رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دۆستۆیڤسکی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جۆرج لۆکاچ (١٩٤٩)

وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی: رێنێ وێڵک

وەرگێڕانی بۆ کوردی: زەردەشت نورەدین

سەرچاوە: مارکسیزم و ئازادیی مرۆڤ: کۆوتار دەربارەی مێژوو، کولتوور و شۆڕش، نووسینی جۆرج لۆکاچ، وەشانخانەی (Dell Publishing Co)، ١٩٧٣

Download PDF

پێویستە خۆم بسەلمێنم!

رۆبێرت برۆوینگ

١

جۆری ئەو مرۆڤە نوێیەی کە لە ئەدەبدا دەردەکەوێت، بە هەموو پرسەکانییەوە لە دڵی نەتەوەیەکی لاوەوە دێتە ناو دونیای شارستانییەوە و ئەمە راستییەکی نامۆیە بەڵام زۆر جار دووبارە دەبێتەوە. لەم سۆنگەیەوە وەرتەر لە  سەدەی هەژدە لە ئەڵمانیاوە هات و باڵی بەسەر فەڕەنسا و بەریتانیادا کێشا: بەم شێوەیە راسکۆڵنیکۆف لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە، لە رووسیای دوور و نەناسراو – تەنانەت تا ئاستێک ئەفسانەیی – ـەوە هات تاوەکوو دەنگی هەموو شارستانییەتی رۆژاوا بێت.

ئەوەی کە وڵاتێکی دواکەوتوو بەرهەمی دانسقە دابهێنێت، بەهیچ جۆرێک شتێکی سەمەرە نییە.  ئەو روانینە مێژووییەی لە سەدەی نۆزدە بە جیهاندا بڵاو بووەوە، ئێمەی وەها راهێنا کە لە هونەر و ئەدەبی سەرتاسەری جیهان و رابردووی مرۆڤایەتی بە تەواوی چێژ ببینین. ئەو کارە هونەرییانەی کە بەسەر تەواوی جیهانەوە کاریگەریان هەبووە لە دوورترین دەڤەر و کۆنترین سەردەمەوە دێن: لە پەیکەرە خۆجێیەکانی ئەفریقاوە تا نیگارە لەسەر تەختەکێشراوەکانی[1] چین و لە کالەڤالا[2] [داستانی هەڵبەستی فینلاندییەکان] تا [بەرهەمەکانی] رابیندرات تاگور.

بەڵام  دۆسیەی وەرتەر و راسکۆڵنیکۆف زۆر جیاوازە. لەناو کاریگەرێتیی ئەواندا کەمترین پەرۆشی بۆ پرسی نامۆ[3] بەدی ناکرێت. لەناکاو و لە هەناوی وڵاتە نیمچەگەشەسەندووەکانەوە – کە کێشە و ناکۆکییەکانی شارستانییەتی هاوچەرخ، هێشتا بە تەواوی تێیاندا رووی نەدابوو – بەرهەمگەلێک پەیدابوون کە خەیاڵئامێزانە باسیان لە ترۆپکی کێشەکانی کولتووری مرۆڤایەتی دەکرد و دوایین قووڵاییەکانیان بنکۆڵ دەکرد و سەرجەمێتییەکی بەردەست دەکرد کە تا ئەو سەردەمە هاوشێوەی بەدەست نەهێنرابوو و لە دوای ئەوەش نەیانتوانی ئەوە تێپەڕێنن؛ سەرجەمێتییەک کە سەرجەم پرسیارە ئەخلاقی، رۆحی و فەلسەفیی سەردەمی لەخۆ دەگرت.

بێگومان دەبێت وشەی پرسیار بەرجەستە و زەق بکەینەوە و بە پێداگرییەوە ئەوە زیاد بکەین کە پرسیارەکە شاعیرانە، داهێنەرانەیە، نەوەک پرسیارێک لە چەمکی فەلسەفیدا خرابێتە ڕوو. لەبەر ئەوەی ئەوە ئەرکی سەرەتا و کۆتایی شیعر و چیرۆکە کە پرسیار دروست بکەن و لە فۆرمی مرۆڤی نوێ و چارەنووسی نوێی مرۆڤدا کێشە بخاتەوە. ئەم وەڵامە کۆنکرێتییانەی کە بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن کارە شیعرییەکانەوە پێشکەش دەکرێن، بە زۆری  – ئەگەر لەم مەودایەوە سەیریان بکەین – وەڵامەکان لە ئەدەبیاتی بۆرژوازیدا تایبەتمەندییەکی هەڕەمەکییان هەیە. تەنانەت لەوانەیە کێشە شیعرییە راستەقینەکە فڕێ بدرێتە ناو دۆخێکی سەرگەردانییەوە. گۆتە زۆر زوو خۆی لەگەڵ وەرتەردا بینیوە و تەنیا چەند ساڵ دوای ئەوە بوو کە کارەکتەری وەرتەری وا لێ کرد لە شیعرێکدا خوێنەرەکەی بەم جۆرە ئاگادار بکاتەوە: خۆت پیاو بە و شوێن من مەکەوە.

ئیبسن تەواو ئاگامەندانە و بەئەنقەست پرسیار بە ئەرکی خاوەن قەڵەم دەزانێت، بەڵام هەر لە بنەڕەتەوە، پابەندبوون بە وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی خۆی ورووژاندوویەتی، وەلاوە دەنێت. کۆتا قسە لەم بارەوە دەبێت لە چیخۆف ببیستین کە دەڵێت جیاکارییەکی روون لەنێوان وڵامدانەوە بە پرسیارێکی دیاریکراو و خستنەڕووی ئەو پرسیارە بە شێوەیەکی دروست لەئارادایە و تەنیا دەبێت چاوەڕێی ئەوەی دووەم لە هونەرمەند بکرێت. لە ئاناکارنینا و یوگێنی ئانگین تەنانەت یەک وەڵام بۆ پرسیارە کراوەکان نادۆزینەوە، بەڵام بە خوێندنەوەیان هەست بە رازیبوونی تەواو دەکەین؛ تەنیا لەبەر ئەوەی کە پرسیارەکان بە دروستی خراونەتە ڕوو[4].

دووربینییەکی لەو جۆرەیە کە بەتایبەت لە هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیدا بە بایەخ دەبێت. لەبەر ئەوەی زۆربەی و تەنانەت رەنگە زۆرینەی هەر زۆری وڵامەکانی بۆ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ناڕاستە و هیچ پەیوەندییەکی بە واقیع و هەوڵە باشەکانی ئەمڕۆوە نییە. وەڵامەکانی ئەو لە سەردەمی خۆیشی بێکەڵک و تەنانەت کۆنەپارێزانەش بوون.

دۆستۆیڤسکی هێشتا سەرەڕای هەموو ئەمانە نووسەرێکە کە پێگە و ناوبانگی جیهانی هەیە، لەبەر ئەوەی دەیزانی کە چۆن لەو قەیرانەی کە وڵاتەکەی و هەموو جۆری بەشەری گیرۆدە کردبوو، پرسیارە بنەڕەتییەکانی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و خەیاڵئامێزانە [لە چیرۆکدا] بخاتە ڕوو. ئەو مرۆڤانەی خەلق کرد کە ژیانی ناوەکی و چارەنووسیان، کە ناکۆکی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسایەتییەکانی تر، کە وەرگرتن و رەتکردنەوەی مرۆڤ و ئایدیاکانیان، تیشکی خستنە سەر قوڵای هەموو پرسیارەکانی ئەو سەردەمە؛ ئەو پرسیارانەی کە لە نووسینەکانی ئەودا زووتر، قوڵتر و بەرفراوانتر لە چاو، خودی ژیانی رۆژانەدا خرایە ڕوو. گەشەی ئەخلاقی و رۆحی جیهانی شارستانی، دووربینی خەیاڵئامێزانەی کاریگەری بەهێز و نەپساوی بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی پشتڕاست کردەوە. بە تێپەڕینی کات، تەنانەت نووسینەکانی رۆژەڤتر و نوێتر دەبنەوە.

٢

راسکۆڵنیکۆف هەمان راستینیاکی [بابە گۆریوی][5] نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیە. دۆستۆیڤسکی ستایشی بالزاکی دەکرد، ئیوژنی گراندەی[6] وەرگێرابوو و بێگومان بە ئاگایی کاملەوە بنەتۆوی بەرهەمە فەڕەنسییەکانی پێش خۆی بەکار  دەهێنا. سروشتی پەیوەندیی ئەم دوو نووسەرەیە کە رەسەنێتیی دۆستۆیڤسکی پیشان دەدا: درککردنی شاعیرانەی بە گۆڕانی سەردەم و مرۆڤەکان و هەروەها سایکۆلۆژیا و جیهانبینییەکانیان.

ئیمرسۆن باوەڕی وەهابوو، ناپلیۆن لەبەر ئەوەی کاریگەرییەکی قووڵ و بەربڵاوی بەسەر ژیانی فیکریی ئەروپاوە هەبوو، ئەو خەڵکانەی فەرمانڕەوایی بەسەرەوە دەکردن لە بنەڕەتدا ناپلیۆنی بچووک بوون. بەو بۆنەیەوە پەنجەی لەسەر لایەنێکی ئەو کاریگەرییە دانا: ناپلیۆن نوێنەری سەرجەم فەزیڵەت و خراپەکانی زۆرینەی خەڵکی سەردەمی خۆی بوو و تەنانەت تا ئەندازەیەک هیی خەڵکانی دواتریش بوو. بالزاک و ستاندال ئاراستەیەکی دروست بەم پرسە دەدەن و ئەوەی کە پێویستە دەیخەنە سەری. ناپلیۆن لە روانگەی ئەوانەوە نموونەی ئەو وتە بەناوبانگە بوو کە لە دوای شۆڕشی فەڕەنساوە، هەر کەسێکی زیرەک لە هەگبەیدا عەسای فەرماندەی سوپای تێدایە؛ هەروەها نموونەی بەرجەستەی بەرزبوونەوەی بێسنووری زیرەکییە لە کۆمەڵگای دیموکراسیدا. کەواتە پێوەرێکمان هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنی دیموکراسیی کۆمەڵگا: دەرکەوتنی ناپلیۆنی، مومکینە یان نا؟ و هەر ئەمەش دەستپێکی رەخنەی رەشبینانەی بالزاک و ستاندالە: درکپێکردن و قبوڵکردنی ئەو پرسەی کە سەردەمی پاڵەوانی لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا هەروەها سەردەمی دەرکەوتنی تاک بەسەر چووە و ئیدی بووە بە رابردوو.

لە سەردەمی دۆستۆیڤسکیدا، سەردەمی پاڵەوانی زیاتر پاشەکشەی کردبوو. کۆمەڵگای بۆرژوازی رۆژاوایی پێگەیەکی پتەوی هەبوو. بە بەراورد بە سەردەمی بالزاک و ستاندال، بەربەستی ناوەکی و دەرەکیی جیاواز و توندوتۆڵتر دژ بە خەونی ناپلیۆنی رسکابوو. رووسیای دۆستۆیڤسکی هێشتا قۆناغی گۆڕای کۆمەڵایەتی بە دروستی دەست پێ نەکردبوو، هەر لەبەر ئەوەشە خەونی ناپلیۆنی لاوە رووسەکان توندوتیژتر و پڕتاسەترە لە خەونی هاوتا هاوسەردەمەکانی خۆی لە ئەوروپای رۆژاوادا. گۆڕانکاریی باسکراو، سەرەتا رووبەڕووی بەربەستی مەحاڵی ناو ئێسکەپەیکەری سەختی کۆمەڵگای کۆن بووەوە (هەرچەندە ئەو کۆمەڵگا کۆنە، لە روانگەی مێژووییەوە، مردوو دەرکەوێت، [بایەخی نییە]). لە سەردەمی لەو جۆرەدا، رووسیای دۆستۆیڤسکی هاوسەردەمی ئەوروپای دوای ١٨٤٨ بوو. ئەوروپایەکی ناکام بە دیار ئامانجە لەدەستچووەکانی سەدەی هەژدە و دڵسارد لە خەونی بووژانەوە و ریفۆرم لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا. هاوسەردەمی ئەوروپای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە، بەڵام پەیوەندیدار بە سەردەمی پێش شۆڕشی رووسیا بوو؛ ئەو سەردەمەی کە رژێمی کۆنی رووسیا کە دواتر سەروبن کرا، هێشتا لەسەر دەسەڵاتی رەها بوو و سەرەڕای چەندین ساڵ لەپێشبوون تاوەکوو گەیشتن بە  دۆخی ١٧٨٩.

تەنانەت راستیناک ناپلیۆنی کەمتر وەک میراتگری مێژوویی کۆنکرێتیی شۆڕشی فەڕەنسا دەبینی، بەڵکوو زیاتر وەک “سەروەری وزە” دەیبینی. رێگە، جۆر و تەکنیکی کردارەکانی، شێوەی سەرکەوتنی بەسەر بەربەستەکاندایە کە فیگەری سەرنجکێشی ناپلیۆن دەکاتە سەرمەشقی نموونەیی نەوەک، دوایین ئامانجەکانی. هێشتا لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، پووکانەوەی ئەخلاقی، سایکۆلۆژی و بڵندبوونەوەی ئایدیاڵی، ئامانجە تایبەتەکانی نەوەی راستینیاک لە سۆنگەی کۆمەڵایەتییەوە، بە ڕوونی و کۆنکرێتی دەمێنێتەوە.

تەنانەت، رەوشی راسکۆڵنیکۆف، روونتر پێچەوانەیە. بۆ راسکۆڵنیکۆف پرسە ئەخلاقی و دەروونییەکان تا ئەندازەیەکی تایبەت روون بوون: توانستی ناپلیۆن لە پڵیشانەوەی مرۆڤایەتیدا لە پێناو ئامانجە مەزنەکانیدا – بۆ نموونە، هەمان ئەو توانستەیە، کە ناپلیۆن هاوبەشی دەکات لەگەڵ موحەمەد.

لە روانگەیەکی سایکۆلۆژی لەو جۆرەوە، پرسی کۆنکرێتی رووی رێکەوت وەردەگرێت، واتە زۆرتر دەرفەتە تاوەکوو ئامانج یان کەرەستەی واقیع. دیالەکتیکی ئەخلاقی و سایکۆلۆژی، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو کردە تایبەتە دەبێتە کاکڵکی باسەکە: تاقیکردنەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا راسکڵۆنیکۆف توانستی ئەخلاقی بوون بە ناپلیۆنی هەیە یان نا. کردەی کۆنکرێتی بووە بە تاقیکردنەوەیەکی سایکۆلۆژی کە بێگومان سەرجەم بوونی ئەخلاقی و جەستەیی تاقیکار دەخاتە مەترسییەوە و هەر چییەک بێت دەرفەتە بە رێکەوت و سوبێکتە بە رێکەوتەکەی مرۆڤێکی ترە [جگە لە کەسی تاقیکار].

لە بابەگۆریوی بالزاک، راستینیاک و هاوڕێکەیان بیانشۆن بە کورتی موناقەشە دەکەن دەربارەی ئەو پرسە ئەخلاقییەی کە ئایا کەسێک ئەو مافەی هەیە لە بەرانبەر یەک ملیۆن فرانکدا پەنجە بنێت بە دوگمەیەکدا تا چینییەکی ماندارینی نەناسراو بکوژێت. لە بەرهەمەکانی بالزاکدا موناقەشەکان زنجیرەیین[7]، جۆرێک لە نمایشی لاوەکی هۆشمەندانە یان روونکردنەوەیەکی ئەخلاقی بۆ پرسە سەرەکییە کۆنکرێتییەکانی رۆمانەکە. لە بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیدا ئەمە دەبێتە پرسێکی تەوەری: بە هونەری مەزن و ئاگامەندانەوە، خۆی دەکاتە چەقی سەرنج، بە هەمان ئاگامەندییەوە لایەنی کردەیی و کۆنکرێتیی کارەکە دەخاتە پەراوێزەوە. بۆ نموونە راسکۆڵنیکۆف تەنانەت نازانێت لە پیرێژنە سووخۆرەکە چەنێک پارەی دزیوە، سەرەڕای ئەوەی کوشتنەکەی بە وردی داڕێژاوە، لە بیری دەچێت دەرگاکە دابخات و … هتد وردەکاریی لەو جۆرە کێشەی سەرەکیی تۆخ دەکاتەوە: ئایا راسکۆڵنیکۆف لە رووی ئەخلاقییەوە بەرگەی تێپەڕاندنی سنوورەکانی هەیە؟ و هەر لە بنەڕەتەوە پاڵنەر و کێشمەکێشە دەروونییەکان کامانەن کە بەرە تاوان ئاراستەی دەکەن یان دەیگێڕنەوە؟ هێزە ئەخلاقییە دەرگیرەکانی ناو یارییەکە چین؟ کام رێگرە دەروونییانە پێش و پاش تاوانەکە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکەی دادەنێن؟ راسکۆڵنیکۆف کام هێزە دەروونییە توانای دانی ئەو بڕیارەی پێ دەدات و بۆ لێكەوتەکانی پاش ئەو بڕیارە هەڵکردنی پێ دەبەخشێت؟

پرۆسەی خودخستنە ناو تاقیکردنەوەی زیهنییەوە لە وجودی راسکۆڵنیکۆفدا بزۆزی پێویستی هەیە، تەنانەت دوای ئەوەی کە بایەخی کرداری خۆی بە تەواوی دەدۆڕێنێت هێشتا هەر درێژە دەکێشێت. بەو بۆنەوەیە کە راسکۆڵنیکۆف دوای تاوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ بینای ژنە سووخۆرەکە تاوەکوو گوێ لە زەنگی ئەو دەرگایە بگرێت کە دوای کوشتنەکە، بەو شێوەیە بووبووە هۆی نیگەرانی و ترساندنی و جارێکی تر کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکی تاقی بکاتەوە.

خۆی تاقیکردنەوەیەکی لەو جۆرە چەنێک پەتیتر بێت، ئەگەری ئەوەی کە بتوانێت وەڵامێکی کۆنکرێتی بە پرسیارە کۆنکرێتییەکان بداتەوە کەمترە. پرسی بنەڕەتی راسکۆڵنیکۆف بووە بە رووداوێک لە جیهانی ئەدەبیاتدا کە رێک پەیوەندیی بە گەورەی پێش خۆیەوە واتە بە بالزاکەوە هەیە هەروەها ناکۆک بەو. بە هەمان شێوە کە پەیدابوون و کاریگەریی وەرتەر بەبێ بوونی رۆسۆ و ریچاردسۆن نامومکین بوو، بەبێ بوونی بالزاک ناکرێت بوونی راسکۆڵنیکۆف وێنا بکرێت. بەڵام دارشتنی پرسیاری جەوهەری لە تاوان و سزادا بە هەمان ئەندازە رەسەن، ورووژێنەر و دووربینانەیە کە لە وەرتەردایە.

٣

خۆتاقیکردنەوە و ئەنجامدانی کردە زیاتر لەبەر  ناوەڕۆک و کاریگەریی کردەکەوە نییە بەڵکوو بۆ ناسینی یەکجاریی قووڵایی ناخە، کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی مرۆڤ لە جیهانی رۆشنبیرانە و بۆرژوازی سەدەی نۆزدە و بیستە.

 هەڵوێستی گۆتە گومانگەرایانە بوو، لە بەرانبەر دروشمی خۆت بناسە، واتە هەر ئەو خۆناسینەی لە رێگەی خۆشیکردنەوە بەدەست دێت. کرداری، بەو رێگەیە دەزانی کە گەیشتن بە خۆناسین مسۆگەر دەکات. ئەو سیستەمێکی پتەوی لە ئایدیاڵەکان هەبوو، هەر چەندە، پێناچێت بە روونی داڕشتەی کردبێت. لە رێی هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە ئایدیاڵەکان، ئەو کردارانەی کە بە هۆی ناوەڕۆکەکانیانەوە گرنگ بوون و پەیوەندیی نزیکیان بە ئایدیاڵەکانەوە هەبوو، بە ناچاری ئەنجام درا. بەم بۆنەیەوە خۆناسین دەبێتە، ئاکامی لاوەکیی کردار. مرۆڤ لە رێگەی ئەنجامدانی کردەی کۆنکرێتییەوە لە کۆمەڵدا فێر دەبێت خۆی بناسێت.

تەنانەت ئەو کاتەی ئایدیاڵەکان (ئاخۆ بێتەدی یان نا) قورسایی خۆیان لەدەست دەدەن و رێژەیی دەبنەوە، ئایدیاڵی نوێ شوێنی پێشووە لەکیسچووەکان دەگرێتەوە. فاوست و ویلیام مایستەر (و بێگومان خودی گۆتەش) پرسی خۆیان هەیە بەڵام خۆیان بۆ خودی خۆیان پرسساز نین.

ئەم خاڵە دەربارەی کەسایەتییە خودتەوەرە گەورەکانی بالزاکیش راستە. بە شێوەیەکی ئۆبێکتیڤ، کاتێک کە خودتەوەری واتە خۆ بە گەورە بینین بە هەر نرخێک کەڵکەڵەی سەرەکی بێت وەک چۆن لە زۆربەی رۆمانەکانی بالزاکدا دەیبینین، ئیدی ناوەکیڕوانین و سوبێکتیڤکردنەوەی ئایدیاڵە فەردییەکان دەکەوێتەوە ژێر پرسیارەوە، بەڵام لە رۆمانەکانی بالزاکدا، ئەم جۆرە پرسە ئۆبێکتیڤانە، بە دەگمەن بە پووکانەوەی سوبێکت کۆتایی دێت. تاکگەرایی لە رۆمانەکانی بالزاکدا پرسی تراژیدی (یان کۆمیک)ـی خۆی،  زۆر زوو دەخاتە ڕوو بەڵام تاک هێشتا بە پرس نەکراوە.

کێشەی تاقیکردنەوە [زیهنییەکانی] دۆستۆیڤسکی تەنیا ئەو کاتە ئاشکرا دەبێت کە تاکگەرایی بە ناوەکیڕوانین کۆتایی دێت، واتە تاک ناتوانێت، ئەو پنتە ئەرخەمیدسییە دڵخوازە لە ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژانەدا یان لە هەڵچوونی خۆڕسکانە و زێدەخوازییەکانی خودتەوەری بدۆزێتەوە. ستاڤرۆگینی رۆمانی شەیتانەکان، پرسی لەو جۆرە لە نامەی ماڵئاوایکردنەکەیدا کە رێک پێش خۆکوشتنەکەی بۆ داشا شاتۆفی نووسیوە، [بەم جۆرە] کورتی دەکاتەوە:

لە هەر شوێنێک [کە بە بیرتا بێت] هێزم تاقی کردووەتەوە. ئامۆژگاریی خودی تۆ بوو کە لەو کارەوە فێر بم کە چۆن خۆم بناسم… بەڵام دواجار چی بوو ئەوەی کە بمەوێت وزەمی تێدا سەرف بکەم؟ هەرگیز لەوە تێنەگەیشتم بە ئێستاشی لەگەڵ بێت… هێشتا هەر دەتوانم ئارەزووی کاری چاکە لە خۆمدا بڕوێنم وەک ئەوەی چۆن هەمیشە توانیومە و ئەمە بۆم چێژبەخشە. بەڵام هاوکات ئارەزووی ئەوە دەکەم خراپەیەک بنێمەوە لەبەر ئەوەی ئەوەش چێژی خۆی هەیە بۆم…  ئارەزووەکانم ئەوەندە بەهێز نین کە بتوانن رێگام پیشان بدەن. دەتوانی بەسەر دارا لە رووبار بپەرێیتەوە بەڵام بەسەر توێڵاشدا ناتوانی ئەوە بکەیت.

بێگومان ستاڤرۆگین ناتوانێت نموونەیەکی گشتی بێت و بە دڵنیاییەوە دۆخی لەگەڵ راسکۆڵنیکۆف جیاوازە، بەتایبەت لەو تاقیکردنەوانەی کە تاقیکارەکەی هەوڵەکەی بۆ ناسینی خۆی لە رێگەی دەستەودامێنبوونی رۆحی مرۆڤەکانی ترەوە دەبێت، دوورە: بۆ نموونە کاتێک پاڵەوانی یاداشتەکانی ژێرزەمین کە وا دەردەکەوێت تەنیا تاقیکردنەوەی لەو جۆرە ئەو بە زیندووی دەهێڵێتەوە، بە تاسەوە و دڵسۆزانە لەگەڵ لیزای سۆزانی قسە دەکات تاوەکوو ئاستی کاریگەریی هەستەکانی لەسەر ئەو بپێوێت یان لە گەمژەدا کاتێک ناستاسیا فیلیپۆڤنا ئەو سەد هەزار رۆبڵەی کە رۆگۆژین هێناویەتی دەیخاتە ئاگرەوە تاوەکوو بە ئاشکرا لە تەماشاکردنی قووڵایی بەخیلی و بەرچاوتەنگی گانیا ئیڤۆلگین – کە ئەگەر بیتوانیبا پارەکان لە ئاگرەکە دەربێنێت ئەو کارەی دەکرد – چێژ ببینێت و شتی لەو جۆرە.

ئەو نموونە پراکتیکیانەی کە باس کرا، هەرچەندە جیاواز بن بەڵام هێشتا لایەنی هاوبەشیان هەیە. سەرەتا ئەوەی کە بەبێ ئاوارتە لە لایەن کەسە تەنیاکانەوە ئەنجامدراون؛ ئەو مرۆڤانەی کە تێگەیشتنیان بۆ ژیان و ژینگەی دەوروبەریان بە تەواوی پشتبەستووە بە خۆیان؛ ئەوانەی کە ئەوەندە قووڵ و بە تاسەوە لەناو خۆیاندا دەژین کە رۆحی ئەوانی تر هەمیشە لە چاویاندا قەڵەمڕەوێکی نەناسراو و دەستگیر لێ نەبووە. ئەویتر لە روانگەی ئەو کەسایەتییانەوە  وەکوو هیزێکی نامۆ و هەڕەشەکەرە یان ئەوەتا ئەو دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە یان ئەوەتا دەبێت بچێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوەوە. کاتێک دۆلگۆروکی لاو لە رۆمانی تازەلاودا، ئایدیای بوون بۆ رۆتشیڵد بە وردەکارییەوە باس دەکات و تاقیکردنەوە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانی ئایدیاکانی – کە لە روانگەی سایکۆلۆژییەوە بە تاقیکردنەوە زیهنییەکانی راسکۆڵنیکۆف دەچێت – شەرح دەکات، پێناسەی بۆ ماهیەت بە گوێرەی گۆشەگیری و هێزە. تەریکی، جیابوونەوە و تەنیایی؛ پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بۆ کێشمەکێشێکی نێوان سەروەر و کۆیلە کورت دەکاتەوە. تاقیکردنەوەکە فۆرمێکی رۆحیی باڵاکراوە، ژوورەوەبووی دەروونیی رووتی ململانێیە بۆ دەسەڵات.

بەڵام سەرەنجامی گۆشەگیری و نقومبوونی سوبێکت لە خۆیدا، خود بێ بن دەکات. لێرەدایە کە ئانارشی ستاڤرۆگین دێتە بوون – واتە سەرلێشێوانی غەریزەکان – یان دەرگیریی زیهنی وەسوەسەئامێزی راسکۆڵنیکۆف لە بەرانبەر  ئایدیایەک، ئامانج، یان ئایدیاڵێک هەموویان پێویستیان بە بەدەستهێنانی فەرمانڕەوایی رەهایە بەسەر رۆحی مرۆڤدا: من و تۆ و هەموو مرۆڤەکان لەناو دەچین، دەبینە سێبەر و تەنیا لەبەر رووناکی ئەو ئایدیایەدایە بوونمان دەبێت. شێوە نزمەکەی ئەم بەناو تاک‌شەیداییە[8] لە رووخساری پیۆتر ویرخۆڤینسکی شەیتانەکان دەبینین کە مرۆڤەکان بەو جۆرە دەبینێت کە خۆی دەیەوێت بەو جۆرە بێت؛ و لە شێوە بەرزەکەیدا لەو ژنانەدا [دەیبینین] کە ژیان برینداری کردوون. کاترینا ئایڤانۆڤنای (برایانی کارامازۆف) تەنیا ئاشقی فەزیڵەتی خۆیەتی و ناستاسیا فیلیپۆڤنای (گەمژە) ئاشقی سووککردنی خۆیەتی: هەردووکیان وا بیر دەکەنەوە کە ئەشقێکی لەو جۆرە پاڵپشت و مایەی ئاسوودەییان دەبێت. بەرزترین ئاستی ئەم میکانیزمە دەروونییە لە بوونی بەناو پیاوانی ئایدیادا دەبینین وەکوو راسکۆڵنیکۆف و ئیڤان کارامازۆف. بەدیوە کاریکاتێری و تۆقێنەرەکەی بەرانبەریدا، رووخساری سمێردیاکۆفی (برایانی کارامازۆف)مان هەیە، کە دەرەنجامی ئەو ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕە ئەخلاقییەیە کە ”هەموو شتێک رێگە پێدراوە”.

بەڵام رێک لەو بەرزترین ئاستی میکانیزمی دەروونییەدایە کە ئەو سوبێکتیڤیتەی بێئەندازە لەژێر فشاردایە، بە روونترین شێوە بۆ پێچەوانەی خۆی وەردەگەرێت، واتە تاک‌شەیدایی سەرسەختی ئایدیا، بۆ بۆشایی رەها وەردەگەڕێت. دۆڵگۆروکی بە وێنە و وردەکاریی زۆرەوە، لێکەوتە دەروونییەکانی ئەو کەڵکەڵەیە دەکێشێت کە  بە هۆی ئایدیای بوون بە رۆتشیلدەوە [تێیگەڕاوە]:

شتێکی نەگۆڕ، بەردەوام و بەزێنەر لە زیهنتدا بێت، شتێک کە بە شێوەیەکی سامناک رایدەکێشایت، شتێک کە بەم جۆرە بیڵێم، پەیوەندیی مرۆڤ بە دونیاوە دەبڕێت و دوای ئەوەی هەر چییەک رووی بدابا (جگە لەو هاتنە مەزنە) دەتگوت لە بەینی پەنجەکانتەوە دەکەوتەوە خوارەوە.  تەنانەت درک و هەستی مرۆڤ بۆ ئەو شتە هێشتا بە تەواوی شکڵی نەگرتووە. ئاه من کە ئایدیای خۆمم هەیە، ئیدی ئەوانی تر چ گرنگییەکیان هەیە! بە خۆم ئەوەم دەوت… ئایدیاکەم ئەو کاتەی کە سووک دەکرام یان بێمرەوەتیان بەرانبەر دەکردم، سووکنایی پێدەدام و کارە پیس و پوخڵەکانم لەژێر چەتری ئەو ئایدیایەمدا بوون. بە جۆرێک کە ئایدیاکەم هەموو کەموکوڕی و خراپییەکانمی دادەپۆشی، سەرەڕای ئەوە تەمی بەسەر چاومدا دەهێنا.

بەم جۆرەیە کە ناوهاوچوونییەکی کردە و رۆحی ئەو جۆرە مرۆڤانە بە لوتکە دەگات و هاوکات ترسێکی گەورە لەوەی گاڵتەجاڕانە دەرکەون لە هەناویاندا دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەوان بە تەواوی ئاگایان لەو ناوهاوچوونییەکەی خۆیان هەیە. تا تاکگەرایی زیاتر پەڕگیر بێت، گیان زیاتر دەگەڕێتەوە ناوخۆی، دیمانەی دەرەکی بەهێزتری خۆی پیشان دەدات و بە کێشانی دیواری چین لەنێوان خۆی و واقیعە ئۆبێکتیڤەکان زیاتر و زیاتر لە واقیع دوور دەکەوێتەوە و خۆی لەناو بۆشایی هەناویدا ون دەکات. گیانێک کە خۆی لە خۆدا ون دەکات، ئیدی ناتوانێت شوێنپێیەکی توند و پتەو بدۆزێتەوە، ئەوە ئاشکرا دەبێت ئەوەی سەردەمانێک شوێنپێی توند و پتەو دەهاتە پێش چاو، زەویش نییە و تەنیا توێژاڵێكی رووکەشە، ئەوەی کە سەردەمانێک وەها دەردەکەوت کە دەتوانێت ئاراستەی راست پیشان بدات، رێک پێچەوانە دەبێتەوە. پرسی ئایدیاڵ بە تەواوی زیهنی دەبێتەوە، تراویلکەیەکی ئەفسووناوی بەڵام بۆ هەمیشە فریودەر، دەبێتە شتێکی لەخشتەبەر بە ئەندازەی ئەو تراویلکە دەریاییە بەناوبانگەی سیسیل، فاتا مورگانا[9].

کەواتە، خۆتاقیکردنەوە، هەوڵێکی رەنج بەخەسار و لە ئاکامی داماوییەوەیە بۆ چنگخستنی شوێنپێیەکی پتەوی ناسینی گیان، هەوڵێکی ئیجباری و مەویسانە بۆ روخانی دیواری چینی نێوان من و تۆ، لەنێوان گیان و جیهاندا؛ هەوڵێکی بێهیوایانە و بەردەوام نەزۆک. تراژیدی یان تراژیدی-کۆمێدی تەنیایی مرۆڤ، رەنگە بێگەردترین نوێنەری خۆی لە خۆتاقیکردنەوەدا بدۆزێتەوە.

٤

یەکێک لە کارەکتەرە لاوەکییەکانی دۆستۆیڤسکی فەزای رۆمانەکانی زۆر بە کورتی و پوختی وەسف دەکات و لەبارەی کەسایەتییەکانی ترەوە دەڵێت: هەموویان وەها دەردەکەون کە لە وێستگەیەکی قیتاردا چاوەڕێ بن. ئەمە خاڵی بنەڕەتی باسەکەیە.

 سەرەتا بۆ ئەم مرۆڤانە هەر دۆخێک تێپەڕە: لە وێستگەدا چاوەڕێی بەڕێکەوتنی قیتار دەکەیت. وێستگەی قیتار بە دڵنیاییەوە نابێتە ماڵی خۆت، قیتاریش، بە ناچاری راگوزەرە. ئەم وێنەیە دەرخەری هەستێکی فراوانی لەو جۆرەیە بۆ سەرجەمی ژیان لە جیهانی دۆستۆیڤسکیدا. دۆستۆیڤسکی لە بیرەوەرییەکانی خانووی مردوواندا دەڵێت کە تەنانەت ئەو زیندانیانەی بیست ساڵ حکوومدراون بە کاری تاقەتپروکێنەوە، ژیانی خۆیان لە زینداندا بە تێپەڕ و کاتی دەبینین و بە جێگیری نازانن. دۆستۆیڤسکی لە نامەیەکدا بۆ نیکۆلای ستراخۆفی رەخنەگر، چیرۆکی قومارباز کە لەو کاتەدا خەریکی داڕشتنی سەرەتایی بوو، لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خانووی مردوواندا بەراوردی دەکات. دۆستۆیڤسکی دەیویست لە رێگەی قوماربازەوە هەمان کاریگەرێتی بخاتەوە کە بیرەوەرییەکانی خانووی مردووان خستبوویەوە. ژیانی قومارباز (فیگەری رەمزی دۆستۆیڤسکی و جیهانەکەی) لە بنەڕەتدا خودی ژیان نییە بەڵکوو تەنیا وەکوو قۆناغی بەدەستهێنانی ئامادەییەیە بۆ ئەو ژیانەی کە بڕیارە بێت و ئامادەکارییەک بۆ ژیانی واقیعی. قوماربازەکان لە ئێستادا ناژین و بەردەوام لە چاوەڕوانییەکی پڕ تەنگژەدا ژیان بەسەر دەبەن، تاوەکوو ئەو پنتە وەرچەرخێنەرە لە ژیانیاندا دەرکەوێت و بەخت روویان تێبکات. بەڵام تەنانەت ئەگەر بەختیش یاریان بێت – بە زۆری وەکوو دەرەنجامی تاقیکردنەوە – دیسان بینەری هیچ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە رێکخستی جیهانی ناوەکیاندا نابین.

خەونێک لە کاتی بەرکەوتنی بە واقیع، هەڵدەقڵیشێت: دەڕوخێت و ئەو کاتە خەونێکی تر دێت، دەبێت ئەو پێچە تێپەڕێنرێت و دواتر بەختمان بەرەو باشە هەڵدەگەڕێتەوە. ئەگەر ئەو قیتارە وێستگەکەی بەجێ هێڵاوە کەواتە چاوەڕێی قیتارەکەی تر دەبین، بەڵام وێستگەی قیتار هەر چییەکی لێ بکەیت، هەر وێستگەیە و شوێنێکە بۆ تێپەڕین.

دۆستۆیڤسکی بە وردی ئاگای لەوە هەیە کە نواندنەوە تەنانەت قبوڵە بەڵام مەرج نییە لە گۆڕی ئەو جیهانە بێت کە لە بەرهەمەکانیدا تەواو بەرانبەری هونەری ئێستا و رابردوو دەبێتەوە. لە کۆتاییدا تازەلاو باوەڕی پتەوی خۆی لە نامەیەکی رەخنەگرانەدا دەربارەی بیرەوەریی پاڵەوان دەردەبڕێت. دۆستۆیڤسکی بە روونی ئەوە دەبینێت کە ناکرێت جیهانێکی وەها لە لایەن جوانییەکەی ئاناکارنیناوە داگیر بکرێت، بەڵام فۆرمی بەرهەم، خۆی پاساو دەدات، ئەویش نەک بە موناقەشە دەربارەی ئێستاتیکای پەتی، بە پێچەوانەوە باوەڕی وەهایە کە جوانی رۆمانەکانی تۆڵستۆی (ناو ناهێنرێت، بەڵام ئاماژەکان روونن) و بەشێکە لە رابردوو و سەر بە دەمی ئێستا نییە و ئەوەی کە ئەم بەرهەمانە لە ناواخنی ناوەکیی خۆیاندا لەم سەردەمەدا وەرگەڕاون بۆ رۆمانی مێژوویی. ئەو رەخنە کۆمەڵایەتییەی کە لە پشت ئەم ناکۆکییە ئێستاتیکیانەوە شاراوەتەوە، بە باسکردنی دۆخی خێزانێک بەدیار دەکەوێت کە ژیان و چارەنووسیان وەکوو خێزانگەلی بە رێكەوت و نەک رێک‌وپێک لە بیرەوەرییەکانی دۆڵگۆروکیدا هاتووە. لە روانگەی نووسەری نامەکەوە، گۆڕانکاریی لە بونیادی کۆمەڵایەتیدایە کە دژیەکیی نێوان جوانی و ریالیزمی نوێ بە شوێن خۆیدا دەهێنێت. لە لایەکی ترەوە ملهوڕی و ناڕێک‌وپێکی خێزان دەدات بەناو مێشکی کەسەکاندا (یەکێک لە کارەکتەرەکانی هەمان رۆمان دەڵێت، مرۆڤە باشەکانی ئەم سەردەمە بە نزیکەیی هەموویان نەخۆشی دەروونییان هەیە) و لە لایەکی تر لاروخوارییەکانی ناو خێزان لە راستیدا ئاشکراترین نواندنەوەی قەیرانی قووڵی هەموو کۆمەڵگایە.

دۆستۆیڤسکی لە قەیرانێکی لەو جۆرە تێدەگات و ئەوە لە بەرهەمەکانیدا دەنوێنێتەوە و هەر ئەوەشە وای لێ دەکات ببێتە یەکەم و گەورەترین شاعیری گەورەشاری[10] سەرمایەداریی مۆدێرن. بێگومان نیگای شاعیرانە بۆ ژیانی شاری زۆر پێش ئەویش دەشێت لە ئەدەبدا بدۆزرێتەوە: مول فلاندرزـی دیفۆ کە شاکاری ژیانی شاری سەدەی هەژدەیە؛ یان دیکێنز کە لە بەرهەمەکانیدا گۆشەگیریی نامۆی شارە گەورەکان شاعیرانە دەردەبڕێت (دۆستۆیڤسکیش بەو بۆنەوە دیکێنزی بە تاسەیەکی زۆرەوە خۆش دەویست و ستایشی دەکرد)؛  و یان بالزاک کە جەهەنمی دانتەیی نوێ و مۆدێرنی لە پاریسی سەردەمی خۆیدا ئافراند.

نموونەگەلی لەو جۆرە هەمووی بۆ باسەکەی ئێمە دەبێت و دەشێت دیسان نموونەی زۆرتر بخەینە سەری، بەڵام دۆستویڤسکی لە کێشانی نارێکی زیهنی – کە لە ژیانی شاری مۆدێرن، بە ناچار کۆمەڵایەتی بووە – یەکەم بوو و هێشتایش بێڕکابەرە. بلیمەتیی دۆستۆیڤسکی هەر ئەو هێزەی ئەوە، بۆ دەستنیشانکردن و نواندنەوەی بزۆزی پەرەسەندنی داهاتووی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و سایکۆلۆژی لە هەناوی ئەو تۆوانەی کە بە ئەستەم چەکەرەیان کردبوو.

دەبێت ئەوەش زیاد بکرێت کە دۆستۆیڤسکی خۆی بە پەسن و شیکارییەوە – واتە بۆ شکڵناسیی[11] رووت و بەکارهێنانی دەستەواژە باوەکانی نازانمگەریی[12] ئەو سەردەمە – سنووردار ناکات، بەڵکوو هۆکاری وجودی و جۆرێک لە دیالەکتیک و دووربینی دەخاتە ڕوو.

پرسی پەیدابوون، پرسێکی یەکلاکەرەوەیە. لە روانگەی دۆستۆیڤسکییەوە، ماهیەتی تایبەتی میکانیزمی دەروونی کەسایەتییەکانی بۆ شێوەی دیاریکراوی بەدبەختی ژیانی شاری دەگەڕێتەوە. هەندێک لە چیرۆک و رۆمانە بەرجەستەکانی سەردەمی پێگەیشتووی وەبیر بهێنینەوە: یاداشتەکانی ژێرزەمین، سووک و ڕیسواکراوان، تاوان و سزا. کاکڵەی مەبەستی نووسەر لە هەموو ئەو بەرهەمانەدا بریتییە لەوەی کە چۆن ئەو پرسانەی لە روانگەی دەروونناسییەوە شیکارمان کرد و ئەو پرسانەی کە لێکەوتە دەروونییەکانی کەسایەتییەکان و ناڕێکی ئامانجە ئەخلاقییەکانیان هەموویان لە هەناوی بەدبەختیی کۆمەڵایەتی گەورەشاری مۆدێرنەوە دێنە دەرەوە. ئیهانە و بە سووک سەیرکردنی مرۆڤ لە ژیانی شاریدایە کە سەر بۆ تاکگەرایی ناتەندروست و ئاراستەی ناتەندروستی زاڵبوون بەسەر خۆدا و دەوروبەردا وەردەگرێت.

بە گشتی دۆستۆیڤسکی حەزی بە باسکردنی واقیعی دەرەکی نییە (هاوشێوەی تۆرگەنیف و تۆلستۆی نییە کە هەر کامیان بە شێوەی خۆی بە نیگارکێشی دیمەن دەهاتنە ئەژمار) بەڵام بە هۆی هێزی روانینی شاعیرانەیەوە گەیشتووە بە رێکخستنی یەکێتیی ناوەوە و دەرەوەی – دەروونی و کۆمەڵایەتی – لەمەڕ بەدبەختی ژیانی شاری و هەرەوەها وێنەگەلی بێوێنەی لە پیتەرزبۆرگ وەکوو گەورەشاری نوێ لە رۆمانەکانیدا و بەتایبەت لە  تاوان و سزادا کێشاوە؛ هەر لە ژوورە گۆڕئاسای پاڵەوانەکەوە بیگرە تا خنکان و تەسکی فەرمانگەی پۆلیس، جەرگەی پەسیوەکانی شار و مەیدانی سەنایا، شەقامەکان و پردە تاریکەکان.

سەرەڕای ئەوە پسپۆڕی دۆستۆیڤسکی لە وسفکردنی ژینگەدا نییە. نووسینەکانی هەموو کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت، لە بەرزترین ئاستی کۆمەڵایەتییەوە تا نزمترین، لە پیتەرزبۆرگەوە بۆ گوندێکی دوورەدەست، بەڵام دیاردەی بەرایی – ئەو تایبەتمەندییە هونەرییە کە رەگی کۆمەڵایەتیی دەرکەوتنی بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی بە ئەندازەیەکی زۆر روون دەکاتەوە – ناگۆڕێت: بەدبەختی پیتەرزبۆرگ. دۆستۆیڤسکی ئەزموونی پیتەرزبۆرگی وەها دەگشتێنێت کە دەڵێیت بۆ گشت کۆمەڵگا راستە. بە هەمان شێوە کە لە تراژیدییە غەیرە پیتەرزبۆرگییەکانیدا وەک لە شەیتانەکان و برایانی کارامازۆفدا دەیبینین، کەسایەتییە پیتەرزبۆرگییەکان (ستاڤڕۆگین و ئیڤان) ریتمی رۆمانەکە دەست نیشان دەکەن و مۆدێلی هەموو کۆمەڵگاش ئەوەی کە لە هەناوی بەدبەختیی پیتەرزبۆرگییەوە سەرپێ کەوتووە، دەست نیشان دەکات.

بالزاک قووڵایی پێکهاتە تەریبەکانی سایکۆلۆژی لە توێژی سەرەوەی کۆمەڵگا و توێژی خوارەوە کۆمەڵگا دەست نیشان کرد و نواندییەوە و بە روونی لەوە تێگەیشت کە فۆرمەکانی دەربڕین و نواندنەوەی توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، بە بەراورد بە فۆرمەکانی دەربڕین و نواندنەوەی توێژەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا لەپێش ترن.

بەڵام دۆستۆیڤسکی کەڵکەڵەی شتێک سەرتر لە پرسی دەربڕین و نواندنەوەی هونەرییە. بەدبەختیی پیتەرزبۆرگ، بەتایبەت نەهامەتی لاوی رۆشنبیر لە چاوی ئەوەوە بێگەردترین ئاماژەی دیاردەی بەراییە: نامۆی تاک لە شەپۆلی بەربڵاوی ژیانی خەڵک. نامۆییەکی لەو جۆرە لە روانگەی دۆستۆیڤسکییەوە دوایین و مسۆگەرترین هۆکاری کۆمەڵایەتیی سەرجەم نارێکی و شێواوی زیهنی و ئەخلاقییە کە پێشتر ئاماژەمان پێدا. دەکرێت هەر ئەو شێواوییەش لە توێژە بەرزەکانی کۆمەڵگادا ببینرێت. بێگومان لە توێژە بەرزەکاندا زیاتر بینەری لێکەوتە سایکۆلۆژییەکانی نارێکین، لە کاتێکدا لە توێژەکانی خوارەوەدا پرۆسەی پەیدابوونی زیاتر بە روونی دەردەکەوێت. لە سەرەوەی کۆمەڵگا دەشێت لە پەیوەستی مێژوویی میکانیزمی دەروونی بە رابردووەوە تێبگەین. گۆرگی زیرەکانە ئیڤان کارامازۆف وەکوو نەوەی رۆحی ئابلۆمۆف، ئەو خانەدانە ناچالاکە بەناوبانگە دەبینێت، بەڵام لە خوارەوەی کۆمەڵگا، سەرکێشیی پانتاییەکی فراوان داگیر دەکات و رووی لە داهاتووە.

جیابوونەوەی مرۆڤی تەنیا، لە رەوتی ژیانی خەڵک، ناواخنی سەرەکی ئەدەبیاتی بۆرژوازی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیە. تایپی مرۆڤی تەنیا لەم سەردەمەشدا بەسەر ئەدەبیاتی رۆژاوادا باڵ دەکێشێت چ لە بەرهەمێکی پەسەندکراودا بێت یان رەتکراوەدا بێت، چ بە پیاهەڵدانەوە یۆتۆپی کردبێتەوە یان بە گاڵتە و لاقرتێوە کردبێتی بە کاریکاتێر. تەنانەت لە بەرهەمەکانی گەورەگەلی وەک فلۆبەر و ئیبسندا لێکەوتە ئەخلاقی و سایکۆلۆژییەکانی تەنیایی مرۆڤ بەرجەستەترن تاوەکوو بنکە کۆمەڵایەتییەکانی. تەنیا لە رووسیا و لە بەرهەمەکانی تۆلستۆی و دۆستۆیڤسکیدایە کە پرسەکە بە هەموو قووڵایی و فراوانییەکەیەوە دەخرێتە ڕوو.

تۆلستۆی ئەو دەستە لە پاڵەوانانی خۆی کە پەیوەندییان بە خەڵکی ترەوە نەماوە، هەروەها ئۆبێکتیڤیتەی ئایدیاڵەکان، پێوەرە ئەخلاقییەکان و بنکی سایکۆلۆژییان لەدەست داوە، دەیخستنە بەرانبەر چینی جووتیارەوە کە لەو سەردەمەدا بە رواڵەت بێجووڵە و مت دەردەکەوتن، بەڵام لە راستیدا خەریک بوو پرۆسەی بنچینەیی گۆڕانکاری تێدەپەڕاند. بە زۆری پەڕینەوەی ئەم چینە بۆ ئاستی کردەی کۆمەڵایەتی پڕە لە ناکۆکی، دواتر لە بووژانەوەی دیموکراسیی رووسیا بایەخی زۆری وەرگرت.

دۆستۆیڤسکی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی رووسیای کۆن و هەروەها تۆوی بووژانەوەی (سەرەتا لە هەناوی نەهامەتی شارەکان) لەناو ”سووک و ریسواکراوانی” پیتەرزبۆرگدا دەپشکنێت. نامۆیی نەخوازراوی سووککراوانی پیترزبۆرگ، بە هۆی ستایلی کۆنی ژیانی خەڵکەوە کە تەنیا دواتر کەوڵی ئایدۆلۆژیی ئیرادە و کردە دەپۆشێت، بێتوانایی کاتی ئەوان لە دروستکردنی پەیوەندیی بە بزووتنەوەی خەڵکەوە کە هێشتا چاو بەستراو و بێئامانج و بە دەوری خۆیدا دەسوڕا، دیاردەی بەرایی کۆمەڵایەتیی دۆستۆیڤسکی بوو.

لە بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیدا تەنیا ئەو روانگەیەی کە لەسەرەوە خرایە ڕوو دەتوانێت نامۆیی توێژەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا لەگەڵ خەڵکدا بنوێنێتەوە. دۆستۆیڤسکیش هاوشێوەی تۆلستۆی بەڵام بە بنکێکی جیاوازەوە باوەڕی وایە کە بێکاری ژیانی بێ ئیش – گۆشەگیری بە هۆی بێکارییەوە – کە دەتوانێت تراژیدی یان گرۆتسک یان زیاتر تراژیدی-کۆمیدی بێت بەڵام لە هەر ئەگەرێکدا هەمیشە ژیان دەشێوێنێت، جیاوازی نییە چ سڤیدریگایلۆف بێت، چ ستاڤڕۆگین یان ڤێرسیلۆف یان ناستاسیا فیلیپۆڤنا: لە روانگەی دۆستۆیڤسکییەوە ژیانی مت‌وبێکارە یان تەنانەت لە باشترین باردا کارا بەڵام بە زۆری بێئامانج بە بەردەوامی بنەڕەتی گۆشەگیریی بێچارەیە.

٥

ئەدگاری گشتیی ئەدەبی دۆستۆیڤسکی، لایەنی دیاری جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ بزووتنەوە ئەدەبییە تەریبەکانی لە رۆژاوادا؛ بزووتنەوە رسکاوەکانی ئینتیما جیاوازەکانی سایکۆلۆژیاگەرایی ئەدەبی کە هەندێکیان هاوکات لەگەڵ ئەودا و هەندێکیان دواتر بە کاریگەریی ئیلهاموەرگرتن لەوەوە سەرپێ کەوتن.

ئەم ئینتیما ئەدەبییە لە رۆژاوادا – لە فەڕەنسا ئیدمۆن دوگنکۆر هاوکاری کرد تا وەکوو زەمینەکەی بڕەخسێت، بورژە و هویسمان و ئەوانی تر لە هێنانەدیدا هەوڵیانداوە – لە سەرەتادا کاردنەوە بوو بە رووی بەربڵاویی ناتورالیزمدا کە بە گشتی هێزێکی وەهاشی نەبوو. دوگنکور ئەم گۆڕانەی بە سەرکەوتنی هونەری چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا دەزانی، لە کاتێکدا ناتورالیزم خۆی تا ئەندازەیەکی زۆر بۆ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا تەرخان کردبوو. ئەدگاری ئەریستۆکراتی و مادی سایکۆلۆژیاگەرایی ئەدەبی لە نووسینەکانی نوێنەرەکانی دواتری ئەم ئینتیمایە – تا سەردەمی پرۆست – بەهێزتر دەردەکەوێت.

پەرستەی ژیانی ناوەکی ئەیژی لە تایبەتمەندییەکانی چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگایە، رێک بە پێچەوانەی ناکۆکییە توندە دونیاییەکانی چینەکانی خوارەوە کە ناتورالیزم هەوڵیدا لە رێگەی هۆکارەکانی ژینگە و بۆماوە تێگەیشتنی هونەری بۆ بەردەست بکات. بەو جۆرە پەرستە لایەنی دوانە وەردەگرێت: لە لایەک بەناز و لوتبەرز و دڵناسکە تەنانەت لەو کاتەدا کە بە دەستی خۆی چارەنووسێکی تراژیدی بۆ خۆی دەنووسێتەوە و لە لایەکی ترەوە بێگومان کۆنەپارێزە، لەبەر ئەوەی زۆربەی نووسەرەکانی رۆژاوا ناتوانن بە ناجێگیریی زیهنی و ئەخلاقی تاکگەرایی شاری گۆشەگیر و تەنیایەوە بنووسنەوە، بە ناچار ئەوانەیان لە رێگەی هێزی رۆحیی کۆنەوە وەسف کردووە؛ ئەو هێزانەی کە هەر لە بنەڕەتەوە لە پانتایی دەسەڵاتی مەرجەعی کڵێسای کاتۆلیکی رۆمە و دەتوانێت پەناگەی رۆحە گوناهکارەکان بێت.

دۆستۆیڤسکیش لە وەڵامێکدا کە لە نووسینە ژۆرنالیستییەکان و رۆمانەکانیدا بەردەستی دەکات، دەستەودامێنی کڵێسای ئورسۆدۆکسیی رووسیا دەبێت لەم  رووەوە ئینتیمای هاوشێوەی ئینتیمای ئەدەبیاتی  بۆرژوازی لە بەرهەمەکانیدا هەیە؛ بەڵام راستی و قووڵایی پرسیارئامێزی شاعیرانەی نووسەرە رووسەکە، ئەو بەرەو ئاراستەیەکی بەرزتر لە ئاسۆی سنووردار دەبات و بە توندی رووبەڕووی دیاردە هاوشێوەکانی رۆژاوای دەکاتەوە.

بەتایبەت ئەوەی کە لە جیهانی دۆستۆیڤسکیدا ناکرێت، شوێنەواری بەنازێکی رەشبین پڕ گومانی دنیایی یان دڵناسکێکی لوتبەرز یان یاریکردن لەگەڵ تەنیایی نائومێدی خۆیدا بدۆزێتەوە. ئارسەر شنیتزلەر دەڵێت ئێمە هەموو کات کە لە کاتی یاریکردنداین و عاقڵ ئەو کەسەیە کە ئەمە دەزانێت، بەم جۆرە لوتکەی دژیەکی لەگەڵ کەسایەتییەکانی جیهانی دۆستۆیڤسکیدا دەخاتە ڕوو. لەبەر ئەوەی بێهیوایی کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی بەحساب خوێی ژیان نییە (ژیان بەبێ خوێ، بێهوایی تاسەبار و مات دەبوو) بەڵکوو نائومێدییەکی بێگەرد و رەسەنە لە هەموو روویەکەوە. نائومێدیان وەکوو لێدان لە دەرگای داخراوە، تەقەلایەکی تاڵ و بێهودە بۆ دۆزینەوە مانای ژیان، ئەو مانایەی کە ون بووە و لەوەیە هەر لەحزەیەک ون بێت و لەدەست بچێت.

بەو پێیەی کە نائومێدیی کارەکتەرەکانی دۆستویڤسکی راستەقینەیە، بنەڕەتی ناعەدالەتی دێتە کایەوە و جارێکی تر بینەری دژیەکییەکی یەکلاکەرەوەین بە فۆرمە دونیاییە بێکەموکوڕییەکانی بەرهەمی زۆربەی گومانگەراکانی رۆژاواوە. دۆستۆیڤسکی هەموو فۆرمەکان چ ناشیرین و چ جوان و چ راست و چ نادروست تێک دەشکێنێت، لەبەر ئەوەی مرۆڤی بێهیوا ناتوانێت لە فۆرمی لەو جۆرە سوود ببینێت تاوەکوو ئەوەی بۆ رۆحی خۆی دەخوازێت تێیدا رەنگ بداتەوە. ئەو دیوارانەی کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەنێوان مرۆڤەکاندا کێشاوە، دانە بە دانە دەهێنرێنە خوارەوە بە ئومێدی ئەوەی نزیکی خۆرسک تا دوا سنووری  تا ئەو شوێنەی هیچ شەرمێک نەمێنێ و لەنێوان مرۆڤەکاندا بتەنرێتەوە. لەم پنتەدایە کە تۆقین لە تەنیایی مرۆڤ بە تینێکی بەرگەنەگیراوەوە هەڵدەقوڵێت و رێک بەو بۆنەوەیە کە هەموو وێرانکارییە بێبەزەییەکان هێشتا نەیانتوانیوە گۆشەگیری بسڕنەوە.

دۆستۆیڤسکی رۆژنامەنووس دەیتوانی دڵنەواییدەرانە بە هەستێکی کۆنەپارێزانە بدوێت، بەڵام ناوەڕۆکی مرۆڤانە، تێمپۆی شیعری و ریتمی شیعریی گێڕانەوەکەی، تۆنێکی یاخیگەرانەیان هەیە و بەم شێوەیە بەردەوام خۆیان لە دژایەتیی بەرزترین مەرامی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە.

ململانێی ئەم دوو ئینتیمایە لە زیهنی دۆستۆیڤسکیدا لێکەوتەی زۆر جیاوازی لێ دەکەوێتەوە: هەندێ جار دەتوانی ئەوە بڵێیت کە زۆربەی کاتەکان ژۆرنالیستی سیاسی بەسەر شاعیدا سەر دەکەوێت و بزۆزی سروشتی کەسایەتییەکان کە نەک ئیرادە بەڵکوو روانینی ئەو (بە جیا لە مەبەستە ئاگایانەکەی) بەو حکوومە دراوە دەڕوشێت و بەلاڕێدا دەبرێت تا کەوڵی بیروباوەڕی سیاسی ئەو لەبەر  بکات. رەخنەی توند و ڕاشکاوی گۆرکی لە دۆستویڤسکی کە پێی دەڵێت درۆ دەنێتە دەم کەسایەتییەکانی خۆیەوە لێرەدا راست دەردەچێت.

بەڵام زۆر جار وا دێتە پێش چاو کە دەرەنجامەکەی پێچەوانە بێت، کەسایەتییەکان خۆیان رزگار دەکەن و تا کۆتایی ژیانیان دەڕۆن، تا ئەوپەڕی سروشتی  زگماکییان دەڕۆن. دیالەکتیکی گۆڕان و ململانێی ئایدۆلۆژییان ئیدی بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئامانجەکانی دۆستۆیڤسکی ژۆرنالیستدا تەبا نییە. پرسی شاعیرێتی ئەگەر بە دروستی بخرێتە ڕوو، بەسەر مەبەستی سیاسی و وەڵامی کۆمەڵایەتیی نووسەردا سەر دەکەوێت.

تەنیا لێرەدایە کە قووڵایی و راستی پرسیارکەرێتیی دۆستۆیڤسکی بە تەواوی دەردەکەوێت، ئەمە یاخیبوونێکە بەرانبەر نارێکی دەروونی و ئەخلاقی مرۆڤ کە پەرەسەندنی سەرمایەداری ئەوەی دروست کردووە. کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی بەبێ هیچ ترسێک تا کۆتایی بەلاڕێداچوونی گیان – کە لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە زەرووری بووە – دەڕۆنە پێشێ  و خۆدۆڕان و خۆوێرانکەریان توندوتیژترین ناڕەزایەتییە کە دەشێت دژی نەزمی ژیان لەو سەردەمەدا بخرێتە ڕوو. بەم جۆرە تاقیکردنەوەی کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی روویەکی نوێ وەردەگرێت: ئەم تاقیکردنەوانە هەوڵێکی نائومێدانەن بۆ تێکشاندنی ئەو بەربەستانەی کە رۆحی مرۆڤ دەشێوێنێت و ژیان نەزۆک و ناڕێک و نوقسان دەکات. دۆستۆیڤسکی لە پێگەی داهێنەردا، شتێک بەناوی ئاراستەی دروست بۆ سەرکەوتن بەسەر بەربەستدا نازانێت و نەشی دەتوانی بزانێت، هەم ژۆرنالسیت و هەم فەیلەسووفەکەی ناوی بە ئاراستەی هەڵەدا رێنوێنیان دەکرد، بەڵام هەر ئەوەی کە پرسی تێپەڕین لە بەربەست لە هەر هەڵچوونێکی زیهنی رەسەندا روو دەدات، خۆی واتە سەیرکردنی داهاتوو و هاوکات لە هێزی لەب نەهاتووی مرۆڤ دەدوێت کە هەرگیز بە کارە نیوەناچڵ و چارەسەرە درۆینەکان رازی نابێت.

هەر مرۆڤێکی راستەقینە و ئازاد کە لە بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیدا رووبەڕووی دەبینەوە، بەربەستەکان تێدەپەڕێنێت، تەنانەت ئەگەر گیانی لەو پێناوەشدا بەخت بکات. هاوئاراستەبوونی چارەنووسی راسکۆڵنیکۆف و سۆنیا تەنیا لە رواڵەتدا وەک دوو جەمسەری دژ دەردەکەون. راسکۆڵنیکۆف بە دروستی بە سۆنیا دەڵێت کە ئەویش بەو رۆحە فیداکار و خۆنەویستەی کە سنوور ناناسێت و بەو چاکەکارییانەی کە بۆ خۆی ئاکامی نییە – و لە سۆنیا ئەو سۆزانییەی دروست کردووە کە خێزانەکەی رزگار بکات – بەربەستەکانی تێک شکاندووە و لەوە زیاتر کشاوە، رێک وەک راسکۆڵنیکۆف خۆی کە بە کوشتنی پیرێژنەکە، سنوور دەبەزێنێت و لەوە زیاتر دەکشێت. لە روانگەی دۆستۆیڤسکییەوە سنووربەزاندنی سۆنیا رەسەنتر، مرۆیانەتر، غەریزیتر و بندەستانەترە تاوەکوو سنووربەزاندنەکەی. راسکۆڵنیکۆف

لێرەدایە کە رووناکییەک لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و نەک لەو شوێنەی کە دۆستۆیڤسکی ژۆرنالیست کە پێی وا بوو بینیبووی. گۆشەگیریی مۆدێرن هەمان تاریکییە. لە زمانی یەکێک لە کاراکتەرە بێهواکانی دۆستۆیڤسکییەوە دەخوێنینەوە: دەڵێن تێر ئاگای لە برسی نییە، دەمەوێت ئەوەشی بۆ زیاد بکەم کە هەموو کات برسیش ئاگاداری برسی نییە[13]. بە رواڵەت وا دەردەکەوێت کە تروسکاییەکی رووناکی لەو تاریکییەدا نییە. ئەوەی دۆستۆیڤسکی بە تروسکایی دانابوو، تراویلکەیەک زیاتر هیچ نەبوو.[14]

دۆستۆیڤسکی ئەو رێگایانە پیشانی کارەکتەرەکانی دەدات کە شوێنی پێدا ڕۆیشتن نین و خۆی لە پێگەی دروستکەردا بە قووڵی ئاگاداری پرسەکانە. وانەی ئیمان دەڵێتەوە، بەڵام بە کردەوە و دیسان لە پێگەی دروستکەری مرۆڤدا، خۆی ئیمانی بەوە نییە کە مرۆڤی هاوسەردەمی ئەو بتوانێت ئیمان بهێنێت، ئیمان بەو مانای کە نووسەرەکە مەبەستێتی. لە راستیدا ئەوە کەسایەتییە بێباوەڕەکانی بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیین کە بیرکردنەوەکانیان بە راستی قووڵ و رەسەنن و بەجۆش و خرۆشەوە عەوداڵی مانان.

دۆستۆیڤسکی بووە بە بانگخوازی گیانفیدایی مەسیحی، بەڵام یەکەم پاڵەوانی پۆزەتیڤی، پرنس مشکینی  رۆمانی گەمژەیە، هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ ئەوانی تردا ناهاوچوونە و بەدەست جۆرێک لە نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، لەبەر ئەوەی بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە لەناوەوە ناتوانێت بەسەر خودتەوەرییەکەیدا – تەنانەت لە ئەشقدا – سەر کەوێت. پرسی سەرکەوتن بەسەر خودتەوەری کە پرنس مشکین دەبوو بە نوێگەرییەوە وەڵامێکی بۆ بدۆزیبایەوە، بە بۆنەی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت بە شێوەیەکی ئۆبێکتیڤ و داهێنەرانە بیخاتە ڕوو. ئەو خاڵەی کە لێرەدا بە ناڕاستەوخۆ دەخرێتە ڕوو، ئەوەیە کە میهرەبانی و دڵسۆزیی بێسنووری مشکین، لانی کەم هەمان ئەندازە ئازاری تراژیک دەخوڵقێنێت کە ئازاری راسکۆڵنیکۆف، بەو تاکگەراییە تاریکەیەوە دەیخاتەوە.

دۆستۆیڤسکی لە کۆتایی بڕگەیی ئیشکردنیدا، ویستی رووخسارێکی تەندروست و پۆزەتیڤ لە بوونی ئالیۆشا کارامازۆفدا دروست بکات و لەو کاتەدا بە بەردەوامی لەنێوان دوو جەمسەری بێکۆتادا ئاوێزان بوو. لە نوسخەی کۆتایی رۆمانەکەی کە ئێستا بەردەستە، وا دیارە ئالیۆشا هاوتای تەندروست و بەهێزی پرنس مشکین بێت، کەسەپیرۆزێکی ئافەرێنراوی دۆستۆیڤسکییە. بەڵام رۆمانەکە بەو جۆرەی ئێمە تێگەیشتووین واتە لە روانگەی پاڵەوانی سەرەکییەوە، وەکوو دەستپێکی کارە و تەنیا هەقایەتێکی گەنجی ئەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شتگەلێک لەبارەی نەخشەی نووسەرەوە بۆ بەردەوامی برایانی کارامازۆف بە گوێی ئێمە گەیشتووە. دۆستۆیڤسکی لە نامەیەکدا بۆ مایکافی شاعیر دەنووسێت: پاڵەوانەکە لە بڕگەی یەکەمی ژیانیدا خوانەناس و بێباوەڕە و دواتر باوەڕمەند دەبێت، دواتر زێدەڕۆی لە باوەڕدا دەکات، تەنانەت دەگات بە دەمارگیری و دەستەئایینی[15] و لە کۆتاییشدا دیسان دەبێتەوە بە بێباوەڕ. ئەم نامەیە ئەو شتە پشتراست دەکاتەوە کە لە گفتوگۆیەکدا سوڤۆرین  دەڵێت: پاڵەوان دەبێت لە دۆخێکی شیاودا تاوانێکی سیاسی بکات و دواتر بڕیارە لەسێدارە بدرێت؛ ئەو پیاوێکە تینوی حەقیقەتە کە لە گەڕان بە دوای خۆیدا دەبێتە کەسێکی شۆڕشگێڕ، کە بە تەواوی سروشتییە، بێگومان ناتوانین لەوە دڵنیا بین کە دۆستۆیڤسکی کەسایەتیی ئالیۆشای لەپەیوەند بەمەوە پەروەردە کردووە یان نا و ئەگەر پەروەردەی دەکرد، تا کوێ دەیکرد. لەپاڵ ئەدگارە کەسایەتییەکانەوە بە ئەگەری زۆرەوە بزۆزی ناوەکیی پاڵەوانی دڵخوازی نووسەری رووس بەناچار ئەو دەخاتە رێگەیەکی لەو جۆرە.

بەم بۆنەوەیە کە جیهانی کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی ئایدیاڵە سیاسییەکانی دەخاتە ناو ئاژاوەوە. بەڵام ئامادەیی ئەو ئاژاوایە لە بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیدا درەوشاوەیە: ناڕەزایەتیی بەهێزی بۆ هەموو ئەوەی لە کۆمەڵگای مۆدێرنی بۆرژوازیدا ناڕاست و بەلارێدا چووە. بەهیچ جۆرێک بە ڕێکەوت نییە کە بیرەوەریی تابلۆیەکی کلود لورن، ئاسیس و گالاسیا چەندە جار لە رۆمانەکانی دۆستۆیڤسکیدا دووبارە دەبێتەوە؛ پاڵەوانەکانی هەموو کات ئەوە بە چاخی ئاڵتوونی دادەنێن و لە پێگەی بەهێزترین سیمبولی خواستە قووڵەکانی دڵیان وەسفی دەکەن.

مەبەست لە چاخی ئاڵتوونی سەردەمی پەیوەندیی تەبایی و راستییە لە نێوان مرۆڤە تەبا و راستەقینەکاندا. کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی دەزانن کە سەردەمی ئێمە چاخی ئاڵتوونی خەونە، نەوەک واقیع بەڵام ئەو خەونەی کە ناتوانن دەستبەرداری بن و دەستبەرداریشی نابن، تەنانەت ئەو کاتانەی کە بەشی زۆری هەستەکانیان بە تۆخی ناکۆک بێت لەگەڵی. بە راستی کە خەونی چاخی ئاڵتوونی، ناوکی سەرەکی و ئاڵتوونی خالسی ئێسکەپەیکەری یۆتۆپیای دۆستۆیڤسکییە؛ ئەو دۆخەی جیهان کە مرۆڤەکان دەتوانن تێیدا یەکتری بناسن و ئاشقی یەکتری بن، ئەو دۆخەی کە کولتوور و شارستانییەت نابنە رێگر لە بەردەم رێگەی گەشە و پێگەیشتنی مرۆڤدا.

یاخیبوونی خۆڕسکانە و پەروەردەنەکراوی بێنەخشە و کوێرانەی کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی، بەناوی ئەو چاخە ئاڵتوونییەوەیە کە سەرپێ دەکەوێت و پەیوەندیی بە ماهیەتی تاقیکردنەوەی زیهنییانەوە نییە. یاخیبوونەکەیان بە شێوەیەکی شیعری مەزنن و لە رووی مێژووییەوە پێشکەوتووخوازە لە بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیدا: لێرەدایە کە بە راستی رووناکییەک لە دڵی تاریکی و شەوەزەنگی نەهامەتییەکانی پیترەزبۆرگدا دەدرەوشێتەوە؛ ئەو رووناکییەی کە تیشک دەخاتە سەر رێگەی بەرەوپێشچوونی مرۆڤ بەرەو داهاتوو.

سەرچاوەی وەرگێڕانی ئەم وتارە:

https://www.marxists.org/archive/lukacs/works/1949/dostoyevsky.htm

[1] woodcuts

[2] Kalevala

[3] exotic

[4] A letter to A. Suvorin, October 27, 1888. (Translator’s note.)

[5] Rastignac 

[6] Eugenie Grandet

[7] episodes

[8] monomania

[9]  fata morgana

[10] metropolis

[11] morphology

[12] agnosticism

[13] The old Ichmenyev in The Insulted and the Injured. Translated by Constance Garnett. (Translator’s note.)

[14] will-o’-the-wisp

[15] sectarian