رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لەبەردەم وێرانەییەکی مرۆییدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوڕێ عەبدوڵا

Download PDF

سەرەتاکانی دەستپێکی هونەری شێوەکاری لە باشووری کوردستاندا وەک کایەیەکی هونەری بۆ ساڵانی حەفتاکان دەگەڕێتەوە. قوتابییە کوردەکان لە پەیمانگا و ئەکادیمیای هونەریی بەغدا، سەرەتای خوێندنی هونەری شێوەکارییان دەست پێ کرد. سەرەتاکانی خوێندنی ئەکادیمیا و پەیمانگا، زیاتر فێرکاری و ئەکادیمی بوونە و گواستنەوە و کۆپیکردنەوەی کارە شێوەکارییە کلاسیکییەکانی رۆژاوا بوونە. دوای ئەو قۆناغە، قۆناغی ئیشکردنی ریاڵیتی و واقیعی دێت، واتا لە گواستنەوە و کۆپیکردنەوەی هونەری شێوەکاریی کلاسیکەوە بۆ گواستنەوە و کۆپیکردنەوەی واقیع. لەم قۆناغەدا پتر وێنەی سروشتی کوردستان و فیگەری کوردییان کێشاوە. دوای ئەم قۆناغەش بە نزیکەیی لە نیوەی دووەمی هەشتاکان بە دواوە، تەکنیک و قوتابخانەی هونەری تر دێنە ناو هونەری شێوەکاریی باشووری کوردستانەوە، لەوانەش: ئەبستراکت، ئێکسپرێشینیزم، کوبیزم، سوریالیزم…هتد کاریگەریی ئەم قوتابخانانە بەسەر شێوەکاریی باشوورەوە زیاتر دەرەنجامی کۆچی هونەرمەندانی کورد بوون بۆ ئەوروپا. لە ئەوروپادا هەریەک لەو قوتابخانە هونەرییانە دەرهاویشتەی کۆنتێکستێکی دیاریکراو بوونە و هەوڵی ڕەخنەکردن و دابڕانیان داوە لەگەڵ قوتابخانەکانی پێش خۆیاندا. لای هەریەک لەو قوتابخانانە بینینێکی جیاواز هەبووە بۆ واقیع، سەرهەڵدانی هەر یەکێکیان ئاماژەیەک بووە بۆ جۆرە بینینێکی تر بۆ واقیع. ئەم قوتابخانە هونەرییانەی ئاماژەمان بۆیان کرد، کەم تا زۆر هونەرمەندانی کورد وەک تەکنیکێکی نوێی بەرهەمهێنانی ئیشی تابلۆیی کاریان پێ کردووە. دەکرێت بپرسین تا چەند ئەو کارپێکردنانە دەرەنجامی گۆڕانێکی راستەقینە بوونە و دەلالەت بوونە لە جۆرە بینینێکی تر بۆ واقیع؟ ئایە ئەو کارپێکردنانە نیشانەی ئەو دابڕانە بووە کە چی تر ئۆبێکتی تابلۆ تەنیا بە شێوەیەکی واقیعی و وەک خۆی نیشان نادرێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە لە دەرەوەی باسی ئەم وتارەوەیە، بەڵام بە گشتی دەکرێت بڵێین بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەبێت لە فۆرمەوە دەست پێ بکەین. ئایە ئەم قوتابخانانە تەنیا وەک تەکنیکێکی رووت هاتوون یان فۆرمیان پێ بەرهەمهێنراوە؟ تەکنیکی رووت مەبەستمان ئەوەیە کارپێکردن بەو قوتابخانانە تەنیا لاسایی و هەوڵی نزیکایەتی بوونە لە هونەری ئەوروپی، فۆرمیش مەبەستمان ئەوەیە تا چەند ئەو تابلۆیانەی بەرهەم هاتوون رەنگدانەوەی خودێتیی هونەرمەندان و کاریگەریی سیاق و سەردەمەکەیان  پێوە دیار بووە.

پڕۆژەی هونەریی «هەڵوەرین»ی سوفیان جەلال، ساڵی ٢٠١٩ لە «گەلەری ئێستا- کارگەی کۆنی جگەرەی سلێمانی» نمایش کرا. پڕۆژەی هەڵوەرینی سوفیان جەلال یەکێک بوو لە کارە جیدییەکان و دەکرێت وەک دابڕانێک سەیری بکەین لە هونەری شێوەکاریی باشووردا، دابڕانێک چ وەک تەکنیک و چ وەک فۆرمیش. تێزەیەک کە زیاتر لەگەڵ دەروونشیکاریدا سەر هەڵدەدات و لەژێر کاریگەریی ئەودا برەوی پێدەدرێت ئەمەیە: هونەر سەر بە ناخودئاگایی هونەرمەندە و سەرچاوەی کاری هونەری لەوێوە سەر هەڵدەدات. لە روانگەی دەروونشیکارییەوە کاتێک چەپاندن و سەرکوت لە ژیانماندا روو دەدەن یان لە رێگەی خەونەوە دێنەوە، یانیش لە رێگەی هونەر و ئەدەبەوە بەرجەستە دەبن… هتد، هەڵبەت بەرجەستەبوونێک کە بە دروستی خودی هونەرمەندیش نازانێت سەرچاوەکەی کام پاڵنەری چەپێنراو بووە. ئەم تێزەیە سەرەڕای ئاڵۆزی و ناڕوونییەکەی، تێزەیەکە تا ئێستایش برەوی هەیە و ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. «مەسعود فەراسەتی» کە یەکێکە لە رەخنەگرە دیارەکانی ئەمڕۆی ئێران، بە درێژایی ماوەی کارکردنی رەخنەیی خۆی لە بواری هونەردا، ئیشی بەم تێزەیە کردووە. بە لای فەراسەتییەوە «تەکنیک رەبتی بە خودئاگاییەوە هەیە و فۆرمیش سەر بە ناخودئاگاییە». فۆرم لە ناخودئاگایی هونەرمەندەوە دێت و لە ئاگاییدا لە رێی تەکنیکەوە بەرجەستە دەکرێت. تەکنیک ئامرازی فۆرمە، تەکنیک ماتریاڵ نییە، بەڵکوو شێوازی بەکار‌هێنانی ماتریاڵە. تەکنیک سەر بە پانتایی فێربوونە، بەڵام فۆرم نا. دەکرێت کەسێک فێری تەکنیک و شێوازی بەکارهێنانی ماتریاڵ بێت و کاری تەکنیکی دروست بکات، بەڵام فۆرم فێربوون نییە، فۆرم خوڵقاندنە و دەبێت هونەرمەند بیخوڵقێنێت. هەڵبەت بۆ ئەو خوڵقاندنە هونەرمەند پێویستی بە تەکنیک و فێربوونی تەکنیکی هەیە. گەر لە رووی چێژەوە جیاوازیی لە نێوان کارێکی تەکنیکی و کارێکی فۆرمیدا بکەین، دەکرێت بڵێین لە کاتی دروستکردنی کارێکی تەکنیکیدا هونەرمەند لە پرۆسەی دروستکردنەکەدا چێژ لە کارەکە نابینێت، تەنیا دوای تەواوبوونی کارەکە و بینینی کارەکە، هونەرمەند چێژ لە کارەکە دەبینێت. بەڵام کاتێک هونەرمەند فۆرمی هونەری دەخوڵقێنێت لە خودی پرۆسەی خوڵقاندنەکەشدا چێژ دەبینێت. وەک بڵێی لەگەڵ بەکارهێنانی رەنگ و فڵچەدا هونەرمەند ناخودئاگای دەردەبڕێت و چێژ لە بەرجەستەبوونی ئەو فۆرمە دەبینێت کە لە ناخودئاگاییەوە دێت. هونەرمەند دەبێت لەگەڵ خۆیدا راستگۆ بێت، راستگۆبوون لێرەدا پرسێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو پرسێکی بە تەواوی هونەرییە. راستگۆیی واتا هونەرمەند لە رێی تەکنیکەوە ئەو فۆرمە بەرجەستە بکات کە لە ناخودئاگاییەوە دێت. لە کارەکەی هونەرمەند سوفیان جەلالدا بینەری کارێکین کە فۆرمی هونەری خوڵقاندووە و تایبەتمەندێتیی خودیانەی هونەرمەندی پێوە دیارە. لە کارەکەیدا جگە لە رەنگ، کەرەستە و ماتریاڵی جۆربەجۆری بەکار هێناوە: پوش‌وپەڵاش، توێکڵەپرتەقاڵ، گەنمەشامی، خۆڵ و تەنانەت قرژاڵی سروشتیشی تێدا بەکار هێناوە… لە کارەکانی سوفیاندا بە گشتی بەر بە رەنگی زبر و چڕ، داڕشتنی جوڵەئامێز و بەسەریەکدا دراو، کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، دەکەوین. کەرەستە و ماتریاڵەکان، رەنگەکان رژاونەتە سەریان و تێکەڵ بە رەنگەکان بوونە و کەشێکی زبر و چڕیان پێ كێشراوە. شێوازی مامەڵەکردنی سوفیان لەگەڵ تابلۆدا لە ئێکسپرێشینیستە نوێیەکانەوە نزیکە، بە تایبەتیش ئەنسلم کیفەر. ئەنسلم کیفەر وێنەکێش و پەیکەرسازی ناسراوی جیهان، کەڵکەڵەی کارەکانی بە دەوری هەندێ پرسی ئۆنتۆلۆژییەوە دەخولێنەوە: ئێمە کێین و لە کوێوە هاتووین و بەرەو کوێ دەڕۆین و ئامانج و غایەت لە بوونی ئێمە لەم جیهانەدا چییە؟ کیفەر کەرەستە و ماتریاڵی جۆراوجۆر لە تابلۆکانیدا بەکار دێنێت، هەر یەکێک لەو کەرەستە و ماتریاڵانە مانایەکی قووڵی بۆ کیفەر هەیە و پەیوەندیی بە یادەوەریی دوور و قووڵی کیفەرەوە هەیە. بەشێک لەو کەرەستە و ماتریاڵانەی کیفەر بەکاریان دێنێت پاشماوەکانی جەنگن، بەشێکیشی هی ژیانی ڕۆژانەیە. جگە لە بەکارهێنانی کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، تایبەتمەندییەکی تری تابلۆکانی کیفەر گەورەیی ئەندازەی تابلۆکانێتی. سوفیان جەلالیش وەک ئەنسلم کیفەر کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز لە تابلۆکانیدا بەکار دێنێت و ئەندازەی تابلۆکانیشی گەورەن کە بە نزیکەیی لە دەوروبەری “٢٠٠×٣٨٠” سانتیمەتردان. سەرەڕای ئەم نزیکایەتییەی سوفیان جەلال لە ئەنسلم کیفەرەوە، بەڵام کارەکانی چ وەک ماتریاڵ و تەکنیک چ وەک فۆرمیش، تایبەتمەندیی خودیانەی پێوە دیارە و توانیوێتی فۆرم بخوڵقێنێت.

هونەرمەندی ئێکسپرێشینیست بەو جۆرە لە واقیع ناڕوانێت دۆخێکی ئۆبێکتیڤی و ئێستاتیکیی دیاریکراو بێت و بیگوازێتەوە بۆ ناو تابلۆ، بەڵکوو بەو جۆرە لە واقیع دەڕوانێت کە لە دەروونی ئەودا رەنگ دەداتەوە. ئێکسپرێشینیستەکان زۆر گرنگی بە بارە دەروونییە خودییەکان دەدەن، ئازار و ناڕەحەتی و پشێوییە دەروونییەکانیان -کە بەرهەمی دۆخێکی واقیعییە یان وجودییە- دەگوازنەوە ناو تابلۆکانیان. بۆیە بە گشتی لە کارەکانیاندا تاریکی، ناڕێکی، تێکدان، ماتی… هتد رەنگ دەدەنەوە. سوفیان جەلالیش بۆ ئەوەی ئازار، نائارامی، پشێوی و قەلەقییە دەروونییەکانی دەربڕێت، پەنا دەباتە بەر دەربڕینی ئێکسپرێشینیستیانە. ئازار، نائارامی و پشێوییە دەروونییەکانی هونەرمەند هەم بەرهەمی هەلومەرجێکی دیاریکراوی واقیعییە کە هونەرمەند تێیدا ژیاوە، هەمیش دۆخێکی وجودییە. لە هەڵوەریندا بە گشتی بینەری کەشێکی کارەساتاویین: وێرانبوونی سروشت و شار، داڕمان و تێکچوون و سووتان. لە دوو تابلۆدا بینەری  فیگەری کوڕ و کچێکین لەناو زبڵستانێکدا نغرۆ بوونە و لەناو ئەو فەزا زبڵستانییەدا وەک تارمایی دەردەکەون. لە رووی ئەندازەییەوە، گەورەیی قەبارەی تابلۆکان موبالەغەی تەکنیکی نییە، بەڵکوو ئەو فۆرمەی سوفیان جەلال هەیەتی وا دەخوازێت بەو ئەندازەیە بەرجەستەی بکات، چونکە کارەساتەکان لای هونەرمەند گەورەن و دەبێت بەو جۆرە گوزارشتیان لێ بکات. لە کاری تابلۆدا بە گشتی ئەوە فۆرمە قەبارە و گەورە و بچوکی دەستنیشان دەکات. گەورەیی ئەندازەی تابلۆکان کاریگەریی زۆریان بەسەر هەستی بینەرەوە دەبێت، بینەر زیاتر تێکەڵ بە کەشەکە دەبێت و زیاتر هەست بە گەورەیی کارەسات و رووداوەکان دەکات. تابلۆکان هەستی بینەر داگیر دەکەن و بینەر دەخەنە ناو دڵی رووداوەکانەوە. تابلۆکان پرسیارێک دەورووژێنن، پرسیارێک جەوهەر و کەڵکەڵەی سەرەکیی کارەکەیە، پرسیارەکە ئەوەیە کێ بکەری ئەم وێرانە و رووداوانەیە؟ یان چی ئەم کارەساتانە بەرهەم دەهێنێت؟ ئایە هێزێکی میتافیزیکی و موتەعالی لەپشتەوەی ئەم رووداو و کارەساتانەوەیە، یان بکەرێکی واقیعی وەک مرۆڤی لەپشتەوەیە؟ لە تابلۆکاندا بەر بە فەزای سروشتی و فەزای شار دەکەوین، بەشێک لە تابلۆکان نیشاندەری فەزای سروشتین و دەلالەتن لە تێکچوون و وێرانبوون و سووتانی سروشت: سووتانی پەرێز و کێڵگەی گەنمەشامی، تێکچوونی هێلانەی پەڕەسێلکەکان و وشکبوونەوەی گۆماو. لێرەدا دەکرێت بڵێین کێ یان چی هۆکاری روودانی ئەم رووداوانەیە و ئەم وێرانەیەی خستووەتەوە؟ عادەتەن لە زەینی ئەوانەدا کە ئیماندارن و باوەڕیان بە بوونی هێزێکی میتافیزیکی هەیە، هەمیشە رووداوە سروشتییەکانیان داوەتە پاڵ هێزێکی میتافیزیکی و بەوەش قەناعەتیان بە خۆیان هێناوە حیکمەتێکی ئیلاهی تێدایە. لەم بەشەی تابلۆکاندا و لەو رووداوانەی کە لە سروشتدا روویان داوە، ئەو ‌هێزە میتافیزیکییە غایبە و وەک بکەری پشتەوەی ئەم رووداوانە دەرناکەوێت. بۆ سەلماندنی ئەم دەربڕینەمان دەکرێت بڵێین لە کۆی ئەم تابلۆیانەدا زۆربەیان رەهەندی ئاسمان تێیاندا غیابێکی تەواوەتی هەیە، تەنیا لە چەند تابلۆیەکدا نەبێت ئاسمان رووبەرێکی کەمی داگیر کردووە. گەر هونەرمەند هۆکاری ئەم رووداوانەی بگەڕاندایەتەوە بۆ سەرچاوەیەکی میتافیزیکی، دەبوو رووبەرێکی زۆری بۆ ئاسمان تەرخان بکردایە بۆ ئەوەی ئەو هەستەی لە لای بینەر دروست بکردایە کە لەپشتەوەی ئەم رووداوانەوە هێزێکی میتافیزیکی ئامادەیی هەیە. بەڵام ئەم تابلۆیانە بە هۆی غیابی ئاسمانەوە، نایەڵن بینەر ئەو هەستەی لە لا دروست بێت. ئاسمان بۆ زۆرینە ئاماژەیەکە بۆ بوونی هێزێکی میتافیزیکی و موتەعالی، هەرکات بینەر رووبەری ئاسمان دەبینێت ئەو هەستەی لە لا دروست دەبێت. بەڵام هونەرمەند بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئەم رووداوانەدا ئەو هەستەمان لە لا دروست نەبێت و سەرچاوەی ئەم رووداوانە نەگەڕێنینەوە بۆ هێزێکی موتەعالی، رووبەری ئاسمانی تا رادەیەکی زۆر فەرامۆش کردووە. کەواتە گەر هێزێکی میتافیزیکی لەپشتەوەی ئەم رووداوانەوە نەبێت، ئەوە مرۆڤ بکەری پشتەوەی ئەم رووداو و کارەساتانەیە و خۆی هۆکاری تێکدانی سروشتە. فەزای دووەم کە رووداوەکان تێیدا روویان داوە، فەزای شارە. لە دوو تابلۆدا چرکەساتی وێرانبوون و داڕمانی شار وێنە کێشراوە، بینەر لەبەردەم ئەم دوو تابلۆیەدا هەستێکی نەهیلیستیی قووڵ دایدەگرێت و جگە لە رووبەری وێرانە، هیچ ئاسۆیەکی تر نابینێت. لە تابلۆیەکی تردا بینەری ئەو چرکەساتەین کە خەریکە رۆژەکە دەکەوێتە خوارەوە بەسەر شارەکەدا. لێرەدا کەوتنەخوارەوەی رۆژ سەمبولێکی دینی نییە و دەلالەت نییە لە ئەپۆکالیپییەکی میتافیزیکی، بەڵکوو پتر دەلالەتە لە کەوتنی ئاسمان وەک شوێنگەیەکی میتافیزیکی بۆ پاراستنی جۆری مرۆڤ. ئاسمان چی تر ئەو شوێنە نییە مرۆڤ سەیری بکات و بۆ ئاسوودەییەکی دەروونی بگەڕێت، بەڵکوو ئەمڕۆ ئاسمان سەرچاوەی وێرانە و دروستکردنی کارەساتە. بەڵام ئەوەی لەمڕۆدا لە ئاسمانەوە روو دەدات، رووداوێکی سروشتی نییە، بەڵکوو مرۆییە و دەستی مرۆڤی لەپشتەوەیە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە زەوی وێران دەکات گەشەی تەکنەلۆجیا و زانستە، بە جۆرێک دەتوانرێت شارێک، یان وڵاتێک، یانیش گۆی زەوی لە رێگەی تەکنەلۆجیا و ئەو بۆمب و فرۆکانەوە لەناو ببرێت کە مرۆڤ لە ڕێی گەشەی زانستەوە بەرهەمی هێناون. بە گشتی پڕۆژەی هەڵوەرینی سوفیان جەلال نیشاندەری چرکەساتی جیاواز جیاوازی وێرانبوون و داڕمان و سووتان و تێکدانە، بینەر دەخاتە ناو کەشێکی ئەپۆکالیپییەوە و ئەو هەستەی لە لا دروست دەکات خەریکە مرۆڤ، سروشت و خودی خۆشی لەناو دەبات.

تابلۆکانی شێوەکار سوفیان جەڵال: