رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دەربارەی کۆپیکردنەوەی میکانیکی کیفەر وەک نموونە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوڕێ عەبدوڵا

Download PDF

«بەکارهێنانی دەستەواژەی “هونەری هاوچەرخ” لەمڕۆدا، بۆ ناونانی ئەو هونەرە نییە، کە لە ئێستادا بەرهەم دێت، وەک ئەوەی لێرە و لەوێ بەر گوێمان دەکەوێت، بەڵکو بۆ ناونانی شێوازێکی نوێی هونەرکردنە کە تێیدا ئەو دەرەنجامە هونەرییەی ئێمە مەبەستمانە خۆی بەیان دەکات، ئەو دەرەنجامەش بریتییە لە خستنەڕوو و نیشاندانی ئێستا. بەمپێیە هونەری هاوچەرخ جودایە لە هونەری مۆدێرن کە پڕۆژەی کارکردنی لەسەر داهاتوو بوو، هەروەها جوداشە لە هونەری پۆستمۆدێرن کە بریتی بوو لە پەرچەکردارێکی مێژوویی دژی پڕۆژەی مۆدێرن. “هونەری هاوچەرخ” کار لەسەر “ئێستا”یەک دەکات کە هەم پەیوەندیی بە ڕابردووەوە هەیە، هەمیش پەیوەندیی بە داهاتووەوە. کەواتە بۆ ئەوەی کارەکتەرێکی دروست بدەینە سروشتی هونەری هاوچەرخ، پێویستە لە جێگەیەکدا بیهێڵینەوە، هەم پەیوەندیی بە پڕۆژەی مۆدێرنەوە هەبێت، هەمیش پەیوەندیی بە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەکانی پۆستمۆدێرنەوە هەبێت.[1]» ئەم پەرەگرافەی سەرەوە دەستپێکی وتارێکی بۆریس گرۆیسە بە ناونیشانی “تۆپۆلۆجیای هونەری هاوچەرخ”. لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا پرەنسیپ و بنەماگەلێکی جێگیر بوونیان نییە تا ئاسان بتوانرێت ناو لە شتەکان بنرێن و دەستنیشان بکرێن. لە پۆستمۆدێرنەدا ئۆنتۆلۆژیا و چیەتیی هونەر دەکەوێتە بەردەم پرسیارەوە. پرسیاری ئەوەی چ شتێک بە بەرهەمی هونەری  دادەنرێت؟ چی یان کێن ئەوانەی ڕەوایەتیی هونەربوون و بەهای هونەری دەدەن بە بەرهەمە هونەرییەکان؟ لە هونەری پۆستمۆدێرندا بە پێچەوانەی ئەوەی لە هونەری مۆدێرندا هەیە، پێوەرگەلێکی ڕوون نین تا دەستنیشانی ئەوە بکەن چی هونەرە و چی هونەر نییە. ئەوەی لەم پەرەگرافەی بۆریس گرۆیسدا گرنگە دەستنیشانکردنی پێگەی هونەری هاوچەرخە لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا. گرۆیس دەستنیشانی ئەوەمان بۆ ناکات چ شتێک دەشێت بە کارێکی هونەریی هاوچەرخ دابنرێت و چ شتێک ناشێت، بەڵکوو ئەوەی گرۆیس دەستنیشانی دەکات پێگەی هونەری هاوچەرخە. گرۆیس بۆ ئەوەی هونەری هاوچەرخ لە هونەری پۆستمۆدێرن جودا بکاتەوە، دەڵێت هونەری هاوچەرخ دەستەواژەیەک نییە بۆ ناونانی ئەو هونەرەی لە ئێستادا بەرهەم دێت، بەڵکوو ناونانی شێوازێکی نوێی هونەرکردنە کە کار لەسەر خستنەڕوو و نیشاندانی ئێستا دەکات. بۆیە بە لای گرۆیسەوە هونەری هاوچەرخ هەم جودایە لە هونەری مۆدێرن، هەمیش جودایە لە هونەری پۆستمۆدێرن. گرۆیس دەڵێت پێویستە هونەری هاوچەرخ لە جێگەیەکدا بهێڵینەوە هەم پەیوەندیی بە پڕۆژەی مۆدێرنەوە هەبێت، هەمیش پەیوەندیی بە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەکانی پۆستمۆدێرنەوە. مادام هونەری هاوچەرخ کار لەسەر خستنەڕوو و نیشاندانی ئێستا بکات و لە هەمان کاتدا هەم پەیوەندیی بە پڕۆژەی مۆدێرنەوە هەبێت و هەمیش بە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەکانی پۆستمۆدێرنەوە؛ ئەوا پێویستە هونەری هاوچەرخ لە گەڕانەوەیەکی بەردەوام و پەیوەندییەکی هەمیشەییدا بێت لەگەڵ هونەری مۆدێرندا. لانی کەم لەبەر دوو هۆی سەرەکی: هونەری مۆدێرن تەنیا پڕۆژەیەک نەبوو دژ بە نەریت و وێنە کۆنەکان، نەیدەویست تەنیا ڕادیکاڵانە خۆی لە ڕابردوو داببڕێت و ڕەخنە و بەرپەرچدانەوەیەکی توند بێت دژ بە وێنە نەریتییەکان، بەڵکوو دەیویست ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵانەش بێت دژ بە دیوە تاریکەکانی ئەقڵانیەتی مۆدێرنە. ئەدۆرنۆ وەک یەکێک لە بیرمەندان و فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، هەمیشە یەکێک بووە لە جیددیترین داکۆکیکارانی مۆدێرنیزمی هونەری. ئەو باوەڕی وا بوو هونەری مۆدێرن بەهیچ جۆرێ بەرگریی لە ئەقڵانیەتە ئامرازییەکەی مۆدێرنە ناکات، بگرە بە پێچەوانەوە بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە. کەوایە ڕاستە هونەری مۆدێرن وەک درەوشاوەترین ڕووی مۆدێرنیزم دەرهاویشتەی دونیای مۆدێرن بوو، بەڵام دەرهاویشتەیەکی ڕەخنەگرانەی ڕادیکاڵ بوو دژ بە دیوە تاریکەکانی ئەقڵانیەتی مۆدێرنە. لێرەوە گرنگە هونەری هاوچەرخ لە خستنەڕوو و نیشاندانی ڕەخنەگرانەی ئێستادا، ئەم دیوە ڕەخنەگرانەیەی هونەری مۆدێرن دژ بە دیوە تاریکەکانی ئەقڵانیەتی مۆدێرنە، لەناو خۆیدا تەوزیف بکات. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی هونەری مۆدێرن، تێگەیشتنی هونەرمەندان بوو لە گرنگی و بایەخی فۆرمی هونەری. زمانی گوزارشتکردن و دەربڕینی هونەرمەندان فۆرم بوو، لە ڕێی فۆرمەوە ڕووبەڕووی وێنە و فۆرمە نەریتی و کۆنەکان دەبوونەوە. هونەرمەندە گەورەکان خودئاگایی مێژوویی و ئێستایکییان هەبوو بەرانبەر بەو فۆرمە هونەرییانەی دەیانخوڵقاندن، دەیانزانی دەیانکەن بە گژی چیدا و ڕەخنە و ڕەتدانەوەی چین. لە هونەری هاوچەرخدا هونەر تەنیا لە نیگارکێشان و پەیکەرسازیدا نامێنێتەوە، میدیۆمەکانی گوزارشتکردن بەراورد بە هونەری مۆدێرن زیاتر دەبن. بەڵام ئەم فرە میدیۆمییە، زۆر جار نەچووەتەوە خزمەتی فۆرم. وەک چۆن لە هونەری مۆدێرندا بونیادی کاری هونەری بەرمەبنای فۆرمە نەک ناوەڕۆک، لێرەوە گرنگە لە کاری هونەریی هاوچەرخیشدا فۆرم نەکرێتە قوربانی کۆنسێپت و تێگەیشتنی ئەقڵانی. هونەر ئامرازی گەیاندنی کۆنسێپتێکی دیاریکراو و تێگەیشتنێکی ئەقڵانیی دیاریکراو نییە، کە وەزیفەی هونەر کرا بە گەیاندنی کۆنسێپت، جەوهەری خۆی لەدەست دەدات. لە هونەردا دەبێت فۆرم بخوڵقێت دواتر تێگەیشتنی لێوە بەرهەم بێت، نەک تێگەیشتنێکی دیاریکراو و کۆنسێپتێکی دیاریکراو بەرگێکی هونەری بەبەردا بکرێت. فۆرم دەکەوێتە پێش کۆنسێپتەوە، کۆنسێپت بریتییە لە ئەگەرەکانی فۆرم، نەک ئەوەی فۆرم دەرهاویشتەی کۆنسێپتێکی دیاریکراو بێت. ئەو کەسانەی تامەزرۆییەکی زۆریان هەیە تێگەیشتنی ئەقڵانی لە هونەرەوە هەڵهێنجن و لە ڕێی وشەوە تەعبیری لێ بکەن، گورزی گەورە لەوە دەدەن بە شێوەیەکی هەستیانە ئەزموونی هونەر بکەن. ئەزموونکردنی هەستیانەش تەنیا لە ڕێی فۆرمەوە دەڕەخسێت. ئەوە تەنیا فۆرمە ئەزموونکردنی هەستیانە و ئیمکانی فرەیی تێگەیشتنیش دەڕەخسێنێت.

یەکێک لەو پرسانەی کە لە هونەری مۆدێرندا دەبێتە جێگەی باس و لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا بە شێوەیەکی بێشومار و بەرفراوان دەتەقێتەوە، کۆپیکردنەوەی میکانیکیی کارە هونەرییەکانە. لە ڕابردوودا بۆ ئەوەی کارێکی هونەری وەک تابلۆ کۆپی بکرێت، دەبوو تابلۆکە لەبەردەم ئەو کەسەدا بووایە کە کارەکەی بە شێوەیەکی دەستی کۆپی دەکردەوە. ئەم پرۆسەیە کاتێکی زۆری دەویست تا تابلۆکە وەک خۆی بکێشرێتەوە. بەڵام لەگەڵ هاتنە کایەوەی تەکنیکی بەرهەمهێنانەوەی میکانیکی، کۆپیکردنەوەی بەرهەمی هونەری هەم کاتێکی کەمی دەویست، هەمیش چەندێتییەکەی بێشومار دەبوو. ئەوە جگە لەوەی لە ڕووی کواڵێتییەوە کۆپییەکە  کتومت وەک بەرهەمە ڕەسەنەکە دەر دەچوو. واڵتەر بنیامین لە وتارە ناسراوەکەیدا: “کاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی میکانیکیدا” لە ڕێی چەمکی هالە و خەرمانەوە باس لە جیاوازیی نێوان ڕەسەن و کۆپی دەکات. بنیامین لە گریمانەی ئەوەوە دەست پێ دەکات گەر بەرهەمهێنانەوەی کارێکی هونەری هێندە بێکەموکوڕی بێت و پێویست نەکات لە ڕووی ڕواڵەتەوە هیچ کەرەستەیەکی تر بۆ کۆپییەکە زیاد بکرێت تا لە ڕەسەنەکە بچێت، واتا کاتێک لە ڕووی بینینەوە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕەسەن و کۆپییەکەدا  نەمێنێت، ئایە ئەمە بەو مانایە دێت هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕەسەن و کۆپیدا نامێنێت؟ «بە دڵنیاییەوە وەڵامی بنیامین بۆ ئەم پرسیارە نەخێرە. ئەو پێی وایە سڕینەوەی بچووکترین و وردترین جیاوازیی ڕواڵەتی کە بە ئەستەمیش بناسرێتەوە، بەو مانایە نایەت کە ئێمە جیاوازیی نێوان ڕەسەن و کۆپیمان ڕیشەکێش کردووە و ئیدی هاوتای یەک بوونەتەوە، هەتا ئەگەر ئەو جیاوازییانەشمان نەهێشتبێت کە بە چاو نەبینراون. بە بۆچوونی ئەم، کاری ڕەسەن هالەیەکی بەسەرەوەیە، بەڵام کاری کۆپی نا. کاری ڕەسەن ئەم هالەیەی هەیە لەبەر ئەوەی خاوەنی کۆنتێکستێکی جێگیر و تۆکەمەیە و لە جێگەیەکەوە هەڵتۆقیوە زانراو و دیارە و هەر  لەو جێگە تایبەتییەی خۆیشییەوە مێژوو وەک هونەرێکی تاقانە و سەربەخۆ و ڕەسەن ناوی تۆمار دەکات. بە پێچەوانەشەوە، کاری کۆپیکراو هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو جێگەیە و ئەو مێژووە، چونکە هەر لە سەرەتاوە وەک هونەرێکی تاقانە و هەڵقوڵاوی جێگەیەکی تایبەتی نەهاتووە، بەڵکوو لە شوێنێکەوە بە لێشاو و بێشومار دێتە بوون. بەرهەمهێنانەوەی کاری هونەری بە مانای لەشوێن-هەڵکەندن و دابڕینی لە ژینگەی کولتووریی خۆی و گواستنەوەی بۆ ناو تۆڕێکی ناو تۆپۆلۆجیایەکی نادیار دێت، لەوێ کارە هونەرییە دووبارەبەرهەمهێنراوەکە بە سەرگەردانی تا هەتایە خول دەخوات.[2]»

«بەڵام ئەگەر جیاوازیی لەنێوان ڕەسەن و کۆپی تەنها لە ڕووی تۆپۆلۆجییەوە بێت -ئەوا بەو مانایە دێت کاری هونەریی ڕەسەن ئەگەر بڕیارە تەنها لە کۆنتێکستێکی داخراو و جێگیر و دیاریکراو و سەرچاوەیی بێتە بوون، کۆپییش لە بۆشاییەکی نادیار و کراوە و سەرپێی و نائاشنا و پاشاگەردانی، ئەوا هەر ئەگەری لەشوێن-هەڵکەندن و دابڕین لە ژینگەی کولتووری ڕەسەنبوونمان بۆ ناڕەخسێنێت، بەڵکوو ئەگەری دووبارە-خستنەوە-شوێن و دووبارە-خستنەوە ناو ژینگەی کولتووری بۆ کۆپییش دەڕەخسێنێت. کەواتە ئێمە هەر ئەوەندە نییە کە دەتوانین کۆپی لە ڕەسەنەوە بەرهەم بهێنین، بەڵکوو دەشتوانین لە ڕێی گرتنەبەری تەکنیکی جێگۆڕکێی تۆپۆلۆجییانەوە ڕەسەنێکیش لە کۆپییەکەوە پەیدا بکەین، ئەم تەکنیکەش بە تەکنیکی ئینستڵەیشن ناو دەبرێت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئینستڵەیشن بووەتە پێشەنگی ئەو فۆرمە هونەرییانەی لە چوارچێوەی هونەری هاوچەرخدا بەرهەم دەهێنرێن. دەکرێت بڵێین ئەم هونەرە پەلکێشمان دەکاتەوە بۆ ناو پرس و چیەتیی بەرهەمهێنانەوە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا. ئینستڵەیشن هەڵدەستێت بە هێنانی کۆپییەک لە کۆپییەکانی ناو ئەو بۆشاییەی گوایە کۆپی تێیدا سەرگەردانە، ئەگەر بۆ کاتێکی کەمیش بێت لە کۆنتێکستێکی جێگیر و تۆکمە و داخراودا دایدەنێت و لە ڕووی تۆپۆلۆجییەوە دەیکاتە خاوەنی “جێگە و پێگە و کات”ێکی تایبەت بە خۆی. ئەمیش بەو مانایە دێت هەر ئۆبجێکتێک بهێنرێتە ناو چوارچێوەی هونەری ئینستڵەیشن، دەبێتە کارێکی ڕەسەن، تەنانەت کاتێک پێشتر ئەو ئۆبجێکتە سەددەرسەد کۆپیی کارێکی ڕەسەن بووبێت. لە هونەری ئینستڵەیشندا هەموو کارێکی هونەری وەک کارێکی ڕەسەن هەژماری بۆ دەکرێت، ئەویش لەبەر یەک هۆکاری سادەی تۆپۆلۆجی: چونکە وا دەخوازێت خۆت بە شەخسی بچیت بۆ بینینی ئینستڵەیشنەکە لە شوێنی خۆی.[3]» بە لای بۆریس گرۆیسەوە ڕەسەنایەتی لە هونەری هاوچەرخدا تەنیا پەیوەست نییە بە خودی فۆرمی کاری هونەرییەوە، بەڵکوو پەیوەستیشە بە هەموو ئەو ڕەهەندانەی کارێکی هونەرییەوە کە لە ڕێی ئینستڵەیشنێکی دیاریکراوەوە لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا دادەمەزرێنرێت. بە لای گرۆیسەوە گەر کۆپی لە ڕەسەنەوە بەرهەم بێت، ئەوە دەشێت ڕەسەنیش لە کۆپییەوە بکەوێتەوە. بە دانانی کۆپی لە کۆنتێکستی جیاجیادا، دەتوانرێت زنجیرەیەک ڕەسەنی لێ بخرێتەوە. کەوایە بە لای ئەوەوە کۆپی هەمیشە بە سەرگەردانی و لەناو تۆپۆلۆجیایەکی نادیار ناخولێتەوه، بەڵکوو دەشێت لەناو کۆنتێکستێکی تر و لەناو چوارچێوەی سپەیسی ئینستڵەیشندا پێگەی کارێکی ڕەسەن وەربگرێت. «ئینستڵەیشن بریتییە لە سپەیسێکی سنووداری ئامادە، وێنە و ئۆبجێکتی جیاجیای لەناودا ڕێک دەخرێت، دواتر ئەم وێنە و ئۆبجێکتانە بە ڕێکخراوی و دامەزراوی دەخرێنە بەر دیدی بینەر. ئەم وێنە و ئۆبجێکتانە دەمودەست “لێرە” و لە “ئێستا”دا خۆیان لەمسەر بۆ ئەوسەری سپەیسەکە دیار و ئاشکران، واڵا دەکەن، بەڵام کاتێک لە دەرەوەی ئەم ئینستڵەیشنە جیابەجیا دەبینرێن، ڕوون و ئاشکرا نین. ئەگەر شتەکانی ناو ئینستڵەیشنێک جیابەجیا وەربگرین، ئەوا هیچ حەقیقەتێک یان نهێنییەک نادرکێنن، بەڵکوو تا ڕادەیەک بە پێچەوانەوه، ئەم وێنە و ئۆبجێکتانەی ناو ئینستڵەیشن بە ڕوون و ئاشکرایی پێگەی کۆپیبوون و دووبارەبوونەوە و خۆبەرهەمهێنانەوەی خۆیان دیاری دەکەن.[4]» سپەیسی ئینستڵەیشن هەر یەک لەم ئۆبێکت و وێنە و شتانە لەخۆ دەگرێت: نیگار، هێڵکاری، فۆتۆ، تێکست، ڤیدیۆ، پەیکەر، هەر شتێکی تریش… بە لای گرۆیسەوە ڕاستە هیچ کارێکی ئینستڵەیشن سەددەرسەد نوێ نییە، بەڵام دەتوانێت خۆی وەک کارێکی ڕەسەن و نوێ دەربخات. ئەو پێی وایە هیچ ئینستڵەیشنێک هەرگیز ناتوانێت کۆپیی ئینستڵەیشنێکی پێش خۆی بێت. هیچ ئینستڵەیشنێک بە ئینستڵەیشنێکی تر بەراورد ناکرێت، گەر یەکێک بیەوێت کارێکی وا بکات، دەبێت هەردووکیان لە هەمان جێ دابمەزرێنێت. گرۆیس نموونەی گرتە ڤیدیۆی سینەمایی کۆپیکراو دێنێتەوە لەناو چوارچێوەی ئینستڵەیشندا، دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ڤیدیۆکە و ئازادیی هاتن و چوونی بینەر و جێهێشتن و گەڕانەوە بۆ بینینی گرتە ڤیدیۆکە، بەتەواوی وەرچەرخان بەسەر گرتە ڤیدیۆکە و بینینەکەیەدا دێنن. ڕاستە وەک ڕواڵەت کۆپیی فیلمێکی دیاریکراوە، بەڵام لەناو ئینستڵەیشندا ڕۆڵی ڕەسەنێک دەگێڕێت.

ئەوەی لێرەدا دەربارەی کاری هونەریی ڕەسەن و کۆپیکردنەوە و سپەیسی ئینستڵەیشن باسمان کردن، پوختەی بۆچوونی بۆریس گرۆیس بوو لەو وتارەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد. ئەوەی لەپاڵ ئەم بۆچوونەوە دەمەوێت باسی بکەم، هونەرمەندێکی گرنگی هونەری هاوچەرخی ئەمڕۆمانە، ئەویش ئەنسلم کیفەرە. ئەنسلم کیفەر، هونەرمەندی هاوچەرخی ئەڵمانی لە ساڵی 1945دا پێنج مانگ پێش هەرەسی ڕژێمی نازی لە خێزانێکی کاتۆلیکدا هاتووەتە دونیاوە. کیفەر مناڵیی خۆی لەنێو کەلاوە و وێرانەییەکانی دوای جەنگدا بەسەر بردووە و لەنێو پاشماوە وێرانەکانی دوای جەنگدا یارییەکانی سەردەمی مناڵیی خۆی بەڕێ کردووە. ساڵی 1965 لە بەشی یاسا دەخوێنێت، بەڵام ساڵی 1966 بەشی یاسا جێ دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە بەشی هونەر. بیرەوەریی هۆلۆکۆست و جەنگ و گەڕان بە دوای شوناسی گەلی ئەڵمانیدا کاریگەریی زۆریان بەسەر کارەکانی کیفەرەوە دەبێت. سەرەڕای ئەم کاریگەرییانە، کەڵکەڵەی سەرەکیی بەشێک لە کارەکانی کیفەر بە دەوری هەندێ پرسی ئۆنتۆلۆژییەوەش دەخولێنەوە: ئێمە کێین و لە کوێوە هاتین و بەرەو کوێ دەڕۆین؟ ئامانج وغایەتی بوونی ئێمە لەم جیهانەدا چییە؟ کیفەر هەندێ جاریش دەگەڕێتەوە بۆ داستانە میللی و ئوستورەکان، هەروەها پەیمانی کۆنیش. کیفەر هەوڵی داوە کۆی ئەم پرسانە لە ڕێی فۆرمی جۆربەجۆرەوە نیشان بدا و گوزارشتیان لێ بکات. لێرە ناپەرژێینە سەر ئەوەی فۆرمی کارەکانی کیفەر بە وردی چی نیشان دەدەن و گوزارشتن لە چی. لێرەدا دەمانەوێت باس لەو شێوە کارکردنانەی کیفەر بکەین کە نە کۆپی دەکرێنەوە و نە لە شوێنیش هەڵدەکەنرێن. کیفەر شێوەکارێکی ئاسایی نییە، تابلۆکانی، تابلۆ نین بە مانا باو و ناسراوەکەی، ئەو بە جۆرێکی تەواو جیاواز و سەرسووڕهێنەر مامەڵە لەگەڵ تابلۆدا دەکات، ئیمکانی نوێ دەکاتەوە بۆ ئیشکردنی نوێ لە تابلۆدا. داهێنانەکانی، تابلۆیان لە چەقبەستووی و داخران بەسەر خۆیدا ڕزگار کرد. تابلۆکانی کیفەر وەڵامێک بوون بۆ ئەوانەی پێیان وا بوو تابلۆ لەناو بازنەی داخراوی خۆیدا دەخولێتەوە و ناکرێتەوە بە ڕووی دونیای هاوچەرخدا. کارەکانی کیفەر ئەوەیان نیشان داین کە تابلۆ فۆرمێکی کۆنی گوزارشتکردن نییە بۆ دونیای ئەمڕۆ، دەشێت تابلۆ بە سەنگ و قورسایی و فۆرمی خۆیەوە لە هونەری هاوچەرخدا ئامادەگییەکی کاریگەری هەبێت. کەرەستەکانی ئیشکردنی کیفەر ئەو کەرەستە باوانە نین کە لە کێشانی تابلۆدا بەکار دێن. کیفەر تەنیا ڕەنگ بەکار ناهێنێت، پوشوپەڵاش و خۆڵ و گەڵا و گوڵ و گژوگیا و قورقۆشمی تواوە و… تێکەڵ بە ڕەنگ دەکات و کەشێکی زبر و بارز و بەرجەستەیان پێ دەکێشێت. جگە لەوەی ئەم کەرەستانە تێکەڵ بە ڕەنگ دەکات، بەسەر ڕووبەری تابلۆکانیشەوە کەرەستە و ماتریاڵی تر دەلکێنێت: لقی گوڵەبەڕۆژە، پارچەباڵی فرۆکەی تێکشکاو، تەل و سیمی دڕکاوی، قەفەزی ئاسنین، تەرازووی کۆن، پارچەتەنەکە و دەیان پارچە و ماتریاڵی تری پەراوێزخراو و لەبیرکراو. بەشێک لەو ماتریاڵانەی دەیانلکێنێت بە تابلۆکانەوە ماتریاڵی پاشماوەی جەنگن، بەشێکی تریشیان ماتریاڵی کۆن و پەراوێزخراون. لەبەر ئەوەی کیفەر بە قووڵی لەناو یادەوەریدا کار دەکات، بۆیە ئەو ماتریاڵانەش بۆ ئەو بەشێکن لە جیهانی یادەوەرییەکانی. کیفەر هەر وا هەڕەمەکی و بێڕەبت ئەو ماتریاڵانە نالکێنێت بە تابلۆکانەوە، بەڵکوو ڕەبتیان پێکەوە هەیە و لەگەڵ فۆرمی تابلۆکاندا یەکانگیر دەبن. ڕووبەری تابلۆکانی کیفەر وەک ڕووبەری تابلۆ ئاسایی و باوەکان نین. بەشێکی زۆری تابلۆکانی کیفەر ڕووبەرێکی زۆر گەورە داگیر دەکەن، بەشێکیشیان ڕووبەرەکەیان چوارگۆشەیی و لاکێشەیی ڕاست نین، بەڵکوو پێچەڵپێچن و ئیمکانی ئێوەیان تێدا نییە لە گۆشەیەکی وەستاوەوە ببینرێن. کیفەر تابلۆکانی لە گەلەری یان مۆزەخانەدا، بەو شێوەیەی کە باوە، نمایش ناکات، بەڵکوو لە چوارچێوەی سپەیسی ئینستڵەیشندا نمایشیان دەکات. سپەیسی ئینستڵەیشنیش وەک چوارچێوەیەک کۆمەڵێ وێنە و ئۆبێکت و ماتریاڵی ڕێکخراو لەخۆ دەگرێت. کیفەر لە هەر شوێنێکدا کارەکانی نمایش کردبێت، وەک سپەیسی ستۆدیۆیەکی تایبەت و ماڵێکی هونەری مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. تابلۆکان لە چوارچێوەی سپەیسی ئینستڵەیشندا تەنیا و سەربەخۆ نین، بەڵکوو لەگەڵ پەیکەر و کەرەستە و ماتریاڵەکانی تردا پەیوەستن بەیەکەوە و یەک فۆرمی یەکانگیر پێک دێنن. کیفەر لە بارژاک لە باشووری فەرەنسادا، لە جێگەیەکی بەرفراوان و گەورەدا، ستۆدیۆێکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە چوارچێوەی سپەیسێکی ئینستڵەیشنیدا، تابلۆ و پەیکەر و ماتریاڵە جیاوازەکانی خۆی تێدا دامەزراندوون. زۆر جار کە بینەر دەچێت بۆ ئەوێ لەناو ئەتمۆسفێرێکی میوزیکئامێزدا و بەناو شوێنی تایبەت و بینینی کاری هونەری جیاواز جیاوازدا تێدەپەڕێت. ئەم شێوازە ئیشکردنەی کیفەر و ئەم جۆرە مامەڵەکردنەی لەگەڵ تابلۆ و سپەیسی ئینستڵەیشندا، ئەو تایبەتمەندییەیان بەخشیوە بە تابلۆکان، کە کۆپی نەکرێنەوە و مل نەدەن بە بەرهەمێهنانەوەی میکانیکی. دیارە کە کیفەر ئەمە خودئاگایانە دەکات و بە وردی ئاگاداری تەکنیکەکانی کۆپیکردنەوەی میکانیکییە. ڕەنگە ئەمە تەحەدای کیفەر بێت بەرانبەر بە بەرهەمێنانەوەی میکانیکیی ئەم سەردەمە، تاکوو ئەوەمان نیشان بدات تابلۆ ئەو ئیمکانەشی تێدایە کە کۆپی نەکرێتەوە. لە چەند ڕوویەکەوە تابلۆکانی کیفەر قابیلی کۆپیکردنەوە نین: تەنیا ڕەنگ بەسەر ڕووبەرەکەیانەوە نییە، کەرەستە و ماتریاڵی تریش لەگەڵ ڕەنگەکاندا تێکەڵ بوونە و فۆرمێکی زبر و بارزیان داوە بە تابلۆکان. گەر تابلۆکان بە شێوەیەکی میکانیکی کۆپی بکرێنەوە، زبری و بارزییەکەیان نامێنێت، ئەمەش واتا ونبوونی یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی فۆرمی تابلۆکانی کیفەر. ماتریاڵە لکێنراوەکانی سەر ڕووبەری تابلۆکان لە بەرهەمهێنانەوەی میکانیکیدا قابیلی کۆپیکردنەوە نین. ناتوانرێت ماتریاڵی هاوشێوەش لەجێیان دابنرێت، چونکە ماتریاڵەکان پەیوەستن بە سیاقێکی مێژوویی دیاریکراوە و بەشێکن لە جیهانی یادەوەرییەکانی کیفەر. تابلۆکانی کیفەر لە شوێنی نمایش هەڵناکەندرێن، پەیوەستن بە چوارچێوەی سپەیسی ئینستڵەیشنەوە. لەو چوارچێوەیەدا تابلۆکان لەگەڵ ماتریاڵەکان و ئۆبێکتەکانی تردا ڕێکخراون و بەجیا وەرناگرترێن و پێکەوە فۆرمێکی یەکانگیر پێک دێنن. تەنانەت بەشێک لە کارەکانی کیفەر بە هۆی پێچەڵپێچییانەوە لە یەک گۆشەوە ناتوانی وێنەیان بگری و یەک فۆتۆ سەرجەمی ڕووبەرەکەیان ناگوازێتەوە.

کۆمەڵگەی ئێمە دەکەوێتە کوێی ئەم باس‌وخواسە هونەرییانەوە؟ بەرهەمی ڕەسەن و کۆپیکردنەوە چ مانایەکیان بۆ ئێمە هەیە؟ ڕەنگە تا ڕادەیەک ئەم باس‌وخواسانە بۆ کایەی هونەریی ئێمە نامۆ بن و جێگەی پرسیار نەبن. هاوکاتی گەشە و قۆناغە جیاوازەکانی ڕۆژئاوا، هونەری مۆدێرن و پۆستمۆدێرن و هاوچەرخ هاتوونەتە کایەوە. هەر یەکە لەو هونەرە جیاوازانە دەیانزانی ڕووبەڕووی چی دەبنەوە و بەرپەرچی چی دەدەنەوە. بەڵام هەم کۆمەڵگە و هەمیش کایەی هونەریمان بەو قۆناغانەی ڕۆژئاوادا تێنەپەڕیون. کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن نییە، نەریتییە و پێشمۆدێرنی بەتەواوی تێنەپەڕاندووە و هاوکات بەر بە زۆر دیارەی دنیای مۆدێرن و پۆستمۆدێرنیش کەوتووە. بەڵام بێ ئەوەی ئەم بەرکەوتنانە بتوانن بەتەواوی لە شێوەژیانی نەریتی دایبڕێنن. هەرچی کایەی هونەریشمانە بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو و نائاگایانە بەسەر ئەو هونەرە جیاوازانەدا کەوتووە. لەنێو ئەم تێکچڕژانە ئاڵۆزەی کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەوەی گرنگ بێت بریتییە لە خودئاگایی هونەرمەندان. خودئاگایی ئەوەی بزانن لە چ قۆناغێک و لە چ جۆرە کۆمەڵگەیەکدان، بزانن وەزیفەی ڕەخنەیی هونەر لەم قۆناغەدا چییە، هەروەها بزانن لە ڕێی فۆرمی هونەرییەوە چۆن دەتوانن ڕووبەڕووی فۆرمە کۆن و نەریتییەکان ببنەوە. ئەوەی بە پلەی یەک بۆ کۆمەڵگەی ئێمە گرنگ بێت، بریتییە لە دامەزراندنی هونەری مۆدێرن. هونەری مۆدێرن بۆ ئێمە هەم دەتوانێت ڕووبەڕووبوونەوه و بەرپەرچدانەوەی دونیای نەریتی بێت، هەمیش دەتوانێت ڕەخنەی ئەقڵانیەتی ئامرازی و دیوە تاریکەکانی مۆدێرنە بێت. گرنگیدان بە هونەری مۆدێرن بە مانای فەرامۆشکردنی هونەری هاوچەرخ نایات. بەپێی ڕوانگەی بۆریس گرۆیس پێویستە هونەری هاوچەرخ لە جێگەیەکدا بێت، هەم پەیوەندیی بە پڕۆژەی مۆدێرنەوە هەبێت، هەمیش بە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەکانی پۆستمۆدێرنەوە. بەڵام بۆ کۆمەڵگەی ئێمە پێویستە هونەری هاوچەرخ لە پێگەیەکدا بێت بە تۆخی پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەی بە دونیای نەریتشەوە هەبێت. لە هەمان کاتدا هەمیشە لە گەڕانەوەدا بێت بۆ هونەری مۆدێرن، هەروەها ئەو ئەولەویەتەی بە فۆرم دەدرێت لە هونەری مۆدێرندا لەناو خۆیدا تەوزیفی بکات. بۆ مەسەلەی کۆپیکردنەوەش، لەبەر ئەوەی خاوەنی کایەیەکی هونەریی بەهێز و دەوڵەمەند نین، بۆیە دەشێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاری هونەری هەبێت. گەر کارێکی کۆپیکراوش لە کۆنتێکستێکی ترەوە بهێنرێت و لە کۆنتێکستی خۆماندا لە چوارچێوەی ئینستڵەیشنێکدا دابنرێت، دەبێت ڕەچاوی ئەو ناهاوکاتییە کۆنتێکستییەی نێوانیان بکرێت و بزانرێت زەروورەتی هونەریی هێنان و دانانەوەی کۆپییەک چییە.

:بەشێک لە کارەکانی کیفەر


[1] هونەری هاوچەرخ، کۆمەڵێک نووسەر، وەرگێڕانی هەڵگورد ئەحمەد، چاپ و بڵاوکردنەوەی غەزەلنووس. لا ١٠١

[2] هەمان سەرچاوە، لا ١٠٦-١٠٧

[3] هەمان سەرچاوە، لا ١٠٧-١٠٨

[4] هەمان سەرچاوە، لا ١٢٠-١٢١