رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کولتوور (ئەدەب، هونەر) بۆچی؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ستافی ئازادبوون

دوای یەک مانگ وەستاندنی کارەکانی میدیای ئازادبوون بە مەبەستی نوێکردنەوەی فۆرم و ناوەڕۆکەکەی، ئەوا ئەمڕۆ رێککەوتی (٢٠٢٢/٢/١) میدیای ئازادبوون دەگەڕێتەوە لاتان. بەشی کولتوور بۆ بواری کارکردنی میدیای ئازادبوون زیاد کراوە. رێکخراوی ئازادبوون لە سۆنگەی هەستکردن بە هەستیاریی باری ژیاریی کوردستان، لە جیهانی هاوچەرخدا، سەرەتا کارەکانی خۆی لە بواری فیکردا(کۆمەڵناسی، فەلسەفە، دەروونناسی و … تاد) لە پەیوەند بە تاکگەرایی و ئارێشەکانی بەردەم تاکگەرایی لە ماڵپەڕەکەدا بڵاو کردەوە کە مەودای بابەتی کارکردنی رێکخراوەکە پێک دەهێنن. پاش نزیکەی دووساڵ لە ئەزموونی کارکردن، ئازادبوون بە پێویستی زانی بەشێکی تر بۆ ماڵپەڕەکە لە بواری کولتوور بەگشتی و ئەدەب و هونەر بەتایبەتی بکاتەوە. لەم پنتەوە شان بە شانی بواری فیکر، ئازادبوون گەڕێکی نوێی کارەکانی لە بواری کولتووردا دەست پێ کردووە؛ تاوەکوو باشتر بەرەو ئامانجەکانی هەنگاو بنێت کە بیناکردنی جیهانبینیی تاکگەرایی مۆدێرنە بە مەبەستی بنیاتنانی تاکێکی بەهێز و سەربەخۆ لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا.

کولتوور (ئەدەب، هونەر) بۆچی؟

ئەدەب و هونەر دوو توخمی بنەڕەتیی پێکهێنەری شارستانییەتن، زیاتر لەوەش بەر لەوەی بەردێک لەسەر بەردێک بە مەبەستی بیناکردنی شارستانییەت دابنێن، دوو پانتایی دێرینی ژیانی مرۆڤن. مرۆڤ هەر لە بەرەبەیانی رسکانی زمانییەوە، لە بەردەم ئاگردانی ئاستانەی شەودا، بەناو بڵێسەی وشەدا گەرمییەکی تری بە هاوەڵەکانی دا کە لە گەرمی ئاگرەکە زیاتر تینی ژیانی پێ دەبەخشین: گێڕانەوە. گێڕانەوە بنچینەییترین توخمی ئەدەبە، ئەوێ دەم، وەک ساوایەک لە بەردەم ئاگرداندا، لە دامێنی شەو کەوتە خوارەوە و لە کازیوەی شارستانییەتدا، لە تافی لاویدا، گیلگامێشی بە مرۆڤایەتی بەخشی. لەو بەروارە بە دواوە، ئەدەب دەبێتە غروری شارستانییەت بە تەنیشت هەموو شانازییەکانی تریەوە.

هاوزای گێڕانەوە؛ نواندنەوە، بە دوور لە جڤاتی هاوەڵانی ئاگردان، تەژی لە بێدەنگیی ساتە سامناکەکانی خۆمەڵاسدان بە دیار نێچیرێکی سرکەوە، لە ڕەحمی ئەشکەوتەکاندا هاتە بوون. ئەوێ دەم، بنەڕەتیترین توخمی هونەری؛ نواندنەوە پەیدا بوو. یەکەم نیگارەکان زادەی ماتترین و خامۆشترین ساتەکانی ژیانی مرۆڤ کە لەناو گێڕانەوەدا، بە حوکمی دەنگ، شوێنێکی بۆ خۆی لەناو جەمدا نەدۆزییەوە، هاتە بوون. ئەگەر گێڕانەوە پەیوەندیی تاک بە کۆمەڵەوە بووبێت، ئەوا هونەر پەیوەندیی تاک بە خودەوە بوو. نواندنەوەکانی لێواری مەرگ و ژیانی گەمەی راو، دوایین سەنگەری نیگەرانییەکانی ئەو تاکە بوو، بەناو خۆیدا شۆڕ بووەوە کە چۆن دەتوانێت ئەویتر راو بکات؟ لە زەردەپەڕی نیگارە هونەرییەکانی سەر دیوارەکانی ئەشکەوتەوە، چەند هەزار ساڵ دواتر، هەڵکۆڵینەکانی سەر تاتەبەردەکانی دیوارەکانی پەرستگاکانی لێکەوەتەوە کە راگری ڕۆحی شارستانییەتەکان بوون.

شارستانییەتەکان، بە هۆی قاتوقڕی، کێماسیی سەرچاوەکانی ژیان، یان فراوانخوازییەوە بووبێت بەریەککەوتنی خوێناویان هەبووە و جەنگی گەورەیان هەڵگیرساندووە، کە بە کۆیلەکردنی میلۆنان مرۆڤیشەوە نەکوژاوەتەوە؛ ئەگەر ئەمە لایەنی دزێوی حاشاهەڵنەگری شارستانییەت بێت کە پەرتبوون و دوژمنایەتیی خستووەتەوە؛ ئەوا دیوە درەوشاوەکەی شارستانییەت واتە ئەدەب و هونەر بە تەنیشت وێرانکارییە گەورەکانی جەنگەوە، ئیمکانێک بوونە بۆ نزیکبوونەوەی شارستانییەتە جیاوازەکان و بیناکردنی پانتایی هاوبەشی بۆ بەرکەوتنی ئاشتییانە و دۆستانە. هونەر و ئەدەب بەدیهێنەری دیالۆگی نێوان گەل و شارستانییەتە جیاوازەکان بوونە، ئەو کاتەی لە یەکێکیانەوە بۆ ئەویتریان بەرهەمەکان وەرگێڕدراون؛ دیوە ژیاندۆستییەکەی شارستانییەت بەناو دیالۆگێکی بەکاوەخۆی ئەدەبی و هونەری پێی گرتووە.

ئەگەر لە شارستانییەتدا، دیوە نەرمەکەی هەر شێوەژیانێک، کولتوور بێت، ئەوا هونەر و ئەدەب بە مانا فراوانەکەی ناوکی پێک دەهێنن. لەم سۆنگەیەوە بمانەوێت یان نا، ئەدەب و هونەر ئەو پانتاییە گرنگەی چەقبەستن و گۆڕانکارین کە دەشێت بەجیدی وەربگیرێن. بێمەڵامەت نییە هێزە کۆنەخواز و دەسەڵاتە دیکاتۆرییەکان بە مەبەستی چەقبەستن، یان هەر لە بنەڕەتەوە بەشی هەرە زۆری ئەدەب و هونەر سانسۆر دەکەن یان ئەوەتا نوسخەی ساختەی خۆیانی لێ دروست دەکەن کە دەشێت هەر شتێکی تر بێت جگە لەوانە. لە پەیوەند بەمەوە بۆ ئێمەی کورد ئەدەب و هونەری جیدی ئەو پانتاییەیە کە دەبێت بە شێوەیەکی دروست، کارا و چالاکی بکەین؛ لەبەر ئەوەی لاوازی ئەم دوو کایەیە کە پانتایی سەرەکیی پەیوەندیی تاکن لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەویتردا، بوار بە هێزە دژەتاکگەراکان دەدات تا هەژموونی خۆیان بەسەر تاکدا بسەپێنن و کۆمەڵگایەکی لەبار بۆ دەسەڵاتی سەرکوتکار ئامادە بکەن.