رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شیکاریی ڕۆمانەکانی نیکۆس کازانتزاکیس (گەڕان بەدوای خودا و مرۆڤدا)

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: نەسروڵڵا مامبرۆڵ

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

ئەو خوێنەرانەی کە ئارەزووی تێگەیشتن لە بەرهەمەکانی نیکۆس کازانتزاکیس دەکەن، وا باشترە سەرەتا بە خوێندنەوەی کتێبی (ڕزگارکەرانی خودا: ڕاهێنانە ڕۆحییەکان)ی کازانتزاکیس دەست پێ بکەن. لەم کورتە ڕوونکردنەوە فەلسەفییەدا کازانتزاکیس تێکەڵە سەیر و سەمەرەکەی خۆی لە نیهیلیزمی نیتشە و گەشبینی بێرگسۆن دەردەبڕێت. بۆ کازانتزاکیس خودا نەمردووە، وەکو ئەوەی کە نیتشە ڕایگەیاندبوو، بەڵکو لەلای کازانتزاکیس خودا چاوەڕێی ئەوە دەکات لەلایەن کەسانێکەوە دروست بکرێت کە پێیان وایە پێویستیان پێیەتی. گەڕان بەدوای خودادا دەبێتە یەکێک لەو ڕێگەیانەی کە مرۆڤە بوونخوازەکان لەڕێگەیەوە هەوڵدەدەن مانا بۆ ژیانیان دروست بکەن. لێرەوە، پاڵەوانەکانی کازانتزاکیس زۆر جار هەوڵی بە دراماکردنی مرۆڤە بوونخوازەکانن؛ کە هەوڵ دەدەن ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببنەوە کە خودا وەک ئەوەی بە شێوە نەریتییەکەی بیری لێ کراوەتەوە، بوونی نییە. لەبری ئەوەی بەو جۆرە مەعریفەیە سەرکوت بکرێن، پاڵەوانەکانی دێن و بوونی خودا دەخەنە ڕوو بەو شێوەیەی مرۆڤ خۆی وێنای کردووە، نەک بەو وێنە نەریتییەی یەهوودیەت و مەسیحییەت. بۆ نموونە؛ لە کتێبی (ئۆدیسە)دا، ئۆدیسێسەکەی کازانتزاکیس دەمامكێکی توندوتیژ دادەتاشێت کە خزمەت بە وێنەی خودا دەکات، و ئەو کەسانەی شوێن ئۆدیسێس دەکەون ڕێزی دەگرن. بێگومان ئۆدیسێس دەزانێت کێ وێنەکەی دروست کردووە و بەو زانیارییانە دەژی کە تەنیا لە خەیاڵی خۆیەوە دروستی دەکات، بەڵام هێشتا وا مامەڵە دەکات کە خودا ڕاستەقینە بێت و ئەم خودایە هەم یاوەر و هەم دژبەریشیەتی، و تێدەکۆشێت بۆ دووپاتکردنەوەی شوناسی خۆی و شەڕ دەکات بەرامبەرئەو ناوبانگەی کە هەیەتی (مەبەست ئەو تێگەیشتنە نەریتییە کە بەرانبەر خودا هەیە).

        ڕەفتارەکانی ئۆدیسێس لە ڕۆمانی ئۆدیسەی کازانتزاکیسدا بە چەندین شێوە لە ناو پاڵەوانی ڕۆمان و شانۆنامەکاندا دووبارە دەکرێنەوە. لە ڕاستیدا جەختکردنەوە زۆرەکەی کازانتزاکیس لەسەر فەلسەفە و بەتایبەتیش میتافیزک؛ لە ڕووی پڵۆت و گێڕانەوەی هونەریی وا دەکەن قورس بن بۆ تێگەیشتن، چیرۆکەکان هەندێكجار لەناو سیمبۆلۆجی (هێماناسی)دا ون دەبن، تا ئەو ڕادەیەی بەرهەمەکە کراوە نەبێت بەرامبەر خوێنەر، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو بەرهەمانەیدا کە لە کەتوارەوە وەرگیراون، ئەو پێداگرتنە قورسەی کازانتزاکیس لەسەر فەلسەفە بە تەکنیکەکانی ڕیالیزمەوە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزیی، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە نووسەر خەریکی لێكۆڵینەوەیە لە پرسە فەلسەفییە تەواو ئەبستراکتەکان. زۆرجار بەرهەمە سەرەتاییەکانی؛ هەوڵن بۆ بەدادواچوون لەسەر باسە فەلسەفییەکان، کە نووسەر لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی خەیاڵیدا باسیان دەکات.

زۆربای یۆنانی

        ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە بەناوبانگترین ڕۆمانی کازانتزاکیس “زۆربای یۆنانی” نوێنەرایەتی هەڵوێستی پێچەوانەی بیری نووسەر دەکات، بەوەی کە مرۆڤ دەبێت واز لە چێژە جەستەییەکان بهێنێت و خۆی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە رۆحییەکان تەرخان بکات. خوێنەر لەم ڕۆمانەدا ناچار دەبێت سەرنج بخاتە سەر پاڵەوانی ڕۆمانەکە “ئەلێکسیس زۆربا” کە هەموو ژیانی بۆ چێژە هەستەکییەکان (جەستەییەکان) تەرخانکردووە. زۆربا دژە ڕۆشنبیر و دژە ئایینە، پاش ئەوەی کە ئەو کۆت و بەندانەی ڕۆشنبیریی ئیفیلجکەری فڕێدا کە سەرۆک (گێڕەرەوە)ی لە ناو خۆیدا بەستووەتەوە بووەتە هۆی ئەوەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا لاواز بێت و تەنیا بتوانێت (زیرەکی)یەکەی خۆی دەربخات. سەرۆک تەرکەدونیایەکی تەواوە، شوێنکەوتەی بودایە کە دەستبەرداری چێژەکانی جەستەیە؛ لەبەرئەوەی پێی وایە نزیکبوونەوە لە کەسانی دیکە تەنیا دەبێت هۆی ئازار. لە بەرامبەردا زۆربا پڕە لە ئیلان ڤیتال[1]ی بێرگسۆن. سەرۆک لە پابەندبوونەکان دەکشێتەوە و زۆرباش دەستدەکات بە گەڕان بەدوایدا. ئەو کانگا کانزاییەی کە ئەو دوو پیاوە تێیدا بەشدارن، شێوازی نوێنەرایەتیکردنی ڕەمزیی کازانتزاکیسە، کە لە ڕێگەیەوە جیاوازییە فراوانەکەی نێوانیان و شێوەی ژیانیان دەردەخات. کانگاکە، کردە و واتای ئەو کەرەستانەیە لە زەویەوە کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ مانەوە، کارەکە قورسە، بەڵام زۆربا چێژی لێ وەردەگرێت، لەگەڵ هاوکارەکانیدا پیس دەبێت، لەگەڵیاندا بەشداری دەکات، خۆی پیس دەکات، تەنانەت لە کاتی پێویستدا ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام بەشداریکردنی سەرۆک ئەوەیە کە ناوبەناو لوتی خۆی دەخاتە ناوەوە تا بزانێت شتەکان چۆن دەڕۆن، بەڵام لە ڕاستیدا لە خودی کارەکە و لە ڕیسکەکە خۆی بە دوور دەگرێت. ڕێگە جیاوازەکانیان بۆ کارکردن لە کانگاکەدا، تایبەتمەندیی ڕێگەکەیان بۆ بەشداریکردن بە شێوازی دیکە بەهەمان شێوەیە و هەمان شتە؛ بەڵام زۆربا ژنخوازێکی مەزنە، چونکە پێی وایە تەنیا لە ڕێگەی ئەو خۆشەویستییەوەیە کە پیاو دەتوانێت کامڵ بێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت. جگە لەوەش بە سەرۆک دەڵێت (هەموو ژنێک دەیەوێت کە پیاوێک خۆشی بوێت.) بەڵام سەرۆک بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ژندا شکستی هێناوە. سۆز و خۆشەویستی سەرۆک بۆ کتێب هاوتەریبە لەگەڵ ئارەزوورەکانی زۆربا بۆ سەماکردن و ژەنینی سەنتوور و دەسبازی لەگەڵ ژناندا. یەکێکیان لەڕێگەی نووسینەکانی ئەوانی دیکەوە بە دەستی دوو فێری ژیان دەبێت، یەکێکیان ڕاستەوخۆ خۆی ئەزموونی ژیان دەکات.

        هێزی زۆربا بۆ کارکردن، تەنانەت لە بەرانبەر مەترسییە هەرە سەختەکانیشدا و بەوەی کە دەشزانێت کارەکانی بەهای ڕاستەقینەی کەمیان دەبێت، ئەو جۆرە پاڵەوانە دەستنیشان دەکات کە کازانتزاکیس سەرسامیەتی و دەیخوازێت. شکستهێنان لە کارەکانی دووری ناخاتەوە. کاتێک زۆربا ئەو پلانە وردەی کە دایدەنێت بۆ هێنانەخوارەوەی دار لە لوتکەی شاخەکەوە شکست دەهێنێت (بە شێوەیەکی زارەکی و مەجازی) بەمەوە ناوەستێت، شانی لێ هەڵدەتەکێنێت و دەچێتە سەر کارێکی دیکە. مەرگی سۆزانییە پیرەکە (خاتوو هۆرتێنس)؛ کە زۆربا بەڵێنی هاوسەرگیریی پێ دابوو، تەنیا بۆ ساتێک ناڕەحەتی دەکات، چونکە لەوە تێگەیشتبوو: مەرگ ڕێگەی دونیایە. تا کۆتایی ڕۆمانەکە، سەرۆکیش، دەگاتە ئەوەی لە حەتمیەتی مردن و پێویستی ژیان بەرامبەر ئەو زانینە قبووڵ بکات و تێی بگات. کاتێک کە هەواڵیشی پێدەگات کە هاوڕێ باشەکەی ستاڤریداکیس مردووە، قبووڵی دەکات، کاتێک دەزانێت “زۆربا”ش مردووە، ئەو ئەوە هەڵدەبژێرێت کە ماتەمین نەگێڕێت بەڵکو لەبری ئەوە توانای خۆی بۆ نووسین و باسکردنی ئەزموونەکانی لەگەڵ زۆربادا بەکاربهێنێت. لە ڕۆمانەکانی پاش “زۆربای یۆنانی” کازانتزاکیس هەوڵدەدات واز لە جیاوازی ژیانی دژبەیەکی لە نێوان پاڵەوانەکاندا بهێنێت و لەجیاتی ئەوە سەرنج دەخاتە فیگەری خودی پاڵەوانەکە. لە کتێبی “ئازادی یان مردن” کە لەسەر بنەمای شۆڕشی کریتەکان لە ساڵی ١٨٨٠ بونیاد نراوە، کازانتزاکیس سەرنج دەخاتە سەر کاپتن میهالیس، کە لە نێوان خودئەڤینی و خزمەتکردن بە وڵاتەکەیدا قەلەقە و تیاماوە. کازانتزاکیس هەمیشە سەرسام بووە بە پاڵەوانەکانی مێژوو و ئەدەبیات، زۆرجار ڕۆمان و شانۆنامەکانی هەوڵدان بووە بۆ گێڕانەوەی ئەو پاڵەوانانەی کە لە چیرۆکی دیکەدا ناسراون، تا دووبارە لێکدانەوە بۆ هەوڵ و کردارەکانیان بکات لە ژێر ڕۆشنایی تیۆریی نیهیلیزمە ئەرێنییەکەی خۆیدا. کەواتە سەیر نییە کە بۆ کارەکتەرەکانی؛ ئۆدیسێس، فاوست، کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس، قەدیس فرانسیسکۆس، یان خودی مەسیح”یش هەڵدەبژێرێت.

        چیرۆکی مەسیح پێگەیەکی تایبەتی هەبووە لای کازانتزاکیس. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠دا، دێت دووبارە داڕشتنەوە بۆ سۆزی مەسیح دەکات بە شێوەیەکی هاوچەرخ، ڕۆمانێك کە تێیدا پاڵەوانەکە، کۆڵبەرێکی یۆنانییە بەناوی مانۆلیۆس و بە تایبەتمەندییەکانی مەسیحی وەرگرتووە. بەڵام وادیارە ئەم گێڕانەوە تایبەتە ئەوی قایل نەکرد، هەرچۆنێک بوو، لە ساڵی ١٩٥٥، گەڕایەوە سەر بابەتەکە و، ئەمجارەیان لە ژینگەی خۆیدا ڕووبەڕووی پاڵەوانەکە بووەوە. ئەنجامەکەیشی ئەو ڕۆمانە بوو کە بووە ئاڵۆزترین ڕۆمانی کازانتزاکیس، و ئەویش دەبێتە ڕۆمانی (دوا وەسوەسەی مەسیح).

دوا وەسوەسەی مەسیح

کازانتزانکیس لە “دوا وەسوەسەی مەسیح”دا، ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ گێڕانەوەی ئینجیل دەکات، بە تێکەڵکردنی توخمەکانی ڕەهبانیەت و واقیعی کارەکتەرەکانی کتێبی پیرۆز هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی چیرۆکی مەسیح دەدات. کەسایەتییەکانی ناو ئینجیل تا ڕادەیەک هیومانیزە کراون کە هەندێک بە کوفری دەزانن، هەموویان پاڵنەرە مرۆییەکانیان پێدراوە، کەواتە هەموویان لە بەرزترین ئاستی ئایینیدا نین و کەسایەتییە ئاشناکانی ناو ئینجیلەکان وەک، پەترۆس، ماریای دایکی مەسیح، ماریا ماگدەلینا، و بەتایبەتیش یوداس (یەهودا – یەهوزا)، لای کازانتزاکیس بە تیشکێکی نوێوە دەخرێنەڕوو. ئەڵقە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی کتێبی پیرۆز بونیاد نراون، بەڵام ئەمانە ئەو تێما فەلسەفییە تایبەتەش وەردەگرن کە تایبەتمەندیی هەموو کارەکانی کازانتزاکیسە. لە ڕۆمانەکەدا هەر وەسوەسەیەک کە یەشوع (عیسا) تووشی دەبێت دەبێتە جۆرێک لە تێکۆشان، بەوەی کە لە ڕۆمانەکەدا پاڵەوانەکە دەبێت لە نێون “جەستە” و “رۆح”دا هەڵبژاردن بکات، بەوەی کە دەبێت لە نێوان ڕازیبوون بە ئارەزووەکانی پشوودان لە بەدواداچوون بەدوای کامڵبوونی مرۆڤ و پاڵنەرەکان بەرەو کامڵبوون هەڵبژاردن بکات.

        پڵۆتی دوا وەسوەسەی مەسیح بەشێوەیەکی نەرم بە دوای چیرۆکەکانی ئینجیلدا دەڕوات، لە ڕووی پێکهاتەوە، کردارەکان سەنتەری زنجیرەیەک وەسوەسەیە کە زۆربەیان لە ئینجیلەکانەوە وەرگیراون، دوا وەسوەسە، کە یەشوع لەکاتی هەڵواسینی بە خاچدا تووشی دەبێت، تاقیکردنەوەی کۆتایی پابەندبوونیەتی بە رۆح بەسەر جەستەدا، بۆ ساتێک؛ وا وێنا دەکات کە لە چارەنووسی ڕزگاری بووە، دەرفەتی ئەوەی پێدراوە وەکو مرۆڤەکانی دیکە بژی لەگەڵ ژن و منداڵێكدا، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی کردەوەیەکی قارامانانەی بە ئیرادەوە بەسەر ئەو وەسوەسەیەدا زاڵ دەبێت و مردنی خۆی وەک بەشێک لە چارەنووسەکەی وەک ڕزگارکەر قبووڵ دەکات. ژن لە ناو ڕۆمانەکەدا، تەنانەت بە دایکی یەشوعیشەوە، دەبنە وەسوەسەی جەستە. ماریا (مریەم) دەیەوێت کوڕەکەی خۆی لە ڕۆمەکان ڕزگار بکات و دواتریش دەستبەرداری ئەو گەمژەیەتییە مەسیحییە بێت کە پێدەچێت ڕووبەڕووی زلهێزەکانی بکاتەوە، دایکی، بەردەوام تامەزرۆی ئەوەیە کوڕەکەی ببێت بە باوک و وەکو دارتاشێک خۆی جیگیر بکات. کاتێک سروشتی تایبەتیی یەشوعی بۆ ئاشکرا دەبێت، دەڵێت: (نامەوێت کوڕەکەم پیرۆز بێت…. من دەمەوێت وەکو هەموو مرۆڤێکی تر وا بێت، من دەمەوێت هاوسەرگیری بکات و نەوەم پێ ببەخشێت.)

        ئەوە ڕێگەی خودایە”. هەروەها کازانتزاکیس پەرە بە مانا پەسەندکراوەکان بۆ نهێنییەکانی ناو ئینجیل دەدات و وەڵامیان دەداتەوە. بۆ نموونە؛ لە گێڕانەوەی (کچە داناکان و کچە گەمژەکان)[2]دا تا کۆتایی چیرۆکەکە لە سەرچاوەکەیەوە نزیک دەبێتەوە. لە گێڕانەوەی مەتتادا هاتووە کە (کچە گەمژەکان چووبوونە دەرەوە بۆ کڕینی زەیت، زاوا هات، ئەوانەی بۆ زەماوەندەکە ئامادەبوون لەگەڵی چوونە ژوورەوە و دەرگا داخرا. ئینجا کچەکان {ئەوانەی کە لە دەرەوە بوون} هاتن و گوتیان: پەروەرێن، پەروەرێن، دەرگامان لێ بکەرەوە!… ئەویش وەڵامی دایەوە: (ڕاستیتان پێ دەڵیم، من ناتانناسم، بۆیە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن.). [3] لەلای کازانتزاکیش، یەشوع هەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە هەتا ئەو کاتەی کچەکان دەگەڕێنەوە و داوای هاتنە ژوورەوە دەکەن، و لێرەوە کازانتزاکیس بە جۆرێکی دیکە دروستی دەکاتەوە، (دەرگامان لێ بکەرەوە، دەرگامان لێ بکەرەوە، دەرگامان لێ بکەرەوە)، و پاشان یەشوع وەستا، زەردەخەنەی کرد، ناسانئیل وتی (ئێ، ئەی دواتر؟) ئەی دواتر ڕابیی؟ دەرئەنجامەکە چی بوو؟.. یەشوعی کازانتزاکیس لێرەدا نامۆڕالی پیشان دەدات، داوا لە شاگردەکەی دەکات تا ئەو وەڵامەکە بڵێت، یەشوع پرسیار لە ناسانئیل دەکات و دەڵێت” چیت دەکرد ناسانئیل؟ چاوە گەورە و سیحراوییەکانی بەسەریدا دەچەمێنێتەوە و دووبارە پرسیاری لێ دەکاتەوە (چیت دەکرد ئەگەر تۆ زاواکە بوویتایە؟ یەشوع بەردەوام دەبێت لە سەیرکردنی و تا لە کۆتاییدا ناسانئیل دەڵێت (دەرگاکەم دەکردەوە) یەشووعیش لە وەڵامدا دەڵێت (پیرۆزە هاوڕێ ناسانئیل، لە بەهەشتی خۆتتدا دەژیت، یەشوع ڕێک ئەوەی دەکرد کە تۆ وتت). دوای ئەوە، ڕاستەوخۆ سەرۆکی گوندەکە بەرەنگاری یەشوع دەبێتەوە و دەڵێت (تۆ پێچەوانەی یاسا دەڕۆیت، ئەی کوڕی ماریا)، یەشوعیش وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: (یاسا پێچەوانەی دڵی منە.)

بۆ ئەو خوێنەرەی کە سەرچاوەی ئەم چیرۆکە لە مەتتاوە دەزانێت، ئەم دیمەنە هاوشێوەی گێڕانەوەی ئینجیل دەبێت بۆی، بەڵام بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە و ئایرۆنی، ئێستا ئەوە خودی ئینجیلە نەریتییەکانن کە نوێنەرایەتی یاسای کۆن دەکەن، کە پاڵەوانەکەی کازانتزاکیس ڕووبەڕووی ئینجیلێکی نوێ دەبێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەهێزتر پەیوەندی بە مرۆڤەوەیە و هاوسۆزە لەگەڵ مرۆڤ لە چاو ئەو پەیامەی کە یەشوع لەناو خۆیدا هەڵیگرتووە لە ئینجیلەکاندا. لەم ڕێبازەیدا، کازانتزاکیس لە بەرزترین ئاستی تیۆلۆگی (خوداناسی)دایە، وە ئەو هێزە سەرنجڕاکێشەی هونەرەکەی؛ خوێنەری ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لایەنگری پاڵەوانەکەی بکات پەیامی نوێی ڕزگاری قبووڵ بکات: مرۆڤەکان دەبێت یارمەتی یەکتری بدەن، ئەگەر دەیانەوێت بچنە بەهەشت.

لە هیچ شوێنێکدا، پێویستی خودا بە مرۆڤایەتی، وەکو وێناکردنی یوداسی ئیسکاریۆت (یەهودای ئەسخەریوتی) لەلایەن کازانزاکیسەوە دەرنەکەوتووە. لەو شوێنانەی کە ئینجیلەکان یوداسیان وەکو ترسنۆکێکی لاواز و خۆپەرست وێنا کردووە کە بێهیوابوون لەگەڵ مەسیحدا وای لێکردووە تاوانی خیانەت ئەنجام بدات، کازانتزاکیس دێت و یوداس وەکو تێکۆشەرێکی بەهێز وێنا دەکات، کە لە سەرەتادا پڕبووە لەو هیوایەی کە یەشوع شانشینێکی سیاسیی دابمەزرێنێت، بەڵام دواتر بەهۆی ئەو ئیمانەی کە تیایدا بوو بەرامبەر ڕێگەی لە خاچدان و زیندووبوونەوە، یەشوع دەتوانێت ڕۆڵی مەسیحی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت. {کردەی خیانەتی یوداس بەرانبەر یەشوع، کردەیەک بوو لەوپەڕی ئیمانەوە. و-ک). یوداسی کازانتزاکیس بەهێزترین پەیامبەر و تاکە کەسە کە یەشوع ڕێگای ڕزگاری پیشان دەدات. کەمێک پێش ڕووبەڕووبوونەوەی مەسیح لەگەڵ فەریسییەکان و پۆنتیۆس پیلاتۆسدا، یوداس دەباتە لایەک و پێی دەڵێت: (من ئەو کەسەم کە دەمرم). کاتێک کە یوداس سەری لێ دەشێوێت و دەبینێت کە خەونی یاخیبوونە سیاسییەکە شکست دەهێنێت، یەشوع پێی دەڵێت (ورەت بەرز بێت…… هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە، ئەمە ڕێگەیەکە.). بۆ یوداس، یەشوع دێت و نهێنیی هەستانەوە (زیندووبوونەوە) ئاشکرا دەکات، وە یوداس”یش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەمەدا. ئەوەی کازانتزاکیس لە چیرۆکی ئینجیلدا تێبینی کردووە خاڵێکە کە ئەو باوەڕەی کازانتزاکیس (خودا پێویستی بە مرۆڤە) بەهێزتر دەکات. بۆ ئەوەی مەسیح لە خاچ بدرێت و زیندووببێتەوە، سەرەتا دەبێت خیانەت بکرێت، کەواتە؛ خیانەتکار، ڕۆڵێکی تەواو گرنگ دەگێڕێت لە هێنانەدی ڕزگاربوون، ڕۆڵێک کە وەکو خودی مەسیح گرنگە. لە یەکەم خوێندنەوەدا، ئەم هەڵگەڕانەوەی کارەکتەرە بەم شێوە زاهیدانەیە دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا، بەهۆی ئەمەوە کازانزاکیس لەلایەن قەشەکانی ئۆرسۆدۆکسی یۆنانیی ڕەخنەی جددیی لێ گیرا و بیریان لە دەرکردنی دەکردەوە لە کڵێسادا.

ئەگەر کەسێک بتوانێت بەبێ لایەنگیریی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە، دەستکەوتەکانی نووسەر لە دروستکردنی کارەکتەرەکان و گەڕان بەدوای بابەتەکاندا بەتەواوی لەلای بەرجەستە دەبێت. بیروباوەڕەکانی کازانتزاکیس سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ و خودا لەناو پاڵەوانەکانیدا زۆرترین دەرکەوتنیان هەیە، کە هەم خودایە و هەم مرۆڤ. مەسیحەکەی ئەو ڕزگارکەرێکی بێ ئیرادەیە. یەکەمجار لە خەونێکی خەیاڵیدا خۆی دەبینێت لەلایەن (وەسواسێکەوە) و بەدوایدا دەگەڕێت، یەشوع؛ مەسیحێکی پاڵەوان نییە، بەڵکو دارتاشێکی هەژارە کە “ئەرکەکەی-پەیامەکەی” ڕێگری ئەوەی لێ دەکات خۆی بە چێژەکانی جەستەوە سەرقاڵ بکات. یەکێک لە یەکەمین کارەکانی دروستکردنی خاچێکە کە ڕۆمەکان کۆنەپەرستێکی پێ لە خاچ دەدەن. کە ئەندامێکی ئەو گرووپە یەهودییە توندڕەوەیە کە کاردەکەن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕۆم. لەم لە خاچدانەدا، یەشوع لەلایەن خەڵکەوە سووکایەتی پێ دەکرێت بەوەی کە هاوکاری هێزە داگیرکەرەکانی کردووە لە کارە پیسەکانیاندا، تەنانەت دایکی بەهۆی بەشداریکردنیەوە ناڕەحەت دەبێت و دەیەوێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆمەکاندا ڕزگاری بکات. لەلایەکی دیکەوە، تێڕوانینی کازانتزاکیس بۆ خودا وەک رۆحێکی پاکە لەلایەن خودی عیساوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو ژنەدا کە لای بیرەکەوە دەردەکەوێت و پێی دەڵێت: (خودا لە کوێ دەدۆزرێتەوە؟ ڕووناکم بکەرەوە) یەشوع لە وەڵامدا دەڵێت: (خودا ڕۆحە)، لێرەدا دژیەکیی یەشوع تیشکی خراوەتە سەر، ژنەکە بەردەوام دەبێت لە پرسیارکردن: (دەتوانیت ئەو کەسە بیت کە چاوەڕێی دەکەین؟…) یەشوع سەری بە سنگی خۆیەوە دەنووسێنێت، وا دیار بوو گوێی لە دڵی بوو، وەکو ئەوەی چاوەڕێی ئەوە بێ کە وەڵامەکەی بداتەوە. ئەم دووفاقیەی ڕزگارکەر بەرامبەر ئەرک و پەیامەکەی لە شوێنەکانی دیکەشدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت.

 لە نیوەی ڕۆمانەکە، مەسیح ئەو مرۆڤەیە کە شەیتان بەدوایدا دەگەڕێت. مرۆڤێکە کە هەموو ساتێکی بەئاگاهاتنەوەی ململانێیەکە لەنێوان جەستە و ڕۆحدا. ئەم  درامای بەدواداچوونە بۆ خوێنەر بەرزتر دەبێتەوە بەهۆی ئەو جێگیربوونە بەردەوامەی خراپە لە مێشکی مەسیحدا لەگەڵ هەردوو لە خودا و شەیتان. بۆیە ڕەنگە مەسیح و خودا لەگەڵ یەکتر لە شەڕدا بن. لە ماڵەکەیدا هەڵدێت بۆئەوەی لە وەسواسەیە دەربازی ببێت، تەنیا بۆئەوەی خۆی بدۆزێتەوە؛ دەچێتە هەر شوێنێک بەدوایدا دەگەڕێت و هەراسانی دەکات. پەنا دەباتە بەر دەیر و لەوێ لەلایەن سەرۆک دەیرێکی مردووەوە وەک ڕزگارکەر دەناسرێتەوە، بۆیە وەکو سەرۆک دەیرێکی نوێ دەناسرێت، ئەمەش ئەو پێگەیەیە کە ئەو نایەوێت. هەمیشە لەلایەن ماریا ماگدەلیناوە سەرنجی ڕادەکێشرێت، لە ماڵەکەی خۆیدا بەدوای ئاسوودەییدا دەگەڕێت، بەڵام لەبری ئەوەی خۆی لە چێژە جەستەییەکان ڕزگار بکات، لە کۆتاییدا ئەوێش بەجێدەهێڵێت، لە پاش ئەمەوە ئیتر سەرقاڵی ئەرک و پەیامەکەی خۆی دەبێت. هەرچەندە کەسانی دیکە، بەتایبەتیش پەیامبەران ڕوو لەو دەکەن، چونکە شتێک لەم دارتاشە گەنجەدا دەناسنەوە، وەلی یەشوع خۆی تەنیا وەکو ڕزگارکەر قبووڵ دەکات و تەنانەت تا ئەو کاتەش کە لە وەسواسەی جیهان ئازاد نییە. بە درێژایی ژیانی، تەنانەت ئەو کاتەش کە لەسەر خاچەکەیە، وەسوەسەی “جەستە”ی هەر تێدایە، بۆئەوەی لە ئەرکی ڕزگارکەریی خۆی لای بدات.

پاڵەوانی دوا وەسوەسەی مەسیح هەم خودایە و هەم مرۆڤە، هەرچەندە بە درێژایی ڕۆمانەکە، کازانتزاکیس جەخت لەسەر مرۆڤبوونی یەشوع دەکاتەوە. زۆرجاریش ئەم کارە دەکات لەسەر ئەو تێگەیشتنە پێشوەختەیەی کە خوێنەر بۆ سروشتی خودایی مەسیح هەیانە. یەشوع وەکو هەر کارەکتەری ڕۆمانێکی دۆستۆیڤسکی یان د. هـ . لاورێنس هەست بەو وەسواسەیە دەکات لە جەستە و رۆحدا. لەگەڵ ئاژەڵێکی بەهێزدا زۆرانبازیی دەکات بۆ ماریای ماگدەلینا، چەندێک ئارەزووی پاراستن و ڕزگارکردنی رۆحی دەکات، ئەوەندەش ئارەزووی پاراستن و ڕزگارکردنی جەستەی دەکات. ئەو دەیەوێت وەکو هەر مرۆڤێکی تر بێت و،  لە ئەرکەکەی خۆی ڕادەکات چونکە ئەو ئازارە دەناسێت کە بەهۆیەوە دەبێ بیچێژێت. بەڵام لە کۆتاییدا ئەرکەکەی خۆی قبووڵ دەکات، خۆی ڕادەستی خودا دەکات، (لێ دەگەڕێت کە ڕووبدات)، ڕۆح دەیباتەوە بەسەر جەستەدا و مرۆڤایەتی لە ڕێگەی کردەی پاڵەوانانە ڕزگار دەکرێت. ئەمە ئەو کۆتا پەیامەیە کە کازانتزاکیس لە هەموو ڕۆمانەکانیدا هەیەتی بۆ خوێنەر.


[1] ئیلان ڤیتال- هێزی ژیان، کۆمەڵێک بنەمای داهێنەرانەیە کە بێرگسۆن پێی وایە لە هەموو زیندەوەراندا بوونی هەیە و بەرپرسیارە لە پەرەسەندن. ئەم چەمکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دەروونشیکاریی و دیاردەناسیی هەبووە، بەتایبەتیش لەسەر کاڕڵ گۆستاڤ یۆنگ، کە زۆر نزیکە لە تیۆرییەکەی بەناوی “ئارەزووی سێکسیی”. تەنانەت ئەم تیۆرییەی فەیلەسووفی فەڕەنسی بێرگسۆن بە جۆرێک بڵاوبووەوە کە دەسەڵاتی سیاسیی فەڕەنسا لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا هەوڵی دەدا ئەم بیرۆکەیە لە هزری سەربازەکانیدا بچەسپێنێت. (و-ک)

[2] – ئینجیلی مەتتا؛ بەشی ٢٥، ١-٤.

[3] – ئەمە یەکێکە لە چیرۆکە ڕەمزییەکان لەناو ئینجیلدا، بەو واتایەی کە نازانرێت کەی مەسیح دەگەڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ دەبێت بەردەوام لە ئاگاداریی و ئێشکگرتندا بێت و هەمیشە بە وردی خۆی چاودێری خۆی بێت. چونکە کەس نازانێت پەروەردگار کەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی. بۆ تێگەیشتنی زیاتر؛ خوێنەر پێویستە بڕوانێتە ئینجیلی مەتتا، بەشی ٢٥، ١-١٣. (و-ک)