رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

“بەختیار عەلی” ئەو باوکەی نەکوژرا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: موحەمەد عەبدولکەریم

Download PDF

بە شێوەیەکی گشتی، ئەو نووسەرانە کەمن لە چەند کایەی جۆراوجۆردا سەرکەوتوو بن. بەختیار عەلی نموونەی ئەو نووسەرانەیە کە توانیویەتی لە کایەی ئەدەبی و فیکریدا باڵادەستیی خۆی بسەلمێنێت. بە جۆرێک سێ فشاری گەورە و بەهێزی لەسەر گەنجی ئەمڕۆ دروست کردووە. ئەم فشارەش خۆی لە نووسینی ڕۆمان و شیعر و فیکردا دەبینێتەوە. بە راستی، ناوازەیی و سەرکەوتوویی بەختیار عەلی لەم سێ کایەیەدا رەهەندێکی ئیجابی وەرگرتووە. ئەو بووە بە پێوەری باڵا و تا رادەیەکی زۆریش گرێیەکی ئاڵۆزە بەسەر دەروونی نەیاران و دۆستانییەوە. بەختیار عەلی ئەو باوکەیە لە ساتەوەختی دەرکەوتنییەوە هەتاکوو ئێستاش هەوڵی کوشتنی دەدرێت. بەڵام ئەم کوشتنە، کوشتنێکی واقیعی نییە بەڵکوو کوشتنێکی سمبولییانەیە. کوشتنێکی «شارستانی»یانەیە هەر وەک چۆن فرۆید دەیگوت «راستە ململانێکانی مێژوو ململانێی جیاوازن، بەڵام جەوهەرەکەیان یەک شتە. گشت ململانێکەرەکان دەیانەوێت ئەو لایەنەی تووشی ململانێ بوون لەگەڵیدا، بێدەنگ بکەن، بیگرن یان بیکوژن. گەر مرۆڤ دوژمنەکەی بە شێوەی ماتریاڵی نەکوشتبێت ئەوا هەوڵی ئەوەی داوە رۆحی بکوژێت، بە شێوەیەک بیترسێنێت، نەیەوێت جارێکی تر لە بەرانبەریدا هەڵسێتەوە.» بەختیار عەلی ئەو باوکە سمبولییەیە کە چەندین جار هەوڵ درا بکوژرێت بەو پێیەی تۆمەتبار دەکرا بە دزی ئەدەبی یاخود دەگوترا درێژدادڕە و دەکرێت رۆمانەکانی دووسەد لاپەڕەی لێ لا بدەیت هیچیش لە مەسەلەکە نەگۆڕێت. ئەمانە کۆمەڵێک هەلیت و پەلیت گوتن بوون، هەندێک جار دەگەڕانەوە بۆ حەسوودی یان شارەزا نەبوون لە دونیای ئەدەب بە شێوەیەکی گشتی و نووسینی رۆمان بەتایبەتی. یەکەمین جار بوو نووسەرێک بە نەفەسێکی جیهانییەوە جیهانی لاوازی رۆشنبیریی ئێمە بشڵەقێنێت. ئەم تۆمەتانەی دەخرانە سەر شانی بەختیار عەلی لە راستیدا رۆحی بریندار دەکرد بەڵام نەیدەکوشت. بەختیار عەلی گەلەکۆمەی کوشتنی درا بەڵام رووبەڕووی شکستی کردنەوە، چونکە بە راستی بەختیار عەلی باوکێکی بەهێزتر بوو لەو کەسانەی (منداڵە سمبولییەکان) کە لەسەریان دەنووسی و ڕەخنەیان دەکرد. بەختیار عەلی سەرەتا تا ئەو جێیەی توانی بە شێوەیەکی بەردەوام وەڵامی رەخنەگرەکانی دەدایەوە، هێندەی تر ئەگەری کوشتنی لە لایەن ئەوانی ترەوە سستتر کرد. ئەم هەوڵە باوککوژییە دەگەڕێتەوە بۆ پێش شارستانییەت کە فرۆید لە کتێبە ناوازەکەیدا بە ناوی «تەوتەم و تابۆ» دەربارەی باوکێکی ستەمکار کە دەیەوێت نەوە کوڕەکانی بێ بەش بکات لە سێکسی ژنانی ناو قەبیلەکەی، بەڵام دواجار کوڕەکان لە هەوڵێکی سەرکەوتووانەدا باوکە ستەمکارەکە دەکوژن، یان هەر چیرۆکە بەناوبانگەکەی ئۆدیپ. کوشتنی باوک لەم گێڕانەوەیەدا بە باشی دەبینرێت کە فرۆید بۆمان باس دەکات. کاتێک مرۆڤ دێتە ناو دونیای شارستانییەتەوە، مرۆڤ لەبری ئەوەی ئەکتی کوشتن جێبەجێ بکات، وشەی کوشتنی بەکار هێنا یان هەوڵیدا فۆرمە جیاوازەکانی «کوشتنە نافیزیکییەکان» تاقی بکاتەوە، تیرۆرکردنی کەسایەتی بە نموونە، کە بە جۆرێک مەوداوەرگرتنە لە کوشتنە راستەقینەکەوە. بەو پێیەی بەهۆی دروستبوونی شارستانییەتەوە سڵێک بەرانبەر کوشتنی فیزیکی مرۆڤ کرایەوە، بۆیە مرۆڤ تا ئەندازەیەکی باش تێرکردنی غەریزەی کوشتنی لێ سەندرایەوە، غەریزەی کوشتن وەرگەڕا بۆ جۆرەها شێوازی تر. ئیتر غەریزەی کوشتن   وەک  کرداری کوشتن نەهاتە دەرەوە، بەڵکوو لە شێوەی بەکارهێنانی وشە و تۆمەت و کوشتن و تیرۆرکردنی کەسایەتییەوە هاتە دەرەوە. کوشتنی باوک شتێک نییە نەتوانرێت درک بکرێت. ئەم کوشتنە دەکرێت لەناو خێزان یان گرووپێک یان سیاسەت و رۆشنبیرانیشدا روو بدات. دەکرێت کوشتنەکە لەنێوان باوکێکی واقیعی و منداڵێکی واقیعیدا ڕوو بدات. دەشکرێت بە شێوەیەکی سمبولیانە لە نێوان منداڵ و باوکێکی سمبولیانەدا روو بدات. پۆلڤێری فەیلەسووفی فەرەنسی لە تەمەنی لاویدا هەڵی کوتایە سەر فەیلەسووفی گەورەی فەرەنسا میشێل فۆکۆ، دەستی کرد بە رەخنەکردنی فۆکۆ کە تەواوی رۆشنبیرانی فەرەنسا پێیان سەیر بوو لاوێکی وەها بوێری هێرشێکی لەو جۆرەی هەبێت. ئەم هەوڵەی پۆلڤێری لە راستیدا وەک هەوڵێک بۆ کوشتنی باوک لێک درایەوە. بۆیە ئەم جۆرە هەوڵانە لە راستیدا هەوڵگەلێکن هەمیشە لە لایەن منداڵەوە دەدرێت بەرانبەر باوک، هۆکارەکەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ خودی باوک. هەوڵی کوشتنی سمبولییانە پاشماوەی هەمان کوشتنی پێش شارستانییەتە لەنێو شارستانییەتدا، کە بە راستی کەوڵ و فۆرمی خۆی گۆڕیوە. هەوڵی کوشتنی باوک چ بە شێوەیەکی راستی بێت یان بە شێوەیەکی سمبولییانە بۆ رزگاربوونە لە هەیمەنە و دەسەڵاتەکانی باوک. بەختیار عەلی وەک باوکێکی سمبولی تەماشا دەکرێت کە دەستی بەسەر چەند کایەیەکی جیاوازدا گرتووە بە شێوەیەکی تۆکمە و بەهێز ئەو هەستەی لای رۆشنبیرانی ئێمە دروست کردووە، کە دەبێت بکوژرێت هەتاکوو ئەمانیش بتوانن بەشێک لەم کایەنە بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. جاران زیاتر هەوڵی کوشتنی بەختیار عەلی هەوڵێکی سادە و نەشارەزایانە بوو. هەوڵێک بوو کەمتر مەعریفییانە، بەڵام ئەمڕۆ کۆمەڵێک هەوڵی تر بۆ کوشتنی کاک بەختیار دەبینین لە کەوڵی زیرەکانەتر و زۆرزانانەتردا. بۆ نموونە هەندێک دەڵێن رۆمان چییە؟ شیعر چییە؟ ئەوەی گرنگە فیکرە. هەموو ئەم جۆرە دەربڕینانە کۆمەڵێک دەربڕینن لە دژی بەختیار عەلی کە دەیانەوێت لە رێی ئەم میکانیزمی بەرگرییەوە «ئەوەی گرنگە فیکر»ە ئاسوودەییەک بهێننەوە بە گیانی خۆیاندا. بەهۆی ئەو زامە گەورەیەی باوک (بەختیار عەلی) دروستی کردووە لە دڵی نەیارەکانیدا. ئەم قسەیە «رۆمان و شیعر گرنگ» نین زۆر بێمانا و پێکەنیناوییە. ئەمە یەکێک بوو لەو هەوڵە نەزۆکانەی منداڵەکان بەرانبەر باوکیان ئەنجامیان دەدا. ئەمە رێک وەک ئەوە وایە بڵێیت بەختیار عەلی خەریکی کۆمەڵێک شتی ناگرنگە. ئەمە سەرباری ئەوەی هەمووان دەزانین ژمارەی ئەو لاپەڕانەی بەختیار لە فیکردا نووسیونی کەمتر نین لەوانەی کە لە بواری ئەدەبدا نووسیونی. هەوڵی کوشتنی بەختیار عەلی لە رێی بێنرخکردنی شیعر و ڕۆمانەوە، وەک بێنرخکردنی ئەو قسانە وایە کە نیچە لەبارەی دۆستۆیڤسکی و حافزی شیرازییەوە دەیڵێت. نیچە شیعر بۆ گەورەیی حافز دەڵێت، دەربارەی دۆستۆیڤسکیش دەڵێت: «تاکە دەروونناسە شتی لێوە فێر بووم» یاخود وەک ئەوە وایە بڵێیت فرۆید خۆی بە شتی ناگرنگی وەک رۆمانی مەسخی کافکا و یاخود کەسایەتییەکی ئەدیبی وەک دۆستۆیڤسکییەوە سەرقاڵ کردووە. یان وەک ئەوە وایە بڵێیت سارتەر خۆی بە شتی ناگرنگی وەک شانۆ و رۆمان و چیرۆکەوە سەرقاڵ کردووە! هەوڵێکی تری نەزۆکانە بۆ کوشتنی “بەختیار عەلی” بەڵام زیرەکانە تر، لەوێدا دەردەکەوێت پرسیار لە ڕۆشنبیران و مرۆڤی کورد دەکرێت دەڵێن بە چ رۆماننووسێک یان بە چ شاعیرێک سەرسامی؟ رووبەڕووی ریزێک ناوی غەریبت دەکەنەوە «دۆستۆیڤسکی، کامۆ و کافکا، میلان کۆندێرا، مۆریس بلانشۆ» یاخود کاتێک پرسیاری کاریگەرێتیی رۆمانێک دەکرێت بەسەر رۆشنبیرانی کوردەوە یەکسەر دەوترێت «تاوان و سزا، برایانی کارامازۆف، بێگانە، مەسخ.» غیابی بەختیار هەم وەک ناونەهێنانی وەک نووسەر یان ناو نەهێنانی وەک رۆمانەکانی، هەوڵێکی زۆر سادە فیکرانە و زەقی  ترە بۆ کوشتنی نووسەر و کردنە دەرەوەی لە ئاستی ڕۆمان نووسە گەورەکانی جیهان و مێژوو. ناو نەهێنانی بەختیار عەلی و باسنەکردنی رۆمانەکانی لە ڕیزی رۆماننووسە گەورەکاندا بەڵگەیە لەسەر تەزاندنی خەڵک و ڕۆشنبیری ئێمە، بوونی حەسادەتێکی گەورە بە بەختیار عەلی و بەڵگەیە لەسەر جۆرێک هەوڵی تر بۆ کوشتنی سمبولییانەی ئەو. لێر و لەوێ دەبینین هەوڵی جیددی تر هەن بۆ نووسین و رەخنەکردنی بەختیار عەلی، بەڵام بەختیار عەلی وەک جاران منداڵەکانی بە وەڵامدانەوە ناکوژێت، بەڵکوو بە بێدەنگی و بەرهەم و خەڵاتە جیهانییەکانی دەیانکوژێت. ئەو دەزانێت هەوڵێک هەیە بۆ رەخنەکردنی، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە بەهۆی بیرکردنەوەی پێشوەختەوە دروست بوون (واتە هەمووان بەر لەوەی بگەنە ئەو ئاستەی لەسەری بنووسن، خۆیان ئامادە کردووە لە داهاتوودا لەسەری بنووسن.) پێ دەچێت بەختیار عەلی تێ گەیشتبێت لەوەی ئەوانەی دەیانەوێت رەخنەی بکەن لەبەر ئەوە نییە کە رەخنەگرانی پرسیاری جیددی و تێگەیشتنی رەخنەییانەیان لەسەری دروست بووە، بەڵکوو دەزانێت تەنیا لەبەر ئەوە رەخنە دەکرێت کە هەڵگری ناوی “بەختیار عەلی”یە. ئەوەی لێرەدا ویستم بیخەمە ڕوو، ئەوەیە، کەی دەست لەم هەوڵە شکستخواردووە هەڵدەگیرێت؟ هەتا کەی رۆشنبیری ئێمە پێچەوانەی ناخی، ناوی بەختیار عەلی لەپاڵ رۆماننووسە گەورەکانی مێژوودا ناهێنێت؟ هێندەی من ئاگادار بم لە رۆماننووسە گەورەکانی وەک «کافکا و کامۆ و سارتەر و مارکیز و مۆریس بلانشۆ و ئۆرهان پامۆک… هتد»، دەتوانم بڵێم زۆرینەی بەرهەمەکانیانم خوێندوونەتەوە، بەڵام بەختیار عەلی هیچی لەم نووسەرانە کەمتر نییە گەر گەورەتر نەبێت. گەرچی بەراوردکردنی ئەم نووسەر و رۆمانانە رەنگە نالۆجیکی بێت، بە چەندین هۆکار، بەڵام دڵنیام بەشێکی زۆر لە رۆشنبیران حەزیان دەکرد خاوەنی کتێبەکانی بەختیار عەلی بن تا ئەو نووسەرانەی ناوم بردن.