رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وانەکانی شۆڕشی ژینا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئارام رەفعەت

وانەی یەکەم

لەم رۆژانەدا سێ مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێراندا تێدەپەڕێت. ئەمە ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و دەکرێت کۆمەڵیک وانەی لێ وەربگیرێت. هەوڵ دەدەم لە چەند پۆستێکدا چەند وانەیەک بخەمە روو.

وانەی یەکەم پەیوەستە بە هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتیش زلهێزەکان دەربارەی گۆڕینی رژێم لە ئێراندا. لە ٤٣ ساڵی رابردوودا، ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان و وڵاتە عەرەبییەکان لە ململانێی بەردەوامدا بوون لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامی و ئەم رژێمەیان وەک شەیتانێک وێناکردووە و زۆرجاریش ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە خوازیارن ئەو رژێمە بگۆڕدرێت. شۆڕشی ژینا ئەو هەلە بوو بۆ رکابەر و نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت کۆی نارەزایەتییەکان بەئاراستەی چاکسازی لەو رژێمە و گۆڕینی ئەم مەلا و ئاخوند بەوی تریان نییە و نەبوو، بەڵکو ئامانج روخان و کۆتایی ئەو رژیمە بووە. بەڵام وڵاتە رکابەرەکانی ئێران ئەم هەلەیان نەقۆستەوە و جگە لە هەندێک پشتیوانی زارەکی هیچ کام لەم وڵاتانە بە ئاراستەی سوودوەرگرتن لەو نارەزایەتییانە هەنگاوییان هەڵنەهێنا هیچ پشتیوانییەکی کردەیی و مەلموسیان بۆ ئازادیخوازانی رۆژهەڵات و ئێران پێشکەش نەکرد. هۆکاری ئەم خۆبواردنە لە بەشداریکردن لەهەوڵی گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی نەکردنی ئەم بزووتنەوە نارازییە روونە. زلهێزەکانی دوونیا ئەگەر دڵنیا نەبن لەوەی جێگرەوەی ئەم رژێمە کێیە و بەدیلەکەی چەندە دەتوانێت سەقامگیری ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بپارێزێت، ئەوا بەباشتری دەزانن کە ئەم رژێمە بمێنێتەوە. بەواتایەکی تر، لە پرسی گۆڕینی رژێم لە ئێراندا، ئەمریکا و رۆژاواییەکان شەیتانێکی ئاشنا لە فریشتەیەکی نائاشنا باشتر دەزانن.

وانەی دووەم

پەیوەستە بە خاڵی لاوازی رژێمە پەلهاوێژەکانی ناوچەکەوە، لەوانەش تورکیا و ئێران. نارازایەتییەکانی ئێران و پێشتریش هی گەزی پارکی ئەستەنبوڵ ئەوە پیشان دەدەن کە ئەگەر ئەو رژێمانە لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش سەرکەوتوو بووبن و بەهێز دەربکەون ئەوا لەناوخۆدا لاواز و لەرزۆکن. بۆ نموونە ئێران لە ناوچەکەدا چەندین رژێم و هێزی پرۆکسی هەیە لەوانەش لە عێڕاق و سوریا و لوبنان و یەمەن. لەسەر ئاستی دەرەوە، ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی سەرکەوتنەکانی ئێران بوو لە عێڕاق و سوریا و یەمەن. لە عێڕاق هێزە شیعییەکانی سەر بەر ئێران حکومەتییان دامەزراند و لەسوریا رژێمی ئەسەد مەترسی رووخانی تێپەڕاندووە و زۆرێک لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی خۆی دامەزراندۆتەوە و لە یەمەنیش حوسییەکان بوونەتە ئەمری واقیع. بەڵام لەناوخۆی وڵات، ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی شۆڕشی ژینا و ساڵی کابووس و نەهامەتییەکانی ئەم رژێمە بوو. هیچ کاتێک، تەنانەت لە هەشت ساڵی شەڕی عێڕاق و ئێران، پایەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی هێندەی ئەم سێ مانگە نەلەرزیون و مەترسی روخانی لەسەر نەبووە. بەکورتی هەژموونی ئێران بەسەر ناوچەکەدا نە دەبێتە زامنی مانەوەی رژێمی کۆماری ئیسلامی و نە مانای قەبوڵکراوی ئەم رژێمەشە لە ناوخۆدا، ئەمە بۆ تورکیا و رژێمەکەی ئەردۆغانیش راستە.

وانەی سێیەم

 ئەوەیە کوردستان هەرگیز ناتوانێت ببێتە سەنتەر و هەر بە پەراوێزی دەمێنێتەوە. شۆڕشی ژینا لە بنەرەتدا شۆڕشی ژنانی کورد و گەلی رۆژهەڵات بوو. یەکەم جارە جولانەوەیەکی نارەزایەتی لە کوردستانەوە پەرە بسێنێت بۆ بەشەکانی تری ئێران بۆ یەکەم جاریشە کە ژنان و ئازادیخوازنی کوردستان بتوانن ببنە پێشەنگی ژنان و ئازایخوازانی ئێران بەسەرجەم نەتەوە و هەرێمەکانەوە. ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە لە سێ مانگی رابردوودا ئازادیخوازانی ئێران لەدەوری شیعاری ژن، ژیان، ئازادی کۆبوونەوە و کەم شار و شارۆچکەی ئێران هەیە کە لەم سێ مانگەدا خوێنی ئازادیخوازێکی لێنەڕژابێت. کوردستان هەر لەوەدا پێشەنگ نەبوو. لە ئاستی هاتنەمەیدان و ئاستی رێکخراوەیی و شێوازی ململانێ و ژمارەی قوربانییەکانیشدا پێشەشنگە. نارەزایەتییەکانی رۆژهەڵات هێندە فراوان بوو کە شۆڕشگێڕانی کورد توانییان بەشێکی بەرچاوی هەندێک شار و شارۆچکەی رۆژهەڵات لە دەسەڵاتی رژێمی کۆماری ئیسلامی پاک بکەنەوە یان دەسەڵاتی ئەو رژێمە لەو شار و شارۆجکانەدا پەراوێز و بێکاریگەر بکەن. سەرەرای ئەوەش رۆژهەڵات تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە مەترسی بۆ سەر مانەوە و نەمانەوەی ئەم رژێمە و بڕیار لەسەر چارەنووسی رژێمەکە بدات. ئەگەر ئاستی نارەزایەتی و هاتن مەیدانی خەڵک لە تاران و شارە فارسنشینەکانی تر هاوتای کوردستان بووایە و رژێم لەپایتەخت و شارە سەرەکییەکانی تریش هێندەی کوردستان پاشەکشەی بکردایە ئەوا ئەگەری رووخانی رژێم لە سێ مانگی رابردوودا ئەگەرێکی زۆر بەهێز دەبوو.