رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەندێک سەرنجی ڕەخنەیی دەربارەی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوڕێ عەبدوڵا و نیما لوقمان

Download PDF

لە کایەی هونەریی ئێمەدا، زۆر جار هونەرمەندان و دەرهێنەران و ئەوانەی خەریکی کاری هونەرین، باسی ئەوە دەکەن کەرەستە و ماتریالی بەردەستیان سنووردارن و تەکنیکی پێشکەوتوویان نییە، یان بینەر نییە، یانیش شوێنی نمایشی باش نییە و بازاڕێکیش نییە بۆ ئەوەی هونەر خۆی بژێنێت… زۆرینە بەو حەقیقەتی سنووردارێتی و کەموکوڕییانە دەزانین، بەڵام کێشە و گرفتەکانی ناو کایەی هونەریی ئێمە تەنیا ئەو سنووردارێتی و کەموکوڕییانە نین. سەرەکیترین کێشەیەک کە لە کایەی هونەریی ئێمەدا بوونی هەیە، کێشەی فۆرمی هونەرییە، فۆرم مەبەست لە شکڵ و شێوەی کارێکی هونەری نییە، بەڵکوو فۆرمی هونەری مەبەست لەو خوڵقاندنەیە کە هونەرمەند لە کارێکی هونەریدا بەرجەستەی دەکات. لە هونەردا خوڵقاندن جیایە لە دروستکردن. دروستکردن سەر بە پانتایی تەکنیکە و خولانەوەیە لەناو بازنەی تەکنیکدا و کاری تەکنیکی لێ دەکەوێتەوە. تەکنیک پانتاییەکی ئاگایانەیە و وەک ئیمکانێک بەردەستە بۆ هەموو کەسێک و دەشێت هەموو کەسێک لە ڕێی پرۆسەی فێربوونەوە، تەکنیک فێر بێت و کاری تەکنیکی دروست بکات. بەڵام خوڵقاندن لە هونەردا تەنیا لە ڕێی پرۆسەی فێربوونی تەکنیکییەوە ناخوڵقێت. بۆ خوڵقاندنی فۆرمی هونەری، تەکنیک وەک پانتاییەکی ئاگایانە و ئیمکانێکی بەردەست، زەروورییە. فۆرم لە ڕێی بیرکردنەوەوە دروست نابێت، بە لای مەسعود فەراسەتییەوە فۆرم لە پانتایی نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی دێت و هونەرمەند لە ڕێی تەکنیکەوە هەوڵی بەرجەستەکردنی دەدات. فۆرم بیری لێ ناکرێتەوە، بیرکردنەوە لەناو هونەردا سەر بە پانتایی تەکنیکە، سەر بەو کاتەیە کە هونەرمەند دەیەوێت ئەو فۆرمە بەرجەستە بکات کە لەپڕدا بەرەو ئاگایی ئەو هاتووە. گەر سەرەکیترین کێشەی کایەی هونەریی ئێمە، فۆرمی هونەری بێت، ئەمە مانای ئەوە نییە لەناو هونەردا کێشەی تەکنیکیمان نەبێت. زۆر جار بەر بەو کڵێشەیە دەکەوین کە دەوترێت تەکنیکی پێشکەوتوومان نییە، لە ڕاستیدا لەم دەربڕینەدا تەکنیک وەک کەرەستە و ماتریال دانراوە، لە کاتێکدا تەکنیک ماتریال نییە، بەڵکوو شێوازی بەکارهێنانی ماتریالە. وەک لەسەرەوەش وتمان تەکنیک ئیماکنێکە و دەشێت لە ڕێی پرۆسەی فێربوونەوە هەموو کەس بتوانێت فێر بێت. سنووردارێتی و کەموکوڕییە ماتریالی و کەرەستەییەکان، گرفتی گەورەن لەبەردەم پرۆسە تەکنیکییەکاندا. بەڵام ئەو کێشە تەکنیکییانەی لە کایەی هونەریی ئێمەدا دەگوزەرێن، زۆر جار پەیوەندییان بە خودی کەم‌شارەزایی و فێرنەبوونی تەکنیکییەوە هەیە. کێشەی تەکنیکی و کەم‌شارەزایی تەکنیکی لە فیلم و شانۆ و شێوەکاریدا بە ڕوونی دەبینرێن. ڕەنگە بینەرێکی ئاسایی و زۆر سەرەتاییش لەو پەیکەرانەدا هەستی پێ بکات کە لەم ساڵانەدا لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروست کراون. چونکە لە پەیکەرسازیدا گرفتی تەکنیکی، زۆر زەقتر دەردەکەوێت. سەرەڕای ئەو ماتریال و کەرەستە لەبارانەی ئەمڕۆ بۆ دروستکردنی پەیکەر لەبەردەستن، کەچی ئەو ئیمکانە تەکنیکییانەی بۆ دروستکردنی ئەو پەیکەرانە بەکار دەهێنرێن، نەک هەر زۆر سەرەتایی و خراپن، بەڵکوو فەزاحەتن. گەر سەیری ئەو پەیکەرانە بکەین کە لە چوار بۆ پێنج سەدەی ڕابردوودا لە ئەوروپادا بەرهەم هێنراون، سەرەڕای ئەو ماتریالە سنووردارانەی بەردەستیان، کەچی دەبینین ئاستێکی تەکنیکیی زۆر ورد و بەرزیان تێدا بەکار هێناوە. تەنانەت ئەو پەیکەر و ڕووکارە ڕووهەڵتۆقیوانەی سەردەمی میسری کۆن و فیرعەونەکان، زۆر زیاتر لەو پەیکەرانەی کە لە کۆمەڵگای ئێمە دروست کراون، وردەکاری و شارەزاییان تێدا بەکار هێنراوە، لە کاتێکدا ئێستا ئیمکانی ماتریالی و تەکنیکی، زۆر زیاتر لەبەردەستن. کەوایە لێرە کێشەکانی کایەی هونەر تەنیا پەیوەست نین بە سنووردارێتی و کەموکوڕییە ماتریالییەکانەوە، لە دوای فۆرمەوە، شارەزایی تەکنیکیش کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم هونەردا. لە فیلم و شانۆشدا ڕووبەڕووی کێشەی فۆرم و تەکنیک دەبینەوە. زۆر جار پێویست ناکات بینەرێکی زۆر ورد و قووڵ بیت بۆ ئەوەی کێشە تەکنیکییە زەقەکان ببینیت. ڕەنگە بۆ هەمووان ئەوە ڕوون بێت، فیلم جیاواز لە هونەرەکانی تر ئیمکانێتێکی زۆرتری دەوێت، بەڵام لە هونەردا هیچکات خراپی و کەموکوڕیی فیلمێک بە بیانوی کەمی بودجە و ئیمکانێتەوە پاساو نادرێت. لە مێژووی سینەمادا زۆر فیلم هەن بە ئیمکانێتێکی سنووردارەوە بوونەتە یەکێک لە باشترین فیلمەکانی مێژوو. ئەو فیلمانە بۆیە توانیویانە سەرکەوتوو بن، لەبەر ئەوەی فۆرمیان بەرهەم هێناوە. عەباسی کیاڕۆستەمی وەک دەرهێنەرێک نموونەیەکی زەقی ئەمەیە. دەرهێنەر دەبێت ڕاستگۆ بێت لەگەڵ ئەو فۆرمەی کە دەیەوێت بەرجەستەی بکات، ئیدی یان وەک ئەوە بەرجەستەی دەکات کە پێویستە، یانیش بە هۆی نەڕەخسانی ئیمکانێتەوە بەرجەستەی ناکات. ئەوە فۆرمە تەحەکووم بەوەوە دەکات فیلمێک لە ڕێی کورتەفیلمەوە بەرجەستە بکرێت، یان لە ڕێی فیلمێکی درێژەوە. بەڵام هەندێک جار لای ئێمە دەرهێنەر دەڵێت بیرۆکەکەم هیی فیلمێکی درێژ بوو، بەڵام بە هۆی بێئیمکانێتی و کەمی بودجەوە فیلمەکەم کردووە بە کورتەفیلم. ئەوە فۆرمە دەرهێنەر ناچار دەکات لە ڕێی تەکنیکەوە گێڕانەوەکەی بە کورتەفیلم بەرجەستە بکات، نەک ناچارەکیی ئیمکانی و ماتریالی. لە سینەمادا ئەمە کێشەیەکی گەورەیە. ئەم سەرنجانە دەربارەی فۆرم و ماتریال و تەکنیک، ئاوڕدانەوەیەکی کورت بوون دەربارەی کێشەکانی کایەی هونەریی ئێمە.

شانۆی “دوا ڕۆژەکانی بابلۆ” لە دەرهێنانی شوان کەریمە و نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە لە نمایش. سەرەتای نمایش بە خەوێکی بابلۆ دەست پێ دەکات و لە خەوەکەدا بابلۆ لەگەڵ تیپێکی موزیکدا کە لە پێنج گەنج پێک هاتوون، گۆرانییەک دەچڕێت. دواتر بابلۆ لە خەوەکە بێدار دەبێتەوە و نمایش بەردەوام دەبێت. لە سەرەتادا لە زاری ئەو موزیکژەنانەی کە هاتوونەتە خەونی بابلۆوە، چیرۆکی بابلۆ وەها دەگاتە بەردەنگەکان: “بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر باندێکی موزیک کە لە کۆمەڵێک گەنج  پێک هاتبوون، پڕۆژە و خەونی کۆنسێرتێکیان هەبووە. ئەو ئێوارەیەی کە بۆ کۆنسێرتەکە دیاری کرابوو هەمووان لەوێ بوونە و  بینەرانیش ئامادە بوونە، تەنیا هونەرمەندەکە ئامادە نەبووە.” ئەو هونەرمەندەی ناچێت بۆ ئێوارەکۆنسێرتەکە و ئامادە نابێت، بابلۆیە. نەچوونی بابلۆ لە گێڕانەوەی یەکەمدا وا دەگات بە بەردەنگەکان، بابلۆ خۆی نەچووە و ئەم نەچوونەشی لەژێر فشاری باوکیدا بووە. هەر لەم گێڕانەوەیەدا ئەوە دەگات بە بەردەنگەکان، بابلۆ کوڕی بازرگان و سەرمایەدارێکی گەورەی شارە. چیرۆکەکە لە گێڕانەوەی یەکەمدا بەم جۆرە دەردەکەوێت: بابلۆ لە گەنجیدا هونەرمەند بووە، بەڵام بەرژەوەندی و دونیای بازرگانی و سەرمایەداری، بابلۆیان لە دونیای هونەری دابڕاندووە. ئەم دابڕانە لای بابلۆ، تەنیا دابڕانێک نییە لە دونیای هونەری، بەڵکوو دابڕانێکی ویژدانی و ئینسانیشە. دابڕانی بابلۆ لە دونیای هونەر و تێکەڵبوونی تەواوەتی بە دونیای سەرمایە و پارە، وا دەکات بابلۆ لە ڕەفتار و مامەڵەیەدا بێویژدان بێت و ڕەچاوی کۆمەڵێک پرەنسیپی مرۆیی نەکات. هەر لەم گێڕانەوەیەدا ئەوە دەردەکەوێت، دوایی تێپەڕینی ئەو بیست و نۆ ساڵە، بابلۆ خاوەنی خێزانێکە و پێک هاتوون لە هاوژینەکەی و کچەکەی، خزمەتکارێکی کچ و خزمەتکارێکی پیاویشی هەیە. بازرگانە و خاوەنی سەرمایەی خۆیەتی و دەشیەوێت ببێت بە ئەندام‌پەرلەمان بۆ ئەوەی بتوانێت زامنی مانەوە و بەردەوامبوونی سەرمایەکەی بکات. شوێنی نمایش و ڕووداوەکانی شانۆکە، هۆڵی میوانیی ماڵی بابلۆیە. بە درێژایی نمایش، بینەری ئەو کێشمەکێش و ڕووداوانەین کە ڕووبەڕووی ژیانی بابلۆ دەبنەوە. بابلۆ نایەوێت کچەکەی هاوسەرگیریی لەگەڵ هەژارێک یان کەسێکی ئاساییدا بکات، کچەکەشی ئۆسکاری شۆفێری خۆش دەوێت و لە ڕێی ئەو پلانەوە کە لارای خزمەتکاریان بۆی دادەڕێژێت، بە درۆ باوکی دەڵێت لێی سکپڕە و خۆشی دەوێت. بابلۆش دوو هەفتە لەوەپێش ئۆسکاری شۆفێری لە کارەکەی دەرکردووە و لەسەر کار نەماوە.  بابلۆ بۆ ئەوەی ئەمە نەبێتە ئابڕووچوونێک بۆی و کاریگەریی نەخاتە سەر هەڵبژاردنی وەک ئەندام‌پەرلەمان، هەوڵی پینەوپەڕۆکردنی ئەم ڕووداوە دەدات. پێش ئەوەشی کچەکەی پێی بڵێت سکپڕە، یەکێک لە کارمەندەکانی کۆمپانیاکەی لە ڕێی هەندێک فشارەوە داوای زیادکردنی مووچەکەی لێ دەکات، و بڕێکی زۆری پارەی کۆمپانیاکەشی بردووە. خودی ئەم کارمەندەش بۆیە ئەمە دەکات و داوای زیادکردنی مووچەکەی دەکات، ویستی هاوسەرگیریی هەیە لەگەڵ کچی پیاوێکی دەوڵەمەنددا. دواتر دەردەکەوێت ئەو کچەش کە کارمەندەکە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بۆ ڕازیکردنی ئەو، خۆی وەک کچی بابلۆ ناساندووە. بابلۆ لە ڕێی فێڵ و میکانیزمی خۆیەوە، سانی کارمەند ناچار دەکات لەگەڵ سەمای کچیدا هاوسەرگیری بکات بۆ ئەوەی پینەوپەڕۆی سکپڕیی کچەکەی بکات و ئابڕووی نەچێت. دواتر ئەم پلانەی بابلۆ بە ڕێکەوتنی سەما و سان هەڵدەوەشێتەوە. ئەو کچەشی کە ناوی دەریایە و خۆی وەک کچی بابلۆ ناساندووە، دواتر دەردەکەوێت هەر بە ڕاستی کچی بابلۆیە و لەو خزمەتکارەی پێشوویان بوویەتی کە بە گەنجی خزمەتکاریی ماڵیانی کردووە. لە پەردەی یەکەمی[1] (لە گێڕانەوەی یەکەمی) شانۆکەدا لە ژیانی واقیعی و دەوروبەری بابلۆدا، ئەم کەسانە بوونیان هەیە: ماریای هاوسەری، دوو کچەکەی، ئەو خزمەتکارەی پێشووتر ماشوقی بابلۆ بووە، شۆفێر و کارمەندەکەی، لارا و لالۆی خزمەتکارەکانی ماڵەوەی، لە کۆتاییەکانیشدا سێ کەس وەک کارمەندی نەخۆشخانەی دەروونی، دێنە ناو نمایشەکەوە. ئەمانە ئەو کەسانەن وەک کەسانی واقیعیی ناو نمایشەکە دەردەکەون. تیپێکی موزیکیش کە پێک هاتوون لە پێنج کەس لە نمایشەکەدا ئامادەگییان هەیە. بەڵام ئامادەگیی ئەوان، ئامادەگییەکی واقیعی نییە، بەڵکوو ئامادەگییەکی خەیاڵییە و لە خەیاڵ و مێشکی بابلۆدا ئامادەگییان هەیە. ئەم تیپە موزیکییە کەسەکانی دەوروبەری بابلۆ نایانبینن و گوێبیستی دەنگیان نابن. لە شاردا ئەوەش بڵاو بووەتەوە بابلۆ شێت بووە و لەگەڵ خۆیدا دەدوێت، چونکە لە هەر ڕەفتار و مامەڵەیەکی نەشیاو و بەرژەوەندیخوازانەی بابلۆدا، ئەم تیپە موزیکییە وەک ویژادنێکی ئەخلاقی دێنەوە بەردەم بابلۆ و فشاری ئەوەی دەخەنە سەر، ڕەفتار و مامەڵەی نەشیاو نەکات و لەبەر بەرژەوەندی و تەماحی خۆی، یاری بە چارەنووسی مرۆڤەکانی دەروربەری نەکات. ئیگۆی بابلۆ دەکەوێتە نێوان کێشمەکێشی کۆمەڵێک پاڵنەر و ویژدانی ئەخلاقییەوە. دونیای سەرمایە و پارە و بەرژەوەندی، وەک پاڵنەرگەلێکی بەهێز پاشەکشێیان بە ڕۆحیەتی هونەرییانەی بابلۆ کردووە. لەناو ئەو کێشمەکێشانەدا کە ڕووبەڕووی بابلۆ دەبنەوە، بابلۆ دەیەوێت لە ڕێگەی هێزی پارەوە کێشەکان چارە بکات و پێ دەنێت بەسەر پرەنسیپە مرۆییەکاندا. ئەو تیپە موزیکییە (کە وا دەردەکەوێت لە گەنجیدا و لەو ساتانەدا کە بابلۆ لەناو دونیای هونەردا بووە، بەشێک بووبێت لەوان.) وەک ویژدانێکی ئەخلاقی و مرۆیی دێنەوە ناو ژیانی بابلۆ و دادگایی بابلۆ دەکەن لەو کار و ڕەفتارە بەرژەوەندیخواز و نامرۆییانەی ئەنجامی دەدات. بابلۆ بڕێک جار دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فشارەکانی ئەو ویژدانە ئەخلاقیییەوە و زۆر جاریش دەیەوێت بۆیان بسەلمێنێت ئەو دەتوانێت هەموو کێشە و گرفتەکانی ژیانی لە ڕێی هێزی پارەوە چارە بکات. بابلۆ دابڕاوە لە دونیای هونەر، بەڵام جار جاریش لە ڕێی گۆرانی و موزیکەوە دەگەڕێتەوە ناو دونیا هونەرییە لەدەستچووەکەی.

کاتێک نمایشی پەردەی یەکەم تەواو دەبێت، ستەیج تاریک دەبێت و پاش کەمێک لە گۆشەی لای ڕاستەوە، بابلۆ دەردەکەوێت. کاتێک بابلۆ دەردەکەوێت نە بە جلوبەرگی ماڵەوەیە و نە بە چاکەت و پانتۆڵی فەرمییەوەیە، بەڵکوو بە جلێکی سپی و بە قۆڵبەستراوییەوە دەردەکەوێت. لەگەڵ دەرکەوتنەکەیدا لەبەرخۆیەوە دەست دەکات بە قسەکردن و باسی ئەوە دەکات کە بۆ ئەوەندە تەنیایە، دەیەوێت کەسێک گوێی لێ بگرێت، پاشان دەڵێت من ناکەوم، بەس خۆتان سەرقاڵی من بکەن. پاش ئەوەی بابلۆ کۆمەڵێک قسە دەکات، ستافێکی پزیشکی بە جلوبەرگی پزیشکی و پەرستارییەوە دێنە سەر ستەیج. ئەو ستافەی کە دێنە سەر سەتیج، هەمان ئەو کەسانەن کە لە پەردەی یەکەمدا لە ژیانی بابلۆ و دەوروبەری بابلۆدا بوون: واتا هاوسەری بابلۆ، دۆستە کۆنەکەی، دوو کچەکەی، شۆفێر و کارمەند و خزمەتکارەکانی، و ئەو سێ کەسەش کە وەک ستافێکی پزیشکیی دەروونی لە پەردەی یەکەمدا دەردەکەون. هەر زوو بینەر تێدەگات لە بەردەم فەزایەکی تردایە کە جیاوازە لەو فەزایەی کە لە پەردەی یەکەمدا بینیویەتی. لە ڕێی جلوبەرگی بابلۆ و ستافە پزیشیکییەکەوە، هەروەها شێوەی ئاخافتنیان، لەوە تێدەگەین ستەیج لە ماڵی بابلۆوە بووە بە نەخۆشخانەی دەروونی و بابلۆش نەخۆشێکی دەروونییە و ئەو کەسانەش کە لە پەردەی یەکەمدا وەک کەسانی دەوروبەری ژیانی بابلۆ دەردەکەوتن، دکتۆر و پەرستاری ئەو نەخۆشخانە دەروونییەن. پاشان تێدەگەین ستافە پزیشکییەکە دەیانەوێت ئەو حەقیقەتە بە بابلۆ بڵێن کە ئەو لەناو وەهمدایە و بازرگان نییە و لە نەخۆشخانەی دەروونییە. دوای تاووتوێکرنی ئەو پرسە بە زۆرینەی دەنگ، بڕیار دەدەن ڕاستییەکە بابلۆ بڵێن و بیری بێننەوە کە چیی ڕووی داوە. لەگەڵ بابلۆ دەدوێن و هەوڵ دەدەن بیری بێننەوە چیی ڕووی داوە و لە ڕاستیدا خودی بابلۆ خۆی کێ بووە. دەڵێن: “بابلۆ هونەرمەندێکی ئەم شارەیە، ناڕەزایەتی و برسێتی دەیباتە ناو خۆپیشاندانێکەوە”، لە کاتی وتنی ئەمەدا بابلۆ نکۆڵی دەکات و دەڵێت نانا من خۆم بۆ خولی پەرلەمانی داهاتوو هەڵبژاردووە. دەیانەوێت بیری بێننەوە کە چیی ڕووی داوە لە ڕۆژی خۆپیشاندانەکەدا، پێی دەڵێن تەقەیان لێتان کرد، دواتر چیی ڕووی دا، بابلۆ بە هاوارەوە دەڵێت داریان کێشا بەسەرمدا. ستافە پزیشکییەکە پێی دەڵێن “بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی لەبەردەستمانە، لەسەر شەقامێک کەوتوویت و برینێک لەسەرت دابووە. ئەمبوڵانسێک تۆی هێناوە بۆ ئێرە، لەو ڕۆژەوە تۆ لێرەیت، بەڵام بوویت بە کەسێکی تر.” لە کاتی وتنی ئەم ڕاستییانەدا، بابلۆ بەردەوام نکۆڵی لەوە دەکات کە هونەرمەندێکی هەژار بووە، دەڵێت کە بازرگان و دەوڵەمەندە و ئەمانە تەماحیان بڕیوەتە سەروەتەکەی و ئەمە پلانێکە بۆ ئەوەی دەستیان بە سەروەتەکەی بگات. یەکێک لە کارمەندەکانی ستافە پزیشکییەکە پێی دەڵێت “ئەمانە هەموو کارمەندن لێرە،  تۆ لە جیهانەکەی خۆتدا کردووتن بە کەسوکار و خزمەتکاری خۆت.” لە پەردەی دووەمدا لەوە تێدەگەین ئەو گێڕانەوەیەی کە لە پەردەی یەکەمدا گوێبیستی بووین: “بابلۆ بیست و نۆ ساڵ لەمەوپێش بە هۆی فشاری باوکییەوە ناچێت بۆ ئەو ئێوارەکۆنسێرتەی کە سازکرابوو، هەر ئەمەش وا دەکات دونیای هونەر جێ بێڵێت و بە تەواوی بەرەو دونیای سەرمایە و بازرگانی بڕوات.” واقیعێکی ڕاستەقینە نییە و دروستکراوی خەیاڵاتی بابلۆ بووە. بابلۆ سەرمایەدار و بازرگان نەبووە و بە هۆی بەرژەوەندی و دونیای سەرمایە و بازرگانییەوە، دونیای هونەری جێ نەهێشتبوو. بیست و نۆ ساڵ لەمەوپێش بابلۆ بە هۆی بەشداریکردن لە خۆپیشانداندا، نەچووبوو بۆ ئەو کۆنسێرتەی کە ساز کرابوو. لە خۆپیشاندانەکەشدا بابلۆ زەڕبەیەک بەر سەری دەکەوێت و تووشی جۆرە نەخۆشییەکی وەک دەروونپەشێوی (سایکۆسیس) دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە دونیای هونەر داببڕێت. “دەروونپەشێوی (سایکۆسیس)، ئەم چەمکە لە سایکۆپاتۆلۆژیا (دەروونناسیی نەخۆشی)دا بە مانای تێکچوون و پشێوییەکی قووڵ دێت، تێکچوونێک کە دەکەوێتە پەیوەندیی نێوان شوناسی کەسەکە و واقیعە دەرەکییەکەوە. دەروونپەشێوی (سایکۆسیس)، چەند جۆرێکی جیاوازی لێ دەبێتەوە: پارانۆیا، شیزۆفرینیا، شەیداسەری یان مانیا (Mania)، و مالیخۆلیا. لە نەریتی فرۆیدیدا، دەروونپەشێوی (سایکۆسیس) بریتییە لەوەی تاکەکەس لەژێر فشاری چاوەڕوانییەکانی پاڵنەرەکەی خۆیدا واز لە واقیع دێنێت و بە شێوەی تایبەتیی خۆی لە ڕێگەی وڕێنەوە سەرلەنوێ واقیع درووستدەکاتەوە.”[2] لێرەدا تەنیا ویستمان وێنەیەکی گشتیی شانۆکە بخەینە ڕوو، ناکرێت وردەکاریی کۆی چیرۆکی شانۆکە باس بکەین، بۆیە ئەو سەرنجە ڕەخنەییانەی دەخرێنە ڕوو، بۆ کەسانێک زیاتر ڕوونن و لێی تێدەگەن کە شانۆکەیان بینیبێت.

قورسترین ژانری هونەری بۆ ئیشکردن، ژانری کۆمیدیایە. تێهەڵکێشکردنی کۆمیدی و تراژیدی لە یەک بەرهەمی هونەریدا، ئەرکی کۆمیدیا زۆر قورستر دەکات. کۆمیدیا دەیەوێت چیی بڵێت و  چیمان نیشان بدات؟ کۆمیدیا چی شتێک و چ ڕووداوێک و چ کەسانێک دەکاتە بابەتی کۆمیدیی خۆی؟ بۆچی دەیەوێت بەردەنگەکانی پێبکەنن؟ کۆمیدیا دەیەوێت چی لە لای بەردەنگەکانی ببزووێنێت؟ کۆمیدیا دەبێت چ شتێک لە لای بەردەنگەکان جێ بێڵێت؟ ئەمانە پرسیارگەلێکی جەوهەرین و دەبێت هەموو دەرهێنەرێک بەر لەوەی خەریکی کارێکی کۆمیدی بێت، ئەم پرسیارانە ئاراستەی خۆی بکات. “لە بەرانبەر [تراژیدیادا]، کۆمیدیا وێنای تێڕوانینی دژەپاڵەوانانە بەرانبەر بە ناکامییەکانی ژیان، دەکێشێت. لە لیسیستراتای ئەرستۆفانیسەوە تا دیکتاتۆری گەورەی چارلی چاپلین و لەویشەوە  تاکوو فەهرەنهایتی 11/9ـی مایکڵ مۆر، کۆمیدیا بە تەوس و گاڵتەوە لە شەڕخوازی و ڕێزگرتنی کوێرانەی دەسەڵاتی، ڕوانیوە.”[3] بەدەر لەوەی لە سینەمای چارلی چاپلیندا ڕەهەندی تراژیدی ئامادەیی هەیە،  کاتێکیش تەماشای کۆمیدیای چارلی چاپلین دەکەین، بە هەژاری و داماویی چارلی چاپلین پێناکەنین، کۆمیدیای چاپلین بەرانبەر بە چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگایە، تەوس و گاڵتەی چاپلین بەرانبەر بەو نەزمانەیە کە چینەکانی خوارەوە دەچەوسێننەوە و ژیانیان لە قاڵب دەدەن. کۆمیدیای چاپلین ڕەخنەگرتنێکی جیددییە لە جەنگ، لە دیکتاتۆری، لە دەسەڵاتی پۆلیس و کەشی بۆروژایانه… لەپاڵ نیشاندانی دیوە تراژیدیاکانی ژیانەوە، چاپلین کەشی بۆرژوایانەی چینەکانی سەرەوە تێک دەدات، گاڵتە بە پۆلیس و نەزمی کارگەکان دەکات. لە “دیکتاتۆری گەورە”دا، لەپاڵ نیشاندانی هەلومەرجی دژواری مرۆڤ لەناو جەنگدا، لە ڕێی کۆمیدیاوە بە تەوس و گاڵتەوە وێنەی شێتانەی گەورەترین دیکتاتۆری سەدەی بیستمان نیشان دەدات. لە ڕێی کۆمیدیاوە چاپلین هەیبەت و سامی گەورەترین دیکتاتۆر دەکاتە بابەتی گاڵتە و تەوس. لێرەوەیە هێزی گەورەی کۆمیدیامان لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەت و هەموو نەزمێکی چەوسێنەرانەی تردا بۆ دەردەکەوێت. ئیشی کۆمیدیا دروستکردنی پێکەنینی ڕووت نییە لای بینەر، هەمیشە لە ناواخنی کۆمیدیای جیددیدا، ڕەخنەی جیددیش بوونی هەیە. ئەم تێگەیشتنانە تەنیا بۆ کۆمیدیای ناو سینەما ڕاست نین، لە شانۆشدا پێویستە دەرهێنەر بزانێت بابەتی کۆمیدیاکەی چییە و چۆن کۆمیدیا وەک ڕەخنەیەکی کاریگەر ڕووبەڕووی نەزمە چەوسێنەرە جۆربەرجۆرەکان دەکاتەوە. لە شانۆی “دوا ڕۆژەکانی بابلۆ”دا،  لە چەندین شوێندا بەر بە دەربڕین و دیمەنی سووکایەتیئامێز دەکەوین بەرانبەر بە چینە هەژارەکەی خوارەوەی کۆمەڵگا، تا ئەو ڕادەیەی دەربڕین هەیە سەر دەکێشێت بۆ فاشیزم. لێرەدا تەنیا سێ نموونە دەهێنینەوە. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا بابلۆ ڕوو دەکاتە موزیکژەنەکان و پێیان دەڵێت: “پێتان خۆشە ببینن سەرمایەدارێکی گەورە بکەوێت، ئێوەی چینە نەبووەکان، ئەو چینەی کە دڵتان پڕە لە ڕق و چاوتان پڕە لە ئیرەیی، ئێوە بەس بۆ ئەوە دەژین تا ئێمە بەزەییمان پێتان بێتەوە. بێهێز و بێدەسەڵاتن، ئێوە بەس ئیشتان ئەوەیە نوکتە دروست بکەن بۆ ئەوەی ئێمە پێبکەنین.” لەم پەرەگرافەی سەرەوە کە وەک نموونە هێناومانەتەوە، بە ڕوونی دیارە چینە نەبووەکان بە سووک دەبینرێن و وەک چینێکی ناچیز و بێدەسەڵات و ناپێویست دادەنرێن. ئەم جیاکارییەی نێوان ئێمەیەکی خاوەن دەسەڵات و هێز، لەگەڵ ئێوەیەکی بێدەسەڵات و بێهێز، ئێمەیەک کە خاوەنی هەموو شتێکە و ئێوەیەک کە خاوەنی هیچ نییە و تەنیا ئیشی دروستکردنی نوکتەیە، جیاکاری و دابەشکارییەکی فاشیستیانەیە. چونکە لە هەموو فاشیزمێکدا ئەم دابەشکارییە هەیە و هەمیشە ئێمەیەک هەیە کە خاوەنی دەسەڵات و هێزە و ئەوێکی تری ناچیز و ناپێویست و زیادەش بوونی هەیە. بابلۆ دەیەوێت کچەکەی بدات بە لالۆی خزمەتکاری، بۆ ئەوەی لەو ڕێیەوە سکپڕیی کچەکەی بشارێتەوە و تووشی ئابڕووچوون نەبێت. بابلۆ دەیەوێت لەو ڕێیەوە بۆ لالۆ بڕواتە پێشێ کە کێشەی زۆری هەیە و ئەم بۆی چارەسەر دەکات. بەڵام لالۆ دەڵێت من هیچ کێشەیەکم نییە، بابلۆش هەنگاو بە هەنگاو بۆی ڕوون دەکاتەوە و پێی دەڵێت کێشەی چی هەیە. لالۆش دەڵێت “بە ڕاستی من ئەو هەموو کێشەیەم هەیە، من  نەمزانی کێشەم زۆرە.” بابلۆ دەڵێت: “ڕاستە ئێمەی چینی سەرمایەداران، کەسانێکی ناشرین و بچووکی بێ پارە ڕقیان لێمانە -کە مەبەستی چینی هەژارانە-، بەڵام ئەوە ئێمەین کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەین و چارەسەری هەموو کێشەکان دەکەین.” لەم دیمەنەدا لالۆ نواندنەوەی چینە هەژارەکەیە، چینێک کە بێئاگایە لەوەی کێشەی هەیە یان نا. لەم دیمەنەدا بەر بەوە دەکەوین کە چینی هەژار وەک گەمژە و بێئاگا لە دونیا نیشان دراون. بابلۆ دیسانەوە لە دیمەنێکی تردا ڕوو دەکاتەوە تیپە موزیکییەکە و پێیان دەڵێت: “پێتان سەیرە هەموو کێشەکانم چارە دەکەم، ئێستا دەزانن بۆچی کەسانی وەک من لە سەرەوەن؟ تێگەیشتن ئێوە (ئێوەی چینی هەژار) لە ئەزەلەوە لەناو چاڵێکدان، کەس ناتانبینێت و کەسیش حیسابتان بۆ ناکات. گوێتانیش لە چەپڵەیە، بەڵام بۆ ئێوە نا، بۆ کەسانی سەرەوەیە. لێرەدا بابلۆ هەوڵ دەدات بینەریش لەگەڵ خۆیدا هاشوناس بکاتەوە. شانۆی کۆمیدیا بۆ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا ڕۆڵی ڕەخنەیەکی کاریگەر و جیددی بینیوە بەرانبەر بە چینە زاڵ و چەوسێنەرەکەی کۆمەڵگا. بەڵام دەرهێنەر لەو شوێنانەی کە باسمان کردن ویستوویەتی لە ڕێی گاڵتەپێکردن و سووکایەتیکردن بە هەژارنەوە کۆمیدیاکەی سەرپێ بخات و بینەران بخاتە پێکەنینەوە. جیاوازیی چینایەتی و لەخوارەوەبوونی هەژاران بابەتێک نییە بکرێتە بابەتی پێکەنین. دەبێت گاڵتە بەو نەزمە بکرێت کە ئەم جیاوازییەی بەرهەم هێناوە. ئەدۆرنۆ لە نامەیەکدا بۆ واڵتەر بنیامین دەربارەی پێکەنینی بینەرانی سینەمای کۆمیدی دەڵێت: “پێکەنینی بینەرانی سینەما –خاڵێک کە لەگەڵ ماکس[هۆرکایمەر]دا تاووتوێم کردووە و ڕەنگە پێشووتر بە تۆی گوتبێت- هەموو شتێکە جگە لە [شتێکی] بەسوود و شۆڕشگێڕانە، بە پێچەوانەوە ئەم پێکەنینە پڕە لە خراپترین جۆری سادیزمی بۆرژوازی.” [4]ئەم ڕوانینە توندەی ئەدۆرنۆ دەربارەی پێکەنینی بینەرانی سینەمای کۆمیدی، لە کاتێکدا بووە، ڕۆژاوا بەرهەمی کۆمیدیی گرنگی بە خۆوە بینیوە، سەرەڕای ئەوەش هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەی توندی بەرانبەر پێکەنینی بینەران هەبووە. لای ئێمە نەک هەر بەرهەمی کۆمیدیی جیددی نەبووە، ئەوەی هەبووە پڕ بووە لە زمانی زبر و جنێو، دەربڕینی فاشیستیانە و  بە سووکبینینی هەژاران و جۆرێک لە مەهزەلەی بێتام. دوا ڕۆژەکانی بابلۆش نەک بەرهەمێکی کۆمیدی-تراژیدیی جیددی و ڕەخنەگرانە نەبوو، بەڵکوو لە زۆر کاتدا دادەبەزییە ئاستی زمانی  بازاڕی و دەربڕینی سووکایەتیئامێزانە. پێکەنینیشی لە ڕێی تەوس و گاڵتەکردن بە چینی خوارەوە دروست دەکرد. لە نمایشی پەردەی یەکەمدا، بینەر خەریک بوو بەو دنیا پڕ لە کێشمەکێش و تێکچڕژاوەی دەوڵەمەندێک پێدەکەنی کە دونیای هونەری جێ هێشتبوو. بەڵام لە پەردەی دووەم و لە گێڕانەوەیەکی پێچەوانەدا دەردەکەوێت بینەر بە هونەرمەندێکی ناڕازی و هەژار پێکەنیوە، کە لە خۆپیشاندانێکدا زەڕبە بەر سەری کەوتووە و تووشی دەروونپەشێوی (سایکۆسیس) بووە. دەرهێنەر لە ڕێی خەیاڵاتی هونەرمەندێکی هەژاریی ناڕازییەوە کۆمیدیاکەی سەرپێ خستووە. کەوایە ئەوەی کۆمیدیای شانۆکەی لەسەر بینا کراوە، کارەکتەرێکی سەرمایەدار و بازرگان نییە، بەڵکوو وەهم و خەیاڵاتی هونەرمەندێکی ناڕازی و هەژارە کە تووشی دەروونپەشێوی بووە. لێرەوەش شانۆکە لەبریی ئەوەی ڕەخنە بێت لە شێوەژیانی بازرگانێک یان سەرمایەدارێک، نیشاندانی ئەوەیە گەر هەژارێک بە خەیاڵیش بیەوێت بازرگان یان سەرمایەدار بێت، لەناو ئەو دونیایەدا دەبێتە گاڵتەجاڕ، واتا هەژاران گەر بە خیاڵیش بیانەوێت لە پێگەی چینایەتیی چینی سەرمایەداراندا بن، ناتوانن لەناو ئەو دونیایەدا هەڵبکەن و دەبنە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕی. کەوایە دەکرێت بە کورتی بڵێین، بینەری شانۆیەک بووین، تراژیدیای هونەرمەندێکی ناڕازی و هەژاری کردبوو بە بابەتی گاڵتەجاڕی، پێکەنینی بینەرانیش هیچ نەبوو جگە لە سادیزمێکی بۆرژوازی. سادیزمی بۆرژوازی، واتا چێژ بینین لە ساتە تراژیدییەکانی کەسانی هەژار، واتا بینەر دەچێتە پێگەی بۆرژوایەکەوە و چێژێکی  سادیستیانە لە بینینی ئازاری هاوچینەکەی دەبینێت.

ئەو ساتەی سەمای کچی بابلۆ، بە درۆ بە باوکی بە دەڵێت لە ئۆسکار سکپڕە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە پەیوەندیی خۆی و ئۆسکار بدات؛ گەر واز لە کاردانەوە سەیر و دەرەسیاقەکانی بابلۆ و ماریای ژنی بێنین و تەرکیز بخەینە سەر مۆسیقای ئەو دیمەنە، هەڵە و دەرەسیاقییەکی گەورەمان بۆ دەردەکەوێت. “سەمفۆنیای پێنج یەکێکە لە شاکارەکان و داهێنان و ئیشە ڕادیکاڵەکانی بیتهۆڤن. ئەم سەمفۆنیایە لە ساڵی (١٨٠٧-١٨٠٨) نووسراوە و بەرهەمی زاڵبوونی بیتهۆڤنە بەسەر چارەنووسی و نواندنەوەی مۆسیقایی ئەم دێڕەیە کە دەڵێت: «لەگەڵ چارەنووس دەچمە ململانێوە؛ ناهێڵم بەسەرمدا زاڵ بێت.» شەڕی بیتهۆڤن لەم سەمفۆنیایە بە تێپەڕین لە دۆ ماینەر بەرەو دۆ مێجەر سیمبولی کراوە. بیتهۆڤن ئەم تێپەڕینەی لە ئۆراتوریۆی «خوڵقاندن» و جوڵەی سیمبولیانەی مۆسیقای هایدن بە ناونیشانی لە ئاژاوەوە بەرەو ڕووناکی، وەرگرتووە. مۆنۆمانی یەکەم، هەڵگری یەکێک لە بەناوبانگترین مۆتیڤەکانی مۆسیقای ڕۆژاوایە؛ واتە فیگەری چوارنۆتەیی کە لەسەرەتادایە و بە جەختکردنەوەوە دەست پێ دەکات. (ڕیتمی ئەو مۆتیڤە لەگەڵ کۆدی پیتی V لە پیتەکانی مۆرس (ئەلفبێی تەلەگراف) یەکسانە بە: خاڵ خاڵ خاڵ هێڵ. ڕیتمی مۆتیڤی سەمفۆنیای پێنج کە دەلالەت لە وشە و مانای سەرکەوتن(Victory) دەکات، بەکارهێنانی لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا دەگەڕێتەوە بۆ هەمان دەلالەت.”[5] “تێمای سەرەکیی ئەم بەرهەمە بە شێوەی ڕیتمێکی سێ دەنگی کورت و یەک دەنگی درێژە، بەڵام ئەم کارە ساکارە هێزێکی پەرەپێدانی سەرسوڕهێنەر بە سەمفۆنیاکە دەبەخشێت.[6]” پاش تێگەیشتن لە کرۆکی ئەم سەمفۆنیایە و سیاقی نووسین و مەبەستی بیتهۆڤن؛ لە دەرەسیاقیی هەڵبژاردنی ئەم مۆسیقایە بۆ ئەم دیمەنەی شانۆکە، تێدەگەین مۆسیقاکە لەناو شانۆکەدا وەکوو مۆسیقایەک بۆ دڵەڕاوکێ و ساتی مەترسی بەکار هێنراوە. گەڕانەوە بۆ مۆسیقای کلاسیک وەکوو ئەکتێکی جوان و پەسند دادەنرێت، بەڵام نائاگایی لە مۆسیقای کلاسیک کێشەی زۆر بەرهەم دێنێت و وا دەکات گرنگیی ئەو ئەکتە تەواو لەناو بچێت. پارچەمۆسیقاکەی سەمفۆنیای پێنجی بیتهۆڤن لە شانۆکەدا لە سیاقێکی نەشیاودا بەکار هێنراوە و گرنگیی خۆی لەدەست داوە. لە پاش چەندین جار دووبارەبوونەوەی چوارنۆتەکە بابلۆ بە موزیکژەنەکان دەڵێت: “دە بەسە تێگەیشتین کە خەتەرە.” بەکارهێنانی ئەم پارچەمۆسیقایە لەو دیمەنەی کە باسمان کرد، هەروەها پەرچەکردارەکەی بابلۆش بەرانبەری، تەنیا دەکرێت وەک پاروودییەک بیبینین. “پاروودی، واتە دووبارەکردنەوەیەکی گاڵتەجاڕانە و ئاستنزمانەی بەرهەمێکی جیددی، کە دەشێت دووبارەکردنەوەی گاڵتەجاڕانەی شێوەی ئاخافتن، یان ناوەڕۆک، یانیش بونیاد و بابەتی سەرەکیی بەرهەمێک بێت[7]“. کاتێک شانۆیەک بانگەشەی کۆمیدیا دەکات، نابێت هەموو جۆرە تەنزێکی وەک: پاروودی و ساتیر و جۆک و کۆمیک و ئایرۆنی و … تێکەڵ بە کۆمیدیا بکات. کۆمیدیا ژانرێکی بەرز و قورسە و پاروودی نییە. پەرچەکردارەکەی بابلۆ  بەرانبەر بەم پارچەمۆسیقایە زۆر ئاستنزمانەیە و هاوکات لێدانە لە فۆرمی بەرزی مۆسیقای کلاسیک بە گشتی و سەمفۆنیاکەی بیتهۆڤن بە تایبەتی. بابلۆ لە پەرچەکردارە پاروودییەکەیدا بەرانبەر بە پارچەمۆسیقاکە، هەوڵ دەدات بینەر لەگەڵ خۆیدا هاوشوناس بکات و بینەریش پەرچەکردارێکی پاروودییانەی بەرانبەر بە پارچەمۆسیقاکە هەبێت و بە موزیکژەنەکان پێبکەنێت.

تراژیدیای ڕاستەقینەی شانۆکە، ئەو ساتەیە کە ستافە پزیشکییەکە دەیانەوێت حەقیقەت بە بابلۆ بڵێن، بەڵام بابلۆ دەیەوێت نکۆڵی لێ بکات، نایەوێت باوەڕ بەوە بکات ئەوەی تێیدا بووە خەیاڵات و وەهمە و واقیعی ڕاستەقینەی ژیانی ئەو نییە. بابلۆ لەنێوان واقیع (ژیانی هونەرمەندێکی هەژاری بە هەڵوێست و ناڕازی) و وەهمەکەیدا (بازرگانێکی بەرژەوەندیخوازی داماڵراو لە بەهای مرۆیی) دەیەوێت لەناو وەهمەکەیدا بمێنێتەوە. بەردەوەم بابلۆ لەسەر ئەوە پێدادەگرێت ئەوەی ئەو تێیدا بووە ژیانە حەقیقییەکەیەتی. کەوایە شیوەنی بابلۆ بۆ لەدەستچوونی ڕابردووە هونەرییەکەی نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە نایەوێت ئەوە قبوڵ بکات ئەو سەرمایەدار نییە. دەرهێنەر خەیاڵاتی هونەرمەندێک کە دەروونپەشێوە دەکاتە بابەتی کۆمیدیا، دواتریش کە دەیانەوێت حەقیقەتەکەی پێ بڵێن، نکۆڵی لێ دەکات و ئارەزووی هەر بۆ خەیاڵات و دونیا وەهمییەکەیەتی، نەک واقیعە ڕاستەقینەکەی. لە کۆدا شانۆکە، شانۆیەکی ڕەخنەگرانە نەبوو، چ وەک هەڵبژاردنی بابەت و چ وەک دەستنیشانکردنی کارەکتەری سەرەکیش. گەر کۆتاییەکەشی وەک دەرەنجام وەربگرین، دەکرێت بڵێین شانۆکە دەیەوێت بڵێت: سەرمایەداربوون گەر دونیایەکی ناشرین و پڕ لە کێشمەکێش و داماڵراو بێت لە زۆر بەهای ئینسانیش، ئەوە هونەرمەندە ناڕازی و هەژارەکە هەر دەیەوێت لەناو ئەم دونیایەدا بێت، گەر بە خەیاڵش بێت.

بەدەر لە هەندێ سەرنجی تەکنیکیی وردی تر، سێ هەڵەی تەکنیکیی گەورە لە پەردەی دووەمدا دەبینین. لەسەرەوە باسی پەردەی دووەمی نمایشەکەمان کرد. بابلۆ لە گەنجیدا دەچێت بۆ خۆپیشاندان و لە گەنجیدا زەڕبەیەک بەر سەری دەکەوێت و تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت و تا ئەوەی سەر دەکێشێت بۆ نەخۆشی دەروونپەشێوی. بەپێی گێڕانەوەکانی ناو نمایشەکە بابلۆ بۆ ماوەی بیست و نۆ ساڵە لە نەخۆشخانەی دەروونییە. دەرهێنەر لە کارەکتەری بابلۆدا حیسابی بۆ تێپەڕینی ئەو زەمەنە کردووە و بە سپیکردنی قژی بابلۆ دەیەوێت تەعبیر لە تێپەڕینی ئەو زەمەنە بکات کە بەسەر بابلۆدا تێپەڕیوە. بیست و نۆ ساڵ لەوەپێش بابلۆ بە هۆی ئەوەی زەڕبەیەک بەر سەری دەکەوێت لەو تیپە موزیکییە دادەبڕێت کە بەشێک بووە لێیان، لە پەردەی یەکەمدا ئەو تیپە موزیکییە لە هەمان ئەو تەمەنەی کە بابلۆ لێیان دادەبرێت، لەناو زەین و خەیاڵاتی بابلۆدا ئامادەییان دەبێتەوە. ئامادەگیی ئەو تیپە لەو تەمەنەدا لەناو خەیاڵاتی بابلۆدا جۆرێکە لە نکۆڵیکردنی بابلۆ لە بەرانبەر بە ڕابردووە لەدەستچووەکەی. لە پەردەی دووەمدا ئەو کەسانە دەردەکەون کە وەک ستافێکی پزیشکیی نەخۆشخانەیەکی دەروونی بە واقیعی لە دەوروبەری بابلۆدا بوونە، و بابلۆ لە ڕێی ئەوانەوە واقیعێکی تری بۆ خۆی دروست کردووە. لەو دیالۆگانەی کە لە پەردەی دووەمدا دەیانبیستین، تێدەگەین بابلۆ بیست و نۆ ساڵە لەناو وەهمدایە و دونیایەکی تری بۆ خۆی چێ کردووە، و پزیشکان و پەرستاران و کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیەی کردوون بە کەسانی ناو ژیانی خۆی، کردووونی بە هاوسەر و کچ و خزمەتکاری خۆی… کاتێک لە پەردەی دووەمدا ستافە پزیشکییەکە دەیانەوێت حەقیقەتەکە بە بابلۆ بڵێن بۆ ئەوەی کۆتایی بە وەهم و واقیعە دروستکراوەکەی بێنن، دیسانەوە تێپەڕینی زەمەن بە کارەکتەری بابلۆوە دەبینین، دەرهێنەر لە ڕێی سپێتیی قژی بابلۆوە ئەمە دەگەیەنێت. ئەو ستافە پزیشکییەی نەخۆشخانەکە، کە بابلۆ کردوونی بە بەشێک لە جیهانە وەهمی و واقیعە دروستکراوەکەی خۆی، لە پەردەی دووەمدا و لە واقیعدا لە هەمان تەمەندا دەردەکەونەوە. بەپێی ئەو دیالۆگانەی لە پەردەی دووەمدا دەیانبیستین و بەپێی ئەوەی بابلۆ بیست و نۆ ساڵە لە ڕێی ستافی نەخۆشخانەکەوە واقیعێکی تری چێ کردووە، لەوە تێدەگەین لەو ڕۆژەوەی کە بابلۆ دەهێندرێت بۆ ئەو نەخۆشخانە دەروونییە هەمان ئەو ستافەشی لێ بووە، چونکە لە نمایشەکە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بابلۆ لە ڕێی ئەوانەوە بیست و نۆ ساڵە جیهانێکی وەهمی و واقیعێکی تری بۆ خۆی چێ کردووە. هەڵە تەکنیکییەکە لێرەدایە، کاتێک ئەو ستافە پزیشکییە لە جیهانە وەهمی و واقیعە دروستکراوەکەی بابلۆوە، دێنەوە ناو واقیعی ڕاستەقینە، لە هەمان تەمەندا دێنەوە ناو واقیعی ڕاستەقینە، لە کاتێکدا لەو ساتەوەی بابلۆ هێنراوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە تا ئەو ساتەی دەیانەوێت ڕاستییەکانی پێ بڵێن، بیست و نۆ ساڵ تێپەڕیوە. تێپەڕینی زەمەن بە کارەکتەری بابلۆوە دەبینین، بەڵام تێپەڕینی زەمەن بە کارەکتەرەکانی ستافەکەوە نابینین کە بابلۆ کردوونی بە بەشێک لە واقیعە دروستکراوەکەی خۆی. لە کاتێکدا لە پەردەی دووەمدا دەبوو هەستمان بەوە بکردایە ئەو ستافەش بیست و نۆ ساڵ لە تەمەنیان تێپەڕیوە، وەک چۆن بابلۆ لە دوا دیمەندا قژی سپی بوو، دەبوو تێپەڕینی زەمەنیش بەو ستافەوە دیار بووایە، لە کاتێکدا، هەر وەک چۆن لە واقیعە دروستکراوەکەی بابلۆدان، لە واقیعی ڕاستەقینەشدا لە هەمان تەمەندا دەردەکەونەوە. لە کۆی بینینی شانۆکەدا لەوە تێدەگەین، ئێمە لە نمایشی پەردەی یەکەمدا بینەری فەزایەک بووینە کە دروستکراوی خەیاڵاتی بابلۆ بووە. ستەیجی نمایشیش، ماڵی بابلۆ بووە و ڕووداوەکانیش لە هۆڵی میوانیی ماڵی بابلۆدا ڕوویان داوە. کاتێک بەرەو دیمەنەکانی پەردەی دووەم دەڕۆین، بەر بە واقیعە ڕاستەقینەکە دەکەوین، بابلۆ بە جلوبەرگی نەخۆشیی دەروونییەوە دەردەکەوێت و ستافە پزیشکییەکەش بە جلوبەرگی پزیشکی و پەرستارییەوە دەردەکەون. بە گۆڕینی جلوبەرگی بابلۆ و دەرکەوتنی ئەو ستافە پزیشکییە بە جلوبەرگی پزیشکی و پەرستارییەوە، دەرهێنەر دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە لەبەردەم واقیعە ڕاستەقینەکەداین، نەک واقیعە دروستکراوەکەی خەیاڵاتی بابلۆ. دەرهێنەر دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت ئەوەی بابلۆ کردوونی بە کەسانی دەوروبەری ژیانی خۆی، پزیشک و پەرستارانی ئەو نەخۆشخانەیەن کە بابلۆ تێیدا ماوەتەوە، ئەو شوێنەشی کە بابلۆ کردوویەتی بە ماڵی خۆی، نەخۆشخانەی دەروونییە، نەک ماڵ. کاتێک کۆی فەزاکە دەگۆڕێت و ڕۆڵی کارەکتەرەکان دەگۆڕێن، ئەوەی ناگۆڕێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە، ستەیجی شانۆکەیە. کاتێک لە ماڵە خەیاڵییەکەی بابلۆوە بەر بە واقیعە ڕاستەقینەکە دەکەوین، کە نەخۆشخانەکەیە، دەبینین دیمەنی سەتیجەکە هەر هۆڵی میوانیی ماڵی بابلۆیە، نەک نەخۆشخانەکە. ئەمە هەڵەیەکی تەکنیکی گەورەیە، کاتێک دەرهێنەر دەیەوێت لە ڕێی گۆڕینی جلوبەرگی بابلۆ و ستافە پزیشکییەکەوە ئەوەمان نیشان بدات کە فەزاکە گۆڕاوە و لەبەردەم واقیعە ڕاستەقینەکەداین، دەبوو ستەیجی نمایشەکەش بگۆڕێت بۆ نەخۆشخانەیەکی دەروونی. ئەمە هەڵەیەکی تەکنیکییە و ڕەنگە وایان دانابێت لابردن و گۆڕینی ئەو دیکۆراتانەی سەر ستەیج، کاتێکی زۆری بوێت و کارێکی زەحمەت بێت. لانی کەم دەکرا بۆ ئەوەی ئەمە زۆر بە زەقی دەرنەکەوێت، بەشی پشتەوەی ستەیج تاریک بووایە و بەشی پێشەوەش ڕووناک، قەنەفەکانیش لاببرانایە. لەو کاتەدا کەمتر هەست دەکرا ستەیج هەمان ستەیجی پێشووە. یەکێک لە سەرنجە ڕەخنەییەکانی دیکە، ئەو ساتەیە کە بابلۆ وەک نەخۆشێکی دەروونی بە جلی سپی و قۆڵبەستراوییەوە دێتە سەر ستەیج. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی قۆڵەکانی بابلۆ بەستراون؟ ئایە بابلۆ زیانبەخش و مەترسی بووە بۆ سەر ئەوانی تر؟ کاتێک ستافە پزیشکییەکە دەیانەوێت ڕاستییەکان بە بابلۆ بڵێن، بابلۆ بە سان دەڵێت تۆ لە بەشی ژمێریاریی کۆمپانیاکەی من نیت؟ سانیش دەڵێت نەخێر، من ڕۆژانە تەنیا وەکوو چارەسەر یاری شەترەنجم لەگەڵدا دەکردی. ئەنجامدانی یاریی شەترەنج لەگەڵ بابلۆدا مانای ئەوەیە، بابلۆ جێگەی مەترسی نەبووە بۆ ئەوانی تر و لە هیچ شوێنێکی نمایشی شانۆکەدا بەر بەوە ناکەوین بابلۆ وەک نەخۆشێک، زیان و مەترسییەکی هەبووبێت بۆ دەوروبەرەکەی. کەوایە لە ڕووی پلۆتەوە، بەستنی قۆڵەکانی بابلۆ ئەکتێکی زیادەیە و لەگەڵ کارەکتەرسازییەکەیدا وێک نایاتەوە. ئەم ئەکتە زیادەیە، بۆ جوڵاندنی هەست و سۆزی بینەرە و هەوڵێکە بۆ ئەوەی بینەر زیاتر لەگەڵ بابلۆدا هاوشوناس بێتەوە. دەرهێنەر نابێت لە ڕێی ئەکتی زیادەوە کە دەبێتە گرفت لە کارەکتەرسازیی کارەکتەرەکەیدا، هاوشوناسبوونی هاوسۆزییانە لای بینەر دروست بکات.

لەپاڵ ئەو سەرنجانەی سەرەوە، بە کورتی دوو سەرنجی تر دەخەینە ڕوو. لەبەر گرێچن و پێکەوەلکاندنی وردەڕووداوەکانی ناو شانۆکە، بەر بە دیمەنگەلێک دەکەوین زۆر ناسیاقانە دەکەونەوە. هەڵبەت لێرەدا مەبەستمان نییە بڵێین، دەبێت شانۆ کۆپی ڕێکاوڕێکی واقیع بێت، -کە ئەمە نەکردەشە- بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە نابێت شانۆ لەبەر گرێچنی ڕووداوەکان، وردەڕووداو و دیمەنگەلی ناسیقانە بخاتە ڕوو. لێرەدا تەنیا یەک نموونە وەردەگرین. کچەکەی بابلۆ ئەو ساتەی بە پلانی لارای خزمەتکاریان بە درۆ بە باوکی دەڵێت لە ئۆسکاری شوفێر سکپڕم، بابلۆ دەکەوێتە دۆخی شپرزەییەوە و دەڵێت دوو هەفتە دەبێت ئۆسکارم ئیزن داوە و لەسەر کار لام بردووە. لێرەدا نە کچەکەی بابلۆ پێدادەگرێت لەسەر هێنانەوەی ئۆسکاری شۆفێر و نە بابلۆش هەوڵی دۆزینەوەی دەدات. لەبریی هەوڵی دۆزینەوەی ئۆسکار، بابلۆ هەوڵ دەدات سکپڕیی کچەکەی بە جۆری تر پینەوپەڕۆ بکات، بۆ ئەوەی تووشی ئابڕووچوون نەبێت. سەرەتا هەوڵ دەدات بە پلان و فرتوفێڵ کچەکەی بدات بە کارمەندی کۆمپانیاکەی، دواتریش هەوڵ دەدات کچەکەی لەگەڵ لالۆی خزمەتکاری هاوسەرگیری بکات. کاتێک کارەکتەرێکت هەیە و ئابڕووچوونی کۆمەڵایەتی بەلاوە گرنگە، پێش ئەوەی هەر هەنگاوێکی تر بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئابڕووچوونەی هاتووەتە بەردەمی، هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسە دەدات کە کچەکەی لێی سکپڕە. دۆزینەوەی شۆفێرێکی تایبەت کە دوو هەفتە دەبێت ئیزن دراوە، بۆ بابلۆیەکی خاوەن‌سەرمایە و دەسەڵات، کارێکی سەخت نییە. لێرەدا دەردەکەوێت ئەم تەکنیکەی دەرهێنەر بۆ ئەوە بووە گرێچنی ڕووداوەکان بەرێتە پێش و لینک لەنێوان کارەکتەرە جیاوازەکاندا دروست بکات. ئەم مامەڵەیەی بابلۆ لەگەڵ پرسی سکپڕیی کچەکەیدا بۆ سیاقی کۆمەڵایەتیی ئێمە ناجۆر دەکەوێتەوە.

ئاشتکردنەوەی بینەر لەگەڵ شانۆدا، یەکێک بوو لەو کڵێشانەی دەربارەی ئەم شانۆیە دەگوترا. هەر خودی شانۆکەش بۆ ئەوە بەرهەم هێنرابوو، زۆرترین بینەر لەخۆ بگرێت. ئەم کڵێشەیە بەو مانایە دەوترا ماوەیەکی زۆرە، شانۆی باش نمایش نەکراوە و بینەر لە شانۆ تۆراوە و ئەم شانۆیەش هەوڵێک بوو بۆ ئاشتکردنەوەی بینەر لەگەڵ شانۆدا. بۆ ئەوەی بینەرێکت هەبێت چاوێکی هونەرییانەی وردی هەبێت، پێویستە شانۆی هونەریی ئاستبەرزت هەبێت. بەڵام ئایە لەپێشوودا شانۆی هونەرییانەی ئاستبەرزمان هەبووە تا بینەری لەم جۆرە  دروست ببێت؟ ئەمە پرسیارێکەو دەشێت بکرێت. کڵێشەی ئاشتکردنەوەی بینەر، لە ناواخندا پتر لە مانا سیاسییەکەی ئاشتکردنەوەی جەماوەرەوە نزیکە کە لە کایەی سیاسیی ئێمەدا وەک لۆژیکێکی سەرەکی، کاری پێ دەکرێت. ئەم لۆژیکە سیاسییە باڵی کێشابوو بەسەر نمایشی شانۆکەدا و لە سەرەتاکاندا تا نزیکەی مانگێک، سەرەڕای ئەوەی هۆڵی نمایش پڕ دەبوو لە بینەر و کورسیی خاڵی نەدەما، کەچی ڕێیان بە هاتنەژوورەوەی بینەری تر دەدا، بۆ ئەوەی لەسەر پلیکانەکان دابنیشن، یان بە پێوە بووەستن. بەپێوەوەستان و دانیشتن لەسەر پلیکانە، نامۆن نین بە ئێمە و لە کەرنەڤاڵە حەماسییەکان و بۆنەکانی هێزە سیاسییەکاندا بینیومانن. هەندێک نمایشی پێرفۆرمانس هەن، بینەرەکان دەبنە بەشێک لە نمایشەکان، یان نمایش هەیە فۆرمەکەی وا دەخوازێت بینەر بە پێوە بووەستێت. بەڵام لە دوا ڕۆژەکانی بابلۆدا، بەپێوەوەستان و دانیشتن لەسەر پلیکانەکان، بەشێک نەبوون لە ئەجوای نمایشەکە، بەڵکوو بۆ دروستکردنی کەشێکی حەماسی بوون. پێش هەر نمایشێکیش داوای لێبووردنیان لە بینەران دەکرد کە لەسەر پلیکانەکان دانیشتوون، یان بە پێوە وەستاون. بینەرانیش بۆ ئەوەی جۆشوخرۆشی حەماسییانەی خۆیان ئیسپات بکەنەوە، دیسانەوە دەهاتنەوە سەر پلیکانەکان، دیسانەوە بە پێوە دەوەستان. شانۆی هونەری، ئیشی ئەوە نییە بینەری حەماسی دروست بکات، ئیشی ئەوە نییە بینەری حەدەسی دروست بکات کە تەنیا حیوار و دەرەنجام و پەیامی بۆ گرنگ بێت، کە دواتریش لە هۆڵی نمایش دەرچوو، بڵێت بە ڕاستی پەیامێکی جوانی گەیاند! پەیام خۆی بە جۆری جیاواز جیاواز لە کۆمەڵگادا ئامادەگیی هەیە. شانۆی هونەریی ڕاستەقینە کەڵکەڵەی ئەوەیە بینەرێکی هونەریی ورد بخوڵقێنێت، کە هونەرییانە دەرگیری بەرهەمی هونەری بێت.

سەرچاوەکان:

  • شانۆی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ
  • فەرهەنگی شرۆڤەیی فرۆید، پۆل-لۆران ئاسۆن، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم2021؛ وەرگێڕانی وەلید عومەر
  • فلسفەی شوخی؛ جان ماریال؛ دانشنامە استندفورد؛ ترجمەی غلام رضا اصفهانی
  • زیبایی شناسی انتقادی؛ بنیامین، آدرنو، مارکوزە؛ ترجمەی امید مهرگان؛ نشر گام نو
  • تاریخ موسیقی غرب؛ ج. پیتر برک هولدر، دانلد جی گراوت، کلاود و. پالیسکا؛ ترجمەی کامران غبرایی؛ انتشارات کتاب سرای نیک
  • آثار کلیدی موسیقی؛ ژان ژاک سولی-گی للون؛ ترجمەی دکتر محمد مجلسی؛ نشر دنیای نو
  • فلسفەی طنز؛ جان موریل؛ ترجمەی محمود فرجامی و دانیال جعفری؛ نشر نی

[1] دەستەواژەی پەردەی یەکەم و پەردەی دووەم، لەم نووسینەدا ئاماژەن بۆ دوو فەزای جیاواز، فەزایەک دونیا وەهمی و خەیاڵییەکەی بابلۆیە، فەزایەکیش واقیعە ڕاستەقینەکەیەتی. ئەم دابەشکارییە بۆ ئەوەیە ڕوونتر ئەم دوو فەزایە بەر زەینی خوێنەر بکەون.

[2] فەرهەنگی شرۆڤەیی فرۆید، پۆل-لۆران ئاسۆن، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم2021؛ وەرگێڕانی وەلید عومەر، لاپەڕە 53

[3] فلسفەی شوخی؛ جان ماریال؛ دانشنامە استندفورد؛ ترجمەی غلام رضا اصفهانی؛ صفحەی 65-68

[4] زیبایی شناسی انتقادی؛ بنیامین، آدرنو، مارکوزە؛ ترجمەی امید مهرگان؛ نشر گام نو؛ صفحەی 87

[5]  تاریخ موسیقی غرب؛ ج. پیتر برک هولدر، دانلد جی گراوت، کلاود و. پالیسکا؛ ترجمەی کامران غبرایی؛ انتشارات کتاب سرای نیک؛ صفحەی 767

[6] آثار کلیدی موسیقی؛ ژان ژاک سولی-گی للون؛ ترجمەی دکتر محمد مجلسی؛ نشر دنیای نو؛ صفحه 487

[7] فلسفەی طنز؛ جان موریل؛ ترجمەی محمود فرجامی و دانیال جعفری؛ نشر نی؛ صفحەی 20