رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بێقەرار

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوڕێ عەبدوڵا

Download PDF

شیرین نەشات، فۆتۆگرافەر و فیلمسازی ناسراوی ئێران، یەکێکە لە هونەرمەندە هاوچەرخە ناسراوەکانی جیهان. ساڵی 1957 لە شاری قەزوین لەدایک بووە. ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی شیرین نەشات، ژینگەیەکی دینی بوو، بەڵام خێزانی شیرین کراوە بوون و باوکی مامۆستای بەشی فیزیا بوو، هەروەها مەیلێکی زۆری بۆ کولتووری رۆژاواش هەبوو. شیرین نەشات لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا بە مەبەستی خوێندن روو دەکاتە ئەمریکا. لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ی ئێرانەوە، شیرین نەشات بۆ ماوەی چەندین ساڵ ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئێران. دواتر لە ساڵی 1990دا دەگەڕێتەوە بۆ ئێران. لە نزیکەوە هەست بەو گۆڕانە گەورەیە دەکات کە لە ئێراندا رووی داوە، گەڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ کۆنەپارێزی و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگایەکی دینی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەپێی شەریعەتێکی دیاریکراو. دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، یەکەمین کۆمەڵە کاری فۆتۆیی بەناوی “ژنانی خودا”ـەوە بەرهەم ‌دەهێنێت. ئەم کارە ئاماژە دەدات بە دەورانی شۆڕشی ئێرانی و کاریگەریی بەسەر کولتوور و ژنانی ئێرانەوە. لەسەر رووی فۆتۆکان، لەسەر دەست و دەموچاوی ژنەکان، شیعری شاعیرە ژنەکان دادەنێت. شیرین نەشات لە چەندین شوێنی جیاوازدا کاری هونەریی کردووە. فیلمی “ژنان بەبێ پیاوان”، یەکێکە لە بەرهەمەکانی شیرین نەشات و لە ساڵی 2009 بەرهەمهێنراوە و لە شاری کازابلانکا وێنە گیراوە. ئەم فیلمە بۆ ساڵانی 1953ی ئێران دەگەڕێتەوە. شیرین نەشات دەڵێت بۆیە ئەم فیلمەم بەرهەم هێناوە تا مێژووی وڵاتەکەمان بە رۆژاوا نیشان بدەم. پێیان بڵێم ئێران تەنیا ئێرانی دوای شۆڕشی ئیسلامی نییە، ئێران سەردەمانێک وڵاتێکی سێکولار و کولتوورێکی دیموکراسی هەبووە. لەگەڵ ئەوەدا فیلمەکە بە پیاوانی ئێرانیش دەڵێت نیگایەک لە رابردوو بکەن، بۆ سەردەمانێک وڵات پێش ئەوەی ببێت بە وڵاتێکی دینی، کولتوورێکی دیموکراسیمان هەبوو، ئێمە بۆ دیموکراسی دەجەنگاین. ساڵی 2013 کۆمەڵە کارێکی فۆتۆیی لە شاری نیویۆرک نمایش کرد، بەناوی “ماڵ لەناو ئاگر”ـدا. ئەم کارە لەبارەی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیی وڵاتی میسرەوە بوو. لە کارە فۆتۆییەکانیدا ئەو کەسانەی هەڵبژارد بوو کە بە راستی لە چینە هەژارەکەی کۆمەڵگادا بوون و لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ژیانیان دەکرد و لە رووداوەکانی بەهاری عەرەبیشدا کەسانی نزیکیان لەدەستدا بوو. بە گشتی کارە فۆتۆیی و فیلمسازییەکانی شیرین نەشات لەبارەی پرسی شوناس و چەوساندنەوەی سیاسی و دینییەوەن، پرسی ژنیش سەرەکیترین پرسی کارەکانێتی.

بێقەرار، یەکێکە لە ڤیدیۆئارتە گرنگەکانی شیرین نەشات، لە ساڵی 1998دا بەرهەمی هێناوە. شیرین نەشات لەم ڤیدیۆئارتەدا فەزای ئیشەکەی بۆ دوو دیمەن دابەش کردووە. هەردوو دیمەن هاوکاتی یەک، دەکەونە سەر شاشە. لە سەرەتادا لە رێگەی جوڵەی کامێراوە دیمەنی دوو هۆڵ دەبینین، هۆڵێکیان کە خاڵییە و هۆڵەکەی تریشیان کۆمەڵێک پیاوی کراسسپی تێدایە. هاوکات لەگەڵ جوڵەی کامێرادا گوێبیستی موزیکێک دەبین کە زۆر تێناپەڕێت دەنگی چەپڵەی پیاوەکانیش تێکەڵ بە موزیکەکە دەبێت و دوو کەسیش دێنە سەر سەحنە. فەزای ئیشەکەی شیرین نەشات تاریک و روونە، دیمەنی ئەو هۆڵەی کە کۆمەڵێک پیاوی کراسسپی تێدایە، بە هۆی رەنگی سپیی کراسەکانیانەوە تا رادەیەک لەو ‌هۆڵە رووناکیی زیاترە کە خاڵییە. دیمەنی ئەو هۆڵەی پیاوەکانی تێدایە بە دیمەنی یەکەم دادەنێین، دیمەنی هۆڵە خاڵییەکەش، بە دیمەنی دووەم دادەنێین. لە دیمەنی یەکەمدا پیاوێک وەکوو گۆرانیبێژ دێتە سەر سەحنە و رووی لە کامێرایە و پشتی لە بەردەنگەکانە. لە دیمەنی دووەمدا کەسێک وەک تارمایی دێتە سەر سەحنە و رووی لە هۆڵە خاڵییەکەیە و پشتی لە کامێرایە. دابەشبوونی شاشە بۆ دوو دیمەن، وا دەکات بینینی بینەریش دابەش بێت بۆ دوو بینین. یەکەم جار دیمەنی یەکەم دەجوڵێت و دیمەنی دووەم وەستاوە. لە کاتی جوڵەی دیمەنی یەکەمدا، لە دیمەنی دووەمدا کامێرا لە گۆشەیەکدا وەستاوە و دیمەنی دووەم دەبێت بە وێنەی بێجوڵە. گەرچی بینینمان دابەش دەبێت بۆ دوو بینین، بەڵام فۆکسی زیاترمان لەسەر دیمەنی یەکەمە، چونکە دیمەنی دووەم وەک وێنەی بێجوڵە دەردەکەوێت. سەرەڕای ئەوەی فۆکسمان زیاتر لەسەر دیمەنی یەکەمە، هاوکات دیمەنی دووەمیش دەبینین و چاوەڕوانی کاردانەوەیەک، جوڵەیەک، بیستنی دەنگێک، دەکەین. بەڵام هیچ جوڵە و دەنگێک نابینین و نابیستین. نمایشی دیمەنی یەکەم دەڕوات و گوێبیستی گۆرانییەک دەبین. هاوکاتی بینین و گوێگرتن لە گۆرانیی دیمەنی یەکەم، بیر لە کاردانەوە و جوڵەی دیمەنی دووەمیش دەکەینەوە، بەڵام تا گۆرانیی دیمەنی یەکەم تەواو دەبێت، لە دیمەنی دووەمدا هیچ دەنگێک نابیستین. گۆرانیی دیمەنی یەکەم تەواو دەبێت و بەردەنگانی ناو هۆڵەکە، بەچەپڵەڕێزان سوپاسگوزاری نیشان دەدەن و گۆرانیبێژەکەش سوپاسگوزارییان بۆ دەنوێنێتەوە. لەگەڵ تەواوبوون و تەواونەبوونی دەنگی چەپڵەلێدان و سوپاسگوزارییەکەدا، دەنگێکی نامۆ لە دیمەنی دووەمەوە پەخش دەبێتەوە. فۆکسمان لە دیمەنی یەکەمەوە دەبینە سەر دیمەنی دووەم. پیاوە گۆرانیبێژەکەی دیمەنی یەکەمیش بە حەپەسان و واق وڕماوییەوە گوێ بۆ ئەو دەنگە نامۆیە ڕادەدێرێت. لەگەڵ پەخشبوونەوەی دەنگە نامۆکەدا، دیمەنی یەکەم لە چرکەساتی حەپەسان و واقوڕمانی پیاوە گۆرانیبێژەکەدا دەوەستێت و دیمەنی دووەم دەست بەجوڵە دەکات. دیسانەوە هاوکات هەردوو دیمەنەکە دەبینین، بەڵام فۆکسمان زیاتر دەچێتە سەر دیمەنی دووەم و تەماشای دیمەنی دووەم دەکەین. ئەو دیمەنەی کاتێک دیمەنی یەکەم دەجوڵا، ئەو وەستابوو، بەڵام ئێستا ئەو دەجوڵێت و دیمەنی یەکەم دەوەستێت. ئەو دیمەنە نەجوڵاوەی لە سەرەتادا بۆمان پرسیار بوو کە بۆچی وەهایە، ئێستا بە تاسەوە دەمانەوێت بۆمان روون بێتەوە ئەو دیمەنە چییە! لەگەڵ بیستنی دەنگە نامۆکەدا و جوڵەی هێواش هێواشی نیوەبازنەیی کامێرادا، رووخساری ئەو کەسە دەردەکەوێت کە لە سەرەتادا وەک تارمایی وا بوو. رووخسارێکی تا رادەیەک ناڕوونی ژنێک دەبینین. لە دیمەنی یەکەمدا دەنگی ئەو پیاوەی کە وەک گۆرانیبێژ دێتە سەر سەحنە، روونە و ئاوازەکەش لەسەر ریتم و هارمۆنیای خۆی دەڕوات. وشە و موزیک هارمۆنییانە تێکەڵ بوونە و روون دەگەنە بەردەنگەکان. نە ریتم شێواوە، نە دەنگ، وشەکانیش روون و وازحن و بەردەنگی خۆیان هەیە. لە دیمەنی دووەمدا لەو ژنە جلڕەش و رووخسار ناڕوونەوە کە لەسەر سەحنەکە رووی لە هۆڵە خاڵییەکەیە، دەنگێکی ناروون دەبیستین، دەنگێک وشەی تێدا نییە، ریتمێکی شێواو و ناهارمۆنییە. وەک بڵێی لە شوێنێکی نادیارەوە دەنگی ژنەکە دەگاتە گوێی پیاوە گۆرانیبێژەکەی دیمەنی یەکەم. ئەو هەم بەم دەنگە حەپەساوە و واقی وڕماوە، هەمیش سەرچاوەی ئەو دەنگە نامۆیە نازانێت. بە درێژایی دیمەنی دووەم ئەو دەنگە نامۆیە هەر بەردەوام دەبێت و وشە نابیستین. دەنگەکە وەک ریتمێکی شێواو، جارێ لاوانەوەیە، جارێ هاوار و ناڵەیە، جارێ قیژاندن و جارێ هەنسکدانە، بڕێ جاریش دەنگەکە تێکەڵ و پێکەڵ دەبێت و دەنگی هاوشێوەی دەنگی ئاژەڵیش دەبیستین.

ئەوەی هێزی راستەقینە دەدات بە ئیشێکی هونەری، فۆرمە. فۆرم زمانی هونەرە، فۆرم و ناوەڕۆک دوو شتی لێکجودا نین، ئەو دابەشکارییە لە هونەردا ئیش ناکات بڵێین فۆرمەکەی خراپ بوو، ناوەڕۆکەکەی بەهێز بوو، ناوەڕۆک هیچ نییە گەر فۆرمی هونەریمان نەبێت. ناوەڕۆک دەرهاویشتەی فۆرمە، نەک بە پێچەوانە. ڤیدیۆئارت و سینەما هێزیان لە وێنە و وێنەی جوڵاودایە، دەنگ یان زمان، ئاخافتنی ناو هونەر، وەک یەکەیەک لە گشتێتیی فۆرمی هونەریدا مانادارن و هێزی خۆیان لەوەوە وەردەگرن. دیالۆگێک، قسەیەک، دەنگێک، ڕستەیەک، گەر بەهێز و کاریگەریش بن، لە گشتێتیی فۆرمێکی هونەریدا نەبن، هێزیان نابێت. شیرین نەشات لەم ڤیدیۆئارتەدا کارێکی وەهای کردووە. لە رێگەی هێزی کاریگەریی فۆرمەوە مانایەکی قووڵی گەیاندووە و تەعبیرێکی سامناکی لەو دونیایە کردووە کە دین و نەریت تێیدا زاڵن. شیرین نەشات دەیەوێت لە رێگەی ئەو فەزایەوە کە بۆ دوو دیمەن دابەشکراوە، گوزارشت لە دۆخی ژیانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بکات. هێزی ڤیدیۆئارتەکە زیاتر لە دیمەنی دووەمدایە، بەڵام لە دیمەنی دووەمدا، هیچ رستەیەک، هیچ وشەیەک نابیستین. فەزایەکی تاریک و روون، ژنێکی جلڕەشی رووخسار ناڕوون، دەنگی نامۆ و قیژە و هاوار، جوڵەی بازنەیی کامێرا، لە کۆدا پێکەوە دیمەنێکی سامناک و تاسێنەریان خوڵقاندووە. لێرەدا شیرین نەشات بێ ئەوەی یەک رستە بخاتە سەر زاری کارەکتەرەکەی، گوزارشتێکی قووڵی لەو دونیا نەریتییە کردووە کە ئێران و رۆژهەڵاتی تێدایە. دیمەنەکە بێ ئەوەی رستەیەکی تێدا بێت، بینەر داگیر دەکات و کاریگەری دەخاتە سەری و بڕێک جار ئەو کاریگەرییە ترس و سامیشی تێدایە. لەم ڤیدیۆئارتەدا دابەشکردنی فەزاکە بۆ دوو دیمەن، نیشانەی دروستبوون و جیابوونەوە و دابڕانی دوو دونیایە لە یەک: دونیای ژنان و دونیای پیاوان. دیمەنی تاریک و روونی کارە هونەرییەکەی شیرین نەشات هەم ئاماژەیە بۆ ئەو دونیا نەریتییە دینی و کۆنەپارێزەی کە رەونەقی لە ژیان سەندووەتەوە، هەمیش ئاماژەیە بۆ ئەو جیهانبینییەی کە رەش و سپی لە هەموو شتێک دەڕوانێت و ژیانی بەسەر رەش و سپیدا دابەش کردووە، هەڵبەت لەم جیهانبینییەشدا ژن وەک نوێنەری سەرەکیی تاریکی و رەشێتی دەبینێرێت. بوونی دوو دونیای دابڕاو لە یەک و نەبوونی پەیوەندییەکی دیالەکتیکی لەنێوان دونیای ژنان و دونیای پیاواندا، دۆخێکی سروشتیی نێوان ئەم دوو بوونەوەرە نییە، بەڵکوو دۆخێکی کۆمەڵایەتییە و هەلومەرجێکی مێژوویی چێی کردووە کە دین نەخشەدانەرە سەرەکییەکەیەتی.

ئەو گۆرانییەی کە وەک دەنگ خراوەتە سەر دیمەنی یەکەم و لە لایەن پیاوەکەوە دەوترێتەوە، گۆرانیی هونەرمەند “شەهرامی نازری”یە. تێکستەکەش دوو چوارینەی عاشقانەی مەولانەی رۆمییە بۆ شەمسی تەبرێزی. بەردەنگی ئەو پیاوەی گۆرانییەکە دەڵێتەوە هەر پیاوانن. بەردەنگی ژنەکەش جگە لە خۆی، کەسی تر نییە. زایەڵەی هاواری ناگا بە گوێی کەس، تەنیا لە گوێی خۆیدا دەلەرێتەوە. گەر پیاوێکیش گوێی لێ بێت، لێی تێناگات، وەک لە حەپەسان و واقوڕمانی پیاوی دیمەنی یەکەمدا دەیبینین. لای لێڤیناس: ئەویتر رووخسارە، رووخسار مانایەکی تایبەتی ئەویترە. لای ئەو باشترین شێوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویتردا لە رێگەی رووخسارەوەیە. بینینی ئەویتر رووبەڕوو، سەیرکردنی رووخساری، بە تەواوی ئیمکانی ناکۆتای پەیوەندیی ئەخلاقی دەڕسکێنێت. لێرەدا لە روانگەی لێڤیناسیشەوە دەتوانین بڵێین، کاتێک رووخساری ئەویتر دەردەکەوێت، کاتێک ژنەکە وەک ئەویتر لەسەر سەحنە حزووری دەبێت، هیچ “من/بەردەنگ”ێک نییە رووبەڕوو گوێی لێ بگرێت و هەستی بەرپرسیارێتیی بەرانبەری بجوڵێت.

شیرین نەشات لەم کارەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت لە ژیانێکی نەریتی و دینیدا کە ئازادی نییە، عەشقیش نابێت. عەشق لە کەشێکی ئازادانەدا مانادارە، هەر بۆیە عاشق/پیاو، نواندنەوە و نامە و سەدای بە مەعشوق/ژن ناگات. بەردەنگی پیاوی عاشق، دواجار هەر خودی پیاوان خۆیانن، پیاوان لەنێوان خۆیاندا سەرگوزەشتە و راز و نیازی عەشق دەگێڕنەوە. دونیای ژنانیش دونیایەکی تەریک و تەنیاکەوتەیە، گەر لە دونیای پیاواندا، بەردەنگی پیاو بوونی هەبێت، ئەوە لە دونیای ژناندا، ژن هیچ بەردەنگێکی وەهای نییە، ناڵە و هاواری تەنیا لە گوێی خۆیدا زایەڵەیان دێت. پیاو لە رێی سیستەمی دەلالیی زمانەوە گوزارشت لە خۆی دەکات، دالەکان مەدلولی خۆیان هەیە. بەڵام ژن ئەوەی هەیەتی بۆ گوزارشتکردنێکی راستەقینە لە ناوەوەی خۆی، یان بێدەنگییە، یان هاوار و ناڵە و هەنسکە، کە ئەمانەش لەو سیستەمە دەلالییەی پیاو گوزارشتی پێ دەکات، وەک دالی بێمەدلول دەبیسترێن. لێرەوە زمان وەک سیستەمێکی دەلالیی نێوان دوو بوونەوەر دەقرتێت و دالی پیاو بەردەنگی هەر پیاوە، دالی ژنیش دالێکی تەریکە، دالێکە ناچێتە ناو ئەو سیستەمە دەلالییەی کە پیاوان پێی دەپەیڤن و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو مەدلولانەی پیاوان مانای پێ ئاڵوگۆڕ دەکەن.

لینکی ڤیدیۆی بێقەرار