێت. زۆر جار بۆچوونی ئەخلاقیی کۆمەڵگە لەو کەشە سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت کە توێژەران باسی دەکەن. زۆر کەسایەتی سیاسیی لە دۆزەخدا ئاماژەیان پێ کراوە، ئەوانیش خەڵکی فلۆرانسان کە دانتێ پێش ئەوەی دەربەدەر بکرێت و دووربخرێتەوە ناسیوونی،  هاوکات ئەو کەسایەتییە سیاسییە کۆنانەشی بەکارهێناوە کە لە ڕادەبەدەر گەندەڵ و توندوتیژ بوونە.

 توێژینەوەکانی ئایلین فێنگ جەخت لەوە دەکەنەوە کە تێکستە ڕەسەنە ئیتاڵییەکە تا چەندێک گرنگە، وە یارمەتیدەرە بۆ بینینی جیاوازییەکان لەو تێکستەکەی کە ئێستا دەیخوێنمەوە بە وەرگێڕانی کەسێکی دیکە، بە تایبەتی بۆ تێکستی “سروودی سیانزەیەم”. هەروەها باسی ژیانی سیاسیی دانتێ دەکات لەگەڵ پاتریارک لە سروودی سیانزەیەمدا کە دانتێ بەهۆی کارە سیاسییەکانیەوە لە فلۆرانسدا دەیهێنێتەوە بیری خۆی. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئاماژەش بە پیر دێلی ڤینێ دەکرێت، کە چۆن دانتێ چاوی پێی دەکەوێت بەبێ ئەوەی پیر دێلی خۆی پێ بناسێنێت، یەکێکی دیکە لە لایەنە گرنگەکانی توێژینەوەکە ڕۆڵی ژنە لە سیاسەتدا لە ماوەی ژیانی دانتێدا و لەگەڵ ڕۆڵی ژن لە دۆزەخدا.

        مەبەست لەم بابەتە ئاماژەکردنە بەوەی کە سیاسەت چەندە کاریگەرە لە ژیانی دانتێدا و چۆن کەسایەتییە گرنگەکان دەخاتە ناو دۆزەخەوە {و لە دۆزەخدا بەکاریان دەهێنێت}. لەگەڵ ئەوەشدا، توێژینەوەکە هەوڵدەدات لە ڕوانگەی سیاسییەوە تەماشای چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنی ژنان بکات، بەڵام تێڕوانینە ئەخلاقیەکانیش لەبارەی ژنەوە لەخۆدەگرێت. لە ڕاستیدا ژن لە سیاسەتی فلۆرانسدا ئامادەگیی نییە، بەڵام هێنانە ناوەوەی ژن لە دۆزەخدا لەلایەن دانتێ’وە، ئەو ڕاستییە دەچەسپێنێت کە ژنان لە سیاسەتدا نین، چونکە هەموو گوناهەکانیان پەیوەندی بە سێکسکردنی باوی ژنانەوە هەیە لە ماوەی ساڵانی ١٣٠٠دا.

        بابەتەکە شیکاریی فێمێنیست بەکاردەهێنێت بۆ پەیوەستکردنی لایەنی سیاسیی و ئەخلاق لە دۆزەخدا. توێژینەوەکەی فێنگ باس لە یەکخستنی مێدوسا و بەکارهێنانی “نیگای نێر” دەکات لە تێکستەکەدا. بەڵام لەگەڵ سیاسەتدا، دانتێ چاوی بە پیر دێلی دەکەوێت و کە پیر دێلی خۆی بە دوور دەگرێت تا هۆکاری ئەوەی کە لە دۆزەخدایە دانتێ نەیزانێت. لە ژیانیدا، پیر دێلی سکرتێری فریدریکی دووەمە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی کە گوایە خیانەتی لێکردووە زیندانی دەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆکاری کوشتنی. فێنگی توێژەر دەڵێت کە دانتێ پیر دێلی لە دارستانە خۆکوژییەکان دادەنێت لەبری ئەوەی لە بازنەی خیانەتکاراندا دایبنێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دانتێ خۆی پێی وایە پیر دێلی بێتاوانە. هیچ بەڵگەیەکی تەواوەتیش نییە کە باس لەوە بکات کە بۆچی پیر دێلی زیندانی کراوە، بەڵام فێنگ گریمانەی ئەوە دەکات کە پیلانێکی پاشخانیی هەیە کە هەرگیز نەزانراوە.

            توێژینەوەکانی لۆید هاوارد و ئێلینا رۆس زۆر سەرنج دەخەنە سەر ئەو کەسایەتییە سیاسییە جیاوازانە کە دانتێ پەیوەندی کەسیی لەگەڵیاندا هەبووە و چۆن لە دۆزەخەکەیدا دایناون. سیاکۆ لە بازنەی خۆراکخۆریدایە و تێگیایۆ و ئیاکۆپۆ و گویدۆ لە بازنەی سۆدیۆمیدا دەردەکەون و زۆر کەسایەتی سیاسیی دیکەش لە بازنە جیاوازەکانی دیکەدا دەردەکەون. دانتێ بە مەبەست ئەم کەسانە دەخاتە ناو ئەو بازنە تایبەتانەوە؛ ئەویش بەهۆی بۆچوونە کەسییەکانی خۆی لەسەر ئەوان و چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لە ژیانیاندا، زۆربەی زۆری ئەم کەسایەتییە سیاسییانە نەمردوون، بەڵکو کەسانێکن کە بە هاوبەشی کاریان کردووە بۆ دەربەدەرکردنی دانتێ یاخود نەیاری سیاسیی بوونە لە پارتی سپی گوێلچدا کە دانتێ بەشێک بووە لێی. بۆ شیکردنەوەی تێکستەکە (هێماکان) بەکاردەهێنن، ئەوەی ئەوان دەیکەن (لۆید هاوارد و ئێلینا رۆس) ئەوەیە کە تێکستە ڕەسەنە ئیتاڵییەکە بەکاردەهێنن و دێڕە تایبەتەکان (وەکو ” per l’aura fosca” کە ئاماژەن بۆ کەتەلۆنیا و مۆسکا، کەسایەتییە سیاسییەکان لە مێژوودا) بەمەش چۆنیەتی بەکارهێنانیان لە چوارچێوەیەکدا دەبەستنەوە.

        مەبەست لەم بابەتەش پەیوەستکردنی تێکستە ڕەسەنە ئیتاڵییەکە و چۆنیەتی دەستەواژەکانی دانتێ’یە کە کەسایەتییە سیاسییەکان بە گوناهەکانیانەوە دەبەستێتەوە. لە کاتێکدا هەندێک کەس کە دانتێ ئاماژەی پێ دەکات لە بازنەی جیاوازدان، بەڵام هێشتا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە ئەویش لە ڕێگەی چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ دانتێ پێش ئەوەی دەربەدەر بکرێت. کالانتۆ و لۆدێرینگۆ دوو کەس بوونە لە پارتی ڕەشی گوێلچ کە کاریان بۆ دەرکردنی دانتێ کردووە لە فلۆرانسادا. لە توێژینەوەکەدا باس لەوە دەکرێت دوای دەربەدەرکردنی دانتێ فلۆرەنسا کەوتووەتە ناو کێشەوە لە کایەی سیاسییدا هەروەها کێشەی بودجەی پارە سەریهەڵداوە و داڕمان دروست بووە. دانتێ لە سیاسەتەدا لە ڕادەبەدەر چالاک بوو، پارتی سپی گوێلچ کە دانتێ بەشێک بووە لە پارتە، لەدوای دەرکردنی دانتێ’وە بە وردی تێدەکۆشان بۆئەوەی لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە.

        توێژینەوەکانی سارا لانداس”یش جەخت لەسەر هەردوو لایەنی ئەخلاقیی و سیاسیی دەکەنەوە لە دۆزەخدا. هەروەها لانداس باس لەوە دەکات چۆن دانتێ ڤیرجیڵیۆ هەڵدەبژێرێت تاوەکو لە درێژەی گەشتەکەیدا لەگەڵیدا بێت لە کۆمیدیای ئیلاهیدا؛ چونکە زۆر کەس لە سەدەکانی ناوڕاستدا پێیان وابووە کە شاعیرانی وەکو ڤیرجیڵیۆ (حەکمین و بە حەکیم جیا دەکرێنەوە). توێژینەوەکانی لانداس یارمەتیدەرن بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن یەکخستنی سیاسەت لەلایەن دانتێ”وە وەکو ئامڕازکە بۆ دوورکەوتنەوە لە لێپێچینەوە بەهۆی ئەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی سیاسەتی فلۆرانس دەکران، کە لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت چونکە لە ساڵی ١٣٠٢دا دووردەخرێتەوە. بازنەی کۆتایی دۆزەخ دوو گوناهباری سیاسی تێدایە کە دانتێ بەکاری دەهێنێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی خراپترین گوناهـ کە خەڵک دەتوانن ئەنجامی بدەن، ئەوانیش خیانەتکردنە لە خێرخوازان یاخود کەسایەتییە سیاسییەکان.

        مەبەست لەم بابەتەش تیشک خستنە سەر لایەنە سەرەکییەکانی تێکستەکەیە کە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆزەخ چەند تێکستێکی سیاسییە. بازنەی کۆتایی دۆزەخ ئەڵقەی یودێکای (ئەڵقەی یەهودای ئەسخەریوتی) تێدایە، کە یەهودا و پرۆتس و کاسیۆسی تێدایە. پرۆتس و کاسیۆس پەیوەندییان بە پیلانی کوشتنی یولیۆس سیزەرەوە هەبوووە و دانتێ ئەم دووانە لە ناو نزمترین بازنەدا دادەنێت، دانتێ بەمە کارەکانی ئەوانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هەوڵی کوشتنی کەسێکی چاکیان داوە (چاکەخوازێک)، لەکاتێکدا کە ئەو (سیزەر) ئەمانی بە هاوڕێی خۆی دانابوو. ڕەنگە وا دەربکەوێت کە بەکارهێنانی ڤێرجیڵیۆ وەکو ڕێبەرێک لە ڕوانگەیەکی ئایینییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لانداس دەڵێت ڤێرجیڵیۆ پردی پەیوەندی نێوان کڵێسا و ئیمپڕاتۆریەت بووە بۆ دانتێ. {دانتێ ڤێرجیڵیۆ وەکو حەکیمێک دەبینێت کە خاوەنی ‘هێزە سەروو سرووشتییەکانە”، لە لایەکی دیکەشەوە وەکو شاعیرێکی مێژوویی بێباوەڕ تەماشای دەکات، کە ئەمەش یارمەتی دانتێ دەدات لە گەشتەکەیدا}. (لانداس).

        سیاسەت چەقی ئەو بازنەیەیە کە بۆمان ئاشکرا دەکات دانتێ چۆن لە بەشداری سیاسیی خۆیدا سزای هاوپیشە سیاسەمەدارەکانی دەدات. دانتێ دەربارەی ئەو کەسایەتییە سیاسییانەش دەنووسێت کە هەرگیز چاوی پێیان نەکەوتووە، بۆ نموونە پرۆتس و کاسیۆس، بەڵام هێشتا دەیانخاتە ناو دۆزەخەوە چونکە بە گونجاوی دەزانێت کە سزایان بدات. بەشداریکردنیشی لە حیزبی وایت گوێلچدا یارمەتیدەرە بۆئەوەی سیاسەت بخاتە ناو تێکستە شیعرییەکەیەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان باس لەوەش دەکەن چۆن دوورخستنەوە و دەربەدەرکردنەکەی کاریگەریی هەبووە لەسەر نووسینەکانی و بەکارهێنانی ئەم کەسایەتییە سیاسییانە لە ناو تێکستە شیعرییەکەیدا.

فەلسەفە

        توانای دانتێ بۆ ئەوەی خوێندنەکەی لە قوتابخانەوە لە ڕێگەی سەبتێکستەوە بباتە ناو فێرکارییە فەلسەفییەکانەوە ئاشکرا بووە. دانتێ پەروەردەیەکی فەلسەفیی هەبوو، بەرهەمەکانی ئەرستۆ و ئەفلاتوونی خوێندووە، زۆرێک لە توێژەران باسی پێشینەی پەروەردەیی ئەو دەکەن بۆ لێکدانەوەی تێکستەکەی. هەندێک دەڵێن کە کاریگەریی ئەفلاتوون بەسەر دۆزەخەکەیدا دیارە، بەڵام هەندێ سەرچاوەی دیکە لەسەر هەندێ سروودی تایبەت جەخت دەکەنەوە کە گوایە دانتێ لە ژێر کاریگەریی فەیلەسووفەکانی دیکەدا بووە.

        کتێبەکەی پیتەر بیلەر تیشک دەخاتە سەر کەشی سیاسیی فلۆرەنسا لە ماوەی سەدەی ١٣ و ١٤دا. ئەو مێژووی ئەو پارتە سیاسییانەی کە حوکمڕانیان کردوو و چەرخی سیاسیی لە فلۆرەنسادا چۆن دەورانی کردووە بە وردی باس دەکات و لە بەشی ١٤دا لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە تیشک دەخاتە سەر ژیانی دانتێ. لەکاتێکدا کە کتێبەکە باس لە چۆنیەتی کارکردنی سیاسەت لە فلۆرەنسادا دەکات، باس لەو دیدگا فەلسەفییە دەوڵەمەندەش دەکات کە وەکو پایەیەک لە فلۆرەنسادا کاری کردووە. قوتابخانەی فەلسەفیی زۆر هەبوون، دانتێ لە یەکێکیاندا بە منداڵی لێی خوێندووە و چەند زانکۆیەکیش هەبوونە کە دانتێ دەگەڕێتەوە بۆیان تا بتوانێت بۆ ماوەیەک وانەیان تێدا بڵێتەوە.

            کتێبەکە باس لە کاریگەرییەکانی فلۆرەنسا دەکات لە ماوەی سەدەی ١٣ و ١٤دا بە گشتی، لە بەشی ١٤ی کتێبەکەشدا باس لە کاریگەرییەکانی دانتێ دەکات لەسەر سیاسەتی فلۆرەنسا و چۆن بە درێژایی سەدەی ١٤ هەست بەو دوورخستنەوەیەی دانتێ کراوە. هەروەها بەهۆی دوورخستنەوەکەیەوە بیلەر پێی وایە لەگەڵ لە دەستدانی نیشتیمانەکەیدا، دانتێ شیعری ئیپیکی دەدۆزێتەوە بۆ کتێبی کۆمیدیای ئیلاهیی، ئەو هەرگیز نەگەڕایەوە بۆ فلۆرەنسا و لە ساڵی ١٣٢٧دا وەکو کەسێکی دەرکراویش دەمرێت، بەڵام لە کاتی دەربەدەریدا لەگەڵ دۆخی ئەو کاتەی فلۆرەنسادا دەڕوات و گوێی لە پارتە سیاسییە جیاوازەکانە کە چۆن بەسەر یەکتریدا سەردەکەون و دەدۆڕێن.

        “دانتێ کارەکتەری “دانتێی دیدەنیار” (دانتێی گەشتیار) درووست دەکات بۆ ئەوەی بە ڕێگەی ئازار و نەفرەتدا بڕوات لە کۆمیدیای ئیلاهیدا.” (بیلەر). لە هەمووی گرنگتر، بیلەر باس لەوە دەکات کە گۆڕانکاریی لە کارەکتەرەکەدا دروست دەبێ لە دوای سروودی حەوتەمەوە، کە زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە پەیوەندی بە دوورخستنەوەکەی دانتێ’وە هەیە لەو کاتەدا. وەکو باسمان کرد، تەواوی کتێبەکە باس لە سەدەی ١٣ و ١٤ دەکات بە گشتی بەشی ١٤ی کتێبەکەش باس لە کاریگەریی دانتێ دەکات لەسەر سیاسەتی فلۆرەنسا کە چۆن لەو سەدەیەدا هەست بە دوورخستنەوەکەی دەکرێت. هەروەها بیلەر پێی وایە کە شیعرە ئیپیکییەکەی کۆمیدیای ئیلاهیی شێوازێک لە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ لە دەستدانی نیشتیمانەکەیدا هەتا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٣٢٧دا دەمرێت.

        لێکۆڵینەوەکانی جۆن فرێسێرۆ، تیشک دەخاتە سەر سروودی یەکەمی دۆزەخ و باس لەوە دەکات کە ئەو جیهانسازیی و بونیادنانی دانتێ بۆ ئەو “داری تاریک”ەی کە خۆی تێدا دەبینێتەوە ئاماژەیە بۆ وتاری دانپێدانانەکانی قەشە ئۆگەستین. ئەو سەیری تەواوی کۆمیدیای ئیلاهی دەکات بە گشتی، ئەو لەگەڵ هەر سێ بەشی کارەکەدا مامەڵە دەکات و ئەو فێرکارییە فەلسەفییانەی کە دانتێ لەخۆیگرتووە، ڕیزیان دەکات. فرێسێرۆ باس لەوە دەکات کە چۆن ژیانی سیاسیی دانتێ تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەرییە فەلسەفییەکانیدا، بەتایبەتیش لە ژێر کاریگەریی دانپێدانانەکانی ئۆگەستیندایە. لێکۆڵینەوەکانی فرێسێرۆ لەسەر سروودی یەکەم بە وردی ئەو کاریگەرییە دەسەلمێنێت و لە نێویشیاندا گەشتی ڕۆشنگەریی بەتایبەتی.

        ئامانجی کتێبەکەش باسکردنی ژیانی دانتێ’یە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە. دانتێ وەکو زۆرینەوەی خەڵکی فلۆرەنسای سەدەکانی ناوڕاست لە بنەماڵەیەکی ئایینییدا گەورە دەبێت، لە کۆتاییشدا ڕوو لە خوێندنی فەلسەفەی دێرین دەکات و بەتایبەتیش ئۆگەستین. دانتێ لە تەواوی ژیانیدا چەند وتارێکی فەلسەفیی نووسیوە و کە جەخت لەسەر تێڕوانینەکانی دەکاتەوە لەسەر بابەتەکان و ئاشکرای دەکات کە چەندێک لە ژێر کاریگەری فێرکارییە فەلسەفییەکاندایە. لە سروودی یەکەمدا فەلسەفەی دانپێدانانەکانی ئۆگەستین ڕای دەکێشێت بۆ ئەوەی لەسەر “مەرگ و زیندووبوونەوەی خود” بنووسێت، لە کاتێکدا دۆزەخ هێڵێک لە نێوان ژیان و مردندا دەکێشێت و دەرئەنجامەکەی لادانە لە ڕێگەی ڕاست و دروستی.

        لێکۆڵینەوەکانی جێسی گێلریچ باس لە گرنگی توانای دانتێ دەکەن بۆ بەئەفسانەکردنی فلۆرەنسا لە سەدەکانی ناوڕاستدا و چۆن فەلسەفە دەتوانێ دۆزەخەکەی لە قاڵب بدات. گێلریچ وەرگێڕانی چارلز سینگڵتۆن بۆ دۆزەخ بەکاردەهێت بۆ ئەوەی لە توێژینەوەکەیدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەفلاتوون وەکو نوێنەری فەلسەفەکەی دانتێ بکات لە تەواوی چیرۆکەکەیدا.

        مەبەست لە بابەتەکەش ئەو نوێنەرایەتییە گرنگەی فەلسەفەیە کە وادەکات دۆزەخ وەک تێکستێکی کلاسیکی بناغە داکوتێت. زۆرێک لە ڕەخنەگرانیش لە ناو بواری فەلسەفەدا بەرگری لە بەکارهێنان و کاریگەریی دانتێ بۆ دانپێدانانەکانی ئۆگەستین و وانەکانی ئەفلاتوون دەکەن بۆ خوڵقاندنی ئاوتۆبایۆگرافیایەکی خەیاڵی کە خودی بوونی فەلسەفە لە سەدەکانی ناوڕاستدا دەگرێتەوە. گێلریچ دەڵێت کە کۆمیدیای ئیلاهیی بە گشتی هەوڵ نادات ببێت بە ژیاننامەیەک (ئاوتۆبایۆگرافیایەک). چونکە ئەو کاریگەرییە ئایینییە گرنگانە جێدەهێڵێت کە دانتێ هەیبووە و پەیڕەوی کردوون، بە دیاریکراویش مەبەستی ئەوەیە کە بڵێت: (بە وردەکارییە واقیعییەکانیەوە فریومان بدات و بمانخاتە ناو جیهانەکەی خۆیەوە). شیعرەکەش مەبەستە لە مێژووی ژیانی دانتێ خۆی، کە چۆن بە درێژایی کۆمیدیای ئیلاهیی دەگۆڕیت و تا کۆتاییەکەی چۆن گەشە دەکات و دەبێتە کەسێکی جیاواز.

 لە کاتێکدا گێلریچ باس لە کاریگەرییە ئایینی و سیاسییەکەی دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات کە چۆن فەلسەفە کاریگەریی کۆتاییە بۆ دۆزەخ، خاڵە سەرنجڕاكێشەکەش لە بابەتەکەیدا ئەوەیە کە ڕەخنەی نوێ بەرهەم دەهێنێت. شیکارییەکانی گێلریچ بۆ دۆزەخ ئاماژەن بۆ شیکارییەکانی ئەفلاتوون سەبارەت بە گەشەسەندنی مرۆڤ. گەشتەکەی دانتێ بە ڕێگەی دۆزەخدا پێویستی بە ڕاستکردنەوە و ڕێکخستنی بەردەوام هەیە. و گێلریچ ئاماژە بەوەش دەکات کە مەبەست لە نووسینی دۆزەخ ئەوەیە کە بتوانێ گەشە بە کەسێک بدات بۆ وانە فەلسەفییەکانی.

فەلسەفە سەنتەری پەروەردەکردنی دانتێ’یە و چۆنیەتی بەکارهێنانی وانەکانیەتی لە دۆزەخدا. توێژینەوەکان بە ئاماژەدان بۆ فەیلەسووفانی وەکو ئەفلاتوون و ئۆگەستین ئاماژە بەوەش دەکەن کە دانتێ تیشکی خستووەتە سەریان. توێژینەوەکان ڕەخنەی نوێ بەکاردەهێنن بۆ شیکردنەوەی بوونی لە فەلسەفە لە دۆزەخدا، و چۆن یارمەتیدەرە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە فەلسەفییە گەورەکانی سەردەمی دانتێ. و باس لەوە دەکرێت کە چۆن سیستەمی پەروەردە لە فلۆرەنسا کاریگەریی هەبووە لەسەر دانتێ و چۆن ژیانی وەکو مامۆستایەتی فەلسەفە و ئەو وتارانەی کە پێش دوورخستنەوەی نووسیویەتی، لە کۆمیدیای ئیلاهیدا بەکارهێنراون و پێگەیان هەیە.

ئەنجام

        لە کۆتاییدا دەڵێین کە هەر سێ لایەنی ئەخلاق و سیاسەت و فەلسەفە چەندین توێژیان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە. بەشداریکردنی دانتێ”ش لە فەلسەفە و سیاسەتدا چوارچێوەی بۆ ئەخلاقی ئەو بونیادناوە کە دەیباتەوە سەر ئەوەی جیهانی دۆزەخ بە شێوەیەکی تایبەت دابڕێژێت کە کاریگەرییەکانی بتوانرێت پارچەپارچە بکرێت و ورد بکرێنەوە.