رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دراماتۆرگیی لە شانۆی پۆست مۆدێرندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: سێنسیا بێرن

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

 پێشەکی

        هەر دراماتۆرگییەک لە کۆتاییدا پەرەدانە بە فەلسەفەیەک لە ئەو کارەدا کە دەیکات، چۆنیەتی گۆڕانی ڕۆڵی دراماتۆرگ ناچاریان دەکات بەوەی کە ڕۆڵێک هەڵبژێرن. وەکو دراماتۆرگێک، لەگەڵ “لینۆرا ئینێز بڕاون” هاوڕام کاتێک دەڵێت: (بەرپرسیارێتی و هونەری دراماتۆرگ لە دۆزینەوەی ڕێگەکانی زیندووکردنەوەی کردارە دراماتیکییەکاندایە بە پرسیارکردن و بەڵگەی تیۆریی و بیرۆکەی توێژەینەوەی دیکە بە شێوەیەکی یەکسان بۆ یارمەتیدانی لایەنە هونەرییەکان، وەکو؛ دەرهێنەر، ئەکتەر، دیزاینەر و شانۆنامەنووسان.) و لە وتاری دواترمدا چوارچێوەی ڕۆڵی دراماتۆرگ فراوانتر دەکەم بەو پێشنیارەی کە دراماتۆرگ هەندێک لەو کێشانە چارەسەر بکات کە شانۆ و هونەرمەمەندی پۆستمۆدێرن لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەزموونی دەکەن. سەرەتا بە باسێکی کورت لەبارەی ڕۆڵی دراماتۆرگەوە دەست پێدەکەم.

 تەواوی بابەتەکە بۆ دابینکردنی چارەسەری کێشەکانی دراماتۆرگە لەناو:

  1. پارادۆکسی بینەری ناچالاک/سەرقاڵ
  2. شانۆی ئەزموونگەریی وەک ئامادەگیی بۆ داوا یاساییەکانی بەرپرسیارێتی بینەر
  3. پێشێلکردنی مافی کۆپیکردن

دراماتۆرگ

        دراماتۆرگ ئەوانەن کە خۆیان تەرخان دەکەن بۆ پرسیارکردن لە هەمووان و لە هەمان کاتیشدا پاراستن یاخود مانەوەی تەواوی بەرهەمەکە لەبەرچاو دەگرن (کاتانیۆ ٦). زۆربەی کات، دراماتۆرگەکان پەرە بە لایەنی مەعریفەی ئەدەبیاتی شانۆ، و لایەنی کرداری بەرهەمەکە و کارگێریی بەرهەمەکە دەدەن. مەعریفە فراوانەکەیان وایان لێ دەکات کە جێی بایەخ بن بۆ کۆمپانیا شانۆییەکان چونکە بەردەوام خۆیان لەگەڵ بیرۆکە نوێیەکان دەگونجێنن سەبارەت بەوەی کە “شانۆکردن” چۆنە؟ سەیر نییە بڕوا بەوەش بکەین کە ئەوان دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە لە بڕیارەکانی ئەو بەرهەمە شانۆییەدا، و تەحەدای کارە داهێنەرەکانی تەواوی تیمی بەرهەمە شانۆییەکە دەکەن. خۆشبەختانە ئەم تێڕوانینە بۆ دراماتۆرگ خەریکە کاڵ دەبێتەوە. دەرهێنەر و بەرهەمهێنەران ئەوە دەبینن کە “دراماتۆرگیی هەم پشتگیریکردن و هەم بۆ پرسیارکردنە لە بیرۆکەکانی دەرهێنەر لە بەرژەوەندیی دەوەڵەمەندکردنی کارەکەدا” (ل. ی. بڕاون). فەلسەفەی دراماتۆرگی سەرکەوتوو لەوەدایە کە تیمەکە دەخاتە پێش تاکەکەسەوە و سەرکەوتنی نمایشەکەش لە پێش هەڵبژاردن و ئارەزووە کەسییەکانەوە دادەنێت. وەک کەسێک کە هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی هەموو لایەنەکانی کۆمپانیایەکی شانۆیی و بەرهەمهێناندا وەستاوە، “دەتوانم بڵێم” دراماتۆرگ بە ئەگەرێکی زۆرەوە (ئەو کەسەیە کە لە باشترین پێگەدایە بۆ پرسیارکردن و شیکردنەوە، هەروەها بۆ گەیاندنی فەلسەفەی هونەریی ئەکادیمیایەکی دیاریکیراو. (بێرنت و تۆنەر ١٠٩)

کێشە: پارادۆکسی بینەری ناچالاک/سەرقاڵ

        “هیچ شانۆیەک بەبێ بینەر بوونی نییە… بەڵام تۆمەتباریش دەکرێن بەوەی کە؛ بینەر بوون شتێکی خراپە” (ڕانسیەر). تیۆریستی فەڕەنسی جاک ڕانسیەر لە کتێبەکەیدا (بینەری ئازادکراو) باس لەوە دەکات کە چۆن بینەران لە مێژوودا وەکو نەزانێکی ناچالاک (پاسیڤ) بیریان لێ دەکرێتەوە. ڕانسیەر ئەم (پارادۆکسی بینەر)ە دەگەڕێنێتەوە بۆ (قەدەغەکردنی شانۆ لەلایەن ئەفلاتوون)ەوە. بە پێی ڕانسیەر، ئەفلاتوون سروشتی بینەری شانۆیی ئیدانە دەکرد کە بەشداربووانێکی بێهێز و بێ بەشن لە خۆیان. وەڵامی ئەو بۆ ئەم پارادۆکسە ئەوەیە کە شانۆیەک بە بینەرێکەوە دروست بکات کە “گۆڕاوە بۆ پێچەوانەکەی و دەبێت بە: جەستەی چالاکی کۆمەڵگەیەک” بە واتایەکی تر، ئێمە شانۆیەک دروست دەکەین کە بینەری تێدا نەبێت.

        زۆر گرنگە بزانین مەبەستی ڕانسیەر چییە؛ چونکە “جەستەی چالاک” دەکرێت ئاماژە بێت بۆ زۆر شت. ڕانسیەر پێویستی بە شانۆیەکی یەک ڕەهەندی نییە وەکو پێداویستیی بینەرێکی چالاک و تەماشاکەر. لە درێژەی بابەتەکانیدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە کردەی چاودێریی و لێکدانەوەی ورد خۆی لەخۆیدا کردارە. کاری ئەکتەران و بینەران بریتییە لە نەهێشتنی جیاکردنەوەی نێوان شانۆ و هۆڵ. ئەمەش تاک گێڕەرەوە (ڕێندەرین – چیرۆک خوان – ئەکتەرێک بەتەنیا نوێنەرایەتی دیمەنێک بکات) مەحاڵ دەکات.

        کاتێک کە ئەمەش وا نابێت، کاتێک بینەران وەکو کەرەستەی بازرگانیی سەیر دەکرێن “شانۆ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بینەران دەکاتە پاسیڤ و ناچالاک و بەهۆیەوە خیانەتی لە جەوهەرەکەی کردووە وەک کردەیەکی کۆمەڵایەتی.” لە ئەنجامیشدا ئەرکی پێچەوانەکردنەوەی کاریگەرییەکانی و گوناهەکانی بە گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی و هۆشیاریی و چالاکییەکانیان بە بینەران دەسپێرێت. ئەم کردەی گوناهە، لە شانۆی پۆستمۆدێرنەوە دەستیپێکردووە و ئێستا ئەزموونی دەکەین. تیۆریست و پراکتیکارانی شانۆ، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئارەزووی ئازادکردنی بینەرەکانیان دەکەن بۆئەوەی لە ڕێگەی لێکدانەوە و بەشدارییکردنە فیزیکییەکانیانەوە چالاکانە بەشداری پڕۆسەی درووستکردنەکە (بەرهەمە شانۆییەکە) بکەن. لەم نێوەندەدا، زۆربەی بینەرانی ئەمریکیی، ڕانەهاتوون بەو ئاستە بەرزەی بەشداریکردن، بۆیە دوای بینینی بەرهەمێک کە ئاڵۆز و گوماناوییە، هەست بەو ناتەواویی و سەرلێشێواوییە دەکەن. گریمانە و ئەگەری ناچالاک بوونیان لەگەڵ ئەو نمایشەدا بەریەک دەکەوێت و لە ئەنجامدا درزێکی گەورە دەکەوێتە توانا و چالاکییبوونیان.

        ئەم درزە دەتوانرێت بە چەندین شێوە ڕوونبکرێتەوە، بەڵام لێرەدا دوو دانەیان دەخەینەڕوو. یەکێک لە وەڵامە بەهێزەکان بۆ ئەم بەریەککەوتنەوە، کارەکانی دراماتۆرگە لەگەڵ تیمی مارکێتینگدا. بە بڵاوکردنەوەی دەرفەتی بەشداریکردن بۆ خەڵک، کۆمپانیا شانۆییەکانیش دەتوانن بینەرەکانیان لە پراکتیکی شانۆدا پێ پەروەردە بکەن. وەڵامی دووەم بریتییە لە ناساندنیی بە پێشەکییەک، یاخود بە کورتی و وردە وردە (چاکسازی)، و ڕێگەدان بە فیدباک لەلایەن بینەرانەوە بۆ ئەوەی لە لایەنی نیگەرانیی و سەرکەوتنەوە ڕوونکردنەوە بدەن.

وەڵام: دراماتۆرگیا لە لە پڕۆسەی هاوئافراندن”دا

        پێش ئەوەی بچینە سەر باسی ئەوەی کە چۆن دراماتۆرگەکان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ داینامیکی بینەراندا بکەن، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، هاوئافراندن مانای چییە؟ ڤالمسلی لە وتارەکەتدا بەناوی (هاوئافراندنی شانۆ) دوو مانای سەرەکیی بەدەستەوە دەدات:

  1. بەشداریکردنێک کە بە شێوەیەکی مانادار پێکهاتە و ناوەڕۆکی بەرهەمەکە لە قاڵب دەدات.
  2. ڕێگەی بینەر بۆ شێوازی داهێنەرانە و هونەری نمایشکردن، بە بوونی لێکدانەوەی بینەرانەوە.

ڤالمسلی بە ئاماژەدان بە دۆزینەوەکانی گۆنرۆس، تێبینی ئەوەی کردووە کە جیاوازییەکەی مانادار لە نێوان هاوئافراندن (پێناسەی یەکەمی کە لە سەرەوە خراوەتە ڕوو) و بەرهەمهێنانی هاوبەش (پێناسەی دووەم)دا هەیە. جیاوازییەکی لەم شێوەیە لە نێوان ئاستە جیاوازەکانی بەشداریکردنی ئەکتیڤ و چالاکدا یارمەتیدەرە لە شیکردنەوەی هەڵوێستی بینەران بۆ ئەو نمایشە و دەرفەتەکانی بەشداریکردن، کە لەلایەن کۆمپانیا شانۆییەکانەوە پێشکەش دەکرێن. بەبێ گوێدانە هەڵبژاردنەکانی بینەر و ئارەزووەکانیان، دراماتۆرگ دەتوانێت سەرچاوە و خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات کە ڕێگە بە بینەر بدات لە ڕووی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و هەست و سۆزەوە ئەو شتانە پڕۆسێس بکات کە لە شانۆدا ئەزموونی دەکات. کە ئەوانیش بریتین لە:

  1. سەرچاوەکانی؛ وەک تێبینیی ڕوونکردنەوەکان، و نمایشەکانی لۆبی.
  2. سەرچاوە دیجیتاڵییەکان وەکو بلۆگێک، پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڤیدیۆی تیمەکە لەکاتی پڕۆڤە و داهێنانەکانیاندا، یارییەکان، ڕاپرسییەکان، چالاکییە چاپکراوەکان لە ماڵەوە، لینکی نمایشەکانی دیکە یاخود گۆرانییەکان.
  3. دەرفەتەکانی فێربوونی کۆریۆگرافیی، بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ پسپۆڕان یاخود کاستەکەدا. گەڕان بە بینای شانۆکەدا و پشت کەوالیس. هەبوونی دەرفەتێک بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ بەرهەمهێنانەکەدا، و بینەرانی نمایشەکانی داهاتوو.

کێشە: شانۆی ئەزموونگەرایی وەک بەرپرسیارێک بۆ داواکارییە یاساییەکانی بینەر

شانۆی ئەزموونگەرایی دەرئەنجامێکی لۆژیکی تیۆرییە پۆستمۆدێرن و شیکاریی و پۆست دراماتیکییەکانە. هونەرمەندان بە شوێنکەوتنی ئەم تیۆرییانە هەوڵدەدەن “کۆنتڕۆڵی نوسەر و ئەو سەقامگیرییەی کە تێکستە نووسراوەکان لە شانۆدا هەیەتی تێکیبدەن” و پەرە بە میتۆدەکانی پێرفۆرمانس بدەن، و شەڕ دەکەن بۆ ئەو بیرۆکە خێرا و پێشوەختانە کە دەربارەی ئەوەن “شانۆ دەبێ چۆن ئەنجام بدرێت”. نموونەی هونەرمەندانی پۆست مۆدێرنیش بریتین لە ئەنتۆنین ئارتۆ، جێرزی گرۆتۆڤسکی، هێربێرت بلاو، تادیۆش کانتۆر، جوان ئەکالایتیس و کۆمپانیای شانۆی بەڕیتانیی پونچدرەنک (PUNCHDRUNK).

مامۆستای یاسا، ماریا لاورێنس، لە وتارێکیدا (بەندێکی یاساییدا) بەناوی (دیواری چوارەمی ونبوو، ئاکار و شانۆی ئەزموونگەریی) باسی گفتوگۆی پێش نمایش و دوای نمایش دەکات کاتێک شانۆ ئەزموونییەکان پێشکەشی دەکەن. لاورێنس وەکو پارێزەرێک ئەمجۆرە لە پێرفۆرمانس و پێشکەشکردنە بە شێوەیەکی کرداریی بۆ لایەنە یاساییەکانیان دەیبینێت. لەکاتێکدا ئەکتەرەکان تۆڕێکی گەشەسەندوویان هەیە لە تەکنیکەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سترێس و قەلەقییەکان لە پێش نمایش و لە کاتی نمایش و لە دوای نمایشدا هەست و سۆزێکی زۆر پێشکەش دەکەن، بەڵام بینەران کە زۆرجار بە زانیارییەکی کەمەوە دەچنە ناو نمایشەکانەوە و ئەوەی لە نمایشەکەدا ڕوودەدات دەبێتە هۆکاری مەلەل و تاقەتپڕووکێنیی بۆیان (هەنگۆڤەری هەست و سۆزەکان). لاورێنس پێشنیاری ئەوە دەکات کە پێویستە بینەر بۆئەوەی لە کاسارسیس (خاوێنبوونەوە) نزیک ببێتە دەتوانێت بەشداریی لە چەند ئەرکێکی سادەدا بکات لە نمایشدا و ئەمەش بەرپرسیارێتی کۆمپانیا شانۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

وەڵام: دراماتۆرگ وەک هۆکاری خۆپارستن لە یاسا (بەرپرسیارێتی)

      بە لەبەرچاوگرتنی مەودای سەرچاوەکانی بینەر کە دراماتۆرگ دەتوانن دابینی بکەن، بۆ کۆمپانیا شانۆییەکان هەنگاوێکی سروشتی دەبێت کە بتوانن لەگەڵ دراماتۆرگەکان کار لەسەر هەر بەرهەمێکی شانۆی ئەزموونیی بکەن. ئەزموونی دراماتۆرگ لەگەڵ شانۆنامە نوێیەکان ڕێگەیان پێدەدات بەشداری لە هەر کارێکدا بکەن کە بەردەوام لە گەشەکردندایە، ئەزموونی ئەوان لەگەڵ هەڵبژاردنی وەرزەکاندا ڕێگەیان پێدەدات یارمەتی دەرهێنەر یاخود بەرهەمهێنەر بدەن لە هەڵبژاردنی نمایشێکی ئەزموونیی بۆ کۆمپانیاکە، و هەروەها ئەزموونی دراماتۆرگەکان لەگەڵ تێڕامان و بیرکردنەوەی بینەراندا ئەو ڕێگەیەیان پێدەدات کە لاورێنس بە گرنگی دەزانی بۆ نزیکبوونەوە لە کاسارسیس (خاوێنبوونەوە). ئەو دراماتۆرگەی کە کار لەسەر بەرهەمە ئەزموونییەکان دەکات، دەبێت ئاگاداری چەند کێشە و نیگەرانییەکی تایبەت بێت کە لاورێنس باسی دەکات. سەرەتا دەبێت ئامادەبووان لەوە ئاگاداربکرێنەوە کە لە هەرکاتێکدا ویستیان بڕۆن ئازادن لەوەی کە بڕۆن. ئەمەش یەک بە یەکی نمایشەکان دەگرێتەوە. هەندێک لە بینەران کە خوویان بەوەوە گرتووە، ڕەنگە ئاگاداریی ئەو مافەی خۆیان نەبن کە هەر کاتێک ناڕەحەت بوون مافی ڕۆیشتنیان هەیە. وە ئەکتەرەی کە نمایشەکە دەکات و (هەموو ئەکتەرەکانی دیکەش) و تەواوی کاستەکەش کەلە کاتی نمایشەکەدا ئامادەن، پێویستە ئاگاداربن کە بینەرانن دەتوانن ئەوە هەڵبژێرن کە بڕۆن و جێی بهێڵن. پێویست ناکات زۆر جەخت لەسەر ئەمەش بکرێتەوە، چونکە زۆرێک لە بینەران ئاشنا دەبن بە ڕەگەزی ئەو شانۆییەی کە بەشداری تێدا دەکەن و چێژ لەو (پەرێشانی و ناڕەحەتییە کاتییە) وەردەگرن، کە لە کاتی شانۆی ئەزموونگەرییدا ئەزموونی دەکەن. وە ئەو ڕێوشوێنانەی دیکە کە دەبێت لەلایەن دراماتۆرگەوە بگیرێتەبەر یان سەرپەرشتیی بکرێت بریتین لە؛ قسەکانی پێش نمایش و دوای نمایش، ئەدەبیات بۆ خوێندنەوە دەربارەی نمایشەکە و ئەکتەرەکان، پێداچوونەوە لەلایەن بینەرانی پێشووەوە، ئەو سەرچاوە ئۆنڵاینانەی کە ڕێگە بە بینەران دەدەن گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن دەربارەی نمایشەکە.

کێشە: پێشێلکردنی مافی کۆپیکردن (Copyright)

بەپێی یاسای پەیوەندییەکانی زێلێزنی، “ڕەنگە مافی کۆپیکردن وەک مافێکی خاوەندارێتی بەرهەمە ئەدەبیی و هونەرییەکان پێناسە بکرێت” نووسینگەی مافی کۆپیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاسای مافی کۆپیکردن بەم شێوەیە کورت دەکاتەوە: “مافی کۆپیکردن جۆرێکە لە پاراستن بەپێی یاساکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان (ماددەی ١٧، یاسای ئەمریکا) بۆ ئەو نووسەرانە (کە خاوەن بەرهەمی ڕەسەنن) دابینکراوە، لەوانەش بەرهەمی ئەدەبیی، دراماتیک، مۆسیقی، هونەریی و هەندێک بەرهەمی فیکریی دیکە (بەشی یەکەم؛ بابەت و ماددەی مافی بڵاوکردنەوە و کۆپیکردن). ئەم پاراستنەش “مافی تایبەتی” بە نووسەری بەرهەمەکە دەدات کە دیاری بکات کێ دەتوانێت (ئەو کارەی کە وەریدەگرێت ئامادەی بکات) یان کێ دەتوانێت (ئەو کارە نمایش بکات). (نووسینگەی مافی کۆپیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان ١) دەستەواژەی “وەرگرتنی کارەکە” بەکاردێت بۆ وەسفکردنی هەر نمایشێک کە سوودی لە کارەکە وەرگرتبێت و بە ئاشکرا پێشکەشی بکات. مافی کۆپیکردن ئەوەمان بۆ دیاری دەکات کە هەر نمایشێک لە بەردەم کۆمەڵێک کەسدا پێشکەش دەکرێت (جگە لە هەندێ شوێنی پەروەردەیی) واتە لە شوێنی گشتیدا، ئەوە ئەو نمایشە کەوتووەتە ژێر مافی کۆپیکردنەوە.

سەرەڕای ئەو ململانێیەی هونەرمەندان تووشی دەبن لەکاتی بەکارهێنانی یاساکانی کۆپیکردن لە شانۆدا، سێس گێلبلۆم بۆ ئەمە جەخت دەخاتە سەر شتێکی گرنگ کە ئەویش ئەوەیە یاساکان بۆ بەرەوپێشبردنی کارە داهێنەرەکانی هونەرمەندانە و دڵنیابوونە لەوەی کە کارەکانیان بەشێوەیەکی گونجاو قەرەبوو دەکرێتەوە (بڕاون، گێلبلۆم و ڕۆز). بەبێ ئەم یاسایانە گرەنتی ناسینەوە و چاکسازیی تێدا ناکرێت.

ئەو سەرپێچیانەی کە زۆربەی شانۆکاران ئەنجامی دەدەن بریتین لە:

  1. گۆڕینی دەق.
  2. کۆپیکردنی کۆریۆگرافی یان دیزاین.
  3. تێکەڵکردنی دەقەکان.
  4. کاستی نەگونجاو (ڕەگەز).
  5. پەیڕەونەکردنی ڕێنماییە ڕوونەکانی نووسەر.

بەپێی یاسای مافی کۆپیکردن لای کاترۆن، بۆ شانۆکاران، دەرئەنجامەکانی پێشێلکردنی مافی کۆپیکردن لە (٥٠٠ دۆلار دەستپێدەکات “ئەگەر بێ مەبەست بکرێت” و زۆرترینی دەگاتە ١٠٠،٠٠٠ دۆلار بۆ پێشێلکارییەک ئەگەر “بە مەبەست” بکرێت. وە بۆ هەر سەرپێچییەک بە وردی جیاکردنەوەی بۆ دەکرێتەوە و شی دەکرێتەوە.

        چی دەبێتە هۆی ئەوەی مافی کۆپیکردن بشکێندرێت، ئەو یاسانەی سەرەوە کەی ڕوودەدەن؟

  1. ئەگەر وشەکان بۆ تەمەنی بەشداربوونی ناو کاستەکە یان بینەران نەگونجاوبن (بەتایبەت ئەگەر قوتابخانە بێت).
  2. ئەگەر کۆمپانیاکە دیزاینی دیکەی نمایشێکی دیکە کۆپی بکات.
  3. ئەگەر کۆمپانیاکە بیەوێت دەقێکی کلاسیکی دێرین زیندوو بکاتەوە.
  4. نەبوونی ئەکتەری نەژادیی یان ئەکتەری ڕەگەز جیاواز.
  5. هونەرمەندان ڕێنماییەکانیان پشتگوێ خستووە یان بە ویست کردوویانە.
  6. ئەو کۆمپانیایەی کە بە ناچاری مافی کۆپیکردن دەشكێنێت، تووشی سنووردارکردنی دارایی دەبێت.

نیک ئۆلیڤەری دەرهێنەری سان فرانسیسکۆیی نموونەی دەرهێنەرێکە کە بە تێکەڵکردن و ئاوێزانکردنی تێکستەکان مافی کۆپیکردنی شکاندووە. لە نامەیەکی کراوەدا بۆ یەکێتی شانۆ و هونەر لە ساڵی ٢٠١١دا لە کاتی بەرەوپێشچوونی بەرهەمی “دوکانە بچوکە ترسناکەکاندا” بۆ کۆمپانیای بۆکسکار ڕوونی کردەوە:

“توخمە سەرەکییەکانم لەمانەوە وەرگرتووە؛ یەکەمیان لە وەشانە ڕەسەنەکەنی رۆجەر کۆرمانەوە بۆ فیلمی “دوکانە بچووکە ترسناکەکان” کە لە ساڵی ١٩٦٠ کاری دەرهێنانی بۆ کرد، بۆ موزیکەکەشی موزیکی برۆدوەی هی ١٩٨٢م بەکارهێنا و لەگەڵ وەشانی فیلمی ١٩٨٦دا تێکەڵم کردووە. لە وێنە ترسناکەکانی ڕۆکیم وەرگرتووە و خۆم پارچە پاڕچە دیالۆگەکانم نووسیوەتەوە تا ئاوێزانیان بکەم و بێ کێشە دەربچن.”

ئۆلیڤەر باسی لەوەش دەکات کە چۆن ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوەی بەرهەمە سەرکەوتووەکەی بوویەوە کە فرۆشرابوو؛ و لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ستایش دەکرا یان دەبوو بڵێت ئەمە سیناریۆیەكی ڕەسەنە، یاخود بەردەوام بێت لە ڕاکردن و ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکەی ببێتەوە. ئەو ئەوەی هەڵبژارد کە بەردەوام لە نمایشکردن تاوەکو دادەخرێت، دواتریش لە نامەکەیدا ئەمەی ڕوونکردنەوە و باسی هۆکارەکەی کرد و دەڵێت: (پێدەچێت فشاریی یاسایی بوون لەم دواییانەدا زیاتر و زیاتر ڕووبەڕووی هونەرمەندان و بەرهەمهێنەران ببێتەوە، لەسەر ئاستە بچووکەکەی) ئۆلیڤەر لە کۆتایی نامەکەشیدا دەڵێت کە ئەو بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی شانۆی باش، تەنانەت ئەگەر کێشەی یاساییشی هەبێت.

        ئێدوارد ئەلبی و ساموێڵ بیکێت هەریەکەیان ناچاربوون ڕێوشوێن لە دژی ئەو کۆمپانیایانە بگرنە بەر کە بە نیازن کارەکانیان بە پێچەوانەی خواستی خۆیان پێشکەش بکەن. د. لویس کاترۆن باس لەوە دەکات کە چۆن بیکێت مافی خۆی لە کۆمپانیایەک ڕەتکردەوە کە ویستبووی تەواوی نمایشی بەدەم چاوەڕوانی گۆدەوە بە ستافێکی ژنەوە پێشکەش بکات. “هەروەها کاتێک جوان ئاکالاتیس ویستی “کۆتا گەمە” لە پانتایی میترۆیەک لە نیویۆڕک نمایش بکات، بیکێت ئاگادار دەبێت و ناڕەزایی دژی ئەو هەڵوێستە دەردەبڕێت. کە ئەمەش پێشێلکردنی مافەکانی ئەو بوو، و دەبووە پێشێلکردنی مافی کۆپیکردنەوە” (کاترۆن). ئێدوارد ئەلبی’ش بەرهەمی “کێ لە ڤێرجینیا ۆڵف دەترسێت؟” دەوەستێنێت، لەبەرئەوەی هەوڵدەدەن بە بووکەڵە نمایشی بکەن، هەردوو ئەم نووسەرانە بە ڕوونی باسی ئەوە دەکەن کە بە شێوەیەکی پراکتیکی نووسیویانە، بۆیە داوا دەکەن بە شێوەیەکی دلسۆزانە ئەنجام بدرێت و پێشکەش بکرێت.

لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی گرووپی پەیوەندیی شانۆ (TCG)، دیب تران باس لەوە دەکات کە لەم دواییانەدا دوو بەرهەمی خۆی بە داخستن داوە، لەبەرئەوەی ئەم کارەکتەرەکانی بۆ کەسانی هەمەڕەنگ نووسییوە، بەڵام لەو بەرهەمانەدا تەنیا ئەکتەری سپی پێست ڕۆڵی بینیوە، هەربۆیە هەردوو بەرهەمەکەی بە داخستن داوە. زانکۆی کلاریۆن ناچاربوون بەرهەمی یەشوعی لۆیس سووە لە هیندستان دابخەن، چونکە نووسەرەکەی ناڕەزایی دەربڕی کاتێک کارەکتەرە هیندییەکانی ئەو تەنیا لەلایەن سپی پێستەکانەوە بەرجەستە دەکرا. لە ویلایەتی کێنت شانۆیی (لوتکەی چیا) کە باس لە مارتن لۆسەر کینگ دەکات، لەلایەن نووسەرەکەیەوە دادەخرێت و کارەکە ڕادەگیرێت، چونکە هیچ دەرفەتێکیان نەهیشتبووەوە کە ڕەشپێستەکان لەسەر شانۆ دەرکەون.

وەڵام: دراماتۆرگ وەک ڕاوێژکاری مافی کۆپیکردن

        لەکاتێکدا زۆربەی دراماتۆرگەکان شارەزای یاسای تەواوەتی نین، بۆیە دەتوانن وەک ڕێبەرێکی ئاماژەپێکراو کار بکەن سەبارەت بە پرسیارەکانی مافی کۆپیکردن، کە هونەرمەندانی شانۆ پێویستیان پێیەتی بۆ ئەوەی کارەکانیان بە سەلامەتی بەرهەم بهێنن. دراماتۆرگ بە پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بارگرانییەکی زیاتر لەسەر دەرهێنەر لادەبات، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات سەرنجی زیاتری لەسەر دروستکردنی لایەنە هونەرییەکەیان بێت. بێگومان پێشکەشکردنی ئەم خزمەتە پێویستی بە کاری زیاتر دەبێت ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دراماتۆرگەکان بەهۆی نەبوونی بڵاوکراوە زانستییە پوختەکانەوە کە بە تایبەتی باس لە یاسای شانۆی ئەمریکی دەکەن.

ئەنجام

        لە کاتێکدا هونەرمەند لە شانۆی پۆستمۆدێرندا بەردەوامە لە فراوانکردنی کارە داهێنەرانەکەی، دراماتۆرگ لە لایەنی ڕەخنە و هونەرییەوە دەبێ ئامادەبێت، وە دەبێت توندترین پێوەر بۆ دەقەکان بەکاربهێنێت، نمایشی دەرهێنەران، ئەکتەر و دیزاینەران، بۆ سیاسەتی ڕێکخراوەکەن بە گشتی. باشی دراماتۆرگ بۆ بەرهەمێک، ئەوەیە وەک چارەسەرێکی ئایدیاڵییە بۆ ئەو کێشانەی لە کاری هونەرمەنداندا ئەزموونی دەکەن، جا ئەگەر بەرهەمەکە نەریتیی بێت یاخود ئەزموونگەریی بێت.