رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ ئیمێل سیوران

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: جیسۆن وایس

وەرگێڕان: فیراز فەرهاد

Download PDF

ئیمێل سیوران فەیلەسووف و نووسەری ڕۆمانیایی زیاتر بە هۆی کارە ئەدەبی و شانۆنامەکانییەوە کەوتە سەر زاران، تاکوو تێزە فەلسەفییەکانی. زۆر کەس سیوران بە بێکت بەراورد دەکەن و ڕوانگە فەلسەفییەکانیشی بەنزیک لە بوونگەراکان دادەنێن. سیوران لەم وتووێژەدا ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە دەدات فەلسەفە هێندەی ئەدەبیات کۆمەکی بەو نەکردووە و بوونی دەوڵەمەند نەکردووە. ئەم وتووێژەی خوارەوە بەشێکە لە وتووێژێکی درێژی جیسۆن وایسی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی لەگەڵ ئیمێل سیوراندا.

گوتبووت کە سارتەر و ئەوانی تر بە بەکارهێانی شێوازی گوتار (Discourse)ی ئەڵمانی، زیانیان بە زمانی فەلسەفە گەیاندووە. دەکرێت کەمێک لەم بارەیەوە بدوێیت؟

باشە، سەرەتا دەبێت بڵێم خودی خۆشم کە گەنج بووم زۆر لەژێر کاریگەریی چەمک و دەستەواژە ئەڵمانییەکاندا بووم. پێم وا بوو فەلسەفە شتێک نییە بۆ هەمووان قابیلی دەست پێ ڕاگەیشتن بێت. لە ڕاستیدا پێم وا بوو بازنەیەکی داخراوە و نرخی چوونە ناو ئەو بازنەیەش بەکارهێنانی کۆمەڵێک چەمکی ئەکادیمیی ئاڵۆز و دروستکراوە. بەڵام بەرەبەرە لەم ڕووە فریودەرەی ئەم زمانە فەلسەفییە تێگەیشتم. ڤالێری ئەو نووسەرە بوو وای کرد بەم دەرەنجامە بگەم. ڤالێری گەرچی فەیلەسووف نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیدار بوو بە فەلسەفەوە؛ بە زمانێکی سادە و بێ‌گرێوگۆڵ دەینووسی و ترسی لە زمانی فەلسەفی هەبوو. چەمک و دەستەواژە فەلسەفییەکان جۆرە غرورێک و هەستێکی باڵاترت پێ دەدەن لە بەرانبەر ئەوانی تردا. غروری فەلسەفی خراپترین شتێکە کە بوونی هەیە و زۆریش تەشەناکەرە. بە هەرحاڵ ئەوەم بۆ ڕوون بووەوە لەم ئاستەدا کاریگەریی ئەڵمانەکان بەسەر فەرەنساوە زۆر کارەساتاوی بوو؛ فەرەنسییەکان ئیدی ناتوانن بە سادەیی خواستەکانیان بەیان بکەن.

بەڵام هۆکارەکەی چییە؟

بەتەواوەتی نازانم. بەڵام بێگومان سارتەر کاریگەریی گەورەی هەبوو لە دروستبوونی ئەم شێوازەدا. دوای سارتەر، هۆکارێکی تر کاریگەریی هایدیگەر بوو لە فەرەنسادا، کە زۆر خێرا بووە جێگەی سەرنج. بۆ نموونە ئەو کاتەی هایدیگەر دەربارەی مردن دەدوێت، زمانێکی زۆر قورس و ئاڵۆز بۆ وتنی شتانێکی زۆر سادە بەکار دەهێنێت. من بەباشی تێدەگەم کە چۆن تاکەکان بەم شێوازە فریو دەدرێن. بەڵام مەترسیی ئەم شێوازە فەلسەفییە ئەوەیە کە تاک پەیوەندیی بە واقیعەوە لەدەست دەدات. زمانی فەلسەفی هۆکارێکە بۆ نەخۆشی خۆبەگەورەبینین (megalomania) .تاک دونیایەکی دەستکرد بۆ خۆی چێ دەکات کە تێیدا تاکەکەس لە پێگەی خوادایە. من شانازی بەوەوە دەکەم کە لە گەنجیدا بە شوێن فێربوونەوە بووم و سوودم لە دەستەواژە فەلسەفییەکان دەبینی. بەڵام بە مانەوەم لە پاریس بەتەواوی لەم نەخۆشییە چاک بوومەوە. هەرگیز پسپۆڕیی من فەلسەفە نەبووە، بەهیچ جۆرێک فەیلەسووف نیم، بۆیە ڕێگەی من بە پێچەوانەی ڕێگەی سارتەرەوەیە. هەر لەبەر ئەمەشە زیاتر ئاوڕ لە فەلسەفەی ئەخلاقگەرای فەرەنسی دەدەمەوە: لا ڕۆچفۆکاڵد، کامفۆرت، هەروەها هەموو ئەوانەی تریش کە بۆ ژنانی کۆمەڵگە دەیاننووسی، و شێوازەکەیان سادە بوون بەڵام خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵ بوون.

ئایە یەکەمین ئارەزوومەندیت فەلسەفە بوو؟

لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوە تا بیست و یەک ساڵی، فەلسەفە و قوتابخانە گرنگەکانیم خوێند و هیچ سەرنجێکم نەدەچووە سەر شیعر و ئەدەبیات. بەڵام زۆر زوو زانکۆم بەجێ هێشت، چونکە وەک موسیبەتێکی ڕۆشنبیرانە و تەنانەت وەک هەڕەشەیەک دەمبینی.

گوتووتە لە تەمەنی گەنجیدا شیعری زۆرت خوێندوونەتەوە.

ئەمە دواتر ڕووی دا. گەر بەو شێوەیە حەز دەکەیت، دەکرێت بڵێم هۆکاری پەنابردنم بۆ ئەدەبیات نائومێدبوونم بوو لە فەلسەفە. ڕاستییەکەی ئەم پەنابردنەم بۆ ئەدەبیات، ئەو کاتە بوو کە بە ڕوونی لەوە تێگەیشتم دۆستۆیڤسکی لە فەیلەسووفێکی گەورەش گرنگترە، ئەم ڕاستییە شیعرە باڵاکانی لە لام کردە شتێکی سەرسووڕهێنەر.

لەو کاتەدا دۆخی بێخەوییەکەت چ کاریگەرییەکی هەبوو بەسەر دید و تێڕوانینتەوە؟

بە ڕاستی ئەوە هۆکارێکی بەهێز و قووڵی دوورکەوتنەوەم بوو لە فەلسەفە. لەوە تێگەیشتم فەلسەفە لە ساتی نائومێدییە قووڵەکاندا، نەک هەر هیچ کۆمەکێک ناکات، بەڵکوو لە کۆتاییدا ناتوانێت هیچ وەڵامێکی لۆژیکیش بداتەوە. هەر بۆیە بەرەو شیعر و ئەدەبیات ڕۆیشتم و لەوێش هیچ وەڵامێکم دەست نەکەوت؛ بەڵام دۆخگەلێکی هاوشێوەی دۆخی خۆمم بینی. دەبێت بڵێم شەوە ڕۆشنەکان، شەوانی بێخەوی، وایان لێ کردم واز لە ستایشکردنی فەلسەفە بهێنم.

کەی شەوانی بێخەویت دەستیان پێ کرد؟

لە هەڕەتی لاویمدا، تەقریبەن لە 19 ساڵییەوە. بێخەوی بەتەنیا کێشەیەکی پزیشکیی سادە نەبوو، شتێکی قووڵتر بوو. لە ڕاستیدا قۆناغێکی بنەڕەتی بوو لە ژیانمدا، ئەزموونێکی زۆر گرنگ و جیددی بوو. باقیی هەموو شتەکانی تر گرنگییەکی پلەدوویان هەبوو. شەوانی بێخەویم چاوانمی بە ڕووی دنیادا کردەوە، چیدی هەموو شتێک بۆ من گۆڕا.

هێشتاش ئازاری بێخەوی دەچێژیت؟

زۆر کەمتر، بەڵام ئەو قۆناغە نزیکەی شەش بۆ حەوت ساڵ درێژەی کێشا، بەتەواوی دید و تێڕوانینم سەبارەت بە جیهان گۆڕا. پێم وایە ئەوە کێشەیەکی گرنگە، کەسێکی ئاسایی دەچێتە جێخەوەکەی و تەواوی شەو دەخەوێت و ڕۆژی دواتر تەقریبەن دەست بە ژیانێکی نوێ دەکات. ئەمە تەنیا ڕۆژێکی دیکە نییە، بەڵکوو ژیانێکی دیکەیە. بۆیە دەتوانێت شتەکان قەبووڵ بکات، دەتوانێت خۆی دەربڕێت و ئێستا و داهاتووی دەبێت و بەردەوام دەبێت. بەڵام بۆ کەسێک کە ناخەوێت لە کاتی چوونە جێگەوە لە شەودا تا بەیانی کاتی بێداربوونەوە هەموو شتێک هەر بەردەوامە، هیچ دابڕانێک بوونی نییە. ئەمە بەو واتایەیە کە هیچ سەرکوتێکی خودئاگاییانە ڕوو نادات. هەموو شتێک بە دەوری ئەوەدا فۆرم دەگرێت. بۆیە لەبری دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ، لە کاتژمێر هەشتی هەموو بەیانییەکدا تۆ هەمان ئەوەی کاتژمێر هەشتی ئێوارەی ڕابردووی. بەم شێوەیە کابووسەکەت بێوچان تا بەیانیی دواتر هەر بەردەوام دەبێت و چ شتێک ڕوو دەدات لە کاتێکدا هیچ شتێکی شەوی پێشووتر تەواو نەبووە. ژیانێکی نوێ بوونی نییە، تەواوی ڕۆژەکە وەک دادگاییکردنێکە، دادگاییکردنێکی بەردەوام، کە ئازارت دەدا. کاتێک هەمووان بەرەو داهاتوو دەڕۆن، تۆ لە دەرەوەی بازنەکەدایت. لە ئاکامدا کە ئەم دۆخە تا چەندین مانگ و ساڵ درێژە دەکێشێت بە ئیجباری دەبێتە هۆی گۆڕانی هەست و تێگەیشتنت بۆ ژیان. نازانیت دەبێت بەدوای چ داهاتوویەکەوە بیت، چونکی هیچ داهاتوویەکت نییە. بە ڕاستی پێم وایە کە ئەمە خراپترین و سامناکترین ئەزموونی ژیانم بوو. ڕاستییەکی تریش ئەوەیە کە تۆ لەگەڵ خۆتدا تەنیایت. لە نیوەشەودا هەمووان خەوتوون، تۆ تەنیا کەسی کە بێداریت. ڕێک وەکوو ئەوەی من بەشێک نەبم لە مرۆڤایەتی و لە جیهانێکی تردا بژیم، بەرگەگرتنی ئەوە ئیرادەیەکی سەرووئاسایی پێویستە.

بەرگەگرتنی چی؟ شێتی؟

بەڵێ، بەرگەگرتن لە بەرانبەر کەڵکەڵەی خۆکوشتندا. پێم وایە زۆرینەی خۆکوژییەکان، تەقریبەن لە سەددا نەوەدیان بە هۆی بێخەوییەوەیە. ڕاستە ناتوانم بیسەلمێنم بەڵام باوەڕم پێی هەیە.

بێخەوی لە ڕووی فیزیکییەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر جەستەت دانا؟

جەستەم دۆخێکی خراپ و تایەکی زۆری هەبوو، ئامادەی تەقینەوە بوو. هەموو شتێک شەدەتێکی جیاوازی وەرگرتبوو. زۆر توندوتیژ بووبووم و لەگەڵ هەموواندا دەمەقاڵێم دەبوو. نەمدەتوانی تەحەمولی هیچ شتێک بکەم، هەمووانم بە گەمژە دەبینی. هیچ کەس لەوە تێنەدەگەیشت کە من هەستم پێ کردبوو. هەستی بێگانەییم هەبوو. دواتر ئەو هەستەم بۆ دروست بوو هەموو شتەکان بە جۆرێک کۆمیدیان و هیچ مانایەکی جەوهەرییان نییە. داهاتوو و ئێستاش بۆم بێمانا بوون. لە ڕووی فەلسەفییەوە لەبەر ئەوەی تاک هەمیشە فەیلەسووفە، تووشی جۆرە لاوازییەک بووم و لە هەمان کاتدا بە هۆی ئاگاییمەوە سەختی و زەحمەتیم بینی؛ خودئاگایی نا، بەڵکوو تەواو ئاگاییانە. خۆی ئاگایی بەدبەختییەکی گەورەیە، له دۆخی مندا بەدبەختییەکی هەمیشەیی بوو. بارودۆخ بە گشتی بە پێچەوانەی ئەمەوەیە و ئاگایی وەک شتێکی بەسوود بۆ تاک دادەنرێت. بەڵام من بەو دەرەنجامە گەیشتم کە بەم جۆرە نییە و بەئەگابوون و بیرکردنەوە بەڵایەکی گەورەیە، لەبەر ئەوەی بیست و چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بەردەوام لە دۆخی بێداریدا بووم. مرۆڤ دەتوانێت چەند سەعاتێک لە ڕۆژێکدا بێدار بێت نەک تەواوی ڕۆژ و شەوەکان. خەڵک ناوبەناو بێدارن، گەر ئەم بێدارییە بە شێوەیەکی بەردەوام بوو، دەبێت بە ئازارێکی توند و درێژخایەن.

بە درێژایی ئەو ساڵانە لەگەڵ کەسانی تری تووشبوو بەم بێخەوییە کە بەم شێوەیە ئازاریان چێشتبێت، بەرکەوتنت هەبووە؟

نا بەم شێوەیە نا. ڕەنگە لە “شێتخانە”دا ببینرێن، بەڵام من شێت نەبووم، ئەمە سەیر بوو. ئەو کارەی زۆر حەزم لە ئەنجامدانی بوو، پیاسەکردن بوو لە شەواندا. تا دە ساڵ لەمەوبەر ئەم کارەم لە پاریسیش دەکرد؛ لە نیوەشەودا کاتێک نەمتوانیبایە بخەوم، ناچار بووم هەڵبسم و بۆ ماوەی دوو، یان سێ سەعات بەنێو پاریسدا پیاسە بکەم. ئەمڕۆژانە چوونەدەرەوە بۆ پیاسەکردن لە کاتژمێر چواری بەیانیاندا، زۆر ترسناکە. حەزم دەکرد بۆ هەموو شوێنێک بڕۆم. چاوەڕێم دەکرد تا خەڵک دەچوونە سەر کارەکانیان، پاشان بۆ ماڵەوە دەگەڕامەوە و کەمێک دەخەوتم. بەڵام دواتر بارودۆخم باشتر بوو.

ئەمە وای کرد کەمێک باشتر بیت؟

بەڵێ، سەردەمی بێخەوییە قووڵەکەم لە فەرەنسا کۆتایی پێ هات، دەزانی چۆن؟ بە هۆی پایسکیلێکەوە. ڕەنگە ئەوە شتێکی زۆر سەیر بێت. من وەکوو ئەو کەسە وا بووم کە بەدەست وەهم و خەیاڵەوە ئازار بچێژێت. چەند مانگێک لە پاریس بووم، ڕۆژێک لە بولڤاری سەینت میشێل کەسێک پێشنیاری کڕینی پایسکیلێکی بۆ کردم، پایسکیلێکی پێشبڕکێ بوو، نرخەکەشی گران نەبوو. قەبووڵم کرد و کڕیم. ئەوە بۆ من چارەنووسێکی باش و بەختێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. بە پایسکیلەکە تەواوی فەرەنسا گەڕام و بۆ ماوەی چەند مانگێک خۆم ون کرد. چەند ساڵێک بوو لە لایەن دەوڵەتی فەرەنساوە بانگێشت کرابووم بۆ ئەوەی کار لەسەر تێزی دکتۆراکەم بکەم؛ لە ساڵی 1937 تا کاتی جەنگ واتا ساڵی 1940. دەبوو لەم ساڵانەدا تێزێکم بخستایەتە ڕوو، بەڵام نەمکرد. هیچ کات ئەمە ڕووی نەدا. درۆم کرد و هیچ کات بۆ سۆربۆن نەڕۆیشتم. بەڵام بە پایسکیلەکە چەندەها کیلۆمەتر گەڕام، چەندین مانگ بەنێو تەواوی پیرێنسدا گەڕام. لە ڕۆژێکدا سەد کیلۆمەترم دەبڕی، ئەمە ئەو ڕاهێنانە فیزیکییە بوو کە وای دەکرد خەوم لێ بکەوێت. بیرمە پێش جەنگ ژیان لە فەرەنسادا تێچوویەکی زۆر کەمی دەویست، دەچوومە گوندێک، چیم بویستایە دەمخوارد، بوتڵێک شەرابم دەخواردەوە و دواتر لە کێڵگەکاندا دەخەوتم. ژیانێکی زۆر تەندروست و سروشتیم هەبوو. لە بەیانییەوە تاکوو شەو ڕاهێنانی فیزیکی. کاتێک لە ڕۆژێکدا سەد کیلۆمەتر بە پایسکیل دەبڕیت بە دڵنیاییەوە شەوەکەی خەوت لێ دەکەوێت.

سەرچاوە: