رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ سلاڤۆی ژیژەک

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: دیانا دیڵوۆرس

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

١. بۆچی ستالینیزم زیاتر لە نازیزم لادەرتر بوو

پرسیار: لە دۆخی پێگەی فەلسەفەی ئەمڕۆدا دەموچاوی زۆر کەست گرژ کردووە، بۆ نموونە گوتووتە ستالینیزم لە نازیزم خراپترە، سەرەڕای ئەو دیمەنە ناشرینەی هۆڵۆکۆست. دەتوانیت گرنگیدانت بە ستالینمان بۆ باس بکەیت و بۆچی پێتوایە ڕژێمەکەی زۆر لەڕووی فەلسەفییەوە کێشەیەکی گەورەتر وەک لە نازیزم؟

سلاڤۆی ژیژەک: لە دوای دووەم جەنگی جیهانییەوە شتێکی سروشتی بوو لە فەلسەفەدا باس لە نازیزم و هۆڵۆکۆست بکرێت وەک ڕادیکاڵترین ئەهریمەن. ناتوانیت نازیزم بەراورد بکەیت بە هیچ ستراتیژییەکی ئەقڵانی. ئەو ئایدیایەی کە پێیوایە ئەزموونی هۆڵۆکۆست هەڕەشەبوو بۆ سەر سەرجەم نەریتی فەلسەفی، کە یاسایەکی خوداییە، ئەو ئایدیایەی تەنانەت ئەگەر شتەکانیش پووچ بن و شکستبێنن و…هتد هەموو ئەم تراژیدیایانە بەشێوەیەکی ڕێژەیی بەشێکن لە پڕۆژەیەکی هارمۆنی. دەکرێت پلانێکی خودایی بێت، یاخود گەشەکردنی مرۆڤایەتی و یاخود هەرچییەک بێت. ئایدیاکە ئەوەیە کە هۆڵۆکۆست ناکرێت بەشێوەیەکی ئاقڵانی بفەلسەفێندرێت.

بێگومان پێموایە هۆڵۆکۆست تۆقێنەر بوو (تەنانەت وتنی ئەمەش زۆر قێزەونە)، بەڵام بۆ من ستالینیزم کێشەیەکی فەلسەفیی گەورەترە وەک لە نازیزم. بۆ نموونە جیاوازییەکی بنچینەیی لەنێوان دۆخی قوربانییەکانی نازیزم و ستالینیزمدا هەیە. لەژێر دەسەڵاتی نازیزمدا تۆ ئەگەر جوولەکە بوویتایە زۆر بەسادەیی دەکوژرایت، هیچ پرسیارێک نەدەکرا و پێویستیش نەبوو هیچ بسەلمێنیت. تۆ بەوەی کە هەیت تاوانباریت: تۆ جوولەکەیت، دەکوژرێیت، تەواو. بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی ستالینیزمدا زۆربەی قوربانییەکان دەچوونە مەحکەمە بەهۆی تۆمەتێکی ساختەوە: زۆرینەیان خیانەتکار نەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخێکی سەیر هەبوو، هەموویان سزا دەدران یاخود هەڕەشەیان لێدەکرا کە ددان بنێن بەوەی خیانەتیان کردووە [لە کاتێکدا هیچیشیان نەکردووە].

پرسیار: کەواتە پرسیارەکەی تۆ لەسەر شێوازی کارکردنی سیستەمە؟

سلاڤۆی ژیژەک: بەڵێ. بۆچی دەبێت وایان لێ بکرێت ددان بە شتێکدا بنێن؟ و بۆچی ئەمە لە بەتەواوتی غیابە لە فاشیزمدا؟ لە فاشیزمدا ئەگەر تۆ جوولەکە بوویتایە، زۆر بەسادەیی دەکوژرایت. کەس بیری لەوە نەدەکردەوە جوولەکەیەک دەستبەسەر بکات و ئەشکەنجەی بدات تا ددان بە جوولەکەبوونی خۆیدا بنێت. چونکە لە فاشیزمدا تۆ بەهۆی تەواوی بوونتەوە تاوانباریت. ئەو ڕاستییەی کە دەبێت ددان بە تاوانێکدا بنێیت ستالینیزم دەکاتە سیستەمێکی پارادۆکس و لادەر. ئایدیاکە ئەوەیە، بەشێوەیەکی سەیر ددان بەوەدا دەنێت کە تۆ هیشتا مرۆڤێکی ئازادیت، هەڵبژاردنت هەیە. تۆ تاوانباریت و پێویستە ددان بە تاوانەکەتدا بنێیت. ئەمەش وا لە ستالینیزم ناکات کەمتر ئازاربچێژێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تاوانبارکردنە ڕادیکەڵە، واتا “تۆ جوولەکەیت، لەبەرئەوەی جوولەکەیت کەواتە تۆ تاوانباریت” لە ستالینیزمدا بوونی نەبووە. بەشێوەیەکی تەواو لادەر و پووچ و شێواو لەژێر دەسەڵاتی ستالینیزمدا لە پەراوێزدا هەندێک لە ئازادییەکانی مرۆڤ ناسێندراوە. کەواتە بەرئەنجامەکە لە ستالینیزمدا ئەوەیە: هەمووان بەشێوەیەکی پۆتێنشاڵی و ماتەوزەییانە [ئەگەری] بوون بە قووربانیی کتوپڕیانەی هەیە.

پرسیار: کەواتە قسەکەی تۆ لەسەر ئەوەیە با نازیزم فەرامۆش نەکەین، بەڵام پێویستە دووبارە بە ستالینیزمدا بچینەوە.

سلاڤۆی ژیژەک: ئەگەر ئەمە بخەمە چەمکێکی سادەوە، بەشێوەیەکی ڕێژەییانە شیکردنەوەی فاشیزم ئاسانە. دیاردە و فینۆمینۆیەکی کاردانەوەییە. نازیزم بریتی بوو لەوەی هەندێک کەسی خراپ هەندێک ئایدیای خراپیان هەبوو و بەداخەوە لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو بوون. تراژیدیاکەی ناو ستالینیزم ئەوەیە کە بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە پڕۆژەی ڕزگاریخوازیی ڕادیکاڵ. لە بنچینەکانیدا تۆ جۆرێک لە یاخیبوونی کرێکارانت هەیە، ئاڵۆزییە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە چۆن ئەم پڕۆژەی ڕزگاریخوازییە بەڕێیەکی هەڵەدا ڕۆیشت. ئەمەش مەتەڵێکی ئاڵۆزترە [وەک لە نازیزم]. بەشێکی زۆری نوێنەرانی بیری مارکسیزم لە سەدەی بیستەمدا – تیۆری ڕەخنەیی قوتابخانەی فرانکفۆرت – گرنگیان بە فاشیزم، دژە سامیگەرایی و ئەو شتانە دەدا و زۆر بەسادەیی بابەتی ستالینزمیان فەرامۆش کردبوو. بێگومان هەندێک کتێبی بچووک هەبوون، بەڵام تیۆرییەکی سیستەماتیکی سەبارەت بەوەی ستالینیزم چییە، نەبوو. بۆیە کلیلی [تێگەیشتن] لە دیاردەی سەدەی بیستەم بریتییە لە ستالینیزم. چونکە دووبارە، فاشیزم سادەیە، کاردانەوەی کۆنزەرڤاتیانە بە هەڵەدا دەڕوات. ئاڵۆزییە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە بۆچی ستالینیزم یاخود کۆمۆنیزم بە هەڵەدا بردرا.

پرسیار: گەیشتوویت بە هیچ بەرئەنجامێک؟

سلاڤۆی ژیژەک: زۆر زەحمەتە: هێشتا خەریکم کاری لەسەر دەکەم. ئەنجامگیرییەکەم وەک ڕوانگەی کۆنزەرڤاتیڤ و لیبڕاڵەکان نییە بەوەی کە ستالینیزم وەک پیشاندانێکی لۆجیکییانەی هەر پڕۆژەیەکی ئەوەی پێی دەگوترێت سەردەمی پۆست-سیاسەت دەبینرێت: ئەو ئایدیایەی کە دەڵێت سەردەمی پڕۆژەکان تەواو بووە و ئەوەی لەسەرمانە ئابووریی بازاڕی جیهانی کاپیتاڵیزم و جیهانگەرایی قبووڵ بکەین. ئەمڕۆ هەر کەسێک بخوازێت لە سیاسەتدا ڕیسکێک بکات، یەکسەر پێی دەگوترێت “ئۆهـ تۆ هیچ شتێک لە وانەکانی مێژوو فێر نەبوویت، سەرئەنجام وەکو هۆڵۆکۆستی لێدێت.” ئەمەش بابەتێکی هەمیشەیی گومانگەرای لیبراڵ-کۆنزەرڤاتیڤی مۆدێرنە، کە وانەکانی سەدەی بیستەم لەپناو هەر هەوڵێکی ڕادیکاڵانە بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە کۆمەڵکوژیی گەورە. ئەم ئایدیایە گەڕانەوەیە بۆ پراگماتیزم، “با سیاسەت لە ئێتیک جیابکەینەوە، پێویستە سیاسەت سنووردار بکەرێت، پراگماتیک بکرێت، تەنیا ئێتیک و ئەخلاق ڕەها و ئەبسلوتن.”ئەوای من خەریکم دووبارە بیر لە هەموو ئەم کێشانە دەکەمەوە، ڕێک بریتییە لەوەی  هەموو ئەو ئەنجامگیرییانە[ـی کۆنزەرڤاتیڤ و لیبڕاڵەکان] دوور بخەمەوە.

٢. کۆتایی لیبڕاڵی میانڕەو

پرسیار: کەواتە تۆ زۆر بە توندی دژ بەم خوێندنەوەی لیبڕاڵییانەی ئایدۆلۆجیای پشت جەنگی دووەمی جیهانییەوەیت. ئەمەش دەمبات بۆ ئەوەی بیربکەمەوە کە تۆ چۆن بەوە ناسراویت لە کتێبەکانتدا ڕەخنە لە لیبڕاڵیزم دەگریت، کە وەک سیاسەتی دروست، پڕاگماتیزم، ئەکادیمیای ئەمریکا و…هتد خۆی مانیفێست کردووە. کەواتە ئەمە دەبێتە ڕەخنەی تۆ لەسەر ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە؟

سلاڤۆی ژیژەک: بەر لە هەرشتێک، من کێشەیەکی زۆر گەورەم لەگەڵ لیبڕاڵیزمدا نییە. لە بنچینەدا لیبڕاڵیزم پڕۆژەیەکی تەواو شکۆدارانە بووە ئەگەر کەسێک تەماشای دروستبوونەکەی بکات. لەمڕۆدا ڕەخنەگرتن بە فیمینیزیم، دژە ئەورووپا سەنتەری بووەتە مۆدە تا لیبڕاڵیزم وەلابنێن لە بنچینەکانی داخوازیی یەکسانی بۆ هەمووان. دووەم تۆمەتخستنەپاڵی لیبڕاڵیزم بریتییە لەوەی کە لیبڕاڵیزم لەسەر ئەو شتەی کە زۆرینەی ئاییندارانی ئەمریکا حەزدەکەن پێی بڵێن هیومانیزمی سیکۆلار: ئەو ئایدیایە کە هیچ بوونێکی باڵا و نهێنییەک لە گەردووندا نییە. ڕەخنەکەیان ئەوەی کە ئەم ئایدیایە – مرۆڤ وەک ئاغای خۆی دەسەڵاتی ڕەها و چارەنووسی خۆی گرتۆتە دەست – بریتییە لە خۆبەزلزانینی مرۆڤ، ئەم جۆرە ڕەخنانە وەک تەقەکردنن لە تاریکیدا.

یەکەم، پێموانییە شتەکەش بۆ جۆرە سادە بێت لەبەر دوو هۆ کار. ئەوە فاکتێکی مێژووییە کە سەرەتای ئایدیای مافی مرۆڤ و هەموو ئەو بیرکردنەوە لیبڕاڵیانە، بەشێوەیەکی کاریگەر لەلایەن چەند کەسێکی دیاریکراوەوە دەلالەتی لێکرابوو. لەگەڵ ئەوەشدا لە تەنگەژەی نێوان ڕواڵەت و واقیعدا (ڕواڵەت: هەمووان مافە مرۆییەکانیان هەیە. واقیع: زۆرێک، لەژێر هەندێکە وردە یاسادا دوورن لە مافە مرۆییەکان)، زۆرێک لەم تەنگەژانە وات لێ دەکات ناتوانیت هەروا بەسادەیی بڵێیت دەرکەوتن یاخود ڕواڵەت ماسکی داپۆشینی چەوساندنەوەی واقیعە. ڕواڵەت پێویستی بە هێزێکی ڕزگاریدەی کۆمەڵایەتییە خۆی هەیە. بۆ نموونە، بێگومان لە سەرەتادا ژنان لە دەرەوەی ئەم مافانەدا بوون. دواتر و هەر لە سەرەتادا ژنان گوتیان “بەڵام بۆچی ئێمە ناگرێتەوە؟” دواتر ڕەشپێستەکان گوتیان “ئەی ئێمە چی؟” و کرێکاران و…هتد. مەبەستم ئەوەیە هەموو ئەم گرووپانە کە ڕەخنە لە لیبڕاڵیزم دەگرن ئەو لیبڕاڵیزمەیە کە تێکەڵ بە ترادیسیۆنی لیبڕاڵی سەرەتاکانی بۆرژوازی بووە.

پرسیار: کەواتە تەنانەت ئەگەر لیبڕاڵیزم بە ڕوانگەیەکی سنووردارانەش دەستی پێکردبێت، لە ناوەوەیدا توانایەکی دروست کرد کە ئەوانی دیکە بۆ سوودی خۆیان بەکاری بهێنن؟

سلاڤۆی ژیژەک: بەڵێ. دووەم شتیش لەسەر لیبڕاڵیزم بگوترێت ئەوەیە کە بنچینەکەی لە بارێکی خۆبەزلزانانە نەبوو، بەڵکوو تەواو ڕاستگۆ و میانڕەو بوو دژ بە کێشەی لێبووردەی ئایینی لە دوای جەنگی سی ساڵە[1]. لە سەدەی حەڤدەهەمدا هەموو ئەورووپا لە شۆکدا بوو و دواتر لە دەرەوەی ئەم ئەزموونە تراوماییەدا ڤێرژنی لیبڕاڵیزم دەرکەوت. ئەو ئایدیایەی کە هەر کامێکمام هەندێک بڕوای بوونگەرا و ئایینی هەیە، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئایینەکەشمان داوامان لێبکات لەبەر داوای ئایینەکەمان یەکتری ناکوژین. دروستکردنی بناغەیەکی کۆمەڵایەتیی پێکەوەژیان، بۆشاییەک کە هەمووان دەتوانن تێیدا بیروباوەڕە ئایینەییەکانیان تێدا جێبەجێ بکەن. دووبارە، من هیچ شتێکی خراپ لە بنچینەی ئەم پڕۆژەیەدا نابینم.

پرسیار: هەروەها منیش. بەڵام پار بەشداریم لە وانەیەکدا کرد کە تۆ پێشکەشت دەکرد، زۆر بەتوندی ڕەخنەت لە لیبڕاڵیزم گرت. دەتوانیت ئەمەم بۆ ڕوون بکەیتەوە؟

سلاڤۆی ژیژەک: ئەو کێشەیەی ئەمڕۆ لە لیبڕاڵیزمدا دەیبینم (کە ئاڕاستەیەکی فەلسەفیی هەیە) کێشەی ئابووریی لیبڕاڵیزم نییە، بەڵکوو لیبڕاڵیزمی ڕادیکاڵی مافی مرۆڤە. خەمگینترین شت کە لە دوایین سی ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە لەناوچوونی ئەو بڕوایەیە کە بە کۆمۆنیزم هەمان بوو و تەنانەت لە بەرەی دەوڵەتە سۆشیال دیموکراتەکانی خۆرئاواشدا، ئەو ڕاستییە قبووڵکراوە کە چارەنووسی مرۆڤایەتی چارەنووسێکی نادیار نییە. ئەم بڕوایە کە هەندێک چارەنووسی کوێر ناتوانێت کۆنترۆڵمان بکات و ئەگەری ئاکتێکی بەکۆمەڵ و پێشکەوتنخوازانە لەناوچووە. پێموایە ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕوویدا بریتییە لەوەی لۆجیکی چارەنووسی کوێر گەڕاوەتەوە. سەرمایەداریی جیهانگیری زۆر بەسادەیی ئەوەی وەک ڕاستییەک قبووڵ کردووە کە تۆ ناتوانیت هیچ شتێک بکەیت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا خۆت بەدەستەوە دەدەیت یاخود خۆت لادەدەین و دووردەکەویتەوە؟ پرسیارێکی بەمجۆرە نابێت بخرێتە ناو شێوە کۆنە مارکسیستییەکەوە سەبارەت بە ململانێی چینایەتی، بەڵكوو بخرێتە ناو پرسی دژە-سەرمایەداری بەشێوەیەکی گشتی، ئەم جۆرە پرسیارەش لە ئێستادا نەماوە.

پرسیار: ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی قسە بکەین، بەڵێ. بەڵام من هاوڕات نیم لەوەی کە هەمووان کاپیتاڵیزمی جیهانییان قبووڵ کردبێت. ئەی چی دەربارەی بزووتنەوە دژە-سەرمایەدارییەکان کە لە دەیەی ڕابردوودا چەندین شوێنیان بەدەستەوە گرت؟ سیاتڵ، جیۆنا و…هتد چۆن بیر لەم گرووپانە دەکەیتەوە؟

سلاڤۆی ژیژەک: ئێستا ئەو بزووتنەوە دژە-سەرمایەدارییانە هێشتا لە سنوورێکی زۆر بەرتەسکدان. جیاوازییەکی ئاسۆیی لەنێوان من و تۆدا هەیە، لەنێوان گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا: کێشەی تۆلێرانس، کێشەی تۆلێرانسی نەژادی، ئایینی و کەمینە و..هتد. بۆیە کێشە بنچینەییەکە دەبێت بە کێشەی تۆلێرانس. من ناڵێم ئەمە شتێکی خراپە، بێگومان پێویستە لەپێناویدا خەبات بکەین، بەڵام پێموانییە ئەمە شوێنی پرسیارە بنچینییەکە بێت. کێشەی من لەگەڵ لیبڕاڵیزم لە پڕەنسیپدایە. ئەم جووڵەیەی چەپی نوێ یاخود ڕادیکاڵە نوێیەکان دژ بە کیشەی ناسنامەی سیاسی (کەمینەی سیاسی، مافی هاوڕەگەزخواز و…هتد) بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ لاواز دەکات. لەئێستادا پرسیارە ڕادیکاڵەکان زۆر بەسادەیی لەناوچوون.

بۆ نموونە با هاوڕێکەم، جودیس باتلەر بە نموونە بهێنین. بێگومان هەندێک جار لێرە و لەوێ بەجۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە جۆرێکی دژە-سەرمایەداری دەکات، بەڵام تەواو ئەبستراکتە، ئەوەی ئەو لە بنچینەدا دەیڵێت تەنیا ئەوەیە کە چۆن لیسبیانەکان و کەمینەی ڕەگەزە چەوساوەکان درک بە بارودۆخی خۆیان بکەن و خۆیان وەک ناسنامەیەکی سێکسیی کەم سەیرنەکەن، بەڵکوو وەک پێکهاتەی ناسنامەیەک کە لەسەر کۆمەڵێک هەرلومەرج درووست بووە و هەموو جۆرە سێکسواڵیتییەکانی دیکەش هەروان و…هتد و نابێت هیچ کەسێک بەشێوەیەکی جیا سەیر بکرێت. ئەو کێشەیەی من لێرەدا دەیبینم ئەوەیە هیچ جۆرە دژە-سەرمایەدارییەک لەم لۆجیکەدا بەدی ناکەم.  بەڵام لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەوەی ئەم سیاسەتی ڕاستە خەباتی بۆ دەکات نەک دژ بە سەرمایەداریی جیهانی نییە بەڵکوو زۆر بەجوانیش لەگەڵیدا دەگونجێت. پێموایە سەرمایەداریی ئەمڕۆ لە جیاوازییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە ساویلکەترین دەروونناس کاتێک باس لە سوبێکتی ئەمڕۆ دەکات کۆمەڵێک چەمکی وەک فرە سوبێکت، سوبێکتی ناسنامە چاککراوە، سوبێکتێک کە خودی خۆی بنیاتناوەتەوە و…هتد بەکار دەهێنێت. بۆیە کێشەی من ئەوەی ئەم بیروباوەڕە سەبارەت بەوەی دەبێت ناسنامەی خود بدۆزرێتەوە و دووبارە بنیات بنرێتەوە کێشە سەرەکییەکە نییە: هەرگیز ئەمەم بەلاوە کێشەیەکی سەرەکی نەبووە. پێموایە ئەمجۆرە لۆجیکە بەتەواوی دەچێتە چوارچێوە سەرمایەداریی ئەمڕۆوە کە تێیدا بۆ ئەوەی سەرمایەداری بتوانێت دووبارە خۆی بەرهەمبهێنێتەوە و بتوانێت بەپێی بارودۆخی ئەمڕۆی مەسرەفی کۆمەڵگا کار بکات، پێویست ناکات لە بنچینەوە شێوازی کارکردنی خۆی بگۆڕێت، بەڵکوو ئەوەی پێویستە سوبێکت بەردەوام خۆی دروست بکاتەوە.

٣. خواردنی ئۆرگانی، سەردەمی نوێی ڕوحانی و ئۆتۆمبێلی تازە

پرسیار: زۆر باشە، کەواتە پێت وایە ئەم بزووتنە دژە-سەرمایەدارییانە پرسیارە ڕاستەقینەکە ناکەن و دەشێت ئەمە بەڕاستی ترسناک بکەوێتەوە. دەزانم مەبەستت چیە. ئەمەش دەمخاتەوە ئەو نموونەیەی کە تۆ لە کتێبی “دەربارەی بە باوەڕ” هێناوتەتەوە سەبارەت بە بازاڕی خواردنی تەندروست. چۆن دەکرێت گەڕان بەدوای خواردنی ئۆرگانیدا، کە وا دەردەکەوێت باش بێت، بەڕاستی خراپ بکەوێتەوە. دەتوانیت ئەم مەبەستەتمان بۆ ڕوون بکەیتەوە؟

سلاڤۆی ژیژەک: ئەوەی لەمڕۆدا زیاتر و زیاتر گرنگی پەیدا دەکات بازاڕە تایبەتکراوەکانن و زۆر گرنگە ئەوە ببینی کە چۆن خواست و ئارەزووەکان بەشێوەیەک دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ مەسرەفکردن دەفرۆشرێت. خواردنی تەندرووستانە، خواردنی ئۆرگانی و…هتد ئەمە یەکێکە لە کلیلەکانی بازاڕی ئەمڕۆ. با کەسێکی ئاسایی بە نموونە وەربگرین کە خواردنی ئۆرگانی دەکڕێت: ئەو بەڕاستی ئەو خواردنە ناکڕێت بۆ ئەوەی تەندروست بێت، بەڵکوو ئەو لەبەر ئەوە دەیکڕێت تا بەشداریی هاوسۆزییەک بکات کە ئەو کەسێکە گرنگی بە سروشت دەدات. ئەو جۆرێک لە دروشمی ئایدۆلۆژیش دەکڕێت. کەواتە تۆ بەتەنیا بەرهەمێک ناکڕیت بەڵکوو جارێک لە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژیش دەکڕیت.

پرسیار: ئایا ئەمەش مۆدێلەکەت، واتا “بودیزمی ڕۆژئاوا”ـش دەگرێتەوە وەک سەردەمێکی نوێ کە فەلسەفە بۆتە بەرهەمێک کە لە کاپیتاڵیزمدا دەتوانیت شوێنی بکەویت (ناکرێت بودیزمی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات بوونی هەبێت)؟

سلاڤۆی ژیژەک: بەڵێ، دەزانی بۆچی؟ لە بنچینەی بیرکردنەوەی بودیستیدا خودێکی هەمیشەیی، سوبێکتێکی هەمیشەیی بوونی نییە و تەنیا ڕووداو هەیە. بەشێوەیەکی ئایرۆنی ئەمە تەواو ئاوێنەی ئەو ئایدیایەیە کە بەرهەمەکان جەوهەری نین، جەوهەر واتا ئەو ئازادییەی کە چۆن مەسرەفی بەرهەمەکان بکەیت و بازاڕ نابێت فۆکس بخاتە سەر بەرهەم. چیتر شتەکە بەم جۆرە نییە کە بگوترێت: ئەم ئۆتۆمبێلە ئەم کوالێتی و مواسەفاتانەی هەیە. نا، بەڵکوو ئەوەیە کە بە ئۆتۆمبێلەکە چی دەکەیت. ئەوا تا بتوانن دەیانەوێت بەگران پێتی بفرۆشن، واتا دەتوانی چی لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکە بکەیت، نەک خودی ئۆتۆمبێلەکە وەک بەرهەمێک. لە بازاڕی ئابووریدا ئەوەی هەیە لە ئێستادا بریتییە لە بەهادان بە بەهای ئەو شتانەی لە ژیانتدا مەسرەفی دەکەیت. بۆ نموونە [تا ئەو بەرهەمەی دەیکڕیت گرانتر بێت] ئەوا تۆ بەنرختریت بەو مانایەی تا زیاتر خەرج بکەیت کوالێتی ژیانت بەرزتر دەبێتەوە. بۆ نموونە پارەیەکی زۆر لای دکتۆر، لە جوانکاری، لە مۆسیقا و..هتد سەرف دەکەیت. ئەوەی دەیکڕیت بریتییە لە جۆرێک لە وێنە بۆ ژیانی خۆت.

زۆر باشە، بەشێوەیەکی ئایرۆنی کاتێک خەڵکی خۆرئاوا بە ئەقڵیەتی بودیستی شت دەکڕن، دواتر خۆیان وەک مەسرەفکاری پێرفێکتی سەرمایەداری دادەنێن. ئەمە هاوکات هەم کۆمیدییە و هەم خەمهێنەریشە. کاتێک بەدوای ڕوحانیەت یاخود خودادا دەگەڕێیت، ئەوا دەبنە ئیدیاڵێکی مەسرەفگەرا لە بازاڕە تایبەتەکاندا. ئەمە وەک زانستی-خەیاڵی وایە.

سەرچاوە:

https://believermag.com/an-interview-with-slavoj-zizek/


[1] جەنگی سی ساڵە ئەو جەنگە بوو لەنێوان ساڵانی ١٦١٨-١٦٤٨ لە ئیمپڕاتۆری پیرۆزی ڕۆمانیدا ڕوویدا و زیاترە لە هەشت ملیۆن کەس لەو جەنگەدا کوژران.