رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نامەیەک بۆ ماسیمۆ سەبارەت بە جوانی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئانتۆنیۆ نێگری

وەرگێڕان: نیما لوقمان

Download PDF

١٥ دیسەمبەری ١٩٨٨

ماسیمۆی ئازیز

لە بنەڕەتدا، ئەمە راستە تەواوی کێشەکە پێک هاتووە لە پێناسەی شوێنی سەرهەڵدانی ئەم سنوورپەڕێنییە لە بوون کە خۆی دروستکەری جوانییە؛ لە شوێنێک لە دەرەوە یان ناوەوەی پرۆسەیەکی گشتی یان کارێکی مرۆیی؟ دیارە دەتوانین لە پێناسەی سنوورپەڕێنی لە بوون لەسەر چێژ و وازهێنان هاوڕا بین، بەڵام رێگەی ئێمە جیا دەبێتەوە هاوکات لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی ستایشی ئیرۆسی دروستی کردوون. سەفەر لەسەر رێگەیەک کە ئێمەی گەیاندووتە ئەم خاڵە لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ و ئازارانەی چێشتمان لەبەر دابڕان لە بازاڕ و دووبارەبوونەوەی مامناوەندی ژیان کە ئێمەی شەکەت کردووە. جوانی و سنوورپەڕێنییەکەی لە ژیان، ئێمە بە رێژەیەکی زۆر زیاد دەبزوێنێت، کە ئێمە هان دەدات هاوکات بۆ تێڕامان و خرۆشان و ئێمە دەکێشێتە ناو دوو ئاقاری-گەشبینی و رەشبینی- ژیانی ئەخلاقی. ئەم سنوورپەڕێنییە لە بوون بەو رادەیەی ئێمە بەرەو سەرەوە دەبات، بە هەمان رادە ئێمە لە کەوتن نزیک دەکاتەوە، کەوتنە ناو هەژاری و ناتەواوی ئەزموونەکانمان. توانستی بوون لە دەرخستنی خۆی هاوکات لەگەڵ بەخشینی خۆی بە ئێمە، داواکاریی ئەوەیە بێهێز و پەککەوتوو بین. کەواتە هەموو کات ناچار دەبین رێگای دۆزینەوەی، خود و جوانی سەرلەنوێ بپێوین، تاکوو بەدیلەکانی ئەو ئەزموونە بەکۆمەڵە سەرلەنوێ پێک بهێنینەوە بۆ ئەوەی رێگەمان بدات بڵێین جوانی سنوورپەڕێنی بوونە. کەواتە، پێش ئەوەی چێژ سەرلەنوێ پاداشتمان بدات، ئێمە خۆمان لەناو ئازار و نەهامەتیدا دەبینییەوە؛ هەروەها بە پێچەوانەوە. چەند ئاسانە چیتر نەزانی جوانی لە کوێوە هاتووە! و ئێمە بە جارێک ئەومان ناسی و بە هۆی توانستی ئەوەوە کوێر بووین، چەند قورسە کە بڵێیت: ئەم پرسی جوانییە بوونی دروستکەری منە و ئەم خودایە ئێمەین!

تۆ دەڵێیت: ناونشین[1] و ماتریالیزم هیچ کات ناتوانن جوانی شرۆڤە بکەن. جوانی لە بەهەشتەوە دێت و لە ناخی راماڵینێکی باڵاوە لەدایک دەبێت کە جیهانی دروست کردووە و توانای ئەو تەنیا بە شێوەی نێگەتیڤ وەسف دەکرێت- چەندە مەزن، چەندە نهێنی ئامێز، تەنیا تۆپۆلۆژی نێگەتیڤ دەتوانێت سەبارەت بە جوانی بۆ ئێمە بدوێت. ئێمە دەتوانین فیلۆلۆژی لەسەری جوانی جێبەجێ بکەین و شرۆڤەی بکەین و بە شێوەیەکی کاریگەر بەرهەمی بهێنینەوە، بەڵام ئەو ساتە یەزدانییەی کە لەسەر هەموو مادەکان کاریگەرە لە کاتی گۆڕانیان بۆ بوونێکی نوێ، واتە سنوورپەڕێنی لە واقیعەت و هەستەکان، ئەو کات و فەزا سیحراوییە -کە ئێمە هیچ کات سەرکەوتوو نابین لە فامکردنی- مەگەر بە سەرنجەوە روانین لە وێنەدانەوەیەکی نێگەتیڤ لەو شتەی وا هەین؛ وێنەدانەوەیەک، کە زیادتر لاواز دەبێت بە هۆی نزیکبوونەوەی لە سەرچاوەی لە بیر بە دەری خولقاندن و هەموو سنورپەڕێنییەکی گونجاو لە بوون. لە روویەکی ترەوە، چۆن دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین نەهامەتی ژیانی ئێمە، و ژیانی مرۆڤایەتی بە گشتی، دەتوانێت دروستکەری بنەمایەکی شایستە بێت بۆ خوڵقاندن؟ چۆن دەکرێت بیر بکرێتەوە بەخشینێکی هاوشێوە دەتوانێت پەیوەندی بە پووچی بوونەوە بێت، کە لەناویدا سروشتی دروستکراوی خۆمان پەشێو دەکات؟ چۆن دەکرێت کەسێک وەها بیر بکاتەوە کردەی داهێنەرانە شیاوی روودانە لە کاتێکدا، لەگەڵ نەکردەیی مێتافیزیکیش، پاشەکشەی شۆڕشی ئەم دوایانەمان بەڵگەی لێ دەربازنەبوویمانە لە نەبوونی[2]؟ بێگومان، لەگەڵ تەواوی ئەوانەدا هیوا و وەهمی چێژ لەناو نەچوون؛ بەڵام تەنیا فریشتەیەک، یان کەسێک کە لە جیهانێکی ترەوە دێت، دەتوانێت شتێک بۆ تێرکردنی ئەم سکە تایبەتەی ئێمە بهێنێت. بۆ باوەڕهێنان بەم حەقیقەتە پێویستی بە باوەڕهێنان یان رۆح‌باوەڕی نییە: تەنیا پێویست دەکات بیری خۆت بهێنیتەوە جیهان پڕە لە ئیمکانە نهێنییەکان و ئێمە لەناو نهێنیدا دەژیین. جوانی نهێنییە.

کەواتە دامەزراوە رازی و قایلە. بەڵام بە دیاریکراوی چ کەسێکیان لەگەڵ ئەم نهێنییەدا لە ڕێکەوتندایە؟ کەسێک کە نهێنی لە بازاڕ دەگۆڕێتەوە بە پارە، ئەوەی نهێنی دەکات بە دەگمەن و دواتر دەگمەنی دەگۆڕێتەوە بە سەختی و پارەیەکی باش؟ تۆ گوتت: رەشۆکێتی بەکارهێنانی رۆژانە نهێنی لەناو نابات. تەنانەت ئەم ئارگومێنتانەت هێنایەوە: [رەشۆکێتی بەکارهێنانی رۆژانە] ئێمە ناچار دەکات تاکوو بەدوای جوانی لە زلکاوەکانی وجود و لە ئاکامدا، بۆ دروستکردنی پێناسەیەکی هەمیشەیی لە نێگەتیڤترین تێرمەکان بگەڕێن، بۆ سەپاندنی جیاوازی، جیاوازیی گەورەی نێوان فریشتە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوەتە زەوی و نەهامەتییەک کە فریشتەکەی گەمارە داوە. لەم نێگەتیڤیتەیە کرۆکی دیاریکردن و رووداو داپۆشراوە.

بەم شێوەیە، ماسیمۆ، جیاوازیی ئێمە کە لە سەرەتادا رووکەشیانە دەردەکەوت وردە وردە بووە هۆی جیابوونەوەی رێگاکەمان. جیابوونەوەی لۆژیک و باوەڕ، ئومێد و چاکەکارییەکانمان. لەبەر ئەوەی ئەگەر سنوورپەڕێنی لە بوون (کاتێک خۆی لە جوانیدا دەردەخات) چۆنیەتییەکی چاوەڕوان نەکراوی هەیە و ئەمە نهێنییەک نییە بەڵکوو موعجیزەیە. دیاریکردن، تیشکی رووناکییەک نییە کە لە بۆشایی، بەڵکوو وەرچەرخان، بەدیهاتن و کەڵەکەی کاری ئەبستراکتی یونیڤێرساڵە. ماتریالیزم، چەمکی دیاریکردن وەکوو سنووربەزێنی لە بوون بەرەو ئۆنتۆلۆجی پێناسە دەکات: بەدەر لە چییەتی[3]، شازبوون یان بێگەردی و تەنانەت بەدەر لە مۆناد[4] (گشتی گۆڕاو بۆ تاک). ئەم سنووربەزێنییە راستییەکی داهێنەرانەیە کە لە کارەوە هەڵدەقوڵێت و [سەرڕێژ دەبێت]. کۆیەکی کەڵەکە بووە لە کاری مرۆیی کە بەهای -سنووربەزێنییەکان- دیاری دەکات. یەکێک لەم بەهایانە هونەرە: دروستکراوترین، یونیڤێرساڵترین و هاوکات بێگەردترینە، یەکێک کە گشتە، واتە ماڵتیتودێک لە کارلێک، کە دەتوانێت چێژی لێ وەرگرێت. هونەر بەرهەمی فریشتە نییە، بەڵکوو پشتڕاستکەرەوەی دەرخەری هەمیشەیی ئەمەیە تەواوی خەڵک فریشتەن.

رێگە بدە ئەم شێوە نائاساییەی بەرهەمهێنان بە وردەکارییەکی زۆرترەوە باس بکەین. ئێمە بینیومانە کە چۆن کار، جیهان -سروشت و رۆح- و هەموو شتێک سەرلەنوێ دەخولقێنێتەوە و لە شێوەیەکی تەواو نوێ، هەموو شتێک، وەکوو [سروشتێکی] دووەم، سروشتی ئەبستراکت. ئەمە ئەو ریالیزمە پلاستیکی و نەرمینوێنەیە کە ئێمە چاودێری دەکەین. کەڵەکەبوونی بەردەوام لە ناخی ئەو، بە پەرەپێدان و ئاڵۆزییەکی روو لە زیادبوون، دیاریکراون. رەهەندی نوێ، فیگەرە نوێیەکان و جیهانە نوێیەکان بەردەوام خەریکن دروست دەبن. جیهانی مۆنادەکان[5] -نەدۆزراوەتەوە بەڵکوو دروستکراوە- جیهانێک کە دەستکردە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستەقینەیە. ئێستا، هونەر باڵاتر لە هەموو پیشاندەری ئەم پرۆسەیەیە. هەرچەندە لێرەدا، رووبەڕووی دژایەتییەکی تازە و بنەڕەتیتر دەبینەوە. ئەگەر هونەر بچێتە ناو چۆنیەتییەکی تازە لە بەرهەمهێنان، تایبەتمەندێتییەکانی بەراورد بە بەرهەمەکانی تری کاری بەکۆمەڵ چییە؟ ئایە هونەر لە زێدە بەها دەچێت؟ ئایە هونەر چەشنێک لە زێدە بەهایە؟ ئەگەر وا نییە، لە چ رەهەندێکەوە جیاوازە؟ هونەر دەتوانێت لە زێدە بەها جیاواز بێت تا ئەو ئاستەی کاری هونەری کارێکی نوێخوازانە بێت و بەهای بەرهەمهاتوو لە دەرەنجامدا جۆرێک سنوورپەڕێنی لە بوون بێت کە ئازادانە بەرهەم هاتبێت.

ئێستاش کاردانەوە. سەرمایەداری کاردانەوەی هەبووە بەرانبەر بەم پرۆسەی ڕزگارکردن لە بەکارهێنان و سەرمایە دەخاتە پاڵ بەهای هونەر و هەوڵی کۆکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکان دەدات لە قازانجی بازار. ئەوان لە بەرهەمهێنانی خۆیان لە سەرمایە ڕایان کردووە، کەواتە ئێستا دەبێت ملکەچی بڵاوکردنەوەی بن. سەرمایە لە پەرێشانی بۆ رێکخستن و زاڵبوون بەسەر هەموو شتێک، هیچکات بە شتێک، تەنانەت بە بنەمای بەرهەمهێنانی بەدیلیش، رێگەی دەرچوون نادات، هەر لەبەر ئەوە هەوڵ دەدات هونەر بکاتە هێزی بەرهەمهێنەری خۆی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر سەرکەوتوو نییە، و هەمیشە هاوکاتە لەگەڵ ناڕوونییەکی گەورە: ئەمە مێژووی هونەری رازاندنەوە و نەخشاندن و رسکاندن و لەبەرهەڵگرتنەوەی هونەرە. لەم گرێی کێشەدارە، هونەر ئێمە دەبات بۆ دواوە بەرەو ریاڵ، راستەوخۆ بەرەو کردەیەکی داهێنەرانە کە بنیاتنەری کاری [هونەرییە] لە کرۆکی بنەڕەتی بەرهەمەکە و زۆر ئەستەمە بچێتە پشت میلە ئاسنینە تەکنیکاڵەکانی لەبەرگرتنەوەی پیشەسازی. هونەر تەواوی زیندانەکان وێران دەکات و وەکوو هێزێکی راستەقینەوە دەردەکەوێت. کاتێک مارکس حەپەساوی میتۆدێک دەبێت کە هونەری یۆنان، بەم هونەرە ئێمە لە مۆدێرنە دەردەکێشت و دڵخۆشی کلاسیزیمی دەرەکاتی خۆیمان دەکات، بەهەڵە لەم بابەتە ئاکام وەردەگرێت کە هونەر پێشکەوتنێکی مێژوویی تێدەپەڕێنێت. مارکس دەبووایە بەم ئاکامە بگەیشتایە کە ئیشی هونەری پیشاندەری توانستی ناکۆتای بوونی مرۆڤە بۆ سنوورپەڕێنی لە بوون واتە کاری رزگارکراو. بەڵام مانای کاری رزگارکراو چییە؟ بە مانای جۆرێکە لە کار کە ئازاد بووە لە خۆبەستەیی بە چەوساندنەوە و راگوازینی خاوەندارێتی [ئەو] بۆ ساحەب‌کارێک و کۆیلایەتی. واتە بە مانای جۆرێکە لە کار لە نەوەی ئارەزوو. ئارەزوو و ئازادی کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی ئیشی ئەبستراکتی کەڵەکەبوو دادەنێن و ئیشی ئەبستراکتی کەڵەکەبوو ناچار دەکات بە سنووربەزێنی و دروستکردنی دەلالەتە نوێیەکان و زێدە بوون. کاری رزگارکراو زمانە، واتە کرۆکی گشتیی سنووربەزێنی لە بوون.

کەواتە، جوانی بوونێکی تازەیە، سنووربەزێنییەکە بە هۆی کاری گشتییەوە پێک هاتووە و لە توانستی داهێنەرانەی کار بەرهەمهاتووە. ئەم بەرهەمهێنانە کە دیاریکەری رووداوی جوانییە، ئەم بەرهەمهێنانی جوانییە، کارێکە لە فەرمان پێکردن ڕزگاری بووە. کار، لە ئەبستراکتترین دۆخی خۆی، زۆرتر لە رابردوو لە توانای دایە سنووربەزێنی لە بوون بەرهەم بهێنێت. ئەمانە دەکرێت رەگەزە سەرەتاییەکانی پێناسەی جوانی بن.

هەرچەندە ئەم پێناسانە و ئاکامەکانی لەوانەیە ناتەواو و ئاڵۆز بێنە بەرچاو، واتە، لەوانەیە فەزایەکی فریودەر و وەهمهێنەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جوانی و ئازادی دروست بکەن. بۆ نموونە، کاتێک خۆم تووشی شکستی سیاسی دەیەیی ٧٠ بووم و لە قووڵایی بێهیوایی داوای یارمەتیم لە هونەر کرد تاکوو توانای قبووڵکردن و بەرگەگرتنی شکستە سیاسییەکەم پێی بدات و یارمەتی دۆزینەوەی رێگەی فەردی بەرخۆدان و رزگاریم بدات، زۆر لە دڵساردی و نامورادی نزیک بوومەوە. من لە هەوڵدان بۆ ژیاری هەستە شاعیرانەکان، وەکوو دەریچەیەک بۆ چوونەدەرەوە لە ترس و دڵەڕاوکێ، توانستی هونەرم زۆر بەرز نرخاند بوو.

ئەو ئازارە پێویستی بە ئەخلاقە و ئەو ئەخلاقە دەکرێتەوە بە رووی شیعر، ئەمە گرنگ بوو، بەڵام یەکلاییکەرەوە نەبوو. ئەگەر بێت و کەسێک بە راستی بیەوێت لە قەیران رزگاری بێت (و ئەگەر بێت و توانای خۆرزگارکردنی هەبێت)، شتێکی تەواو جیاواز پێویستە… پێویستمان بە هەنگاوهەڵهێنانەوەیە لە رێگەیەکی یەکپارچە لەپێناو تێکۆشان بۆ گۆڕان، کەواتە، دووبارە دۆزینەوەی رەهەندی بەکۆمەڵی بەرهەمهێنانی ئازادی و جوانی. دەبێت بگەین بەو دیوی ترس و بە گوڕوتینی چالاکی هێرشی هەڵگەڕاوە، لەگەڵ شەڕخوازییەکی نوێ، بەرەو رووی دەچووین، تاکوو ئاگایی لە رەهەندە بەکۆمەڵەکانی مێژووی ژیانمان نۆژەن بکەینەوە. لەناو ئەم چوارچێوەیە، جوانیناسیی ڕزگاری و هونەر دەبنە واقیع بە هۆی دووبارە دەستخستنەوەی کاری بەکۆمەڵ. ئەزموونی ئێمە تەنیا دەیتوانی خۆی بە هۆی ماڵتیتود سەرلەنوێ رزگار بکات- تەنیا ماڵتیتود بوو کە دڵنەوایی دەداین و پێکهێنەری بنەمای جەماوەری پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی سنووربەزێنییەک لە بوون دروست دەکرد. لە کاتێکدا کە تەنیایی ترسێنەرە و ترس ئازادیی ئێمە دیل دەکات؛ تەنیایی حکوومەتی زۆرداری بەسەرماندا دەسەپێنێت و ترس ئەگەری سنووربەزێنی لە بوون لەناو دەبات. هونەر تەنیا لەناو پرۆسەی ئازادیدا دەژییت. هونەر، ئەگەر بتوانین وەها بڵێین، بە گشتی دیموکراتە- میکانیزمی بەرهەمهێنەری دیموکراتییە، واتە بەرهەمهێنەری زمان، وشەکان، رەنگەکان و کۆمەڵگە نوێیەکان و ئەو دەنگانەیە لەناو کۆمەڵگاکاندا یەک دەگرن. بۆ دەربازبوون لە وەهمی جوانیناسی، ئێمە دەبێت لە تەنیایی دەرباز ببین؛ بۆ خوڵقاندنی هونەر، دەبێت پێکهێنەری ئازادی بین لەم فیگەرە بەکۆمەڵانە.

بە دڵنیاییەوە هونەر دەتوانێت لەژێر حکوومەتی زۆرداریش بخوڵقێت. بەڵام ئەوەی ئێمە لەوێدا بەدەستمان هێنا شایەتحاڵ بوون بەسەر دوژمنەوە، واتە مانەوەی موعجیزەئاسای رەگەزەکانی بەرخۆدان، ئازادی و هیوا. تەنانەت زۆرتر، خۆپیشاندانی هەمیشەیی بۆ لەبن نەهاتوویی ئازادی، کرداری یاغییانە و عەشق بە گۆڕانی رادیکاڵ. جیهانی هونەر جیهانی «نوخبە و رابواردن[6]» نییە. وزەیەکی خەرمانەئاسا‏ نییە کە دەبێت لە لایەن بازاڕ یان، باشتر لەو، زانکۆ یان رەخنەگر رێک بخرێت. هونەرمەندەکان منداڵی خودا نین، کە دەبێت بە یاسای جیهان بگەڕێدرێنەوە بۆ رێگەی راست: و ئەگەر شاگردی ئەوان خواروخێچ و دژبەیەکە، دەبێت، هاوشێوەی نموونەی «ویلیام میستەر[7]»، بە ئاکامێکی ئەرێنی و ئاسودەبەخش بگات. نا، هونەرمەند، بە پێچەوانەوە، سیمبولی تێکشکانی هاتنەدی و ئازادیی رزگارکراوە. ئێمە هونەرمەندی راستەقینە وەکوو بوونێکی باڵا دەبینین- بەڵام هیچ بوونێک، بوونێکی باڵا نییە کاتێک بوونێکی بەکۆمەڵ نەبێت، بوونێک بۆ کۆمۆنیزم. لەناو هونەرمەنددا رزگارکەری بەکۆمەڵ سنووربەزێنی لە بوون و جیاکەرەوەی ئەوە. هونەرمەند خۆی کارێکی هونەرییە. ئەگەر بوون دەستکرد و ئەبستراکتە، خودی هونەرمەند دەتوانێت بوون سەرلەنوێ بخوڵقێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، با بگەڕێینەوە سەر پێناسەی «کۆماری» جوانی، کە دژی پێناسەی «فریشتەئاسا»ی ئەوم. مەبەستم لە «کۆماری» تەقلیدیی بوونە کە پرسی بەکۆمەڵ وەکوو بنەماکانی بەرهەمی ئازاد دەبینێت. لە «جوانی» من سنووربەزێنییەک، داهێنانێک فام دەکەم؛ سەربەستییەک کە رزگار بووە، رزگارییەک کە زۆرتر لە رابردوو سەربەست و بە توانایە. لەو شوێنەوە کە فریشتە سیمبولی کەمییە، سیمبولی پەیوەندییەکە کە هیچکات لەناو ناچێت، وێنایەکی نەویستراو لە سەرلێشێواویی بوون، کە دژیەکە لەگەڵ پێکهاتنی بوون و روونکردنەوەی بەکۆمەڵی ئەو. چەندە تامی دەمی فریشتەکە بەدە. چەندە ئەو پەککەوتوو دەردەخات. لە کۆتاییدا، فریشتە لە بنەڕەتدا دەرخەری هێزێکی بوغزاوی و باڵشکاوە.


[1] immanence

[2] nothingness

[3] Whatness

[4] Exemplarity

[5] Monads

[6] dissipation

[7]Wilhelm meister؛ ناوی کارەکتەری سەرەکی دووەمین ڕۆمانی گۆتە کە لە ساڵی ١٧٩٥ چاپ کرا.