رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری پیاوکوژ و شەهیدێک

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: موحەمەد عەبدولکەریم

Download PDF

بە شێوەیەکى گشتى، دەقە شیعرییەکانى “بەختیار عەلى” دەقگەلێکن رازاوەن بە هونەرەکانی رەوانبێژی، و روویەکی جوانی شیعرەکانی بەختیار عەلی بریتییە لە دروستکردنی پارادۆکس. گەر لە ئاستی دەربڕینی رستە ریتۆریکییەکان بێت یان لە ئاستی دروستکردنی کارەکتەرێکی ناو شیعرەوە بێت. حاشاهەڵنەگرە “دژبەیەکی” لە شیعردا، گرنگە لەو رووەوەی راماندەکێشێتە ناو پانتاییەکەوە، کە شیعر خۆی بەرهەمی دەهێنێت و لە ڕێیەوە دەتوانێت مەترسی پێ بخاتە سەر دنیای ئەقڵانی و جەبرییەتی دنیا دەرەشیعرییەکەی پێ بشکێنێت. شێرکۆ بێکەس لە قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتمانمە”دا، دژبەیەکێک لە کارەکتەرێکی ناو قەسیدەکە دروست دەکات، دژبەیەکەکە لەنێوان ناوی کامەران و کەسایەتی (سوبێکتیڤیتە)ی” کامەراندا دروست کراوە و دەڵێت: “من ناوم کامەرانە/ یەکەمین درۆ نوساوە بە جەستەی خۆمەوە/ ناوەکەی خۆمە” پاشان دەڵێت: هەروەک ئەوەی دڕدۆنگ ناوی دڵنیایی بێت” لێرەدا دەیەوێت روونی بکاتەوە چۆن کامەران بە پێچەوانەی ناوەکەیەوە دڵخۆش نییە، دووبارە دێت لە رێی پارادۆکسێکی ترەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: وەک ئەوە وایە دڕدۆنگ واتە “دوودڵ” ناوی “دڵنیایی” بێت. دڕدۆنگ ” گەر گریمانەی ئەوە دانێین ناوی “دڵنیایی” بێت و کەسایەتیی کامەران وەک “مرۆڤێکی دڵناخۆش”، هەردووکیان “دڕدۆنگ و کامەران” دەبنە هەڵگری دوو ناوی دژ بە خۆیان، ئەوانیش “کامەران و دڵنیایی”یە. شێرکۆ بێکەسیش لە ریزی ئەو شاعیرانەدایە مەیلێکی زۆری بۆ دروستکردنی “دژبەیەکی” هەبووە، لە چەندین شیعریدا ئەم دژبەیەکانە دەبینرێن “من تینوێتیم بە گڕ دەشکێت، من ئاوم ئاوی تینوو” گەر تەماشای شیعری “پیاوکوژ و شەهیدێک” بکەین، پارادۆکسێکی جوان لە رێی پیاوکوژێکەوە دەخرێتە پێشچاو و توڕدانى بیرکردنەوە و دنیابینییە پاک و بێگەردەکەمانە،  فڕێدانى ئەو روانینە باو و رێکەى دنیاى ئێمەیە کە بکوژێک وەک بکوژێکى پەتى دەبینێت، بکوژێک ناوەوەى تاریکییە و هەمیشە بەرەوە هەناسەبڕین لە ژیان دەڕوات. بکوژ لە شیعری “پیاوکوژ و شەهیدێک”دا، مرۆڤێکە تا ئەندازەى بوونەوەرێکى ناسکۆڵە، ژیان کاریگەریى لێ کردووە. ئەو گیانى خۆى خستووتە کاسەوە بۆ ئەوەى خۆى لە نەرێکردنى ژیان بدزێتەوە. دەیەوێت پیشانی بدات بکوژەکان لە ناوەوە تاریکىی موتڵەق نین، بە جۆرێک بەر ئەو دابەشکارییە پەتییەى نێوان “خراپە و چاکە” ناکەون. تەنانەت بکوژ لێرەدا بە لینکێکى  بە هێزەوە نووساوە بە ژیانەوە تا ئەو جێیەی گیانى خۆى کردووە بە میدیۆمێک لە نێوان جوانى و مردندا.

 گشت دەقێک دەکرێت لە رێى میتۆدێک یان چەند میتۆدێکەوە بخوێنرێتەوە، سەرباری ئەوەش بڕێک جار دەق بتەوێ و نەتەوێ دەست درێژ دەکات بۆ میتۆدێکی دیاریکراو، و ناتوانیت چاوی لێ بپۆشیت. بۆ نموونە دەق هەیە خۆی پەلی هاویشتووە بۆ ناو مێژوو، جا لە رێی باسکردنی “کەسایەتی و سومبلەوە بێت یان رووداو یان هەر شتێکی دییەوە بێت” زۆر جار ناتوانیت رەهەندە مێژووییەکەى دەق فەرامۆش بکەیت لەگەڵ ئەوەشدا قبوڵکراو نییە بە شێوەیەکى موتڵەق دەق ببەستینەوە بە یەک جۆر میتۆدەوە و نەهێڵین هیچ میتۆدێکى دى تێیدا ئیش بکات. گشت دەقێک بتەوێ و نەتەوێ دەست دەبات بۆ دەیان رێگە و روانینى جیاواز. بۆ نموونە شێرکۆ بێکەس لە شیعرى دەربەندى پەپولەدا دەڵێت”

“تۆ فریا نەکەوتى  ئاوەکە بەیتە دەست مەولەوى

تۆ فریا نەکەوتى کەوشەکان بۆ نالى دابنێیت

تۆ فریا نەکەوتى کەوچکێک دەرمان بەیت بە گۆران

تۆ فریا نەکەوتى

لە جێى خۆت خەزان بوویت بێ ئەوەى هەڵوەرێیت

لە جێى خۆت هەڵقرچایت بێ ئەوەى بشێوێیت

لە جێى خۆت بوویت بە مۆم بێ ئەوەى بسوتێیت

بروسکەیەک

پەلە نییە

 شیعریش نییە

بە ناوی پێنج هەزار مانگەوە

بە ناوى مەولەوى و پێنج هەزار گوڵەوە

بە ناوى گۆران و پێنج هەزار کۆترەوە

بۆ زانا بلیمەتەکانى وڵاتى بوشکین

وڵاتى جاک لندن

وڵاتى بایرۆن

 وڵاتى جاندارک

 وڵاتى بسمارک

وڵاتى گاریباڵدى وڵاتى ڤانکوخ

سوپاس بۆ ئەو دیارییەى کە بەکۆمەڵ

سەرلەبەیانى رۆژى شانزەى سێ هەزار و نۆسەد و هەشتا و هەشت

 لە رێى بەغداوە

 بۆ گوڵ و کۆتر و مناڵ و شیعر کوردستانتان ناردبوو.

ئەم دێرە شیعرانە چنگیان گیر کردووە لە مێژوو، میتۆدى مێژووى لەم دێڕانەدا ئیش دەکات، تەنانەت گەر لە رووى میتۆدى مێژوویشەوە هیچى لەبارەوە نەڵێین ئەوا بەو مانایە نایەت کە بە میتۆدى مێژوویى نە خوێنرێتەوە. شێرکۆ بێکەس لەم سێ دێڕەى سەرەتادا ئاماژە بۆ سێ رووداو دەدات کە بەسەر سێ شاعیرى ئێمەدا هاتووە، و گرێی دەداتەوە بە کارەساتی هەڵەبجەوە. شێرکۆ بێکەس لە رێى ئەم سێ دێڕەوە فەزا و چۆنێتىی ئەو دۆخەمان بۆ دەکێشێت. بە شێوەیەکى خێرا پێنج هەزار کەس دەبن بە پەیکەر و وشک دەبن. ئەم تەعبیرە وێنە دەکات لە رێى چەند رووداوێکەوە رووداوی یەکەم: کە بەسەر مەولەویدا هاتووە، پاش ئەوەى مەولەوى لەسەر وڵاخەکەى دەکەوێتە خوارەوە و پشتى دەشکێت و پاش ماوەیەک دەمرێت. شێرکۆ بێکەس تەعبیرى دەسەوسانى و  خێرا مردنیانى بەوە کردووە نەیانتوانیوە ئاوەکە بدەنە دەست مەولەوى تینوێتی بشکێت و نەمرێت!. رووداوی دووەم: فریا نەکەوتوون کەوش (پێڵاو)ەکان دابنێن بۆ نالی، کاتێک نیشتمان بەجێ دەهێڵێت. رووداوی سێیەم: فریا نەکەوتوون کەوچکێک دەرمان بدەن بە گۆران، کە بە هۆى سەرەتانى گەدەوە دەمرێت. شێرکۆ لە رێى سێ رووداووى مێژوویى شاعیرەکانمانەوە وێنەى خێرا مردن و بە پەیکەربوونى پێنج هەزار کەسمان بۆ دەکێشێت. دێڕەکانى تریش هەر دەستبردن و گەڕانەوەن بۆ مێژوو، چونکە شێرکۆ بێکەس ئەوەشی بیر ناچێت، وڵاتانی غەرب کیمیاییان فرۆشت بە حکوومەتی عێراقی و ڕشتی بەسەر هەڵەبجەدا. بۆیە شێرکۆ هەوڵی ئەوەی داوە، بروسکەیەک بدات بە گوێی وڵاتە ئەوروپییەکاندا و لە رێی کەسایەتییە گەورەکانیانەوە، بە شێوەیەکی تەنزئامێزانە سوپاسی ئەو دیاریی “کیمیایی”یە بکات، کە دایان بە حکوومەتی عێراقی و پێنج هەزار کوردی پێ قاتوقڕکرد. ناوهێنانی ئەم کەسایەتییانە بۆ خۆی دەرخەری ئەو راستییەیە دەقەکە خۆی ئاماژە دادەت بەوەی مامەڵەیەکی مێژووییانەی لەگەڵ بکرێت. بۆیە شیعرەکەى بەختیار عەلیش هەر بەپێى دەستبردنى دەقەکە بۆ هەر میتۆدێک بێت لێک دەدەینەوە.

پیاوکوژ و شەهیدێک

ئەی گەمژە

من لە پێناوی هەموو جوانییەکاندا مردم، تۆ لە پێناوی هیچدا

من لەوسەری هەموو چێژەکانەوە هاتمەوە، تۆ لەوسەری هەموو پووچییەکانەوە

هەموو وێنەکانت بە دیوارەکانەوە، بەرامبەر بۆنی گوڵێک نین… کە دۆڕاندت

هەموو ئەم ستایشە، بەرامبەر پەپوولەیەک نییە… کە چیدی نایبینیت

هەزار فریشتە، ئەم زامەت بۆ ڕابژێنێت، بەرامبەر نیگای کچێک نییە… کە ئیدی لە دەستتچوو

هەزار باغ، برینت بۆ مەرهەمبکەن، بەرتەقای گوناهی ماچێک نییە…کە ئیدی تامی ناکەیت

بگەیتە سەد بەهەشت، هێندەی گەیشتن نییە بە چڵی هەنجیرێکی بەرز… کە ئیدی نایگەیتێ

بچیتە ناو سەد ڕووبار، وەکوو مەلەکردن نییە لە گۆمێکی پڕ ماسیدا… کە ئیدی ناچیتە ناوی

بەیانی تف لە زامەکانت بکە و وەرەوە

تف لەم شوێن خەنجەری دوژمنە بکە و وەرەوە

بە بچووکی “وەک مرۆڤێک” لە نێوان خەندەی کالیبتۆسەکاندا بمرە… جوانترە

کە دواجار بولبولەکان خۆیان دەمرن، تۆ بۆ لە پێناویاندا دەمریت؟

هێندە کاڵفام مەبە ئەی دۆست، وابزانیت مردنی تۆ گوڵزار دەڕازێنێتەوە.

 سەیرکە و ببینە ئەی دۆست، دوای مردنی تۆ، ژیان هەروەکو خۆیەتی.

 سەیرکە و بگری ئەی دۆست، دوای گەڕانەوەشت، مردن هەروەکوو خۆیەتی.

ناونیشان بابەتێکى گرنگى دەقى ئەدەبییە، دەسەڵاتێکە بەسەر کرۆک و بەشەکانى ناوەوەى دەقى ئەدەبیدا. ناونیشان نوێنەرایەتىی دەق دەکات، بە هۆى نوێنەرایەتىکردنییەوە تا ئەندازەیەک تەمومژى نێو دەقەکە دەڕەوێنێتەوە. ناونیشان ئەو رووبەرەیە، زۆر جار دانەر ناوەرۆکى دەقە ئەدەبییەکەى لە رێوە دەچنێت. شیعرى “پیاوکوژ و شەهیدێک”ى بەختیار عەلى  پێڕەوى لە پابەندبوونى دەق دەکات. پابەندبوونى دەقیش واتە پابەندبوونى ناونیشان بە ناوەڕۆکى دەقەوە یان هەر نەبێت ناونیشانەکە دوور نەکەوێتەوە لە خودى دەق. بە جۆرێک سێبەرى ناونیشان بە سەرانسەرى دەقەکەدا ڕابکێشرێت. لێرەوە فەزایەکى وا بخولقێت دال “ناونیشان- ئاماژەپێکەر” و مەدلول “ئاماژەپێکراوەکان” بکەونە گفتوگۆوە. گفتوگۆکەش لە شیعرى “پیاوکوژ و شەهیدێک”دا بەم جۆرەیە، ناونیشانەکە لە دوو بەش پێک هاتووە پیاوکوژ و شەهیدێک، پیاوکوژ “قسەکەر”ە ـ شەهید “گوێگر”ە، ئەوەى لەم شیعرەدا سەرنجڕاکێشە ناکۆکیەکیی جوان دروست کراوە بەو پێیەی پیاوکوژیش مردووە هەر وەک شەهیدەکە. پیاوکوژ لەو دیوى مردنەوە سەرزەنشت و ئامۆژگاریی شەهید دەکات و شەهیدیش لەودیو مردنەوە گوێدەگرێت. “من لە پێناوی هەموو جوانییەکاندا مردم، تۆ لە پێناوی هیچدا” . ناونیشانى شیعرەکە بە لینکێک بەستراوەتەوە بە واتا و مەدلولەکانى ناو شیعرەکەوە. پیاوکوژ بە “جوانى، چێژ، بۆنى گوڵ، پەپولە، نیگاى کچ، دەسکەوتنى ماچ،  چڵێک هەنجیرى بەرز…. هتد” ەوە بەستراوەتەوە، بەڵام شەهید دالێکە بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک واتا (مەدلول)ى وەک “هیچى و پوچى، وێنەى دیوار، لەدەستدانى نیگاى کچ، ماچ، کاڵفامی، دۆڕان و لەدەستدانى ژیان و هتد” ەوە. هێزى ناونیشان بە جۆرێکە دەتوانین لە سەرلەبەرى شیعرەکەدا بیبینینەوە، بەو مانایەى دەتوانین هەموو سەردێڕێکى شیعرەکە، پیاوکوژ دابنێین کە سەرزەنشت و ئامۆژگاریی شەهیدەکە دەکات.

“پیاوکوژ” من لە پێناوی هەموو جوانییەکاندا مردم، تۆ لە پێناوی هیچدا

“پیاوکوژ” من لەوسەری هەموو چێژەکانەوە هاتمەوە، تۆ لەوسەری هەموو پووچییەکانەوە

“پیاوکوژ” هەموو وێنەکانت بە دیوارەکانەوە، بەرامبەر بۆنی گوڵێک نین… کە دۆڕاندت

“پیاوکوژ” هەموو ئەم ستایشە، بەرامبەر پەپوولەیەک نییە… کە چیدی نایبینیت

“پیاوکوژ” هەزار فریشتە، ئەم زامەت بۆ ڕابژێنێت، بەرامبەر نیگای کچێک نییە… کە ئیدی لە دەستتچوو

شەهیدیش لە تەواوى دێڕەکاندا وەک گوێگرێک بەبێ وتنى هیچ وشەیەک ئامادەیی هەیە. ئامادەیى شەهید لە رێى “راناوى سەربەخۆى تۆ و راناوى لکاوى کەسی دووەمى تاک یان بەکارهێنانى وشەى دۆست، گەمژە، کاڵفامە” ەوەیە.

گەر بە شێوەیەکى ستوونیانە بڕوانینە وشەکانى “پیاوکوژ و شەهیدێک” بێگومان زاکیرەى ئێمە دەبەسترێتەوە بە خاڵێک لە دەرەوەى دەقەوە. بەو پێیەى تێگەیشتنى ستوونى “دۆزینەوەى وشەیە، بەو مانایەى ئەو وشەیە چ واتایەک لە دەرەوەى سیاقى دەقەکەوە دەورووژێنێت، ئەم وشانە چ پەیوەندییەکیان بە وشەکانى ترى ناو زاکیرەى تۆوە هەیە. ئامانجیش لێرەدا دۆزینەوەى پەیوەندیى وشەى ناو دەقەکەیە بەو وشانەى هاوماناى خۆین. لێرەوە وشەکانى “پیاوکوژ و شەهیدێک” دەبنە دالێک و ڕێنوێنیکەرى کۆمەڵێک واتا و مەدلولى ناو زاکیرەى خوێنەر. ئەم واتایانە دەکەونە دەرەوەى دەقەکەوە، هەر بۆیەشە ناونیشانەکە بەپێى پەیوەندیى ستوونى بە کۆمەڵێک مەدلولى ترى دەرەدەقییەوە گرێ دەدرێت. پیاوکوژ ئەو دالەیە کۆمەڵێک مەدلولى دەرەکى وەک “تێگەیشتوێتى و ژیاندۆستى، نەرجسییەت، رۆمانسییەت، ئامۆژگاریکەر و ماتریالێتى و گاڵتە بە ژیانى ڕەمزیانەی پاش مردن و هەروەها گاڵتە بە ڕێزى پاش مردن”ی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە، بەڵام مەدلول و مانا دەرەسیاقییەکانى شەهید بریتین لە “پشتکردن لە ژیان و خۆنەویستى و لەدەستدانى رۆمانسییەت و چێژە ماتریاڵییەکان و بایەخ بە گرنگیدانى ژیانى رەمزى و رێزى پاش مردن، چاوەڕوانى پاداشتى شەهیدبوون”. ناواخنى شیعرەکە جوانى و زەریفیەکى بێوێنەى دروست کردووە، بەو پێیەى ئەوەى نوێنەرى دنیاى ماتریاڵى و باوەشکردنە بە بابەتە دنیاییەکاندا پیاوکوژێکە نەک کەسێکی ڕۆشنبیر یان کەسێکى ئەقڵانى یان کەسێکى باش، بەپێى کولتوور و کۆمەڵایەتى و ئەقڵى باو. ئەم شیعرە لە رێى دروستکردنى پارادۆکسێکەوە لە کارەکتەری “پیاوکوژ”دا جۆرێک ئێستاتیکاى نامۆی چێ کردووە. ئێستاتیکایەک دژ بەو روانینە باو و رێکەی ئێمە، کە هەمیشە نوێنەرانی جوانی و دنیادۆستی لای ئێمە کەسێکی ئەرێنی بووە. ئێستاتیکایەک کە لێرەدا لە رێی دەربڕینێکی ریتۆریکیانەوە نییە، بەڵکوو لە رێی دروستکردنی کارەکتەری “پیاوکوژ”ێکی ناو شیعرەکەوەیە. ئەو روانینە باو و تەقلیدییە تێک دەشکێنێت، بکوژەکان وەک هێزێکى تاریکپەرستىی موتڵەق و نەفیکەرى ژیان تەفسیر بکرێن. ئەم شیعرە هەڵماڵێنەرى دیوە تینوو و تامەزرۆکەی ناوەوەى بکوژێکە بۆ ژیان. ئەوە پیاوکوژە،  نوێنەرى باوەشکردنە بە ژیاندا و ئەمرێت لە پێناوى چێژ و رۆمانسییەت و … هتد.

 پیاوکوژێک کە نەفرەتلێکراوى ناو کولتوور و سیاقە کۆمەڵایەتییەکانە کەچى دەمرێت لە پێناوى هەموو جوانییەکدا. بەو پێیەى پیاوکوژ، بکوژێکى نادنیایى نییە، بکوژێکە روو لە ئارەزوو و روو لە جیهانە راستەقینەکەمانە، ئەو جیهانەى تێیدا دەژیین نەک جیهانێکى دى. بکوژ لێرەدا نوێنەرى جیهانێکى پەراوێزخراوە. ئەو جیهانەى دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ زیاترە لە ئەفلاتونەوە و بگرە پێش ئەویش و ئەوانەى وەک ئەو بیریان کردبووەیەوە پشتگوێخراوە. جیهانى بێنرخکراو، جیهانێکە بە هۆى کاتیبوونییەوە ملکەچ بێت بۆ جیهانێکى باڵا. ئەفلاتون جیهانى هەستپێکراوى بە سێبەرى جیهانێکى دى لەقەڵمدابوو. جیهانی سێبەر جیهانێکى لەبەرگیراوەیە. جیهانى لەبەرگیراوەش نرخى شتێکى عادى و نائەسڵ وەردەگرێت. جیهانی حەقیقى لاى ئەفلاتون جیهانێکى دووردەستە. دوورە لە هەر گۆڕانکارییەک. جیهانێکى ئەسڵە و سێبەرەکەى کەوتووەتە ناو ئەم دنیا راستەقینەی تێیدا دەژیین. لێرەوە بکوژ دەکەوێتە سەرزەنشتکرنى شەهید، چونکە لە پێناوى جیهانێکى دوورە دەستدا مردووە. سەرزەنشتى شەهید لە لایەن پیاوکوژەوە، سەرزەنشتى جیهانی حەقیقی واتە “جیهانەکەی تر” ە لەلایەن جیهانى سێبەر واتە “ئەم جیهانەی تێیدا دەژین” بە مانا ئەفلاتوونییەکەی؛ بە دەربڕینە هەرە باوەکەی خۆمان سەرزەنشتى ئەو دنیا دەکات بەم دنیایەی ئێستا لە ناوی دەژیین. پیاوکوژ لێرەدا نوێنەری ئامۆژگاریکردن و گاڵتەکردنە بە باوەڕەکانى شەهید، بە هۆى بەکارهێنانى کۆمەڵێک زاراوەى ئاینییەوە روون دەبێتەوە شەهید لێرەدا ئاماژەیە بۆ شەهیدێکى دینی”لەدەستدانى ماچى حەرام، باوەڕ بە بەهەشت، رووبار کە ئاماژەیە بۆ بوونى رووبار لەو دنیا.” لە راستیدا سەرزەنشتکردنى شەهید لە لایەن پیاوکوژەوە، سەرزەنشتکردنى شەهیدە لە لایەن “خودى نووسەر”ەوە. بۆچوونەکانى نووسەر بەسەر زمانى پیاوکوژێکەوە دەربڕاوە. بەو پێیەى خودى دەقە شیعرییەکە بەرگرییە لە دنیابینى پیاوکوژەکە و رەتکردنەوەى دنیابینى شەهید لەلایەکى ترەوە. گەر بەپێى “میتۆدى ژیاننامەیى” سەیرى دەقە شیعریییەکە بکەین ئەوە بێگومان دەبێت دەست بدەینە خاڵە دەرەکییەکانى نێو دەقەکە  لەوانە: “ناسین و ژیانى نووسەرەکە، مێژووى شیعرەکە … هتد” گەر دەسەڵاتى نووسەر بخەینەوە سەر دەقەکە، تێگەیشتنمان بۆ دەقەکە ڕوونتر بێتەوە. دنیابینى “بەختیار عەلی” دنیابینییەکى نادینیانەیە، ئەمەش تەواوى ناڕوونییەکانى نێو دەقەکە دەسڕێتەوە لەو رووەوە پیاوکوژ هەمان بۆچوونى نووسەرى هەڵگرتووە. بەختیار عەلى لەم دەقە شیعرییەدا بە ئاگاییەوە درزێکى لەنێوان دوو جیهانبینیدا دروست کردووە، بەڵام دروستکردنى ئەو درزە لەنێوان پیاوکوژ “دنیایى” و شەهید “نادنیایى” دا ، لە دوو دێڕى شیعرەکەدا زۆر جوان خراوەتە ڕوو “هەزار باغ، برینت بۆ مەرهەمبکەن، بەرتەقای گوناهی ماچێک نییە… کە ئیدی تامی ناکەیت” ئەوەى لێرەدا وردبینى و تواناى شاعیر نیشان دەدات وشەى “گوناحى ماچ”ە؛ “گوناحى ماچ” لێرەدا زۆر ئاگاییانە بەکارهێنراوە. ماچ لە دنیاى ئایینىدا کاتێک ماناى گوناهى پێوە دەلکێت، بچێتە دەرەوەى چوارچێوەى “ژن و مێردایەتییەوە یاخود کەسە مەحرەمەکانەوە”، بۆیە لێرەدا وشەى گوناح کە لکێنراوە بە ماچەوە، دنیایەکى دەرە دینیمان پیشان دەدات. شاعیر لە ڕێى ئەم وشەیەوە هەڵمان دەکەنێت لە ناو جیهانبینییە دینییەکەوە. یاخود دەڵێت: بە بچووکى “وەک مرۆڤێک” لەنێوان خەندەى کالیبتۆسەکاندا بمرە… جوانترە، لێرەدا وشەى “بچووک”ى ئاگامەندانە بەرانبەر بچووککردنەوەى وشەى “گەورە” بەکار هێناوە. پیاوکوژ داوا دەکات بە “بچووک”ى وەک مرۆڤێک بمرێت. ئەم داوایە لە بنەمادا بەم شێوەیە بە “گەورە”یى مەمرە وەک شەهیدێک، دیارە شەهید لە ئاییندا پێگەیەکى زۆر گەورەى هەیە، لە بنەڕەتدا بە گەورەیى مردنە. ئەم دەقەى “بەختیار عەلی” هەر وەک دەقەکانى ترى مێژوو لەگەڵ دەقێکى تردا پێکداچوون “سەیرکە و ببینە ئەی دۆست، دوای مردنی تۆ، ژیان هەروەکوو خۆیەتی. سەیرکە و بگری ئەی دۆست، دوای گەڕانەوەشت، مردن هەروەکوو خۆیەتی”؛ ئەم دەقە جووت بووە لەگەڵ شیعرێکى عومەرى خەیامدا بەپێی یاسای دەقئاوێزان، کە دەڵێت: “دنیا وەکو خۆیەتى مرۆ نامێنێت/ تۆ تۆزى ئەویش هەروەکو سۆزى و دوێنێ/ ئێمەش کە نەهاتبووین وەک خۆى وابوو/ لێشى دەرەچین کەمایەتى ناهێنێت”.  واتە بەپێى یاساى دەقئاوێزان تووشى گرتنەخۆى دەقى تر هاتووە، بەو پێیەى تیۆرى دەقئاوێزان راوەستاوە لەسەر جەختکردنەوەی ئاوسى هەموو دەقێک بە چەند دەقێکى تر. بە دەربڕینێکى تر هەموو دەقێک خاوەنى چەند باوکە، دەق شتێک نییە خەڵق بکرێت، بەڵکوو دروست دەکرێت؛ دیارە دروستکردنیش ئاماژەیە بۆ بوونى چەندین کەرەستەى لەپێشتر. ئەو دەقەى بەرهەم دێت، دەقی پاشینە. هەموو ئەو دەقانەى دەچنە نێویەوە بە شێوەیەکى ئاگامەندانە بێت یان نائاگامەندانە دەبنە دەقى پێشین.

فەرهەنگۆک

ڤانکوخ/  وێنەکێشێکی گەورە و بەناوبانگی هۆڵەندییە.

بسمارک/ یەکەمین سەرۆک لە مێژووی ئەڵمانیادا.

گاری باڵدی: فەرماندەیەکی بوێر لەو جەنگانەدا بۆ دروستکردنی یەکێتیی ئیتاڵیا، بە یەکێک لە پاڵەوانە نیشتمانییەکانی ئیتاڵیا تەماشا دەکرێت.

بوشکین/ شاعیر و نووسەری رووسی، سەبکی رۆمانسیسم، بنیادنەری ئەدەبیاتی رووسی مۆدێرن، هەندێک بە گەورەترین شاعیری “رووسزمان” تەماشای دەکەن.

ژاندارک: کچێکی پاکداوێن و راستگۆ و میهرەبان، ئەمە هۆکاری خۆشویسترانی بوو، بەوپەڕی ئازاییەوە رابەرایەتیی شەڕی سەد ساڵەی نێوان فەڕەنسییەکان و ئینگلیزەکانی کرد، چەندین جار ئینگلیزەکانی تێک شکاند. بە بڕیارێکی ناپلیۆن کرا بە “سمبولێکی نیشتمانی” لە فەڕەنسا. پاش مردنی ئیتر ژاندارک بوو بە رووخسارێکی خۆشەویست لەناو ئەدەبیات و وێنەکێشان و پەیکەرسازیدا. زۆر لە گۆرانیبێژان و هونەرمەندان و دەرهێنەرانی فیلم ئاماژەیان بە ژاندارک کردووە لە بەرهەمەکانیاندا.

 سەرچاوە کوردییەکان

تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە، بەختیار عەلی

ئێستا کچێک نیشتمانمە، شێرکۆ بێکەس

دەربەندی پەپولە، شێرکۆ بێکەس

ئاسۆی دەق، پ. د. عەلی تاهیر بەرزنجی

رەخنەی بونیادگەری لە تیۆرەوە بۆ پراکتیزەکردن، رەخنەی شیعری بە نموونە، د. عەلی تاهیر حەسەن.

سەرچاوەی فارسی

 افلاطون، کارل بورمان