رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

رەمزیەتی مەرگی ژینا..

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.شاهۆ سەعید

ئەو رستەیەی لەسەر کێلی گۆڕەکەی ژینا ئەمینی نوسرا: “ژینا گیان تۆ نامریت.. ناوت دەبێتە رەمز” رستەیەکی سەرپێی و راگوزەر نەبوو، پێشبینیەک بوو کاریگەرتر لە چاوەڕوانی هەندێک لە چاودێران هاتەدی. ژینا وەک کیژۆڵەیەکی کورد بە شێوەیەکی تراژیدی گیان لە دەستدەدات؛ بەڵام وەک رەمز لەدوای مردنیەوە لەدایک دەبێت. مەرگی ئەو چیتر مەرگی تاکە کەسێک و کۆستی تاکە خێزانیکی سەقزی نیە. ئەو گوزارشت لە تراژیدیایەکی فرە لایەن دەکات، دەبێتە ئەڵقەی بەیەک گەیشتنی تراژیدیای هەزاران کەس، سەدان کەرتی کۆمەڵایەتی پەرواێزخراو و چەندین شوناسی تێکڕژاو.

تراژیدیای ژینا لە تراژیدیای پاڵەوانە ناسراوەکانی مێژوو ناچێت، ئەو خۆی هیچ دەستێکی لە دروستکردنی رەمزیەتی خۆیدا نەبووە، تەنانەت دەگوترێت کیژۆڵەیەکی شەرمن بووە و سەروکاری لەگەڵ سیاسەتدا نەبووە. ئەوەی ئەو کارە دەکات هەستیارییەکی کۆمەڵایەتییە کە لە چرکەساتێکی مێژووییدا دەیان هەزار تاکی پەڕاگەندە و چەندین کەرتی کۆمەڵایەتی و شوناسی جیاواز و تێکڕژاوی ئێرانیەکان کۆدەکاتەوە.

ژینا لە یەک کاتدا مێینەیە، گەنجە، کوردە، ئێرانییە و سەر بە پێکهاتەیەکی پەراوێزخراو و سزادراوە. ژینا وەک مێینە نێچیری بەردەوامی پۆلیسەکانی ئەخلاقە لە رژێمێکی پیاوسالار و کولتورێکی مەساجینی- دژە مێینەدا.. وەک گەنج پرۆژەی گوناهێکی بەردەوامە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپارێز و پیردا کە گەنجێتی وەک نەفرەت بەسەر شانی کوڕان و کچانەوە دەبینێت.. وەک کورد ئەندامی نەتەوەیەکی ژێردەستە لە دەوڵەتێکی داگیرکەردا کە کوردبوون وەک خەنجەرێکی ژاراوی و وەک خیانەتێکی نوستووی بەردەوام لەقەڵەم دەدات.. وەک ئێرانیش هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکە کە هاوڵاتیانی بۆ زیاتر لە چل ساڵە بەدەست ستەمی ئاینی و دیکتاتۆریەتی سیاسییەوە دەناڵێنن، لە دۆخی ئامادەسازیی جەماوەری و سەربازیی بەردەوامدان بۆ شەڕێکی پیرۆز لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵێک ئاخوندا.. تەنانەت ژینا لە هەندێک ناوچەی پەراوێزخراوی ئێراندا دەبێتە رەمزی ستەمی مەزهەبی و ئیتنی، وەک ئەوەی لای سوننەکانی زاهیدان و بلوچستان تەقیەوە، یان ستەمی نەتەوەیی لای ئازەر و عەرەبەکان کە سەرباری ئەوەی شیعەن، بەڵام کێشەی ئیتنیان لەگەڵ مەرکەزیەتی دەوڵەتی فارسی-زماندا هەیە.

لە هەرێم و پارچەکانی تری کوردستان، لە ناوەندە ئیقلیمی و جهیانییەکانی دەرەوەی ئێرانیش، دەنگدانەوەی مەرگی ژینا و هەڵوێستەکان لەئاست دەرهاویشتە و پاشهاتەکانیدا رەمزیەتی خۆیان هەیە و هەندێک هەقیقەتی نوستوویان بەئاگا هێنایەوە. ئەو حەماسەت و ئومێدەی لە هەرێمی کوردستانەوە لای بەشێکی زۆری هاوڵاتیان هەستی پێدەکرێت وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ هاوزمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.. تێکەڵە بە ترس و بەدگومانی کەرتێکی بەرفراوانی تری هەرێمی کوردستان کە ژینا وەک ئایکۆنی کوردایەتی نابینن، بەڵکو وەک ئایکۆنی فێمینیزم و ئازادیی جل پۆشینی ئافرەتان دژ بە کولتوری ئیسلامی دەیبینن. مەرگی ژینا ئەوەی دووپاتکردەوە کە شوناسی کوردبوون شوناسێکی نەتەوەیی سادە نیە، بەڵکو بارکراوە بە چەندین ترس و گرێ و هەستیاریی ئاینی و حیزبی و لۆکاڵی و کولتوری. هەروەک چۆن شوناسی ستەمکاریش شوناسێکی کۆنکرێتی نیە، بەڵکو لە دۆخی شوناسگۆڕکێ و تێکڕژاندایە لەگەڵ شوناسی قوربانیەکانیدا. واتە مەرج نیە قوربانیەکان، وەک مێینەکان و کوردەکان و پەراوێزخراوەکان هەمیشە هاوسۆزی یەکتر بن، هەروەک چۆن مەرج نیە داردەستەکانی ستەم و پۆلیسەکانی ئەخلاق تەنها ئەو کەسانە بن کە هەڵگری پێناسی فەرمی دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی و کولتورین.

سەرباری سنوورە نێودەوڵەتیەکان کە نیشتمانی کوردیان دابەشکردووە، سەرباری ئەو دیوارە کۆنکرێتیانەی لەنێوان شوناسە جێندەریی و ئاینی و نەتەوەییەکاندا هەڵچنراوە.. بەڵام کوردە قوربانیەکان، مێینە قوربانیەکان، ئێرانییە قوربانیەکان و پەرواێزخراوەکان بەگشتی دەبنە هاوسۆز و پشتیوانی یەکتر. لە بەرامبەردا پۆلیسەکانی ئەخلاق و پاسەوانەکانی دەسەڵات، سەرباری ئەوەی سەر بە رەگەز و نەتەوە و مەزهەب و عەقیدە و جوگرافیای جیاوازن، بەڵام لە زۆر شوێندا دەگەنەوە بە یەک.. زۆرجار دەبنە پارێزەری بەرژەوندەیەکانی یەکتر و رەوایەتی بە رەفتارەکانی یەکتر دەبەخشن.

ژینا کاتێک دەبێتە ئایکۆنی ناڕەزایەتی ئێرانەکان و کوردەکان و فێمێنیستەکان و بەشێکی زۆری ئازادیخوازان لە رۆژهەڵات و جیهاندا.. درزێک لە مانا تەقلیدیەکانی شوناس و یاخیبووندا دروست دەکات.. ژینا کۆمەڵێک ئاسۆ بۆ ئایندە واڵادەکات، هاوکات چەندین برین بە کراوەیی جێدێڵێت کە تەنها لە جەستەی کورد و ئێرانیەکاندا نیە؛ بەڵکو گرفتی قووڵی گەلانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتیەکانە بەگشتی.

تراژیدیای ژینا ئەو راستییە دووپاتدەکاتەوە کە ئێمە تەنها کێشەمان لەگەڵ کۆمەڵێک رژێمی سیاسیدا نیە کە تۆڕی بەربڵاوی جاسوس و پۆلیس و دامودەزگای سەرکوتکەریان لە کایەی گشتیدا بڵاوکردووەتەوە؛ بەڵکو لەبەردەم کولتورێکی کۆمەڵایەتی دڵڕەقیشداین کە ژیانی تایبەتی تاکەکان دەکاتە ئامانج، دەست وەردەداتە وردەکاریەکانی ژیان و شێوازی جل پۆشینیان، سنور بۆ بیرکردنەوە و ئاخاوتنیان دەکێشێت و زۆرجاریش لە رووی مەعنەوییەوە تێرۆریان دەکات. مەرگی ژینا یادی خستینەوە ئەوە تەنها دەوڵەت نیە -وەک قەوارەیەکی سیاسی و یاسایی و جوگرافی- دەبێتە زیندانی هاوڵاتیانی خۆی و ناچاریان دەکات کۆمەڵێک سنوری سیاسی تەقدیس بکەن کە لەسەر حیسابی شوناسە نەتەوەیی و مەزهەبی و کولتوریەکانی ناوچەکە دامەزراوە؛ بەڵکو شوناسە فەرعیەکان خۆشیان، وەک کۆمەڵێک قەوارەی رەمزی، جارێکی تر و لە هەندێک شوێنی تردا دەبنەوە بە زیندان و کۆسپی بەردەم کارلێک و هاوسۆزی نێوان تاکەکان و پێکهاتە مرۆییەکان.

خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامی بۆ چەندین سەدەیە سەرزەمینی ستەم، تاکڕەوی، شۆڕش، یاخیبووون و سەرکوتکردنی بەردەوامە. مرۆڤ هەموو جارێک ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووەی هەیە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە جیاوازیەکە لە ئێراندا دروست دەکات پەیوەندیی بە رەمزیەتی ئایکۆنەکەیەوە هەیە کە مێینەیە. رەنگە ئەمە یەکەمین جار بێت “ئازادکردن”ی ژن لە دروشمێکی ئایدیۆلۆجی پیاوانەی پەتییەوە دەبێتە “ئازادبوون”ی ژنان کە خۆیان لەسەر شەقامەکان بەرجەستەی دەکەن. رەنگە جیاوازی سەرەکی ئەوەی ئێستا لە ئێران روو دەدات لەگەڵ ئەوەی لە بەهاری عەرەبیدا روویدا پەیوەندیی بە رەمزیەتی ئایکۆنی هەردوو شۆڕشەکەوە بێت: “ئەلبوعەزیزی” و “ژینا”. ئەلبوعەزیزی کاسبێکی دەستگێڕ بوو، ئەویش وەک ژینا هیچ دەستی لە بە ئایکۆنکردنی خۆیدا نەبوو؛ بەڵام کاتێک دژی ستەمی ئابووری و بەرتەسککردنەوەی دەرفەتی کار خۆی دەسوتێنێت ئیتر دەبێتە پزیسکی شۆڕشێکی بەرفروان کە کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە چەندین وڵاتی عەرەبیدا دێنێت. ئەو شۆڕشگێڕانەی ئەلبوعەزیزی-یان کردە ئایکۆن وەک رەمزی نوێنەرایەتیکردنی ستەمی ئابوری لێیان دەڕوانی، هەربۆیە دروشمی نان و دادپەروەری، لەپاڵ دروشمی روخاندنی رژیمی سیاسیدا بووە دروشمی سەرەکی بەهاری عەرەبی.. واتە دروشمی نان و داپەروەری پێش دروشمی ئازادی کەوت. بەڵام لە ئێستای ئێراندا دروشمی ئازادی و ژیاندۆستی لەپاڵ کۆمەڵێک دروشمی سیاسیدا لە لیستی سەرەوەی دروشمەکانی خۆپیشاندانە. ئەوەش سەرەتایەکی جیاوازە لە زەینیەتی تاکەکان و هۆشیاری کەرتە کۆمەڵایەتیەکاندا کە ئازادی و ژیاندۆستی وەک تەواوکەر و دیوی دووەمی دادپەروەری و کرانەوەی شوناسە داخراوەکان بەڕووی یەک و بەڕووی جیهاندا دەبینن.