رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ ئایزایا بێرلین

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: رامین جیهانبەگلو

وەرگێڕان: هاوڕێ عەبدوڵا

Download PDF

ئایزایا بێرلین، فەیلەسوفی سیاسی و مێژوونووسی هزرەکان، لە ساڵی ١٩٠٩دا لە بنەماڵەیەکی جوولەکەی ڕووسی لە شاری “ڕیگا”ی لاتیڤا  لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٩٧دا لە بەریتانیا کۆچی دوایی کرد. ئایزایا بێرلین لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێ نووسەردا بووە: دەیڤد هیۆم، جۆن ستیوارت میل، ڤیتگنشتاین، پووشکین، تۆلستۆی، جۆن هێردەر… لە ڕووی سیاسییەوە ئایزایا بێرلین لیبراڵە و بەرگرییەکی زۆری لە لیبراڵیزم کردووە. وەک فەلسەفەش سەر بە فەلسەفەی ئەنگلۆساکسۆنییە. ئایزایا بێرلین سەرەڕای ئەوەی فەیلەسوفێکی سیاسییە و مێژوونووسی هزرەکانە، دەربارەی ئەدەب و هونەر و مۆسیقایش کۆمەڵێ بەرهەمی هەبوونە. ناوی بەشێک لە کتێبەکانی بریتین لە: “کارڵ مارکس ١٩٣٩، چوار وتار دەربارەی ئازادی ١٩٤٩، ڕیشەکانی ڕۆمانسیزم ١٩٦٥، هزرمەندانی ڕووس  ١٩٧٨، چرکەساتی هەقیقەت ١٩٩٦… ئەم وتووێژەی خوارەوەی ئایزایا بێرلین لە ساڵی ١٩٩٢دا ئەنجام دراوە. یەکێکە لەو وتووێژانەی کە لە دەیەی نەوەدەکاندا ڕامین جیهانبەگلو لەگەڵ کۆمەڵێ بیرمەند و فەیلەسوفدا ئەنجامی داوە و لە کتێبێکی دوو بەرگیدا بەناوی “ڕەخنەی ئەقڵی مۆدێرنە”وە (بەم وتووێژەوە چوار وتووێژی ناو ئەم کتێبە لە سایتی ئازادبوون بەر دەستن.) بڵاوی کردوونەتەوە. ئەو بیرمەندانەی وتووێژیان لەگەڵ کراون سەر بە نەریتی بیرکردنەوەی جیاواز جیاواز و ناکۆک بە یەکن: لیبراڵ، پۆستمۆێرنە، چەپ… لەم وتووێژەدا ئایزایا بێرلین بەدەر لە باسکردنی ژیانی خۆی، دەربارەی فەلسەفەی فەرەنسی و فەلسەفەی ئەنگلۆساکسۆنی و کانت و هیگڵ دەدوێت… هەندێ لە پرسیارەکانیش پەیوەندییان بەو زەمەنە سیاسییەوە هەیە کە وتووێژەکەی تێدا ئەنجام دراوە. ئایزایا بێرلین لەم وتووێژەدا بە تۆنێ دەدوێت وەک ئەوە وایە ئیدی نەریتی چەپ و مارکسیزم بۆ هەمیشە ماڵئاواییان کردبێت. مارکس بە بلیمەت دادەنێت، بەڵام پێی وایە مێژوو تیۆرەکانی مارکسی پووچەڵ کردووەتەوە. ڕەنگە ئەم تۆنەی بێرلین بەشێکی لەژێر کاریگەریی کەوتنی سۆڤیەتدا بووبێت. وتووێژەکە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٢دا ئەنجام دراوە، ئەوکاتیش سۆڤیەت کەوتبوو. کەوتنی سۆڤیەت بە جۆرێ وەک کەوتنی کۆی مارکسیزم و نەریتی چەپ بینرا. بەڵام کە ئێستا دوو دەیەک زیاتر بەسەر مەرگی ئایزایا بێرلیندا تێدەپەڕێت، دەبینین مارکسیزم و نەریتی چەپ لە ئاستی ڕۆشنبیری و بگرە سیاسیش نەک نەکەوتوون، بەڵکوو ئەمڕۆ زۆربەی فەیلەسوفە گەورەکانی جیهان بە جۆرێ لە جۆرەکان لەناو نەریتی چەپدان: بادیۆ، نێگری، بالیبار، ژیژەک، هارڤەی، چۆمسکی… لیبراڵیزم ئەمڕۆ خۆشی گیری خواردووە بەدەست نیولیبراڵیزمەوە و هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی پێ نییە بۆ ئەو کێشانەی کە ڕیشەکەی هەر لە خۆیدان.

پرسیار: هەشتا و چوار ساڵ لە تەمەنت تێدەپەڕێت و دەڵێیت لە بەدترین سەدەدا کە ئەوروپا بە خۆیەوە بینیویە، ژیاوم. ئایە زێدەڕۆییەک لەم گوتەیەتدا نییە؟ قۆناغگەلێکی تریش بوونیان هەیە کە بەهەمان شێوە خراپ بوونە…

وەڵام: بە ڕاست! کامە؟

پرسیار: هێرشەکانی هۆزە بەربەرییەکان، جەنگی سەد ساڵە، جەنگە ئایینییەکان، قۆناغی دادگای تەفتیشی باوەڕ…

وەڵام: نەخێر، نە. هیچ سەدەیەک هێندەی ئەم سەدەیە کوشتاری بە خۆیەوە نەبینیوە. بۆ نموونە جەنگە ئایینییەکان یان شۆڕشی فەرەنسا لەبەرچاو بگرە کە دەیان هەزار کوژراویان خستەوە… جەنگیزخان ڕەنگە میلیۆنان مرۆڤی کوشتبێت، ئامارێکم لە لا نییە. بەڵام لێرەدا قسە لەسەر دەیان میلیۆن خەڵکی کوژراوە: چل تا پەنجا میلیۆن لە ڕووسیا، پانزە تا شانزە میلیۆن کەس لە باقی ئەوروپا… لە ئەڵمانیا، لە ئیسپانیا، لە ئیتاڵیا. ئەشکەنجەکان، قەڵاچۆکردنەکان، سەرکوت… ئەوروپا هیچ کات بەم ڕادەیە دڕندەیی ئەزموون نەکردووە.

پرسیار: ئایە چانسی ئەوە هەیە داهاتوو باشتر بێت؟

وەڵام: کێ دەزانێت؟ ئومێدەوارم. وا بیر نەکەیتەوە زۆر شڵەژا بم. تەنانەت کاتێک نیونازییەکان و کەچەڵەکان (skinheads) بەراورد دەکەم بەوەی لە ڕابردوودا بینیومە، دەبینم شتێکی ئەوتۆ نین… بە هەرحاڵ لەگەڵ ئەو ناوە بچووکەی هەمە، خۆم بە پەیامبەر دانانێم.

پرسیار: تۆ بەناوبانگیت، نازناوی “سێر(sir)”ت وەرگرتووە و بوویتەتە بەشێک لە خانەدانان، و دەڵێن زۆر ئەرستۆکراتی… وا دەردەکەوێت بەتەواوی تێکەڵی کۆمەڵگەی بەریتانیا بوویتە.

وەڵام: ئەوەندە دڵنیا نیم!

پرسیار: لە چ ڕوویەکەوە؟

وەڵام: من ئازادانە دەژیم. هەست بە هیچ جۆرە فشارێک ناکەم لە هیچ ڕوویەکەوە. بەڵام هاوچەشنی و تێکەڵبوون لە کۆمەڵگەیەکدا لەگەڵ ئەمەدا زۆر جیاوازی هەیە. ئەمە مانای وایە کە مرۆڤ خۆی، ڕێک وەک ئەوانی تر دەبینێت. بەڵام دەربارەی من کۆمەڵێک جیاوازی هەن. من جوولەکەیەکی ڕووسیم، کاتێک لە من دەپرسن کێم، ناڵێم بەریتانیم… من سەرسامی ئینگلیزەکانم و ژیان لە بەریتانیادا دەپەرستم، بەڵام لە شوێنێکی تر لەدایک بوومە و زوبانی ئینگلیزی، زوبانی دایکیی من نییە. من بەتەواوی تێکەڵ نەبوومە. ئینجا بۆچی دەبێت تێکەڵ بم؟

پرسیار: تەنیا دە ساڵ لە ڕووسیا ژیاوی، چۆن هەست بە ڕووسیبوون دەکەیت؟

وەڵام: وەڵامدانەوەی دژوارە… ڕووسی، زوبانی دایکیی منە، ئەو شیعرانەی زۆرتر خۆشم دەوێن ڕووسین. ئەڵبەتە سەرسامی شاعیرانی ئینگلیزیم، بەڵام نەک بە ئەندازەی پووشکین، لێرمۆنتۆڤ، پاستەرناک، و ئاخماتوڤا… شیعر هەمیشە بۆ زوبانی مناڵیی شاعیر و بۆ زوبانی دایکی دەگەڕێتەوە. کاتێک لەگەڵ ڕووسەکاندا دەدوێم، بەتەواوی هەست بە ئاسوودەیی دەکەم…

هەروەها زۆر… بیرەوەریم هەن. شایەتحالی شۆڕشی یەکەم بوومە. ئەوکات هەشت ساڵان بووم. ئەوە شتێکە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت! ئەنجومەنەکان، شیعاری سەر پەڕۆکان، ئاپۆڕەی جەماوەر لەسەر شەقام، شڵەژانی گشتی… بەڵام ئێستا بۆتان باس دەکەم چ شتێک لە هەمووی زیاتر کاریگەریی لەسەر دانام. مانگی ئاداری ساڵی ١٩١٧ بوو، پێش سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی، لە شەقامی نیڤیسکی لە پترسبۆرگ لەگەڵ دایک و باوکم پیاسەمان دەکرد. لەناکاو چاوم بە گرووپێکی٢٠-٣٠ کەسی کەوت، کە خەریک بوون شتێکیان دەخستە دەمی کەسێکەوە کە ڕەنگی شین هەڵگەڕابوو و پەلەقاژەی دەکرد، وا دیار بوو دەیانویست بەرەو چارەنووسێکی نادیاری ببەن… گێڕانەوەی ئەم جۆرە دیمەنانە لە کتێبە مێژووییەکاندا نابینین. لە دایەنەکەمم پرسی ئەوان خەریکن چی دەکەن؟ وەڵامی دایەوە و وتی دەیانەوێت بیبەن بیکوژن، بەبێ دادگاییکردن لەناو خەڵکدا لەسێدارەی بدەن. بێگومان ئەو کەسەش یەکێک بوو لەو پۆلیسانەی کە لە سەربان جێگیر کرابوون تا ڕووەو خۆپیشاندەرە شۆڕشگێڕەکان تەقە بکەن. ڕاکێشانی پیاوێک بەرەو لەسێدارەدان، هەرگیز نەمتوانی ئەم دیمەنە فەرامۆش بکەم. لەوە بەدوا نەمدەتوانی بەرگەی بینینی هیچ جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی بگرم.

پرسیار: کەوایە هیچ کات سەیری تەلەفزیۆن ناکەیت؟

وەڵام: هەر کات توندوتیژی دەست پێ بکات، چاوەکانم دادەخەم. ناتوانم سەیری مشتەکۆڵە بکەم. تا ڕادەیەک ئەوەی بەرگەی بینینی بگرم، وەرزشی شمشێربازییە!

پرسیار: بۆچی باوکت ڕووسیای جێ هێشت؟

وەڵام: باوکم بازرگانی دار بوو. خێزانەکەم لە شاری “ڕیگا” لە لاتیڤا نیشەجێ بوون. لە ڕووسیادا خاوەنی جەنگەڵگەلێک بووین کە دارەکان لەوێوە لە ڕێی ڕووبارەوە دەگەیشتنە “ڕیگا” و پاشان دەنێردران بۆ ڕۆژاوا. کاتێک لە ساڵی ١٩١٤ سوپای ئەڵمانیا بە فەرماندەیی هێندنبۆرگ سوپای ڕووسیایان لە دەریاچەی مازور لە پروس (پۆڵەندای ئێستا) لەناو برد، دایک و باوکم ترسان نەوەک لە “ڕیگا” ئابلۆقە بدرێن و پەیوەندییان بە سەرچاوەی داهاتیانەوە نەمێنێت. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩١٥ بڕیاریان دا لە پترسبۆرگ نیشتەجێ ببن تاوەکوو نزیک بن لە جەنگەڵەکانەوە.

باوکم داری پێویستی سوپای ڕووسیای دابین دەکرد، چ پێش حکوومەتی سۆڤیەت و چ لە سەردەمی ئەوشدا، ئەگەرچی هاوشێوەی هەموو کەسێکی ناو چینی بۆرژوازی، نەفرەتی لە کۆمۆنیزم دەکرد، بەتایبەت کاتێک قەتڵوعام دەستی پێ کرد. قۆناغی تیرۆر لەگەڵ ستالیندا سەری هەڵنەدا، بەڵکوو لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩١٧دا لەگەڵ خودی لینیندا دەستی پێ کرد. بۆرژوا و جوولەکەکان بە شێوەیەکی باش پێشوازییان لە شۆڕشە لیبراڵییەکە کردبوو، بەڵام لینین بەزوویی بە ڕووخسارێکی توڕەی ترسناکەوە لەسەر سەحنە دەرکەوتبوو. هەر بۆیە باوکم لە ساڵی ١٩٢٠ بۆ زاگە (ڕیگا)کەی گەڕایەوە و لەوێ توانیی هاوڵاتیبوونی لیتوانی هەڵبژێرێت. دوو مانگ لە “ڕیگا” ماینەوە و دواتر بەڕێ کەوتین بەرەو بەریتانیا، لەبەر ئەوەی باوکم هەمیشە بەریتانیای خۆش ویستووە، ئومێدەوار بوو لەوێ درێژە بە خوێندنەکەم بدەم. “ڕیگا” شارێکی زیاد لە ڕادە دێهاتی بوو.

پرسیار: دەڵێیت جوولەکەیەکی ڕووسییت، جوولەکەبوون بۆ تۆ چ مانایەکی هەیە؟

وەڵام: هیچ. وەک ئەوەیە دوو پێم هەبێت، سەرێک، دوو چاو، گەدەیەک…

پرسیار: ئایە هیچ کات نەبوویتەتە قوربانیی دژەجوولەکەبوون؟

هەرگیز ناتوانین بڵێین هیچ کات… بۆ نموونە ڕۆژێک کەسێک بەبێ  ئاگاداریی من، بەربژێری کردبووم بۆ ئەندامبوون لە یانەیەک. ئەو یانەیە جوولەکەی وەک ئەندام وەرنەدەگرت. ئەم مەسەلەیە هەڵڵایەکی سازکرد. دە کەس دەستیان لە ئەندامبوون هەڵگرت… بەڵام من هەمیشە گیانم لە مەترسی بە دوور بووە و هیچ کات لەبەردەم مندا هیچ کەس تانەی نەشیاوی دەربارەی جوولەکەکان نەهێناوەتە سەر زوبان. ئەمە بەو مانایە دێت بەریتانیا وڵاتێکی دژەجوولەکە نییە. ئینگلیزێکی ئاسایی لەبەرچاو بگرە کە لە نۆتینگهام دەژیێت. ئەو گاڵتە بە جوولەکەکان دەکات، بەڵام مەسەلەیەک نییە. بەڵام لە فەرەنسا بە هۆی بوونی کڵێساوە، بە هۆی ڕووداوەکەی دریفۆس، ئەمە مەسەلەیەکە… فەرەنسییەکان دەربارەی ئەوەی کێ جوولەکەیە و کێ جوولەکە نییە، ویژدانێکی زۆر بێداریان هەیە.

پرسیار: ئایە خێزانەکەت ڕێوڕەسمی ئایینییان جێبەجێ دەکرد؟

وەڵام: بەڵێ، بەڵام بە شێوەیەکی تەواو بۆرژوایانە نەک سەختگیرانە. من جار جار بۆ کەنیسە دەڕۆم. لەوێ هەست بە بوونی نەریتێکی سێ هەزار ساڵە دەکەم، هەست بە هاوپەیوەندێتی دەکەم لەگەڵ ئەو گەلەی کە بەشێکم لێیان؛ بەڵام… باوەڕم نییە. لەگەڵ ئەوەشدا خودانەناس نیم. وەکوو مناڵێ وام، هیچ هەستێکی بۆ مۆسیقا نەبێت. دەبینێت ئەوانی تر گوێ لە مۆسیقا دەگرن و دەینرخێنن، بەڵام خۆی ناتوانێت یەک نۆتە لە نۆتەیەکی تر جیا بکاتەوە. لە خۆی دەپرسێت بۆچی ئەوانی تر ئەوەندە باخ و بتهۆڤنیان خۆش دەوێت. منیش لە بەرانبەر ئاییندا هەستێکی وەهام هەیە. من “کەڕم”، گوێم گرانە. بەڵام ڕێزی ئەوانە دەگرم کە باوەڕیان بە خودا هەیە. لە شوێنێکدا کە عیبادەتی ئایینی ئەنجام دەدرێت بەتایبەت لە کەنیسە یان پەرستگە بێت، تا ڕادەیەک هەستم دەبزووێت. بەڵام بۆ ئایینزای کاسۆلیک هەستێکی کەمترم هەیە. عارف نیم. دەتوانم لە چەمکی موعجیزە تێبگەم. سادەیە. ئاو دەگۆڕێت بۆ شەراب. (لە سەدەی هەژدەیەمدا فەیلەسوفێک بە ناوی کریستیان ڤوڵف گوتبووی کە مەسیح بوونەوەرێکی سەرووسروشتی نەبووە، بەڵکوو کیمیازانێکی ئیلاهی بووە!) بەڵام لە مانای شتانێکی وەک سێینەی پیرۆز یان ڕۆحی پیرۆز تێناگەم. دەربارەی چەمکی عیرفان، زەینکوێرم.

پرسیار: ئایە بۆ تۆ وەک کۆچبەرێکی جوولەکەی ڕووسی، نازناوی “سێر” کە لە لایەن شاژنی بەریتانیاوە پێت درا، گرنگی هەبوو؟

وەڵام: بەڵێ، ڕووداوێکی بێوێنە بوو! ئەڵبەتە کۆچبەری جوولەکەی تریش بەم شانازییە گەیشتوون. بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە.

پرسیار: ئایە ئەم نازناوە هیچی لە ژیانی تۆ گۆڕی؟

وەڵام: نە. ئەڵبەتە تا ماوەیەک نەمدەتوانی بەو نازناوەی خۆم ڕازی ببم! ئەم کارە هێندەی ئەوە پێکەنیناوی بوو کاتێک کەسێک لە ڕۆژی ٣١ی کانونی یەکەمدا (کۆتایی ساڵ) شەپکەیەکی نوکتیژ لە سەر بکات. دەترسام ئیرەیی زۆرێک لەو مامۆستایانەی زانکۆ ببزووێنم کە ئەم شانازییەیان وەرنەگرتووە. لە ڕاستیدا گەرچی هیچ کەس باوەڕ بە قسەکانم ناکات، ئەگەر ئەم نازناو و دواتریش مەدالیای ڕێزلێنانم وەرگرتبێت زیاتر بۆ دڵخۆشکردنی دایکم بووە. ئەو لەو کاتەدا تەمەنی دەوروبەری ٧٦ یان ٧٧ ساڵ بوو، پیرەژنێکی جوولەکەی کۆچبەر بوو کە ئەم پرسە بۆ ئەو گرنگییەکی زۆر هەبوو. نەمدەتوانی لەو دڵخۆشییە بێبەشی بکەم. لەبەر ئەوە بە پێچەوانەی ویستمەوە، قبووڵم کرد.

پرسیار: چۆن بوویت بە فەیلەسوف؟ هۆکارەکەی ئارەزوو و ئامادەیی خۆت بوو؟

وەڵام: زۆر سادەیە. لە ئۆکسفۆرددا دوو بەش هەبوون: یەکێکیان مێژووی کۆن و ئەوەی تریش فەلسەفە. ئاشنایەتییەکی زۆری مێژووی یۆنان و ڕۆمم هەبوو، بەڵام بەشی فەلسەفە لە ئۆکسفۆرددا پێگەیەکی دیکەی هەبوو، لە هەموو بەشەکانی تر بەرزتر بوو. هیچ شتێکم دەربارەی فەلسەفە نەدەزانی! تا ئەو کات سێ کتێبی فەلسەفیم خوێندبووەوە… مامۆستاکەم داوای لێ کردم باسێک بنووسم. باسەکەم زۆر باش نەبوو، ڕەخنەی لێ گرت. باسێکی ترم نووسی و دیسانەوە ڕەخنەی لێ گرتەوە. دڵگران بووم و پێم وا بوو ئەو هەڵەیە و من لەسەر حەقم. داوای لێ کردم باسی سێیەم بنووسم –فێربوون لە زانکۆی ئۆکسفۆرددا زۆر کەسییە- مامۆستاکەم دیسانەوەش ڕەخنەی لە باسەکە گرت و لە دواییدا تێگەیشتم کە ئەو لەسەر حەقە. لەو کاتەوە پەیوەندیی ڕاستەقینەم بە فەلسەفەوە دەستی پێ کرد… بە هۆی خواردنەوەیە مرۆڤ ئارەزووی بۆ پەیدا دەبێت.

پرسیار: بە گشتی دەتوانین بڵێین بەسوتفە بوویت بە فەیلەسوف…

وەڵام: وەکوو هەموو فەیلەسوفانی تر. بێرتراند ڕاسڵ ئەوسا کە لە کێمبریج فەلسەفەی دەخوێند، جۆرج ئێدوارد مۆر (moore) لەوێ وانەی فەلسەفەی دەوتەوە. من بۆ ئەوە نەبوومە فەیلەسوف بمەوێت وەڵامی پرسیارە گەورەکانی وەک “لە کوێوە دێین؟”، “ئێمە کێین؟”، “چاکە چییە؟”، “خراپە كامەیە؟”، هتد، بدەمەوە. ئەڵبەتە حەزم دەکرد بتوانم وەڵامێک بدۆزمەوە… ئەگەر بوومەتە فەیلەسوف، تەنیا بە هۆی پێگەی ئەکادیمییەوە بووە!

پرسیار: دەربارەی ئەوەی فەرەنسییەکان ئارەزوویەکی ئەوتۆیان بۆ کارەکانت نیشان نەداوە، چ ڕوونکردنەوەیەکت هەیە؟

وەڵام: هیچ!

پرسیار: ئایە هۆکارەکەی ئەوە نییە هیچ کات نەچوویتە ناو باس‌وخواسی مارکسیستی-دژەمارکسیستییەوە؟

وەڵام: لەوانەیە. لە فەرەنسا لە تەواوی قۆناغی دوای جەنگدا، تەواوی ڕۆشنبیرە باوەکانی ئەو ڕۆژگارە چەپ بوون. لە ئەندامانی پێشووی حیزبی کۆمۆنیستەوە بیگرە تا هاوڕێیان و لایەنگرانی پێشوویان… هەرگیز لەگەڵ ئەم هزرانەدا نە کۆک بوومە و نە دژیش. تەنیا هەمیشە دژەمارکسیست بوومە، بێ ئەوەی کۆنەپارێز بم. هەمیشە لە لایەن چەپەکانەوە بە تۆمەتی پەڕگیری لە کۆنەپارێزی و لە لایەن ڕاستەکانیشەوە بە تۆمەتی پەڕگیری لە ئازادیخوازی، ڕووبەڕووی هێرش بوومەتەوە.

پرسیار: لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕێی ڕیمۆن ئارۆن بوویت…

وەڵام: بەڵێ، بەڵام هێندەی ئەو ڕاستڕەو نیم. ڕیمۆن شیکەرەوەیەکی گەورە بوو. باشترە بڵێم “نووسەرێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی”ی زۆر باش بوو. کەمێک باڵاتر لە ڕۆژنامەنووسێک و کەمێک خوارتر لە فەیلەسوفێک! شتێک لەو نێوانە. هاوڕێم بوو، باوەڕی وا بوو هیچ هەستێکی پەیوەندیم بە فشاری گەورەی چەپەوە نییە لە فەرەنسا، ئەمەش هۆکاری نەناسراوی منە لەو وڵاتەدا.

پرسیار: بە پێچەوانەوە. ئینگلیزەکانیش هەرگیز ئارەزوویەکی زۆریان بۆ بیرمەندە فەرەنسییەکان نیشان نەداوە. سەبارەت بە بەیاخپێنەدانی ئینگیلیزەکان بە مارکسیزم، چ ڕوونکردنەوەیەکت هەیە؟

وەڵام: ئایدۆلۆژیا هەرگیز جێگەی بایەخپێدانی فەیلەسوفانی ئینگیلزی نەبووە… ئینگلیزەکان هیچ کات لە بەرانبەر هزرە ئەبستراکتەکان و سیستەمە فیکرییەکاندا هەستیان بە ئاسوودەیی نەکردووە… ئەڵبەتە ئەوانیش خاوەن هزرن، بەڵام زیاتر بە شێوەی بیروبۆچوون. لە فەرەنسا کۆمەڵێک کتێبی لەم جۆرە بوونیان هەیە: “لە بوونەوە تا مۆنتیسکۆ”، “لە مۆنتیسکۆوە تا ڕۆسۆ”، “لە ڕۆسۆوە تا ١٨٤٨”، لە سۆسیالیستەکانەوە تا لیۆن بۆرژوا”، “لە لیۆن بۆرژواوە تا سارتەر”… ئەمە لەوانەیە بتوانرێت ناوی بنرێت مێژووی هزری، یان Geistgeschichte (مێژووی ڕۆح). بەڵام لە بەریتانیا بەم جۆرە نییە، مێژووی هزرەکان تەنیا بە یەک کتێب بخرێنە ڕوو. وێنای ئەوە بکە پیرۆییەکی تێگەیشتوو لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بۆ نموونە لە ساڵی ١٨٥٠دا هاتبێتە بەریتانیاوە. لەوانەیە کۆمەڵێ قسە و باس دەربارەی جۆن ستیوارت میل، چارڵز داروین، هێربێرت سپێنسەر، جێرمی بێتنام، و … ببیستێت و لەوانەشە شەرحی هەنووکەییش دەربارەی ئەم کەسانە بخوێنێتەوە. بەڵام دەبینێت هیچ خوێندنەوەیەکی گشتی و هیچ کورتەمێژوویەک دەربارەی هزرەکانیان بوونی نییە.

پرسیار: کەوایە وەکوو مێژوونووسی هزرەکان دەبێت زۆر هەستت بە دوورەپەرێزی کردبێت.

وەڵام: بەڵێ. ئەڵبەتە کەسانی زۆر تێگەیشتوو هەن کە لەگەڵیاندا دەتوانم وتووێژ بکەم، فەیلەسوفانێ کە لەگەڵ هزرەکاندا ئاشنایەتییان هەیە، بەڵام ئەم وتووێژانە پسپۆڕییانە نین.

پرسیار: بەوپێیە بێت مەودایەکی قووڵ لە نێوان بیرمەندانی فەرەنسی و ئەنگلۆ-ساکسۆنیدا بوونی هەیە…

وەڵام: ڕاستە. تا سەرەتای سەدەی بیستەم، فەلسەفە لە ئەوروپادا سروشتێکی نێونەتەوەیی هەبوو. بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستدا کەلێنێکی بنەڕەتی کەوتە نێوان فەلسەفەی ئەنگلۆساکسۆنی و باقی ئەوروپاوە. لە لایەک ئەمریکییەکان، نەرویژییەکان، کەناداییەکان، هۆڵەندییەکان هەن، لە لایەکی تریش فەرەنسییەکان، ئیتاڵییەکان، ئیسپانییەکان و ئەڵمانییەکان هەن، کە لە هیگڵ، مارکس، هایدیگەرەوە زۆر کاریگەرییان وەرگرتووە… لە بەریتانیا چ کەسێک بەرهەمەکانی هایدیگەر یان سارتەری خوێندووەتەوە؟ کەلێنی نێوان ئەم دوو سیستەمە فیکرییە زۆر قووڵە. هەندێک ئێستا هەوڵ دەدەن لە ڕێی بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی فەلسەفیی ئەوروپییەوە، پردێک چێ بکەن بۆ نزیکبوونەوەی ئەم دوو ڕەوتە فیکرییە. ئارەزووی سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم! فەیلەسوفە ئینگلیزەکان لە چاوی فەرەنسییەکانەوە زیاتر تەکنۆلۆژیستن و ئارەزوویەکی وەها نابزووێنن، هەروەها ئینگلیزەکانیش زۆربەی فەیلەسوفە فەرەنسییەکان بە ڕەشبین و پووچگەرا دادەنێن، پێیان وایە بە زمانگەلێکی جیاواز دەدوێن.

پرسیار: ڕیشەی ئەم کەلێنە چییە؟

وەڵام: پێم وایە ڕیشەی ئەو کەلێنە، ئینگلیزەکان بن. لە سەرەتای سەدەی بیستدا لە کامبریج جۆرج ئێدوارد مۆر، مامۆستایەکی زۆر بەناوبانگ بوو، کاریگەرییەکی فراوانی لەسەر کینز، ڕاسڵ، بلۆمزبوری، و کۆی فەلسەفەی کامبریج دانا. پیاوێک بوو زۆر هۆشیار، زۆر بەڕێز، خاوەنی هزرێکی زۆر ڕوون. لەگەڵ سیستەمە فیکرییەکانی وەکوو فەلسەفەی کانت، فەلسەفەی هیگڵ… هتد نەیار بوو… بە باوەڕی ئەو، پێش بنیاتنانی بینا گەورە فیکرییەکان، پێویستە کۆمەڵێ پرسیاری سادە دەربارەی کەرەستەکانی بینا و دەربارەی ئەو خشتانەی کە دەمانەوێت بیناکەی لێ چێ بکەین، بخەینە ڕوو. جۆرج ئێدوارد پەرژایە سەر لێکۆڵینەوە لە وردبینیی چەمکەکان، بەو مەبەستەی تەعریفێکی مانایی وردی چەمکە فەلسەفییەکانی وەکوو: “کۆنکرێتی”، “گشتەکی”، “دیالەکتیک”… و کۆی ئەو وشانەی کە لە خزمەت ئەندامانی “یانەی هیگڵی”دا بوون، بخاتە ڕوو. ئەم کارەی کاریگەرییەکی باشی دانا لەسەر بێرتراند ڕاسڵ و قوتابخانەی پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی، هەروەها لە فەلسەفەی ئەنگلۆساکسۆندا کاریگەریی دژەئاڵۆزی زۆری هەبوو… فەلسەفە بە شێوەیەکی گشتی خاوەنی قۆناغگەلێکی ئاڵۆز و دژەئاڵۆزە.

پرسیار: ئایە لە فەلسەفەدا هێنانەکایەی کۆمەڵێ تیۆری ئەبستراکتی ناڕوون و داخراو بە ئاڵۆز ناو دەبەیت؟

وەڵام: لە سەدەی هەڤدەیەمدا، کۆمەڵێ سیستەمی فیکری گەورە هەبوون کە کەم ‌تا زۆر پەیوەست بوون بە کڵێسای کاسۆلیکییەوە و زۆر ئاڵۆز بوون. دواتر لەگەڵ دیکارتدا قۆناغی دژەئاڵۆزی گەیشت، کە پرسیارگەلێکی سادەی خستە ڕوو وەک: “من کێم؟”، “دەربارەی هەقیقەتی گوتار چی دەزانم؟”. دیکارت بە وردی لەو شتەی دەکۆڵییەوە کە دەیتوانی دەربارەی دڵنیا بێت. (کڵێسا، کە کۆمەڵێ سیستەمی فەلسەفیی گەورەی هەڵبژاردبوو، نەیدەتوانی لەگەڵ ئەم کارەی دیکارتدا کۆک بێت!) لە دوای دیکارت، سپینۆزامان هەیە کە ئەویش دژەئاڵۆزە و بە وریاییەوە لە هەر پێشهاتێک دەکۆڵێتەوە. ئەو زمانەی سپینۆزا پێی دەینووسی، لاتینییەکی زۆر ڕوون و ڕەوان بوو. دواتر دەگەین بە لایبنیتز کە ئەویش زۆر ڕوون و زۆر وردبینە. ئەڵبەتە کۆمەڵێ تیۆری ئەبستراکتی خستە ڕوو، بەڵام خستنەڕووی بابەتەکەی بە وردییەکی زۆرەوە بەرجەستە دەکرد. هەر مرۆڤێکی ئاسایی دەتوانێت لە لایبنیتز تێبگات. لە سەدەی هەژدەیەمدا، لەگەڵ بیرمەندانی وەک هۆبز، بێرکلی، لۆک، هیۆم، هۆڵباخ، دیدرۆ، و تەواوی خاوەنانی ئینسکلۆپیدیادا، کە شیکەرەوەی ڕەشبین نین، هێشتا لەناو دڵی قۆناغی دژەئاڵۆزیی فەلسەفیداین. فەیلەسوفێک کە لەگەڵ ئەودا قۆناغی ئاڵۆزیی فەلسەفی دەست پێ دەکات، ئیمانوێل کانتە. کۆی ئەو بابەتانەی کە کانت پێش کتێبی “ڕەخنەی ئەقڵی پەتی” نووسیونی، واتا پێش ساڵی ١٧٨١، بەتەواوی ڕوون و ڕەوانن؛ وەکوو بەرهەمەکانی دەربارەی ئەستێرەناسی، فیزیک، و … کانت لە ڕاستیدا بیرکردنەوەی فەلسەفی گۆڕی و بیرکردنەوەگەلێکی تەواو ڕەسەنی هەبوون. ئەو کۆمەڵێ کەشفی سەرسووڕ‌هێنەری کرد. بەڵام ناچار بوو بۆ ڕوونکردنەوەی “بنەما بابەتییەکان”ی خۆی، کۆمەڵێ چەمکی تایبەت بە خۆی دابهێنێت. بە هۆی ئەمەوەیە خوێندنەوەی “ڕەخنەی ئەقڵی پەتی”تا ئەم ئەندازەیە دژوارە. ئەوەی کانت دەیڵێت، دەبێت بە شێوەی جیاواز تەفسیر بکرێت. مانا هەمیشە ڕوون نییە.

پرسیار: ئایە ئەم قۆناغە ئاڵۆزە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خۆیدا تا هایدیگەر بەردەوام دەبێت؟

وەڵام: بەڵێ، بەدەر لە کەسانی وەک شۆپنهاوەر کە فەیلەسوفێکی درەوشاوە بوو، یان نیچە کە بە ئەڵمانییەکی زۆر ڕوون دەینووسی. بەڵام لە دوای کانتەوە، هزرەکانی ئەوان کاریگەرییەکی وەهایان نەبوو. هیگڵیش بەشێکە لە زنجیرەی فەیلەسوفانی ئاڵۆز. هیگڵ کۆمەڵێ چەمک بەکار دەهێنێت قابیلی تێگەیشتن نین… دیمەنێک لەو ناکۆکییە قووڵەی نێوانیان دەخەمە ڕوو. شۆپنهاوەر و هیگڵ ڕقیان لە یەکتر دەبووەوە. کاتی وانەگوتنەوەیان لە زانکۆدا هاوکات بوو، هەموو خوێندکاران وانەی هیگڵیان هەڵدەبژارد، کە شۆپنهاوەر بە کەسێکی فریودەری دادەنا!

پرسیار: دەربارەی هیگڵ چۆن بیر دەکەیتەوە؟

وەڵام: ئێستا پێت دەڵێم هەستم چییە. کتێبی ئۆدیسەی هۆمەرت لەبیرە؟ لەو حەماسەیەدا، پاژێکی بەناوبانگ هەیە بەرکەوتنی ئولیس بە پۆلیۆفیمۆس کە دێوێکی مرۆڤخۆری خاوەن یەک چاوە، ڕوون دەکاتەوە. ئولیس دەچێتە ناو ئەشکەوتەکەی پۆلیۆفیمۆسەوە و ئەو شتەی نیگەرانی دەکات ئەوەیە، دەنگی پێی ئەو کەسانە دەبیستێت کە دەچنە لانەی دێوەکەوە، بەڵام هەرگیز دەنگی هاتنە دەرەوەیان نابیستێت! ئەمە تا ڕادەیەک دەربارەی هیگڵ ڕاستە. ئەوانەی بەرەو فەلسەفەی هیگڵ هەنگاو دەنێن، هیچ کات توانای هەڵاتنیان نییە.

پرسیار: ئەلێکساندەر هێرتسن (١٨١٢-١٨٧٠) باوکی ڕادیکاڵیزمی ڕووسی، کە زۆر جێگەی ستایشی تۆیە و چەند جار لەوەوە گوتەت وەرگرتووە، دەربارەی فەرەنسییەکان دەیوت: “لە هیچ شوێنێکدا، جگە لە  دوالیزم، ئەبستراکت، فەزیڵەتە ناچارییەکان، ئەخلاقگەرایی، و ئارەزووی ڕەوانبێژی، چاوت بە هیچ شتێکی تر ناکەوێت، بەبێ ئەوەی هیچیان پەیوەندییان بە ژیانی واقیعییەوە هەبێت…”

وەڵام: ئەم قسەیە بەتەواوی ڕاست بوو.

پرسیار: پێت وایە هێشتایش ڕاستە؟

وەڵام: دەشێ… بەڵام فەیلەسوفانی ئەمڕۆی فەرەنسا چ کەسانێکن؟ ناویانم پێ بڵێیت.

پرسیار: درێدا، بێرنار هێنری لیڤی، گلۆکسمان، دۆلۆز…

وەڵام: هەرگیز نەمتوانیوە شتێک کە درێدا دەینووسێت لێی تێبگەم. دەزانم ئەو لە فەرەنسا ستایش دەکرێت. لیڤی و گلۆکسمانیش شیکەرەوەی مارکسیزم بوون…! بەڵام میرلۆ-پۆنتی فەیلەسوفێکی ڕاستەقینە بوو! ئەو بیرکردنەوەی ڕەسەنی هەبوو…

پرسیار: ئایە لە ئەمڕۆی فەرەنسادا فەیلەسوفی گەورە بوونی نییە؟

وەڵام: ئەوە خۆت گوتت…! بۆچی، کاڤایس (Cavailles) بوو. نازییەکان لە ساڵی ١٩٤٣دا کوشتیان. لۆژیکزان بوو. قوتابخانەی پۆزەتیڤیزمی لە ئەڵمانیا و لە نزیک کارناپ دامەزراند. کارناپ ئەندامی “بازنەی ڤیەننا” بوو، شارێک کە فەلسەفەی دژەئاڵۆزیی بەریتانیا تا ڕادەیەک تێیدا باڵادەستی هەبوو… گوتنی ترسناکە…  پێم وا نییە لە جیهانی ئەمڕۆدا فەیلەسوفانی گەورە بوونیان هەبێت. بەڵام ئەمە شتێکە کە نابێت باس بکرێت. هەندێک لە دۆستەکانم خۆیان بە فەیلەسوفانی گەورە دادەنێن! بە هەرحاڵ نە لە فەرەنسا و نە لە بەریتانیادا شتێکی وەها نابینم. لەوانەیە یەک دووانێک لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەبن.

پرسیار: جۆن ڕاوڵز؟

وەڵام: دۆستی من و فەیلەسوفێکی گەورەیە، بەڵام خۆی نکۆڵی لێ دەکات. زۆر خاکەڕایە.

پرسیار: کێی تر؟

وەڵام: ناتوانم فێرستێک بخەمە ڕوو. ئەو مەترسییە بوونی هەیە کەسانێک فەرامۆش بکەین! فەیلەسوفانێکی باش هەن کە دەپەرژێنە سەر فەلسەفەی زانست. هەموویان ئەمریکین.

پرسیار: بە ڕاستی فەیلەسوفان بە کەڵکی چی دێن؟

وەڵام: کاریان فەلسەفاندن و بیرکردنەوەیە. ئەگەر لێم بپرسی ئامانجی هونەر چییە، دەڵێم هونەر ئامانجی نییە. ئامانجی هونەر، هونەرە. ئامانجی ئەشق، ئەشقە. ئامانجی فەلسەفە، گەڕانە بە دوای هەقیقەتی فەلسەفییەوە، وەڵامی کۆمەڵێ پرسیارە کە مناڵان دەیخەنە ڕوو. بۆچی دەبێت بە شوێن ئەنجامدانی فڵان ئەرکەوە بین؟ بۆچی دەبێت کەسێک لەژێر فەرمانی کەسێکی تردا بێت؟

پرسیار: بۆچی لە جیهانی ئەمڕۆدا ئیتر ئەم پرسیارانە ناخرێنە ڕوو؟

وەڵام: ئێمە دەیانخەینە ڕوو. لە هارڤارد، ئۆکسفۆرد یان ستۆکهۆڵم. لە فەرەنسا ئەم پرسیارانە ناخەنە ڕوو، چونکە زۆربەی فەیلەسوفانی فەرەنسی پێیان وایە ئەو پرسیارانەی ڕاستەوخۆ بە مەسەلە سەرەکییەکانی ژیانی کۆمەڵگەوە پەیوەست نەبن، گاڵتەجاڕانەن.

پرسیار: پرسی بنەڕەتیی مرۆڤ، واتا ئازادی، هێشتا بێ وەڵام ماوەتەوە.

وەڵام: لە یۆنان دوو قوتابخانە بوونیان هەبوو: ڕەواقییەکان باوەڕیان بە جەبری هۆیی هەبوو، هەروەها لایەنگرانی فەلسەفەی ئەپیکۆر کە باوەڕیان بە ئازادی بوو. لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ کەس لەم زەمینەیەدا هیچ قسەیەکی باوەڕ پێ کراوی نەگوتووە. ئەمە مەسەلەیەکە چارەهەڵنەگر. کانت زۆر باش پەیڤیوە، ویلیام جەیمزیش، هەروەها هیگڵیش هاوشێوەی هەمووان. هەموو فەیلەسوفان لەم بارەیەوە بیروبۆچوونیان هەیە، بەڵام لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن. کۆکبوون بوونی نییە و ناکرێت بوونی هەبێت. زۆر کێشەیە بە مرۆڤ بڵێین بەتەواوی پابەندە بە ویستەکان و لەگەڵ ئەوەدا ئازادە هەر کارێکی بوێت بیکات.

پرسیار: تۆ وەکوو مامۆستای هزری لیبراڵی دادەنێن. چ تەعریفێکت بۆ لیبراڵیزم هەیە؟

وەڵام: جۆرەکانی لیبراڵیزم زۆرن. ڕیشەی ئەم وشەیە ئیسپانییە. “لۆس لیبراڵیس” (los liberales) لە سەدەی نۆزدەیەمدا بە کەسانێکیان دەگوت کە دژی پادشایەتی و دژی کڵێسا بوون… لیبراڵەکان کەسانێکن باوەڕیان بە ئازادییە تاکەکەسییەکان هەیە، هەر ئەمە!

پرسیار: ئایە بە بۆچوونی تۆ دیموکراسی و لیبراڵیزم دوو کاتیگۆریی جیاوازن؟

وەڵام: دیموکراسی دەتوانێت سەرکوتکەر بێت و مرۆڤەکان بێبەش بکات لە ئازادی. تاکە هۆکارێک کە ببێتە هۆی ئەوەی لیبراڵەکان پشتیوانی لە دیموکراسی بکەن، ئەوەیە کە ئەوان لە دیموکراسیدا لانی کەم دەتوانن لە پێناوی ئازادیدا خەبات بکەن، بەڵام کارێکی وەها لە سیستەمێکی دیکتاتۆریدا ئیمکانی نییە.

پرسیار: ئایە لیبراڵیزمیش دەتوانێت سەرکوتکەر بێت؟

وەڵام: نە، پێم وا نییە. کاتێک باوەڕ بە ئازادییە تاکەکەسییەکان بوونی هەبێت، ئیمکانی کەمی هەیە مناڵەکان لە کانگەکاندا کاریان پێ بکرێت! لیبراڵیزم، “لێگەڕێ هەرچی دەبێت با ببێت” نییە. سیستەمێکی ئابوورییش نییە. لیبراڵیزم سیستەمێکە پاراستنی سنووری ئازادییە بنەڕەتییەکان لەئەستۆ دەگرێت.

پرسیار: ئایە ڕاستە ڤالێری جیسکار دیستان هاتبووە لەندەن بۆ بینینی تۆ؟

وەڵام: بەڵێ. دوو جار. وا دیار بوو یەکێک لە کتێبەکانمی خوێندبووە. هاتبوو دەربارەی فەرەنسا و مارکسیزم لەگەڵمدا گفتوگۆ بکات… پێم وایە ساڵی ١٩٨١ بوو، ڕێک دوای لاچوونی لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری. بۆی ڕوون کردمەوە شیکردنەوەی مارکسیستی دەربارەی فەرەنسا بڕوا پێ کراو نییە، چونکە چینێکی گرنگ و باڵادەست لە پیشەسازان و تەکنۆکراتەکان لەو وڵاتەدا بوونی هەیە کە نە کارمەندن و نە کرێکار. لە ئاکامدا ئەو تیۆرانەی پەیوەستن بە لێکدابڕانی نێوان سەرمایە و کار، نێوانی چەوسێنەران و چەوساوان لە فەرەنسا ڕاست دەرناچێت… پێم گوت هیچ شتێ دەربارەی فەرەنسا نازانم، بەڵام حەز دەکەم باوەڕ بەوە بکەم کە دەیڵێیت. دواتر لێی پرسیم لە ڕوانگەی منەوە چ شتێک هێشتا لە مارکسیزمدا “زیندوو” و جێی باسە. وەڵامم دایەوە کە مێژوو تەواوی پێشبینییەکانی مارکسی بە فراوانی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام مارکس خۆی بلیمەت بووە. مارکس هەر هزرێکی، جگە لە دوو سێ دانەیان، لە کەسێکی ترەوە وەرگرتووە. بەڵام لەو هزرانەی وەریگرتوون ئاوێتەیەکی درەوشاوە و ڕاچلەکێنەری پێک هێناوە. ململانێی چینایەتی هزرێکە پەیوەستە بە سان سیمۆنەوە. زێدەبەها دەگەڕێتەوە بۆ هۆدگسکین. دژیەکییەکانی سەرمایەداری دەگەڕێتەوە بۆ فۆریە… بەڵام گرنگیی کاریگەریی هەلومەرجی تەکنۆلۆژی لەسەر کولتوور، هزرێکی گەورەی خودی مارکسە. سان سیمۆنیش ئاماژەی بەوە کردبوو، بەڵام بە جەختکردنەوەی کەمتر. لەگەڵ جیسکار دیستان گفتوگۆمان دەکرد دەربارەی ئەو شتانەی کە لە شیکردنەوەی مارکسدا هێشتا جێی باس و زیندوون، واتا دەربارەی کاریگەریی ئابووری لەسەر سیاسەت، چینە کۆمەڵایەتییەکان، سەرمایەی گەورە… هەموو ئەمانە هێشتا بوونیان هەیە. ئەوەی پووچەڵ بووەتەوە، کۆی تیۆرەکانی مارکسە.

پرسیار: بەڵام هێشتا حیزبی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی بوونیان هەیە…

وەڵام: ڕەنگە ئەمە هێشتا بۆ ئەمریکای باشوور مانای هەبێت، بەڵام لە ئەوروپا نا. لێرە ڕووداوێکی سەیر و بێ پێشینە ڕووی داوە. بە هەرحاڵ، دوای ٢١٥ ساڵ، ئەوەی دەکرێت ناو بنرێت هزری چەپ، لەناو چووە… پێت وایە “چەپ” بۆ فەرەنسییەکان چ مانایەکی هەیە! “بزووتنەوەی چەپ” لە فەرەنسادا وەک نەیارێک دژ بە دەوڵەت و کڵێسا پەیدا بوو! ڤۆڵتێر بە جۆرێ یەکەمین چەپگەرایە. دوای ڤۆڵتێر، خاوەنانی ئەنسکلۆپیدیا، دیدرۆ، ڕۆسۆ، و … هەن… ئەوان لەناو خۆیاندا کۆک نەبوون، بەڵام هەموویان نەیار و دژی کڵێسا و پادشایەتی بوون. ئەم نەریتە چەپگەراییە لەگەڵ ڕۆبسپێر و شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا بەردەوام دەبێت. دوای ئەوە ناپلیۆن دەردەکەوێت کە ئەویش لە لایەن تەواوی زنجیرەی پادشایەتیی ئەوروپاوە بە “چەپ” ناسرا.

پرسیار: ناپلیۆن “چەپگەرا” بوو؟

وەڵام: بە مانایەک کە دوژمنی پادشایەتی و پادشایانی ئەوروپا بوو، بەڵێ. بە لای نەمسا و ئەڵمانەوە ناپلیۆن ئامرازی چەپەکان بوو دژ بە ڕاستەکان. ئەو ئاڵا سێ ڕەنگەکەی دووبارە بەرز کردەوە! نەیاری کڵێسا بوو، سووکایەتی بە پاپا دەکرد… و پۆناپارتیزم بە جۆرێ درێژەپێدەری ئامانجی شۆڕش بوو. پرەنسیپەکانی چەپ، ئەگەرچی بە شێوەیەکی گۆڕاو، بەڵام لە بزاوتی ناپلیۆنیدا بەردەوام دەبن… دوای ئەوە قۆناغی گەڕانەوەی پادشایەتی دەگات، بەڵام لە پاریس ساڵانی ١٨٢٠دا لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان ڕووبەڕووین. کەسانی وەک بیۆناروتی-مان هەیە. فەرەنسا زێدی شۆڕشگێڕانە. وێنای ئەوە بکە چ کەسانێک لە ساڵی  ١٨٤٠دا لە پاریس دەژین: باکۆنین، مارکس، مازینی، پرۆدۆن، بلانکی، لۆرۆ… هەموویان شۆڕشگێڕن، هەمووشیان دۆستی جۆرج ساندن. پاریس ڕووگەی چەپەکانە. هەموو ناڕازییانی ئەڵمانی و ڕووسی… لەوێ کۆ دەبنەوە. ئەم بارودۆخە لەگەڵ ڕووداوەکانی ساڵی ١٨٤٨ و کۆماری دووەمدا بەردەوام دەبێت. هەمیشە بە جۆرێ لە جۆرەکان ڕەوتی چەپ لە گۆڕێدایە. پاشان قۆناغی ناپلیۆنی سێیەم و کۆنەپارێزی دەگەڕێتەوە. تەنانەت ناپلیۆنی سێیەمیش ڕاستڕەو نەبوو. ئەو ڕەمزی یەکگرتنی نیشتمانپەروەرانەیە دژ بە خانەدانان. ئەو بوو کرێکارانی بۆ لەندەن نارد بۆ ئەوەی بەشداریی لە “ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم” دا بکەن، کە لە لایەن مارکسەوە سەرپەرشتی دەکرا. هەر ئەو بوو بۆ ئارامکردنەوەی کرێکاران، بوودجەی سەندیکاکانی دابین کرد… دواتر دەگەین بە کۆمۆنەی پاریس… دوای ئەوە پێکهێنانی سێ حیزبی سۆسیالیستی لە فەرەنسا. دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا دادەمەزرێت کە دەسەڵاتێکی فراوان پەیدا دەکات… شاری پاریس ماوەی زیاتر لە دوو سەدە، ناوەندێکی گەورە بوو بۆ هزرە چەپەکان… و پاشان ئیتر هیچ. ڕێگە بدە منیش لە نەوبەی خۆمدا پرسیارێک بکەم: لە فەرەنسا ناوی تەنیا یەک کۆمۆنیستی بەناوبانگ بڵێ، ئەڵبەتە جگە لە… ناوی چییە؟

پرسیار: جۆرج مارشە (سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا)!

وەڵام: بەڵێ بەڕێز مارشە. دەتوانم هەمان پرسیار دەربارەی ڕۆشنبیرانی چەپیش بخەمە ڕوو… ڕێبەرانی ئێستای چەپ چ کەسانێکن؟ من گەنجێکم، زۆر ئایدیالیستم، لایەنگری لاوازان و هەژارانم، نەفرەت لە سەرمایەداری دەکەم، خوازیاری عەدالەت و یەکسانیم، ئازادی و برایەتیم دەوێت، دەتوانم بە شوێن کام ڕابەر بکەوم؟

پرسیار: قبووڵمە کە ڕابەرێک بوونی نییە. بەڵام ئامانجی چەپ هێشتا بوونی هەیە…

وەڵام: بەهیوام! هێشتا هەستێکی دژەڕاست بوونی هەیە، بەڵام لە ئێستادا زۆر لاوازە. ڕووسیای ئەمڕۆ لەبەرچاو بگرە. زۆر هەن کە هێشتا تا ڕادەیەک باوەڕیان بە کۆمۆنیزمە؛ کەسانێک کە ئارەزوومەندی ئابووریی بازاڕن، بەڵام خوازیاری سەرمایەداری نین، جیهانی سەرمایەدارییان خۆش ناوێت. لە مەبەستی ئەوان تێدەگەیت؟

پرسیار: دەربارەی گڕوتینی ناسیۆنالیستی کە وڵاتانی ئەوروپای ناوەندی بەیەکا دەدات، چ ڕوونکردنەوەیەکت هەیە؟

وەڵام: ئەمە مەترسیی گەورەی ساڵانی کۆتایی سەدەکەیە… گەلانی جۆراوجۆر بۆ بەدەستهێنانی پلورالیزمی کولتووری، بۆ ماوەی دوورودرێژ لەژێر ستەمدا بوونە. کولتوورە لۆکاڵییەکان ئیمکانی دەرکەوتنیان نەبووە. ناسیۆنالیزم هەمیشە بە جۆرێ بچووکردنەوەی [ئەویتر]ە، دەستکەوتەکەی بریندارکردنە. سەیری یوگوسلاڤیا بکە. سەرەتا لەژێر دیکتاتۆریەتی پادشا ئەلێکساندەردا بووە و دوای ئەوە لەژێر زۆرداریی تیتۆیی… بە شێوەیەکی گشتی لە مێژوودا دوای هەر قۆناغێکی ئەقڵانی، جۆرێ لە گەڕانەوەی هەستەکان، کاردانەوەی توند، هەروەها پەرچەکرداری عاتیفی، بوونیان هەیە… مرۆڤ لەگەڵ یەکتردا دەکەونە جەنگەوە، خەڵکێکی زۆر دەمرن، بەڵام ئیدی هیچ هەواڵێ دەربارەی سیستەمی گەورەی ستەمی ناوەندی و پەیامبەری گەورە، بوونی نابێت.

پرسیار: دەڵێیت ئیدی پەیامبەران هیچ هەواڵێکیان نابێت، بەڵام ئایە بەبێ شاری یۆتۆپی دەتوانین بژیین؟

وەڵام: پێم وا نییە پێویستمان بە شاری یۆتۆپی هەبێت. مرۆڤ پێویستی بە ئامانج هەیە، پێویستی بە ئومێد هەیە، ئومێد کەمێک شایستەبوون بە مرۆڤ دەبەخشێت. مرۆڤ پێویستی بە بینینی داهاتووە هەیە، بەڵام پێویستی بە شاری یۆتۆپی نییە. شاری یۆتۆپی بەزۆری بەو مانایە دێت کە مرۆڤێک ئامادەیە ئێستای بکات بە قوربانیی داهاتوو.

پرسیار: ڕوانینت دەربارەی داهاتوو چییە؟

وەڵام: لەوانەیە ڕۆژگارێ زۆرێک لە کۆمەڵگەکان تا ڕادەیەک بە شایستەبوون بگەن! دەکرێت بە ئومێد بین کە کاریگەریی کەسانی هۆشیار و بە کردەیی ئاکارباش، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بن. هیچ هۆکارێک نییە پێمان وا بێت شتێکی لەو جۆرە ئەستەمە. دەبێت کار بکرێت لە ڕێی ئامانجێکی لەو چەشنەدا… لینین لە هەمان ساڵی ١٩١٧دا بە کرێکارانی دەگوت شۆڕش لە ڕووسیادا تا پێش کۆتایی سەدەکە بە سەرکەوتن ناگات، بەڵام دەبێت لە کارکردن بەردەوام بین و ساتێ لێی بێئاگا نەبین… منیش هەمان شتتان پێ دەڵێم!