رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ ئەندرێ تارکۆڤسکی، دەربارەی فیلمی ستاکەر

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: ئاڵدۆ تاسۆن-١٩٨٠

وەرگێڕان: فیراز فەرهاد

Download PDF

‌‌‌‌لە ناوچەیەکی قەدەخەکراوی جەنگەڵێکدا، ژوورێک هەیە تێیدا ئارەزووەکانی مرۆڤ بەدی دێن… لە “کان” لە کاتی سەیرکردنی ستاکەردا، تەنیا یەک جار، بەداخەوە، بەدرێژایی ئەو چەندین جارەی کارەبا بڕا، ئەم دێڕانە بە زەینمدا دەهاتن: “لە نزیک بنچکی گوڵەیاسەمیندا، تاشەبەردێک هەیە، لەژێر ئەو تاشەبەردەدا گەنجینەیەک حەشار دراوە.”

تارکۆڤسکی: ئەم دێڕانە یەکەمین بەیتەکانی شیعری “ڕۆژە سپییەکە”ن کە لە نووسینی ئارسێنی باوکمە. لە سەرەتادا سیناریۆی ئاوێنە، پێش ئەوەی ببێت بەوەی کە ئێستا هەیە، بڕیار وا بوو ناوی “ڕۆژە سپییەکە” بێت. بەڵام ئێپیگراف پەیڤگەلێک لەخۆ دەگرێت، ناتوانیت بە شێوەیەکی لۆژیکی هەڵیانبژێریت، هەڵبژاردن هەمیشە کەمێک ڕێکەوت و هەڕەمەکییە، بەپێی ئارەزووە، هەتا پەیڤگەلی جوان هەبن دەتوانیت هەر چییەک کە دەتەوێت بەکاری بهێنیت. 

ئایا ژووری ئارەزووەکان داهێنانی ستاکەرە؟ ئایدیاکەی لە نۆڤێڵی برایانی ستراوگاتسکیدا هەیە کە فیلمەکەی لەسەر بەرهەم هێنراوە؟ ئەم ژوورە بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟ 

تارکۆڤسکی: لە چیرۆکە سەرەکییەکەی برایانی ستراوگاتسکیدا کە تەواو جیاوازە لەگەڵ سیناریۆی فیلمەکەدا، شوێنێک بوونی هەیە کە تێیدا ئارەزووەکان بەدی دێن، بەڵام ئەم شوێنە بە بازنەیەکی ئاڵتوونی نیشان دراوە. بە هەر هۆیەک بێت بازنەیەکی ئاڵتوونی بوونی هەیە. لە چیرۆکەکەی ستراوگاتسکیدا ئارەزووەکان بە شێوەیەکی بەرجەستە و ڕاستەقینە بەدی دەهاتن، لە کاتێکدا بەدیهاتنی ئارەزووەکان لە فیلمەکەدا بە ناڕوونی دەمێننەوە.  بەتەواوی ناتوانیت لەوە تێبەگەیت کە ئایە ئەو ژوورە بەڕاستی بوونی هەیە، یان تەنیا زادەی خەیاڵاتی ستاکەرە. لە ڕوانگەی منەوە وەکوو دانەری بەرهەمەکە، هەردوو بۆچوونەکە دروستن. بە باوەڕی من [چ ژوورەکە بوونی هەبێت] یان تەنیا زادەی خەیاڵی ستاکەریش بێت بە هیچ جۆرێک کاریگەریی بەسەر بابەتە سەرەکییەکەوە نییە، ئەوەی کە گرنگە نەچوونە ژوورەوەی دوو گەشتیارەکەیە. 

بۆچی ئەوان ناچنە ژوورەکەوە؟

تارکۆڤسکی: باشە، سەرەتا، ستاکەر ناچێتە ژوورەکەوە، پێویست ناکا بچێت، چونکە ئەو کارە بۆ ئەو پێچەوانەی باوەڕەکانیەتی. سەرەڕای ئەوەش گەر ژوورەکە تەنیا بەشێک بێت لە خەیاڵی خۆی ئەوا ناچێتە ژوورەوە چونکە دەزانێت لەوێ ئارەزووەکانی بەدی نایەن. ئەوەی بۆ ستاکەر گرنگە ئەوەیە دوو گەشتیارەکەی تر باوەڕ بەوە بکەن ژوورەکە بوونی هەیە و دەتوانێت ئارەزووەکانیان بەدی بێنێت. ئارەزووی ستاکەر چوونەژوورەوەی ئەو دوو کەسەیە بۆ ژوورەکە، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکیش ڕوو نەدات. ستاکەر دەیەوێت لە دونیایەکدا کە سیخناخە لە بێباوەڕی، کەسانێک ببینێتەوە کە باوەڕیان بە شتێک هەبێت. دواتر، بۆچی نووسەرەکە ناچێتە ژوورەوە؟ ئێمە نازانین، خۆشی نازانێت. ئەو نازانێت بۆ کوێ دەڕوات و بە دوای چیدا دەگەڕێت. دەزانین کە ئەو کەسێکی بەهرەمەندە، بەڵام ئێستا ئیلهامەکەی لەدەست داوە، ئەوەی ئێستا دەینووسێت هەمان ئەو شتەیە کە ڕەخنەگران و بڵاوکەرەوەکان و تەواوی خەڵک لێی چاوەڕێ دەکەن. ئەو نووسەرێکی بەناوبانگە بەڵام چی تر نایەوێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. سەرەتا وا بیری دەکردەوە گەر بچێتە ژوورەکەوە دەتوانێت باشتر بنووسێت؟ واتا بەو شێوەیە بنووسێت کە لە سەرەتادا دەینووسی. ئەو پێی وایە گەر بچێتە ژوورەکەوە لەژێر ئەو بارە قورسە دەردەچێت کە لەسەر شانیەتی. بەڵام کەمێک دواتر ڕوانینی دەگۆڕێت و لە خۆی دەپرسێت: ئەگەر بگۆڕێم، ئەگەر سەرچاوەی ئیلهامم دووبارە بێتەوە جۆش، ئەوکات چ بیانوویەکم دەبێت بۆ ئەوەی درێژە بە نووسین بدەم؟ لە کاتێکدا پێش نووسین دەزانم ئەوەی کە دەینووسم خۆبەخۆ شاکارێک دەبێت. ئامانج لە نووسین زاڵبوونە بەسەر دەرووندا و نیشاندانی توانستی خودە بەوانی تر و سەلماندنی ئەوەیە هونەرمەند هەمیشە دەتوانێت باشتر بێت. ئەگەر کەسێک خۆی پێشوەختە بزانێت کە بلیمەتە، ئیتر بۆچی دەبێت بنووسێت؟ چ شتێک بۆ سەلماندن دەمێنێتەوە؟ ئافراندنی هونەری ڕەمزێکە بۆ ئیرادەی مرۆڤ. ئەگەر هونەرمەند هەر لە سەرەتاوە بلیمەت بێت، ئەوا هونەرەکەی مانای خۆی لەدەست دەدات. سەرەڕای ئەوەش نووسەرەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی چیرۆکی (Porcupine)ـەوە کە مامۆستای ستاکەر بووە و خۆی هەڵواسیوە. لەئاکامدا بۆی دەردەکەوێت لەو ژوورەدا ئارەزووەکان بەدی نایەن، بەڵکوو دەروونیترین بینین کە لە قووڵایی دڵی مرۆڤدا شاراوەیە، ئاشکرا دەبێت. تەنیا ئارەزووە ڕاستەقینەکان لەگەڵ جیهانی ناوەوەی مرۆڤدا پەیوەندییان هەیە. بۆ نموونە گەر داوای سەروەت ‌و ‌سامان بکەم ڕەنگە ئەوەی بەدەستی دەهێنم ئەوە نەبێت بەڵکوو زیاتر لەو ئارەزووە دەروونی و نائاشنایەی ناوەوەم نزیک بێت، بۆ نموونە هەژاری بێت. ئەوانە ئارەزووە پەنهانەکانن. نووسەرەکە دەترسا بچێتە ژوورەکەوە، چونکە هیچ متمانەیەکی بە خۆی نەبوو. 

سەبارەت بە زاناکەش، ئەو هەرگیز نەیدەویست بچێتە ژوورەکەوە. لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتاوە بۆمبێکی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو بۆ ئەوەی ژوورەکە وێران بکات. چونکە بە باوەڕی ئەو، ژوورەکە شوێنێکە خەڵکی دەروونپەشێو دەتوانن سەردانی بکەن و بەو جۆرە دەبنە مایەی مەترسی بۆ سەر تەواوی ژیان لەسەر گۆی زەویدا. بەڵام دەست لە پلانەکەی هەڵدەگرێت چونکە ئەگەری هاتنەژوورەوەی کەسێک بۆ ژوورەکە کە ئارەزووی هێزی ڕەهای  هەبێت زۆر لاوازە و ترس لەم ئەگەرە ئەقڵانی نییە. ئەو دەزانێت خەڵکی بەزۆری ئارەزووگەلێکی سنووردارتری وەک پارە و پێگە و سێکسیان و… هەن. هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە ستاکەر قایلی دەکات ئەو کارە نەکات، پێی دەڵێت کە وەها شوێنێک پێویستە بە پارێزراوی بمێنێتەوە. شوێنێک خەڵکی دەتوانن بەئومێدەوە سەردانی بکەن، خەڵکانێک کە شتێکیان دەوێت یان پێویستیان بە ئایدیاڵێکە.

لە کۆتاییدا ستاکەر لەبەر ترسی ئەو پیاوانەی کە ناچنە ژوورەکەوە دەست دەکات بە گریان و شۆک دەبێت بەو ڕەفتارەیان.

تارکۆڤسکی: ڕوونە کە ئەوان ناچنە ژوورەکەوە، چونکە دەترسێن. سەرەتا، نووسەرەکە دەترسێت. هەستێکی بێهوودەیی و بێبەهایی هەموو بوونی دەتەنێت و لەگەڵ خۆیدا بیر دەکاتەوە: ئەگەر قەرار بێت هیچ شتێک ڕوو نەدات بۆچی دەبێت بچمە ژوورەکەوە؟ لە لایەکی ترەوە لەوە تێدەگات کە ئارەزووەکان نە لەو ژوورە و نە لە هیچ شوێنێکی تری دونیادا بەدی نایەن. بارودۆخەکە، بارودۆخێکی دژبەیەک و ناڕوونە. ستاکەریش بەم هۆیەوە نیگەران و پەرێشانە، لەبەر ئەوەی هیچ کەس بەڕاستی باوەڕی بە بوونی ئەو ژوورە نییە. نووسەرەکە بەتەواوی ئەوە ڕەت دەکاتەوە ئەو ژوورە بوونی هەبێت. نووسەرەکە دەڵێت: “بە ئەگەرێکی زۆرەوە شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە.” لە زاناکە دەپرسێت: “کێ بە تۆی گوتووە ئەو ژوورە بوونی هەیە؟”، زاناکە ئاماژە بۆ ستاکەر دەکات. ستاکەر تاکە شاهیدی ئەو ژوورەیە و تاکەکەسیشە باوەڕی پێیەتی. هەموو زانیارییەکان سەبارەت بەو ژوورە لە ستاکەرەوە سەرچاوە دەگرن، هەر بەم هۆیەوە دەکرێت بە ئاسانی وا وێنا بکرێت هەموو ئەم شتانە لەلایەن خودی خۆیەوە دروست کرابن. ئەوەی بە لای ستاکەرەوە کارەساتی سەرەکییە ترسی ئەو دووانە نییە، بەڵکوو بێباوەڕییانە. باوەڕێک کە چیدی  هیچ شوێنێکی لە جیهاندا نییە. 

مەبەستت لە چ جۆرە باوەڕێکە؟

تارکۆڤسکی: باوەڕ، باوەڕە. بەبێ باوەڕ مرۆڤ لە ڕیشە مەعنەوی و ڕۆحییەکانی خۆی جودا دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ تاکێکی نابینا. بەدرێژایی مێژوو پێناسە و تەعبیری جیاواز دەربارەی باوەڕ خراونەتە ڕوو، بەڵام لەم قۆناغە وێرانەی باوەڕدا، ئەوەی بە لای ستاکەرەوە گرنگە، وەبڵێسەخستنەوەی پزیسکی باوەڕە لە دڵی مرۆڤەکاندا. 

لە لایەن حکوومەتەوە قەدەغە کراوە خەڵک بۆ ئەو ناوچەیە بڕۆن، ئایا ئەمە میتافۆرە؟ ئایە ئەم هەنگاوە بەو مانایەیە کە دەسەڵاتدارەکان نایانەوێت خەڵکی بە ئارەزووە ڕاستەقینەکانیان بگەن؟

تارکۆڤسکی: بۆ من قورسە هۆکاری قەدەغەکردنەکە ڕوون بکەمەوە، دەکرێت بە هەر هۆیەک بێت. ڕێگەدان بە چوونەژوورەوە بۆ هەموو کەسێک کارێکی مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی لەوانەیە کەسێک ئەو ئارەزووەی لە سەردا بێت کە ئاسایشی کۆی کۆمەڵگا بخاتە مەترسییەوە. ڕەنگە ئەم کارە لە غەریزەی ژیانیشەوە سەرچاوە بگرێت. بڕیاردانێکی سروشتییە. جگە لەوەش، هەموو کۆمەڵگایەک حەز دەکات سەقامگیریی خۆی بپارێزێت. 

ئەو ڕێگەیانەی بەرەو ژوورەکە دەچن بەردەوام دەگۆڕێن، هەڵبژاردنی یەکێک لەو ڕێگەیانە قورسە. دەکرێت مەترسی لە هەموو شوێنێکدا خۆی مەڵاس دابێت.

تارکۆڤسکی: وەک چۆن ستاکەر لە یەكێک لە مەنەلۆگەکانیدا دەڵێت، ئەمنیەت و ئاسایشی هەر سەفەرێک گرێدراوە بە بارودۆخی دەروونیی تاکەکانەوە. ئەگەر موسافیران بە ئارەزووی ڕاستەقینەوە بچنە ناوچەکەوە هیچ شتێک نابێتە مایەی ترسان. گەر بە پێچەوانەوە بێت هەموو شتێک دەگۆڕێت و شوێنێکە پڕ دەبێت لە مەترسی. گۆڕانکاری و کۆسپگەلێک دروست دەبن. 

پارچەپەڕۆیەک بە ئاسنێکەوە ماوەتەوە وەک سەمبولێکی وێنەیی جێگەی سەرنجە…

تارکۆڤسکی: هیچ مانایەکی تایبەتی نییە. ئەگەر ڕێگە پڕ مەترسی بێت و بێئاگا بیت لەو پێشهاتانەی دێنە بەردەمت، چۆن بڕیار دەدەیت؟ بە فڕێدانی ئەو پارچەپەڕۆ و ئاسنە دەتوانیت ڕێگەی بەردەمت دیاری بکەیت.

لە خاڵێکی دیاریکراودا، یەکێک لەوان جودا دەبێتەوە، دواتر بە شێوەیەکی تەمومژاوی دووبارە لە هەمان شوێندا بەوان دەگاتەوە. وەک‌بڵێی لە خەوندا…

تارکۆڤسکی: زاناکەیە کە لێیان جیا دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی بە شوێن کۆڵەپشتەکەیدا دەگەڕا. بەڵام بۆچی ئەوان دووبارە ئەو لە هەمان شوێندا دەبیننەوە؟ پێش هەر شتێک دەکرێت وا وێنا بکرێت ئەوان  ون بووێتن. جگە لەوەش، ئەگەر ناوچەکە وەک ئەوەی ستاکەر دەڵێت، هەموو هێزێکی لەژێر دەستدا بێت، دەکرێت میلیۆنان هۆکار بۆ ئەم ونبوونە دابنرێت. لە کۆتاییدا، دەکرێت ستاکەر ئاگاییانە ئەوانی بە ڕێگایەکی هەڵەدا بردبێت بۆ ئەوەی کەشێکی ئاڵۆز و ڕەمزئامێز دروست بکات. ئەم هۆکارەش قایلکەرە. هەرگیز ناتوانیت لەوە دڵنیا بیت ژوورەکە بوونی هەیە یان نا. پرسە سەرەکییە ئەمەیە.

لە خانوویەکی چۆڵ و مەترووکەدا زەنگی تەلەفۆنێک دێت. دیمەنێکی جوانە، بەڵام ئەمە چۆن ڕوو دەدات؟

تارکۆڤسکی: باشە بۆچی نا؟ زۆر ئاساییە تەلەفۆنێکی کۆن لەوێدا هەبێت کە تێک نەچووبێت و کەسێک پەیوەندی پێوە بکات، بۆچی پێت وایە ئەمە ناشێت ڕوو بدات؟

ستاکەر وەکوو پەیامبەرێک وایە، کەسایەتییەکی هاوشێوەی مەسیحە… 

تارکۆڤسکی: بەڵێ، ئەو پەیامبەرێکە باوەڕی وایە لەدەستچوونی مەعنەویەت جۆری مرۆڤ لەناو دەبات. لە ڕاستیدا چیرۆکی [ئەم فیلم]ـە دەربارەی قەیرانی دەروونیی یەكێک لە دوایین ئایدیاڵگەرا بەجێماوەکانی جیهانە.

بۆچی فیلمەکە ناوی “ستاکەر”ـە، ناوی “ژووری ئارەزووەکان” یان “ناوچەکە” نییە؟

تارکۆڤسکی: ژووری ئارەزووەکان ناونیشانێکی گونجاو نییە، پێم وایە فیلمەکەمان بەرهەمێکی ڕیاڵیستییە، نەک ئەوەی فیلمێکی فەنتازی یان زانستی\خەیاڵی بێت. “ناوچەکە”ش لە ڕووی تەکنیکییەوە لەڕادەبەدەر تایبەتە. لە کاتێکدا ستاکەر بەسادەیی ناوی ئەو کەسەیە کە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە. لە فیلمەکەدا گێڕانەوەی ئەو گرنگە.

کۆتایی فیلمەکەی خۆت، چۆن دەبینی؟ 

تارکۆڤسکی: ئەوان دەگەڕێنەوە، هاوسەرەکەی ستاکەر دەبینێت ستاکەر بەتەواوی تێکشکاوە، چونکە هیچ کەس ئیتر باوەڕ بە خۆی و چیرۆکەکەی ناکات.

ئەی دەربارەی کیژۆڵەکە؟

تارکۆڤسکی: لە کۆتاییدا هاوسەرەکەی ستاکەر لێی دەپرسێت: “ئایە دەتەوێت لەگەڵ تۆدا بێم بۆ ناوچەکە؟” ستاکەر وەڵام دەداتەوە: “لەمە بەدوا هیچ کەس لەگەڵمدا بۆ ئەو ناوچەیە نایات، چونکە چیدی هیچ کەس ئومێدی بە هیچ شتێک نییە.” هاوسەرەکەی دووپاتی دەکاتەوە: “دەتەوێت لەگەڵتدا بێم، من ئارەزوویەکم هەیە؟” ستاکەر وەڵام دەداتەوە: “نا، نابێت لەگەڵ مندا بێیت، لەبەر ئەوەی ڕەنگە ئومێد لە بوونی تۆشدا تووشی دڕدۆنگی بێت.” ئەوە بۆ ئێمە زۆر ڕوون نییە کە بۆچی ستاکەر نایەوێت هاوسەرەکەی لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ ناوچەکە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت نووسەرەکە قەناعەتی پێ هێناوە کە لەو ژوورەدا هیچ شتێک ڕوو نادات، کە شوێنێکی ناتەندروست و بێسوودە. ڕەنگە ئەمە هۆکاری نەبردنی هاوسەرەکەی بێت بۆ ناوچەکە. بەڵام ئەو ناچارە کەسانی تر لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەی دەقدەقە ئایدیاڵگەراییەکەی بەردەوام بێت. هیچ شتێک دەربارەی کیژۆڵەکە نازانم… زۆر بەسادەیی، ئەو ئومێد دەنوێنێتەوە، منداڵان هەمیشە سەمبولی ئومێدن. دەشێت لەبەر ئەوە بێت داهاتوو پەیوەستە بەوانەوە. بە هەرحاڵ یاسای ژیان بەو جۆرە دەڕواتە پێشەوە.

ئەی هێزە جادووییەکانی کیژۆڵەکە؟

تارکۆڤسکی: لە ڕووی سەمبولییەوە، ئەم هێزانە ڕوانگەیەکی نوێ دەردەخەن. هێزی مەعنەویی نوێ کە هاوشێوەی هێزە مادییە نوێیەکان بۆ ئێمە نەناسراون. جگە لەمەش دەکرێت ئەو هێزانە وەک سەمبولی شتی تریش دابنرێن. مرۆڤەکان هەمیشە نیگایان لە کۆتایی زەمەنە، لەوانەیە بە هۆی ئەوەوە بێت لە ژیانی خۆیان ڕازی نین. هەر بە هۆی ئەم نیگایەوەیە درێژە بە ژیان دەدرێت. ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمین، ئەمەش کۆمەک بە کۆتایی زەمەن دەکات.

لە گەشتی دواتردا چ کەسێک لەگەڵ ستاکەردا دەڕوات؟

تارکۆڤسکی: بیرۆکەی بەرهەمهێنانی فیلمێکی ترم هەبوو کە کەسایەتییە سەرەکییەکانی، ستاکەر و هاوسەرەکەی و کیژۆڵەکە و نووسەرەکە بن. لە فیلمەکەدا بە ڕوونی ئەوە دیار دەبوو کە ستاکەر باوەڕەکەی لەناو چووە و بووەتە فاشیستێک. لە کاتێکدا کە هیچ کەسێک نایەوێت لەگەڵیدا بچێت، خەڵک بەرەو پێچەوانەی ویستەکانیان دەبات. 

چی بەوانە دەڵێیت کە پێیان وایە ستاکەر فیلمێکی نائومێدکەرە؟

تارکۆڤسکی: نازانم. باوەڕم بەوە نییە. باوەڕم بەوە نییە بەرهەمێکی هونەری بتوانێت لەسەر جۆرە هەستێکی وەها بەرهەم بهێنرێت. [بەرهەمی هونەری] دەبێت مانایەکی ئەرێنی و ڕۆحانی هەبێت و ئومێد و ئیمان لەخۆ بگرێت. پێم وایە فیلمەکەم بەرهەمێکی نائومێدکەرانە نییە. ئەگەر وا بێت ئەوا بەرهەمێکی هونەری نییە. تەنانەت ئەگەر چرکەساتی نائومێدبەخشانەش نیشان بدات، هێشتا هەوڵ دەدات ئەو چرکەساتانە تێپەڕێنێت. ئەم بەرهەمە جۆرە پاکبوونەوەیەکە لە ڕێی هونەر (کاتارسیس)ـەوە. بەرهەمێکی تراژیدییە و تراژیدیاش نائومێدکەرانە نییە. چیرۆکێکە دەربارەی وێرانی و نائومێدی، کە لە بوونی بەردەنگدا هەستی ئومێدبەخشانە دەورووژێنێت. هەڵبەت بە هۆی هەمان ئەو “کاتارسیس”ـەی کە ئەرەستۆ باسی دەکات، تراژیدیا مرۆڤ پاک دەکاتەوە.

فیلمەکەت جۆرە دیالۆگێکی ئەفڵاتۆنی لەخۆ گرتووە، کە تێیدا شیعر و فەلسەفە تێهەڵکێش دەبن.

تارکۆڤسکی: دروستە. ئەو هەستە لە تۆدا دروست بووە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا فیلمەکە گێڕانەوەی گەشتێک نییە، بەڵکوو دیالۆگێکە کە کارەکتەرەکان تێیدا شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان کەشف دەکەن. بە بڕوای من فەیلەسوفە ڕاستەقینەکان هەمیشە شاعیر بوونە و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. دەمویست وێنە و سەمبولەکان لەگەڵ هەستەکاندا تێهەڵکێش بکەم، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە فیلمەکە خاڵی بێت لە ناوەڕۆکی ئەقڵانی. هەر وێنەیەک هەر چەندە کاریگەر بێت، کە هەڵبەتە دەبێت کاریگەر بێت، مانایەکی گرنگ و زۆر ئەقڵانی هەیە. هەر بۆیە ناتوانم “ئەقڵ و هەست” لە یەکتر جودا بکەمەوە.

بۆچی کارەکتەری زانا و نووسەرەکەت خوڵقاند؟

تارکۆڤسکی: سەبارەت بە زاناکە، هۆکارێکی سادە هەبوو، کێ دەتوانێت بۆمبێک دروست بکات؟ ئەم کارە بۆ زانایەک زۆر ئاسانە، چونکە هەموو ئامرازە تەکنیکییە پێویستەکانی لەژێر دەستدایە. جگە لەم هۆیە، پێویستی ناکرد ئەو کارەکتەرەم ئیلا زانا بێت، دەکرا ئەو کارەکتەرەم کەسێکی تر بووایە و پیشەیەکی تری هەبووایە، بەڵام ئەم کارە تەنیا گێڕانەوەی دروستکردنی بۆمبەکەی سەختتر دەکرد.

ئەی سەبارەت بە نووسەرەکە؟ 

تارکۆڤسکی: کارەکتەری نووسەرەکە بۆ من گرنگیی زۆری هەیە. هەڵبەتە دەکرا کەسێکی تر بێت، نیگارکێشێک، مۆسیقارێک، شاعیرێک، هەر کەسێک کە لەگەڵ چالاکییەکی مەعنەویدا سەروکاری هەبێت. کەوایە بۆچی نووسەرێک نەبێت؟

هەر کام لەو سێ کارەکتەرە بەشێک لە بوونی تۆ دەنوێنێتەوە. هەر کامیان یەک لەسەر سێی تارکۆڤسکییە. بەم جۆرە نییە؟

تارکۆڤسکی: بەڵێ، بەڵام زیاتر لە هەمووان لەگەڵ ستاکەردا هەست بە نزیکایەتی دەکەم. ئەو باشترین بەشی بوونی منە، هەڵبەتە بەشێک کە کەمترین واقیعیەتی هەیە. جگە لەو، لەگەڵ نووسەرەکەشدا هەست بە نزیکایەتی دەکەم. ئەو کارەکتەرێکە ڕێگەی خۆی ون کردووە، بەڵام پێم وایە لەناو ئەو تەنگوچەڵەمە دژوارەدا ڕێگەی مەعنەویی خۆی دەدۆزێتەوە. دەربارەی زاناکە هیچ شتێک نازانم، ئەو کەسێکی زۆر داخراوە. حەز دەکەم وەک ئەو بم، چونکە سەرەڕای داخراوییەکەشی، هەوڵ دەدات زەینی خۆی بگۆڕێت. ئەو بۆ گەیشتن بە ئاگایی، خاوەنی زەینێکی کراوە و توانایەکی بەرزە.

لەم فیلمەدا، هاوشێوەی فیلمی “ئاوێنە”، ئاو ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. چەندین دیمەنی ژێرئاوی بوونیان هەیە و چەندین دیمەنی ئاوی بە ڕەنگاوڕەنگییەکی سەرسووڕهێنەرەوە. ئەم دیمەنانە چ شتێک نیشان دەدەن؟ ڕەنگەکانت چۆن هەڵبژاردوون؟

تارکۆڤسکی: نازانم. پێم وایە گەر دەست بە قسەکردن بکەین دەربارەی ئەم بابەتانە، وتووێژەکەمان تا ئەبەد بەردەوام دەبێت. بە هەرحاڵ، لە کاتی وێنەگرتندا ڕوانینی ئێمە بۆ ئەم بابەتانە هاوشێوەی ڕوانینی نیگارکێشەکانە.

شتە وێران و داڕزاوەکان کە لە ژێرئاودا وێنەت گرتوون، ئایە هەر خۆیان لەو شوێنانەدا بوون، یان لە شوێنی ترەوە هێنابووتن؟ 

تارکۆڤسکی: بەشێکیان هەر خۆیان لەو شوێنانەدا بوون و هەندێکی تریشیانم لە شوێنی ترەوە بۆ ئەوێ هێنابوون.

لە ڕوانگەی تۆوە “ناوچەکە” چ جۆرە شوێنێکە؟ جێگەیەکی خەیاڵی؟

تارکۆڤسکی: نازانم. بە جۆرێک دەکرێت وەک دروستکراوی خەیاڵاتی ستاکەر دابنرێت. ڕوانینی ئێمە بۆ ناوچەکە بەم جۆرە بوو: ستاکەر کەسێک بوو ئەو جێگەیەی خوڵقاند تاکوو خەڵک بۆ ئەوێ ببات و گۆشە گۆشەی ئەوێیان پێ نیشان بدات و ڕاستەقینەبوونی ئەو شوێنە بۆ هاوسەفەرانی خۆی بسەلمێنێت. هەر بۆیە شتومەکەکانی نێو ئاوەکە و ئەو ئاگرەشی کە ئەو دای گیرساندبوو، بۆ موسافیرەکان سەرەچاوەکەیان نادیار بوو. من بەتەواوی باوەڕم بەوەیە کە ئەم جیهانە دروستکراوی ستاکەر خۆیەتی، تا لە ڕێگەی ئەمەوە باوەڕی نیشان بدات: باوەڕ و واقیعیەتی خۆی نیشان بدات. گریمانەی خوڵقاندنی ئەم جیهانە بە دەستی ئێمە، گریمانەیەکی لەبار و لێزانانەیە، تەنانەت نەخشەی کۆتاییەکی جیاوازیشمان کێشا کە تێیدا بە بەردەنگ دەڵێین، ستاکەر ئەم گشتێتییەی هێنایە کایەوە، بەڵام سەرەنجام نائومێد بوو، چونکە هیچ کەس باوەڕی بە جیهانەکەی نەبوو. وێنای پیاوێکی دەوڵەمەند بکەن کە بە سوود بینین لە بەشی جیاواز جیاواز جیهانێک دروست دەکات. بۆ نموونە خانوویەک چێ دەکات و هاوڕێکانی بانگێشتی ئەو خانووە دەکات تا بیانخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ڕوونە ئەگەر من لە جێی ئەو بم هەرگیز ناڵێم پێشووتر هاوشێوەی ئەم خانووەم بینیوە، بەڵکوو وەک دروستکراوی دەستی خۆم دایدەنێم. زانین و باوەڕ (خانوو یان ناوچە) ئەزموونێکی کەشفکەرانە و سەرنجڕاکێشە، بەڵام بۆ ئەوانی تر. ئەم پرۆسەیە وەک بنەمای شێوە خوڵقاندنی ستاکەر دادەنرێت. 

لە جێگەیەکی فیلمەکەدا ڕستەیەک هەیە دەربارەی ئەوەی کە چۆن ڕۆشنبیران بۆ بچووکترین کارێک کە دەیکەن، ئومێد و چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە پاداشت بکرێن.

تارکۆڤسکی: بەڵێ، ڕاستە. ستاکەر لە کۆتایی ڕێیەکەدا ئەم ڕستەیە دەڵێت. لە ڕاستیدا مرۆڤی ئەمڕۆ لە بەرانبەر هەر شتێکدا چاوەڕوانیی پاداشتی هەیە. مەرج نییە تەنیا پارە بێت، تەنانەت مرۆڤێک کە هەوڵ دەدات ڕەفتاری ئەخلاقی هەبێت تەنیا دەیەوێت وەک مرۆڤێکی خاوەن ئەخلاق بناسرێت. ڕوانگەی مرۆڤی ئەمڕۆ وەهایە و پێم وایە ئەم ڕوانگەیە بە هۆی لەدەستچوونی مەعنەویەتەوە دێتە کایەوە.