رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ تارا توانا

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: بابان جەعفەر

ئەم وتووێژە لەگەڵ تارا توانا سازکرا، دەربارەری بەئەندام بوونی سوید لە ناتۆ و چەند پرسێکی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سووید و کوردستانی باشوور.

تارا توانا. لە ساڵی ١٩٩١ـەوە چۆتە وڵاتی سوید. لەبەر ئەوەی دایک و باوکی دوو کەسی سیاسی بوون، کۆچیان بۆ ئەم وڵاتە کردووە. لە سوید خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە. پاشان لە زانکۆی تەکنۆلۆجیی ماستەر لە بەشی کۆمپیوتەر سیستەم ساینس (واتە لە پرۆگرامسازی) هێناوە. لە ئێستادا سەرۆکی یەکێتیی ژنانی سۆسیال-دیموکراتە لە ستۆکهۆڵم. ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی ستۆکهۆڵمە کە بەرپرسیارێتیی هەموو نەخۆشخانەکان و خوشگوزەرانی و ڕێگەوبانی هەموو هەرێمی ستۆکهۆڵمی لەئەستۆیە.

پرسیار: سەرۆکوەزیرانی سوید لە کورتەڤیدیۆیەکدا کە دوای ڕەزامەندیی لە بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت ئەو هاوئاهەنگییەی نێوان سوید و فیلاندا و تورکیا بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە، چۆن ئەوە شیدەکەیتەوە؟

وەڵام: پرسیارەکە زۆر گونجاوە، زۆرم پێ خۆشە ئەم پرسیارەت کرد، لەبەر ئەوەی پرسی تیرۆر لە سویددا پرسێکی تازە نییە، بەڵکو وڵاتی سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی بە هیچ شێوەیەک نایەوێت لەگەڵ هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە ڕووی مادی یان سیاسییەوە هاوکاری یان پەیوەندیی هەبێت؛ هەروەها وڵاتی سوید چاوەڕوانی ئەوەش دەکات لە ڕووی یاساوە هیچ هاووڵاتییەک لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە پەیوەندیی نەبێت، ئیتر ڕێکخراوەکان هەرچییەک بن. لەبەر ئەوە ئەمە یاسایەکی تازە نییە، یان بڵێین پرسێکی تازە نییە، بەڵکو وڵاتی سوید زۆر جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستی جێگەی لەم وڵاتەدا نییە.

پرسیار: لە هەمان ئەو لێدوانەدا سەرۆکوەزیرانی سوید دەڵێت: یاسایەکی توندمان پەسەند کردووە. ناوەڕۆکی ئەو یاسایە چییە؟

وەڵام: زۆر جار لە ماڵپەڕە کوردییەکان بینیومە زۆر لەسەر ئەمە نووسیویانە، کە ئیتر ئەم یاسایە چۆکدادانە بۆ تورکیا، یاخود ئەم یاسایە لەبەر ئەوەی تورکیا داوای کردووە جێبەجێ دەکرێت. ئەمە هەڵەتێگەیشتنە لەم قسەیەی سەرۆکوەزیران، لەبەر ئەوەی لە ٢٠١٣ەوە کە شەڕی داعش دەستی پێ کرد، بەتایبەت لەو کاتەوەی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی سویدی بۆ سوریا یان عێراق دەڕۆیشتن بۆ ئەوەی ببن بە ئەندام لە ڕێکخراوی داعش؛ هەرچەندە هاووڵاتییانی ئێمە بەشدارییان لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە ناوی داعش دەکرد، بەڵام ئێمە یاسایەکی توندمان نەبوو بەرانبەر بەو هاووڵاتییانە. لەبەر ئەم پرسە، دەوڵەت ئامادە بوو هەر لە ٢٠١٤ـەوە بۆ سزادانی ئەو هاووڵاتییانەی کە دەچنە ناو داعش، یان لە ڕووی ئابووری، ڕاگەیاندن و هتد پشتگیریی ئەم ڕێکخراوە دەکەن، یاسایەک دابڕێژین. نەبوونی ئەم یاسایە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتی سوید پێشتر ئەزموونی نەبووە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بکات. تەنها یاسایەکمان هەیە کە دەڵێت: نابێت بە ‌هیچ شێوەیەک پەیوەندیمان لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا هەبێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندییەکان چۆنچۆنی بێت زۆر ڕوون نییە؛ هەر لەبەر ئەم ناڕوونییەیە ئێمە هاووڵاتیمان هەبوو دەڕۆیشتە سوریا، لەوێ شەڕی بۆ داعش دەکرد، بریندار دەبوو و بۆ سوید دەگەڕایەوە، چارەسەری وەردەگرت و بۆ سوریا دەگەڕایەوە؛ بەپێی یاسا نەدەتوانرا ئەمانە دەستگیر بکرێن، هەر لەبەر ئەوە بوو ئەم یاسا نوێیە دروست بوو، بەڵام تازە ئەم یاسایە لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر درا و هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیا یان فشاری ئەردۆغان بۆ سەر وڵاتی سوید نییە.

پرسیار: کۆتا دێڕی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران دەڵێت: ئێمە لەپێناو سەقامگیریی تەواوی گەلی سوید دەوەستین و تێڕوانینی وڵاتەکەمان بۆ مافەکانی گەلی کورد وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام لە گفتوگۆیەکی بەڕێزتانم بیست: بە داخەوە سویدی سەردەمی ناتۆ ناتوانێت وەکو سویدی پێشتر مامەڵە لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە و ڕۆژئاوای کوردستاندا بکات. بە دیاریکراوی لە کوێدا ناتوانێت؟ سوید پێشتر چیی دەکرد کە لەمەودوا ناتوانێت ئەوە بکات؟

وەڵام: سوید بەردەوام دەبێت لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە نەبووە، با لەمەدا ڕوون و ئاشکرا بین. بۆچی؟ چونکە هەرچەندە ئێمەی کورد بیروبۆچوونێکی جیاوازمان هەیە و دەزانین ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵام لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری لەسەر دراوە کە پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و سویدیش لەم بڕیارەدا بەشدار بووە؛ لەبەر ئەوە سوید بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا نەبووە. نموونەیەک دەهێنمەوە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو هێڵە سوورە، پێش چەند ساڵێک ئەندامێکی پەرلەمانی سوید کە کچێکی بە ڕەچەڵەک کوردی باکوور بوو، بۆ باشووری کوردستان ڕۆیشت، لە ڕێگە سەردانی چەند هاوڕێیەکی پژاکی لەناو قەندیل کردبوو و هەڵپەڕکێیەکی کوردییان کردبوو، لەسەر ئەمە سەرۆکوەزیرانی پێشوو سێفان ڕیڤێن چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرد و پرسییان بیروبۆچوونی ئەو چییە سەبارەت بەوەی ئەندامێکی پەرلەمان چووە لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سەمای کردووە، هەرچەندە لە پرسیارەکەدا ئاماژەیان نەدا کە ئەم ڕێکخراوە پژاکە، بەڵکو گوتیان پەکەکەیە؛ بەهەرحاڵ ستێفان ڕیڤێن ڕێک ئەم قسەیەی کرد کە ئێستا لەو کورتەڤیدیۆیەدا باس کراوە، گوتی: ”بە هیچ شێوەیەک ئێمە پەیوەندیمان نییە، نابێت هیچ ئەندامێکی ئێمە پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخراوی تێرۆریستی هەبێت، ئیتر پەکەکە بێت یان هەر ڕێکخراوێکی تر”. لەبەر ئەوەی ئەو ئەندامە دوور خرایەوە، هەرچەندە زۆری پێ چوو هەتاکو بیسەلمێنێت کە ئەمە پەژاک بووە و پەکەکە نییە. بەهەرحاڵ مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە سوید بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی نەبووە و ناشیبێت، بەڵام لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان جیاواز بوو، ئیلهام ئەحمەد بۆ پەرلەمانی سوید بانگێشت کرا و سەرۆک و بەرپرسانی پایەبڵندی سوید وێنەیان لەگەڵ گرت و بە شانازییەوە گوتیان: ئیلهام یەکێکە لەو ژنانەی بەرەنگاریی داعش دەبێتەوە و دژی تیرۆریستان دەجەنگێت. لە میدیاکانی سوید لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکاندا ناوی ئیلهام و وێنەی لەگەڵ ئان لیڤەی وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوید بڵاو بووەوە؛ هەروەها ساڵی ٢٠١٤ کە پەرلەمانی سوید دانیشتنی ساز کرد و سەرۆکوەزیران گوتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی یەپەگە و ئەو خەباتەی ئەوان دەیکەن دژی تیرۆر، مەبەستی من لەوەی ئەم پەیوەندییانە وەکو خۆی نامێنێتەوە ئەوەیە کە بڕوا ناکەم ئیتر سۆسیال-دیموکراتێکی تر کە خاوەن پۆستێکی گەورە بێت، وەکو پێشتر باوەش بۆ ئیلهام ئەحەمەد و ڕۆژئاوا بکەنەوە. هۆکاری نەمانی ئەم پەیوەندییە ئەمەیە بۆ تورکیا و ئەردۆغان، پچڕانی پەیوەندیی نێوان ڕۆژئاوا و سوید زۆر گرنگە و لە ئەگەر بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییە توڕەبوونی تورکیای لێ دەکەوێتەوە. ئەم پەیوەندییەی نێوان ڕۆژئاوا و سوید هەر بە لەسەرکاربوونی حیزبی سۆسیال-دیموکرات ئەم گۆڕانکارییانەی بەسەردا نایەت، بەڵکو هەر حیزبێکی تریش لە مانگی ٩ بێتە سەر حوکم، باوەڕ ناکەم ئەم پەیوەندییە وەکو جاران بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی هێشتا تورکیا بڕیاری نەداوە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ یان نا. هەرچەندە سەرەتا ئەندامانی ناتۆ بڕیار دەدەن بۆ ئەندامبوونی وڵاتێک، بەڵام بۆ یەکلاییکردنەوە ئەم بڕیارە دەبێت هەر وڵاتێک لە ڕێگەی پەرلەمانی خۆیەوە ئەم بڕیارە بدات. هەر لەبەر ئەوە تورکیا لەم حاڵەتەدا دەتوانێت بڵێت هێشتا پەرلەمانی من بڕیاری نەداوە و پرۆسەی ئەندامبوونی سوید درەنگ بخات. بۆیە سادەترین وێنە، بە ئەگەری زۆر تورکیا تووڕە دەکات. هیوادارم هەڵەش بم. لەوانەیە بە نەمانی ئەردۆغان یان هاتنی سەرۆککۆمارێکی دیموکرات بۆ تورکیا، ئەم سەختگیرییەی سویدیش نەمێنێت، بەڵام پێم وایە ئەمە هاوپەیمانییە لە نێوان تورکیا و سوید و فیلانددا و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت هەتاکو ئەردۆغان مابێت.

پرسیار: تارا خان یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان ‘سوید- فیلاند- تورکیا’ باس لەوە دەکات گەمارۆی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا لا ببرێت، یاسایەکی وەها ڕێک دەخرێت کە چەک بۆ تورکیا بنێردرێت، ئەوە لەگەڵ دروشمەکانی وڵاتی سویددا یەک دەگرێتەوە، خۆتان دەزانن حکومەتی تورکیا چۆن مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژئاڤا و ناوچە سنوورییەکان باشووری کوردستان دەکات.

وەڵام: پەرلەمانی سوید بڕیاری داوە ئێمە نابێت چەک بە وڵاتێک بفرۆشین کە شەڕی ناوخۆی تێدا بێت، وەکو یەمەن و هەر وڵاتێکی تر، واتە چەند خاڵێک هەیە لەسەر ئەوەی ئایە چەک بە چ وڵاتێک دەفرۆشێت، بۆ نموونە چەک بە فەڕەنسا یان بە ئیتاڵیا دەفرۆشێت، چونکە ئەو وڵاتانە دیموکراتن و مافی مرۆڤ پارێزراوە.

پرسیار: ئایە چ هەلومەرجێک لە تورکیا گۆڕاوە کە پێشتر گەمارۆی لەسەر بووە و چەکی پێ نەفرۆشراوە، بەڵام ئیستا پێی دەفرۆشرێت؟ ئایە پێت وایە لەپێناو بەئەندامبوونی لە ناتۆ، سوید ڕەچاوی هیچ یەک لە یاسا و بنەماکانی پێشووی خۆی ناکات؟ خۆتان دەزانن تورکیا سەروەریی عێراقی پێشێل کردووە و ناوچەی دانیشتوانی سڤیل بۆردوومان دەکات؟

وەڵام: نەخێر بە هیچ شێوەیەک ئەو خاڵانەی پێشتر باسم کرد وەکو دیموکراتبوونی وڵات، نەبوونی شەڕی ناوخۆ، پاراستنی مافی مرۆڤ، هەمووی وەک خۆی کاری پێ دەکرێت، بە ڕای من ئەم خاڵەی ناو ڕێککەوتنەکە بە هەرگیز هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، لەبەر ئەوەی یاساکە لە وڵاتی سویددا زۆر ئاشکرایە. هەروەها هەر حیزبێک (چ سۆشیال-دیموکرات بیت یان هەر حیزبێکی تر) دەبێت پەیڕەوی ئەم یاسایە و ئەم دۆخانە بکات.

پرسیار: کەواتە کاتێک سوید ئەم گەمارۆیە لا دەدات کە تورکیا ئەم هەوڵ و مەرجانە ساز بکات کە لە یاساکانی وڵاتی سویددا هاتووە بۆ فرۆشتنی چەک؟

وەڵام: زۆر ڕاستە. وڵاتی سوید بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بەم باردۆخەی ئێستای تورکیاوە چەکی پێ بفرۆشێت، هەرچەندە لە میدیا کوردییەکان نووسیبوویان کە ئیتر دەرگاکان ئاوەڵا دەبێت و چەک بە تورکیا دەدرێت، بەڵام بەم هەلومەرجەی ئێستای تورکیا، سوید یان هیچ حیزبێکی سیاسیی ئەم وڵاتە ناتوانێت چەک بە تورکیا بفرۆشێت، چونکە یاسا سەروەرە و ئەم یاسایە ڕێگە بە فرۆشتنی چەک بە وڵاتی تورکیا نادات.

پرسیار: خاڵێکی ڕێککەوتنەکە باسی ڕادەستکردنەوە دەکات، سوید لە چ چوارچێوەیەک دەتوانێت چ کەسانێک ڕادەستی تورکیا بکاتەوە؟

وەڵام: پرسیارێکی زۆر باشە، لە هەمان کاتدا پرسیارێکی زۆر قورسیشە. بەڕاستی کە ئەو ١٠ خاڵە هاتە پێشەوە پرسیارم لە چەند شارەزایەک کرد کە لە مافی نێودەوڵەتیدا پرۆفیسۆرن، یەکێک لەو کەسانە کە لە میدیاکانی سویدیش قسەی کرد و زۆر ناسراوە، باسی لەوە کرد لە سوید ناتوانین هاووڵاتی بنێرینەوە لەسەر ئەوەی وڵاتێکی تر دوایان دەکات کە ئەم کەسە تیرۆریستە. هیچ حیزبێک ناتوانێت لەسەر ئەم ڕێککەوتننامەیە هاووڵاتی بۆ وڵاتی تورکیا بنێرێتەوە. ئەردۆغان زۆر ئاشکرا دەڵێت ئەم کەسانە کە ژمارەیان ٣٣ کەسە و سەر بە بزووتنەوەی گولەنن، یان ئەندامی پەکەکەن و بوون بە خاوەنی ئیقامەی وڵاتی سوید، بەڵام نازانرێت ئەم کەسانە كێن، بەس تورکیا خۆی لە ڕۆژنامەی حەیات و دوای ئەوە لە چەند میدیایەکی ناوخۆی وڵاتەکەی ناوی چەند کەسێکی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام هەتاکو ئێستا نازانین ئەو ٣٣ کەسە کێن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ئاشکرایە وڵاتی سوید هیچ هاووڵاتییەک بۆ وڵاتێکی تر لەسەر بنەمای دواکاریی وڵاتێکی تر نانێرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بێت و تورکیا بڵێت تارا توانام بۆ بنێرەوە لەبەر ئەوەی تیرۆریستە؛ دەبێت پێش هەموو شتێک تاوان و کردەکەی تارا توانا بسەلمێنرێت، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە. یاسای وڵاتی سوید زۆر ئاشکرایە لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەک نابێت هاووڵاتییەک بۆ وڵاتێکی تر بنێردرێتەوە ئەگەر بێت و ترسێکی زۆر لەسەر ئاسایشی هەردوو وڵاتەکە دروست بکات. دوای ئەوە لە کورتەڤیدیۆکەی مەکدەن لێڤینارد، زۆر بە ئاشکرا دەڵێت ئەگەر تۆ تیرۆریست نەبیت و هاووڵاتییەکی سوید بیت و هیچ هەڵەیەکت نەکردبێت، ناتنێرینەوە. ئێمە هەتاکو ئەمڕۆ هاووڵاتیی سویدیمان هەیە کە بە داخەوە چووەتە سوریا شەڕی کردووە و بریندار بووە و هاتووەتەوە وڵاتی سوید لە نەخۆشخانە تیمار کراوە و ئێستا لێرە دەژی، بەڵام تا ئێستا ئێمە بەڵگەیەکمان نییە، بۆ ئەوەی دادگایی بکەین، پرسیارەکە ئەوەیە باشە خۆ ئەوە قاچی بریندار بووە، ئیتر لەوە زیاتر بەڵگە چییە؟ خۆ بێگومان ئەو کەسە نایەت بڵێت شانبەشانی داعش شەڕمان کردووە، هەموویان یان دەڵێن ئێمە ئۆتۆمبێلمان لێ خوڕیوە، یان شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاکەکوتن بووین، هەروەها ئەوانەی لای یەپەگە دەستگیر کراون کەس ددان بەوەدا نانێت بڵێت خەڵکم کوشتووە، یان ئەوەندە خەڵکم ئەزێت داوە. یاساکە زۆر ڕوونە، ناتوانرێت ئەو کەسانە سزا بدرێت لە وڵاتی سوید یان بۆ وڵاتێکی تر بگەڕێنرێنەوە، چونکە بەپێی یاساکە دەبێت بیسەلمێنێت تیرۆریستە، بۆ نموونە ئەگەر تۆ وێنەی تارا توانات هەبوو چەکی بەشانەوە بوو، کەسێکی گوللەباران کرد، ئەوە بەڵگەیە. زۆر جار پارێزەرەکان و کەسانی یاسایی ڕەخنە لەم یاسایە دەگرن و دەڵێن یاسایەکی بێهێزە و بە ئاسانی ناتوانرێت خەڵک ڕادەست بکرێتەوە.

پرسیار: تارا خان ئێمە دەبینین سوید و فیلاند لەناو ناتۆدا تاکە وڵاتی ئەورووپی نین، ئەو هەموو وڵاتە ئەندامی داواکراوی تورکیایان لەناودایە، ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت هیچ وڵاتێکی ئەورووپی کەسی ڕادەست نەکردووەتەوە، لە لایەکی ترەوە تورکیاش هەیە کە ئەندامی ناتۆیە و دەیان ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی پێشێل کردووە و سزایەکی وەهاشی بەسەردا نەسەپێنراوە، کەواتە ئایە بەم ڕێککەوتنە سوید و فیلاند، دەکەونە بەردەم داواکاریی زۆری تورکیا کە نەتوانن بۆی جێبەجێ نەکەن، ئەگەر جێبەجێ نەکرا، تورکیا دەتوانێت چی بەرانبەر سوید و فیلاند بکات؟

وەڵام: وەڵامەکە ئەوەیە تورکیا ناتوانێت هیچ بکات. کاتێک سوید و فیلاندا بوون بە ئەندام، ئیتر تەواو تورکیا ناتوانێت هیچ بکات، زۆر کەس دەڵین با تورکیا چی داوا دەکات بیکات، چونکە دوای ئەندامبوونی سوید و فیلاند ناتوانێت هیچ بکات، بەڵام بەپێی یاسایی بوون بە ئەندام لە ناتۆ، دەبێت یەکەم جار پرسەکە لە ناتۆ بەرز بکرێتەوە لەگەڵ ئەندامەکانیاندا بۆ ئەوەی قبووڵی ئەندامێک بکرێت؛ دووەم دەبێت هەر وڵاتێک لە پەرلەمانی خۆی ئەم بڕیارە بدات، واتە وڵاتێکی دیکتاتۆر و فاشیستی وەکو ئەردۆغان ئەگەر نەیەوێت سوید و فیلاندا ببن بە ئەندام، لەبەر یاسای ناتۆ کە هەموو وڵاتەکانی ناو ناتۆ دەبێت قبووڵی ئەندامێک بکەن، تورکیاش ئەمە خاڵی بەهێزی خۆیەتی بەکاری دەهێنێت. ئەوەشمان بیر نەچێت لە ٣٠ وڵاتی ئەندامی ناتۆ جگە لە تورکیا یەک وڵاتیش نەبووە بەرانبەر بە ئەندامبوونی سوید و فیلاند ناڕەزایی دەرببڕێت. لەبەر ئەوەی دۆخی سیاسیی تورکیا زۆر خراپە، ئێستا ناڕەزایی زۆر لە وڵاتەکەدا هەیە و ڕەخنە لە ئەردۆغان گیراوە لەسەر شێوازی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩، ڕێژەی بێکاری، کەمبوونەوەی گەشتیار و زۆر شتی تر، ئەم کارەی تورکیا بەرانبەر سوید و فیلاند هاوارێک بوو بۆ ئەمریکا، بۆ ئەوەی وەکو جاران باوەشی بۆ بکاتەوە و یەکێتیی ئەورووپا گەمارۆی فرۆشتنی چەکی لەسەر لا ببات، بەو هاوارە گوتی دەرگام بۆ نەکەنەوە دەرگا ناکەمەوە. یەکێتیی ئەورووپا تورکیا دەناسن و زۆریان خۆش ناوێت، لەبەر ئەوەی لە ٢٠١٥ تورکیا عەزەڵاتی خۆی پیشان دەدا و دەیگوت ئەو پەنابەرانەی لە ئەفریقا و لە ئێران و زۆر وڵاتی ترەوە کە دەیانەوێت بە قاچاخ بۆ ئەورووپا بچن، ئەوە باڵانسی پەنابەرانی ڕاگرتووە، هەر بۆیە تورکیا خۆی دەرگای بۆ کردنەوە و بە بەلەمی خۆی لەبری قاچاخچی، بۆ ئەورووپا ڕەوانەی کردن بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئەورووپا. ئەم کردارانەی تورکیا یەکێتیی ئەورووپای زۆر تووڕە کرد، هەروەها پەلاماردانی تورکیا بە بیانوی پەکەکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ڕاستیدا ئەوان یەپەگەن و پەیوەندییان بە پەکەکەوە نییە، خۆیان ڕێکخراو و سەرۆکی خۆیان هەیە، بەس لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە پەکەکەوە نزیکن، بەگشتی ئەم پەلاماردانەی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هۆکاری گەمارۆی ناردنی چەک بوو بۆ تورکیا لە لایەن وڵاتی سویدوە.

پرسیار: کۆتا خاڵی ڕێککەوتنەکە دەڵێت: سوید و فیلاند لە بەرانبەر ئەو کارانە دەوەستنەوە کە لایەنی تورکی پێی دەڵێن بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە، بە چەشنێک یاساکان ڕێک دەخەن کە چیتر نەبێتە بازاڕێک لە لایەن تاقمە تیرۆریستییەکانەوە بۆ دنەدانی توندوتیژی بەرانبەر بە تورکیا، خوێندنەوەی بەڕێزتان چییە؟

وەڵام: ئەمە شتێکی تازە نییە، ئەم بابەتە لە دوای بوونی ترەمپ بە سەرۆککۆمار زیاتر پەرەی سەندن و مەبەست فەیک نیوزە، کە نابێت بڵاو بکرێتەوە.

پرسیار: واتە ئەم باسە لە سوید بۆ پێش ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە؟

وەڵام: پرسیارەکەت زۆر باشە، بەڵێ ئەم خاڵە بە هیچ شێوەیەک تازە نییە، یاسای فەیک نیوز دەمێکە لە سویددا هەیە. تورکیا داوا دەکات سوید و فیلاند بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن زانیاریی هەڵە بڵاو ببێتەوە کە ببێتە هۆی ئەوەی مەترسی بۆسەر تورکیا، ئەم پرسە پەیوەندیی بە تورکیاوە نییە، لەبەر ئەوەی لە سویددا زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە زانیارییەکان جێگەی باوەڕ بێت. بۆ نموونە ئەوەی داعش کە باسمان کرد، ئەوان لە ئینتەرنێت بڵاویان دەکردەوە کە هاووڵاتیی سویدی وەرن بە شەرەفەوە  شەڕ بکەن هاوشانی موسڵمانان. ئەم دروشمانە لە سۆشیاڵ-میدیا دەنووسرا و هەمووی لەبەر ئەوە بوو هیچ یاسایەک نەبوو باسی سۆشیال-میدیا بکات، ئێمە دەمانبینی کچ و کوڕانی سوید کە ڕۆیشتبوونە ناو داعش بە سویدی داوایان لە هاووڵاتییانی سوید دەکرد کە بچن هاوشانی داعش شەڕ بکەن، ئەمانە هەمووی جوانکارییەک بوو کە پیشانیان دەدرا، کوڕ و کچی جوانیان پیشان دەدا کە شانبەشانی یەک شەڕیان دەکرد دونیایەکی باش و بەهەشتێکیان دروست کردبوو لە سوریا بۆ ئەوەی لە هەموو وڵاتەکانی ئەورووپاوە هاووڵاتی ڕابکێشنە ناو خۆیانەوە. هیچ یاسایەک نەبوو، چونکە ئینتەرنێت بابەتێکی تازەیە لە یاسادا و سوید هیچ پێشبینییەکی نەکردبوو کە ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاو دەبێتەوە و ڕێکخراوی تیرۆتیستی دروست دەبێت کە ئینتەرنێت بەکار دەهێنێت، بە ئێستاشەوە یاساکە لە وڵاتی سوید بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم زانیارییانە و پڕوپاگەندانە لەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی زۆر بەهێز نییە. بە گشتی ئەم کەسانە حوکم دەدرێن، بەڵام حوکمەکەیان زۆر نییە. واتە بەپێی یاسا کەس بۆی نییە ئەم قسانە و ئەم زانیارییانە بڵاو بکاتەوە یان دژی جوولەکە یان کەمینەیەک قسە بکات.

پرسیار: چۆن لە بەهێزبوونی گروپە ڕاستڕەو و رەگەز پەرستەکانی ئەورووپا تێدەگەیت، کاریگەری ئەم تەیارانە لەسەر کەیسی پەنابەران چی یە؟

وەڵام: هەڵبەتە ئەوە بۆ مێژووی ئەورووپا و چۆنێتیی چارەسەرکردنی سیاسیی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە کە چەپ بوون، زۆربەی زۆری وڵاتەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی چەپ بوون، دوای ڕووخاندنی دیواری بەرلین، زۆربەی وڵاتە کۆمۆنیستەکان ڕووخان، ئیتر شەڕی سارد و دواتر ئەو ناکۆکییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو، بۆ نموونە جەنگی عێراق و ئێران دوای ئەوە زۆرێک لە وڵاتانی تر وەکو باکووری ئەفریقا و ڕوویان کردە وڵاتی سوید و وڵاتە ئەسکەندەنافییەکان، لە ساڵانی هەشتاکان بەدواوە، هێواش هێواش باوەش بۆ پەنابەران کرایەوە، کە بەس بە بۆنەی شەڕەوە نەبوو، لەبەر برسێتی و وشکەساڵی و کۆمەڵێک هۆکار بوو کە پەنابەران ڕوویان کردە ئەورووپای ڕۆژئاوا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی یانی سەیری پەنابەر دەکرا، لەو کاتەوە بە شێوەیەکی هیومانیستی، کە خانوویان پێی بدرێت، موچەیان هەبێت، منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە، ئەمانە سیاسەتی سۆسیال-دیموکرات و سیاسەتی چەپەکان بوو، کە هەموو هاووڵاتییەک دەبێت وەکو یەک سەیر بکرێت، یەکسان بن و مافیان هەبێت و داوای پەنابەری بکەن. ئەمە وای کرد بە حیزبەکەی منیشەوە بیریان بچێتەوە ئۆکەی تارا توانا بەخێر بێیت بۆ وڵاتی سوید، بەڵام تۆ چیت پێیە لە وڵاتەکەی خۆت، چیت خوێندووە، ئەگەر نەتخوێندووە چ کار و پیشەیەکت هەبووە بۆ ئەوەی بتوانیت لەم وڵاتەدا خزمەت بکەیت. ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی گشتی نەدەکرا و دەیانگوت بەخێر بێیت، تۆ لە ناخۆشی و شەڕ ڕاتکردووە… بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێکانە بەخێرهاتن دەکران، بەڵام بیریان چوو بپرسن تۆ دەتوانیت چی بکەیت لەم وڵاتەدا ئەمە وای کرد ڕێژەیەکی زۆر لەو پەنابەرانە لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوای ئەورووپا بێکار بن، هەڵبەت کە بێکاری دەستی پێ کرد کێشە دروست دەکات، لە کۆمەڵگەدا بێکاری هەر ئەوە نییە کە مووچەت نەبێت و بێ پارە بیت، بەڵکو بێکاری زۆر شتی نێگەتیڤی بەدواوەیە، تۆ لە کۆمەڵگە دادەبڕێت، کە لە کۆمەڵگە دابڕایت مافەکانی خۆت نازانیت. هەروەها کە زمانت باش نەزانی کۆدی ئەو وڵاتە نازانیت کە چۆنچۆنی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەڵسوکەوت بکەیت و لە ڕووی سیاسییەوە مافەکانت نازانیت، کە تۆ دابڕایت منداڵەکانیشت دادەبڕێن. لەبەر ئەوە ئەم دابڕانە وای کرد ڕێژەیەکی زۆری خەڵک کە بە شێوەیەکی هیومانیستی سەیر دەکران، دەیانگوت بەخێر بێن و بچنە ناو ناوچەیەک لە دەرەوەی شار بژین، شوقەی ڕێکوپێک موچەیان پێ دەدان و منداڵەکانیشیان بە خۆڕایی دەناردە قوتابخانە وەکو منداڵەکانی تری ئەو وڵاتە، بەڵام ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەی دروست کرد، کە تۆ و منداڵەکەت بە باشی سویدی نەزانن و فێر نەبن ئەوە مافەکانیشت نازانیت، هەروەها نەزانیت منداڵەکانت لە قوتابخانە چییان پێویستە، ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانە کە هەیە دەبینین کە ئێستا زیاتر و زیاتر پەرەی سەندووە، ئەو منداڵانە کە با بڵێن لە ساڵی ٩٠ەوە هاتوون، ئێستا تەمەنیان نزیکی ٣٠ ساڵە، بتەوێت یان نەتەوێت ئەمانە نەوەیەکن لێرە دروست بوون و منداڵیشیان هەیە، بەڵام ئێستا بێکارن، ئۆکەی چی هەیە ئەو کەسانە بتوانن پارەی پێ پەیدا بکەن، مادەی هۆشبەر هەیە، کە پارەیەکی کاش دەخاتە بەر دەستت بەبێ ئەوەی زەحمەت بکێشیت و دەچیت دەیفرۆشیت و پارەیەکی زۆر دێتە بەر دەستت، دەتوانیت ژیانێکی خۆشت هەبێت، ئەمە هۆکاری پارتە ڕەگەزپەرستەکانە بۆ دژایەتیی پەنابەران، جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا دەکەن و سەیر دەکات کە تۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چووبیت، بەتایبەت ئەگەر موسڵمان بیت، دەڵێن عەقڵت زۆر زۆر کەمترە بەراورد بە تاکێکی تر، واتا بەڕاستی ئەمە شێوەی بیرکردنەوەی ڕاسیستەکانە. خۆت دەزانیت هیتلەریش وەهای بیر دەکردەوە کە مرۆڤی ڕەشپێست عەقڵی لە مرۆڤی سپیپێست زۆر کەمترە، هەروەها دەیویست لە ڕێگەی زانستییەوە بیسەلمێنێت عەقڵی ژن لە پیاو بچووکترە و ژن ناتوانێت هەموو کارێک بکات. مەبەستم ئەوەیە ئەمە مەبدەئی ڕایسیزمەکانە، ئەمانەش هاتن چییان کرد، گوتیان خەڵکی سوید وەرە سەیر بکە چەندە ڕێژەیەکی بەرچاوی بێکاری هەیە، ئەمانە تەنبەڵن و ناتوانن کار بکەن، بۆ نموونە لە وڵاتی سویددا با سەیر بکەین ئەمانە کار ناکەن و لە ژنەکانیان دەدەن و بە ڕێژەیەکی زۆر ژنەکانیان دەکوژن، بزانە ڕێژەی دزیکردن یاخود تاوانی چەتەیی چەندە، سەیری ئامارەکان دەکەیت ئەمانە دەبینیت، کە هۆکارەکانی هەموو خەڵکی بیانییە. ڕاسیستەکان درۆ ناکەن، بەڵام ئەوان پرسەکە لە ڕوویەکی سیاسییەوە نابینن و پۆپۆلیستانە دەیبینن، دەیانەوێت دەنگ پەیدا بکەن، دەنگی ناسیۆنالیزمەکان. دێن دەڵێن سەیر بکەن وڵاتی ئێمە چەند جوان بوو هیچی تێدا نەبوو، بەڵام سەیری بکە ئەو بیانییانە وڵاتەکەی ئێمەیان وێران کردووە و لەسەر باجی ئەم خەڵکە دەژین. بەبێ ئەوەی بێت شیکاریی هاتنی ئەم خەڵکە بکات بۆ ئەم وڵاتە و بڵێت ئیشی وەرنەگرتووە، تۆ ئەگەر کەسێکی سیاسی بیت و بتەوێت وڵاتەکە بەڕێوە بەریت، دەبێت بۆ کێشە سەرەکییەکان لە وڵاتەکەدا بگەڕێیتەوە و بپرسیت بۆچی منداڵ دزی دەکات، بۆچی منداڵ بەبێ خوێندن لە قوتابخانە مادەی هۆشبەر دەفرۆشێت، دەبێت تۆ لێی بپرسیت هۆکارەکەی چییە لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بێت لەبەر ئەوەی لە مەکەتەب گرنگیی پێ نادرێت، یان دەزانێت دەرناچێت. وشەی پەروەردەکردن بەشێک نییە لە قوتابخانە، منداڵەکان لە قوتابخانە پەروەردە ناکرێن، بەڵکو فێر دەکرێن. لە ئەورووپا بەس فێرکردن هەیە، پەروەردە کردن نییە، لە لای خۆمان زۆر جار گوێمان لێ بووە دایک و باوکەکانمان باسیان کردووە کە خەڵک هاتووەتە قوتابخانە گوتوویە مامۆستا گۆشتەکەی بۆ تۆ و ئێسقانەکەی بۆ من، منداڵ لەوێ پەروەردە دەکرا، لە قوتابخانە فێری هەڵسوکەوت و چۆنێتیی قسەکردن و ئەمانەیان دەکردین، بەڵام لە ئەورووپا پەروەردە نییە، مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە تۆ لە کۆمەڵگە دابڕایت، ئەو کەسەی کە هاتووەتە ئەم وڵاتە ئەم زانیارییەی نەبووە کە قوتابخانە پەروەردە ناکات، بەڵکو بەس فێریان دەکات و پەروەردە ئەرکی خێزانە و پرسی خێزانە، وەکو گوتم پرسیاری دروستبوونی ئەم حیزبە ڕەگەزپەرستانە بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە. تۆ سەیر بکە ئێستا ئەردۆغان کە پرسی نەتەوەپەرستی زۆر بەکار دەهێنێت و بەردەوام دەڵێت تورکیای گەورە و تورکیای بەهێز، لەبەر ئەوەیە دەزانێت وڵاتەکەی بە باشی بەڕێوە نەبردووە، یان لە کوردستان، با نەڕۆین بۆ لای ئەردۆغان، سیاسییەکان بەردەوام دەڵێن ئێمە کوردین و خەڵکی کوردستانین، ئەمە لەسەر سەرم، بەڵام من نامەوێت دراوسێکەم لەبرسا بمرێت، سەرەڕای ئەوەی خۆیشی و ژنەکەی ئیش دەکەن، بەڵام موچەیان نییە، لەم دۆخەدا کورد و کوردستان چی لێ بکەم. کاتێک ئەم پرسانەیان بۆ چارەسەر ناکرێت مەسەلەیەی نەتەوەپەرستی بەرز دەکەنەوە.

پرسیار: کەواتە ئێستا دۆخەکە چۆنە و پێشبینی دەکەیت بە کوێ بگات؟

وەڵام: کاری ئەم حیزبە سیاسییانە، دیدی خەڵکی گۆڕیوە، بە تایبەتی کاتێک ئامارەکان ڕاستیی قسەی ڕاسیستەکانی پشتڕاست کردووەتەوە، بۆ نموونە لەو ناوچانەی پەنابەری لێیە نمرەی منداڵەکان باش نییە، ڕێژەی توندوتیژی بەرانبەر ژن زۆرە، ئیتر ڕایسیستەکان بەو ئامارانە بە خەڵکیان گوت وەرن سەیر بکەن حیزبە سۆسیال-دیموکراتەکان و چەپەکان چییان لە وڵاتەکەتان کردووە، بزانن ڕێژەی بێکاری چەندە زۆرە، ئەمانە لە ئەستۆی حیزبە چەپەکانە کە مەرجیان دانەنا، ڕایسیستەکان ڕاستیان کرد، مەرجمان لەسەریان دانەنا، چونکە تۆش پێت خۆشە هەر کەسێک بێت بۆ وڵاتەکەت، دەتەوێت تێکەڵ بە کۆمەڵگە بیت، کاتێک دێتە ناو ئەم کۆمەڵگەیەوە هاوڕێی هەبێت و وەکو ئەوان بژی، دروستبوونی ئەم حیزبە ڕاستڕەوانە و ڕایسیستەکان بووە هۆی ئەوەی لیبراڵەکان و حیزبە چەپەکان خەبەریان بێتەوە و بڵێن خۆ ئەمان ڕاست دەکەن و ئێمە دەبێت ئێستا مەرج دابنێین و پارە زیاتر بەو قوتابخانانە بدرێت، چونکە قوتابیانیان سویدی باش نازانن. بە داخەوە ئێستا لە سوید کوشتن زۆر زۆر بووە، وای لێ هاتووە دەتوانیت بە ١٠.٠٠٠ کرۆن کە دەکاتە نزیکەی ١.٠٠٠ دۆلار، خەڵک بکوژیت، هەروەها لە سوید کۆمەڵێک گرووپ دروست بووە ناوچەیان بۆ کاری خۆیان داگیر کردووە، کە فرۆشتنی مادەی هۆشبەرە و لە کاتی هاتنی کەسی تر بۆ ناوچەکەیان ئەو کەسە دەکوژن، هەروەها دانانی هەموو پەناهەندە هاوشێوەکان لە شوێنێکی دیاریکراو کێشە دروست دەکات، بۆ نموونە دانانی هەموو خەڵکی سۆماڵی لە شوێنێک وا دەکات ئەم پەنابەرانە تێکەڵ نەبن و فێری زمان نەبن، ئەمانە هەمووی ئاماژە بە سیاسەتی هەڵەی خانووبەرە و کۆنتڕۆڵی پەنابەر دەدات، بە زیادبوونی کێشەی چەتەیی و بێکاری و کوشتن و مادەی هۆشبەر دەسەڵاتی ئەم پارتە ڕەگەزپەرستانە زیاتر دەبێت، خەڵکیش زیاتر پاڵپشتیان دەکات، بۆ نموونە ئێستا دووەم حیزب لە پەرلەمانی سوید، لە دوای سۆسیال-دیموکراتەکان، حیزبی ڕەگەزپەرستەکانە.

پرسیار: کەواتە تارا خان ئیمکانی ئەورووپایەکی نوێ لە چەندین ساڵی داهاتوودا هەیە، بەراورد بە نیو سەدەی پێشوو؟

وەڵام: بێگومان، چونکە خەڵک لە زۆربەی زۆری ئەورووپای ڕۆژئاوا باوەڕی بە حیزبە گەورەکانی وەک سۆسیال-دیموکرات هەبوو و دەنگی پێ داوە، ئەگەر بێت و ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێت، خۆی لەناو دەچێت، وەکو گوتم ئێستا یەک تۆزی ماوە حیزبی ڕەگەزپەرستەکان بگەن بە سۆسیال-دیموکراتەکان، بتەوێت یان نا ئەمە زۆر مەترسیدارە، لەبەر ئەوە یەکەم ئەم حیزبە بە خۆیدا بچێتەوە و دووەم دەبێت ئەم گوڕانکارییانە کە کێشەی ٨٠ـکان و ٩٠ـکانە و بەسەریەکدا کەوتووە و چارەکردنی خێرا و ئاسان نییە، چارە بکرێت، بەڵام بڕوا ناکەم لە ماوەی ئەم ٥ ساڵەدا هیچ گۆڕانکارییەکی وەها ڕوو بدات، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵدا لەوانەیە بتوانین هەست بەم گۆڕانکارییانەی حیزبی سۆسیال-دیموکراتی سوید بکەین.

پرسیار: کەواتە لەم بنەمایەدا بوو کە ئەورووپا، جیاوازتر پێشوازیی لە ئۆکرانییەکان کرد یان ڕەگەزپەرستییشی تێدا بوو؟

وەڵام: دەتوانم بڵێم پەیوەندیی بە هەردووکیانەوە هەبوو، با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە، کاتێک لە ساڵی ١٩٨٨دا سەدام کیمیابارانی کردین، ئێمە بۆ وڵاتی ئێران چووین، ئەوانیش پێشوازی و خزمەتی زۆریان کردین، ئەمە بە هۆی ئەوەوە بوو کولتوورمان لەیەکەوە نزیک بوو، وڵاتی دراوسێشمان بوو و زۆر شتمان لە یەک دەچوو. لەبەر ئەوە ڕاستە ئۆکراین سنووری بەسەر سویدەوە نییە، بەڵام شێوەی دموچاویان، ئایینەکەیان (هەرچەندە سوید وڵاتێکی ئایینی نییە و سیاسەت و ئایینیان لەیەکتر جیا کردووەتەوە) بەڵام بتەوێت یان نا خەڵکی سوید بە شێوەیەکی تر سەیری خەڵکی ئۆکراین دەکات، لەبەر ئەوەی لە ساڵی ١٨٠٠ـەکانەوە و بگرە پێشتریش بازرگانییان هەبووە. ئەم دوو وڵاتە و بگرە ئۆکراین و وڵاتەکانی تری ئەورووپا مێژوویەکی کۆنیان بەیەکەوە هەیە. هەتاکو پێش ئەم شەڕەش زۆربەی زۆری کۆمپانیاکانی دروستکردنی خانووبەرە لە وڵاتی سویدا ئۆکراینی بوون.

پرسیار: تارا خان ئەوە جیاوازیکردنە، لەسەر ئاستی حکومەتیش بوو یان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و هاووڵاتییان و NGOـکان بوو؟

وەڵام: بەڵی لە هەموو ئاستەکان بوو، من خۆم یەکێک بووم لەوانە، ئەم باوەشکردنەوەیەم پێ سەیر بوو، تەنانەت حیزبە ڕەگەزپەرستەکان کە دەیانگوت ئیتر تەواو بەسە، نابێت پەنابەر وەربگیرێت، بەرانبەر بە ئۆکراینییەکان زمانی سیاسییان گۆڕی، لە ساتی چوونەناوەوەی ڕووسیا بۆ ناو ئۆکراین، لە ڕێکەوتی ٢/٢٨، گوتیان بەخێر بێن هاووڵاتییە ئۆکراینییەکان. بەگشتی ڕێکخراوەکان و کەنیسەکان و هەموو دەزگاکانی تر بە شێوەیەکی تر مامەڵەیان لەگەڵی ئۆکراینییەکان دەکرد، بەڵام لە ٢٠١٥، کاتێک پەنابەرە سوورییەکان بە هۆی شەڕەوە بەرەو ئەورووپا هاتن، بینیمان لە هەنگاریاوە خەڵک پاشقولی لێ دەگرتن، تەنانەت ڕۆژنامەنووسەکان پاڵیان پێوە دەنان بۆ ئەوەی نەچنە ناو ئەم وڵاتەوە، دۆخێک بوو مرۆڤ بە بینینی شەرمی دەکرد، دوای ئەوەی هاتیشنە ناو سوید بە هۆی کولتووری جیاواز و نەزانینی زمان بە شێوەیەکی تر مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن بە بەراورد بە ئۆکراینییەکان کە لە ڕووی کولتوورەوە نزیک بوون، یان تا ڕادەیەک زمانی ئینگلیزییان دەزانی، پرسیاری حیزبە ڕەگەزپەرستەکان ئەوە بوو ئایە سوورییەکان یان ئەوانەی لەچکیان بەسەرەوەیە داعشن یان نا، بەڵام ئەوە بە ئۆکرانییەکە ناڵێن. هەرچەندە تاکو ئێستا حکومەت نەیگوتووە جیاوازییەک هەیە، هەروەها چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە زۆربەی ئەو کەسانە دوای نەمانی شەڕ بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی چاوەڕێی ئەوە دەکرێت ڕووسیا هێزی خۆی پاشەکشێ پێ بکات و ئەمانیش بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنەوە.

پرسیار: ئەو کاتەی ماوە بۆ وتووێژەکەمان بۆ پرسی باشووری کوردستان و گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و کاری ڕێکخراو دادەنێین. دەمەوێت بپرسم بۆچی ئێمە لە باشووری کوردستان لە جێی ئەوەی بەرەوپێشەوە بچین، بە داخەوە لە کۆمەڵێک پرسی وەک ئازادی و مافی مرۆڤ بەرەو دواوە دەچین؟ بە تایبەتی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆیی و هاتنی داعش؟

وەڵام: من وای دەبینم دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی گشتی زۆر بایەخی پێ نادرێت، کوردستان بەشێکە لە سیستمی بەڕێوەبردنی ناوچەکە، دەسەڵاتی بنەماڵە حکوم دەکات، کەواتە هاووڵاتی لە دەسەڵات بێبەشە، ئەمەش مانای ئەوەیە زانیاریی پێ نادرێت و لە کاروباری وڵاتدا بەشداریی پێ ناکرێت، هاووڵاتی لە ڕێگەی دەنگدان بەشداری لە پرۆسەی حکومڕانیدا دەکات، دوای چەندین ساڵ هاووڵاتییان بێمتمانە بوون بە دەنگدان، چونکە دەنگەکەیان مانایەکی نییە، ئەمە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بێهیوایی دروست کردووە. کەواتە ئازادیی تاکەکەس ون دەبێت و هیچ مانایەک نامێنێت، بۆ کوردستانی باشوور پڕ بووە لە دەنگی کپکراو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر پرسیار لە پارتی و یەکێتی بکەیت سەر ڕادەوەشێنن و پێیان سەیرە و زۆر سەرسام دەبن لەم پرسیارە، دەڵێن تۆ ئاگات لە دونیا نییە، وەرە سەیر بکە لە کوردستاندا هەمووان ڕەخنەمان لێ دەگرن و میدیاکان ئازادن، بەڵام ئەم قسەیەی دەسەڵاتداران ڕاست نییە، کە دەڵێت میدیا بێلایەن بێت، لەبەر ئەوەیە میدیا دەسەڵاتێکی زۆر گەورەیە، بۆ نموونە لە بەریتانیادا هۆکاری ئەوەی سەرۆکوەزیران جێگەکەی زۆر لەق بووە، ئەوەیە میدیا لەسەر ئەو بڕیارانەی دراوە دەکۆڵێتەوە، ئەگەر میدیا لەسەر سەرۆکوەزیران بنووسێت، سەرۆکوەزیران ناتوانێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی میدیا دەسەڵاتێکی ئازاد و زۆر گەورەیە لە هەموو وڵاتە دیموکراسییەکاندا، بەڵام لە کوردستاندا وا نییە، یەک میدیا یان کەناڵێک نییە سەربەخۆ بێت، هەموویان سەر بە حیزبێکی دیاریکراون، لەبەر ئەوە لە ئەگەری نەبوونی میدیای سەربەخۆ دەنگی ئازاد نامێنێت، لەبەر ئەوە دەبینین کاتێک لە لایەن هاووڵاتییانەوە خۆپیشاندان دەکرێت، بە هۆکارە جیاوازەکان و ناحەقییەکان، سەیری بکە کێ لە پێشی پێشەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران وەستاوە، سەیر دەکەیت پەرلەمانتارەکە هاتووە تەلەفۆنی گرتووە بەدەستەوە و دەڵێت منیش بەشێکم لە ئێوە، نا تۆ بەشێک نیت لە خۆپێشاندەران، تۆ بەشێکی لە دەسەڵات، ئەمە خۆی لە خۆیدا گاڵتەکردنە بەو هاووڵاتییانەی خۆپیشاندان دەکەن، بە یانووی ئەوەی هاوڕێکانم دزی دەکەن، من نیم، بەڵام گەندەڵی پرۆسەیەکی زنجیرەییە و بە یەک کەس ناکرێت.

پرسیار: ئەم دۆخە تا چەند کاریگەریی لە پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانمان کردووە؟ بە تایبەت کە بینیمان نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا باسی لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان کرد و پەیوەستی کردەوە بە دوو زۆن و زۆر کێشەی تر؟

وەڵام: بێگومان وایە. پێشمان وایە ئەگەر وڵاتانی تر ناڕەزایی خۆیان بە دەنگی بەرز ڕانەگەینن، ئەوە لێمان ڕازین، بەڵام دڵنیا بە وا نییە. نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە، دەمێکە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەستەخوشکی سۆسیال-دیموکراتە، کە تۆ بەشێک بوویت لەو دەستەخوشکە و وەکو حیزبێکی سۆسیال-دیموکرات قبووڵ کرایت، چاوەڕوانی ئەوەشت لێ دەکرێت ئەو پرەنسیپانەی پەیوەندیی بە مافی مرۆڤەوە هەیە بە دەنگی ئازادەوە و بە ئازادیی مرۆڤەوە ڕێزی لێ بگیرێت و ئیشی لەسەر بکرێت و سەیری وڵاتانی تر بکرێت کە لەگەڵ سۆسیال-دیموکرات دەستەخوشکن، بەڵام باوەڕ بکە لە زۆرینەی کۆبوونەوەکانی سۆسیال-دیموکراتەکاندا کە بەرپرسیاری نێودەوڵەتیی حیزبی سۆسیال-دیموکرات قسە دەکات ڕەخنە لە یەکێتی دەگرێت. هەمیشە لە سۆسیال-دیموکرات دوو دەستەخوشکمان هەیە کە زۆر بەرەو خراپە دەڕۆن، ئەویش یەکیان فەتحی فەلەستینە و ئەوەی تریشیان یەکێتییە. ئەو دووانە بە ڕێچکەیەکی زۆر خراپدا دەڕۆن، لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنووسیان بەبێ دادگاییکردن خستووەتە زیندانەوە، دەنگی ئازاد کپ دەکەن، مافی ژن ناپارێزن، ئەمانە نموونە و لە کۆبوونەوەکان بە ئازادی باسی دەکەن، ئەمە هیچ نهێنییەکی تێدا نییە. ئەو ڕاپۆرتانەی کە هاتووە، بۆ نموونە باس لەوە دەکات یەکێتی لە کەرکووک چۆن مافی عەرەبەکان، مافی تورکمانەکانی پێشێل کردووە، ئەمانە هەموو پرسیارە، واتا ئەم زلهێزانە وەکو نەعامە وان، وا  دەزانن خۆیان کردووەتە ناو زەوی و کەس نایانبینێت، بەڵام نا وا نییە، ڕاپۆرت لە ناوخۆی کوردستانەوە دێت کە چۆنچۆنی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگیرێت، ڕێکخراو هەیە لە دەرەوەی وڵات زۆر گەشەی کردووە و چاودێریی ئەم پرس و ڕووداوانە لە کوردستان دەکەن. تۆ وەکو دەستەخوشک بەرپرسیار بیت لە هەڵەی دەستەخوشکەکانت، کەواتە مەوقیفی ئێوە بەرانبەر بەو هەڵانە چۆن دەبێت گرنگە. لەبەر ئەوە لە زۆربەی زۆری کۆبوونەوەکاندا (هەڵبەتە ئەمە وەکو گوتم شتێکی تازە نییە کە لەناو سۆسیال-دیموکراتدا هەبێت، فەتح و یەکێتی بەرەو خراپتر و خراپتر دەڕوات، ئاگامان لێیانە و قسەمان لەگەڵ کردوون، بەڵام بە داخەوە گۆڕانکارییەکان زۆر خاوە، وەکو کیسەڵ وایە و هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کیسەڵییە.

پرسیار: دوا پرسیارم ئەوەیە ئێمە ڕێکخراوێکمان هەیە و ئێوە لە نزیکەوە ئاگاداری کەسەکان و بەرنامەکەین، ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی ئازادبوونیش پرسی تاکە، دەستەی بەڕێوەبردنی ئازادبوون پێی وایە لە ڕابردوودا لە باشووری کوردستان، چ لە جووڵانەوەی چەکداری، دواتر بۆ قۆناغی کاری سیاسی و حکومڕانی، پاشان لە بزووتنەوە ڕۆشنبیری و کولتورییەکانیشدا تاک تەوەر نەبووە و کەش بۆ ئەوە دروست نەکراوە تاک تێیدا دروست ببێت، بۆ ئەوەی ئەم تاکە کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێک بهێنێت. ئێمە کە ئێستا ئامانجەکەمان تاکایەتییە، بەڕای بەڕێزتان دەستمان بۆ شتێکی دروست بردووە، یان دەبوو لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستاندا ئامانجمان شتێکی تر بوایە؟

وەڵام: من پێم وایە بنچینەی دروستبوون یان مەبدەئی دروستبوونی ئەو ڕێکخراوە زۆر زۆر گرنگە کە باوەڕی بە تاکەکەس هەبێت، چونکە دروستبوونی تاکەکەس وەک لە پێشدا ئاماژەم بەوە کرد کە هەتا تاکەکەس لە کۆمەڵگەدا لە ڕووی زانیارییەوە بەهێز بکەیت، تاکەکەس مافەکانی خۆی بزانێت، دوای ئەوە دەزانێت چۆن خزمەتی کۆمەڵگە بکات، ئەمەش هەمووی بۆ گرنگیی هەبوونی زانیاریی تاکەکان دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئێمە سەیر بکەین وڵاتی سوید لە ساڵی ١١٨٠ـەکاندا وڵاتێکی زۆر زۆر هەژار بووە، نزیکی ١.٥ میلۆن دانیشتووی لەبەر برسێتی بۆ ئەمریکا کۆچی کرد، بۆ نموونە هاوسەری من کە سویدییە، باوکوباپیرانی لەبەر برسێتی کۆچیان بۆ ئەمریکا و کەنەدا کردووە، ئەم وڵاتە توانیی لە ماوەیەکی کەمدا بە سیاسەتی چەپەکان و سۆسیال-دیموکراتەکان لەسەر بنەمای بەهێزکردنی تاکەکان و نرخی تاکەکەس، نەوەک ئەوەی تاکەکەس خۆی هەموو بابەتەکان یەکلایی بکاتەوە کە ئەمە دیوێکی ترسناکی هەیە، بەڵکو ئەوەی زانیاریی هەبێت و نرخی خۆی بزانێت و تاکەکان بەیەکەوە و بە کۆدەنگی کۆمەڵگەیەکی بەهێز دروست بکەن، زۆر جار سیاسەتی لیبڕاڵەکان دەبێتە هۆی چینایەتییەکی گەورە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک ژیانێکی مامناوەندیی لە ئەمریکا هەبێت و تووشی شێرپەنجە ببێت، ئەوە بە هۆی گرانیی نرخی چارەسەرەوە دەمرێت، چونکە پارەی دەرمان و چارەسەرت بۆ دابین ناکرێت، ئەم پرسە لە کوردستانیش هەر وایە. لەبەر ئەوەی بە ڕای من ئەگەر لەسەر بنەمای تاکگەرایی بە پێناسەی لیبڕاڵەکان بڕۆیت، زۆر زۆر هەڵەیە، کە دەبێت تاکەکەس خۆی دروست بکات. ئەگەر بۆ جیاوازیی وڵاتی سوید و ئەمریکا بگەڕێینەوە، دەبینین لە سویددا ئیش لەسەر بەهێزکردنی تاکەکەس بە پێدانی زانیاری و پەروەردەکردن دەکرێت، ئەو کاتە تاک دەتوانێت لە کۆمەڵگەدا بە کۆدەنگی کۆمەڵگەیەکی باش و خۆشگوزەران دروست بکات. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە ئیشەکەی قاچی شکا و نەیتوانی بەردەوام بێت، دەبێت کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو کەسە تاکێکی ئەو وڵاتەیە و باجی داوە و هاودەنگیی ئەم کۆدەنگییە بووە، نابێت پەراوێز بخات؛ دەبێت جۆرێک لە خۆشگوزەرانی و ژیانی بۆ دابین بکات. من پێم وایە پێناسەکردنی تاکەکەس لەسەر بنەمایەکی چەپ یان سۆسیال-دیموکرات بۆ بەهێزکردنی تاکەکەس گرنگە، ئەو کاتە زیاتر تاکەکەسەکان بە کۆدەنگی ئیش بۆ باشترکردنی وڵات یان کۆمەڵگەکەیان دەکەن، بەڵام ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمە سیاسییەکان تاکە کەسیان بێهێز و ئیفلیجیان کردووە، وایان کردووە ئەگەر تۆ سەر بە هیچ حیزبێک نەبیت، مافت نابێت، نموونەش زۆرە، لەبەر ئەوە ئەگەر بێت و تۆ بەشێک لە سیاسییەکان نەبیت، یان لەم کۆمەڵگەیەدا گوێڕایەڵیان نەبیت، تۆ وەکو تاکەکەس هیچ نرخێکت نییە. کەواتە دروستکردنی تاکەکەس لەسەر ئەو بنەمایە زۆر زۆر هەڵەیە و دەبێت ئەم ڕێکخراوە هەوڵ بدات ئەو تاکەکسانەی دروستیان دەکات یان ئەو تاکانەی کە زۆر زیرەکن و لە کۆمەڵگەدا دروست بووە، بۆ گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە و چۆنێتیی دابەشکردنی سەروەتی کۆمەڵگە وەکو یەک کۆ بکاتەوە، هەروەها تاک چۆن بەشداری بکات و ئەرکی سەرشانی تاک بۆ گەشەکردنی ئەم کۆمەڵگەیە چییە.