رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتوێژ لەگەڵ ئەلێنکا زوپانچیچ

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: کاساندرا ب.سێڵتمان

وەرگێڕان: دیار باپیر

ئەلێنکا زوپانچیچ ALENKA ZUPANCIC مامۆستای فەلسەفەیە لە کۆلێژی توێژینەوە ئەوروپییەکان و زانکۆی نۆڤا گۆریکا لە سلۆڤینیا، هەروەها زانایەکی دیارە لە کۆلێژی دەروونشیکاریی لیۆبلیانا کە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، سلاڤۆی ژیژەک لەگەڵ “ملادین دولار(Mladen Dolar) ” و کەسانی دیکە دایانمەزراندووە، کە مارکسیزم و ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی و دەروونشیکاریی لاکانی بەیەکەوە کۆ دەکەنەوە بۆ ئاسان تێبینیکردنی دیاردە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. ئەندامانی کۆلێژەکە برەو بە تیۆرێکی زمانەوانی دەدەن بۆ ئەوەی ڕووناکی (و سێبەر) بخەنە سەر میژوو، سیاسەت، هونەر، ئەدەب و سینەما.

زوپانچیچ لە بەرهەمە سەرەتاییەکانیدا، وەک کتێبی: “ئەخلاقیاتی حەقیقەت: کانت و لاکان Ethics of the Real: Kant, Lacan” ساڵێ ٢٠٠٠، هەوڵی دا ڕەوتەکانی فەلسەفەی کیشوەری بە ئایدیاکانی دەروونشیکاریی هاوچەرخ ببەستێتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا کتێبی: نامۆیی: لە کۆمیدیا The Odd One In: On Comedy بڵاو دەکاتەوە، تێیدا تێڕوانینە  فەلسەفی و دەروونشیکارییەکانی بۆ ئەو پرۆسانەی لە پراکتیکی کۆمیدیدا کار دەکەن بەکار هێنا. هەروەها لە کتێبە گەورەکەیدا “دەروونشیکاری بۆ؟: سێ دەستێوەردان” (٢٠٠٨)، کانت و کۆمیدیا و دەروونشیکاری بەیەکەوە گرێ دەدات. پڕۆژەی ڕەخنەیی ئەو لە پەیوەندییەکانی نێوان سێکسواڵیتە و ئۆنتۆلۆژیا، کۆمیدیا و نەست، ئەخلاق و سیاسەت دەکۆڵێتەوە.

لەگەڵ زوپانچیچ دەربارەی کتێبە نوێیەکەی دوام، بە ناوی: “سێکس چییە؟ What IS Sex? (2017)”، تێیدا باس لەوە دەکات سێکس خاڵی بەیەک گەیشتنی نێوان ئیپیستمۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژیایە. ئەوەش بۆ خۆی تۆڕێکی ئەنارشیستیانەیە کە کەلێنی نێوان زانین و بوون تێدەپەڕێنێت. (کتێبی سلاڤۆی ژیژەکی هاوڕێی: “شەهوەتی بۆش Incontinence of the Void” کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بڵاو بووەتەوە، وەڵامێکە بۆ کتێبەکەی [ئەلینکا: سێکس چییە]. سێکس چییە؟ چەند نموونەیەک دەداتە دەستەوە بۆ تێڕوانین و تیشک خستنە سەر ئەو هەبووە شاراوە، ناڕوونە،  نهێنییە کە “نەستە”.

– کاساندرا ب. سێلتمان CASSANDRA B. SELTMAN: ئامانجی کتێبی “سێکس چییە؟” گەڕانەوەیە بۆ ئایدیای سێکسواڵیتە وەک بابەتی لێکۆڵینەوەی فەلسەفی؟ چۆن لە بڵاوبوونەوەی ئۆنتۆلۆژیای نوێ و ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین “تێدەگەیت”؟ ئایا ئەمە وەک “گەڕانەوەیەک” دەبینیت بۆ پرسیارە ئۆنتۆلۆژییەکان؟

– ئەلێنکا زوپانچیچ: ئەمە وەک سەمپتۆم دەبینم، ئەم پرسیارە دوو ئاست یان دوو لایەنی هەیە: لە لایەکەوە، حەقیقەت هەیە، یان زەروورەتی چەمکەکان، ئەوەی تۆ ناوی دەنێیت گەڕانەوە بۆ ئۆنتۆلۆژیا، فەلسەفە نابێت شەرم لە لێکۆڵینەوەی ئۆنتۆلۆژی جیددی بکات،  پشکنین زەروورەت و پێویستییە. بەڵام شتێکی کەمێک کۆمیدی هەیە، کاتێک ئەم پێویستییە وەک پێویستییەکی ئەبستراکت یان پێوەری جەختی لەسەر دەکرێتەوە -“مرۆڤ دەبێت ئەمە بکات”-، ئینجا هەموو کەسێک هەست دەکات پێویستی بە ئۆنتۆلۆژیایەکی تایبەت بەخۆی هەیە. “من فڵانم، و ئەمەش ئۆنتۆلۆژیای منە”. لێرەدا ئارەزوومەندییەکی زۆر دەبینین، نەک زەروورەتی چەمکی و وردبوونەوە. فەلسەفە بەم شێوەیە کار ناکات.­

هەروەها بانگەشەیەکی سەرلێشێوانە بۆ سادەکردنەوە “بوون” هەیە، کە بەپێی کانت و وەرچەرخانی ترانسێندێنتاڵی transcendental transformation بۆ تیۆری ئیپیستمۆلۆژی تەنها هەڵەیەکی گەورە یان لادان و کەوتنێکە. بۆیە دەبێت ڕەتی بکەینەوە و “بگەڕێینەوە” بۆ ئۆنتۆلۆژیا، تا قسە لەسەر شتەکان  بکەین وەک ئەوەی کە هەن. وەرچەرخانی ترانسێندێنتاڵیی کانت وەڵامێک بوو بۆ ڕاستی چەقبەستووی فەلسەفەی ئۆنتۆلۆژی. ڕەنگە لەسەر ئەوە کۆک بین کە ئەوە کۆتا وەڵام نەبێت، یان تاکە وەڵام نەبێت لە ڕووی فەلسەفییەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو چەقبەستوویی و قورسییەی چارەسەر کرا ڕاستی نەبن و دەتوانین وا پیشان بدەین کە بوونیان نییە.

هەوڵەکەی من، “گەڕانەوە” بۆ ئایدیای سێکسواڵیتە بەو پێیەی بابەتێکە بۆ لێکۆڵینەوەی ئۆنتۆلۆژی، ڕەگ و ڕیشەی ئەم قەناعەتەی من بە دەروونشیکاری (واتە فرۆید و لاکان) و چەمکە ناوازەکەی سوبێکت بەتوندی دەگەڕێتەوە بۆ چەقبەستوویی ئۆنتۆلۆژیا کە کانت ڕوبەڕوویان بووەوە.

بۆیە بانگەشەکەی من ئەوە نییە تەنها سێکسواڵیتە گرنگە و دەبێت بەجیددی وەربگرین؛ بەڵکوو ویست و داخوازی من لەمە زیاترە. بانگەشەکەی من ئەمەیە تیۆری فرۆید و لاکان دەربارەی سێکسواڵیتە و پەیوەندییە ڕیشەییەکەی بە نەستەوە، پرسیارە فەلسەفییە ئۆنتۆلۆژییەکان و بنبەستبوونەکەی بە شێوەیەکی سەرنجراکێشتر دەشلەقێنێت و هەڵدەگەڕێنێتەوە، سێکسواڵیتە وەک حاڵەتێکی “ئۆنتۆلۆژیی ناوخۆیی”  بۆم گرنگ نییە، بەڵکوو ئەگەری هەیە هەندێک سەرەداو بۆ چەمکە سەرەکییەکان بداتە دەستەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بوون.

– پەیوەندیی ئەم پرسیارە ئۆنتۆلۆژییە بە سێکسواڵیتەوە، پڕۆسەکانی هیستریا دەهێنێتە بەرچاو. ئایا دیاردەی هیستریا گرنگە بۆ پرۆژەکەت؟

– ئەلێنکا زوپانچیچ: تا ئەندازەیەکی زۆر هیستریا دەکەوێتە چەقی پرۆژەکەمەوە، چونکە هیستریا تاوەکوو ئێستاش جێگەی پرسیارە، لە “<من کێم> دەست پێ دەکات تا دەگاتە ئەوی <دیکە>[کێیە]؟”

هیستریا بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە کەلێنی نێوان ئیپیستمۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژیا و پشکنینی. هەر بۆیە ئەو تۆڕە فەلسەفییەی بەسەر ئەم کەلێنەدا فڕێی دەدرێت زۆربەی کات کێشەدارە بۆ ئەو هیستریایەی، کە تۆ بە شتێکی هەڵە ئیدانەت کرد، وەک سمێڵێکی درۆینە، ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە هیچ لەژێریدا نییە. هەندێک جار هیستریا خۆی وەک ئەو شتە دەبینێت کە دەتوانێت ئەم کەلێنە پڕ بکاتەوە.

– کاساندرا: نموونەیەکت لە کتێبەکەتدا هێناوەتەوە باسی ئەوە دەکەیت ئادەم و حەوا کاتێک لە بەهەشت وەدەردەنرێن، لە بنەڕەتدا ئەزموونی نەقسێکی دەروونی دەکەن، دەرئەنجامە دەستبەجێیەکەشی: شەرمەزاربوون بوو. ئەوەی پێ دەوترێت “تیۆری کاریگەریaffect theory” لە ئێستادا جەماوەرێکی زۆری هەیە و پیرۆزییەکی زۆر لە دەوری سروشتە سۆزدارییەکەی هەیە. بۆچوونت لەسەر ئەمە چییە؟

ئەلێنکا: سەرهەڵدانی کاریگەری(ەکان) و پیرۆزی لە دەوروبەری سروشتە سۆزدارییەکان تا ڕادەیەکی زۆر بۆ کۆمەڵێ ئاماژەی دوورەدەست دەگەڕێتەوە، و زۆر کاتیش هۆکارەکەی بۆ ناڕوونییەکی گەورەی ئایدیۆلۆژی دەگەرێتەوە. پێ دەچێت بەهای  سۆز و هەستەکان لەو خاڵەدا بێت کە داوای پێداچوونەوەیەکی سیستەماتیکی ڕیشەیی دەکەن بۆ هەندێک کێشە: بۆ نموونە نادادپەروەری،[پێداچوونەوە بە] هۆکارەکانی سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی کێشەکە دەکەن. ئەمەش تەنها ناوهێنانی هەندێک کەس ناگرێتەوە، بەڵکوو جیاوازیی چینایەتیی کۆمەڵایەتی و ئابووریش دەگرێتەوە کە ئێمە لەمێژە لە ناونان و لێ پێچینەوە لێی وەستاوین.

بەها کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان  بە شێوەیەکی بنەڕەتی مانای وایە، ئێمە دادوەری کەسەکە بە زمانی خۆی دەکەین: هەستەکانی تۆ زۆر بەنرخن، تۆ زۆر بەنرخی، تا زیاتر هەست بکەیت، زیاتر بەنرخ دەبیت. ئەمە پێچێکی نیولیبراڵی تایبەتە، تەنانەت ئەزموونە بە ئازارەکانمان دەگۆڕێت بۆ سەرمایە، بگرە گەر سوود لە کاریگەرییەکانمانیش وەربگرین، ئەوە ناڕازایەتییەکانمان کورت کردووتەوە – بۆ نموونە بۆ ڕاگەیاندنی ئازار – لەبەری ئەوەی ببێتە توخمێکی کاریگەر بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی (من ناڵیم نابێت گوزارشت لە ئازارەکان بکرێت و باس بکرێن) بەڵکوو نابێت ببێتە هۆی ئەوەی بابەتەکە چەق ببەستێت لە فۆرمێکی قوربانیبووندا. دەبێت یاخیبوونی مرۆڤ بە دیاریکراوی ڕەتکردنەوەی بە قوربانیبوون بێت، واتە ڕەتکردنەوەی پێگەی قوربانیبوونە لە هەموو ئاستەکانیدا.

– کاساندار: پێت وایە دەبێت چۆن ڕووبەرووی ئەم جۆرە کاریگەرییە پیرۆزە ببینەوە؟ وا دیارە ئەگەر مرۆڤ بەردەوام بێت لە پشتڕاستکردنەوەی ئەم کاریگەرییە، ئەوکات بە جۆرێک بە خراپەیەکی زۆر زیاترەوە کاردانەوەی دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لێ پێچینەوەی لەگەڵ بکرێت، وەڵامەکەی جۆرێک لە توڕەبوون دەبێت کە ڕەتی دەکاتەوە پەرەبسێنێت بۆ شتێکی تر.

ئەلێنکا: منیش لەگەڵ ئەوەدام، ئەم بنبەستییە بە دیاریکراوی لە فەرهامبوونی چێژ و تێربوونەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها توڕەیی (ئەخلاقی) کاریگەرییەکی بێ بەرهەمی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ویژدان ئێجگار ئاسوودە دەکات. مەبەستم لە “بێ بەرهەمی” ئەوەیە کە هەستی ئاسوودەییمان پێ دەبەخشێت لە ڕووی ئەخلاقییەوە، ئەو هەستەمان پێ دەبەخشێت کە ئێمە هەمیشە لەسەر حەقین و ئەوانی دیکەش هەڵەن. ئێستا بۆ ئەوەی ئەمە سەربگرێت و کار بکات، نابێت بە ڕاستی شتەکەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، چونکە ئێمە زیاتر بۆمان گرنگە دووبارە و چەند بارەی بکەینەوە کە لەسەر حەقین، و لە بەرەی باشە یان چاکەداین، نەک بۆمان گرنگ بێت شتەکان بەجیددی بگۆڕین و دەستکاری بکەین. <هیگڵ> بۆ ئەم دۆخە ناوێکی زۆر ڕەوانبێژانەی داهێنا: <ڕۆحێکی جوان>. ڕۆحی جوان خراپە و زەحمەتی لە هەر چوار لای خۆی دەبینێت، بەڵام نابینێت چەندە ئەویش بەشدارە لە بەردەوامیدان بە هەمان سیستەم. بێگومان مەبەست لەوە نییە جیهان لە ڕاستیدا خراپ نییە، مەبەست ئەوەیە کە ئێمە بەشێکین لەم جیهانە خراپە.

هەڵوێستی “ڕۆحی جوان” زەمینێکی بەپیت بە تایبەتی لە شوێنێکدا دەبینێتەوە کە زۆر کەس بە: <کۆرپەیبوونی کۆمەڵگاکەمان> ناوی دەبەن، ئێمە دنە دەدرێین بۆ ئەوەی وەک منداڵ ڕەفتار بکەین: بە پلەی یەکەم بەو شێوەیە ڕەفتار بکەین کە هەستی پێ دەکەین و دەمانەوێت، بەردەوام پشت بەو پارێزگارییە ببەستین دژ بە دونیای دەرەوە و لە  سەرکێشی و ئالنگارییەکانی، بە سادەیی بە دوور بین لە دونیایی ئەوانی دیکە.

ڕەنگە شتێک وامان لێ بکات ببینین چۆن ئەوانەی ئاسایشمان بۆ فەرهام دەکەن دوای چەند ساڵێکی دیاریکراو یان لە حاڵتگەلێکی کتوپڕ و پەلە، دەرکەوێت ئەوان خۆیان سەرسەخترین دوژمنی ئێمە بوون و ئەوان نوێنەری کۆمەڵگە ستەمکارەکەن، نەک کۆمەڵێ جانەوەری خراپەکاری دەرەکی. دەبێت بە ئەدەبەوە وەڵامیان بدەینەوە، و دەست بکەین بە بڕیاردان و سووربوون لەسەری. هەر بە تەنهاش نا بەڵکوو لەگەڵ ئەو کەسانەش هاوشیوەی ئێمە بیر دەکەنەوە.

کاساندار: بەو پێیەی باسی کۆرپەلەبوونت کرد، حەز دەکەم پرسیارت لێ بکەم دەربارەی بەشێک لە کتێبەکەت کە باس لەم قۆناغەی گەشەسەندن دەکات. نووسیوتە سێكسواڵیتەی گەورەکان زۆر جیاواز نییە لە سێکسواڵیتەی منداڵان، هاوشێوەی ئەوەی فرۆید بانگەشەی بۆ دەکرد. بەڵام ئەمەی دووەمیان لە غیابی هەردوو چوارچێوەی بایۆلۆژی (لە ڕووی پێگەیشتنی فیزیکی) و ڕەمزیدا بوونی هەیە. جگە لەوەش، بە گشتی بوونی سێکسواڵیتە  لە منداڵاندا بە توندی نکۆڵی لێ دەکرێت. ئایا ئەم ئینکارییە زیانبەخشە بۆ منداڵ لە ڕووی ڕەمزییەوە؟

ئەلێنکا: ئەوەی منداڵ لە گەورە جودا دەکاتەوە ئەوە نییە کە گەورە بوونەوەرێکی خاوەن سێکسواڵیتەیە و منداڵ وا نییە. ئەوەی لەیەکیان جودا دەکاتەوە ئەوەیە گەورەکان گریمانە دەکرێت لە بنەڕەتەوە توانای ئەوەیان هەبێت لە دۆخە ناوەکییە سێکسواڵیتییەکەیان تێبگەن و چارسەری بکەن. ئەمەش بەر لەهەموو شتێک مانای وایە  منداڵ –وەک ئەوەی فرۆید بانگەشەی بۆ دەکات- تا ئەندازەیەکی زۆر بوونەوەرێکی سێکسخوازە،  و  گەورەکان لێخۆشبوونیان بۆ نییە کاتێک دەیانەوێت لە دونیا سێکسواڵیتەی خۆیان بەشدارییان پێ بکەن. بە پێچەوانەوە، هەوڵەکانیان خراپتر دەکەوێتەوە، سنوورێک هەیە، ئەم سنوورەش بە جۆرێک لە جۆرەکان ئارەزوومەندانە دادەنرێت، مرۆڤ دەتوانێت بپرسێت: بۆچی ئەمە دوو مانگ زووتر یان دواتر نەبوو، ئەوەی کە پێی دەوترێت “تەمەنی پەسەند”؟، هەرچۆنێک بێت، گرنگ ئەوەیە سنوورێک هەبێت، و ئەم سنوورەش منداڵ  تەنها لە چالاکیی سێکسی ناپارێزێت، بەڵکوو ژیانی سێکسواڵیتەیان دەپارێزێت، وای لێ دەکات تایبەت بێت بە خۆیان نەک بە کەسێکی دیکە.

سێکسواڵیتە لەگەڵ گەشەسەندنی ئەندامە سێکسییەکانمانەوە دەست پێ ناکات، و لەم ئەندامانەشدا کورت نابنەوە. ئەمە بانگەشە بنەڕەتییەکەی فرۆید بوو، کە بەهۆیەوە هەڵایەکی نایەوە. ئایا ئەمە پان-سێکسواڵیزمە(pan-sexualism)؟ ئایا فرۆید دەڵێت سێکس لە هەموو شوێنێکە؟ نەخێر وا ناڵێت، ئەو دەڵێت سێکس لەو شوێنە نییە کە وا چاوەڕوان دەکەین لەوێ بێت. ئەمە یەکەم و گرنگترین خاڵی فرۆیدە. زۆربەی کاتیش پشتگوێ دەخرێت. چاوەڕوان دەکەین سێکس لە ماڵی جەستەیەکی ڕەسەندا ببینینەوە. یان بە دەربڕینێکی دیکە، پێمان وایە پانتاییەک و جێگەیەکی سروشتی بۆ سێکسواڵیتە بوونی هەیە، و ئێمە گەر لەو شوێنە دوور کەوتینەوە، ئەوە لە چالاکی سێکسواڵیتە دوور دەکەوینەوە. بەڵام بانگەشەکەی فرۆید شتێکی لەو بابەتە نەبوو، “نەخێر، سێکس تەنها لێرەدا نییە، بەڵکوو لە شوێنێکی دیکەشە، و دەکرێت لە هەموو جێگایەکیش بێت. بانگەشەی فرۆید ئەبوو [دەیوت] سێکس لە ماڵی خۆی ون بووە،  و “ماڵەکەی خۆی” تاکە شوێنە کە ناتوانین سێکسی لێ ببینینەوە. سێکس لە تێرکردنی ئارەزووی زاوزێ و منداڵخستنەوە سەرچاوە ناگرێت،  بەڵکوو وەک بابەتێکی لاوەکی و زیادە، بەپاڵ پرۆسەی تێرکردنی پێداویستییە بایۆلۆژییەکان (و زاوزێکردن) دێتە ئاراوە. ئەم خواستە لاوەکییە زیادەیە بە چەمکی پاڵنەر وێنای دەکەین.

لێرەدا مرۆڤ دەتوانێت بپرسێت: بۆچی ئەم تێربوون(لەزەت)ـە فرە شكڵ و شێوەیە بە “سێکس” ناو دەبرێت؟ ئایا ئەمە لایەنگرانە نییە؟ بەدڵنیاییەوە لایەنگرانە دەبوو گەر وەڵامەکە ئەمە بوایە: بەهۆی ئەوەی دواتر وابەستەی ئەندامە سێکسییەکان دەبێت،  بەو پێیەی ئەندامگەلێکن بۆ زاوزێکردن و زۆربوون. بۆ نموونە: فۆکۆ بەم شێوەیە فرۆید دەخوێنێتەوە: فۆکۆ وا دەبینێت کێشەکە لە پاڵنەر و لادانە جۆراوجۆرەکاندا نییە، بەڵکوو [کێشەکە] لەو جووڵەیەدایە کە گوایە نۆرماتیڤ (پێودانگی)ـە (“بایۆپۆلەتیک”) کە لە ژێر ناونیشانی “سێکسواڵیەتە”دا دەیانگرێتەوە. بەنسبەت فۆکۆوە، سێکس بۆ خۆی شورە ( scandal)ـیی نییە، بەڵکوو کۆتایی شورەییە. کۆتایی دیوە تێکدەرییەکەی چێژە. بەڵام وەک ئەوەی “لاپلانش” و “لاکان” ئاماژەی بۆ دەکەن، لە ڕاستیدا پاڵنەرەکان سێکسی نین تەنها بەهۆی ئەوەی پەیوەست و گرێدراوی ئەندامەکانی زاوزێن، بەڵکوو  بەهۆی ئەوەی گرێداوی “بونیاد <دال>”ـن ، کە ئەویش بۆ خۆی بونیادی نەستە. لێرەدایە کە شتەکان بە ڕاستی سەرنجڕاکێش دەبنەوە، بەڵام کەمێک ئاڵۆزتریش دەبنەوە.

ئەو تێگەیشتنەی لاکان بۆ نەستی فرۆیدی هەیبوو دەرئەنجامی گرنگی لێ کەوتەوە بۆ تیۆری سیستەمی دالەکان، نەک تەنها بۆ تێگەیشتنمان لە نەست، بەڵکوو بوو بە دروشم، “نەست بونیادێكی وەک زمانی هەیە” بۆتە دروشمی ناسراوی دەروونشیکاریی لاکانی. بە شێوەیەکی گشتی ئەمە بەرەو یەک ئاراستە دەبزوێ: شتێکمان پێ دەڵێت دەربارەی نەست، پێمان دەڵێت نەست بە سادەیی و بە تەنها گرێدراوی ئەندێشە سۆزدارییە ناوەکی و هەستەکی و ئارەزووە چەپێنراوەکان نییە، بەڵکوو لە دەرەوە دزە دەکاتە ناوەوە، و پەیوەستە بە بونیادی زمان و ئاخاوتنەوە هەیە. بەڵام گەر نەست لە دەرەوە بێتە ناوەوە، ئەگەر بێتو هەر لە بنەڕەتەوە داگیرکار بێت، و بەسادەیی لە ناواخنی ئێمەدا چەکەرەی نەکردبێت؟ ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت؟ ئەگەر نەست لە یەکەم ئۆبێکتی چەپێنراوەوە دەستی پێ نەکردبێت، ئەمە مانای ئەوەیە لە بنەڕەتەوە ڕەهەندێکی چەپاندنمان لە سیستەمی “دال”دا هەیە. بەم جۆرە “لاکان” لە چەمکی “چەپێنراوی یەکەم” تێدەگات، کە دەکەوێتە پێش هەموو پرۆسەکانی چەپاندنەوە. بەم جۆرە بێت، “زمان” چەپاندنی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە. بۆیە ڕەنگە بتوانین بڵێین: زمان/ئاخاوتن بونیادێکی وەک چەپاندنی هەیە. وەک خێزان، کۆمەڵگا، تەنها داوا یان چەپاندن فەرز ناکات، بەڵکوو خودی خۆی بونیادێکی هەیە لەسەر چەپاندن دامەزراوە. ئەمە وانەیەکی گرنگە بۆ هەر جۆرە تیۆرێکی ڕەخنەیی.

خوێندنەوە یان تێگەیشتنی من بۆ ئەم بابەتە بەم جۆرەیە: سیستەمی دال بە جۆرێک سەرهەڵدەدات وەک ئەوەی دەلالەتێكی لێ نەقس بێت، لەگەڵ نەقسی دەلالەتدا دێتە ئاراوە. یان بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوە تەنها هەبوونی دەلالەتێک نییە کە پاڵ بە دیالێکتیکییەکانی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و پارادۆکسەکانییەوە دەنێت، بەڵکوو نەبوون و غیابە لەناو دڵی ئەم بووندا. ئەم نەقسەش یان ئەم درزە تەنها نەبوونێک و هیچێک نییە، بەڵکوو نەقسێکە کارایگەریی جەوهەری لەسەر بونیادی ئەو دالانە دادەنێت کە دەردەکەون. نەبوونێکە دەرئەنجامی سامناکی لەگەڵدایە.

بەم مانایە بێت، ئەوە ڕاستییە کە نەست بوونی هەیە (لەگەڵ ئەو ڕاستییەش کە نەست تەنیا سوبێکتیڤ نییە بەڵکوو ڕەهەندێکی بابەتیی هەیە، و پەیوەندی بە بونیادی ئاخاوتن/زمانەوە هەیە) و شتێکمان پێ دەڵێت دەربارەی خودی ئەم بونیادە. هەروەها شێواندنە سوبێکتیڤەکانیش بۆخۆیان شتێکمان پێ دەڵێن دەربارەی بونیادی “ئۆبێکتیڤ”. پێمان دەڵێن کە ئەم بونیادە بابەتییە  بەدەست نەقسێک و ناهاوسەنگییەک و پارادۆکسێکەوە دەناڵێنێت. هەروەک چۆن  بێلایەن و بێباک نییە. ئەمەش خاڵێکی ئیپیستمۆلۆژیی گرنگە. کەواتە دیوێکی ئۆبیکتیڤی بوونی هەیە بۆ شێواوی سوبێکتیڤیتی.

کاساندرا: بەم مانایە بێت، نەقسێک یان درزێک هەیە، بەڵام چێژێکیش بوونی هەیە.

ئەلێنکا: ڕاستە، خاڵە گرنگەکە لێرەدایە: ئەم دالە بۆشانە(نەقسە) ڕێک بە دیاریکراوی ئەو شوێنەن کە ژویسانس لێوەی دێتە بوون، ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە سەر ئەوەی پێشووتر باسم کرد. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی ئەم لەزەتە(تێربوونە) زیادە و لاوەکییە ئەو کاتە سەر هەڵدەدەن کە پێداویستییە ئۆرگانییەکانمان تێردەکەین. چونکە ئەم پێداویستیانە لە بونیادی دالدا قەتیس بوونە و گیریان خواردووە، لەمەش گرنگتر، لە نەقسدا-یان بۆشیدا- کە لەگەڵ ئەم بونیادەدا دێن. بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوە بەس نییە بڵێین دەلالەتەکان زیان بە پێداویستییەکانمان دەگەیەنن، چونکە دەیخاتە نێو هەموو جۆرە پەیوەندی و یارییەکی ڕەمزییەوە. ئەمە تیۆری ئارەزوو و قەتیسنەبوونێتی لە پێداویستییەکاندا، بەهۆی سروشتە “ڕەمزییەکەیەوە “<“ئارەزوو هەمیشە ئارەزووی ئەوی دیکە”>. تیۆری پاڵنەرەکان شتێکی دییە. مانای ئەوەیە ژویسانسێک هەیە لە خودی شوێنی دەلالەتە ناقسەکان سەری هەڵدەداوە، و ئەم لەزەتەش(satisfaction) لە هەمانکاتدا شتێکی ڕاستەقینەیە (نەک شتێكی ڕەمزی). هەروەها دەتوانین بڵێین: سەرهەڵدانی سیستەمی دال ڕاستەوخۆ هاوتا دەبێت لەگەڵ سەرهەڵنەدانی یەک دەلالەت، ئەمەش ڕاستییە -ئەم نەقسە ڕەسەنە -پشێوییەک لەسەر سیستەمی دەلالەت جێ دەهێڵێت- چێژوەرگرتن یان ژویسانس.

کاساندار: بۆچی پاڵنەر و ئارەزوو هەرچەندە دوو بونیادی جیاوازیان هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا بە ئاسانی تێکەڵ بەیەک دەکرێن؟

ئەلێنکا: تێکەڵکردنی ئەم دوو پۆلە کلینیکی و چەمکییە جیاوازە، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەردووکیان بە شێوەیەکی نائاسایی “هانمان دەدەن”: ئەو تێربوونەی هەوڵی بۆ دەدەین، تێرکردنی پێداویستییە ئۆرگانی و بایۆلۆژییەکان نییە، بەڵکوو لەمە زیاترە، و تەواو لەمە جیاوازە.

ئارەزوو دەیەوێت بگات بەو شتەی کە هێشتا بەدی نەهاتووە لە کاتێکدا پێداویستییەکانمان تێر کردووە و داواکارییەکانمان خستووەتە ڕوو، ئارەزوو هەمیشە ئامانجی شتێکی دیکە، دوور لەو شتەی کە بەردەستە. ئارەزوو لە ڕێگەی جیاوازیی نێوان دوو جۆر تێربوون خۆی دەپارێزێت: تێرکردنی پێداویستی یان داواکارییەکان، لەگەڵ تێرکردنێکی دیکەدا کە تاکە پشتگیریی ئەو  نێگەتیڤیتەیە negativity)) –ئەمە ئەو شتە نییە کە دەمەوێت، ئەو شتەم دەوێت کە بەدەستم نەهێناوە- ئەمەش ئەو چوارچێوە ڕەمزییەیە لە ڕێگەیەوە بوونەوەرەکان وەک ئۆبێکتی ئارەزوومەند دەردەکەون. لە دیوێکی دیکەوە، لە ڕاستیدا “پاڵنەر” ڕووەو ئەو شتە ناچێت کە بەدەستمان نەهێناوە، بەڵام بەهۆی ئەو تێربوونە زیادە پارادۆکساڵەی دەستمان خستووە بێ ئەوەی داوامان کردبێت، <تەنانەت ئێمە داوای ئەوەمان نەکردووە>، لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گرێدراوی تێربوونی پێداویستییەکان بووە، <نموونەیەکی کلاسیکی فرۆید: چێژی ئۆراڵ(لە ڕێگەی دەمەوە) لە کاتی پڕکردنەوەی پێداویستیی خواردن دێتە ئاراوە). پاڵنەر دەیەوێت بەردەوام ئەم هەستە بە تێربوون جار لە دوای جار دووبارە بکاتەوە، بێ ئەوەی گوێ بدات ئێمە چیمان دەوێت. هێزی بزوێنەری پاڵنەر بریتییە لە دووبارەکردنەوەی هەستی ڕاستەقینەی تێربوون، لە کاتێکدا هێزی بزوێنەری ئارەزوو بریتییە لە جیاوازی، بۆیە ئارەزوو لە جووڵەیەکی هەمیشەیی و”میتۆنیمی” دایە.

کاساندرا: تۆ باسی ئەو شێوازە دەکەیت سێکسواڵیتە چۆن چەمانەوە(curving) یان لاری(bias) لە گوتاردا دروست دەکات، ئایا دەتوانیت زیاتر لەسەر ئەمە بدوێیت، و پێمان بڵێت ئەمە لە کوێ بەدی دەکرێت؟

ئەلێنکا: با بە نموونەیەک لە کتێبی سایکۆپاتۆلۆژیای ژیانی ڕۆژانەی فرۆید دەست پێ بکەین. فرۆید نەیتوانی ناوی (سینۆرێلیSignorelli)ی -کە تابلۆی <فرێسکۆ ئۆرڤیتۆ>ـی کێشاوە- بەبیر بکەوێتەوە، لەبری ئەوە ناوی دوو نیگارکێشی دیکەی بە ناوەکانی (بۆتیچێلی و بۆلترافی) وەک جێگرەوە بەرهەم هێنا. شیکارییەکانی فرۆید دەری دەخات کە چ پرۆسەیەکی هاوبەشی “سینۆرێلی” بە بۆتیچێلی و بۆلترافیۆوە گرێ دەدات. من لێرەدا ناچمە ناو ئەم شیکارییەوە، بەڵام تەنیا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم ئەم پێکهاتەیە وەک نموونە وەردەگرم بۆ چەپاندن. فرۆید لەبەر هۆکارێک وشەی سینۆرێلی سەرکوت کرد. چۆن ئەمەمان زانی؟ چۆن بزانین تەنها حاڵەتێکی لەبیرچوونەوەی کاتیی ناوەکە نەبووە؟ ئێمە دەزانین چونکە ئەو دوو ناوەی دیکە بەردەوام لە مێشکی فرۆید ئامادە بوون، سەرنج دەدەین شتێک هەیە و چەپێنراوە، ئەمەش تەنها  لە ڕێگەی ئەوەوە نا کە پانتاییەکی بەتاڵ یان درزێک و کونێک هەیە، بەڵکوو شتێک لەم پانتاییەدا خۆی زەق دەکاتەوە و خۆی دەسەپێنێت. زنجیرەی گوتار یان دەلالەت مەرج نییە بڕا بێت یان لەتوپەت بووبێت بە شێوەیەکی دیار؛ بەڵکوو بەردەوامە لە کارکردن، بەڵام بە شێوەیەکی تایبەت. هەر لەم تایبەتمەندییەوەیە دەتوانین بگەین بە دەرئەنجامێک کە نەک تەنها شتێک هەیە و لەبری شتێکی دیکە دەرکەوتووە (واتە شتێک سەرکوت کراوە)؛ بەڵکوو دەتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەی شتی سەرکوت کراو –یان ئەو شتەی ونە- زۆربەی کات لۆژیک و دەرکەوتنی ئەو شتەی لەوێ هەیە دەسەپێنێت.

ئەگەر چەپاندن بەم شێوەیە کار بکات، ئەوا تێزی من کە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی فرۆید و لەسەر هەندێک لێدوانی ڕوونی لاکان دامەزراوە، بەم شێوەیەیە: “فەزای گوتار لە ڕاستیدا چەپاندنی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە”. گریمانکە ئەمەیە کە فرۆید ناوی نابوو “چەپاندنی بەرایی primal repression ” لە ڕاستیدا تەنها چەپاندنی بەرایی نییە، بەڵکوو بۆشاییەکە شان بە شانی گوتار دەردەکەوێت، چەپاندنی بەرایی  بەو مانایەیە چەپاندێک نییە کەسێک ئەنجامی بدات، “چەپاندن ئۆبێکتێکی دیاریکراوی نییە” بەڵکوو سیفەتێکە لە سیفەتەکانی سیستەمی گوتار<ڕەمزی> و لەگەڵ دەرکەوتنی کەلێن دەردەکەوێت.

ئەم کەلێنە یان ئەم بێ “دال” بوونە، یان ئەم بێ ڕەمزییە لە پەیوەندیی سێکسیدا وەک ئەوەی لاکان ناوی دەبات، لە فەزای گوتاردا ڕاستەوخۆ وەک نەقس دەرناکەوێت، و ناتوانین دەرکی پێ بکەین مەگەر لە ڕێگەی کارکردنیەوە نەبێت، یان لە ڕێگەی پارادۆکسەکانییەوە، و لە دەرئەنجامەکانی (وروژاندن، چێژ)

ئەم بۆشاییە، ئەم نەبوونی “دالە”، یان ئەم بێ ڕەمزییەتەی پەیوەندیی سێکسی، وەک لاکان پێی دەوت، لە فەزای گوتاردا ڕاستەوخۆ وەک نەبوون دەرناکەوێت. تەنیا لە لۆژیکی ئیشکردنەکەی، لە پارادۆکسەکانی، لەو زیادەیەی بەرهەمی دەهێنێت (کاریگەری، چێژ)، دەتوانین پەی پێ ببەین. ئەمە ئەو شتەیە کە من ناوی دەنێم “چەمانەوە” لە فەزای گوتاردا. بێلایەن نییە، بەڵکوو لایەنگری دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی سوبێکتیڤی نا، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئۆبێکتیڤانە و میتۆدانە. پرسە و سەمپتۆمەکانی هەمیشە وەڵامێکن بۆ چەمانەوەی ئەم فەزایە.

بە گشتی کاتێک باس لە سیستەمی دال یان گوتار دەکەین، ئاماژە بەوە دەکەین کە ئەم “فەزایە” دال بە لۆژیک و ڕێسای خۆی دیاری دەکات، دەمەوێت ئەمەشی بۆ زیاد بکەم-  دال بۆ خۆی زۆر زیاترە لەوەیبە یەک شت سنووردار کرابێت،  و ئەم شتە شتێکی دەرەکی نییە بەڵکوو توخمێکی ونبووی خودی واقیعە، توخمێکی ونبوو بونیادی واقیعە و فۆرمەکەی دەستنیشان دەکات. بە گوتەیەکی سادەتر: سیستەمی گوتار بێلایەن نییە، چونکە بەردەوام لەگەڵ خاڵی مەحاڵیبوونی خۆیدا لە خەبات و شەڕ دایە.

ئەمەش دەمانباتەوە سەر گوتە بەناوبانگەکەی لاکان: ” پەیوەندیی سێکسی هیچ ( دالێکی) نییە < There is no (signifier of) sexual relation>” دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە پەیوەندیی سێکسی بوونی نییە. غیابی پەیوەندی، یان ئاماژەکانی، تەنیا وەک غیابی پەیوەندی دەرناکەوێت، بەڵکوو غیابێکە کاریگەریی لەسەر لۆژیک و شکڵ و شێوەی دادەنێت. وەک لاکان خۆی دەڵێت، “بێگومان نەبوونی پەیوەندی، ڕێگری ناکات لە هەبوونی “بەیەکگەیشین” بەڵکوو مەرجەکانی بەدی دەهێنێت و پڕی دەکاتەوە، و ناپەیوەندیی نێوان ئێمە و مەرجەکانی پڕ دەکاتەوە، واتە غیابێکی سادە و بێباک نییە، بەڵکوو غیابێکە ئەو بونیادەی لە ڕێگەیەوە دەردەکەوت لار دەکاتەوە و دیاری دەکات. ناپەیوەندی، پێچەوانەی پەیوەندی نییە، بەڵکوو لۆژیکی پشت پەیوەندییەکانە.

– کاساندرا: ئەگەر ئێمە لە سێکسواڵیتەیە وا لێی تێبگەین  تەنها کێشەی سوبێکت نەبێت، بەڵکوو بەشێکە لە پێکهاتەی سوبێکتیڤیتە. کەواتە مرۆڤ هەمیشە دەبێت بەر هەستی بێهیوایی یان لەدەستدان بکەوێت لە ناخی هەر شیکارییەکدا کلینیکی بێت یان شتێکی تر؟ جاران گوتەیەکم لەسەر دیوارەکە هەبوو کە دەیگوت: “لەو کاتەوەی هیوام لەدەست داوە، هەست بە باشتربوون دەکەم”. ئایا پرۆسەی شیکاری جۆرێکە لە دەستبەرداربوون لە هیوا؟

– ئەلێنکا: بەڵی و نەخێر. مرۆڤ لێرەدا دەبێت زۆر ورد بێت، نەوەک هیچ جۆرە حکوومێکی گاڵتەجارانەی نەزۆک بدات. ئەو نێگەتیڤیتەیەی مرۆڤ بەری دەکەوێت و تێیدەپەڕێنێت لە شیکاریدا، وا بڕیارە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر زانینمان سەبارەت بە بوون دابنێت، بەڵکوو  لەسەر خودی بوونیش. وا بڕیارە ئەمە شتێک بگۆڕێت. و ئەو کاریگەریانەی لەسەر هیوا دایدەنێت لەم ڕێگەیەوەیە. بێ هیوایی بوونی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی  ئێستا دەزانین لەکوێوە سەرچاوەیان کردووە، دان بەوە دەنێن کە هەندێک شت هەن مەحاڵن. بەڵکو لەبەر ئەوەی  ئێمە گۆڕان داین.

با نموونەیەکی ئەدەبی وەربگرین، ڕۆمانەکەی مارسێل پروست (سوان لە خۆشەویستیدا Swann in Love) پاڵەوانەکە لەوێدا زۆر عاشقی (ئۆدێت)ـە بەڵام ئۆدێت چی تر ئەمی خۆش ناوێت، لەنێو ئەم ئازارە سامناکەدا سەرەتا پێی وایە ئەوەی بە ڕاستی دەیەوێت لەبیرکردنی خۆشەویستییەکەیەتی، تا لە ئازار و خەمەکانی ڕزگاری بێت. بەڵام دوای ئەوەی زیاتر هەستەکانی شی دەکاتەوە و لێی ورد دەبێتەوە، بۆی دەردەکەوێت لە ڕاستیدا ئەمەی ناوێت، بەڵکوو تەنها دەیەوێت ئازارەکانی کۆتایی پێ بێت، و هەر لە دۆخی خۆشەویستیدا بمێنێتەوە. چونکە ئەو بەردەوام لە ڕێگەی هەڵواسراوی و یەکلانەبوونەوە ئەزموونی خۆشەویستی کردووە-گەر ئەم دەربڕینە گونجاو بێت-. کێشەکە ئەوەیە وێڕای ئەوەی دەزانێت گەر خۆشەویستیی ئەو بۆ ئۆدێت کۆتایی پێ بێت ئەوە ئازارەکانیشی لەگەڵی ساڕێژ دەبن و کۆتاییان پێ دێت. بەڵام ئەمە ئەو شتەیە کە هەرگیز نایەوێت، چونکە لە قووڵایی دۆخی نەخۆشییەکەیدا، ئەو لە مردن زیاتر دەترسا وەک لەم ساڕێژبوونەوەیە، چونکە ئەمە لە ڕاستیدا یەکسانە بە مردنی هەموو ئەوەی ئەو پێک دەهێنن، بە دەربڕینێکی دیکە، گەر بێتو لەم دۆخە ڕزگاری بێت و ساڕێژ ببێت ئەوە ئیدی چیدی خۆی نابێت، و چیدی چێژێک لە خۆشەویستی و ئازار و بێباکی و خیانەتی ئۆدێت نابینێت.

دەتوانین بڵێین کە ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە شیکاری لە قۆناغێکدا، بەرەو “مەرگ”ی ئەو شتەمان دەبات کە ئێمە لە سەرەتادا هەمان بووە.  ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی هەندێک جار دەست بە نەخۆشییەکانمانەوە بگرین تەنانەت ئەگەر ئازارێکی زۆریشی لەگەڵدا بێت. بەڵام ئەگەر بەم مانا وردە، گەر لە کۆتاییدا هەمان کەس نەبووین کە لە پێشوودا هەبووین، ڕەنگە ئەوسا “بێهیوا” باشترین وشە نەبێت. دەستبەرداربوون لە هیوا ڕزگارمان ناکات، بەڵکوو ڕزگاربوونێکی دیاریکراوە – گۆڕانکارییەکە لە لەنگەری بوونمان- کە هیوامان پێ دەبەخشێت.

ئیدی چی دی چاوەڕوانی هەندێک شتی دیاریکراو، یان ئارەزووی دیاریکراو نابین. بەڵام ئێمە چاوەڕوانی شتێک دەبین؛ تەنانەت دەتوانین پێشبینی بکەین، و ئارەزووی بکەین، داوای زیاتر بکەین. دەربارەی ئەمە لاکان لە ئەخلاقی دەروونشیکاریدا شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەڵێت. باس لە کارەساتی ئۆدیپ دەکات، باس لەوە دەکات ئۆدیپ لەو دوو شانۆنامەیەدا (ئۆدیپ پاشا و ئۆدیپ لە کۆڵۆنۆس) چی بەسەر دێت، و چی لێ دەکەوێتە کۆتایی شیکاریەکەدا. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئۆدیپ بێهیوایە و کەسێکی گەشبین نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا لاکان زۆر پێداگریی لەسەر ئەو ڕاستییە دەکات کە “توندوتۆڵی و پێداگری دەنوێنێت لە کۆتاییدا، داوای هەموو شتێک دەکات، واز لە هیچ شتێک ناهێنێت، لێبوردە نییە و ئاشت نابێتەوە”. دەستبەرداربوون لە هیوا مانای لێخۆشبوون نییە لەگەڵ ڕووداوەکە یان لەگەڵ ئەوەی کە هەیە، یان هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرئەنجام لێی. بە پێچەوانەوە دەکرێت بارودۆخەکە توانامان پێ ببەخشێت نەک تەنها بتوانین مامەڵە لەگەڵ هیوا و چاوەڕوانییەکان بکەین، بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ جیهانیشدا بکەین. ڕەنگە ئەمە لایەنگریی فەلسەفی (و سیاسی)ی من بێت، بەڵام تێگەیشتنی من لە شیکاری ئەوەیە، لانی کەم تا ڕادەیەک، “هیوا” بۆ “بوێری” دەگۆڕێت. “بوێری” بۆ “شەڕکردن”.