رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چەمکى بێگەرد بوون و فاشیزم

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: موحەمەد عەبدولکەریم

Download PDF

کاتێک تورکەکان دەڵێن: یەک نەتەوە هەیە لە تورکیا دا، سوودوەرگرتنە لە چەمکى بێگەردبوون، چونکە سیفەتێک لە سیفەتى فاشیستەکان بەکارهێنانى چەمکى پوخت و بێگەربوونە. بێگەردبوون واتە کۆتا ئاستى پاکێتى، پێوە نەمانى هیچ لەکەو پەڵەیەک، بێگەردبوون واتاى ڕزگاربوونە لەوانى تر، یان بە مانایەک چڕبوونەوەى پاکێتى و لابردنى ئەو زیادانەى پێویستن بۆ بێگەردبوونى شتێک. بێگەردبوون لاى تورکەکان هەم لەڕێی نەفی کردن و کوشتن و بڕینەوە یاخود نواندنى ئەکتى بەخۆکردن و توانەوەی ئەوى تر لە خۆتدا درووست دەبێت. بێگەرد بوون لە تورکیا  بە ماناى بوونى یەک نەتەوە یان باشتر بڵێین نەفى بوونى “کورد و زمانى کوردى،  نکوڵی کەلتور و مۆسیقا و هونەری کوردی”  ڕزگاربوون و دوورە پەرێزى لە نەتەوەى کورد دێت. بێگەردى تورکیا نابێت تێک بچێت، ئەم تێکچوونەش لە ڕێى داننان بە وى ترەوە دروست دەبێت. لێرەوە گەلانى ناو دەوڵەتى تورکیا بەتایبەتیش “کورد” دەبنە پەڵە و لەکە بەسەر بێگەردى تورکەوە. بە درێژایی دەیان ساڵە تورک هەوڵى ئەوەى داوە ئەم لەکەو پەڵانە بسڕێتەوە. فاشیزمى تورکى لە ئەتاتورکەوە تا دەگات بە ئەردۆغان درێژەى هەیە. بە جۆرێک ئەقڵییەتى مرۆڤى تورکى هەم وەک خەڵک هەم وەک سیاسی دەربارەى نەتەوەى کورد هێشتا وەرچەرخانى بەخۆیەوە نەدیوە، هەر بۆیە هەرکام لەو کەسانەى لە تورکیا دێنە سەر دەسەڵات “چ ئیسلامییەکان بن یاخود عەلمانییەکان” ڕەگێکی ئەتاتورکیان هەر تێدایە. بەو مانایەی مردووەکان دەستیان لە قەبرەکانەوە دەرهێناوە، پێیان گرتووین حوکممان دەکەن. بۆیە بوونى ڕۆژئاڤا و بەرگریکردنەکەى، هۆکارى دەرخستن و تۆخکردنەوەى ویستى سەرخستنى چەمکى “بێگەردبوون” بوو لە لایەن تورکیاوە، هەروەها دەرخستنى نیازى سڕینەوەى بوونى کورد بوو. بە درێژایی ئەم سەد ساڵە، کورد دەیەوێت تورک ڕزگاربکات لە ئوستورەى “بێگەرد بوون” بە مانایەکی تر لە ڕێی درووستکردنى پەڵەیەکەوە یاخود داننان بە بوونى دا، فاشیزیمى تورکى دووچارى هەرەسى خۆى بکاتەوە.

هەوڵدان بۆ دروستکردنى بێگەردى واتە خۆ ڕزگارکردن لە هەموو ئەو شتانەى وک تۆ نین، جیاوازن لە تۆ، لێرەوە هەوڵدان بۆ بێگەردبوون مانای ڕزگاربوونە لەوى تر. کورد ئەو میلەتەیە، تورک دەبێت خۆی لێ ڕزگار بکات. هەر سەپاندنى زاراوەى “تورکى چیایى” بەسەر کورد دا هەوڵێکى ترى فاشیستییە بۆ سڕینەوەى بوونى کورد، زمانحاڵى چەمکى بێگەردبوونە. وەک چۆن نەژاد پەرستە نازییەکان هەوڵیان دەدا خۆیان لە جولەکەکان ڕزگاربکەن، بەو پێیەى  ڕزگاربوونیان لە جولەکە ڕێگەى باشترکردنى ژیان و سەرکەوتنیانە، ئاوهاش نەتەوە پەرستى تورک لەسەر بنەماى نەفى کردنى بوونى کورد  و کەمە نەتەوەکانی تر درووست بووە. بۆیە سڕینەوەی بوونى کورد لەلایەن تورکى ڕەگەزپەرستەوە ماناى پردێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى تورکیا، هەروەها پاراستنى کیانى تورکە لە بەشداریکردنى نەتەوەى کورد. ساڵى 1971 لە ڕۆژهەڵات دەست کرا بە گرتن لە هەموو چین وتوێژەکانى کورد، خوێندکار فەرمانبەر و شێخ و وسەرۆک خێڵە کوردەکان و موچە خۆرە بچوکەکان. ساڵى گرتنى بە کۆمەڵ بوو، لە دادگاش وەرگێڕ کەوتە نێوانیان چونکە کوردەکان یەک وشە تورکیان نەدەزانى، بەڵام هەر سور بوون لەسەر ئەوەى هەر تورکن و کوردی زاراوەیەکى سەربە زمانى تورکیە. پرۆفیسۆر و زانکۆکان بە پەرۆشەوە پاساویان بۆ بۆچوونى حاکمەکانى دەوڵەت دەهێنایەوە. لەڕێى زانستەوە کارى سەلماندنیان بۆ دەکرد و پشتڕاستیان دەکردەوە، گوایا لە ڕێى زانستەوە ئەم حەقیقەتەیان ڕوونکردووەتەوە، کە کورد تورکە. هەر ئەم دادگایەش ڕێی خۆشکرد مرۆڤى کورد وشیار بێتەوە بەرانبەر بە کلتور و فەرهەنگ و زمان و ئەدەبى خۆى.  لێرەوە دەبینین دەزگا حکومییەکان هەر لە دادگاکانەوە تا دەگاتە زانکۆکان دەبنە ئامرازێک بۆ پاککردنەوەى تورکیا لە کورد. لێرەوە زانست دەکەن بە ئامراز بۆ خۆ ڕزگارکردن لە کورد. گرتنى بەکۆمەڵ و بژارکردنى کورد هەوڵێکى ترى ئەم بێگەرد “پەتى” بوونەیە،  زانکۆکانیش پڕبوون لە پڕۆفیسۆر و خوێندکارى فاشیست، لە ڕێی خیانەتکردن لە زانستەوە هەوڵى بێگەردبوونیان ئەدا. بوڵند ئەجەویدى ڕەگەزپەرست دەیووت: “کورد کەمایەتى نییە بەڵکو وەک هەر تورکێکى تر سەربە زۆرینەیە، کۆمارى تورکیاى دامەزراندووە، لەبەر ئەوە نابێت داواى ماف و زمان و کلتور و مافە نەتەوایەتى و دیموکراتییەکانى بکات” یان لە تورکیا ئەم ڕستە بەکاردەهێنرێت “لەگەڵ کەمایەتى نەبوونى کورد دا”، ئەجەوید کەمایەتى بوونیشى بە کورد ڕەوا نەدەبینى، چونکە داننان بە کەمایەتیدا، داننانە بە بوونێکى جیاوز تر لە تورک. یاخود دەڵێن “کورد بوونى نییە ئەوانە هەمووى تورکن”   لەگەڵ ئەوەى کورد کەمینە نییە لە تورکیا دا، چونکە خاک و جوگرافیاى خۆی هەیە و زۆرینەى خاکى خۆیەتى، مافى کەمینە بوونیشى پێ ڕەوانابینرێت، چونکە کەمینە دەبێتە شتێکی جیاواز لە تورک و لە بێگەرد “پەتى” خستنى تورکیا، بۆیە لاى بوڵند ئەجەوید دەبێت کورد سەر بەو زۆرینە بێت، کە تورکیایان دامەزراندووە. کردنى کورد بە تورک و نەفی کردنى بوونى، هەوڵیکى ترى فاشیستانەى تورکە بۆ بێگەردبوون. پەیمانى لۆزان و کودەتاى ساڵى 1980 سەپاندنى تورک بوون بە سەر هەموو تورکیا دا، قەدەغە کردنى زمانى کوردى و دەربڕینى کوردى، وێرانکردنى ناوچە کوردنشینەکان، بە تورک کردنى شارو شارۆچکە کوردییەکان   هەموو ئەمانە هەوڵێکى ترن بۆ سەرخستنى پرۆژەى بێگەردبوون لە تورکیا دا. تەواوى خەباتى کورد لە شێخ سەعیدى پیرانەوە تا دەگاتە ئۆجەلان بۆ تێکشکانى ئەو هەوڵە فاشیستییە بووە، کە تورکەکان ویستوویانە بێگەرد بوون لەڕێى هێزو دادگاو زانست و زانکۆکانەوە بکەنە خەسڵەتى ئەو جوگرافیایەى تورکیاى پێى دەڵێن.  فاشیزمى تورکى فاشیزمێکە، بارگاوی و ئامانجدارە بە نەتەوە پەرستى. لە تورکیا “دین و زانست، پاکتاوکردن، گرتووخانەکان” دەبنە ئامرازى لابردنى لەکە و پەڵەکان “کوردەکان”، کە لەڕێى دەستکاریکردنى جەوهەریانەوە  دەگۆڕێن بۆ ئامرازى سادە بۆ ئەوەى خۆیانى لە کورد پێ ڕزگار بکەن. سەیر لەوەدایە درووستبوونى چەپ لە تورکیا دا لە ساڵانى حەفتاکاندا، هەوڵدانێک  ترى سەرخستنى چەمکى بێگەردبوونى لێدەکەوێتەوە. ئەمجارە ترسناک تر، هەوڵدانى سڕینەوەى بوونى کوردە  بە دەستى خۆى لەڕێى فیکرى چەپەوە. بەجۆرێک دوو کورد شەرمیان دەکرد بە کوردى قسە بکەن یان داواى مافە کلتورى و نەتەوایەتییەکانى خۆیان بکەن، نەکا پێیان بڵێن ئێوە نەتەوە پەرست و فاشیستن!. هەر بۆیە کوردە شۆڕشگێڕەکان بۆئەوەى بیسەلمێنن نەتەوە پەرست و فاشیست نین هەر بە دەستى خۆیان دەبوونە هەوڵى سەرخستنى چەمک و ڕووانگەى بێگەردبوون لە تورکیا دا. گەر سەیر گوتارى ئەردۆغان بکەین ئایدۆلۆژیاى تا نزمترن ئاست هێناوەتە خوارەوە، تا زۆرترین کاریگەرى بە  ژمارەیەکى زۆر لەو خەڵکە غەریزییە  بخاتە ژێر کاریگەرى خۆیەوە. تا لێرەوە بتوانێت ڕۆحى زاڵ کە بێگەردبوونە لە ناخى تاک بە تاکى تورکدا بێدار بکاتەوە. ئەمەش هەوڵێکى ترى فاشیستانەى بێدارکردنەوەى ڕۆحى تورکە بێگەردخوازەکانە لە نزمترین ئاستى ڕۆشنبیرى دا. جێى سەرنجە بزانین زەینى فاشیستى دەتوانێت لە زمانیشدا خۆى لەڕێى چەمکى بێگەردبوونەوە دەربخات “کوردیى پەتى، فارسیى پەتى، تورکیى پەتى” ئەمانە بەهۆى چالاک بوونى “ڕزگاربوون لە زمانەکانى تر” ەوە درووست بووە. پەتى بوون هەر ماناى بێگەردبوونە، هەروەها بە ماناى فڕێدان و پاکتاو کردنى ئەو وشە بێگانانەیە کە دێنە ناو زمانەوە، چونکە بەشدارى و هاتنە ناوەوەى وشەى بێگانە دەبێتە مەترسى بۆسەر پەتێتى زمان، پێیوایە زمان دەبێت وەک راهیبێک بێت خۆى بخزێنیتە کونجێکەوە و ڕاهیبێتییەکەى بپارێزێت. ئەمەش لەسەر ئەو ڕووانگە خێڵەکیەش بوونیاد نراوە، کە پێی وایە نابێت وشە و زاراوەى نامۆ و بێگانە بێتە ناو زمانەوە. لێرەوە فاشیزم و خێڵ لە چەمکى بێگەرد بوون دا یەک دەگرنەوە، چونکە خێڵیش پوختبوونى خۆى لەسەر نەهاتنە ناوەوەى ئەوانى ترەوە ئەپارێزێت. کەلتوری کوردی و تاکی کورد هەمیشە ترسی سڕینەوەی بوونی هەیە. لەناو ئەدەبی کوردی ڕەنگی داوەتەوە.

گەر بگەڕێینەوە لاى شێرکۆ لە شیعرى گۆڕستانى چراکاندا، ئازارێکى قوڵ دەبینرێت، ئازارە بەدەست هەوڵى بێگەردبوونەوە، شێرکۆ بە جوانى دیمەنى ئەم ئازارەى کێشاوە، کە دەڵێت: ئەوەى لەوێ بوو بە تەنها/ تەختە سڕى سڕینەوەى دەموچاوم و سڕینەوەى شاخ و داخ و سڕینەوەى دەنگ و ڕەنگم. لێرەدا تەختە سڕ ئەو ئامرازەیە، شێرکۆ بێکەس لەڕێگەیەوە دیمەنى فاشیستەکانمان بۆ وێنا دەکات. هەموو ئەوشتانەى پێویستن بۆ بوونى نەتەوەیەکى وەک کورد “دەم وچاو، شاخ و داخ، دەنگ و ڕەنگ” دەسڕێتەوە. گەر بچینەوە لاى ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپیەکانى بەختیار عەلى دیمەنى پشاندانى ئەو هەوڵە فاشیستییەمان لەڕێى سامیرى بابلییەوە بۆ وێنا دەکات. کاتێک سامیر دەڵێت زمانتان کلتور و فەرهنگتان لەم بیابانەدا نوقم دەکەم. لێرەوە دووبارە هەمان ئەو شتانەیە، کە بۆ نەفیکردنى بوونى نەتەوەیەک پێویستە. بەکارهێنانى شاخ و داخ لاى شێرکۆ بێکەس و بیابان لاى بەختیار عەلى هەوڵێکى سمبولیانەیە بۆ دەرخستن و ناسینەوەى دوو نەتەوەى جیاواز، کە عەرەب و کوردن.

جارێکى تر بگەڕێینەوە لاى شێرکۆ بێکەس

لەوساتەدا هیچ شتێکى سپى و بێگەرد لەوێ نەبوو

نەیەک دڵۆپ لە نورى خواو

نە تیلماسکێ لە ڕۆحى کەسکى باران و

نە یەک شنە شنى حەق و

 نە یەک پرژە پرژى شعرو

 نە یەک لەرە لەرەى هەست و

نە کەوچکێک لە بەزەیى و

 نە یەک قولانج لێبووردن و

 نە یەک پیاڵە قسەى شیرین

سەر لەبەرى گۆڕستانى چراکان نەفى بوونى تێدا هەست پێدەکرێت. شێرکۆش شەرح و ڕوونى ئەو دۆخ و فەزا دەکاتەوە، بوونى کوردى تێدا کەتووەتە مەترسییەوە. نورى خوا و ڕۆحى کەسکى باران و حەق و شیعر و هەست و بەزەیى و لێبووردن و قسەى شیرین، ئەو شتانەن، کە دەکرا فریادڕەس بن بۆ ئەم سڕینەوە بەڵام لەوێ نین. ئەوەتا “دەحام” لە گۆڕستانى چراکان دا خۆى لە لوتکەى هێزدا ئەبینێتەوە دەڵێت:

هەموو شتێک بە ڕەنگى خۆمان ڕەنگ دەکەین

ڕەنگى دوورگە، ڕەنگى سەرۆک، ڕەنگى قائید

ئاو و هەواو، شاخ و دەشت و، داروبەرد و

لە دایک بوون و مردن و هەموو شتێ

 بە ڕەنگى خۆمان ڕەنگ ئەکەین

هێز. هێز. هێز.

ئاومان گۆڕى بەو شێوەیەى گولە ویستى

بامان گۆڕى بەو شێوەى بۆمبا ویستى

وەرزمان گۆڕى بەو شێوەى قائید ویستى

وەختێک هاتم هەر لە ڕێوە 

من بەزەییم خستە چاڵەوەو

هەتا نەمرد بەجێم نەهێشت

هەر لە ڕێوە من فرمێسکم

لەم چاوانەم قەدەغە کرد

هەتا نەم کوشت بە جێم نەهێشت

لێرەدا فاشیزم هەروەک سروشتى خۆى لە کەسایەتى “دەحام” دا دەرەخات، ئەویش لەڕێى سود وەرگرتن لە چەمکى هێزو ناشتنى هەموو بەهایەکى ئینسانییەوە، چونکە فاشیزم بۆ ئەوەى ئەوى تر بگۆرێت و بیکات بە خۆى دەبێت هێزى هەبێت، دەبێت تەواوى بنەما ئاکارى و مرۆڤییەکان بەرامبەر بەئەوى تر لە خۆیدا بکوژێت. بە مانایەکى تر بۆ ئەوەى بوونێکى تر بسڕیتەوە نابێت بێگەرد نەبیت. دەبێت هەموو بەزەییەک، کە درز و کەلێن ئەخاتە ناو فاشیست بوونەکەتەوە بسڕیتەوە، ببیت بە ڕقى تەواو، ڕقێکى بێگەرد.

ئەوان و بیابان، نازانن خودا ئەڵایەو

نازانن ئاو چییەو؟ دایە چییەو

بەتەنها فەنا بوونى منیان لە خۆیانا خەتم کردووە

لێرەدا ئەوان و بیابان مەبەست لە دەسەڵاتى عەرەبى عێراقییە کراوە بە سمبوولى نەفیى کردنى بوون و سڕینەوە و خنکان، ئاو  لێرەدا وەک سمبولى ژیان بەکارهێنراوە، دایک ڕاکێشانى سۆزى ئەوی ترە “خودا، ئاو، دایک” ڕۆڵى خۆیان لە دەست داوە، هیچ مەدلولێکان نەماوە. بە مانا بۆدریارییەکەى کاتێک لەم سێ چەمکە دەڕووانین نە هێز و نە ژیان و نە بەزەیى نایەت بە مێشکیانا، ئەگەر هەرکام لەم سێ چەمکە مەدلولەکانیان نەکەوتبوونایە، ئەوا دەبوونە فریاد ڕەسى چەمکى بێگەرد بوون.

ئەى بە خۆت گوێت لێ نەبوو

لەو ئێوارە بەسامەدا

سەگەکەمان کەوتە قسەو

بەڵام مەرد بوو

ووتى چى ئەکەن با بیکەن

بەڵام من نابم بە عسى!

بەدەرلە مانا باوەکەى، کە سەگ نیشانەى وەفایە، دەکرێت بڵێین لێرەدا سەگ بەرهەڵستیکارێکە بۆ پاراستنى جیاوازى، کە هێزى فاشستى ناتوانێت هێزى بێگەدبوونى خۆى بە باڵادا ببڕێت.