رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سەبارەت بە گوتاری دژ بە توندوتیژی لە ئێستادا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: شارا تاهیر

ساتی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و ستەمکاری ساتێک نییە بە هێڵێکی ڕاست و دروست و پڕ هارمۆنیدا بڕوات بەڵکو خودی پرۆسەی داماڵینی هەر ڕژمێکی ستەمکار سروشتێکی بێ ڕیتم و تەواو بێ نەزمی هەیە. وەکچۆنیش خودی ئەم پرۆسەیە بە هەموو بێ ڕیتمی بێ نەزمییەکەوە دەرئەنجامی هێزێکی ئەفسونی، یان شۆکێکی سروشتی یاخود دانوستانی نێوان هێزی چەوساوە و هێزی چەوسێنەر نییە بە مانا فانونیەکەی. بەڵکو بە گژداچوونەوەی داگیرکاری و ستەمکاری بۆ خوی پرۆسەیەکی مێژوویی درێژ خایە نە دەتوانین خاڵی دەستپێکردن و تەقینەوەکەی بزانین وە نەدەشتوانین کۆتاییەکەی دەستنیشان بکەین و بزانین بەرەوە کوێمان دەبات و ئامانجەکانی لە کوێدا دەگرسێتەوە. بەو مانایەی کە خودی بەرەنگاربوونەوەکە بە یەکگەشتن و پێکدادانی هەژمون و جەبەروتی دوو هێزە لە یەک کاتدا کە تەواو جیاوازن لە یەکتری و بە دوو هێڵێ دژ بەیەک و جودا لە یەك دەڕۆن. ئەم ساتەوەختی بەرکەوتنەیش بە بێ توندوتیژی و لێکەوتەکانی توندوتیژی گەر کارێکی مەحاڵ نەبێت ئەوا ئەستەمە. واتە خودی بەریەکەوتنەکە زادەی توندوتیژییەکی ئەزەلیە کە هێزی سەردەستە بە پرۆسەیەکی دوورودرێژ و لە رێی میکانیزمە سایکۆلۆژی و دەروونیەکانی چەوسانەوە، سەرکوتکردن، داپڵۆسین، کوشتن و بڕین خزانویەتیە ژیر پێست و ناو ڕۆح کەسی ‌ژ‌ێر دەستە و چەوساوە. هەر بۆیەش ساتی بەریەکەوتن و بەرەنگاربوونەوە بە سروشتی خۆی ساتێکی خوێناویە و بارگاوییە بە توندوتیژی و زادەی دەرهاویشتن و فڕێدانە دەرەوەی هەموو ئەو توندوتیژییە کە بە درێژایی ئەو مێژووە خراوەتە ناو ڕۆح و جەستەی کەسی ژێردەستەوە و چەوساوەوە. ئەو میللەتەیش کە بڕیاڕی بەرەنگاربوونەوە و کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری دەدات وە ساتی یەکەم بەریەکەوتن لە گەڵ هێزی دووژمن دادەنێت بە جۆرێک لە جۆرەکان بە ئاگایە و خۆی بۆ ئەو خوێن ڕشتنە ئامادە کردووە یان هیچ نەبێت دەزانێت کە داری ئازادی بە خوێن نەبێت ئاو نادرێت ،ئەمەیش چ وەک دروشم چ وەک حەقیقەت نە بۆ میللەتی کورد نە بۆ هیچ میللەتێکی تری ژێر دەستە شتێکی نوێ نییە، سەیریش نیە لە مێژووی میللەتاندا ئەم توندوتیژییە بە ڕقی پیرۆز یان توندوتیژی پیرۆز ناودەبرێت. وەلێ ئەوەی کە سەیرە لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵات خەڵکی بەر ڕووی مەرگ دەبنەوە، لە کاتێکدا گڕی شۆڕشێکی بێ وێنە بە ڕێوەیە، لە کاتێکدا لەچک و سەرپۆشی کچان و ژنان بۆتەوە بە پەتی سێدارە بۆ سەرانی دڕندەترین سیستم، لەو ساتەی کوڕ و کچانی ڕۆژهەڵات خوێنی خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ گەشتن بە ئازادی و هەوای ئازادی، ئەوا زۆرێک لە لێبوکی سیاسی، کۆلکە ڕۆشنبیر، هونەرمەند و بە ناو فێمینیستەکانی باشوور کە دوو دیوی یەک دراون لە گەڵ فێمێنیزمی ئیسلامیدا بە هەواو هەوەسی ئەوان قسە دەکەن ، بە شێوەی جیاواز و بە دروشمی جیاواز بە ناوی پاراستنی گیانی خەڵکی خەریکی تەڵقینکردنی خەڵکن، خەریکی هێورکردنەوە و خەفەکردنی ڕۆحی بەرخودانن. هەر یەکەیان بە دروشمی بریقەدار و تەلیسماوی دەیانەوێت گڕی ئەو باهۆز و گڕکانە لە ناو دڵ و ڕۆحی خەڵکدا خامۆش بکەنەوە. ئەم ووردە بۆرژویانە ڕۆڵی پۆلیسەکانی ئاداب و ڕەوشت دەبینین لەوەی پێمان دەڵێن باشە و خراپە کامەیە، پێمان دەڵێن فێمینستبوون چییە و مانای چییە؟ پێمان دەڵێن چ کارێک بکەین و چ کارێک نەکەین، پێمان دەلێن کەی کاتی ڕاپەڕینە و کەی کاتی نییە، کێ نمایشکارە و کێ جەنگاوەرە؟ پێمان دەڵێن حیجاب لە کویدا قبوڵە و لە کوێدا قبول نییە، ئازادی و ماناکانی ئازادی چین، پێناسەی ژنی ڕقاوی و دژ بە پیاو دەکەن و جیایدەکەنەوە لە ژنی فێمینیستی نەرمونیان و خۆشەویستی پیاو، بیری ئاکامەکانی شکستی شۆرش_ڕاپەڕین وەکچۆن سەرکەوتنەکانیشمان بیردەخەنەوە! بە مانایەکی تر ئەمانە لە ڕیی ئەم گوتارانەوە جارێکی تر کۆمەڵگە دەکەنەوە بە دوو بەش و دوو کەرتەوە، خودی ئەم دوو کەرتبوون و دووبەشیەش کرۆکی داگیرکاری و ستەمکارییە کە لە ئێستادا کورد لە ڕۆژهەڵاتدا لە دژی وەستاوەتەوە و لێی ڕاپەڕیوە. گرفتەکەیش هەر ئەوە نییە ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە نەستێکی نارسیستی وڕینە دەکەن بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە دەبنەوە بە گوتاری زاڵ، لەوەیش خراپتر ئەوەیە کە بە خەیاڵی خۆیان و ئەوانەیش کە پشتگیریان دەکەن وا دەردەکەون کە ئەمانە لە خەمی خەڵکی کزە لێکەوتوو، کوردی ڕاپەڕیو و ترس نەناسی ڕۆژهەڵاتدان لە کاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستە. بە ووردبوونەوە لەم گوتارانە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەموویان لە خەمی بەرژەوەندی شەخسی خۆیان و مانەوەی خۆیاندان جا لە هەر سیاقێک و پلە و پایەکدا بن. چونکە زۆر بە سادەیی ئەلف و بای پرۆسەی بەرەنگاربوونەوە بە گژداچوونەوەی ستەمکاری لە قۆناغەکانی سەرەتادا مانای توانەوە و وونبوونی تاکگەراییە، واتە توانەوەی تاک لە ناو گشتدا و لە دایکبوونی جەماوەرێکی خاوەن یەک دەنگ و یەک ئامانج. شتێک نامێنێت بە ناوی(من)ەوە، ئەوەی کە هەیە و لە دایکدەبێت (ئێمە)ین، ئێمە وەک یەک چارەنوس کە لە بەردەم یەک هەڕەشداین.

ئەوەی سەرنجێکی ووردی ئەم بانگەشە و گوتارانە بدات ئەوا دەبینێت کە کەسی بانگخواز بە زمان و دیالۆگێکی نارسیستانە قسە دەکات. وەک ئەوەی ئێستا پرسی میللەتێک وەستابێتە سەر ئەوەی ئەم چیە و کێیە؟ وەک تەواوی پرس و چارەنوسی میللەتێک وەستابێتە سەر ئەوەی کە ئەمی فێمینیست/دادەی ئیسلامی، ڕۆشنبیر، هونەرمەد و گۆرانیبێژ چی بە ڕاست و چی بە هەڵە دەبێنێت و دەزانێت. ئەم مەیلە بۆ پێناسەکردن و داڕشتنەوەی بەهاکان لەم کاتە ناسکەدا شتێک نییە هەر وا لە خۆیەوە بێت بەڵکو زادەی ئەقڵێکی ڕێکخراوە کە دەزانێت چیمان پێدەڵێن و چۆن بە خۆیانەوە خەریکمان بکەن، چونکە تەواوی گوتارەکان و بانگەشەکان لە بنەڕەتدا ئاوێنەی گوتاری ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی هەلپەرستی هێزی سەردەستەیە و لە ڕێێ ئەمانەوە جارێکی تر ئەوانە دەتوانن بێنەوە ناومان و پەیامەکانی خۆیان دووپاتبکەنەوە، لەو کاتەی کە هەست دەکەن خەریکە بەڕەکە لە ژێر پێیاندا ڕادەکێشرێت ئەوا جارێکی تر بەهاکانمان بۆ دادەڕێژنەوە، بەهاگەلێک کە بۆنی ئازادی و پێکەوە ژیانی لێدێت، هەر بۆیە سەیر نیە کە گوتاری سەرەکیان هێمنکردنەوەی خەڵکە، خۆ لادانە لە توندوتیژی و خوێن ڕشتن، هاومافی و برایەتی و ڕەنگە زۆر دووریش بڕۆن بگەنە چەمکگەلێکی وەک دیموکراسی و فێمینیزم..هتد .. وەلێ بە زمانێکی لێڵ و چەوەشەکارانە کە ئاسان نییە بزانین کێ خاوەنی ڕاستەقینەی گوتارەکانە. ئەستەمە بزانین ئەوەی کە لە پشت ئەم دروشم و بانگەوازانەوەیە کێێن چونکە لە زاری ڕۆشنبیر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و فێمیننستەکانی ناو خۆمانەوە دێنە دەرێ. لەمبارەیەوە فڕانز فانون دەڵێت:( کەسانی ڕۆشنبیر و ئەڵقە لە گوێ و تەڵقینکراو بە بیرو هزری ڕۆشنبیری سەردەستە وەک هەلپەرستێک هیچ کات لە هەوڵەکانی خۆیان ناکەون، هیچ کات ئەو پرسیارە بە مێشکیاندا نایەت کە ڕەنگە لە لایەن خەڵکیەوە قبوڵنەکرێن و پێشوازیان لێنەکرێت، بەڵکو لە سەرەتادا هەموو سەرچاوەیەک بەکاردەهێنن بۆ نزیکبوونەوە لە خەڵک و هێندە لە سەر ووردەکاری تر و شتی لابەلا دەوەستن کە بیریان دەچیتەوە شکستهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری خۆی پرسە سەرەکیەکەیە…).

تەواوی قسە و بانگەشەکان دوو فاقی و دوو ڕووییەکی ئاشکرای پیوە دیارە ،جەوهەر و مانا شاراوەکانی لە شوێنیکی تردا خۆی مەڵاسداوە، بەو مانایەی کە هەمیشە درزێک لە نێوان خۆیان و پرسە هەنوکیەکەدا دەهێڵنەوە، بە جۆرێک کە نەلێرەن وە نەلەوێش، نەدەهێڵن شیش بسوتێت وە نە کەبابیش، زمانێکی پلاستیکی کە دەتوانن بە هەموو لایەکدا ڕایبکێشن بێ ئەوەی قولە پێی خۆیان تەڕبکەن، گوتارێک کە بەشی ئێرەیان پێوەهێشتۆە نەبەدا گڕی ڕاپەڕین لەوێ شکست بێنێت و ئەمانە بکەونەوە ناو باوەش و خزمەتی پیاوانی دەسەڵات و ڕۆشنبیرانی هەلپەرستی ئەوێندەرێ، وەکچۆنیش بەشی ئەوەندیان لە خەمخۆری و هاوپشتی گوتووە و درکاندوە کە بەسەرکەوتنی شۆڕش وا دەربکەون کە ئەمانیش لە ڕۆڵە بە ئەمەکەکانی بوون و لە خەمی سەرکەوتنیدا بوون بەمەیش نانی ئەوێندەرێشیان بۆ ژیانێکی تریش زامنکردووە.