رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

خوێندنەوەیەك بۆ شانۆنامەى سۆزانییە بەڕێزەكەى سارتەر

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: موحەمەد عەبدولكەریم

Download PDF

شانۆنامەى “سۆزانییە بەڕێزەكە”ى سارتەر لە رووداوێكى ناو فارگۆنى قیتارێكەوە دەست پێ دەكات. رووداوێك دوو چیرۆكى لێ دەكەوێتەوە. ئاشكرایە بەدەگمەن رووداوێك هەیە پاش رروودانى چەند چیرۆكى لێ نەبێتەوە، راستییەكەی ئەمەش بۆ چەند  هۆكارێک دەگەڕێتەوە: (دەقیق نەبوونى مرۆڤ لە گێڕانەوەدا، فەنتازیای ویستراو، بەرژەوەندی … هتد شانۆنامەى “سۆزانییە بەڕێزەكە”ى سارتەر، ئەو رووداوەى كە لەنێو فارگۆنى قیتارێكدا روو دەدات. هەر زوو وەك هەر چیرۆكێكى تر لەتەنیشت راستێتیی خودى رووداوەكەدا، چیرۆكێكى ترى ساختە دەژى. چیرۆكێكیان چیرۆكی راستەقینەى رووداوەكەیە، كە بە هۆى ویستێكى گەورەتر و باڵادەستترەوە ناتوانێت بە نێو خەڵكیدا بڵاو ببێتەوە. چیرۆكى دووەمیش چیرۆكێكى ساختەیە بە تەواوى رووداوەكەى بە هۆى ئایدۆلۆژیایەكى باڵادەستەوە هەڵگێڕاوەتەوە و توانیویەتى تەواوى شار و وڵات بتەنێتەوە. ئەوەى وای كردووە چیرۆكى یەكەم (راستەقینە) بكەوێتە ژێر هەیمەنەى چیرۆكى دووەم ( ساختە)ەكەوە. هیچ  نییە جگە لە ویستى ئایدۆلۆژیاى زاڵ. ئایدۆلۆژیایەك كە بە جۆرێك توانیویەتى مرۆڤەكان لەسەر ئاستێكى پەتى دوالیزمانە دابەش بكات. هەر بەو سیفەتەى كە ئایدۆلۆژیا دەیەوێت دابەشكارییەكى بنەڕەتى لەنێوان دوو شتدا بكات .

شانۆنامەى سۆزانییە بەڕێزەكەى سارتەر دەیەوێت ئەو دنیایەمان پیشان بدات، چۆن بە شێوەیەكى نالۆجیكى دابەشكارییەكى نائەقڵانى لەنێوان مرۆڤەكاندا كردووە. دابەشكردنێك كە دەیەوێت حكوومدان لە باشە و خراپەى مرۆڤەكان ببەستێتەوە بە رەنگى پێستیانەوە. شانۆنامەكەى سارتەر هەڵایەكى گەورەى نایەوە، دەیانویست بەجۆرێك لێكی بدەنەوە گوایا سارتەر هەوڵی داوە دژى ئەمریكا بوەستێتەوە. ئەو رووداوێكى رەگەزپەرستیانەى وڵاتى ئەمریكا دەگێڕێتەوە، بێگومان ئەم رەگەزپەرستییە شتێكى نامۆ نییە بە وڵاتى ئەمریكا، بۆیە شانۆنامەكەى سارتەر لە راستیدا هەوڵێك نییە بۆ دژایەتىكردنى ئەمریكا هەر لەبەر ئەمریكىبوونەكەیان، بەڵكوو هەوڵدانێكە بۆ دژایەتىكردنى كولتوورى رەگەزپەرستى جا بە هەرچ كەس و شار و وڵاتێكەوە بنووسێت، بۆیە ئایدۆلۆژیایەكى تر دەیویست شانۆكە ببات بە ئاقارێكى تردا، وەك هەوڵێكى دژەئەمریكى سەیرى بكات، بە دەربڕینێكى تر دەیویست خەڵكى چەواشە بكات گوایا ئەم شانۆنامەیەى سارتەر دژەئەمریكایە. هەروەك چۆن رووداوى دووەمى ناو شانۆنامەكە رووداوێكى ساختەیە، ئایدۆلۆژیاى باڵادەست دروستی كردووە، رووداوە راستەقینەكەى پێ شاردووەتەوە. سارتەر ئەو باوەڕانە دەكوتێت كە مرۆڤ خۆى تواناى هەیە لە دروستكردن و لەناوبردنیاندا. ئەمە هەوڵێكە بۆ پیشاندانى قێزەونی رەگەزپەرستىی ئەمریكییەكان بەرانبەر رەشپێستەكان و هەروەها ئەو كولتوورە پیسەى خانەدانە بۆرژواكان هەیانە بەرانبەر ئەو جیهانەى ناكەونە ناو بازنەى ئەوانەوە.

چیرۆكى یەكەمى ناو قیتار ( چیرۆكە راستەقینە)كە و چیرۆكى دووەمى ناو قیتار (ساختە)ەكە بە هۆى دەمەقاڵێى نێوان فرێد و لیزییەوە دەخرێنە ڕوو. فرێد كوڕى دەسەڵاتدارێكە كە سیناتۆرێكى كلاركە لە ئەنجومەنى پیران دەیەوێت لیزى واژۆى چیرۆكە ساختەكە بكات بەڵام لیزى رەتى دەكاتەوە. فرێد چیرۆكى قیتارەكە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە كە وێبستەر بۆى  باسى كردووە ” لەناو شەمەندەفەرەكەدا، دوو رەشتپێست هاتنە ناو ئەو فارگۆنەى تۆ (لیزى) تیایدا دانیشتبوویت، پاش چەند خولەكێك هەر دوو رەشتپێستەكە پەلاماریان دایت، تۆش هاوارت كرد و داواى یارمەتیت لە خەڵكى كرد. سپى پێستەكان بۆ یارمەتى دانت هاتن، یەكێك لە رەشتپێستەكان بە گوێزانى ریشتاشین هێرشى كردە سەر سپى پێستەكان، سپى پێستێكیش بە گولە ساردى كردەوە، رەشپێستەكەى تریش ڕای كرد” بەڵام لیزى دەڵێت: وێبستەر لە كوێ زانى رووداوەكە بەم شێوەیە بووە؟ فرێد دەڵێت تەواوى شار بەم جۆرە باسى ئەم رووداوە دەكەن. لیزى ئەم قسانە بە درۆ دەزانێت، دەڵێت: نەخێر هەرگیز شتى وا نەبووە. چیرۆكى دووەمى رووداوەكە” هەرگیز هیچكاتێك شتى وا نەبووە دوو رەشتپێستەكان بە هێمنى دانیشتبوون، قسەیان لەگەڵ یەكتر دەكرد تەنانەت سەیرى منیشیان نەدەكرد. ئەو كات چوار سپىپێست هاتنە فارگۆنەكەى ئێمەوە لەتەنیشت منەوە دانیشتن و پاڵەپەستۆیان دەخستە سەرم بە جۆرێك دەیانوت لە پێشبڕكێى رەگبى گەڕاونەتەوە. پێشبڕكێكەشیان بردبووەوە و سەرخۆش بوون. لەپڕ یەكیان هاوارى كردووە بۆنى بۆگەنى رەشپێستت لێ دێت. چواركەسەكە هەڵیان كوتایە سەر رەشپێستەكان دەیانویست هەڵیانبەنەوە خوارەوە لە جامەكەوە. رەشپێستە بەدبەختەكانیش تا پێیان كرا بەرگرییان لە خۆیان دەكرد. پاشان شەقێك بەر دەموچاوى سپىپێستێكیان كەوت، لەو كاتەدا یەكێك لە سپىپێستەكان دەمانچەیەكى دەرهێنا، یەكێك لە رەشپێستەكانى كوشت، رەشپێستەكەى تریش ڕای كرد”. لێرەوە ململانێى دوو چیرۆك لەسەر یەك رووداو دەست پێ دەكات. فرێد دەیەوێت لیزى (ژنە لەشفرۆش)ەكە دانى پێدابنێت رووداوەكە بەو شێوەیە نەبووە كە لیزى بە چاوى خۆى بینیویەتى! بەڵكوو بەو شێوەیەیە كە ئایدۆلۆژیاى دەسەڵات هۆنیوێتییەوە. بێشەرمانە فرێد دان بە كوشتنى رەشتپێستەكەدا دەنێت، كە تۆماسى پورزاى ئەنجامى داوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت كوشتنەكە بخاتەوە سەر رەشتپێستە هەڵهاتووەكە. لێرەوە شانۆنامەكە رەوتێكى تر وەردەگرێت بێشەرمی رەوشتىی خانەدانە سەرمایەدارە سپیپێستەكان. فرێد بە شێوەیەكى بێشەرمانە دەیەوێت پێناسەی مرۆڤ بۆ دابەشكردنێكى چۆنایەتى بگوازێتەوە. فرێد دەڵێت: “كوشتنى رەشتپێست مرۆڤكوژى نییە”. ئایدۆلۆژیا لێرەوە دەبێتە ڕوانینێكى تەواو نائەقڵانى نەرێنى، بەو پێیەى مرۆڤ بە قەدەرێكى ناچارەكییەوە گرێدەدات، كە خۆى دەستى نییە لە دروستكردنىدا. ئەمەش دیوە رەق و بێبەزەییەكەى ئایدۆلۆژیایە بەستراوەتەوە بە سرووشتى نەگۆڕى مرۆڤەكانەوە. رەشێتى وەك عەرەزێك قەدەرێكە بە پێچەوانەى ئایدیاكانەوە ناگۆڕێت بۆیە لە دیدى سپیپێستێكى رەگەزپەرستەوە رەشتپێست هەمیشە وەك پلە نزمێك دەمێنێتەوە. پاشان جارێكی دی لە لایەن جۆنزى پۆلیسەوە هەوڵ دەدرێت چیرۆكە ساختەكە ببێتە جێگرەوەى چیرۆكە راستەقینەكە. ئا لێرەوە دەزگاكانى پۆلیسیش دەبنە هەوڵێك بۆ تۆخكردنەوەى ململانێ ڕەگەزپەرستییەكان و شەرعییەتدان پێی. لیزى دووبارە دەیەوێت واژۆى چیرۆكە ساختەكە نەكات وەك بەرگریكارێكى راستەقینەى رەشتپێستێكى بێگوناه بەرانبەر پۆلیسەكان دەربكەوێت. جارێكى تر شانۆنامەكە لە ڕێى سیناتۆر كلاركەوە درێژە بە ئاراستەى پێشووى خۆى دەدات. سیناتۆر كلارك بە پێچەوانەى فرێد و پۆلیسەكانەوە، هەوڵ دەدات چیرۆكە ساختەكە بە شێوەیەكى نەرمونیان بباتە پێشەوە. تەقەلاى ئەو بۆ ئەوەیە گوناهێكى ئەنجام نەدراو بخاتە ئەستۆى رەشپێستێكى هەڵهاتووەوە. راكێشانى سۆزى لیزى لە ڕێى چەمكى نەتەوەوە لە لایەن سیناتۆر كلاركەوە بە چەندین شێوە و دەربڕینى جیاواز دەردەكەوێت.  بۆ نموونە دەڵێت گەر تۆ واژۆى نامەكە بكەیت تۆماسى كوڕى خوشكە پیرە مووسپییەكەم نەجاتى دەبێت. ئەوكات من دەچمە بەردەمى و پێى دەڵێم لیزى ماك واژۆى كردووە، خوشكەكەشم بە گریانەوە دەڵێت “لیزى ماك كەى” هەرگیز ئەم ناوە لەبیر ناكەم، هەروەها تۆش لە ناخى خۆتدا دەڵێیت: لە كۆتاییدا دایكێكى ئەمریكى پەیدا بوو من وەك كچى خۆى پەسەند بكات! یان سیناتۆر كلارك دەڵێت: وا بیهێنەرە بەرچاوت گەلى ئەمریكا چیت پێ دەڵێن؟ سیناتۆر كلارك دەڵێت: من بە ناوى ئەمریكاوە قسەت لەگەڵ دەكەم، گەر واژۆى بكەیت ئەوا دەبیتە رۆڵەى ئازیزى شار و دایكانى شار. سیناتۆر كراك كەڵك وەردەگرێت لە چەمكى نەتەوەیى ئەویش لە ڕێى بەكارهێنانى وشەى ئەمریكاوە، تا پۆتانشێڵى نوستووى لیزى كە بەهێز و گوشار خەبەرى نەبوویەوە بێدار بكاتەوە. ئەو هەروەك پیشەى هەموو فاشیستەكانى ترى دنیا دەربڕینەكانى دادەبەزێنێتە نزمترین ئاستى تێگەیشتنەوە. قسەكانى سیناتۆر كلارك لیزى دەخاتە دۆخێكى وەهاوە كە بڵێت: “رەنگە دایكى تۆماس چەپكە گوڵێكم بۆ بنێرێت، یان لەوانەیە وێنە و واژۆى خۆى بنێرێت”. سیناتۆر كلارك لیزى سەربەست دەكات لەنێوان هەڵبژاردنى دوو رۆڵەدا: رۆڵەیەكى خراپ و رۆڵەیەكى باش، دەڵێت: ئازادیت گەر بتەوێت بەرگرى لە رەشپێستێک بکەیت كە سوودى نییە، نانمان پێداوە كەچى لە بەرانبەر ئەوەدا چ كارێك دەكات؟ كۆڵانە و كۆلان دەكات و دزى. راستە رەشپێستەكەش كوڕى منە و خۆشم دەوێت، بەڵام لێت دەپرسم ژیانى پیاوێك دەبێت بەو شێوە بێت؟ بەڵام تۆماس رەشپێستێكى كوشتووە راستە ئیشێكى خراپى كردووە، بەڵام پێویستم بە بوونیەتى و ئەمریكییەكى سەد لە سەد پاكژە، پاشماوەى یەكێك لە كۆنترین خێزانەكانى ئێمەیە؟ خوێندنى لە زانكۆى هارڤارد تەواو كردووە، ئەفسەرێكى شیاو و شایستەیە. هەزاران كرێكار لە كارگەكەى ئەون گەر بمرێت هەزاران كرێكار بێكار دەمێننەوە. تۆماس سەرۆكێكى شایستەیە بەربەستە لەپێش سۆسیالیزم كۆنترۆڵى سەندیكاكان و جولەكەكاندا. تۆماس دەبێت بژىی و ئەركە لەسەرت ببیتە پارێزەرى ژیانى ئەو. كاریگەرىی سیناتۆر كلارك لەسەر لیزى دەبێتە مایەى واژۆكردن لەسەر چیرۆكە ساختەكە. هەر سێ هەوڵەكە لەنێو شانۆنامەكەدا هەوڵێكن بۆ سەرخستنى چیرۆكە ساختەكەى ئایدۆلۆژیاى زاڵ، كە تێیدا حەقیقەت شتێكى بێگرێوگۆڵەیە، هەموو شتەكان لەپێشدا بڕیاریان لەسەر دراوە. رەشپێست مرۆڤ نییە/ تۆ رەشپێستى و سپىپێست نیت/ كەواتە تۆ مرۆڤ نیت/ ئەمە ئەو لۆجیكە نائەقڵانییەیە، لەسەرى بونیادنراوە. فرۆید لە كتێبى شارستانییەت و نیگەرانییەكانیدا دەڵێت: هەمیشە ئیمكانى ئەوە هەیە، گرووپێك لە خەڵكى یەكێتییەك لەسەر بنەماى عەشق و پەیوەندى دروست بكەن، بە مەرجێك كەسانێك هەبن بكەونە دەرەوەى بازنەكەوە. روونتر بڵێین (دوژمنێكى هاوبەشى دەرەكى هۆكارە بۆ زیاتر یەكگرتوویى ناوخۆیی گرووپەكان). رەشپێستەكان ئەو دوژمنە دەرەكییەن، سپىپێستەكانى لە رێى ئەوانەوە خۆیانى پێ  تۆكمە و یەكگرتوو دەكەن. دوژمنى دەرەكى دەبێتە هۆى یەكێتیى گرووپێك، كۆمەڵێك، حیزبێك، یان شارێك… هتد ناپتەوى و كەلێن و بۆشاییەكانى ناوەوە بە تۆخكردنەوەى خاڵە دەرەكییەكە كەمتر دەبێتەوە. واتە كەلێن و بۆشاییەكان بە پێچەوانەى تەسەوراتى گشتییەوە، دوژمنە دەرەكییەكە هۆكارى پڕكردنەوەیەتى. هێزى خاڵە دەرەكییەكە تا ئەو شوێنە دەڕوات كە كەلێن و بۆشاییەكانى نێوان باوەڕە جیاوازەكان دەربارەى بابەتێك یان چەند بابەتێكدا نزیك بكاتەوە، هەروەك سیناتۆر كلارك بە لیزى دەڵێت: ” وا گومان دەكەیت تێكڕاى شارێك هەڵە دەكەن؟ تەواوى دانیشتووان بە قەشە و پیاوە ئایینییەكان و پزیشكەكان و پارێزەرەكان و هونەرمەندەكان و فەرماندار و بریكارەكانى لەگەڵ دەزگا خێرخوازەكان هەموویان پێكڕا هەڵە دەكەن؟”

تێكڕاى شار هەموو جومگەكانى پێكەوە رێكەوتوون لەسەر خاڵە دەرەكییەكە. ئەم نزیكبوونەوەش لە راستیدا لەسەر بنەماى جێگیرى و پابەند بوون بە باوەڕیانەوە درووست نابێت. بە دەربڕینێكى تر دەبێت هەموو كایەكانى تر خۆیان تووشى لادان بكەن هەتاكوو بتوانن پێكەوە دوژمنە دەرەكییەكە یەكیان بخات. واتە گەر مەسیحییەكى سپیپێست بیەوێت رەگەزى سپى بە باشتر لە رەشپێست دابنێت، دەبێت پاشەكشێ لە بەها یەكسانیخوازییەكەى ناو ئایینى مەسیحییەت بكات بۆ ئەوەى بەشدارىی ئەو یەكێتییە بكات كە دژى رەشپێست بەگەڕ خراوە. دەبێت پزیشكێك لادانێكى زانستییانە قبوڵ بكات هەتاكوو بتوانێت بەشدارى بكات لەوەى سپىپێست باشترە لە رەشپێست، بە دەربڕینێكى تر هەمووان بە هۆى لادانێك لە باوەڕە راستەقینەكانى خۆیانەوە نزیكییەك دروست دەكەن. ئەم دیاردەیە بە شێوەیەكى گشتى وەك دوژمنێكى دەرەكى لە هەموو ئاستێكدا دەبینرێت. بۆ نموونە روانگەى توركەكان سەبارەت بە گەلى كورد. بەو پێیەى گەلى تورك دەیەوێت بە هۆى دوژمنێكى دەرەكییەوە نزیكێتىی بیر و باوەڕگەلە جیاوازەكانى ناوەوەى توركیا دروست بكات. كورد ئەو خاڵە دەرەكییەیە كە تواناى نزیككردنەوەى ئیسلامییەك و ماركسییەك و نەتەوەپەرستێك و لیبراڵێكى هەیە. ئیسلامییەكان و ماركسییەكان و لیبراڵەكان هیچكام لەم رێبازانە باوەڕیان بەوە نییە هیچ نەتەوەیەك بەرزتر بێت لە نەتەوەیەكى تر، هەربۆیە گەر بیانەوێت باوەڕیان بە بەرزترى نەتەوەیەك بەسەر نەتەوەیەكى تردا بێت ئەوە بێگومان دەبێت لابدەن لە رێبازەكەیان. رۆمانى مەزراى ئاژەڵانیش هەوڵى دەرخستنى یەكێتییەكى لەم شێوەى هەیە ئەویش بەو پێیەى دەسەڵاتدارانى ناو مەزراكە هەوڵى دروستكردنى دوژمنێكى دەرەكى بۆ ناو مەزراكە دەدەن. سنەوباڵ شۆڕشگێڕێكى گەورە بوو. هەوڵێكى زۆریدا هەتاكوو بتوانن لەژێر دەستى مرۆڤەكان رزگاریان بێت. پاش سەركەوتنى شۆڕش، سنەوباڵ بە هۆى گرنگى و كاریگەرى و قارەمانێتییەوە وەك سەرۆكى مەزراكە دەستنیشان دەكرێت. بەپێى تێپەڕینى كات ناپلیۆن كودەتاى بەسەردا دەكات، سنەوباڵ هەڵدێت و دەچێتە دەرەوەى مەزراكە. لێرەوە ناپلیۆن،  دوژمنێكى وەهمى لە دەرەوەى مەزراكە دروست دەكات. ئەو بۆیە ئەم دوژمنە وەهمییە دروست دەكات هەتاكوو لە رێى ئەو دوژمنە وەهمییەوە هەرچێكى پێ خۆشە ئەنجامى بدات، هەروەها ئەو تاوانانەش كە خۆى ئەنجامى دەدات بیخاتەوە ئەستۆى سنەوباڵ و خۆى پێ پاك بكاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى ناپلیۆن دەست بداتە كوشتنى ئەو ئاژەڵانەى مەترسین بۆ سەر دەسەڵاتەكەى و دواتریش بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت ئەو ئیشانە خۆى نین ئەنجامیان دەدات، بەڵكوو سنەوباڵى بێدەسەڵات ئەم كارانە ئەنجام دەدات!. تا واى لێ دێت ئاژەڵێك دەكوژرێت، دەڵێن سنەوباڵە، مریشكەكان باوەڕ دەهێنن بەوەى كە سنەوباڵ شەوان دێتە مەزراكەوە هێلكەكانیان دەدزێت. شیردەرەكان دەڵێن شەوان سنەوباڵ دێت دەماندۆشێت. مەزراكە بۆ ماوەیەك تۆكمەیى و یەكگرتوویەك دروست دەكات بە هۆى دوژمنێكى دەرەكییەوە. چەندین چیرۆك و شانۆى تر، تەنانەت لە ژیانى ئاسایى رۆژانەى مرۆڤدا كەسانێك هەن یان گروپێك یان نەتەوەیەك پەراوێز دەخرێن بە جۆرێك لە جۆرەكان دوژمنایەتى دەكەن تا یەكێتییەكى ناوەكى پێ دروست بكرێت. شانۆنامەى “سۆزانییە

بەڕێزەكەى” سارتەر لە راستیدا دژەئەمریكى نییە وەك ئەمریكىبوونێك، بەڵكوو دژى یەكگرتووى و تۆكمەییەكە كە لەسەر حسابى ئەوى تر دروست كرابێت. دژى ئەو كولتوورەیە كە دەیەوێت مرۆڤەكان دابەش بكات بۆ رەش و سپى. دژى ئەو رەگەزپەرستییەیە كە دەیەوێت بە هۆى خاڵێكى لاوەكى وەك  پێستەوە شوناسى مرۆڤێتى لەوى تر وەرگرێتەوە.