رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گوڵە سورەكەی حامیە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن: هەڵوێست عەبدوڵڵا كەریم

بەكر عەلی گەنجێكی تیكۆشەر بە دەیەها فرسەخ لە پێش هۆشیاری كۆمەلگەكەی بوو ئەو لە سەردەمێكدا داوای مافی هەژار و ئاوارەی ئەكرد خەڵك تەنیا لە خەمی پەیداكردنی پارویەك ناندا بوو بۆ هاوسەر و مندالەكانی. بەكر عەلی شاعیرێكی مرۆڤدۆست بوو، هۆشیاری و تیگەیشتنی بەرزی ئەو و لەگەڵ ئەو ویژدانە زیندووەیدا كە لە خراپترین و قورسترین دۆخی ژیانیدا دەستبەرداری ئەو زیندویتییە نەبوو. ئەو كاتیك شعری خۆشەویستی ئەنوسی كە برسی بوو. بەكر عەلی خۆی هەژاربووە و ئەزمونی هەژاری كردووە بەلام ئەم هەژارییە نەبووە هۆی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پارە بەڵكو رۆحی خۆشی لە پێناو هەژراراندا بەخشی .ئەو ئەدەبی ڕیالیزمی سۆسیالیستیی هەڵبژارد و بوە خاوەنی مەبدەئو فكرێكی بەهێز بوو كە تەسلیمی ئەو واقیعە تاڵە نەبوو كە تییدا قەڵەم و رۆشنبیرەكان ئەكردران بەڵكو ئەو كاریگەری خۆی دانا و تا دوا هەناسە بۆ فكر و بەهاكانی و بۆ بەدەستهینانی مافی هەژاران خەباتی كرد و هەر لەو پیناوەشدا تیرۆر كرا.

ئەبوبەكر عەلی ناسراو بە گوڵە سورەكەی حامییە لە 1968/06/19 لە گەرەكی كانیسكانی شاری سلێمانی لە دایك بووە و تا پۆلی دوومی ناوەندی ئەخوێنیت و بەهۆی هەژاریی خیزانەكەیەوە دەستبەرداری خۆیندن ئەبێت. ئەبوبەكر عەلی بڕوای بە خۆ پەروەردەكردن هەبووە و تەنانەت لە ناخۆشترین كاتەكانی ژیانیشیدا سەرقاڵی خوێندنەوە ئەبێت. ئەو كەسایەتییەكی هێمن و لەسەر خۆی هەبووە و لەگەڵیشدا هەمیشە سەرسەخت و چاونەترس و یاخی بووە.

بەكر عەلی تیروانینێكی مرۆییانەی بەرامبەر بە ژن هەبووە لە گەلیشیدا تورە بووە لەو رۆڵەی كە گەنجان و ژنان بە گشتی لەو سەردەمە گیراویانە و كەسایەتی و بونیان لەسەر بنەمای تیروانین و چاوەروانییەكانی كۆمەڵگە دارشتووە. هەربۆیە لە یەكێك لە چاوپێكەوتنیكدا ئەڵیت: ئیستا من كچی ناو دارستانم لە كچی سەماگەیەك پی جوانترە. ئەو تورەییەی بەكر عەلی بۆ بە ئاگاهێنانەوەی ژنان خۆیان بووە و لە خۆشەویستییەكی قوڵەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەڵێت رواڵەت وەها گیژ و كەری كردوون كە نایانەویت وەك پیویست ناوەوەیان بخەنە سەر زمانیان.

خانەوادەی بەكر عەلی ئینتمایان بۆ یەكێتی هەبووە و لە سالی 1986 باوكی بۆ ماوەی ساَلێك و سێ مانگ لە زیندانەكانی سلێمانی و موسڵ زیندانی ئەكرێت و حەلیمە خانی دایكیشی بۆ ماوەی چەند رۆژیك لە ئەمنە سورەكەی سلێمانی دەست بەسەر ئەكریت، كوێستانی خوشكە تاقانەشی بۆ ماوەی چەند مانگێك لە زیندانی موسڵ دەستبەسەر ئەكرێت. تەنانەت براژنەكەشی بۆ ماوەیەك ئەگیرێت بۆ ئەوەی هاوسەرەكەی واتە براكەی بەكر ئیعتراف بكات. دوو برای بەكر بە ناوەكانی (ئاكۆ و عومەر) لە ساڵی 1989 لە لایەن رژیمی بەعسەوە لەسەر كوردایەتی و ئەندامیتییان لە ریزەكانی یەكێتیدا گولە باران ئەكرێن. پاش تیرۆركردنی بەكر، برایەكی كە پێشمەرگەی دیرێن و خانەنشین ئەبێت لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كاتی ئیشكردندا لەسەر باڵەخانەیەكی بەرزەوە بە بیستنی هەواڵەكە ئەكەۆیتە خوارەوە و دواتر توشی نەخۆشی دەرونی ئەبێت و هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە ساڵی 2006 كۆچی دوایی ئەكات. حەلیمە خانیش دوای دوو ساڵ لە تیرۆركردنی بەكر بە ناسۆر و حەسرەتەوە كۆچی دوایی ئەكات.

بەكر لە ساڵی 1987 لە لایەن بەكری فاتەوە كە یەكیك بووە لە جەللادەكانی سەردەمی رژیمی بەعس لە سلیمانی. بە تۆمەتی یارمەتیدان و هێنانی پیشمەرگە بۆ ناو شار و پاش چوار مانگ لە ئازار و ئەشكەنجەدان ئازاد ئەكرێت. دوبارە لە سالی 1989 كەسێك بە ناوی شیروان ئاغا هەوڵی كرینی قەلەمەكەی بەكر عەلی ئەدات بۆ قادسیە بەڵام بەكر عەلی رەتی ئەكاتەوە هەر بۆیە پاش چەند رۆژیك دەستگیر ئەكرێت و ئەیبەن بۆ ئەمنی عامەی بەغداد و تۆمەتی بۆ دروست ئەكرێت كە گوایە كۆرێكی دژی رژیمی بەعس گیراوە بەڵام بەكر دان بە تۆمەتەكەدا نانێت و پاش چەند مانگێك ئازاد ئەكرێت. پاشان لە هەمان ساڵدا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیر ئەكرێت و ئەشكەنجەیەكی زۆر ئەدرێت بەڵام هیچ ئیعترافێك ناكات و ئازاد ئەكرێت. بەكر عەلی لە ناو ریكخستنەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا چەندین چالاكی گرنگ و مەترسیداری ئەنجام داوە تەنانەت لە یەكێك لە چالاكییەكاندا لە حوزەیرانی 1993 فیشەكیك بەر رانی ئەكەوێت و بریندار ئەبێت.

بەكرعەلی داكۆكیكار و خەمخۆری هەژاران بوو

لە دوای راپەرین هەر زۆر زوو بەكر عەلی دركی بە نەبوونی عەدالەتی كۆمەلایەتی و شكستەكانی حكومرانی دەسەڵات كردبوو بۆیە لە بەشیكی یادەوەرییەكەیدا باس لە نا ئومیدی و رەشبینی خۆی بەرامبەر بەو سەردەمە ئەكات و تەنانەت ئەگاتە دۆخێك خۆزگە بە یاسای دارستان ئەخوازێت. بەكر عەلی لە كاتی شەری براكوژیدا خەباتی خۆی بۆ پشتگیری خەڵكی هەژار و برسی و بۆ ئاوارە و كرێكار دەست پی ئەكات.

ئەوەی تا ئێستە باس ئەكرێت ئەوەیە كە لە پاڵ هەموو ئەو چالاكی و پشتگیرییانەی كە بەكر عەلی بۆ هەژاران و كرێكاران و ئاوارەكانی حامییە هەیبووە و دەسەڵاتدارانی ئەو كاتەی سلێمانی تورە كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەكر عەلی زیاتر لە دوای مەراسیمی یەكی ئایاری 1994 رق و تورەیی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەو كاتەی سلێمانی زیاتر ئەكات. لەو مەراسیمەدا بەكر عەلی وتارێك بە ناوی هەژاران و ئاوارەكانی حامییە لە ستادیۆمی سلێمانی پیشكەش ئەكات و قسە لەسەر بریاری تێكدانی خانووەكانی حامییە و كردنی بە پارك ئەكات. بەكر عەلی لە بەشێكی وتارەكەیدا بە دەسەلاتدارانی ئەو كاتەی سلیمانی ئەڵێت:

“گەر باس لە گیرانەوەی مومتەلەكاتی دەوڵەتە، ئیوەش مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی چۆلكەن و بیدەنەوە بە حكومەتی هەرێم، لقی چواریش با چۆلی بكات و بیداتەوە بە دەوڵەت، ئیزاعەكەی كاكە حەمەش با چۆڵی كات و ببیتەوە بە زراعەكەی جاران و زۆر جیی تریش، ئەو كاتە ئیمەش حامییە چۆڵ ئەكەین”

ئەو جەماوەرەی كە ئامادەی مەراسیمەكە بوون بە چەپلە رێزانەوە داوای دووبارە كردنەوەی وتارەكەی لێ ئەكەن. هەر ئەم وتارەش هۆكار بوو كە بە بەردەوامی بخریتە ژیر چاودێری و دوچاری هەرەشە ببێتەوە. پاشان لەلایەن بەرپرسێكی باڵای یەكێتییەوە دەستگیر ئەكرێت و دواتر بەهەولی مامۆستا شاهۆ ئازاد ئەكرێت. دەستگیركردنی بەكر عەلی ئەبێتە هۆی دڵ رەنجاندنی لە یەكێتی و بۆ ماوەی دوو مانگ لە سلێمانی دور ئەكەوێتەوە و لە هەڵەبجەی شەهید نیشتەجی ئەبێت.

تیرۆركردنی گولە سورەكەی حامییە

14 رۆژ بەر لە تیرۆركردنی لەلایەن ئاسایشی سلیمانییەوە دەستگیر ئەكرێت، پاش شەش رۆژ لە ئازار و ئەشكەنجەدان ئازاد ئەكرێت و 8 رۆژ بەسەر ئازادكردنیدا تیناپەرێت تیرۆری ئەكەن.

پاش گەراندنەوەی لە هەڵەبجە و بە ماوەیەكی كورت لە 17ی 8ی 1994 لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە نیوەرۆیەكدا و لە ماڵە قورینەكەی خۆیاندا دەستگیر ئەكرێت و بۆ ماوەی شەش رۆژ لە ئاسایشی سلێمانی بەند ئەكرێت و بەشیوەیەكی زۆر وەحشییانە ئەشكەنجە ئەدرێت. بەكر عەلی بەردەوام ژیانی لە مەترسیدا بووە و بەتایبەت دوای دەستگیركردنی و كۆتا جار و لەو ماوەیەدا چەندین جار هەرەشەی كوشتنی لی ئەكریت بەلام ئەو هەرەشە و ئەشكەنجانە ئەو لەسەر ئامانجەكانی، رق ئەستوتر ئەكەن. لەو رۆژەی كە بەكر تیرۆر ئەكرێت هاورێكانی زۆر داوای لێ ئەكەن كە نەچێت بۆ خۆپیشاندانەكە بەڵام هەوڵ و داواكانیان بی سود ئەبێت چونكە بەكر راستگۆ بوو لەگەڵ پەیام و شعرەكانی و لەگەڵ ئەو شۆرشەی كە بۆ هەژاران و كریكاران هەڵیگیرساندبوو.

یەكێك لە هاورێكانی بەكر عەلی بەم شیوەیە روداوەكە ئەگیرێتەوە: بەپیی بریاری پاریزگاری ئەو كاتەی سلێمانی و لە 20-8-1994 بی دانانی هیچ رێگە چارەیەك بۆ ئەو خەلكە هەژارە، بە نوسراوێك ئەو دووسەد ماڵە ئاگادر ئەكاتەوە كە (لە یەكی ئەیلولدا، ئەو خانووانە تەخت ئەكرین، بۆیە چی زوترە دەبیت چۆڵ بكریت). بەڵام ئیمە بریارماندا كە خۆپیشاندانێكی هیمنانە بۆ بەردەم پاریزگای سلێمانی ساز بكەین و لە رێی نوینەرەكانمانەوە كە سەرەكیترینیان بەكر عەلی بوو یاداشتی نارەزایی بەرز بكەینەوە و داوای هاوكاری لە پاریزگای سلیمانی بكەین. بەڵام بە گەیشتنمان بۆ بەردەم بینای پاریزگار پاسەوانەكان بە زەبری چەك و هیز ناچاریان كردین كە بچنە بەری باخی گشتی. هەر لەو كاتەدا چەكدارەكانی پاریزگار ویستیان بە پاڵنان و بە زۆر بەكر عەلی ببەنە ناو بینای پاریزگاوە بەڵام پاریزگار خۆی لە وئ نەبوو. بەكر خۆ ی نەیا بەدەستەوە و لەگەڵ ئیمەدا كە من و شیركۆی برای بەكر و دوو كەسی تربوین دوركەوتینەوە و هەوڵی راكردنماندا. بەڵام چەكدارەكان كە مەبەستیان بوو بەهەر جۆرێك شتیك لە (بەكر) بكەن بەداوای كەوتن. لەو كاتەدا بە شیركۆی برای ئەلێت: ئاگات لە من بێت، دەستنیشان كراوم. مەبەستی بەكر ئەوەبوو كە یەكیك لە ناو ئاپۆرای خۆپیشاندەرانەوە بەردێكی بچوك هەڵئەدات و بەر سەری (بەكر) ئەكەوێت ئەمەش لای ئەو وەك نیشانەكردنیتی و خۆشی دڵنیابوو كە پلان بۆ كوشتنی داریژراوە چەنكە پێشتر چەند جارێك هەرەشەی كوشتنی لی كرابوو. بەكر زوو تی ئەگات و هەوڵی دەرباز بوون ئەدات بەڵام چەكدارەكان تەقەیان لی كردوو و فیشەكێك كە بەر پشتی ئەكەۆیت بریندار ئەبێت. بەكر بە برینداری ئەكەوێت هاورێكانی لەگەڵ ئەو ژنانەی كە بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كردووە عەبا رەشەكانیان ئەكەن بە دیوارَیك تا لە پشتیانەوە بەكر بەبرینداری بخەنە ناو باخی گشتی و لەوێیەوە هەوڵی رزگاركردنی بدەن. بەڵام یەكێك لە پاسەوانەكەن كە پلەی لەوانی تر بەرزتر ئەبێت و بەرپرسی پاسەوانەكانی پاریزگارە ئەگاتە سەر بەكر و فیشەكێك ئەنێت بە ناودەمییەوە.

روداوی تیرۆركردنەكە دەرخستنی ئەو راستیەیە كە تیرۆركردنی بەكر عەلی پلانێكی پێش وەختە و داریژراو بووە سەرارەی ئەوەش تەرمەكەی نادەنەوە بە خێزانەكەی تا بەڵێن نەدەن بە بیدەنگی ئەینیژن. پاش ماوەیەكیش شێركۆی برای بەكر دەستگیر ئەكرَیت بەو بیانووەی كە ئەیەوێت تۆلەی براكەی بكاتەوە بەلام حاكم قوبادی جەلیل زادە زوو فریای ئەكەوێت و ئازادی ئەكات. لە پاش تیرۆركردنی بەكر عەلی دانیشتوانی حامییە بۆ ماوەی 40 رۆژ بە بەرگی رەشەوە پرسەی بۆ ئەگێرن، لەسەر هەر ماڵێك پەرچەمێكی رەش بەرزئەكرێتەوە وەك شیوەن و پرسەیەكی بەردەوام بۆ مەرگی نوینەرە تێكۆشەرەكەیان

دوای 28 ساڵ و تا ئێستە تاوانبارانی تیرۆركردنی بەكر عەلی پەردەپۆش كراوە و هەوڵەكان بۆ دۆزینەوە و بە سزا گەیاندنی تاوانباران بێ ئاكام بووە. بەڵام ئەوەی ئاشكرایە كە دوای مەراسیمی یەكی ئایار و دوركەوتنەوەی بەكر لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بۆ نزیكەی دە ساڵ لە ناو ریكخستنەكانی ئەو حزبەداچالاكانە كاری كردبوو، بەڵام زیندانی و ئەشكەنجەدانی بەكر لە زیندانەكانی یەكێتیدا، بە تەواوی بەكر لە یەكێتی دور ئەخاتەوە. لە مانگی 12 ی 1992 دەست لە كاركیشانەوەی خۆی لە یەكێتی نوسیوە لەگەڵ ئەوەشدا بەكر بەردەوام لە ژێر چاودێری و هەرەشەدا بووە بۆیە سلێمانی بەجێ ئەهێلێت و ئەروات بۆ هەڵەبجە. بەو هۆیەی ئەو كاتە هەلەبجە بەهۆی شەری براكوژییەوە لە ژیر دەسەلاتی پارتیدا بووە. ئەو كاتەی لە هەڵەبجە ئەبێت لەگەڵ چەند نوسەر وهونەرمەندێكدا كارێكی شانۆیی پیشكەش ئەكەن بەناوی قریشكەكان كە دەقەكەی لەلایەن بەكرەوە ئەنوسرێت و بەرزان عومەر كاری دەرهێنانی بۆ ئەكات. دەركەوتن و چالاكی بەكر عەلی لە هەڵەبجە گومانی بوون بە پارتی لە لایەن یەكێتییەوە ئەخرێتە سەری، هەرچەندە دوای دوو مانگ بەكر ئەگەرێتەوە سلێمانی و بەردەوام ئەبێت لە نوینەرایەتیكردنی هەژارانی حامییە. بەو هۆیەی كە بەردەوام ریكخراوی یەكێتی بێكاران و حزبی كۆمۆنیستی كریكاری بەردەوام پشتگیری لە دانیشتوانی هەژارنشینی حامییە ئەكەن، جۆرێك لە نزیك بونەوە لە نیوان نوینەرانی خەلكی حامییە و یەكێتی بێكاران و حزبی كۆمۆنیست دروست ئەبێت. بەرادەیەك كە زۆر كەس بەكر وەك ئەندامی یەكێتی بێكاران و لایەنگری حزبی كۆمۆنیست ناودەهێنن، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی بەكر عەلی هەڵگری بیرورای چەپ بووە، بەڵام هیچ دۆكیۆمینتیك لە بەردەستدا نییە ئەندام بونی ئەو لەو حزب و ریكخراوانە بسەلمێنێت.

سەرچاوە/ كاسكیتەكەم بسپیرن بە پاییز، ژیان و بەرهەمی شاعیری شەهید ئەبوبەكر عەلی

ئامادەكردنی فەرەیدون عارف. چاپی یەكەم 2010