نووسین: ڕێبوار سیوەیلی
(هەندێ ڕوونكردنەوە)
1. قسەكردن لەسەر چەمك و زاراوەگەلێك لە پشت شاشەی فەیسبووكەوە، ئەگەر تیایدا شارەزا نەبوویت، بە هەڵەتدا دەبات و ئەو هەڵەیەش لە كۆمەڵگەیەكی زامداری وەكئەوەی ئێمەدا زیان و بەدئەنجامی خۆی هەیە. پاشان دەبێت ئەوەشمان لە بیر بێت، هەر لەخۆوە قسەكردن و دووبەرەكیخستنەوەو دەرهینانی شتەكان لە مەتنی خۆیان، لە هەر شوێنێك بێت، سزای خۆی بەدواوەیە. من لەم وتارەدا، كە سوودیشم لە كتێبەكەی خۆم: (فەلسەفەی ئاكاری ژینگەپارێزی)، وەرگرتووە بیروڕای خۆم بە ئاراستەی سەرچاوەی ئەو درووشمەدا كە شۆڕشگێڕانی كورد لە ڕۆژهەڵات و ئێستە لە تەواوی ئێرانیش بەرزیان كردۆتەوە، دەردەبڕم.
2. هەرچەندە وەک درووشمێکی سیاسی کاتی خۆی عەبدوڵا ئۆجالان بەرزی کردۆتەوە، بەڵام ڕەگی بیرۆکەکە لە سیاسەتدا نییە و لە شارستانییەتدایە. کەواتە درووشمەكە پێش هەموو شتێك سیاسی و حزبی و كەسیی نییە و دروشمێكە سەرچاوەكەی لە شێوەژیان و پەیوەندیی شارستانیانەی كورددایە. جۆری شارستانییەتی ئێمە، شارستانییەتێكە كولتوورێكی ژنانە و ژینگەیی و ژیانەكی بەرهەمهێناوە و ئەوەش ئەسڵ و ڕەسەنی ئێمەیە. تۆ مەڕوانە ئێستا كە هەم ژن و هەم ژیان و هەمیش ئازادی لەم كۆمەڵگەیەدا سووكایەتییان پێدەكرێت، ئەمە بەرەنجامی داگیركاری و غەزووی بێگانە و تەسلیمبوونی ئێمەیە بە كولتوورێك، كە هیی ئێمە نییە و بەسەرماندا سەپاوە. بۆیە ئەوەش لەگەڵ ئەو بنەما كولتووری و شارستانییەتەدا ناكۆكە، كە بنەڕەتی بوونی ئێمەی لێوە هاتووە. یەكێك لە بەڵگەكانی ئەم قسەیەش زمانی ئێمەیە:
3. ئێمە بەر لەوەی بە زمان گوزارش لە پەیوەندیی نێوان ژن و ژیان و ئازادی و ژینگە بكەین، بیریشمان لێنەكردۆتەوە، بەڵام تیایدا ژیاوین. كەواتە ئێمە بە شێوەیەكی كردەكی لە دەوری پەیوەندییەك كۆبووینەتەوە و یەكگرتووییمان پاراستووە، كە بنەچە و ڕەسەنیی خۆمانی پێوە بەندە. هەرچهنده ئێمهی كورد مێراتێكی دێرینهی مێژوویی و ههروهها نهرێتێكی تۆكمهی ژینوارپارێزیمان ههیه، بهڵام زۆر درهنگ بیرمان له ژینگه و ژیان و ژن و ئازادی و پەیوەندیی نێوانیان، كردۆتهوه. بەڵام ئەوەی درەنگ بیرت لێكردۆتەوەو ئەوەش كە نەتتوانیوە زوو دەری ببڕی، بە مانای ئەوە نییە، تێیدا نەژیاوی! كەواتە دەتوانین دەریچەی زمان و دەنگی وشەكان و هاوشێوەیی ماناییان بكەینە سەرەتایەكی دیكە بۆ پیشاندانی قووڵایی ئەم دەنگە وشانە لە شێوەژیانی شارستانیانەی ئێمەدا.
4. وشهكه له زمانی كوردیدا ڕهگێكی قووڵی ههیه. وشهی ژینگه، یان ژینوار (وڵاتی ژینێ، وارێ ژینێ، یان جهێ ژیانێ)، له زمانی كوردیدا وشهیهكی لێكداراوه و ههڵگری مانای چهندین وشهی دیكهیه وهك: ژن، ژیان، ژین، زایین، جێ (گه)و كات (گاه). “وشهی ژن (Jin) له ژین و (J’in) و ژیان (Jiyan)ـهوه هاتووه، كه وشهی ژین (Jin)و ژیان له زایین (Zayin)ـهوه هاتووه. واته گیانلهبهرێك كه بزێ” (فاحر عەلی: 2017، ل: 47 و نەبەز: 2008، ل: 176).
5ی له وشهی (ژینگه)دا كۆی ئهم مانایانه دهبینرێنهوه و ئهمهش ئهوه ڕووندهكاتهوه، كه وشهكه چهنده ههڵقوڵاوی شێوه ژیانێكی تایبهته و چهندهش زمان خۆڕسكیانه جێگهی كردۆتهوه. جگه لهوهش، وشهكه ئاماژهیهكی بێ جیاكارهیی بۆ ژیانی بوونهوهر له شوێن و كاتدا، تێدایە. وشهكه له نییهتیدا نییه مرۆڤ له گیانهوهرانی دیكه جیا بكاتهوه و له ڕوانگهی بهرژهوهندیی مرۆییهوه پێگهیهكی بهرزتر، ڕیزپهڕانه و پیرۆز به مرۆڤ ببهخشێت و ئهوانیتر بخاته سێبهری بوونی مرۆییهوه.
6. له وشهی ژینگهدا، جۆرێك له عهدالهتی ژینگهیی ههیه. ژینگه كهشێكی ژیانهكیی بوونهوهره بهبێ جیاوازیی و به یهكسانی. له وشهكهدا ئاماژه و پهیوهندیی شاراوه ههیه به ژن و به ژیان و به شوێنی مانهوه و نوێبوونهوه و زانهوه، واتە ئازادیی بەردەوامبوون. بنهمای ئهم وشهیه، دهمانباتهوه سهر چۆنایهتی ژیانێكی هاڕمۆنیانه، كه تیایدا مرۆڤ لهگهڵ بوونهوهرهكانی دی، كۆ دهكاتهوه. ئهمه پێشینهیهكی مژدهبهخشیشه، كه دهتوانین له ڕێگهیهوه وێنای ئهو ژیانه بكهین كه ژینگهیه بۆ پێكهوبوونی بوونهوهرهكان. بهمجۆرهش له وشهی ژینگهدا ژیانێكی بهردهوامانهی بوونهوهر پێشبینی كراوه. ئهم لێكدانهوهیه بۆ وشهكه بنهمایهكی پتهومان دهداتێ تاكو لهسهرییهوه باس له پهیوهندیی كورد و ژینگه وهك تهواوكهری یهكتر بكهین.
7. كورد، (ژینگه و سرووشت)، ژیان و ژن و زانەوە، بابەتگەلیكن هەرگیز لەیەكتر جیا نابنەوە، بەڵام ئەو ئەزموونە سیاسییەی كوردەكان و نەتەوەكانیتری دەوروبەر لەسەردەمی دەوڵەت نەتەوەدا، پیایدا تێپەڕین، كوردەكانی تا ئەندازەیەك بە سرووشتی دەوروبەریان، نامۆ كرد. سرووشت لە ئەزموونی ئەواندا بووە شوێنێكی ترسناك و جێگای سزادان و شوێن بزركردن و گۆڕستانی بە كۆمەڵی. بۆیە ئەمڕۆ بە پێویست دەزانرێ جارێكی تر ئەم نەتەوەیە و سرووشت ئاشت بكرێنەوە، چونكە ئەوان ڕابردوویەكی بەهاداریان پێكەوە هەیە.
8ه لێبووردەیی و هەڵكردنی كوردەكان لەگەڵ سرووشت مێژوویەكی دێرینەی هەیە. چاوگێڕانهوه به شێوهژیانی خهڵكی كوردستاندا له كۆنهوه، چهندین نمونهی ئهم پێكهوهژیانهمان بۆ ئاشكرا دهكات، كه ئاشكراكهری چیرۆكی لێبووردەیی كورد و سرووشت و چۆنێتی مامەڵەكردنی كوردەكان و میللهتانی دیكهن لەگەڵ دەوروبەری خۆیاندا، كە ئێمە پێمانوایە ئەوە لایەنێكی شاراوەی ژیانی پێكهوهییمانه و بە شایانی ئەوەشی دەزانین نەتەوەكانیتریش ئاشنا بن بەم ڕەهەندە شارستانیانەی ژیانی میللەتەكەمان.
9. ژیانی ئێمە هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە لەناو سرووشتدا بووە و سرووشت لە ژیانی ئێمە، نەك هەر جیا نەبووە، بەڵكو بەبێ سرووشت و بەخشندەییەكانی سرووشت، ژیانی ئێمە مەیسەر نەدەبوو. بەڵام ئەوەی بگوترێ: ژیانی ئێمە لەناو سرووشتدایە و بەبێ سرووشت مەیسەر نەدەبوو، جیایە لەوەی بگوترێ هووشیاریی ئێمە بە سرووشت بەشێكە لە ڕۆشنبیریی گشتیی ئێمە. كۆنترین دەقەكانی مێژوو وەسفی كوردیان وەك نەتەوەیەكی سرووشتی و چیایی وەسفكردووە. وهك ههر میللهتێكی دیكهی سرووشتباوهڕ، ئێمە منداڵیی نەتەوەیی خۆمان لەپاڵ چیاكان و لەناو ئەشكەوتەكان و كەنار ڕووبارەكاندا بەسەر بردووە و ئەمەش ئاشكرای دەكات نەك هەر تەنیا سرووشت و چیا و ئەشكەفتەكانی، پەناگەی ئێمە و ماڵی یەكەمی ئێمە بوون، بەڵكو ئەوەش دەردەخات كە ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای متمانەی ئێمە بە سرووشتەوە دروستبووە، (سیوەیلی: كتێبی حاجی، 2017، بەشی یەكەم).
10. لە ڕاستیدا سرووشت نەك هەر ئێمەی لە دووژمنەكانمان پاراستووە، بەڵكو بەرامبەر بە ژیان گەشبینیشی كردووین و ئەمەش هانیداوین بۆ ئەوەی كار لە سرووشتدا بكەین. واتە لە سرووشتێكی خۆڕسكەوە بیكەین بە شوێنێ بۆ حەوانەوە و بەردەوامبوون و مانەوە. بەمجۆرەش باوباپیرانی ئێمە شوێنە بایار و كەم بەرهەمەكانی سرووشتی وڵاتی خۆیان كردوونەتە شوێنی بەپیت و بەرهەمهێن. كەنەك و بەردە وردكە و خاشاكی زەوییەكانیان كردوونەتە كەڵەك و پەرژین، ئاوی پەنگخواردووی ژێر زەوییان كردۆتە كانیاو و لەبەراوی كانییدا زەوییەكانیان داچەندوون و بەمەش توانای زەوییان لە بەپیتبوون و بەرهەمهێناندا، بۆ دەركەوتووە.
11. بەلایەكی دیكەدا، سرووشت وەك هێزێكی دەرەكی، ویست و تامەزرۆیی مرۆڤی ئەم دەڤەرەیان بۆ شوێنگۆڕكێ و كۆچ و سەفەركردن بزواندووە: سەرەتا بۆ دەشتاییەكان و پاشانیش هەڵگەڕان بۆسەر لوتكەی بڵندی چیاكان. لەم سەفەرانەشدا مرۆڤی خولیایی ئێمە جاربەجار توانای تازە و ئیمكانیەتی نوێی سرووشتی دەوروبەری خۆی بۆ دەركەوتووە. مرۆڤی كورد، وەك هەر میللەتێكی دیكەی پابەند بەسرووشتهوه، لە هەڵبەستنی جۆگاكان و دروستكردنی ڕێگاوبان و پردەكاندا، لە سوودوەرگرتنی لە درەخت و بەروبوومە سرووشتیەكاندا، لە ماڵییكردن و ڕاوكردنی ئاژەڵەكاندا، هەرگیز بیرۆكەی قەڵاچۆكردن و گۆڕینی بنەمایی سرووشتی نەكردۆتە ڕێنماییكەری خۆی، هێندەی ئەوەی هاندەری خۆگونجاندن و هەڵكردنی لەگەڵ سرووشتدا كردۆتە سەرمەشق. ئهمهش بنهمایهكی ئاكاریانهی پتهوی بۆ مرۆڤی ئهم وڵاته له ئاست سرووشتدا، داڕشتووه.
12. شێوازە كۆنەكانی ڕاوكردن لەلای كوردەكان بە ئامرازی ئەوەندە ساكار بوون، كە هیچ مەترسییەكیان لەسەر قڕخستنی گیاندار و پەلەوەران دروستنەكردووە. ئاژەڵە ماڵییەكان، چ لە ژیانی كۆچەری و چ لە ژیانی نیشتەجێبوودا، هاوماڵی مرۆڤی وڵاتی ئێمە بوون و مەودای نێوان گەوڕ و تەویلە و دیوەخان، لەناو ژیانی سرووشتیی كورداندا مەودایەكی جیاكەرەوە نەبووە. لە لێدانی ڕێگایەكدا بەرەو لوتكەی چیاكان و دوندی كێوەكان، ئەگەر گاشەبەردی هاتبێتە سەرڕێ، لەجیاتی بندكەندكردن و گلۆركردنەوەی، لە جیاتی هەڵكەندن و گواستنەوەی، زیاتر بیری لەوە كردۆتەوە چۆن پێچێ بەدەوریدا بدات و لە جیاتی بڕینەوەی درەختێ كە بۆی هەبووە هێلانەی مەلێكی بەسەرەوە بووبێ، بەلایدا ڕۆیشتووە و لە لێدانی ڕێگاكەی بەردەوام بووە.
13. ڕێگاكانی لە بەردەم و خوار كانیاوەكانەوە لێداون، نەك لە پشتیانەوە نەبا پڕیانكاتەوە. بیرۆكەی ئاوەدانكردنەوە سەرمەشقی مرۆڤی ئێمە بووە لە كاركردنیدا لەسەر سرووشت، نەك دەستكاریكردنی. چیا و دەشتاییەكانی وڵاتی ئێمە نمونەی زۆری ئەو خەت و نیشانەی ئاگربڕ و بەربەستانەیان پێوەیە كە مرۆڤ بەهۆیانەوە ویستوویەتی سرووشتی ئێمە لە ئاگر و لافاو و جمووتن و هەرەس، بپارێزێ و ڕێگریی بكات لە تەشەنەكردنی كەوتنەوەی ئاگر و كڵەوەی لافاو و ترازانی هەرەس. لێرەشەوە كورد تێگەیشتێكی تایبەت بەخۆی لەسەر سووتان و مەترسییەكانی دیكەی سرووشت، بەرهەمهێناوە.
14. هەموو ئەمانە و زۆر نمونەی دیكە، ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە مرۆڤی كورد تا ئەو شوێنە سوودی لە سرووشت وەرگرتووە و لەئاستیدا بەرگرییكردووە، كە مانەوەی خۆی دەستەبەر بكات و ئەمەش هاوكات بووە بەوەی نەك هەر تەنیا سوود لە سرووشت وەربگرێ، بەڵكو خزمەتیشی بكات و بەمەش نەبێتە مشەخۆرێكی تەمبەڵ بەسەر سرووشتەوە، بەڵكو لەگەڵیدا لەپەیوەندییەكی بەردەوامدا بێت. دەتوانین بڵێن: كورد زۆر بەدەگمەن متمانەی خۆی بەسرووشت لەدەستداوە و تەنانەت وێڕای ئاگایی ئەو بە مەترسییە سرووشتییەكانیش، كەچی ئەمە ڕێگر نەبووە لەبەردەم ئەوەی ئەم میللەتە ماڵ و خانوو و شوێنی حەوانەوەی لەپاڵ ئەو مەترسیانەدا بسازێنێ.
15 بنهماكانی ژینگهناسی و ئاكاریی ژینگهیی قووڵ، له ژیانی كورد و پهیوهندیی به ژینگه سرووشتییهكهیهوه دهبینرێنهوه، كه لهسهر بنهمای گونجان و پێكهوهژیانێكی هارمۆنییهوه دامهزراوه. وێڕای نهبوونی هووشیارییهكی تیۆریانهی ژینگهپارێزی و ئاكاری ژینگهیی، بهدهر له ههر وهسفكردنێكی ڕۆمانسییانە و دهردی دووریانه (نۆستالیژیك)ی نا واقیعیانەی پەیوەندیی كورد بە سرووشتەوە، دهتوانین جهخت لهسهر ئهو بنهمایه بكهینهوه، كه پهیوهندیی كورد و سرووشت و ژینگه بهرهنجامی ئهزموونێكی دوورودرێژی كردهیی و ژیانهكی بووه، كه تیایدا بیرۆكەی “قەڵاچۆكردن”، “بەكارهێنان و مەسرەفكردنی سرووشت” و وەك “زبڵدان ڕوانینه سرووشت”، بهرزهنۆڕی له سرووشت”، بوونیان نهبووه.
16. ڕوانگەی سرووشتنۆڕی كورد، هەمان ڕوانگەی ڕەسەنی ژنباوەڕییەتی و هەمان پەیوەندییەتی بە ژیان و ئازادی و بەردەوامییەوە. ئهم چهمكانه گشتیان، ئەگەر لە ئێستادا بۆ ئێمە وەك بیرۆكەی نوێ دەردەكەون، لەبەر ئەوەیە كولتووری داگیركاری و غەزوو و كۆڵنیالێزمی دەرەكی و ناوەكی بەئێمەیان نامۆ كردوون. ئەوەش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەو كەلێنانەوە هەیە كە لە وڵاتی ئێمەدا كەوتۆتە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سرووشت، مرۆڤ و ژیان و ژینگەكەیەوە.
17. گەڕانەوەی شۆڕشی ڕۆژهەڵات بۆ سەر ئەو درووشمە ڕەسەنە، هەر تەنیا ڕەتكردنەوەی ئەو دەسەڵاتە خوێنڕێژەی كۆماری ئیسلامیی نییە، بەڵكو ڕەتكردنەوەی سەراپای ئەو داگیركارییە مێژوویی، كولتووری و سیاسی و ژینگەییانەشە كە لە سایەیاندا كوردیان بە ڕەسەنی خۆی نامۆ كردووە. بۆیە ئەم شۆڕشە، چەندە لە واقیعێكی بەرجەستەوە هەڵدەقووڵێ، ئەوەندەش پڕە لە هاوارێكی میژوویی خەفەكراو.
تێبینی: لەبارەی ئەم بابەتەوە؛ جگە لەو سەرچاوانەی لە مەتندا ئاماژەیان پێدراوە، دەتوانیت تەماشای ئەم نووسینانەم بكەیت:
1. كورد و شارستانییەت، كۆنفۆانسی زانكۆی چەرموو لە 26/6/2021
2. كتێبی فەلسفەی ئاكاری ژینگەپارێزی
3. كتێبی ترسان لە فەلسەفە
4. كتێبی سەد وانەی ڕێفراندۆم
5. وتارەكانم لەسەر قەڵاكانی كوردستان و گەلیك شوێنی دیكە.