رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ یۆرگن هابرماس

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: رامین جیهانبەگلو

وەرگێڕان: هاوڕێ عەبدوڵا

Download PDF

پرسیار: تکایە دەکرێت دەربارەی خوێندن و پەروەردەی فەلسەفیی خۆت، هەروەها چۆن هۆگری فەلسەفە بوویت، بدوێیت؟

وەڵام: لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٢٩دا لەدایک بووم، ساڵی ١٩٤٩ بڕوانامەی دیبلۆمم وەرگرت. دواتر لە زیۆریخ، گۆتینگن، بۆن، خەریکی خوێندنی فەلسەفە، مێژوو، دەروونناسی، ئەدەبیاتی ئەڵمانی، ئابووری، بووم. لە ساڵی ١٩٥٤دا لە زانکۆی بۆن موناقەشەی تێزی نامەی دکتۆرا فەلسەفییەکەم کرد بە ناونیشانی: موتڵەق لە مێژوودا: لێکۆڵینەوەی فەلسەفەی قۆناغە مێژووییەکانی شڵینگ. ماوەیەک وەک پەیامنێرێکی ئازاد چالاکیم دەکرد و دواتر لە دەزگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتیی فرانکفۆرت وەک مامۆستای یاریدەدەر بەشداریم لە توێژینەوەکان دەکرد. لە ساڵی ١٩٦١دا بە سوود بینین لە خوێندنی بەخشراوی DFG (کۆمەڵگەی لێکۆڵەرانی ئەڵمان) دەورەی مامۆستایم لە زانکۆی ماربۆرگ بە تێزەیەک بە ناونیشانی گۆڕانی بونیادیی پانتایی گشتی، تەواو کرد. ماوەی دە ساڵ، لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧١ بە وانەگوتنەوەی فەلسەفە و کۆمەڵناسی، سەرەتا لە زانکۆی هایدلبێرگ و دواتریش لە زانکۆی فرانکفۆرت، خەریک بووم. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٨١ لە شتانبێرگ بەڕێوەبەری دەزگای ماکس پلانک بووم بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە هەمان کاتدا لە زانکۆی فرانکفۆرت درێژەم بە وانەگوتنەوە دا. لە ساڵی ١٩٨٣وە تا ئەمڕۆ، جگە لەوەی لە زانکۆی فرانکفۆرت وانە دەڵێمەوە، هاوکات هاوکاریی دەزگای ماکس پلانک دەکەم بۆ لێکۆڵینەوە دەروونناسییەکان. لەم نێوانەشدا وەک مامۆستای میوان لە زانکۆکانی هارڤارد، بێرکیلی و پرینستۆندا وانەم وتووەتەوە. لە ساڵی ١٩٨٣دا وەک ئەندامی کۆڕی زمان و شیعری ئەڵمانی و ئەنیستیتوی نێودەوڵەتیی فەلسەفە لە پاریس، قبوڵ کرام. لە ساڵی ١٩٨٨دا بوومە ئەندامی فەرمی ئەنجومەنی کولتووریی ئەوروپا و لە ساڵی ١٩٩٤ وەک هاوکاری کۆڕی زانستیی بەریتانیا بانگێشت کرام.

پرسیار: چۆن ئەدۆرنۆ و قوتابخانەی فرانکفۆرتت ناسی؟ ئەو ناسینە چ کاریگەرییەکی بەسەر شێوەگرتنی فەلسەفەی تۆوە هەبوو؟ ئایە لە ڕووی فەلسەفییەوە هێشتا خۆت بە نزیکی ئەدۆرنۆ دادەنێیت؟

وەڵام: ئەو کاتەی لە بۆن دەمخوێند، بەڕێکەوت کتێبەکانی مێژوو و ئاگایی چینایەتی، بەرهەمی لۆکاچ و دیالەکتیک و ڕۆشنگەری، بەرهەمی ئەدۆرنۆ و هۆرکایمەرم ناسین. ئەم کتێبانەیان وەکوو وانە پێ نەدەگوتینەوە، بەڵام سەرنجی منیان ڕاکێشا، چونکە نەریتی هیگڵی و مارکسی -کە هەر لە ڕێی ئەم کتێبانەوە بەریان کەوتم- بوون بە زەمینەیەک کە تێیدا پەیوەندییە فەلسەفی و سیاسییەکانی خۆمم، کە تا ئەوکات بە شێوەیەکی هاوتەریب دەچوونە پێشێ، تێهەڵکێشی یەک کرد. ساڵێک دوای وەرگرتنی دکتۆراکەم، واتا ساڵی ١٩٥٦، لە ڕێی هەوڵی هاوڕێیەکی هاوبەشمانەوە (ئەدۆڵف فریزە، کە دواتر دەزگای بڵاوکراوەی مۆزیلی دامەزراند) ئەدۆرنۆم ناسی. ئەوکات کتێبەکەی ئەدۆرنۆ “prismen” چاپ کرابوو. ئەدۆرنۆ دەستبەجێ بانگێشتی کردم بۆ قوتابخانەی فرانکفۆرت و بوومە یاریدەدەری (یەکەمین یاریدەدەر کە لەگەڵ ئەدۆرنۆدا کاری کردبێت.) هاوکاری لەگەڵ ئەدۆرنۆدا بەرەو چوارچێوەیەکی فیکری-مەعنەویی نوێی بردم، کە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئاڤانگاردیزمی ئێستاتیکیی ساڵانی کۆتایی کۆماری ڤایمار بوو. هەر ئەوکات بوو پرژامە سەر خوێندنەوەی فرۆید، دۆرکایم، و ماکس ڤێبەر، هەروەها لەو پرسە گرنگە تێگەیشتم کە دوالیزمێکی قووڵ لە نێوان مۆدێرنیزمی کۆمەڵایەتی و مۆدێرنیزمی کولتووریدا بوونی هەیە. ئەدۆرنۆ بلیمەتێک بوو، ئێستاش هەمان ئەو ڕێزەی جارانم بۆی هەیە.

پرسیار: دەکرێت تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەت بە سەرنجدان لەو وتووێژانەی کە لەگەڵ فەیلەسوفان و مێژوونووسانی تردا هەتن، دەستنیشان بکرێت. لە ڕاستیدا بەها و گرنگیی وتووێژ و دیالۆگ لە ژیانی فیکریتدا بە بەراورد لەگەڵ بیرمەندانی تری دوای جەنگدا، ڕۆڵی زۆر بەرچاوی هەیە. دەمەوێت بزانم بۆچی لە سێ دەیەی ڕابردوودا هێندە گرنگیت بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دیالۆگ دەدا؟ بۆچی لەگەڵ ئەو هەموو بیرمەندانەدا (پۆپەر، گادامێر، لۆمان، لیوتار، و هتد) لە کایە جیاوازەکاندا و بە شێوەی جیاواز جیاواز دەرگای دیالۆگت کردەوە؟

وەڵام: ئەو هۆکارەی وای کرد بچمە ناو باسی پۆزەتیڤیزمەوە، ئەوکات باوەڕەم بەوە بوو دەبێت بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆرە ئەپیستمۆلۆژییەکان، داکۆکی لە بابەتە ڕەخنەییەکانی تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت. هەر لەم سۆنگەیەوە بوو پرژامە سەر ڕەخنەی تیۆری لۆمان، چونکە میتۆدی شیکردنەوە و ڕاڤەی ئەو، هاوچەشنی “تیۆری ڕەخنەی کۆمەڵایەتی” بوو، بەڵام دەرەنجامەکانی نەک تەنیا دژیەکیانە، بەڵکوو تەنانەت بەدبینانە و تانەئامێز بوون. ئەو بەرکەوتنانەی تر کە لە نێوان من و بیرمەندانی تردا ڕوویان دا بەهیچ جۆرێ ڕەهەندێکی موشتومڕئامێزانەیان نەبوو: کتێبی “حەقیقەت و میتۆد”ی گادامێرم لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ڕەخنەی کتێبیدا خستە بەر لێکۆڵینەوە، هەروەها لە چوارچێوەی کتێبێکدا بە ناونیشانی گوتاری فەلسەفیی مۆدێرنە، ڕەخنەی بەرهەمەکانی فۆکۆ و درێدام کرد وەک کۆمەڵێک بەرهەمی گرنگی باسە مۆدێرنەکانی ناو فەلسەفە. ئەوە نووسەرانی تر بوون لێکۆڵینەوەکانی منیان وەک “ڕووبەڕووبوونەوە” دانا. هەڵبەت دەبێت ئەوە فەرامۆش نەکرێت، لەناو هەڤپیشەکانمدا، من لەوانە بووم کە کەمتر وەڵامی ڕەخنەگرەکانم داوەتەوە. ئەم جۆرە “ڕووبەڕووبوونەوانە” کات و وزەی مرۆڤ دەبەن. بۆ نموونە لەم دوایانەدا بە شێوەیەکی گشتی، وەڵامی ئەو ڕەخنانەم دایەوە کە -لە کتێبی لەنێوان فاکتەکان و نۆرمەکان (Between Facts and Norms)ـدا (١٩٩٢)- کە ڕووبەڕووی فەلسەفەی مافی من، کراونەتەوە. دەبێت ئەوەش بڵێم، ئەم جۆرە دیالۆگ و ڕووبەڕووبوونەوانە بە بەرهەمن، چونکە ڕەخنەی هۆشمەندانە لەسەر تیۆرەکان، لێکەوتەی ئەرێنی دەبێت.

پرسیار: یەکێک لەو پرسانەی لە دوای نامەی دکتۆراکەت ئاوڕت لێ دایەوە، شوێنگەی باسی پانتایی گشتی بوو کە لە کتێبی “گۆڕانی بونیادیی پانتایی گشتی”دا، خستووتەتە ڕوو. چ شتێک ڕامانی تۆی بەرەو چەمکی “پانتایی گشتی” ڕاکێشا؟

وەڵام: بونیادی پانتایی گشتی بریتییە لە کۆمەڵێک هەلومەرجی کۆمەڵایەتی بۆ پێکهێنان و بەرەوپێشبردنی خواستی دیموکراسی لە ڕووی سیاسییەوە. دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بەرەو سۆسیالیزم ڕۆیشتم. هەر بەو هۆیەوە، پرسی “پرۆسەی بەدیموکراسیکردنی دەسەڵاتی سیاسی و پشتیوانی لە کولتوورێکی سیاسی کە لیبراڵ بێت و ڕێزی بەرانبەر بگرێت” بوو بە پرسی ژیانم. سیاسەتدانانی ئەقڵانی بەبێ بەشداریی دیموکراسییانەی خەڵک شیاوی جێبەجێکردن نییە؛ بۆ بەشدارییەکی لەو جۆرە، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئازادیی سیاسی، پێویستە، بەڵام کافی نییە. دەستپێڕاگیشتن بە بەشدارییەکی لەو جۆرە، دەبێت لە ڕێی پرۆسەی بڕیاردانی سروشتییەوە بێت، و ئەم جۆرە پرۆسانە دەبێت بەشێکی دانەبڕاوی فەزای گشتی بن و لە هەمان کاتدا ئیمکانی ئەوەیان تێدا بێت لە شەپۆلی پەیوەندەییە سیاسییەکان تێبگەن. دەبێت ڕای گشتی بە کەڵکوەرگرتن لە وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بنیات بنرێت تا بتوانێت کاریگەریی ئەقڵانییانەی بەسەر سیاسەتەوە هەبێت. بەڵام دەبێت ئەو پانتاییە گشتییە سیاسییەمان هەبێت کە بونیادێکی بەرهەڵستکارانەی نەبێت.

پرسیار: ئایە دەتوانین بڵێین لەگەڵ “تیۆری کردەی کۆمۆنیکەیشن”دا، دوای وەلانانی سەرمەشقیی مەعریفەی مێتافیزیکیی کۆتاییەکانی دەی ٦٠ و سەرەتاکانی دەی ٧٠، چێوەی بازنەیەکت پێوا و لەگەڵ چەمکی پانتایی گشتیدا گەیشتی بە خاڵی سەرەتا؟

وەڵام: ڕاستە، لە تیۆری “کردەی کۆمۆنیکەیشن”دا و زیاد لەوەش لە کتێبی “لەنێوان فاکتەکان و نۆرمەکان”ـدا سوودم لە بۆچوونەکانی پێشوو بینیوە -ئەڵبەتە لە چوارچێوەی تیۆری ئاڵوگۆڕی بیروڕادا کە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لە بواری فەلسەفەی زماندا دامەزراوە. هەر بۆیە باسەکانی کتێبی “مەعریفە وبەرژەوەندی”م لە ئێستادا خستووەتە لاوە.

پرسیار: بنەما فەلسەفییەکانت بۆ نوێکردنەوەی ژیانی مۆدێرنە و داکۆکیکردن لە ڕۆشنگەری، ڕەخنەکانت لە فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرنی فەرەنسی (وەک لیوتار، فۆکۆ، درێدا، و هتد) کامڵ دەکات. بە باوەڕی تۆ کێشەکانی گوتاری پۆستمۆدێرنە چین، جیاوازیی سەرەکیت لەو دەستە فەیلەسوفانەی بە “کۆنەپارێزە لاوەکان” ناوت ناون، لە چیدا بوو؟

وەڵام: چەمکی “کۆنەپارێزە لاوەکان” بووە هۆی هەڵەتێگەیشتن. مەبەست لەم چەمکە ئەو نەوەیە لە ڕۆشنبیرانی ئەڵمانی دەگرێتەوە (کە تا ئەمڕۆش کاریگەریی خۆیان پاراستووە) کە بیرکردنەوەیان لەژێر کاریگەریی ئەزموونی جەنگی یەکەمی جیهانی و میراتی نەتەوەپەرستانەی ویلهیلمی توندڕەوی ئەڵماندا فۆرمی گرت، کەسانی وەک کارڵ شمیت، ئێرنست یۆنگەر، گۆتفرید بێن، مارتن هایدیگەر، هانس فرایەر، و ئەوانی دی. کاتێک سەرنجی پۆست‌بونیادگەرەکان (post-structuralism) دەدەم، خاڵێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو ئاراستەکەدا دەبینم: هەردووکیان نیچەیان بەسەر خۆیاندا کردووە بە خودای ڕەخنەی نادیالەکتیکی. لە بەرانبەر ئەم تیۆرەدا، باوەڕم وایە مرۆڤ تەنیا کاتێک دەتوانێت سەرکەوتووانە هێزە تێکدەرە مۆدێرنیزمە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بخاتە بەر ڕەخنە، کە پێوەرەکانی ڕەخنەی خۆی بۆ ئەوانی تر ڕوون بکاتەوە. ئەم پێوەرانە بەهیچ شێوەیەک ڕیشەیان بۆ پێشمۆدێرنە ناگەڕێنەوە، بەڵکوو بۆ نەریتەکانی ئەو ڕۆشنگەرییە دەگەڕێنەوە کە خۆشی لەژێر زەبری ڕەخنەدایە. مۆدێرنیزم نابێت نەرێنییانە لەگەڵ دیاردە نەریتییەکاندا وەکیەک دابنرێت، بەڵکوو دەبێت بە جیا لێی بکۆڵدرێتەوە و ڕەهەندەکانی کەشف بکرێت. خۆ-دەستنیشانکەری (selbst bestimmung) و خۆ-دروستکەری (selbst verwirklichung) واتا دوو چەمک کە ڕەوتە فەلسەفییەکانی ئەمڕۆ لە ڕەخنەی مۆدێرنەدا سوودیان لێ دەبینن، خۆیان ڕیشەگەلێکی مۆدێرنیان هەیە.  نابێت بهێڵین تەنیا ئەو هزرانە بەسەرماندا بسەپێنرێن کە لە خزمەتی “تاکگەرایی خاوەندارێتییانە” (possessiven individualismus)دان. دەبێت بە نیگایەکی نێوسوبێکتیڤیتی (intersubjectivistiche) هزرە مۆدێرنەکان بخوێنینەوە و تەواوی ڕەوتە دواکەوتوو و کۆلۆنیالیستییەکان و کۆمەڵناسیی داروینی لێ دوور بخەینەوە. بە کورتی دەتوانم بڵێم: بەرانبەر بە “دیالەکتیکی ڕۆشنگەری” تا ئەو ئاستە وەفادار مامەوە کە لەسەر ئەو پرسە پێدادەگرێت کە دەبێت پرۆسەی مۆدێرنیزم لە چەند ڕەهەندێک و بە شێوەیەکی گشتی بخوێنینەوە: پشتەوەی ئاوێنە لە ڕاستیدا پشتەوەی ئەو شتەیە کە ئێمە پێشەوەی دەبینین. بە واتایەکی تر، ئەقڵ تەنیا کاتێک دەتوانین بە شێوەیەکی ڕیشەیی بیخەینە بەر ڕەخنە کە تەواو ئۆبێکتیڤ نەیبینین و لە دیاردەی “ئەقڵی ئامرازی”دا نوغرۆی نەکەین، گەرنا، ڕەخنە خۆی نالۆژیکی دەبێتەوە.

پرسیار: فەیلەسوفانی وەکوو لیۆ شتراوس هەوڵیان دا لە بەرانبەر فەلسەفە مۆدێرنەکاندا، تیۆرێکی نوێ بەرمەبنای فەلسەفەی سیاسیی نەریتی، بە بەخشینەوەی دووبارە ژیان بە چرکەساتە سەرەکییەکانی فیکری مێتافیزیکی، پێک بێنن. پێت وایە لە دوای هیگڵەوە دەکرێت لە نێوان تەرحی مۆدێرنە و بیرکردنەوەی مێتافیزیکیدا پەیوەندییەک دامەزرێندرێت؟

وەڵام: لیۆ شتراوس بێگومان بیرمەندێکی فەلسەفیی سەرنجڕاکێشە، و لە ئەمریکا خوێندکاری گرنگی هەن. بەڵام هەوڵی ئەو بۆ بنیاتنانی نەریتێکی مێتافیزیکیی پەسەند لە بەرانبەر شێوازی بیرکردنەوەی مۆدێرندا، زیاتر دەرەنجامی خوێندنەوە و تەفسیری نیڤەچڵی ئەوە بۆ بەرهەمە کلاسیکییەکان تا بەرکەوتنێکی سیستەماتیک کە جیا بێت لە تێگەیشتنە نەریتییەکان. نوێکردنەوەی نەریتێکی گەورە، تەنانەت ئەگەر بە کۆمەکی تەفسیرێکی زۆر کاریگەریش ئەنجام بدرێت، ناتوانێت شوێنگرەوەی ئەو ئارگۆمێنتە بێت کە سەرنجی بنەڕەتی بابەتەکان دەدات. بیرکردنەوەکان لە دوای هیگڵەوە، بیرکردنەوەی لادەرانەن کە لۆژیکەکەیان ڕیشەی لە تێگەیشتنی لۆژیکی جیهان و لە شەفافییەتی خودئاگایی سوبێکتدا نییە، بەڵکوو ڕیشەکەی  لە میتۆدەکانی ئارگۆمێنت و لێکۆڵینەوەدایە. هەر بۆیە کۆی ئەو بیرکردنەوانەی کە دوای هیگڵ دەکرێت جیددی دابنرێن، بیرکردنەوەی پاش‌مێتافیزیکین. بیرکردنەوەی پاش‌مێتافیزیکی کاتێک هەوڵی ئەوە دەدات بیرکردنەوەی مێتافیزیکی لە ناوەڕۆکدا لە لەناوچوون ڕزگار بکات، پێشگریمانەکانی خۆی دەگۆڕێت. ئەدۆرنۆ کاتێک لەبارەی مێتافیزیکاوە دەدوا، چرکەساتی شکستی مێتافیزیکا گەیشتبوو. فەلسەفەی مۆدێرن تەنانەت لە داهێنەرانەترین ڕەوشەکانی خۆیدا، لە ناوەڕۆکی واتاناسیی گوتاری ئایینی کەڵک وەردەگرێت. سەربەخۆیی ئاداب و ئەخلاق (چەمکێک کە لە لایەن کانت و ڕۆسۆوە بەکار براوە)، گوتاری مارکس دەربارەی نامۆبوونی چینایەتی و ڕزگاریی مرۆڤایەتی، بیروبۆچوونی بنیامین دەربارەی هێزی دووبارە بەرهەمهێنانەوە، تەرحی پرسی “ناهاوشوناسی” لە لایەن ئەدۆرنۆوە -هەموویان بەبێ گەشەی میراتی بیرکردنەوەی سیکۆلاری شیاوی وێناکردن نین. لە لایەکی ترەوە فەلسەفەی مۆدێرن لە میراتی بیرکردنەوە و گریمانەکانی خۆی، خۆی بەدوور دەگرێت. هەروەها ئەم فەلسەفەیە، لەو شهودانەوە (intuitions) سەرچاوە دەگرێت، کە لە گوتاری ڕاڤەییدا ڕەگەزی دۆگمیی خۆیان لەدەست دەدەن و بەها و متمانەی خۆیان کەم دەکەنەوە. لێرەدا دەبێت ئەوە وەبیر بێنینەوە فەیلەسوفە ڕۆژاواییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا پێداگر بوون لەسەر جۆرە ئیلحادێکی (atheism) میتۆدی بۆ ئەوەی  واقیعی ئایینی و ئەقڵانی پێکەوە تێکەڵ نەکەن. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئەوان یەکەمین نوێنەرانی مۆدێرنیزمی سەرەتایی بوون.

پرسیار: هانا ئارێنتیش لە بەرهەمەکانی خۆیدا هەوڵی داوە تیۆری سیاسیی نەریتی لەبەرچاو بگرێت، هەر چەندە ئاگاداری پرسەکانی مۆدێرنەشە. بە باوەڕی تۆ، چۆن دەتوانرێت لە چوارچێوەی ڕوانگەی ئەرستۆییەوە بیر لە ماهیەتی پراکتیکیانەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا لەناو گوتاری سیاسیی مۆدێرنەدا پەرەی پێبدرێت؟

وەڵام: لای هانا ئارێنت دەسەڵاتی سیاسی، ئەو دەسەڵاتەیە کە لەناو پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەوە دێتە کایەوە، و کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم جۆرێ لە ترس و دڵەڕاوکێ و زۆردارییەوە. تیۆرەکەی هانا ئارێنت وەک نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دەیبینم، بەپێی ئەمە، بیرکردنەوەی کلاسیکی لەژێر هەلومەرجی هزرە پاش‌مێتافیزیکییەکاندا، بە شێوەیەکی داهێنەرانە دەگۆڕێت بۆ بیرکردنەوەی مۆدێرن. لەم بارەوە ئارێنت دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەی ئەرستۆ دەربارەی ئیزۆنۆمیا (isonomia)، واتا “خود-یاسایی یەکسانی و ئازادی” کە جێگەی سەرنجی بیرمەندانی وەک کاستۆریادیس-یش بووە.

پرسیار: لە بەرهەمەکانی سەرەتاتدا بە زۆری جۆرێک لە “فەلسەفەی ئاگایی” کە خاوەنی سوبێکتێکی تاکە و تەماشای جیهان دەکات –لە بەرانبەر بە چەمکی نێوسوبێکتیڤیتی (intersubjectivity) دادەنێیت، کە تێیدا ماناکان، بیروبۆچوونەکان، بەها هاوبەشەکان، باڵادەستن. پێت وایە لە کۆمەڵگە دیموکراسییە مۆدێرنەکاندا لە نێوان کۆگەرایی و تاکگەراییدا دژیەکی بوونی هەیە؟

وەڵام: دەربارەی عەدالەتی سیاسی و ئەخلاق، “کۆگەرایی” بەو مانایەیە کە تەنیا ئەو یاسایانە ئیعتیباریان هەیە کە لە جێبەجێکردنیاندا، بە شێوەیەکی یەکسان سوودی بۆ هەمووان هەبێت. بەرژەوەندییەکانی تاک نابێت ببنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ، هەر چەندە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ بەتەواوی جێگەی ڕێزن. هەر بۆیە لە ئەخلاقی ئەقڵانی و مافەکانی مرۆڤدا، لە چوارچێوەی دەوڵەتی یاسایی و لە دیموکراسیدا بە جۆرێک کەڵک لە کۆگەرایی دەبینین، ببێتە مەرجێک بۆ تاکگەرایی. بەڵام ئەم تاکگەراییە نابێت بە مانای ئازادییە دڵخوازە بێ قەید و مەرجەکان دابنرێت، کە لەگەڵ یەکدا لە کێبڕکێدان؛ بیرکردنەوەیەکی لەم چەشنە، بنەمایەکی سەرەکیی ئایدۆلۆژیای بۆرژوازی بوو. دەبێت ئەوەمان لە لا ڕوون بێت “بەتاکبوون” تەنیا لە چوارچێوەی پرۆسەی “بەکۆمەڵایەتیبوون”دا بەدی دێت، بوونەوەرێکی ناسک تەنیا و تەنیا دەتوانێت خۆی لە هەلومەرجی درکی نێوسوبێکتیڤ (intersubjective)دا جێگیر بکات. ئەگەر لە تاکگەراییدا نێوسوبێکتیڤیتەیەکی لەم چەشنە قبوڵ بکەین، ئەوکات “خود” لە “خودئاگایی”، خود-دروستکەر” و “خود-دەستنیشانکەر”دا  چی تر بە مانای ئەو “خود”ە نییە کە ئەقڵی ئامرازی گۆڕیوێتی بۆ بوونەوەرێک کە لە ململانێدایە لەگەڵ ژینگەکەیدا. “تاکی بەکۆمەڵایەتی بوو” تەنیا کاتێک دەتوانێت بە شێوەیەکی خۆویستانە ئازاد بێت کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە یەکسان بن و بڕیاردەری سەربەخۆی ژیانی خۆیان بن، بەبێ ئەوەی ئازادیی تاکێک ببێتە هۆی سنووردارکردنی ئازادیی تاکێکی تر. بەڵام بەدیهێنانی شتێکی لەو جۆرە داڕشتنی یاسایەکی دیموکراسی دەوێت کە ڕیشەی لە بەکارهێنانی گشتیی ئازادییەکانی بەرانبەردایە، واتا لە بەکارهێنانی مافی تاکەکەس بەرمەبنای یەکسانی و بەشداریی هاوبەشانەی خەڵک.

پرسیار: باوەڕت وایە لە زۆربەی کۆمەڵگە پێشکەوتووە پیشەسازییەکاندا، یەکپارچەیی و شوناسی کۆمەڵایەتی، ڕیشەیان لە سیاسەتی دەوڵەتە سەنتراڵ و ناسەنتراڵەکاندا نییە، بەڵکوو بنەمایەکی جیهانییان هەیە. پێت وا نییە دیموکراسی چەندێک پێویستی بە کۆدەنگییە، هێندەش پێویستی بە بیروڕای جیاوازە؟

وەڵام: بەڵێ، ئەم ڕێسایانە جیهانین کە یەکسانی ماف و ئەخلاقییان دەوێت، نەک تەنیا بۆ ئەندامانی خێزان و دراوسێکانی خۆیان، بەڵکوو بۆ ئەوانی لە خۆیانیش نین. کۆمەڵگە مۆدێرنەکان خاوەنی پێکهاتەیەکی هاوچەشن نین. ڕێزی یەکسان بەرانبەر بە هەر تاکێک دەبێت ئەو تاکانەش بگرێتەوە کە لەپەیوەند بەیەکترییەوە نامۆن و ئەو مافەیانیش هەیە بە نامۆیی بمێننەوە، واتا ئەو حەقەیان هەیە کە بەتەواوی بە شوێن ژیانێکی جیاواز و تایبەتی خۆیانەوە بن. ئەم ڕێسای پێکەوەژیانی یەکسانە ئەو گرووپانەی تریش دەگرێتەوە کە نەریت و ڕیشەی جیاوازیان هەیە –واتا پێکەوەژیانی ئایینە جیاوازەکان، ڕەگەزەکان، شێوە کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها شێوە جیاوازەکانی ژیان کە هەر کەسە و خوازیاری پاراستنی شوناسی ئەندامێتیی خۆیەتی. ئەوە ڕوونە کە بە هۆی بوونی ئەم جۆرە جیاوازییانە و بوونی فرەخوازییەوە، لە زۆرینەی پرسەکاندا، بەتایبەت پرسە سیاسییەکان، جۆرە ناهاودەنگییەکی ئەقڵانی بوونی هەیە. لە ڕاستیدا دیموکراسی ئەو جۆرە حکوومرانییەیە کە ئیمکانی ژیان و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە لەپاڵ ئەم ناهاودەنگییانەوە، دەڕەخسێنێت. ئەم ئیمکانە لەبەر ئەوە بوونی هەیە پێکهێنانی خواستی سیاسی لە لایەن باسی گشتی و کولتووری ململانێوە بەئەنجام دەگات و تەنیا هاودەنگی لەمەڕ بنەماکانی ململانێ و تەبابوون لەسەر یاسای بنەڕەتی، مافەکانی مرۆڤ، و ڕەوشە بڕیاردەرییەکان، وەک پێشمەرجێک، دەخاتە ڕوو. ئەم پرسە چەشنی مشتومڕە: مرۆڤ تەنیا کاتێک دەتوانێت بە ئەقڵانی مشتومڕ بکات، کە لەسەر ڕەوشی ئەنجامی مشتومڕەکە جۆرە تەبابوونێک بوونی هەبێت. هەر بۆیە ئیتر ئەقڵ ناچێتە ناوەڕۆکی نەزمێکی کۆنەوە یان هزرە لەپێشتر پێناسەکراوەکاندا، بەڵکوو لە پەیوەندییەکدا پەیدا دەبێت کە ئێمە دەبێت لەگەڵ یەکتردا دایمەزرێنین تا بتوانین لە جێی زۆرەملێی و کوشتن، گفتوگۆی ئازادانە جێگیر بکەین. لە دیموکراسیدا ئەوە تیۆری گفتوگۆیە کە تێگەیشتنی ئەم پرسە ئاسان دەکات کە هاودەنگی لەمەڕ ڕەوشەکان (بۆ نموونە سەبارەت بە گرنگیی ڕێسای ڕای زۆرینە) چۆنچۆنی ئیمکان بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بیروباوەڕە جیاوازەکان دەکاتەوە، بیروباوەڕگەلێک کە هەر یەک لەوان بۆ سەلماندنی زیاتر لە ململانێدان. وەها هاودەنگییەک لە ڕەوشەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە شوناسە جیاوازەکان بتوانن لەتەنیشت یەکترییەوە پێکەوە بژین. بۆ دیموکراسی، تەبابوون لەسەر ڕێزی بەرانبەر و فرەبیروڕای ئەقڵانی زۆر گرنگە. ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە دەبێت هەمووان بەیەک شێوە بژین –کە خۆشی دەبێتە جۆرێک لە سەرکوتی سیاسی بەسەر خەڵکەوە- بیروبۆچوونێکی توندڕەوانەیە.

* سەرچاوە: نقد عقل مدرن، گفتگوهایی با اندیشمندان جیهان، رامین جهانبگلو، ترجمە حسین سامعی، جلد یکم، چاپ چهارم، سال 2007.

* ئەم وتووێژە ساڵی ١٩٩٤ ئەنجام دراوە.