رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ پۆل ڤیریلیۆ

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: رامین جیهانبەگلو

وەرگێڕان: هاوڕێ عەبدوڵا

Download PDF

پۆل ڤیریلیۆ شارساز و خێراییناسی فەرەنسی، ساڵی ١٩٣٢ لە فەرەنسا لەدایک بووە و ساڵی ٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە. پرسەکانی وەک شارسازی، سایبەرنێتیک و خێرایی، جەنگ، پرسگەلێکی سەرەکی و هەمیشەیی پۆل ڤیریلیۆ بوون. ئەم وتووێژە گوزەرێکی کورتە بەناو بەشێکی ژیانی پۆل ڤیریلیۆ و هێڵە فیکرییەکانیدا. ئەم وتووێژە ساڵی ١٩٩٦ رامین جیهانبەگلو ئەنجامی داوە، لەپاڵ کۆمەڵێک وتووێژی تردا لەگەڵ بیرمەندان و فەیلەسوفانی هاوچەرخدا، لە کتێبێکدا بە ناوی «رەخنەی عەقڵی مۆدێرن»ـەوە، بڵاوی کردووەتەوە.

پرسیار: لە دەستپێکی کارەکانتەوە دەدوێین. بەپێی ئەو کارە جۆربەجۆرانەی دەربارەی خێرایی، جەنگ و تەلارسازی، ئەنجامت داوە، خۆت چۆن دەناسێنیت؟ ئایا خۆت بە تەلارساز دادەنێیت، یان شارساز، یان فەیلەسوف، یانیش جەنگناس؟

وەڵام: من خۆم بە شارساز دادەنێم  و تا ئەندازەیەکی زۆر ئەم ناونیشانە بۆ من پڕبەپێستە. ئەگەر پێویست بکات شتێکی تریشی بخەمە سەر، چەمکی «خێراییناس» (dromologue) بەکار دەبەم، واتا لە راستیدا ئەوەی بابەتی کارەکانی منە «خێرایی»ـە، لەم بابەتەدا رووبەڕووی كێشەگەلێک دەبمەوە کە بە پرسی شارەکان و دانیشتوانی شارەکانەوە پەیوەستە، چونکە شار فۆرمێکی زاڵی سیاسیی مێژووییە. کەوایە من، هەم شارساز و هەمیش خێراییناسم.

پرسیار: بەڵام ئایە تۆ لە «خێراییناسی»دا بە شوێن جۆرێک لە پێکەوەگرێدانی فرەکایە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی؟

وەڵام: بە باوەڕی من خێراییناسی رەگەزێکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لەو پرسەی کە پێشووتر مێژووناسان بە «تەوژمی مێژوو» ناویان بردووە. ئەمڕۆ ئیتر تەوژمی مێژوو جێگەی باس نییە، بەڵکوو پرسەکە تەوژمی توندوتیژی و تەنانەت تەوژمی پەیوەندیی بە جیهانەوە جێگەی باسە. خێرابوونەوەی رەوتە ئازادیخوازەکان کە بووەتە هۆی سەربەخۆیی مرۆڤ و بەتایبەت خێرابوونەوەی رەهای شەپۆلی کارۆموگناتیسی، مێژوو و پەیوەندیی ئێمەی بە واقیعەوە گۆڕیوە. کەواتە خێراییناسی سەرقاڵی واقیعی مێژووییە و ئەڵبەتە بەردەوامیش سەرقاڵ دەبێت، چونکە من داهێنەر و دەستپێکەری خێراییناسیم. بەڵام هیوادارم کەسانی تریش، کەسانێک کە لە من زیاتر توانایان هەیە درێژە بەم رێگەیە بدەن.

پرسیار: چ شتێک بووە هۆی ئەوەی دەربارەی دیاردەی «خێرایی» کار بکەیت؟

وەڵام: جەنگ. من کوڕی سەردەمێکم کە ئەمریکییەکان بە «مناڵانی جەنگ» (war baby) ناوی دەبەن، پێم وایە پێویستە کتێبێک دەربارەی مناڵانی جەنگ بنووسرێت. کەسانێک کە لە مناڵیدا جەنگیان بینیوە بونیادییانە بوونیان لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا فۆرمی گرتووە، بەڵام نەک ناچارانە بە شێوەیەکی جەنگخوازانە یان تیرۆریستی، بەڵکوو بە شێوەیەکی فەلسەفی و شاعیرانە. من رۆڵەی جەنگم، جەنگ پێکهێنەری پەیوەندیی من بووە بە جیهان و واقیعەوە. من رۆڵەی جەنگی هەمەلایەن (blitzkrieg) و ئەو رووداوە مێژووییەم کە بە جەنگی دووەمی جیهانی ناو نراوە. هەموو ئەوەی لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە فێر بووم، لە جەنگ و بە هۆی جەنگەوە فێر بووم. لە یەکەمین کتێبمدا نووسیومە جەنگ باوکی من و دایکی من بووە.

پرسیار: لە جەنگی دووەمی جیهانیدا چیت دەکرد؟

وەڵام: لە نانت بووم. رووم کردە ئەو شارەی کە شاری دایکم بوو. دایکم بەریتانی و باوکیشم ئیتاڵی بوو. وەک دەزانیت نانت شارێکی بەندەری گرنگ بوو، لە ئاکامی بۆمببارانی ئاسمانی وێران بوو. تەنیا لە یەک بۆمببارانی ئاسمانی زیاتر لە ٨٠٠٠ بینا وێران بوون. ئەو کات دوانزە ساڵان بووم و هەموو ئەوانەم دەبینی. من شتگەلێکم دەبینی دەکرێت ناو بنرێت قودرەتی رەهای تەکنەلۆژیا. پاشان بۆمببارانی ئەتۆمی هێرۆشیما و ناگازاکی رووی دا، بۆمببارانی شاری دەیتوانی لە یەک فڕیندا ٥٠٠ بۆمب بەربداتە خوارەوە و شارێک بە شێوەیەکی تەواو خاپوور بکات. ئەم رووداوە شۆکهێنەرە زەربەیەکی رۆحی بوو بۆ سەردەمی مناڵیی من.

پرسیار: جەنگ کاریگەرییەکی زۆری بەسەر ژیانتەوە هەبووە، کەوایە بۆچی خەریکی پرسی جەنگ نەبوویت؟ بۆچی لەبری ئەوەی ببیت بە جەنگناس، بوویت بە شارساز؟

وەڵام: لەبەر ئەوەی جەنگم لە شاردا بینی، جەنگم لە سەنتەردا بینی. شار دیاردەیەکی چڕ بووەوەی مێژووییە. ئەمە هەمان شتە کە یۆنانییەکان بە «cinésisme» ناوی دەبەن. بە باوەڕی من جەنگ و شار یەک شتن. شارەکان گۆڕەپانی هێرشەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بوون. بۆمببارانی کۆڤەنتری و رۆتردام –لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە- و هامبۆرگ و دیریسدین و هێرۆشیما –لە لایەن هاوپەیمانەکانەوە- هەر لە شار روویان دا. بە باوەڕی من جەنگ و شار شوێنی دەرکەوتنی یەک شتن، ئەویش تەکنەلۆژیایە، واتا هەم شوێنی بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیایە و هەمیش شوێنی خاپوورکردنی. شار کرۆکە، ئامانجە. جەنگناسی زانستێکە کە لە رێگەی ناسینی فەزای نیزامییەوە هاتووتە کایەوە. بە باوەڕی من فەزایەکی نیزامی بوونی هەیە کە فەزای نانیزامی نییە، فەزای ئابووری نییە، فەزای عیرفانی دینی نییە، بەڵام لە خۆیدا فەزایەکە و فەزایەکی ستراتیژییە.

پرسیار: ئایە راستەوخۆ دەستان بە خوێندنەوەی شار کرد، بێ ئەوەی دەربارەی فەزای جەنگ یان خێرایی بدوێن؟

وەڵام: بەڵێ بێگومان، لەبەر ئەوەی لە پاریس من بەڕێوەبەری «قوتابخانەی تایبەتیی تەلارسازی»م. دەمێک پێش ئەوەی کتێبەکانم چاپ بکرێن، چەندین وتارم دەربارەی شار بڵاو کردبووەوە. یەکەمین کتێبم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٥، نزیکەی بیست ساڵ لەمەو بەر، لەبەر ئەوە وتارگەلێکی زۆرم دەربارەی شار و دیاردەی ئاوەدانکردنەوە بڵاو کردبووەوە. کاتێک کە خەریکی شارسازی بووم، شارەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ئەوروپادا ئاوەدان دەکرانەوە، ئەوە رووداوێکی گرنگ بوو. یەکەمین جار بوو بە شێوەیەکی گشتی شارەکانیان بنیات دەنا. بە باوەڕی من ئاوەدانکردنەوە و شارسازی هاوسەردەمن. بۆ یەکەمین جار بوو لەبری نۆژەنکردنەوەی شارە کۆنە وێران بووەکان، بنیاتنانی شارە نوێیەکان بووە ئەولەویەت.

پرسیار: پێش ئەوەی بێینە سەر روانگەی تۆ دەربارەی دیاردەی خێرایی، حەز دەکەم بیروباوەڕی تۆ دەربارەی پرسی هەنووکەیی شارسازی بزانم. بە باوەڕی تۆ گۆڕانکاریی سەرەکی کە لە شارسازیی ئەمڕۆدا هاتووتە کایەوە چییە؟

وەڵام: شارسازییەک کە ئێمە ئاشنای بووین پەیوەست بوو بەو شارانەوە کە لە رێگەی تۆڕی رێگەکان و گواستنەوە و گەیاندنەوە بەیەکەوە لکێنرا بوون، چونکە شۆڕشی پیشەسازی و شۆڕشی گواستنەوە و گەیاندن بەیەکەوە پەیوەست بوون. ئەم بارودۆخە لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا بە بنیاتنانی شارە گەورەکان بەئەکام گەیشت، واتا راکێشانی لادێنیشینەکان بۆ شارەکان و بوونیان بە کرێکاری کارگەکان. ئەمە بارودۆخێکە بە بەرانبەرکێی شار-لادێ ناو دەبرێت. بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستدا ئیتر بەرانبەرکێی شار-لادێ بوونی نامێنێت، بەڵکوو بەرانبەرکێی سەنتەر-پەراوێز دێتە کایەوە. بە واتایەکی تر فەزای شار تەنگتر بووە. شارەکانی ئەمڕۆ زاڵن، خەڵک خەریکە لادێکان جێ دەهێڵن، ژینگەی لادێکان خەریکە دەبن بە بیابان. دورگەی شارەکان دەبن بە ناوچەی گونجاوی بەرهەمهێنان. کشتوکاڵی زۆروزەبەنی پیشەسازی شوێنی بۆ کشتوکاڵی لادێی نەهێشتووەتەوە. ئەمڕۆ ئێمە بەرەو شۆڕشی سێیەم دەڕۆین کە (دوای شۆڕشی گواستنەوە و گەیاندن) شۆڕشی خێراییە. نموونەی ئەمەش شاڕێی زانیارییەکانە کە پاشکۆی رێگە گەورەکانی رژێمی نازیی ئەڵمانی و فاشیزمی ئیتاڵی بوون. کەواتە ئینتەرنێت بە جۆرێک دەستپێکی بنیاتنانی شاری تازەیە، شاری بالقوە، شاری پەیوەست بە زەمەنی واقیعییەوە، شارێک بە تۆڕێکی پەیوەندیی ناوخۆییەوە بەرمەبنای خێرایی رەهای شەپۆلی کارۆموگناتیسی. جۆرێک لە مێتا-سەنتەر، شار-جیهان کە تەواوی شارە واقیعییەکان مانگی دەستکرد و پەراوێزی شارە بالقوەکانن؛ شاری بالقوە لە هیچ جێگەیەکدا نییە، تەنیا لەوێدایە کە ئالیارە دەفرییەکان و ریشاڵە روناکییەکانی لێیە، لەوێدا زانیاریگەلێک هەن. کەواتە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژیین شارە کۆنەکان خەریکە بە تەواوی لەناو دەچن. شاری کۆن، شارێکی بابەتییە (topique)، واتا لە شوێنێکی دیاریکراوە، سەنتەری هەیە، پەراوێزی هەیە، ئەندازەییە. بەڵام ئێستا شاری نوێ، بالقوەیە، دوور-بابەتییە (télé-topique)، شارێکە لە زەمەنی واقیعی، شارێک نییە کە لە شوێنێکی راستەقینەدا جێگەی گرتبێت، وەک شاری مێژوویی، وەک بەغدا، بەرلین، لەندەن. شاری بالقوە بە شوێن-کاتی جوگرافیاییەوە وابەستە نییە، بەڵکوو بە زەمەنی واقیعیی پەخش و وەرگرتنی خێرای سیگناڵ (signal)ـەوە پەیوەستە. ئەمە دەبێتە بازدانێکی گەورە کە دەبێتە هۆی ئەوەی شارساز بەبێ سەرنجدان لە پەیوەندییەکانی رێگە دوورەکان، بەبێ سەرنجدانی کارکردن لە رێگە دوورەکان و ئیمکانی هەنگاوە خێراکان، بەبێ سەرنجدانی بیستن و بینین، چی تر نەتوانێت شارساز بێت. کەوایە شاری نوێ، شاری سایبەرنێتیک (cybernetics)ـە. ئەمە بازدانێکی گەورەیە کە هەنگاوەکانی بۆ سەدەی بیست‌ و یەک ئامادە دەبێت.

پرسیار: کەوایە چەمکی هاووڵاتیش گۆڕانی بەسەردا دێت؟

وەڵام: بە تەواوی. چەمکی هاووڵاتی بە چەمکی شار (cité)ـەوە وابەستەیە. بیرتان دەخەمەوە هاووڵاتی کەسێکە لە مافە مەدەنییەکان (droit de cité) سوودمەندە. پێش ئەوەی قسە لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە بێت، قسە لەبارەی مافە مەدەنییەکانەوە بووە. کەسانێک کە لە سەردەمی کۆندا ژیاون کە نە بە رۆمەوە پەیوەست بوونە و نە بە ئاتێنەوە، ئاماژە بۆ مافە مەدەنییەکان دەکەن. بەتایبەت قەشە پۆڵس هاتەوە یادم، کاتێک رۆمییەکان ویستیان لەسێدارەی بدەن: ئەو نەیویست وەکوو کۆیلەیەک یان بێگانەیەک لەسێدارەی بدەن، بەڵکوو داخوازییەکەی ئەوە بوو کە سەری وەکوو هاووڵاتییەکی رۆمی لە جەستەی جودا بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی خۆی بە هاووڵاتیی رۆمی دەزانی. هاووڵاتی سوودمەندە لە مافە مەدەنییەکان، لەبەر ئەوەی لە فەزای شاردا دەژیێت، ئەندامی شارە، بە هەمان شێوە کە ئێمە ئەمڕۆ ئەندامی میللەتێکین. بەڵام ئەمڕۆ ئەم پەیوەستییەی هاووڵاتی بە شوێنێکی دیاریکراوەوە مانای خۆی لەدەست داوە و شوێنی خۆی بۆ شتێکی تر چۆڵ کردووە کە من ناوی دەنێم «هاوسەردەمی» (le contemporain). «هاووڵاتی» کەسێکە کە هاوسەردەمە لەگەڵ کردەی خێراییدا. بێگومان لێرەدا پارادۆکسێک هەیە، بەڵام ئەم پارادۆکسە، بە باوەڕی من، چاودێرە بەسەر بازدانەکانی سیاسەتەوە. سیاسەت ئێستاکە زیاتر لە چرکەسات و زەمەنی دەستبەجێی و خێرادا روو دەدات تا لە زەمەنی درێژخایەندا. لەم نێوانەدا شتگەلێکی بە تەواوی پارادۆکسئامێز و ناخۆش بوونیان هەیە. من ئەسڵەن بەم بارودۆخە خۆشحاڵ نیم. بە باوەڕی من ترسناکە.

پرسیار: فەیلەسوفانی هاوشێوەی کاستۆریادیس-یش هەن کە دەربارەی دیاردەی تایبەتمەندیسازی (privatisation)ـی هاووڵاتی دەدوێن کە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیان تا رادەیەکی زۆر ناچالاک بن.

وەڵام: بە تەواوی دروستە. ئێمە بەرەو ئەو تایبەتمەندیسازییە بەربڵاوە دەڕۆین کە مەترسی تایبەتمەندیبوونی پۆلیس و سوپاش بوونی هەیە، واتا گەڕانەوە بەرەو نیزامی فیوداڵی. نابێت فەرامۆشی بکەین سەردەمانێک کۆمەڵگا ئەوروپییەکان لە دەورانی فیوداڵیدا دەژیان، دەورانێک کە دەسەڵات تایبەتمەندبوو بە ئەرستۆکراتەکان و میران و فیوداڵەکانەوە، پاشایش چاودێر بوو بەسەر ئەرستۆکراتەکان و میرانەوە، هەرچی بویستایە بەرانبەریان دەیکرد. ئەم حاڵەتی تایبەتمەندیبوونەی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی لە ئەوروپادا جێگەی خۆی بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتی فرەنەتەوەیی چۆڵ کرد. بەڵام ئەمڕۆ تایبەتمەندیسازیی بازاڕی ئازاد، لە رێگەی گشتاندنی پرسی تایبەتمەندیسازییەوە، بە جۆرێک ئیمکانی گەڕانەوەی کۆمەڵگای فیوداڵی هێناوەتە کایەوە. لەم بارودۆخانەدا ئەوە مافەکانن کە دەکەونە بەردەم مەترسییەوە. لەسەنتەرداماڵین لە فەرەنسادا بەشێکە لە بنیاتنانی فیوداڵیزمی نوێ لە ئەوروپادا.

پرسیار: بە باوەڕی تۆ لە روانگەی پرسی شارسازییەوە چارەسەر چییە؟

وەڵام: لە ئێستادا من هیچ رێگەچارەیەک بۆ ئەم پرسانە نابینم. دەبێت تایبەتمەندییەکانی ئەم بارودۆخە تازەیە بناسین. دیاردەی بێ‌سەرزەمینکردن (de-territorialisation) وەکوو ئەوەی هەیە دەبێت پێش هەر خستنەڕوویەک و بەکارهێنانی هەر جۆرە رێگەچارەیەک، پێگەی تازەی سیاسەت بناسێت. لێرەدا دەبێت بە شێوەیەکی تەواو رەخنەگرانە کار بکرێت، لەبەر ئەوەی سیاسەت تووشی جۆرە لادان و پشێوییەک بووە. سیاسەت بە هۆی تەکنەلۆژیای نوێ، بێ‌میدیۆمی و دەستبەجێی و لەهەمووشوێنێکدابوون (ubiquité) تووشی پشێوی بووە. بێ‌میدیۆمی، دەستبەجێی و لەهەمووشوێنێکدابوون سیفەتی ئیلاهییانەن. بەڵام ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا بە جۆرێک بووە بە هەڵگری ئەم سیفەتانە. کەسانێک کە بە ناوی نادینیسازییەوە (laïcisme) خودای موتەعالییان وەلاوەنا، «دەستی جادوویی» (dues ex machina)یان لە جێگەی دانا، کە لە ئێستادا جێگیرە و سایبەرنێتیک بە جۆرێک پەرستگای ئەم دینە نوێیەیە. جوڵەیەک بوونی هەیە لەنێوان جەنگی موقەدەسی دینەکانی وەکوو ئیسلام و یەهودی و مەسیحییەت، و جەنگی پەتیی «دەستی جادوویی»ـی تەکنەلۆژیا، ئەم جوڵەیە کە ئێستا پێشی ئێمە دەگرێت، یەکێکە لە سەرەکیترین پرسەکانی سەدەی داهاتوو. ئەمڕۆ دوو جۆر گشتبینی (integrisme) بوونی هەیە: گشتبینیی عیرفانی دینی و ئەوەی تریش گشتبینیی تەکنەلۆژیی جەنگی پەتییە، واتا گشتبینیی ئەم «دەستی جادوویی»یە کە دەبێت پێگەی دەست نیشان بکرێت و نیشان بدرێت، بەڵام لە ئێستادا بە تەواوی نەناسراوە. تەنیا پێشکەوتنەکەی دەبینرێت، بەڵام کەس خراپە و زیانەکانی نابینێت.

پرسیار: ئەم باسە ئێمە دەگەیەنێت بەو کارانەی دەربارەی خێرایی نووسیوتن. دەتەوێت کۆمەڵگای رۆژاوایی وەک کۆمەڵگایەکی خێراییسالار (dromocratique) بناسێنیت.

وەڵام: وشەی «dromo» بە مانای «جوڵە» و «رێپێوان» دێت. بۆ نموونە کاتێک دەڵێین «auto-drome» (گۆڕەپانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل)، یان «aerodrome» (فڕۆکەخانە)، واتا شوێنێک کە تێیدا ئۆتۆمبێلەکان دەجوڵێن و فڕۆکەکان دەفڕن. کەوایە وشەی «dromo» زۆر روونە. یۆنانییەکان ئەم وشەیەیان بە مانای «کۆڵان» و رۆمییەکانیش بە مانای «جوڵە» بەکار دەهێنا. کاتێک دەربارەی کۆمەڵگای خێراییسالاری دەدوێین، مەبەستم کۆمەڵگایەکە کە بەرمەبنای پلەی جیاوازی سەرمایە رێک خراوە. بەڵام سەرمایە و خێرایی پێکەوە پەیوەستن. دەسەڵاتی ئابووری بەبێ تەکنیکی زانیاری، سیگناڵ و کەشتی و فڕۆکە بەئاکام ناگات. بەڵام خاڵێکی هێجگار گرنگ ئەوەیە خێرایی، ژینگەیەکە. خێرایی ئامرازێک نییە بۆ خێراکردنەوەی کات، بەڵکوو خێراکردنەوەی شوێن-کاتە. کاتێک من لەناو ئۆتۆمبێلێکدام کە لە جوڵەدایە، لە کات-دا نیم، بەڵکوو لە شوێن-کاتی ئۆتۆمبێلەکەدام. کاتێک کە لەناو کەشتییەکی ئاسمانیدام بەخێرایی ٢٨٠٠٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، لە کەشێکی ئاسمانیدام کە خێراییەکەی ٢٨٠٠٠ کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا. کەوایە تێگەیشتن لە خێرایی تەنیا تێگەیشتن نییە لە کات و تەوژمەکەی، بەڵکوو تێگەیشتنە لە شوێن-کاتی ئەو ئامرازی هاتووچۆیەشی بەکاری دەهێنین. زەمین ئامرازێکی گواستنەوەیە کە بەخێراییەکی دیاریکراو بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

پرسیار: لە یەکێک لە کتێبەکانتدا دەنووسیت کە هەمەجۆری خێرایی، کۆتایی ئازادییە. بە واتایەکی تر، خێرایی وەک جۆرێک لە توندوتیژی دەبینیت.

وەڵام: بەڵێ. خێرایی لە رووی مێژووییەوە جۆرێکە لە توندوتیژی کە تا ئێستا هیچ سزایەکی بۆ دانەنراوە. تەنیا سزایەک کە بۆ خێرایی لە فەرەنسادا بوونی هەیە ئەو جۆرەیە کە بۆ خێرایی نایاسایی لە شەقامەکاندا بوونی هەیە. لە ئەڵمانیادا دیاردەی خێرایی نایاسایی بوونی نییە، دەکرێت بەخێرایی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا لە شەقامی دەرەکیدا بجوڵێیت. سەرنجڕاکێشە! کەوایە خێرایی هیچ کاتێک وەک توندوتیژی نابینرێت. هەر توندوتیژییەک دەبێت یاسا و سزادانی خۆی هەبێت، گەرنا عەدالەتێک بوونی نییە. ماف و توندوتیژی پێکەوە پەیوەستن. بۆچی ماف بوونی هەیە؟ بۆ ئەوەی توندوتیژیی رەها نەیاتە کایەوە، گەرنا ئیتر مافێک بوونی نییە. گەر بە واتا فەلسەفییەکەی خێرایی وەکوو جۆرێک لە توندوتیژیی نوێ و جیاواز دابنێین، روونە کە دەبێت هەوڵ بدەین تا تێبگەین بۆچی نەبوونی سزای خێرایی رەنگە بە جۆرێک لە تاکڕەوی و پەیدابوونی سیستەمێکی دژەمافی رەها کۆتایی بێت. کتێبی دووەمی من، «خێرایی و سیاسەت» دەپرژێتە سەر ئەو پرسە.

پرسیار: لەنێوان خێرایی و سەرمایەشدا پەیوەندییەک بوونی هەیە.

وەڵام: بێ سەرمایە ناکرێت قسە دەربارەی خێرایی بکرێت. بە زۆری دەربارەی ئابووریی سەرمایە قسە دەکرێت و دەڵێن «کات ئاڵتونە». بەڵام هیچ دەربارەی خێرایی ناوترێت. کەوایە دەبێت ئەوە پێچەوانە بکرێتەوە. ئابووری، سەرمایە و پاشکۆکانی خۆی جێگیر دەکات، بەڵام ئەوەی بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و هەمیشە فەرامۆش دەکرێت، خێراییە. پێشنیاری من ئەوەیە ئەم فیکرەیە ئاوەژوو بکرێتەوە و خێرایی و خێراییناسی لە ترۆپکی پرسەکاندا دابنرێت. خێراییناسی، ئابووریی خێراییە، وەک چۆن ئابووری، زانستی سەرمایەیە.

پرسیار: لە کتێبی «ئامێری بینین»دا دەنووسیت «فەزای گشتی شوێنی خۆی بە وێنەی گشتی دەدات، واتا بە وێنەی ئەلیکترۆنیک» لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی وەک ئاڵڤین تۆفلەر لە کۆتا کتێبیدا دەڵێت تۆڕی ئینتەرنێت ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی جۆرێک لە دیموکراسیی نیمچەڕاستەوخۆ.

وەڵام: دیموکراسیی راستەوخۆ هەمیشە کەڵکەڵەی سەرەکیی خەیاڵی تەکنەلۆژیستەکان بووە. لە سەدەی نۆزدەدا زۆرێک پێیان وا بوو رێگەی ئاسن، لەگەڵ زیادبوونی خێرایی ئاڵوگۆڕی نێوان وڵاتان، ئەندێشەی فەزا(agora)ـی جیهانی دێنێتە کایەوە. بەڵام رێگەی ئاسن بووە هۆی جەنگی نێوان میللەتان و سەرەنجام بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی. کەوایە دیموکراسیی راستەوخۆ بە جۆرێک نکۆڵیکردنە لە دیموکراسی، لەبەر ئەوەی دیموکراسییەکە بەبێ بیرکردنەوە. کاتێک دەڵێین دیموکراسی، مەبەستمان لە بیرکردنەوەی دەستەجەمعی، وتووێژ و دیالۆگی نێوان حیزبەکان و هەڵبژێراوەکانە. کاتێک هەڵبژاردن لە سویسرا لە سەنتەری لادێیەکدا ئەنجام دەدرێت، خەڵکی بانگێشت دەکرێن تا لە پرسێکی تایبەتدا تێڕوانینی خۆیان بخەنە روو، پاشان لەو فەزا گشتییەدا بە بەرزکردنەوەی دەستیان رای خۆیان دەدەن. ئەمە سیستەمی ئەنجومەنی لادێکانە، ئەمە دیموکراسیی راستەوخۆیە، دیموکراسیی راستەوخۆ لێرە و هەنووکەییە. هەر کەسێک خۆی -وەکوو لە دیموکراسیی ئاتێندا هەبوو- ئامادە دەبێت و رای خۆی دەدات. بەڵام پێش ئەوەی لەگەڵ هاوشوێنەکانی بۆ سەنتەری رادانەکە بڕاوت، بیری کردووەتەوە. ئەگەر تەرحی رۆس پرۆت یا تۆفلەر قبووڵ بکەین، پرسەکە بە شێوەی راپرسییەک دەردەکەوێت کە هاومانای «audimat»ـە، واتا پرسێک رادەگەیەنن، کارتێکی کۆمپیوتەری دەخەنە دەزگای تەلەفزیۆنەوە و بڕیار دەدەن و دەنگ دەدەن. بیرکردنەوە بوونی نییە، تەنیا پەرچەکردارێکی ئۆتۆماتیکییە. ئەمەیە سایبەرنێتیکی کۆمەڵایەتی. لەو دۆخەدا تاک دەرگیری چالاکیی پەرچەکردارانە و مەرجدار دەبێتەوە، رێک وەکوو ئاژەڵێکی پەروەردەکراو. تاک بە جۆرێک پەروەردە دەکرێت پەرچەکردار بنوێنێت. بۆیە دیموکراسیی «کا‌ثۆدیک»[1] نەفی دیموکراسییە، لەبەر ئەوەی دیموکراسیی یەکایەتییە نەوەک دیموکراسیی ئامادەیی ئەوانی تر. کەوایە ئەم شێوازە دیموکراسییە مەترسییە بۆ دیموکراسیی راستەقینە، واتا دیموکراسیی تاکەکەسی تەنیا، بە تەواوی رۆیشتنە بەرەو دۆخی پشێوی. دیموکراسی دوو دوژمنی هەیە یەکێکیان دیکتاتۆرییە، ئەوەی تریش جەنگی ناوخۆیی. جەنگی ناوخۆیی واتا هەر کەسێک بۆ خۆی، هەر کەسێک بە جیا لەوی دیکە ئازادە. دیموکراسیی کاثۆدیک بە پشێویی کاثۆدیک کۆتایی دێت، واتا بە دەسەمۆکردنی بیروباوەڕی گشتی کە بیرلۆسکۆنی لە ئیتاڵیادا سیمبولە سیاسییەکەیەتی. رۆس پیرۆ لە ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام بیرلۆسکۆنی لە ئیتاڵیادا سەرکەوتوو بوو. من بە توندی دژایەتیی ئەم رەوتانەم کردووە.

پرسیار: کەوایە بە باوەڕی تۆ هەر چەندە تێگەیشتنی ئۆتۆماتیکی روو لە زیادبوون بکات، ماف و ئازادییەکانی خەڵکیش زیاتر بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

وەڵام: کتێبی ئامێری بینین لەبەرچاو بگرە، لەو کتێبەدا دەمەوێت نیشانی بدەم ئامێری بینینی جۆربەجۆر بوونیان هەیە کە بە درێژایی مێژوو شوێنی یەکتریان گرتووەتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ ئامێرێکی بە تەواوەتی نوێدا مامەڵە دەکەین. یەکەمین ئامێری بینین، ژووری تاریکی پێرسپێکتیڤە کە بینین مونەزەم و رێکخراو دەکات. دووەمین ئامێری بینین، فانۆسی جادوویی کیرچەرە کە ئەوە دەرەخسێنێت سێبەرەکان بکەونە سەر دیوار. سێیەمین ئامێر، دەزگای وێنەگریی لویس داگەرە و چوارەمیش کامێرای فیلمیی برایانی لۆمێرە. پێنجەمین ئامێری بینین، تەلەفزیۆنە. شەشەمیش، ئامێری بینینی ئەلیکترۆنیکییە. ئەمە واتا لکاندنی کامێرایەکی تەلەفزیۆنی بە کۆمپیوتەرێکەوە کە بینینەکانی کامێراکە دیسان دەبینێتەوە. ئەمانە ئامێرگەلێکن کە موشەک پێیانەوە پەیوەست دەکرێت و تا بتوانێت بەبێ بەرکەوتن بە هەر جۆرە رێگرییەک بە تەواوەتی بۆ ئەو شوێنە بڕوات کە دەبێت بڕوات. کەوایە ئامێری بینین، داهێنانی جۆرە بینینێکە بەبێ سەیرکردن، جۆرە بینینێکی ئۆتۆماتیک. تەواوی ئامێرەکانی بینین تا تەلەفزیۆن، پێویستیان بە چاوی مرۆیی و مێشک بوو بۆ ئەوەی لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. لە ساتی لکاندنی کۆمپیوتەر و کامێرای تەلەفزیۆن و دیجیتاڵبوونەوەی سیگناڵە تەلەفزیۆنییەکان، ئامێرێک بۆ بینین هاتە کایەوە پشتئەستوور بوو بە خۆی و پێویستی بە مێشکی مرۆیی نەبوو. ئێمە لە بەردەم دیاردەیەکی مێژوویی ناوازەداین. سەردەمی بینەری ئۆبێکتیڤ بەسەر چووە. مرۆڤ لە ئاستانەی عەدالەتدا، پێش هەموو شت بینەرێکی ئۆبێکتیڤە. مرۆڤ دەڵێت: «سوێند دەخۆم کە من شاهیدی روودانی ئەم تاوانە بوومە.» عەدالەت هەڵاتنی لەم پرسە نییە. لەگەڵ ئەم ئامێرە نوێیەی بینیندا، دەسەڵاتی شاهیدی ئۆبێکتیڤی مرۆیی بەرە بەرە لەناو دەچێت و شاهیدی ئامێری شوێنی دەگرێتەوە. من لە کتێبەکەمدا ویستم ئەم چرکەساتە نیشان بدەم. «ئامێری بینین» ناونیشانێکی تەکنیکیی کۆمپیوتەرییە کە دەتوانێت ببینێت.

پرسیار: لۆژیکێکی تێگەیشتنی تریش بوونی هەیە کە پێت وایە جەنگی کەنداوی عەرەبی لە پەخشی تەلەفزیۆنیدا بوونی هەبوو، جەنگێک کە بە باوەڕی تۆ یەکەمین جەنگی ئەلیکترۆنیکی بوو.

وەڵام: دەربارەی جەنگی کەنداوی عەرەبی کتێبێکم بڵاو کردەوە بە ناوی «نمایشی بیابان». جەنگی کەنداوی عەرەبی بە باوەڕی من جەنگێکی جیهانی بوو لە رەهەندە بچووکەکەیدا. یەکەمین جەنگی زەمەنی واقیعی بوو. واتا جەنگێکی جیهانی بوو لە پانتایی زەمەنی واقیعی و لە تەواوی تەکنەلۆژییە جەنگییەکانی جیهان، بۆ نموونە مانگی دەستکرد، ئامرازە کۆنترۆڵییە دوورمەوداکان و هاوشێوەکانی و پڕوپاگەندەی تەلەفزیۆنی، سوود وەرگیرا. جەنگە جیهانییەکانی پێشوو لە شوێنی واقیعیدا روویان دەدا (بۆ نموونە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، یان لە ئۆقیانووسی ئارام). جەنگی کەنداوی عەرەبی لە زەمەنی واقیعیدا رووی دا. دوو رەگەز لێرەدا دەبینم کە پێشتر دەربارەیان دوام. لە جەنگی کەنداوی عەرەبیدا ژمارەی کوژراوەکان زۆر نەبوون، تەنانەت ئەگەر ژمارەی تەواوەتی کوژراوە مەدەنییەکانیش نەزانین، بە هەرحاڵ جەنگێک نەبوو ٢٠ یان ٥٠ میلیۆن کەسی تێدا بکوژرێت. لەگەڵ ئەوەشدا جەنگێکی جیهانی بوو، لەبەر ئەوەی جەنگێکی «زیندوو» بوو، «زیندوو» بە یارمەتی ئامرازەکانی فریودان و بە هۆی خەڵکی سەراسەری جیهانەوە. جەنگێکی سەرسووڕ‌هێنەر، جەنگێکی کاثۆدیک. لێرەشدا هەمان پەرچەکردار دەبینم. کەوایە ئەم جەنگە نەک تەنیا دەتوانرێت وەکوو کۆتایی باس‌وخواسە ناوەکییەکان دابنرێت کە نزیکەی ٥٠ ساڵ درێژەی کێشا، بەڵکوو وەک نەخشەڕێگایەکی سەرەتایی بۆ جیهانیسازیی جەنگ لە زەمەندا حیساب دەکرێت، جەنگ بە سوودبینین لە مانگی دەستکرد و ئامرازەکانی کۆنترۆڵی چەکە دوورمەوداکان- لە خاڵێکدا لە پنتاگۆن؛ واتا ئەو دەوڵەتە سەرەکییانەی دەرگیری جەنگن ئیتر لە شوێندا ئامادەییان نییە، لە هەمان شوێندا کە هەن دەمێننەوە. جەنگ لە شوێندا چی تر گرنگی نییە. خەڵکانی ئامادە لە شوێندا چی تر گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە. عێراقییەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان نەبوو، ئەوان تەنیا بە کەڵکی زیندانیکردن و مردن دەهاتن. بەڵام هاوپەیمانیی رۆژاواییش سوودێکی ئەوتۆیان نەبوو. ناکرێت بگوترێت جەنگی کەنداوی عەرەبی جەنگی نێوان مرۆڤەکان بوو. من کتێبەکەم بە دیمەنێکی ترسناک و سەرسووڕهێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە کۆتا دێنم، کە بەسەر مەیدانی جەنگدا دەفڕن و زانیاری بۆ ٢٠٠ کیلۆمەتر دوورتر لە خۆیان دەنێرن. دیمەنێک دەخەمە روو کە تێیدا نزیکەی چل سەربازی عێراقی لە سەنگەرێکدا لە ناوەڕاستی بیاباندا فڕۆکەیەکی شارەزا لێیان نزیک دەبێتەوە و تەسلیمی دەبن. سەربازەکان تەسلیمی رۆبۆتێک دەبن کە بەسەر سەریانەوە دەفڕێت. ئەم دیمەنە تەعبیرە لە شکستی مرۆڤ، نەک تەنیا شکستی سەربازانی عێراقی، بەڵکوو شکستی سەربازانی هاوپەیمانانیش.

پرسیار: لە شوێنێکی کتێبەکەتدا باسی غیابی جەنگاوەر دەکەیت و دەڵێیت بووە بە دیلی تەکنەلۆژیا.

وەڵام: لە جەنگی ئەلیکترۆنیکیدا جەنگاوەر کەڵکێکی ئەوتۆی نییە، دەسبەتاڵ و بێکارە، بەشێکن لە بێکارانی کەڵەکەکراوی ئەوروپا.

پرسیار: ئایندەی جەنگ چۆن دەبینیت؟ ئایە جەنگی نێوان ئامێرەکان روو دەدات؟

وەڵام: لە لایەکەوە جەنگ جیهانێکە کە بە ئامێرگەلێکی ئاڵۆزتر لە پێشوو هێشتا بەردەوامە و درێژەی دەبێت و سەرەنجام بە شێوەیەکی بالقوە لە جەنگ بەتاڵ دەبێتەوە. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا جەنگە ناوخۆییەکانیش بۆ نموونە لە یوگوسلاڤیا، یان لە شارەکانی ئەمریکا، فەرەنسا… روویان لە زیادبوونە. بەس هیچ کات نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین دوو جەنگ بوونی هەیە: جەنگی جیهانی و جەنگی ناوخۆیی، واتا جەنگی هەمووان دژ بە هەمووان، ئەم جەنگە پەیوەست نییە بە تەکنەلۆژیاوە، بەڵکوو پەیوەستە بە مەسەلەی هاوسێیەتیی تاکەکان لەگەڵ یەکتردا.

پرسیار: لێرەدا دووبارە رووبەڕووی پرسی رێکخستنی شاری دەبینەوە، کە خستانە روو.

وەڵام: بەڵێ. سەرسووڕ‌هێنەرترین دیمەنی کۆتایی جەنگی کەنداوی عەرەبی، تەنیا دیمەنی سەربازانی عێراقی نییە کە تەسلیمی رۆبۆتێکی فڕیو دەبن، بەڵکوو ئەو دیمەنەشە کە ژەنەراڵ شوارزکۆف دەچێتە ولایەتی لۆس ئەنجلوسەوە تا شۆڕشێک سەرکوت بکات. سەرسامکەرە! بەڵام هیچ کەس سەرنجی ئەم شتانەی نەدا، ئەم دوو دیمەنە، هەردووکیان سیمبولین.

پرسیار: لە کۆتایی وتووێژەکەدا، حەز دەکەم روانگەت دەربارەی رۆڵی رۆشنبیران لە پرسەکانی ئەمڕۆدا بەتایبەت جەنگ، سیاسەت، تەکنەلۆژیا، بزانم.

وەڵام: پێش هەموو شتێک لە راستیدا رۆشنبیرانێک کە من دەیانناسم بە هیچ شێوەیەک پەروەردەی تەکنیکییان نییە. ئەوان پەروەردەی فەلسەفی، دەروونشیکارانە، یان مێژووییان هەیە، بەڵام کەمن ئەو رۆشنبیرانەی کە لەناو رەوتی گۆڕانکارییەکانی رۆژانەی تەکنەلۆژیادا بن. مێژوونووسانی تەکنەلۆژی بوونیان هەیە، بەڵام پەروەردەی تەکنیکی بوونی نییە. لەوانەیە ئەو جۆرە کەسانە لە ئەڵمانیا، یان لە وڵاتە ئەنگلۆساکسۆنەکان و ژاپۆندا زیاتر بن. بەڵام فەرەنسا لەو رووە دواکەوتووە لەبەر ئەوەی لێرە واقیعییەتی گۆڕانکارییەکان ناناسن. ئێمە هێشتا لە سەردەمی تەفسیرە کۆنەکانی سەدەی نۆزدەداین. رۆشنبیرانی فەرەنسا پەیوەست نین بە سەردەمەکەی خۆیانەوە. ئەم بارودۆخە من زۆر ناڕەحەت دەکات.

پرسیار: رەوتی پۆستمۆدێرنەش بوونی هەیە، کەسانی وەک لیوتار و بۆدریار کە سەرنجی تەکنەلۆژیای نوێ دەدەن.

وەڵام: پێویستە سوپاسی بڵاوکراوەی گالیلۆ بکرێت کە کەسانی وەک درێدا، گواتاری، بۆدریار و منی، کۆ کردەوە. ئەمە کۆمەڵەیەکی بچووکە لە کەسانێک کە دەرکەوتوونە و هەوڵ دەدەن و دەکۆشن تا دونیای نوێ تەفسیر بکەن. رێکەوت نییە مرۆڤ رێی بکەوێتە کۆمەڵەیەکی بچووک لە دەزگایەکی بڵاوکراوەدا؛ ئەم پرسە هێجگار دەگمەنە.

پرسیار: بەرنامەی داهاتووی ئێوە چییە؟

وەڵام: کتێبی دواتری من، ناوی خێرایی ئازادیسازییە. پێم وایە «خێرایی ئازادیسازی»، چەمکێکی تەکنیکییە کە ئەوە دەخاتە روو تاک لە چەقی بارستایی هەسارەیەک دەڕواتە دەرەوە. لەبارەی زەوییەوە، ئەمە واتای بەخێرایی ٢٨٠٠٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا. ناونیشانی کتێبەکەی من میتافۆرییە. بە شێوەیەکی میتافۆری دەمەوێت بڵێم خێرایی، ئێمە لە کۆتی مێژوو ئازاد دەکات و لەودیو تەوژمی مێژووەوە جێگەیەکمان هەیە. ئەم کتێبە دەپرژێتە سەر پرسەکانی کۆتایی ئەم سەدەیە، واتا دەپرژێتە سەر پرسی خێرایی ئازادیسازی، کە لە لایەکەوە مرۆڤەکان رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات و لە لایەکی تریشەوە بووەتە هۆی ئازادیی مرۆڤ، کە لە جەنگ و لە بەرهەمهێنانی ئابووریدا، بە هۆی بێکاریی بەربڵاو و بەئامێریکردن، دەسبەتاڵ و بێکار ماوەتەوە. لە کتێبەکەدا پرسگەلێک دەخەمە روو بەتایبەت لەبارەی خێرایی رەهاوە. نەوەی ئێمە خێرایی رەهای بە شێوەیەکی جیددی لەبەرچاو نەگرتووە، ئەم دیوارە خێراییە. بەپێی تیۆری رێژەیی، ئێمە بە دیواری خێرایی گەیشتووین، لەبەر ئەوە کۆمەڵگای ئێمە لە بەردەم دیوارێکدایە و ناتوانێت خێرایی بگرێت، مەگەر ئەوەی تیۆرەیەکی سەرسووڕهێنەری دیکە بێتە کایەوە. کەوایە ئێمە هاتووینەتە ناو دیواری خێراییەوە. ئەمە رووداوێکی گرنگە کە کتێبەکەم بە کۆتا دێنێت. لێرەدا پرسێکی گەورە خراوەتە روو.

[1]: ئەو جەمسەرەیە کە لە خانەی کارۆکیمیاییدا هەیە، کردەی لێکردنەوەی تێدا روو دەدات، کردەی ونکردنی ئەلیکترۆن.

سەرچاوە: نقد عقل مدرن، رامین جهانبگلو، ترجمه حسین سامعی، جلد دوم، چاپ چهارم.