رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

فەلسەفەی تاکگەرایی: ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی

Facebook
Twitter
LinkedIn

کۆنسیچۆ سوارێز

دکتۆرا لە فەلسەفە

زانکۆی کاتۆلیکا لە پرتوگال

وەرگێڕانی: ئاراس ئەنوەر

Download PDF

بەشی یەک

پێشەکی:

ئەم پەیپەرە هەوڵ دەدات بە ووردی فەلسەفەی تاکگەرایی شرۆڤە بکات، بەو ئامانجەی ڕوونی بکاتەوە بۆچی ئەم فەلسەفەیە لە تەواو ڕوونکردنەوەی هەموو حاڵەتە کۆمەڵایەتییە ئالۆزەکان ئەوەندە کەموکورتە.

من مشتومڕی ئەوە دەکەم کە جیهانی ڕۆژئاوایی ئێمە بەشێوەیەکی گەورە و بەرچاو لەسەر بنەمای بیردۆزەی مۆدێرنەی زاڵی ئازادی، یەکسانی و سەربەخۆیی تاکەکان لە کێبڕکێی کراوە و هاوتای بازاڕێکی ئازادی کاڵا و ئایدیاکاندا بونیادنراوە. گریمانە بنەڕەتییەکەی، بریتییە لە چەمکی تاک وەک قەوارەیەکی دابڕاو لە ژینگەی خۆی، وەک بوونێکی قایل بە خود “Self-Sufficient” ژیان دەکات. لەم روانگەیەوە، کۆمەڵگە چییە، کۆمەڵگە چۆن کار دەکات، بە شێوەیەکی تایبەت لە ڕووی هەڵسوکەوتی ئەم جۆرە تاکانەوە ڕوونکراوەتەوە؛ لە بنچینەدا، تاک هۆکار و تاکە بونیادنەری کۆمەڵگایە.

ئەم پەیپەرە، لە دەوری سێ گریمانەی گشتی ڕێکخراوە. یەکەمیان ئەوەیە کە هەندێک شێوەی تاکگەرایی بەشیوەیەکی بەرفراوان وەها دادەنرێن کە مرۆڤی تاک دروستکەری جیهانە کە تێیدا دەژی- ئەو لە دوای قۆناغی ڕۆشنگەرییەوە “Enlightenment” بووە بە هۆکاری سەرەکی لە فەلسەفە و ژیانی ڕۆژئاوادا.

گریمانەی دووەم ئەوەیە، کە لە سەدەی ڕابردووەوە، فەرمانی تاکڕەوانەی جیهانی ڕۆژئاوایی مۆدێرن تووشی بەرەنگارییەکان بوونەتەوە کە بیروباوەڕ و ڕێبازەکانی خۆی پڕکێشە کردووە. پەرەسەندنە مێژووییەکان و بەرەنگارییە کۆمەڵایەتییەکان و پیشەسازیکردن ئەو بنەما فەلسەفییانەی کە شوناسی تاکەکەسی و بەرپرسیارێتی تێدا دەکێشرێ، گۆڕیویانە. پێویستە کەسێک لە دۆخی نوێی تاک لە دنیای هاوچەرخماندا بەقوڵی بیربکاتەوە. بۆیە، گریمانەی سێیەم ئەوەیە کە بیرۆکەی تاکگەرایی، کە ڕۆڵی سەرەکی لە پێکهێنانی جیهانی دوای ڕێنیسانسدا “Post-Renaissance” بینیوە، پێویستە لە دوای هەندێک تێڕوانینی ترەوە ئەویش بە پێچەوانەکردنەوەی لەگەڵ دژەماناکانی “Antonym”، وەک بیرۆکەی کۆمەڵگەرایی “Collectivity”، تاقیبکرێتەوە.

پێشنیاردەکەم کە تاکگەرایی شێوازی ‘میتۆدی’ “Methodological Individualism”، تەکگەرایی خەیاڵی (یان دەرهەست “abstract”)١ و میتافیزییکی فەلسەفەی تاکگەرایی کۆمەڵایەتی، کەمکورتکارەن “reductionist” [واتە بە سادەیی و نەچوونە ناو قوڵایی و جەوهەری بابەتەوە شرۆڤە و شیکاری تاکگەرایی دەکەن]. یەکەمیان بە پلەی یەک کەموکورتکارە کە دەڵێت هەموو حاڵەتە کۆمەڵایەتییە ئالۆزەکان دەبێت لە بنچینەوە لە ڕووی کارلێکی کردار و چالاکییە تاکەکەسییەکانەوە لێکبدرێنەوە؛ دووەمیان وەک ئەو تێزە هۆبزییەی “Hobbesian thesis” کە دەڵێت ئێمە بە تەواوی لە نێوان شەو و سپێدەدا هاتینە بوون و لە شێوەی قارچک هەڵتۆقین؛ بە پێی سێهەم، تاکە قەوارەیەک کە ڕاستەقینەبێت و لە ناو جیهانی کۆمەڵایەتیدا بوونی هەبێت تاکە (تاک مرۆڤبوون)، هەموو قەوارەکانی تری وەک خێزان یان کۆمەڵگا بە گشتی ڕاستەقینەنین و بوونیان نییە، وەک ئەوەی ئەمانە لە بنچینەدا جگە لە بیناسازی لۆجیکیی دەرەوەی بوونی تاکەکان، کە تەنها ڕاستەقینەن و بوونیان هەیە، هیچی تر نەبن. دواتر ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی هەر شیکارییەک بۆ هەڵسوکەوتی کۆمەڵ لەلایەنی ڕوانگەی تاکگەراییەوە بە پێویستی زۆر سنوردارە. لەگەڵ ئەوەشدا کە تاکگەرایی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی زاڵی ناو بیری ڕۆژئاوای مۆدێرنە، بەڵام هەندێک تەوەرەی تری وەک کۆمەڵگەرایی (کە دەبێت لە نێو کۆرسی ئەم پەیپەرەدا ئاماژەیەکی کورت بەم بابەتە بدەم) هەن، کە وەک فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ڕکابەر بۆ تاکگەرایی تەماشا دەکرێت.

[١- دەستەواژەی دەرهەستی تاکگەرایی “Abstract Individualism” بەکارهێنانێکی ستانداردە. لەگەڵ ئەوەشدا من هەست دەکە، گونجاوتروایە ناوی بنێم ‘تاکگەرایی خەیاڵی’ وەک دیارە باشتر تێزە بنچینەکەی کە لە پشتییەوەیەتی چێوە دەکات، ئەوەی کە پێشتریش وەهابووە، مرۆڤی تاک لە درەوەی کۆمەڵگا، مێژوو و کەلتوورەوە ڕادەوەستێت. وادەردەکەوێت کە ئەم دەربڕینە لەگەڵ تێگەشتنە مێژوویەکەی نایەتەوە، بۆیە خەیاڵییە.]

تاکگەرایی: پێڕستێکی کورتی مێژووی

لە ڕوانگەی وێبەرەوە “Max Weber” (١٩٦٧،٢٢٢)، دەستەواژەی “تاکگەرایی” گەورەترین ناتەبایی ماناکان لە خۆدەگرێت. وێبەر داوایکرد کە کە لێپرسینەوەیەکی سیستماتیکی دوور لەم چەمکە بکرێت. من لێرەدا بەدوای پرۆژەکەی ئەو نەکەوتووم. ئەوەی من زیاتر سنوردارە بەوەی بە کورتی چەمکی تاکگەرایی، لە پەیوەندیدا بە دیاردە مێژوویەکانی [تاکگەرایی]ەوە تەماشابکرێت.

ئاڵۆزی ڕێگایەکی لەم جۆرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە بەپێی تاکایەتی تاکەکان، و مێژووی تاکگەرایی مرۆڤ بە لۆجیکی فەرمانە پێکهاتەییەکان دەست پێ ناکات، بەڵکو لەگەڵ پەرەسەندنی نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا دەست پێ دەکات.

لە مێژووی فەلسەفەدا، پرسی چۆنێتی تێگەشتن لە تاکگەرایی نەریتێکی خوێندنەوەی زانستی دوورودرێژی هەیە، و تەنانەت پێش سەردەمی مۆدێرنەش بەڵگەی بایەخپێدانمان بەم بیرۆکەیە هەیە.٢ لە دوو سەدەی ڕابردوودا، ئەگەر بیردۆزەی کۆمەڵناسی تەماشابکەین، دەبینین کە مێژوو بە پڕۆسەی زیادکردنی تاکگەرایی بارکراوە، کە دوو نەریتی جیاوازی هەیە. بە پێی یەکێک لەو نەریتانە، لوهمان “Luhmann” داکۆکی لێ دەکات کە “گەشەکردنی جیاوازیکردنی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی زیاتر گشتیکردنی چوارچیوە ڕەمزییەکان، کە ئەمەش وادەکات بە شێوەیەکی بەرچاو بارودۆخەکان، ڕۆڵەکان و چالاکییەکان زیاتر پێویستبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوە و زیادبوونی تاکایەتی مرۆڤ.” (١٩٨٦، ٣١٣).

نەریتی دووەم تاک وەک یەکەیەکی دیار و پێگەشتووی ناو بەرکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان وێنا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵناسی دوا ووشەی لەم بارەیەوە نەووتوە. ئەگەر بە گشتی سەیری مێژووی ڕۆشنبیری ئەوروپی بکەین دەتوانین ژمارەیەکی زۆر لە هەوڵی پێناسەکردن و بەرەوپێشخستنی تاکایەتی ببینین. لە کاتی دیکارتدا “Descartes” گفتوگۆی ئەکادیمیانەی سەدەکانی ناوەڕاست ئەوەی جێگیرکردووە کە ناتوانرێت تاکایەتی تاک بە ئاماژەکردن بە هەندێک جۆر و چۆنایەتی تایبەتی تاک لە بەرامبەر جیاکاری لە سیفاتەکانی تر پێناسە بکریت، وە تاکگەرایی و تاکبوون، شتێکنین کە لە دەرەوەی تاکەوە بدرێت بە تاک. تاک خۆی سەرچاوەی تاکایەتی خۆیەتی؛ بۆیە دەبێت چەمکی تاکایەتی بە سەرچاوەی خودییەوە پێناسە “Self-Reference” بکرێت. لە سەدەی حەڤدەدا، لەسەر بنەمای دونیابینی ئایینی مەسیحی، مەیلی پەیوەستکردنی تاکایەتی بە ئازادییەوە هەبوو یان لە ووتەکانی لوهماندا، “بە ڕۆحێکی قەڵاییەوە کە بەرەنگاری ئایین بووە”. (١٩٨٦، ٣١٥) یەک سەدە دواتر، ئایین بە کەڵتێکی نوێی هاوسۆزی و هاوڕێیەتی لە جێی خۆی دانرا، وە تاک وەک کەسێکی کۆمەڵایەتی بە شێوازێکی نوێ لە تێڕوانینی سروشت و کۆمەڵگاش سەیردەکرا.

[٢- بنەمای تاکبوون “The Principle of Individuation” دوو کێشەی دیار و جۆدا گریمانە دەکات: هۆیەکانی تاکبوونی میتافیزیکی، و تاکبوونی ئیپستمۆلۆجی. هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی ئەم کێشانە پێشگریمانەی تێگەشتن لە سروشتی تاکایەتی دەکات. تاکایەتی بە شێوەیەکی ئاسایی نابینراوی، جیاوازی، دابەشبوونی ناو نەژادەکان، شوناس بە پێ کات،،، هتد، لە خۆدەگرێت. بە بۆچوونی تۆماس ئەکویناس “Thomas Aquinas”، تاکبوون لە ژێر ڕەهەنددا گرنگە، ئەوەی پێێ ئەوت “materia signata”. بەڵام فەیلەسوفانی وەک ئۆکهام “Ockham” و سوارێز “Suarez” لە هەمان بۆچووندا هاوبەشی ناکەن. لە ڕوانگەی ئۆکهامەوە، تاکەکان لە بنەڕەتدا تاکن (per se) لەبەر ئەوە ناکەونە ژێر تاکبوونەوە. بە پێی ئەم مەرجانەبێت، بنەمای میتافیزیکیی تاکبوون پێویست نییە، یان وەک سوارێز باسی دەکات، بنەمای تاکبوون وەک خودی قەوارەی تاک دیاری دەکرێت، مەبەستم نییە هەموو ئەو کێشانەی بەهۆی ئەو بیردۆزیارانەوە دروستبوون تاوتوێ بکەم، بەڵکو مرۆڤ دەتوانێت بە تەنیا بەو تێبینییە کورتە ئاڵۆزییە گەورەکەی بابەتەکە ببینێت]

لە دروسکردنی بڕیارێکی داوەرانەدا، چیتر تاک پشتی بە چینە کۆمەڵایەتییەکەی نەبەستووە بەڵکو پشتی بە ئاگایی خودی خۆی بەستووە “Self-fulfilment”. لای کانت تاکایەتی تاک دەگاتە ئاستێکی نوێی ژیری. بە گەڕانەوە بۆ تێپەڕین بەرەو باڵایی “Transcendental” تڕانسێندێنتاڵ، ڕاستینەکانی هۆش دەبوو بە جۆرێک لە دووانە پێوانەیی هەڵبسەنگێندرێن: ئەزموونی و تڕانسێندێتاڵ. لە ئەنجامدا تاک (نەک تەنیا ئەقڵی کارتێسی “Cartesian mind”) وەک بکەر، بکەرێکی جیهانی سەریهەڵدا.

ئەزموونکردنی جیهان، تاک توانی بانگەشەی ئەوە بکات کە سەرچاوەی دڵنیایی لە ناوخۆیدا هەبێت. توانی گەشت بە جیهاندا بکات بۆ بەدەستهێنانی خود-ئاگایی “Self-Realization”. مێژووی تاکایەتی تاک لە دەرەوەی ئەم خاڵە بەردەوام نابێت بەڵکو تەنها وەک مێژووی تاکگەرایی بەردەوام دەبێت.

چەند ڕێ و شێوازێکی جیاواز هەیە بۆ تێگەشتن لە تاکگەرایی، وەک چۆن بیردۆزە و جۆری جیاوازی تاکگەرایی هەیە وەک تاکگەرایی ئەخلاقی، تاکگەرایی خاوەندارێتی، و میتۆدی، کە هەموویان ئاڵۆزییە بابەتییە مەزنەکانی خۆیان نیشان دەدەن.٣ پێناسەیەکی گشتگیر بۆ چەمکی تاکگەرایی بەدەستهێنانی ئاسان نییە. ڕۆشنگەری بە ڕەگوڕیشەیەوە لە ئازادیگەراییدا “Liberalism”، بەو تێزە دیاریکراوە کە “ڕاستی ژیان لەگەل ئەوانیتر بە گشتی پێناچێت بەو ڕادەیە پێویست بێت” (Tzvetan, 1996, 43). ئەمە پێشگریمانەی ئەوە ئەکات کە هەر یەکێک لە ئێمە تاکێکی سەربەخۆی پەتییە، وە ئەم تاکایەتییە (نەک کۆمەڵگایەتی)، بەدکاری و کوێڕەڕێی مرۆڤایەتییە. هەموو تاکێکی مرۆڤ لەلایەنی ئەخلاقییەوە سەربەخۆیە و پێویستە بەتەواوی بەرپرسیاربێت لە کردارەکانی، لە کاتێکدا کردەوەکانی کۆسپ و کاریگەری لەسەر باش ژیانی و مافی ئەوانیتر دروست دەکات. تەنها کاتێک مرۆڤی بێهاوتا و مافی سەربەخۆیی ڕێزی لێ دەگیرێت، کە هەر تاکێک توانی پێوانەیەکی دیاریکراو بۆ ئیدراکی خودی “Self-actualization” یان، بە واتایەکی تر، بۆ پەرەپێدانی توانای تاکەکەسی خۆی لە کارامەیی پڕاوپڕی خۆیدا بەدەست بهێنێت. وەک ئەوەی دەکرێت ببینرێت، ناوەندی بیرۆکەی سەربەخۆیی تێگەشتن و بیری خۆبەڕێوەبردنە “Self-governance”. مرۆڤ بە تاک دەچووێنرێن، بە سروشت ئازادن، یەکسان و سەربرخۆن، لەگەڵ دەسەڵاتێک کە ڕەفتارەکانیان  ڕێکبخات.

[٣- بە گوێرەی بۆچوونی لوکێس “Lukes”: یەکەم بەکارهێنانی زاراوەکە، لە شێوە فەڕەنسییەکەیدا “تاکگەرایی”، لە کاردانەوەی گشتی ئەوروپییەکان بۆ شۆڕشی فەڕەنسا و بۆ سەرچاوە بانگەشەکراوەکەی، بیری ڕۆشنگەری، …. گەشەی کردووە (١٩٧٤، ٣). هەروەها بڕوانە بیونگ “Bunge” (٢٠٠٠).]

لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، بە شێوەیەکی تایبەتی تاک سەربەخۆیە تا ئەو ئاستەی کە ملکەچی فشارەکان و نۆرمەکان دەبێت لەگەڵ ئەوەی تاکەکە ڕووبەڕووی هەڵسەنگاندنێکی ئاگایی و ڕەخنەیی دەبێتەوە، و نیازەکان شێوەپێدەدات، و وەک دەرئەنجامێکی سەربەخۆ و ڕەنگدانەوەی ئەقڵانی، دەگاتە بڕیاری کرداری (لوکێس، “Lukes”، ١٩٧٤، ٥٢).

دەستەواژەی سەربەخۆیی “Autonomy” لە یۆنانی کۆندا بەسەر دەوڵەت-شاردا جێبەجێ کرابوو، بۆیە چەمکێکی سیاسی بوو. Autonomous لە autos واتە خود، و nomos واتە یاساوە پێکهاتووە. لە سەردەمی  مۆدێرنەدا، کانت لە فەلسەفەکەی خۆیدا شوێنێکی ناوەندی بە سەربەخۆیی ‘ئەوتۆنۆمی’ بەخشی و ئەو بیرۆکەیەی بۆ کەسەکان “Persons” درێژکردەوە. وۆڵف “Wolff” ڕوونکردنەوەیەکی بەجێ بە بیرۆکە سەربەخۆییەکەی کانت دەدات، کاتێک دەڵێت “مرۆڤی بەرپرسیار ڕاڕا و هەوەسکار یان ئەنارشیست نییە، لەبەر ئەوەی بەرامبەر سنوردارییە ئەخلاقییەکان هۆشیاری هەیە. بەڵام ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەو بە تەنها دادوەری سنوردارییەکان دەکات. ئەو ڕەنگە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی کەسانی تر بگرێت، بەڵام بە دیاریکردنی ئامۆژگارییە باشەکان، دەیانکاتە هی خۆی. ئەو مرۆڤە بەرپرسیارە ڕەنگە لە کەسانی ترەوە فێری پابەندبوونە ئەخلاقییەکانی خۆی ببێت، بەڵام تەنها بەو جۆرەی کە ماتماتیکزانێک لە ماتماتیکزانێکی ترەوە فێردەبێت. ئەو بەو مانایە فێرنابێت کە کەسێک لە گەڕیدەیەکەوە فێردەبێت، بە قەبوڵکردنی حساباتی ڕاستەقینەی خۆی بۆ شتەکان کە کەسێک ناتوانیت بۆ خۆی بیبینێت. لەو کاتەی مرۆڤی بەرپرسیار بە بڕیاری ئەخلاقی ئەگات، کە دەریدەبڕێت، لە شێوەی فەرمانیدا بۆ خودی خۆی، ڕەنگە بڵێین کە یاسا و ڕێسا بە خۆی دەدات، یان خودڕێسایی دەکات “Self-Legislating”. بە کورتی، ئەو مرۆڤە بەرپرسیارە سەربەخۆیە “autonomous”” (١٩٧٠، ١٣-١٤). بیریارانی ڕۆشنگەری بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە هەڵگیرسێنەری ئاگری دۆزی مافی تاکن و دەستپێشخەرییان تێیدا کردووە، لەگەڵ کەموکورتییەکی سەرسوڕهێنەر لە بایەخدانیان بە کۆمەڵگە، نەریت، کردارییە کۆمەڵایەتییەکان و کەلتوور وەک ئەوەی هیچ ڕۆڵێک لە پێشکەوتنی تاکدا نەبینن. ماکاینتایر “MacIntyre” دەنووسێت: “بە پێی پڕۆژەی ڕۆشنگەری… بکەری ئەخلاقی تاک لە دەسەڵاتی ئەخلاقی خۆیدا باڵادەستە” (١٩٨١، ٦٠). لە کتێبەکەیدا، (دادپەروەری کێ؟ کام ئەقڵانییەت؟) دووپاتی ئەو هەڵوێستەی خۆی دەکاتەوە، کە دەڵێت: “ئەوەی ڕۆشنگەری کە وای لێکردین لە زۆرترین بەشیدا کوێربین و ئەوەی ئێستا پێویستمانە چاکی بکەینەوە… تێگەشتنێک لە پرسی ئەقڵ وەک بەرجەستەبوون لە نەریتێکدا، تێگەشتنێک کە بە پێی کام پێوەرانای خودی پاساوە ئەقڵانییەکان کە بەشێکن لە مێژوو و لە مێژووەوە دەردەهێنرێن” (١٩٨٨، ٧).

لە ڕوانگەی ماکاینتایرەوە، تێگەشتنی کەسێک لە خودی خۆی تەنیا لە چوارچێوەی کۆمەڵدا بەدەست دەهێنرێت. کەواتە کاتێک تاکگەراکان لە ئەولەوییەتی خودا بەسەر ئامانجەکانیدا بیردەکەنەوە، کۆمەڵگەراکان ئەم جیاکارییە و ئەم ئەولەوییەتەش بە دەستکرد و تەنانەت بە مەحاڵیشی دەزانن. ئەمەش هێڵێکی دڵنیایی دوورودرێژی گفتووگۆ لە نێوان تاکگەرایی و کۆمەڵگەراییدا دەکێشێت. من لێرەدا، دەتوانم بە کورتترین دەربڕین جیاوازییەکانی نێوان دوو خاڵی بیردۆزەیی لەڕێی جەختکردنەوە لەسەر تاکگەرایی پێشکەش بکەم.

بە مانایەکی بەرفراوان، تاکگەرایی ئەو مەیلەیە بۆ جەختکردنەوە لە ئازادی تاک دژی دەسەڵاتی دەرەکی، وە لە چالاکی تاکەکەسی دژی چالاکی هاوبەشی بەکۆمەڵ. لە هەموو شێوەکانی تاکگەراییدا، جەختکردنەوە لەسەر گرنگی خودە “Self”، و بەتایبەت بیرۆکەی گەشەپێدانی خود بەبێ هیچ خۆبەستنەوە و یارمەتییەک لە دەرەوەی خود. تاکگەرایی بنەمایەکی شازە؛ زۆربەی ڕووەکانی نمایش دەکات و زۆر گشتگیرە کە ناتوانین ناوی لێ بنێین بیردۆزە “Theory”، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە وەک مەیلێک یان هەڵوێستێک پێناسەکراوە، مەیلی یان هەڵوێستی بە ناوەندی کردنی ئەو بیرۆکەیەی کە مرۆڤی تاک دروستکەری ئەو جیهانەیە کە تێیدا نیشتەجێ بووە. ئەم مەیلە یان هەڵوێستە لە پێکهێنانی جیهانی پاش ڕێنیسانسدا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.

تاکگەریی بەردەوامی بەو بیرۆکەیە دەدات کە تاک یەکەیەکی سەرەتایی واقع و کۆتا پێوەری بەهایە. تاک خاوەنی سەرەتایی مافەکانە. (ئەنجامە سروشتییەکەی “Corollary” ئەوەیە کە چالاکییەکانی دەوڵەت دەبێت لە پاراستنی ئەو مافانەدا کورتبکرێنەوە). تاکگەرایی، تاکی ‘ئازاد’ لە ماترێکسی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە و نۆرمانەی کە لە ڕاستیدا وادەکەن بکەریی، ئازادی و تەنانەت خودئاگاییش مەحاڵ دەکەن، دووردەخاتەوە. ئەب بۆچوونە نکۆڵی ئەوە ناکات کە قسەکردن لە ڕوانگەی هەستی باوی کۆمەڵگاوە بوونی هەیە یان ئەوەی خەڵک لە ژیانکردن لە نێویدا سوددەبینن، بەڵام لە ڕووی فەلسەفییەوە، کۆمەڵگا بە کۆکراوەیەکی تاکەکان دادەنێت، نە شتێک لە سەروو ئەوەوە.

تاکگەراکان دەبینن خەڵک بە شێوەیەکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ ڕاستێتی تاکدا دەکات؛ هەموو مرۆڤێکی تاک کۆتاییەکە لە خودی خۆیدا. هیچ تاکێک نابێت بکرێتە قوربانی لە پێناوی یاکێکی تردا؛ هەر ئەمەشە هۆی ئەوەی تاک بە یەکەی دەستکەوتی خۆی لەبەرچاو بگیرێت. لە کاتێکدا نکۆڵی لەوە ناکرێت کە پێشکەوتنی تاک پشت بەوانیتر دەبەستێت، تاکگەرایی ئاماژە بەوە دەدات کە هەمیشە دەستکەوتی تاک زیاتر لەوەیە کە پێشتر کراوە؛ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تاک لە دەستکەوتی خۆیدا هەمیشە شتێکی نوێ دەهاژێنێت کە نەک لە کۆمەڵگادا بەڵکو بە گشتی قابیکی تێگەشتنبێت. تاکگەرایی بە تاکگەرایی ناودەبرێت نەک لەبەر ئەوەی تاک ڕائەهێنرێت بۆ گەڕان بە دوای ژیاندا جۆدا لەوانیتر، بەڵکو لەبەر ئەوەی دووپاتی دەکاتەوە کە تاک، نەک کۆمەڵ، پێکهێنەری سەرەکی کۆمەڵگایە.٤

[٤- وەک باومان “Baumman” دەڵێت: “بۆ کۆمەڵگەی سەربەخۆ، ئاماژەکان (هەروەها ماناکانی “مۆڕاڵیبوون”) بە بێ بنەما دەرناکەون، هەرچەندە بە شێوەیەکی ئاشکرا بێبەرین لە “بناغەکان” بەو مانایەی کە لەلایەن فەییلەسوفانی ئەخڵاقییەوە دەربڕدراوە؛ ئەوان زۆر باش ‘دامەزراون’، بەڵام بناغەکانیان یان دامەزراوەکانیان لە هەمان ئەو شتەی ئاماژەکان یان هێماکان دروستکراوە کە کە ئەوان خولیایان بووە. هەروەها ئەوان، خڵتە و نیشتووی پرۆسەی بەردەوامی خوددروستکردنن “Self-Creation” (١٩٩٥، ١٩-٢٠)”].

بە پێچوانەی پێشنیارەکانی تاکگەراییەوە، کۆمەڵگەرایی قەواربوونی کۆمەڵ لە خۆیدا دەپارێزێت، شتێک کە دەتوانێت لەسەر خەڵک بجوڵێت و کاریگەری هەبێت.٥ دەتوانین کۆمەڵگەرایی لەم سێ پێشنیارەدا کورت بکەینەوە:

یەکەم: کۆی کۆمەڵایەتی زیاترە لە کۆی بەشەکانی.

دووەم: هەڵسوکەوت یان کارکردنی بەشەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بە کۆی کۆمەڵایەتی کاریگەرە.

سێیەم: هەڵسوکەوتی تاکەکان دەتوانرێت تەنها لە ڕووی جیهانی مایکرۆسکۆبی خۆیانەوە، ڕاستکەرەوەکان، هێزەکان و مەبەستەکان لێیان تێبگەین کە تاکوتەنهان “Sui generis” و بەسەر سیستەمی کۆمەڵایەتیدا وەک گشتێک “a whole” جێبەجێ دەبن، کە تاکەکان تێیدا نیشتەشوێن و پێگەدار کراون.

[٥- بە گووتەی کیم “Kim”: کۆمەڵگەرایی بە گروپێک سنوربەندی ئاشکرا و جێگیر پێناسە دەکریت: بە زیاتر لە کۆی تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان دادەنریت. لە کۆمەڵگا کۆمەڵگەراکاندا، یەکێک لە گرنگترین ئەو جیاکارییەی دەربارەی تاکەکان کراوە ئەوەیە کە ئایا کەسێک بەشێکە لە گروپ “in-group” یان لە دەرەوەی گروپە “out-group”. کەلتووری کۆمەڵگەرایی لەسەر جیاکاری ئێمە “we” بەرامبەر ئەوان “they” جەخت دەکاتەوە. جەختکردنەوە لەسەر خۆشگوزەرانی، هارمۆنی و ئەرکەکان بەشێوەیەکی ئاسایی تەنها بەسەر ناوگروپدا جێبەجێ دەکرێت و بە زۆری درێژناکرێتەوە بۆ دەتەوەی گروپ. (١٩٩٤، ٣٢)].

یەکەم پێشنیار جەختکردنەوەیە لەو بیرۆکەیەی کە کۆمەڵگا زیاتر لە کۆیەکی سادەی تاکی سەربەخۆیە. ئەمەش پێیوایە کۆمەڵگاکان فەرمان و پێکهاتە لە خۆیاندا هەیە کە دەیانکاتە زیاتر لە گروپێک تاکی بە ڕفتار سەربەخۆ.  ئەم باوەڕە سادەیە لە گرنگی حاشاهەڵنەگری مێژوو و دابونەریتی گروپێکی کۆمەڵایەتی لە پێدانی یەکێتی و خەسڵەتی تایبەت بە خۆی جەخت دەکاتەوە.

دووەم پێشنیار گرنگی ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان و نۆرمە ئەخلاقییەکانی ڕەفتار کە تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی نکۆڵییان لێ دەکات، دووپات دەکاتەوە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە لایەنی کۆمەڵایەتی بە حەتمی کاریگەری گەورەی لەسەر تاک هەیە، کە هۆکارە کەلتوورییەکان لە تاکدا ڕەنگدەدەنەوە هەرچەندە بەبێ ئەوەی بە تەواوی هەڵسوکەوتەکانی تاک دیاری بکەن.

سێیەم پێشنیار بابەتی ڕەخنەیەکی گەورە بووە لەلاینە تاکگەراکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، فشاری کۆمەڵگەراکان ئەو ڕاستییەیە کە هەڵسوکەوتی تاک ناتوانرێت بە تەواوی و بەبێ ئاماژەکردن بە باردودۆخی کۆمەڵایەتی ڕوون بکرێتەوە. لە کاتێکدا کۆمەڵگەرایی کاریگەری گروپ لەسەر ئێمە دەبینێت، تاکگەرایی ئەو بیرۆکەیە تۆخدەکاتەوە کە تاکەکانی تر کاریگەرییان لەسەر تاک هەیە. لە کاتێکدا کۆمەڵگەرایی بونیادنانی تاکەکان لەسەر بیرۆکە و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگرێت، تاکگەرایی فشار لەسەر بیرۆکەکان و دەستەکەوتەکانی تاک دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە تێبینی ئەوە بکەین، ئەو هێزەی کە کۆمەڵایەتی وەک کاریگەر و دیاریکردنی ڕەفتاری تاکەکان دەبینێت لە ناو هەموو کۆمەڵگەرکاندا بەهەمان شێوە نییە. لێرەدا مەبەستم نییە هەموو ئەو باسوخواسانەی لە نێوان ڕوانگە کۆمەڵگەرا جۆراوجۆرەکاندا هەیە باس بکەم. ئەوەی کۆمەڵگەراکان جەختی لەسەر دەکەنەوە ئەولەویەتی کۆمەڵایەتییە بەسەر تاکدا. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە مرۆڤ بەرهەمی کۆمەڵایەتییە، نەک ئەوەی کۆمەڵگە بەرهەمی مرۆڤەکان بێت.

بەشێ دوو

چەند شێوەیەکی جیاوازی تاکگەرایی هەیە، کە جیاکراوەن لە یەکتری. پێش ئەوەی لەم بەشەدا لە ووردکردنەوە و جەختکردنە سەر تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی “Methodological Individualism” (پاشان، لە بەشی دواتر، تاکگەرایی دەرهەست “Abstract Individualism”) بەردەوامبم، دەمەوێت لەسەر هەندێکیان کورتەیەک بدەم. ڕەنگە بتوانین چەند شێوازێکی تری تاکگەرایی دیاری بکەین، کە من بە دووایاندا نەچووم. یەکەم، تاکگەرایی سوودگەرا “Utilitarian Individualism” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر تاکێك لە بیری خۆیدا بە دوای ژیانی خۆی و بەرژەوەندی خۆی دەکەوێت. دووەم، تاکگەرایی ڕۆمانسی “Romantic Individualism” بەرگری لەو بۆچوونە دەکات کە گوایە تاکەکان ناکرێت بەشێوەیەکی نەرێنی پێوانە بکرێن و نرخاندنیان بۆ بکرێت. سێیەم، تاکگەرایی بازاڕ “Market Individualism” پێشگریمانەی باوەڕبوون بە ئابووری ئازاد دەکات، داکۆکی لە کەمترین دەستتێوەردانی دەوڵەت و ئەوپەڕی ئازادی ئابووری دەکات بە ئامانجی گەیشتن بە کارایی. (ئەمە ئەو تاکگەراییەیە کە هایاک “Hayak” بە بیرۆکەی فەرمانی خۆڕسک “Spontaneous Order” بەرگری لێ دەکات، کە لە دواییدا دێمەوە سەری). چوارەم، تاکگەرایی دادگەری “Juridical Individualism” لەم ڕوانگەیەوە تاک بە سەرچاوەی داهێنەری یاسا دادەنرێت. پێنجەم، تاکگەرایی ئیتیکی “Ethical Individualism” وەهای دەبینێت کە ویژدانی تاک، بناغەی دادگای پێداچوونەوە بێت بۆ ڕەوابوونی نۆرمە ئاکارییەکان’ئیتیکییەکان’. شەشەم، تاکگەرایی کۆمەڵناسی، “Sociological Individualism” ئەم ڕوانگەیە، هەمەچەشنی و جیاکراوەیی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و بەگەڕبوونی خود لەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییانەی کە نمایشیان دەکات، تایبەتمەند دەکات. حەوتەم، تاکگەرایی مەعریفی “Epistemological Individualism” ئەم ڕوانگەیە، تاک وەک بکەری “Subject” زانین’معریفی’ دادەنێت، لە بابەت “Object” (کە پێویستە بونیادی بێت) جیایدەکاتەوە، بێ متمانەیی بەوەی “واقع” چی پێشکەش دەکات، و گەڕان بۆ چەسپاندنی مەرجەکانی مەعریفەی ڕاستەقینە.

تاکگەرایی دەتوانێت ببێتە پرۆسەی کەسایەتی دروستکردن “Characterization”، بە یاساییکردن “Legitimization”، یان ڕاڤەکردن “Explanation”. سەبارەت بە دروستکردنی کەسایەتی دامەزراوەیی و هەڵسوکەتی کۆمەڵایەتی، بەو مانایە دێت کە ئێمە قسە لەسەر تاکگەرایی کۆمەڵناسی و تاکگەرایی ئابووری و تاکگەرایی دادگەری دەکەین. هەروەها دەکرێت پرۆسەی بە یاساییکردنی دامەزراوە و نۆرم و بەهاکان و بەتایبەت سیاسی بێت. ئەمەش ڕێگە بە ماکفێرسۆن “Macpherson” (١٩٦٢، ٣) دەدات کە تاکگەرایی خاوەندارێتی “Possessive Individualism” و ئەو زەحمەتانەی لە چارەسەرکردنی کێشەی پابەندبوونی سیاسیدا دروست دەبێت، کە خۆی هەیە و لە بەشێکیدا دروست بووە، باس بکات. ئەم تاکگەراییە خاوەندارێتییە لەسەر بنەمای چەمکی تاک وەک ئەوەی لە بنەڕەتدا خاوەن تواناکانی خۆیەتی و هیچی قەرزداری کۆمەڵگا نییە، دروستبووە.

[٦- لە ئەنجامی ئەمەدا، ماکفێرسۆن مشتومڕی ئەوە دەکات کە “کۆمەڵگا بریتییە لە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی نیوان خاوەندارێتییەکان. کۆمەڵگای سیاسی دەبێتە ئامێری ژمێرەر بۆ پاراستنی ئام موڵکایەتییە، و بەردەوامیدان بە پەیوەندی ئاڵوگۆڕ بەشێوەیەکی ڕێکوپێک” (١٩٦٢، ٣)]

دواجار، تاکگەرایی دەتوانێت ببێتە بنەمای پڕۆسەی ڕاڤەکردن. دەکرێت ڕێگایەک بێت هەم بۆ پێشنیارکردنی کێشەکان و هەم بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە شیکارییەکان. تاکگەرایی میتۆدی، کە ئامانجی شیکردنەوەی ڕەفتاری دەستەجەمعی (مایکرۆسکۆپی) و ستراتیجییە، تەواو لە ڕێگاکانی تری تاکگەرایی جۆدایە، چونکە ئەوە هەڵوێستی توێژەرە نەک ئامانجی توێژینەوە؛ ئەو پۆلێنی پرۆسەی توێژینەوە ناکات، بەڵکو خودی شێوازی میتۆدەکەیە. من ئێستا لەم شێوازە دەکۆڵمەوە.

هۆبز “Hobbes” کە یەکەم کەس بوو باسی بنەمای تاکگەرایی کرد، ئەوە دەچەسپێنێت کە: ” پێویستە ئەو شتانە بزانین کە دەبنە ئاوێتە، پێش ئەوەی هەموو ئاوێتەکە بزانین” چونکە “هەموو شتێک بە هۆیە بنەڕەتییەکانییەوە بە باشترین شێوە شایەنی تێگەشتنە”، هۆیەکانی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە لە “مرۆڤدا وەک ئەوەی ئێستا لە دەرەوەی زەویش دەرچوون، لە پڕێکدا وەک قارچک هەڵتۆقین، بەبێ بەرکەوتن لەگەڵ یەکتر دێنە سەر پێگەشتن” (لۆکاس، ١٩٧٣، ١١٩).

بە ئیلهام وەرگرتن لەم نەهجە هۆبزییەوە، تاکگەراکانی میتۆدۆلۆجی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەلایەنی کەمەوە دەبێت ڕاڤەی کۆتایی بۆ ئەو دیاردە کۆمەلایەتییە گرنگانە لە ڕێی هەڵسوکەوتی نمونەییەوە پیشان بدرێت (لە نێویشیاندا، بیروباوەڕ و هەڵوێست و وەسییەت)ی تاکە نەناسراوەکان. تاکگەراکان زۆر جار ئەم شێوازە وەک خوددەربڕین “Self-Evident” پێشکەش دەکەن. ئەو پرسیارەی دروست دەبێت ئەوەیە، ئایا دەبێت مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و مەرجە کۆمەڵایەتییەکانی ماکرۆدا بکەین وەک کۆکراوە یان شێوەبەندی بۆ کردارەکان، هەڵوێستەکان، پەیوەندییەکان و هەلومەرجەکانی ئەو پیاو و ژنانەی کە بەشداری تێدا دەکەن، کەیفخۆشیان دەکەن یان ئازاریان دەدەن. وەڵامی تاکگەراییانە “بەڵێ” یە، ئەمەش بە نۆبەتی خۆی وەک بەرهەڵستی دژبە کۆمەڵگای پلان بۆ داڕێژراو “Planned Society” خزمەت دەکات.

واتکینس “Watkins” (١٩٧٣)، یەکێکە لە داکۆکیکارە هەرە دیارەکانی ئەم دواییانەی تاکگەرایی میتۆدی، کە لە بنەڕەتدا وەک بیردۆزێکی کۆمەڵناسی یاخود ڕاڤەی مێژووی پیشانیداوە. لە داڕشتنی پێویستییە ئامڕازییەکاندا، زۆر جار تاکەکان لە بیرۆکەکانیاندا قاڵبی سەرکەوتووی ڕوونکردنەوەیان لە لقەکانی تری زانستدا هەیە. بە بۆچوونی واتکینس، بنەمای تاکگەرایی میتۆدی، هاوپەیوەندیداری بنەمای میکانیزمە لە فیزیادا، کە لە سەدەی حەڤدەهەمەوە هەتا سەدەی نۆزدەهەم، ڕێگای سەرکەوتنی بە دەستەوە بووە. نمونەیەکی تایبەتی ناوازە لە بەکارهێنانی بنەمای میکانیکی، ڕاڤەکردنی سیستەمی خۆرە بە ئاماژەکردن بۆ یاساکانی نیوتن و هەروەها پێگە، جەماوەر، و عەزمی پێکهاتەی تاکەکانە. نمونەیەکی تر، کە زۆر جار باسی دەکرێت، ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی ماکرۆ گازە- بۆ نمونە پلەی گەرمییەکەی- وەک ئەنجامی تایبەتمەندییە مایکرۆکانی گەردیلەکانی. باشترین وێنە لە هەمان ڕێکاری ڕاڤەکردن لە زانستی کۆمەڵایەتیدا، بە هۆی ئابووری کلاسیکییەوە بەرهەمهێنراوە، کە بەهۆی بەکارهێنانی ئەو داتا و چالاکیی بەدواداچوونانەی تاکە کڕیار و فرۆشیارەکانەوە، بە حاڵەتی ماکرۆی بازاڕ دەژمێردرێت.

دەتوانین بڵێین کە سێ پێشنیاری بنەڕەتی لەسەر تاکگەرایی میتۆدی هەیە:

آ- تەنها تاکەکان بەرژەوەندی و ئامانجیان هەیە.

ب- تەنها چالاکی تاکەکان لە توانایدا هەیە سیستەمی کۆمەڵایەتی پێک بهێنێت، و گۆڕانکاری بهێنێتەدی.

ج- تەنها ڕێکخستن و باوەڕ و سەرچاوە و پەیوەندییەکانی تاکەکانن کە لە ئاستێکی گەورەدا دەبنە بنەمای لێکدانەوەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان.

دوو پێشنیارەکەی یەکەم، بە سروشتی واقعی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەستن، کە لەسەر بنەمای پێداگری تاکایەتین لە بە ئەولەوییەتکردنی تاک ئەکتەرەکان بەسەر تەواوی کۆمەڵایەتیدا. یەکەم پێشنیار جەخت لەو ڕاستییە دەکاتەوە کە تەنها تاکەکان بەرژەوەندی و ئامانجیان هەیە؛ و پێیوایە هەر قەوارە و دامەزراوە و کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵگەرا ناتوانێت خاوەنی مەبەست و ئامانجی جیاوازی خۆی بێت. دووەم پێشنیار پێیوایە کە کۆمەڵگەراکان، دامەزراوەکان یان ژیانی کۆمەڵایەتی دەرئەنجامی چالاکی و بڕیاری بەمەبەست یان بێمەبەستی تاکەکانە. سێیەم پێشنیار بە بەرنامەی توێژینەوەوە بەندە، ئاماژە بۆ ئەو تێزە کەمکردنەوەیە دەکات کە هەموو لێکدانەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە تاکی مرۆڤ لە کۆتاییدا دەبێت لە ڕووی دەربڕینی ڕاستییەوە بێت. تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی، میتۆدۆلۆجییەکی کەمکەرەوەیە “Reductive”. بەو شێوەیە پێشگریمانە دەکرێت و لە هەموو زانستەکاندا بەکاردەهێنرێت.

ئەگەر کەسێک بیەوێت ئەم پێشنیارانە کورتبکاتەوە، دەتوانێت بڵێت کە دوو داواکاری پەیوەندیداری تێدایە. یەکەم داواکاری دەڵێت، دەکرێت بیردۆزە کۆمەڵایەتییەکان قابیلی کەمردنەوەبن بۆ بیردۆزەکانی تاک، و دووەم داکۆکی لەوەدەکات کە ڕوونکردنەوەی وورد و پێویستی دیاردەی کۆمەڵایەتی دەبێت تەنها ئاماژە بێت بۆ تاکەکان، پەیوەندییەکانیان و ڕیکخستنەکانیان. (Kincaid، ١٩٨٦، ٤٩٣)

کەمکردنەوە لە زانستی کۆمەڵایەتیدا بە زۆری وەک ئەنجامی پێشنیارەکانی (ا) و (ب)، کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا پێشکەش دەکرێت. تەنها خەڵک مەبەست و ئامانجی هەیە؛ لە دەرئەنجامدا سیستەمی کۆمەڵایەتی تەنها دەرئەنجامی کۆی چالاکییەکانی تاکەکانە. ئەم شێوازە هەتا چەند گونجاو و دروستە؟ ڕەخنەگران سست نەبوون لە ئاماژەکردن بەوەی کە سڕینەوە و نەهێشتنی کارتێکەرە کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕینی بیردۆزی کۆمەڵایەتی تەنها لە ڕووی تاکگەراییەوە ئاسان نییە. بۆ نمونە، ڕوزەرفۆرد “Rutherford” چوار هۆکاری وەک بنەمای ئەم دژوارییە دەستنیشان کردووە: “یەکەم، چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک “چینایەتی” یان “بیرۆکراسی” کۆمەڵەیەکی تایبەتی پەیوەندییەکان، پێگەکان، و باوەڕەکانی تاک پێناسە ناکات. دووەم، چالاکی تاک یاخود کردەوەکانی تاک ماناکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەوروبەریانەوە وەردەگرن، ئەم چوارچێوانەش عادەتەن دامەزراوە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی تێدایە، کە دەبێت هەریەکەیان بە تەنها باسبکرێن. سێیەم، کێشەی پەیوەندیدار هەیە، بەهۆی پێناسەکانی ڕەفتارەوە کە کەڵک لە بیرۆکەی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی دەبینن، دروستبووە. چوارەم، دەکرێت ڕەهەندی مێژووی بەم ئارگیومێنتانە بدرێت” (١٩٩٦، ٣٤-٣٥). ئەم ووتە وەرگیراوە بەڵگەیە لەسەر ناتەواوی و نەگونجاوی سەرکەوتنی بەرنامەی کەمکردنەوەکە. ناکرێت ڕەفتاری ئێستای تاک بەبێ ئاماژەکردن بە بوونی ئەو دامەزراوە و کۆمەڵانەی کە تێیدا دەژی، ڕوونبکرێتەوە. دامەزراوەکان یان کۆمەڵگەراکان لەوانەیە لە ئەنجامی چالاکی و کردەوەی تاکاکان لە ڕابردوودا ڕوونبکرێنەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو چالاکی و کردەوانەی ڕابردوو تەنیا دەکرێت لە ڕێی ئاماژەدان بە کۆی دامەزراوەکان یان کۆمەڵەکان کە لەو کاتەدا بوونیان هەبووە، ڕوونبکرێنەوە.

لە ڕوانگەی تاکگەرایی میتۆدۆلۆجییەوە، وەک ئەوەی بهارگاڤا “Bhargava” ڕوونی دەکاتەوە، “هەموو ڕوونکردنەوە زانستییە کۆمەڵایەتییەکان مشتومڕێکن کە تێیدا سەبارەت بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو لێدوان دەدەن، کە لە کۆمەڵێک مەرج و یاسای سەرەتایی سەبارەت بە تاکەکان و خاوەندرارێتییەکانیان پێکهێنراوە. ئەمەش باس لەوە دەکات کە هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکان، دەبێت لە ڕووی تاكەکان و خاوەندارێتییەکانیانەوە، بە شێوەی دێدەکتیڤ نۆمۆلۆجی، ڕوونبکرێنەوە (Deductive-nomological، علم الاستنتاجی، زانستی یاساکانی ئەقڵیی تەرخانکراو)” (١٩٩٢، ٢٣).

داواکارییەکی وەها کە بە تەواوەتی ڕوونکردنەوەیەکی دروستە بۆ دیاردەی کۆمەڵگەرا دەبێت تەنها لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتی تاک و ستراتیجە چاوەڕواننەکراوەکانی بدرێت. هەر وەک ڕوزەرفۆرد باسی دەکات: “ڕاڤەی تاکگەرا بە تەنها پێویستی بە هەموو ڕووداو و قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو هەیە لەسەر بنەمای دۆز-بە-دۆز، نەک ڕاڤەی جۆرەها ڕووداوی کۆمەڵایەتی یان جۆری قەوارە کۆمەڵایەتییەکان” (١٩٩٦، ٣٥).

 ئەم جۆرە ڕاڤانە دەرئەنجامی ئەو تێزی هەڵکەوتووانەیە “Supervenience thesis” کە تێیدا دەڵێت ئەوەی دواجار کۆی ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان دیاریدەکات کۆی ڕاستییە تاکەکەسییەکانە، بە لەبەرچاوگرتنی هەرچی ئەو ئاڵۆزی و دووبارەبوونەوانەیە کە لە پەیوەندییەکانی نێوان قەوارە کۆمەڵایەتییەکان و تاکدا هەیە. تەنانەت ئەگەر ئەم ڕوونکردنەوەیەش دەرئەنجامی تێزی هەڵکەوتووانە بێت، زەحمەتە ئەم ڕوونکردنەوانە بە تەواوی وەک پێویست قەبوڵ بکرێن.

وادەردەکەوێت قورس بێت پاساو بهێنرێتەوە کە دەکرێت بە دروستی ڕاڤەی پێویست تەنیا لە ڕووی تاکایەتییەوە بکرێت. تەنانەت ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی بیردۆزەی کەمکردنەوەش بکرێت، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوا زۆر زەحمەتترە هەمان کەمکردنەوە لە کرداریدا بەدەست بهێنرێت.

ئەوەی ئەم مۆدێلە لە خۆ دەگرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگا چییە، چۆن کار دەکات، ئایا بەشێوەی ئاشکرا و تایبەت لە ڕووی ڕەفتاری تاکەکانەوە ڕووندەکرێتەوە، وە لە کۆتاییدا تاک، تەنیا هۆکار و دروستکەری کۆمەڵگایە. ئەم مۆدێلە نامانباتە سەر تێگەشتنێکی قوڵتر سەبارەت بە هێزی مرۆڤ، بەوەی چۆن بکەرێک پێویستە بەرامبەر بکەرەکانیتر هەڵسوکەوت بکات هەروەها ئاڵوگۆڕی نێوان بکەرەکان و ژینگە مادییەکان چۆنییە. لەسەر ئەم بنەمایە، بیرۆکەی بەرپرسیارێتی تەینا وەک بەرپرسیارێتی تاکەکەسی دەمێنێتەوە، کە سەختییەکە لە چوارچێوەی ڕەوشی بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەرا یان هاوبەشی بەرپرسیارێتیدا ڕووندەکاتەوە.

ئەم نەهجە تاکگەراییە سەبارەت بە تێگەشتنی پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگا لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا دوورە لە ڕیشە هەڵماڵین. فەلسفەی کۆمەڵایەتیی هایک “Hayek” (لە دەیەی ١٩٨٠دا لە بەڕیتانیا باو بووە) لەلایەن ڕوانگەی تاکگەراوە پشتیوانی لێ کراوە. ئەو دەنووسێت: “هیچ ڕێگایەکیتر نییە بۆ تێگەشتن لە بوونی دیاردەی کۆمەڵایەتی جگە لە ڕێگای تێگەشتنمان لە کردارە تاکەکەسییەکان کە ئاڕاستەی کەسانی تر دەکرێت و بە ڕەفتاری چاوەڕوانی ئەوان ئاڕاستەکراون” (١٩٤٨، ٦).

ئەمە گوزارشت لە ڕێکخستنی گشتی کۆمەڵگا دەکات، کە هایک لە ڕێی بیردۆزەی فەرمانی خۆڕسکەوە ڕوونیدەکاتەوە. لە کۆمەڵگەی ئازادی کۆگەرادا “Pluralistic” فەرمانی گشتی خۆرسک کاتالاکسییە “catallaxy” نەک تاکسیس “taxis” (نەریتێکە بە پلانێکی ئاشکرا بەرهەمهێنراوە).٧ لە ژێر کاتالاکسیدا، کۆمەڵگا بۆ گەشەکردن کراوەیە، سەروەری یاسا کارایە. بیرۆکەی فەرمانی خۆڕسک جۆرێکی نمونەیی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتییە کە لە دەرەوەی بازاڕێکی پێشبڕکێکاری ئازاد پەرەی سەندووە. هایک باسی ئەوە ناکات کە چۆن شتەکان ڕوودەدەن؛ بەڕاستی ئەمە دووبارە بونیادنانەوەی بیردۆزییە. ئەم دووبارە بنیادنانەوە بیردۆزییە و شێوازی پێکهێنانی یاسا بەبێ مەبەست لە کارلێکی مرۆیی سەرپێی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی لایەنی کۆمەڵایەتی پشتبەست بە یەکتری دەردەکەویت.

[٧-هایک دوو جۆر فەرمان یان ڕێکخستن جیادەکاتەوە: فەرمانی دروستبوو Taxis و فەرمانی پێگەشتوو Kosmos. یەکەمیان فەرمانێکی دەرەوەیی یان دەستکردە، و دووەمیان ناوەکییە یان خۆڕسکە. ئەو کاتالاکسی وەک “سیستەمی خۆ هاوسەنگی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و ئاڵوگۆڕ”دەبینێت (١٩٦٠).]

لە ڕوانگەی هایکەوە، هێزەکانی دەرەوەی سیستەم دەتوانن فەرمانێكی دروستکراو یان فەرمانێک کەلە ناوەوە دروست دەبێت بەرزبکەنەوە، وەک چۆن هاوسەنگی دروست دەبێت بەهۆی کارلێکی توخمەکان، کە سروشت بۆ دروستکردنی تەشکیلە جێگیرەکان هانیان دەدات. فەرمانی خۆڕسک بەشێوەیەکی خۆرسک دروست دەبێت بە پێدانی بوونی توخمە دیاریکراوەکان لە ژینگەیەکی دیاریکراودا. بە پێی ئەم ڕوانگەیە خودی نیزامی ڕێکخستن یان فەرمانی کۆمەڵایەتی و هەروەها زمانیش، دەبێت وەک فەرمانی خۆڕسک لێیان تێبگەین. لە بینینی کۆمەڵگادا بەم شێوەیە، هەیک جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەمە بەرهەمی دیزاینی مرۆڤ یان نیازی ڕاستەوخۆ نییە. تەنانەت ئەگەر ئەمە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نیازی مرۆڤیش بێت، ئەوا بەردەوامدەبێت لە گەشەکردن بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات.

فەرمانی خۆڕسک ئەنجامی دووەمی ئەو ڕێکارییانەیە کە لەلایەن کاکردنی سیستەمەکانی یاسا دروست نەکراوەکانەوە بەرهەمهاتووە. سیستەمی یاسا دروست نەکراوەکان شتێکی زیاترە لە ئامڕازێک بۆ نمایشکردنی ئەقڵانییەت، هەروەک چۆن دابونەریت یان کردارێکی کۆمەڵایەتی بنچینەیی و حەتمییە، مانای هاوبەشە، تێگەشتنی هاوبەشە، و شوناسی کەسییە. ئەوانە وەک بەدەستهێنەری هیچ ئامانجێک تەماشا نەکراون. بەڵام ئەوانە پێشگریمانەی بنچینەیین بۆ دەستگەیشتن بە هەر مەبەستێک؛ وە بەگرنگییەوە بوارەکانی چالاکی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکەن. وەک ئەوەی هایک جەختی لەسەر دەکاتەوە: “یاساکان کۆمەڵە ئامێرێکن بۆ لەبەرگرتنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ جەهالەتە دەستوورییەکانمان. پەیڕەوی یاسا ڕفتارییەکان هۆکارێکە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو کۆسپەی کە بە نەزانیمان دەربارەی کۆمەڵێک ڕاستی دیاریکراو دروستبووە، کە دەبێت فەرمانی گشتی دیاریبکات” (١٩٧٣، ٧٦).

ئەم بیردۆزە لەسەر بیرۆکەی هایک لە جەهالەتی ئەنترۆپۆلۆجیا چێ بووە و پەیوەندییەکی گەورەی بە بیرۆکەی ئازادییەوە هەیە. بە ووتەی هایک، ئازادی پێکدێت لە ئەگەری هەژمارکردنی دروست یان دڵنیاکەرەوەی لێکەوتەی کردارەکان لە ئەگەری نەگونجاوییاندا. بە ووتەیەکی تر ئازادی هاوکاتە لەگەڵ نادیاری کۆمەڵایەتی “Social indeterminacy ” لە ڕوانگەی تاکی جاهیلەوە.

لە دەستووری ئازادیدا “Constitutions of Liberty”، هایک بیردۆزەی ئەبستراکتی هزری مرۆڤی بەرزکردەوە. بەردەوامیدا بەوەی کە پرۆسە مەعریفییەکان پەیڕەوی لە هێڵکاری ئەبستراکت دەکەن و ناچنە ژێر ڕکێفی گشتاندنەکانی ئەزموونگەرییەوە. بۆیە دوو جۆرە ئەولەوییەت دادەمەزرێنێت: ئەولەوییەتی هێڵکاری ئاڕاستەکراو و ئەولەوییەتی ڕەفتاری فەرمانڕەوایی لە ژیانی کرداریدا. ئەگەر نەتوانین یاساکان دروست بکەین، چۆن دەتوانین بە کارامەیی کاربکەین؟ هەروەها هایک مشتومڕی ئەوە دەکات: “ئێمە ئەتوانین لە یەکتری تێبگەین، لەگەڵ یەک ڕێکبکەوین، دەتوانین بە سەرکەوتووی کار لەسەر پلانەکانمان بکەین، چونکە زۆربەی کات ئەندامانی شارستانییەتی ئێمە لەگەڵ شێوازی نائاگەیی هەڵسوکەتدا خۆی دەگونجێنێت، لە کردەوەکەیاندا ڕێکوپێکی نیشان دەدەن کە لە ئەنجامی فەرمان و زۆرلێکردنەوە نییە، زۆر جار تەنانەت هیچ پابەندبوونێکی ئاگاییان بە یاسا زانراوەکان نییە، بەڵکو بە دابونەریتە دامەزراو و چەسپاوەکانەوە پابەنددەبن. چاودێری گشتی ئەم ڕێکەوتنە دەستەجەمعییانە مەرجێکی پێویستە بۆ ڕێکخستنی ئەو جیهانەی تێیدا دەژین، تا بتوانین ڕێگای خۆمانی تێدا بدۆزینەوە، هەرچەندە ئێمە گرنگییەکانیان نازانین و ڕەنگە بەئاگاییەوە ئاگاداری بوونیشیان نەبین” (١٩٦٠، ٦٢).

بەپێی ئەم ڕوانگەیە یاساکانی ڕەفتار بە سادەیی ڕێسای ڕێکاری ڕەفتارنین. بێگومان، ئەوان یاسای دەستوورین کە پێناسەی هەمەجۆری کارلێککردن دەکەن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کاری مرۆڤدا؛ ئەوان بکەرەکان دابین دەکەن بەمەبەستی تێگەشتن و پەیوەندی و ڕێگەدان بە هاوبەندی کۆمەڵایەتی.

وەک پێشتر ئاماژەم بۆیکرد، تاکگەرایی هایک، لەسەر بیردۆزی کۆمەڵایەتی، و بیردۆزی فەرمانی خۆڕسک دامەزراوە.

بەشی سێ

بە پێی پێناسەی واتکینس “Watkins” بۆ بنەمای تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی، تێزێکی زانستی بوونناسیی سروشتی “Ontology” و هەروەها میتۆدۆلۆجیش هەیە، “بە پێی ئەم بنەمایە، پێکهاتە سەرەکییەکانی جیهانی کۆمەڵایەتی تاکەکەسەکانن کە کەم تا زۆر بە گونجاوی لەژێر ڕۆشنایی بیر و تێگەشتنی خۆیان بۆ بارودۆخیان کاردەکەن. هەموو دۆخێکی ئاڵۆز، دامەزراوە، یان ڕووداوێک دەرئەنجامی شێوەبەندییەکی تایبەت، بیری ڕێکخستن، بارودۆخ، بیروباوەڕ، سەرچاوەی ژینگەیی و جەستەیی تاکەکانن. لەوانەیە ڕوونکردنەوەی تەواونەکراو یان بە نیوەناچڵ ڕوونکراوە بۆ دیاردەی کۆمەڵایەتی گەورە (بۆ نمونە دامەزراندن بۆ کارکردن) هەبێت؛ بەڵام ئێمە پێویستە نەگەینە سەر لێکدانەوە دژوارەکانی ئەو جۆرە پێوانە گەورەیە هەتا ئەو کاتەی کە حسابێک لەسەر زانیارییەکان دەربارەی بیری ڕێکخستن و سەرچاوە و پەیوەندی تاکەکان بەدەست دەخەین. (لەوانەیە تاکەکان بە نەناسراوی بمێننەوە تا ئەوکاتەی تەنها بیری ڕێخستنی ئاسایی شتەکانی تر، تایبەتمەندییان پێ دەدات).” (١٩٧٣، ١٤٣، ٦٥)

ئەوەی کە واتکینس بەشێوەیەکی سەرەکی بەرگری لێ دەکات ئەوەیە کە ئالۆزترینی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانە تەنیا بە ئاماژەکردن بە پێی پیویست بۆ تاکەکان دەکرێت ڕوونبکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پێشکەش کردنی ئەو لێکدانەوانە (وەک ئەوەی لە نێوان دوو کەوانەدا لە دێڕی کۆتاییدا پێشنیاری کردووە)، داوادەکات قەوارەکان لە شێوەی تاکی نەناسراودا “Anonymous Individual” باسبکرێن.

بۆ بەکارهێنانی زاراوەکانی واتکینس: قەبوڵکردنی “ڕوونکردنەوە نیوەناچڵەکان” بەندە بە ئەگەری گونجاوی کەمکردنەوەیانەوە بۆ “ڕوونکردنەوە دژوارەکان”. ئینجا وادیارە ئەو پرسیارەی پێشتر دانراوە، لە پەیوەندیدا بە ئەگەری بوونی لێکدانەوە لە زانستی کۆمەڵایەتیدا لە ڕووی بیری ڕێکخستنی تاکە دیاریکراوەکانەوە، بەتەواوی وەڵام نەدراوەتەوە. زەحمەتییەکەی ئەوەیە کە ئەوان ئەرکەکانیان سنوردارکردووە تەنانەت لە “ڕوونکردنەوە دژوارەکان”یشدا، بۆ پێوانەی بیری ڕێکخستنی “تاکی نەناسراو”. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تاکە نەناسراوانە پرۆژەن، یان جۆری ئایدیاڵن، کە بەندن لەسەر ئەوەی دەربارەی بیری ڕێکخستنی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی دەیزانین. بەڵام ئەگەروابێت، ئەوا بەڕاستی ئەوانە ئەو “گۆشت-خوێن”انە نین کە ئۆنتۆلۆجی تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی دەیانخوازێت. بەپێێ ئەو ڕاستییەی کە ناکرێت چەمکی “تاکی نەناسراو” بۆ تاکی دیاریکراو کەمبکرێتەوە، واتکنس دەبێت ئەمانە بە پۆلێنێکی ئۆنتۆلۆجی جیا لە جۆری تاکی چاودێریکراو بسپێرێت. ئەوە تەنها ڕێگایە بۆ ئەو کراوەیە بۆ ئەوەی تەنیا لە ڕووی تاکەکانەوە کۆمەڵگا ڕوونبکاتەوە. بەڵام وەک مەی “May” باسی دەکات: “ئەوەی پێویستە ئۆنتۆلۆجییانە ڕوونبکرێتەوە ئەو ڕێگایانەیە کە تاکە کەسەکان لە ناو گروپدا پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، بەو شێوەیەش دەتوانن بەو ڕێگایانە کار بکەن بە جۆرێک بەپێچەوانەی ئەو ڕێگایانەوە ناتوانن کارەکە بکەن. توانای تاکەکان کاتێک دەگۆڕێت کە تێکەڵ بە تاکەکانی تر دەبێت. ئەم گۆڕانە بە باشترین شێوە بە ئاماژەکردن بۆ پێکهاتەی ئەو گروپەی کە دروست شکڵی کردووە گیراوە، نەک بەهۆی ئایدیاڵکردنێکەوە کە ئەگەر هەر کەسێک بەشێوەیەکی ئایدیاڵ ئەقڵانی بێت چی ڕوو ئەدات”. (١٩٨٧، ١٧)

ئەمە ئەو پێگەیە نییە کە تاکگەراکان بتوانن پەسەندی بکەن. واتکینس بەرەنگاری ئەو ڕێگایە دەبێتەوە کە بەرەوپێشەوە بڕوات کە گریمانەی ئەوە دەکات دووبارە بونیادنانەوەکان بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بنەمان.

پێویستی دووبارە بونیادنانەوە لەسەر ئەو ووتەیەی کە “کۆمەڵگا سیستەمی پەیوەندییە ناچاودێرییەکانە” بەندە. لە مەزاجێکی هاوشێوەدا، هایک “Hayek”دەنووسێت: “زانستە کۆمەڵایەتییەکان،،، مامەڵە لەگەڵ هەموو پێدراوەکان ناکەن، بەڵکو ئەرکیان ئەوەیە ئەو هەمووانە “Wholes” بە بونیادنانی مۆدێلەکان لە پێکهاتە ئاشناکان دەستنیشان بکەن- مۆدێلەکان کە بونیادی پەیوەندییەکانی نێوان هەندێک لەو دیاردە زۆرانەی هەمیشە لە ژیانی ڕاستەقینەدا لە خۆمانەوە چاودێریان دەکەین بەرهەمدەهێنێتەوە. ئەمە بۆ چەمکە باوەکانی سەرجەمی کۆمەڵایەتی کەمتر ڕاست نییە کە بەو دەستەواژانەی ئێستا لە زمانی ئاساییدا نوێنەرایەتییان دەکرێت؛ ئەوانیش ئاماژە بە مۆدێلی ئەقڵی دەکەن.” (١٩٥٣، ٥٦)

بەڵام ئەگەر ئەم بیردۆزەیە بە مانای ئەوە بێت کە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا تەنیا تاکەکان چاوەدێری دەکرێن، ئەوە درۆیە، چونکە هەم تاکەکان و هەم دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵە نیازێکی چاودێری نەکراویان هەیە، هەروەها تایبەتمەندی چاودێریکراویشیان هەیە (شێوازە هاوبەشەکان). لە چاودێریکردنی تاکی “گۆشت و خوێن” کە پێی دەوترێت کاک س لە ژووررێکدا لەسەر کورسییەک دانیشتووە، هەروەها کەسێکی تر لە هەمان کاتدا چاودێری سەرۆکی کۆبوونەوەکە دەکات (ئەوەی کە دەکرێت کاک س بێت) لە بەشی سەرەوەی مێزەکە لە ژوورەکەدا دانیشتووە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە بکات، هتد. (لوکێس، ١٩٧٤). دەکرێت کەسێک بڵێت ستراتیجی ڕوونکردنەوە لە دوو ڕێگای جیاوازەوە پەیوەندی بە ئۆنتۆلۆجییەوە هەیە. یەکەم، ڕوونکردنەوەی ستراتیجی بریتییە لە پیشاندان یان پێشگریمانەکردنی تێڕوانینێکی ئۆنتۆلۆجییانە. دووەم، تەکنیکی ئەزموونییەکان، کە بنچینەی ستراتیجی میتۆدۆلۆجین، کە لەهەمان کاتدا مانای چەمکەکان و سروشتی جیهانمان پێ دەڵێت.

ئارگومێنتی سەرەکی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئۆنتۆلجییەوە هەیە ئەو دانەیەیە کە واتکینس گرنگی پێداوە: “بنەما ئۆنتۆلۆجییەکانی تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی ئەو گریمانەیەیە کە کۆمەڵگا بە ڕاستی تەنها لە خەڵک پێکهاتووە” (١٩٧٣). وەک ئەوەی پێشتر لەلای هایک بینیمان، ڕەنگە بووترێت کە شتە کۆمەڵایەتییەکانیش لەلایەن تاکەکانەوە، بە هەڵسوکەوتیان، بە بیری ڕێکخستنیان و بە کردارەکانیان دروستکراون. بۆ تاکگەراکان، بوارە کۆمەڵایەتییەکان تەنها لە ڕوانگەی تاکەوە ڕووندەکرێنەوە. هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی کرداری تاکەکان لە باری کۆمەڵایەتییەوە، وادیارە ئاماژەکردن بەو شتەی لەسەروی تاکەکانەوە هەیە وەک بونیادنانی لۆجیکیی، تێوەی بگلێت. لە دوایین بەشدا بە ووردی زیاتر سەیری بیرۆکەی بونیادنانی لۆجیکی “Logical Construction” دەکرێت.

پرسیارە سەرەکییەکان ئەمانەن: ڕاستییەک “a fact” دەربارەی تاک چییە؟ ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی چییە؟ ئەوەی کە تاک قەوارەیەکی فیزیکی یان بایۆلجییە، ڕاستییەکە دەربارەی تاک. بە هەمان شێوە، لێدوانێک دەربارەی تایبەتمەندی و موڵکداری تاک ئاماژە بە ڕاستییەک دەکات دەربارەی تاک. لەگەڵ ئەوەشدا، چ جۆرە تایبەتمەندی موڵکدارییەک تایبەتە بە تاک؟ دەتوانرێت دوو جۆر تایبەتمەندی، ماددی “Material” و دەروونی “Psychological” دابمەزرێندرێت. تاکەکان جەستەیان بە بارستە و قورسایی دیاریکراوەوە هەیە و وەک هەموو قەوارەیەکی تری ماددی هیزە فیزیاییەکان کاریگەرییان لەسەر تاکەکان هەیە. هەر تاکێک ئۆرگانێکە، پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ باقی سروشت بە قەوارە ئۆرگانییەکانی تریشەوە هەیە. بۆیە تاک تایبەتمەندی ناپەیوەندیدار و هەروەها پەیوەندیداری جەستەییشی هەیە. نمونەیەکی هەڵسوکەوتی جەستەیی یان فیزیکی تاک، جوڵاندنی سەر یان دەستە، یان جوڵەی ئەو بەشانەیە کە لە ڕاکردندا بەشدارن. نمونەی تایبەتمەندییە فیزیکییە پەیوەندیدارەکانی نێوان تاکەکان دەبێتە موڵکی بوون، لەبەرامبەر کۆتایی تەنافی کەسێکی تردا. ئەم دوو نمونەیە، بەجیا یان پێکەوەش وەریان بگرین، ڕاستییەکن دەربارەی تاکەکەن.

جگە لەو تایبەتمەندییانە، تایبەتمەندی دەروونیشمان هەیە، وەک سۆزەکان، ئارەزووەکان، ڕقەکان، و حەزەکان کە بنەمای ژیانی ئاڵۆزی دەروونی ئێمەن. ئەگەر هەمووی نەبێت، زۆرێک لەو تایبەتمەندییە ئاڵۆزانە ڕەنگە بە جۆرێکی باش پەیوەندیداربن. ئارەزووکردنی یان حەزکردنی کەسێک لە کەسێکیتر یان لە شتێک، بەمانای ئەوەدیت کە ژیانی دەروونی ئێمە هەمیشە بەرەو تەنێکی دیاریکراو ئاڕاستە دەکرێت تەنانەت ئەگەر ئەو تەنە خەیاڵیشبێت. دەتوانرێت بە دوو ڕێگا ڕەچاوی باری دەروونی بکرێت. یەکەم، بارودۆخە دەروونییەکانی خۆی. دووەم، بارودۆخی دەروونی ئەوانیتر. ئەمەی دۆخی دووەم، ئەوەیە کە بەرکەوتن و هاوبەشی دۆخی دەروونی نێوان کەسەکان لە خۆدەگرێت، ئەوەی پێی دەڵێن “Inter-Subjectivity”. ئەگەر دانبەوەدا بنرێت کە ئەو پەیوەندییە دەروونیانە بوونیان هەیە، لەوایە پێویستە دۆخی ئەو جۆرە پەیوەندییانە بزانرێت. تاکگەرایە هزرییەکان جگە لە دۆخە دەروونییەکان بە دەگمەن دان بە هیچ شتێکی تردا دەنێن. بەڵام دۆخەکانیش تایبەتمەندی ناپەیوەندیداریان هەیە؛ بارگاڤا “Bhargava” مشتومڕی ئەوە دەکات کە: “ئەمە بە جیاکاری نێوان تەنێک و پێکهاتە ناوەکییەکەی کە نوێنەرایەتی دەکات دڵنیایی دەکرێتەوە. بۆ ئەوەی نیازێکی وابەستەیی بوونی پێکهاتەکە و تەنی پێکهاتەکەی هەبێت، نەک تەنها بوونی خودی تەنەکە.” (١٩٩٤، ٤٠)

ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەکرێت پەیوەندییەکان لەناو سەری تاکدا بوونیان هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەم لۆجیکەبێت، تاکگەراکانمان لە وابەستەبوون بەوەوە هەڵەن کە دەبێت هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕووی تاک و تایبەتمەندییە ناپەیوەندیدارەکانیانەوە ڕوونبکرێنەوە.

پاشان، چی ڕاستی کۆمەڵایەتی دروست دەکات؟ یەکەم، بیرۆکەی “کۆمەڵایەتی” دەبێت ئاماژە بە بوونی لانیکەم دوو مرۆڤی جیاواز بکات. دووەم، ئەم مرۆڤانە دەبێت بە هەندێک شێوازی دیاریکراوەوە پەیوەستبن. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەک لە خودی خۆیدا لە نێوان دوو تایبەتمەندی قەوارە هاوشێوەدا مەرج نییە هیچ شتێکی کۆمەڵایەتی دروست بکات. بۆ دامەزراندنی بونیادێ یان هەر شتێکی کۆمەڵایەتی، دەبێت دوو تاک پێکەوە بە بیروباوەڕ و ئارەزووە دیاریکراوەکانیانەوە کە بە ئامانجی گشتی ڕێنمایی کراون کاربکەن. ئەم کارلێکبوونە دامەزراوەییە کلیلی هەر شتێکی کۆمەڵایەتییە. ئەمانەی خوارەوە بە نمونە وەک کارلێکی نێوان تاکەکان و ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان وەربگرە: ڕەنگە کەسێک بچێتە لای درەختێک بە هیوا چێژ وەرگرتن لە تەنیایی، بەڵام ئەگەر فرەیەک لە خەڵکی تر، هەر یەکەیان بە هەمان بیرۆەکەوە دەربکەون، ئەوا دەرئەنجامی نامەبەست ئەوە دەبێت کە هیچ تاکێک نادۆزرێتەوە. بێگومان ئەم کاریگەرییە ناحەزە بە تاکبوون هەستی پێ دەکرێت، بەڵام هەروەها دەبێتە هۆی دەستنیشانکردنی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی.٨ کەوایە بەم شێوەیە بێت، کاریگەرییە جەستەیی و هزرییەکانی کارلێککردنەکان کۆمەڵایەتین.

[٨- تەماشای بارگاڤا بکە، کە چەند نمونەیەکی لە کارڵ پۆپەرەوە وەرگرتووە. (١٩٩٢، ٤٦)]

لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت بپرسین کام هۆکارانە بۆ ئەو بانگەشەیە پێشنیارکراوە کە پێویستە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەبێت لە ڕووی ڕاستی زهنی و جەستەییەوە دەربارەی تاکەکان ڕوونبکرێنەوە. ئەو هۆکارە گشتییانە چین کە هەن بۆ بانگەشەی ئەوەی کە دەبێت جۆرێک لە قەوارە لە ڕووی قەوارەیەکی ترەوە ڕوونبکرێتەوە؟ هۆکارێکی گونجاو ئەوەیە کە جۆرێکی دیاریکراوی قەوارە هیچ نییە جگە لە جۆرێکی تری قەوارە، بۆیە ئەو ڕوونکردنەوەیەی کە بۆ یەک جۆر قەوارە بگونجێت، بە هەمان هۆکار، لەگەل قەوارەکانی تریش دا دەگونجێت. هەروەها دەکرێت بوترێت قەوارەی تاکەکسی و کۆمەڵایەتی هەمان جۆری بنەڕەتییان هەیە، واتە ئەوە دەردەخات کە ڕوونکردنەوە تاکەکەسییەکان بۆ ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانیش گونجاوە.

دەکرێت بووترێت تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی لەسەر سێ ئارگیومێنتی جیاواز وەستاوە. یەکەمیان تەنها ئەو ماتریاڵە پەیوەندیدارەی کە شتێکی لێ دروستبووە لەبەرچاودەگیرێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لایەنی دەروونی و جەستەیی بەدوو شێوەی جیاواز لەیەک دەستوردراون، هەر بۆیە پێویستیان بە دوو لێکدانەوەی جیاوازە. چونکە تاک بە هەردوو ڕاستی جەستەیی و دەروونی دەستوردراوە، بۆیە ڕوونکردنەوەکان سەر بە دوو بواری جیاکراوەن. ئەم ئارگومێنتە جیاوازی جۆریی لە نێوان دەروون و جەستەدا دادەمەزرێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وەها دادەنرێت کە کۆمەڵایەتی بە هەمان چەشنی تاک دروستکراوە. دووەم، هیچ پێویست بە لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی سەربەخو ناکات، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی جیاکراوە بوونی نییە. لە ئەنجامدا تاکگەراکان کۆمەڵایەتی وەک کۆکراوەی تاکەکان لەبەرچاودەگرن. سێیەم، پەیوەستە بەو بانگەشەیەی کە ڕوونکردنەوەکان لە ڕووی ڕاستییە جەستەیی و دەروونییەکانی تاکەوە بۆ ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان پێویستن.

وەک پێشتر ئاماژەم بۆیکرد، واتکینس لینکێکی توندی نێوان کێشەکانی ئۆنتۆلۆجی و میتۆدۆلۆجی دەبینێت.٩ بەپێی قسەکانی ئەو، ئێمە ناتوانین لەگەڵ ڕوونکردنەوەیەکی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیەکان بەهۆی ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە ئاسودەببین، ئێمە پێویستە بە دوای ڕوونکردنەوەیەکی تاکگەرادا بۆیان بگەڕێین. لۆجیکی بارودۆخ یان لێکدانەوەی بیری ڕێکخستنەکان بریتین لە ڕوونکردنەوەکان لە ڕووی ئامانجەکان، بیروباوەڕەکان، و کردارەکانەوە، کە دەکرێت تەنها لە تاکەکاندا بەدیبێن. لەم ڕوانگەیەوە هیچ تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتی بوونی نییە، ئەمەش واتکینس بەرەو سەرنج و تێڕوانینێکی تر دەبات کە ڕەنگە بانگەشەکردن بێت لە ڕوونکردنەوە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان. ڕێکخستنی کرداری کۆمەڵایەتی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێکخستنی کرداری تاکدا نییە. هەموو ڵیکدانەوەکان هۆکارین؛ ئەم ئارگومێنتە ئەوە نیشاندەدات کە قەوارە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن ڕۆلێکی ڕوونیان هەبێت.

[٩- بە بۆچوونی بارگاڤا، ئەمە ڕاستی هەموو هەموو تاکگەرا میتۆدۆلۆجییەکان نییە. (١٩٩٢، ١٩) هەروەها بڕوانە ئودێهن لارس “Udehn Lars” (٢٠٠٢، ٤٧٩-٥٠٧)]

داننان بە لینکی نێوان هۆکارە ئۆنتۆلۆجی و ڕاڤەییەکاندا، تاکگەرا میتۆدۆلۆجییەکان نکۆڵی لە ڕەوابوونی ڕاڤە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان دەکەن، چونکە هیچ شتێکی کۆمەڵایەتی بوونی نییە، یان لەبەر ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتی دەرکەوتوو بوونی نییە، بەو هۆیەش نەبوونی تایبەتمەندی بۆ ڕاڤەکان شتێکی حەتمییە. لە دەرئەنجامدا، ئەوان دەیانەوێت بڵێن هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە پێویستیان بە میدیەمی تاک هەیە – “کۆمەڵگا لە خەڵک پێکهاتووە” و “ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن خەڵکەوە ڕوودەدەن”. تاکەکان تەنیا “یەکەی هۆکاریی” ناو مێژوون.

بەشی چوار

وەک ئەوەی بینیمان، بەپێی ئەو ڕەخنانەی لەسەری هەیە، ئەوەی تاکگەرایی میتۆدۆلۆجی بەخشیویەتی بە بایەخی کۆمەڵگا و ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی، کاڵوکرچ و هەڵەدارە (defective). هەروەها ڕەخنەیەکی پەیوەندیداریش ئەوەیە کە بایەخەکەی بۆ تاک بەشێوەیەکی ئاشکرا ناتەواوە، تەنانەت ڕەنگە بڵێین کە خەیاڵییە. ئەوە بیرۆکەی تاکی دەرهەست’ئەبستراکت’ و سەربەخۆیە، کە لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا سەری هەڵدا، کە ئەویش کەم تا زۆر، سەردەمی شۆڕشی سەمایەداری بوو “Capitalist Revolution”. یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییە پەیوەندیدارەکانی ئەم بیرۆکەیە، ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە پێی توانست و لێهاتووییەکانی، غەریزەکانی، پێویستییەکانی، ئارەزووەکانی تاک شێوەیان گرتووە، هەمووشیان وەها دادەنرێن لە هەر چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆبن.

تایبەتمەندییە دەروونییەکان بە زگماگی، جێگیر، یەکپۆش و بە تەواوی بەرگیرکار لە هەر کاریگەرییەکی ژینگەیی دەژمێردرێن. ١٠ لە هۆبزەوە و بە دوای ئەویشدا، ڕێگای زاڵ تەماشاکردنی کۆمەڵ یان (کۆمەڵگەرا)یە وەک تەنیا کۆیەکی تاکەکان. لەلای هۆبز “Hobbes”، ئەمە بە شێوەیەکی پتەو پەیوەندی بە بیرۆکەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە هەبوو (Social Contract). نەک تەنها ڕێکەوتنە تایبەتە مرۆییەکان بەرهەمی ئەم جۆرە ڕێکخستنانەن، بەڵکو خودی پێکهاتەی کۆمەڵگاش دەرئەنجامی وەها گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕوانگەیەوە جەخت لەسەر تاکەکان و ڕێکخستن و ڕێکەوتنەکانیانە، بوونی تاکە دابڕاوەکان، کە هەرچۆن و بە هەر هۆیەک بێت، پێکەوە کۆدەبنەوە و ڕێکەوتنی جۆراوجۆر دەکەن. ئەوە هۆبز بوو کە “دۆخی سروشت”ی وەک “شەڕی هەمووان دژی هەمووان” بینی، وە هەوڵەکانیشی بۆ خۆلادان لەو کۆتاییە، تێهەڵچوون لە بیرۆکەی ڕێکەوتنی گرێبەستەکان بوو. لە ڕوانگەی هۆبزەوە، تاکەکان نەک هەر بۆ کۆمەڵگای سیاسی بەڵکو بۆ هەموو کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشینە و ئەولەوییەتن. مرۆڤەکان سەرەتا تاکن، و پاشان بوونێکی کۆمەڵایەتین. لە دەربارەی هاووڵاتیدا “De Cive” “The Citizen”، دەنووسێت: “مرۆڤەکان وەک ئەوەی ئێستا، وەک قارچک لە زەوی هەڵتۆقیون، دێنە سەر پێگەشتنی تەواو “Maturity”، بەبێ هەموو جۆرە پەیوەندییەکان بە یەکترەوە” (١٩٨١، ١١٧).

[١٠- لە بیرکردنەوەدا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەم جۆرە تێڕوانینە پێشخەری ڕێبازی هاوچەرخە، بەوەی کە  “هەموو شتێک لە جیناتدایە”]

ڕەنگە بووترێت کە هیگڵ “Hegel” بەهێزترین ڕەخنەی ئەم فەلسەفەیەی لەلا دروست بووە. هۆکاری سەرەکی ناڕەزایی هیگڵ لە بیردۆزەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی چەمکی دۆخی سروشتە کە بەشێکی تەواونەکراوی بیردۆزەی گرێبەستە لە شێوە هۆبزیەکەی – ئەوە مرۆڤن لە دۆخی سروشتدا کە گرێبەستەکە دەکەن. خاڵی گرنگ ئەوە نییە کە هیگڵ باوەڕی بە دۆخی سروشت نییە، کە ئەو پێشنیارە پشت بە سروشتی جیهانی مرۆڤ دەبەستێت، بەڵکو لەلای هیگڵ، هەموو ئەم چەمکە تێهەڵکێشانێکی بیردۆزەییە بەبێ بوونی هیچ واقعێک.

بە بۆچوونی هیگڵ مرۆڤ بوونێکی کۆمەڵایەتی و میژووییە؛ تاکایەتی خۆی بە کەلتوورێکی تایبەتی خۆی دیاری دەکات، و ناتوانێت لەو کەلتوورە و لە کەلتوورە بەشەکییەکانی جۆداببێتەوە. هیگڵ بە چەند ڕێگایەک هەوڵیداوە ئەوە ڕوونبکاتەوە کە دروستبوونی ئەوەی کە ڕەنگە بۆ تاکەکەسێک دەربکەوێت کە مەبەست یان خواست یان باوەڕی تایبەتی خۆی بێت، ڕەنگدانەوەی میراتێکی کۆمەڵایەتی ئالۆزە.١١

[١١- وەک هیگڵ، هانا ئارێنت “Hanah Arendt” دەڵێت، کردەوەکانمان تەنها تاکی نین، واتە “ئەمە وەرگرتنی دەرەنجامەکان بۆ ئەو شتانەی کە بە تەواوی لێیان بێ تاوانین، ئەو نرخەیە ئێمە دەیدەین بەو ڕاستیەی کە ژیانمان نەک بە خۆمانە،،، بەڵکو لە ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدایە” (١٩٨٧، ٥٠)، هەروەها بڕوانە ئادیێب “R. Ahdieb” (٢٠١١)]

هەڵەی هۆبز و بیردۆزیارەکانی تر کە بەهەمان شێوە بیردەکەنەوە لەو بانگەشەیەدا خۆی ئەبینێتەوە کە کەسێک دەتوانیت ئەو پەیوەندییانەی کە دەوڵەت پێکەوە گرێ دەدات، بە سادەیی لە بنەماکانی ئەوەی پێی دەووترێت دەروونناسی زگماگی تاک، بە دەست بهێنرێت. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هیگڵ لە فەلسفەی مافدا “Philosophy of Right” (هیگڵ، ٢٠٠١) ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە تاکەکان خۆیان بە ئەندامی خێزان، کۆمەڵگا و دەوڵەت دەزانن، هەربۆیە کۆمەڵایەتیش دەچێتە ناو پێکهێنانی خودی دەروونی تاکەوە.

بەڵام بە پێچەوانەوە، چەمکەکەی هۆبز بە میتۆدی پێکهێنەری شێوێنەر “Resolutive – Compositive” شێوەکراوە. لە دەربارەی هاوڵاتیبووندا دەنووسێت: “سەبارەت بە میتۆدەکەی من، پێموابووە کە پێویست نییە شێوازێکی سادە و ئاشکرا بەکاربهێنم لەوەی دەمەوێت بیگەیەنم، جگە لەوەی سەرەتاکەیم لە بابەتی حکومەتی مەدەنییەوە وەرگرتووە، و بەرەو پێکهاتە و فۆڕمەکەی پێشمخستووە، وە سەرەتای دەستپێکەکەی باسی دادپەروەردییە. چونکە هەموو شتێک بە هۆی هۆکارە ڕێسایی و دروستەکانییەوە شایەنی باشترین تێگەشتنە (١٩٨٣، ٣٢). لە لێڤیاتاندا “Leviathan”، بەدوای شیکردنەوەیەی بونیادنانی مرۆڤی دەستکرددا “Artificial Man” ڕۆشت، لێڤیاتان یان دەسەڵاتی باڵادەست لەلای ئەو، نەخشەیەکی دەستکردی داڕێژراوە بۆ ڕازیکردنی داواکارییەکانی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا.

لە ڕۆشنایی گفتوگۆکەدا، تا ئێستا دەکرێت بوترێت هۆبز لە دیاریکردنی سێ بەشی سەرەکی بیرۆکەی تاکدا هاوکاربووە:

١- بیرۆکەی تاکی خەیاڵی یان دەرهەست ‘ئەبستراکت’؛

٢- تەکنیکی میتۆدۆلۆجی تێگەشتن لە گشت (کۆمەڵگا) لە ڕووی بەشەکانییەوە (تاکەکان)؛

٣- بیرۆکەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی؛

دەکرێت بووترێت دووانەکەی یەکەم لە خەسڵەتیاندا کەمکەرەوەن. خەیاڵی تاکی ئەبستراکت ڕێگری لە تاکگەرایی دەکات لە داننان بە ڕۆڵی کۆمەڵگادا کە تاکەکان بە پێویستی تێیدا جێگیربوون، بە فەرامۆشکردنی ئەو چوارچێوە میژووی و کۆمەڵایەتییانەی کە تێیدا تاکەکان لەدایکدەبن، گەورەدەبن، پێدەگەن و دەمرن.

سەبارەت بە دووەم، بەپێی میتافیزیکی تاکگەرایی، کۆمەڵگا وەک قەوارەیەک واقعی نییە، بەڵکو تەنیا کۆبەندی پێکهاتەکانی، تاکی ئەبستڕاکەتە. لەم ڕوانگەیەوە، کۆمەلگا “بونیادنانێکی لۆجیکییە” وەک بونیادی لۆجیکی “تێکڕایی جووتێکە”. بۆ ئەوەی بڵێین “تێکڕایی جووتێک لە بەریتانیا ١.٩٧ منداڵی هەیە” (P)، وەک ئەوە نییە کە بڵێین “تێکڕای جووت” تاکێکی گۆشت و خوێنی وەک بەڕێز براون، یان خاتوو براونە؛ وە هەروەها بۆ ئەوەش نییە کە بڵێین ١.٩٧ منداڵ هەیە بە هەمان شێوە کە خاتوو براون ٢ منداڵی هەیە یان خاتوو ستیوارت ٥ منداڵی هەیە. بە لۆجیکی، (P) تەنیا ڕێگایەکی کورتە لە ئاماژەپێدان بە زنجیرەیەک لە پێشنیار دەربارەی دووانەی گۆشت و خوێن و منداڵەکانی و هەروەها بۆ ئەنجامدانی بیرکارییانەی دابەشکردنی ژمارەی منداڵان بەسەر ژمارەی جووتەکاندا لە بەریتانیا. بە ووتەیەکی تر، ئۆنتۆلۆجی “کەلوپەل/ڕەخت” لە جیهاندا “تێکڕایی جووت” یان “١.٩٧ منداڵ” لە خۆ ناگرێت، بەڵکو تەنیا بەڕێز و خاتوو ئەلف و بەڕێز و خاتوو یاء و منداڵەکانیشیان لە خۆ دەگرێت. بە هەمان شێوە “کۆمەڵگا” بەشێک نییە لە ئۆنتۆلۆجی “کەلوپەل/ڕەخت”ی ئەم گەردوونە کەمکراوەیە؛ تەنیا تاکە ئەبستراكت/خەیاڵییەکان ئەندامن.

کۆتایی هێنان بە لێدوانەکان

ئەوەی هەوڵمداوە لە ڕەنگدانەوەکانی پێشوودا بیگەیەنم ئەو ڕاستییەیە کە بێ گومان جەختی تاکگەرایی بێ گومان تەنیا لەسەر تاکە، کە قەوارە بنەڕەتییەکەی ڕەختی ئۆنتۆلۆجیی گەردوونی کۆمەڵایەتی هەروەها هێڵی خوارەوەی میتۆدۆلۆجی لە ڕوونکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا پێکدەهێنێت.

ئەوەی لە نرخاندنی تاکگەراییەوە، هەم میتۆدۆلۆجی و هەم خەیاڵ/ئەبستراکتەوە دێت، ئەوەیە کە تەنیا بەرپرسیارێتی تاکەکەسی مانا دەکات و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بێمانا و ناڕوون دەکات. لەم پەیپەرەدا، لە فەلسەفەی تاکگەراییەوە هەوڵمداوە ئەوە ڕوونبکەمەوە کە لە بیری کۆمەڵایەتی ڕۆژئاواماندا چەسپیوە چەندە قووڵ ڕوانگەی تاکگەرایی لە خۆیدا چێ کردووە.