رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ جودیس باتلەر

Facebook
Twitter
LinkedIn

وتوێژی سیلڤیا ماریمۆن لەگەڵ جودیس باتلەر بە بۆنە وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کەتەلۆنیاوە ٢٠٢١

سازدان: سیلڤیا ماریمۆن

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

Download PDF

جودیس باتلەر فەیلەسووف و تیۆریستێکی بواری جێندەریی ئەمریکییە، کە کارەکانی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بوارەکانی فەلسەفەی سیاسی، ئێتیک، شەپۆلی سێیەمی فێمێنیزم و تیۆری ئەدەبی هەبووە. سێ دەیە لەمەوبەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبی ‘کێشەکانی جێندەر (١٩٩٠)‘ چەندین ئاسۆی نوێی بە ڕووی تیۆریی جێندەر و فێمێنیزم ئاوەڵا کرد. باتلەر ساڵی ١٩٩٣ بووە مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی کالیفۆرنیا و زانکۆی بێرکلی. لە ئێستادا یەکێکە لە ڕووخسارە دیارەکانی فەلسەفەی سیاسی و تیۆری جێندەری لە جیهاندا.

پرسیار: جەنگ دیاردەیەکی دووبارەبووەوەی مێژووە. لە ئێستادا لە ئۆکرانیا و چەندین ناوچەی دیکە کە کەمتر سەرنجیان لەسەر جەنگ لەئارادایە. چۆن دەتوانین خەبات بکەین لەپێناو [ڕووبەڕووبوونەوەی] ئەگەرییەکانی جەنگ و ڕەوایەتیدان بە جەنگ؟

جودیس باتلەر: وەک دەستپێک پرسیارێکی زۆر باشە. پێم وا نییە پوتین گرنگی بەوەدا بدات ڕەوایەتی بە جەنگ بدات یاخود نا. ڕەنگە پوتین بڵێت کەی بخوازێت دەتوانێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت، جا بە هەر هۆکارێک بێت و سەرپێچیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە هەر هەوڵێک کە بیانەوێت پوتین بوەستێنن. بێگومان کێشەکە ئەوەیە چۆن کەسێک دەوەستێنیت کە دەیەوێت هێز و چەکی کوشندە بەرانبەر خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بەکار بهێنێت تاوەکو بتوانێت بە ئامانجەکانی بگات. دەتوانین هەر ناوچە و شوێنێکی دیکە کە ئەمەی تێدا ڕوو دەدات بە جیا وەریبگرین، بەڵام جەنگەکەی پوتین زۆر مەترسیدارە، چونکە ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەکوژێت و ژمارەیەکی زۆر پەنابەر دروست دەکات. پێم وایە زۆر زەحمەتە لە ڕێگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە یاخود لە ڕێگەی ڕێساکانی جەنگەوە ڕێگریی لێ بکرێت، چونکە ئەو گاڵتەی بەو یاسا و ڕێسایانە دێت و گرنگییان پێ نادات. کەواتە جەنگەکەی هیچ شەرعیەتێکی نییە، بەڵکو بۆ چێژی خۆی جەنگ هەڵدەگیرسێنێت. بێگومان دەتوانێت بیانوو و هۆکار بهێنێتەوە: بڕوای وایە ناتۆ (NATO) لە شێوەی ئیمپریالیستی بەرەو پێشەوە هاتووە و پێشکەوتووە، بڕوای وایە هاوپەیمانێتیی ئۆکرانیا لەگەڵ ناتۆ، هەژموون و کاریگەریی ئەورووپا و ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست دەکات و هێواش هێواش ڕۆحی ڕووسیا لەناو دەبات؛ ئەو بەها سوونەتییەکان و بەها ڕووسییەکان دەپارێزێت، هەروەها بەها باوکسالارییەکان. لانی کەم ئەمانە ئەو هۆکارانە کە پوتین دەیخاتە ڕوو، هەروەها گرنگە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە ئەو پرسی فێمێنیزم و LGBTQ و بابەتە جێندەرییەکانی وەک پرسی ئاسایشی نیشتیمانیی داناوە، وەک ئەوەی ئاسایشی ڕووسیا بەم بابەتانە و لەژێر کاریگەریی خۆرئاوا لەناو بچێت. بێگومان لە زیهنی ئەودا خێزانی باوکسالاری و دەسەڵاتی دەوڵەتی باوکسالارییانە لەناو چووە.

پرسیار: جەنگ پەیوەندیی بەوەوە هەیە کێ دەسەڵاتی هەیە و چۆن بەکاری دەهێنێت. ئایا زۆر زەحمەتە دژ بەم ڕێبەرە دەسەڵاتدارانە بجەنگین؟

باتلەر: ئێمە بناغەیەکی حکومڕانیی سیاسەتی جیهانیمان نییە. هیوادارم لەناو ڕووسیادا بزووتنەوەی دیموکراسی هەبێت و خودی خەڵک جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە ئەوان ئەم جەنگەیان ناوێت و دژی ئەم جەنگەن، بەڵکو ئەرکی زۆر زیاتریان لە حکومەت دەوێت بۆ وڵاتەکەیان. هیوادارم سووپای ڕووسیا هەڵبوەشێتەوە یاخود سووپا ئەم جەنگە ڕەت بکاتەوە و بە شێوەی شۆڕشێکی نەرم چەکەکانی دابنێت. ئەگەر وا بێت شتێکی جوان نابێت؟ بەڵام دەزانیت خەڵک پێم دەڵێن کە من زۆر سادە و ساویلکەم، کەسێکی زۆر ناواقیعیم. لە وەڵامدا دەڵێم بەڵێ، بەڵام زۆر جوان دەبێت ئەگەر ئەم ئایدیایە، ئەم ئایدیا ناواقیعییە ببێتە شتێکی گشتی، وا نییە؟ هەندێک جار زۆر واقیعی و ستراتیژییانە دەبین و ئەوەمان لەبیر دەچێتەوە کە ئایدیا هەیە. پێویستە ئارەزووی ناواقیعی بکەین، دەبێت ئەم ناواقیعییە بخەینە زینهمانەوە.

پرسیار: لە ئێستادا دەسەڵاتخوازی و ڕاستڕەویی توندڕەو لە سەرهەڵداندان. ئایا لە ساتەوەختێکی ترسناکدا ناژین؟

باتلەر: بەڵێ، ئێمە لە بارودۆخێکی پڕ مەترسیداین و چەندین فۆڕم و شێوەی دەسەڵاتخوازی دەبینین. ئێمە هێزی پوتین، ئۆربان[1] و ڕژێمی ئۆتۆتاریی بیلاڕوس، تورکیا و بەڕازیل بەدی دەکەین.

پرسیار: و لە فەڕەنسادا لە ٪٤٠ـی دەنگەکان بۆ ماری لو پێن[2] چوو.

باتلەر: بەڵێ، من پێشووتر سەبارەت بەم بابەتە لێکۆڵینەوەم کرد، چونکە زۆرینەی هاوڕێکانم دەنگیان نەدابوو، ٪٢٣ـی خەڵک دەنگی نەدابوو. ئێستا دەزانین ئەگەر خەڵک بیەوێت دەشێت دیموکراسی لەناو بچێت. دەڵێن کەسێکی فاشیستمان دەوێت، دەسەڵاتخوازێکمان دەوێت. کەسێک یاخود ڕژێمێک کە بەها بنەڕەتییەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، لە دراوسێ و بێگانەکان، لە ئابووریی ناجێگیر بمانپارێزێت. ئەم جۆرە فانتازیایانەی باڵی ڕاستڕەو ڕێگە بۆ فاشیستەکان خۆش دەکەن تا بێنە سەر دەسەڵات، هەر بۆیە باڵی چەپڕەو پێویستی بە خەیاڵێکی زۆر بەهێز هەیە، چونکە فانتازیایەکی بەهێزی ڕێکخستنەوەی نەزمیان هەیە و ئێمەش پێویستیمان بە خەیاڵێکی زۆر بەهێز هەیە.

پرسیار: هیچ ئاماژەیەک دەبینیت کە ئەم خەیاڵە بوونی هەبێت؟

باتلەر: بەڵێ، بەتایبەتی لەناو بزووتنەوەی فێمێنیستیدا بەدیی دەکەم. کاتێک لە ئەرجەنتین، شیلی، کۆستاریکا و مەکسیک بووم… چەندین بزووتنەوەی فێمێنیستیم بینی کە ئەو توانایەیان هەبوو جەماوەر بجووڵێنن. ئەم بزووتنەوانە خەڵکیان دەڕژاندە سەر شەقام. ئەو خەڵکانەی ماڵ و کارەکانیان جێ هێشتبوو، ئەو کەسانە بوون کە دەیانەویست کۆتایی بە توندوتیژی دژ بە ژنان و دەسەڵاتخوازی بهێنن. گەلی چیلی کاندیدێکی دیموکراتیی ڕادیکاڵیان هەڵبژاردووە کە پەیمانی لەگەڵ فێمێنیزم و LGTBIQ بەستووە. پێویستە بڕوانینە چیلی و لە خۆمان بپرسین چۆن ئەم کارەیان ئەنجام دا.

پرسیار: بەڵام هەموو ئەم خەڵککۆکردنەوە و خەڵکهێنانە سەر شەقام کاتییە. دەتوانن چ شتێک بگۆڕن؟

باتلەر: هەموو خەباتەکان کاتین، بەڵام لەپێناو دیموکراسیدا زۆر زەروورن. کاتێک دەبینیت دیموکراسی لەژێر هەڕەشەدایە، پێویستە دووبارە و دووبارە لەپێناویدا بجەنگیت. ئەنگێلا داڤیز، شانتال موفێ وا دەڵێن… دەڵێن دیموکراسی بریتییە لە خەباتێکی بەردەوام. دیموکراسی هەلومەرجێک نییە کە بەدەستی بهێنیت و ئیدی پاڵی لێ بدەیتەوە. هەرگیز ناتوانێت لێی دڵنیا بیتەوە. پێویستە خەبات بکەیت و بتوانیت هەڕەشەکانی سەر دیموکراسی بناسیتەوە تاوەکو بتوانیت لەگەڵیاندا بجەنگیت. لە ئێستادا گرووپی نوێی دەسەڵاتخوازی هەیە کە سوود لە نائارامی، کۆچ، گۆڕانە دیموگرافییەکان، پێکهاتەکانی خێزان، پەیوەندییە جێندەرییەکان… وەردەگرن. دەبێت ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە کە بەرانبەری بوەستینەوە. وەک چۆن لە ئەرجەنتین گەلی نی ئونا مێنۆس ئەو کارە دەکەن.

پرسیار: پێت وایە ئەم بەها فێمێنیستییانە دەتوانن دیموکراسییەکی تەواوەتیمان پێ ببەخشن؟

باتلەر: پێم وایە یەکێک لە بەها سەرەکییەکانی ئەندێشە فێمێنیستی و پراکتیزەی فێمێنیستی بریتییە لە ئایدیای سەربەخۆیی. ئایدیای تاکگەرایی هەمیشە ئایدۆلۆجییەکی نێرانە بووە. هەروەها پێشم وایە فێمێنیستەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ کاریان کردووە تاوەکو بیر لەوە بکەنەوە چۆنچۆنی گرنگی بە یەکتر بدەین. چۆن پەیوەستین بە یەکترەوە؟ هەروەها پێویستیمان بە چ جۆرە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە کە گرنگی بە بواری تەندروستی بدات، داهات بخاتە ڕوو، ئەم زەوییەی کە لەسەری دەژین نابێت بە هۆی پیسبوونی ژینگە و گەندەڵییەوە لەناو بچێت.

پرسیار: پیشووتر ئاماژەت بە قەیرانی پەنابەری کرد. ئەو هاوخەمییەی بەرانبەر خەڵکی ئۆکرانیا پیشان درا گرنگ بوو، بەڵام هەمان هاوخەمی و پشتگیری لە پەنابەرانی وڵاتانی دیکە نەکرا. چۆن بیر لەمە دەکەیتەوە؟

باتلەر: هەموان ستایشی پۆڵندایان کرد کە بەخێرهاتنی خەڵکی ئۆکرانیای کرد، بەڵام هەمان پۆڵندا سنوورەکانی بە ڕووی خەڵکی ئەفغانستان و سووریادا داخست. گەی، لیسبیەن و ترانسجێندەرەکانی جیا کردووەتەوە. هەندێک جار وڵاتێک کارێکی دروست ئەنجام دەدات لە کاتێکدا خەریکی پەیڕەوکردنی نادادپەروەرییە. ئەوان بڕوایان بە کۆچبەری باش و کۆچبەری خراپ هەیە و کۆچبەرە باشەکان ئەوانەن کە لە پۆڵەندییەکان دەچن. بۆ نموونە ئێمە دەزانین کۆچبەرە ئەفغانییەکان بە شێوەیەکی زۆر خراپ لە سەرتاسەری یەکێتیی ئەورووپا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. لە وڵاتی ئەڵمانیادا شوێنی پێشوازیکردن لە ئۆکرانییەکان جیاوازە. ئایا ئەمە چینایەتیی ڕەگەزی نییە؟ چینایەتیی نەتەوەیی؟ پێویستە زیاتر وریا بین و لە خۆمان بپرسین ئایا تەنها پەناگە و شوێنی نیشتەجێبوون تەنها بۆ هەندێک کەسە، ئایا ژیانی خەڵکی [هەندێک نەتەوە] لە ژیانی نەتەوەکانی تر گرنگترە و دەبێت فەرامۆش بکرێن. ئەم نایەکسانییە دەبێت وامان لێ بکات دووبارە بیر لە سیاسەتەکانمان بکەینەوە بەرانبەر پەنابەران. ئەگەر ئەم جەنگە درێژە بکێشێت ئیدی هیچ شتێک گرنگ نامێنێتەوە، کەواتە بیرکردنەوەیەکی دادپەروەرانەی ڕاستەوینە بەرانبەر سیاسەتی جیهان پێویستە.

پرسیار: گفتوگۆیەکی کراوە هەیە لەمەڕ ئەوەی ژنبوون بە چ واتایەک دێت و ئەم کاتیگۆرییە لە چی پێک هاتووە، بەڵام ڕەنگە زۆر لە بارەی ئەڵتەرناتیڤی نێرێتییەوە لێکۆڵینەوە نەکرابێت.

باتلەر: پێم وایە هەندێک لە فێمێنیستەکان ئەو پرسیارەیان دروست کردووە کە کێ دەتوانێت بانگەشەی ژنبوون بکات. هەروەها ئەوانەی گومانیان لە ڕەوتی مافی ژنان هەیە وا بیر دەکەنەوە کە ترانسژن، ژن نین بەو شێوەیەی ژنێک کە لە ژنێک لەدایک دەبێت؛ هەروەها خەمی دروستکردنی کاتیگۆرییەکی زۆر تایبەتییانە. پێم وایە ئەوەی ئەرکی ئێمەیە وەکو فێمێنیست، ئەوەیە کە کاتیگۆرییەکان فراوانتر بکەین. گفتوگۆیەکی زۆر سەبارەت بە نێرێتی هەیە، ترانسپیاو و ئەوانەی بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆیان بە ترانسنێر دەزانن، ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت پێویستە ئەمانە ڕاست بکرێنەوە و بگەڕێنەوە سەر جێندەرە دروستەکەی خۆیان لە ڕێگەی توندوتیژی و دەستدرێژییەوە. ئەوان ملکەچی پاتۆلۆژیستین. واتا پێویستە بیر لەو شێوە ئاڵۆزانە بکەینەوە کە چۆن ئەو جێندەرانەی لەگەڵ خەڵک ناگونجێن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: دەتوانیت لە کوێ بژیت؟ لە کوێ دادەمەزرێیت؟ چ شەقامگەل و جادەیەک هەیە کە هەرگیز ناتوانیت پێیدا بڕۆیت؟ ئایا حکومەتەکەت بە چی ناوت دەهێنێت؟ ئایا تاوانباریت؟ کەواتە ئەمانە پرسی بنچینەیی ئازادی و یەکسانیمانە.

پرسیار: چۆن دەتوانرێت ئازادی و یەکسانیی ئەم خەڵکانە بپارێزرێت؟ لە ڕێگەی یاسادانانەوە یاخود لە ڕێگەی کەرتی پەروەردەوە؟

باتلەر: پێم وایە پێویستیمان بە پارێزگارییەکی بەهێزی یاسایی دژ بە توندوتیژی هەیە، چونکە یەکەم: ئەوە یەکێکە لە ڕێگەکانی مەعریفە سەبارەت بە توندوتیژی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی، دووەم: پێویستە دژایەتی بکرێت و بوەستێنرێت، تا ئەوەی توندوتیژی لەو جیهانەی کە دەمانەوێت تێیدا بژین نەمێنێت. کەواتە بەڵێ دەبێت لەسەر هەموو ئاستەکاندا ڕووبەڕووی ببینەوە، لە ڕێی پەروەردەوە، دامەزراوە ئایینییەکان، کولتووری عەوام و کەرتی تەندروستییەوە.

پرسیار: پێت وایە ڕێی تێدەچێت بڕوا بەوە بهێنین دامەزراوە ئایینییەکان کە تەنانەت زۆر جار بە شێوەیەکی توندوتیژانە بەرگری لە خێزانی سوونەتی دەکەن، بتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن؟

باتلەر: بەڕاستی پێویستیمان بە کڵێسا و کۆمەڵگە ئایینییەکانە ببن بە بەشێک لە پڕۆسەکە. زۆربەی کات باڵی ڕاستڕەو بانگەشەی ئەوە دەکاتە کە نوێنەرایەتیی مەسیحیەت دەکات، بەڵام مەسیحیەت وەکو یەهوودی و ئیسلام زۆر ئاڵۆزە، هەروەها ئۆرتۆدۆکسی نوێنەرایەتیی یەهوودییەت ناکات و ئیسلامییەکان نوێنەرایەتیی هەموو ئیسلام ناکەن و باڵی ڕاستڕەوی مەسیحییش نوێنەرایەتیی هەموو مەسیحیەت ناکات. پێویستە لەوەوە دەست پێ بکەین و ئەو پرسیارە بکەین: چۆن گرنگی بە منداڵان بدەین؟ چۆن گرنگی بە گەنجان بدەین؟ چۆن ژینگەیەکی زیاتر مرۆڤانە دروست بکەین؟ چۆن بتوانین ڕێز لە ئاڵۆزییەکانی سێکسواڵیتەی مرۆڤ بگرین لە جیهاندا بەرجەستەی بکەین؟ من لەم بارەیەوە زۆر گفتوگۆم کردووە، تێناگەم بۆچی ئەمە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر خێزانی سوونەتی. هەڕەشەکە لە چیدایە؟ تەنها لەبەر ئەوەی دراوسێکەت لە خۆت ناچێت بەو واتایە نایەت کە تۆ ناتوانیت ببیتە خاوەن خێزانێکی سوونەتی. من هەرگیز نەمگوتووە کە دەبێت خێزانی سوونەتی لەناو بچێت، بەڵکو گوتوومە ببە خاوەنی ئەو شتەی پێویستتە و ئەو کەسەی دەتەوێت خۆشت بوێت، بەڵام تۆ نوێنەرایەتیی هەموو مرۆڤایەتی یاخود خودا و سروشت ناکەیت.

پرسیار: زۆر جار فێمێنیزم تۆمەتبار دەکرێت بەوەی دەستی هەیە لە دروستکردنی شێوەی نوێی لەڕێدەرچوون؟

باتلەر: بزووتنەوەی فێمێنیستی هەمیشە بزووتنەوەیەک بووە کە لەناو خۆیدا ڕەخنە هەبووە. کێ ژنە؟ کێ بە ژن حساب دەکرێت؟ ئایا ئەمە بزووتنەوەیەکی ژنانی سپیپێستە؟ ئایا ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ ژنانی چینی کرێکاردا کار دەکات؟ ئایا تایبەتە بە ناوچەیەکی دیاریکراو؟ ئایا بزووتنەوەیەکە سەر بە ئەمریکای باکوور؟ ئایا ئەورووپییە؟ ئایا تایبەتە بە نوخبەکان؟ دەتوانین هەموو ئەم پرسیارانە بکەین. ئایا بزووتنەوەیەکی لیبڕاڵە؟ ئایا بەشێکە لە بازاڕی کاپیتاڵیزم؟ بەهێزترین فۆڕمەکانی فێمێنیزم ئەوانەن کە دەزانن چۆنایی بە جۆشوخرۆش، هاوخەمی و بەربەرەکانێوە پەیوەست بن. داهاتووی بزووتنەوەی فێمێنیزم بەندە بە توانستی بەردەوامیی بەرهەمهێنانی بەهێزتر و هاوخەمیی شۆکهێنەرانە، لەودیو ناوچە و چینەوە. پێم وایە ئەو کەسانەی فێمێنیزم بە شوناسخوازی دادەنێن، لەوانەیە ئاڵۆزی و شێوە جۆراوجۆرەکانی فێمێنیزمیان نەخوێندبێتەوە. وای بۆ دەچم بزووتنەوەی فێمێنیستی وەک یەکێک لە داینامیکیترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی ئێمە دەمێنێتەوە.

سەرچاوە:

https://en.ara.cat/culture/am-hopeful-that-the-russian-army-will-lay-down-its-arms_128_4353851.html.


[1]  ڤیکتۆر ئۆربان: سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا.

[2] ژنە سیاسەتمەداری فەڕەنسی کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٢، ٢٠١٧ و ٢٠٢٢ خۆی هەڵبژاردبوو.کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٢، ٢٠١٧ و ٢٠٢٢ خۆی هەڵبژاردبوو.