رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چاوی داخراوی کراوە -1999)Eyes Wide Shut(

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: دیار باپیر  

چاوی داخراوی کراوە، بەرهەمی دەرهێنەر “ستانلی کوبریک”ە، کۆتا بەرهەمی کوبیرکە و دوای ئەم بەرهەمە کۆچی دوای دەکات و دەرفەتی ئەوەشی نابێت لە سینەماکان بیبینێت. کوبریک لە کاتی وێنەگرتن ئامادە دەبێت و سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی ڕەنگی دیوار و تەواوی کەلوپەلەکان دەکات. ئەم فیلمە چەندین خوێندنەوەی بازاڕی بۆ کراوە و پڕە لە ئاماژە بۆ ڕێکخراوە نهێنییەکانی وەک ماسۆنیەت و ئەو بابەتانە، کە گوایە لەژێرەوە کۆنترۆڵی جیهانیان کردووە. لەم نووسینەدا گرنگیم بەو دیوە نەداوە و تەنانەت بە پێویستیشم نەزانیوە قسەی لەسەر بکەم. لەم نووسینەدا تەنها خوێندنەوە بۆ یەک دیو کراوە، ئەویش کرانەوەی چاوی دکتۆر بێڵە بە ڕووی فەنتازیا و ئارەزووی ئەوی دیدا، بە ڕووی پانتاییە تاریک و کەشفنەکراوەکانی ئەوانی دیکە و خودی خۆشی. ئەستەمە بتوانین دوای ئەوەی ئەلیس ئەو ڕاستییە دەڵێت کە ئارەزووی بۆ کەسێکی دی جووڵاوە و گەر بیتوانیایە بۆ تەنها شەوێکیش لەگەڵیدا بێت، ئامادە بووە دەستبەرداری هەموو شتێک بێت، تەنانەت هاوسەرەکەی (بێڵ) و کچەکەی (هیلێن) و داهاتووشی. ئەو ڕووداوانەی دەکەونە دوای ئەم ڕستەیەوە ناتوانرێت بزانرێت واقیعین یاخود خەونن. بەڵام ڕوونە بێڵ دوای بیستنی ئەمە بەر شۆکێک دەکەوێت، کە ناوی دەنێین شۆکی یەکەم. لەم شۆکەوە دەکرێت گەشتی کرانەوەی بێڵ بۆ نێو ئارەزووی ئەوی دی وەسف بکەین، کەشفکردن و هاتنە سەرەوەی “ئید”ی خودی خۆی و ئەوانی دییە. چاوی دەکرێتەوە بە ڕووی پانتایی ئارەزووی ئەوی دی و دیوە شاراوەکانیان. بەر لەم شۆکە بێڵ کەسێک بووە چاوی داخراو بووە. ئارەزووی ئەوانی دی نەدەبینی، نەخۆشەکانی تەنها نەخۆشێک بوون و هیچی تر، هەرگیز خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو کە دەکرێت ئارەزووی بجووڵێت بۆ کەسێکی دی جگە لە خێزانەکەی، تەنانەت وا بیری دەکردەوە خێزانەکەشی بەو جۆرە بێت. لە سایکۆلۆژیای بێڵدا “ئید” بەتەواوی چەپێنرابوو، “ئیگۆ” جڵەوی ڕەفتار و فەنتازیاکانی کردبوو، ئیگۆی بێڵ وای دەنواند کە لەژێریەوە هیچ ماسکێكی دی بوونی نییە، بۆیە دەبینین لە کۆتاییدا کاتێک دەچێتە ئەو ماڵەوە، کە دواتر باسی دەکەین، ماسک دەپۆشێت. ئامانج لەو ماسکە تەنها داپۆشینی ئیگۆیە، داپۆشینی دابونەریت و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانە. لە دوای شۆکی یەکەم کە درککردنە بە ئارەزووی ئەلیس بۆ ئەو ئەفسەرە دەریاوانە و ئارەزووی بۆ ئەوی دی بە شێوەیەکی گشتی، چەند ڕووداوێک بە دوای یەکدا دێن وەک زەمینەسازییەک بۆ ڕۆچوونە نێو نەستی خودی خۆی و ئەوانی دییەوە. ڕووداوی یەکەم بریتییە لە بەرکەوتن بە ئارەزووی ئەوی دی بۆ خودی خۆی، کە پێشتر هەستی بە بوونی نەکردبوو، لەم دیمەنەدا دەبینین بێڵ دوای ئەوەی خێزانەکەی ئەو ڕاستییەی بۆ ئاشکرا دەکات زەنگی بۆ دێت لە کچی یەکێک لە نەخۆشەکانی و هەواڵی مردنی هاوڕێکەی پێ دەدات کە دەکاتە باوکی کچەکە. بەپەلە خۆی کۆ دەکاتەوە و بە تەکسی بەرەو ماڵی ئەو هاوڕێیەی بەڕێ دەکەوێت. لەناو تەکسییەکەدا وێنەی ئەو ئەفسەرە دەریاوانە دێتە بەرچاوی کە چۆن سێکس لەگەڵ خێزانەکەی دەکات و بەدرێژایی فیلمەکە تا نزیکی کۆتاییەکانی ئەم وێنە و خەیاڵاتانە بەردەوامی هەیە، ئەمەیش دەلالەتە لە قبوڵنەکردنی فەنتازیای ئەوی دی. لە کۆتاییدا ئەم وێنە و خەیاڵاتانە بوونیان نامێنێت و بە جۆرێک دانی پێدا دەنێت. کاتێک دەگاتە ماڵی ئەو هاوڕێیەی بە ناوی “ناسانۆس” لەگەڵ کچی هاوڕێکەی بە ناوی “ماریۆن” دادەنیشن بەتەنیشت تەرمەکەیەوە. بێڵ هەوڵ دەدا دڵی بداتەوە و ئارامی بکاتەوە، تاوەکوو خزم و دۆستانی مردووەکە دەگەن و دەستگیرانی ئەو کچەش بەهەمان شێوە بەڕێوەیە، بەڵام ئەوەی کە بۆ بێڵ نائاساییە لەم چرکەساتەدا لەناو ئەو هەموو مەینەتی و لەدەستدان و کێشەیەدا “ماریۆن” پێی دەڵێت من تۆم خۆش دەوێت، بێڵ دەیەوێت ئارامی بکاتەوە و بڵێت نەخێر تۆ تەنها لە کێشەدایت و بە هۆی لەدەستدانی باوکتەوە هەست بە تەنیایی دەکەیت بۆیە وا دەڵێیت، ئەویش پێی دەڵێت “تەنانەت گەر جارێکی دیکەش نەتبینمەوە، هیچ نەبێت دەمەوێت لە تەنیشتی تۆدا بژیم” مەبەستی ئەوەیە هیچ نەبێت لە پێگەی خۆیانەوە ژێر بە ژێر پەیوەندییان هەبێت. بێڵ بە ئارەزووی ئەوی دیکە شۆک دەبێت و دەڵێت خۆ مەگەر ئێمە یەکدی هەر ناناسین و جگە لەبارەی تەندروستیی باوکتەوە باسی هیچی دیکەمان نەکردووە، و هیچ شتێک لەسەر یەکدی نازانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئارەزووە بەتینەت چییە؟ زەنگی دەرگاکە لێ دەدرێت و دەستگیرانی ماریۆن دێتە ژوورەوە و باوەش بە ماریۆندا دەکات و سوپاسی دکتۆر بێڵ دەکات کە یەکەم کەس بووە ئامادە بووە. لێرەوە دکتۆر بێڵ ماڵئاواییان لێ دەکات و ئەوێ بەجێ دەهێڵێت و هێشتا لەژێر شۆکی خواستی ئەو کچەدا دەبێت و بیری لێ دەکاتەوە و دەبێتە جێگەی پرسیار بۆی کە چۆن دەکرێت کەسێک ئارەزوویەکی هێندە بە گڕوتینی بۆ کەسێکی تر هەبێت کە نایناسێت؟ بەسەر شەقامەکاندا دەڕوات و کچ و کوڕێک دەبینێت باوەشیان بەیەکدیدا کردووە و لەسەر ئەو شۆستەیە ماچی یەکدی دەکەن، وەک ئەوەی یەکم جار بێت دیمەنی لەو جۆرەی بینیبێت. چەند کۆڵانێکی دی دەڕوات و کۆمەڵێک گەنج دەبینێت، یەکێکیان بە گاڵتە و لاقرتێوە باسی ئەوە دەکات کە خۆشەویستەکەی لەبەردەمی ئەودا لە باوەشی پیاوێکی مەکسیکیدا سەمای کردووە، ئەمەش زۆر برینداری کردووە، بەڵام ئەم ڕستانە بە کۆمیدی و پێکەنینەوە دەردەبڕێت نەک توڕەیی. بێڵ بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕێت و یەکێک لەو گەنجانە شانێکی لێ دەدات و هێندەی نامێنێ بکەوێتە زەوی، و گێچەڵی پێ دەکەن، هەمان ئەو کەسەی کە باسی خۆشەویستەکەی کرد پێی دەڵێ: “چییە دەتەوێت گەشتێكت پێ بکەم بە تونێلەکەدا” دیارە مەبەست لێی تێپەڕینە بەو ئەزموونەدا کە ئەوی دی (خۆشەویستەکانمان) هەمیشە ئارەزوو و فەنتازیای جۆراوجۆر دەکەن و کۆنترۆڵ ناکرێن و دەرئەنجامی ئەمە پیاو (ئیگۆ) بریندار دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لەگەڵیدا هەڵبکات. تونێل ئەو ئەزموونە ئازارهێنەیە کە هەموو پیاوێک بەناویدا تێدەپەڕێت. بێڵ گوێ بە قسەکانی ئەو گەنجانە نادات و بەردەوام دەبێت لە پیاسەی خۆی بەو درەنگانی شەوە. لە سوچی کۆڵانێکدا کچێکی سۆزانی دەبینێت و کچەکە خۆی لێ نزیک دەکاتەوە و هەوڵ دەدات ڕازی بکات لەگەڵیدا بڕواتە جێگایەک و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن. بێڵ لە سەرەتادا ڕەتی دەکاتەوە، کە کچەکە چەند جارێک ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ژوورەوە (پانتایی ئید) شوێنێکی زۆر ئارامە و چاوی کەسی بەسەرەوە نییە و زۆر لە دەرەوە (سوپەرئیگۆ) بەچێژترە، بێڵ وەک تۆڵەسەندنەوە بێت یاخود وەک فیچقەکردنی ئارەزووەکانی خودی خۆی بێت، ڕازی دەبێت و دەچنەوە ماڵی کچەکە، کە چەند خانوویەک لەوێوە دوور دەبێت. بێڵ لەگەڵ ئەو کچە سۆزانییەدا دەچنە ژوورەوە و دەست دەکەن بە ڕێکەوتن لەسەر نرخ و شێوازەکانی، کچەکە پێی دەڵێت تەنیا خۆت تەسلیمی من بکە و هیچی تر، دیارە ئەمەش ئاماژەیەکی دییە بۆ تەسلیمبوونی “ئیگۆ” بە “ئید”. ماچ و ڕاموسان دەست پێ دەکات و بێڵ زەنگی بۆ دێت و وەڵام دەداتەوە و ئەلیسی خێزانێتی و پرسیاری ئەوەی لێ دەکات ئایا چاوەڕوانی بێت یاخود دوا دەکەوێت؟ ئەلیس لەم دیمەنەدا یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان دەنوێنێتەوە. ئەم دیمەنە یادهێنانەوەیەکە بۆ ئەو بەرپرسیارێتیانەی لە ئەستۆیدایە، ئەم پرسیارە لە خۆی دەکات: “ئایا دەبێت بمێنێتەوە یان بڕوات؟” دیارە لەم قۆناغەدا هێشتا ئیگۆی زاڵە و بڕیاری ڕۆیشتن دەدا و  ئیگۆی دوای ئەوەی بۆ چەند چرکەیەک پاشەکشەی کردبوو جارێکی دی جڵەوی شتەکان دەگرێتەوە دەست و بە ڕوویەکی خۆشەوە بە کچە سۆزانییەکە دەڵێت کە دەبێت بڕوات و ئەو بڕە پارەیەشی پێ دەدات کە لەسەری ڕێک کەوتبوون، لەم ڕووداوەدا بە پێچەوانەی رووداوەکەی دی دکتۆر بێڵ بەر بە ئارەزووی خودی خۆی دەکەوێت جیاواز لە ڕووداوی پێشوو کە بەر بە ئارەزووی ئەوی دی کەوت (ماریۆن)، هەر بۆیە لە دواتردا دەبینین دکتۆر بێڵ دوای ئەوەی لەو گەشتە ڕۆحییەی خۆی دەبێتەوە دووبارە سەردانی ماڵی ئەو کچە سۆزانییە دەکات ئەمەش وەک دەلالەتێک بۆ قبوڵکردنی فەنتازیا و ئارەزووەکانی خۆی. لە ماڵەکە دێتە دەرەوە و بەردەوام دەبێت لە پیاسەکردن بە شەقامەکاندا، وەک بڵێی کوچە و کۆڵانانەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان نەستی دەستەجەمعی بن و کوچە بە کوچەی دەپشکنێت و بەر بە ئارەزووە جیاوازەکان دەکەوێت. دوای تێپەڕبوونی بە بەردەمی چەند باڕ و میوانخانەیەکدا، لەبەردەم یانەیەکدا دەوەستێت و ناوی ئەو هاوڕێیەی (نیک) دەبینێت بەسەر پۆستەری سەر دیوارەکە لکێنراوە، دکتۆر بێڵ دەچێتە ژووەرەوە و دەبینێت هاوڕێکەی پیانۆ دەژەنێت لەگەڵ گرووپێکدا، هێندە نابات ئاهەنگەکە کۆتایی دێت و هاوڕێکەی دێتە تەنیشتی و دادەنیشێت و لێی دەپرسێت چی تۆی بەم شەوە درەنگە هێناوە بۆ ئێرە؟ ئەویش پێی دەڵێ کە نەخۆشێکی لەم نزیکانە دەژێت و بۆ بینینی ئەو هاتبوو، ئیدی پێی دەڵێت دەمەوێت لە هەموو ئاهەنگەکانت ئامادە بم، ئەویش دەڵێت ئەم شەو ئاهەنگێکی تایبەتی هەیە و ناتوانێت بانگێشتی بکات، چوون ئاهەنگێكی داخراوە و خودی خۆشی ناونیشانی شوێنەکە نازانێت و تەنیا ماوەیەکی کەم بەر لە دەستپێکردنی، ناونیشان و وشەی نهێنیی چوونەژووەرەوەی بۆ دەنێرن و تەنانەت بە چاوی بەستراوەوە پیانۆش دەژەنێت و نازانێت چی دەگوزەرێت. لەم باسانەدا دەبێت و زەنگی بۆ دێت و وشەی نهێنی پێ دەڵێن. دکتۆر بێڵ بە ڕێکەوت چاوی بە وشە نهێنییەکە دەکەوێت و زۆری لێ دەکات بۆ ئەوەی ناونیشانەکەشی پێ بدات، بەو مەرجە ڕازی دەبێت کە هیچ پەیوەندییەکیان نەبێت لەوێ و وەک نەناس بن و ئەو بەرپرسیارێتیی هیچ هەڵناگرێت. گەر ئاشکراش بوو نابێت ناوی ئەم ببات. ڕێک دەکەون و ئەوەشی پێ دەڵێت کە سەرجەم بەشداربووان بە ماسکەوە ئامادە دەبن و کەس ڕووخساری دیار نییە، هەموو ئامادەبووان کەسانی پلەباڵا و ئەرستۆکراتن. دکتۆر بێڵ دەچێت بۆ فرۆشگایەک و ماسک و جلی تایبەت بە کرێ دەهێنێت. لە دیمەنەکانی بەر لە کۆتایی، جل و عەباکە دەگەڕێنێتەوە جگە لە ماسکەکە، ئەمەش دواتر ڕوونی دەکەینەوە ئاماژەیە بۆ چ شتێک. ئەوسا تەکسییەک دەگرێت و بەرەو ئاهەنگەکە دەکەوێتە ڕێ، ئاهەنگەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی پەراوێزی شارەوە و بڕێگایەکی تاریک و چۆڵ و  جەنگەڵیدا دەڕوات تا دەگاتە بەردەم دەرگای کۆشکێک. داوای وشە نهێنییەکەی لێ دەکەن، ڕێگەی پێ دەدەن بەرەو ناوەوەی کۆشکەکە بڕوات. دکتۆر بێڵ هەر هێندە دەچێتە ژوورەوە ماسکەکەی دەپۆشێت، ماسک لێرەدا “ئید” دەنوێنێتەوە و ڕوخساری ئاسایی بێڵ ئیگۆیە، بۆیە هەرگیز ناتوانێت بەبێ ماسک بچێتە ئەو پانتاییەوە کە تێیدا “ئید” حاکم و دەسەڵاتدارە. بەڵام وا دیارە دوای بەستنی ماسکەکەش هێشتا هەست بە ئامادەگیی ئیگۆ دەکرێت چوون کاردانەوەی بەرانبەر هەڵسوکەوتە لادەر و ڕێوڕەسمەکان ئاسایی نییە. لێرەوە گومان دەکەوێتە سەر دکتۆر بێڵ (ئیگۆ) کە دزەی کردتووەتە ژوورەوە و بۆتە مەترسی بۆ سەر  نهێنی و خولیا و ئارەزووە لادەرەکانی ئید، بۆیە بازنەیەک لە دەوری دروست دەکەن و تەوقی دەکەن و داوای وشەی نهێنیی دوووەمی لێ دەکەن کە بوونی نییە و دکتۆر بێڵ دەڵێت لەیادم کردووە و ئەمەش دەبێتە بەڵگەی ئەوەی کە بەشێک نییە لەوان و توخمێکی نامۆ و دزەتێکردووە. دواتر ناچاری دەکەن ماسکەکەی هەڵداتەوە و ڕوخساری ڕاستەقینەی دەربکەوێت. بەر لەم ڕووداوە کچە سۆزانییەک هەستی پێ دەکات و پێی دەڵێت تۆ سەر بەم شوێنە نیت، بۆیە خێراکە تا دەرفەت هەیە هەڵبێ، بەڵام گوێی پێ نادات و دەمێنێتەوە. ئەو کچە سۆزانییە خۆی دەکات بەقوربانی لەپێناوی دکتۆر بێڵ بۆ ئەوەی ئازادی بکەن و ڕێگەی پێ بدەن بڕواتە دەرەوە. ئیدی ڕوون نییە چارەنووسی ئەو کچە چی لێ دێت، ئایە کوژراوە یاخود هەر مردنێکی ئاسایی مردووە بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە. بەڵام بەرلەوەی دکتۆر بێڵ ئازاد بکەن هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکەن گەر بێتو ئەوەی لەم پانتاییەدا گوزارەوە بۆ هەر کەسێکی تری باس بکات ئەوە مەترسی دەکەوێتە سەر خۆی و خێزانەکەشی. ئەمەیش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی گەر نەست بێتە سەرەوە و بەیان بکرێت ئەوە تەواوی نەزم و سیستەمی کۆمەڵایەتی و ژیانی شەخسیی خۆشی وێران دەبێت. دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ و دڵنیا دەبێتەوە کە کچەکەی لە جێگای خۆیدایە و هەموو شت  باشە. دواتر دەڕواتە ژووری نووستنەکەی و دەبینێت ئەلیسی خێزانی، خەون دەبینێت و گریان و پێکەنینی تێکەڵ بوونە، بێداری دەکاتەوە و لە تەنیشتییەوە ڕادەکشێت و لێی دەپرسێت خەونت بە چییەوە دەبینی؟ ئەلیس سەرەتا دوودڵە لە گێڕانەوەی خەونەکەی، بەڵام بۆی دەگیڕێتەوە. باسی ئەوە دەکات کە لە شوێنێکدا بوونە جلوبەرگیان لەبەردا نەبووە و هەستی بەشەرمەزاری کردووە و پاشان ئەفسەرە دەریاوانەکە لێی نزیک بووەتەوە و پێکەوە سێکسیان کردووە و دوای ئەوەش لەگەڵ کەسانێکی زۆردا سێکسی کردووە و کەوتنە ئەو دۆخش بە تاوانی دکتۆر بێڵ دەزانێت، لە هەمان کاتیشدا بەزەیی پێدا هاتووەتەوە و پێی پێکەنیوە. ئەو کچەشی کە خۆی کردە قوربانی وەک بڵێی نوێنەری ئەلیس و شوێنگرەوەی ئەو بووە. هەر چۆنێک بێت گەشتەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و بێڵ دواتر لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەبێت تا ئەو کاتەی “زیگلەر” کە گومان دەکرێت هەر ئەو سەرکردەی ئەو ئاهەنگە سەیر و سەمەرەیەی کۆشکەکە بووبێت، بانگێشتی دکتۆر بێڵ دەکات و هێوری دەکاتەوە و دەڵێت هاوڕێ پیانۆژەنەکەی سەلامەتە و ئەو کچەش کە لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوبکراوەتەوە، مردنەکەی تەنیا بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە بووە و هیچی دیکە. شەو درەنگ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ئەو ماسکەی کە لە ئاهەنگەکە بەکاری هێنابوو و دواتر ون ببوو و نەیتوانییبوو لەگەڵ کەلوپەلەکانی دی بیگەڕێنێتەوە، دەبینێت لە تەنیشتی ئەلیس دانراوە و ئەلیس بە ئارامی و ئاسوودەیی بە تەنیشتیەوە خەتووە. ئەم دیمەنە دکتۆر بێڵ شۆک دەکات کە بە شۆکی دووەم ناوی دەبەین، ئەم شۆکە بریتییە لە کەشفبوونی ماسکی بێڵ بۆ ئەلیسی خێزانی، ئەو ماسکە ئاماژەیە بۆ ئارەزوو و فەنتازیاکانی بێڵ، ئاماژەیە بۆ ئیدی بێڵ، و ئیدی لەگەڵی دەمێنێتەوە و دەبێتە بەشێک لەو، ئامادەیی دەبێت لە ژیانی و گەڕانەوەی مەحاڵ دەبێت. لە شۆکی یەکەمدا ئارەزووەکانی ئەلیس کەشف دەبن و لە شۆکی دووەمدا ئارەزووەکانی بێڵ لەبەردەم ئەوی دیکەدا(ئەلیس) کەشف دەبن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین ئەلیس ئەم ئارەزووە قەدەغەکراوانەی دکتۆر بێڵ قبوڵ دەکات و ئارام و بێ کێشە لە تەنیشتی خۆیەوە دایناوە، لە کاتێکدا بێڵ ئارەزووی ئەوی پێ قبوڵ نەدەکرا. لە دیمەنەکانی دواتر دەبینین بێڵ بە گریانەوە چاوانی دەکرێنەوە و دان بە هەموو شتێکدا دەنێت و باسی هەموو شتێك بۆ ئەلیس دەکات، باسی ئەو کۆشکە و باسی سەرکێشییەکانی بۆ دەکات، و دەپرسێت ئێستا چی بکەین؟ ئێستا دوای ئەوەی هەموو ئارەزووە قەدە‌غەکراو و لادەرەکان کەشف بوون چی بکەین؟ ئەلیس دەڵێت گرنگ ئەوەیە زیندووین. ئەو هەست و ئارەزووانەی کە نازانرێن ڕاستین یان وەهمن بڕیار لەسەر هیچ شتێکی پەیوەندییەکەی ئێمە نادەن و هێشتا من تۆم هەر خۆش دەوێت. لێرەدا فیلمەکە بە کۆتا دێت و بێ کێشە بەردەوامی بە ژیانی خۆیان دەدەن و هەردووکیان ددان بە بوونی ئارەزووی ئەوی دیدا دەنێن. تەواوی فیلمەکە دەیەوێت بڵێت ئارەزوو هەمیشە فیجقە دەکات و هیچ یاسا و ڕێسایەک ناتوانێت ڕێگری لە بوونی بکات. پرۆسەی هاوسەرگیری هیچ نییە جگە لە دەروازەیەک بۆ کرانەوە بە ڕووی هەموو پیاوانی دیکەدا، هیچ نەبێت لەسەر ئاستی فەنتازیا، و ئەم فەنتازیایانەش نابنە ڕێگر لەبەردەم خۆشەویستی و پەیوەندیی ڕاستەقینەدا، بەڵکوو بە جۆرێک لە جۆرەکان پایە و ڕاگری ئەو پەیوەندیانەن.