رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ژیان و خودا و عیشق و مەرگ لای ڕیلکە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جۆزێف ئـ.. لیس

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

ئەزموونەکانی ژیانی شاعیر، لەوانەش گەشت و هاوڕێگەکانی گەشتکردن، بەرپرسیارن لە داڕشتن و شێوەگرتنی هەندێک بیرکردنەوە سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکانی وەک: ژیان، خودا، عیشق و مەرگ. لەبەرئەوەی زۆربەی نامە و شیعرەکانی ڕیلکە سروشتێکی قووڵیان هەیە و، فەلسەفەکەی ئەو لەسەر ئەم پرسانە {ژیان و خودا و عیشق و مەرگ} گرنگە.

ژیان

      بۆ ڕیلکە، ژیان پارادۆکسێک بوو، (بەدبەختی و بەختەوەری ژیان وەک یەک ڕووخسار وان، کە یان ئەوەتا بە پێی مەوداکەی، یان بە پێی بارە دەروونییەکەی لێی دەڕوانرێت.) ڕیلکە هەستی دەکرد تەنیا ڕێگەی سەلامەت بۆ ئەو ترسەی کە ژیان لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە، ئەوە بێت کە لەنێوان بەختەوەری و بێزاریی ژیاندا بمێنێتەوە، ئەو بەختەوەرییەی گەنجە عاشقەکان ئەزموونی دەکەن و، ئەو بێزارییەش کە نەخۆش و برسیی سەر شەقامەکان ئەزموونی دەکەن. وەها بەشداریی نەکردنێکیش لەلایەن شاعیرەوە، کارەساتبارانەیە. سەرەڕای ئەوەش، ڕیلکە بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕەتیکردەوە سازش لە نێوان ژیانی خۆی و هونەرەکەیدا بکات و؛ یەکێکیان بکات بە قوربانی ئەوی دیکەیان. لە کۆتاییدا، پاش ئەو ماوە درێژخایەنە لە چاوەڕوانی، گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە بەختەوەری و شادیی تەنیا لەڕێگەی کارەوە، لەڕێگە ئافراندنەوە؛ دێتە بوون. (لە یەکێک لە شیعرەکانمدا؛ زیاتر لە هەر کەتوار و کاریگەرییەک کە هەستی پێدەکەم ئەوەیە، لەو شوێنەی دەئافرێنم، من ڕاستەقینەم.)

        ڕیلکە لە ناو سەرەگێژەیەکی بێزارکەر و ئازاربەخشدا لەگەڵ بنەماکانی ژیاندا ململانێی دەکرد. ڕیلکە بە تەواوی سەری لە دۆزینەوەی ئەو بنەمایانە دەرنەدەکرد، بۆیە دەستیکرد بە دۆزینەوەی هەندێک جوانی لە ناو مەرگدا کە مانا بە ژیان دەبەخشن. ئەو تەنیا خەمی ژیانی بوو لێرە و لە ئێستادا، بۆیە هەموو قسە و باسەکانی دەربارەی بەهەشت و دۆزەخ ڕەتکردەوە. تێگەیشتن تەنیا دەکرا لەسەر بنەمای ئێستا بێت، وە دەبوو، ڕابوردوو و داهاتوو پشتگوێ بخرێن. وە هەر خێراش لەوە تێگەیشت کە ئێستا پڕە لە ئازار و بەم شێوەیەش دەبوو ڕیلکە لە ئازار تێبگات و بتوانێت ستایشی بکات. ئەمەش دەبێتە ئەو تێزەی کە “نائومێدیی بنەمای داهێنەرانەی هیوایە.” ئەوەش ڕازەمەندیی تەواوی بوونی ڕیلکە بوو، کە ئەگەر بتوانێت تێکڕای ئەم جیهانە بخاتەڕوو بە جوانی و ئازار و مەرگ.

خودا

سیگفرید ماندێڵ بەم شێوەیە باسی ژیانی ڕیلکە و پەیوەندی بە خوداوە دەکات: (خودا لە منداڵی ڕیلکەدا، بەرهەمی تێکەڵەیەکی تایبەتیی دایکێکی ئۆرسۆدۆکسیی و ڕۆحانییە، کە لە تەمەنی نەوجەوانیدا بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن بێباوەڕ (ئەیسیەزم)ەوە بەرەنگاری بووەوە، کە دواتر بە خواوەندە ئەفسانییەکان لە یاداشتە سەرەتاییەکانی ڕیلکەدا لە قاڵب درایەوە، بەدوایدا وەک تەرکەدونیایەکی خۆڕسکی لە دونیابینی ڕاهیبدا لە (چیرۆکی خودانی ئازیز) بە شێوەیەکی مرۆیی وەک پیرە پیاوێک تەماشا دەکرێت، دواتر ئاژەڵگەرایەک لە ناو رۆحی هەست و سۆزەکان، بەدگۆڕاو لەناو فریشتەکانی لوینۆ ئیلیگیس و لە کۆتاییدا و لە دوایین ساڵەکانیشدا، ڕیلکە کۆمەڵێک هاوتای ناڕوونە.)

 وەک لە دوای خوێندنەوەی ئەم وەرگێڕانەوە دەردەکەوێت، بۆچوونەکانی ڕیلکە سەبارەت بە خودا بە چەندین گۆڕانکاریدا تێپەڕیوە. لە بەرامبەردا، مەسیح، لە تێڕوانینی ڕیلکەدا وەکو خۆی ماوەتەوە دوای ئەو یاخیبوونە سەرەتاییە؛ دژ بەو نمایشە زیادەڕەویی و خۆپەرستانەیەی ئایین لەلایەن دایکییەوە. جۆری ئایینەکەی ڕیلکە بۆ دڕندەیی ژیان ئامادەی نەدەکرد. جارێک لە ئەکادیمیای سەربازییدا، لە هەوڵێکدا ڕێگەی بە خۆی دابوو کە لە دەموچاوی خۆی بدات وەک نموونەی شوێنکەوتەی مەسیح، بەڵام نە خودا، نە مەسیح و نە فریشتەکان بە هانایەوە نایەن. لە شیعرێکی ١٨٩٣دا ڕیلکە جەخت لەسەر خوایەتی مەسیح دەکاتەوە، وە هەست دەکات ڕێگە دان بەوەی مەسیح وەک خودا بپەرسترێت تەنیا دەربڕینێکە بۆ شانازییەکەی. لە “نامە بۆ شاعیرێکی لاو” کە لە ساڵی ١٩٢٢ نووسراوە. ڕیلکە بیرۆکەی ئەوەی کە مەسیح ڕزگارکەر و نێوەندگیرە، بە تەواوی ڕەتدەکاتەوە و، خاچەکە بچووک دەکاتەوە تەنیا بۆ هێمای ڕێگەیەک. “ئەو فیگەری مەسیحی وەک دیلێکی کۆمەڵگەی بۆرژوازیی دەبینی و سووکایەتی پێدەکرد، کەسایەتییەکی غەمگین و جێی بەزەیی کە نە دەتوانێت یارمەتی خۆی بدات نە یارمەتی ئەوی دیکەش بدات، وە ئاماژەی بۆ دونیایەکی دیکە دەکرد، لەبری ئەوەی پیشانی بدات چۆن دەبێ لە ژیاندا بژین.

لە نووسینەکانیدا دیارە، کە ڕیلکە لە نێوان باوەڕ و بێباوەڕبوون بەرانبەر خودا وەسواسە. ڕەنگە بەشێک لەم سەرلێشێواویە لە ئەنجامی ئەو ڕاستییەوە بێت کە ڕیلکە خودای وەک بەشێک لە ئافراندن تەماشا دەکرد. “بەڵام من بە نەرمی بۆ ئەو (خودا) قسەم کرد، وتـم کەموکوڕییەکانی و نادادپەروەرییەکانی و هەموو شتێکی ناتەواو لە دەسەڵاتی خۆیدایە و بەهۆی ئەوەوە گەشەی کردووە. کە کامڵ نەبووە.” ڕیلکە پێی وابوو کە شتێک هەیە لە سەروو هەموو مرۆڤاکانەوە، بەڵام ئەو شتە لەلایەن مرۆڤەوە دروستکراوە. بۆ ئەمەش لۆجیک و ئەقڵی فەرامۆش کردووە و پشتی بە تێگەیشتنە ناوەکییەکەی خۆی بەستووە. خودای ڕیلکە تاریکە و (ئەو لە گەرمی خوداوە بەرزدەبێتەوە – ئەمەش تەنیا شتێک بوو کە دەیزانی.)

(ئەو زۆر زیاتر لە براهمان یان ئاتمانی ئوپانیشادەکان دەچێت: وەک گەردوون گەورە و وەک تۆوی خەردەل بچووکە — هەموویان پەرتەوازەن و هەمیشەش ئامادەن— دووکەڵی ئاگردانەکە، بای ناو کوورەکە، باڵندە بچووکەکە کە لە هێلانەکەوە کەوتووە — ئەو خودایەی کە هەمیشەیی و نەمرە لەلایەن مرۆڤەوە دروستبووە و، وابەستەی مرۆڤە.)

وەک دەردەکەوێت خودا لای ڕیلکە لە ئافرێنراو دەچێت نەک ئافرێنەر. ڕیلکە هەست بەوە دەکات کە پێویستە مرۆڤ ڕۆڵی ئافرێنەر بگێڕێت، بە تایبەتیش بۆ ئەو پێگەیە. هەستی دەکرد خۆی براوەتە ناو خوداوەندێکی بنیاتنەری کۆمەڵایەتییەوە. خودایەک لە بووندا، کە تەنیا لە دڵی مرۆڤەکان و کارەکانیانەوە سەرچاوەی گرتووە. ڕیلکە هەستی بەوە دەکرد کە ئەو نزایانەی کە بۆ خودای دەنارد، داهێنانێکی تەواون، چونکە ئەگەر خودا بوونی نەبێت، ئەوە خزمەت بە بونیاتنانی خودا دەکەن.

بەهۆی ئەوەی هونەرمەند بوو؛ خەمی داهێنانی بوو، ڕیلکە پێی وا بوو بەرپرسیارێتییەکی تایبەتیی هەیە لە خوڵقاندنی خودادا.” بۆ ئەو تەنیا ئاڕاستەیەکی دڵە، یان تەواونەکراوێکە، یان خودایەکی داهاتووە، بۆ دروستکردن و بەدیهێنانی لەناو کەتواردا، هونەرمەند ئەركێکی تایبەتیی هەیە.” هەندێک دەڵێن کە ڕیلکە خودای وەک هێزێکی داهێنەرانە بینیوە کە هاوواتای هونەرە. جارێک ڕیلکە ئاماژە بە شتێک دەکات، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤی باوەڕدار دەڵێت (خودا ….. یە) مرۆڤی حەزین هەست دەکات و دەڵێ (خودا بوو)، بەڵام هونەرمەند ئەوەیە کە زەردەخەنە دەکات و دەڵێت (خودا دەبێت).

عیشق

        خۆشەویستی، بە تێگەیشتنی ڕیلکە، پێویستی بە “”بەرپرسیارێتی’ هەیە، چاندنی تۆوێکی وردە و پێویستی بە ئاو ڕژاندنی هەردوولا (بەرانبەرایەتی) هەیە.” ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کە هەرگیز نەیتوانیوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن؛ بەتەواوی خۆی پابەند بکات بە هیچ تاکێکەوە. جارێک وتی کە کەسم خۆشناوێت، لەبەر ئەوەی کە کردەی خۆشەویستیی ترسناکە. “هەندێک جار پێم وایە ئەستەمە کە لە ناخەوە و لە بنەڕەتدا لەنێوان دوو مرۆڤدا {خۆشەویستی} زۆر بێت، بێسنووریی هەمیشە لەناو تاکە کەسەکاندایە. لەوێدا پەرجووەکان، دەستکەوتەکان، دۆڕانەکان و ڕەنگە شتێک لە هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە هەبێت.” چەمکی خۆشەویستی لای ڕیلکە بەهۆی سروشتی ناپابەندبوونییەوە دروست دەبێت؛ نەک لەوەی باسی جوانیی دۆخە هەستیارەکانی خۆشەویستی بکات، بەڵکو ئەو لەسەر بیرۆکەی “بوونە نەریتییەکە و ڕێوڕەسمی پەیوەندییەکە نیشتەجێ دەبێت و دەژی. هەڵبەت دەبێت ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین کە ڕیلکە دوای تەنیا یەک ساڵ ژن و کچەکەی بەجێدەهێڵێت تا خۆیان بپارێزن، وە ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کە ئەو بە دەست ئازاری ویژدانەوە بناڵێنێت. وە هەروەها نەبوونی خۆشەویستییەکی سەرنجڕاکێش لەنێوان ڕەگەزەکاندا خۆی لەخۆیدا وەکو بابەتێکی شیعریی وایە. وە بەردەوامیش دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە خۆشەویستی دەبێت یاوەریی و هاوڕێیەتییەک بێت بەبێ باڵادەستی و خاوەندارێتی. هاوسەرەکەی ڕیلکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە خۆشەویستیدا سەخت بوو ڕازی بکات، “بۆ ڕیلکە دەبێت ئەبەدیەت لە هەموو ناز و خۆشەویستییەکدا هەبێت، ماوەیەکی خاوێن لە ماچێکدا.” ڕیلکە دێت خۆشەویستی و مەرگ پێکەوە گرێ دەدات هەردووکیان بە درێژکراوەی ژیانی مرۆڤ دادەنێت بەرەو بێسنووری و ئەبەدییەت. ڕیلکە زۆر سەرسام بوو بە مردنی ئاشقە گەنجەکان، چونکە هەستی دەکرد کە ئەوان بە تەنیا لایەنی بەختەوەری ژیانیان ئەزموون کردووە.

مەرگ

        ڕیلکە هەموو ژیانی لە شەڕکردن لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا بەسەر برد کە دەیگوت مەرگ جیاوازە لە ژیان. ئەو مردنی بە (دیوە نەبینراوەکەی ژیان) ناوزەد دەکرد. یەکێکی دیکە لە تێزە هونەرییەکانی؛ گەڕاندنەوەی مەرگ بوو بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی، بۆ ژیان. بۆ ئەمەش هەوڵی دەدا لە ڕێگەی هونەرەوە پێی بگات نەک لە ڕێگەی باوەڕێکی ئایینیەوە. مەرگ زۆر لە مردنی کەسێک زیاترە و تەنیا لەوەدا ناوەستێتەوە “مردن ئەوەیە کە کەسێک یەکێکی دیکەی خۆشبوێت و ئەو پێی نەزانێت، مردن ئەوەیە کە ناتوانیت بڕیاری مردنی خۆت دابنێیت، مردن جۆری زۆرە و تۆش ناتوانی بیشاریتەوە.” لە کۆتاییدا ئامانجی ئەوە بوو کە بە پێدانی فۆڕم و ڕووبەڕووبوونەوەوە شکست بە مەرگ بهێنێت.

(مەرگت خۆشبوێت، وەک چۆن پڕ بە دڵ ژیانت خۆشدەوێ، بەتەواوی و بەبێ ژماردن و بەبێ هەڵبژاردن، بەبێ ئاگایی لەخۆیت دەگرێت (دیوەکەی دیکەی ژیان) بۆیە ئەویشت خۆشبوێت. تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە مەرگمان لە ئاگایی خۆمان دوورخستووەتەوە، بەمەش زیاتر و زیاتر نامۆ بووە؛ چونکە ئێمە نامۆمان کردووە، ئەویش بووەتە نەیاری ئێمە. بەجۆرێک بیری لێ دەکرێتەوە کە زۆر لە خودی ژیانیش لە ئێمەوە نزیکە…. بەڵام ئێمە چی لەبارەیەوە دەزانین؟ پێموایە دەبێت هەوڵ بدەین بۆ پێش‌گریمانەکردنی یەکێتی نێوان ژیان و مردن، بە جۆرێک کە ئیتر وردە وردە ڕۆشن ببێتەوە.)

        ڕیلکە بەوە شۆک دەبوو کە دەگوترا “مردنی ناڕاستەقینە و ساختەیە”؛ ڕیلکە داب و نەریتی ڕازاندنەوەی مردنی بە ماکیاژێکی بێ بایەخ دادەنا و پێی بێزار دەبوو (مردووەکان ئامادە دەکرێن وەک ئەوەی کچەکان لە ئارایشتگایەک خۆیان بۆ ئاهەنگێکی ئێوارە ئامادە دەکەن.) ئەو چەمکی مردنی ‘خود”ی بەرەوپێش برد. ڕیلکە دەترسا کاتێک دەیبینی، مردنیش، وەک ژیان، هەرزان و بێ‌بەها بووە و ئەو ترسە کۆنە گەورەیەیی لەدەستداوە. مرۆڤەکان چیتر بە مەرگی تایبەت و تاکەکەسی خۆیان نامرن، هەروەک چۆن بە ژیانی خۆیان ناژین. لە نەخۆشخانەکاندا دەمرن، مردنێکی ئامادەکراو و بەرهەمهێنراوی کۆمەڵگە. لە کتێبی تێبینییەکانی ماڵتا لاوریدس بریج، ڕیلکە زۆر بە وردی کاری لەسەر جۆری مردن و ترسەکان کردووە و هەوڵیداوە کە فۆڕمی نهێنییان پێ بدات.

        ڕیلکە بەوە تۆمەتبار کراوە کە مەرگی لە چییەتی ڕاستەقینەی خۆی بێبەشکردووە، کە بەدڵنیاییەوە تێکەڵکردنی مەرگ لەگەڵ ژیاندا ئەنجامێکی لەو جۆرەی نابێت. لە نامەیەکی               د. هایمەرلی کە ئاگاداری مەرگی ڕیلکەی شاعیر بووە لە سویسڕا دەبیستین کە: (تەنیا ئاواتی ئەوە بوو کە کەسێک نەیبینێت و وای لێ بکات درک بە جددیەتی بارودۆخەکەی بکات، کە خۆی بە مەبەست لە خۆی شاردبووییەوە.) ڕیلکە باوەڕی بە رۆحی نەمر نەبوو، بەڵام مەرگی وەک باجێکی دادپەروەرانە بۆ دیاری ژیان قبووڵ دەکرد.

سەرچاوەی وەرگێڕانە کوردییەکە:

  1. Joseph A. Leese, An Interpreter’s guide to Rainer Maria Rilke, (1968) P. 49 -55.

ئەو سەرچاوانەی نووسەر سوودی لێ وەرگرتوون:

  1. Walter kaufamn, from Shakespeare to Existentialism: studies in poetry, religion and philosophy (Boston, 1959), P, 207.
  2. Siegried mandel, Rainer Maria Rilke: The Poetic Instinct (Carbondale, I11, 1965) P, 116.
  3. Bernard murchland, “rilke’s dual affirmation of life and death” Commonweal, 14arch 13 , 1959, p. 627.
  4. Mandel, p. 40.
  5. F . W. Von Heerikhuizen, Rainer 14aria Rilke: His Life and Work (New York, 1952), p.56.
  6. w. L. Graff, Rainer Maria Rilke: Creative Anguish of a Modern Poet ( Princeton, 1956), p. 61.
  7. Handel, p. 16.
  8. rainer maria Rilke, The Book of Hours, trans. A. L. Peck (London, 1961), p. 30
  9. 11sndel, p. 39.
  10. Nora Wydenhruck, RUke: Man and Poet(New York, 1950), p. 61.
  11. Von Heerikhuzen, p. 104.
  12. craff, p. 271.
  13. clandel, p. 84 .
  14. Theodore Homes, “To Be ‘Transformed,” Poetry, April-September 1959, p. 60.
  15. Bernard Hurchland” “A Poet for Now, It Commonweal, December 15, 1961, p. 323.
  16. craff, p. 229.
  17. Ibid., p. 227 .
  18. H. F. Peters, Hainer Maria Hilke : Masks and the Man(Seattle, 1960), p. 152 .
  19. Graff, p. 231.
  20. peters, p. 75 .
  21. H• W. Belmore, Hilke ‘s Craftsmanship(Oxford, England, 1954), p. 627.