رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ میلان کۆندێرا

Facebook
Twitter
LinkedIn

جیهان وەکوو پرسیار

سازدان: فلیپ رۆس

وەرگێڕان: زەردەشت نورەدین

Download PDF

سەرنجی وەرگێڕ

فلیپ رۆس (١٩٣٣-٢٠١٨) یەکێک لە گەورەترین رۆماننووس و چیرۆکنووسەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستی ئەدەبی ئەمریکییە. ناواخنی کارەکانی زیاتر خودژیاننامەییە و بە دەوری ژیانی خۆیدا دەسوڕێتەوە؛ بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت ژیانی خۆی لەناو رۆمانەکانیدا نووسیبێتەوە بەڵکوو بۆ کاڵکردنەوەی سنوری نێوان واقیع و ئەدەب سوودی لێ دەبینی کە دواجار بوو بە ناسەرەوەی ستایلی نووسینی. هیچ بەرهەمێکیم بە زمانی کوردی نەبینیوە.

میلان کۆندێرا، یەکێک لە گەورەترین رۆماننووسەکانی جیهانە، کە ١٩٢٩ لە چیک لەدایک بووە و تا ئیستا خۆشبەختانە لە ژیاندا ماوە. یەکەم رۆمانی لە ساڵی ١٩٦٧ بەناوی” گاڵتە” بڵاو کردەوە و دوایین رۆمانی بە ناوی ”ئاهەنگی بێمانایی” لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاو کردەوە. کۆندێرا جیاواز لە هەر رۆماننووسێکی تر، لە ئەدەب بە گشتی و هونەری رۆمان بە تایبەتی بیر دەکاتەوە و بە تەنیشت رۆمان، چیرۆک و شانۆنامەکانییەوە، کتێبی ناگێڕانەوەشی هەیە کە ناباو لە ئەدەب و رۆمان دەدوێت. میلان کۆندێرا هەندێک لە بەرەهەکانی بە زمای کوردی بڵاو بوونەتەوە لەوانە؛ سوکەڵەیی لەتاقەتبەدەری بوون، نەمری، پەردە، هونەری رۆمان، ژیان وا لە شوێنێکی دیکە، ئاهەنگی ماڵاوایی، ئاهەنگی بێمانایی.

بۆ کۆندێرا بە پێچەوانەی رەوتیزاڵی رۆمانی ئێستاوە کە بیرکردنەوە تێیدا ئاوا بووە و بەرەو لاساییکردنەوەی سینەما رۆێشتووە، بیرکردنەوە، کرۆکی رۆمانەکانی پێک دێنێت. رۆمان بۆ کۆندێرا گێڕانەوەی واقیع یان سەروواقیع (فانتازی، خەیاڵی، ناواقیعی و … تاد) نییە بەڵکوو کۆڵینەوەی بوونە و رۆماننووس بە کۆڵەری بوون دادەنێت بەڵام لە پانتایی ئەدەبدا نەوەک فەلسەفە. ئەگەرچی ئەم تێگەیشتنەی بۆ رۆمان زایەڵەی بیرکردنەوەکانی هایدگەری تێدا دەبیستین، بەتایبەت ئەو کاتەی چەمکی ”بیرچوونەوەی بوون” هایدگەر لەپەیوەند بە رۆمانەوە بەکار دەبات، بەڵام دەبێت ئەوە باش بزانین، کۆندێرا نایەوێت فەلسەفە و رۆمان ئامێتە بکات، وەک زۆرجار ئەو تۆمەتە دەدرێتە پاڵی، لەوەش زیاتر فەلسەفە بە سەرتر لە ئەدەب نابینێت.

کۆندێرا رۆمان بە «بوون»ـەوە گرێ دەدات نەوەک بە «واقیع»ـەوە. بوون زۆر لە واقیع گەورەترە و واقیع تەنیا ئیمکانە بەدیهاتووەکانی بوونە. هەر بۆیەش پێی وایە رۆمان دۆزەر یان کۆڵەری بوونە و رێگرە لە «بیرچوونەوەی بوون». هەر رۆمانێک وەها کار نەکات پێی وایە ناکەوێتە ناو «مێژووی ڕۆمان»ـەوە؛ هۆی بوونی رۆمان ئەوەیە جیهانی ژیان بەبەردەوامی روناک بکاتەوە و لەبەرانبەر بیرچوونەوەی بووندا بمانپارێزێت. لەپەیوەند بەمەوە کاتێک باس لە «مەرگی ڕۆمان» دەکات، ئەوە دەخاتەڕوو کە مردنی ڕۆمان بە مانای لەناوچوونی رۆمان وەک فۆرمێکی ئەدەبی کە چیدی کاری پێنەکرێت نایەت بەڵکو مردنی رۆمان ئەوکاتەیە کە رۆمان دەوەستێت و دەکەوێتەوە دەرەوەی خۆی. واتە ئەو رۆمانانەی نابنە کۆڵەری بوون ئەوا دەکەنەوە دەرەوەی مێژوو و دەبنە رۆمانی مردوو. ئەو جۆرە رۆمانانە رۆمانی پاش مێژووی رۆمانن. بۆ ئەمەش رۆمانی سەردەمی سۆڤیەت بە نموونە دەهێنێتەوە کە رۆمان تێیدا مردووە و رۆمان لەدەرەوەی مێژووی خۆی چاپ و بڵاو دەبێتەوە. بەدەر لە سۆڤیەت هەمیشە هاوکات لەگەڵ مێژووی رۆماندا، ئەو رۆمانانەش هەبوون کە کەوتوونەتە دەرەوەی مێژووی رۆمانەوە و بە دەیان هەزار نوسخەیان لێ فرۆشراوە، ئەوەی کە پێی دەگوترێت رۆمانی بازاڕی یان گشت‌پەسەند سەرەڕای ئەوەی ئەو ناونانە زۆر ورد نین.

بۆ کۆندێرا خودی رۆمان چەشنێکی ترە لە رووبەڕووبوونەوەی جیهان وەک چۆن فەلسەفە، یان ئوستورە چەشنێکی تری رووبەڕووبوونەوەی جیهانە؛ ئەمەش بەمانای ئەوە دێت رۆمان هاوشێوەی فەلسەفە نەک هەر میدیۆمێکی ترە بۆ بیرکردنەوە بەڵکوو شێوازێکی تریشە بۆ بیرکردنەوە کە کەرەستە و تایبەتمەندی خۆی هەیە.

بۆ نمونە لە دەستپێکی رۆمانی «سوکەڵەیی لەتاقەتبەدەری بوون»دا خوێنەر بەر پرسی گەڕانەوەی سەرمەدی دەکەوێت وەک پرسێکی فەلسەفی لەگەڵ ئەوەشدا، لەناو لەشی رۆماندا خراوەتەوە ڕوو بۆیە سنورەکانی فەلسەفە تێدەپەرێنێت و لەناو رۆمانەکەدا ناونشین دەبێت. ئەگەرچی کوندێرا هەوڵدەدات راستەوخۆ لەسەرەتادا لەسەری راوەستێت بەڵام لە راستیدا ئەوەی کە خودی ئەو پرسە روون دەکاتەوە، ئاماژە راستەوخۆکانی ناو رۆمانەکە نییە لێ چارەنووسی کارەکتەری ترێزایە لە رۆمانەکەدا بەدرێژایی رووداوە شەخسی و گشتییەکانی ژیانی و ئەو ئەزموونە تاقانەی بە تەنیشت کارەکتەرەکانی ترەوە دەیکات، ئەو پرسە روون دەکاتەوە و خوێنەر بەری دەکەوێت. جگە لەم پرسە بە ڕەچەڵەک فەلسەفییە کە هاتە ناو رۆمانەوە ڕەچەڵەکەشی گۆڕا و خودی ژیانی ترێزا لەناو سوکی و قورسیدا لەناو جەستە و رۆحدا بۆی خۆی پرسێکی تر دەخاتەوە؛ ئەوا دەشێت راستەوخۆ ئاماژە بە پرسێکی ناو رۆمان بدەین بە گەڕانەوە بۆ پرسی تاوان لە رۆمانی دادگایی کافکادا. خوێنەر دەتوانێت هەزاران تەفسیر لەسەر رۆمانەکە و لەسەر تاوان بخوێنێتەوە بەڵام هەرگیز  وەک کارەکتەری «جۆزێف کا» لە کاتی خوێندنەوەی رۆمانەکەدا بەشێوەیەکی ئەزموونی بەر تاقانەیی ئەو تاوانە ناکەوین. ئەو ئەزموون و شهودەی لەکاتی خوێندنەوەی رۆمانەکەدا لەسەر تاوان خوێنەر ئەزموونی دەکات هەرگیز هیچ جۆرە خوێندەوە و راڤەیەک ناتوانێت بەرهەمی بهێنێت.

لەم چاوپێکەوتنەشدا بەم جۆرە لەسەر رۆمان دەدوێت :”ڕۆمان هیچ شتێک ڕاناگەیەنێت؛ ڕۆمان دەپشکنێت و پرسیار قوت دەکاتەوە”. نازانم داخۆ نەتەوەکەم لەناو دەچێت و نازانم کام لە کاراکتەرەکانم ڕاستە. چیرۆک دەئافەرێنمم یەکێکیان ڕووبەڕووی ئەویتریان دەکەمەوە و لە ڕێگەی ئەمەوە پرسیار دەکەم. گەمژەیی خەڵک لەوێوە دێت کە یەک پرسیاری لە هەموو شت هەبێت. کاتێک دۆنکی شۆت جیهان دەبینێت، جیهان بۆ ئەو دەبێتە نهێنی. ئەمە میراتی یەکەم ڕۆمانی ئەوروپییە بۆ هەموو مێژووی ڕۆمان کە بەدوایدا دێت. ڕۆماننوس ئەوە فێری خوێنەر دەکات کە جیهان وەکوو پرسیار فەهم بکات. لەو هەڵوێستەدا ژیری و هەڵکردن لەئارادایە. ڕۆمان لەو جیهانەی کە لەسەر دڵنیاییە پیرۆزەکان  بینا بووە، مردووە. جیهانی تۆتالیتار، چ لەسەر مارکس یان لەسەر ئیسلام یان لەسەر هەر شتێکی تر دابمەزرێت، جیهانی وڵامەکانە وەک لەوەی جیهانی پرسیارەکان بێت. لە شوێنێکی وەهادا ڕۆمان جێگەی نابێتەوە. بەهەرحاڵ پێم وایە خەڵکی ئەم ڕۆژانە لەسەرانسەری دونیادا، ئەوە دەخوازێت کە حوکم بدات وەک لەوەی بیەوێت تێبگات، دەخوازێت وڵام بداتەوە وەک لەوەی پرسیار بکات، هەر بۆیەش دەنگی ڕۆمان بەئەستم لەناو ژاوەژاوی گەمژەیی دڵنیاییەکانی مرۆڤایەتیدا دەبیسترێت”.

میلان کۆندێرا، لەم چاوپێکەوتنەدا کۆمەڵێ پرسی جیاواز دەوروژێنێت؛ لەوانە کۆتایی دونیا، تۆتالیتاریزم، لەبیرچوونەوە، ئیرۆتیکا، پێکەنین، ژیانی شەخسی، ژیانی گشتی و فۆرمی رۆمان و … تاد.

وتووێژی فلیپ رۆس لەگەڵ میلان کۆندێرا (٣٠/١١/١٩٨٠)

ئەم چاوپێکەوتنە، پوختەیەکە لە دوو وتووێژی من (فلیپ رۆس) لەگەڵ میلان کۆندێرادا، پاش خوێندنەوەی دەستخەتی وەرگێڕانی «کتێبی پێکەنین و لەبیرکردن»[1] – یەکێکیان هیی ئەو کاتەیە کە بۆ یەکەم جار سەردانی لەندەنی دەکرد و ئەویتریان هی ئەو کاتەیە کە بۆ یەکەم جار سەردانی ئەمریکای کرد. لە فەرانساوە ئەو سەفەرانەی دەکرد؛ لە ساڵی ١٩٧٥ ئەو و هاوژینەکەی، کۆچبەر بوون و لە شاری رێن دەژیان کە لەوێ وانەی دەوتەوە و ئێستا (١٩٨٠) لە پاریسن. بەدرێژایی ئەم وتووێژانە، کۆندێرا ناوە ناوە بە فەرەنسی و زۆربەی جار بە چیکی دەئاخافت و ”ڤێرا”ی هاوژینی وەرگێڕی بوو. پیتەر کوسی دوا نوسخەی لە زمانی چیکییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕا.

رۆس: پێت وا نییە وێرابوونی جیهان نزیکە؟

کۆندێرا: بەندە لەسەر ئەوەی کە مەبەستت لە وشەی «نزیک» چییە.

رۆس: سبەی یان دوو سبەی.

کۆندێرا: ئەو هەستەی کە جیهان بەخێرایی بەرەو لەناوچوون دەچێت، هەستێکی دێرینە.

رۆس: کەواتە هیچ شتێک لەئارادا نییە کە نیگەرامان بکات.

کۆندێرا: بە پێچەوانەوە. ئەگەر ترسێک بەدرێژایی چاخەکان لە زەینی مرۆڤدا مابێتەوە، ئەوا دەبێت شتێکی تێدا بێت.

رۆس: لە هەر رووداوێکدا، وا دیارە ئەم خەمە، باکگراوەندی هەموو ئەو چیرۆکانەیە کە لە دوایین کتێبتدا روو دەدەن، تەنانەت ئەوانەی کە بە قەست سروشتێکی تەنزئامێزیان هەیە.

کۆندێرا: ئەگەر ئەو کاتەی کە منداڵ بووم، کەسێک پێی گوتبام: «رۆژێک دەبینیت کە  نەتەوەکەت لە جیهاندا دەسڕدرێتەوە [و بوونی نامێنێت]» بە قسەی قۆڕم دەزانی، شتێکی وەهام بۆ وێنا نەدەکرا. مرۆڤ ئاگایە بەوەی کە دەمرێت، بەڵام ئەوەی لەلا روونە کە نەتەوەکەی جۆرە ژیانێکی ئەبەدی هەیە. کەچی دوای هێرشی ١٩٦٨ـی روسیا، هەموو چیکییەک رووبەڕووی ئەو بیرە بووەوە کە دەشێت نەتەوەکەی بەتەواوی لەسەر رووبەری ئەوروپا بسڕدرێتەوە، وەک ئەوەی بەدرێژایی پێنج دەیەی رابردوو، چل ملیۆن ئۆکراینی بەتەواوی لە جیهاندا سڕدرانەوە، بەبێ ئەوەی جیهان گرنگی پێ بدات یان لیتوانییەکانیش. ئەوە دەزانی کە لیتوانیا لە سەدەی حەڤدەدا، بەهێزترین نەتەوەی ئەوروپا بوو؟ لەمڕۆدا روسەکان، لیتوانییەکانیان وەک هۆزێکی نیمچەلەناوچوو، لەژێر چاودێریدا هێشتووەتەوە؛ رێگەیان بە رووی سەردانیکەراندا بەستووە، تاوەکوو هیچ هەواڵێک لەمەڕ بوونیان دزە نەکاتە دەرەوە. نازانم داهاتووی نەتەوەکەم چۆن دەبێت. بێگومان ئەوە روونە کە روسەکان هەموو ئەوەی لە دەستیان دێت، دەیکەن تاوەکوو بەکاوەخۆ لەناو ژیاری خۆیاندا بیانتوێننەوە. کەس نازانێت سەرکەوتوو دەبن یان نە، بەڵام ئیمکانی هەیە و زانینی ناوەختی بوونی ئەگەرێکی وەها، بەسە بۆ ئەوەی تەواوی هەستی ژیانی مرۆڤ بگۆڕێت. ئەم رۆژانە ئەوروپاش بە قابیلی شکان و لەناوچوون دەبینم.

رۆس: بەڵام هێشتا، ئایا چارەنووسی ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەوروپای رۆژئاوا هەر لە بنەڕەتەوە جیاواز نییە؟

کۆندێرا: لە تێگەی مێژووی کولتوورییەوە، ئەوروپای رۆژهەڵات بریتییە لە روسیا کە بە مێژووی تەواو جیاوازی خۆیەوە، رەگ و ریشەی بۆ جیهانی بێزەنتی دەگەڕێتەوە. بۆهیمیا، پۆڵەندا و هەنگاریا وەکوو نەمسا هیچ کات بە بەشێک لە ئەوروپای رۆژهەڵات ئەژمار نەکراون. هەر لە سەرەتاوە، لە چاخی گۆسیک، لە رێنیسانس، لە سەردەمی ریفۆرمی ئایینی – ئەو بزوتنەوانەی کە لانکەکەیان رێک ئەو ناوچانە بوو – بەشێک بوون لە سەربوردەی گەورەی شارستانییەتی رۆژاوا. لەوێدا لە ئەوروپای ناوەندیدا بوو کە کولتووری مۆدێرن گەورەترین بزوێنەرەکانی دۆزییەوە؛ بونیادگەری، دەروونشیکاری، مۆسیقای دوانزەدەنگی[2]، مۆسیقای بارتوک[3]، ئێستاتیکای نوێی کافکا و مۆزیل لە رۆماندا. دوای‌ جەنگی [دووەمی جیهانی] پێوەلکانی ئەوروپای ناوەندی (یان لانی کەم بەشی زۆری) بە شارستانییەتی روسیاوە، بووە هۆی ئەوەی کە کولتووری رۆژئاوا، ناوەندی زیندوێتیی لەدەست بدات. لە مێژووی رۆژئاوادا لە سەدەی ئێمەدا، ئەمە گرنگترین رووداوە و ناتوانین لەم ئەگەرە چاوپۆشی بکەین کە کۆتایی ئەوروپای ناوەندی، ئاماژە بە دەستپێکی کۆتایی ئەوروپا وەکوو گشتێک دەدات.

رۆس: لە بەهاری پراگدا، رۆمانی «گاڵتە»[4] و چیرۆکەکانت «ئەشقە پێکەنیناوییەکان»[5] لە پاریس بە تیراژی ١٥٠ هەزار بڵاو بوونەوە. دوای هێرشی  روسەکان، لە وانەوتنەوە لە ئەکادیمای فیلم ولاوە نرایت و هەموو کتێبەکانت لە رەفەی کتێبخانە گشتییەکان لادران. دوای حەوت ساڵ تۆ و هاوژینەکەت، چەند کتێب و چەند پارچە جلت هاویشتە ناو سندووقی سەیارەکەتەوە و بۆ فەرەنسا هاتن، لەوێ بوویت بە یەکێک لە خوێنراوەترین نووسەرە بێگانەکان. وەکوو کۆچبەرێک چ هەستێکت هەیە؟

کۆندێرا: وەکوو نووسەر، ئەزموونی ژیان لە وڵاتە جیاوازەکاندا، بەخششێکی گەورەیە. تەنیا ئەو کاتە لە جیهان تێدەگەیت کە لە چەند رووەوە لێی بڕوانیت. دوایین کتێبم «کتێبی پێکەنین و لەبیرکردن» کە بەرهەمی نیشتەجێبوونمە لە فەرەنسا، فەزایەکی جوگرافیای تایبەت دەکاتەوە: ئەو رووداوانەی کە لە پراگدا روویان دا، لە روانگەی ئەوروپای رۆژاواوە بینیم لە کاتێکدا ئەوەی لە فەرەنسا روو دەدات لە روانگەی پراگییەکانەوە تەماشای دەکەم. ئەمە رووبەرووبوونەوەی دوو جیهانە. لە لایەک وڵاتەکەم هەیە: لە ماوەی نیو سەدەدا ئەزموونی دیموکراسی، فاشیزم، شۆڕش، تۆقاندنی ستالینیستی لەگەڵ ئەوەشدا پووکانەوەی ستالینیزم، داگیرکاریی ئەڵمانیا و روسیا و شاربەدەرکردنی بەکۆمەڵ و مردنی رۆژئاوا لە خاکی خۆیدا، کردووە. بەم بۆنەوەیە کە لەژێر باری مێژوودا دەچەمێتەوە و بە نقومی گومانگەراییەوە تەماشای جیهان دەکات. لە لایەکی تر لەگەڵ ئەو فەرەنسایەدا سەروکارمان هەیە کە بۆ چەندین سەدە ناوەندی جیهان بوو و لەم رۆژانەدا بە هۆی نەبوونی رووداوی گەورەی مێژووییەوە ئازار دەچێژێت. هەر ئەمەشە، هەڵوێستوەرگرتنە ئایدۆلۆژییە رادیکاڵەکانی ئاشکرا دەکات. ئەمە ئاماژە بە چاوەڕوانیی لیریکی و دەروونپەشێوی هەندێ کاری گەورەی خۆی دەدات لەگەڵ ئەوەشدا نە روو دەدات و نە هەرگیز دێتەدی.

رۆس: لە فەرەنسا وەکوو بێگانەیەک دەژیت یان لە رووی کولتوورییەوە بە ماڵی خۆتی دەزانی؟

کۆندێرا: تەواو خولیای کولتووری فەرەنسام و خۆم زۆر بە قەرزداری دەزانم. بەتایبەت بۆ ئەدەبی کۆنی. رابێلە ئازیزترینی نووسەرەکانە لە لای من، هەروەها دیدرۆش. «ژاکی قەدەرگەرا»[6]م بە ئەندازەی لۆرێنس ستێرن خۆش دەوێت. ئەمانە دوو ئەزموونگەری مەزنی هەمیشەیی فۆرمی رۆمانن. دەتوانین بڵێین ئەزموونەکانیان دڵخۆشکەر و پڕ لە شادی و گاڵتە بوو و ئێستا لە ئەدەبی فەرەنسا سڕدراوەتەوە و بەبێ ئەوانە هەر شتێک لە هونەردا بایەخی لەدەست دەدات. تێگەیشتنی دیدرۆ و ستێرن بۆ رۆمان یارییەکی مەزن بوو. ئەوان فۆرمی رۆمانی تەنزیان دۆزییەوە. بە بیستنی ئەرگومێنتی دەرسدادراوەکان [کە گوایە] ئیمکانەکانی رۆمان بەتاڵ بووەتەوە، رێک هەستی پێچەوانەم تێدا دروست دەبێت: رۆمان بەدرێژایی مێژووەکەی، ئیمکانی زۆری لەدەست داوە. بۆ نموونە بزوێنەری بەرەوپێشچوونی رۆمان لە بەرهەمەکانی دیدرۆ و ستێرندا شاراوەیە و ئەوانەی بەدوایاندا هاتوون هەڵیاننەگرتووەتەوە.

رۆس: دەڵێن دوایین کتێبت «کتێبی پێکەنین و لەبیرکردن» رۆمان نییە و سەرەڕای ئەوە لە دەقی کتێبەکەدا، ئەوە ڕادەگەیەنیت کە ئەم کتێبە رۆمانێکە لە فۆرمی ڤاریاسیۆنی[7] [مۆسیقا]دا. کەواتە رۆمانە یان نا؟

کۆندێرا: بەگوێرەی دادوەری ئێستاتیکی شەخسی خۆم، بە راستی رۆمانە بەڵام نامەوێت بۆچوونی خۆم بەسەر هیچ کەسێکدا بسەپێنم. ئازادییەکی زۆر لە فۆرمی رۆماندا نوستووە. ئەوە هەڵەیە کە پێمان وا بێت بونیادێکی پێشوەختەی دیاریکراو هەیە وەکوو جەوهەری رۆمان کە ناکرێت لێی لابدەیت.

رۆس: لەگەڵ ئەوەشدا شتێک هەیە کە رۆمان دەکات بە رۆمان و بۆ ئەو ئازادییە سنوورگەلێک هەن.

کۆندێرا: رۆمان پارچەیەکی درێژی پەخشانی سەنتێزکراوە کە بەندە لەسەر یاریکردن بە کەسایەتییە داهێنراوەکان. ئەمە هەموو سنووردارێتییەکەیەتی. مەبەستم لە دەستەواژەی «سەنتێزکراو» ئارەزووی رۆماننووسە بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکەی لە هەموو روویەکەوە و بە تەواوترین شێوەی مومکین. وتاری ئایرۆنی، گێڕانەوەی رۆمانی، پارچەی خودژیاننامە، راستی مێژوویی، فڕینی فانتازیا: هێزی سەنتێزکەری رۆمان دەتوانێت هەموو شت لەناو گشتێکی یەکگرتوودا، تێهەڵکێش بکات؛ وەکوو سەداکانی مۆسیقای فرەدەنگ[8]. پێویست ناکات یەکگرتووی کتێبەکە لە پڵۆتەوە بڕسکێت بەڵکوو دەشێت لە ناواخندا فەراهەمی بکات. لە دوایین کتێبی مندا دوو ناواخن هەیە: پێکەنین و لەبیرکردن.

رۆس: پێکەنین هەمیشە لە تۆوە نزیک بووە. کتێبەکانت لە رێگەی گاڵتە و ئایرۆنییەوە، پێکەنین دەخەنەوە. هۆکاری غەمگینبوونی کەسایەتییەکانی بەرهەمەکانت ئەوەیە کە ئەوان رووبەڕووی جیهانێک دەبنەوە کە خووی گاڵتەی خۆیان لەدەست داوە.

کۆندێرا: لە سەردەمی تۆقانی ستالینیدا بەهای گاڵتەم بۆ دەرکەوت. لەو سەردەمەدا بیست ساڵان بووم. هەمیشە ئەو کەسەی کە ستالینی نەبوو، ئەو کەسەی کە پێویستی بە ترساندن نەبوو بە پێکەنینەکەیدا دەمناسییەوە. خووی گاڵتەکردن ئاماژەی متمانەپێکراوی ئاشنایەتی بوو. لەو سەردەمەوە تا ئێستا لە جیهانێک ترساوم کە خووی گاڵتەکردنی خۆی لەدەست دەدات.

رۆس: لە دوایین کتێبدا سەرەڕای ئەمانە، شتێکی تر لەئارادایە. لە نموونەچیرۆکێکی[9] کورتدا، پێکەنینی فریشتەکان لەگەڵ پێکەنینی شەیتاندا بەراورد دەکەیت. شەیتان  پێدەکەنێت، چونکە جیهانی خودا بۆ ئەو بێمانا دەردەکەوێت، فریشتەکان بە شادییەوە پێدەکەنن، چونکە هەموو شتێکی جیهانی خودا بۆیان مانادارە.

کۆندێرا: بەڵێ مرۆڤ لە یەک دەرکەوتەی فیزیۆلۆژی – پێکەنین – دوو هەڵوێستی مێتافیزیکی جیاواز دەردەبڕێت. کەسێک کڵاوەکەی دەکەوێتە سەر ئەو تابووتەی کە تازە خستوویانەتە گۆڕەوە، خەڵکەکە دەکەونە پێکەنین و مەراسیمی ناشتنەکە مانای خۆی لەدەست دەدات. دوو ئاشق کە دەستی یەکیان گرتووە و بەناو سەوزوڵاندا ڕادەکەن و پێدەکەنن. پێکەنینیان هیچ ڕەبتێکی بە نوکتە یان گاڵتەوە نییە، ئەوە پێکەنینی جیددی فریشتەیە کە شادی بوونیان پیشان دەدات. هەر دوو پێکنینەکە لەناو خۆشییەکانی ژیاندان بەڵام هەروەها ئاماژە بە دووانەی قیامەتگەرا[10] دەدەن: لە لایەک پێکەنینی پڕ تاسەی فریشتە دەمارگیرەکان کە تەواو باوەڕیان بە مانای جیهانیان هەیە و ئامادەن هەر کەسێک کە بەشداریی شادییەکەیان ناکات، لەسێدارەی بدەن و لە لایەکی تر، لە ئاراستەی بەرانبەرەوە، پێکەنینێک دێتە گوێ کە ڕایدەگەیەنێت هەموو شت بێمانا بووە، تەنانەت مەراسیمەکانی ناشتن گەمژانەیە و سێکسی گروپی تەنیا پانتۆمایمێکی گاڵتەجارانەیە[11]. ژیانی مرۆڤ بەم دوو خەرەندە گەمارۆ دراوە: دەمارگیری لە لایەک و گومانگەرایی موتڵەق لە لایەکی تر.

رۆس: ئەوەی ئێستا تۆ پێی دەڵێیت پێکەنینی فریشتە، دەستەواژەیەکی نوێیە بۆ «هەڵوێستی لەریکی ژیان»ـی رۆمانەکانی پێشووترت. لە یەکێک لە کتێبەکانتدا بڕگەی تۆقینی ستالینی بە فەرمانڕەوایی جەلاد و شاعیر دەبینی.

کۆندێرا: تۆتالیتاریزم تەنیا جەهەنم نییە بەڵکوو خەونی بەهەشتیشە – خەونی سەردەمی زێڕین کە تێیدا هەر کەسێک یەکانگیر لەگەڵ ئیرادە و باوەڕی هاوبەشی، بەدوور لە ژێرەوانکێی لەگەڵ ئەویتر بە تەبایی دەژیا. ئاندرێ برێتۆنیش ئەو کاتەی کە باسی لە خانووی شووشەیی دەکرد و حەزی دەکرد تێیدا بژیت، خەونی هەمان بەهەشتی هەبوو. ئەگەر تۆتالیتاریزم ئەم ئارکیتایپانە، کە لە بنەوانی بوونی هەمووماندا هەیە و رەگیان لە قووڵایی هەموو ئایینەکاندا داکوتیوە، کەڵکی لێ وەرنەگرتبا، هیچ کات بەتایبەت لە قۆناغە سەرەتاییەکانی هاتنەبوونیدا، لە راکێشانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکدا سەرکەوتوو نەدەبوو. لەگەڵ ئەوەی خەونی بەهەشت لە واقیعدا دێتە دی، لێرە و لەوێ هەندێ کەس پەیدا دەبن، بۆیە فەرمانڕەوایانی بەهەشت ناچار دەبن لە رووەکەی تری بەهەشتدا، گولاگ دروست بکەن. بەدرێژایی کات، ئەم گولاگانە گەورەتر و گەورەتر و تەنانەت کاملتر دەبن؛ لە کاتێکدا بەهەشتی تەنیشتی بچکووکتر و هەژارتر دەبێت.

رۆس: لە کتێبەکەدا گەورە شاعیری فەرەنسی پۆل ئێلوار بە بەهەشت و گولاگدا هەڵبەست دەچڕێت. ئەم وردە مێژووە کە لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێ دەدەیت راستەقینەیە؟

کۆندیرا: دوای جەنگ پۆل ئێلوار وازی لە سوریالیزم هێنا و بووە گەورەترین نوێنەری ئەو رەوتەی کە بە «شاعیری تۆتالیتاریزم»[12]ـی ناو دەبەم. بۆ برایەتی، ئاشتی، عەدالەت، داهاتووی باشتر دەیچڕی، بۆ هاوڕێیەتی و دژی گۆشەگیری دەیهۆنییەوە، بە شادیدا هەڵی دەدا و دژ بە غەم دەیهۆنییەوە، بە بێگەردیدا هەڵی دەدا و لە دژی سەگباوەڕی دەیهۆنییەوە. کاتێک لە ساڵی ١٩٥٠ فەرمانڕەوایانی بەهەشت، بۆ زاڤیس کالاندرای[13] سوریالیست، هاوڕێی پراگیی ئێلوار، سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕییەوە، ئێلوار هەستە شەخسییەکانی هاوڕێیەتی  لەبەر ئایدیاڵە ناکەسییەکان سەرکوت کرد و بۆ ڕای گشتی ڕەزامەندیی خۆی بۆ لەسێدارەدانی هاوڕێیەکەی راگەیاند. جەلادەکە دەیکوشت و شاعیرەکە دەیهۆنییەوە. تەنیا شاعیرەکان نەبوون. هەموو بڕگەی تۆقاندنی ستالینی سەردەمی هاتەران‌وپاتەرانی[14] لیریکی دەسەجەمعی بوو. ئێستا هەموویان لەبیر کردووە، بەڵام ئەوە کرۆکی بابەتەکەیە. مرۆڤەکان پێیان خۆشە بڵێن: شۆڕش جوانە، بەڵام ئەوە تۆقێنەری شۆڕشە کە خراپە دەخاتەوە، کەچی ئەم قسەیە راست نییە. پرسی خراپە پێشوەختە لە پرسی جوانیدا هەیە، جەهەنم پێشوەختە لە خەونی بەهەشتدا ئامادەیی هەیە و ئەگەر بمانەوێت لە جەهەنم تێبگەین، ئەوا دەبێت جەوهەری بەهەشت بپشکنین کە زاگەکەیەتی. ئەوە زۆر ئاسانە کە گولاگ ئیدانە بکەین بەڵام رەتکردنەوەی شیعری تۆتالیتاریزم کە لە رێگەی بەهەشتەوە بە گولاگ کۆتایی دێت وەک هەمیشە شتێکی قورسە. لەمڕۆدا خەڵکی سەرانسەری زەوی بە ئاشکرا ئایدیای گولاگ رەت دەکەنەوە، بەڵام هێشتا ئارەزوویان هەیە خۆیان بدەنە دەستی، لە رێگەی ئەفسوونی شیعری تۆتالیتاریزمەوە و بە تۆنی هەمان هەڵبەستی لیریکی کە پۆل ئێلواری خرۆشاو فووی پێدا دەکات بەرەو گولاگی نوێ ڕێپێوان بکەن لە کاتێکدا دووکەڵی تەرمی کالاندرا لە دووکەڵکێشی زۆپای تەرمسووتێنەوە بەرز دەبێتەوە.

رۆس: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پەخشانی تۆ، رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی پرسی گشتی و پرسی تایبەتییە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە سەربوردەکانی ژیانی تایبەتی لە باکگراوندی سیاسیدا روو دەدەن یان ئەوەی کە رووداوە سیاسییەکان دزە بکاتە ناو ژیانی تایبەتییەوە. بە پێچەوانەوە، تۆ بەردەوام ئەوە نیشانی ئێمە دەدەیت کە رووداوە سیاسییەکان لە هەمان یاساکانی پێشهاتەکانی ژیانی تایبەتی پەیڕەوی دەکەن، ئەمەش وا دەکات پەخشانی تۆ ببێتە چەشنێک لە دەروونشیکاریی سیاسەت.

کۆندێرا: مێتافیزیکای مرۆڤ لە پانتایی گشتی و تایبەتیدا وەکوو یەکە. ناواخنەکەی تری کتێبەکە واتە «لەبیرکردن» وێنا بکە. مردن وەک لەدەستدانی خود، یەکێک لە کێشە گرنگەکانی ژیانی تایبەتی مرۆڤ، بەڵام ئەو خودە چییە؟ سەرجەمی هەموو ئەو شتانەیە کە بە یادی دەهێنینەوە، کەواتە ئەوەی ئێمە لە مردن دەترسێنێت لەدەستدانی داهاتوو نییە، بەڵکوو لەدەستدانی رابردووە. لەبیرچوونەوە فۆرمێکی مردنە کە لە ژیاندا حزوری هەیە. تەنگژەی ژنەپاڵەوانی کتێبەکەی من ئەوەیە نائومێدانە هەوڵ دەدات، تا بیرەوەریی ڕوولەنەمانی هاوسەرە خۆشەویستە کۆچکردووەکەی بپارێزێت بەڵام هاوکات لەبیرکردن تەنگژەی گەورەی سیاسەتیشە. کاتێک دەسەڵاتێکی گەورە دەیەوێت وڵاتێکی بچووک لە ئاگایی نەتەوەیی بێبەری بکات؛ دەست بۆ شێوازە رێکخراوەکانی لەبیربردنەوە دەبات. ئەمە ئەو شتەیە کە لە ئێستادا لە بۆهێمیادا روو دەدات. هەر شتێک کە لە ئەدەبی هاوچەرخی چیکدا کەمێک بەهای هەبێت بۆ ماوەی دوانزە ساڵە بڵاو نەبووەتەوە؛ دوو سەت نووسەری چیک لەوانە کافکای کۆچکردووش قەدەغە کراون؛ ١٤٥ میژوونووسی چیک لە وانەوتنەوە دوور خراونەتەوە؛ مێژوو دیسان دەنووسنەوە و مۆنیۆمێنتەکان وێران دەکەن. نەتەوەیەک کە ئاگایی رابردووی لەدەست بدات بەکاوەخۆ خودی خۆیشی لەدەست دەدات. لەم پنتەوە دۆخی سیاسی دڕندانە دەرخەری تەنگژەی مێتافیکی و رۆژانەیی لەبیرکردنە کە بەبێ ئەوەی سەرنجی ئێمە ڕابکێشێت، هەردەم و هەموو رۆژێک رووبەڕووی دەبینەوە. سیاسەت ماسکی مێتافیزیکی ژیانی تایبەتی هەڵدەماڵێت و ژیانی تایبەتی ماسکی مێتافیزیکی سیاسەت هەڵدەماڵێت.

رۆس: لە شەشم پاژی کتێبی ڤاریاسیۆنەکانت، کاراکتەری سەرەکیی ژن، «تامینا» لە دورگەیەکەوە سەر دەردەهێنێت کە تەنیا منداڵی لێیە. لە کۆتاییدا منداڵەکان دەیکوژن، ئایا ئەمە خەونە، حەکایەتی پەرییەکانە یان هێماچیرۆکە[15]؟

کۆندێرا: هیچ شتێک ئەوەندەی ‌هێماچیرۆک بە من نامۆ نییە، نووسەر چیرۆکەکان دادەهێنێت بۆ ئەوەی هەندێ تێز بکێشێت. رووداوەکان چ ریالیستی بن یان خەیاڵی، دەبێت لە خۆیاندا هەڵگری مانا بن و مەبەست لێی ئەوەیە لە رێگەی هێز و شیعریەتەوە خوێنەر بە شێوەیەکی سادە لەخشتە بەرێت. ئەم وێنەیە هەمیشە ئەفسوونی کردووم و لە بڕگەیەکی ژیانمدا زۆر لە خەونەکانمدا دووبارە دەبووە: مرۆڤ خۆی لە جیهانێکی منداڵانەدا دەدۆزێتەوە کە رێگەی هەڵهاتنی تێدا نییە و لەناکاو ئەو منداڵییەی دەیکەینە ستران و پێیدا هەڵدەدەین خۆی وەکوو سامناکی رووت دەردەخات. وەکوو داوێک. ئەم چیرۆکە هێماچیرۆک نییە، بەڵام کتێبەکەم بە جۆرێک فرەدەنگە کە چیرۆکە جیاوازەکان هەر کامیان بە هاوبەشی دەخاتە ڕوو، روون دەکاتەوە و چیرۆکەکانی تر تەواو دەکات. رووداوی بنەڕەتی کتێبەکەم، چیرۆکی ئەو تۆتالیتاریزمەیە کە کەسەکان لە هەبوونی یادگە بێبەری دەکات و  بۆ نەتەوەیكی منداڵی دەستەمۆ دەگۆڕێت. هەموو تۆتالیتاریزمەکان هەمان کار دەکەن. پێدەچێت تەواوی سەردەمی تەکنیکیی ئێمە ئەمە بکات لە رێگەی پەرستەی داهاتووەوە[16]، لە رێگەی بێباکییەکەی بەرانبەر ڕابردوو و بێمتمانەییەکەی بەرانبە هزر. لە دڵی ئەم کۆمەڵگا لاوسالارە دڵڕەقەدا، کەسێکی وەکوو تامینا کە توانستی ئایرۆنی و یادگەی هەیە وا هەست دەکات لە دورگەی منداڵاندایە.

رۆس: بە نزیکەیی هەموو رۆمانەکانت، لە راستیدا هەموو بەشەکانی دوایین کتێبەکەت، کۆتایی خۆیان لە دیمەنی ناوازەی سێکسکردندا دەبیننەوە. تەنانەت ئەو بەشەش کە لەژێر ناوی پیرۆزی «دایک»دایە، ئەویش هەر دیمەنێکی درێژی سێکسی سێ کەسی تێدایە لەگەڵ پێشەکی و پاشەکیدا. سێکس بۆ تۆ وەکوو رۆماننووسێک چ مانایەکی هەیە؟

کۆندێرا: لەمڕۆدا ئارەزووی سێکسی چیدی تابۆ نییە، تەنیا وەسفکردن و تەنیا دانپێدانانی سێکسی بە شێوەیەکی دیار بووە بە شتێکی وەڕزکەر. لۆرێنس یان تەنانەت هێنری میلەر، بە هۆنینەوەی فاحیشەییەوە! چەنێک بەسەرچوو دێنە پێشچاو کەچی هێشتا هەندێ پارچەی ئیرۆتیکی ژێرژ باتای کاریگەریی نەبڕاوەی لەسەرم داناوە. رەنگە لەبەر ئەوە بێت کە هۆنینەوەیی نەبێت بەڵکوو فەلسەفی بن. لەوەدا راست دەکەیت، لە لای من هەموو شت بە دیمەنێکی ناوازەی ئیرۆتیکی کۆتایی دێت. ئەو هەستەم هەیە کە دیمەنێکی ئەشقی جەستەیی رووناکییەکی زۆر بەهێز دەخاتەوە کە لەناکاو جەوهەری کەسایەتییەکان ئاشکرا دەکات و رەوشی ژیانیان بە پوختی نیشان دەدات. تامینا لەگەڵ هۆگۆدا سێکس دەکات، لە کاتێکدا نائومێدانە هەوڵ دەدات بیر لە پشووە لەدەستچووەکەی لەگەڵ مێردە کۆچکردووەکەیدا بکاتەوە. دیمەنی ئیرۆتیکی، چڕ دەکاتەوە لە کاتێکدا ناواخنەکانی چیرۆکەکە پەرت دەکات و  شاراوەترین نهێنییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون.

رۆس: بەشی حەوتەم و کۆتایی جگە لە ئارەزووی سێکسی، لە هیچی تر ناکۆڵێتەوە. بۆچی کتێبەکەت بەم بەشە کۆتایی پێ دێت تاوەکوو بەشەکانی تری، بۆ نموونە وەک [بەشی] شەشەم کە زۆر هەستبزوێنە و ژنەپاڵەوانەکە تێیدا دەمرێت؟

کۆندێرا: تامینا بە دەربڕینێکی مێتافۆرییانە، لەناو پێکەنینی فریشتەکاندا دەمرێت. لە لایەکی تر لە دوایین بەشی کتێبەکەدا، جۆرە پێچەوانەکەی تری پێکەنین دەنگ دەداتەوە، ئەو جۆرەی پێکەنین کاتێک شتەکان مانا لەدەست دەدەن، بەر گوێ دەکەون. هەندێ هێڵی خەیاڵی جیاکەرەوە لەئارادایە، لەودیوەوەی شتەکان بێمانا و گەمژانە دەردەکەون. کەسێک لە خۆی دەپرسێت: ئەوە پووچ نییە بەیانیان لەخەو هەڵسم؟ بڕۆم بۆ ئیش؟ بۆ هەر شتێک هەوڵ بدەم؟ سەر بە نەتەوەیەک بیت تەنیا لەبەر ئەوەی بەو شێوەیە لەدایک بوویت؟ مرۆڤ لەسەر لێواری تخوبەکانی دەژی و بە ئاسانی دەشێت بکەوێتە ئەودیو تخوبەکانییەوە.  ئەو تخوبانە لە هەموو شوێنێک هەیە، لە هەموو پانتاییەکانی ژیانی مرۆڤ، تەنانەت لە قووڵترین و سروشتیترینیاندا لە گۆڕێیە: ئارەزووی سێکسی. ئەمەش رێک لەبەر ئەوەیە کە قووڵترین قەڵەمڕەوی ژیانە و پرسیارکردن لە ئارەزووی سێکسی قووڵترین پرسیارە. ئەمەش ئەو هۆکارەیە کە بۆچی کتێبی ڤاریاسۆنەکانی من بە هیچ ڤاریاسۆنێک کۆتایی نایەت جگە لەمە. 

رۆس: کەواتە ئەمە ئایا ئەو دوورترین پنتەیە کە لە رەشبینیتدا پێیگەیشتووی؟

کۆندێرا: وریام بەرانبەر وشەی رەشبینی و گەشبینی. رۆمان هیچ شتێک راناگەیەنێت؛ رۆمان دەپشکنێت و پرسیار قوت دەکاتەوە. نازانم داخۆ نەتەوەکەم لەناو دەچێت و نازانم کام لە کاراکتەرەکانم راستە. چیرۆک دەئافەرێنم یەکێکیان رووبەڕووی ئەویتریان دەکەمەوە و لە رێگەی ئەمەوە پرسیار دەکەم. گەمژەیی خەڵک لەوێوە دێت کە یەک پرسیاری لە هەموو شت هەبێت. کاتێک دۆنکیشۆت جیهان دەبینێت، جیهان بۆ ئەو دەبێتە نهێنی. ئەمە میراتی یەکەم رۆمانی ئەوروپییە بۆ هەموو مێژووی رۆمان کە بەدوایدا دێت. رۆماننووس ئەوە فێری خوێنەر دەکات کە جیهان وەکوو پرسیار فەهم بکات. لەو هەڵوێستەدا ژیری و هەڵکردن لەئاردایە. رۆمان لەو جیهانەی کە لەسەر دڵنیاییە پیرۆزەکان[17] بینا بووە، مردووە. جیهانی تۆتالیتار، چ لەسەر مارکس یان لەسەر ئیسلام یان لەسەر هەر شتێکی تر دابمەزرێت، جیهانی وڵامەکانە وەک لەوەی جیهانی پرسیارەکان بێت. لە شوێنێکی وەهادا رۆمان جێگەی نابێتەوە. بە هەرحاڵ پێم وایە خەڵکی ئەم رۆژانە لە سەرانسەری دونیادا، ئەوە دەخوازێت کە حکووم بدات وەک لەوەی بیەوێت تێبگات، دەخوازێت وڵام بداتەوە وەک لەوەی پرسیار بکات، هەر بۆیەش دەنگی رۆمان بەئەستم لەناو ژاوەژاوی گەمژەیی دڵنیاییەکانی مرۆڤایەتیدا دەبیسترێت.

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

http://www.kundera.de/english/InfoPoint/Interview_Roth/interview_roth.html


[1] Book of Laughter and Forgetting

[2] dodecaphony

[3] BartÛk’s music

[4] The Joke

[5] Laughable Loves

[6] Jacques le fataliste

[7] form of variations

[8]  polyphonic music

[9] parable

[10] dual apocalypse

[11] comical pantomime

[12] poesy of totalitarianism

[13] Záviš Kalandra

[14] delirium

[15] allegory

[16] cult of the future

[17] sacrosanct certainties