رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ ژان-لوك نانسى

Facebook
Twitter
LinkedIn

هاوڕێكان ڕۆحن

سازدان: فیلۆسۆفى مەگەزین

وەرگێران لە ئەڵمانییەوە: هاوار محەمەد

ژان-لوک نانسی، یەکێک لە گرنگترین فەیلەسوفانی ئەمڕۆمانە. ئەم بیرمەندە لە شتراسبۆرگ و بێرکلی و بەرلین وانەی وتووتەوە؛ لەوەیشدا خۆی داوەتە پاڵ هێڵی نەریتی هەڵوەشاندنەوەگەرایی و فینۆمینۆلۆژی. چەندین بڵاوکراوەی هەیە لە گرنگترینیان: کۆمەڵی نەنوێنراو Die Undarstellbare Gemeinschaft (ئیدیتکردنی پاتریسیا شڤارز ۱۹۸۸)، دزەبۆنێوكردن-دڵەى نامۆ Der Eindringling-” Das Fremde Herz” (مێرڤ: ۲٠٠٠)، بوونی تاکی کۆ singulär plural sein (دیافانس: ۲٠٠٥). ساڵى ڕابردوو، [ڕێکەوتی 23-08-2021]، لە تەمەنی ۸۱ ساڵید کۆچی دوایی کرد. لە هاوینى هەمان ساڵدا ئەو لە یەکێک لە دواین چاوپێکەوتنەکانیدا، دەربارەی هاوڕێیەتی بۆ ئێمە [فیلۆسۆفى مەگەزین”ـى ئەڵمانى] دووا كە لێرەدا بڵاوى دەكەینەوە.

پ: مسیۆ نانسی، سەربووردەی ژیانى ئێوە لەژێر كاریگەریى کۆمەڵێک هاوڕێدا بووە، پێش هەمووان كاریگەریى فیلیب لاکۆ لابارت و ژاک دێریدا. ئاخۆ فەلسەفە لەگەڵ هاوڕێیەتیدا دەست پێ دەکات؟

نانسی: ڕەنگە وا پێویست بێت مرۆڤ بڵێت کە هاوڕێیەتی لە بیرکردنەوەدایە -لە بیرکردنەوەدا نەک لە مشوور و مەسڵەحەت و شتی وەهادا. بیرکردنەوە لە شتێکيش تەنیا لە نزیکیدا مانای هەیە. تەنانەت لەگەڵ بەردێکیشدا: مرۆڤ دەبێت [هێندە نزیک بێت کە بتوانێت] کەس و شتەکان لەمس بکات، هەستیان پێ بکات.

پ: ماوەیەک لەمەوبەر ئێوە سەرپەرشتى چاپی كارێكى دەستەكۆییتان بە یادی بێرنارد شتیگلەر كرد. بۆچی ئەوەندە گرنگە و هاوکات ئەوەندە سەختیشە کە دەربارەی هاوڕێیەکی مردوو بدوێین؟

نانسی: لێرەدا سەختییەکی تێنەپەڕێنراو هەیە. ئەو هاوڕێیە چی تر لێرە نییە، ئەمە هەموو شتێکە. بەڵام ئەم “هەموو شتێکە”ش خۆی شێوازێكى نایابى حزوورە eine großartige Präsenz. لەم بارەدا گوێم لە دەنگی هاوڕێ مردووەكەم دەبێت؛ حزوورەكەى هەست پێ دەکەم. ئەو لێرە ئامادەیە بەبێ ئەوەی ئەم لێرەبوونەى بۆ سڕینەوە بشێت. غیابی ئەویتر[i] جەخت لەسەر حزوورێتییەکەی seine Gegenwärtigkeit دەکاتەوە. خەندەکانی لێرەدان، میلانکۆلییەکەی لەوێدا. من ئەمڕۆ لەناو هاوڕێگەلێکی مردوو كە لە حزوور [لێرە-لەئێستا]دان دەژیم. تۆنی دەنگیان دەبیستم؛ وەك بڵێى پێم دەڵێن: “کەواتە تۆ دەتویست بزانیت ئێمە دەمانەوێت چیت پێ بڵێین، تۆ کەمێک لەوە دەزانیت، بەڵام تەنیا کەمێک و هیچی تر… ئێمە لەوێین، دوو سێ هەنگاو لەپشتی خۆتەوە”. منیش دەڵێم: “ئەرێ کۆڤید ۱۹تان بینیوە؟”، ئەوان: “ئەی چۆن، ئێمە خۆیشمان نازانین کە دەبێت چۆن بیری لێ بکەینەوە”. من: “بەڵێ، بەڵام ئێوە لە نزیکەوە خۆتان بە سیستەمی بەرگریی لەشەوە سەرقاڵ کردبوو…”[ii]، ئەوان: “بێگومان، بەڵام نەمانتوانی وێنای ئەوە بکەین كە…”. ئیدی ئەمە ڕوو دەدات، لەم بەسەرهاتەدا مرۆڤ (هەڵ)دێت و ئاوایش دەبێت.

پ: کەواتە بەم جۆرە مردنی هاوڕێ لە چارەی نووسراوە. ئایا بۆ ئێوە ئەم مەودایەی ئەویتر بەربەست نییە لەبەردەم هاوڕێیەتیدا؟

نانسی: ئەوەی لە ئەویتردا خۆی لە من دەکشێنێتەوە ، هەر ئەوەیە کە ئەویتری کردووە بە هاوڕێم. مەرج ئەوەیە ئەم خۆ-کشێنەرەوەیەی وا لەوێدا لەنێوان ئێمەدایە، نە ئاشکرا بێت و نە شاراوە. کاتێک ئەمە خۆی دەشارێتەوە، بەو هۆیەی کە دەزانێت دەشێت ململانێیەک ئاوەڵا بكات، ئەوا ئەمە بە كردەیى خیانەتی لە هاوڕێیەتی کردووە. هاوڕێیەکم هەبوو کە هەتابێت زیاتر گرنگیی بە پرسى “نەتەوە”، بە “سەروەری/حاکمیەت” Souveränität و هەموو ئەو فۆڕمانەى پیلانگێڕیى کە دواجار هەموو شتەكان تەنیا لەم چوارچێوەیەدا بینراون، دەدا. لەوە تێنەگەیشتم کە چۆن ئەوە توانی دزە بکاتە نێومانەوە. لە كۆتاییدا ئەمە گەیشتە دابڕان! غیابى هاوڕێكەم بۆ من ئیمکانی مردنەکەی نەبوو- بە پێچەوانەوە ئەوە یەک پارچە یەقین Gewiessheit بوو، بە جۆرێك کە دەرفەتی هیچ غەریبایەتییەکی نە ئەدا. ئەوەی لە ئەویتردا خۆی لە من دەکشێنێتەوە، ئەوە، ئەو خۆیەتی! ئەوەیە کە بۆ هاوشوناسی و تووانەوە دەست نادات. ئەوە هاوڕێکەمە، ئینجا ئەوەی لەنێوان ئێمەدا خۆی دەخاتە گەمەوە، لەنێوان ئێمەی نا-هاوشوناسدا ڕوو دەدات. ئەوان لەبەر ئەوە هاوڕێی من نین کە فڵانیان ئاستبەرزە و فیساریان قۆشمەیە. هەمان شت بۆ عەشقیش ڕاستە. ئێمە نە بۆ جوانیی عاشق دەبین و نە بۆ سامان Reichtum. لەگەڵ ئەوەیشدا جیاواییەک لەنێوان عەشق و هاوڕێیەتیدا هەیە: فڵانەکەس هاوڕێیەکە وەک کەسایەتیی خۆی، وەکوو کارەکتەری خۆی، وەکوو ئەو ژیانە تایبەتەی خۆی؛ لە کاتێکدا فڵانەکەسی تر، کاتێک لە عەشقدا خۆشم بوێت، چ کچ بێت یان کوڕ، بێ کەوشەن و بێ سنوورە. جیاوازییەکە زۆر وردە و مەرج نییە هەمیشە ئاشکرا بێت، بەڵام هەیە.

پ: کەواتە گەر هاوڕێیەتى پەیوەست بێت بەوەوە کە لە ئەویتردا دەکشێتەوە، ئاخۆ دەشێت لە غیابی جەستەدا بەردەوام بێت؟

نانسی: دەمەوێت بە جۆرێکی تر ئەوە دەرببڕم: هاوڕێکان، چ مردوو بن یان زیندوو، ڕۆحن Geister. ئەوان نە تارمایین Phantome و نە خێو Gespenster– ڕۆحێکن کە بە شێوازی خۆیان دەبزوێن. جا هەر لەم بارەیەوە دەتوانین بە تەنگ هاوڕێیەتی کەسێکیشەوە بین کە نایناسین. لێرەدا من بیر لە زۆر خەڵک دەکەمەوە، لەوانەی کە بەریان کەوتووم و لەوانەى بەریان نەکەوتووم، هەندێجاریش لە مردووەکان: جەنگیز خان، شارۆن، داپیرە گەورەم لە بنەماڵەی دایکەوە، لە هەریەك لەوانەى کە لە ئێمەدا بێ لەگۆڕنان بەسەر كایۆسە هەڵچووەكانى دەوروبەرماندا تێپەڕیون و هێشتایش تێدەپەڕن. ڕۆح، هەناسە و چرپەى ملیاران ئایدیا، دۆزەكان، ستایلەكان. ئەنیك Annick، ئەتینا Étienne، ئۆیلالى Eulalie، فاتۆماتا Fatoumata، كییۆ Kiyo… ناوە تایبەت و سەربەخۆكان هەر وەك كەشكەشانێك خۆیان دروست دەكەن.

پ: ئاخۆ ئەمە فۆڕمێکی برایەتییە؟

نانسی: برایەتی پێکەوەبوونێکى بێ هۆكارە. دایک و باوک بنەڕەتی بوون-لەوێدا نین daseinsgrund. تاکە هۆکاری پێکەوەبوون ئەوەیە کە ئێمە لە هەموو لایەنێکەوە پێکەوە بەستراوین (بایۆلۆژی، دەروونی، زمانی و هی تر)، بەڵام هیچ زەروورەتێكى ئاشكراى پێکەوەبوون لە گۆڕێدا نییە جگە لە زەروورەتێكى بەڵگەنەویست بۆ هاوبەندیسازى Formationsbildung. هەر کەسێک لە نێوەندی ناسەربەخۆییەکی دوولایەنەدا وەک سەربەخۆ خۆی دەبینێتەوە. جا لەبەر ئەوەی مرۆڤ هەر دەبێت لای كۆمەڵێكەوە دەست پێ بکات، ئەوا سەڕای ئەوە مرۆڤ هەوڵی داوە لەوێوە جۆرێک هۆکار/بنەما پێك بهێنێت – كە لەبەر هەرهۆیەک بێت فشۆڵ [ناسک]ـە. لە هەموو ئەو میتۆلۆگیانەدا کە تێیاندا برایەتى دەڕەخسێت، برایەتی چووتمانایە یان ماناکەی زۆر ڕوون نییە. ئاماژە بە پەیوەندییەکی تەواو فرەواتا die ganze Mehrdeutigkeit لەنێوان خود و ئەویتردا دەکات. بوونى پێکەوەیی ڕێک دەبێتە مایەى ئەو شتەى کە لەولای برایەتییەوە خۆی خۆی دروست دەكات. هاوڕێیەتيش لای خۆیەوە ئاماژە بە پەیوەندییەکی ناوبەناو losgelöste Beziehung دەکات: ئەم پەیوەندییە لەو ڕێگەیەوە كە هاوبەندیگەل Verbindungenى دیکە ئاوەڵا دەکات، هەم هەریەکێک لە گرووپەکان و تەنانەت هەر بەریەكکەوتنێک تێدەپەڕێنێت -هەر بەو جۆرەى لە زماندا چەسپاوە-، هەم ئەوەیش تێدەپەڕێنێت كە لەنێو دەستەکۆیەكى ڕێكخراودا دەشێت لە قبوڵکردنی ساکاری گرووپەکە لەلایەن هەمووانەوە بكەوێتەوە. هەر وەک ئەوانەی لە عەشقدان ئەم هاوبەندییانە لە نێگەتیڤیتییەکەيان جیا ناکرێنەوە: نەیاری، کینەبازی، ڕق. ناڕوونییەکی زۆر بەهێز لە بنەوانی هەموو پەیوەندییەکانماندا هەیە. ئەم ناڕوونییە پەیوەندیی بەو واقیعەوە هەیە کە ئێمە هەموومان “وەك یەك”ـین؛ بەو واقیعەوە کە ئەو شتەی وا دەتوانێت بەرەو خۆى ڕامان بكێشێت، هەر ئەوەیە كە دەتوانێت بەرپەرچیشمان بداتەوە.

پ: کەواتە ئاخۆ بۆ ئێوە هاوڕێیەتی مانایەکی سیاسی هەیە؟

نانسی: ئەو شتەی کە ئێمە ناوی دەنێین “سیاسی” وەک پرەنسیپ لە پێناو ئەوەدا دروست بووە کە ناڕوونییەكەى “پێکەوەبوونە ناپێكەوەییەكەمان” (کانت) ڕێک بخات و هاوسەنگ بکاتەوە. ئەم هاوسەنگییە ئەوە دەخوازێت کە هەمووان پێکەوە لەگەڵ “لایەنێكى سێیەم”ـدا لە پەیوەندیدا بن، كە چاوەڕوانى ئەوەى لێ دەكرێت بەسەر مامەڵەی هێزەکییانەی ڕووت و هەروەها بەسەر هێزی ڕاکێشاندا باڵا ببێتەوە یان هیچ نەبێت بچێتە سەروویانەوە. مرۆڤ لەم سۆنگەیەوە پەرەی بە داهێنانە گەورەكانى وەكوو دەوڵەتشار، وڵات، قەڵەمڕەویی دەوڵەت، کۆمار و هی تر داوە. هەموو جارەکان مرۆڤ سێيەمێک، دەسەڵاتێک eine Machtى داهێناوە. ئەمڕۆ شتەکان بە جۆرێکی ترن: گەمەی هێزەکان بە تەواوی لە لایەن ماشێنێکی تەکنۆ-ئیکۆنۆمییەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە ئەو وەک تاکە هێزێک گەمەکە یاساڕێژ دەکات، کۆنترۆڵی دەکات، کۆتوبەندی دەکات. بە مانایەکی ڕوون، پەیوەندییە دۆستایەتی یان دوژمنایەتییەکان، کە هێشتایش هەن، مانایەکی گەورەیان نییە، چونکە ئەو شتەی کە ئێستا حوکم دەکات چی تر دەسەڵات Pouvoir نییە، بەڵکوو هێز [توانادارى] puissanceـە. بەڵگەیەکی ئەمە لەوەدایە کە لەمڕۆدا فەیلەسوفان یان بیرمەندان زەینیان پەرتە و هۆشیان لاى جیهان نییە. تەنانەت دەمەوێت بڵێم سەرگەردان بوون. ئێمە دەربارەی “پێگەکان” و “چارەسەرەکان”، دەربارەی “بارودۆخەکان” مشتومڕ دەکەین، بەڵام ئەمە ناڕوونە، لێڵە و مایەی دڵنیایی نییە. بێگومان هەماهەنگییەکان (و تەنانەت نەیارییەکانیش) هەن، بەڵام هەموویان بە مەرجی هێز/توانادارییەوە بەستراونەتەوە. “هاوڕێیەتی” و “برایەتی” لە غیابى دەسەڵاتى بیركردنەوەدا بوونەتە زاراوەى کۆن. بێگومان من هاوڕێم هەیە، بەڵام “هاوڕێیەتی” بووە بە پەیوەندییەکی شەخسی. چی تر زایەڵە سیاسیەکەی نەماوە.

سەرچاوە: Jean-Luc Nancy: Freunde sind Geister, (Interview), Philosophie Magazin, veröffentlicht am 26 August 2021. Jean-Luc Nancy: „Freunde sind Geister“ | Philosophie Magazin (philomag.de)


پەراوێز:

[i] لە ڕووى ڕێنووسەوە دەبێت بنووسین “ئەوى تر” یان ئەوى دیكە”؛ لەنێوان دوو بڕگەى وشەكەدا بۆشایى هەبێت. بۆچى؟ بۆ ئەوەى “تر”ەكە لە پلەى بەراورد جیا بكرێتەوە. بۆ نموونە: بەرز ← بەرزتر. بەڵام لە كاتێكدا كە وشەى “تر” سەربەخۆ بێت و پلە نەبێت، ئەوا پێویستە بە جودا بنووسرێت. ئێمە لە بەكارهێنانى وشەى “ئەویتر“دا پەیڕەویى لەم ڕێسایە ناكەین و ئەمەیش تەعەسوفى نییە. دروستكردنى چەمك زۆرجار بە تێکشكاندن یان دەستكاریكردنى بەكارهێنانە ڕێسامەند و ڕێزمانییەكان وەدی دێت، وەكوو چەمكى دیفێرەنس différanceى دێریدا، وەك چەمكى ئیسەنس essanceى لێڤیناس كە پیتى (e)ـیان لە وشەكاندا گۆڕیوە بۆ (a) تاوەكوو دەستكارییەكى ڕیشەیى لە ماناكانیاندا بكەن. من هەر كاتێك ئەم وشەیە وەك چەمكێكى ئەخلاقى بەكار بهێنم، دەنووسم “ئەویتر” و ناترسم لەوەى ئەمە لەگەڵ پلەى بەراورددا تێكەڵ ببێت؛ بە پێچەوانەوە مەبەستمە تێكەڵ ببێت. ئەویتر لە یەك كاتدا ئەو-ى-ترە؛ من نییە، ئەوە. هاوكات تەنیا ئەویش نییە، لە ئەو ئەوترە، لەولاى ئەوەوەیە. ئیمانوێل لێڤیناس لای وایە لە فەلسەفەدا دوو جۆر “ئەو” هەن، یەكێكیان ئەوی ترى “من“ـە other، ئەوێكى ترە بۆ من و دواجار دەچێتەوە خزمەتى من، كەواتە بە ڕیشەیى “ئەو” نییە. دووەمیان ئەو ئەوەیە كە بەهیچ كلۆجێك ناكرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ “من“، ناشێت پاشكۆى من بێت؛ واتە لە ئەوى یەكەم زۆرتر ئەوە، ئەوترە. لەولاى “ئەو”ەوەیە، بگرە لە هەر ئەوێك تا ناكۆتا ئەولاترە، كەواتە بەردەوام “ئەویترOtherـە كە لێڤیناس ناوى دەنێت “ئەویترى ڕەها”. هەر لەبەر ئەم گرنگییەى وشەى “تر” وەك پلەى بەراوردى “ئەو” (نەك پلەى بەراوردى من) و وەك لە ئەو “ئەولاتر”ە كە وشەى “دى/دیكە” بەكار ناهێنم. “ئەوى دیكە” جۆرێك لە چەندێتییە نەك پلەى بەراورد. ئەو←ئەوێكى دیكە← ئەوێكى دیكەش و هتد. وشەى “دیكە” سنوورى “ئەو” لەخۆیدا كورت دەكاتەوە، ئەو هەر ئەوە، واتە “ئەوێكى دیكە”یە و هیچی تر؛ لە كاتێكدا “ئەویتر” وەك ئەو چەمكەى ئێمە بە ئیلهاموەرگرتن لە لێڤیناس دامانڕشتووە، لە هەر ئەوێك ئەولاترە، لەبەرئەوە هەرگیز نابێتە “ئەوى من”. ئەم جیاكارییە لەنێوان “ئەوى تر” و “ئەویتر“دا لاى نانسى و دێریدایش دەبینینەوە. كەواتە هەر كاتێك ئەم وشەیە وەك ئەم چەمكەى وا لێرەدا ڕوونمان كردەوە بەكار بهێنم بەبۆڵدكراوى دەنووسم “ئەویتر“، بەڵام ئەگەر مەبەستم لە بەكارهێنانە سادەكەى بوو هەر بە شێوەى ئاسایى “ئەوى تر” یان “ئەوى دیكە” دەینووسم. هەتا ئێستا لە چەند وتارێكى پێشتردا كە لە سایتەكان بڵاو بوونەتەوە، هەڵەچنەكان زەحمەتیان كێشاوە، بێ ئاگادارى خۆم، وشەكەیان ڕاست كردووتەوە بۆ “ئەوى تر” چونكە هیچ ڕوونكردنەوەیەكى پێشوەختەم بۆ نەنووسیبون؛ بەڵام گەر جاروبارێك ڕێنووس خوار بكەینەوە، هەڵەى تێبخەین ڕەنگە پۆتێنشیەڵى گەورەى تێدا ببینینەوە. گەشەدان بە زمانێك كە دەرەقەتى چەمكسازى، فیكر، زانست بێت بە دروستتنووسیى پەتیگەرانە وەدی نایەت، بەوەیش ڕوو نادات هەر لە خۆڕا هەڵە بنووسیت؛ ڕەنگە جاروبارێك ناڕێكنووسى دەرفەتى تاقانە بۆ چەمكسازى بخاتە بەردەستمان و پیشانمان بدات كە پۆتێنشیەڵ لە زمانەكەدا هەیە، تەنیا پێویستە ئێمە بتوانین ئەم دەرفەتە بۆ داهێنان بقۆزینەوە. تكام لەو هاوڕێ و بەڕێزانەى زەحمەتى هەڵەچنى دەكێشن، ئەوەیە كە لەمە بەدوا لە هەر جێیەكدا بنووسم “ئەویتر” دڵنیا بن هەڵە نییە، ئەنقەستە و بەمەبەستە، ڕاستى مەكەنەوە، با لێمان هەڵە نەبێت. (وەرگێڕى كوردى) 

[ii] نانسى مەبەستى لە ژاك دێریدایە كە لە بەرهەمەكانى كۆتایى تەمەنیدا لە ڕوانگەیەكى سیاسییەوە گرنگى بە پرسى “حاكمییەت و بەرگریى لەش”ـدا لە سەردەمى جەنگى ساردەوە تاوەكوو دواى یانزەى سێپتێمبەر.