رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لیبراڵیزم و تاک

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: وەلید عومەر

Download PDF

بەشی یەک

تاکێتى و تاکگەرایی, پێشوەخت مشتومڕێکى بنەڕەتیى تیۆرییە نەک ئەو وێنا کورتکەرەوەیەى دونیاى ئێمە وا تاکێتى بە یەک هەڵهاتن لە یەک دادەنێت. ئاشکرایە لەو ڕووەوە مرۆڤ بەتەنیا لەدایکدەبێت, بەتەنیا نان دەخوات, بەتەنیا خەون دەبینێت و فەنتازیالێدەدات, بەتەنیاش دەمرێت. ئەگەرى هەیە ئەم زەینیەتە بشڵێت: مرۆڤ هەیە بە جمک لەدایکدەبێت, بەکۆمەڵ ناندەخوات, لە خەوندا ئەوانیترى لەگەڵە و جاریش هەیە بەکۆمەڵ دەمرێت. بەڵام لەڕاستییدا ئەم ڕاکێشانە, بەرەنجامى هەمان زەینى چەندایەتییە لە ئاستە ساکارەکەیدا(نەک چەندایەتى بە مانا مۆدێرنە زانستگەراییەکەى). ڕەنگە جۆرە تاکگەراییەک وابکات هەندێک لەم کردارە ڕۆژانەییە بەشێوەى تاکبوونەوەیەکى فیزیکى ڕووبدات, بەڵام کێشەى تاک لەبنەڕەتدا تێڕامانە لە پەیوەندیى تیۆریى نێوان تاک و تاک, یان تاک و کۆ, یان تێپەڕین بۆ ئەودیوى تاک و کۆ, یاخود سیاسییتر: تاک و دەوڵەت چ جۆرە پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە؟ كە باسى تاک و تاکگەرایى دەکەین, یەکسەر وێنەیەک لە زەینماندا ئامادەدەبێت: هەڵهاتن لەوانیتر, خۆخزاندنە نێو گۆشەیەکەوە, دەرهێنانى کەسێک لە قەرەباڵغییەک و قرتاندنى دەزووە کۆمەڵایەتییەکانى بەو قەرەباڵغییەوە. بەڵام ئاخۆ گەر کەسێک لە قەرەباڵغى دەرچێت و لە سووچێکدا بەتەنیا بژى, دەبێتە تاک؟ یاخود تاکبوون و تاکایەتى لەم وێنەیە ئاڵۆزترە؟ دەکرێت ئێمە تەنهاش بین و هاوکات تاک-یش نەبین؟ یاخود دەکرێت لە قەرەباڵغییدا بین و هەمان کات تاکێکیش بین؟ لە وێنە فیزیکییەکەیدا, ئەمڕۆ مرۆڤەکان بەتەنها دەبینرێن, بەتەنیا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن, بەسەر شەقامەکاندا بەتەنیا ڕێدەکەن و هێدفۆنێکیان لەگوێیە, لە ماڵەوە بەزۆرى لە ژوورێکدان, لەپشت شاشەکانەوە هەرکەسە و سەرى بەسەر تەنیایى خۆیدا شۆڕکردووەتەوە. ئاخۆ ئەم وێنە فیزیکی و بینراوانە, بەرەنجامى تاکگەراییەکن کە دونیاى گرتووەتەوە یان پرسى تاکگەرایى و تاکێتى لەم وێنانە ئاڵۆزترن؟ ئەم نامیلکە بەرایی و تیۆرییە, تۆمارکردنى کۆمەڵێک ئایدیا و خاڵى جیاجیایە لەسەر کێشەى تاک. نامیلکەکە, توێژینەوەیەکى باوى ئەکادیمى نیە کە لەسەرەتاوە تا کۆتایى بگاتە یەک ئەنجامى یەکانگیر, یان تێزێک بکاتە دەسمایەى خۆى و بڕێک کڵێشە داڕێژێت و دیسپلینەکانى زانکۆ بەرهەمبێنێتەوە. بەپێچەوانەوە, هەڵڕژاندنى کۆمەڵێک بیرۆکەى تیۆرى و خاڵى جیاجیایە کە چەشنى کێشەى تاک لەمڕۆدا پەرتەوازەیە. وەکچۆن تاکێکى پەرتەوازە و شپرز هەیە, ستایلى نوسینەکەش بڕێک پەرتەوازە و فرەدەرگایە. زەروورەتى نوسینى نامیلکەکەش لەوێوە هاتووە کە خەمێک هەبووە, خەمى ئەوەى بۆچى تاکى سەرکوتکارمان هەیە, بۆچى ئێمە شەخسى خێڵەکى و تاکە فیگەرى تەقلیدییمان بەڕواڵەت هەبووە, بەڵام تاکمان بە مانا عەقڵانى و ڕۆشنگەر و مۆدێرنەکەى نیە و ناتوانین بەدڵنیاییەکى ئەوتۆوە باسى لەدایکبوونى دیاردەى تاک بکەین؟ لە هەناوى نوسینەکەدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم پرسیارە بەڕواڵەت ناکۆکە, ئەویش لەو ڕووەوە کە تاقەکەسمان هەبووە و هەیە, بەڵام لە فۆرمە دێرینە ستەمکارەکەیدا کە دەخوازێت هەموو شت بۆخۆى بێت: چێژ, دەسەڵات, دارایى, پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان, مێژوو, بڕیار, زمان و عورف و هتد. بۆیەشە ئەو گومانە تیۆرییە لێرەدا جێدەهێڵین کە ئاخۆ تاکێکى خێڵەکى و ستەمکارى لەم جۆرە, بە ماناى تەواوى وشەکە تاکە, یاخود کوتلەیەکە و نوێنەرى کۆمەڵێک بەهاى بەکۆمەڵ و کۆڵێکتیڤ و دەستەجەمعییە و هیچى تر؟ ئەم نامیلکەیە, هاوشان بە کێشەى تاک, کێشەى کۆمەڵ و کۆڵێکتیڤیش لە سێبەرى خۆیدا بە پێشگریمانە وەردەگرێت. وەک‌بڵێى, تاک و کۆ, دوو جەمسەرى توندوتۆڵى لۆژیکیین و هەریەکەیان بێ ئەویدى بوونى نیە. تاک, تەقلیدى و خێڵەکى بێت یان لە هەناوى کۆیەکى گەورەتردا بژى, جۆرێک لەپەیوەندیى بە کۆوە هەیە و ناتوانین وێناى تاکێکى تەواو دابڕاو بکەین. بۆیە کێشەى تاک, واتە کێشەى پەیوەندیى تاک و کۆ. پشکنینى پەیوەندییەکەیان, خۆى کێشەى تاک ڕوونتر دەکاتەوە. مەرامى شاراوەى نامیلکەکە ئەوەش لەبیرناکات کە دەیەوێت داکۆکى لە جۆرێک تاکگەرایى بکات کە هێند ڕوونە, لەنیگاى یەکەمدا کێشمەکێشى تیۆریى زۆرى ناوێت و وەک خۆراک و ئاو بۆ کۆمەڵگاى ئێمە پێویستە. جۆرێک لە تاکێتى کە ئیمکانى شاراوە مرۆییەکانى بخاتەگەڕ و بەسادەیى تێبگات ئیمکانى جۆرە ژیانێکى تریش لەمدیوى ئەم ژیانە و ئەم مێژووەوە هەیە. کێشەکە فرەلایەنە, بۆنمونە ڕوویەکى درێژخایەنى ئابورى و یاساییشى هەیە کە بوارى گەڵاڵەکردنى نەبووە و تێکڕا هەوڵدراوە وێنەیەکى گشتى جێبهێڵرێت. سەرچاوەکانیش(کە کوردى و فارسى و ئینگڵیزى دەگرنەوە), تەنیا لەخوارەوەى لاپەڕەکەوە هاتوون و لەکۆتاییەوە کۆنەکراونەتەوە.

بەشی دوو

ڕۆژگارێکى هەرەدرێژ مرۆڤ نەیتوانیوە وا وێناى خۆى بکات کە لە جیهان و سرووشت و هۆز و بگرە کۆمەڵگاش جیایە, ئەو خۆى بە درێژکراوەى هەریەکە لەوانە زانیوە. واتە هێشتا تووشى ئەو خودئاگاییە نەهاتبوو کە دەکرێت خۆیشى یەکەیەکى سەربەخۆ بێت, ناکۆکى و کەلێن لەنێوان خۆى و دەرەوەى خۆیدا هەبێت. دیارە ئەم بۆچوونە لێرەدا ئاسان و وێناکراو دەردەکەوێت, بەڵام لەڕاستییدا خاڵێکى زۆر سەیر و سەرنجڕاکێشیشە کە ئەمڕۆ ئێمە بەم وشیارییە درەنگوەخت و مۆدێرنەوە باش تێى‌ناگەین. سەردەمانێکى درێژى هەزاران ساڵە, مرۆڤ هۆشیارییەکى پێوەنوساوى هەبووە بە خودا و ئاسمان و گەردوونەوە, پاشان بە پاشا و مەملەکەت و خێڵەوە. تاکێتى و خۆدابڕین لە کۆ, ئیمکانێک نەبووە بەخەیاڵیدا بێت. پێشوەختە ناوەڕۆکى تاکەکەس پڕکراوەتەوە و تاک نەیتوانیوە لە پرۆسەیەکى بەتاکبووندا ناوەڕۆکى خۆى بێنێتەدى. ئێمە ئەمڕۆ کە سەیرى مێژوو دەکەین, وا هەستدەکەین ئەو وشیارییە ئەنتاگۆنیستییە لەنێوان تاک و کۆدا هەبووە, بەڵام لەڕاستییدا ئەم وشیارییە بەم فۆرمەى ئێستا, وشیارییەکى درەنگوەخت و مۆدێرنە. تاک بەر لەم سێ تا چوار سەدەیەى دوایى, شوناسێکى ئۆتۆنۆمیى نەبوو(هەتا کەلتورەکانى وەک یۆنانییش زۆر نایەتەوە سەر ئەم تاکگەراییەى ئەمڕۆ). مرۆڤ پێشتر بەم فۆرمەى ئەمڕۆ نەیدەزانى دەتوانێت تەنیا ببێتەوە, ئەمەش دەرخەرى ڕیشەى ئایدۆلۆژیا بەهێز و چەپێنەرەکانى سەردەمانى پێش مۆدێرنەیە. بۆنمونە, لە کۆمەڵگاى دەرەبەگایەتییدا مرۆڤ نەیدەتوانى وێناى ئەوە بکات کە لەو هەرەمە کۆمەڵایەتى و سیاسى و زەینییە دەرچێت کە هەیە. ئایدیاى “دەرچوون” خۆى بەرهەمى گۆڕانکارییە مادى و مێژووییەکانى دواترە. لەگەڵ مۆدێرنەدا, کەلێن دەکەوێتە نێو وشیارییە کلاسیکە درێژخایەنەکەوە و هەر چەمکێکى کۆن وەرگریت دژەکەى لەهەناوى خۆیەوە هێناوەتەدەرێ. زۆرجاریش کە هیومانیزم(مرۆڤگەرایی) بە خەسڵەتێکى دیارى دونیاى مۆدێرن دادەنرێت هەر لێرەوەیە کە مرۆڤ لەدایکدەبێت. واتە مرۆڤ بەهۆى کوشتنى پێناسە دێرینەکەى خۆیەوە لەدایکدەبێت کە خاوەنى “هۆشیاریى خۆدابڕین” نەبوو لە جەستە دەستەجەمعییە گەورەکان. هیومانیزم, خودا و سرووشت و ئایدیاڵە کۆگیرەکان دەخاتە پەراوێزەوە و مرۆڤ دەکاتە چەقى جیهان. جیهانى مۆدێرن, درزبردنى ئەو جەستە گەورانەیەى ناو مێژووە کە تاک تێیدا توابووەوە. خۆ ڕاستە جەستەى تۆتالیتاریى گەورەى دیکە دواتر دێتەئاراوە, بەڵام لەقووڵاییدا کاردانەوەیە بەڕووى ئەو قەلەپاچە و کەرتبوونە ئاوێنەییەدا کە مۆدێرنە تووشى مێژووى دەکات- بەپێى دەروونشیکاریى ژاک لاکان, دەرچوون لە یەکپارچەیى جەستەیى و وشیاربوونەوە دەرهەق بەوەى چیدى سەر بە یەک کۆى یەکانگیر نیت, سەرەتاى جۆرێکە لە خەساندن. مناڵ سەرەتا وادەزانێت خۆى و دایکى یەک جەستەن و قابیلى جیابوونەوە نین, بەڵام دواتر بەر ئەو خودئاگاییە دەکەوێت کە ئەو دەبێت کەلێنى خۆى و دایکى قبوڵکات و بەدواى ساڕێژدا بگەڕێت. بەر لە مۆدێرنە, هەندێک زایەڵە و وێنەى ساکار هەن لە دین و قوتابخانە ئەخلاقییە جیاوازەکاندا کە بۆنى تاکێتى و فەردانیەتیان لێ دێت, بەڵام لەڕاستییدا کە ورددەبینەوە تێدەگەین پاشکۆى میتافیزیکێکى دینى و عیرفانیین و تاک وەک دراوێکى ماتریاڵى وەرناگرن, ئەویش بەو جۆرەى لە مۆدێرنەدا هەیە. بۆنمونە, لە قوتابخانە کۆنە هندییەکاندا و بەر لە مەسیحیەت و جوولەکە و ئیسلام, و بەتایبەت لە دەقێکى وەک ئۆپانیشاددا, زاراوەیەکى سانسکریتى هەیە بەناوى کارما(karma). کارما, بە ماناى کار [و کاردانەوە] دێت, چارەنووسى تاکەکەسى دینى بەستراوەتەوە بە کارماکانیەوە. تاکى دینى, هەر کردەوەیەکى باش بکات باشە دێتەوەڕێى و گەر خراپەش بکات خراپە دێتەوە ڕێى. لە کوردییدا, ئیدیۆمێک هەیە دەڵێت, «هەرچى بچێنیت ئەوە دەدووریتەوە». بەپێى ئەم یاسا دینى/گەردوونییە «لەڕاستییدا کارما جۆرێک پەیوەندییە لە سووڕى هۆ و ئەنجامدا. پەیوەندییە لەنێوان چارەنووسى تاکێک و کردەوەکانى ئەو تاکەدا. بەپێى تیۆرى کارما, ئەوەى بۆ کەسێک ڕوودەدات, ئەوە کردەوەکانى ئەو کەسە خۆى بووەتە بایسى ڕوودانەکەى…[1]». ئاشکرایە ئەم کردە تاکەکەسییەى ئێرە, لە دەرەوەى کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانەوە دەگوزەرێت و چاکە و خراپە هێشتا سەر بە گشت یان جەستەیەکى گەورەترى وەک یاساکانى گەردوونن. لە ئیسلامیشدا کە باسى ئەوە کراوە هەرکەس هەڵگرى “كيتابى ئەعمال”ـى خۆیەتى, هیچ پەیوەندییەکى بە تاکگەرایى مۆدێرنەوە نیە و لە سەردەمى دینە ئیبراهیمییەکاندا کەس نەیدەتوانى وێناى ئەوە بکات خۆى چەقى مافەکانى خۆیەتى. ئیدى مرۆى کۆیلە بووبێت, کۆیلەى زەمینى یان بەندە و کۆیلەى ئیلاهى. لە زەینى ئیسلامییدا, تاکبوون لەبنەڕەتەوە مەحاڵە, چونکە خواوەند عەبدەکانى خۆى بەرەڵاى ناو دنیا ناکات و هەبوونى چەمکى خودا بەم فۆرمە دینییە ناکۆکە بە تاکێتى. خودا مەحاڵێکى ناوەکییە لەبەردەم تاکبووندا و چەمکانى کۆگەراى وەک “ئومەت” لەپێشترن. لاى چینییە کۆنەکان و بەتایبەتییش کۆنفۆشیۆس(کە پێنج سەدە بەر لە زایین ژیاوە), تاک هێشتا هەر ئاماژەیە بۆ تەنێک کە لەناو گەردووندا و هیچ ئەنتاگۆنیزمێکى لەگەڵ سرووشتدا نیە. لەڕواڵەتدا وادەردەکەوێت کۆنفۆشیوس دەسکاریى دەلالەتى تاک دەکات و جۆرێک ویست بۆ تاک دەگەڕێنێتەوە, بەڵام لەڕاستییدا هەر لەناو جوغزى کلاسیکدا دەمێنێتەوە. «کۆنفۆشیوس, هەریەکە لە یەکسانیگەری و هەرەمیگەریى سەر بە سرووشتگەرایى خستە بەر ڕەخنە و ئاڵنگارى, ئەویش لەو ڕووەوە کە کارەکتەرى مرۆڤ ڕووندەکەنەوە و دەستنیشانیدەکەن. وێڕاى ئەوەى خەڵک بە کۆمەڵێک توانستى یەکسانەوە لەدایکدەبن, بەڵام هەندێکیان پێگەیەکى بەرزترى ئەخلاقییان هەیە, چونکە تایبەتمەندییە مۆراڵییەکانى تاک بەستراوەتەوە بە ڕاهێنان و پەروەردەوە[2]». سێبەرى ئەخلاقى و ڕەمزى و ئۆتۆریتەئاساى کۆنفۆشیۆس بەسەر مرۆڤەکانى ڕۆژگارى خۆیەوە, دەریدەخات تاک لەو سەردەمەدا جیایە لە تاک بە مانا مۆدێرنەکەى(دواتر باسى ئەدگار و سیفەتەکانى تاکى مۆدێرن و لیبراڵ دەکەین). یەکسانبوونى مرۆڤ لەبەردەم خواوەند یان ئەوێکى ترى گەورەدا لە پێش مۆدێرنەدا, یەکسانى نیە لەپێناوى یەکسانییدا و بە ماناى تاکگەرایى نایەت, بەڵکو یەکسانییەکە لە سەرچاوەیەکى ترى “ئۆتۆریتەى پیرۆز”ـەوە دەگەڕێتەوە کە ماتریالیستى و زەوینى نیە.    

تاک(Individual), چەمکە. چەمکیش بە سرووشتى خۆى مێژووى درووستبوون و گەشەکردن و کۆنبوونى هەیە. چەمکەکە لە indīviduusـى لاتینییەوە هاتووە کە بە واتاى “ indivisible” دێت, واتە شتێک چیدى لەوە زیاتر دابەشنەکرێت و دوا پلەى جیابوونەوە و وردکردنەوە بێت.[3]. گەر چەمکى تاکگەرایى(Individualism), بەرهەمى سەدەى نۆزدە و بیست بێت, ئەوا تاک, بیرۆکەیەکى کەمێک لەوە دوورترە کە ئەمڕۆ بەشێوەیەکى مۆدێرن و پۆستمۆدێرن تێى‌دەگەین. پرسى تاك و تاکگەرایى لە زەینى ئێمەدا یەکسەر دەلکێت بە لیبراڵیزمەوە, واتە ئەو ئایدۆلۆژیا و عەقڵیەتە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتییەى کە ئازادى و تاکایەتى و یەکسانى و مافى هاوڵاتى دەکاتە پێشگریمانەى جیهانبینیى خۆى. لیبراڵیزم وەک ڕەوتێکى فەلسەفى و ئابورى, کە لە وڵاتاندا نوسخەى جیاجیاى لێکەوتەوە, لە هەناوى بزووتنەوەى ڕۆشنگەریى خۆرئاواوە لە سەدەى هەژدە بۆ دواوە دەرکەوت. لاى کەسێکى خوێندەوارى کوردزمان, کە دەوترێت لیبراڵ, کەمتر ئەم مانا پسپۆڕییە مەبەستە و پتر ئاماژەیە بۆ کەسێکى “کراوە” بەگشتى. گەرچى ئەمە بەشبەحاڵى خۆى ڕاستیی تیایە, بەڵام “کراوەیى” سیفەتێکى گشتییە و تەنیا لە لیبراڵیزمدا قەتیسنابێت. تاك, لە پێناسە بەراییەکەیدا بریتییە لە بوونێکى جودا, و قەوارەیەکى سەربەخۆ و دابڕاو, یەکەیەکە لەبنەڕەتدا بۆ یەکەى تر دابەشنابێت.  پێناسە سەرەتاییەکەى تاکگەرایى‌یش «تاکگەرایى, پاڵپشتى لەو پرەنسیپە دەکات کە ئامانج و مەرامە مرۆییەکان خاوەنى کەرامەت و بەهایەکە دەکەوێتە پێش ئەولەویەتە هاوبەش(communal) و میتافیزیکى و گەردوونى و دینییەکانەوە[4]». واتە تاک خۆى پێوەرى خۆیەتى نەک کۆمەڵگا لە فۆرمە دینى و تەنانەت نادینییە عەلمانییەکانیشدا. تاکگەرایى, واتە ئینتیماى سیاسى و کۆمەڵایەتى و یاسایى بەلاى تاکەکەسدا دەشکێتەوە و تاک دەبێتە چەقى جیهانبینیى کۆمەڵایەتى. تاکگەرایى, وەک تیۆرێک تا ئەو جێیەى پێى بکرێت, بەرژەوەندى و پێویستى و ماف و چێژ و هتد لە تاکدا چڕدەکاتەوە. واتە تاکەکەس(فەرد) هەم لەڕوى مادییەوە و هەم لەڕووى مەعنەوییەوە, تاقە ستانداردێکە بتوانین بەهۆیەوە کێشەکان بخوێنینەوە. تاک خۆى پێدراوێکە بەتەنیا و بەڕووى هەریەکە لە حەکایەتە گەورە و کۆگەراکانى وەک هۆز, ئایدۆلۆژیا بەکۆمەڵەکان, دین, دەوڵەت, عەقیدە گەردوونییەکان, پرۆژە سۆسیالیستییەکان, پارتە کۆڵێکتیڤەکان, کڵێسا, فۆرماسیۆنى دەرەبەگایەتى, خێزان, ڕەگەز و نەژاد, چین, و هتددا دەوەستێتەوە. وەستانەوەکەى, بۆ خۆسەلماندنە و بە واتاى نەفیکردنى تەواوەتى نایەت و سەرەنجامیش عەقڵ و یاسا ڕێکیدەخات.

کە باس لە کەلتورى یۆنانى دەکرێت وەک کێڵگەى دەرکەوتنى جۆرێک لە تاک, ئەوا لەپەیوەندىدایە بەو کەلەپورە فەلسەفییەوە کە شار و دەوڵەتشار و هاوڵاتیى تیۆریزەدەکرد. پەیوەندیى تاک و شار, پەیوەندییەکى زاتى و ڕاستەوانەیە. لە فەلسەفەى یۆناندا و بەتایبەت لە فەلسەفەى ئەفلاتووندا, شار تێمایەکى فەلسەفێنراوە. «بەر لە یۆنانییەکان, ڕەنگە مرۆڤە سەرەتاییەکان, هەستێکى سنورداریان بەرامبەر بە خۆیان هەبووبێت لە دەرەوەى قەبیلەوە. بۆنمونە, لە داستانى گەلگامێشدا(٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین) دەبینین چۆن داوەکانى خۆبەزلزانى و گۆشەنشینیى پاشایەک چ ئاسەوارێکى وێرانکەرى خستووەتە ژیانمانەوە بەبێ ئەوەى پەیوەندییەکانى خۆمان بەوانیترەوە بناسینەوە. لە فیکرى بەرایی یۆناندا, تا ساتى هاتنى هۆمەر, باڵاترین دەسکەوت(تیلۆس) بە پلەى یەکەم بریتى بوو لە دەرکەوتنى ئەندامێکى چالاک لە جەستەى سیاسەتدا(شار یاخۆ دەوڵەتشار)[5]». لە سیاسەت و فەلسەفەى یۆنانى‌دا گوێ لە تاکى یۆنانى دەگیرا و بۆچوونەکەى بە هەند وەردەگیرا, بۆیە تاکێتى لەو جۆرە جڤاتەدا وەک ئەمڕۆ دابڕکێ و ئەتۆمیستى نەبوو بەڵکو لەسەر گفتوگۆى هاوبەش بەند بوو. دایالۆگەکانى ئەفلاتوون, ڕۆحى ئەم جۆرە تاکگەراییە پێشمۆدێرنەیە. ئیتر ئەو تۆمەتانەى دەدرێتەپاڵ ئەفلاتوون کە گوایا چاوگى تۆتالیتاریزمە, تۆمەتێکى تیۆریى لیبراڵەکانى وەک کارل پۆپەرە کە ئەفلاتوون بە خیانەتکار دەزانن لە سوقراتى مامۆستاى خۆى کە بڵاوکەرەوەى بیرى تاکایەتى بوو. پۆپەر خۆى دان بەوەدا دەنێت کە «شارستانیەتەکەى ئێمە لە یۆنانییەکانەوە سەرچاوەیگرتووە. وادەردەکەوێت ئەوان یەکەم کەس بوون کە لە قەبیلەپەرستییەوە پەڕیبێتنەوە بۆ مرۆڤدۆستى (و هیومانیزم)». بەڵام ئیدى لەنێوان ئەم دوو جۆر تاکگەراییەدا جیاوازى هەیە, بۆنمونە لەڕووى بەهاوە, لە یۆنانى کۆندا چەمکى فەزیلەت هێشتا کاردەکات و لە تاکگەرایى مۆدێرندا پارە ناوەڕۆکى کۆى فەزیلەتەکان دەگۆڕێت. بۆیە زۆرجار لە بەراوردى نێوان تاکگەرایی یۆنانى و مۆدێرندا دەوترێت ئەم تاکگەراییەى دونیاى مۆدێرن بە لاى یۆنانییەکانەوە «شتێکى ناعەقڵانى و نالۆژیکییە». درووشمى “خۆت بناسە” كە ئەمڕۆ لاى ئێمە وەک درووشمێکى سەر بە تاکگەرایى دەردەکەوێت, لاى ئەوان گوزارشت بوو لە جۆرێک تاکایەتی بە نێوانگریى کۆ. ئەوان لەبرى تاکگەرایی بە مانا مۆدێرنەکەى, «جەختیان لەسەر پەروەردەکردنى کارەکتەرى مرۆڤ دەکردەوە(بەناوى ئیتۆسēthos) و فەزیلەتەکان(aretai)ـەوە[6]».  لە ئاستێکى پەتییتردا, تاکگەرایى یۆنانى وەردەگەڕێت بۆ تاکگەرایى مۆدێرن و لە فۆرمى فەلسەفەى مۆدێرندا ڕەنگدەداتەوە, ئەویش لەو جێیەدا کە فەلسەفاندن وەک چالاکییەکى فەردیى لێدێت: «کاتێک یۆنانییە کۆنەکان لە فەزاى گشتییدا و لە دەرەوەى ماڵ و لەڕێگەى دایالۆگەوە دەیانفەلسەفاند, دیکارت(و زۆرێک لە بیرمەندانى دواتریش) بەشێوەى مۆنۆلۆگ و دوور لە چاوى خەڵک و لە گۆشەگیرىدا دەیانفەلسەفاند. فەلسەى مۆدێرن لەگەڵ دیکارتدا دەستپێدەکات, ئەویش بەهۆى بیرلەخۆکردنەوەوە لە تەنهاییدا, ئاگاداربوون لە ئایدیا درۆیینە و گوماناوییەکان, ئەوانەى کە تا ئێستا لە ژیاندا قبوڵکراون…[7]».

بەشی سێ

زاراوەى تاکگەرایى لە سەرەتاى ١٨٠٠ـەکانەوە فۆرمولەبوو, و دەگەڕێتەوە بۆ دەیە سەرەتاییەکانى سەدەى هەژدە و کەمەکێک پاش شۆڕشى فەڕەنسى. وشەکە زۆرجار لەنێوان لایەنگرانى سان سیمۆن و ڕۆبەرت ئۆندا, کە دوو سۆسیالیستى فەڕەنسیین, یەکلاناکرێتەوە. بەڵام تاکگەرایى بەجۆرێک لە هیومانیزم ئاڵاوە و ناتوانین هەروا ئاسان لێکیان جیاکەینەوە. هیومانیزم, واتە مرۆڤباوەڕى بخەیتە بەرامبەر خوداباوەڕییەوە. «بزووتنەوەى هیومانیستى لە ئیتالیاوە دەستیپێکرد, ئەو جێیەى کە نوسەرانى کۆتایى سەدەکانى ناوەڕاست لە چەشنى دانتێ, جیۆڤانى بۆکاکیۆ, فرانسیسکۆ پیترارک کۆمەکێکى زۆرى دۆزینەوە و پاراستنى بەرهەمە کلاسیکەکانیان کرد. ئەم بزووتنەوەیە, هاوشان بە لێشاوێک توێژەى بێزەنتى کە پاش کەوتنى قوستەنتینییە هاتبوونە ئیتالیا, لە ساڵى ١٤٥٣ بەرەو قەڵەمڕەوى عوسمانى تەنرابووەوە و بەهۆى دامەزراندنى ئەکادیمیاى ئەفلاتوونەوە لە فلۆرانس پتر فراوانکرایەوە. بیرمەندى پێشەنگى ئەم ئەکادیمیایە, مارسیلیۆ فیسینۆ. گەرچى هیومانیزم لە ئیتالیا بەشێوەیەکى سەرەکى لە کایەى ئەدەبیات و هونەردا برەوىسەند, لە ئەورووپاى ناویندا تەنرایەوە بۆ تیۆلۆژیا و پەروەردە و فێرکردن بووە یەکێک لە هۆیە ڕێخۆشکەرەکانى چاکسازى…هیومانیستەکانى سەردەمى ڕێنیسانس بڕوایان وابوو ئەو ڕۆحەى وا مرۆڤ لە سەردەمى کلاسیکدا هەیبوو و لە سەدەکانى ناوەڕاستدا لەدەستیدا, بریتى بووە لە ڕۆحى ئازادى…[1]». ڕیشەى فەلسەفیى هیومانیزمى ڕووەو تاکگەرایانەش لەوێوە بوو کە «لە سەدەى چواردەیەمدا ولیام ئاکمى(کۆچکردووى ١٣٤٨), و یارانى ئەو بزووتنەوەیەى کە ئەو دیارترین نوێنەرى بوو, دواى ئەو ئینتیمایە کەوتن کە چەمکە جوزئى و بەشەکییەکان, واقیعییترن و چەمکە کولى و گشتەکییەکان بگرە کۆمەڵێک ڕاستییش نین کە چەمکە بەشەکییەکان لەگەڵ واندا هاوبەش بن…[2]». واتە لە دەمەدەمى ڕێنیسانسدا تاک و مرۆڤ وەک چەمکێکى بەشەکى و کۆنکرێت وەرگیرابوو کە خۆیان لەخۆیاندا فاکت و ڕاستییەکى بینراون و دەبێت لە بن هەژموونى چەمکە ئەبستراکت و گشتەکییەکان دەربهێنرێن. بۆیە گەڕانەوەى ڕێنیسانس بۆ یۆنان و ڕۆم, گەڕانەوەیەکى ڕاستەو ڕاست و میکانیکى نەبووە, بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ ڕزگارکردنى ڕابردوو- شتێکى هاوشێوەى ئەوەى کە واڵتەر بنیامین و زیگمۆند فرۆید بە جۆرى تر باسیدەکەن: ڕزگارکردنى چەپێنراوەکانى ڕابردوو و گێڕانەوەى توانست و ئیمکان بۆیان. لە بەراییەکانى ڕێنیسانسەوە, ویسترا کەم‌کەم هەژموونى سیستەمە گەردوونییەکان و قەڵەمڕەوى پیرۆز و ئیمپراتۆریەتە سەرووتاکەکان کەمکرێتەوە و مرۆڤ خۆى وەک چەقى خۆى درکبکرێت. یەکێک لە زەمینە بەراییەکانى ترى چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕیفۆرمە دینییەکەى مارتن لۆتەر (١٤٨٣-١٥٤٦). لۆتەر نەک درزى خستە نێو مەسیحیەت, بەڵکو پرۆتیستانیزم, ناوى درزێکە بۆ دونیاى کلاسیکیش. ئەم درزە, تراومایەک بۆ مێژوو بەگشتى و مێژووى کاسۆلیک بەتایبەتى. وشەى تەکفیر (بەکافرکردن), لە سەدەکانى ناوەڕاستدا بەگشتى ناوى ئەم تراومایە بوو. لۆتەر کە ڕاهیبێکى ئەڵمانى و مامۆستاى تیۆلۆژیاش بوو, لەلایەن کڵێساى کاسۆلیکەوە کە ناوەندەکەى لە ڕۆما بوو, تەکفیرکرا. لۆتەر لەساڵى ١٥١٧ و لەدووتوێى ٩٥ مادەدا, کە دەقێکى نوسراوى ناو کەلەپورى خۆرئاواییە و بە کڵێساى ڤیتەنبەرگى ئەڵمانییدا دادەکوتێت, دەیەوێت لینکى نێوان پاپا و خواوەند بقرتێنێت- بە مانایەکى تر: هیچ مرۆڤێک لەسەر زەوى ناتوانێت هەڵگرى بارگە پیرۆزەکەى ئاسمان بێت. قودرەتى لێخۆشبوون بگەڕێنێتەوە بۆ خواوەند خۆى نەک پیاوێکى دینى کە بلیتى چاکەوخراپە دەفرۆشێت. ئەمە هەنگاوێکى گرنگ بوو تا تاکەکەس لەسەر زەوى وەک “تاکەکەس” دەرکەوێت. گەڕاندنەوەى دین بۆ ناو مرۆڤ, بەبێ میدیۆمێکى کڵێسایى و دامەزراوەیى, بۆ ئەو ڕۆژگارە درووشمێکى گرنگى لۆتەر بوو. بەپێچەوانەى ئەمڕۆوە کە وتن و ورووژاندنى ئەم باسانە, شۆکێکى مێژوویى ئەوتۆى نیە چونکە مادە تەرحکراوەکانى لۆتەر جۆرێک لە زەروورەتى مێژوویی بوو. لەڕاستیدا بێشومار کتێب و وتار لەسەر ڕۆڵە مێژوویى و ڕۆشنگەرەکەى لۆتەر نوسراون, بەڵام لکاندنى ناوى ئەو بە پرسى تاکگەراییەوە لانیکەم لەبەر دوو ئامانجى تیۆرییە:

یەکەم,ورووژاندنى “ویستى ئازاد” بۆ سەر ئیمانى دینى لاى تاکى باوەڕدار لەو قۆناغەدا كە مارتن لۆتەر خستبوویەڕوو, بە هەند وەرگرتنى مرۆڤ بوو لەسەر زەوى کە ئەمەش کۆمەکى بە تاکگەرایی دەکرد لە سەدەکانى دواتردا. گەرچى لۆتەر هێشتا لەو نەستە دینییە دانەبڕابوو کە مرۆڤ لەسەر زەوى قەدەرێکى نایەکسانیان هەیە, بەڵام بەشێوەیەکى ناخود ئاگایانەى مێژوویى زەوینەى بۆ جۆرێک لە هیومانیزم خۆشکرد. وتە بەناوبانگەکەى وى کە دەڵێت «هەرکەس خۆى قەشەى خۆیەتى», وێنایەكى زیاتر لە وێناى دینى لە هەست‌ونەستى مرۆڤى خۆرئاواییدا جێدەهێڵێت.

دووەم, سەندنەوەى قودسیەت لە پاپا, دابەشکردنى پیرۆزى بوو بەسەر بەندە باوەڕدارەکانى تریشدا کە بەشێوەیەکى دیالەکتیکى و بەیارمەتیی ئەڵقەیەکى ونبوو ڕێخۆشکەر بوو بۆ بیرکردنەوە لە یەکسانییەکى زەمینى و بەستنەوەى بە تاکەکەسەوە (وەک موعجیزەیەکى مێژوویى, داهاتنى ئامێرى چاپ یارمەتیى شۆڕشەکەى لۆتەرى دا تاکو هەم بەئاسانى وەرگێڕانى کتێبى پیرۆز بڵاوکەنەوە و هەمیش “زانینى موقەدەس” لە چنگى کڵێسا دەربێنن). کەمێک دواتر کاڵڤین لە کڵێساى سویسرا هەنگاوێکى ڕیفۆرمیستیى تر دەنێت و سەربارى هەندێک جیاوازیى لەگەڵ لۆتەر, پیاوانى دینى تووشى ترسێکى چڕ و هیستریایی دەکات. لە فەڕەنساش کەسانى وەک سباستیان کاستیلۆ دێت, کە درووشمەکانى وەک بیرى ئازاد بۆ تاکى باوەڕدارى مەسیحى بڵاودەکاتەوە. لە ئینگلتەراش, پیوریتانەکان پەیدادەبن کە سیمایەکى مەیلەو جوولەکەیان هەیە و یارمەتیى خێرابوونەوەى سەرمایەداریى مۆدێرنیش دەدەن. کەسێکى وەک جۆن لۆک, کە زۆرجار بە “بابى لیبراڵیزم” ناودەبرێت لە هەناوى بزووتنەوەى پیوریتانیزمەوە دێتەدەرێ. هەر لەو سەروبەندەى سەدەى شانزەدا, ڕێگاکانى بازرگانی پەرەدەسێنن, دەرەبەگایەتى ئاڵۆزتردەبێت و سەرمایەداریى سەرەتایى دەڕسکێت, شارەکانیش وردەوردە قەرەباڵغ دەبن, دواتر شۆڕشى پیشەسازى ڕوودەدات و درووشمەکانى ڕێنیسانس و ڕیفۆرمەکە تا سنورەکانى کۆتایى خۆى دەبات. ئابوریى بۆرژوازى, لەناوەوە چیمەنتۆى کۆمەڵایەتیى دەرەبەگایەتیى لەرزاند و مرۆڤەکان هەرکەس بەتەنها ناچار بوو بیر لە چارەنووسى خۆى لەم دنیا تازەیەدا بکاتەوە. بەکورتییەکەى, وەک بڕگەى زەمەنى, لۆتەر خاڵى کۆتایى بۆ مێژووى سەدەکانى ناوەڕاست دادەنێت کە لە کەوتنى ڕۆماى خۆرئاواوە لە ساڵى ٤٧٦ـى زاینییەوە تا ساڵى ١٥١٧ دەخایەنێت.

فەلسەفەى دیکارت, کە بە سەرەتاى فەلسەفەى مۆدێرن دادەنرێت, لەڕووى فەلسەفییەوە تاکێکى تەواو زەمینى دادەڕێژێت. دیکارت دەیەوێت چیدى مرۆڤ سەنتەرى بیرکردنەوە بێت نەک خودا. گوزارە بەناوبانگەکەى وى, من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم, سەلماندنى تاکە لە سەرەتاییترین پرەنسیپەکانەوە. هەر لەناوەڕاستى ئەو سەدەیەدا, بارۆخ سپێنۆزاش ڕۆڵى هەبوو لە داواکردنى ئازادیى بیرکردنەوەدا, بەتایبەت لە پەیوەندىدا بە دۆخى تاکەکەسییانەى خۆیەوە کە لە دەربەدەرىدا دەژیا و جارێکیشیان لە هەوڵى کوشتن ڕزگاردەبێت کە چەقۆکە بەر پاڵتۆکەى دەکەویت(دۆڵۆز لە کتێبەکەى خۆیدا لەمەڕ فیکرى سپێنۆزا, ئاماژە بەو چیرۆکە دەکات کە سپێنۆزا ئەم پاڵتۆیەى بۆ هەمیشە لاى خۆى هەڵگرتبوو تا تێبگات مرۆڤەکان هەمووکات حەزیان لە بیرکردنەوە نیە). بەڵام دیارە ڕیفۆرمى دینیى لۆتەر و هاوڕێکانى, جەنگێکى لە هەناوى خۆیدا هەڵگرتبوو کە هەر دەبوو بکرێت: جەنگى سى ساڵەى نێوان کاسۆلیکەکان و پرۆتیستانتەکان (١٦١٨-١٦٤٨) کە ملیۆنان مرۆڤى تیا کوژرا. دین و سیاسەت, بزوێنەرى پشت ئەم جەنگانە بوون و کڵێسا خۆى هەم دینى و هەم سیاسییش بوو. هەر لەم ساڵانەدایە تۆماس هۆبزى فەیلەسوفى ئینگڵیز دەڵێت, مرۆڤ گورگى مرۆڤە. ئەم جەنگانە, لە گەڕانەوەى تراومایەکى لەبارچوو, دەچوون. دەبوو ڕووبدەن تا فۆرمى دەوڵەت-نەتەوە بێتەئاراوە و باسە فیکرییەکان بە لاى ململانێى تاک-دەوڵەتدا بچن. «لە سەدەى حەڤدە و هەژدەدا, بەهۆى بەرهەمى فەلسەفی و زانستیى کەسانى وەک ڤۆڵتێر, ڕۆسۆ, مۆنتسکیۆ, دیدرۆ, دالامبەر, هیوم, کندۆرسە, و لەسەرووى هەمووشیەوە “ئیمانوێل کانت”ـەوە, تاکگەرایى بەهێزبوو. ئەوان وەک زانایانى سەر بە بیرى هیومانیزمى ڕۆشنگەرى, باوەڕیان وابوو مەزنیى مرۆڤ, پاشکۆى ڕیشە ئاوهییەکانى ئەو نیە بەو جۆرەى کە بانگەشەى بۆ دەکات, بەڵکو بەستراوەتەوە بە توانستە عەقڵانییەکانى بوونە زەمینییەکەیەوە. غایەت و ئامانجى تاک‌بەتاکى مرۆڤەکان لە ملکەچییە هەمیشەییەکەى واندا نیە بۆ خودا و شارى ئاسمانى و مەلەکوتى بەختەوەرى, بەڵکو لە چالاکییە گونجاوەکانى تەک ئەم جیهانەدایە کە لەلایەن عەقڵ و زەینەوە پێشنیاردەکرێن. بەم شێوەیە لەژێر ڕووناکیى هیومانیزمى ڕۆشنگەرىدا, تاکگەرایى بە شێوەیەکى کامڵتر خرایەڕوو: نەفیکردنى هەموو جۆرە ئۆتۆریتە و دەسەڵاتێک, هەتا ئۆتۆریتەى میتافیزیکیش[3]». ئەو تاکگەرایەى لە سەردەمى ڕۆشنگەرى و لاى فەیلەسوفە مۆدێرنیستە ڕەخنەگرەکانیش هاتەکایەوە, هەمووى نەچووە ناو سەبەتەى لیبراڵیزمەوە. بۆنمونە, کارل مارکس یەکێک بوو لەوانەى ڕەخنەى مۆدێرنەى دەکرد و بڕواى بە جۆرێک لە تاکێتى هەبوو لە چوارچێوەى سۆسیالیزمێکى زانستى مۆدێرندا نەک ئەو تاکگەراییە بەکاڵابووەى کە بەهۆى سەرمایەدارییەوە هاتبووەکایەوە و پتر تاکایەتییەکى فۆرماڵى بەناوەڕۆک پوولەکى بوو تا ئەوەى فەردێکى ئازاد بێت بە ماناى تەواوەتیى وشەکە.

بەشی چوار

لیبراڵیزم, پاش مێژوویەک دەبێتە لیبراڵیزم و شتێک نەبووە لەسەرەتاوە لەژێر یەک ناوى تۆکمەدا لەدایکبووبێت. واتە بەشێوەى ڕیترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش, بووە بە لیبراڵیزم. جگە لەوەى یەک لیبراڵیزممان لە یەک جوگرافیاى تایبەتدا نیە, بەڵکو لیبراڵیزمى ئینگڵیزى و فەڕەنسى و ئەڵمانى و ئەمریکى و هتد بەشبەحاڵى خۆیان جیاوازن. بۆنمونە لە لیبراڵیزمى ئەمریکییدا, لیبراڵ بەو کەسە دەوترێت کە لایەنگرى دەوڵەت یان حکومەتى گەورە بێت, بەڵام لە فەڕەنسادا ڕێک پێچەوانەیە. لیبراڵیزم, بەگشتى وەک جۆرێک لە ئایدۆلۆژیاى هەڵوەشێنەرەوە(تفکیکى) هاتەکایەوە کە بونیادى داخراو و چوارچێوەدارى ئایدۆلۆژیا گەورەکانى پێش خۆى هەڵوەشێنێتەوە(گەرچى هەندێک بیریارى ڕەخنەگر هەن پێیانوایە لیبراڵیزم لەسەر جۆرە کۆیلایەتییەکى ناواخنکراو بنیاتنراوە کە بەهۆى میکانیزمەکانى خۆیەوە دەیشارێتەوە). دیارە لەگەڵ ناوهێنانى لیبراڵیزمدا, کۆمەڵێک ناوى تایبەتیى فەلسەفییشمان بیردەکەوێتەوە کە سەر بەو مێژووەن: تۆماس هۆبز, جۆن لۆک, مۆنتسکیۆ, جۆن ستیوارت میڵ, ئادەم سمیس, جێرمى بێنتام, ژان ژاک ڕۆسۆ, ڤۆڵتێر, دیدرۆ, کارل شمیس, ئەلێکساندەر دو تۆکڤێل, جۆن ڕاوەڵز و کارل پۆپەر و هتد. بەڵام لەڕاستیدا لیبراڵەکان بە پشتگوێخستنى جیاوازییەکانى نێوانیان, زۆر زیاترن: سپێنۆزا, کانت, بيكۆن, ماکیاڤیلى, شیلەر, ماکس ڤیبەر, ئایزایا بەرلین, ڕیچارد رۆرتى, هانا ئارێنت, و هتد. ئەو چەمک و زاراوانەشى لیبراڵیزمى پێ دەناسرێتەوە, هەندێکیان زووزوو بەرگوێ دەکەون وەک: تاکى ئازاد, یەکسانى, کۆمەڵگاى مەدەنى, کۆمەڵگاى کراوە, پەیمانى کۆمەڵایەتى, جیاکردنەوەى دین و دەوڵەت, دیموکراسى, عەدالەتى کۆمەڵایەتى و مافى هاوڵاتی و هتد. زۆریى ناوى بیرمەندان و ئەو چەمکانەشى دەدرێنەپاڵ لیبراڵیزم, دەریدەخەن مێژووى مرۆڤ(بەتایبەت خۆرئاوا) کێشمەکێشێکى زۆرى هەبووە لەگەڵ ستەم و کۆیلایەتیدا(ئیدى لەوە گەڕێین کە لیبراڵیزم ڕۆڵى لە کەمکردنەوەیدا چەند بووە). وشەى “لیبراڵ”يش زۆجار لاى مارکسییەکان نەغمەیەکى مەیلەو نەرێنیی هەیە و وشەیەکى کەمتازۆر بێزراوە, چونکە مارکسسییەکان مارکس بە فەیلەسوفى کۆ و کۆمەڵگا و هەرەوەزى دادەنێن نەک تاکى ئەتۆمنشین و دابڕاو. دیارە لە لیبراڵیزمدا, یەکەوڕاست پێناسەى ئازادى دەکرێت, ئیدى ئازادى بە هەردوو ڕەهەندەکەیەوە, ئازادیى پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ(کە بەسادەیى, یەکەمیان ئازادییەکە بەرەنجامى ئیمکانەکانى تاکەکەسەکەیە و دووەمیشیان ئازادییەکە بەپێى لابردنى بەربەستەکانى دەرەوە دیاریدەکرێت). بەو پێیەش کە لیبراڵیزم هاوشان بە سەرمایەدارى دەپشکوێت, بۆیە لیبراڵە کلاسیکەکان ئازادییان بە هاوشان و بگرە هاوواتاى خاوەندارێتى-یش وەردەگرت. تاک ئازاد بوو لەوەى هێزى کار و سەرمایەى شەخسیى خۆى چۆن دەخاتەگەڕ. بازاڕى ئازاد و تاکى ئازاد و پەیوەندییان بەیەکترەوە, دووانەیەکن لە لیبراڵیزمى کلاسیکەوە تا ئەمڕۆ بە شێوازى تر باسدەکرێن. جێرمى بێنتام, فەیلەسوفى سودگەراى لیبراڵ دەڵێت: «ئامانجەکە ئەوەیە هەژار دەوڵەمەندتر بکرێت, نەک دەوڵەمەند هەژارتر بکرێت[1]». واتە ئازادى, ئیمکانێکى نەبڕاوە دەخاتە بەردەم تاک تا هەڵکشێت و “کێبڕکێ” خۆى بکاتە پێوەرى کێبڕکێکە. لە لیبراڵیزمى کلاسیکدا کە عادەتەن سەدەى هەژدە و نۆزدە دەگرێتەوە, «”تاک” هەردەم وەک بوونەوەرێکى دابڕاو و قەتیس و داخراو بەسەر سوبێکتیڤیتەى خۆیدا وەردەگیرێت. سنورى لەش, سنورى تاکەکە پێکدێنێت. تاک بەپێى مافێکى سرووشتى, خاوەنى جەستەى خۆیەتى. ئەم وێنا گشتییە بەزۆرى تیۆرى خاوەندارێتیى تاکگەرایانە‌مان بیردەخاتەوە, ئەویش بەو مانایەى کە هەرکەس خاوەنى جەستەى خۆی و تواناکانى ئەو جەستەیەیە و ئەوەش پەیوەندیی بە کۆمەڵگاوە نیە. ئەو کاڵایەى کە هەر تاکێک بەرهەمیدێنێت, درێژەى مافەکانى خاوەندارێتیى ئەو تاکەیە[2]». دیدى لیبراڵیزم بۆ تاک, هەر لەسەرەتاوە گرێدانى هەردوو چەمکى ئازادى و خاوەندارێتى بووە. خاوەندارێتییش بەنێوانگریى یاسا, کە شتێک دەکاتە موڵکى کەسەکە. گەر لە ئاڵۆزییە ئابورییەکانى گەڕێین, ئەوا تا ئەمڕۆش لەناو زمانى خەڵکى سادەدا هەندێک ڕستە دەوترێنەوە کە خۆراکى خۆى لە کەلەپورى لیبراڵیزمەوە وەرگرتووە وەک: من خاوەنى جەستەى خۆمم و پەیوەندیی بەسەر تۆوە نیە, فکرە ئازادە, من لە ڕاى خۆم بەرپرسم و هتد.

بەر لەوەى لیبراڵیزم هەڵوەشاندنەوەى ڕوانگە دینى و فیوداڵییەکانى سیاسەت بووبێت, ئەنتى‌تێزێکى ناڕاستەوخۆش بوو بە ڕووى سیاسەتێکى فەلسەفییدا, کە ئەویش سیاسەتى ئەرستۆیى بوو. ئەرستۆ ئەو دژەلیبراڵەیە کە دەکەوێتە پێش مێژووى ڕەسمیى لیبراڵیزمەوە, ئەویش ڕێک لەبەر ئەو هۆیەى کە سیاسەتى ئەرستۆیى سیاسەتێکى جڤاکى و کۆگەرا و کۆڵێکتیڤە نەک سیاسەتێکى تاکەکەسى؛ «هەندێک لە فەیلەسوفە دیارەکان, هەندێک تیۆرى سیاسییان خستووەتەڕوو کە دژى پرەنسیپەکانى لیبراڵیزمن و ڕەنگە لەناویشیاندا بشێت ئاماژە بە ئەرستۆ بکەین…وەک ئاشکرایە ئەرستۆ لە یەکەمین کتێبى خۆی سیاسەتدا ئەرگۆمێنتى ئەوە دێنێتەوە کە چەندین جۆرى تایبەت لە لینکى سیاسى وەک خێزان, لادێ, شار(یان پۆلیس) بۆ فیترەت و سرووشتى مرۆڤەکان شتانێکى ڕووخسارەکى و عەرەزى نین بەڵکو بەشێوەیەکى لۆژیکى پێویستییەکى کەسایەتیین[3]». بە دەربڕینێکى تر دایڕێژینەوە, قەوارە سەروو-تاکەکەسى و بەکۆمەڵەکانى وەک خانەوادە و گوند و دەوڵەتشار, کۆمەڵێک قەوارە نین ڕووخسارەکى و ڕواڵەتى بن, بەڵکو بەشێوەیەکى جەوهەرى بەستراونەتەوە بە زات و کەسایەتیى مرۆڤەوە و چارەنوسى بەختەوەرییان پێوە بەندە. ئەرستۆ باسى ئەوە دەکات کە مرۆڤ هەر لەڕووى میتافیزیکییەوە بەجۆرێک هەڵشێلراوە کە بەدواى بەختەوەرىدا دەگەڕێت, ئەم بەختەوەرییەش بەستراوەتەوە بە قەوارەیەکى سەروو-تاکەکەسییەوە. لێرەوەیە کە «ئەرستۆ, لەپێشترێتى و ئەولەویەتى تاک پەسەندناکات, بەڵکو ئاماژە بەوە دەکات کە پۆڵیس(دەوڵەتشار-Polis) هەر بەزات دەکەوێتەپێش خێزان و تاکەتاکەى مرۆڤەکانەوە…لە دیدى ئەرستۆوە ئەولەویەتى دەوڵەتشار حەقیقەتێکى میتافیزیکییە, گشت(کل)یش هەر بەزەروورەت و ناچارى دەکەوێتە پێش بەش(جزء)ـەوە[4]». لاى ئەرستۆ دەبێت سیستەم و نەزمێکى سەرووتر لە تاک هەبێت تا بەختەوەریى تاک مسۆگەربکات. گەر تاک, بەش(جزء) بێت ئەوا کۆ و کۆمەڵ بریتیین لە گشت(کل), بەختەوەریى تاکیش بەغایەتى خۆى بەستراوەتەوە بە بەختەوەریى پۆڵیس و دەوڵەتشارەوە. ئەرستۆ لەوە زیاتر دەڕواتە پێشەوە و بەختەوەریى دەوڵەتشار بە کەمێک لە بەختەوەریى تاکەکەس دەزانێت. بەڵام لە لیبراڵیزمدا هەریەک لەو قەوارە سەروو-تاکەکەسییانە وەک چەمکێکى ئەبستراکت ڕەتدەکەنەوە کە تەنیا ناو یان چەمکێکە و هیچ بوونێکى واقیعیى لەسەر ئەرزى واقیعدا نیە. واتە ئەو زیادە(surplus)ـە چەمکایەتییە ڕەتدەکەنەوە کە دەشێت لەسەرووى کۆبوونەوەى تاکەکانەوە هەبێت. ئەرستۆ کە دەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە, دەڕژێتە ناو هەمان ستراتیژى سیاسیى خۆیەوە کە کۆمەڵایەتیبوون و بەختەوەرى بەجەوهەر بەستراون بەیەکترەوە. گەر لیبراڵەکان کۆمەڵێک مەرجى توند و بەربەستى ڕەخنەیی گەورە لەبەردەم دەوڵەتى لیبراڵى مۆدێرندا دادەنێن, کەچى «کاریگەریى دەوڵەتشارى ئەرستۆیى, لە دەوڵەتى لیبراڵ زیاترە[5]». دەوڵەتشار لاى ئەرستۆ دەستێوەردانى توند و ڕاستەوخۆى هەیە و بێلایەنى ڕەتدەکاتەوە, ئەو بێلایەنییەى کە لە دەوڵەتى لیبراڵدا بەئاشکرا دەرهەق بە کاروبارى تاک دەبینرێت. دەوڵەتى لیبراڵ زۆر هەقى بەسەر کاروبارى تاکەوە نیە و وەک ڕووبەرى ئازادى سەیریاندەکات, ئەویش بەو مەرجەى “چاکە”ـى ئەویتر نەبەزێنێت. دەوڵەتشارى ئەرستۆیى بۆیە هەیە چونکە تاکەکان هەروا خێروچاکەى خۆیان ناناسنەوە. لێرەوەیە جاروبار لیبراڵەکان هەڵدەکوتنە سەر سیاسەتى ئەرستۆیى و بە سیاسەتێکى دژەتاک و دژەمرۆیى دەناسێنن. گەر لە سیاسەتێکى ئەرستۆییدا تاکەکەس بەرکار و بەرەنجامى دەوڵەتەکە بێت, ئەوا لە سیاسەتى لیبراڵدا بانگەشەى ئەوە دەکرێت تاک سەرەنجام بکەر و بریکارە و دەتوانێت بڕیار و بەرپرسیارێتى و مەرامەکانى خۆى دەستنیشانبکات. گوایە لە سیاسەتى لیبراڵیدا, ئەو ملکەچییە زاتییە هەڵدەوەشێتەوە کە ئەرستۆ دەیداتەپاڵ هەندێک لە دانیشتوانى دەوڵەتشار. لێرەوە دیموکراسیى مۆدێرن دەبێتە خەسڵەتى باوى ناو نەریتى لیبراڵیزم(پێدەچێت لێرەشەوە بێت کە باسکردنى تاکگەرایى لە یۆناندا, جیاواز بێت لە تاکگەرایى ناو لیبراڵیزمى مۆدێرن).

فەلسەفەى لیبراڵى, وێڕاى ئەو مشتومڕانەى لەسەر ڕیزبەندییەکەى فەلسەفە و سیاسەت هەیە, کەچى لە سیاسەتى لیبراڵى جیانابێتەوە, بۆیە دەتوانین لە پێنج خاڵدا تایبەتمەندییەکانى لیبراڵیزم پوختکەینەوە: «(١) لەپێشترێتیى تاک: تاک, بە بنەڕەتییترین ڕەگەزى شیکردنەوە دادەنرێت لە تیۆرى سیاسییدا  (٢) تاکباوەڕیى ئەخلاقى: چاکەى هەر تاکێک لەڕووى ئەخلاقییەوە دەکەوێتە پێش چاکەى هەر گرووپێکەوە کە لە تاکەکان پێکهاتووە  (٣) سەربەخۆیى ئەخلاقى: ئەم مافە یاساى هەر تاکەکەسێکە کە خۆى هەڵێنجان و تێگەیشتنى بۆ چاکە دیاریبکات و هەڵبژێرێت و دواىبکەوێت. (٤) دەستێنەوەردانى سیاسى: چالاکیى دەوڵەت لە ڕێگرتن لە شوێنکەوتنى چاکەى تاکدا تەنیا لەو حاڵەتانەدا ڕەوایە کە کردەوەى تاکەکە ببێتە ڕێگر لەبەردەم شوێنکەوتنى ڕەواى چاکەى ئەویتردا.  (٥) بێلایەنیى سیاسى: حکومەت دەبێت لەو پرسانەى وا پەیوەستن بە ئەخلاقیاتى تاکەوە بێلایەن بێت, دەبێت لێگەڕێت خەڵک ئازاد بن بۆ ئەوە بژین, مادام زیان بە کەسێکى تر ناگەیەنن[6]». دیارە تایبەتمەندیى یەکەم, ئەپستمۆلۆژى-میتافیزیکییە و بەپێى لیبراڵیزم بەش(جزء) دەکەوێتە پێش گشت(کل)ـەوە. بەش کۆنکرێتییە و گشت وەهمییە. کۆ و گشت هەرچۆن بێت, ئەوا هێشتاش هەر ناتوانێت ماهیەتى تاک بگۆڕێت. بەپێى تایبەتمەندیى دووەم, پەیوەندیى بە پرسى بەها و ئەخلاقەوە هەیە و لە لیبراڵیزمدا ئەو باوەڕبەخۆبوونە بە تاک دەدرێت کە خۆى چاکە و خراپەى خۆى هەڵبژێرێت و زەمینەى هەڵبژاردنەکەشى بۆ بڕەخسێنرێت. تاک لێرەدا ئەو ئایدیایەیە کە چەمکى “چاکە”ـى تيا ڕووندەبێتەوە و تاک لەو چەمکە فەلسەفییە نزیکدەبێتەوە کە دەتوانین پێى‌بڵێین تاقانە(the singular), هەڵبەت تاقانەیەک کە لەبنەڕەتدا کۆمەڵى لێ پێکنایەت. بەپێى ئەم دوو تایبەتمەندییە و سیانەکەى دواتریش, تاک لەڕووى سیاسى و ئەخلاقییەوە ئەولەویەتى هەیە. 

بەشی پێنج

تاکگەرایى, لەبنەڕەتدا کرۆکى میتافیزیکى و بگرە ئۆنتۆلۆژیى لیبراڵیزمە. واتە, وجودى تاک دەکەوێتە پێش هەر وجودێکى بەکۆمەڵى دیکەوە. گەر بتەوێت لە جڤاتى مرۆیى تێبگەیت, ئەوا سەرەنجام یەک یەکە(unit)ت بۆ دەمێنێتەوە کە بریتییە لە تاک. کۆمەڵگا کۆبوونەوەى کۆمەڵێک تاک نیە کە لەسەر یەکدى هەڵچنرابن, بەڵکو هەرچەندە تاکەکان کۆکەیتەوە ئەوا یەکە بنەڕەتییەکە هەر تاک خۆیەتى. بەپێى پێناسە پەڕگیرەکەى جۆن ستیوارت میڵ بۆ تاکگەرایى: «مادام گەر تاکەکانیش کۆبکەینەوە و کەڵەکەیان بکەین و شتێکى بەجەوهەر نوێش درووستنەبێت, ئیدى کەواتە تاک شتێکى بنەڕەتییە نەک کۆ». میڵ وەک لیبراڵێک, تاک بە بوونێکى بنەڕەتییتر دەزانێت لە کۆ, چونکە ڕاستە کۆمەڵێک خەڵک لە کۆمەڵگادا کۆدەبنەوە و پێکەوەبوونێک درووستدەبێت, بەڵام لاى ئەو ئەم پێکەوەبوونە شتێکى زیاترى نەخستووە سەر پرەنسیپە ئەسڵەکە کە تاکە. واتە لەپاش قەرەباڵغییە مرۆییەکانیش, ئەوە تاکە وەک بنچینەیەکى ڕەسەن دەمێنێتەوە. “شتى نوێ” مەبەست لەو قەوارە نوێیەیە کە پاش کەڵەکەکردنى تاکەکان دێتەئاراوە, بەڵام لەجەوهەردا و بەپێى جۆن ستیوارت میڵ شتى وا مەحاڵە. ئاشکرایە تاک خۆى گەرچى وەک یەکەیەکى بچوک و تایبەت دەردەکەوێت, بەڵام هەر خۆیشى چەمکێکى گشتى و گشتەکییە: واتە چەمکێکە بەسەر ناوەڕۆکى وردتردا دابەشنەکراوە و نازانین مەبەست لە “تاک” چ جۆرە تاکێکە, کام ڕەگەزە, بیچمى چۆنە, هۆشى چەندە, سەر بە کام چین و پێگەیە و هتد. هێند نەبێت دەزانین مرۆڤێکە و تەواو, مرۆڤیش خۆى لەسەرەتادا ناوێکى گشتییە, چەمکێکى گشتییە و بۆ هەر بوونەوەرێکى سەر بەم توخمە بەکاردێت. کۆمەڵگاش دیسان هەر ناوێکى گشتى و چەمکێکى گشتییە و بەسەر پۆڵێنى تردا وردنەکراوەتەوە. بۆیە ڕەنگە زۆرێکمان لەسەرەتاوە حەکایەتى تاک و کۆمەڵ, وەک حەکایەتى مریشک و هێلکەکە وەرگرین کە نازانین هێلکە پێش مریشک دەکەوێت یان مریشک پێش هێلکە دەکەوێت- ئاخۆ تاک پێش کۆمەڵ دەکەوێت یان کۆمەڵ پێش تاک دەکەوێت. لێرەدا و بەر لەوەى بەخێرایى بەسەر ڕاى هەندێک لە لیبراڵەکانى تردا بڕۆین, چەند تێزێک دەخەینەڕوو سەبارەت بەوەى کە تاک و کۆمەڵ کامیان پێشدەکەون و پێشکەوتنەکەشیان چ جۆرە پەیوەندییەک لەنێوان ئەو دووانەدا درووستدەکات:

دیارە مەبەستمان لە کۆمەڵگا, پەیوەندیى کۆمەڵایەتییە. نەک ئەوەى کۆمەڵێک مرۆڤ هەڵڕێژینە شوێنێکەوە و ناوى کۆمەڵگا و کۆمەڵیان بەسەردا ببڕین. «پەیوەندیى کۆمەڵایەتییش, هەڵگرى مانا و تێگەیەکى تایبەتە و تەنیا بە هەبوونى ژیانێکى دەستەجەمعى ناگەین بە ژیانى کۆمەڵایەتى. بۆنمونە, درەختەکانى باخێک بەتەنیشت یەکترەوە دەڕوێن و سود لە یەک ئاووهەوا و مادەى خۆراکى وەردەگرن, و ئاسکەکانى گەلەئاسکێکیش پێکەوە دەلەوەڕن و هەڵدەقونن و شوێنى خۆیان دەگوازنەوە, بەڵام نە دارەکان و نە ئاسکەکانیش هیچکامیان ژیانى کۆمەڵایەتییان نیە و کۆمەڵگا پێکناهێنن. بەڵام ژیانى مرۆڤەکان کۆمەڵایەتییانەیە و لێرەوەیە کە پێویستییەکان و قازانجەکان و سودمەندبوونەکان و کاروچالاکییەکانى وى ماهیەتێکى کۆمەڵایەتیی هەیە…[1]». کۆمەڵگا, بەم پێیە, لە کۆمەڵێک پەیوەندیى مادى و نامادى پێکهاتووە کە وادەکات پاش کۆبوونەوەى تاکەکان ڕووداوێکى تازە بخولقێت و ئەو ڕووداوەش ناوى “کۆمەڵگا” بێت. لە فەلسەفەى ئیسلامییدا, دوو چەمک هەن, “چەمکە ئیعتیبارییەکان و چەمکە حەقیقییەکان”. لە فەلسەفەى خۆرئاواییشدا, هاوتاى ئەم چەمکانە دەدۆزینەوە بەڵام لێرەدا هێندە کارمان پێیەتى کە بەشێوەیەکى فۆرماڵ پەیوەندیى تاک و کۆ لەکۆمەڵگادا تێبگەین. چەمکە ئیعتیبارییەکان, چەمکانێکى گشتەکى و لەمسنەکراون و تەنیا لە زەیندا وەک پێدراوێکى لۆژیکى وەردەگیرێن. چەمکە حەقیقییەکانیش, ئەوانەن کە لە دونیاى بابەتییدا دەبینرێن و ئەزمووندەکرێن. گەر “سپێتى” چەمکێکى ئیعتیبارى بێت, ئەوا کراسى سپى چەمکێکى حەقیقییە. بۆیە دەپرسین تێکەڵبوون و کەڵەکەبوونى تاکەکان, چ جۆرە پەیوەندییەک درووستدەکات. لێرەدا[2] چوار ئەگەر تاوتوێدەکەین:

«یەکەم, کۆمەڵگا کە لە تاکەکان پێکهاتووە, پێکهاتە و لێکدراوێکى ئیعتیبارییە و ماهیەتى پێکهاتنەکەى حەقیقییە. واتە شتەکە بەو جۆرە نیە کە لە دونیاى سرووشتدا ڕوودەدات. بۆنمونە, پێکهاتنى کۆمەڵگا لە تاکەکان, وەک پێکهاتنى ئاو نیە کە لە دوو توخمى ئۆکسجین و هایدرۆجین پێکدێت. بۆیە کۆمەڵگا بوونێکى ڕەسەن و بابەتى و حەقیقیى نیە, بەڵکو بوونێکى ئیعتیبارى و ئەبستراکتى هەیە(تاکەکان تێیدا حەقیقیین و کۆمەڵگا خۆى وەک گشتێک, چەمکێکى گشتى و ئیعتیبارییە). واتە ئەوەى دەبینرێت و هەستى پێدەکرێت تاکە و کۆ تەنیا لە زەینماندا هەیە.

دووەم, پێکهاتنى کۆمەڵگا لە تاکەکان, پێکهاتەیەکى حەقیقییە, بەڵام وەک پێکهاتە سرووشتییەکان نیە, بەڵکو وەک پێکهاتە دەستکرد(و سەناعییەکان) وایە. پێکهاتەى دەستکرد, گەرچى وەک پێکهاتەى سرووشتى نیە, بەڵام زەینى و ئەبستراکتى ڕووتیش نیە, چونکە ئەو شوێنەوارەى پاش پێکەوەلکانى بەشەکانى(تاکەکانى) بەدەستدێت جیاوازە لەو شوێنەوارەى کە ئەو بەشانە و ئەو تاکانە بەتەنها هەیانە. ئەمەش تێزەکەى جۆن ستیوارت میڵ تێدەپەڕێنێت کە پێى‌وابوو پاش یەکگرتنى تاکەکان شتێکى نوێ و ئاسەوارى نوێ نایەتەئاراوە و تاک هەر بە تاکیى خۆى دەمێنێتەوە. لە پێکهاتەى سرووشتییدا, بەشەکان شوناسى خۆیان لەدەستنادەن و سەربەخۆیى ئاسەوارەکەى خۆیشیان هەر لەدەستنادەن, بەڵام لە پێکهاتەى دەستکرددا بەشەکان شوناسى خۆیان لەدەستنادەن بەڵام سەربەخۆیى ئاسەوارى خۆیان لەدەستدەدەن چونکە پاش یەکگرتنەکە ئاسەوارێک دێتەئاراوە کە جیایە لە ساتەوەختى پێش یەکگرتنەکە. پارچەکانى ئۆتۆمبێلێک پێش یەکگرتن و پاش یەکگرتنیش هەر سەربەخۆیی خۆیانیان هەیە و کارلێک ڕوونادات. بەڵام بۆ کۆمەڵگاى مرۆیی بەو جۆرە نیە.

سێیەم, پێکهاتنى کۆمەڵگا لە تاکەکان هەروەکو پێکهاتە حەقیقى و سرووشتییەکان وایە, بەڵام نەک پێکهاتەى لەشەکان و لەشى تاکەکان بەڵکو پێکهاتەى ڕۆحەکان, بیرەکان, هەستوسۆزەکان, ویستەکان و هتد. واتە پێکهاتەى کۆمەڵگا, لێکدان و پێکهاتەیەکى کەلتورییە نەک جەستەمەندانە و فیزیکى. باگراوەندى سرووشتیى مرۆڤەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەبێت و سەرمایەیەکى نوێى لێوەدێتەدەر. تاکەکان پاش ئەم جۆرە یەکگرتنە, “ڕۆحى دەستەجەمعى” پێکدێنن. مادام تاکەکان و بەشەکان کار لە یەکدى دەکەن و شوناسى نوێ دێتەئاراوە, ئەوا پێکهاتەیەکى سرووشتییە بەڵام گشتەکە خۆى حەقیقى و بەردەست نیە.

چوارەم, پێکهاتنى کۆمەڵگا لە تاکەکان, پێکهاتنێکى حەقیقییە و پێکهاتە سرووشتییەکان تێدەپەڕێنێت چونکە لە پێکهاتە سرووشتییەکاندا بەشەکان بەر لەوەى تێکەڵ بن و یەکبگرن کۆمەڵێک ئاسەوارى تایبەت بە خۆیانیان هەیە کە پاش یەکگرتن سەربەخۆیى خۆیان لەدەستدەدەن و وەردەگەڕێنە سەر واقیعێکى تر. بەڵام لە پێکهاتنى کۆمەڵگاى مرۆییدا, تاکەکان بەر لە پێکهاتنى کۆمەڵگا هیچ جۆرە شوناسێکى ئەوتۆیان نیە و لە کۆمەڵێک دەفرى بەتاڵ دەچن و تاکە توانست هەیانبێت توانستى مرۆڤبوونە. لێرەوە کۆمەڵناسى, دەکەوێتە پێش دەروونناسیى تاکەکانەوە».

تاکگەرایى, لە گریمانەى سەر بە خاڵى یەکەمدا خۆى چڕدەکاتەوە چونکە بەپێى ئەو گریمانەیە کۆمەڵگا بوونێکى حەقیقیى نیە و هەریەکە لە یاسا و نەریت و چارەنووس و زانین و هتدیش هەر بوونێکى ئیعتیبارییان هەیە. ئەوە تاکەکانن بوونێکى عەینى و بابەتییان هەیە و چارەنووسى هەر تاکێک لە سنورى ئەو تاکە خۆیدا قەتیسدەبێت. لەم هێڵکارییەى خوارەوەدا, سرووشت و سنورەکانى هەریەکە لە تاک و کۆ دەبینین: تاکگەرایى و کۆگەرایى.

          لیبراڵیزم وەک مێژوو, «ڕوانگەیەکی مۆدێرنە، وێڕای ئەوەی کە دەشێت هەندێ ڕووی لیبراڵیزم لەلای سۆفستاییەکانی یۆنانی کۆن بدۆزرێتەوە بەوەی کە بڕوایان وابوو دەوڵەت شتێكى سرووشتی نییە بەڵکو گرێبەستە. یاخود مرۆڤ پێوەرى هەموو شتە, یان هتد…». لە لیبراڵیزمدا تاک لە پەیوەندىدا بە دۆخى سرووشتى و گرێبەستى کۆمەڵایەتییەوە دەخوێنرێتەوە. تۆماس هۆبز(١٥٨٨-١٦٧٩), یەکێکە لەو لیبراڵە کەمتازۆر ڕەشبینانەى کە بەشداریى خۆى هەیە لە تاکگەرایى مۆدێرندا. بۆیەشە وتمان “ڕەشبین”, چونکە بڕواى بە ئازادى و سەربەخۆیى و تاکێتیى مرۆڤەکان هەیە بەڵام هەر ئەم تاکێتى و سەربەخۆییەشە وادەکات لە جەنگێکى شاراوەى هەموان دژى هەمواندا بن و سەرەنجام ناچاربن دەوڵەتێکى زەبەلاحى لیڤیتانئاسا بێننەئاراوە تا دۆخى سرووشتى تێپەڕێنن و چەشنى گورگ یەکدى هەڵنەدڕن. هۆبز, ئازادییەکى سرووشتى(و یەکسانییشى) دایەپاڵ مرۆڤەکان تاکو ڕەوایەتى وەربگرن دەستبدەنە هەر کارێک کە لە بوونەوەرەکانى تەنیشتى خۆیان دەیانپارێزێت[3]. ئەم دۆخى سرووشتییە لە دۆخى پێش‌شارستانیەت دەچێت لای فرۆید کە یاسا و سەرکوت و قەدەغە نەهاتووەتەئاراوە. زۆرجار لیبراڵیزمەکەى هۆبز, بە “لیبراڵیزمى ترس” ناودەبرێت. ئەگەرى جەنگى مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤ, ئەگەرێکى نوستووى بەردەوامە و وادەکات هۆبز زۆر گەشبین نەبێت. بۆیە ئەرکى دەوڵەتى لیبراڵ لاى هۆبز بە پلەى یەکەم سازکردنى ئاشتییە نەک خۆشگوزەرانى(دۆخێک کە ئەمڕۆش زلهێزەکانى وەک ئەمریکا و وڵاتانى تر وەک ستراتیژێک دەیگرنەبەر, بەڵام ئەمجارەیان لەژێر ناونیشانى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆردا). گەرچى زۆر ڕوانگە هەن تاکگەرایى لە خۆپەرستى جیادەکەنەوە, بەڵام دیدى هۆبز بەو ئاراستەیەدایە کە تاکەکان خۆپەرستن و تاکگەرایى بەزەروورەت سەردەکێشێت بۆ کێبڕکێى خراپەکارانە. تاکگەراییەکەى هۆبز, تاکگەراییەکى ئەتۆمى(یان گەردیلەیى)یە کە هەر تاکێک چەشنى ئەتۆمێکى تەنها بەدواى خۆسەپاندن و بەرژەوەندى و زاڵبووندایە بەسەر ئەوانیتردا و لەسەر حسێبى ئەوانیتر. تاکگەرایى لاى هۆبز, دەرەنجامى ناچارییانەى دژەکۆمەڵایەتیبوونى مرۆڤە. «هۆبز دەڵێت مرۆڤ بە زاتى خۆى خۆپەرستە و بەدواى دەسەڵاتدا دەگەڕێت. لەلایەکى تریشەوە دەڵێت مرۆڤ بەزات بەدواى ئاشتییدا دەگەڕێت. ئەم قسەیە لە زارى هۆبزەوە کە دەڵێت مرۆڤ گورگى مرۆڤە, سەرنجڕاکێشە. بەڵام ئەو ئاشتییەى وا هۆبز دەیخاتەڕوو شتێک نیە سەر بە بەها بێت, بەڵکو شتێکى ئامرازییە. مرۆڤ لە ترسى کوژرانى توندوتیژدا ئاشتییەکى لەم جۆرە قبوڵدەکات[4][واتە ئاشتییەکە خۆى لەبنەڕەتدا نیە, بەڵکو بەهۆى نەرێکردنى شتێکى ترەوە دێتەدى کە ترسە لە کوشتن]». بەڵام جۆن لۆک(١٦٣٢-١٧٠٤)ـى فەیلەسوفى ئینگڵیز, دیدێکى گەشبینانەترى بۆ مرۆڤ هەیە و تاکگەراییەکى سەر بە خاوەندارێتى دادەڕێژێت. بەپێى لۆک, هەرکەس بەپێى دۆخى سرووشتى تێدەگات خاوەنى خۆیەتى و ئەوانیتریش هەر خاوەنى کۆمەڵێک مافى سرووشتیى تایبەت بە خۆیانن. من خاوەنى خۆم و بیروباوەڕى خۆمم, بەڵام ئەو دەمەشى دەچمە خزمەتى ئەویترەوە, بە ڕەزامەندیى خۆم دەبێت. ئەوە “عەقڵ”ـە ئەم خاوەندارێتییە سرووشتییەى مرۆڤەکان دەرهەق بە خۆیان دەسەلمێنێت. عەقڵ, پێشوەختە و بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ ئەم درکە لە تاکەکاندا بێداردەکاتەوە. لاى لۆک, عەقڵ هێشتا بەتەواوى لە ڕەهەندى خودا پاکنەبووەتەوە و تاکەکان هەرکەس ڕاستەوخۆ لە پەیوەندىدایە بە خوداوە, بەڵام لیبراڵیزم دواى لۆک ئەم لینکەى تاک و خواوەند دەقرتێنێت. دۆخى سرووشتى(State of nature) لاى هەریەکە لە هۆبز و لۆکیش ئاماژەیە بۆ دۆخێکى گریمانەیی کە هێشتا پەیمانى کۆمەڵایەتى لەنێوان تاکەکاندا نەبەستراوە. دۆخێکە لە دەسپێکى پێش دەسپێکى کۆمەڵگا دەچێت. گەرچى ڕیشەکەى بۆ ڕیواقییە یۆنانییەکان دەگەڕێتەوە, بەڵام تێکڕا لەوەدا هاوبەشن کە هەندێک بنەماى سرووشتى و نەنوسراوەن و دەکەونە پێش دۆخى یاسا نوسراو و دانراوەکانەوە و پێشینەیەکى ئەخلاقى و عادیلانەن بۆ ئەو یاسا و ڕێکەوتنانەى کە دواتر لەنێوان مرۆڤەکاندا دادەڕێژرێت. دۆخى سرووشتى, دۆخێکە وەک سەمپتۆمێک لەپاش دۆخى مەدەنى و پەیمانى کۆمەڵایەتییش هەر دەمێنێتەوە, چونکە هەر ساتێک دەتوانین وێناى ئەوە بکەین گەر سەقامگیرى و لینکەکانى کۆمەڵگا قرتا, چى ڕوودەدات. بەڵام لاى هۆبز ئەم دۆخە تاریک و تراژیدییە, لاى لۆک‌یش عەقڵ بەشى ئەوە ڕووناککردنەوەى پێیە تێبگەین هەم خۆمان خاوەنى تاکێتى و مافە یەکسانەکانین و هەم ئەوانیتریش شایستەى ئەم مافانەن. لە دۆخى سرووشتییدا لاى لۆک گەرچى تاک دەسەڵاتێکى زۆریشى هەیە, بەڵام دێتە ناو دۆخى مەدەنییەوە و ڕەچاوى سەلامەتى و ماڵ و دارایى خۆى و ئەوانیتریش دەکات. جۆن لۆک لە تێزەنامیلکەیەکى وەک نامەیەک بۆ تێگەیشتنى مرۆڤ(An Essay Concerning Human Understanding) خۆى هەوڵێکى ڕۆشنگەرانەى ناو سەدەى حەڤدەیە کە جۆن لۆک نوسیویەتى و وشەى “مرۆڤ” لە ناونیشانەکەیدا بوێرییەکى ئەپستمۆلۆژیى گەورەى تیا بووە بۆ سەردەمى خۆى. دیارە لۆک کە ڕەهەندێکى دینى و بگرە هەڵاوێردگەراى جێندەرییشى هەبووە, لینکە باوکسالارى و باوانییەکان دەقرتێنێت و بۆچوونەکانى بۆ ئەودەم بناغەى تاکگەرایى لیبراڵیزم بوون. مێژوویەک لەودیوى تاکەوە, بۆى نیە تاک بکاتە خاوەنى خۆى. بەپێچەوانەوە ئەوە تاکە خۆى خاوەنى خۆیەتى و چەمکى “تاکگەرایى خاوەندارێتى” لاى لۆک تەواو تیۆریزەدەکرێت.

بەپێى لیبراڵیزم مەرجەعى بەها لە دەرەوەى تاکەوە دەگەڕێتەوە سەر تاک. بۆیە یەکێک لە گوزارە دیارەکانى ناو لیبراڵیزم, لە دەیڤید هیوم(١٧١١-١٧٧٦)ـەوە, کە فەیلەسوف و ئابوریناسێکى سکۆتلەندى بوو, وەرگیراوە. هیوم, پێى‌وابوو «بەهاکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن لە فاکتەکانەوە سەرچاوەبگرن…», واتە بەها (value) شتێکە دەبێت لە ویستى تاکەوە دەستپێبکات نەک لە فاکتەکانى وەک سرووشت و کۆمەڵگا و دین و کڵێساوە. بە واتایەکى تر, پێویستە لە «دەبێت و نابێت»ـەکانەوە دەستپێبکات نەک لە «هەیە و نیە» یان ئەمە وایە و ئەوە وایە-کانەوە. بەها شتێکە سازدەکرێت و فاکت و واقیعیەتەکانیش شتانێکن لە جێیەکى ترەوە دێن و خۆ بەسەر تاکدا دەسەپێنن. هیومیش چەشنى لۆک, کتێبێکى دیارى هەیە بەناوى تێزێک دەربارەى سرووشتى مرۆڤ کە دیسان زەمینەسازییە بۆ درککردنى مرۆڤ لەڕێگەى مرۆڤ خۆیەوە و ئەمەش لەپێناوى لەدایکبوونى تاکدا. ئەم کتێبەى هیوم, کە ناوەڕاستى سەدەى هەژدە بڵاودەبێتەوە و دەنگۆیەکى ئەوتۆ درووستناکات, بۆ ئەمڕۆش هەر گرنگە: چونکە ئەمڕۆش باس لە ئاوابوونى سوبێکت دەکرێت, بەڵام هیوم پێى‌وایە هەتا زانستێکى وەک ماتماتیکیش لە چاوى سوبێکتیڤانەى مرۆڤەوە بوون و ماناى هەیە. هیوم, لەم کتێبەدا هەر تێڕوانینێکى فیترى و خۆڕسک ڕەتدەکاتەوە و پێى‌وایە وێنا و تێڕوانینەکان هەموو کۆپیى کۆمەڵێک جێکەوت و ئینتیباعن. «لە دیدى هیومەوە, پێناچێت تەصەورێکمان هەبێت دەرهەق بە شتێک, کە سەرەتا ئینتیباع و جێکەوتێکى زەینییمان دەرهەق بەو شتە نەبووبێت[5]». ئەم جۆرە ئەزموونگەراییە, لاى لۆکیش هەیە کە قەڵەمڕەوى سەروو-ئەزموونى ڕەتدەکاتەوە و ئەمەش خۆى داننانە بە قەڵەمڕەوى مرۆڤ(تاک)دا بەو جۆرەى کە بوونەوەرێکى ئەزموونییە.  لیبراڵیزم, حەرەمى تاک وەک حەرەمێکى پارێزراو سەیردەکات کە بەرەنجامى لێبوردەیى و درککردنى ئەوانیترە. تاک ئازادە و لە بەربەستى دین و دەوڵەت و نەریت ئازادە. هاوکات تاک بە ئازادى, دین و وڵات و شوێنى نیشتەجێبوونى خۆى هەڵدەبژێرێت. ڕۆسۆ کە پێى‌وایە, تاک بە ئازادانە لەدایکدەبێت, پەیوەستدەبێت بە نەریتى لیبراڵیزمەوە. جاڕنامەى جیهانیى مافەکانى مرۆڤیش, لە درووشم و مادەکانى خۆیدا, بەڵگەنامەیەکە لە هەناوى لیبراڵیزمەوە هاتووەتەدەرێ. عەقڵ و ئەزموون, دوو چەمکى دەستى لیبراڵەکان بوون تا ڕەخنەى خورافاتى پێ بکەن, چونکە خورافات توانستە شاراوەکانى ناو تاکەکەس بەفیڕۆدەدات و ناهێڵێت دەرکەوێت. لیبراڵیزم لە پەرەسەندنى خۆیدا و لە سەدەى هەژدەیەمدا تێکەڵ بە بزووتنەوەى ڕۆشنگەرى دەبێت کە گوڕێک بە درووشمەکانى ئازادى و تاکگەرایى و عەقڵانیەت و هتد دەدات. شۆڕشى فەڕەنسییش, لەسەر زەویى واقیع, ئەم درووشمانەى بردە قۆناغێکى ترەوە.

بەشی شەش

لیبراڵیزم خۆى حەکایەتێکى خۆرئاواییە, کە ڕاستەوخۆ دژى کڵێسا دەکەوێتەوە و ناڕاستەوخۆش دژى دەرەبەگایەتى. لە کۆى گشتییشدا, تاکگەرایى یەکێکە لە ئوستورەکانى دونیاى مۆدێرن, ئوستورە بەو مانایەى کە فەنتازیایەکى گەورە دادەهێنرێتەوە بۆ مانادان بە سەردەمێک و پشت ڕەفتارى خەڵکى سەردەمێک. تاکگەرایى وەک ئوستورەیەکى مۆدێرن, لەگەڵ گەشەى سیستەمى سەرمایەدارىدا یەکتردەبڕن و خزمەت بە یەکدى دەکەن. سەرمایەدارى پێویستى بە تاکى کرێکارە, تاکێک کە تێیدا بازاڕ وەک دەستێکى شاراوە جێى خودا دەگرێتەوە. لە پرەنسیپێکى لیبراڵانەى وەک “هەرکەس بەپێى کارەکەى, کرێ وەردەگرێت”دا, ڕاناوى نادیارى هەرکەس دەلالەت لە جیاکردنەوەى کەسەکان دەکات لە یەکتر تا خزمەتەکەیان بە سیستەمى سەرمایەدارى بپێورێت. ڕاناوێک کە بەر لە لیبراڵیزم, مانایەکى ئەوتۆى نەبوو.

ئادەم سمیس(١٧٢٣-١٧٩٠), نوسەرى کتێبى “سامانى گەلان”, لەو ئابوریناسە مۆدێرنیستانەی سەرەتاى سەرمایەدارییە کە داکۆکى لە تاکگەراییەکى ئابورییانە دەکات. سمیس کە وەک لایەنگرێکى سەرەتایى “بازاڕى ئازاد” سەیردەکرێت, کەچى ئەو چەمکە لەسەردەمى ئەودا بابەتێکى پەتیى ئابورى نەبوو. ئەو ڕقێکى تیۆریى لە بازرگانە چاوچنۆکەکان و هاوکات دەستێوەردانى دەوڵەتیش هەبوو لە بازاڕدا, بۆیە لەم نێوانەدا دەیویست مەودایەک بۆ تاکى ئازاد و خاوەن دارایى بکاتەوە. گەر بەپێى چەمکى دۆخى سرووشتى باسى سمیس بکەین, ئەوا ئەویش دیسان بڕواى وایە مرۆڤ لە دۆخى سرووشتییدا بەپێى ئاڵوگۆڕێکى ئازادى ئابورییانە دەگاتە مافە سرووشتییەکانى خۆى. ئەو چەمکى ئازادیى سرووشتى(natural liberty) دادەهێنێت کە بەزات تایبەتە بە تاکەکەس و ئەرکى دەوڵەت لە دواتردا ئەوەیە سنورەکانى ئەم ئازادییە بپارێزێت, ئیدى لە هێرشى ناوەکى بێت یان دەرەکى. تاکەکان لە ئازادیى ئابورییەوە تاکایەتیى خۆیان دێننەدى و ئیشى حکومەت و دەوڵەت نیە ئەم ئازادییەیان لێ زەوت بکەن. بەپێى سمیس, دەبێت تاکەکان ئازادانە دواى بەرژەوەندییە کەسییەکانیان بکەون و ئەو سیستەمەى لە کۆبوونەوەى تاکەکان پێکهاتووە بەشێوەیەکى خۆڕێکخەر بەرژەوەندییەکانى وان دەپارێزێت. لە ئاستە هزرییەکەیدا, پەیوەندیى تاک و ئابورى, لە پرسى خاوەندارێتییەوە دێت کە لاى جۆن لۆکیش هەیە. کۆنکرێتییترین دارایى کە تاک ببێتە خاوەنى, داراییەکى مادییە. ئەم مادیبوونەش, کە لەگەڵ هاتنى سەرمایەدارىدا فۆرمێکى توندى ململانێ دێنێتەئاراوە, پێوەرێکە بۆ خۆسەلماندنى تاک. بەگشتى لاى لیبراڵە کۆن و تازەکان, تاک گەر هەژار بێت ئەوە کێشەکە لەویایە کە خۆى سودى لە دەرفەتە یەکسانەکان نەبینیوە. چونکە لە لیبراڵیزمدا بەگشتى, لەبرى دادپەروەرییەکى سۆسیالیستى, باس لە یەکسانیى دەرفەتە ئابورییەکان دەکرێت- شتێکى هاوشێوەى فەزاى ئازادى کێبڕکێ(وێڕاى ئەو ڕەخنانەى کە گوایە فەزاى لەم جۆرە وەهمى و فۆرماڵە). پێش سمیس, بەگشتى ئابورى لە بن کایەکانى وەک ئەخلاق و سیاسەت و فەلسەفەدا پۆڵێندەکرا, بەڵام سمیس هاوشان بە وەرچەرخانى ئابورییانەى مێژوو, ئابورى وەک ئەگەرێکى گەشەى تاک وەردەگرێت و دەیبەستێت بە دۆخە سرووشتییەکەى وییەوە. سمیس, ڕاستەوخۆ بەرگرى لە کێبڕکێى سەرمایەدارەکان ناکات وەک ئەوەى ڕەخنەى لێ دەگیرێت, بەڵکو داکۆکى لە فەزایەکى ئازاد دەکات تا ئەو جێیەى ململانێ وەرنەگەڕێتە سەر پاوانخوازى. لەلایەکى ترەوە, سمیس, ئازادیى تاک دەبەستێت بە هاوخەمییەوە لەگەڵ ئەوانیتر. «سمیس, بە ئیلهام‌وەرگرتن لە تۆماس هۆبز, کردەوەکانمان بە بەرەنجامى ئاڵۆش و خرۆشى ناوەکییمان دەزانێت, بەڵام بەپێچەوانەى هۆبزەوە جەخت لەسەر ترس ناکاتەوە [لە ئەوانیتر], ئەو “هاوخەمى” بە بزوێنەرێکى گرنگ دادەنێت. سمیس دەپرسێت: ئەوە چیە بەرەو هاوخەمى لەگەڵ ئەوانیتردا پاڵماندەنێت؟ وەڵامیش دەداتەوە کە هاوخەمیى ئەوانیترە لەگەڵ ئێمە…بەکورتییەکەى سمیس دوو ئایدیاى سەرەکیى هەیە بیڵێت: لە تیۆرى هەستوسۆزە ئەخلاقییەکاندا بڕواى وایە دەبینە هاوخەمى ئەوانیتر تا ئەوانیتریش ببنە هاوخەممان, لە کتێبى “سامانى گەلان”یشدا بڕواى وایە تاکەکان دواى بەرژەوەندیى تاکەکەسیى خۆیان دەکەون تاکو ئەمە سەربکێشێت بۆ چاکەى گشتى[1]». لێرەوە کۆشش و بەرژەوەندیى تاکەکەسى, دەلکێت بە چاکەخوازییەوە. هەڵبەت ئەمە جیایە لەو چاکەخوازییە کلاسیکەى کە دەکەوێتە پێش دۆخى لەدایکبوونى تاکەکەسەوە.

سودگەرایى(Utilitarianism), دۆکترین و تیۆرێکى سیاسیى ناو لیبراڵیزمى مۆدێرنە و یەک لەو ناوانەى لەگەڵ زاراوەکەدا دێت جێرمى بێنتام(١٧٤٨-١٨٣٢)ـى بیرمەندى ئینگڵیزەوە. بەپێى سودگەرایى, ئاکام و ئەنجامى کردارەکانى تاک بەهۆى بڕى سودى بەدەستهاتووەوە هەڵدەسەنگێنرێت. درووشمە ناودارەکەى سودگەرایى دەڵێت «زۆرترین سود بۆ زۆرترین تاک». لاى بێنتام, سود بەماهیەتى خۆى “چاک”ـە. سود واتە زیادکردنى چێژ و کەمکردنەوەى ژان. ئاشکرایە سودگەراییەکەى بێنتام, چەندایەتییە و جۆرێکە لە غایەتگەرایى- ئەوەى گرنگە پاکانەحیسابى کۆتایى و ئەنجامەکانە(لەکاتێکدا ستیوارت میڵ بە لیبراڵ سودگەرایەکى چۆنایەتى دادەنرێت و هۆبزیش بە سودگەرایەک دادەنرێت کە دەوڵەت وەک دەزگایەکى سودبەخش بۆ تاکەکان دادەنێت کە ئاسایشیان بۆ دابیندەکات). هەندێجار سودگەرایى بە ڕوانگەیەک دادەنرێت کە تاکگەراییەکەى لیبراڵیزم تێدەپەڕێنێت و چەمکى ماف(right) لە ناوەڕۆکەکەى بەتاڵدەکاتەوە, چونکە ئەوەى لەپێشترە سەلماندنى سود و خۆشگوزەرانییەکى ئۆبێکتیڤ و بابەتی و دەستەجەمعییە کە ماهیەتە زانستییەکەى دەکەوێتە پێش پابەندبوونێکى ئەخلاقیی بە پرەنسیپێکى وەک تاکێتییەوە. بەڵام هەرتک لەوەدا وێکدێنەوە کە حکومڕانى لەسەر بنەماى سودێکى ماتریاڵییە نەک ئیلاهى بە تاک.

ئیمانوێل کانت(١٧٢٤-١٨٠٤), سەربارى فرەڕەهەندى و ئاڵۆزیى فەلسەفەکەى, کەچى لە زۆر شوێندا و سەرەنجام دەچێتە بن خانەى لیبراڵیزمى کلاسیکەوە, بەتایبەت لەڕووى سیاسى و ئەخلاقییەوە. گەر بێنتام لیبراڵێکى سودگەراى غایەتگەرا بێت, کانت لیبراڵێکى ئەرکگەرایە. فەلسەفە ئەخلاقییەکەى ئەو لەسەر ئەرک ڕۆنراوە, ئەرک لەپێناوى ئەرکدا. ئەخلاقى تاک ئەرکگەرایە, چونکە لەژێر فشارى دەوڵەت و کڵێسا و خودا و سیستەمێکى ترەوە نایەت. ئەم مەرجدارکردنەى تاک لاى کانت, هاوکات بەخشینى ئازادى و ئۆتۆنۆمییشە بە تاک. لاى کانت, و لەوێوە کە پەیوەندیی بە تاکى عەقڵانیى ناو لیبراڵیزمەوە هەیە چەمکێکە بەناوى ئامانج لەخۆیدا(end-in-itself). بەپێى ئەم چەمکە مرۆڤ ئامراز نیە بۆ شتێکى تر, بەڵکو خۆى ئامانجى خۆیەتى و مرۆڤ خۆى لەخۆیدا بەهاى هەیە. کانت توێکارییەکى عەقڵانیى مرۆڤ دەکات و لەوێشەوە کێشە ئاڵۆزەکانى مێژووى بیرکردنەوە دەبەستێتەوە بە تاکەوە. تاک کێیە؟ «ئێمە بەتەنیا کۆمەڵێک بوونەوەر نین سەر بە ئارەزوو و عادەت و غەریزە بین, بەڵکو کۆمەڵێک بوونەوەرین کە تواناى سەربەخۆیى و پەسەندکردنى پرەنسیپە ئەخلاقییە گەردوونییەکانمان هەیە و دەتوانین لەسەر بنەماى ئەوانە بجووڵێینەوە چونکە ئەو پرەنسیپانە کۆمەڵێک پرەنسیپى ئەخلاقیى گەردوونیین. مادام عەقڵ کردەوەکانمان دەستنیشاندەکات نەک هێزێکى دەرەکى یان پێشهاتێکى ئەزموونى, ئەوا ئێمە ئۆتۆنۆم و ئازادین[2]». هەموومان وتارە بەناوبانگەکەى ئەومان بیستووە بەناوى “ڕۆشنگەرى چیە؟(١٧٨٤)”: کانت لە وەڵامى ئەوەى کە ڕۆشنگەرى چیە, دەنوسێت: «ڕۆشنگەرى دەرچوونى مرۆڤە لەو دۆخى مناڵییەى وا گوناهەکەى لە ئەستۆى خۆیەتى. مناڵى, واتە نەتوانیت تێگەیشتنى خۆت بەبێ ڕێنوێنیى ئەوانیتر بەکاربێنیت…درووشمى ڕۆشنگەرى ئەوەیە: بوێر بە و تێگەیشتنى خۆت بخەگەڕ!». کۆمەکى کانت بە لیبراڵیزم, دەرهێنانى تاکە لە مناڵى. بەدرێژایى مێژووى پێش مۆدێرن, مرۆڤ ئەو مناڵە بووە کە ئاسان خۆى داوەتە دەست هەیمەنەى لە خۆى گەورەترەوە تا بیرى بۆ بکەنەوە و ڕێنوێنیى بکەن. کانت وەهمى گەورەیى لە دەورى تاک دادەماڵێت. لاى کانت, بەتایبەت لەڕووى ئەپستمۆلۆژییەوە, ئێمە ناتوانین بگەینە سەر زاتى شتەکان(و دیوێک بەناوى نۆمینەوە دەمێنێتەوە), بەڵام ئەمە هەر سنوردارێتییە ناوەکییەکەى تاک خۆیەتى نەک ڕووبەرێکى پیرۆز بێت لە جێیەکى تر. بۆیە هەر ئەم خاڵە وادەکات مرۆڤ ئازاد و خۆڕاوەستاو بێت. کانتیش وەک ئەو لیبراڵانەى کە لەسەر چەمکى دۆخى سرووشتى ڕاوەستاون, ڕاوەستاوە. «…کانت یەکێکە لە برەوپێدەرانى لیبراڵیزم و یاسا/گوتارى مافەکانى مرۆڤ. بە لاى کانتەوە, وەک ئەوەى لە ئاشتیی هەمیشەییدا بەدیدەکرێت, مرۆڤەکان لە دۆخى سرووشتییدا ئەگەرى بەریەککەوتنیان زۆرە, بۆیە پێویستیان بەوەیە کۆمەڵگەیەکى مەدەنى بۆ خۆیان چێ بکەن. لەمەشەوە چوار جۆر دەوڵەت یان حوکمڕانى لێک جیادەکاتەوە. یەکیان یاسا و ئازادیی تێدایە, بەڵام هێز/دەسەڵاتى تێدا نییە, ئەمیان ئەنارکییە. دووەمیان یاسا و هێز/دەسەڵاتى تێدایە, بەڵام ئازادى نا, ئەمیان ستەمکارییە. سێیەمیان هێز/دەسەڵاتى تێدایە, بەڵام نە یاسا و نە ئازادیی تێدا نییە, ئەمیان بەربەریزمە. چوارەم و باشترینیان یاسا و هێز/دەسەڵات و ئازادییشى تێدایە, ئەمیان کۆمارە…دەکرێت لە زمانى کانتەوە باسى “سەربەخۆیى” مرۆڤەکان بکرێت وەک کۆمەڵێک پانتایى تایبەت, کە دەوڵەت نەتوانێت دەستیان تێ وەربدات و ئاراستەیان بکات…[3]». جاڕنامەى جیهانیی مافەکانى مرۆڤ, کە بیرخەرەوەى پرۆژەى ئاشتییە هەمیشەییەکەى کانتە, هاوکات جۆرێک لە داننانى نێودەوڵەتییە بە تاکدا لە چوارچێوەى کۆمەڵێک مادەى یاساییدا کە شکۆى وى دەپارێزێت.

هەروەها فۆن هایک یەکێکە لەو لیبراڵە دیارانەى کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەریى فەلسەفەى کانتدایە: 

 فریدریش فۆن هایک(١٨٩٩-١٩٩٢), یەکێکە لە لیبراڵە ئابوریناسە ناودارەکانى سەدەى بیست(و لەڕووى نەریتەوە هێشتاش سەر بە لیبراڵیزمى کلاسیکى سەدەى نۆزدەیە). هایک دژى مۆدێلە کۆگەراکانە و بەدیاریکراوییش لەسەر تۆتالیتاریزم دەوەستێت وەک مۆدێلێک کە تاکى تیا وندەبێت. بازاڕ لاى هایک «نەک هەر دەزگایەکى مۆدێرنە, بەڵکو دەزگایەکى گرنگى سەرتاسەرى شارستانیەتى مرۆڤیشە». ڕەنگە هایک مەسەلەى بازاڕ بخاتە دەرەوەى گۆڕانە مێژووییەکانەوە و وەک شتێکى سرووشتى وەریگرێت, بەڵام وەک شوێنى پراکتیزەبوونى ئازادیى تاکەکانیش سەیریدەکات. یاسا هەیە, بەڵام وەک سنورێکى نێگەتیڤ و ڕێگر تا بەوانیتر بڵێت “کەس بۆى نیە سنورى ئەویدى ببەزێنێت”. هایک هێشتا دژى دەستێوەردانى دەوڵەتە لە بازاڕدا, بۆیە ڕیشەى دەچێتەوە سەر ئەو لیبراڵیزمە کلاسیکەى کە دەبێت دەوڵەت کەمترین دەستێوەردانى هەبێت و زۆرترین ئازادى بۆ تاک جێبهێڵێت. هایک, داکۆکیى لە بەهاکانى لیبراڵیزمى کلاسیک دەکرد «وەک پێگە و شکۆى تاک, ئەولەویەتى ئەخلاقیى ئازادى, دیوە ئەرێنییەکانى بازاڕى ئازاد, زەروورەتى سنوردارکردنى حکومەت لەڕێى یاساوە». ئەو ئازادییە تاکەکەسییەى کە هایک داکۆکیى لێ دەکرد, «زادەى یاسایە و لە دەرەوەى کۆمەڵگاى مەدەنییەوە ناتوانێت هەبێت». سەرەنجام, هایک دوو جۆر لە تاکگەرایى درۆیینە و ڕاستەقینە لێکجیادەکاتەوە و ڕەخنەى هەردووکى دەکات[4]: نۆمینالیزمى فەلسەفى و ڕیالیزمى فەلسەفى هەن, هەردووکیشیان دوو دید بۆ پەیوەندیى تاک و کۆمەڵگا دەخەنەڕوو. لاى نۆمینالیزمى فەلسەفى, کۆمەڵگا تەنیا ناوێکە, چەمکێکى بەتاڵە و بوونێکى واقیعى و دەرەکیى نیە, تێگەیەکە بەرهەمى زەینى مرۆڤ خۆیەتى بۆ ئەوەى دونیا لە زەینى خۆیدا ڕێکخات. لەبەرامبەردا, ڕیالیزمى فەلسەفییش هەیە کە پێیانوابوو ئەو چەمکانەى بەکاریاندەهێنین بوونێکى واقیعییان هەیە. بەپێى هایک, ڕیالیزمە فەلسەفییەکە برەو بە تاکگەراییەکى درۆیینە دەدات و تاک دەکاتە قوربانیى کۆمەڵ. کۆ دەشێت هەبێت, بەس تەنیا وێنایەکى زەینییە و لیبراڵەکان باوەڕ بە واقیعیبوونەکەى ناهێنن. هێند هەیە ئامرازێکى تیۆرى و تەجریدییە و هیچى تر. بۆیەشە لە لیبراڵیزمى سەدەى نۆزدە و بگرە بیستیشدا, تاک بەجۆرێک لە جۆرەکان دەلکێنرێت بە ئایدیاى کۆمەڵگاوە. بەڵام ئەمە هێشتا بە ماناى کۆگەرایى نیە, بە ماناى ئەولەویەتى کۆ نیە بەسەر تاکدا. زۆر بۆچوونیش هەن بیرى هایک بە سەرەتاکانى نیولیبراڵیزم دەزانن کە کۆمەڵگا بەسەر لۆژیکێکدا دابەشدەکات کە جگە لە تاکێکى ئابورى هیچى تر بوونى نیە. لە نیولیبراڵیزمدا, تاک لە خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکانى کەرتى گشتى بێبەشدەبێت و دەبێت ملکەچى مەرجەکانى کەرتى تایبەت و کۆمپانیاکان ببێت.

سەرچاوە:

کێشەی تاک، نووسین وەلید عومەر. لە بڵاوکراوەکانی ئازادبوون