رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

 بووژانەوەى هیوا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: وەلید عومەر

بەو پێیەى مرۆڤ بوونەوەرێکى میتافیزیکییە, واتە تەنیا بە شتە بەرجەستە و دیارەکان ناژى, بەڵکو ژیانیشى بەستراوەتەوە بە شتانى نادیارەوە, ئەوا هەر سەردەمێک پێویستى بە بیرکردنەوەى نوێشە لە میتافیزیک. میتافیزیک هەر پانتایی غەیب و ئاسمان ناگرێتەوە, بەڵکو ئەو دیوەى ژیانیش دەگرێتەوە کە لەڕێى چەمکاندن و بیرکردنەوەى گشتەکییەوە دەیبینین. هیوا, کە وەک چەمکێکى سایکۆلۆژى دەردەکەوێت, کەچى پتر میتافیزیکییە. مرۆڤ, لە ژیانى خۆیدا بەبێ هیوا ناژى. ئەمڕۆ ڕیزێک پرسى تر وایانکردووە کە چەمکى هیوا, تووشى کورتبوونەوە بێت, و لە شتانى بینراو و بەردەستدا بچوککرێتەوە. پرسى بەرژەوەندى, یەک لەو پرسانەیە کە خەریکە لەو ڕووبەرە نادیار و نەبینراوە دوورماندەخاتەوە کە پێویستمان پێیەتى. لە ئاڵوگۆڕى نێوان مرۆڤەکاندا, هەر شتێک دیار و بەردەست و پڕدەسکەوت نەبێت ناونانرێت بەرژەوەندى, بەڵام بەرژەوەندى لەقووڵاییدا لەسەر شتێکى تر وەستاوە کە کورتنابێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکى بەشەکى و بچوک و بەرجەستە. لێرەوە دەبێت باسى ئەودیوى بەرژەوەندى بکەین, ڕووبەرى “میتا…”بەرژەوەندى. گەر بەرژەوەندى شتێکى دیار و بینراو بێت, ئەوا ئەودیوى بەرژەوەندى شتێکى نادیار و نەبینراوە. ڕەنگە بەرژەوەندیی کەسێک یان قۆناغێک لەسەر دیوە بینراوەکە بەند بێت, بەڵام بەرژەوەندیی مرۆڤایەتى لەسەر ئەو دیوى بەرژەوەندى بەندە. ئەودیوى بەرژەوەندى, چوارچێوەیەکى ترانسێندێنتاڵ و گەردوونى و عەقڵییە کە مانا بە بەرژەوەندییە بەشەکییەکانیش دەدات. بەم مانایە, بەرژەوەندى خۆى لەخۆیدا بەس نیە گەر بێتو نەبەسترێت بە توخمێکى بەرزترەوە لەودیوى بەرژەوەندییە ڕۆژانەییەکەوە. بەرژەوەندى, بەدرێژایی مێژووى مرۆڤ هەبووە, بەڵام هەمیشە لەپشت ئیشکردنى بەرژەوەندییشەوە باگراوەندێکى نەبینراو کاریکردووە. باگراوەندێک کە لەمیتافیزیکەوە تا ئاکار دەگرێتەوە.

بۆئەوەى لە بەرژەوەندیی ڕووت تێپەڕین, دەبێت وا خۆمان بنوێنین خەریکى بەرژەوەندیی ڕووت نین. ئەم خۆنواندنە, بارگەیەکى ئەخلاقیی هەڵگرتووە, ژێستێکە هێشتاش ڕێ لەوە دەگرێت بێشەرمانە دان بە بەرژەوەندیی ڕووتدا بنێین. پێچێک دەخاتە ئەو مامەڵەیەوە کە بەرژەوەندیی تیا ئاڵوگۆڕ دەکرێت و کورتنابینەوە بۆ کۆمەڵێک ماشێن. هەڵبەت خۆى لەبنەڕەتدا دەبێت باگراوەندێکى بەهێزى ترانسێندێنتاڵ هەبێت و کارا بێت, نەک ئەوەى لە ئاستى کەسییدا ناچار بین خۆمان بنوێنین. بەڵام کە ئەوە نەبوو, ناکرێت بانگەشە بۆ بەرژەوەندیی ڕووت بکرێت و لە فەزاى گشتییدا بەبێ سانسۆر پەخشبکرێتەوە. ئەم ژێستە, تەنیا وەک ئیمکانێکە بۆ ئەوەى لە داهاتوودا خۆمان ببەستینەوە بە باگراوەندێکى پەیماندارەوە. کاتێک هاوڵاتى بەرامبەر بڕە کارەبایەک, پارەیەکى مانگانە دەدات, یەکسەر دەڵێین بەرژەوەندییە, بەڵام هێشتاش لەپشت ئەم ئاڵوگۆڕەوە باگراوەندێکى یاسایی ئیشدەکات کە ڕاستەوخۆ لە خودى ئاڵوگۆڕەکەدا دەرناکەوێت. لەم سەرنجە سادانەوە, دەگەینە سەر چەمکى هیوا, هیوا وەک ئەودیوێک کە کورتنابێتەوە بۆ دەسکەوتگەلى زۆر دیاریکراو. هیوا بریتییە لە “ئەودیو”, قەتیش ناتوانین بەتەواوى دەست بەسەر “ئەودیو”دا بگرین. مرۆ لە کەڕنەڤاڵى یاخیبووندا, گەر بشزانێت دەسکەوتێکى واقیعى و بەرجەستەى نابێت, ئەوا دڵخۆشە بەو کەشەى کە هەیە. هیوا, واتە مرۆڤەکان هێشتا و هەمیشەش شتانێکیان پێکەوە ماوە ئەنجامیبدەن. بەم مانایە, هیوا ڕاستەوڕاست بەدەستنایەت, بەڵکو لەلاوە بەدەستدێت. دەسکەوتێکى لاگرە, لاوەکییە, لاوەکى بەماناى بێبایەخ نا بەڵکو بە ماناى “ناڕاستەوخۆ بەدەستهاتن”. لەڕووى سەنگى فەنتازییەوە, هیوا خۆى بەتەنیا زیاترە لە هەموو ئەو شتانەى کە مرۆڤ هەیەتى. سەنگى فەنتازى, واتە ئەو فەنتازییەى کە مرۆڤ پێى دەژى و دەتوانێت ڕایەڵە بە ئایندەوە درووستبکات.  

                                                                        ***

دۆخى ئێران, تەنیا لەسەر ئەوە نەوەستاوە کە چى دەگۆڕێت. بەڵکو کێشەکە هەستیارترە, دۆخەکە دۆخى بوژاندنەوەى هیوایشە. هیوا, دۆخێکى ئەزموونیی ڕووت نیە, حیساب‌وکیتابێکى پراگماتى نیە کە ئاخۆ چیمان دەستدەکەوێت, بەڵکو پێش دەسکەوت و پاش دەسکەوتیش هیوا وەک ئیمکانێکى مرۆیی دەمێنێتەوە. دەکرێت تا ناکۆتا شیکارى لەسەر دۆخەکە بنوسرێت, بەڵام هیچیان یەکسان نین بەو ئیمکانە مرۆییەى کە ناوى هیوایە و لە شیکارییەکدا قەتیسنابێت. بە مانایەکى تر, هیوا نەبەستراوەتەوە بە دەسکەوتەوە, دەسکەوت تەنیا ساتێکى ڕاگوزەرى هیوایە. هیوا پرۆسەیەکە و لە یەک ئەزمووندا قەتیس نابێت. ئەو خاڵە ترانسێندێنتاڵەیە کە ئەزموونەکان دەڕەخسێنێت بەڵام خۆى ناوەستێت و دەچێتەوە بۆ جێگاى تر. ئەزموونەکان دێن و دەچن و هیوا لە سوچێکى ترەوە جێى خۆى خۆشدەکات. دەشێت سەد ساڵ هیوا لە قۆناغێک یان وڵاتێکدا نەمێنێت, بەڵام خۆى وەک توخمێکى بنەڕەتى لەناوناچێت(ئەودەم هەستدەکەین لەدەستدەچێت کە مامەڵەیەکى تەواو پراگماتیی پێوە دەکەین). هیوا واتە هەموو شت لە ئێستا و ئێرەدا نیە, ڕەهەندێک دەمێنێتەوە کە ملکەچى هیچ ئێرە و ئێستایەک نابێت. ئەم ڕەهەندە لە چەمکى “دیفرانس”ـى ژاک دێرێداش دەچێت کە خۆى جیاوازە لە هەموو جیاوازییەکان, خۆى لە هەموو پۆڵێن و دۆخە باوەکان هەڵدێت. هیوا شتێکە لە یۆتۆپیایەکیشدا قەتیس نابێت, یۆتۆپیا تەنیا وێستگەیەکى هیوایە. هیوا یۆتۆپیاکان تێدەپەڕێنێت و نوێنەرى ناو ئەو بەشەى یۆتۆپیاکانە کە وەک میتا-یۆتۆپیا دەمێنێتەوە. یۆتۆپیا خۆى بەرهەمێکى هیوایەک بوو کە ئەودەم میتا-یۆتۆپیا بوو.

دەشێت درووشمێک یان ئارەزوویەک بۆ نەوەیەک کۆن و سواو دەربکەوێت, بەڵام بۆ نەوەیەکى تر وەک هیوا دەردەکەوێت. هیوا لەگەڵ تازەبوونەوەى, نەوەکانیشدا تازەدەبێتەوە. هەتا گەر بشزانرێت ڕۆژى دواى شۆڕش هیچ داهاتوویەکى باشتر نایەتەئاراوە, ئەوا هیوا داناسەکنێت و مرۆڤەکان بەرەو جووڵە پاڵدەنێت. بێ ئەوەى مەبەستێکى تاریکمان هەبێت, لێرەدا هیوا لە پاڵنەرى مەرگ دەچێت, لەو پاڵنەرەى کە هەموو شتێک دەجوڵێنێت و خۆیشى ناجووڵێت, بگرە خۆى بوونێکى پڕ و پۆزەتیڤى نیە و ناگیرێت. هیوا وەک پاڵنەرى مەرگ شتان لە گرێژەنە دەردەکات, دەبێتە مایەى وێرانى, بەڵام دەکرێت سەقامگیرى بۆ ماوەیەک بخوڵقێنێتەوە و ئاوەدانییەکیش بسازێنێتەوە, بەڵام خۆى تێدەپەڕێت و لە جێیەکى ترەوە دەڕسکێتەوە. هیوا وەک پاڵنەرى مەرگ, وەک دیفرانس پرەنسیپێکى ترانسێندێنتاڵە, چونکە بوونى دەکەوێتە داهاتووەوە. هەر شتێک بکەوێتە داهاتووەوە, واتە ترانسێدنێتاڵە. لە ژیانى ڕۆژانەشدا مرۆڤەکان کاتێک هیوا بۆ یەکدى دەخوازن, هیواى باشتر و باشتر, ئەوا ماناى ئەوەیە هیوا لە جێیەکدا ناوەستێت. بگەیتە هەر دۆخێکى ئایدیاڵ, ئەوا هیوادارییەکە بۆ شتێکى زیاترە لە خودى ئایدیاڵەکە. هەتا هیواخواستن بە شتى خراپ, خۆى ترانسێندێنتاڵە و لەو ساتە تێدەپەڕێت کە قسەکەرەکە و ئۆبێکتەکەى تیایە. هیوا, ئەو تێکدەرەیە کە بۆ ماوەیەک بنیاتنانى لێ دەکەوێتەوە, بەڵام هەر خۆى پاش ماوەیەک ئاشوبێک دەسازێنێتەوە و بنیاتنان دەگۆڕێت بۆ ڕماندن. بەم پێیە, ڕماندن هەمیشە نەرێنى نیە, گەر نەرێنییش بێت زیاتر لە “ئاوفهیبونگ”ـەوە نزیکە, واتە لە نەفى و بنیاتنان پێکەوە. بەشێک لە بێزاریی نەستەکیی باوەڕداران لە بەهەشت, یان کرچوکاڵیی وێنەى بەهەشت ئەوەیە کە بنیاتنان لە جێیەکدا دەوەستێت, وەک‌بڵێى یەکجار بنیاتنراوە و وەستاوە, بەهەشت هیواى تیا نیە, مەنگ و میکانیکییە, لە دۆزەخیش دابڕاوە و پەیوەندییەکى دیالەکتیکیی پێیەوە نەماوە. مرۆڤ گەر پاڵنەرى مەرگى تیا نەبووایە, ئاسانتر بەرگەى بەهەشتى دەگرت, بەڵام لەبەر ئەم پاڵنەرە ناتوانێت لە جێیەکى مەنگى وەک بەهەشتدا هەڵبکات. بەهەشت تەنیا شیاوى ئەوەیە بکرێتە میتافۆر بۆ شتانێکى نێو ئەم دونیایە, دونیایەک کە ناکامڵ و گۆڕاوە. لە بەهەشتدا هیوا ئیشناکات, چونکە فەزایەکى وەستاوە.

خەڵک بەدرێژایی سەدەکان, لە پێش مۆدێرنەوە بۆ مۆدێرنە, کە دژى فەرمانڕەواکان هەستاون بۆ کۆمەڵێک خواست هەستاون بە ئیزافەى هیوا. واتە هیوا ئامرازێکى ڕووت نەبووە بۆ ئامانجێکى دیاریکراو, بەڵکو خۆیشى ئامانج بووە- ئەوەى کە هیوا وەک بونیاد بەرهەمبێتەوە و دانەخرێت. دەشێت زۆرکەس بە هیواى هەندێ خواستى دیاریکراو ڕاپەڕن, بەڵام ئەوان بازیچەى دەستى هیواشن, هیوا لە سیناریۆیەکى گەورەتردا ئەوانى جووڵاندووە. واتە هیوا هەر “بەرژەوەندى” نیە, بەڵکو سرووشتى یارى(game)یشى هەیە. چەشنى ئەو مناڵەى کە بەکرەدارینەیەکى دەهاویشت, بەکرەکە دەڕۆیشت و دەهاتەوە, هیوا شتێکە وندەبێت و دێتەوە. ئەوانەى لە جووڵانەوە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ هیوایەکیان نیە, ئەم دیوەى گەمە مرۆییەکان لەبیردەکەن کە مرۆڤ چەندە پێویستى پێیەتى. ئەم گەمەیە لەقووڵاییدا, لەترازانى سرووشت و کەلتورەوە داکەوتووە. ئێمە لە سرووشتەوە دەگۆڕێین بۆ کەلتور, بەڵام ناتوانین ئۆقرەبگرین و دەبێت کەلتور لەناوەوە بهەژێت. گۆڕانە سیاسییەکان, بەرهەمى ئەو ترازان ە و ئەو جەبرە شاراوەیەن. مرۆڤ هیچ سەردەمێک تەواو بەو دۆخە ڕازى نیە کە تێیدایە, ئەوە مێژوونوسانن دواتر فڵان سەردەم وەک سەردەمێکى زێڕین و هێمن دەگێڕنەوە. گەر خەڵکى سەردەمێکیش زۆر ڕازى بێت, ئەوا ڕازیبوونەکە دەگۆڕێتە سەر وردە-جووڵە, وردە-داهێنان, کە ئەوانەش ڕۆژێک یەکدەگرن بۆ ئەوەى قڵیشانەوەیەکى گەورەتر درووستبکەن.

 هیوا وەک ماهیەت جیایە لە هەستەکانى وەک خۆشى و ناخۆشى, دڵەڕاوکێ, ترس, دۆڕان و بردنەوە و هتد. هیواى پەتى, خۆى دژى ناوەڕۆکى خۆیەتى. هیوا, هیچى ناوێت, تەماعى خۆى لەسەر یەک شت هەڵناچنێت, تێپەڕینى خۆى نەبێت. ڕەنگە ئەم قسانە گشتى و ئەبستراکت دەربکەون, کۆمەڵگاکانى ئێمەش پێویستیان بە دەسکەوتە واقیعییەکانى هیوا بێت, بەڵام مرۆڤ لەپاڵ هەر دەسکەوتێکى واقیعییدا, پێویستى بە دەسکەوتى «ناواقیعى»یشە. شەڕى خەڵک و دەسەڵات, لەسەر دەسکەوتى ناواقیعییە نەک واقیعى. لەسەر ئەو ئەگەرانەیە کە یەکێکیان کۆى هێز و توانستى خۆیان بدۆڕێنن و دۆخەکە تەواو لێژ ببێتەوە. دەسکەوتە واقیعییەکان, لە جێیەکدا لە بەدیهاتن نزیکدەبنەوە, بەڵام دەسکەوتە ناواقیعییەکان تەنیا لە یەک حاڵەتدا بەدیدێت, ئەویش هاوشان بە مەرگى دەسەڵاتداران خۆیان. ئەوان دەبێت لەڕێى مەرگى خۆیانەوە, ئەو دەسکەوتانە بۆ خەڵک بێننەدى. هاوشێوەى قسەکەى ڕۆبسپێر, ئەوەى کە دەڵێت «پێویستناکات بیر لە تاوانەکانى پاشا بکەینەوە, بەڵکو هەر بوونى پاشا خۆى تاوانێکە». هیوا ڕوویەکى هەڵتەکێنەرى هەیە, لە بابەت و پێویستییە واقیعییەکاندا ناوەستێت, بەڵکو سەرى پاشایان و دەسەڵاتدارانیش دەخوات. تا پاشماوەکانى خوێنى کوشتنى باوک بمێنێت, هیواش وەک ئەگەرێک سەوزدەبێتەوە. ئەوەى هیواى کەمە یان نیە, تواناى هەڵتەکاندنى تیا لاواز بووە, بەڵام هەموو بێهیواییەکیش کاتییە و دەشێت زۆرینەى براکان/ئەندامانى کۆمەڵگا هەڵسن و شاڵاوببەنەوە بۆ کوشتنى باوک. ئێمەى مرۆڤ لەم ڕووەوە میراتگرى چیرۆکێکى کۆنین, پێویستناکات خەم لەوەش بخۆین باوک گۆڕاوە بۆ دەزگا و دیسپلین. بۆیە هیوا, کەشێکى هێمن نیە, بەڵکو لە کرۆکدا وەهمێکى توندە لە کوشتنى باوکەوە ماوەتەوە و چیدى بە هیچ “کوشتن”ێکى ئەزموونى ئۆقرەناگرێت. ناکرێت هیوا وەک تێگەیەکى سادیستیی ڕووت سەیربکەین, دەشێت بێهیوایی خۆى بریتى بێت لە ماسۆشیزمێکى کاتى. ئەوانەى بێهیوان, دەستیان لەو ساتە هەڵگرتووە کە هیوا لیبیدیناڵەکە بەرەو دەرەوە ئاراستەبکەن. هیچ کوشتنێک ناتوانێت هیوا ڕابگرێت, هیوا وەک ڕەشەبایەکى ئۆنتۆلۆژى وایە, لە پەناوپەسێوەکاندا وندەبێت و هەمیسان دەردەکەوێتەوە. دەشێت ڕژێمێک چەند دەیەیەک خەڵک لەناو بێهیواییەکى ئەزموونییدا بهێڵێتەوە, بەڵام سەرەنجام کوشتنێک قەرزارە. ئەمەش دیسان حوکمێکى گرنگ نیە دەیدەین, «زاڵم هەر زەواڵى بۆ دەبێت»؛ بەڵام کات بۆ هیوا نرخى خۆى هەیە: مرۆڤەکان پاش کەمێک فەرمانڕەوا تازەکانیش دەکەونەوە پرتەوبۆڵە, نەفى لەناو زمانى خەڵکدا دەکەوێتەوە گەڕ, گەر کورتترین دەرفەتیشى بۆ بڕەخسێت هەر ڕووى لە دەرەوەیە و لە ڕووى سیاسییشەوە ڕووى لە دەسەڵاتدارانە(ئەوانەى کە زۆرترین پشکەچێژى زەقیان داگیرکردووە).

گەر هیوا بخەینەوە ناو مێژوو, ناو فۆرمى سیاسى و کۆمەڵایەتى, ئەوا لەمڕۆدا هیوا لەلایەن ستایلێکى ژیانەوە پاوانکراوە. هیوا, کراوەتە کاڵا, بەدەزگاییکراوە. واتە بەر هیوا خۆى ناکەویت, بە نێوانگریی کاڵا نەبێت کاڵاش مەبەستمان لە شمەک نیە بەتەنیا, بەڵکو ئەو کۆپەیوەندییە کاڵاییەیەى ناو سەرمایەدارییە کە ستایلێکى ژیانى خوڵقاندووە ڕێنەدات هیوا ڕاستەوخۆ بە خۆى و گوژمە نەفیکارەکەیەوە دەربکەوێت. سیستەمەکە, زەمەنێکى درێژە هیواى بەرەڵابوونى هەناوى خۆیشى جڵەودەکاتەوە. وێڕاى ئەمەش, مێژووى ناوخۆى کۆمەڵگاکان بەڕەهایی وەکو یەک نین, بۆیە هیوا ڕۆڵى جیاجیایشى هەیە. دەشێت هیوا بۆ کۆمەڵگایەک بریتى بێت لە تێپەڕاندنى کەپیتالیزمێکى جڵەوبڕ, بۆ جێیەکى تر ڕزگاربوون بێت لە سەرکوتى نەتەوەیی و لە شوێنانى تر ڕۆڵى مێژوویی دیکە بگێڕێت. هیوا لەناو یەک مێژوودا و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر سەرهەڵدەداتەوە. ڕەنگە بەشێک لەوانەى لە بزووتنەوەکانى پێشووترى ئێراندا بەشدار بوون, ئەمڕۆ نەمابن, بەڵام هیوا وەک پرۆسەیەکى پڕ هەڵبەزودابەز ماوە و درێژەى هەیە. گەر قسەکەى سارتەر هەماوربکەین دەبێت بە: مرۆڤ مەحکوومە بە هیوا- چونکە وەک وتمان لەبنەڕەتدا گیرۆدەى جووڵە و پاڵنەرى مەرگ و ترازانى جۆراوجۆرە.

                                                                           ***     

ئەزموونى کۆمارى ئیسلامیی ئێران, نەک هەر بۆ ناوچەکە, بەڵکو لە جیهانیشدا ئەزموونێکى ئایدۆلۆژیی تایبەت بوو. لە سەردەمێکدا ئەم «ئینقیلاب»ـە ئایدۆلۆژییە ڕوویدا, کە لە خۆرئاوا باسى کۆتایی ئایدۆلۆژیا دەکرا. ئەودەم بنکى جەماوەری و درووشمى کۆمۆنیستەکان لە ناوخۆى ئێران قۆزرانەوە و هاوشان بە کۆمەڵێک تەنزیماتى نهێنیی پێشوەخت, شۆڕشەکە سەرخرا. کۆمۆنیزمى جیهانییش بەرەو کرمۆڵبوون دەچوو, بلۆکى کۆمۆنیستى لە جەنگى سارددا دژى ئەمریکا بەرەو پاشەکشە دەچوو. ئێران بە جۆرێکى دیاریکراوتر, و لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەم دژایەتییەى گرتەئەستۆ. ئێران, لە چوار دەیەى خۆیدا, ئیدارەى ئەم شەڕە ئایدۆلۆژییەى کردووە. لەکاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەکە و جیهان, دەستبەردارى شەڕى ئایدۆلۆژى بوون. شۆڕشى ئیسلامى, وەک زەمەن, شۆڕشێک بوو لەناو زەمەنى مۆدێرندا, بەڵام لەڕووى نازەمەنییەوە پاکانەحیسابى شیعەکان بوو کە دەمێک بوو لە مێژووى ئیسلام وەدەر نرابوون. دیارترین سیماى ئایدۆلۆژیی ئەم ئەزموونە, جگە لە دژایەتیی ئەمریکا(و ئیسرائیلى هاوەڵى), دیسپلینکرنى «ژویسانسى ژن» بوو, واتە لەقاڵبدانى ژن بوو وەک یەکێک لە سەرچاوە مرۆییەکانى چێژ و مانا و بەها. سنور بۆ زۆر چێژى تریش دانرا, چێژگەلى وەک ئازادیی سیاسى و فرەیی و هتد, بەڵام ئەم جۆرە “ژویسانسە جێندەری “یە, مانایەکى تەواو ئایدۆلۆژى و یەکلاکەرەوەى بۆى هەبوو. دیارە ئەمە لە مێژووى ئیسلامدا تازە نەبوو, بەڵام بەم شێوەیە نەکرابووە نیشانەیەکى تۆکمەى ئایدۆلۆژى. باڵاپۆشى و لەچکى ژنان, تەنیا سانسۆرێکى کەلتورى نەبوو, بەڵکو نیشانەیەکى ئایدۆلۆژیی سازشلێنەکراو بوو. گەر لە دیدى تیۆلۆژیاى سیاسییەوە, بڕوانین, لەچک پەیوەندییەکى ئۆرگانیی ڕەهاى بە داخرانى کەلتورییەوە نەبوو(بەو جۆرەى لە کەلتورى عەرەبییدا هەیە), بەڵکو فۆرمێکى سیاسیی ڕووت بوو بۆ ڕاگرتنى ئایدۆلۆژیا. بە مانایەکى تر, جۆرێک بوو لە ڕاگرتنى ڕواڵەت(saving face). لێرەوە کورتکردنەوەى باڵاپۆشى و لەچک بۆ دیاردەیەکى کەلتوریی ڕووت, کورتکردنەوەى دۆخە سیاسییەکەشە. هەر ئەم ماوەیە, سەرکۆمارى ئێران ڕازى نەبوو بەوەى لەگەڵ پێشکەشکارێکى سى.ئێن.ئێن دانیشێت, چونکە پێشکەشکارەکە بەبێ لەچک هاتبوو. ئاشکرایە ئەمە ژێستێکى شەرعى نیە, بەڵکو پتر ڕەفتارێکى سیاسی و ئایدۆلۆژییە. کێشەکە, کێشەى ئایدۆلۆژى و مانەوەى دەسەڵاتە. لەچک, ئەو سەمپتۆمەیە کە بەتوندى لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیاى ئیسلامى ئاڵاوە. دەشێت دەسەڵاتەکە مل بۆ داواکاریی دیکە بدات, بەڵام دەستبردن بۆ یکێک لە ڕەمزە ئایدۆلۆژییەکانى, دەستبردنە بۆ لەناوچوونى پلەپلەى خۆى. بۆیە هەڵوەشاندنەوەى باڵاپۆشیی ناچارى, واتە کۆتاییهاتنى ئایدۆلۆژیاى ئیسلامى؛ بۆیە زەحمەتە پارادۆکسى لەم جۆرە ڕووبدات.

هێشتاش ئەگەرەکانى پرسەکە, ئەگەرى زیاترن لەوەى کە هەن: کاتێک کوشتنى ژنێک لەسەر لەچک, بەهۆى ئامرازەکانى پەیوەندیگرتنى تەکنۆلۆژییەوە لەوە دەردەچێت هێمایەکى سیاسیی ڕووت بێت و ڕەهەندێکى مۆدێرن وەردەگرێت ئەوا دەتوانین بیر لە ئیمکانەکانى بکەینەوە. ئەو کۆدەنگییە ناوچەیی و جیهانییە لەسەر پرسەکە, دەتوانێت وێڕاى ڕەهەندە سیاسییە ناوەکییەکانى, ڕەهەندى کەلتوریی گەردوونییش جێبهێڵێت کە بەهاکانى مۆدێرنەیە. هەر نزیک لەم ڕووداوە, دەشێت پرسى لەچک و پۆشاک, بۆ ئێمەپتر هەستیار بێت, وێڕاى ئەو کرانەوە ڕواڵەتییەى جلپۆشین کە هەیە. ئازادییەکى ڕواڵەتى هەیە کە بەرەنجامى بیرکردنەوە و تێپەڕین نیە بە پرسى جەستەدا. لەم ڕووەوە دەکرێت لەبرى لەچک بەتەنیا, مرۆڤ باسى کۆى کێشەى ژن و پیاو بکات. کێشەى ژن وەک “بەش”ێک, جووڵێنەرى “کۆ”ـى کێشەى پیاویشە. بە کەمێک وردبوونەوە, مرۆ تێدەگات پیاوان پتر قوربانیی پیاوسالاریین تا ژن. ئەوان جگە لە ژن, خۆیشیان گردووەتەوە بە قوربانیی ئەو فرانکشتاینە کەلتورییەى کە هەر خۆیان درووستیانکردووە. سەنتێزى ئەم کێشەیەش لەسەر جەستەى ژن دەرکەوتووەتەوە, توندوتیژى و ژێستە ڕەقەکانى ئەوان, هەڵگرى بەهاکانى پیاوە لەسەر جەستەى خۆیان. هەر ژنێک, پیاوێکى توندوتیژیشە, چونکە ناچاربووە ئەو بەهایانە لەئەستۆبنێت. ئێمە پێویستمان بە دیوە زەینى و کەلتورییەکانى ئەو یاخیبوونەیە, و تەنانەت خۆرهەڵاتى ناوەڕاست تێکڕا پێویستى بە ڕەهەندە کەلتورییەکانى یاخیبوونە لە پۆشاکى زۆرەملێ.

هەروەها خاڵێکى کۆنکرێتى بەنیسبەت ئەمڕۆشەوە, ئەوەیە کە ئەم هیوایە بیرماندەخاتەوە سێ چەمکى وەک کۆیەتىلەشواقیع مانایان هەر ماوە و نەبوونەتە وەهم. کۆیەتى واتە پێکەوەبوونى مرۆڤەکان هێشتاش سەرچاوەى خرۆشان و شادییە, لەشیش بەهۆى تەکنۆلۆژیاوە تەواو تیا نەچووە, واقیعیش هێشتا ئەو سامانە هاوبەشەیە کە دەتوانین پێى تێبخەین و ماناى لێ وەربگرین. ئەم سێ تێگەیە, پێکیشەوە خۆراک بە چەمکى ئاکار و بەرپرسیارى دەدەن, ئێمە لەڕوانگەى ئەو سێ چەمکەوە تێدەگەین هێشتا پێویستمان بە یەکترە. واقیعى مەجازى, ساڵانێکە کار لەسەر ئەوە دەکات تەنیا سەیرى یەکدى بکەین, بەڵام هیواى سیاسى وادەکات لە یەکتریشدا بڕێک ون ببین و هەروا بەسادەیی یەکتر نەکەینە ئۆبێکتى بینین. ڕەنگە بینین(seeing), جۆرێکى تازەى توندوتیژى بێت کە تەکنۆلۆژیا دەیەوێت بەسەر مرۆڤەکاندا بیسەپێنێت و ئەمانیش دەرهەق بە یەکتر بینوێننەوە. لە بینیندا بەم فۆرمە, هەرسێ چەمکى کۆیەتى و لەش و واقیع سستدەبن.

 ئێران بەحوکمى هەندێک ڕایەڵەى مێژوویی, کاریگەرییەکى زۆرى لەسەر ئێمە وەک کەلتور هەیە. گەر بۆ ڕۆژهەڵات, ڕاستەوخۆ سیاسى بێت, بۆ ئێمەش ڕاستەوخۆ کەلتورییە. بۆیە گۆڕین لەوێ, ڕەنگە گۆڕین بێت لە هەندێک ئینتیباعى ئێمەشدا. هەموو ڕۆژێک بەشێوەیەکى نەستەکى و ناڕاستەوخۆ, ئێمە کاریگەرییەکانى ئەو دراوسێیە وەردەگرین. ئەم ڕۆژانە, هەموومان چاومان لەسەر دۆخەکەیە. خەڵک و دەسەڵات لەسەر هێڵى مان و نەمان دەجووڵێنەوە, ململانێى دوو جەمسەرە لەسەر هەژموونى جۆراوجۆر: دەسەڵاتەکان بە نۆرە بیر لە کارتە کاراکانى خۆیان دەکەنەوە, بەتایبەت ئەو وەختەى کە کاراترین و بنچینەییترین کارتى خۆیانیان دۆڕاندووە کە کارتى شەرعییەت(ڕەوایەتیی سیاسى)ـە. کارتەکانى دواتر, فۆرمەکانى سەرکوت و بێدەنگکردنن. ئێران وەک هەر دەسەڵاتێکى تر, ئاسان جێى ناهێڵێت, بەتایبەت حوکمى خودا ڕادەستى حوکمێکى زەمینى ناکات(یان وەک دەوترێت پەڕینەوە لە تیۆکراسییەوە بۆ دیموکراسى). وێڕاى ئەمانەش, بەردەوامیدان و سەرەنجامیش ڕێکەوت شتێکە دەتوانین چاوى لەسەر دانەخەین.

سەرچاوە: سایتی نێگەتیڤ