رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەڵوێستێکی چەوت لەمەڕ ڕژێمی ئێران، پێویستی بەڕاستکردنەوە هەیە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: گۆران هەڵەبجەیی

{دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترۆپکی ئیرهابدان}،نبیل حیدری نووسەری تایبەت بە دۆخی ئێران.

ئەوەی لەکن چاودێرانی سیاسی و کەسانی موتابعی ڕەوشی ئێران و تەنانەت کەسانی ئاسایی ڕوونە ،ئەوەیە کە ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران لەو دەمەی دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست[ ١٩٧٩]،تا ڕۆژی ئیمڕۆ لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە درێژەیان بەتەمەنی دەسەڵاتەکەیان داوە، بەجۆرێک کووشتن و سەرکووتکردن و سڕینەوەی نەیاران کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیان بووە. ئاشکرایە ئەم دەسەڵاتە بۆ ساتێکیش دەستبەرداری ئیرهاب نەبووە و نابێت.

ماهیەت و سرووشتی دەسەڵاتدارانی ئێران شتێک نیە جێگەی گومان و مشومڕبێت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دڕندەیی و سادیەتی مەلاکانی ئێران زەقتردەبنەوە. کوورت و پووخت ڕژێمێکە دەکەوێتە خانەی، دژە دیموکرسیەت، دژە ئینسانیەت، دژە فرەبۆچوون و ڕا، دژە نەتەوەو ئەتنیک، دژە مافی مێینە و دژە ژیانی مەدەنیەت بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە واتە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر وڕەفتار فاشییە.

لە حاڵەتێکی ئەوهادا گرنگەو زۆریش گرنگە دیدو بۆچوونی چینێکی سیاسی سەرچڵ و خاوەن مێژووی تێکۆشانی سەخت دەربارەی ئەو ڕژێمە بزانرێت کە ئەویش دەسەڵات و حیزب و لایەن و تاکی چەپ و کۆمۆنیستەکانە.

هەڵوێستێک کە بەخاڵێکی سەلبی و هاوکات ڕەخنە لەسەر زۆرێک لە دەسەڵات و حیزب و ڕەوت و کەسایەتیە چەپەکانی جیهان بە عەرەب و {کوردیشەوە }هەژمار دەکرێت، پشتگیری کوێرانەیانە لە ڕژێمی ئێران، ئەمانە نالۆژیکیانە داکۆکی لە ڕژێمی ئێران دەکەن و هەڵوێستی نادرووست و دوور لە واقیع وەردەگرن. پاساوی گەورەیان بۆ ئەم هەڵوێستەیان ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیلە، یاخود بەلۆژیکی [دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە] کاردەکەن.

بابزانین بەڕاست ئێران دژی ئیسرایئل و ئەمریکایە یا تەنها دروشمێکی فریودەرو بێ ناوەڕؤکە؟

ئاشکرایە سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزراوە و هەر ئەوەش داینەمۆی بزواندنیەتی. کەواتە ئێرانیش لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکات، نەک لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەب. لەحاڵەتێکی ئەوهادا دەکرێ و ڕوویداوە ئاین و مەزهەب کراونەتە قوربانی بەرژەوەندی گشتی.

بۆنمونە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ئیسلامی شیعە مەزهەب، لەکاتی جەنگی [٨] ساڵەیاندا لەگەڵ ڕژێمی سەدام، چەکیان لەڕێگەی لایەنی [سێیەمەوە] دەکڕی، لە نێوانیاندا چەکی ئیسرائیلی و ئەمریکی، کاربەدەستانی چەککڕی ئێرانی چاک دەیانزانی ئەوچەکانە ئیسرائیلین یاخود هی {شەیتانی گەورەن}. هەموومان {ئێران کۆنترای} سەردەمی ڕێگانمان لەیادە کە لەڕێگەی ملیاردێری سعودیەوە عەدنان خاچەقچی بەنرخی چەند ملیارێک دۆلار چەکی ئەمریکی فرۆشت بە ئێران. هەرلەو دەمەدا ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی خۆی لەڕێگەی [مانگە دەستکردەکانەوە] زانیاری سەربازی دەدا بەهەردوو لا، هیچ لایەکیشیان ئەو زانیاریانەیان ڕەتنەدەکردەوە.

خومەینی بەردەوام بەدرووشمی قەبەو بێ ناوەڕۆکی [نەڕۆژئاوایی و نەڕۆژهەڵاتی] دەیویست خەڵکی ساویلکە هەڵبخڵەتێنێت، کەچی لەدەمی جەنگی هەشت ساڵەدا، ئەو درووشمەی وەلاناو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، چەک و کەرەستەی جەنگی لە وڵاتانی هەردوو بەرەکە دەکڕی و نەوتیشی بەهەردوولا دەفرۆشت.

دڵنیام هەمان ڕژێم ژێر بەژێر پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەبووەو هەیە کە بەدژو نەیاریان دەزانێت، [یەکێک لە وەزیرەکانی دەرەوەی ئەمریکا بەر لە دەساڵێک ئەو نهێنیەی درکان] کە پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ ئێران هەبووە، بەداخەوە ناوی ئەو وەزیرەم لەیاد نەماوە. کەواتە ئێستا بۆمان ڕوونبوویەوە کە ڕژێمی ئێران دوژمنی ئەمریکاو ئیسرائیل نەبووەو نیە، درووشمەکانیشی لەو بارەوە تەنها بۆ فریودان بووە.

دەربارەی هاوکاریەکانی ڕژێمی ئێران بۆ لایەن و وڵات و بزافە ئیسلامیەکان، ئەوەش مەغزاو مەبەستی تایبەتی لە پشتە ،ئەوەی لەم بوارەدا بەلایانەوە گرنگ نیە ئاین و مەزهەبە.

هەموو دەزانین کە لەدوای کووشتنی حسین کوڕی علی ابی طالب لەلایەن زید بن معاویەوە لەساڵی[٦١] ی کۆچیەوە تا ئێستا خوێن لە نێوان ئەو دوو مەزهەبەدا حکوم دەکات و یەکتر ڕەتدەکەنەوە و جۆرەها سفەتی ناشیرین دەخەنە پاڵ یەکتر، کەچی مەلاکانی ئێران پەیوەندیەکی تووندوتۆڵ و باشیان لەگەڵ زۆرێک لە گەڵ بزاف و حیزبە ئیسلامیە سوونە مەزهەبانەدا هەیە، لە نێویاندا هەن کەهەرگیز دان بە ئیسلامیەتی شیعەدا نانێن و تەنها سوونە بەمیراتگری ئیسلام دەزانن.

ئێران بە پارە و چەک یارمەتی زۆر هێز و لایەن دەدات کە هیچ شتێک کۆیانناکاتەوە جگە لەبەرژەوەندی، بەنمونەی حماس و جیهادی فەلەستینی و [تالیبانی ئەفغانستان لە سەردەمێکدا] و حیزبی «الجماعة الإسلامية» پاكستانی تووندڕەو.

یاخود لە تەنگەژەو جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازربایجاندا، ئێران لایەنی ئەرمینیای گرت، کەدەبوو بەپێچەوانەوە بوایە چونکە ئازربایجان وڵاتێکی شیعە مەزهەبە. دیارە مەبەست لەم پەیوەندیانە دووسەرەیە، یەک ئەوەیە تا لایەنە هاوکاریکراوەکان دژ بەبەرژەوەندی و ناوەند و کەسایەتیەکانی ئێرانی چالاکی ئەنجام نەدەن، دووەم هەوڵدان بۆ جێگیربوون و درووستکردنی پێگەیەک بۆ خۆیان لەو دەڤەرانەی ئەو حیزب و بزافانە باڵادەستن تێیدا.

ئەوەی دەزانین لە ئێستادا ئێران کەم تازۆر کۆنترۆڵی لوبنان لەڕێگەی حیزبللەوە، یەمەن لەڕێگەی حوثیەکانەوە، عێراق لە ڕێگەی حیزبە شیعەکانەوە، سوریا لە ڕێگەی ئیتڵاعات و گرووپە چەکدارەکانەوە دەکات. ئەم کارانە هەرگیز ناچنە خانەی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە، بەڵکو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا مەسەلەکە بەهێزکردنی پێگەی خۆیانە دوور لە مەزهەب و ئاین.

بۆپاراستی خودی خۆیان ئاخوندەکانی ئێران لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا لە هەرشوێنێک ناڕەزاییەک چ وەک تاک چ وەک حیزب و نەتەوە و لایەن، سەری هەڵیدابێت، ئەوە بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت کراوە، ئەم ئیرهابەی دەسەڵاتی ئێران سنوورەکانی وڵاتی بەزاند و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی گرتەوە، بۆ نمونە لە هەندەران کەم حیزب و کەسایەتی سیاسی و سکرتێری حیزبە کوردیەکان هەن دەستی ئیرهابی ئێرانی پێنەگەشتبێت.

لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، نەمسا، فەرەنسا، هوڵەندە، سوید، دانمارک، تورکیا ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ونەیارانی ڕژێمی ئێران تەرۆرکراون یا بریندارکراون یا هەوڵی ڕفاندیان دراوە. لەباشووریش تا ئێستا پتر لە ٦٠٠ تێکۆشەری کوردی سەربە حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات بەدەستی ئیتلاعات کووژراون.

هەر ڕژێمێک ڕێز لە هاوڵاتیانی خۆی نەگرێت، پانتاییەک بۆ ئازادی و دیموکراتی مەیسەر نەکات، پێویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان دابین نەکات، لە جیهاندا بێزراو و نامەرغوب نەبێت، کەواتە ئەو ڕژێمە کە مەبەست لێی ئێرانە هەرچیبێت و هەرچ ناوێک لەخۆی بنێت، ناتوانێت ببێتە نوێنەری ڕاستی گەلێکی ستەم لێکراو، هاوکات ناکرێت خەسڵەتی دژە ئەمریکاو ئیسرائیلیش هەڵبگرێت، چونکە ئەو ڕژێمە زۆر دوورە لەو ئەرکەوە. تا ئێستایشی لەگەڵدابێت دژایەتی ئێران بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل لە واقیعی عەمەلیدا بەرجەستە نەبووە، بەجۆرێک زیانی مەزنی پێ گەیاندبن، یاخود لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا جێگەو پێگەیان لەقبووبێت.

بۆئەوەی باشتر و ڕوونتر ماهیەتی دەسەڵاتدارانی ئێران بزانین، چەند پرسیارێک ئاراستەی ئەو حیزب و لایەن و تاکە کەسانە دەکەم بە خۆشمانەوە کە لەخانەی چەپ، ئازادیخواز ،ئینساندۆست، دیموکراتیخواز، کۆمۆنیست خۆیان دەبیننەوە ،ئەوجا دەردەکەوێت کەئایا هەڵەیەکی سیاسی مەزن لە هەڵوێستی ئەو حیزب و دەسەڵات و لایەن و کەسانەدا نیە کەداکۆکی لەو ڕژێمە دەکەن؟

+ دەکرێ و درووستە کەسێکی چەپ یا کۆمۆنیست داکۆکی لە ڕژێمێک بکات کەبەدڕندەترین شێوە چەپ،کۆمۆنیست، ئازادیخوازان سەرکووتدەکات و گوللەبارانیان دەکات، بەتایبەی ئەندام و سەرکردەکانی تودەو فیدائیان و لایەنە چەپەکانی دیکە کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپارد یا پاکانەیان لێوەرگیرا و پاشان لەسەر تەلەفزیۆن سوکایەتیان پێکرا؟ تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەندامبوون لەو حیزبانەدا سزای تووندی لەسەرە.

+ دەکرێ و ڕەوایە لایەنێک یا کەسێکی تینوی ئازادی و مافی مرۆڤ، لایەنگری دەسەڵاتێک بێت کە هەناسەیەکی ئازادی و دیموکراتی لە وڵاتەکەدا بوونی نیە؟

+ئایا ئاساییە داکۆکیکارانی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنیانەی بێ فشارو سەرکووتکردن، هەوداری دەسەڵاتێک بن کە خۆپیشاندانەکانی خەڵک کە بۆ نان و کارو ئازادی ئەنجام دەدرێن، بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت بکەن، هاوکات دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەر، شانازی بەژمارەی زۆری کوژراوە خۆپیشاندەرەکان بکەن؟

+ڕەوایە حیزبێک یاخود کەسێکی چەپ کە بڕوای بە ماف و سەربەستی و سەربەخۆیی گەلان هەیەو خەباتی لەپێناودا کردووە، هاوکات دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەنگی دلێربێت، بەڵام بێباک بێت لە ئاست کردەوەی نامرۆڤانەی ڕژێمێکی وەک ئێران کە بە ڕژێمێکی دژە میللەتان ناسرابێت؟ ئەو ڕژێمەی لەبری مەیسەرکردنی بڕێکی کەمی داخوازیەکانی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتەکەی لە کورد، بلوج، ئازەر، عەرەب، و نەتەوەکانی دیکە، بە بێ بەزەییانە سەرکووتیان بکات و بیانچەوسێنێتەوە، وە ئەندامی چالاک و سەرکردەکانیان لە دەرەوە تەرۆربکات؟ تا ئاستی ئەوەی ڕێگەنەدات کەسانی سەربەو نەتەوانە تەنانەت منداڵەکانیان بەخواستی خۆیان ناوبنێن؟

+ منێک ئاواتەخوازی فرەدەنگی و فرەنگی بم و بخوازم هەموو بیروبۆچوونێک لەگۆڕەپانەکەدا مافی خۆ نمایش کردنی هەبێت، بەڵام چاو لە ئاست تاوانەکانی ڕژێمی ئێرانی سەرکووتکەر دابخەم یاخود پاساوی لاوازی بۆ بهێنمەوە، کە ڕێگە بەهیچ بۆچوون و ڕایەکی جیاواز نەدات، تەنانەت گەر لەڕەحمی ڕژێمەکەشەوە هاتبێتەدەر بەنمونەی [حسین مووسەوی] کەتا ئێستاش لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە؟

+ ئەمە چ ڕژێمێکە چەندین ملیۆن لەدانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدابن، گرانی و بێکاری تەنگی پێهەڵچنیون، کەچی ساڵانە ملیارات دۆلار لەدەمی خەڵکەکەی دەدزێت وەک هاوکاری دارایی یا وەک کڕینی چەک دەیبەخشێتە حیزب اللە و بزافی ئەمەل و حماس و جیهاد و ئیخوانەکانی میسرو بزافە ئیسلامیە ئیرهابیەکانی جیهان؟

+ من کە داکۆکیکاربم لە مافی مێینەو ئومێدم ئەوەبێت بە ئازادی مومارەسەی ژیانی خۆیان بکەن، ئیدی چۆن قەبوڵبکەم خانمێک بەهۆی دەرکەوتنی چەند تاڵە قژێکی پرچی، تامردن ئەشکەنجە بدرێت؟

+بەهەموو پێوەرێک ڕژێمی ئاخوندەی ئێران ڕژێمێکی چەوسێنەر، سەرکووتکەر، دژبە ئینسانەو هەموو بەهایەکی ئەخلاقی لەدەستداوە، بۆیە دژایەتی کردنی ئەرکی سەرجەم ئەو وڵات و دەسەڵات و حیزبانەیە کە مافی مرۆڤ بەلایانەوە گرنگە، هاوکات ئەرکی ئەخلاقی هەموو تاکێکی ئازایخواز، مرۆڤدۆست، دیموکرات خواز، چەپ، کۆمۆنیست، ئەتایستە کە ئەم دەسەڵاتە ڕسوابکات، هاوکات پێویستە ئەو تێڕوانینە چەوتە ڕاستبکرێتەوە.