رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تاکگرایی دیموکراسی و ڕەخنەکانی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینی جۆرج کاتب

پرۆفیسۆر لە کۆلێژی زانستی سیاسی- زانکۆی پرینستۆن- نیوجێرزی- ئەمریکا

سەرچاوەی بڵاوکراوە www.annualreviews.org ساڵی ٢٠٠٣

کلیلەکان: دیموکراسی، ئەفڵاتون، تۆکیوڤێل، کۆمیونیتێریانیزم

وەرگێران: ئاراس ئەنوەر

Download PDF

پوختە:

لە هەر شوێنێک دیموکراسی بوونی هەبێت، تاکگەراییش بوونی هەیە. تۆمارە مێژووییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە دیموکراسی بە حەتمی تاکگەرایی لەخۆوە دەئاڵێنێت. ئەم پێشنیارە لەلایەن ئەو کەسانەوە بەربەرەکانی دەکرێن کە پێیان وایە؛ یان ئەوەی تاکگەرایی دەتوانرێت لە کلتوورە نادیموکراتەکان وەدەست بهێنرێت، یان ئەوەی دیموکراسی دەتوانێت هەبێت بەبێ بوونی تاکگەرایی. ئەم پەیپەرە هەردوو بەریەککەوتنەکە ڕەت دەکاتەوە. تایبەتمەندی پێناسەکردنی دیموکراسی، ئازادییە و دێرینترین چەمکی دیموکراسی بۆ ئازادی ئەم چەمکە یۆنانییەیە: ئازادبوون ئەوەیە کە کەسێک بەوجۆرەی حەزبکات بژییەت. وەشانەکانی ئەم پێناسە کورتە دەکرێت لە هەر شوێنێک کە خەڵکانێک خواستیان بۆ دیموکراسی هەبێت، بدۆزرێنەوە. “کەسێک بەوجۆرەی حەز بکات بژی” مانای ئەوەیە کە کەسێک چەند ڕۆڵی هەمە چەشن لە ژیانکردنیدا تاقی بکاتەوە. هەر “کەسێک” لە هەر ڕۆڵ، ئەرک و شوێن-ی تاک لە کۆمەڵگادا زیاتربێت. تاکگەرایی لەو بیرۆکەیە پێکهاتووە، و تەنها دیموکراسیش ئیلهام بەخشییەتی. هەروەها ئەوەش ڕاستە کە دیموکراسی لە کاردانەوەیدا، تاکگەرایی دژەدیموکراسی بەرهەمدەهێنێت. مەزنترین فێرخوازانی تاکگەرایی دیموکراسی ئەفڵاتون”Plato” و تۆکیوڤیل”Tocqueville”ن و بێ گومان هەر ئەوانیش قوڵترین ڕەخنەگرەکانینی، بەڵام ڕەخنەگرانی هاوچەرخیش شایەنی سەرنجی زانستین.

تاکگەرایی چییە؟

تاکگەرایی هەم ڕێبازێکی نۆرماتیڤە و هەم کۆمەڵێک کردارییە “a set of practice”، کە خەڵکی سەرقاڵ دەکەن، بە ئاشکرابێت یان نا، بە ڕێباز و مەنهەجە نۆرماتیڤەکەوە پەیوەست دەبن. ڕەنگە پەیوەست بوونەکەیان بە هۆی کاریگەری پێشینەیی بەربڵاوی خو و دابونەریت و ڕۆحی باوی کۆمەڵگاکەیانەوە بێت. وەک ڕێبازێکی پێوانەیی، ستانداردی، دەستوری، نۆرماتیڤ “normative doctrine”، تاکگەرایی ڕەنگە بەرفراوان بکرێت لە پلە هەمەجۆرەکانی بیردۆزەی کاریگەر و باڵادا، و ڕەنگە مەیلە کۆمەڵایەتییە هەبووەکان هانبدات یان قوڵیان بکاتەوە. داکۆکیکارانی ڕێبازەکە بەرگری لەوە دەکەن کە دەیبینن یان بە تەنها بەرگری لە ئاماژەکانی دەکەن و دەستی پیێوە دەگرن، بەڵام زۆربەی کات ئەوان زیاتریان دەوێت. ڕەنگە تێکۆشانیان بۆ خاتری تاکگەرایی سێبەری نائومێدی لێی بدات؛ یان ڕەنگە کەناری هیوایەک بگرن بە هۆی دووبارە دۆزینەوەی ئەو تاکگەراییەی بۆ خۆیان چاوەدێری دەکەن، یان ڕەنگە هانی خەڵکی بدەن بۆ نزیکبوونەوە لەو نمونەیەی’ئایدیاڵ’ بە ناتەواوی بە کرداری دەکرێت. لەلایەکی ترەوە، “ڕەخنەی تاکگەرایی” دەتوانێت لە هەر دوو بواری بیردۆزەیی و کرداریدا کۆمەک بە بیری دووەم بکات. ڕەنگە شیکارییەکی بیردۆزەیی دادوەر و بێلایەن بۆ تاکگەرایی هەبێت یارمەتیدەربێت، کە بۆشاییەکانی تێگەشتنی ئێمە پڕبکاتەوە. ئەوەی زۆر ڕێنوێنیکارانەیە، بەرفراوان کردن و درێژەپێدانی بیردۆزەییە لەسەر بنەمای ئەو نەریت و کردارە تاکەکەسییانەی کە تێبینی دەکرێن: تاکگەرایی وەک ئەوەی بەرجەستە دەکرێت و زیندوو ئانییە لە نێو کۆمەڵگادا. بە بێ هەندێک بەڵگە کە تاکگەرایی شوێن پێیان هەڵدەگرێت، ڕەنگە تاکگەرایی بونیادێکی بیردۆزەیی پێشنیارکراوبێت بەڵام لە پتەویی و بیانوو و فەرمانی دیاریکراو کەموکورتی هەبێت.

دەرکەوت کە هەندێک لە دیارترین و گرنگترین نووسین لەسەر تاکگەرایی کاری ڕەخنەگرانیەتی، بەتایبەت ئەوانەی کە تەواو نەیارینین و گفتوگۆی بیردۆزەیی، و ساتەکانی شیکردنەوەی بێلایەنی، و ساتەکانی ستایشکردن، و هەستیاری تامەزرۆیی بۆ ئەو بەڵگە تاکگەراییەی کە چاوەدێری دەکەن، تێکەڵ دەکەن. دوو لە هەرە گرنگترین و دیارترین ڕەخنەگرانی تاکگەرایی ئەفڵاتون و تۆکیوڤێلن، کە ووردترین و تێگەشتوترین چاودێرانی گشتین، بۆیە یەکێکن لە چاکەخوازە بنچینەییەکانی تاکگەرایی.

ڕێبازی نۆرمەتیڤ، وەک دنەدەر و بەتاوخستنی تاکگەرایی، ڕێنیشاندەرێکی چێ کردووە بۆ ئەوەی کە خەڵک پێویستە چۆن بیر لەخۆیان بکەنەوە، دەبێت چاوەڕێی چ مامەڵەیەک لە کۆمەڵگا بکەن، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانیتر “Others” بکەن، و لە هەمووی شایەنتر ئەوەیە کە چۆن بژین. وەک ڕێبازێک، بە مانای بە ئەقڵانی کردنی خۆسەپاندنی ئەو کەسە نەهاتووە کە پەیڕەوی دەکات، بەڵكو بە مانای ئەوە هاتووە کە بۆ هەموو کەسە، یان لە شێوەی دژەدیموکراتییکدا، بۆ تەنها هەندێک جۆری دیاریکراو لە خەڵک هاتووە، کە لەوانەیە ژمارەشیان کەم بێت.

کاتێک بیرمەندان باسی تاکگەرایی دیموکراسی دەکەن، زۆر جار ئاماژە بەو جۆرەی یان زیاتر لەو جۆرانەی تاکگەرایی دەکەن کە بە باشترین شێوە بۆ خەڵک گونجاوە لە ناو دیموکراسیدا، یان ئەوەی کە خەڵک بە ڕۆحییەتێکی دیمکراسییەوە بە کرداری دەیکەن’پراکتیزەی دەکەن’. تێکەوتن و تێکەڵکردنەکە ئەوەیە کە تاکگەرایی، لە بیردۆزە و کرداردا،  ڕەنگە لە دەرەوەی بوونی دیموکراسی هەبێت و بە هیچ جۆرێک دەستی دیموکراسی بەر نەکەوێت. بەڵام لە یەک خوێندنەوەی تۆماری مێژوویی،  تاکگەرایی (بە چەند جۆر)، لە بیردۆزە و کرداردا، بە شێوەیەکی تایبەتی بە دیموکراسی دەکرێت لە یەکەمین نمونەیدا،  و ڕەنگە دواتر بە هۆی هاندانێکی نیازمەند و بە ئەنقەستەوە بکرێتە تاکگەرایی دژەدیموکراسی (بە چەند جۆری جیاواز). بەم شێوەیەش دەرکەوتنی تاکگەرایی پەیوەستە بە دیموکراسییەوە، جا چ دیموکراسی دامەزراوبێت، یان لادەربێت، یان تەنیا لە شێوەی خولیا و کاریگەریدابێت، و دواتریش کە ئیتر دیموکراسی خوازراو نابێت. لەوانەیە هیچ خەسڵەتێکی تاکگەرایی نەبێت کە هەمان پنتی دەستپێکردنی دیموکراسی نەبێت؛ و بە پێی پێناسەکەی بێت، تاکگەرایی دژەدیموکراسی ناسەپێنرێت هەتا دیموکراسی بوونی هەبێت و زاڵ بێت، یان شکستدێنێت بەڵام ناتوانرێت بە تەواوی بخنکێنرێت. دیارە کە هیچ جۆرە تاکگەراییەک لە دەرەوەی کۆنتێکست و چوارچێوەی دیموکراسی بوونی نابێت. تاکگەرایی، لەگەڵ دیموکراسی لێک دەئاڵێن و بۆ هەمیشە وەک توخمێکی دەرەوەیی و نامۆ لە ناو هەر بیردۆزەیەکی سیاسیی یان کۆمەڵگایی، قەرزکراوە و خوازراوە. نا پێویستیش نییە کە بڵێین ڕەخنەی تاکگەرایی، چ دیموکراسی بێت یان دژەدیموکراسی، هەر بە ئەزموونی دیموکراسییەوە گرێدراوە. ئەوەی دانی پێدانەنراوە ئەوەیە کە هەر ڕەخنەیەک لە تاکگەرایی مەرج وەهایە ڕەخنەبێت لە دیموکراسی. دیموکراسی و تاکگەرایی دوو دیاردەی لێک جۆدانەکراوەن.

کەوایە، ئەگەر بابەتەکە بەم جۆرەبێت، چۆن بەرپرسیارانە ڕاڤەی بکەین؟ پێش خەمڵاندنی پرسیارەکە، پێویستە بزانین تاکگەرایی چییە؟. تاکگەرایی، وەک بە بیردۆزەیکراو و توخمێکی هەمیشە زیندو و چالاک، ئەو ڕوانگەیە دەپارێزێت یان نمونەی ئەو هەستەی خەڵک نیشاندەدات – جا چ هەمووبێت یان هەندێک- کە دەبێت جۆدا لە ڕۆڵ و کار و پێگەی کۆمەڵایەتییان، گرنگیان پێ بدرێت و لەبەرچاو بگیرێن. بێ گومان، هیچ کۆمەڵگایەک نییە بەبێ بوونی ئەرکەکان، کارەکان و پێگە و شوێنەکان، بەبێ دابەشکاری ئیش، و بە بێ ئەو جیاکارییانەی کە زۆرجار ئاشکرا دەردەکەون و هەندێک جاریش زۆر ترسناکن. بەڵام بۆ ئەوەی بڵێین یان هەستبکەین کە خەڵک گرنگن, بەدەر لە بابەتی تێوەگڵان و کار و پەیوەندییەکانیان – جگە لەوانەش کە هەر جێی بایەخن- ئەوەیە کە بڵێین هیچ بەهایەکی سنورداریان لەسەر دانانرێ. بەهاکانیان بێ پایان و بێ سنورە چونکە ئەوان – شوناسیان- بێ خەوش پێناسە نەکراوە؛ ئەوان توانای پێشبینی نەکراو و داهێنەرانەیان هەیە بۆ (باش یان خراپ). بە تەنها کردەیەک نابێتە کلیلی ناساندنی هیچ کەسێک. تۆ ناتوانیت دڵنیایی ئەوە بدەیت کە “a person” کەسێک کێیە و لەوەش کەمتر، کێی لێ دەرئەچێت. جیاواز لە ئەندامانی تری ڕەگەزی خۆی، هەر کەسێک دەست بە گۆڕانکاری دەکات لە جیهاندا بە ژیانکردن تێیدا و لە تۆڕی بەگژداچوونی هۆ و ئەنجامدا بۆ هەتاهەتایە جێی ئاماژە دەبێت. هەر تاکێک تایبەتمەندە بە ڕادەی خۆی یان بەوەی ئەندامی ڕەگەزێکی جیاواترە لەوانی تر ( یان ئەوەی بۆ ئێمە وەها دەرئەکەوێت کە تایبەتمەند بێت، یان بەلایەنی کەمەوە وەهایە، یان وەها نییە). لەسەر قسەی شاعر و نووسەری ئینگلیز ستیڤان سپێندەر “Stephen Spender”، کە دەڵێت؛ “ڕاستی ئەوەیە کە جیهان لەلایەن هەر تاکێکەوە بەشیوەیەکی بێ هاوتا ئەزموونکراوە- کەوایە هێندەی ژمارەی خەڵک جیهانی ناوەکی تاکەکان هەیە” (١٩٧٥.ل.٢٠٨). نواندن یان ڕەفتاری کەسێک هەرچی بێت، یان دەربڕینی دەرەکییانە لە کار یان ژیانی ڕۆژانەدا هەرچۆن بێت، بێ هاوتایی (تاکگەرایی) ئەو کەسە وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ ئەوە ڕوونی و جیاوازییەکەیە لە هەموو جیهاندا. ئەوەی کە نەبینراوە و هەندێک کات بەدەگمەن دەپێورێت، چاوەڕوانی بۆنە و هەلومەرجێک دەکات، کە ڕەنگە دەگمەن و نەبزێوبێت، لە شاردنەوە بێتە دەرەوە ببێتە مایەی سەرسوڕمانی کەسەکە و سەرسوڕمانی کەسانیتریش. هیچ کام لە کەسەکان ئاسایی نین، جگە لە چاودێریکارە بێ خەیاڵ و ئەندێشەکە. ئەگەر هەر کەس جیهانێک بێت، کۆمەڵگە پێویستە بە ڕێزەوە بەرەوڕووی تاک بە تاکی ئەو کەس و جیهانەکانیان بچێت. ئەمە ڕەنگە درێژکردنەوەیەکی پێویستی ژیربێژییانە نەبێت، بەڵام ئەتوانین بڵێین ڕەنگە گونجاوترین وەڵام بێت.

تاکایەتی بێ هاوتایی، وەک چۆن لە ڕێبازەکانی تاکگەرێتی یان لە ویژدانی ڕۆژانەدا وێنا دەکرێت، هەمان ئەو خۆسەپاندنە ئایینیە نییە کە ڕۆحی نەمری تێدا چەسپاوە، هەرچەندە بیرۆکەی بێ هاوتایی هەر ڕۆحێک بێگومان پاڵپشتییەکی زۆری لێرەولەوێ قەرزکردووە و بەو جۆرەش بە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی تاکگەرایی دەکات. لە ڕاستیدا، چەمکی ڕۆح سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە کاتێک تێکەڵ بە چەمکی خود دەبێت، و خود وەک بوونێکی گەورە و قوڵ دەبینرێت کە ڕەنگە گران لێی تێبگەین، وەک ئەوەی ئۆگەستین “Augustine” دەیبینێت کاتێک لە دانپێنانەکانی دا “Confessions”  باس لە یادەوەری دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، تاکگەرایی بە زۆرینەیی بەشەکانی ڕێبازێکی عەلمانییە “Secular”، یان ئەوەی داتاشینی هاوبەشیان هەیە، نەک گرێدراو بە تێڕوانینێکی ڕەسەنی ئایینی و قەدەری، زیاتر دەتوانێت لە هەلومەرجە عالمانییەکاندا بگەشێتەوە.

تاکگەرایی دیموکراسی چییە؟

با بۆ ئێستا جەخت بکەینە سەر تاکگەرایی دیموکراسی و و پاشان دەچینە سەر جۆرە دژەدیموکراسییەکانی. گریمانەی تاکایەتی بێ هاوتایی هەر کەسێک، ڕەنگە بە خەوش و گومانەوە بیری لێ بکرێتەوە. بەڵام من پێموایە بەبێ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە یان هەستی نائاگایی وەها؛ تەواوی ووزە و ڕێگاکانی گۆڕانکاری جیهان، یان ووزە و ڕێگاکانی هێشتنەوەی جیهان وەک ئەوەی هەیە، ڕەنگە جیهان ببێتە ماڵێک کە نەتوانرێت لە تاکگەرایی دیموکراسی تێبگەین. حاڵەتی هەژمارکردنی هەر کەسێک وەک بەهادار و ناتوندوتیژ، ناتوانرێت بە تەنها جێی دڵنیایی و تەسکینی بێت، چونکە وەک ئەوەی زۆربەی کات وەهایە، ناتوانین ئینکاری ئەوەی بکەین کە خەسڵەتەکان بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو لەلایەن هەموو خەڵکییەوە هاوبەشی دەکرێن. ئەم خەسڵەت و خاسییەتانە توانای ئازاردانی ئەو جۆرە برینە ئەخلاقیانە دەگرێتەوە، وەک سوکایەتیەکان، بێ کەرامەتییەکان، و بێحورمەتییەکان، جگە لە برینداری و زیانە جەستەییەکان؛ توانای هەڵبژاردن؛ و توانای ئاڵوگۆڕی مامەڵەکردن بە ماف و داپەروەرییەوە کە تەنها بۆ خاتری پێدانی سزا یان تۆڵەکردنەوە نەبێت. پابەندبوون بە مافە سەرەتاییەکانی تاکەوە، کە هەموو کەسێک بۆی هەیە پێی بدرێت، بێ گومان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەم خەسڵەتە گەردونیانە کەنارچێ دەبێت، بەڵام بنچینەی ئەو چەمکەی کە مرۆڤبوون مانای چییە، زوو یان درەنگ دەبێت ئاشکرابکرێت. دەبێت بخرێتە ڕوو و ئاشکرا بکرێت، چونکە تاکگەرایی دیموکراسی کۆدێکی پڕ ژیانە، ئەو ژیانەی پێگەشتوو گەشاوەدەبێت کاتێک مافەکان بەشێوەیەکی ڕەسەن دەناسێنرێن. ئەگەر بە “کرداریکردن” بژاردەیەکی باشتربێت، تێبینی دەکەین، کۆمەڵێک کرداری تاکگەرایی دیموکراسی لە کۆمەڵگەی مافەکاندا گەشەناکەن، کەوایە لێرەدا هەڵەیەک هەیە. مافەکانی تاک لە کۆتاییدا بە دەست دەهێنرێن،  دەبێت بە دەست بهێنرێن، گریمانەی پێشینەیی بوونە، کە لە بیرۆکەی تاکایەتی بێ هاوتاییدا دەدۆزرێتەوە، ئەمەش وادەکات مافەکان بەهادارتربن. ئەمە بۆ ئەوە نییە کە بڵێین مافەکان تەنیا ئامڕازی پەتین لە بۆ تاکگەرایی دیموکراسی یان تاکایەتی بێ هاوتایی؛ لەوەش زیاتر، مافەکان ژینگە و ناوەندێکی بێ خەوش و جێنەگۆڕن. ئەگەر تاکگەرایی گەشەی نەسەند ئیتر بەو مانایە نییە کە خەڵک چیتر شایەنی مافەکانی نییە. ئەو خەسڵەتە گەردوونیانەی لەسەرەوە باسکرا، هێشتا دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت، ڕابێین لەگەڵیان لە ڕێی دانپیانان بە مافەکانەوە. بەڵام هیچ قسەوباسێک لەسەر پرسوجۆی مافەکان تەواونییە، بە بێ ئاماژەیەکی بەرچاو بە تاکگەرایی دیموکراسی و گریمانە پێشینەی ئەو بۆ تاکایەتی بێ هاوتایی.

چەمکی تاکایەتی بێ هاوتایی ڕەنگە لە دەرکەوتن و پێگەشتندا هێواشبێت. هۆشیاری گریمانەی پێشینە ڕەنگە درەنگتر بێت لە دامەزراندنی دیموکراسی و بەکۆدکردن و (یان لە سیاقی کۆنووسییەکی نافەرمیدا) بانگەشەکردنی مافەکان یان ئازادییە سەرەتاییەکانی تاک. لە کۆتایدا، دەست بەسەر دواهەمین هۆکاردا دەگرین و لێی تێدەگەین. لەسەرو ئەوەشەوە، ڕەنگە ئەوەی لە دوای تاکگەرایی دیموکراسی دێت گەشەی کۆمەڵگەی ماف بێت کە خۆی مانیفێست و ئاشکرا دەکات. بەڵام کاتێک دێت، دەتوانێت هەم بابەتی خۆتەرخانکردن و دلسۆزی بۆ مافەکان و وویستی تاکگەرایی دیموکراسی چڕبکاتەوە.

دەبێت دانبەوەدابنێم کە ئەگەرچی تاکگەرایی دیموکراسی لە ئەسینای کۆندا هەبووە، بەڵام گومانم هەیە کە ئەدەبیاتی ڕزگاربووی یۆنان هیچ داڕشتەیەکی هونەری فەرمی چەمکی مۆدێرنەی تاکایەتی بێ هاوتایی تێدابێت: مەبەستم لەو بیرۆکەیەیە کە “هەر کەسێک لە ڕیزبەندییەکی گرنگدا، جیهانێکی دیار و جیاواز لەوانیترە”. بێ گومان هەندێک پنت و سەرەداو بە ناڕاستەوخۆ لە ڕێبازی ڕەواقییەکان “Stoicism” لە بابەتی ئازادی ناوەکیدا دەدۆزرێتەوە، بە پێێ ئەو بۆچوونەی کە خود ئەتوانێت لە کۆیلایەتی پاسڤی خۆی هەستێتەوە ئەویش بە هۆی دروست لێکدانەوە و شرۆفەکردن یان دووبارە ڕێکخستنەوەی دەروون لە ئەزموونکردندا. بەڵام لە دەمی ڕەواقییەکاندا، دیموکراسییەکەی ئەسینا لەلایەن دوو هێزی زاڵی مەکدۆنییەکان و پاشان ڕۆمانەکانەوە، سەرکوتکرا. هێشتا لە ئەفسانەی ئێر “The myth of Er” کە ئەفڵاتون لە کۆتایی کۆمارەکەی نووسیویەتی، ڕێبازی تێپەڕین و دەرچوونی ڕۆح لە ژیانی کەسێکەوە بۆ ژیانی کەسێکی تر (پاش ماوەکانی مانەوە لە دوای ژیانکردن)، و لە ڕەگەزێکەوە بۆ ڕەگەزێکیتر، هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای هەڵبژاردەی سنوردارەوەیە کە لەلایەن ڕۆحی نەمر بەڵام بە میزاجێکی بێناوەوە دەکرێت، ڕەنگە پێشنیاری ئەوە بکات کە هەموو مرۆڤێک، وەک بونەوەرێکی بێ هاوتا، پێناسەنەکراون. خەیاڵکردنی ئەوەی کە کەسێک چەند جارێک و لە چەند جۆرە ژیانی جیاوازدا دەژی، ئەوەیە کە بە ئەفسانەییانە بڵێین کە مرۆڤ پێکدێت لە هەموو پێکهاتەکان، و هەمیشە لەسەرکەناری جێهێشتنی چییەتی بوون و چۆن بوونەکەی پێشتریەتی. بەڵام من لەسەر ئەم خاڵە ناوەستم. لەلایەکی ترەوە، بیرۆکەی جیاکاریکردنی “تمیز” “distinctiveness” رەگەزی مرۆڤ، بە توندی لە بیری یۆناندا ئامادەبووە. من تەنها ئاماژە بەو پێداگرییەی ئەرستۆ ناکەم کە دەڵێت؛ مرۆڤ “دڕندەیەک یان خودایەک” نییە (١:٢، پ٥٥) بەڵام ئاماژە بە بەیتە کۆرسییەکەی ئەنتیگۆن دەکەم کە شکۆی نادیار و فرەڕەهەندی مرۆڤ لەلایەن نەخشەی وێنەی دیاریکردنی جیاکارییەکانیەوە ڕادەگەیەنێت “زۆر شتی سەرسوڕهێنەرهەن، بەڵام هیچکامیان هێندەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ نامۆ و سەرسوڕهێنەر دەرناچن” (سۆفۆکلیس، دێڕی ٣٢٣)، پاشان بیرۆکەکەی گەورەتدەکات بە ئاماژەکردن بۆ داهێنانی مرۆڤ لە بەرامبەر پێویستی و ترس، بەڵام بە ناوی سەرکێشییەوە. هێشتاش جیاکاری ڕەگەزی مرۆڤ نابێتە میراتگری جیاکاری تاک.

تاکگەرایی دیموکراسی لە هزر و کرداری ئەسینادا:

تەنانەت ئەگەر بیرۆکەی تاکایەتی بێ هاوتایی بە مانایەکی بوونگەرایی لە هزری یۆناندا دەرنەکەوتبێت، تاکگەرایی دیموکراسی لە ئەسینادا بەکرداری کرابوو، هەرچەندە بە هۆکاری هاوسەردەمی نەبوون و نەگونجان لەگەڵ مێژووی کۆمەڵگەکەدا، ڕەنگە بڵێین وابووە، بەتایبەتی چونکە مافی تاکەکەسی بە فەرمی دانەمەزرابوو، وەک ئەوەی لە دواتردا هەبووە. دەمەوێت چەند ساتێک باس بکەم کە لایەنەکانی ئەو ڕێبازە نۆرمەتیڤە بکێشێت و ڕوونبکاتەوە، کە هەموو خەڵکی- بەلایەنی کەمەوە هەموو هاوڵاتییان- بەدەر لە ڕۆڵ و ئەرک و شوێنیان لە کۆمەڵگادا، جێی گرنگی و بایەخدانبوون. عادەتەن و بە زۆری ئەوەی مانیفێستکردن و ئاشکراکردنی تاکگەرایی بەسەرخۆیدا دەیهێنێت، ترسی چاودێرانی فەلسەفی و چەپڵەڕێزان و ئافەرینی سیاسییەکانە. ئەم ووتارە تەرخانکراوە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە وەها دەرکەوێت کە بڕێک ناباڵانسی و ناڕێکوپێکییەکی زیاتر لە کرداردا وەک لە ڕێبازدا، لە ڕووگەی دیموکراسی یۆنانیدا هەبووبێت، بۆ ئەوەی ئەو تێزەی کە تاکگەرایی بە تەنها لەگەڵ دیموکراسی لێک ئاڵاون، دووپاتبکاتەوە. کاتێک دێمە سەر تاکگەرایی لە ئەمریکا و مەزنترین قوتابی “تۆکیوڤێل”، دەتوانم کورتترببمەوە؛ زۆربەی چیرۆکە هاوچەرخەکان، پێشتر لەلایەن چەند بیریارێکی گەورەی یۆنانەوە باسکراوە، بەتایبەت ئەفڵاتون. لە ئەزموونی خۆمانەوە، بەشێوەیەکی نزیک ئاشنای تاکگەرایی دیموکراسی و دژەدیموکراسی هەین، بەڵام تۆکیوڤێل یارمەتیمان دەدات بە شێوەیەکی دەوریتر ببینین. پاشان کاتێک دەست دەبەم بۆ هەندێک لە ڕەخنەگرە هاوچەرخەکانی تاکگەرایی، دەبینین کە بە ڕەخنەگرتنیان لە تاکگەرایی، ئەوان بە مەبەستبێت یان نا، بە ناچاری ڕەخنە لە دیموکراسیش دەگرن.

سروشتی بنچینەیی تاکگەرایی دیموکراسی، لەلایەن ئەرستۆوە بە جوانی کورتکراوەتەوە، لە “سیاسەت”دا “Politics”، دەڵێت: دوو بنەمای سەرەکی دیموکراسی هەن؛ یەکەمیان (هەرچەند گرنگیش نەبێت) یەکسانی سیاسییە؛ هەموو هاوڵاتییەک بە نۆبەت فەرمانڕەوایی بکات و بەپێچەوانەشەوە فەرمانڕەوایی بکرێت، و زۆرینە جڵەوبکرێن. دووەمیان ئەوەیە کە “مرۆڤ دەبێت بەو جۆرە بژی کە ئارەزووی لێیەتی”. (ووتەکانی ئەرستۆ وەرگیراون  لە کتێبی سیاسەت). ئەرستۆ ئاماژە بەوەدەکات کە بنەمای دووەم ڕیشەکەی لە ویژدانی جەماوەریدا چەسپاوە؛ خەڵکەکە دەڵێن ژیانکردن وەک ئەوەی کەسێک بۆخۆی ئارەزووی لێیەتی “ماف و ئیمتیازی مرۆڤی ئازادە، لەلایەکی ترەوە، ژیان نەکردن بەوجۆرەی مرۆڤێک حەزیپێیەتی، نیشانەی کۆیلەییە”. داتاشراوە و دەستکەوتی ئەوەی کە مرۆڤ بەوجۆرە ژیان بکات کە ئارەزووی دەکات ” ئەو بانگەشەیەی مرۆڤە کە ئەگەر بکرێت، لەلایەن هیچ کەسێکەوە فەرمانڕەوایی نەکرێت، ئەگەر ئەوەش مەحاڵ بێت، بە نۆرە فەرمانڕەوایی بکات و فەرمانڕەوایی بکرێت”. ئازادی تاکەکەسی پەرۆشییەکی بەهێزترە لە یەکسانی سیاسی. ئازادی لە پێناوخۆیدا خۆشەویستە، لە کاتێکدا یەکسانی سیاسی وەک پێویست بۆ پاراستنی ئازادی قەبوڵ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو ڕاوەستانەی کە یەکسانی سیاسی بە هەموو هاوڵاتییەکی دەدات کە هەست و بیرکردنەوەی خۆی تا ڕادەیەک پێهەڵچنێت، کە هەموو پەیوەندییەکانی لە ژیانیدا و بەتایبەت مامەڵەکردنی لەگەل ناهاوڵاتیانیشدا، بەرەوە گۆڕانکارییەکی دیموکراسی بچێت. هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت بڵێت: ” ئەمەوێت ئازادبم لەوەی هەوڵی هەرشتێک دەدەم بیکەم، بۆیە ڕێگەمبە هەتا لە ڕۆڵ، ئەرک و پێگەی کۆمەڵایەتی ئێستام دەربچم”. جوڵەی بێسەروبەرانەی تاکی دیموکراتخواز بەو هەست و دەروونەوە بەڕێوەدەچێت. ئازادی پاڵ بە هەموو جۆرەکانی یەکسانییەوە دەنێت، و یەکسانیش هەموو جۆرەکانی ئازادی ئاڕاستەدەکات.

ئەوەی لە چەند ڕستەیەکی ئەرستۆدا پەستێنراوە ئەو پێداگرییە دیموکراسییەیە کە هەتا کەسێک وەک ئەوەی ئارەزووی دەکات نەژی، کەسیبوون و تاکبوونی، بۆ ئەرکی سەپێنراوی کەسی هەتا ڕادەی بەستن لە ئەرکەکەیدا، کەمدەکرێتەوە و لاوازدەکرێت. نابێت شوێن یاخود پێگەی کەسێک پێناسەی گشتگیر و تەواوەتی خودی کەسەکە بێت. سەرەڕای ئەوەی ژیانکردن بە یاسا و فەرمانداری پێویستییەکی حەتمییە، تەنانەت ئەو ڕێکخستنەشی کە هەر هاووڵاتییەکی دیموکراتخواز لە دروستکردن و جێبەجێ کردنی ئەو یاسایانەدا هاوبەشن، شورەیی کۆبەندی و سنورداری دەرەکی بە تەواوی تێک ناشکێنێت. دیموکراسی دووەم باشترین ئازادییە؛ ئەنارشی بێ زیان و بەبەزەیی باشترینە. دیموکراسی شل چنراو، شێوازێکی سیاسی و یاسایی سانا و لێبوردە، ستایشترین سازشە. هەروەها “ژیان کردن وەک ئەوەی کەسێک ئارەزووی دەکات” ڕێگەپێدان بە ژیانکردن، داننان بەوانی تردا، یەکسانی کەسی، و حەتمیەتی ڕێگەپێدان بە ژیانکردن بەوجۆرەی کەسێک پێی خۆشە بە بێ سانسۆر و زۆرەملێی، لە خۆ دەگرێت.

من بە پوختەی بە ئاشکرا بێ لایەندارییەکەی ئەرستۆ لە هەستی دیموکراسی دەست پێ دەکەم، نەک ‘ووتاری پرسە بەناوبانگەکەی “Thucydides’ The Peloponnesian War” جەنگی پێلۆپۆنیزیانی سیوسیدیدز’ی پێریکلیس”Pericles”، چونکە پرۆژەی مەزنی ئیمپڕاتۆر بەخەسڵەتکردنی کەلتووری دیموکراسی چێوە دەکات، بە جۆرێک بۆ ئەوەی ئەو کەلتوورە لە بەرژەوەندی پرۆژەکەی بە ئامێربکات. لە نزیکی سەرەتای قسەکانیدا دەڵێت، پرسیارەکانی سیوسیدیدز ئەمانەبوون؛ “مەزنی ئێمە لەژێر سایەی چ جۆرە حکومەتێکدا گەورەبووە، ئەو خووڕەوشتە نەتەوەییانە چیبوون کە مەزنی ئێمەی لێوە هەڵقوڵاوە” (سیوسیدیدز، ٢:٣٦،پ١٠٨). هەرچی خەڵک بیری لێ کربێتەوە و هەستی پێ کردبێت، پێریکلیس پێشیلی کردوون و بۆ مەبەستی کۆمەڵگە بە پاشکۆی کردوون، بەم جۆرەش لە ناوەندی بایەخی دیموکراسیدا تاکەکان لادەدات. پرۆژەی مەزنی ئیمپڕاتۆر یان مەزنایەتی ئیمپریالی قوربانی گەورەی لە ژیان و سامان پێویستە لەسەر ئەوانەی کە لە بەرگری تاکێتی تاکەکان و کۆمەڵگادا تێوەگلاون. دیارە گومانێکی بچکۆلە هەیە کە ئیمپریالیزم جەماوەر و گەلی “Demos” ئەسینای دەوڵەمەندکرد و بە پارەپێدان بە هاووڵاتیانی هەژاری ئەسینا، دیموکراسی زیاتر دیموکراتیزەکرد. پێرکلیس لە ئیمپریالیزمدا ئەوە بە قۆزتنەوە و چەوساندنەوە و سود لێ بینین نابینێت کە وا لە گەل دەکات کەمتر هەژاربن، بەڵام ئامێرێک کە بەباشی مامەڵەی پێوەدەکرێت هێشت هەر ئامێرە. لە دواتری ووتارەکەیدا کە دەڵێت ” خاکەکەیان دوو جار بەفیڕۆچووە، جەنگ و درم و بەدکاری بە یەکجار فشاری لەسەریان کردووە” (١:٥٩،پ١٢٠)، ئامێرگەراییەکە هێوردەکاتەوە. ئەودەڵێت: ” مەزنی نەتەوەیی زیاتر لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی تایبەتە وەک لە هەر تاکێکی باشی هاوجووت لەگەڵ بێحورمەتییە گشتییەکاندا. ڕەنگە مرۆڤێک بەشخسی خۆی سامانداربێت، بەڵام ئەگەر وڵاتەکەی دابڕمێت و تێک بچێت، پێویستە ئەویش لەگەڵی دابڕمێت؛ لەکاتێکدا گەشانەوەی بەرژەوەندی و سامانی گشتی زۆرجار دەرفەتی ڕزگاری بۆ تاکە بەدبەختەکانیش دەلوێنێت (٢:٦٠پ١٢١). شایەنی باسە سەرکردەیەک لە دیموکراسیدا دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدات کە بەرژەوەندی کۆمەڵگە (کە هەرچۆن پێناسەکرابێت) ببەستێتەوە بە بەرژەوەندی تاکەکانیەوە. ئەم ئاماژە ڕەوانبێژییە کڕنوشبردنە بۆ تاکگەرایی دیموکراسی. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پێریکڵس پەنابەرێتە بەر ئەو ڕەچاوکردنە تاکگەریخوازی و دژەتاکگەریخوازییانە بۆ ئەوەی ڕاستی بارگرانی بیانووەکانی هەڵبگرێت: هەستی شەرەفی دەستەجەمعی و پاشکۆیی و پێکەوەلکاوێکی ئیرۆتیکی و بە ئاڵۆشی ناڕوون و نادیار بە شارەکەوە. پێیوابوو کە دەکرێت بەوجۆرە ڕەچاوکردنە نادیموکراتییانە، بە توندی قەناعەت بە گەڵ ‘دیمۆکان’ بکرێت. پاکترین دیموکراسی سیاسی کە هەبوو، سەرەڕای هەموو لایەنەکانی، لە ڕۆحی دیموکراسی خۆیدا بەشێوەیەکی زۆر ناپاکبوو (ئەمە هەمیشە ڕاستییەکەیە دەربارەی دیموکراسی).

حاشاهەڵنەگرانە، ژمارەیەک لە داڕێژراوەکان لە ووتارەکەی پێریکڵسدا شانازی بە ئازادی ژیانی ڕۆژانە لە ئەسینا نیشاندەدەن، ئەو دەرفەتەی کە دیموکراسی بۆ بەهێزکردنی بەها و ئاواتەکانی تاکەکەسی ڕەخساندوویەتی، هەروەها شانازیکردن بە یەکسانی پاراستنی یاسا هەموو هاووڵاتیانی شارەکە دەگرێتەخۆ بە بێ لەبەرچاوگرتنی سامان و پلە و پێوەندی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای ئەو بە ئامێرکردنەی کە لە پێوانەی قسەکانی پێریکڵسدا دەبینرێت، بەڵام دەنگ بە زۆرێک لەو هەست و هەڵوێستانە دەدات کە بۆماوەیی و خۆڕسکە لە بەکرداریکردنی ڕۆژانەی تاکگەرایی دیموکراسیدا، نەک تەنها لە ئەسینا بەڵکو لە هەلومەرجە دیموکراسییە هاوچەرخەکانیش. بەڵام چیرۆکی تاکگەرایی دیموکراسی لە یەکەمین و پاکترین دیموکراسی سیاسیدا کە تا ئێستا هەبووبێت، لەوێدا کۆتایی پێ نایەت. بۆ بیرکردنەوە لە تاکگەرایی دیموکراسی لە یۆنانی کۆندا، ئێمە بە زۆری قەرزداری ئەفڵاتونین کە هەم گەورەترین چاودێر وهەم بە ئیدراک و بە هەستترین بووە، دەشتوانین بڵێین یەکێکە لە زبرترین ڕەخنەگرانی دیموکراسی. کە دەڵێم ئەو مەزنترین چاودێرە ئەوە ناگەیەنێت کە هەست و ئیدراک و تێڕوانینی ئەو بە تەنها دەرەکی بێت، لە ڕاستیدا وەها دیارە کە ئەفڵاتون لە ناخەوە ئەقڵیەتی هاووڵاتی دیموکراتیکی گرتبێت، سەرەڕای بوونی کارامەیی و قین و بێزی کەسی خۆی لە باسەکە. (کەم تا زۆر بۆ سیوسیدیدزیش هەمان شتە).

لە کتێبی ٨ی کۆماردا، ئەفڵاتون (لە ڕێی سۆکراتی کارەکتەرییەوە) بەشێوەیەکی بەراوردکاری دەربارەی جۆرە جیاوازەکانی ڕۆح و جۆرەکانی شار دەنوسێت. ئاوازەکە بێ لایەن نیە، بەڵام تاک جەمسەریش نیە. بۆ مەبەستەکانی ئێمە گرنگ نییە کە لێکچوون و هاوتایی پێکهاتەیی نێوان ڕۆح و شار، شیکارییەکانی لەسەر چی وەستاوە، کە ڕەنگە کێشەی زیاتر دروست بکات وەک لە چارەسەر، یان دەکرێت ئەوەندە مەتاتی و گونجۆکبێت کە تێبینییەکانی ئەفڵاتون دەربارەی ڕۆحی تاک هەندێک جار مەیلی کەلتوری هەموو شارەکان بێت و بە پێچەوانەشەوە. ئەوەی دەردەکەوێت وێنەکێشانێکی سەرسوڕهێنەرە لەوەی لە هەندێک لایەنی سەرەکیدا مانای بوون بە تاکێکی دیموکراتخواز چییە، چ هەست و هەلوێستێکی خۆڕسک لە هەوڵی ئەوەی وەک ئەوەی ئارەزووی دەکەیت بژی، بوونی هەیە. و پاشانیش لەگەل ئەرستۆ، کلیلی دیموکراسی خۆشەویستی هەمووانە بۆ ئازادی، لێرەدا ئازادی پێناسەدەکرێت وەک مەرجێک کە “مرۆڤ ئەوە دەڵێت و ئەوە دەکات کە ئارەزووی لەسەرییەتی” (ئەفڵاتون، کۆمار، ٨:٥٥٧ب،پ٣١١). لە بەرژەوەندی فەیلەسوفەکانە کە خوێندنەوەیان لەسەر دیموکراسی هەبێت، چونکە بەتەنها لێرەدا چاودێر (کە ڕەنگە ئەو چاودێرە، وەک ئەفڵاتون، لە سیاسەتدا نەخشەکێشی گۆڕانخوازیی دژەدیموکراسی بێت) دەتوانێت “پۆلێنی تەواوی دەستورەکانی (تاکایەتی)” بدۆزێتەوە (٨:٥٥٧د،پ٣١١). فراوانترین پاناتایی شەبەنگی مرۆڤ لە دیموکراسیدا دەدۆزرێتەوە، چونکە خەڵک کەڵک لەوهەلە وەردەگرن کە بەوچەشنەی پێیان خۆشبێت بژییەن. مانای ئەوەیە کە بە گونجان لەگەڵ فرەیی مەیل و وویستەکانیان ژیانیان دەخەنەڕوو – ڕەنگە بتوانین بڵێین بە پێی گونجان لەگەڵ تاکانە یان بەلایەنی کەمەوە لەگەڵ بێ هاوتایی تاک. ئەفڵاتون بانگەشەی ئەوە ئەکات کە سەرسام نەبووە بە دیمەنی هەمەڕەنگی، وەک ئەو خەڵکەی بە تاموچێژەوە بەگومانن (بە تایبەت هاوولاتیانی دیموکراتخواز) وەها دەردەکەون سەرسامببن، بەڵام ئینکاریش لە هێزی دیموکراسی ناکات کە بە جۆرێک چاودێر ڕێنمایی دەکات کە جۆرەکانی تری حوکمڕانی- کە هەموویان لەسەر توندوتیژی، سەرکوتکردن، چینایەتی کردن، دوورخستنەوە و وەدەرنان و ڕاهاتن بە بێسەروبەری بنیاتنراون، ناتوانن ئەو جۆرە ڕێنوێنییە بکەن. لێکەوتە و تێوەگلانەکە ئەوەیە کە بێ گومان تەنانەت ئەوانەشی ڕێگەی دژایەتی ڕۆحییەتی دیموکراسی هەڵدەبژێرن، پێویستیان بە هیچ سەرئێشەیەک نییە ئەم ڕاستییەی پێ بشێوێنن. دیموکراسی هەتا جێگەی ئەوانەش دەکاتەوە کە سوکایەتی پێ دەکەن- لە سنوری زۆر فراواندا. بە ڕێکەوت و لە خۆوە نییە کە ئەسینا پایتەختی فەیلەسوفەکانە، ئەوانەی کە زۆر جار پێویستیان بە تۆلێرانس هەیە، ئەوانەی لە زۆر کەسیتر زیاتر بە هۆی دیموکراسییەوە زۆر بە جوانی ترساون.

کاتێک ئێمە کۆمار دەخوێنینەوە، دەبینین کە ڕەنگدانەوەی ئەفڵاتون لەسەر دیموکراسی دووفاق و دوو پەل بووە. ئەو هۆیەکانی سەرهەڵدانی دیموکراسی لە حوکمی ئۆلیگارشی دەوڵەمەندان و هۆیەکانی لەناوچوونی دیموکراسی و سەرنانی بۆ ستەمکاری شی دەکاتەوە. کلیلی هەردوو کلێشە هۆکارییەکە خەباتی چینایەتییە: هەوڵی سەرکەوتووانەی زۆرینەی هەژاران ” گەلی ئەسینا” بۆ فڕێدانی ستەمی بێ بەزەییانەی حەوکمی ئۆلیگارشی، پاشان کاتێک دیموکراسی گەمارۆدەدرێت و دەشێوێنرێت و دەچێت بەرەو مەیلی گالتەکردن و بێزارکردنی دەوڵەمەندانی خاوەن ماف و ئیمتیاز، هەوڵی سەرکەوتووانە بۆ دروستکردنی سوپا لە پیاوی بەهێز، ستەمکار “Tyrant”، بۆ هێنانەخوارەوەی دەوڵەمەندان، بە دەرئەنجامی لەدەستدان و دۆڕاندنی ئازادی بۆ هەمووان، لە نێویاندا گەلی ئەسینا. کاتێک ئەفڵاتون لەسەر خەباتی نێوان دەوڵەمەند و هەژار دەنووسێت، هەژار وەک زۆرینەیەکی گەورە و هێزێکی سیاسی تاک ڕوو دەبینێت کە نیاز و مەبەستیان بە تەنها لەسەر بەدەستهاتنی نادادی ئابوورییە. خواستیان لەسەر تاکگەرایی دیموکراسی نییە. بەڵام کاتێک ئەفلاتۆن لە هەڵپەی بەردەوامی خەباتی چینایەتی زۆردارانەی خۆیدا دەربارەی دێموکراسی دامەزراو دەنووسێت، لەو سەردەمانەدا کە خەڵکی بەهۆی گێرەشێوێنە بەرژەوەندی خوازەکانەوە بە نەبزیوو و چەپۆکاو دەمێننەوە، ئاماژەی بێ سەروبەرەیی لە بۆ تاکگەرایی دیموکراسی دەستەبەردەبێت. بابەتەکە گەلی ئەسینا نییە وەک جەماوەرێکی گەورەی لێکجۆدانەکراو، بەڵکو ئاپۆڕایەکە لە ڕۆح، کە هەر یەک لەو ڕۆحانە هەوڵدەدەن خۆیانبن. لێرەدا من مامەڵە لەگەڵ ئەم بەشە شیکارییەی ئەفڵاتون دەکەم.

بۆ ئەفڵاتون لە کۆماردا، دیموکراسی دیمەنی هەمەڕەنگی و فرەیی مرۆڤە چونکە خۆشەویستی ئازادی ڕەتکردنەوەی قەدەغەکانە. ئازادی زۆرجار مۆڵەتە یان هیچ نەبێت هەمیشە لە لێواری ئەوەیە ببێتە مۆڵەت، بەڵام ئەمە لە باشترین حاڵەتیدا، بە مانای بەدکاری بەرامبەر کەسانیتر نایەت. ژیانکردن بەوجۆرەی کەسێک ئارەزووی دەکات، بە مانای ژیانکردنی تێروپڕی پڕ چێژدێت لە ناو حەزەکانیاندا بۆ زۆرێک لەوانەی بێ فەرهەنگ و بێ سەروبەرە و بێ دسپلینن. خواستێکی پەرشوبڵاو هەیە، ئەوەی کە هەرچەندە ژیان وەک تارماییەکە، پڕ ڕەنگ، جموجوڵ، خێرایی و ژاوەژاو، پڕ توندوتیژی و نوێخوازی، و ئەوەی ژیانی هەر کەسێک بەشداری و هاوبەشی لەم سیفەتانەی ژیان بکات. (لە دیدی ئەفڵاتونەوە، دیموکراسی شتێکی منداڵانەیە یان وەک بڵێی منداڵ بازاڕە). لە ژێر ڕوپۆشی فرەیی و هەمەڕەنگیدا، وویستە باو و هاوبەشەکان حوکم دەکەن. بەڵام ئەم وویستە باو و هاوبەشانە لەلایەن هەر کەسێکەوە بەشێوەیەکی جیاواز شێوە وەردەگرێت. بەدڵنیاییەوە هەر کەسێک ” کورتەیەکە لە ژیانی هەموو ئەوانیتر” (٨:٥٦١ئ،پ٣١٧). ئەفڵاتون لە هەر کەسێکدا ئەو ناجێگیری و بزێوییە دەبینێت کە جیانەکراوەیە لە ئەزموونکردنی هەمیشەیی. هاووڵاتیانی دیموکراتخواز، لە ژیاندا ڕۆڵ دەگێڕن؛ پێشبینی هەموو ڕۆڵە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکانیان لێ دەکرێت وەک ئەوەی لەسەر تەختەی شانۆ ڕۆڵەکانیان بەرجەستەبکەن. ئێستا ئیتر مرۆڤەکە بەخشندەیە، ئێستا سۆفییە، ئیستا چالاکە، ئێستا بەتاڵە، هەتا دەبێتە فەیلەسوف، دواتریش ناوبەناو ڕۆڵەکانی هاووڵاتییەکی چالاک یان جەنگاوەر یان بازرگان دەبینێت. ئەفڵاتون ناڵێت کە هۆکاری ئەو بزێوی و ئەزمونکردنە، ئەو هەستەیە کە هیچ ڕۆڵێک نییە حەزەکانی ڕۆح پڕبکاتەوە، یان ئەوەی کە بۆ گەورەکردنی ڕۆح پێویستە، هەستی پێ ناکرێت؛ بەدەرلەوەش، ئەوەش نا کە خەڵک باوەڕی وەهایە کە تەنها کاتێک لە خۆیان جۆدادەبنەوە و شتێک دەکەن یان شتێک دەڵێن لەدەرەوەی چاوەڕوانی کەسایەتی خۆیان، ئیتر لەسەر ئەو ڕێگایە دەبن کە بۆ خۆیان دەبنە کەسایەتییەکی نوێ. ڕەنگە تەنها دەستگەشتن بە چاکە ‘باشە’ لە دیدی میتافیزیکییەوە (هۆ و پێوەری “جوانی و ڕاستی” لە هەموو شتێکدا، ٨:٥١٧ب-ج،پ٢٥٧) پێوەربن بۆ ڕۆحی هەرکەسێک، بەڵام ئەفڵاتون هیچ گومانی لەوە نییە کە تەنها ڕۆحە دەگمەنەکان دەتوانن ئەو دیدە “vision” بەدەستبهێنن. ئەو چارەسەرەی بۆ بزێوی و ناجێگیری یان ئەزمونکردنی هەمیشەیی مرۆڤ دەینووسێت، ژیانکردنە بە سادەیی بۆ زۆربەی ئەو خەڵکانەی کە نیشانەی هەستی پێنەگەشتنی خودییان هەیە و توانای تێڕوانین و تەمەشاکردنی خۆیانیان نییە لە دەرەوەی خۆیانەوە.

بێگومان ئەفڵاتون بە لایەنێکی تری تاکگەرایی دیموکراسی خۆشحاڵ نەبووە. ڕۆحی ئازادی دیموکراسی هانی هەر کەسێک دەدات نەک تەنیا لە خولی ژیانیدا چەند ڕۆڵێک بگێڕێت چونکە هیچ ڕۆڵێک بەو قەبارە گەورەیەی ڕۆحی ئەو نییە، بەڵکو ڕۆلەکانیش ئاوەژوو’پێچەوانە’ بکاتەوە. کاتێک ڕۆڵەکان کە بەزۆری دەبنە پێناسەی تەواوەتی خەڵکی، بە کردەیەکی ئاوەژووی بەهێز دەگۆڕدرێن، ئەم جۆرە گۆڕان و پێچەوانەبوونەوەیە ئەوە دەردەخات کە تاکی پشتی هەر ڕۆلێک، زۆر زیاتر لە ڕۆڵەکە گرنگترە، و هەرکەسێک دەتوانێت هەر شتێکی پێ خۆشبێت بیکات. لێزانی ‘فرەبەهرەیی’ نیشانەی تاکگەراییە. دیموکراسی “رەعیەت و شوێنکەوتەکەی بە فەرمانڕەوا دەچوێنێت و فەرمانڕەواش بە رەعیەت و شوێنکەوتە دەچوێنێت”(٨:٥٦٢د،پ٣١٩). تێبینی بکە، ئەمە بە دیاریکراوەی وەک بوون بە فەرمانڕەوا و پاشان بە پێچەوانەوە فەرمانڕەوایکراو نییە، کە بەومانایە دێت، هەر کەسێک بە نۆبەی خۆی بەڕێوەبردن دەگڕێتە دەست و کاتێک لە بەڕێوەبردن لاچوو گوێڕایەڵی دادپرسەکان دەبێت و بە هەستێکی تەواوەوە دەبێت گوێرایەڵییان بکرێت، چونکە بە نۆبەی خۆیان ئەوانیش بەڕێوەبردن دەگرنەدەست. بەڵکو رەعییەتی هەمیشە هاووڵاتیانێکن کە هەرگیز گوێڕایەڵی فەرمانڕەواکانیان لە بیرناکەن، و فەرمانڕەواکانیش لەڕاستیا تانها فەرمانڕەوانین و بەس، بەڵکو ناسەربەخۆ و مەرجدار و بە کاتی بەڕێوەبردنیان گرتۆتەدەست. فەرمانڕەوایی کردن دەگۆڕێت بۆ گوێڕایەڵی کردن و گوێڕایەڵی کردنیش بۆ فەرمانڕەوایی کردن، کە دەبنە هۆکاری فێرکردنی یەکتری. هیچ درز و کەلێنێک لە نێوان بەدەستەوەگرتن و بەدەستەوەنەگرتنی بەڕێوەبردندا نییە. دەسەڵاتدارێتی مرۆڤ هیچ لوغز و نهێنییەکی نییە؛ تاکگەرایی هەموو ئاڵۆزی و لوغزەکەیەتی. هەجوکردنە مەتەڵ ئامێزەکەی ئەفڵاتون تا ئەو جێیە دەڕوات کە بانگەشەی ئەوە بکات؛ هاووڵاتییە دیموکراتەکان هیچ پێویستییەک لە فەرمانڕەوایی کردن و فەرمانڕەوایی کراویدا نابینن،،،، گەر وەها هەست نەکەن؛ یان بە تەواوی بە پێویستی نەزانن کە “بچنە جەنگ کاتێک ئەوانیتر دەچنە جەنگ، و ئاشتی بکەن کاتێکی ئەوانی تر ئاشتی دەکەن،” ئەوا پێویستە یان دوربخرێنەوە، یان ئەوەی ئامادەبکرێن و ڕێکبخرێن و فێربکرێن (٨:٥٥٧ح،پ٣١٢).

گۆڕین و ئاوەژووکرنی ڕۆڵەکان، کە هەر وەک دەڵاندن و گوزەرکردنە بە هەموو ڕۆڵەکاندا، بۆ هەندێک لە پەیوەندی بنچینەیی ژیانی ڕۆژانەمان درێژدەبێتەوە. کەتێک هەندێک ڕۆڵی دیاریکراو دەگۆڕدرێن، پاشاگەردانی و بەرەڵایی “ئەنارکی” (ئەوەی کە بە “ئەنارکی بە بەزەیی یان ئەنارکی بێ زیان” ناویم برد) لە بەڕێوەبردندا دەردەکەوێت: “گەنج و پیر هەموویان وەک یەکن” (٨:٥٦٣آ،پ٣١٩). کاتێک گەنج و پیر وەک یەکبن، منداڵان ڕێنمایی باوانیان و فێرخوازان ڕێنمایی مامۆستاکانیان دەکەن. گەنجێتی پیری دەچوێنێت و پیرێتیش گەنجی دەچووێنێت.

 لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەفڵاتونەوە، هێشتا خراپتر هەیە. خەڵکی ئاست نزم، داوای یەکسانی دەکەن لەگەڵ خەڵکی ئاست بەرز و سەروخۆیان. ئاست بەرزەکان قەبوڵی چوونە دەسەڵات ئەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا قەبوڵی خۆ نزمکردنەوە ناکەن. دیموکراسی”جۆرێک لە یەکسانی بۆ یەکسانەکان و نایەکسانەکان وەک یەک ” دابەش دەکات (٨:٥٥٨ج،پ٣١٢) (نایەکسانەکان واتە ئاست بەرزەکان). بێگومان زەقترین نمونەی ئەم ئاست بەرزبوونەوەیە بەخشینی دەسەڵاتی سیاسییە بە یەکسانی وەک هاووڵاتی بە هەموو نێرینە ئازادەکان لە بنەچەی ڕاست، هەرچەندە ئاشکرایە کە هەندێک خەڵک لەوانیتر ژیرترن، بە ووزەترن یان بەهرەدارترن. ئەم جۆرە هەرەمییەت هەڵوەشاندنەوەیە، لە دوای هەموو شتێک ئەوەیە کە پێی دەڵێین دیموکراسی و ئەوەیە کە دیموکراسی ڕێگەی پێ ئەدات، ئەوەیە کە دەستی پێ ئەکات، بە گەشەپێدانی تاکگەرایی و پڕکردنی بەو مەیلەی کە هەموو ڕۆڵەکان بە کاتی و کورت بگێڕدرێن، کە قابیلی گۆڕانن یان ئەوەی قابیلی باشکردنن. دیموکراسی هەموو شتێک بە دیموکراسی دەکات “Democratize”؛ پرۆسەکەش بریتی دەبێت لە هاندانی نزمەکان بۆ بەرزبوونەوەیان لە شوێنی خۆیان، هەتا پێویستیش نییە ئەو کەسانە بە پاشکۆ بکەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دەسەڵاتدابوون. کاتێک تاکگەرایی باڵادەست ئەبێت، ئیتر دیموکراسی ناتوانێت مانای پلەبەندی یان هاویەکسانی بدات. ئاست نزمەکانیش هەر ئەوەندەیان دەوێت کە ئازادبن تا بەو شێوەیەی خۆیان حەزیان لێی بێت بژین، پێیان نەڵێن کە خود “self”ی خۆیان شوێنی خۆیانە و دەبێت لەوێ بمێننەوە. دەگەینە کۆتا خاڵی ئەو سەری کێشەکە کاتێک ژنان داوای ئازادی و یەکسانی دەکەن لەگەڵ پیاواندا بەوەی بەوجۆرە مامەڵەبکەن کە پێیان خۆشە و ببنە ئەو شتەی کە خۆیان دەیانەوێت؛ کاتێک بێگانەکان نشتەجێ ببن و ئاوارەکان خۆیان وەهایدابنێن یان وەها دابنرێن کە یەکسانن بە هاووڵاتیان، کاتێک کۆیلە ئازادکراوەکان وەک پارێزراو و ئازادبوو لە سزا مامەڵە دەکەن وەک هاووڵاتیەکی تەواو؛ و کاتێک “کەسانێک ئەگەر چی حوکمی مردن یان دورخستنەوەیان بەسەردا دراوە، لە شوێن و ژیانی خۆیان دەمێنن و دێن و دەچن – پیاوماقوڵ وەک پاڵەوان نمایش دەکرێت، و کەس تەماشای ناکات و گرنگی پێ نادات” (٨:٥٥٨آ،پ٣١٢). تاوانبار تەنها بە یەک کردەوەی خراپ پێناسە ناکرێت، وبێ تاوانەکان هەندێک جار بە باشی فریودەخۆن بۆ ئەوەی کارێکی هەڵە ئەنجام بدەن.

هەموو ئەو ڕۆڵانەی کە پاشکۆن، جا چ ڕۆڵەکە هاوبەشی پێ کردن بێت، یان ڕۆڵی بۆماوە و میراتی بێت، یان هەتا ئەو ڕۆڵانەی کە پێدەچێت بنەمای خۆیان لە سروشت یان پێویستی ئەخلاقیدا هەبێت، کاڵ و کرچ و لەکەداردەبن، لەبەر ئەوەی خواست “وویست” وەها دەکات ڕۆڵەکە بگێڕدرێت یان وازی لێ بهێنرێت یان هیچ نەبێت، ئامادەگییەکی بە ‘وویست’ هەیە بۆ ڕۆڵگێڕان یان وازلێهێنانیان. بە گشتی، کەسەکە هەمیشە تێدەکۆشێت دژی بەندوباوی پێناس، لە پێناو تاکگەریدا. لەبەر ئەو نەرمونیانییە بەرچاوەی دیموکراسی لە بەرامبەر سروشتە جیاوازەکان هەیەتی، تەنانەت ئاژەڵەکانیش لە ناویدا زیاتر لە هەر شوێن و جێیەکی تر هەست بە ئازادی دەکەن. خەتی نێوان مافی مرۆڤ و بەندایەتی ئاژەڵ کاڵ و کرچ و لەکەدارە، “ئەسپەکان و گوێ درێژەکان ڕێگایەکیان هەیە، کە بە ماف و کەرامەتی ئازادییەوە ڕێدەکەن؛ و هەڵدێن لەوانەی کە دێنە سەر ڕێیان و ڕێگاکەیان چۆڵناکەن؛ وهەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی لەگەل ئازادی کڵپە بکەن” (٨:٥٦٣ج-د،پ٣٢٠).

ڕەنگە سەرنجڕاکێشترین دەرک پێهێنانی تاکگەرایی دیموکراسی کە ئەفڵاتون ئاماژەی پێبکات، مەیلی کەسانی نەخوێندەوارە بۆ فەلسەفاندن. لە کۆماردا، ئەفڵاتون بە ئازارەوە دانبەوەدا دەنێت کە زۆر لە خەڵکی چینی خواروو لە بازاڕ و هەمەجۆر کارەکان پەرۆشی فەلسەفەن، یان بە لایەنی کەمەوە شکۆ و پلەوپایەی فەلسەفی سەرجی ڕاکێشاون. ئەوان وەک “زیندانێکن کە لە زیندانەوە بۆ نوێژگە و پەرستگا هەڵدێن” کاتێک “لە کار و بازاڕەکەیانەوە بازێک دەدەنە ناو فەلسەفەوە” (٦:٤٩٥د-ئ،پ٢٣٠). داخەکەم، تەنها تاکێکی دەگمەن ئەتوانێت لە ژیانی زیندانی (ئەشکەوت) نا فەلسەفی هەڵبێت. نابێت ڕێگە بە دروستبوونی بەرکەوتنی نێوان فەلسەفە و خەڵکانی ئاست نزم بدرێت، تانیا “سۆفیزم سەرنجی گوێبیستن ڕادەکێشێت، هیچ شتێکیشیان پێ نیە کە نزیک بێت لە ژیری ڕاستەقینەوە ‘الحکمە الحقیقیە'” (٦:٤٩٦آ،پ٢٣١). بەڵام هێشتاش لە سەرزەنشت کردنەکەی ئەفڵاتوندا نەرمونیانییەک هەیە کە هێشتا پیاهەڵدانێکی نەوتراوە. پاش ئەوە، بزێوی و ناجێگیری تاکگەرایی پێویستی بەوە نیە بە ئاڕاستەی فەلسەفەدا بڕوات – مەگەر ئەوەی هەندێک گرێی ناوەکی، زهنی، سروشتی لەنێوانیان هەبێت. بە خواست و وویستی دەستگرتن بە خودەوە ‘نفس’ و بیرکردنەوە لە میتافیزیکی (نەک لە ڕوانگەی ئایینی و کۆمەڵناسی سیاسییەوە) شوێنی کەسێک لە بووندا ‘وجود’، دانامرکێنرێتەوە لە ناو دیموکراسیدا، وەک ئەوەی لە هەندێک شاریتر هەیە. لە ئەپۆلۆجییەکەی ئەفڵاتوندا “Apology” سۆکرات، نەک تەنها لەگەڵ سیاسییەکان و شاعیران، بەڵکو تێکەڵ بە وەستا و پیشەسازانیش دەبێت، وەک ئەوەی بە دوای ژیریدا “Wisdom” دەگەڕێت و بە جدی هەوڵی لێکدانەوەی هێماکانی وەڵامی ئەو فاڵچییە دەدات کە گوایە هیچ کەس لەو ژیرترنیە (٢١آ،پ٢٥). بە دڵنیاییەوە پیشەسازانیش بێ هیوای دەکەن، بەڵام لە دوو پۆلی تر خراپتر نەبوون، ئەوانەی وەها خۆیان پشاندەدەن کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕێزدار و شەرفدارن. ” بۆم دەرکەوت کە ئەو مرۆڤانەی ناوبانگیان بە ژیری و دانایی زۆر بەرزبوو، ئەوانەبوون کە زۆرترین کەموکورتی ژیریان هەبوو، لە کاتێکا ئەوانەی دیکە کە وەک کەسێکی باو و ئاسایی تەماشا دەکران زۆر زیرەکتربوون” (٢٢آ،پ٢٦-٢٧).

نەخشەی تاکگەرایی دیموکراسی لە ئەسینای کۆن و بە دیاریکراوی لە پەیوەندی نێوان فەلسەفاندن و تاکگەرایی دیموکراسیدا ناتوانرێت کۆتایی پێ بهێنرێت بە بێ لەبەرچاوگرتنی تەواوەتی سۆکرات. ئەو شەڕی دیموکراسی لە دژی پێناسە سەپاوەکانی خود’نفس’ دەوڵەمەندکرد بە جەختکردنەوە لە خود هەڵسەنگاندن ‘ئەزموونکردنی خود’. هەرچەندە بیرکردنەوە لە بوونی کەسێک لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، هەمان ئەو شتەی خود ئەزموونکردن ‘خود تاووتوێکردن’ نییە، بەڵام ڕەنگە هەردوو پرۆسە ناوەکییەکە هاوکاری یەکتربکەن. ڕاسپاردە و فەرمانی دێلفە “Delphic Injunction” کە دەڵێت خۆت بناسە “known yourself” تەنها بۆ ئەسینا نەبوو، بەڵام وادیارە سۆکراتی ئەسینا یەکەم کەس بوو کە چاوەڕوانی لە هەموو خەڵكی هەبوو پێوەی پەیوەستبن، و بۆ ئەوەی بزانین، ئەگەر کەمێکیش بێت، کە ئەوان کێن؟ ئەو جۆرە زانینە “knowledge” بە ماناکانی ڕۆڵی کەسێک، ئەرک یان کاری کەسێک، شوێن و پێگەی کەسیک لە کۆمەڵگادا نایەت، بەڵکو واتە هەبوونی دەستپێکی بیرۆکەی ئەوەی ژیانی مرۆڤ دەربارەی چییە. بەرزترین ئاستی ژیری، زانینی ئەو مانا و دەلالەتانەیە لە باشترکردنی پرسی ئەوەی کە ئایا  مرۆڤ “دەتوانێت بە سروشتی خۆی چی بکات”، چۆنیەتی ئەنجامدانی، و بە ئەنجام گەیاندنەی کردەیەک کە بۆ مرۆڤ گونجاوترینە (ئەفڵاتون، ئەپۆلۆجی، ٢٠آ-ب، پ٢٤). ئینجا سۆکرات بە دوای ئەم ژیری و داناییەدا دەگەڕێ و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەرگیز نایدۆزێتەوە، هەرچەندە ئەو لە نەزانی’جاهل’ خۆی بە ئاگایە، نەک وەکو ئەوانیتر کە لە هێڵێکی کارکردن، ڕێگە بە پسپۆری کرداری خۆیان دەدەن  فوبکاتە نرخاندنێک کە بە ژیری خۆیان دەربارەی شتەکانی مرۆڤ دەیکەن، ئەویش نرخاندنێکی بەتاڵ و گەورەتر لە واقعی خۆی. هێشتاش، ئەوەی جێی تێبینییە بە شێوەیەکی کرداری هەموو کەسێک لە ئەسینادا بیروبۆچوونی خۆی هەبوو دەربارەی بابەتی ژیری، هەرچەند هەڵەشبوایە دەریاندەبڕی.

ئەوە ڕوون نییە کە ئایا سۆکرات پێشبینی لە هەموو کەسێک دەکات کە کرداری خود ئەزموونکردن بە ئەنجام دەگەیەنن. ڕەنگە لەمەدا ئەو تەنها بێت یان بە نزیکەیی لە بە ئامانجگرتنی خۆیدا تەنهابێت لە کردەی خودپرسی هەمیشەییدا، بە دیالۆگێکی ناوەکی بێ دەنگ دەربارەی ژیان. بەڵام ئەو پێشنیاردەکات ئەگەر کەسێک بتوانرێت تاقی بکرێتەوە لەلایەن کەسێکی ترەوە، بەتایبەت لەلایەن کەسێکی وەک سوکراتەوە یان هەرکەسێکیتر “ئەگەر هەبێت” کە کردەی خودپرسی’خود ئەزموونی’ کردبێت، ئەوا دەکرێت خۆ لەوانە لابدات کە وەها دەرئەکەون خۆزانن ‘ لە خۆیاندا زانینیان هەیە بە شتەکان ”المعرفە الذاتیە” “Self-knowledge”. کاتێک نەزانێک ‘جاهل’ لە گرنگترین بابەتی ژیریدا بە هەڵەدا دەچێت، خود ئازاری و زیان بۆ ئەوانیتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت ‘ئەو هەڵەیە دەبێتە پەیڕەو بۆ ئەوانیتر’.

تاکگەرایی سۆکراتی بریتیە لە بە جدی وەرگرتنی خود وەک کارتێکراوێک ‘ئۆبجێکت’ لە پرسی بوون ‘وجود’ و ئەخلاقدا. مەیلی گشتی ئەو ئەوەیە کە باوەڕ بەوەبکات کە خودزانی، نەزانینی’جهل’  کەسێك بەرزدەکاتەوە دەربارەی بەرزترین ئاستی پێشکەوتنی تاکایەتی، بەڵام لە قەرەبووی ئەوەدا، میانڕەوی زیاد دەکات. میانڕەوی زیاد دەبێت کاتێک تەبابوون لە بە زۆر سەپاندنی کۆیلایەتی کەم دەبێتەوە. خەڵکانی میانڕەو لێرەولەوێ دەتوانن نمونەی باش لەسەر خۆپارێزی و خود جڵەوکردن پێشکەش بکەن. سۆکرات بە ناوبانگە (لانی کەم بۆ ئێمە) بە سەرپێچیکردن لە ڕێکاری یاسایی وەک ئەندامێک لە ئەنجومەنی نوێنەران “Assembly”، وە بە ڕەتکردنەوەی فەرمانێک کە لەلایەن سی تایرەنتەوە “The Thirty Tyrants” دەرکرابوو بۆ یارمەتیدانیان لە گرتنی پیاوێکی بێتاوان. کەوایە تاکگەرایی سۆکراتی، وویستێکی تێدایە، هەرچەندە ئازارێکی لە دوودڵی و نەخواستی هەیە، بەڵام پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی حوکمی ئەخڵاقی کەسێک لە سەرووی دەوڵەتەوە، تەنانەت کاتێکیش کە دەوڵەت لە شێوەدا بە پەسەند دەزانرێت. سۆکرات بەکرداری وەک تاکێکی بەرهەڵستکار، دەستی کرد بە دژایەتیکردنی نادادپەروەری کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەکرێت و و لەلایەن خەڵکانی تۆقیوو و خەڵکانی نادەربەست و خۆنەچەسپاوەوە ڕێگەپێدان و هاندانی بۆ دەکرێت. بیری ئەو لەبارەی ئەوەی مانای چییە تاکبیت ‘Individual’، خۆت بیت، تاکگەرایی دیموکراسییەکەی ئەفڵاتون تێدەپەڕێنێت کە ئەفڵاتون وەک ئاواتی دیموکراسی وەسفی دەکات نەک ئەوەی بە ڕووکەشی بە ڕۆڵ و ئەرک و شوێن پێناسە بکرێت، وە ئەنجامەکەی بینینی چەند ڕۆڵێک بێت، وە ڕێگا بدرێت ڕۆڵ گۆڕین هەبێت، وە هەروەها بۆ بینینی خەڵکانی بەرزکراوە لە سەروو ئەرکەکانیانەوە. کەواتە تاکگەرایی سۆکارتی تەنها گوزارشت کردن نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا دژە گوزارشتە ‘دژە دەربڕین’، لە خەبات و ململانێیەک پێکهاتووە دژ بە خود بۆ خۆلادان لە وڕێنەکردن و وەهمکردن، ئیتر گرنگ نیە ئەوانیتر چۆن بیردەکەنەوە. کەسێک دادگایی هەم نەخوازراوی و هەم دەرکەوتەی لادانەکانی دەکات ‘اینحراف’. کەسێک بە شیوەیەکی سەرەکی خودی خۆیەتی بەو مانایەی کە مرۆڤ نابێت ژیانی خۆی لە چالاکی لاساییکردنەوەی ژیان بە خەساربدات، بەڵام پابەندی دەبێت. بیرکردنەوە بەربەستکردنی هەستەکان’کبت’ بەرهەم دەهێنێت؛ بە ڕەفتارنەکردن بە شێوەیەکی پێچەوانە، ڕەنگە کەسێک بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر هەنگاو بەرەوە نزیکبونەوە لە خۆی بنێت.

ڕەنگە ئەوە زۆر باش بێت کە تاکگەرایی دیموکراسی لە دۆخی ئاسایی نەرموشلی ڕۆڵیدا، وەک ئەوەی ئەفڵاتون وەسفی کردووە، بۆ زۆربەی خەڵک سەرەتایەکی زۆر پێویست بێت بۆ تاکگەرایی سۆکراتی. لەوانەیە نەگاتە ئەو جێیە، بەڵام لەوانەیە لە هەموو ڕێگاکانیتر نزیکتربێت. چی وادەکات کە خەڵک ماندووببن لە ڕۆڵەکان زیاتر لە ڕێکخستنێکی جێگیر بۆ بینینی چالاکی کۆمەڵایەتی وەک ڕۆڵگێڕان ونەبینینی هیچ ڕۆڵێکی گونجاو بۆ خود؟  بە کردنەوەی هەموو پێناسەکانی شوناس، و وەهابکەین کە خۆسەریبوونی کەسێک ببێتە هۆی هەڵهاتنی تێگەشتنی ‘ادراک’ کەسەکە، ڕەنگە تاکگەرایی دیموکراسی ڕۆژانە یارمەتیدەربێت لە قایلکردنی ئارەزووی زیاتر بۆ خودزانین، لێکترازانی زیاتر یان بوونی مەودایەکی بەرفراوان لە هەموو ڕۆڵەکان، بەم شێوەیەش یارمەتیدەردەبێت لە شەکەتییەکی زیاتر و پاشان میناڕەوییەکی زیاتر. لەگەل میانڕەوییەکی زیاتر، توانای کەسێک کەم دەبێتەوە لە بەرکەوتنی بە ئازار، بەراورد بەو کاریگەرییە ئازاردەرەی ژیان کە هێشتا ئەزموون نەکراوە. تاک بە بوکەڵەکردنی دەوەستێنێت (لانیکەم جارجار) و ڕێگەنادات ئیتر بکرێتە بوكەڵەی نمایش. هەرچەندە خودئەزموونکردنەکەی سۆکرات لە هەموو کەس چاوەڕوان ناکرێت، و هەرچەندە وویستی تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە خەڵکی و بە پێچەوانەشەوە خودی، لە بەرکەوتنەکاندا چاوەڕوانکراوە، بەلام دواتر، لە پرۆتستانی علمانیدا خودئەزموونکردن وەک چاوەڕوانییەکی دیموکراسی لە هەموو کەس، جێبەجێ کرا. تاقیکردنەوە و خۆتاقیکردنەوە ‘خودئەزموونکردن’ هەمان دانپیانانەکانی کاسۆلیک نییە، کە تێیدا کەسێک تاوان و ناپاکییەکانی خۆی بۆ کەسێکی نابەرپرس لە دەسەڵاتدا باس دەکات، بەڵام گومان لەوەدانییە کە مەسیحییەتی کاسۆلیکی خەڵکی خۆیان ڕاهێناوە کە بە پەرۆشەوە باسی خۆیان بکەن. لە هەموو بارێکدا، پێشنیارەکەی سۆکرات ئەوەیە کە بیرکردنەوەی کەسێک لە خۆی وەک ‘ڕۆح’ یان وەک ‘خود’، نەک وەک ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی یان وەک خاوەن ئەرکێک یان وەک شوێن و پێگە پارێزێک، یارمەتیدەردەبێت بۆ تەواوکردنی ئەزموونی خودی کەسێک و ڕەنگە کەسێک لەو نائومێدییە حەتمییە ڕزگاربکات کە هەموو ئەزموونێک هەیەتی. نائومێدییەکان زۆرتر دەبن کاتێک چاوەڕوانییەکان زیاتردەبن، کە خودی دیموکراسی خۆی ئاستی چاوەڕوانییەکان بەرزدەکاتەوە. تاکی دیموکراسی زیاتر لە کەسانیتر پێویستی بە توخمێکی فەلسەفی هەیە لە ژیانیدا. تەواو گونجاوە کە وەک ئەوەی ئەفڵاتون تێبینی کردووە، چینەکانی خواروو خواست و پەرۆشییان بۆ فەلسەفە هەیە.

تاکگەرایی دژەدیموکراسی لە ئەسینا:

لە ئەسینا نەک تەنیا تاکگەرایی دیموکراسی، بەڵکو لە کاردانەوەیدا، وەک ڕێباز و بە کرداریش، تاکگەرایی دژەدیموکراسیش هەبوو. بە تاکگەرایی دژەدیموکراسی لەو جۆروبارەی یۆنان، مەبەستم لە خۆسەپاندنی خانەدانەکان نییە، کاتێک ئەو خۆسەپاندنە لەگەڵ یاساکانی پێگەی کەسی، و میراتی ڕۆڵی ئەرستۆکراتی گونجاوە. بێگومان هەموو ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی پێویستی بە لێکدانەوەی تاکەکەسی هەیە؛ بۆ نمونە، ژیانکردن وەک ئەرستۆکراتەکان، وەک شوێنکەوتنی ڕەچەتەیەکی ڕۆتینی نییە. بۆ ئەرستۆکراتەکان، ڕۆڵی کەسێک جیهانی ئەو کەسەیە؛ یاساکانی پێگەکەی بەربەستێک دەستوردەدات لە نێوان چینی ئەرستۆکراتی و هەموو چینەکانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەیەکە کە ڕەنگە گوشار بخاتە سەر بەهرەکانیان و تێگەشتنی خودی ‘ئیدراکی خودی’ “self-conception” بەجێبهێنێت. ئەرستۆکراتەکان ڕەنگە هەموو هێڵێک ببەزێنن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە واز لە ڕۆڵی خۆیان بهێنن. بەپێچەوانەوە، تاکگەرایی دژەدیموکراسی لەلایەن ئەو کەسانەوە نیشاندەدرێت کە وەک تاکێکی خودی ‘ذاتی’ بۆ خۆیان دڵسۆزان، ئەوانەی کە سورن لەسەر سەپاندن و چەسپاندنی خۆیان، و ئەوانەی کاتێک هێڵێک ئەبەزێنن، دەیکەن و هیچکام لە کەس یان چینەکەی لەگەڵ خۆیان بۆ ئەو کردەیە نابەن. وادیارنییە کە لە چینی خواروەوە هاتبێتن؛ ئەوان لەسەریانە مەرام و دەسەڵاتخوازییەکی نائاساییان هەبێت، خۆیان وەک بەرگریکار لە تاکێتی دژ بە یەکسانی دیموکراسی بناسێنن. پەرۆشی ئەوان بۆ باڵادەستبوون دنەدەدرێت بە پابەندبوونیان بە سەرکەوتن بەسەر یەکسانیدا، لە کاتێکدا دیمەنی فشاری زۆر کەس کە بۆ ئەوەی خۆیانبن بەرگری لە پێناسەکانیان دەکەن، وویستی سەرکوتنیان لە هەوڵی هاوشێوەدا بەڵام بە پێوەرێکی گەورەتر، سزادەدات. ئەوان بە خەیاڵێکی گڕگرتوو ڕێنوێنی کراون.

مێژووی یۆنان تەنها یەک حاڵەتی تاکێتی دژەدیموکراسی بە کرداری هەیە، وە یەک ڕێبازی شرۆڤەیی بەردەوامی تاکگەرایی دیموکراسی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک دارشتەی دیاریکراو لەلایەن قسەکەرە سیاسییەکان سەبارەت بە چۆنێتی پەیوەندی نێوان شارەکان بە شێوەیەکی بەهێز، پێشنیارن سەبارەت بە تاکگەرایی دژەدیموکراسی. تاکی دژەدیموکراسی دیار و باڵا لە کرداردا ئەلسیبیادێسە “Alcibiades”؛ نیمچە بیردۆزیارێکە “quasi-theorist” کەسێتی ‘کارەکتەری’ کالیکلێسە “Callicles” لە کتێىی گۆرگیاسی “Gorgias” ئەفڵاتون؛ قسەکەرەکانی گفتوگۆی ناو کتێبەکە ئەلسیبیادێس و ئەو کەسە نەناسراوانەی تر دەگرێتەوە کە بەرگری لە ئیمپریالیزمی ئەسینا دەکەن.

من بە کالیکلێس دەست پێدەکەم، کە وەک کارەکتەرێک لە دیالۆگەکەی ئەفڵاتونەوە پێمان ناسێنراوە. سۆکرات دژەکەیەتی ‘کەسی بەرامبەری لە گفوگۆدا’، بەڵام ئەم سۆکراتە لە چاو سۆکراتەکەی ئەپۆلۆجی، بێ دەنگتر و داخراوتر و متمانەی بەخۆی زیاترە. لە باسی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی سروشتی ڕەوانبێژی و هێزی ئەو لەسەر ژیان بە تایبەت ژیانی گشتی، کالیکلێس پاساو بۆ تاکی خۆسەپێن “self-assertion” دەهێنێتەوە. لە ڕاستیدا تاک بوون ئەوەیە کە بێ پەروا چاوچنۆک بیت، بەتایبەت بۆ دەسەڵات، لە پێناو خودی خۆتدا. وا دیارە کە کالیکلێس ئەو خۆپەسەندی و چاوچنۆکییە بێ سەروبەرییەی ئەسینا، بە گشتی پەسەندبکات، وەک ئەوەی کە ئاماژە بە لێکچوون لە نێوان تاکەکان و شارەکان بدات، و هەروەها تەباییەکی خوازراو لە نێوان سروشتی شارێک و سروشتی ئەو هاووڵاتییانەی تێدا دەژین، پێشنیار بکات. بەڵام ئەم پێشنیارانە کاریان پێ نەکراوە. ئەوەی جێی بایەخە، ئەوەیە کە هەندێک لە تاکەکان هیچ بایەخێکیان بۆ سەرکەوتن یان شکستی شارەکەیان نییە، جگە لەوەی تەنها لەو ئاستەدانەبێت کە ئەم تاکانە پێویستیان بە شار هەیە وەک بناغەیەک بۆ فوتێکردن و گەورەکردنی خۆیان. ئەگەر پێرکلیس خەڵکی بە ئامڕازدەکات لە پێناوی شاردا، کالیکلێس ڕێک بە پێچەوانەوە دەکات، بەڵام نەک لە سودی تاک کە هەر کەسێک لەگەڵ ئەوانی دی یەکسان بێت، وەک ئەوەی تاکگەرایی دیموکراسی بانگەشەی بۆ دەکات. شارەکان لە پێناو چەند کەسێک بوونیان هەیە، بەڵام ئەو چەند کەسە ‘تاکەکان’ چینێک یان دەستە و تاقمێک نین. تاکە خۆسەپێنەکان لە پێشبرکێیان لەگەڵ یەکتر ‘منافسە’ ڕەنگە هەر کەسێک بۆ خۆی ئامانجێکی جیاوازی لەویتر هەبێت. ئەوانە کێێن؟ ئەوانە زیرەکترین و ئازاترین و پڕ ووزەترینەکانیانن (ئەفڵاتون، گۆرگیاس، ٤٩١ب،پ٦٠). ئەوان دەبێت چۆن هەڵسوکەوت بکەن؟ دەبێت زیاد لە بەشی خۆیان وەربگرن. “مرۆڤێک کە ژیانێکی تەواوەتی بەسەربەرێت، پێویستە ڕێگا بدات ئارەزووەکانی بەهێز و باڵادەسبن وەک ئەوەی پێویستە و هەرگیز پێشێلیان نەکات. کاتێک سۆزەکانی گەشتۆتە پێگەشتن، پێویستە لە ڕێی بوێری و زیرەکییەوە خزمەتیان بکات و لە هەر ئارەزوویەک کە زوو بە زوو دێتە دڵییەوە چێژ ببینێت” (٤٩١ئ-٤٩٢آ، پ٦١). چۆن کالیکلێس بانگەشە و پشتیوانی ڕێبازەکەی دەکات؟ بەو جۆرە دەیپارێزێت بەوەی گوایە ئەمە مافی کەمینەیەکە کە دەتوانن فەرمانڕەوایی بکەن و ئەوانیتر ژێردەستی خۆیان بکەن. ئەم مافە لەلایەن سروشتەوەیە. ئەخلاقی یەکسان ئەوەیە کە بە ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی و عورف دەبێتە ئەخلاق – ئەخلاقیاتی لاوازەکان و شەرمن و ترسنۆکەکان و بە ڕێژەیەک تەمەڵەکانە. ئەمانە ئەو ئەخلاقیاتە بەکاردەێنن تەنها بۆ پاراستنی خۆیان لە بەرامبەر باڵادەستەکاندا (٤٨٣ب-ج، پ٥١). بەڵام سروشت دەرکردنێکی ڕاستگۆیانە لە هەموو جێیەک نیشاندەدات کە ژیان خەبات و ململانێیەکە کە هەموو تێیدا دەربازنابن و تەنها کەمینەیەک زاڵدەبن. “بەڵام بە بۆچوونی من سروشت خۆی ئەوە ئاشکرا دەکات، تەنها و بە گونجاوی ئەوەی کە مرۆڤە سەروتر و باشترەکان سەرداری بکەن و بەسەر لاوازەکاندا زاڵببن: ئەوەش دەبێتە سەرکەوتنی بەهێزەکان بەسەر لاوازەکاندا. سروشت لە زۆر باردا بە تەواوی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەمە دۆخی ڕاستەقینەی بابەتەکەیە، نەک تەنها لە ئاژەڵەکانی تردا، بەڵکو لە هەموو دەوڵەت و کۆمەڵگاکانی تردا هەمان شتە” (٤٨٣د، پ٥١-٥٢). سروشت کۆمەڵێک یاسای ستاندارد و جێگیرە، نەک پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی، عورف یان یاساکانی دەستی مرۆڤ. بەپێێ ئەو ستانداردەبێت بەهرەی باڵا نابێت بە هۆی بەربەستی ساختە و صناعییەوە کۆسپی بۆ دروستبکریت، ئەوە دەبێتە ناسروشی، و کۆمەڵگەش – بەدڵنیاییەوە مەبەستمان کۆمەڵگەی دیموکراتە، دەبێتە ناسروشتی.

دوو خاڵی نامۆ هەن: یەکەم، ڕێبازەکەی کالیکلێس وەک کۆدێک بۆ تاکەکان هەرگیز بەدی نەدەهات تەنها لە دیموکراسیدا نەبێت. دووەم، بە بەردەوامی لەلایەن سۆکراتەوە بە کالیکلێس دەوترا ئاشقی دیموکراسی. بۆ توێژینەوەی تاکگەرایی دیموکراسی، خاڵی یەکەم زیاتر پەیوەندیدارە: دیموکراسی تاکگەرایی بەرهەمدێنێت، نەک تەنها دیموکراتیک بەڵکو دژەدیموکراتیکیش. ئایا ئەوە گرنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تاکگەرایی دژەدیموکراسی جا چ جۆرێک یان چەند جۆرێک بێت، تاکگەر و تاکخوازە لەوەی دژەدیموکرات بێت؟ لەوانەیە گرنگ بێت. بە کاردانەوە بۆ خودی خۆی، دیموکراسی ئەقڵیەتی مرۆڤ بەرزدەکاتەوە، بە ڕابەرایەتی کردنی ئەو بۆ بینینی ناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵگە، بەڵام نەک بە تێڕوانین و شێوازێکی ئایینی. کێشەکە ئەوەیە کە کالیکلێس چەپڵە بۆ تایرانت’زۆردار’ و ئیمپریالیست لێ دەدات. خوازیاری بینینی لە ناوچوونی دیموکراسییە لە شارەکەی خۆیدا یان شارێک کە بتوانێت هەموو شارەکانی تر داگیر بکات.

ئەم کێشەیە زیاتر پزیسک ئەدات کاتێک ڕووبەڕووی کردەوە و قسەکانی ئەلسیبیادێس ئەبینەوە لە “سیوسیدیدز جەنگی پیلۆپۆنیزیا” وە قسەی ئەوانەی کە بەرگری یان ئیدانەی ئیمپریالیزمی ئەسینا دەکەن. ئەلسیبیادێس کە بەهرە ڕەسەنەکانی وەهای کرد کە بتوانێت گەورەترین خزمەت بە باشبوونی شارەکەی بکات، وەها هەڵسوکەوتی ئەکرد کە لەسەروو شارەکەیەوەیەتی، نەک تەنها وەک تایڕانتێک ‘ستەمکار’ بەڵکو وەک تاکێک کە جگە لە خۆی هیچێکی تری بۆ گرنگ نییە – چی؟ ئاسانە بڵێی ئەمە چێژە یان شانازییە، لەخۆباییبوونە یان غرورێکی گەورە. هەموو ئەم دیاریکردنانە دەبێت ڕاست دەربچێت. بەڵام شتێکی تریش هەیە. کاتێک قسە دەکات لە ساڵی ٤١٦ پ.ز دەربارەی پشتیوانی داگیرکاری ئەسینا بۆ سەر سیسیلی هەندێک لە ووتراوە نامۆ و سەرسوڕهێنەرەکانی دەبێتە تەواوکاری ڕێبازێکی نوێ. ئەو ڕێبازە بە تێبینییەکی نوێیوە هاتە پێش، کە بە دڵنیاییەوە ئەو مکوڕبوو لەسەر سیاسەتێک بۆ شارەکە، نەک بە تەنها بۆ تاکەکان (وەک ئەوەی کالیکلێس دەیکات). بەڵام شارەکەی کردە تەنها یەک کەس. هەست بەوە ناکەم کە لەوەدا شڵاژاوبووبێت؛ ئەو لە هەموو کەس باشتری ئەزانی کە شارێک ناکاتە یەک کەس. کەچی دەیەوێت شارەکە خۆی ڕێنوێنی بکات وەک تاکێکی خەیاڵ درەوشاوە، وەک خۆی. لە کۆتایی لە گفتوگۆکەدا سەرکەوتوودەبێت (بە ئەنجامێکی کارەساتبار بۆ ئەسینا لە سیسیلی)، نەک بەو هۆکارانەی کە خستییە ڕوو، بۆ بەردوامیدان بە پێگەکەی خۆی. هەر وەک سیوسیدیدێس ڕوونی کردەوە، ئەوانەی دەنگیاندا بە پلانەکەی بۆ داگیرکردنی  سیسیلی، تێکەڵەیەک هۆکاریان هەبووە. هەندێک لە هۆکارەکان بە ڕواڵەت گشتی بوون، بەڵام زۆربەیان کەسی بوون؛ وەک تامکردنی سەرکێشی، یان سودی’قزانج’ کەسی؛ وەک ئارەزووی کرێ وەرگرتن لە ئێستادا و گرتنی “سندوقی بێ کۆتای پارەدانی کرێ بۆ داهاتوو” (سیوسیدیدێس ٦:٢٤،پ٣٧٣). تاکی دیموکرات لە تاکی دژەدیموکرات فێر دەبێت کە شارەکەی خۆی بەکاربهێنێت وەک ئەوەی بە ڕاسی یەک کەس بوو، بەڵام تاکێکی دژەدیموکراسی بوو، و بۆ شارەکانی تریش تایرەنت بوو. لە بەکارهێنانی شارە دیموکراسەکەیاندا، ئەوان ئەو نەریتە لە مێژینەیە پێچەوانە دەکەنەوە کە بە هۆیەوە شارەکانی تر، لە ناویاندا شارە ناوخۆییە ستەمکارەکانی خۆیان، هاووڵاتیانی خۆیان بەکاردەهێنن.

ئەلسیبیادێس هۆکارگەلێکی تایبەتی هەبوو، لە نێویاندا و سەرەکیترینیان ئەوەبوو کە؛ بیرۆکەی سونردارکردن تێکدەرانەیە. بیری یۆنانی لە ناوەوە بۆ دەرەوە هەڵسوڕاند. سەختە بەر بەو هەستە بیگیرێت کە ئەو پرۆژەی بوو لە شارەکەدا سیمای ژیان بەوجۆرەبێت کە بۆ ئەم بە باشترین شێوە گونجاوبێت وەک تاکێکی دژەدیموکرات لە نێو شارێکی دیموکراسیدا. داوای لە شارەکە دەکرد کە چاو لەوبکەن- نەک تەنها پاداشتی بکەن- لە سەربەخۆییە نەخوازراوەکەییدا لە سنوردارکردن، هەروەک چۆن، سەرەتای دەستپێکردنی، خۆپەرستییەکەی ‘egotism’ گۆڕا بۆ تاکگەرایی بەهۆی کەلتووری دیموکراسی شارەکەی خۆیەوە. هەمیشە لە ئیمپریالیزمدا شتێک هەیە بەد و ناهاوسەنگە، جا چ بە ڕێگەی دیموکراسی یان چ بە ڕێگەیەکی سیاسی تر بگیرێتەبەر. لە هەر بارێکدابێت، ئیمپریالیزم لە سروشتی خۆیدا دژەدیموکراسییە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوەی خۆیدا مامەڵەیەکی بەکەمزانی دەکات وەک ئەوەی ئەوانەی دەرەوەی ئەم مرۆڤگەلێکی کەمتربن یان هیچ بەهایەکی مۆڕاڵییان نەبێت، ئەگەر هەشیانبێت زۆر کەموکورتە. بەڵام وەک ئەوەی ئەلسیبیادێس ئاماژەی پێداوە، شتێک هەیە بەشێوەیەکی تایبەت تاکگەراییە یان تاکانەییە لە ئیمپریالیزمی ئەسینادا. ئەسینا دەبێت لە پەیوەندیدا لەگەڵ شارەکانیتر، تاکانەبێت، نەک تەنها شارێک بێت لە نێو ئەوانیتردا، بەڵکو هەموو شارەکان هەمان پاڵنەریان هەبێت. ئیمپریالیزمی ئەسینا جیاوازە لە ئیمپریالیزمی شارەکانی تر، چونکە سیاسەتی ئەسینا جیاوازە لە سیاسەتی شارەکانیتر. نەک تەنها ئەوەی بەهێز تاکخوازی دەکات، بەڵکو تاکگەرا و تاکانەیە لە شێوە دژەدیموکراتیەکەی. ئەلسیبیادێس دەڵێت “ئێمە ناتوانین بە دەقیقی ئەو خاڵە چارەسەربکەین کە ئیمپراتۆریەتەکەمان تێیدا ڕادەوەستێت (سیوسیدیدس ٦:١٨،پ٣٧٠). هەموو ئیمپراتۆرییەتێک، هەرچییەک دەربارەی قسە بکرێت، وابەستەیە بەوەی بەو ڕۆحییەتەوە بیربکاتەوە. هەتا خاڵێکی دوور، بزاوییەکی چڵێسی دەبێت ‘Dynamism’. بەڵام ئەلسیبیادێس ئامادەیە بە ڕاشکاوییەوە بۆ سەرووی’زیاد لە’ چڵێسی بڕوات. لەو ڕاشکاوییەیدا، بە بیرۆکەیەک دەگات کە توندڕەوی ئیمپریالیزمی ئاسایی تێپەڕدەکات. دەڵێت: “بە نغرۆبوون لە بێ بزاوی و ناچالاکیدا، شارەکە، وەک هەموو شتەکانیتر، دەسوێ و بەسەردەچێ، کاراماییەکانی لە هەموو شتەکاندا لەناودەچێت؛ لە کاتێکدا هەر خەبات و ململانێیەکی تازە جۆرە ئەزموونێکی تازەی پێدەبەخشێت” (٦:١٨،پ٣٧١). ئەم تێڕوانینە ڕەنگە کالیکلێسمان بیر بخاتەوە، بەڵام تێڕوانینەکە هەتا ئەوپەڕی لادانییەکی مەزن ‘انحراف’ زیادەڕەوی تێدا کراوە. جوڵەی هەمیشەیی بۆ ئەو مەبەستانەیە کە خود سەنتەری’خودئاگایی’ تێدەپەڕێنێت یان هەتا زیادەڕەوی تێدادەکات، وە ئەوەی کە سەرخۆشی و تەسەمومێک نیشانبدات کە هەتا دوای ڕوودانی کارەساتێک کۆڵنادات. ئەلسیبیادێس خەڵک فێری ئیمپریالیزمی بە ستەم و توند دەکات، و دەیهەوێت خەڵک وەک مۆدیلی ئەو جۆرە سستەمە لێیەوە فێرببن. ژیانی شێوەیەکی توندی لە تاکگەرایی دژەدیموکراسی نیشاندەدات و ئەیەوێت ببێتە مۆدێلی ئیمپریالیزمی دیموکراسی کە لە خۆیدا نەک تەنها دژەدیموکراسییە بەڵکو لە کۆتاییدا خۆ-ڕووخێنەریشە. شکۆمەندی ئەلسیبیادێس  و ئەسینا بە مردنێکی تراژیدی یان بە شکست کۆتایی دێت، بەڵام هەتاهەتایە لە یادەوەریدا دەژی.

ئەوانەی پێشتر لە دەقەکەی سیوسیدیدسدا ئیمپریالیزمی ئەسینا شرۆڤە دەکەن یان ئیدانەی دەکەن، وەک کالیکلیس قسە دەکەن، وەک ئەوەی ئەوانیش بە هەمان جۆر ئەسینا وەک تاکانەیەک لە ڕەنگاڵەکردنی ئیمپریالیزمدا دەبینن، تەنانەت ئەگەر بەو ڕادەیەش ئاشقی چالاکی و کردارێک نەبن لە پێناو  ئەزموونکردنی کرداریدا، وەک ئەوەی ئەلسیبیادێس دەیخوازێت وەهابێت. لە یەکەم کۆنگرەی هاوپەیمانانی سپارتا کە لە شاری سپارتا لە ساڵی ٤٣٢پ.ز سازکرا، لە ڕۆژی پێشووتری سەرەتای دەستپێکی تەنگەژە و دەمەقاڵێی سپارتا دژ بە ئەسینا، لێرەیا شاندی ئەسینا وەهایانکرد کە لەسەر خۆبەخشە بازرگانەکان قسەبکەن، نەک لەبەر ئەوەی وەها نیشانی بدەن کە ئیمپریالیزمەکەیان لە ڕاستیدا ئیمپریالیزم نییە، بەڵکو بۆ پاساوهێنانەوەبوو. دوژمنە کۆرینسیەکانیان “Corinth” بە بێ سنور تۆمەتباری دەکردن: “ئەوان لە جیهانێکدا لەدایکبوون بۆ ئەوەی نە پشوویەک بدەن و بەخشینیش بە کەسیتر ڕەوانەبینن” (سیوسیدیدس ١: ٧٠، پ٤١). لە دژە وەڵامدا، ئەسیناییەکان زمانی هاندانی تاکگەرییان بۆ لە چێوەکردنی ڕەفتاری شارەکان بەکاردەهێنا: ترس، بەرژەوەندی و شەرەف پاڵنەر و هاندەرە سەرەکییەکانی ئەوان بوو، وەک ئەوەی گوایە دەبێت ئەوانی تریش خاوەنداری ئەم ڕەفتارانەبن. (لەم پێناس و وەسفانەدا، کە بەجێی پێکهاتەیەکی ئەفڵاتونی وێکچوون و میسالییەتێکی ئەنتۆلۆجی دەرکپێدەکەین، ترافیکێکی دوولایەنە هەیە لە نێوان تاکگەرایی وەک مۆدێل بۆ شار و شار بۆ تاک). ئەوەی لە ووتەکانیاندا ئاماژەدارە، داخوازی ئامادەکاری چێ کردنی یاسایەکی دیاریکراوە. ئەوان ناڵێن یاساکە سروشتییە یان تەقلیدی و دەستەجەمعییە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە “هەمیشە وەهابووە کە لاوازەکان پاشکۆ و تابعی بەهێزەکانبن” (١:٧٦، پ٤٤). ئەمە ڕێک وەک ئەو نەخشە و فۆرمولەیەیە کە کالیکلێس بەکاریهێناوە لە ئاماژەدان و ڕوونکردنەوەی ئەوەی من پێی دەڵێم تاکگەرایی دژەدیموکراسی. پاشتر و لە ساڵی ٤١٦پ.ز ئەسیناییەکان پاساودەهێننەوە لە دەست بەسەراگرتنی دوورگەشاری بێلایەنی میلۆس، بەوەی دەڵێن “بەو خوداوەندانەی باوەڕمان پێیان هەیە، وە بەو پیاوانەی دەیانناسین، لەو یاسا پێویستەی لە سروشتی ئەوانەوە دێت، دەتوانن فەرمانڕەوایی هەرشوێنێک هەیە بکەن،،،[ئەم یاسایە لە دوای خۆمان بۆ هەتا هەتایە دەمێنێت] (٥: ١٠٥، پ٣٥٣). کەوایە یاسای بێ سنوری خودپەسەندی’خۆسەپێنی’ (ئەو خودە چ خودی تاکێک بێت یان گروپێک) نەک تەنها لە سروشتی مرۆڤایەتییەوە بەڵکو لە هەمووی گرنگتر لە سروشتی ئەوەی نەمرە و لەسەروو مرۆڤایەتییەوەیە بونیاتنراوە. هیچ پاساوێک و داوەرییەکی باڵاتر ناتوانێت خەیاڵی بکات. بەڵام پێموایە دادپەروەرانەیە کە بڵێین تاکگەرایی بەم چەشنە بیرکردنەوەیە ڕاهێنەری ئەسیناییەکانی کردووە. ئەوەی لە ڕاشکاویی و ڕوونکردنەوە دەچێت ڕەنگە تەنها گونجاندنێکی ئەقڵانی بێت.

ڕەخنەی ئەفڵاتون لە تاکگەرایی:

دووبارەی دەکەینەوە: تاکگەرایی تەنیا بە پەیوەستبوون بە دیموکراسییەوە سەردەردەکات و وەک دووانەیەکی هاوبەش لەگەڵی دەمێنێتەوە. لە بیردۆز و کرداردا، تاکگەرایی پابەندە بەو بیرۆکەیەوە کە تاکەکان گرنگن جۆدا لە ڕۆڵ و ئەرک و شوێنیان. بوونی کۆمەڵگە بۆ تاکەکانە، نەک بە پێچەوانەوە. لەگەڵ ئەم بیرۆکانەشدا، یان ئەوەی تاکگەرایی دەبێتە دیموکراسی (یەکسانیخواز) یان ئەوەی دەبێتە دژەدیموکراسی (سنوردار). تاکگەرایی دیموکراسی زیاتر لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەوەستێت کە، نەک تەنها کەمینەیەک، بەڵکو هەموو خەڵک وەک تاک گرنگن چونکە هیچ کەس بە تەواوی بە ڕۆڵ و ئەرک و شوێنیان پێناسە ناکرێن. هەموو خەڵک پێناسەکردن تێدەپەڕێنن و زیاد لە پێناسەکردن هەڵدەگرن، و هەر یەکێکیان جیهانێکە و تێیدا تاکە دیارییکراوەکەیە”ممیز”. ئەم هەستە بێ پێناسەیە خۆی نیشاندەدات لە ئامادەباشیدا بۆ چەند جۆرە ژیانکردنێک لە نێو یەک ژیاندا، بۆئەوەی چەند ڕۆڵیک بگێڕێت، و ڕۆڵە پێچەوانەکراوەکان ببینێت، وە بۆ ئەوەی بەرزکردنەوەی پلەنزمەکان بۆ یەکسانبوون لەگەڵ ئەوانیتر ببینرێت. لە بەرامبەردا، تاکگەرایی دژەدیموکراسی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەچەسپێت کە تەنها چەند کەسێک شایەنی دەرفەتەکانی تاکگەرایین، و کۆمەڵگەش بەشێوەیەکی نمونەیی’ئایدیاڵی’ بوونی هەیە بەو مەبەستەی کە ڕێگە بە ئەوان بدات خۆیان بەرەو تەواوترین ئاست پێش بخەن و دواتر بەشێوەیەکی ئاسایی ئازادی ‘ڕێگەپێدان بۆ هەرکارێک کە دەیکەن’ بچەسپێنن، بەڵام نەک لەسەر حسابی ئەوانی دیکە. هیچ سەیرنییە کە هەموو ئەم پێشەکییە لۆجیکی و دەرئەنجامانەی کە دروستبوون کاتێک کاریان لەسەرکراوە (بە ئەنقەست لە پلە جیاوازەکاندا) دەبێت لە مەودایەکی فراوانی ڕەخنەدا دژایەتی کرابێتن. لە جیهانی یۆناندا، ئەفڵاتون، وەک ئەوەی ووتم گەورەترین ڕەخنەگرە، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مەعریفەی ئێمە لە باسی تاکگەرایی لە هەردوو جۆری دیموکراسی و دژەدیموکراسیدا. بەوەی خاوەنی ڕێبازێکە – ئەگەر وەهای نەبێت، بێگومان مەیلێکی چەسپاو و بەردەوامی هەیە – ڕەنگە ناوی ببرێت بە دامەزرێنەری بیردۆزەی دژەدیموکراسی، وەک چۆن لەلای زۆربەی خوێنەرانی لە ناو دژەدیموکراتەکاندا بەهێزترینیانە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەفڵاتون هەر جۆرە حوکمێکی سیاسی کارا پەسەند بکات (ئیتر گرنگ نییە هەر جۆرێک بێت) بەڵکو لە کۆماردا سەرەکیترین جۆرەکانی فەرمانڕەوایی پلەبەندکردووە. هەموو سیاسەتێکی کارا و ڕاستەقینە بەشداری فەلسەفەی ژیرانە لە دەسەڵاتدا ڕەتدەکاتەوە؛ بەخشینی کەمترین ئەرک بە ژیری واتە دەسەڵاتی ڕەها “Absolute Power”.

دیموکراسی، لەژێر دەسەڵاتی فەلسەفەی پاشایەتی “Monarchy”، جەنگاوەرانی ئەرستۆکراسی، دەسەڵاتی دەوڵەمەندان “Plutocracy” و تەنها لەسەروو ستەمکارییەوە “Tyranny” پلەبەندکراوە. ئەفڵاتون زۆر هۆکاری ئاڵۆز و بۆ پلەبەندکردنەکەی دەستەبەرکردووە. هەر شارێکی ڕاستەقینە، هەرچەشنە شێواز و فۆرمێکی هەبێت، بە یەکسانی لە فەلسەفەوە دوورە، بەڵام باڵادەستی فۆرمێک بەسەر ئەویتردا پاڵیداوە بە نزیکی خودی فۆڕمەکەوە لە بونیادی کەسێتی فەیلەسوفەکەوە کە پیشمەرجی جۆری فەلسەفەکەیە (تەنها ئەو جۆرەیە) کە میتۆد و شێوازی فێرکارییەکەی شارەکە بە ئاڕاستەی وێرانکردن نابات (ئەفڵاتون، کۆمار، ٦:٤٩٧د، پ٢٣٣). ئەفلاتون دەڵێت پێوەر و ستانداردەکەی گەورەتین خۆشبەختی گشتییە (دوولایەن گونجاوە) بۆ هەموو گروپەکانی ناو کۆمەڵگا (٤:٤٢٠ب، پ١٢٩؛ ٥:٤٦٦آ، پ١٩٢). ئەو چەند ئاماژەیەک بەو باوەڕەی دەدات کە زۆرینەی خەڵک لە هەرکوێبن، هەرچەند سامانداربن و پێگەیان هەرچی بێت، دڵخۆشنین. کۆمار “The Republic” هەوڵێکە بۆ نەخشەڕێگای کۆمەڵگایەک کە تێیدا خەڵکی کەمتر خەمباربن و بە ڕاستی و بە ئەرێنی دڵخۆشبن. ستراتیژی ئەفڵاتون ئەوەیە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگادا کەمتر گەشە بکات، کەمتر ئەزموون بکات، کەمتر ڕیاکاربێت، کەمتر ئامرازگەرابێت’ماتریاڵیست’، کەمتر خود هۆشیاربن، کەمتر بەرامبەر خودی خۆیان بیریاربن و کەمتر بە ئاگابن لەو جیاوازی و فرەییەی لە شوێنێکی تر بوونیان هەیە. تەنانەت ئەوانەی کە ڕێگەیان پێدراوە فەلسەفە بکەن، دوور لە ئارگومێنت لە پێناو ئارگومێنتدا ئاڕاستە دەکرێن، و ڕەنگە هەرگیز ڕێگەیان پێنەدرێت سەردان و سەروکاری دیموکراسی بکەن بۆ ئەوەی فێری جۆرایەتی و فرەیی سروشتی مرۆڤ نەبن.

کۆمەڵگەی دادپەروەر سادەیە، نەگۆڕە، ڕێکخراوە و هارمۆنییە، بێ پەروایی، نائارامی و تاسەی نهێنی و نادیاری تێدانییە. ڕێگە بە کاری خەیاڵکردەی ئەدەبی نادات چونکە سۆز و ئارەزووی کۆمەڵگاکە پێگەشتوانەیە. هەوڵدەدات کە ئیگۆی هەمووان کەم و بچووک بکاتەوە. کۆمەڵگەی دادپەروەر، ڕۆڵ، شوێن و کار بۆ هەموو کەسێک دیاری دەکات، و نەک تەنها دەبێتە جێی ڕازیبوون لەو هاوسنوربەندییەدا، بەڵکو مانا بەو هەستەدەدات کە کەسێک بە قوڵی بە ڕۆڵ و ئەرک و پێگەی پێناسە دەکرێت و پارێزگاری لێ دەکات. تەنها فەیلەسوف لە شوناسی کۆمەڵایەتی باڵاترە. هەموو کەسێک کاری پێ دەدرێت، کارەکە ئامانجی ئەوان بەجێ دەهێنێت، بەشێکی بەهۆی ئەوەی بە ڕێژەیەک گەشەنەکردوو هێڵراونەتەوە، بۆیە بە ئاسانی دڵشاد دەبن بە کارەکانیان، و بەشێکی تری لەبەر ئەوەی دەرفەتێکیان پێ دەبەخشرێت بۆ ئەوەی شتێک بکەن کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەهادارە و ڕاهێنان لەسەر هەر جۆرە بەهرەیەک دەکەن کە ڕێگەپێدراوە بۆ ئەوەی تێیدا پێش بکەون. مێشک’ئەقڵ’ تەنها بە خواردنی بەسود تێردەکرێت. هەموو کەس بۆ خاتری شارەکە بوونی هەیە، نەک بە پێچەوانەوە. هەرچەندە شاری دادپەروەر دژ و بەرامبەر هەموو شارە ڕاستەقینەکانی تر دەوەستێت، بە ئاشکرا دیارە کە تیژترین دژی و بەرامبەرییە لەگەڵ دیموکراسی.

بابەتەکە بەم جۆرەیە، شاری دادپەروەر بەشێوەیەکی سیستەماتیکی دژی ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین تاکگەرایی جا تاکگەرایی دیموکراسییانە بێت یان دژەدیموکراسی. لە حاڵەتی دیموکراسیدا، ژەمارەیەکی زۆر لە خەڵک شوێن و پێگەی خۆیان جێدەهێڵن و لە بیری دەکەن و فریوی یەکسانی دەدەن، لە کاتێکدا ئەوان لەگەڵ ئەو پلەوپایەیەی شوێن و پێگەی خۆیان بۆ جێهێشتووە نەگونجاون، و کەمینەیەکیش مەزەندەی باڵابوونی خۆیان دەکەن، لە کاتێکدا هیچ بڕوبیانوویەکی شەرعییان نییە بۆ خودخەمڵاندنەکەیان. هەموو کەس ڕاڕا و نائارامن؛ هەموو کەس بە هەڵە پێناسە کراون؛ خەڵکی دەیانەوێت خودی خۆیان تێربکەن بەڵام هەرگیز هەست بە دڵشادی ناکەن. ئەقڵی هیچ کەس تەرکیزی لەسەر ناکرێت، کاتێک پێوسیتە وەهابێت: لە باشترین ڕۆڵ و کاریگەری کە هەر کەس دەتوانێت بۆخاتری باشی ئەوانیتر دروستی بکات. کاتێک شار لە حاڵەتی دیموکراسیدا بە خودی خۆی بەجۆش و بەکاردانەوەبوو، یان بە خودی خۆی فریودرابوو، یان ئەوەی لەلایەن وتارخوێنە بێ ویژدان و فەیلەسەفە درۆزنەکانەوە گەندەڵ و تێکدرابوو، زۆرینە ‘واتە زۆرینەی خەڵکی شار’ دەبنە “دڕندە”، کە دەتوانن لە ناو دەسەڵاتدا کاری دڕندانە بکەن (ئەفڵاتون، کۆمار، ٦:٤٩٣آ-ج، پ٢٢٧). تاکایەتی هیچ بوونێکی نامێنێت کاتێک کە “زۆرینە” هەڵدەسن و دەبنە هێزێکی یەک-ئەقڵی بۆ خراپەکاری. سەرکردەکانیانشیان هەروەها، دڕندەگەلێکی بێ ووچانن کە گاڵتەجارییانە یاری بە خەڵک دەکەن، لە کۆتاییدا بەشێوەیەکی جەوهەری بە مەبەستی دژایەتی کردنی گرنگترین بەرژەوەندی کرداری خەڵک دەیانکەنە ئامڕاز. ئیمپڕاتۆرییەت دەگۆڕێت بۆ لاوازی، خەباتی چینایەتی دەگۆڕێت بۆ ستەمکارییەکی بێ سەروبەر.

لەسەروو ئەوانەشەوە، کۆماری ئەفڵاتون فێرمان دەکات کە باوەڕکردن بەوەی کە هەر کەسێک جگە لە فەیلەسوفێکی ڕەسەن دەتوانێت ببێتە تاکگەرا، وڕێنەیە. ڕۆحی هەموو کەس جگە لە فەیلەسوف، بەهۆی ململانێی ناوەکییەوە شڕو ووڕبووە، ئەمەش بەهۆی دژایەتی ئاقڵانی کەسێک بەرامبەر حەز و ئارەزووکانی، لە تەباییکردن لەگەڵ ئەو ڕێکخستنە تەواوەتییەی کە لە تەماع و توڕەیی دڵنیایی دەدات، کەسی نا فەلسەفی بێ هاوکاردەبێت، قوربانی بێ دەربەستی ووزەکانی دەبێت، و لە دیمەنی ململانێیەک کە هیچ کۆنتڕۆڵێکی نییە زیاترنابێت. نەبوونی یەکێتی و یەکگرتن لە سایەی حوکمڕانی ئەقڵدا، مرۆڤ بە یەکی’تاکی’ و بریکارێکی تەواو تاکبیرەوە ڕائەوەستێنی. تەنها فەیلەسوفی ڕاستەقینە دەتوانێت لەم چارەنووسە دەربازی ببێت؛ تەنها ئەو ‘هەر ڕەگەزێک بێت’ دەبێتە هەردوو یەکەیەک یان یەکێتیەک – کەسێکە کە توانای ئەوەی هەیە ببێتە خۆی، ڕۆحێکی هارمۆنی هەبێت. لە ئاست بەرزکردنەوەیەکی وەهادا بێ هاوتایی تاک گرنگی پێ نادرێت. ڕۆحی فەلسەفییانە خاوەنی شوناسی کەسی نییە بە تەنها، بەڵکو هاوپەیوەندییەکی ناشەخسی و خود-داماڵینە لەگەڵ واقعێکی باڵاتر، هەموو ڕۆڵ و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان و شوێن و پێگە کۆمەڵایەتییەکان لە چاوی ئەقڵەوە لێیان بڕوانێت دەبنە سێبەری باڵاترین واقع. وەک ئەوەی دواتر ئەرستۆ خاڵی ئەفڵاتونی لە کتێبی ئیتکی نیکۆماکیانەدا “Nicomachean Ethics” دانا: ” [مەشقپێکراو و ئاڕاستەکراوانی فەلسەفی] زیرەکن لە بەها و هێزدا لە هەموو شتەکانی تر سەرووترن. ڕەنگە وەها دابنرێت کە خودێکی ڕاستەقینەی هەر مرۆڤێکبێت چونکە باشترین بەشی مرۆڤە کە کۆنترۆل دەکرێت. بۆیە سەیردەبێت ئەگەر مرۆڤێک ژیانی خۆی نەژی بەڵکو بە ژیانی کەسیکی تر بژی” (١٠:١١٧٨ا، پ٢٩١).

زۆرێک لە توخمە سەرەکییەکانی تاکگەرایی دیموکراسی، تاکگەرایی دژەدیموکراسی و ڕەخنەی تاکگەرایی بەو شێوەیە لە نووسینەکانی ئەفڵاتوندا دەدۆزرێنەوە، بە ئاماژەگەلێکی بەنرخ لەلای سیوسیدێدس و ئەرستۆ لە نێو نووسەرانی دیکەی یۆناندا. ئێمە بە تایبەتی لە ئەفڵاتونەوە فێردەبین کە دیموکراسی و تاکگەرایی دووانەیەکی پێکەوە گرێدراون و بیرکردنەوەی تەمەڵانە لە تاکگەرایی بێگومان بیرکردنەوەی تەمەڵانەیە لە دیموکراسی. بە دڵنیاییەوە لە دوای دیموکراسی ئەسینا بە ستایشەوە کاتێک داهاتووی دیموکراسی لە ئەمریکا دێتە بەرچاو، وێنەکە دەگۆڕێت. بەڵام بەسەر بردنی هەندێ کات لەگەڵ ئەسینا، بەشێکە لە ئامادەکاری بیرکردنەوە لە تاکگەرایی (دیموکراسی و دژەدیموکراسی) و ڕەخنەگرەکانی لە سەردەمی مۆدێرنەدا. بازدانێکی گەورەیە لە ئەسینای دێرینەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام لێکچوونەکان بەلایەنی کەمەوە بۆ ئەقڵێکی هەستیار، بێ ئەرزشنین.

ئەوە نیتچە “Nietzsche” بوو کە ئەسینا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی پێکەوە لکاندبوو بۆ ئەوەی داڕشتەیەکی جدی تاوانبارکردن پێشکەش بە دیموکراسییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات. نیتچە یۆنانی خۆشدەویست. فەلسەفەکەی بەبێ ڕۆحییەتی ئیلهامی یۆنانی جێی خەیاڵکردن نییە. بە کەمی باسی ئەمریکای کردووە، بەڵام چونکە ئەوێ تاکە وڵاتی دیموکراسی بوو لە تەمەنی ئەودا، دەبوو حەزی پێی نەبێت و لێی بترسێت. لە کتێبی زانستی گەی “The Gay Science” کە پێنج ساڵ دواتر بۆ چاپی یەکەمی ١٨٨٢ زیادکرا، بەشێکی سەرسورهێنەر لەسەر کاریگەرییەکانی بە تاککردنی دیموکراسی تەرخاندەکات. (هەموو ووتەکانی نیتچە لە بەشی ٣٥٦، پ٣٠٢-٣٠٣ دەرهێنراوە). لە ژێر ناونیشانی گاڵتەجاڕانەی “چۆن شتەکان زیاتر دەبنە ‘هونەری’ لە ئەوروپا” پێشنیار دەکات کە لە کەلتوورە دیموکراتەکاندا، ئەوانەی دامەزراون، یان بەڕێوەن دامەزرێن، خەڵک وازلەو باوەڕە بهێنن کە ئەو کارەی دەیکەن ئەو کارەیە کە پێشتر لە قەدەریدا هەبووە. “ئیمانێکی لەخۆباییانە” هەمیشە دیارتر’بارز’ دەبێت: “ئەو ئیمانەی ئەسیناییەکان کە سەرەتا لە سەردەمی پێریکلێس تێبینی کراوە، هەمان ئیمانی ئەمریکاییەکانی ئەمرۆیە” و ئەوەش بەرەو ئەوروپا بڵاودەبێتەوە. ئەو ئیمانە چییە؟ “باوەڕ بە تاک دەهێنرێت کە دەتوانێت هەموو شتێک بکات و دەتوانێت هەر ڕۆڵێک ببینێت کە دەیەوێت”. دەرئەنجامی ئەو باوەڕکردنە ئەوەیە کە “هەمەوو کەسێک ئەزموون و تاقیکردنەوە بۆ خۆی و لەگەڵ خۆیدا دەکات، داهێنان دەکات، ئەزموون و تاقیکردنەوەی نوێ دەکات، لە ئەزموون و تاقیکردنەوەکەی چێژ دەبینێت”. دەرئەنجامی زیاتر و گرنگتر ئەوەیە کە “هەموو سروشت دەوەستێی و دەبێتە هونەر”. دوای پەسەندکردنی ئەمەش “ئیمان ڕۆڵە- ئیمان هونەرە، ئەگەر دروست بووترێت” هەموو یۆنان “لە ڕاستیدا دەبنە نمایشکار”. هەموو کار و پیشەیەک بۆ ڕۆڵێک کە بتوانرێت بگێردرێت، گۆڕا؛ بەڵام ئەوەش بەو مانایە دێت کە دەکرا لە هەندێک لە ڕۆڵەکان بگەڕێن و هەندێک ڕۆڵی تر جێگەیان بگرنەوە. ئەگەر هەموو شتێک ڕۆڵ بێت، هیچ ناسنامەیەکی جێگیر نامێنێتەوە، هیچ هەستێک لەوەدا نامێنێتەوە کە هەر کەس بەو کارەی کە دەیکات پێناسە دەکرێت و لە دایک بوو بۆ ئەوەی ئەو کارە بگرێتە ئەستۆ و ناتوانێت هیچ کارێکی تر بکات. لێکەوتە ئاشکراکانی نیتچە ئەوەیە کە ئەمریکاییەکانیش بە هەمان شێوەن.

نیتچە بەو دیمەنە پەست و دڵگرە مەفتوون بووە. “بەم شێوەیە کە هەمیشە شێتانەترین و سەرنجڕاکێشترین سەردەمی مێژوو کاتێک دەردەکەوێت کە ‘ئەکتەرەکان’ هەموو جۆرە ئەکتەرێک دەبنە خاوەن کاری ڕاستەقینە’master'”. بەڵام لە خەمڵاندنی ئەودا، تێچووەکان ‘خراپ شکاندنەوە بەسەرماندا’ زۆر خراپ دەبێت. پرۆژە مەزنەکان بۆ داهاتوو لەباردەبرێن چونکە دەبێت پشت ببەستن بە “ئەو ئیمانەی کە مرۆڤ نرخ و مانای هەیە بە هەمان شێوەی بەردێک لە پێکهاتەی بونیادێکدا؛ بۆ ئەو کۆتاییە دەبێت سەرەتا بەهێز بێت، ‘بەردێک’ بێت، و بە هیچ جۆرێک نمایشکار نەبێت”. لەسەر هەر دیموکراتخوازێکە کە بڵێت، پەسەند کردنی پتەوی وەک بەردێک واتە پەسەندکردنی ئەوەی کە تەنها هۆکارێکی بەسودە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو وویستانەی لەسەروو ئامانجی خۆیەوەن، و هەتا بوونە کۆیلەش. عەیبە و نەنگی کۆیلایەتی تەنها لە مامەڵەی خراپەوە نایەت، بەڵکو تەنها لە ڕاستی ملکەچی زۆردارانەی وەک خاوەندارێکەوە دێت. دیموکراسییەکی خۆسەر’ڕێک’، نەک وەک ئەوەی هەتا ئێستا هەبووە، هەرگیز لەناوچوونی’انقراض’ تاکگەرایی تەواو بەسەر تاکەکاندا ناچەسپێنێت.

هێشتاش باڵاترین فەرمانی نیتچە، بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە شتێک، بەشێکی باش لە مانای تاکگەرایی لە خۆدەگرێت. وەک ئەوەی دواتر لە “Ecce Homo”دا دەڵێت بوون بە شتێک بە پارادۆکسییانە’ دژیەکانە’ پێویستی بەوەیە کە کەسێک “بچوکترین بیرۆکەی بوون بە شتێک”ی نەبێت (١٩٦٩[١٩٠٨]، پ ٢٥٤). مرۆڤ پێویستە خۆی لە بیر بکات و لە خۆی تێنەگات بۆ ئەوەی بگاتە باڵاترین توانای کەسی خۆی. بۆ پێشڕەویکردنی ژیان ئەوەیە سەرکەوتووانە پێشەنگی چەند ژیانێک بکەیت، هەر ژیانێک دەستپێکێکی نوێیە و دەستکەوتێکی ناسەقامگیرە. ئایا هەڵوێستێکی وەها، بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئامادەیی سەرەتایی لە جەوهەری ڕۆڵ گێڕانی تاکگەرایی دیموکراسیدا،هەیە؟ هەندێک بزێوی بەپەلە هەن کە هەرگیز ئاسودە نابن، ئارەزوویەک نین بۆ دۆزینەوە و پاشان بوون بە خود؟ ئایا ئەو فەڕەزیاتەی لە دیموکراسیدا هەیە لەوەی کە کەسێک ببێتە چ شتێک بەسەرهەموو شتەکانی تردا تێپەرنابێت و بازنادات؟ لە هەر بارێکدابێت، با تێبینی ئەوە بکەین کە ئەو بیریارەی ئەسینای خۆش دەوێت و ڕق و کینەی لە بەرامبەر دیموکراسی هەیە ئەوەمان پیشان دەدات کە ڕێگەی تێگەشتن لە تاکگەرایی دیموکراسی لە سەردەمی مۆدێرنەدا، ئەوەیە کە دەبێت سەرەتا ڕێگا دێرینەکەی خۆی لە ئەسینا بخوێنین.

تۆکیوڤێل “Tocqueville” و تاکگەرایی دیموکراسی:

مەبەستم ئەوە نییە بڵێم کە یۆنانییەکان هەموو کارەکانیان بریتیبووە لە بیرکردنەوە لە تاکگەرایی، بەڵام ئەوان سەرەتا بیرۆکە بنچینەیی و گرنگەکانیان پێشکەشکردین. ئاشکرایە کە ئەسینا و ئەمریکا جیاوازییەکی قوڵ لە نێوانیان هەیە. هەرە دیارترین هەوڵێک کە هەبێت بۆ ئاسانکردن و قوتدانی کێشەیەک بۆ کێشەیەکی تر کە دەبێت بەرەنگاری ئاستەنگی زۆر ببنەوە لەو سەردەمەدا، لەوانە کاریگەری مەسیحییەت و سەرمایەداری لەسەر دیموکراسی مۆدێرنە. ئەو ڕاستییەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ئەسینا و ئەمریکا بە باش و بە خراپ، دوو پوختەترین نمونەی دیموکراسین. نمونەکانیان ئەوە نیشان دەدەن کە لە کوێ دیموکراسی هەبێت، تاکگەرایی چ دیموکراسی بێت یان دژە دیموکراسی لەو جێیە دەبێت. بۆ بەدەستهێنانی ڕوانگەیەکی فراوان لە دیموکراسی ئەمریکا، باشترین ڕێنیشاندەر تۆکیوڤێلە. هەرگیز هەمانکارەی چاودێرێک لە کەلتووری دیموکراسی ئەمریکا، یان دیموکراسی مۆدێرن لە هەر کوێیەک دامەزرابێت یان خوازرابێت و خەباتی بۆ کرابێت، نەبووە. یەکێک لە چەمکەکانی ئەو تاکگەراییە، زاراوەیەک کە ئەو داینەهێناوە، بەڵکو لە ئاشناکردن و تێکەڵکردنی بە جیهانی کۆمەڵایەتی هاوکاربووە. دڵی بابەتەکە بۆ تۆکیوڤێل هەر ئەوەیە کە لەلای ئەفڵاتونیش هەبوو: دیموکراسی وەک کەلتوورێک کە تێیدا خەڵک وەک تاکێك بیر لە خۆیان بکەنەوە، نەک وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگە کە بە ڕۆڵ و ئەرک و شوێن پێناسەکرابێتن.

زۆربەی گشتاندنەکان سەبارەت بە دیموکراسی و بەنبوونی لەگەڵ تاکگەرایی کە ئەفڵاتون دایناوە، لە لای تۆکیوڤێل لە کتێبی دیموکراسی لە ئەمریکا “Democracy in America” هەیە، کە لە دوو توێێ دوو بەرگدا لە ساڵی ١٨٣٥ و ١٨٤٠دا بڵاوکرانەوە. لە کاتێکدا ئەفڵاتون نزیکەی ٢٠ لاپەڕە دەبات بۆ ئەوەی چیرۆکەکەی باس بکات، تۆکیوڤێل سەدان لاپەڕە دەبات. شیکردنەوەی درێژتر سوودی زۆر و ووردەکاری زیاتری هەیە، بەڵام تۆکیوڤێل ئەوەندە لەم باسەوە بۆ ئەو باس بازدەدات و قسە دەر ئەپەڕێنێت کتێبەکەی توشی لەدەستدانی هێزی چەمکی بووە، وە هەروەها بەتاڵە لە ڕەوانبێژی پێویست بۆ ئەوەی وێنای شارەکە وەها بکات کە ڕۆحێکی گەورەی هەیە؛ وە زۆر لە ئەفڵاتون بە بیرترە، وە کەمتر لەسەر گشتاندن مکوڕبووە. بەهایەکی دانسقە لە شیکارییەکانی تۆکیوڤێلدا بەراوردی سیستەماتیکی نێوان میراتی ئەرستۆکراتی جیهانی کۆن و دیموکراسی هاوچەرخە، ئەم شاکارە وا دەکات کە ئەگەر ناونیشانێکی جێگرەوە بۆ کتێبەکەی دەستنیشان بکەین، بێ گومان ناونیشانەکە ئەرستۆکراسی لە ئەوروپا دەبێت “Aristocracy in Europe”. ئەو بەردەوام تێڕوانینی لەسەر ئەرستۆکراتییەکانی پێشتر و سەردەمی خۆی جێگیر کردووە، نەک ئەوەی کە حوکمی گریمانەیی لەلای فەیلەسوفە دیسپلینکراوە سیاسییەکان، سەرنجیان ڕاکێشابێت.

ڕەنگە جیاوازی بیردۆزەیی سەرەکی ئەوەبێت کە ئەفڵاتون باوەڕی وەهابووە سۆزە بنەڕەتییەکانی دیموکراسی بریتییە لە ئازادی (یەکسان) بەوەی کەسێک چۆنی پێ خۆشە بژی. یەکسانی تەنها دوای ئازادی – نەک کۆیلەبوون- دەبێتە بابەتێکی ئازیزی کێشەکان. ژیانکردن بەوجۆرەی کەسێک ئارەزووی دەکات بەو مانایە دێت کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئەو کارە بکات کە پێی خۆشە، “هەتا لە پەرچەکرداردا تاکگەرایی دژەدیموکراسی دروست دەبێت”. بەڵام ئارەزوو ‘رغبە’ مانای ئەوە نییە کە هەموو هاوشێوەی یەکتر بن، بەڵگو ڕێگە بە خەڵک دەدات بە جۆراوجۆری و فرە ڕەنگی لەسەر سروشتی خۆیانبن. بە گوێرەی چەمکاندنەکەی ئەفڵاتون (و ئەرستۆ) بۆ دیموکراسی ئەسینا، ئازادی پێش یەکسانییە. یەکسانی واتە هەموو هاووڵاتییان بە یەکسانی لە ئەنجومەنی دادوەری گشتی دەنگدەدەن و بۆ کاری فەرمانگەکانیش بە یەکسانی مافیان هەیە؛ بەم شێوەیە هێزی ڕاستەقینەی یەکسانی وەک ووتم، پاراستنی ئازادی هەموو کەسێکە بۆ ئەوەی ژیانێکی بێ سنوربەندی بژی بە ڕادەیەک کە ئەم ئازادییە وەک یەک بۆ هەمووان بگونجێت.

لە بەرامبەردا تۆکیوڤێل بە چەند خەسڵەت و مەرجەوە دەریخست کە، یەکسانی لە ئەمریکا (بەتایبەت لە شێوەی یەکسانی یاسایی مەرجی کۆمەڵایەتی و یەکسانی دەرفەت) پێش ئازادییە. هەروەها ئەمریکاییەکان زۆر جار وەها دەردەکەون کە زۆر بە سادەیی ئازادی وەک ئامێرێک بۆ بەرهەمداری زیاتر و سامانی زیاتر دەنرخێنن (تۆکیوڤێل، ١٩٥٤ [١٨٤٠]، ٢:٢،بەشی ١٤، پ١٤٨). بە دڵنیاییەوە، ئازادی پیرۆزدەکەن؛ ئەوان لە سەرەتاوە لە ڕووی سیاسییەوە ئازادبوون؛ بەلام ترسی تۆکیوڤێل ئەوەیە کە لە سەردەمی مۆدێرنەدا، کەمتر کوشندەتر لە ئەمریکا لە چاو ئەوروپا، خەڵک لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا یەکسانی قەبوڵ دەکەن نەک ئەوەی ئازادی لە ژێر سایەی هەرەمیدا قەبوڵ بکەن، ئەگەر هەڵبژاردەکە فشارێک بوو لەسەریان یان ئەوەی بەو شێوەیە کار بکەن کە خۆیان ناچار هەڵبژرادەکە بەسەر خۆیاندا بدەن (٢:٢، بەشی ١،پ١٠٣). ئەو بە سەرزەنشت و تووڕەییەوە دەڵێت کە ئەگەر چی دیموکراسییەکان “بە سروشتی تامی ئازادی دەکەن”، بەڵام سۆزی ئەوان بۆ یەکسانی “بەجۆشە، تێرنابێت، بەردەوامە، پتەوە” (٢:٢، بەشی ١،پ١٠٢). تۆکیوڤێل خراپترین ترسی خۆی بە “ستەمکاری دیموکراسی” ناودەبات: دۆخێک کە تێیدا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت هەموو بوار و لایەنەکانی ژیان ڕێکدەخەن، لەگەڵ پاراستنی فۆڕمەکانی نوێنەرایەتییەکانی دیموکراسی. ئەرکیان دابینکردنی ئاسایشە بۆ موڵک و ماڵیان بەڵام لە سەروو ئەوەشەوە دووبارە دڵنیایی بە خەڵک دەدەن کە تاکە تایبەتمەندە بەهێزەکانیان یان گروپە بچووکەکانیان کەسانی ناودار و لەدەرەوەی یاسانین یان کەسانی توندوتیژ و پێشێلکاری ڕۆحی یەکسانی نین.

ڕەنگە تۆکیوڤێل سەبارەت بە ڕیزبەندی ئازادی و یەکسانی لە دیموکراسی مۆدێرندا ڕاستبێت، هەرچەندە من پێموایە کە ڕیزبەندییەکە پرسیارێکی کراوەیە کە پێناچێت وەڵامێکی پوخت و تەواو بدۆزێتەوە. بەڵام ئەگەر ڕاست بکات، ئەوا ڕوونکردنەوەکە لە ژێر کاریگەری سەرمایەداری پێشکەوتوو لەسەر دیموکراسی مۆدێرنە ڕاکشاوە. ئەسینا کۆمەڵگەی بازاڕ-بوو و جیاوازی گەورە لە ساماندا هەبوو؛ بەڵام تەنانەت لەگەڵ بوونی ئیمپریالیزمێکی بەهێز و دڕندە، بەڵام ئابوری ئەسینا وەک ئابوری مۆدێرنەی سەرمایەداری فراوانخواز نەبوو. ئەگەر خۆشەویستی بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی مۆدێرنەدا وەها دەرکەوێت کە جیانەکراوەبێت لە خۆشەویستی بۆ سامان، وەک ئەوەی تۆکیوڤێل ئاماژەی پێداوە (٢:٣،پ٢٤٠) ئەوا سەرمایەداری بەرپرسیاردەبێت. بەڵام بێگومان هیچ سەرمایەدارییەکی داینەمیکی بوونی نەدەبوو مەگەر ئەوەی کە خەڵکەکە پێویستیانە، سەرمایەداری بە بەردەوامی و داهێنەرانە پێیان دەبەخشێت. لەلایەکی ترەوە بۆ کاتی خۆی و زۆر دوای تۆکیوڤێل، سەرمایەداری پێشکەوتوو (لە ناوخۆدا، ئەگەر لەسەر ئاستی جیهانیش نەبێت) جەنگی چینایەتی ڕاگرتووە، لەو جۆرەی کە هەمیشە لە پاشخانی ئەسیناییەکاندا هەبوو، ئەوەی کە زۆرکات بۆ شێواندنی ڕێکەوتنە سیاسییە دیموکراسییەکان دەردەکەوت. ئەوە تایبەتمەندییەکی بونیادییە، ئەگەر چی لە ڕوانگەی ئەفڵاتونەوە هێزێکی کەلتووری و دەرونناسییانە نییە.

هەرچۆنبێت، مەترسی ستەمکاری دیموکراسی لە ئێستادا بەشێکی کەمی دەرکی پێ دەکرێت، هەرچەندە وەها دیارە کە کات لە سودی ئەو بێت، لانی کەم لە ئەمریکاش وەک شوێنەکانی ترە. چاودێری سەرپەرشتیاری بیرۆکراتی، و ڕێساکانی ڕێکخستنی مرۆڤ و ئەو ژیانەی بەڕێوەی دەبەن نزیکن و بەردەوام زیاد دەکەن. ئەوەی ئاشکرایە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەفلاتون لەسەر تۆکیوڤێل هەرچۆن بێت، شیکارییەکانی تۆکیوڤێل بۆ دیموکراسی ئەمریکا زۆر لێکچوون لە چارەسەرەکانی دیموکراسی لە کۆماری ئەفڵاتوندا، نیشان دەدەن. تۆکیوڤێل پشتڕاستی ئەفلاتون دەکاتەوە؛ هەردووکیان چاودێرییەکانی ئێمە پشتڕاست دەکەنەوە، هەرچەندە لەوانەیە زۆرجار ئەو شتەی ئەوان دەیبینن بە توڕەیی و بێزاری یان هیچ نەبێت بە جۆداکاری تەماشای بکەن. تۆکیوڤێل چی دەبینێت؟ ئەو کۆششە بێ سەروبەرانە دەبینێت کە هەموو کەس دیکەن لە ئێستا و دواتر بۆگۆرینی ژیانیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ژیانکردن بە تێگەشتنی مرۆڤ کە لە هەموو ڕۆلێک زیاتربێت، لە خودی خۆی نزیک ببێتەوە؛ هەروەها دەبینێت کە زۆرجار ڕۆڵەکان پێچەوانە دەکرێنەوە و پاشکۆ و ژێردەستە لەبیرکراوەکان هەتا ئاستی یەکسانی بەرزدەکرێنەوە. لە ئەمریکا نایەکسانییەکی زۆر کەمتر لە نێوان هەردوو ڕەگەز بە بەراورد بە ئەوروپا هەیە، وە ئاسانی پەیوەندی نێوان باوک و کوڕ ئەوە نیشان دەدات کە کەسێک دەتوانێت بڵێت دیموکراسی بەشێوەیەکی توند چاو بە باوکایەتی و نێرسالاریدا دەخشێنیتەوە. خزمەتکارەکان لەگەڵ گەورەکانیان هاوشوناسن چونکە گەورەکانیان وەک گەورەی شوێنەکانی تر ڕەق و چەوسێنەر نین. خزمەتکارەکان بە ئاشکرا و بە دڵنیاییەوە دەتوانن خۆیان وەک گەورەکانیان بهێننە پێش چاو.

ئێمە لە پۆلێنکردنەکەی ئەفڵاتون بۆ دیموکراسی یۆنان چەند جۆرە گۆڕان و ڕۆڵ بینین و ڕۆڵ گۆڕینمان بینی. من مەرجی ژیانکردنم بۆ پابەندبوون بە تاکگەراییەوە گەڕاندۆتەوە، کە بەو باوەڕە پێناسەم کردووە کە خەڵک لە ڕۆڵ و ئەرک و شوێنی خۆیان زیاتربن لە کۆمەڵگادا. من هیچ ڕێگەیەکی تر نازانم بۆ باسکردنی جەوهەرگەرایی تاکگەرایی. ئەمەوێت بڵێم، ئەگەر ڕاستبم، ئەوە ڕاستییە کە چەمکی تاکگەرایی لە ناو یۆناندا پێناچێت بوونی هەبووبێت، یان بە دەگمەن هەبووبێت گرنگ نییە. دیموکراسی یۆنان حاڵەتە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی بۆ تاکگەرایی بەرجەستەکرد. تاکگەرایی شوێنی ئەو دیموکراسییە کەوت، کاتێک کە بانگەشەی یەکسانی هەمووان شەرەفمەندانەبێت بۆ ژیانکردن وەک ئەوەی خۆیان پێیان خۆشە، بە بێ ئەوەی هەموو کەس وەک یەک بن لە هەموو ڕوویەکەوە یان بەرەوخوار پلەبەندی بکرێن. شتە سەیر و نامۆکە ئەوەیە کە هەرچەندە تۆکیوڤێل ڕاستەوخۆ لە تاکگەرایی ئەدوێت، بەڵام تاکگەراییەکەی ئەو حاڵەتی ڕۆڵە سەرکەوتووەکان یان ژیانکردن لە ناو ژیانێکدا، ڕۆڵ پێچەوانە کردنەوە، پلەبەندی ڕەوشی ڕۆڵگێڕ بەرەو سەرەوە، ناگرێتەوە.

تاکگەرایی، تاکگەرایی دیموکراسی، وەک ئەوەی تۆکیوڤێل لێیان تێگەشتبێت چین؟ ئەو دەڵێت ” تاکگەرایی هەستی ئارامی و پێگەشتنە، هانی هەر تاکێک لە کۆمەڵ دەدات خۆیان لە قەرەباڵغی جەماوەر دووربخەنەوە، وە هەتا وا دەکات لە خێزان و هاوەڵانی جیاببنەوە، پاش ئەوەی بازنەیەکی بچووکی تایبەت بە خۆی پێکهێنا، بە وویستی خۆی کۆمەڵگا بۆ گەورەیی خۆی بە جێدەهێلێت” (تۆکیوڤێل ١٩٥٤[١٨٤٠]، ٢:٢، بەشی ٢،پ ١٠٤). ئەو ڕوونی دەکاتەوە، کە تاکگەرایی هەمان خۆپەرستگەرایی و ئیگۆتیزمە نییە کە هێندەی تەمەنی مرۆڤایەتی کۆنن، نەخێر، تاکگەرایی لە بنەڕەتی دیموکراسییە (پ١٠٤). کەواتە تاکگەرایی ڕێکخستن و داتاشینێکە بۆ بونیادنانی ژیانێک بۆ کەسێک کە خودی خۆی خاوەنداریەتی؛ ئەوە تایبەتمەندیگەری بە ئەنقەستە. بە نەرێنی، ژیانێکی وەها پەناگەیەکە لە کۆمەڵەیەکی گەورە لە تاکە یەکسانەکان کە نابێت ڕێگە بە کۆمەلگە بدرێت فشار بخاتە سەر هیچ کەسێک، کاتێک کەسێک ئەو بەربەستانەی لەلایەن چین و توێژە کۆنە پارێزەکانەوە دانراوە لادەبات. بە ئەرێنی، ژیانێکی وەهە کە کەسێک خۆی بۆ خۆی دروستی دەکات، گوزارشتێکە لە کەسێک کە لە دەرەوە دەگۆڕێت و لە ناوەوەوە شاز دەبێت. بە تێگەشتنی تۆکیوڤێل، تاکگەرایی بۆ ئازادی ژیانکردنی کەسێک بەو جۆرەی پێی خۆشە دێتە خوارەوە، واتە بۆ خۆ ژیان و هۆگری خۆبوون (ئەوە گۆشەگیرییەکی حەرفی ژیانی ڕاهیبانە نییە).

کەموکورتی لە چەمکاندنەکەی تۆکیوڤێلدا ئەوەیە کە هەمەجۆر حاڵەتی شلی کەسی و ڕۆڵی ئیسفنجی بە تاکگەراییەوە گرێ نادات. لەوانەیشە ئەو کەموکورتییە مانای زۆر شت نەدات، دوای هەموو شتێک تۆکیوڤێل حاڵەتەکان هەم بە گشتی و هەم بە ڕوونی پێشکەش دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، چەمکاندنی تاکگەرایی کە زۆر بەرتەسکە، لە هەندێک سیما و تایبەتمەندی کە زۆرێک (نەک هەموو) لە ڕەخنەگران خواستیان لەسەریان هەیە، ئینکاریی دەکەن؛ بەرتەسکی دەکەنەوە بۆ تایبەتمەندگەرایی و دەیشێوێنن. بەڵام مرۆڤ دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە مەیلی تایبەتمەندگەرایی لە تاکگەرایی کۆن و مۆدێرنەدا بنچینەییە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جیانەکراوەیە لەو خودئاگاییەی’ئیدراکی خودی’ کە سەربەخۆ شێوە دەداتە ڕۆڵ و کار و شوێن، ئەو خودئاگاییەی کە پێناسەی تاکگەرایی دەکات. بەڕاستی سەختە ببینین چۆن خودئاگاییەکی وەها نەتوانێت ببێتە هۆی کەسێک هەوڵبدات ژیانی خۆی لەسەر پێوەر و چەمکەکانی خۆی بونیادبنێت. تەنیا کەمینەیەک وادەکەن کە ژیانی گشتی وەک هێزێکی بنچینەیی و دەستوریبێت بۆیان، جگە لە هەندێک ڕووداوی بەڕێکەوت. تایبەتمەندیگەرایی سپۆنسەری خودگەڕان’لێکۆڵینەوەی خودی’ دەکات، کە ئەمەش زاراوەیەکی ترە بۆ شلی کەسێتی و ڕۆڵی ئیسفنجی. دڕێژ و کورتی باسەکە هەر ئەوەیە کە ڕێگە بە تۆکیوڤێل بدات لە تێگەشتنی بۆندی نێوان دیموکراسی و تاکگەرایی یارمەتیمان بدات، ئەو وێنەیەی بە گشتی پێشکەشی دەکات دەبێت بخوێنرێتەوە، نەک تەنها ئەو بەشە کەمانەی کە لە ناونیشانیاندا ووشەی تاکگەرایی هەیە (٢:٢، بەشی ٢-٤، پ١.٤-١١٣).

پەیوەندی بەردەوامی تر لە نێوان ئەفڵاتون و تۆکیوڤێل و لە نێوان ئەسینا و دیموکراسی مۆدێرنەدا بوونی هەیە. لە ناو لێکچوونەکاندا، وویستی بەربڵاوی خەڵک بۆ فەلسەفاندن هەیە، کە  تۆکیوڤێل وەک کارتێزیانی “Cartesians” سروشتی ئەمریکاییەکان وێنەی دەکێشێت – وویستی بیرکردنەوە لە شتەکان لە ڕێی خودی کەسەکەوە نەک قەبوڵکردنی نەریت و دەسەڵات (تۆکیوڤێل ١٩٥٤ [١٨٤٠]، ٢:١،بەشی ١،پ٤). ئایین ڕێزی لێ دەگیرێت، بەڵام لە جیاتی ئایینێکی وەحی گواستراوە، “بۆچووبی وەرگیراوی باو و هاوبەش” قەبوڵکراوە (٢:١،بەشی ١،پ١٢). ئەم کارتێزانیزمە [بیردۆزەیەکی فەلسەفی و زانستی دێکارتە] سروشتییە، ڕێ لەو پرۆسەی ترساندنە ناگرێت کە هەمووان لەو هێزە کەڵەکەبووەی هەستی گەورەی جەماوەری تۆقیون، کە بێشوناسە ‘ئەوان’ “They”، هەرچەندە کەسێک توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ کەسێکی تر بە یەکسانی ڕووبەڕوو بوەستن. شانازی (یان بەلایەنی کەمەوە کەموکەرتی لە شەرمکردن) لە ئامادەبوونی فیزیکی ئەوانیتردا، بە هەستێکی “بێ بایەخی و لاوازی” لە بیری جەستەی زەبەلاحی یەکسانی کەسێکدا، بە گشتی لە کۆمەلگادا، ڕێگادەدات (٢:١،بەشی ٢،پ١١). لە شرۆڤەکانی تۆکیوڤێلدا، کە بە ئەزموونەکانمانەوە هەڵگیراون، سەربەخۆیی و ترساندن لە ناو ڕۆحی تاکە دیموکراتەکاندا خەباتێکی بەردەوام و هەندێک جاریش نادیارن. وابزانم ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو سەربەخۆییە ناوەناوە و پێشبینی نەکراوەی ئەقڵە کە لەگەڵ ئەو کێشانەی کە زۆر لە پێویستییە کردارییەکانی کەسێکەوە دوورن، بەشێوەیەکی پێشبینی کراوە لە زۆراندایە.

ئایا لە ئەمریکا تاکگەرایی دژەدیموکراسی هەبووە و هەیە؟ لە کتێبەکەی تۆکیوڤێلدا دووپاتکردنەوە لەو بیرۆکەیەدا هەیە کە میراتگرە ئەرستۆکراتەکان پشتیوانی تاکگەرایی ئەندامانی خاوەن دەسەڵاتیان دەکرد، هەرچەندە ووشەی تاکگەرایی بەسەر ئەواندا جێ بە جێ نابێت. زیاتر لەوەش، ئەو ستایشی کەسێتی سنگ فراوانی دەکرد، هێزی کراوە و بەرگریکار لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی، وە لە بەرامبەر فشارە کەلتورییە هەمەجۆرەکان پشت بەستن بە خۆیانی ستایش دەکرد. لە ڕوانگەی تاکگەرییەوە کەمن لەم پەیپەرەدا برەوی پێ دەدەم، ئەوەی تۆکیوڤێل تییدا بە ئەرستۆکراتییەکان سەرسامە ئەو خودئاگاییە نییە کە پەیامی باڵایی مرۆڤی بەسەر ڕۆڵ و ئەرک و شوێنیدا هەڵگرتووە، بەڵکو ئەو سەرسامە بەوەی کە ئەرستۆکراتەکان چۆن لە نێو ڕۆڵی خۆیاندا دەژین! وەک ئەوەی تەنها بۆ ئەو ڕۆڵ بینینە لە دایکبووبێتن و ناتوانن هیچ ڕۆڵیکی تر بگێڕن. لەوانەیە، پێویستبێت لەسەریان کە شوێن و ئەرک و ڕۆڵی خۆیان شرۆڤەبکەن؛ لەوانەیە نائاسیی’شێتانە’ ڕاهێنانەکان بکەن؛ لەوانەیە هەندێکیان واز لە پێگەی خۆیان بهێنن. بەڵام ئەوەی کە بەشێوەیەکی تایبەتمەندییانە’ممیز’ نمایش دەکرێت، باشترە لەلای ئێمەوە وەک تاکگەرایی، تەنانەت وەک تاکگەرایی دژەدیموکراسیش نەبینرێن. ئەرستۆکراتەکان ناڵێن کۆمەڵگە بۆ تاکەکانە، تەنانەت بۆ کەمینەیەک تاکگەری وەک خۆیشیان. لەجیاتی ئەوە دەڵێن، لەوپەڕی حاڵەتدا کۆمەڵگە بۆ چین یان کاستی خۆیان بوونی هەیە؛ ئەوان ڕێکخستنە نەریتییەکان دەپارێزن؛ لەسەروو هەموو شتێکەوە، ئەوان وەک پێگەپارێزێکی کاتی بە فەرمانێک کە وابڕیارە تا کاتێکی نادیار درێژە بکێشێت، گرنگن. ئەوانەی لە خواروو ئەمانەوەن دەبێت لە شوێن و پێگەی خۆیان بمێننەوە. هەندێک لە ئەرستۆکرات ڕەنگە خۆیان لە ئەوپەڕی ناوەندێتی چینایەتی بەدووربگرن و بۆ ئەو ڕوانگەیەی کە لە سیستەمی هەرەمیدا بەهای ئەزموونگەری یان ئایینی دەبینێت، هەستنەوە. بەڵام گومانیان لەوە نییە کە ڕۆڵ و کار و شوێن لە گرنگیدا تاکەکان تێدەپەڕێنن.

ئەنەلۆگی دیموکراسی بۆ ئەرستۆکراسی بۆماوەیی، باڵابوونی نەژادییە، لانیکەم لە ئەمریکا. سپی پێستەکان بە دەگمەن دەیانتوانی خۆیان وەک نا سپی یەک بخەن یان تەنانەت خۆیان لە پێگەی بەراورد لەگەڵ ناسپییەکان بهێننە پێش چاو، چونکە نەیان ئەتوانی ناسپییەکان یەکسان بە خۆیان یان یەکسان بە مرۆڤ بناسێنن. لەوانەیە ڕەگەزپەرستی گەورەترین ناتەبایی دیموکراسییانەی جەماوەری (جیاکراوە لە نوخبە) بنەڕەتی بێت، شکستێکی تەواو بۆ دانپێدانانی هاوبەش؛ بەبێ ڕەگەزپەرستی هیچ تێگەشتنێک بۆ کۆیلایەتی مۆدێرن و کارە دڕندانەکانی تری دیموکراسی هاوچەرخ نییە. بەرەو کۆتایی یەکەم بەرگی ‘دیموکراسی لە ئەمریکا’ (١٩٥٤ [١٨٣٥])، تۆکیوڤێل بە توندی دەربارەی ستەمکاری نەژادی سپی دەنووسێت. ئەم پەڕانەی (١، بەشی ١٨، پ٣٤٣-٤١٢) پڕن لە خەم و بێ هیوایی: “ئەگەر چی ڕەنگە یاسا کۆیلایەتی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام تەنها خودا خۆی دەتوانێت شوێنەواری بوونی خۆی بسڕێتەوە” (پ٣٧٢). ڕەگەزپەرستی ‘ڕاسیزم’ تاکپەرستی و تاکگەری نییە، بەڵکو دیاردەیەکی گروپییە؛ نمونەیەکی دیاری ئەوپەڕی دژەدیموکراسی و دژەتاکگەراییە.

لە ڕوانگەی ئێمەوە، کەیسێکی ڕوونی تاکگەرایی دژەدیموکراسی لە شیکارییەکانی تۆکیوڤێلدا دەدۆزرێتەوە و بەشێوەیەکی چڕ لە ژیانی ئەمریکاییەکاندا لە دەیەی ١٨٧٠ دا ئامادەیی هەبووە، کەیسی بازرگانەکان بووە. تۆکیوڤێل تەواوی ئەو بەشەی کتێبەکەی بۆ کێشەی “چۆن ئەرستۆکراتیک لەلایەن کارگەکانەوە دروست دەکرێت” (٢:٢،بەشی ٢٠،پ١٦٨-١٧١) تەرخانککردووە، ماوەیەکی باش بەرلەوەی سەرمایەداری تەکنەلۆجی بەو چڕییەی ئێستا دەست پێ بکات. دابەشکردنی کار لە سیستەمی کارگەکاندا، هەتا ئەو کات کە تۆکیوڤێل لەبارەیەوە نووسی، کرێکار بە سنوردارکردنی بۆ ئەدایەکی دووبارەی ئەرکێکی لاوەکەی گێل و بێزار دەکات، لە کاتێکدا خەرجییەکانی بەرهەمهێنان کەم دەبێتەوە خشتەی پێوەری کۆمپانیا گەورەدەبێت. لە ئەنجامدا “بەڕێژەیەک حاڵی کرێکار باشتر دەبێت، بەڵام مرۆڤبوونی ڕسوا ئەبێت” (پ١٦٨). خود-داری ‘خودیبوون’ کەم و لاوازکرا: کرێکار “ئیتر هی خۆی نییە، بەڵکو هی ئەو هەڵبژاردەی ناوانەیە کە پێیان بانگ دەکرێت” (پ١٦٩). بە پێی مەرجەکانی ئێمە، توانای ئەو بۆ باوەڕبوون بەوەی لە ڕۆڵ و ئەرک و پێگە زیاترە، بزربوون. هاوکات گەورەیی پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی، تاکی بە تەماع و پڕ ووزی بەلای خۆیدا کێش دەکات. بە ئاشکرا ڕەوایەتییان پێ دەدرێت لەوەی کەسانی تر نا دیموکراسییانە بەکاربهێنن بە فەرمانکردن بە سەریاندا و مامەڵەی کەمی و پووچی لەگەڵیاندا. بازرگانی ڕائد “زیاتر و زیاتر گەورەتر لە بەڕێوەبەری ئیمپڕاتۆری دەچێت” لە کاتێکا کرێکار لە “بێ مێشک’غشیم'” دەچێت (پ١٦٩). هەر یەکە و بەو پێگەیەی بۆی لە دایک بووە دەردەکەوێت، یەکێکیان بۆ فەرمانڕەوایی، ئەوی دیکە بۆ ملکەچی. “ئەوە جگە لە ئەرستۆکراسی چیترە؟” (پ١٦٩). کەچی ئەرستۆکراتییە نوێکە لە ڕاستیدا هێشتا ئەرستۆکراسی نییە: “چینی پیاوی دەوڵەمەند بوونی نییە” (پ١٧٠). ڕائیدانی بازرگانی کۆمەڵەیەکی ناهاوبەش و نا دڵنیا لە “تاکە دەوڵەمەندەکان کە هاوبەشی هەست و ئامانجیان نییە، نەریت یان هیوایان نییە؛ ئەوان تەکگەرن، هەر بۆیە هیچ چینێکی دیاریکراویان نییە” (پ١٧٠).

ئایا ڕائیدانی بازرگانی سەردەمی تۆکیوڤێل  بە هەمان ڕێگەی کالیکلێس پاساویان بۆ خۆیان دەهێنایەوە؟ ئایا لەو ساتەدا کە تەنها دیموکراسی هەبوو، ڕێبازی تاکگەرایی دژەدیموکراسی هەبوو؟ هێشتا نا، بەڵام پاشتر هات. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا کۆمەڵناسی داروینیزم “Social Darwinism” سەری هەڵدا، لەلایەن هێربێرت سپێنسەر “Herbert Spenser” لە ئینگلتەرا و شوێنکەوتوانی ئەمریکاوە لەوانە ویلیام گراهام سەمنەر “William Graham Sumner”، داڕێژرایەوە. ڕێبازەکە بە ڕاستتر بیلێین پێی دەوترێت (کۆمەڵناسی سپێنسەریزم) چونکە سپێنسەر مشتومڕە بنەڕەتییەکانی بەرهەم هێنا پێش ئەوەی داروین بنەچەی جۆرەکان “The Origin of Species” بڵاوبکاتەوە. ڕیچارد هۆفستادتەر “Richard Hofstadter” لە لێکۆڵینەوە بەنرخەکەیدا کۆمەڵناسی داروینیزم لە هزری ئەمریکادا “Social Darwinism in American thought” (١٩٥٥،پ٢٠١) دەڵێت ” هیچ شتێک لە داروینیزمدا نەبوو کە بە ناچاری وەهای لێ بکات داوای لێ بووردن لە کێبڕکێکردن یان هێز بکات”. کێشەکە ئەوەیە کە ناوبانگی پێشووی داروین پایەی بۆ ئەو بیرۆکە گەشەکردووە کۆمەڵایەتییانە زیادکرد کە بە هەوڵەکانی خۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ بە سەربەخۆیی پیادەکراون.

کۆماڵناسی داروینیزم (بۆ ئەوەی بە چەمکە ئاشناکە پەیوەستبین) لە فۆڕمە پوختەکەیدا، پاساوی چەوساندنەوە نییە، وەک ئەوەی ڕوانگەی کالیکلێس وەهابوو. هەرچەندە گریمانەکراوە کە کێبڕکێی نێوان بازرگان و خاوەنکارەکان خوازراوە، بەڵام کێبڕکێی ڕاستەقینە لە نێوان کەسێک و خودی خۆیدایە’خودی کەسەکە’. ئەگەر کەسێک خود-ڕێکخراوبێت “Self-disciplined” و ئەرکەکەی لەسەر خودی خۆی جێبەجێ کرد، ئەوا بەسەر ئەوانیتردا باڵا دەبێت بەڵام لەسەر حسابی ئەوان نا. دەرفەت بۆ هەموو کەسێک هەیە، بەڵام زۆر کەس تەمبەڵن و زۆرکەسیش دڵفراوانییەکی وێرانکەریان هەیە. براوەکان بەسەر خۆیاندا سەردەکەون لە کاتێکا دۆڕاوەکان بەخۆیان دەدۆڕێن. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵناسی داروینیزم لە یەک ڕووەوە لە ڕێبازەکەی کالیکلێس دەچێت. هەردوو ڕێبازەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نایەکسانی لە جۆرە ڕاستەکەی لەگەڵ سروشتدا دەگونجێت. لە سیستەمی کۆمەڵناسی داروینیزمدا، سروشت ئەوە دەسەپێنێت کە کۆمەڵگا دەتوانێت پێشکەوتن بە دەست بهێنێت ئەگەر کۆمەڵگە لە تەنگەژە و خەباتی نێوان هەر کەسێک لەگەڵ خودی خۆی دەست وەرنەدات. دەبێت ڕێگە بە تەمبەڵ و دڵفراوانەکان بدات لە ناوبچن و بنەچەیان نەمێنێت. بەم جۆرەبێت کۆمەڵناسی داروینیزم ڕێبازێکی تاکگەراییە بەڵام دژەدیموکراسییە. تاکگەرایە چونکە ژیان وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ هەرکەسێک، بەڵام دژەدیموکراسییە نەک تەنها لەبەر ئەوەی پێشوازی لە زیاتربوونی نایەکسانی – تاکگەرایی نایەکسان- لە ڕێگەی ئازادییەوە دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی نکۆڵی لەو داوا ئەخلاقییانەی تاکەکان دەکات کە لە ناخۆشی و ئازاردا لەناونەبرێن. دابەشبوونی ئابووری مرۆڤایەتی بەسەر براوە و دۆڕاودا وەها دەبینرێت بۆ بارودۆخی مرۆڤایەتیە یەکلاکەرەوەیە. لەوەش خراپتر، کۆمەڵناسی داروینیزم لە وەشانە درێژکراوەکانیدا لەو بیرۆکەیەی، کە ژیان ململانێیەکە لە نێوان گروپەکان نەک لە نێوان هەر تاکێک و خودی خۆیدا، داوەری دەکات. بەرگێکی سروشتی دەدات بە پرۆسەیەکی بێکۆتا کە گروپەکان بەو ئەنجامەوە تێدەکۆشن: سەرکەوتن و تاڵانییەکانی سەرکەوتن بۆ هەندێک گروپ، شکست پێهێنان و سوکایەتی کردن و چەوساندنەوە بۆ ئەوانیتر. بەلام دیموکراسی ناتوانێت بە بەردوامی باوەش بە وەها ڕوانگەیەکدا بکات. کاتێک دیموکراسی بەدکاری دووڕووی زیاتر دەبێت ئیمپریالیزم بێ بەزەیتردەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەردەکەوێت کە تاکگەرایی دیموکراسی، لەو بیرۆکە تاکگەراییەی کە ژیان خەبات و ململانێی هەر کەسێکە لەگەڵ خودی خۆیدا، میوانداری دەکات.

ووشە توندەکانی تۆکیوڤێل سەبارەت بە “ئەرستۆکراسی” کە لەوانەیە سیستەمێکی ئابوری تازەی پیشەسازی کردن دروستی کردبێت، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو لەلایەن سەرمایەدارانی خراپکارەوە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا باڵادەستبوون، تۆقێنراوە. ئەو بە سیستەمە کۆنەکە سەرسامبوو، ئەرستۆکراسی بۆماوەیی کە دیموکراسی مۆدێرن هێواش هێواش لە ناوی دەبرد، بۆ جوامێرییەکەی، چاکسازی لە خۆداکردنی، خۆ تەرخانکردنی بۆ دەستکەوتی دەگمەن و سەخت، لیاقەتی و هەستی شەرەفمەندی، بۆ تواناکانی، لە کۆکردنەوە و بەرزکردنەوەی پایەی مرۆڤ- هەروەها بۆ بەربەستە بونیادییەکان کە دەیپاراستن، لەگەڵ زەحمەتێکی زیاتر، هێزی ناوەندی بێسەروبەر کە هەڕەشەی قووتدانی هەموو ژیانی دەکرد و دەیکرد بە ژێر فەرمانی دەسەڵاتخوازانەوە.  

بەڵام بۆ تۆکیوڤێل، پاشکۆیی سەرمایەداری جەماوەری خەڵک لە پڕۆژە پیشەسازییەکاندا تەنها بەشێک دەبێت، خراپترین بەشیش نا، لە پرۆسەیەکی گەورەتر کە ئەو بە دیموکراسی چەوسێنەر (کە لە سەرەوە ئاماژەم بۆی کردووە) چەمکاندویەتی. لە ڕاڤەکەی ئەودا، تاکگەرایی لە دیموکراسی مۆدێرنەدا وەها دەکات کە دیموکراسی چەوسێنەر ئەگەرێکی بەهێزبێت. بەتایبەت لێدان و کەمکردنەوەی تاکگەرایی دیموکراسی بۆ تایبەتمەندیگەرایی، تاوانە. تۆکیوڤێل لە مانا گشتییەکەدا تاکگەرایی دیموکراسی بۆ لۆمەکردن دیاری ناکات (وەک ئەوەی کارم لەسەرکردووە). بەڵام ئەگەر تایبەتمەندگەرایی جەوهەری تاکگەرایی دیموکراسی بێت، هەتا ئەگەر هەمووی نەبێت- ئەگەر وەهابێت، لە هەلومەرجەکانی مۆدێرنەدا، بە دڵنیاییەوە تایبەتمەندگەرایی بوونی دەبێت لە هەرکوێیەک  دیموکراسی بوونی هەبێت و گەشە (وەک پێویست) بە تاکگەرایی دیموکرسی دەدات- پاشان گرنگترین ڕەخنەی تۆکیوڤێل لە تاکگەرایی دیموکراسی ئەوەیە کە ڕەنگە زۆر باش کۆمەڵگە بۆ چاوساندنەوە ئامادەبکات، چاوساندنەوەکە بە فەرمی دیموکراسییانەیە بەڵام لە ڕاستیدا توێژانە و بیرۆکراتییانەیە. هاوبەشیی سەرمایەداری بۆ ئەوەیە کە جەوهەری تاکگەرایی بکاتە خۆشەویستی بۆ بەرەوپێشچوون و پاشان بەکارهێنانی سامانی بەدەستهێنراو لە جۆرە ژیانێکدا کە هەر کەس بۆ خۆی پێیوایە گونجاوە. هەموو کەسێک قەلەقی باری ئابوورییەتی، بەوەی خواستیان بە دەست گەشتن بە سەرچاوەیەکی باش لە سامان هەیە کە ئیتر وەک ئەوەی دڵیان ئەیخوازێت پێی بژین. بواری گشتیش بۆ ئەو کەمینەیە بەجێ هێڵراوە کە حەز بە فەرمانڕەوایی دەکەن بەم جۆرەش کەمینەکە تاکگەرایی خۆیان بە نادیموکراتیانە بۆ دەردەکەوێت.

تۆکیوڤێل چەوساندنەوەیەکی”Despotism” نەرم بە پرۆژە دەکات، بەڵام نەرمبێت یان نا، نوێنەرایەتی ئیهانە و پاشەکشەی مرۆڤ بۆ تەنیا بکەرێک”Subject”، دەکات. لە ڕوانگەی ئەوەوە، تەنها هاووڵاتیانی چالاک دەتوانن بەر بە مەیلی چەوساندنەوە بگرن. تەنیا دیموکراسی لە مۆدی گروپە مەدەنی و سیاسییە ئازاد و چالاکە پەیوەستەکاندا دەتوانێت تاکگەرایی تایبەتمەندگەرایی لە هاودەستکردنی چەوساندنەوە کۆتوبەند بکات. گرفتەکە ئەوەیە هەر کە پیشەی ئیمپریالیزم لە سەردەمی مۆدێرنەدا دەستی پێکرد، هێزی نهێنی و دەستکراوەی دەزگا جێبەجێکارەکان (تەنانەت کاتێک هەڵبژێردراون) بەسەر حکومەت و کۆمەڵگادا زاڵدەبن و بەو جۆرەش جۆرێک لەدەوڵەتی سەربازی دادەمەزرێنن کە وا لە پڕخێرترین دیموکراسی چەوسێنەر دەکات لە بایەخی ئەخلاقیدا بە لاوەکی دەرکەوێت. ئیمپریالیزم بە خۆشحاڵییەوە دەتوانێت لەگەڵ هاوڵاتییەکی ئەو جۆرە کۆمەڵەیە کە تۆکیوڤێل ئاهەنگی بۆ دەگێڕێ پێکەوە ژیان بکەن، بەڵام ئەم جۆرە هاووڵاتیبوونە لەبەردەم پرۆژەی ئیمپریالیزمدا بێ دەسەڵاتە؛ دەبێتە نمایشێکی لاوەکی و خەڵک بەرەو ئەو بیرکردنەوەیە دەبات کە هاووڵاتیبوونەکەی لە دیارترین کێشەکانی سیاسەتی گشتییە. ئیمپریالیزم مەرگی هێواشی دیموکراسییە. بۆ دڵنیابوون، تاکگەرایی دیموکراسی سەرەڕای خیانەتی خۆکردەیی دیموکراسی، دەتوانێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت؛ بەڵام ڕووقایمانە تاوانکاربێت و خەمی داهاتووی خۆی هەبێت.

ئەفڵاتون و تۆکیوڤێل پێکەوە:

ئەدەبی یۆنانی، زۆربەی ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی تاکگەرایی دیموکراسی و دژەدیموکراسی لە خۆدەگرێت، بە تایبەتی ئەفڵاتون. وەسف و پێناسەکانی نەریتە کردارییە دیموکراسییەکان و ڕوونکردنەوەکانیان بە ئاماژەکردن بۆ هەست و هەڵوێستی دیموکراسییانە بە یادەوەرییەوە پێشکەش دەکرێن. بەشداری تۆکیوڤێل شیکارییەکی بەهادارە بۆ مەشقە مۆدێرنەکانی دیموکراسی و هەست و هەڵوێستە ژێربەژێرەکان، کە دەریدەخەن تاکگەرایی دیموکراسی مۆدێرن تا چ ڕادەیەک جیاوازە لەگەڵ تاکگەراییەکەی ئەسینا. کاریگەری سەرمایەداری بە تایبەتی، لە هەژمارکردنی جیاوازییەکاندا زۆر بەرچاوە، هەرچەندە لە نێوان ئەسینا و ئەمریکادا دەبێت، درۆی ستۆیک “Stoic” و پاشان ئەندێشەکانی مەسیحی بۆ یەکسانی مرۆڤایەتی، تێبینی بکرێن. بەڵام سەرمایەداری، لانی کەم لە ئەمریکادا، مانای ئەوەیە کە خەڵکی دیموکرات نین، زۆرینەیەکی زۆر لە خەڵک مەحکومن بە ژیانێکی هەژارانە، تەنانەت بە هەژارییەکی کەموکورت و دروستکراو. دیموکراسی مۆدێرنە وەک سیستەم لە بنەڕەتدا بۆ چینی ناوەند و چینی کرێکارە، نەک بۆ چینی پرۆلیتار (بە مانا مارکسییەکەی). زۆرینەی خەڵک هەژارن. هەرچەندە دیموکراسەکانی ئەسینا بیرۆکەی ژیانکردنیان وەک ئەوەی “چۆن کەسێک پێی خۆشە بژی” بە دڵ بوو، و بە شێوەیەکی پەرچەکرداری حەزیان لە بێ فەرمانڕەوایی، تاکگەری خودبەڕێوەبەری، و پرسە تایبەتییەکان هەبوو، بەڵام گەشتن بە بەراوردی خۆشگوزەرانی تایبەتی زۆر سەختبوو، ژیان بە تەواوی لە دەوری ئەو وەسێتە ڕێکخرابوو؛ بۆ ئەوەی کەسێک جیهانی خۆی پێکبهێنێت بەو شێوەیەی کە خێزان، هاوڕێ، و ژیانی ڕۆژانە و بازرگانی بە چێژەوە بەسەر پەژارەکانی خودی ئەو کەسەدا زاڵببن. تاکی دیموکراسی مۆدێرن وەک تاکێکی ئازاد لە باری سیاسی و ئەخلاقی خۆی تەواو ئاگادارە و بۆ چیرۆکی هاووڵاتیبوون ئامادەکراوە. بەڵام ووروژێنەرەکانی ژیانی تایبەتی، لەلایەک و پێوەری کۆمەڵگا لەلایەکیتر، لە هاوڵاتیبوونی چالاک و لە پێکهێنانی پێکهاتەیەکی ناوەندی شوناسی خودیی زۆرینەی خەڵک ڕێگرن. لە بارەی تاکگەرایی دژە دیموکراسییەوە، ڕەنگە سەمەرەبێت کە وەها بووترێت، کە ئەفڵاتون ڕێنیشاندەرێکی باشتربێت تا تۆکیوڤێل، تەنانەت بۆ تاکگەرایی دژەدیموکراسی مۆدێرنیش. ئەدەبی یۆنانی، لە بێ خەوشی و هەروەها لە فۆڕمە درێژکراوەکانیدا، ئامادەسازییەکی پڕجۆشە بۆ ئەقڵییەتی کۆمەڵناسی داروینیزم.

ئایا هیچ شتێکی بیردۆزەیی لە تاکگەرایی دیموکراسی مۆدێرن و ڕەخنەکانی لە باسەکانی ئەفڵاتون و تۆکیوڤێلدا نەدۆزراونەتەوە؟! بیردەکەمەوە کە ئیمرسۆن “Emerson” بنچینەی نۆژەنکردنەوەی فەلسەفەی تاکگەرایی دیموکراسی داڕشتەوە؛ بە جۆرێک کە نە ئەفڵاتون و نە تۆکیوڤێل نەیانتوانیوە هەموو ئەگەرە وجودییەکان لەو باسەدا ببیننەوە. (گومانم هەیە کە هەتا چیرۆکی تاکگەرایی دیموکراسی تەواونەبێت هەموو ئەگەرە وجودییەکانی تەنانەت شێوە چوواندنەکەشی زیاتر دەبینرێت). چەند حاڵەتێکی ڕاستەقینە هەیە کە بە پێشبینییە بیردۆزەییەکانی ئیمرسۆن دەگەن. من لە کۆتایی ئەم بابەتەدا بە کورتی ڕوو لە پێکهێنەرەکانی ئیمرسۆن دەکەم، بەڵام سەرەتا دەبێت چەند ووشەیەک لەسەر چەند ڕەخنەگرێکی هاوچەرخی تاکگەرایی دیموکراسی بڵێم.

ڕەخنەگرانی هاوچەرخی تاکگەرایی:

ڕەخنەگرە هاوچەرخەکان چی بۆ ڕەخنەی تاکگەرایی کە ئەفڵاتون و تۆکیوڤێل باسیان لێوە کردووە، زیاددەکەن؟ با لە بیرمان نەچێت کە هیچ کام لە ئەفڵاتون و تۆکیوڤێل دیموکراسێکی مەبدەئی نین. بە دوابەدوای یەک، قوڵترین وەفادارییان لەگەڵ فەلسەفەی میراتی ئەرستۆکراسیدایە. مەزنترین خوێندکارەکانی دیموکراسی و تاکگەرایی، گومانگەرا و بلیمەتبوون. ئەی چی دەربارەی ڕەخنەگرە هاوچەرخەکان یاخود سەردەمییاکان؟ ئەگەر ئەوانیش تەنها ئەو ڕەخنانە درێژە پێ بدەن کە پێشتر لەلای ئەفڵاتون و تۆکیوڤێل هەن، ئایا مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوانیش دیموکراسێکی مەبدەئی نین؟! ئەگەر خاڵی نوێ زیادبکەن، ئایا ئەو خاڵانە لە ناوخۆی دیموکراسیدان؟ من پێموایە ڕەخنەگرانی هاوچەرخ کەمێک خاڵ بۆ ڕەخنەکانی ئەفڵاتون و تۆکیوڤێل زیاد دەکەن و هەروەها خزمەت بەو مەبەستە دەکەن کە سەرنجەکانمان بۆ لایەنەکانی ڕەخنەکان و رەخنەگرانی پێشوو ئاڕاستەبکەین. بێگومان ڕەخنەگرانی هاوچەرخ تێگەشتنمان لە ووردەکارییەکاندا بۆ ژیانکردنی دەوروبەر دەوڵەمەند دەکەن. بەڵام هەموو ڕەخنەگران کە یان دیموکراسی پەسەند دەکەن یان سەرەڕای گومانەکانیان هیچ بەدیلێک پێشکەش ناکەن، ڕەخنەکانیان لەسەر ئەو گریمانەیە دروست دەکەن کە دیموکراسی دەتوانێت بەبێ تاکگەرایی بوونی هەبێت. ڕاستتر لەوەش، ئەوان گریمانەی ئەوە دەکەن کە تاکگەرایی نەمێنێت یان بە توندی بسڕێتەوە لە دیموکراسی و بەڵام دیموکراسی هەر بمێنیتەوە و بەهێزتریش ببێت. ئەوان نیازی ئەوەیان بە بانگەشەی دیموکراسی نییە کە وەک چەکێک لە ململانێی چینایەتی نێوان زۆرینە و  کەمینە بکاری بهێنن. بەرژەوەندییان لە دیموکراسیدا لەوەدایە کە زۆربەی بەشەکانی دیموکراسی جێبەجێ نەکەن. ئەوان بە تایبەتی چاوییان لە کەلتووری دیموکراسی بڕییەوە بەڵام نە ئەوە دەبینن و نە دەیانەوێت دانبەوەدابنێن کە کەلتووری دیموکراسی پێویستییەکی حەتمی تاکگەراییە، جا چ باشبێت یان خراپ. ئەوەی جێی ئاماژە بۆ کردنە ئەوەیە کە تەنانەت لە شێوەی دەوڵەتە-شاری ئەسینای کۆندا، تاکگەرایی ناسەرەوەی کەلتووری دیموکراسی بووە. چۆن ناتوانێت کەلتووری دیموکراسی هاوچەرخ لە شێوە فراوانەکەی دەوڵەت-نەتەوە لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری پێناسەبکات؟

هەمەچەشنە لە ڕەخنەگرانی هاوچەرخ بەشدرای تایبەتمەندیان لە بیردۆزەی سیاسی کردووە. ناتوانم تێکڕا کارە شیاوەکان و ناڕازیبوونەکانیان لە بەرامبەر یەکتر ئامادەبکەم، بە جێی ئەوە تێکەڵێک لە ڕەخنەگرانی هاوچەرخی تاکگەرایی دیموکراسی پێشکەش دەکەم. بۆچوون و باوەڕەکانیان بەم جۆرەیە: کۆمەڵگە بۆ تاکەکان پێشینەیە’ئەولەوییەتە’ نەک تەنها بۆ ماوەیەکی کورت، بەڵکو لە بایەخی بوون’ئێگزستانشیاڵ’ و ئەخلاقیشدا، هەربۆیە تاکەکان بۆ خاتری کۆمەڵگا بوونیان هەیە، نەک بە پێچەوانەوە. تاک لەو ڕۆڵ و ئەرک و شوێنەی کە خۆیی تێدا سەپاندووە، کەمترە. خودی گەشاوە یان هەر خودێک، لە ڕاستیدا تەنها بەشێک یان ئەندامێکە لە قەوارەیەکی گەورەتر. بە دڵنیاییەوە، هەموو تاکێک وەک بەشێک، نەک وەک گشتێکی وەها پیشاندراو، گەورە دەردەکەوێت. دەکرێت کەسێک ببێتە گشت، ئەویش تەنها لە ڕێی پرۆژەیەکی تەواوکاری و جێبەجێکارییەوە، بە دەست نیشانکردن و ناساندنی لەگەڵ گروپێک یان چەند گروپێک، جا چ گروپێکی هاوشان لە هاوشارییەکانی کۆمەڵگای کەسەکەبن یان هەندێک گروپبن کە لە ڕووی کەلتوورییەوە لە ناو کۆمەڵگاکەدا کەمتر دەنوێنن. شوناسی کەسێک بە سادەیی، کۆکراوەی ناساندنەکانی گروپەکانە، پەیوەستبوونێکە کە کەسەکە بە میرات بۆی بەجێماوە یان هەڵی بژاردووە. کەسەکان لە تاکێتی خۆیان زۆر بچووکترن. باڵایی ڕەسەنایەتی لە تێکەڵکردنی شوناسی کەسێک بە شوناسێکی گەورەتر پێکهاتووە. لە دەرئەنجامدا، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک یان گروپێکی کەمینە بەردەوامبێت، وەک ئەوەی بەشێوەیەکی باڵا شایەنی بێت، دەبێت تاکەکان بە دڵێکی تەواوەوە نەریت و دەسەڵات قەبوڵ بکەن. ئەو ئەوتۆنۆمی و سەبەخۆییەی کە جێی بایەخە و گرنگە، هی گروپەکەیە. سەربەخۆیی تاک تا ڕادەیەکی زۆر خەیاڵییە، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو فرە دیارخەرانەی کە گوایە هەر مرۆڤێک بوونێکە یان بکەرێکە “Subject”. ئامانجی ئەخلاقی ئەوەیە کە ئەرک پێش ماف دێت و دەبێت ماف لە پێناو پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاستی کۆمەڵگەکە یان گروپە کەمینەکەدا فەرامۆش بکرێت. بەرزترین پلەی ئەخلاقی لە ئامادەگی خود فەرامۆشکردن و خود قوربانی کردندا خۆی دەبینێتەوە، بۆ  هەر کات داواکرا. خود فەرامۆشی و خود قوربانی نیشانەی ژیانێکی تایبەتی ڕەسەنە، وەک چۆن بۆ کۆمەڵگەو ژیانی گشتیش گرنگە. کۆمەڵگا یان ژیانی گروپ هاوکاری کارا و نمایشی تەرخانکراوە: ژیانی تایبەت دەبێت بریتیبێت لە دانانی کەسانیتر لە پێش خۆت. جیهان باشە کاتێک کۆمەڵگای کۆگەری و پلوڕاڵی تێدا هەیە، بەڵام بەو مەرجەی کە هەر کۆمەڵگەیەک دادپەروەرانە پێکەوە یەکگرتووبن.

ئەگەر ڕوو لە بیریارەکانی وەک ڕۆبێرت بێلا “Robert Bellah”، کریستۆڤەر لاش “Christopher lasch”، ئەلاسدایەر ماکینتایەر “Alasdair MacIntyre”، میشێل ساندڵ “Michael Sandel”، چارلس تایلۆر “Charles Tylor”، و میشێل واڵزێر “Michael Walzer” بکەین، لەهەر کەیسێکیان، هەرچەند مەرج نییە لە هەموویاندا هەبێت، ئەو تێبینییانەی سەرەوە کە بە کارامەیی و سۆزەوە پەرەیان سەندووە، دەدۆزینەوە. (زۆر لە بیریاران لە ڕەخنەی تاکگەراییدا دەستیان هەبووە، بەڵام ئەوانەی کە ناویانهێنراوە کاریگەرن و نوێنەرایەتی ڕەوتەکە دەکەن). سروشتییە کە پێداگرییەکان و درێژەپێدانەکان جیاوازییان هەیە، بە هەمان شێوەی موکوڕی مەزاجی هزری. بەڵام نازناوی کۆمیونیتاریەن “communitarian” کەم تا زۆر بۆ پێگەی ئەم بیریارانە ورد و دروستە، هەر کەسێکیان بە نمونە وەردەگریت، دەبێت بڵێیت، دەوڵمەندییەکە هەر جۆرە هاوپۆلییەکی ئایدیۆلۆجی تێپەر دەکات.

بێلا پێیوایە کە جیابوونەوە لە پرۆتستانتیزم و لە کۆمارخوازی مەدەنی، تاکگەرایی لە شێوەی “تاکی خۆسەر” ناتوانێت “یان لە ژیانێکی گشتی یان تایبەتی” بەردەوامبێت. “تایبەتمەندیگەرایی گۆی گشتی ‘گۆی کۆمەڵ بە گشتی’ وەک بیابان بەجێ دەهێڵێت و پاشان هێواش هێواش لە ناوی دەبات، لە کاتێکا ئاوڕ لە خۆخۆری و نائاسودەیی خۆی دەداتەوە دەچێتە کەشی چارەسەری رۆحی گشتییەوە “therapeutic ethos” (بێلا. ١٩٨٥، پ١٤٣). لاش لە دەربڕینێکی تاڕادەیەک جیاوازدا، تاکگەرایی بە ئەنارشیزم و پاشانیش بە تێکچوونی دەروونییەوە گرێدەدات. نیشانەکان “پشتبەستن بەو گەرموگوڕییە دەستی دووەی کە بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن کەسانیترەوە دابینکراوە لەگەڵ ترس لە پاشکۆیەتی، هەستی دەروون بەتاڵی، پەستان و هەڵچوونی بێ سنوور، و ناڕازیبوون لە ئارەزووە زارەکییەکاندا” (لاش. ١٩٧٨، پ٣٣). تەنها هێزی چالاکی ژیانی گشتی دەتوانێت هەستی هەڵگری تاکگەرایی ئەنارشیستی کەم بکاتەوە. ماکینتایەر بەرەنگاری ئەو بۆچوونە دەبێتەوە کە ژیانی یەک مرۆڤ دەتوانێت لە چەندین ژیانی پێکەوە نەبەستراوە و فرەجێی پێک بێت بە نرخاندنی یەکبوونی چیرۆک، شێوەهێڵی پێکەوەیی، کە بەڕێوەبردنی ژیانێکی باش دەبێت هەیبێت. ژیانێک بە بەش بەش کراوەی ڕێکخستنێکی نەساغە. مرۆڤ دەبێت ڕۆڵێک بچەسپێنێت و ئەو ‘فەزیلەت’ چاکەکارییانەی بەردەوامی بەو ڕۆڵە دەدەن تەواویان بکات. “ئێمە هەموومان وەک هەڵگری ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو لە هەلومەرجەکانی خۆمان نزیک دەکەوینەوە، من کوڕی یان کچی کەسێکم، من هاووڵاتی ئەم شار یان ئەو شارم، ئەندامی ئەم یان ئەو دەستە و پیشەیەم؛ من سەر بەم خێڵ، ئەو هۆز، ئەم میللەتەم. بۆیە ئەوەی بۆ من باشە دەبێت بۆ ئەو کەسەیتر کە هەڵگری میراتی ئەم ڕۆڵانەیە باش بێت. من میراتگری ڕابرووی خێزانەکەم، شارەکەم، هۆزەکەم، نەتەوەکەم، قەرزە جۆراوجۆرەکان، میرات، و چاوەڕوانییە پابەندبوونە ڕاست و دروستەکانم” (ماکینتایەر. ١٩٨١، پ٢٠٤-٢٠٥). ساندێل (١٩٨٢،پ٦٢) ناڕەزایی دەردەبرێت و تاکگەرایی بەو ڕوانگە هەڵەوە دەگلێنێت کە “هیچ پابەندبوونێک نەیتوانی ئەوەندە قوڵ بمگرێتەوە بەجۆرێک کە بێ ئەو لە خۆم تێبگەم”. لە خۆ تێگەشتنێکی دروست ئەوە نیشان دەدات کە “هەستی برایانە و هەستی هاوزمانی بەشێکن لە دەستوری ناسنامەی نێوەندگیری” و ناسنامەی خەڵک “تا ڕادەیەک لەلایەن ئەو کۆمەڵگایەوە پێناسە دەکرێن کە بەشێکن لێی. بۆ ئەوان، کۆمەڵگا نەک هەر ئەوان وەک هاووڵاتی بەڵکو وەک ئەوەش کە هەن، نەک ئەو پەیوەندییانەی هەڵیدەبژێرن (وەک گروپ و دەستە جەمعییە خۆبەخشەکان) بەڵکو هاوپێچێک کە دەیدۆزنەوە، نەک تەنها تایبەتمەندییەک بەڵکو پێکهێنەری شوناسیان، پێناسە دەکات”. ئەوەی تاکگەرایی دژی شەڕدەکات “ڕوانگەیەکی بەهێزی” کۆمەڵگایە (ساندێل ١٩٨٢،پ١٥٠). تایلۆر تاکگەرایی بە “ئەتۆم، Atomism”ەوە گرێ دەدات، ڕێبازێک کە هانی گۆشەگیرکردن و خۆ بەدوورگرتنی مرۆڤ دەدات. “ئەولەوییەتی مافەکان” کە وەک سەرچاوە و دەربڕینی تاکگەرایی بەرزکراوەتەوە، “لە هەمان پێگە بۆ بنەمای ئینتما یان پابەندبوون، ئەو بنەمایەی کە پابەندبوونی ئێمە وەک مرۆڤ بەسەر کۆمەڵگاوە یان بەردەوامیدان بە کۆمەڵگا، یان کۆمەڵگایەک لە جۆرێکی دیاری کراو، یان بۆ پابەندبوون بە دەسەڵات یان دەسەڵات لە جۆرێکی دیاری کراو” نکۆڵی دەکات (تایلۆر. ١٩٨٥،پ١٨٨). پێدانی ئەولەوییەت بە ماف، سەپاندنی نمونەی مەحاڵی “متمانەی ئیگۆی خودە بە مرۆڤ، یان باشتر بڵێین بە تاک” (پ١٨٩). واڵزێر لە بەرگرییەکی کەم شیاودا لەوەی پێی دەڵێن خێڵگەرایی “Tribalism”، کاتێک ستایشی ناسنامەی گرووپ دەکات کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی بەهێزە بە شێوەیەکی دیاریکراوی ژیان. “خێڵگەرایی پابەندوونی تاکەکان و گروپەکان بە مێژوو کەلتوور و ناسنەمی خۆیەوە ناودەنێت”… ئەو بیرتەسکییە ‘پارۆکیالیزم-parochialism’، ئەستووری ئەخلاقییە بە هەمان شێوەی زاووزێکردنی بەردەوام دەبێت. زاڵبوون بەسەریدا کارێکی مەحاڵە، بۆیە دەبێت هاوماڵی لەگەڵ بکەین و لەگەڵی ڕابێین… هەمیشە پێویستە جێگەی بکرێتەوە و لەگەڵی ڕابێین (واڵزێر. ١٩٩٤، پ٨١-٨٢). خێڵ، نەک تاک، یەکەیەکی گرنگی هەیمەنە و خۆسەپاندنە.

دژەتاکگەراییش هەر وەک تاکگەرایی ڕێبازێکی نۆرماتیڤە یان کۆمەڵە ڕێبازێکە. شرۆڤە و خواست شان بە شانی هەندێک میتافیزیک کۆدەکاتەوە. حاشاهەڵنەگرانە، بە ووردی هەست بە کەموکورتی جدی دەکات لە کۆمەڵگایەکدا کە تاکگەرایی دیموکراسی تێیدا باڵادەستبێت یان وەها دەرکەوێت کە باڵادەستبێت. یەکسانی گرنگە، دەست بەو وویستەوە دەگرێت، کە هەندێک و ڕەنگە زۆرینەش، بۆ سوککردنی باری بوون بە تاکگەری هەیانبێت. زۆرێک لە دژەتاکگەراکان بە هۆی تاکگەرایی دژەدیموکراسییەوە، باڵابوونی چەند کەسێکی خۆسەپێن بەسەر ئەوانی تردا جا لەسەر حسابی ئەوان بێت یان نا، تووشی کێشەدەبن، هەرچەندە ئەم تێمایە بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت. بۆ هەموو ئەو کۆششە کاریگەرانەی ئەوان دەیدەن، هێشتاش باوەڕم وەهایە کە تاکگەرایی لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی دیموکراسییە. ناتوانین بە بێ ئەو دیموکراسیمان هەبێت؛ تاکگەرایی هەبوونی خۆی بە قەرزاری دیموکراسی دەزانێت. ئەگەر دۆخی مرۆڤ و کۆمەڵایەتی بەو چەشنە ناچیزەیە کە ڕەخنەگران دەڵێن- وە هەندێک جاریش وەها دەردەکەوێت بەو جۆرە یان خراپتریش بێت- دەبێت تاوانبارکردن ئاڕاستەی خودی دیموکراسی بکرێت. ڕەنگە ئیمپریالیزم و سەرمایەداری دەرهاویشتەی دیاریکراوی ناساغ بۆ تاکگەرایی دیموکراسی وتاکگەرایی دژەدیموکراسی دروست بکەن. لەوانەیە ئەفڵاتون ڕاست بکات: کۆمەڵگایەک بە بێ تاکگەرایی ڕەنگە هەمووان دڵخۆشتر و بە ڕووکەش بە هۆشتربن. ڕەنگە مەیلی تاکگەرایی بەرەو سەرلێشێوان و هەڵتۆقان وابکات کە بە تێکڕایی کەمتر لە چاو کۆمەڵگەیەکی ڕێکوپێک خواستی لەسەربێت. بەڵام دۆخە بنچینەییەکە لە ناو دیموکراسیدا بوونی هەیە، کەوایە چ بەدیلێک هەیە؟

کاتێک هەستێکی گروپی زۆر بەهێز بوونی هەیە، کاتێک بەبێ هاوپێچی تایبەتی کۆمەڵایەتی شوناسی کەسێک جێی بایەخ نییە، کاتێک داوادەکرێت کە ئێمە وەک هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێدراوانە بکەین، کاتێک کەسێک پێیوایە زیاتر لەوەی قەرزاری خۆی بێت قەرزاری کۆمەڵگاکەیەتی، کاتێک بەبێ هیچ پارێزییەک’تحفظ’ ڕێزی دابونەریت و دەسەڵات دەگیرێت و ستایش دەکرێن، کاتێک ئێمە ساردبین لەوەی ڕێگە بە کەسێکی بیرکەرەوەی مەدروس بدەین کە مەودایەک لەنێوان خۆی و دەوروبەری دروست بکات، دەرئەنجامەکە لە سەردەمی مۆدێرنەدا بەوجۆرە دەبێت کە گونجاوترە بڵێین، کۆمەڵگەی هیگڵی نەک بڵێین کۆمەلگەی دیموکراسی.  

دەکرێت پرسیاربکرێت، ئایا ڕۆسۆ بەبێ ئەوەی تاکگەرا بێت دیموکرات نییە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە بەپێی ئەو کاتەی کە ڕۆسۆ لە دانانی هێڵکاری کۆمەڵگایەکی باش تەواودەبێت، لەڕێی دانانی کۆمەڵگایەکی بەهێز پێکەوەگرێدراوەوە بنەڕەتی تاکگەرایی دەسڕێتەوە، وە واز لە دیموکراسی دەهێنێت- ئەوەش بە مانایەکی شل خۆ بەڕێوەبەری جەماوەرییە- بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ڕەهایی’استبداد التنفیذی’. نەخێر، ڕۆسۆ نمونەی نوێنەری بیرۆکەی دیموکراسی نییە کە دژەتاکگەرابێت. ڕەنگە پۆپۆلیست بێت، بەڵام دیموکرات نییە، وە وەک دژەدیموکراتێک دژەتاکگەراشە.   

لە هەربارێکدابێت، مەیلی ڕەخنەی تاکگەرایی هاوچەرخ دژەدیموکراسییە، هەرچەندە ئەو بیریارانیە باسم کردن نکۆڵی لەو تاوانبارکردن و دانەپاڵە دەکەن. لە گفتوگۆ نایابەکەیدا لە بارەی بیریارە کۆمیونیتارەکان- کە زۆربەیان لێرەدا باسکراون- گوتمان (Gutman،١٩٨٥،پ٣٢٠) دەڵێت “شکستی ڕەخنەگرەکان لە لاوازکردنی لیبڕاڵیزم ئەوە پێشنیار ناکات کە بەها کۆمینیتارەکان بوونی نیە بەڵکو بەشێوەیەکی دروست وەک تەواوکەر و پاشکۆی بنەڕەتی بەهای لیبڕاڵیزم تەماشادەکرێن نەک وەک جێگرەوەی”. لیبڕالیزمی گوتمان وەک ئەوە نییە کە من بە تاکگەرایی دیموکراسی ناویمناوە، لە خەت دەرچوونێکی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی ڕێگە بە من بدات کەمێک ناکۆکبم و بڵێم بەهای ڕخنەگرە کۆمیونیتارەکان بەهای تەواوکاری و پاشکۆیی پێشکەش ناکەن بەڵکو بۆ ووروژاندنی نائارامییە لەگەڵ بەها تاکگەراکان و زیاتر هەوڵدانە بۆ پوختەکردنەوەیەیان. بەها کۆمیونیتارەکان بەبێ سازشکردن لەگەڵ دیموکراسی ناتوانرێت لە ناو دیموکراسیدا قوتبدرێن و قەبوڵبکرێن بەڵام دەتوانن یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی کەمتەرخەمییەکان. کاری دووبارە باشکردنەوەی تاکگەرایی دیموکراسی کاری پسپۆڕانەی کۆمیونیتارەکان نییە.

پوختەکردنەوەی تاکگەرایی دیموکراسی:

پوختەکردنەوەی تاکگەرایی دیموکراسی کاری پسپۆڕانەی ئیمرسۆن “Emerson”، سۆرۆ “Thoreau” و ویتمان “Whitman” بوو. بە هێزێکی بێ سەروبەر ئەنجامیاندا، و خوێندنەوە و دراسەکردنی تاکگەرایی هەتا سەدە و نیوێک دوای ئەمان کەس پێی ڕانەگەشت. لە نێوان ئەو ڕەخنەگرانەی لەم سەردەمەدا باسمکردن، تەنها لاش بە پەسەندی ئیمرسۆن وەردەگرێت. ئێستا و لە کۆتایی ئەم پەیپەرەدا، تەنها دەتوانم ئەوە بچەسپێنم کە ئەگەرئەوەی داواکراوە ڕەخنەیەکی ناوخۆیی بێت، ڕەخنەیەکی فەیلەسوفانە و دیموکراسییانە لە تاکگەرایی دیموکراسی وەک ئەوەی ئاقڵانییە و بەکرداری کراوە، باشترین هەوڵ هەتا ئێستا نووسینی ئیمرسۆن و دوو هاوپیشە مەزنەکانیەتی. ئەوەی وادەکات خوێندنەوەی ئیمرسۆن، سۆرۆ و ویتمان ئەوەندە ناڕەحەتکەربن، ئەو هەستەیە کە هەتا تاکگەرایی دیموکراسی گۆڕانکاری لە خۆیدا نەکات، ڕەنگە بۆ ناشرینی و دڕندەیی ئیگۆمانیای بێ سنوری خۆی وەرچەرخێت. بەڵام ئەگەر بە ڕۆحییەتی باشترین ئەگەرەکانییەوە چاکسازی لە خۆیدا بکات، تاکگەرایی دیموکراسی دەبێتە گەشاوەترین پەڕەی مێژووی مرۆڤایەتی، و لەبەر ئەوەی گەشانەوەکەی دەگمەن دەبێت ڕەنگە ناجێگیرببێت.

دەزانم کە نەریتی ئیمرسۆنی دۆستایەتی لەگەل تایبەتمەندگەرایی هەیە؛ پێی وانیە لە بارودۆخی مۆدێرنەدا تایبەتمەندگەرایی ڕەتکراوەیە و بە ژیانێکی چالاکی هاووڵاتیبوونی کۆماری کە هەمووان یان زۆرێکیان بەشداری تێدا دەکەن، جێگەی دەگیرێتەوە. پێوەری هۆیەکان و ئەنجامەکان، دووری مەودایان، ئەبستراکەتەکانیان، ناهۆشیارییە بەردەوامەکانیان و نائەقڵانیبوونەکانیان، هەموو ئەوانە دەبێت نامۆبوون دروست بکەن. سیاسەت پێویستە، بەڵام ناتوانێت ژیانێکی تاکگەرا بۆ زۆرینەی خەڵک پێناسە بکات؛ ڕاستەقینەبوونی لە فەنتازیاکەی جیاناکرێتەوە، بە تایبەت فەنتازیای گروپ. ژیانی هاوبەش ‘دەستە جەمعی’ هەرچەندە لە دۆخی لەناکاودا پێویست دەبێت (وەک وەستانەوە بەرامبەر بە سیاسەتی بەرفراوانکردنی دەوڵەتی کۆیلە) بەڵام لە خۆیدا کۆتایی نیە. دسپلینەکانی چاکەکاری زیاتر لەوەی هانبدات دەخنکێنێت. ئامانجی هەمیشەیی چاکسازیکردنە لە تایبەتمەندگەراییدا. ئەم چاکسازیکردنە بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕوات؟

لەو جۆرە گرنگیدان بە خود و خود دەربڕینەی کە ئاماژە بە تەڵەکەبازی ناو فایلەکانی پێکەوەبەندەی دەکات دوور دەکەوێتەوە: دڵەڕاوکێیەکی زۆر سەبارەت بە کێبڕکێکردن بە سەرکەوتووی، پێداگرییەکی زۆر لەسەر دۆزینەوەی خود لە ڕێگەی کەڵەکەبوونی کاڵاوە، باوەڕی زۆر بەوەی کە گرنگیدان بە خود واتە پشتبەستن بە چارەسەرکەرە پیشەییەکان. فێرکاری ئیمرسۆنی، بەشێوەی جۆراوجۆر سەرەتا لەلایەن ئیمرسۆنەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت دواتر لەلاینە سۆرۆ و ویتمانەوە، ئەم فێرکارییە هەوڵدەدات گوێگرانی بەرەو تاکگەراییەکی بێ ئیگۆ بجوڵێنێت، ئایدیاڵێکە کە ویتمان لەگەڵ خۆی دەگونجێنیت، وە من بە تاکگەرایی دیموکراسی ناوی لێ دەنێم (کاتب.١٩٩٢). جەوهەرێکە بۆ گومانکردن لە چارەسەرە پێشنیارکراوەکانی کێشە یان مەتەڵی خود وەک نەریت، دەسەڵات، ئینتیما، شوناس، نغرۆبوون لە گروپێکدا، دڵسۆزی مەزهەبی و بیرۆکەی جێگیری خودی. هەر کەسێک بێ هاوتایە، بەڵام ئەمە بەدیهاتوویەکە کە دواجاردێت، نەک مەبەستێک بێت کە بە ئەنقەست بە دوای بکەوین. دەبێت مرۆڤ تاڕادەیەک نامۆ بە خۆی بمێنێتەوە و ڕێز لە نامۆبوونی تاکەکانی دیکەش بگرێت. تەنها لەو کاتەدا ڕاستگۆیی لە بەرامبەر ئاڵۆزی مرۆڤ بوونی هەیە. دەبێت مرۆڤ لە گیانی بەرگری کردن و قەبوڵکردنی خودی پێشوازی دیالێکتیکی بکات. ئیمرسۆن (بە تایبەت لە “پشتبەستن بە خود” و “بازنەکان”دا،١٩٨٣[١٨٤١]) دەنگ بە بیرۆکەی ناوەندێتی تاکگەری دەدات کە خود لە ڕۆڵ و ئەرک و شوێن زیاترە و بەو هۆیەش کەسێک لەوانەیە لە بواری ئەزموونکردن و چێژبینین لە ڕۆڵگێڕانەکان، نزوم وبەرز و پێچەوانە ڕۆڵەکان ببینێت. بەڵام خودێک هەیە لە سەروو ئەم پێگەشتنانە، خودێکە کە دواجار ناوچەیەک بۆ کارە جۆداکانی دەنەخشێنێ و خۆی لە سەروو هەموویانەوە لە خەمڵاندنی ئەزمووندا دەنەخشێنی. تەنها بەم ڕێگەیە دەکرێت واز لە حاڵەتی ئاسایی خەوتن بهێنین و بچینە ناو ژیانەەوە. هەموو کەسێک دەتوانێت میزاجی فەلسەفی لەو جۆرەی هەبێت کە ئەفڵاتون پێناسەی دەکات و ئیمرسۆن هانی دەدات (دەکرێت بە جۆرێکی تر بووترێت ئیمرسۆن ئەفڵاتونییە): بۆ ئەوەی ئەگەر وەک تێپەڕیشبێت، “بینەری هەموو سەردەم و هەموو بوون بێت” (کۆمار ٦:٤٨٦ا،پ٢١٧).

ئایا پاداشت بۆ تاکگەری دیموکراسی هەیە؟ ڕەنگە وویژدانێکی پاکتر بەهۆی بەرگریکردن و سەرسامییەکی تیژتر کە لە ڕازیبووندا گەشەدەکات. ئایا تاکگەرایی دیموکراسی لە ژیانی دیموکراسیدا هەیە؟ بەتەواوی نا، بەڵام هەندێک هەیە، ڕەنگە ئێستا یان دواتر هەبێت.

The Annual Review of Political Science is online at http://polisci.annualreviews.org

LITERATURE CITED

Aristotle. 1943. Politics. Transl. B Jowett. New York: Modern Library

Bellah RN, Madsen R, Sullivan WM, Swidler A, Tipton SM. 1985. Habits of the Heart. Berkeley: Univ. Calif. Press

Lectures, pp. 257–282, 401–414. New York: Library of America

Gutmann A. 1985. Communitarian critics of liberalism. Philos. Public Aff. 14(Summer): 308–22

Hofstadter R. 1955. Social Darwinism in American Thought. Boston: Beacon. Revised ed.

Kateb G. 1992. The Inner Ocean: Individualism and Democratic Culture. Ithaca: Cornell Univ. Press

Lasch C. 1978. The Culture of Narcissism. New York: Norton

MacIntyre A. 1981. After Virtue. Notre Dame: Univ. Notre Dame Press

Nietzsche F. 1974 (1882). The Gay Science. Transl. W Kaufmann. New York: Vintage

Nietzsche F. 1969 (1908). Ecce Homo. Transl. W Kaufmann. New York: Vintage

Plato. 1952. Gorgias. Transl. WC Helmbold. New York: Liberal Arts Press

Plato. 1956. Apology. Transl. FJ Church. New York: Bobbs-Merrill. 2nd ed.

de Tocqueville A. 1954 (1835/1840). Democracy in America. 2 vols. Transl. H Reeve, F Bowen, P Bradley. New York: Vintage

Emerson RW. 1983 (1841). Essays and Plato. n.d. Republic. Transl. B Jowett. New York: Modern Library

Sandel M. 1982. Liberalism and the Limits of Justice. Cambridge: Cambridge Univ. Press

Sophocles. 1959. Antigone. In The Complete Greek Tragedies, Vol. 2, ed. D Grene and R Lattimore. Transl. E Wyckoff. Chicago: Univ. Chicago Press

Spender S. 1975. Love-Hate Relations: English and American Sensibilities. New York: Vintage

Taylor C. 1985. Atomism. In Philosophical Papers, 2:187–210. Cambridge: Cambridge Univ. Press

Thucydides. 1982. The Peloponnesian War. Transl. R Crawley, T Wick. New York: Modern Library

Walzer M. 1994. Justice and tribalism: minimal morality in international politics. In Thick and Thin, pp. 63–83. Notre Dame, IN: Univ. Notre Dame Press