رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

خەونەکەی خۆتم پیشاندە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات

نووسین: بەختیار عەلی

بەشی یەکەم

ساڵانێکی زۆرە بەڵگەنەویستێکی سیاسی زۆر ڕوون باڵی بەسەر خۆرهەڵاتدا گرتووە. ئەویش ڕەتکردنەوەی سەرتاسەری بەشی هەرە زۆری خەڵکە بۆ ئەم ڕژێمە سیاسییانەی لە خۆرهەڵاتدا حاکمن، بەجۆرێک ڕۆشن و بێ لێڵی دەبینین هەموو ئەم سیستمانە لەسەر بنکەی جەماوەری گەورە و پتەو ڕانەوەستاون، زادەی هەڵبژاردنی ڕوون و پاک نین، شتێکی ئەوتۆ بە خەڵکەوە گرێیان نادات. نەفرەت لەم ڕژێمانە لە ئێرانەوە تا لوبنان، لە سوریاوە تا دەگاتە حاکمییەتی پارتە کوردییەکان لە کوردستانی باشوور، بۆتە بەشێکی سروشتی و بەڵگەنەویستی ژیانی سیاسی لەم هەرێمەدا.

کێشەکە لە هیچ ڕووەیەکەوە کێشەی ئەوە نییە نوخبە و عەقڵە دیارەکانی ئەم وڵاتانە یاخود زۆرینەی جەماوەر لە پشت ئەم سیستمانەوە بێت، بەڵکو کێشەکە نەگۆڕانی ئەم دۆخەیە بۆ زەمینەی سەرهەڵدانی ئەلتەرناتیڤ لە کایەی سیاسیدا. ڕق و توڕەیی سیاسی توێژاڵکی سەرەوەی ژیانی سیاسی دەهەژێنێت، درز لە سیستمدا دروستدەکات، بەڵام ئەوەی بیەوێت دونیا بگۆڕێت دەبێت چینێک قووڵتر ڕۆبچێت.

لە ساڵی 1984 دا لە تاران سوار تاکسییەک بووم، پیاوێکی ڕیشنی بچکۆلە لێی دەخوڕی، لەگەڵ سواربوونی تاکسییەکەدا دەستیکردە جنێودان بە ڕژێمی نوێ و سوێندی خوارد ئەم خوێنخۆرە تازانە کە جێگای شای گۆڕبەگۆڕیان گرتۆتەوە ناتوانن شەش مانگی تر لەسەر کاربن. ئەمڕۆ زیاد لە سیوهەشت ساڵ بەسەر قسەکانی ئەو شۆفێرە بچوکەدا تێدەپەڕێت و بە درێژایی ئەو کاتە، لەگەڵ هەموو لەرزینێکی پایەکانی ئەو سیستمەدا من بیر لەو قسانەدەکەمەوە، پرسیارێک هەمیشە لە خەیاڵمدا دێت و دەچێت ئەوەیە «بۆ ناڕوخێت?». ئەم پرسیارە تەنیا بۆ ڕژێمی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران ڕاست نییە، بەڵکو بۆ هەموو دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە ڕاستە. «بۆ عێراقییەکان نەیانتوانی خۆیان سەدام بڕوخێنن?» «بۆ ئەسەد تا ئێستا لە دیمەشق فەرمانڕەوایە?».

بە گشتی ئەو پرسیارەی لەو کاتەوە لە خەیاڵمدایە، ئەو پرسیارەیە بۆ خەڵكی ناوچەکە ناتوانن گۆڕانکاری بکەن? ئەوە پرسیارێکی سەرەکیشە لە ئێستای خۆرهەڵاتدا، هەر کارێک بکەین و بمانەوێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم دونیایەی خۆمان بڕوانین ناتوانین خۆمان لەو پرسیارە بدزینەوە «بۆ ناگۆڕێت? … بۆ ناڕوخێت?». بۆ ئەوەی شتێک بگۆڕین، سادەترین سەرەتا ئەوەیە تێبگەین بۆ نەمانتوانیوە بیگۆڕین?، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکی سادە بۆ ئەم پرسیارە لەبەردەستدا نییە، بەجۆرێک دەتوانم بڵێم لە بەشێکی زۆری نوسینی خۆمدا لە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەم… باوەڕیشم وایە، پشکنینی کۆمەڵگا، پشکنینی سیستمی سیاسی، بە پشکنینی ناوەوەی مرۆڤەکاندا تێدەپەڕێت.

ئەم دەوڵەتانەی لە شێوەی ئێران، عێراق یان سوریا، هەرگیز دەوڵەتی جەماوەری نەبوون. هۆکانی مانەوەیان لەوەدا نییە لای خەڵک خۆشەویستن، بەڵکو لە جێگایەکی دیکەدایە. ڕژێمی ئێرانی لە ساڵانی ڕابوردوودا، وەک دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکە لە سوریا، عێراق، هەرێمی کوردستان، لوبنان تووشی ڕاتەکاندن و بومەلەرزەی زۆر توند بووە، ملیۆنان مرۆڤ بۆ گۆڕینی ڕژێم هاتوونەتە سەر شەقام، بەڵام پێشبینی شۆفێرە بچکۆلەکەی تاران کە ئێستا ڕەنگە زۆر پیر بێت یاخود لە ژیاندا نەمابێت، هێشتا نەهاتۆتەدی.

حەماسەتی شۆڕشگێڕانە، ساتی ئێجگار قەشەنگ لە مێژوودا دروستدەکات، خەڵکانی دڵگەرم لە ناکاو ساڵانێکی دوورودرێژی خەوتن و سڕبوون جێدەهێڵن و وادەردەکەون وەک لە ناکاو بووبێتنە هێزێک هەموو شت لە بن دەهێنێت. ئەم ساتە زۆرانەی حەماسەتی کورت و هەڵچوون لە پازدە ساڵی ڕابوردووی خۆرهەڵاتدا هەندێک جار لێرە و لەوێ دووبارەبوونەتەوە. سەرەتا بەو ڕاپەڕینە گەورەیەی ئێران دەستی پێکرد کە بزاڤی سەوزیان پێدەگووت. بزاڤێک بوو لە مەلاکانەوە بۆ ڕیفۆرمی «سیستمی مەلاکان». بزاڤێک ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەی ئێجگار گەورەی بەرەڵاکرد، بێئەوەی لە ڕاستیدا ڕوون بێت ئەم وزە شۆڕشگێڕە چی دیکە دروستدەکات، چ ئێرانێکی جیاواز دەخولقێنێت. ناڕوونیەک وایکرد دواجار بزاوتەکە لە جێگایەکدا بوەستێت و جازبییەتی نەمێنێت. ئەوانەی شۆڕشگێری مەوسمین یان کێشەی زۆر قووڵیان لەگەڵ کۆی بونیادی فیکری و ئەخلاقی سیستمەکەدا نییە، زوو لە جێگایەکدا دەوەستن.

لەو ساتەوە تا ئەندازەیەک ناکۆکییەکی قووڵ لە هەناوی هەموو بزاوتە شۆڕشگێڕییەکانی خۆرهەڵاتدا ئاشکرادەبێت، ناکۆکییەک لە نێوان «دڵێکی شۆڕشگێڕ» ـی پڕ و عاشقانە، دڵێکی پڕ لە حەماسی بێسنووری شۆڕش، گەروویەک دەتوانێت تا قووڵایی ئاسمان نەعرەتە بکات، بەرامبەر بە «عەقڵێکی شۆڕشگێڕ» کە ناتوانێت بیربکاتەوە، ناتوانێت مۆدێلێکی ئەلتەرناتیڤ دروستبکات، نایەوێت لە ئاستێکی تیوریی و عەقڵانیدا کێشەکان بخوێنێتەوە. واتە ناتوانێت لە «دڵێکی شۆڕشگێرەوە» بەرەو «عەقڵێکی شۆڕشگێڕ» بگوازێتەوە، ناتوانێت لە حەماسەتەوە بەرەو داڕشتنی مۆدێلێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی نوێ هەنگاو بنێت. بەجۆرێک دەتوانم بڵێم هۆیەکی سەرەکی نەهاتنەدی خەونی شۆفێرە بچوکەکەی تاران لە ناو خودی خەونەکەدایە، لە ناو چەقبەستن و بەرزڕاگرتنی ئومێددایە، بێئەوەی ئەم هەنگاوە بتوانێت لە بەرزڕاگرتنی حەماسەت و دڵگرمییەوە بەرەو شتێکی دی بپەڕێتەوە. هەموو دڵێکی شۆڕشگێڕ تەنیا تا ماوەیەکی دەتوانێت توند و بەرز لێبدات، ئەگەر عەقڵێکی شۆڕشگێڕ، ئەگەر ئەلتەرناتیڤسازێکی ڕادیکال کارەکانی بۆ تەواو نەکات. ئەوەی دەتوانێت شۆڕش دروستبکات عەقڵە نەوەک دڵ، بیرکردنەوەیە نەوەک ئومێدی تاک و تەنیا.

شۆڕش پرۆسەیەکی دوو دیوە، بەدیوکدا ئەکتی بەرەنگاربوونەوەی دەزگاکانی دەوڵەت و ئایدۆلۆژیا و ستراتیژە سەرکووتکەرەکانێتی، بە دیوێکی دیکەشدا ئەکتی بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤە سادەکانە بۆ بیرکردنەوەکانی خویان، سیستم شتێک نییە تەنیا لە دەرەوە هەبێت، تا بتوانین تەنیا لە دەرەوە بیڕوخێنین، سیستم شتێکە لە ناو خۆشماندا، لە هۆش و بیرکردنەوەماندا. «بەرەنگاری» پرۆسەیەکە نێوەی لە دەرەوەیە، نیوەکەی دیکەی ڕوانینی مرۆڤە لە دۆگماکانی ناو سەری خۆی، پاککردنەوەی دەرونی خۆیەتی لە کینە و ڕاسیزم و سێکسیزم و تەسکبیری نەتەوەیی و دینی. من سیوهەشت ساڵ لە مەوبەر لە تاران لەگەڵ ئەو شۆفێرەدا کەوتمە گفتوگۆ، پیاوەکە زۆر توند و ڕوون دژ بە ئاخوندەکانی ناو دەوڵەت بوو، کێشەی لەگەڵ هەموو سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا هەبوو، بەڵام کە لێم پرسی من کوردم و بەلامەوە گرنگە بزانم ئاخۆ لەگەڵ ئەوەدایە کوردەکان مافی زۆرتریان هەبێت? کابرا وەخت بوو لە ماشێنەکەی بمکاتە دەرەوە. شۆفێرە بچوکەکەی تاران لە دژی هەموو ئاخوندەکان بوو، بەڵام ئاخوندێکی بچوک لە ناخیدا بوو نەیدەتوانی تێیپەڕێنێت. دڵێکی شۆڕشگێری هەبوو دەیویست ڕژێمی سیاسی بگۆڕێت، بەڵام عەقڵێکی شۆڕشگێڕی نەبوو بتوانێت دونیا بگۆڕێت. سنووری گۆڕینی دونیا لای ئەو دەبوو لە سنووری خەونی خۆی تێنەپەڕێت. شۆڕش بەسەرێک وەستانە دژ بە ڕژێمی باڵادەستی سیاسی، بەسەرێکی دیش وەستانە دژ بەو بیمارییە ئایدۆلۆژیانەی ساڵانی دوورودرێژی شێواندن و سەرکوت، بە ناوی کولتوور و نەریت و نەتەوەپەروەرییەوە لە مرۆڤەکاندا سەوزیانکردوە، شۆڕش تەنیا لەسەر ئەم دوو قاچە دەوەستێت، لادانی هەر یەکێک لەم دوو پایە گەورەیە سیفەتی شۆڕش لە هەموو هەستان و ڕاپەڕینێک دەکاتەوە.

نمونەی شۆفێرەکەی تاران لە ناو هەموو نەتەوە و تایەفە و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی خۆرهەڵاتدا هەیە.

ئەم کێشەیە تەنیا کێشەی بزاڤە شۆڕشگێڕەکانی ئێران نییە، بەڵكو دۆخێکی سەرتاسەرییە، بە گشتی دۆخێکی جیهانییە. سیستم هەمیشە وێنەکە وا پیشاندەدات وەک ئەوەی ئەگەری سەرهەڵدانی جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە بوونی نەبێت، وەک هیچ ئەلتەرناتیڤێک لە ئاسۆکاندا نەبێت، یاخود جۆرە جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤێکی دزێو دەتاشێت تا شتەکان بەو ئەلتەرناتیڤە دزێوە بپێوین ولە گەڕان بۆ ئەگەرێکی دیکە پەشیمان ببینەوە. نەبوونی ئەلتەرناتیڤ کێشەیەکی سەرتاسەرییە، لەوەوە دەست پێدەکات کە کەپیتالیزم خۆی وەک سیستمێکی بێئەلتەرناتیڤ پیشاندەدات، بەڵام ئەم بەشەی کێشەکە بەرەو جێگای دیکەمان دەبات، ئەوەی لێرەدا و لە ئێستادا گرنگە دیوە خۆرهەڵاتییەکەی گرفتەکەیە «چۆن بیسەلمێنین ئەلتەرناتیڤ هەیە و چۆن خۆمان لە جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤی وەهمی و درۆزنانە بپارێزین?». ئەوە پرسیارێکە ئەگەر ئێستا نەیکەین خۆمان بەوە مەحکوم دەکەین، وەک کۆمیدیا مێژووی ڕابوردوو دووبارەبکەینەوە. بەهاری عەرەبی نمونەیەکی زەقی ئەو قەیرانە قووڵە بوو. لە بەهاری عەرەبیدا دۆخێکی شۆڕشگێرانە ئامادەبوو، ملیۆنەها مرۆڤ دژ بە ڕژێمەکانیان ڕاپەڕین، بەڵام ئامادەنەبوونی پڕۆژەیەکی ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە وایکرد خەونی شۆڕش لە خۆرهەڵات شکست بهێنێت و بوێریی هەنگاوی نوێی نەبێت.

تەواوی ئەم سیستمەی ئێمە ئێستا لە ناویدا دەژین کار لەسەر ئەو هەستە دەکات گوایە ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە بوونی نییە. زۆر جار شۆڕشگێڕەکان بە بێ ئاگای خۆیان هەمان ئەو هەستە دروستدەکەنەوە. ڕاپەڕین و حەماسەتەکان لە دەوری کۆمەڵێک کێشە گەمارۆدەدەن، مێژوو بە ئاڕاستەیەکی ڕادیکال ناگۆڕن یاخود هەر نایگۆڕن. ئەوەی هەیە تەنیا گۆڕانکاری سنووردارن، دروشمی سنووردارن. بۆ نمونە ئێستا هێزە ڕاپەڕیوەکانی ئێران خەریکە دەکەونە ئەو چاڵەوە، وەک کێشەکە تەنیا کێشەی پۆشاک بێت، وەک گرفتەکە لە نێوان «حیجاب» و «بێحیجاب» دا بێت، لە کاتێکدا کێشەکە لە ڕاستیدا کۆتایی هێنانە بە باڵادەستی وێنەیەک بۆ مرۆڤ، بۆ ئەخلاق، بۆ ئازادی و گۆڕینێتی بە ئاڕاستەیەکی جیاواز. ئەوەی ململانێکان بشێوێنرێن و دووبەرەیی وەهمی و ناڕاستەقینەیان لێ دروستبکرێت، ستراتیژێکە تا ئێستا لە هەموو خۆرهەڵاتدا سەرکەوتووبووە. شتەکان تا ئێستا وا وێنادەکرێن وەک ململانێ بن لە نێوان دوو هەڵبژاردندا، هەڵبژاردن «لە نێوان حیجاب و بێ حیجابدا» « لە نێوان ڕەئیسی و مۆدێلی سەڵتەنەتیدا» « لە نێوان ئەسەد و تیرۆریستەکانی بەرەی نوسرەدا» « لە نێوان مالیکی و موقتەدا» … تا دوایی لەم جۆرە شێوازانەی هەڵبژاردن کە لە خۆرهەڵات گیرۆدەی بووین. بە واتایەکی تر ئەو جۆرە گووتار و ململانێیانەی کایەی سیاسی پێشکەشیاندەکات، بوونەتە ئەو بەربەستە گەورانەی ناهێڵن، شتێکی دی لەودیو تەپوتۆزی ئەم جۆرە «بژاردەگەلە»وە دەربکەوێت. لە خۆرهەڵات سیاسەت واداڕێژراوە، هەموو ئەگەرەکانی ناو مێژوو بخنکێنێت … شۆڕشیش بریتییە لە کردنەوەی دەرگا لەسەر ئەو ئیمکانیات و شیمانە و ئەگەرانەی مێژوو دەیخاتە بەر دەستمان. کێشەکە لەوەدا نییە ئەلتەرناتیڤ بوونی نییە، لەوەدایە کایەی سیاسی و میدیا و فۆرمی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان شێوەیەکیان بدرێتی، تەواوی ئەو ئەگەرانە بشارێتەوە، بمانخاتە بەر بژاردەگەلێک دواجار هیچ شتێک لە دیوارەکانی ستەم و زنجیرە گەورەکان نەشکێنێت، شۆڕش لە چەمکێکی ڕادیکال و مۆدێرن و خولقێنەرەوە بگۆڕێت بۆ لێکەوتەیەکی کۆنزەرڤاتیڤ کە تەنیا ئەوە بەرهەم دەهێنێتەوە کە هەیە یان پێشتر هەبووە.

ترسی گەورە لە خۆرهەڵات لە نەبوونی هێزی توڕە و هەڵچوودا نییە، بەڵکو لە لادانی شۆڕشەکاندایە بەرەو لای ڕاست، لە نەبوونی ئەو هێزەدایە کە پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤێکی مێژوویی بۆ ئەم دۆخە دابڕێژێت. خۆرهەڵات لە توڕەییدا قوڵپدەدات، بە هەر لایەکدا بڕوانین، بە هەر شارێک، بە هەر گوندێکیدا بڕۆین توڕەیی و داخ لە سیستمەکان لە لوتکەدایە، لە بەیروتەوە بۆ بەغداد، لە هەولێرەوە بۆ تاران، لە سلێمانییەوە بۆ دیمەشق، خەڵکی لە هەموو شوێنێک لە حوکمڕانەکانی خۆیان پڕ و توڕەن، ئامادەگی تەقینەوەیان تێدایە، ئەوەی گرنگە ئەم هێزانە، ئەم توڕەییە گەورەیە چی لێ دەخولقێت. هەر کات پڕۆژەیەکی شۆڕشگێڕیی گەورە بوونی نەبێت کە تەواوی ئەم پارچەپارچەبوونەی ئەمڕۆ تێبپەڕێنێت و مرۆڤەکان لە دەوری وێنەیەکی تازە بۆ ژیان و ئازادی و کۆمەڵگا کۆبکاتەوە، ئەو هێزە دەڕژێتە کەنالگەلێکەوە شتێکی کاریگەر لەم دونیا تاریکە ناگۆڕێت.

کاتێک دەرگا لەسەر شۆڕشی ڕاستەقینە دەکەوێتە سەر پشت، دەمێک ئەو خورافەتە کۆتایی بێت کە گوایە ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە ناگونجێت و لەباردا نییە دروست ببێت. بوونی ئەلتەرناتیڤ لە هیچ سیستمێکدا مەحاڵ نییە، بەڵام بەبێ بوونی هوشیارییەک بتوانێت بە گژ ئەو وێنەیەدا بچێتەوە، پیادەکردنی دەبێت کارێکی سەخت. بەبێ بوونی هەست و پێداویستییەکی قووڵ لای تاکەکان بۆ پڕۆژەیەکی ڕادیکال، شتێک نابێت ناوی گۆڕانکاری بنچینەیی بێت. ئەلتەرناتیڤی ڕادیکال زادەی بیرکردنەوە و ئازادکردنی سروشتی مرۆڤە لە دەرەوەی چەپاندنە کولتووریی و سیاسییەکان، ئەم ئەلتەرناتیڤە خۆڕسک لەسەر شەقامەکان و لە ناو خەڵکەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە پەیوەندی قووڵی فیکر و سیاسەتەوە دروستدەبێت… ئەگەرچی هەموو فیکرێک سیاسەت بە ئاقاری ئازادیدا نابات، بەڵام هەر لە بنەڕەتیشەوە سیاسەتی بێ فیکر ناتوانێت سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە بێت.

سروشتی هەموو بزاوتێکی سیاسی بە سروشتی ئەو گووتارانەوە بەستراوە کە پشتی پێدەبەستێت، ئێمە تەنیا لە ڕێگای سروشتی ئەو گووتارانەوە تێدەگەین ئاخۆ سبەینێ چی دەگوزەرێت، تێدەگەین لە بەردەم شۆڕشێکی کۆنزەرڤاتیڤی بێ خەونداین یاخود لەبەردەم بزاوتێکی ڕادیکالداین کە ئازادی مرۆڤ تێیدا ئامانجی یەکەمە. ئەوەی ئێستا پێویستە پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤێکی ڕوون و ئاشکرایە، پڕۆژەیەک مانا بدات بە حەماسەتی شۆڕشگێڕانە. هەموو شۆڕشێک بەبێ پڕۆژەیەکی سیاسی ئەلتەرناتیڤ دەرەنجامی دروستی لێ ناکەوێتەوە. زۆرینەی خەڵكی ئێران دژ بە دەوڵەت و سیستمی فەرمانڕەوایە، بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە لەم دژایەتییە دەکرێت چی شتێکی نوێ سەوز بێت، چ شتێکی نوێ بێتەدەرێ، شتێک جیاواز بێت لەوەی کە هەیە.

«پڕۆژەیەکی سیاسی ئەلتەرناتیڤ»، بتوانێت دۆخێکی مێژوویی نوێ دروستبکات، جێگای ئەم دۆخەی ئێستا بگرێتەوە کارێکی زەبەلاحە، کارێکی فرە دیو و فرە ڕەهەندە. ئەوە پڕۆژەیەکی شەخسی نییە، پرۆگرامێکی حیزبی نییە، بەرنامەیەکی نوسراو نییە لە چەند خاڵێکدا، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ جۆرە تێگەیشتنێکی دی لە دونیا، زەمینەسازییە بۆ مرۆڤێکی خۆرهەڵاتی نوێ. هەر کەسێک بیەوێت شۆڕش بکات، دەبێت بڵێین «خەونەکەی خۆتم پیشاندە، تا بزانم تۆ کێیت». لێرەدا سەفسەتەی پۆپۆلیستی و تێکەڵ و پێکەڵ کردنی شتەکان بە دەردی هیچ ناخوات، ئەوەی دەبێت ببینرێت، دیدگای ڕوون و تێڕوانینی قووڵە، دیدێک تێمانبگەێنێت ئەوەی لێرەدا هاواردەکات دەیەوێت چ دونیایەک دروستبکات.

بە شی دووەمی ئەم وتارە «ئەرکی کێیە ئەلتەرناتیڤێکی ڕادیکال دابڕێژێت?»

تکایەکی هاوڕێیانە: ئەم نوسینە بۆ ئەم سایتە نوسراوە، لەوەوپێش بینیومانە هەندێک لە پەیجەکان وتاردەبەن و دێڕی لێ دەردەهێنن، لە ناوکۆیی و بەستێنی خۆیان دەیانقرتێنن، بەوە هەم ماناکانیان دەشێوێنن و هەم پەیامی کۆی نوسینەکەش بەلادا دەبەن، تکادەکەین بێ پرسی نوسەر هیچ پەیجێک ئەم وتارانە نەبات، زۆر سوپاسیان دەکەین.

بەشی دووەم

ئەلتەرناتیڤ لە کێ و لە کوێوە دەست پێدەکات؟

ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت، هەڵگری نیشانەیەکی گرنگە، پێمان دەڵێت ئایدیای شۆڕش تا ئێستا ئایدیایەکی زیندووە. ژیان لە جیهانێکدا ئایدیای شۆڕش تێیدا مردبێت ئێجگار ترسناکە، بەڵام دەبێت بزانین، بە ڕاستی بەرەو جیهانێک هەنگاودەنێین ئایدیای شۆڕش هێدی هێدی تێیدا بەرەو مردن دەڕوات. دەوڵەتی ئێران لە ساڵانی ڕابوردوودا ستەمێکی بێوێنەی نواندوە، دەستی نەوەک لە هاوڵاتیانی سادە نەپاراستووە، سڵی لەوەش نەکردۆتەوە جوانترین قەڵەمەکانی وڵاتەکە لە نێوببات و گرنگترین هونەرمەندەکانی بخاتە زیندان. بەرامبەر سیستمگەلێکی لەم جۆرە کە لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی خۆرهەڵاتدا حوکمدەکەن، زیندوو ڕاگرتنی ئایدیای شۆڕش ئێجگار گرنگە، بەڵام شۆڕش تەنیا لە کاتێکدا وەک هێزێکی خولقێنەر و بەرهەمهێن و گۆڕانکار دەردەکەوێت، دەمێک بتوانێت سوڕی ڕاستەقینەی خۆی تەواوبکات. واتە لە تەقینەوەی ڕەمزییەوە بەرەو داڕشتنی پڕۆژەیەکی نوێ بگوازێتەوە. ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا، لوبنان، عێراق، هەرێمی کوردستان ڕوویاندا، نیشانەی ئەوەیە ئەم ڕۆحە گەلێک زیندووە، بەڵام ڕۆحێکە لە قەیراندایە.

لە ئەزموونی شۆڕشە گەورەکانی پێشترەوە، لە ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوە توندەکانی نێوان خەڵک و ڕژێمەکان لەم ناوچەیەدا، ئەو قەیرانە ڕوون و ئاشکرا دەبینین. دەبینین ڕۆحێکە ناتوانێت ئەوەی دەستی پێدەکات بیگەێنێتە کۆتایی. لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییەوە تا ئەمڕۆ ناوچەکە وەک گڕکانێک جارجار دەتەقێت و خامۆش دەبێتەوە، ئەوەی دەیبینین سەرەتایەکی خێرا و ئاسانە، هەڵچوون و حەماسێکی زۆرە لە ناکاو خاو دەبێتەوە و جەستەکە دەچێتەوە جێگای خۆی، وەک کۆی دیمەنەکە گرژبوون و خاوبوونەوەی جەستەی بیمارێک بێت، کە گوژمەکانی ئازار دەیگرن و بەریدەدەن… قەیرانەکە لەوەدا نییە ڕۆحی شۆڕشگێڕانە نائامادەبێت، بەڵکو لەوەدایە ئەم ڕۆحە سەرەتا دەتوانێت ئاگر بە فتیلەکەوە بنێت، بەڵام دواتر نازانێت چی لە ئاگرەکە بکات. ئەگەر ئەم کێشەیە بە قووڵی و بە وردی قسەی لەسەر نەکرێت و چارەسەر نەکرێت، ئەکتی شۆڕش لەم ناوچەیەدا دەبێتە کۆمیدیا، وەک شانۆگەرییەکی لێدێت تەنیا بەشی یەکەمی بچێتە سەر سەحنە، شانۆگەرییەک چەندین جار دیمەنی یەکەمی دەبینین و دیمەنی دووەمی هەرگیز نایەتە سەر شانۆ. لە عێراق، سوریا، لبنان، کوردستان بینیمان ئەکتی شۆڕشگێڕانە، ئەکتێکە ناتوانێت بزانێت بەرەو کوێ دەڕوات. بانگەشەی ئەوە ناکەم بە تەواوی بزانم کێشەکە سەد دەر سەد لە کوێدایە، چونکە گرفتەکە لە یەک جێگادا نییە، بەڵام کۆمەڵێک وەڵامی گەمژانە هەیە، دەبێت هەر سەرەتا بیانخەینە لاوە تا بتوانین بیربکەینەوە، تا تێبگەین گرفتەکە چ چەشنە گرفتێکە.

یەکێک لەو وەڵامانەی دەبێت بیخەینە لاوە ئەو تێزە گەمژانەیە کە دەڵێت دوگمەی هەموو ئەم کێشانە بە دەست زلهێزەکانەوەیە، ئەوان پەنجە بە دوگمەکەدا دەنێن و شۆڕش دەست پێدەکات، پەنجە بە دوگمەکەدا دەنێن و دەکوژێتەوە. کێشەی ئەم وەڵامە هەر ئەوە نییە ڕاست نییە، بەڵکو کۆی ئەو ڕۆحە شۆڕشگێڕ و گۆڕانویستەی خۆرهەڵات، وەک ئاژەڵێکی پەت لە مل وێنادەکات، کەسێک کەی ویستی ئەم ئاژەڵە بەردەدات و کەی ویستی دەیگرێتەوە. تێزەکە بۆچوونێکی ڕاسیستانە، سادەبین، قەدەریی و قێزەونە کە هیچ شتێک بۆ کەرامەتی مرۆڤی شۆڕشگێڕ ناهێڵێتەوە، بەڵام هەڵە جەوهەرییەکەی ئەم تێزە لەوەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە هیچ هێزێک لە مێژوودا نییە و نەبووە و نابێت، بە تەنیا کۆی ڕەوتی مێژوو، سروشتی کۆی ململانێکان، دەرەنجامی کۆتایی هەموو ناکۆکییەکان بگرێتە دەست و دیاریبکات. ئەم هێزە وێنەیەکی خورافییە و زادەی عەقڵێکی ترساوە کە ناتوانێت بیربکاتەوە. وەڵامێکی سادەیە، عەقڵێکی بیرنەکەرەوە دروستیدەکات، کاتێک بوێریی ئەوەی نییە قووڵ لە کێشەکانی کۆمەڵگا و مێژووی خۆی بڕوانێت.

ئەم جۆرە وەڵامانە بۆئەوەیە بڵێن، هیچ شتێک لە توانای ئێمەدا نییە، هەموو شتێک هێزێکی نادیار دەیبات بەڕێوە کە خەڵکی ئەم دەڤه‌رە هێزیان بە سەریدا ناشکێت.

دوور لەم جۆرە وەڵامە بێسوودانە، پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ ئەم بزاڤەی ئێستا هەر دووبارەکردنەوەیەکی دیمەنی یەکەمی شانۆگەرییەکەیە، یاخود گوژمێکی دیکەیە بۆ پێشەوە. وەڵامی خودی ئەم پرسیارە لای ئەو هێزە مێژووییانەیە لە مەیداندان، بەڵام تێڕامان لە ڕەهەندەکانی، لەو گرێیانەی ئەم پرۆسەیە دەوەستێنێت، گرفتی دەخاتە بەردەم، ناهێڵێت بچێتە پێشەوە… وەزیفەی فیکرە.

لە بەشی پێشوودا باسم لە کێشەی داڕشتنی ئەلتەرناتیڤی مێژوویی کرد. هەموو بزاوتێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، هەموو جوڵەیەکی شۆڕشگێڕ تەنیا کاتێک ماهییەتی دەردەکەوێت كه‌ دیاربێت بەرەو کوێ دەجوڵێتەوە. ئەفسانەی «ئەلتەرناتیڤ بوونی نییە» خورافەتێکی داتاشراوە، درۆیەکە لە درۆکانی سیستەم. ئەلتەرناتیڤ هەمیشە هەیە، بەڵام هەڵبژاردنی و دیاریکردنی و داڕشتنی بە ڕوونی بوێرییەکی مێژوویی دەوێت.

کێشەی هەرە گەورەی بیرکردنەوە لە ئەلتەرناتیڤ کاتێک دەست پێدەکات، لە شێوەی ناوەندێکی بیرکردنەوە و سەرکردایەتیدا بیبینین. زاڵبوونی عەقڵییەتی بەلشەفیکییانە لە خۆرهەڵات لە مەودایەکی دوورودرێژدا، ئەو وێنەیەی بۆ ئەلتەرناتیڤ خولقاندوە، وەک تەنیا پێویستی بە سەرکردایەتییەکی سەنتراڵ و بەهێز بێت، کۆمەڵێک سەرکردەی کاریزمی، ژمارەیەک کەسانی پێشڕەو کە دەکەونە پێش میللەت، لە ژوورێکدا کۆدەبنەوە و بەرنامەی بۆ دادەنێن، نەخشەی پاشەڕۆژی بۆ دەکێشن، سروشتی دەوڵەتی داهاتووی بۆ دیاریدەکەن، ئەم جۆرە لە ئەلتەرناتیڤ تا ئێستا سێبەری بەسەر عەقڵییەتی مرۆڤی خۆرهەڵاتییەوەیە. لەوەو پێش زۆر قسەم لە ڕیشە لینینییەکانی ئەم مۆدێلە کردوە کە هەتا پارت و گروپە دینییەکانیش پەیڕەویدەکەن. مۆدێلی «ڕابەر» «پێشڕەو» «باوکی گەورە».

لە خۆرهەڵات بە هەر لایەکدا بڕوانین تارمایی ئەم شێوازە لە تێڕوانین و بیرکردنەوە دەبینین. خەڵک دەجوڵێن، دەڕژێنە سەر شەقام، بەڵام هێندەی لە فیکری ئەوەدان زوو ڕزگارکەرێک دەربکەوێت لە بیری ئەوەدا نین خۆیان چارەنوسی خۆیان بگرنە دەست. ئەم شێوازە لە ئەلتەرناتیڤ لە سەدەی بیست و بیست و یەکدا چەند جارێک تاقیکراوەتەوە. دەوڵەتی ئێستای ئێران خۆی بەرهەمی ئەو شێوازەیە لە تێڕوانین، بەرهەمی پاشکۆیەتی مرۆڤەکانە بۆ سەرکردەیەکی کاریزمی کە مانای دین و مانای دونیایان بۆ دیاریدەکات، پێیاندەڵێت ئازادی چییە و فێریشیان دەکات بە چی بڵێن ئەخلاق. خواستی مرۆڤەکان بۆ ئەم جۆرە لە ئەلتەرناتیڤ، گرێدراوی ئەو دۆخەیە کە نیتشە بە «گەڕانەوەی ئەبەدی» ناوی دەنێت. وەک هێزێکی تاریک مرۆڤەکان بەرەو ئەوە ڕابکێشێت بە هەمان ڕێگادا بڕۆنەوە کە پیاڕۆیشتوون، وەک یادەوەرییان نەبێت، وەک هیچ لە مێژوو فێرنەبووبن.

ئەم مۆدێلی ئەلتەرناتیڤە ئەگەر هەندێ جار لە مێژوودا سەرکەوتبێت، تەنیا لە بەر ئەوە سەرکەوتووە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە، یاخود شێوە حوکمێکی هێناوە ترسناکتر و خوێناویتر لەوی پێش خۆی، وەک لە حاڵەتی شۆڕشی ڕوسی، چینی، کۆری، ئێرانی … هتد بینیمان.

دەرگای ئەم مۆدێلە، قاپییەکی داخراوە، ئەو گروپ و هێزە کۆمەڵایەتییانە لێیدەدەن خواست یان بوێریی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەیان نییە، خۆیان ناوێرن بیربکەنەوە و ناهێڵن کەسیش گوێی لە ده‌نگی بیرکردنەوە بێت، شۆڕش بە هێڵکارییەکی پێشوەخت کێشراو دەزانن نەخشەکەی بە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییەوە لە گیرفانیاندا بێت.

بۆ دەرچوون لەم جۆرە بیرکردنەوەیە، دەبێت شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوەمان دەربارەی سیستەم بگۆڕین.

سیستەم کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک نییە، بەڵکو هێزێک و ئۆرگانێکی پەلکێشە بە ناو هەموو ژیان و کۆمەڵگادا، لایەنی کەم لە چوار زۆن و ڕووبەری گەورەدا ئیشدەکات. یەکەم: کایەی دەوڵەت و دەزگا قانونییەکانی. دووەم: کایەی ئابووری بە هەموو ئۆرگان و بازاڕ و کۆمپانیا و ئەنستیوتە سەربەخۆکانییەوە. سێهەم: هەموو ئەو سەرخانە کولتوورییەی، ئایدۆلۆژیای باڵادەستی ناو کۆمەڵگا دیاریدەکات، وەک دین، داب و نەریت، ئەخلاق، پەروەردەی ناو خێزان، ترێندە هونەرییەکان، وەرزش، هێزگەلە کاریگەرەکانی وەک میدیا و سوشیال میدیا و ئینتەرنێت. چوارەم: ناوەوەی مرۆڤەکان و ژیانیان، هەڵبژاردن و ئارەزووەکانیان، ئەو ڕێساگەلانەی بۆ دیسپلین و ئاڕاستەکردنیان دەگیرێتەبەر، ئیدی لە دیسپلینکردنی زمانەوە تا دەگاتە سەر دیسپلینکردنی جەستە…هتد.

لە خۆرهەڵاتدا کۆی ئەم زۆنانە کە زۆنە سروشتییەکانی بوون و جوڵە و ژیانی کۆمەڵگان، لە ژێر فشاری ناسروشتی و بە جۆرێکی قاندراو بە ئایدۆلۆژیای تاکڕەهەند و یەک ئاڕاستە و سەرکوتکەرانە دەبرێنبەڕێوە. لە دادگاکانەوە بۆ قوتابخانەکان، لە مزگەوتەکانەوە بۆ ناو پەرلەمانەکان، لە ژووری خەوتنی خێزانەوە بۆ ژوورەکانی خوێندن لە زانکۆکاندا، تەوژمێکی سەرکوتکەر دەیانبات بەڕێوە کە دەرگای گفتوگۆ، دەرگای سەرهەڵدانی دیدی تر، ڕێگای بیرکردنەوەی لە مۆراڵی دیکە داخستووە.

هاواری ئەوەی «هیچ ئەلتەرناتیڤێک بوونی نییە»، لە هەموو ئەو دەمار و ئۆرگانە گرنگانەی کۆمەڵگاوە هەڵدەستێت. هەوڵبدە یاساکان بگۆڕێت، دادوەرەکان، پارێزەرەکان هاواردەکەن «هیچ جێگرەوەیەکی دی بوونی نییە، دادگا دەڕوخێت، شیرازە دەپچڕێت». هەوڵبدە زانکۆکان بگۆڕیت، لە ناو خودی ئەو زانکۆیانەوە هێزگەلی کۆنزەرڤاتیڤ ڕادەپەڕن و زانکۆ دەخەنەوە سەر ئەو دۆخەی ئێستای، هەوڵبدە توندوتیژی لە خێزاندا کەم بکەرەوە، هاواری ڕوخانی کۆمەڵگا و هەرەسی خێزان لە هەموو سوچێکەوە بەرزدەبێتەوە.

ئەم ئایدۆلۆژیا فاشیستییە باڵادەستە کە بە تەواوی دەمار و ڕەگوڕیشەی کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکاندا چۆتە خوارەوە، هەویرێکی پێکەوە شێلراوە لە ڕێنمایی دینی، ناسیونالیستی، جەندەری، لەسەر دژایەتی هەمەڕەنگیی و بە نیازی سەپاندنی تاکوێنەیەک بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا ئیشدەکات. تا قووڵتر و وردتر لە سەرەوە بەرەو خوار بکشێین، تا زیاتر بە میکانیزمی ئیشکردنی دەزگاکاندا بچینە خوارەوە، تا قووڵتر عەقڵییەتی بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردن لە ئۆرگانە گەورەکاندا شیبکەینەوە، تا بیروبۆچوون و نیگای ڕۆژانەی مرۆڤە سادەکان زیاتر بخەینە بەر خوێندنەوە و ڕاڤەکارییەوە، پتر و پتر بەر ئەو دیوارە دەکەوین کە ناهێڵێت گۆرانکاریی قووڵ بێتە ئاراوە. سیستمەکان سەنگەری خۆیان تەنیا لە بەردەم وەزارەتەکان و زیندانەکان و دەزگا دەوڵەتییە گرنگەکاندا لێ نەداوە، سەنگەرە قایمەکەیان لە هەموو ئەو جێگایانەدایە کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، لە کایەی ئابووریدایە، لە ئەخلاقدایە، لە ناو نەرێتەکاندایە، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بچوکەکاندایە، لە پەیوەندیی مرۆڤ و خودادایە، لە پەیوەندیی ژن و پیاودایە، لە فۆرمی خوێندندایە، لە بەشی تاریکی دەرونی مرۆڤەکاندایە.

بە کورتی هەموو ئەم جێگایانەی لە کۆمەڵگاکانی تردا بەردەوام دەستکاری دەکرێن، ڕیفۆرم دەکرێن، میتۆدەکانی ئیشکردن لە نێویاندا دەگۆڕێت، فیکر و زانست دەخرێنە کار لە بەرەو پێش بردنیاندا، لە خۆرهەڵات لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنەوە بۆ ئەمڕۆ، گۆڕانکاری لەم بوارانەدا ملکەچی هیچ دیالۆگێکی عەقڵی و ئەخلاقی نییە و نەبووە، بەڵکو ملکەچی پێداویستییە کورت و کاتییەکانی ئەو هێزانە بووە کە لەو بوارانەدا باڵادەستن. سیستەم لە کۆمەڵگای خۆرهەڵاتیدا سەنگەری خۆی لەو جێگایانەدا لێداوە، دەرگا ئاسنینەکانی خۆی لەو کایانەدا کڵۆمکردوە، کۆمەڵگای داخراو لەو خانە و لەو ژوورە تاریکانەدا گەورە بووە کە ناهێڵێت دەستکاری بکرێن و گۆڕانکاری و ڕیفۆرم بیانگاتێ. پاسدار، ئاسایش، شەبیحە، گورگە بۆرەکان، حەشد… هتد، زادەی ئەو هەموو کونجە تاریک و داخراوەن کە وەک بەشێکی سروشتی کۆمەڵگا و کایەی سیاسی وەرگیراون. لە ناو ئەم خانە تاریکانەدا مرۆڤگەلێک دروستدەبن ناتوانن خاوەنی هەستی هاودەردی بن لەگەڵ مرۆڤدا. کۆمەڵگای داخراو مرۆڤێک دروستدەکات هەستی هاوئازاری تەنیا بۆ جنسی خۆی، بۆ نزیکانی خۆی هەیە، ئەخلاقی تەنیا بەشی ئەوە دەکات بەزەیی بە نزیکەکانی خۆیدا بێتەوە. لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا نەتەوە ڕقی لە نەتەوە، بیروڕا ڕقی لە بیروڕا، پیشەدار ڕقی لە هاوپیشە، ژن ڕقی لە پیاو، پیاو ڕقی لە ژن، شار ڕقی لە شارە… واتە کۆی سیستەم لەسەر «یه‌كتری له ‌یادکردن» و کوشتنی هەستی «هاودەردی» بۆ یەک دروستدەبێت، ئەوەی لەم کۆمەڵگایانەدا قسەدەکات تەنیا ئەو دیوار و بەربەستانەیە مرۆڤەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە، ئەو ڕقە دینی و ناسیونالیستی و جەندەرییەیە لە هەموو شوێنێکەوە هەڵدەقوڵێت.

لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا کاتێک هەستی هاودەردیش دەردەبڕدرێت، کاتێک باس لە پشتگیریی دەکرێت بە جۆرێکی وا گشتی، وا بێ ناونیشان، وا بێ ئەدرێس دادەڕێژرێت، ئەستەمە بە ڕوونی بزانیت کێ پشتگیریی چی دەکات… لە سیستمی وادا پەیامی مرۆڤدۆستی ئاڕاستەی مرۆڤێک دەکرێت ڕوخساری نییە، گشتییە، شوناسی نییە. پشتگیری لەم سیستمەدا چەشنێکە فارسێک ناوێرێت بڵێت من پشتگیریی کورد دەکەم، کورد وەک نەتەوە، وەک زمان، وەک مەخلوقێک کە دەموچاوێکی هەیە جیاواز لە من و خۆی مافی خۆیەتی سەربەخۆ خۆی پێناسەبکات. پیاو ناوێرێت بڵێت من پشتگیری لە ژن دەکەم، ژن وەک مەخلوقێکی ئازاد و سەربەخۆ و جیا لە من، مەخلوقێک خۆی پێناسەی خۆی دەکات، نەوەک من پێناسەی بکەم. مەهسا ئەمینی لە بەر ئەوە نەمرد دوو تاڵ لە قژی بەدەرەوە بوو، پێش ئەوە مێژوویەکی درێژ هەیە ئەو مەخلوقەی دروستکردوە كه‌ مەهسا دەکوژێت، ئەو کۆمەڵگایانەی دروستکردوە شتگەلێک بە ناوی «گەشتی ئیرشاد و پۆلیسی ئاداب» قەبووڵدەکەن. پێش ئەوە سیستمێک هەیە دەڵێت نابێت مەهسا خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت ژن خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت پیاو خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت کەمەنەتەوایەتییەکان خۆیان پێناسەی خۆیان بکەن، نابێت کورد خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت کەمایەتییە دینییەکان خۆیان پێناسەی خۆیان بکەن. ئەلتەرناتیڤ لەوەوە دەست پێدەکات ئەو بنەمایە بچەسپێت مرۆڤەکان بتوانن شوناسی خۆیان دیاریبکەن، بێئەوەی مافەکانی خۆیان و هاودەردی و هاوسۆزی ئێمە بدۆڕێنن. ئەلتەرناتیڤ تەنیا لە ناو خانە داخراوەکاندا لە دایکدەبێت، لەو شوێنانەوە دروستدەبێت ئایدۆلۆژیای فاشیستی مرۆڤی دوژمن بەوانی تر دروستدەکات. ئەم سیستمە یەک یاسای گەورە دەیبات بەڕێوە «دروستکردنی بەردەوامی قوربانی» «دروستکردنی پەراوێز» «جیاکردنەوەی موقەدەس لە نەفرەتلێکراو» «کردنەوەی دەرەوەی بەردەوامی هەندێک شوناسگەل»، ئەلتەرناتیڤ بە دروستکردنی تەماهی «چونیەککردنی چۆنایەتی» لەگەڵ پەراوێزدا، لەگەڵ لێدراودا، لەگەڵ قوربانیدا دروستدەبێت، واتە بە گەڕانەوە بۆ هێزی پێناسەکردنی مرۆڤ بۆ خۆی، دژ بە هێزی پێناسەکردنی سیستەم بۆ ئێمە.

بە کورتی ئەلتەرناتیڤ هوشیارییە بە کۆی وێنەکە، بە بینینی بەشەکان، بە تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی کارکردنیان، بە مامەڵەکردنی سیستم وەک یەکەیەک کە لە خوارەوە بەرەو سەرەوە دەکشێت، بە تێگەیشتن لەوەی خەبات دژ بە سەرەوە جیانابێتەوە لە خەبات دژ بە خوارەوە، خەبات دژ بە سەرەوە کاتێک سەرناگرێت لەوەوە دێت میکانیزمێک نییە گرێی بدات بە خەبات دژ بە ڕێگرەکانی خوارەوە.

بەشی داهاتوو «هەڵوێست بە تامی فیدیۆکلیپ»

تکایەکی هاوڕێیانە: ئەم نوسینە بۆ ئەم سایتە نوسراوە، لەوەوپێش بینیومانە هەندێک لە پەیجەکان وتاردەبەن و دێڕی لێ دەردەهێنن، لە ناوکۆیی و بەستێنی خۆیان دەیانقرتێنن، بەوە هەم ماناکانیان دەشێوێنن و هەم پەیامی کۆی نوسینەکەش بەلادا دەبەن، تکادەکەین بێ پرسی نوسەر هیچ پەیجێک ئەم وتارانە نەبات، سوپاسیان دەکەین.

بەشی سێهەم

هەڵوێست بە تامی فیدیۆکلیپ

ڕژێمی ئێران نمونەیەکی زەقی ئیشکردنی کۆی سیستمی ستەمی خۆرهەڵاتی مۆدێرنە. بونیادێکە لەسەر ستەمی چینایەتی، نەتەوەیی، دینی، جنسی بونیادنراوە. هەموو فۆرمەکانی چەوسانەوە، لە چەوسانەی چینایەتی و ئابوورییەوە تا چەوسانەوەی نەتەوایەتی، لە چەوساندنەوەی ژنەوە بۆ چەوساندنەوەی کەمایەتییە دینییەکان، لە سانسۆرکردنی ئەدەب و هونەر و جوانییەوە تا سانسۆرکردنی ئینتەرنێت و بەستنی فەزای مەجازی، زنجیرەگەلێکن یەک تەواو دەکەن، هیچ یەک لە ئەڵقەکانی ئەو زنجیرە بە تەنیا ناپچڕێت، لە بەرئەوەی نوێنەران و تیوریزەکەران و جێبەجێکەرانی ئەم جۆرە ستەمە جیاوازانە، لە بنی کۆمەڵگاوە بۆ سەرەوە دەستەیەکی یەکانگیر و یەکگرتوون، بەرەیەکی پانوپۆڕن لە هێزی کۆمەڵایەتی و سوننەتیی کە وەک مەکینەیەکی گەورە لە چەندەها کەناڵی وەک «خێزان، مەکتەب، مزگەوت، میدیا» وە جیهانبینی خۆیان دەسەپێنن، لە هەر جێگایەکی ئەو زنجیرەشدا کێشە هەبێت پینەی دەکەن.

پرسیارێک لێرەدا گرنگ بێت ئەوەیە، بۆ هەموو ئەم فۆرمانەی چەوساندنەوە، یەک یەکەی یەکگرتوو دروستدەکەن، بۆ ئیشکردن لە دژ هەموو ئەم فۆرمانە لە خانە وردەکاندا، وەک ئیشکردنی ڕاستەوخۆ دژی دەسەڵاتی ناوەند گرنگە? بۆ چاو غافڵکردن لە هەر پایەیەک لە پایەکانی ئەم ڕژێمە «سیاسی ـ کۆمەڵایەتی»یە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆیدا زیندووبوونەوەی کۆی فۆرمەکانی تری چەوساندنەوە زامندەکات? یان ئەگەر پرسیارەکە باشتر دابڕێژین، بۆ ناکرێت شێوەکانی چەوساندنەوە بەش بەش لە مێژووی خۆرهەڵات بسڕینەوە? واتە ئەستەمە بەبێ ئەوەی نەتەوەکان ئازادبن ژن ئازاد بێت، ئەستەمە بەبێ ئەوەی دادگاکان سەربەخۆ بن نەتەوەکان مافیان زامن بێت، ئەستەمە چەوساندنەوەی چینایەتی نەمێنێت لەکاتێکدا چەوساندنەوەی جەندەریی لە ترۆپکدایە، ئەستەمە حیزب نا دیموکرات بێت حکومەت دیموکرات بێت، ئەستەمە تۆ ناسیونالیست بیت و بتەوێت بەرامبەرەکەت ناسیونالیست نەبێت، ئەستەمە تۆ مەزهەبی توندڕەو بیت و بتەوێت بەرامبەرەکەت توندڕەو نەبێت. بە کورتی بازنەیەکی سەرتاسەری، بونیادێکی یەکگرتوو، سیستمێکی هۆمۆجین هەیە ئەمانە پێکەوە گرێدەدات. ئەگەر ڕوونتریش قسەبکەم: ئەستەمە لە کۆمەڵگایەکدا خەڵکانێک تێیدا لەسەر ئەوە شەڕدەکەن زەوی خڕە یان خڕ نییە، بپرسیت بۆ نەتەوەکەم ئازاد نییە، چونکە ئەو هێزەی ئەو ئازادییەی زەوتکردوە بەو جەهلە ڕاگیراوە کە ئەو پرسیارەی دروستکردوە. ئەم شێوەیە لە ستەم بە ئیمتیاز سیستمێکی خۆرهەڵاتییە، هەوڵی ناکامیش بۆ کورتکردنەوەی ستەم لە فۆرمێکیدا و فەرامۆشکردنی شێوەکانی تر، تا ئەمڕۆ جەوهەری سیاسەتە لە خۆرهەڵات.

بەڵام ئەم ناوکە ڕەق و یەکگرتووییەی، فۆرمە جیاوازەکانی ستەم لە کوێوە دێت?

ئەم ڕژێمە سیاسیانەی لە خۆرهەڵات حاکمن، بە پێچەوانەی سیستمەکانی خۆرئاواوە، کە پەیوەندی دەسەڵات و مەعریفەت تێیدا قووڵە، سیستمگەلێکن لەسەر زەمینەیەکی زۆر لاوازی فەرهەنگی و مەعریفی ڕاوەستاون. سیستمگەلێک نین، وێنەیان بۆ دونیا و مرۆڤ و کۆمەڵگا زادەی پەرەسەندن و ئیشی پێکەوەیی دەیان کایەی جیاوازی زانستی بێت «بەو شێوەیەی فۆکۆ لە مێژووی خۆرئاوادا دیاریدەکات»، لێرەوە ترسی نەبوونی مەعریفە ترسێکی جەوهەریی ناو سیستمە. ئەم تێزەیە ستایشی خۆرئاوا نییە «وەک نەخوێندەوارێکی عیملاقی کورد لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا نوسیبووی» ئەمە فاکتێکی ڕۆشنی مێژووییە کە هەر منداڵێکی سەرەتایی دەتوانێت بیبینێت. ئەم ترسە وەک لە کتێبی ئایدۆلۆژیستدا باسمکرد، بونیادنەری خۆرهەڵاتی نوێیە. ئەو هەقیقەتەی خۆرهەڵات دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و دەڕوانێت لە هەموو لکەکانی زانست و مەعریفەدا لە دوای دونیاوەیە، جۆرە دەسەڵاتێک دروستدەکات ترسی لە نەبوونی مەعریفە، ترسی لە جەهلی خۆی لە نەست و لە نائاگاییدا گەلێک بەهێزە. نەزانین هەمیشە بە ترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵەوە بەندە، ئەوەی کۆنترۆڵ بۆ دەسەڵات زامندەکات و هەستی دڵنیایی دەداتێ، زانستە. دەسەڵاتگەلێک کە ئەو ژێر خانە مەعریفییەیان نییە، وەک دەسەڵاتەکانی خۆرهەڵات، بۆ ئەوەی بەسەر ئەو ترسەدا زاڵبن دەبێت هەستی کۆنترۆڵ و دڵنیایی لە جێگایەکی دیکەوە بهێنن. جێگرتنەوەی زانستیش بە دۆگما تاکە شتێکە ئەو ترسە ناوەکییە ئارام دەکاتەوە، دۆگماش هیچ نییە جگە لە بەخشینی شێوەیەکی نەگۆڕ بە شتێک کە هەمیشە لە گۆڕاندایە.

فۆبیای “لە دەستدانی کۆنترۆڵ” بۆئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت، پێویستی بە وێنەیەکی ڕۆشن هەیە، هەموو چەشنە لێڵبوونێک لە وێنەکاندا هاوشانی ترسی ناحاڵی بوون و تێنەگەیشتن و لەدەستدانی کۆنترۆڵە. زۆربەی پەرچەکردارە فاشیستییەکان لە خۆرهەڵات هەوڵن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو وێنەیەی فاشیستێک پێویستی پێیەتی. ئەو دۆخەی پێیدەگووترێت «توندڕەوی» دۆخێکە لە خواستی ڕوونبینییەوە هاتووە، فاشیستەکان هەوڵدەدەن هەمیشە پێناسەیەکی ڕوونیان بۆ نیشتیمانپەروەر و خائین هەبێت، بۆ چاکە و خراپە، کافر و ئیماندار، حەرام و حەڵاڵ، دۆست و دوژمن… هتد. کاتێک خۆکوژێک لە ناو کۆمەڵێک خەڵکدا خۆی دەتەقێنێتەوە لەسەر ڕۆشنایی ئەو وێنە ڕوونەی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن یان ئیماندار لە کافر ئەو کارە دەکات، ئەو بە بڕوای خۆی جیهان تەواو بە ڕوونی لە پێش دیدەیدا دەبینێت. بەبێ بەرچاو ڕوونییەکی تەواو، بەبێ یەقین ئەستەمە دەسەڵات لە خۆرهەڵاتدا بەردەوام بێت. مەیلی دەسەڵاتدارانیش بەلای ئاینەکاندا بە هۆی ئەو سیفەتی یەقین و ڕوونی و دۆگماتیزمەیە کە لە مەزهەبەکاندا هەیە.

خولیای کۆنترۆڵ و پێناسە لەوێدا نامێنێتەوە، سیستمێک لەسەر دۆگما و وێنە پێشوەختەکان و حوکمە پێشوەختەکان دروستبووبێت، دەبێت خاوەنی کۆمەڵێک پێناسەی نەگۆڕ بێت، پێویستی بە پێناسەیەکی دیاریکراو هەیە بۆ ژن، بۆ جەستە، بۆ پیاوەتی، بۆ زمان، بۆ یاسا، بۆ پەروەردە، بۆ ئەخلاق… هتد، پێناسەگەلێک لەگەڵ کەرەستە مەعریفییە زۆر سادە و سەرەتاییەکانی عەقڵی خۆیدا بگونجێت. ئەم پێناسانە زەمینە بە دەسەڵاتداران دەبەخشێت، یاسای مامەڵەکردن و ڕەفتار لە هەموو کایەکاندا وەک یەک دابڕێژن، وێنەیەکیان پێدەبەخشێت بتوانن ئەخلاقیاتی دەسەڵات لە هەموو خانەکاندا یەکبخەن و هۆمۆجینییەتێک دروستبکەن. ئەم خولیایە دەکشێت بەرەو داڕشتنی وێنەی نەگۆڕ و ڕاسیستی بۆ نەتەوە و مەزهەبەکانیش، بۆ نمونە تێڕوانینی ڕاسیستی لە «کورد، سوننە، جولەکە، خۆرئاوا» بەشێکی دانەبڕاوی ئایدۆلۆژیای دینی دەوڵەتی ئێرانییە، کورد لای ئایدۆلۆژیستەکانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی جیۆپۆلۆتیکییە نەوەک نەتەوەیەکی جیا بە شوناسێکی جیاوە، زمانی کوردی هەڕەشەیەکی تری لێڵکردنی تێگەیشتن و وێناکردنە کە جیاوازە لە زمانی دەوڵەت، هەر زمانێک دەوڵەتدارەکان بە ڕوونی تێینەگەن، پەڵەیەکی ڕەش دەخاتە ئەو وێنەیەوە کە داگیرکەر دەیەوێت داگیریبکات، لێرەشدا زمان وەک زۆنێکی مەحاڵی لێدێت، زمانی کوردی ئەو هێزەیە کە ناهێڵێت هەستی کۆنترۆڵکردنی تەواو لای داگیرکەر دروست ببێت. بەوەدا داگیرکەر ناتوانێت زمانی کوردی فێرببێت و تێیبگات، پێناسەکردنی بۆ کورد هەمیشە شەبەقێکی گەورەی تێدایە، واتە کۆنترۆڵکردنی بۆ کورد هەمیشە بەر بەربەستێکی تاریک دەکەوێت. لە هەر جێگایەکدا پێناسەکردن مەحاڵ بێت، ترسی فاشیستیانە لە ترۆپکدا دەبێت. فاشیست تەنیا کاتێک ئاسوودە دەبێت کە بزانێت چی دەبینێت و دەبێت چی بکات، واتە پێناسەی نەگۆڕی هەبێت و لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیە یاسا سیاسییەکانی خۆی دابڕێژێت. حاڵی ژن لەم سیستمەدا هەمان شتە، چۆن کورد پەڵەیەکی ڕەشی پێناسەنەکراوە، ژنیش لەم سیستمەدا مرۆڤ نییە، تەنیا هەڕەشەیەکی ئەخلاقی و ئیمانییە، تا داپۆشراوبێت مەترسی کەمترە، تا ڕووت بێت پتر وەک زۆنێکی تاریک و پڕ هەڕەشە دەردەکەوێت. بە کورتی: ئەو وێنانەی جیهانبینی فاشیستی لە خۆرهەڵات دایڕشتووە، هیچ یەکێکیان بە تەنیا و جیاواز لەوانی تر دروست نابن، بۆیە پرۆسەی بە گژداچوونەوە و ئەلتەرناتیڤسازیش، ئەکتێکی یەک ڕەهەند و تاک ئاڕاستە نییە.

ئەم وێناکردنەی سەرەوە بۆ گەڕان بە شوێن ئەلتەرناتیڤدا، زۆر کەس دەترسێنێت. بەو حیسابەی ئەو کەسەی دەچێتە سەر شەقام دەبێت لیستێکی لە گیرفاندا بێت، یەک یەک خانەکانی سیستمی تیا نوسیبێت، تا دوایی بزانێت چەندی ڕوخاندووە و چەندی ماوە. ئەم جۆرە لە وێناکردن و بیرکردنەوە پیشانی دەدات حاڵی هەندێک لەوانەی لەم ڕۆشنبیرییەی ئێمەدا قسەدەکەن لە چ ئاستێکی نزم و لە چ دۆخێکی مەعریفی ئیفلیجدایە. ئەم جۆرە لە نوخبەی بە حیساب ڕۆشنبیر پێیان ئاساییە سەدان ساڵی تر هەمان عەقڵی ناسیونالیستی، مەزهەبی، ئەپارتایدیست بێهیچ گورزێک بێتەوە سەر شانۆ، دیکتاتۆرێک بخەنە جێگای دیکتاتۆرێک، ستەمکار بە ستەمکار بگۆڕنەوە، ئەمانەیان بەلاوە کێشە نییە کە هەزاران قوربانی لەم پرۆسانە دەکەوێتەوە، بەڵام بەلایەوە سەختە داوابکەیت مرۆڤەکان فێرببن ماف ببەخشن، ئازادی ببەخشن، لێگەڕێن ئەوانی تر خۆیان خۆیان پێناسەبکەن. پێیان ئاسانە مرۆڤ تا قیامەت ناسیونالیستێک بێت کە ڕقی لە نەتەوەکانی ترە، بەڵام پێیان سەختە مرۆڤ جارێک خۆی لەو کینانە پاکبکاتەوە و مرۆڤەکان تەنیا وەک مرۆڤ و دوور لە حوکمی پێشوەخت ببینێت، پێیان ئاسانە تا قیامەت مەزهەبییەکی عەقڵ تەسک و دۆگمائی بن، بەڵام پێیان سەختە جارێک کەسانێک کە هەڵگری بیروڕای دیکەن وەک مرۆڤی سروشتی و مافدار ببینن. پێیان ئاسانە تا مردن پیاوانێکی مڕومۆچ بن کە بۆ دەوروبەرەکەیانی دیاریدەکەن چی بن و چۆن بن و چی بکەن، بەڵام پێیان سەختە جارێک ماف بە نزیکترین و خۆشەویستترین کەسانی خۆیان بدەن ئازادیی خۆیان پراکتیزەبکەن، خۆیان بۆ خۆیانی دیاریبکەن وشەی ئازادی مانای چی. کێشە گەورەکە و گاڵتەجاڕییە بێسنوورەکەش لەوەدایە، ئەم فۆبیایە کە سیستم لە ناویاندا چاندوێتی، ناودەنێن غەمخۆریی بۆ شۆڕش.

لە لۆژیکی ئەم جۆرە شۆڕشگێڕانەدا، مرۆڤ تەنیا کاتێک دەتوانێت شۆڕشگێڕ بێت کە باس لە قووڵایی ئەرکی شۆڕش نەکات. دروشمی ڕاستەقینەی ئەمانە ئەوەیە: شۆڕشگێڕبە بە بێدەنگ، تابلۆی پشتگیری خۆت بەرزبکەوە، کلیپی خۆت تۆماربکە و بێدەنگ بە… هەر وەختێک بچیتە بواری بیرکردنەوەوە ئەوا کارەکە سەختدەکەیت. هەمووان بە کوێری شۆڕشگێڕبن باشترە لەوەی هوشیارانە تێبگەین شۆڕش جیهانبینییەکی نوێیە، دابڕانی سەردەمێکە لە سەردەمێک، پێکوڵکارییە بۆ مرۆڤێکی نوێ، بۆ خۆرهەڵاتێک چیتر هێزی فاشیستی بەرهەم نەهێنێت. ئەم پرۆسانە کە دەبێت سەرەتا و کۆتایی هەموو لۆژیکێکی شۆڕشگێڕ بێت، وەک مەحاڵ و نەکردە و کە مکردنەوە لە شانوشکۆی خۆرهەڵات سەیریدەکەن. کێشە گەورەکە لەوەدایە ئەم تێزەیە کە ڕێک و ڕاست وەک گوللـەیەک وایە بینێیت بەسەری شۆڕشەوە، بە شۆڕش تێبگەیت. زمانحاڵی ئەم دەستە وتاقمە دەڵێت « تۆ دەتوانیت شۆڕشگێڕ بیت، بێئەوەی هیچ بگۆڕیت» «شۆڕش بکە بێئەوەی بیر لەم شتانە بکەیتەوە کە ڕێگاکەت لێ ئاڵۆزدەکەن و سەرت لێ تێکدەدەن». ئەم دەستە و تاقمە کێشەکە وا وێنادەکەن، وەک ئەگەر وێنەی ڕاستەقینەی شۆڕشمان کێشا، ئەگەر بە ڕوونی مانای ئاڵوگۆڕ و گۆڕان و ئەلتەرناتیڤمان دیاریکرد، بەوە خەڵک لە شۆڕش سارددەبنەوە. کێشەکە وادەبینن هەر وەخت شۆڕشگێڕ زانی شۆڕش چییە، پەشیماندەبێتەوە، چونکە قووڵ بەر لە هەندێ دۆگما و قەناعەتی چەقیوی خۆی دەکەوێت. بە لۆژیکی ئەمانە خەڵک تا ئەو کاتە گەرمن کە شتێکی زۆر کەم لەو کردارە بزانن کە پێیهەڵدەستن. کاتی خۆیشی هەندێک لەوانەی بزووتنەوەی گۆڕانیان مراند هەمان بیروبۆچوونیان هەبوو، ئەوەی کتێبی «ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێتەکانی» بخوێنێتەوە کە وتارگەلێکن لەسەر مانای ڕاستەقینەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بوون، دەزانێت لەوێدا هەوڵێک هەیە پێچەوانەی سادەبین و سادەخوێنەکان بەجۆرێکی تر تەماشای مانای وشەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بوون بکەین. ئەوان ڕایان وابوو گۆڕان ئەوەیە بچیت بۆ هەڵبژاردن و دەنگ بە لیستێک بدەیت و بە ویژدانی ئاسوودەوە بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە و دڵت پڕ بێت لەو هەست و دڵنیاییەی شتێکی گرنگت ئەنجامداوە، هەر کەسێکیش بیگووتبایە کورتکردنەوەی گۆڕان لە جۆرە وێنەیەکی وادا کارەساتی بە دوادا دێت، قسەی باشی نەدەبیست. ئەمڕۆ هەمان مێژوو خۆی دووبارەدەکاتەوە، ئەم شۆڕشگێڕانەی ئەمڕۆش وەک گۆڕانخوازە توندڕەوەکانی ئەو زەمان پێیان وایە، شۆڕش تەنیا کاتێک مومکینە کە شۆڕشگێڕ نەزانێت شۆڕش چییە، نەزانێت ئەلتەرناتیڤ چییە. با جۆش و خرۆش و توڕەیی خەڵک بهێنێتە سەر شەقام، بەڵام گرنگ نییە بزانن چۆن درێژە بەم کارە بدەن و بیگەێننە جێگایەک ژیانێکی ئینسانی دروستبکات. دەڵێت هاواربکە مەهسا، مەهسا، بەڵام گرنگ نییە تێبگەن بکوژانی مەهسا چۆن دروستدەبن و چۆن نامێنن، گرنگ نییە تێبگەن ئەو سیستمەی مەهسا دەکوژێت زیاد لە چل ساڵە «لە ڕاستیدا سەد ساڵە» بە چ هێزێک ڕاگیراوە، چۆن ئیشدەکات، چۆن خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە? گرنگ نییە بپرسن، بۆ ملیۆنەها خەڵکی چەوساوە و بەدبەخت هێشتا لە پاڵ ڕژێمدان، ناپرسێت بۆ ئەوانەی لە هەندێک شاری ئێران دێنە سەر شەقامەکان، چەند هەزار کەسێکن و ئەوانەی لە چلەی ئیمام حوسەیندا دەچنە نەجەف، ئەم ساڵ لە سەروو بیست و یەک ملیۆن مرۆڤەوە بوو?.

بە بڕوای من، هەر کەسێک باس لە گۆڕانکاری بکات و ئەم پرسیارانە فەرامۆشبکات، لەگەڵ کێشەکەی خۆیدا ڕاستگۆ نییە. لایەنیکەم وەزیفەی سەرەتایی ڕۆشنبیر ئەوەیە ئەم پرسیارانە بوروژێنێت، بە بیریان بهێنێتەوە، بۆ وەڵامیان بگەڕێت. وەزیفەی ڕۆشنبیر نوقمبوون نییە لە چرکە و ساتەوەختە کورتەکاندا، بەڵکو بینینی مێژووە لە بەستێن و ناوکۆییە گەورەکەیدا، لە جوڵە گەورەکەیدا بۆ پێشەوە، لە تێڕامان لەو ڕێگرانەی ئەو جوڵەیە پەکدەخەن.

هەندێک دەڵێن ببینن گەر مرۆڤی خۆرهەڵاتی هوشیار نییە، گەر شۆڕشگێڕان هوشیار نین ئەوە چۆنە ڕاپەڕیون، ئەوە نییە لەچکەکانیان دەسووتێنن، ئەوە نییە پەیکەرەکان گڕدەدەن، بەوپەڕی جورئەتەوە بەرەنگاریی مەکینەیەکی ترسناکی سەرکوت دەبنەوە?. وەڵامی ئەم پرسیارە بەشێکی بە بەڵێیە و بەشێکی بە نەخێر. هەڵبەت کە من و نوسەرانێکی دی لەسەر ئەمە دەنوسین، دەزانین ئەگەرێکی مێژوویی کراوەتەوە، بەڵام لە بیریشمانە لە شۆڕشی ساڵی 79 ی ئێراندا ملیۆنان مرۆڤ لەسەر جادەبوون، وێنەکانی شایان دەسووتاند، بەڵام هەر ئەو ملیۆنە ئازادیخوازە ئیمامیان کردە ڕابەر و کڕنووشیان بۆ برد. لە میسر هەمان جۆر بوو بە ملیۆنان موبارەکیان لە تەخت فڕێدایە خوارێ، بەڵام مرسی و دواتر سیسیان هێنا. لە سوریا خەڵک دژ بە جانەوەرێکی وەک بەشار ئەسەد ڕاپەڕی، بەڵام هێزەکەیان بەسەر چەندین جانەوەری بچوکتردا دابەشبوو… هەر کەسێک قووڵ بروانێت، دەزانێت لێرەدا قەیرانێک هەیە، کێشەیەک هەیە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، بۆئەوەی شۆڕش نەبێت بە سوڕانەوە لە بازنەیەکی بۆشدا. نامۆبوونێکی قووڵ لە نێوان ڕۆحی شۆڕشگێڕ و عەقڵی شۆڕشگێڕدا هەیە، نامۆبوونێکی مێژوویی، درزێکی قووڵ و پڕنەکراوە کە دۆخێکی تراژیدی دروستکردوە، دۆخێک کە حەماسی بێ بیرکردنەوە و بیرکردنەوەی بێ حەماسەتی دروستکردوە، لە کاتێکدا حەماس و بیرکردنەوە دەبێت یەکبگرنەوە. ئەگەر ئەم نامۆبوونە لە ئێراندا نەشکێت، ئەگەر ئەم نامۆبوونە لە ئێراندا تێنەپەڕێت، ئەگەر لێرەدا و لەم بزاڤەدا ڕۆحی شۆڕشگێڕ و عەقڵی شۆڕشگێڕ یەک نەگرنەوە، ئەوە تەنیا شکستێکی سادە نابێت، بەڵکو دەرگا لەسەر سەدەیەکی نوێی قەیرانی مێژوویی گەورە دەکاتەوە.

هەڵوێست ئەوەیە شۆڕش لەم قەیرانە دەربهێنرێت، نەهێڵرێت جارێکی تر بەو ڕێگایەدا بڕوات. ئەمەش ئەرکی ئەو کایەیە کە بە درێژایی مێژووی ئەم سەد ساڵەی خۆرهەڵات خۆی بە سەرچاوەی هەموو چارەسەرەکان زانیوە و هوشیاریی مرۆڤەکان ئاڕاستەدەکات «کایەی سیاسی». لە سەد ساڵی ڕابوردوودا کایەی سیاسی خۆرهەڵاتی گەیاندوە بە بنبەستێکی شارستانی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقیی قووڵ، ئێستا ساتێتی ئەم کایەیە خەلاقییەتی خۆی پیشانبدات و بیسەلمێنێت زەوییەک نییە، هیچی تێدا سەوز نابێت جگە لە قەیران و دیکتاتۆرییەت و مۆراڵی کۆیلە، جگە لە حیزبی مشەخۆر و پیر کە بە خوێنی خەڵک خۆیان نوێدەکەنەوە. ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە وەک شۆڕشگێڕ دەیانەوێت بێنە سەر سەحنەی مێژوو، خەونێکی نوێ، جیهانبینییەکی ڕوونی دیکەمان پیشانبدەن تا دوای خەون و دونیابینییەکەیان بکەوین. ئەوانەی لە ژێر حەماسی ساتەوەختێکدا کە تەنیا چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، نایانەوێت پرسیار لە چییەتی خەونەکە بکەن، تەنیا ئەو کەسانەن لە وە دەترسن شۆڕش خەونێکی هەبێت زیاتر بێت و گەورەتر بێت لە لابردنی حیجاب، یان لابردنی مەلایەک و دانانی یەکێکی دیکە… لە سەرەتاوە دەبێت خەونەکە زۆر گەورە بێت، بۆئەوەی دەمێک دەگەینە کۆتایی شتێکی کەمی لێ مابێتەوە، بەبێ تێگەیشتن لە خەونەکە شۆڕش تەنیا هێزێکی کوێرە کە خۆی بەدەرگاکانی مێژوویەکی تاریکدا دەدات. بەشێکی ئەوانەی دێنە سەر شەقام، خەونێکی مێژووییان هەیە، واتە فۆرم و شێوەی دونیایەکی تر لە خەیاڵیاندایە، ئەگەر تۆ ناتوانیت ببیت بە زمانحاڵی ئەو خەونە، خودی خەونەکە مەگۆڕە بۆ خورافەت و گرێکوێرە و بەربەست. مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەند پڕە لە نمایشی درۆزنانە، پڕە لە شۆڕش و کۆدێتا و حیزبگەلێک کە تەنیا نمایشی گۆڕانکاری دەکەن، غەمخۆریی بۆ پاشەڕۆژ ئەوەیە لەو وەهم و درۆیانە ڕزگارمان بێت، نەوەک وەک هەندێک بکەوینە مەکیاژی ئەو مێژووە ناشیرینە. ئەمڕۆ ئەوانەی هەڵوێستیان لە خوێندنەوەی فیکری و شیکردنەوەی دونیا و کاری داهێنەرانە دابڕاندوە و هێناویانەتە سەر تۆمارکردنی کلیپ، کردویانە بە “چالاکییەکی ناچالاک”، بە جوڵەیەک کە شتێک ناخاتە سەر وێنەی ئێمە بۆ دونیا. بەم کارە هەڵوێستیان خستۆتە سەر فۆرمێکی دینی ڕووت، پڕۆسەی ئاسوودەکردنی ویژدان بەبێ ئەوەی بە ئازار و قەلەق و دوودڵی بیرکردنەوەدا تێبپەڕێت. ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانە ئەوانەن پێیان سەختە چ خۆیان و چ مێژوو لە ڕوانگەیەکی نوێوە ببینن، حەزیان بە شۆڕشە، دەیانەوێت شۆڕشگێڕبن بە مەرجێک عەقڵیان ئەزێتی پێ نەگات، دروشمەکەیان ئەوەیە «ویژدانی خۆت ئاسوودەبکە، بێئەوەی عەقڵت ئەزێت بدەیت».

بەڵام ئاخۆ دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەم سیستمە هێندە مەحاڵە? ئایا بە ڕاستی ئەو پەڕی گۆڕانکاری بکرێت تەنیا هەر لابردنی بەشی سەرەوەی حوکمدارانە و لەوە زیاتر کارێکی ڕادیکالتر و قووڵتر ناکرێت?

 

شەڕکردن لەگەڵ سیستم لەم ڕژێمە سیاسیانەی خۆرهەڵاتدا، تا ئەندازەیەک لە شەڕکردن لەگەڵ سیستمێکی ئاڵۆز و پەرەسەندوو و هەمەگیری وەک کەپیتالیزمی خۆرئاوایی ئاسانترە. ئەم سیستمانەی لە خۆرهەڵات حاکمن هێشتا شێوازێکی سەرەتایی و پریمتیڤی دەسەڵات پراکتیک دەکەن. دڕندەیی لەم سیستمانەدا هەست پێکراو، بینراو، بەرجەستەیە. واتە ئەم سیستمانە کە بە ڕوونی لەسەر دەسەڵاتی کەمینە، گەندەڵی ئابووری، سەرکوتی ڕاستەوخۆ، بێدەنگکردن، ئەشکەنجە و لێدان دروستبوون دەکرێت گەلێک ئاسانتر ئەلتەرناتیڤیان هەبێت. سیستم لەم وڵاتانەدا لەسەر تێکشکاندنی پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤەوە ئیشدەکات. بۆئەوەی پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤەوە تێکبشکێت، ئینسانەکان دەبێت بکرێن بە ناسیونالیست، بە مرۆڤی تایەفەگەرا، بە کەسانێک پردیان لەگەڵ یەکدا نییە. ئەوەی پێیدەگووترێت ئەلتەرناتیڤ لە ئاوەژووکردنەوەی ئەو پرۆسێسەدایە، واتە بیناکردنەوەی پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤەوە، بێئەوەی بە کەناڵە ترسناکەکانی جیاکردنەوەی دوژمنکارانەدا بگوزەرێت. لە بەشی پێشوودا بە ڕوونیی لەسەر هاودەردی و تێگەیشتن لە ئازاری ئەویدی وەک مەرجی سەرەکی هەموو ئەلتەرناتیڤێک بۆ فاشیزمی خۆرهەڵاتی قسەمکرد. واتە لەدایکبوونی مرۆڤێک شۆڕش بە ئایدیا دینی و ناسیونالیستی و ئەخلاقییە توندڕەوەکانەوە گرێ نەدات، شۆڕش وەک پێچەوانەکردنەوەی ئەو پرۆسێسە، وەک ئەکتی بیناکردنەوەی مرۆڤ بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا تەماشابکات. ئەکتی داڕشتنەوەی پەیوەندی پیاو بە ژنەوە، داڕشتنەوەی پەیوەندی نەتەوە سەر دەستەکان لەگەڵ نەتەوە ژێر دەستەکان، داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا، داڕشتنەوەی پەیوەندی قانون و کۆمەڵگا… هتد.

ئەگەر سەرنج بدەین، دەوڵەتی ئێران لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە هەوڵدەدات کێشەکان وەک کێشەی نەتەوەیی ڕووت، وەک گرفت لەگەڵ حیزبە کوردییەکاندا وێنابکات، یان وەک گرفت لە نێوان خەڵکانی حیجابدار و بێ حیجابدا… قەتیسمانی وێنەی بزاڤەکە لە هەندێک کردەی دیاریکراودا، هەوڵە بۆ پەرتکردن و لە بیربردنەوەی ئەو ڕاستییەی قەیرانی ئەم سیستمانە سەرتاسەرییە، ستەم بە هەموو ڕیشە و دەمارێکی ئەم ڕژێمانەدا چۆتە خوار. خودی پەرتکردنی وێنەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەوە دەسەلەمێنێت کە کورتکردنەوەی وێنەی کۆی سیستم بۆ یەک وێنە یاخود یەک ململانێ یاخود بۆ یەک مەیدانی بەرەنگاری، ستراتیژی خودی سیستەمە و ستراتیژی سەرەکیشیەتی. لێرەوە ئەوانەی پرۆسەی گەڕان بۆ ئەلتەرناتیڤ بچوکدەکەنەوە، لە بنەڕەتدا تەنیا هەنگاوێکی زۆر کورت لە خودی سیستمەکەوە دوورن.

خەونەکەی خۆتم پیشاندە

ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات

بەشی چوارەم

شۆڕش و کینە

«نیگایەکی کورت لە سایکۆلۆژیای شۆڕش و سایکۆلۆژیای دەسەڵات»

بەشی زۆری شۆڕشەکانی خۆرهەڵات بزاڤی کۆمەڵایەتی گەورەن دژ بە دەسەڵاتی ناوەند، دژ بە دەوڵەت و حیزبگەلێک کە بەڕێوەبردنی کایەی ئابووری و قانوونی و ئەمنیان تەواو کۆنتڕۆڵکردوە، بوونی بێدادی لە بواری ئابووری و قانوونیدا، نەبوونی هێزگەلی ئەمنی بێلایەن کە داردەستی کەسانێکی دیاریکراو نەبن، مایەی توڕەیی خەڵکن.

هەبوونی برسێتی زۆر، زاڵبوونی جەشنە کەپیتالیزمێکی دڕندە کە مرۆڤ وەک گیانەوەرێکی بێنرخ تەماشادەکات، باڵادەستیی ترس و تۆقاندن، ناکامبوونی پەیتاپەیتا و یەک لە دوای یەکی خەونی گۆڕانکاری، بێزاربوون لە دەموچاوە سیاسییە ناشیرینەکان، هەبوونی دادگاگەلێک کە ستەم و بێدادی دەپارێزن، تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و نەمانی هیچ شتێک کۆمەڵگا لەسەری تەبا بێت … ئەمانە و زۆری تر مایەی نیگەرانی خەڵکی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتن.

گومان لەوەدا نییە پەیوەندی مرۆڤ و دەسەڵات، خەڵکان و دەوڵەت، ناسیاسییەکان و سیاسییەکان لەم کۆمەڵگایانەدا بە قەیرانێکی کوشندەدا دەڕوات. هیچ هێزێکی سیاسی باڵادەست نییە پلەی قەبووڵکردن و خۆشەویستی لە ئاستێکی بەرزدا بێت. ئەوەی هاوڵاتی بە دەوڵەتەوە دەبەستێتەوە کینەیە، هەستی مرۆڤە بێلایەنەکان بەرانبەر بە هێزە سیاسییەکان کینەیە. دەوڵەتی ئێران تەنیا نمونەیەکە لە نمونەی دەوڵەتە بێزراو و قێزەونەکانی خۆرهەڵات، مێژووی ئەم چەند دەیەی دوایی لە خۆرهەڵات هێزێکی دروست نەکردوە، بکرێت تەبایی و کۆدەنگی«اجماعی» کۆمەڵایەتی لەسەر بێت. هەر خودی ئەوەش نیشانەیە کە سیاسەت وەک کایە، وەک ئەو شوێنەی بە جێگای گۆڕانکاری دەزانرێت، نوشوستییەکی مێژوویی گەورەی هێناوە.

کاتێک قسە لە تەبایی و کۆدەنگی دەکەم، مەبەستم لە هێزگەلێکە بتوانن هەتا کۆدەنگی گروپێک یان چینێک یان نەتەوە و تایەفەیەک مسۆگەر بکەن، واتە تەنیا قسەم لە کۆدەنگی و کۆکردنەوەی شوناسە جیاوازەکان نییە، بەڵکو قسەم لە کۆدەنگیی ناو یەک شوناسیشە. کێشەی ڕق، هەر تەنیا کێشەیەکی ناوبەینی نییە لە نێوان نەتەوە و نەتەوە، دین و دیندا، بەڵکو کێشەی ڕقێکی ناوخۆییشە کە هەموو شوناسەکانی لە ناوەوە گۆڕیوە بۆ شوناسی لەق و لەرزۆک و زۆربەی شوناسەکانی لە بناغەوە هەڵوەشاندۆتەوە. فاشیزمی خۆرهەڵاتی بە پێچەوانەی فاشیزمی خۆرئاواییەوە، لەشکری مێگەلئاسای گەورەی بۆ دروست ناکرێت، بەڵکو لەسەر پارچەپارچەبوون و لێکترازان و بچوککردنەوەی شوناس و لەتکردنی بەردەوامی دەژی، لە بری جەنگی زۆر گەورە، بەمیتۆدی جەنگی سنووردار و دووبارە و بەردەوام کاردەکات.

ئەم سیفەتە سەرەکییە «لەتکردن و جەنگی بەردەوامی شوناسەکان و مرۆڤەکان» لە ساتی شۆڕشدا ناخەوێت و وننابێت و دەخزێتە ناو شکاندنی کۆدەنگیی شۆڕشگێڕانەشەوە. ئەوەی کۆدەنگیی شۆڕشگێڕانە دەشکێنێت و ناهێلێت هیچ پڕۆژەیەکی شۆڕشگێڕ، وەک پرۆسەیەکی دروستکردنی ئیجماعی سیاسی لەسەر هەندێک بنەما دابمەزرێت، هەمان ترسی شوناسەکانە لە ئەوانیدی.

ئەکتی شۆڕشگێڕ تا ئەو شوێنەی ئەکتێکە دژ بە دەسەڵات و توڕەییەکی خۆڕسک و سروشتییە، دەتوانێت کۆدەنگی و یەکێتی و هەتا کەمەکێک بەردەوامیش زامنبکات، بەڵام هەر کات ئەکتی شۆڕشگێڕانە گواستییەوە بۆ ناو کایەی سیاسی، کۆدەنگی شۆڕشگێڕانە هەلاهەلادەبێت و دابەشبوونەکانی ناو کایەی سیاسی دەردەکەونەوە و کینەی نێوان شوناسەکان سەرهەڵدەداتەوە. قۆناغی یەکەمی شۆڕش کە هەمیشە قۆناغێکی یونیفێرسال، مرۆڤدۆست، ژیانخواز، یەکسانی ویستە، لە قۆناغی دووەمدا بەر بەربەستەکانی دابەشبوونی سیاسی دەکەوێت و دەچێتەوە یەک و هەندێ جار قاوغەی داخراو و ئاسنین بۆ شوناسەکان دروستدەبێت و هەر شۆڕشگێڕە و دەگەڕێتەوە سەنگەری ماڵی خۆی.

وەرگەڕانی پرۆسەی شۆڕشگێڕی لە پرۆسەیەکی دەستەجەمعی خەڵکانی سەر شەقام و کوچەکانەوە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی، واتە دەرکەوتنەوەی دابەشبوونە سیاسییەکان لە هوشیاریی شۆڕشگێڕدا، هەندێ جار لەگەڵ خۆیدا تێکشکاندنی شۆڕشی هەڵگرتووە. بەڵام ئەم گواستنەوەیە حەتمییە، واتە شۆڕش شتێک نییە تا ئەبەد لەسەر شەقام بمێنێتەوە، بەڵکو لە قۆناغێکی گەشەکردنیدا دەگوازێتەوە بۆ ناو کایەی سیاسی، واتە شۆڕشگێڕەکان بیریاندەکەوێتەوە کە ئەوان هەر شۆڕشگێڕی ڕووت نین، بەڵکو خەڵکێکن شوناسی تریشیان هەیە، فورسن، تورکن، عەرەبن، کوردن، شیعەن، ناسیونالیستن، فیمینستن، چەپن، ڕاستن… هتد. زۆربەی شۆڕشەکان کاتێک بەر دیواری ئەم ساتە دەکەون تێکدەشکێن.

بە وێناکردنێکی دی: کاتێک شۆڕشگێڕ لە کۆدەنگیی شەقامەوە دەگوازێتەوە بۆ داواکارییە تایبەتییەکانی خۆی، بۆ پێداگری لە مافەکانی شوناسی سیاسی خۆی، ئەوا بێ هیچ دوودڵییەک بەر هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانی دوێنێی دەکەوێت. مانەوە یان مردنی شۆڕش لەو ساتی بەرخوردەدایە. لەم ساتەدا ڕەهەندی سەمبولی شۆڕش ئیتر ڕۆڵێک نابینێت و دەگەڕێینەوە سەر زەمینی ڕەقی مێژوو، هەر کات یەکێک لە شۆڕشگێڕەکان مافەکانی ئەوانیدی وەک مەترسی بۆ خۆی تەماشاکرد، لەم ساتەدا ڕۆحی مرۆڤدۆستانەی شۆڕش بەر ترسی سایکۆلۆژی چێنراوی ناو مرۆڤەکان دەکەوێت و ڕووە سەمبولییە جوانەکەی تێکدەشکێت.

ئەم گواستنەوەیە حەتمییە، واتە شۆڕش لە ساتێکدا لە شەقامەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو کایەی سیاسی و ئەرکی دەبێتەوە بە ڕێکخستنی کۆمەڵگا، ئەوەی حەتمی نییە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت، ئەو ترسەیە کە دەشێت شۆڕشگێڕان لە پەیامە مرۆڤانە و یونیفێرساڵ و ژیاندۆستەکەیان دووربکەونەوە. واتە دەشێت شۆڕش کایەیەکی نوێی سیاسی سازبکات، شوناسەکان لە ترسی یەک نەبن بە هێزی شەڕانگێز و توندوتیژ و شۆڤێنی و ڕاسیست، بەڵام ئەم کارە، بەر لە هەر شت هوشیارییەکی دەوێت بزانێت کێشەکە لە کوێدایە. ئەم گواستنەوەیە لە بەهاری عەرەبی و ئەزموونە شۆڕشگێڕەکانی تردا بە جۆرێکی تراژیدیی نوشوستی هێنا، هیچ یەک لەم شۆڕشانە نەیانتوانی لە ئەکتی شۆڕشگێڕەوە بگوازنەوە بۆ ئەکتی سیاسی بێئەوەی ڕۆحە شۆڕشگێڕ و مرۆڤدۆست و ئازادیدۆستەکەیان لە دەست نەدەن. ئەو ڕقە شۆڕشگێڕییەی کە دەبوو ببێت بە هێزێکی خولقێنەر، کە دەبوو ببێت بە سەرچاوەی جۆرە سیاسەت و دەوڵەتدارییەکی نوێ هیچی لێ دروست نەکرا، بە باڵادەستیی هێزگەلی فاشیستی کۆتایی هات کە کینە و ڕقیان بەرامبەر ئەوانیدی گەیاندە دوا ترۆپکی ناعەقڵانیی خۆیان.

سەدەیەکە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکان ڕق لە ناخی خۆیاندا بەرامبەر دەسەڵات کۆدەکەنەوە، ڕقێک لەبەرئەوەی دروست ئاڕاستە ناکرێت، بەردەوام بە کەناڵی ترسناکی تردا دەبرێت. ئەو چەوت ڕێڕۆیشتنە کارێکی کردوە ڕقی ژێردەستەکان لە سەردەستەکان، ڕقی کۆیلەکان لە ئاغاکان بووە بە ڕقی کۆیلەکان و ژێردەستەکان لە یەکدی و لە خۆیان. ئێستا ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم پرۆسەیە لە ئێراندا بە هەمان ڕیزبەندیی کلاسیکی خۆی دووبارەنەبێتەوە، واتە هوشیارانە ئەوەی لە شوێنەکانی تردا هاتەپێش بەری پێبگیرێت. لێرەدا وا پێویستە ئەکتی شۆڕشگێڕانە بە جۆرێک دابڕێژرێت، بوار بۆ گەڕانەوەی کینە نەهێڵێتەوە و ڕیزبەندی و هێرارشییەتی پێشووی نێوان نەتەوەکان و مەزهەبەکان و ئایدیاکان هەڵبوەشێنێتەوە.

کینە لە ساتەوەختی شۆڕشدا وەزیفەیەکی پۆزەتیڤی هەیە و ڕوو دەکاتە نادادپەروەریی، بەڵام تێکشکاندنی کینە خۆی سەرەکیترین و گرنگترین ئامانجی شۆڕشە، بەڵام ئەگەر ورد لە ڕیشە قووڵەکانی کینە بڕوانین، تێدەگەین بۆ جگە لە کولتوورێکی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست بەولاوە، چارەیەکی گرنگی دی بوونی نییە.

ئەگەر فەلسەفەی فرۆید لە بنەڕەتدا، بەشێکی زۆری قسەکردن بێت لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی وزەی خۆشەویستی «لیبیدیۆ» بەسەریدا دێت، ئەوا هەر لە ناو خودی ئەو تیورییەدا قسەکردن لەسەر وزەی وێرانکردن و کینە بەشێکی دیکەی گرنگ و سەرەکی فیکری فرۆیدییە. لە خۆرهەڵات کینە کاتێک ناتوانێت خۆی لەسەر دەسەڵات تاقیبکاتەوە، دەبێتە وزەیەکی شەڕانگێزانە کە لە کەناڵی سیاسی و دینی و ئەخلاقی تردا بەتاڵدەبێتەوە. هێزی گەورەی مەرگدۆستی لەم کولتوورەدا سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، مرۆڤەکان ناتوانن ئاڕاستەی توڕەییە وێرانکارەکانی خۆیان بکەن و ئەم وزەیە دواجار لە خود وێرانکردندا دوایی دێت. مەرگدۆستی ئەو فۆرمە تێکشکێنەی غەریزەی مەرگە «تاناتۆس» کە لە کایەی سیاسیدا دەبێتە مۆراڵێکی کوێر و داخراو و وەک چەکێکی فاشیستی دژ بە ژیان بەکاردەهێنرێت. ئەو، واتە غەریزەی مەرگ، چنگ بەسەر لیبیدۆدا دەگرێت و ئاڕاستەی دەکات. ترس لە ئیرۆس، ترسە لە ژیان لە مانا گەورەکەیدا، ترسە لە ئەوانیدی، ترسە لە یەکسانبوون. دەوڵەتی ئێرانی لەسەر ئەو ترسە دروستبووە، فەرزکردنی حیجاب تەنیا سەمبولێکە لە سەمبولەکانی کۆنتڕۆڵکردنی تاناتۆس بۆ ئیرۆس. ترس لە ژن، بەرجەستەکەری ئەو ترسە قووڵەیە لە هەر ئاماژەیەک قیامەت «واتە مردنمان» بیربباتەوە، بەرجەستەکەری ئەو ترسەیە کە مەرگدۆستی پێویستی پێیەتی تا فەزای گشتی بە سەمبولەکانی خۆی بتەنێ. فەزای گشتی دەوڵەتی ئێرانی، فەزای ستایشکردنی مردنە، فەزای بەرزنرخاندنی شەهادەتە، شوێنی ستایشکردنی بەردەوامی ئەو دیوەی دینە کە ئیمان بە مردووپەرستییەوە گرێدەدات. لە فەزایەکی وادا وشەی ژن کوشندەیە، چونکە لە زیهنی ئەو جۆرە ڕوانینەدا، ژن کورتدەبێتەوە بۆ دەلالەتێکی ئیرۆسی ڕووت. بەڵام کێشەکە تەنیا ترس نییە لە ژن، بەڵکو ترسێکی قووڵە لە هەموو سەمبولەکانی ژیان، ترسە لە مۆسیقا، لە هونەر، لە کۆبوونەوەی خەڵک بۆ شادییکردن… هتد، واتە ترسە لە هەر چالاکییەک کە زیندوێتی و بەردەوامیی ژیان مسۆگەربکات. کێشەکە تەنیا بەوە چارەنابێت، ژن لە دەلالەتە جنسی و ئیرۆتیکییەکان ڕزگاربکرێت، بەڵکو بەوە دەگاتە کۆتایی گەر مرۆڤ و سایکۆلۆژییەت و بیرکردنەوەی لە مەرگدۆستی پاکبکرێتەوە، واتە لە خواستی تێکشکاندنی ئەویدی، لە ترسە قووڵ و دەرونی و ناعەقڵانییەکانی لە ئەوانیدی. دۆخی فاشیستی دۆخێکە تێیدا غەریزەی مەرگ و خواستی تێکشکاندن بەهێزترە لە خواستی ئیرۆس و ژیاندۆستی.

ئەگەر سایکۆلۆژییەتی تەواوی دەسەڵاتدارە خۆرهەڵاتییەکان لەسەر ستایشی مەرگ دروستبووبێت بە هەموو سەمبولە جیاوازییەکانییەوە «ستایشی چەک، ستایشی سوپا، ستایشی شەهادەت، ستایشی هێز، نمایشی کفن، ڕق لە جوانی، کینە بەرامبەر هونەر، کینە بەرامبەر شیعر و ئەدەبیات، ترس لە جەستە، ترس لە سێکس، ترس لە فەردانییەت، مێگەلپەرستی … هتد». ئەوا سایکۆلۆژیای شۆڕش هیچ نییە جگە لە پێچەوانەکردنەوەی ئەو هاوکێشەیە بەودیودا «ستایشی پەراوێزنشینان، ژیاندۆستی، دیالۆگ، بەرزڕاگرتنی ئەدەب و هونەر وەک دوو هێزی سەرەکی خولقێن بۆ هوشیارییەکی جوانناس، بەرزڕاگرتنی خواستەکانی جەستە وەک خواستەکانی ڕۆح، ڕاستکردنەوەی نیگای مرۆڤەکان بۆ جنس، بەرزڕاگرتنی مافی تاکەکان بەرامبەر هێزی زۆرینە، شکاندنی پرۆسە ترسناکەکانی مێگەلسازی… هتد». واتە کێشانی بەردەوام و بێوچانی هێڵی دژە ئاڕاستە لە ناو جەستەی دەسەڵاتدا.

مەرگدۆستی دەتوانێت فۆرمی زۆر جیاواز لە خۆبگرێت. ئایدۆلۆژیای مەزهەبی تەنیا فۆرمێکە لە فۆرمەکانی مەرگدۆستی. تێکشکاندنی بەردەوامی شۆڕشەکان لە خۆرهەڵاتدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مەرگدۆستییە قووڵەی لە ناو کاراکتەری مرۆڤی شۆڕشگێڕیشدا خۆی مەڵاسداوە. دەرهێنانی لیبیدۆ لە چنگی مەرگ، لە جیهانێکدا کە لەسەر ململانێ و پێکدادان و کینە دروستبووە، پرۆسەیەکی لابەلابوونەوەی کولتووری و سایکۆلۆژی قووڵی دەوێت. غەریزەی مەرگ هێزێکی تێکشکێنە، مرۆڤ و گروپەکان لە ترسی ئەوەی ئەم هێزە نەگەڕێتەوە و لە ناوەوە خودی خۆیان تێک نەشکێنێت، ئاڕاستەی دەرەوەی دەکەن. بەڵام مەرگدۆستی تەنیا کاتێک دەتوانێت بەهێزبێت کە ژیاندۆستی لە دۆخێکی لاوازدابێت، باڵادەستی مەرگدۆستی لەوەوە دێت، بەشێکی گرنگی کولتووری دینی و سیاسی و ڕۆشنبیریی تێکڕا لەسەر لێدان لە ژیاندۆستی پایەگیربوون. ترسی هەمیشەیی لە ئەوانیدی ترسێکی ناوەکی و سایکۆلۆژییە، نەوەک واقعێکی سیاسی ئەبەدی بێت. باڵادەستی ئەم سیستمانە کە لەسەر مەرگدۆستی بونیادنراون تەنیا بە ئامادەگییەکی بەردەوامی خواستی ژیان لاواز دەکرێت، واتە بە باڵادەستییەکی هەمیشەیی جۆرە کولتوورێکی سیاسی مرۆڤەکان دابەش نەکاتە سەر دۆست و دوژمن، بەرز و نزم، بەهەشتی و جەهەنەمی، سەردەست و ژێردەست… و تا دواتر.

بە کورتی سیاسەت لە سەدەی بیستدا نەیتوانی ئەو توڕەییەی مرۆڤەکان لە بێدادیی هەیانە بخاتە سەر فۆرمێکی عەقلانی، واتە وەزیفە بنەڕەتییەکەی خۆی جێبەجێ نەکرد کە بە عەقلانیکردنی توڕەیی و ئاڕاستەکردنێتی، بەڵکو بوو بە مەڵبەندی هەمیشەیی ئەو ڕقە. کینە لە دژی دەسەڵات لە بری ئەوەی کۆبکرێتەوە و بکرێت بە گژ ئەو فۆرمە جیاوازانەی ستەمدا کە دەسەڵات لە هەناوی کۆمەڵگادا چاندونی، پێچەوانە بۆتەوە و بۆتە کینەی پیاوان لە ژنان، کینەی ژنان لە پیاوان، کینەی دیندار لە بێئیمان، کینەی بێئیمان لە دیندار، کینەی شیعە لە سوننە و کینەی سوننە لە شیعە … تا دوایی لەم زنجیرە بێکۆتاییە. بە کورتی دەبێتە کینەیەک لە هیچ کەناڵێکەوە ئاڕاستەی جەوهەری دەسەڵات ناکرێت، ئەگەر ئاڕاستەش بکرێت، خێرا تارمایی کینەکانی تر دەگەڕێتەوە و تێکەڵ بەو کینە ئاڕاستەکراوە دەکرێت تا لە جەنگی ناوخۆ و شەڕی لابەلاییدا بەتاڵ ببێتەوە. سیستم لەم ڕژێمانەدا کێشەی گەورەی ئەوە نییە ڕقت لێی بێت، بەڵام بۆی گرنگە هەرگیز ئەوانیدیکەت خۆش نەوێت. ئەوەی مانا دەداتە شۆڕش بە ئینسانیکردنی پەیوەندییەکانە، ئەم پرۆسەیەش تەنیا کاتێک ڕووە ڕاستەقینەکەی دەردەکەوێت، دەمێک بەشدارانی شۆڕش لە کۆدەنگیی شۆڕشگێڕانەوە جارێکی تر بەسەر کایەی سیاسی و بەرە جیاوازەکانی سیاسەتدا دابەشدەبنەوە، لەو ساتەدا ئیدی ڕوون دەبێتەوە ئاخۆ هێزی ژیاندۆستی شۆڕش هێزێکی ڕاستەقینەبووە یان نا.

دەسەڵات و سیستم لەم وڵاتانەدا، جگە لەو نوخبە مشەخۆرە میلیتارییە کەپیتالیستەی لە هەناوی دەوڵەت و دەسەڵاتدا گەورە بووە، نوێنەری ڕاستەقینەی هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی نین. چەندە حیزبە کوردییەکان نوێنەری کوردن، هەر ئەوەندەش حیزبە عەرەبییەکان نوێنەری عەرەبن و هەر ئەوەندەش حیزبە شیعەکان نوێنەری خەڵكی هەژاری شیعەن، بەڵام لە ساتەکانی قەیراندا، کاتێک دەزانن دەسەڵات لە مەترسیدایە، خۆیان لە گروپێکی نەتەوەیی، دینی، ئایدۆلۆژیدا دەتوێننەوە تا جەنگ لە جەنگی خەڵک و دەسەڵاتەوە ببەنەوە ناو کۆمەڵگا، ببێت بە جەنگی دیندارەکان دژی بێدینان، جەنگی فورس دژی کورد، جەنگی شیعە دژ بە سوننە… هتد. هەر کاتێک قەیران قووڵ بوو، قیڕوهوڕی ناسیونالیستی و دینی دەگاتە ترۆپکی خۆی. لەسەروەختی پەلاماری خەڵکدا بۆ سەر ڕژێمی ترسناکی سوریا، ئەسەد خۆی وەک قەڵغانی عروبە پیشاندەدا، کاتێک پارتی و یەکێتی دەستیان خستبووە بینی خەڵک و قەیرانی دارایی لە ترۆپکدا بوو، دەنگی ڕیفراندۆمیان بەرزکردەوە. ئەم جۆرە گەمانەی دەسەڵاتداران هەمیشە ئاسان تێدەپەڕێت، گەمەی سادەن، دەسەڵات کە تەنیا نوێنەری نوخبە دەسەڵاتدارەکەی خۆیەتی، لە ناکاو لە ڕێگای کۆمەڵێک دروشم و نمایشی پێشوەخت ئامادەکراوەوە خۆی لە ناو خەڵکدا دەتوێنێتەوە و دەبێتەوە بە بەشێک لە شوناسێکی دینی یان نەتەوەیی تا لەو ڕێگایەوە کینە لە خۆی دووربخاتەوە و بیباتەوە ناو جەرگەی کۆمەڵگا. هۆکاری تێپەڕینی ئەم جۆرە گەمانە بەم شێوە سادە و بێگرێیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خواستی تێکشکاندنی ئەویدی، مەرگدۆستی، پەرستنی سەمبولەکان، خواستی خۆ بە بەهێز بینین لە هەموو بەها ئینسانییەکان بەهێزترن، لەم سیستمانەدا بەها ئینسانییەکان، هێزی ژیاندۆست، وەک بۆچوونی یۆتۆپی، ڕۆمانسی، شاعیریی، نائومێدکەر سەیردەکرێن. لە هەر کولتوورێکدا ڕۆشنبیرانێک هەبوون، بەها ژیاندۆست و مرۆڤدۆستەکان بە بەهای شاعیرانە و ڕۆمانسییانەی بێسوود بزانن، ئەو کولتوورە لە ناوەوە مەرگدۆستی خواردوێتی. بە کورتی، ترس لە ئەوانیدی یەکێکە لەو بۆمبانەی لە ویژدان و عەقڵی زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا چێنراوە، ئەوەش وادەکات شۆڕش زۆرجار لە بری ئەوەی بە سیستمدا بە خودی شۆڕشگێڕەکاندا بتەقێتەوە.

تەنیا خۆیندنەوەی سایکۆلۆژی دۆخەکە ئەوەمان پێ ناڵێت کە دەبێت چی بکەین، بەڵکو خوێندنەوەیەکی سیاسی و فیکریش بە هەمان دەرەنجاممان دەگەێنێت. هانا ئارێندت لە جێگایەکدا دەڵێت «خراپە دەتوانێت توندڕەو و سەرپەڕبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ڕادیکال بێت… ئەوەی هەمیشە ڕادیکالە، چاکەیە». واتە تەنیا مرۆڤدۆستیی دەتوانێت ڕادیکال بێت، لە دەرەوەی ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی هیچ جۆرە ڕادیکالبوونێکی دی بوونی نییە. وەزیفەی شۆڕشیش دووبارە بوونیادنانەوەی مرۆڤدۆستانەی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە لە کولتوورێکدا خاڵی بێت لە باڵادەستیی مەرگدۆستی، خاڵی بێت لەوەی غەریزەی مەرگ و هێزە سێبەرەکانی کە لە فۆرمی ئایدۆلۆژی جیاواز جیاوازدا دەردەکەون، سیاسەت ببةن بەڕێوە.

مێژووی سەدەی بیست، مێژووی چاندنی گومانێکی قووڵ و بەردەوام و سیستماتیکە لە نێوان نەتەوەکان و دینەکان و ڕەگەزەکان و مرۆڤەکاندا، ئەم مێژووە درێژەی گومان وادەکات هێزێکی کۆمەڵایەتی مێژوویی دروست نەبێت، یان تەنیا بۆ ماوەی زۆر کورت کۆدەنگییەکی کەم خایەن لەسەر ئامانجێک بخولقێت و دواتر نەمێنێت. ئەم دۆخە ڕێگا خۆشدەکات، زۆر لە شێوەکانی ستەمی کۆمەڵایەتی خۆیان بە بەشێک لە ستەمی دەسەڵات نەزانن. بۆ نمونە: پیاوسالاری کە بەشێکی جەوهەری سیستمی دەسەڵاتدارییە، هەتا خودی دیکتاتۆرییەت فۆرمێکی بڵندکراوەی پیاوسالارییە، کەچی هیچ بزاڤێکی کۆمەڵایەتی لە خۆرهەڵاتدا هەڵوەشاندنەوەی ئەم ستەمەی نەکردۆتە ئامانجی گەورەی خۆی. لە ساتەوەختی شۆڕشدا پیاوسالاران خۆیان بە شۆڕشگێڕ و دوژمنی دەسەڵات دەزانن بێئەوەی ئەو دژایەتییە بە دژایەتی پیاوسالارییەوە گرێبدەن. ئەمە بۆ زۆر لە سەرمایەدارەکان، میدیاکاران، پیاوانی دین، قانونییەکانیش ڕاستە کە خۆیان وەک دوژمنی دەسەڵات نیشاندەدەن، بێئەوەی ئەو ڕاستییە ببینن کە دەسەڵاتی سەرمایە و دەوڵەت، دەسەڵاتی میدیا و دەوڵەت، دەسەڵاتی پیاوانی دین و دەوڵەت، دەسەڵاتی دادگاکان و دەوڵەت، یەک زنجیرەی پێکەوە بەستراو دروستدەکەن. مرۆڤ ناتوانێت میدیاکارێک بێت لەسەر شکاندن و ئابڕووبردن و لێدان لە شکۆی مرۆڤەکان ئیشبکات و خۆشی بە شۆڕشگێڕ بزانێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سۆسیال میدیا لە بیست ساڵی ڕابوردوودا ڕۆڵێکی ترسناکیان بینیوە لە بەهێزکردنی پایەکانی گەمژەیی و خولقاندنی مێگەلسالاری، شوێنی گەورەی بڵاوبوونەوەی کولتووری کینە بوون، بەڵام ئەوانەی ئەم کەناڵانە ئیدارە دەکەن ڕێگا بە خۆیان دەدەن جلی شۆڕشگێڕ لەبەربکەن، بێئەوەی ئەوە ببینن کە ئەو جەهل و نەفامییەی بڵاویدەکەنەوە، ئەو کینەیەی لە گەرووی ئەوانەوە دێتە دەرێ، قایمترین کۆڵەکەیە کە ستەمی دەوڵەتی لەسەر ڕاوەستاوە. هەندێ لە پیاوانی دین لە بری دژایەتی ستەم، تەنیا خەریکن دین بکەن بە گژ عەقڵ و زانست و ئازادیدا، بەوەش نەوەک ڕۆڵی دێرین و کۆمەڵایەتی دینیان تێکشکاندوە، بەڵکو هەندێکیان بوون بە بەشێکی دانەبڕاوی دەسەڵات و لە شوێنێکی وەک ئێراندا بوونەتە تاکە نوێنەری هەموو جۆرەکانی ستەم.

لە ناوەڕاستی ئەم کارەساتانەدا، ڕۆشنبیرانێک هەن، بانگەواز بۆ ئاوەژووکردنەوەی ئەم ڕەوتە بە ڕۆمانسییەت و یۆتۆپیا ناودەبەن، واتە ژیاندۆستی و مرۆڤبوون یۆتۆپیایە، بەڵام تێکەڵبوون بە ململانێ وەحشییەکان وەک پراگماتییەت و واقعبینی دەبینن.

شۆڕش تەنیا کاتێک دەتوانێت بەردەوامیی بە خۆیەوە ببینێت کە هەموو مرۆڤێک شوێنی خۆی لە تۆڕی دەسەڵاتدا ببینێت، سیستم تۆڕێکی چنراوە کە لە چەندەها فۆرمی جیاوازی دەسەڵاتی گەورە و بچوک دروستبووە، هەر یەکێک لە ئێمە لە ناو چەندین لەو تۆڕانەداین، لەویادا وەزیفەمان هەیە، پەیوەندیمان هەیە، پراکتیکی دەسەڵات یان بەرگری دەکەین. هیچ کەس هەمیشە قوربانیی نییە، هەموو قوربانییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە جومگەیەک لە جومگە گرنگەکاندا، بە شێوەی ئاغا یان کۆیلە، بە شێوەی دەسەڵاتدار یان ژێردەست لە کاردان. مرۆڤ گەر شوێنی خۆی لەو تۆڕانەدا نەگۆڕێت، ئیش بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانە نەکات کە لەو تۆڕانەدایە، شۆڕشی دژ بە جۆری ئەو پەیوەندیانە نەکات کە خۆی بەشێکە لێیان… توڕەییەکەی لە جێگایەکدا بەر سنووری خۆی دەکەوێتەوە، بەر ئەو ڕاستییە تاڵە دەکەوێتەوە کە شۆڕش پێویستی بەوەیە قوربانیی بە دۆگماکانی بدات، قوربانیی بە وێنە دێرینەکان و عاتیفە ناسیونالیستی و ئەخلاقە جێندەرگەراکەی بدات. بۆ نمونە کەسێکی بەغدادی کە پەلاماری پەرلەمان دەدات، تەنیا لەو تۆڕەدا نییە کە وەک تاک دەیبەستێتەوە بە حکومەتەوە، بەڵکو لە تۆڕی نەتەوەدایە، لە تۆڕی مەزهەبدایە، لە تۆڕی ئەخلاقدایە. بۆیە دەشێت لە پەیوەندیدا بەرامبەر فەرماندارانی بەغداد توڕە و شۆڕشگێڕ بێت، بەڵام هەستەکانی دیکەی، ڕۆڵەکانی تری لە کایە جیاوازەکانی تردا، بیرکردنەوەی وەک نەتەوەپەرستێکی عەرەب یان مەزهەبگەرایەکی شیعە، ڕەفتاری وەک پیاوسالارێک یان باوکسالارێک، ئەوانە دەیکەنەوە بە کەسێک، هەمان ئەم سیستمی ستەمە بەرهەم دەهێنێتەوە کە باڵادەستە. تا ئێستا زۆر لە مرۆڤەکان لەو ڕاستییە تێنەگەیشتوون کە دەسەڵات تا ئەندازەیەکی زۆر لە عەقڵ و لە خەیاڵ و لە فەنتازیاکانیاندا دەژی. هۆی نوشوستی شۆڕشەکانی خۆرهەڵات، بە درێژایی سەدەی بیست و بیستویەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەربەستە قووڵانەی خودی مرۆڤی شۆڕشگێڕ لە بەردەوامی ڕادەگرن.

بە کورتی کێشەکە کێشەی کینە و توڕەیی نییە و نەبووە، خۆرهەڵات سەد ساڵ زیاترە توڕەیی کۆدەکاتەوە. ئەم توڕەیی و کینەیە زۆربەی کات بە نەیاراندا، بە نەتەوەکانی تردا، بە خودی مرۆڤەکان خۆیاندا تەقیوەتەوە، بەڵام ئەو کەمە جارەی بە دەسەڵاتدا دەتەقێتەوە، ئەگەر دروست ئاڕاستەنەکرێت، بەخێرایی دەگەڕێتەوە بۆ کەناڵە دێرینەکان. شۆڕش ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی کینەکانمانە بە شێوەیەکی ئەبەدی، نەوەک بۆ چەند هەفتە و چەند مانگێک.

وەک پێشتر گووتم، ئێران فۆرمی کۆبوونەوەی هەموو شێوە کلاسیکییەکانی چەوساندنەوەیە، چەوساندنەوەی دینی و نەتەوەیی و جنسی. تەقینەوە بە ڕووی ئەم جۆرە سیستمانەدا چاوەڕوانکراوە، بەڵام ڕوخاندنی «واتە پراکتیزەکردنی ئەلتەرناتیڤەکانی» پێویستی بە هوشیارییەکی مێژوویی جیاواز هەیە. خەونەکەی خۆتم پیشاندە، واتە پیشانمبدە چ یارییەک بە کینەکەی خۆت دەکەیت، تا کوێ ئامادەیت ئازادیی ئەویتر قەبووڵ بکەیت. شۆڕش لە دوو بەشی لێک دانەبڕاو دروستدەبێت: یەکەم چ خەونێکم بۆ ئازادی خۆم هەیە، دووەم چ ئازادییەک بۆ ئەویدی بە ڕەوا دەبینم، هەمیشە بەشی دووەمیش لە بەشی یەکەم گرنگتر و سەرەکیترە. هەر کات نەمانتوانی وەڵامی بەشی دووەم بە ڕوونی بدەینەوە، وەڵامی بەشی یەکەم بەهایەکی ئەوتۆ گرنگی نییە.

تکایەکی هاوڕێیانە: ئەم نوسینە بۆ ئەم سایتە نوسراوە، لەوەوپێش بینیومانە هەندێک لە پەیجەکان وتاردەبەن و دێڕی لێ دەردەهێنن، لە ناوکۆیی و بەستێنی خۆیان دەیانقرتێنن، بەوە هەم ماناکانیان دەشێوێنن و هەم پەیامی کۆی نوسینەکەش بەلادا دەبەن، تکادەکەین بێ پرسی نوسەر هیچ پەیجێک ئەم وتارانە نەبات، سوپاسیان دەکەین.