رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دەربارەی ناڕەزاییەکانی ئێران

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: سەردار عەزیز

ناڕەزاییەکانی ئێران لە پاش کوشتنی کچێکی لاو دێت بە ناوی ژینا یان مەهسا ئەمینی کە پاش گەڕانەوەیان لە باکوری ئێران، سەردانی تاران دەکەن و لە گەڵ براکەیدا لە یەکێک لە پارکەکانی تاران لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن. یەکەم سەرنج کەسێک لێی بە ئاگا دەبێتەوە بۆ ئەم خانمە دوو ناوی هەیە، ژینا لە گەڵ مەهسا. چونکە دەوڵەتی ئێرانی کە دەوڵەتی فارسە، ناوی ژینای کوردی قبوڵ ناکات. ئەمە یەکەم توندتیژییە بەرامبەر ئەو کراوە لە لایەن دەسەڵاتەوە. یەکەم توندوتیژی نکوڵیکردنە لە شوناسی، لە کەلتوری، پاشان لە خاوەندارێتی جەستە و ژیانی.

پاش مەرگی دەبێتە پریشکێک و زۆربەی شارەکانی ئێران کڵپە دەگرن. ئێستا کە دەنوسم ڕۆژی شەممەیە، ٢٤ی ئەیلول. هەواڵی ئەوەیە هەیە کە شاری شنۆ لە دەست حکومەتی ناوەندیدا نەمابێت،. شنۆ شارێکی گەورە نیە لە ئێران، دانیشتوانەکەی ناگاتە سەد هەزار کەس، بەڵام لە زۆر ڕوەوە گرنگە. بۆ حکومەتێکی تەواوی ناوەندیی، کە بێ ئەندازە دەترسێت لەوەی کە نەیارەکانی دەستیان بگاتە ناوەوە ئێران، لە دەستدانی شارێک دۆخێکی ئاسایشیی و دەرونی شلەژاو دروست دەکات. بە هیوام حکومەتی ئێرانی وەک حکومەتی سوریا مامەڵە لە گەڵ خەڵکدا نەکات، کە ئەگەرێکی زۆرە. چونکە سوریا سەرزەمینی پیادەکردنی مۆدێلی ئێرانی و ڕوسیە لە مامەڵەکردن لە گەڵ نەیارەکاندا.

بەڵام ناڕەزاییەکان تەنها لە شنۆ یان کوردستان نین، بەڵکو ناڕەزاییەکان تەنانەت ئەو شارانەش دەگرێتەوە کە لە ڕابوردودا هەرگیز ناڕەزایی تیادا نەبوە، کرمان، ڕەشت بۆ نمونە.

کۆمەڵێک هۆکار هەیە لە پشت ئەم دیاردەوە، بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین.

ڕەنگە یەکەم هۆکاری گرنگ، سیمبول بێت. سەرپۆش سیمبولی ئەم ناڕەزاییانەیە. سەرپۆش، لە چەند دەیەی ڕابوردودا مایەی مشتومڕ بوە، بەڵام بە زۆری لە دەرەوەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لێرەدا لە ناو کایەی سیاسەتی ئێرانیدا سەرپۆش سیمبولی چەوساندوەی حکومەتی ئێستای ئێرانە. خەڵک دژ بە سەرکوتکارییەکان ڕادەپەڕن. ئەوەی ڕونە لە ماوەی پێشودا، لە پاش هاتنی حکومەتی نوێ، سەرکوتییەکان زیاتری کردوە. ئافرەتی لاوی تر زۆر گیراون. هەندێک دەپرسێت ئایا ئەگەر ژینا کورد نەبوایە، دەکوژرا؟ بۆ نمونە لە بی بی سی فارسی کارمەندێکی نەخۆشخانە دەڵێت بۆ ماوەی بیست خولەک سویچی ئەمبولانسەکە وون بوو بوو، هەتا ژینا بگەیەنینە نەخۆشخانە، ئەمە نەک ڕاست نیە، بەڵکو سوکایەتییە. بەڵام پرسی سەرکوتتکردن، بە تایبەتی بۆ توێژی ئافرەتانی لاو، لە بەرامبەر هەموو توێژ و پێکهاتەکانی ئێرانە. ئەمەشە وەهایکردوە کە بە پێچەوانەی جارانەوە ناڕەزاییەکان ناوچەیی یان لە ناو پێکهاتەیەکی دیاریکراودا قەتیس نەبێت.

دووەم، کاتێک سەرپۆش وەک سیمبول بنەمای ئەوەی داڕشتوە کە زۆرینەی کچان و ئافرەتان بە دۆزی خۆیانی بزانن، لە هەمانکاتدا سەرپۆش تەنها پریشکەیە. لە پشت ئەو ڕوداوەوە مێژویەکی درێژ لە ستەمی جۆراوجۆری زۆر هەیە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم حکومەتەی ئێستا، بە بەراورد بە حکومەتەکانی پێشوو نوێنەرایەتی کەمترین توێژی کۆمەڵگای ئێرانی دەکات. ئەم حکومەتە، حکومەتێکی یەک ڕەنگە، تەنانەت جێگای ڕیفۆرمخوازەکانی سەر بە دەسەڵاتیشی تیادا نابێتەوە. پرسی نوێنەرایەتی گرنگە بۆ حوکمداریی. هەرچەندە ئەم نوێنەرایەتییەش کارتۆنی بێت کاریگەری هەیە لە سەر پەیوەندی نێوان حکومەت و کۆمەڵگا.

سێیەم فاکتەر هەبونی بونیادی ڕێکخراوەیی و ئاگایی ڕێکخراوەییە. لە ساڵانی ڕابوردودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵەیەک زۆر لە ڕێکخراو و ناوەند و گروپ لە بواری وەک ژینگە بواری تردا دروستبوون، کە کاریگەرییان هەیە لە سەر فێربونی توانای خۆ ڕێکخستن. توانای خۆ ڕێکخستن گرنگترین بنەمای بەڕێوەچونی خۆپێشاندان و ناڕەزاییە، بە تایبەتی ئەگەر بێتوو بەردەوامی هەبێت و بەرەو شۆڕش بڕوات.

چوارهەم، لە ماوە ڕابوردودا، کار زۆر لە سەر ئەوە دەکرێت کە ئەوەی ئێران بە وڵاتانی تری ناوچەکەی دەکات، بە ئێرانی بکەن.

پێنجەم، هەرچەندە زۆرینەی خەڵکی ئێران کەرامەتی زەوتکراوە و بۆ بەدەستهێنانی ژەمێک خواردن دەبێت ڕەنجێکی زۆر بدات و دڵنیانیە لە بەدەستهێنانی، بەڵام ئەوە خواستی ئازادییە زیاتر کاریگەرە. هەژاران بەشێکن لەم پرسە، بەڵام هەرگیز پێشەنگ نین. ئەوەی لە هەموان زیاتری ئازادی لێ زەوتکراوە ئافرەتانن. پێکەوەبونی ئەم دوو توێژە تاکتیکی و کاتییە.

ئایا ناڕەزاییەکان و ڕێژە و بڵاوی چیمان پێدەڵێن؟

یەکەم، ئێران ئامادەیە بۆ تەقینەوە، دەمێکە ئەم ئامادەکارییە لە ئارادایە. جارانی پێشوو دەوڵەت توانی دایمرکێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی چارەسەری بکات. دەکرێت بڵێین کە سیستەمی ئێرانی ناتوانێت چارەسەری بکات، چونکە تەنانەت ئەگەر دەوڵەت بتوانێت دۆخی ئابوری باشتر بکات، بەڵام خەڵک، وەک سۆڤیەتی جاران خواستی تریان هەیە. سیستەمی ئەمڕۆی ئێران زۆر لە کەلتوری ڕۆژئاوایی دەترسێت و بە ئاگایە چەندێک ئێرانییەکان کوشمەندەی ئەو کەلتورەن.

ئەوەی ڕژێمی وەها لێکردوە لە ڕابوردودا بێ باک بێت ئەو ستراکتۆری دەسەڵاتەیە کە بونیادی ناوە. ئێران لە لایەن کەمینەیەکی سودمەندەوە بەڕێوە دەبرێت، کە چەکدار و فەرمانبەر و خێزانی شەهیدان ڕایانگرتوە. [دەزگای شەهید ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە مەکینەی سیستەمی ستەمکاری ڕۆژهەڵاتیدا]. لە هەمانکاتدا دەمێکە کۆماری ئیسلامی هیچ دەسەڵاتێکی نەرمی نەماوە.

دووەم، ئێرانی ئەمڕۆ، ئێرانی سەردەمی شا نیە، وڵاتێکە کە شوناسە جیاوازەکان تیایدا گەشەیان کردوە. گەرچی ئەمڕۆ وەها دەردەکەوێت کە پێکەوە دەتوانن هاوبەشی دروست بکەن و ڕوبەڕوی سیستەمەکە ببنەوە، بەڵام کە دێتە سەر حوکمڕانی دۆخەکە جیاواز دەبێت. ئایا ئێران دەتوانێت کۆتایی بە حوکمی سەنتەرێتی بهێنێت، کۆتایی بە مێژویەکی چەند هەزار ساڵە لە ئیمپراتۆریەت بهێنێت، ئەستەمە. بەڵام بەهێزبونی هەندێک چینی نوێ، بە تایبەتی ئافرەتان، ڕەنگە گۆڕانکاریی دروست بکات. ژنانی ئێران لە پیاوان زۆر خوێندەوارترن.

ئەگەر چەمکی ئازادی بنەمای ئێرانی نوێ بێت، ئەوا دەبێت ئێران وڵاتێکی ناناوەندیی و فرەیی و بەلای کەمەوە فیدڕاڵ بێت. ئێڕان نوێ دەبێت دەستبەرداری چەمکی عیشق بێت، کە کرۆکی کەلتوری ستەمکاریی ئێستای دروست دەکات. بیرمەندانی نەخۆشی وەک عەلی شەریعەتی و ئەوانیتر کەلتورێکی نەخۆش و پڕ لە خۆ بەکمزانی بەرامبەر ڕۆژئاوا دروست کرد، کە زۆر جار لە غرورێکی بەتاڵدا خۆی نمایش دەکات.

ئەوەی لێمان ڕونە هەر وەرچەرخانێک لە ئێران تەنها وەرچەرخانی حوکمڕانی یان سیاسی نابێت، بەڵکو شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو هەموو بوارەکانی ژیان. ئەمە وەهای لێدەکات هەر گۆڕانێک دروست بێت گۆڕانێکی شۆرشگێڕانەبێت. ئەم دۆخە بۆ شوێنەکانی تری ناوچەکە کە بەهاری عەرەبی تیایدا ڕویدا ڕاست نەبوو.

ڕەهەندی ئیقلیمی

هەر گۆڕانکارییەک لە ناوەوەی ئێران، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر سیستەمی حوکمداریی و هاوسەنگی هێز و ململانێکانی ناوچەکە. لێرەدا تەنها بە کورتی ئاماژە بە عێراق دەدەین کە بەشێکی زۆری نوخبەی سیاسی لە پەیوەندییەکی ژیان و مەرگدا پێکەوە گرێدراون.

لاوازبونی ئێران، لاوازبونی عێراقی ئێستایە. زۆرینەی زۆری هێزە عێراقیەکان یان داردەستن یان لە ژێر هەژەمونی ئێراندا بەڕێوەدەچن. بەڵام لاوازبونی ڕاستەقینە یان گۆڕانی ڕژێم ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی شیعە-شیعە قوڵتر دەکاتەوە. ئەمڕۆ ئەگەر شیعە دوو بەرەن، بەرەیەک دەیەوێت عێراق لە خزمەتی ئێراندا بەڕێوە ببات و بەرەیەکیش دەیەوێت سەربەخۆییەکی هەبێت لە ئێران بەڵام دژی نیە، لاوازبونی ئێران چەند کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر ئەم دوو بەرەیە. یەکەم، پاڵنەری دەرەکی بۆ ڕێگەگرتن لە بەریەککەوتن لاوازدەبێت. ئێران کۆڵەکەی ڕاگری دۆخی ئێستای ماڵی شیعەیە. دووەم، بەرەی سەدر زیاتر سور دەبێت لە سەر خواستەکانی لە بەرامبەری چوارچێوەدا، لە هەمانکاتدا چوارچێوەش، لە ئەنجامی لاوازبونی، زیاتر پەنا بۆ توندوتیژی دەبات، هەروەها ئەگەری هەڵوەشانەوەیان هەیە. سێیەم، لاوازبونی ئێران، بەرەی سوننە و تورکیا و ئەوانیتر بەهێزتر دەکات. چوارهەم، بە لاوازبونی ئێران حەوزەی نەجەف زیاتر بەهێزتر دەبێت، بەڵام لە هەمانکاتدا پاش سیستانی ئەگەری پشێوی زیاتر دەبێت.

ڕەنگە هەموو ئەمانە بە پێچەوانەوەش بن، بە لاوازبونی ئێران ماڵی شیعە هەست بە مەترسی بکات و لە ئەنجامدا جوداییەکانیان بە لاوە بنێن.

لە هەمانکاتدا هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر سێ بەشی کوردستان، ڕۆژهەڵات، باشور لە گەڵ ڕۆژئاڤا، بەڵام بە شێوازی جیاواز.