رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ جیهاد محەمەد

Facebook
Twitter
LinkedIn

بۆ زیاتر ئاشنابوون بە ڕێکخراوی ئازادبوون، ماڵپەڕی ڕێکخراوەکە زنجیرەیەک دیمانە لەگەڵ ئەندامانیدا ساز دەکات و لە ڕێی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکەوە، پەیڕەو و بەرنامەی کارکردنی ڕێکخراوی ئازادبوون ڕوون دەکەنەوە.

ئەمەی خوارەوە، دیمانەیەکە لەگەڵ جیهاد محەمەد، ئەندامی بۆردی ڕێکخراوی ئازادبوون:

کورتەیەک دەربارەی ژیانی جیهاد محەمەد لە زاری خۆیەوە:

دەرچووی شەشی ئامادەییم، لە ساڵی ١٩٦٨ەوە دەستم کردووە بە کاری سیاسی و حیزبی، بۆ یەکەم جار لە هەمان ساڵدا بووم بە ئەندامی حیزبی شیوعی لە قیادەی مەرکەزی. لە ساڵی ١٩٧٤دا کە ئەو کاتە خوێندکاری پۆلی شەشی ئامادەیی بووم، پەیوەندیم کرد بە بارەگای حیزبەکەوەمە لە گوندی کاژاو. لە سەفەرێکمدا بۆ قەرەداغ، هەر لەو ساڵەدا لە لایەن پارتییەوە گیرام و بە زیندانی گەیاندمیانە زیندانی ڕایەت. دوای چەند مانگێک، بە هەوڵی هاوڕێیانی حیزب مەرەخەس کرام. لە دوای ئاشبەتاڵ، کە حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزیی خۆی سست کردبوو تا کاتێکی نادیار، ئێمەی گەنجی ئەو سەردەمە ئەمەمان پێ قبووڵ نەکرا و ڕێکخراوێکی سیاسیمان دروست کرد لەژێر ناوی ”وحدة القاعدة”دا، لە ساڵی ١٩٧٨دا بە هۆی کاری سیاسی و حیزبی و ئیعترافکردنی کەسێک لەسەرم لە زانکۆی سلێمانی، گیرام، کە ئەو کاتە تازە دامەزرابووم بە فەرمانبەر لە زانکۆدا. ماوەی نزیکەی دوازدە مانگ لە زینداندا مامەوە، دواتر بە هەوڵێکی زۆر مەرەخەس کرام. لە ساڵی ١٩٩١دا، دوای ڕاپەڕین نەگەڕامەوە سەر وەزیفەکەم و دەستم بە کاسپی کرد، لە ساڵی ١٩٩٩دا ڕووم کردە ئەورووپا و لە وڵاتی نەرویج گیرسامەوە. لەم ماوە دوورودرێژەی ژیانم لە نەرویج، بووم بە ئەندامێکی چالاکی ناوەندی چاک، هەروەها بووم بە ئەندامی ڕێکخراوی دژ بە ڕەگەزپەرستی (ئێس ئۆ ئێش ڕاسیزمە)، هەروەها بووم بە ئەندامی ئەمنستی ئینتەرناشناڵی نەرویجی، دواتر بووم بە ئەندامی کۆمەڵەی کۆمەک، کە ماوەی چەند ساڵێکیش لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیەدا کارم کرد، کە کاری لەسەر پەروەردە دەکرد. لێرەوە ڕووم کردە بواری پەروەردە و لەم بوارەدا قووڵ بوومەوە و تا ئێستا جگە لە کتێبێکی خۆم، هەشت کتێبم دیکەیشم وەرگێڕاوە، کە تایبەتن بە پەروەردە. کتێبەکان پێشوازییەکی باشیان لێ کراوە لە کوردستاندا، چەندین سیمینار و کۆڕم لەسەر گرتوون، لە تیڤییەکانەوە چەندین جار بانگهێشت کراوم و قسەم لەسەر کتێبەکان و پەروەردە کردووە، ئێستایش بە خۆشحاڵییەوە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی بەڕێز و ڕابردوو پاک و خۆشەویستدا، ڕێکخراوی ئازادبوونمان دامەزراندووە.

واتا لە ساڵی ١٩٦٨ەوە تا ئێستا، من بەردەوام لە بەرەی گەلدام و بەرگری لە مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەریی کەرامەتی مرۆڤ دەکەم، بەردەوامیش دەبم تا دوا هەناسەم. لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا چالاکانە بەشداریم کردووە، بڕوا ناکەم لە نەرویج هیچ چالاکییەکی مەدەنی هەبووبێت من تێیدا بەشداریم نەکردبێت. ئەوەی کە شانازیی پێوە دەکەم، بۆ ساتێکیش کە لەژێر ئەشکەنجەی زیندانی ڕایەت و ئەمنی سلێمانی و ئەمنی عامەی بەغدادا بووم، نیشتمان و گەل و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیم بیر نەچووەتەوە و بیریشم ناچێتەوە، بۆ ساتێکیش لەگەڵ هیچ حیزب و حکومەتێکی گەندەڵ و ستەمکاردا نەبووم و کارم نەکردووە.

ماڵپەڕی ئازادبوون: هۆکارەکانی دروستبوونی بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادبوون و سەرپێخستنی ڕێکخراوەکە چی بوون؟

جیهاد محەمەد: لە مانگی ٦ی ٢٠١٩دا، هاوڕێی خۆشەویستم کاکە تەحسین قادر داوای لێ کردم یەکتری ببینین، لەو کۆبوونەوە دووقۆڵییەدا، کاک تەحسین پڕۆژەی دروستبوونی ئەم ڕێکخراوەی بۆ پیشنیاز کردم، وتیشی زۆر دەمێکە خەریکی ئەم پڕۆژەیەم و هەتا ئێستا تەنها لە قسەکردندا ماوەتەوە و خەڵكێکی زۆریش لەوانەی پەیوەندیم پێوە کردوون، پڕۆژەکەیان لا پەسەندە.

وەڵامی من ئەرێنی بوو، پێش هەموو شت لە بڕوابوونم و متمانەکردنم بە کاک تەحسین، دواتریش پاش گفتگۆیەکی زۆر بۆ چەند جارێک لەگەڵ کاک تەحسین و کۆمەڵێک هاوڕێی تر، وەک مامۆستا عەزیز ڕەوف و کاک نەورۆز و کاک ئالان و پەیوەندیکردن بە کۆمەڵێک کەسایەتی و هاوڕێیانی خۆشەویستەوە، لەوانە کاک بەختیار شێخ عوسمان و دکتۆر سەرکەوت، گەشە خان و ڕازاو خان و نیاز خان، دەیان کەسایەتیی تر، بەڵام ئەوانەی ئامادە بوون ڕاستەخۆ دەست بە کارەکە بکەین، ئەم بەڕێزانە بوون:

تەحسین قادر، دکتۆر سەروەر کە بۆ ماوەیەک لەگەڵمان مایەوە دواتر بە هۆی سەرقاڵییەوە نەیتوانی بەردەوام بێت، مامۆستا عەزیز، مامۆستا ئالان، نیاز خان، گەشە خان، ڕازاو خان، کاک عومەر محەمەد و کاک نەورۆز و دەیان هاوڕێی تر.

کرۆکی هۆکاری دروستبوونی ئەم ڕێکخراوە، وردبوونەوە و تێبینکردن و ئەزموونمان لەسەر کارە حیزبییەکان بوو، جا چ حیزبە چەپ و شیوعییەکان، یان حیزبە ناسیۆنالیستی و دیموکراتەکان، زۆربەیان لەسەر بنەمایەک پێک هاتوون کە کەمترین دەرفەتیان بۆ سەربەخۆیی ئەندامان و تەنانەت دۆستەکانیشیان هێشتووەتەوە، بە واتایەکی تر، حیزبایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد، بە جۆریک بووە کە ئایدۆلۆژییەکە بووە بە دین و کەسی یەکەمی حیزبەکە و مەکتەب سیاسییەکەی پیرۆز کراوە و کەس نەبووە بتوانێت ڕەخنەی لێ بگرێت، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیەکیش هەبووبێت، دەتوانم بڵێم وەک دەردەدڵ دەربڕاوە. ئەوەی تێبینیمان کردووە، دین کە چەندین پێگەی پیرۆزی هەیە، وەک پەیامبەرەکەی و کتێبەکەی و لێکدانەوەی پێشەواکانی و دواتر پیرۆزیی خوداوەند، بە هەمان شێوە حیزبایەتییش هەمان ئاڕاستەی گرتووەتە بەر و نەیتوانیوە خۆی لە ستراکتور و ئایدۆلۆژیی دین ڕزگار بکات. ئیتر لێرەوە داگیرکاریی مرۆڤەکان دروست بووە و وای لێ هاتووە کە هەندێک حیزب هەموو کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان بە موڵکی خۆیان بزانن. ئەم بیرکردنەوەیە ئێمەی گەیاندە ئەو ئاستەی کە کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی حورمەتی هەر مرۆڤێک بەستراوە بە ئازادبوونیەوە، تا مرۆڤەکان نەبن بە ناوەند، تا مرۆڤەکان سەربەخۆ و ئازاد نەبن، هەر حیزب و ئۆرگانێکی سیاسی و مەدەنی دروست بێت، دەبێت بە مۆتەکە بەسەر مرۆڤەکانەوە، هیچ دەرفەتێک بۆ پاراستنی حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ نامێنێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم کولتوورە تەنها حیزبەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییشی گرتووەتەوە، بۆیە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا نەیانتوانیوە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بەهێز دروست بکەن. بە کورتی ئەمە بیرۆکەی دروستبوونی ئەم ڕێکخراوەیە لە پێناوی ئازادبوون و سەربەخۆیی تاکەکەس و سەرپێخستنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بەتوانا و بەهێزدا.

ماڵپەڕی ئازادبوون: ئەو ئاستەنگانەی هەم لە گەڵاڵەکردنی بیرۆکەکە و هەم دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادبووندا هاتنە پێشێ، چی بوون؟

جیهاد محەمەد: هیچ ڕێکخراوێک نییە، چ سیاسی و چ مەدەنی، ئاستەنگی بۆ نەیەتە پێش. هەندێک لە ئاستەنگەکان کاری ڕۆتینە و هەندێکی تر لەوە تێدەپەڕێت و قسەوقسەڵۆکی بێواتا و بێ پرەسنیپ و بێ بنەمایە. لە ڕاستیدا یەکەم ئاستەنگ، ئاستەنگی حیزبی بوو، کە یەکێک لە حیزبەکان و بە تایبەتی لە کەسە یەکەمەکانیان، تۆقیبوون لەوەی ئێمە حیزب دروست بکەین، ئەم تۆقین و ترسانەیش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە حیزبەکانی کوردستان، چ ناسیونالیستی و دیموکراتەکان، چ دینییەکان، وا بیر دەکەنەوە کە خەڵکی کوردستان دەبێت لە لای ئەوانەوە قۆرخ بکرێت و موڵکی ئەوان بێت. ڕاستەوخۆ پێیان وتین، ئێمە خۆمان کێشەمان هەیە و ئێوەیش ئەگەر حیزب دروست بکەن کێشەکەمان گەورەتر دەبێت، هەڵبەت بە ئاشکرا وتبوویان ئێوە خەڵکمان لێ دەکەنەوە، چونکە هەموو ئەم حیزبانە، وەک ئاماژەم پێ دا، وا بیر دەکەنەوە، کە خەڵک کۆ بکنەوە، نەک بەرنامەی مرۆیی و پێشکەوتنی مرۆڤ و کۆمەڵگەیان هەبێت و بڕوا بە بەرنامەکەی خۆیان بکەن، کە خەڵک دوای بەرنامەکەیان بکەوێت، نەک ناوی زل و دێی وێران. ئاستەنگی تریش، لە ڕاستیدا فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بوون، کە رۆتیناتی زۆریان دروست کردووە بۆ پێکهاتنی هەر ڕێکخراوێکی مەدەنی، کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا لە پرسیارێکماندا کە چەند ڕێکخراو لە کوردستاندا هەیە، وتیان زیاتر لە پێنج هەزار هەن، هەڵبەت هەر خۆیشیان وتیان ڕێکخراو هەبووە چوون لە سەرقەبران ناوی چەند کەسێکیان لەسەر کێلەکان وەرگرتووە و هێناویانە بۆمان و وتوویانە ئەمانە ئەندامی ڕێکخراوەکەمانن. ئاستەنگێکی تر، زۆر بە داخەوە ئەوەی هەستمان پێ کرد، چەند برادەرێک کە بەوپەڕی متمانەوە هاتنە پێشەوە، کەچی لە دواجاردا دەرکەوت ئەمانە بۆ خۆدرەخستن هاتوون، کە زانییان سەر و خوار لەم ڕێکخراوەدا نییە و ئاسۆییانە کار دەکەین، بە پەلە کشانەوە، ئەمەیش بۆ ئێمە ئەزموونێکی تر بوو.

ماڵپەڕی ئازادبوون: دروشمەکانی تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لە چییەوە هاتوون و بۆ بوون بە تێمای کارکردنی ڕێکخراوەکە؟

جیهاد محەمەد: دروشمی توانسازی، لەوەوە هاتوو، کە هەر مرۆڤێک توانایەکی شاراوەی هەیە، بەڵام ئەو توانا شاراوەیە پێویستە زەمینەی بۆ خۆش بکرێت تا تواناکانی دەربکەوێت. مرۆڤ بوونەوەرێکە فێر دەبێت، نەک فێر بکرێت، بوونەوەرێکە ڕادێت، نەک ڕابهێنرێت. ئێمە لەم ڕێکخراوەدا بڕوامان بە فێربوون و ڕاهاتنی مرۆڤەکان هەیە، نەک ڕامکردنیان، بۆیە دروشمی تواناسازیمان هەڵبژاردووە.

تاکگەرایی، لەو بیرکردنەوە و سۆنگەیەوە هاتووە، کە تا تاک ئازاد و سەربەخۆ نەبێت، ناتوانێت کەرامەتی خۆی بپارێزێت، تاک پێویستە ئازاد و سەربەخۆ بێت و کەرامەتی خۆی بپارێزیت، بتوانێت ڕای تایبەتی و بۆچوونی خۆی بە ئاسوودەیی دەرببڕێت. تا تاکەکانی نێو کۆمەڵگە هەست بە ئازادی نەکەن، کۆمەڵگەکەیان ئازاد نابێت، هەروەها پەیوەستیش نابن بە کۆمەڵگەیەکەوە کە ئازادییەکانیان پێشێل بکات. تا تاکەکانی هەر نەتەوەیەک ئازاد نەبن و سەربەخۆ نەبن، لە واتای ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەکەیان تێناگەن.

توانا مرۆییەکان، لەو بیرکردنەوەیەوە هاتووە، کە تا زەمینە خۆش نەکرێت بۆ مرۆڤەکان، کە تواناکانیان دەربکەوێت، هەڵبەت هەر یەکە لە بوارێکدا، نایەکسانی دروست دەبێت و کۆمەڵێک کە بە هۆکاری دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەمەندی زەمینەی لەباریان بۆ ڕەخساوە تواناکانیان دەربکەوێت، وەلێ کۆمەڵێکی زۆریش کە ئەو زەمینەیەیان بۆ نەڕەخساوە، ئیتر ئەوەی تواناکانی دەرکەوتووە دەبێت بە زاڵم بەسەر ئەوەی کە تواناکانی دەرنەکەوتووە، بەم جۆرە نایەکسانی و نادادپەروەری دروست دەبێت.

ماڵپەڕی ئازادبوون: هەر یەکێک لەو دروشمانە مانا و دەلالەتی جیاوازیان هەیە، ڕێکخراوی ئازادبوون چۆن پێکەوە دەیانبەستێتەوە و چالاکییەکانی لەسەر ڕێک دەخات؟

جیهاد محەمەد: ئێمە لەم ڕێکخراوەدا وا بیر دەکەینەوە، کە لە نەختیلەکانەوە دەچین بۆ گشت و لە گشتەوە دەگەڕێینەوە بۆ نەختیلەکان، بە واتایەکی تر، لە بچووکەوە بۆ گەورە و لە گەورەوە بۆ بچووک دەگەڕێینەوە؛ هیچ کام لە نەختیلەکان و گشت لێک ناترازێنین، لامان وایە نەختیلەکان و گشت پەیوەندییەکی ئۆرگانییان هەیە، دەبێت ئەم پەیوەندییە ئۆرگانییە ڕابگیرێت و لەسەری کار بکرێت. بە نموونە، کاتێک باس لە تاکگەرایی دەکەین، کە بە واتای ئازادبوونی تاک و سەربەخۆیی تاک دێت، بیرمان ناچێتەوە کە تاک نەختیلەیەکە لە کۆمەڵگە گشتییەکە، کاتێک باس لە تواناسازیی تاک دەکەین، بیرمان ناچێتەوە کە تواناسازیی تاک پەیوەستە بە توانای کۆمەڵگەوە. ئابووری و داهاتی تاک هەتا پێش بکەوێت، واتا داهات و ئابووریی کۆمەڵگە وەک گشت پێش کەوتووە، کاتێکیش ئابووری و داهاتی کۆمەڵگە لە قەیراندا بێت، واتا ئابووری و داهاتی تاک لە قەیراندایە.

ماڵپەڕی ئازادبوون: هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت یان قوتابخانەیەکی فیکری هەیە کە ڕێکخراوی ئازادبوون لە ڕێیەوە فەلسەفەی خۆی دابڕێژێت؟

جیهاد محەمەد: ئایدۆلۆژیا و قوتابخانەی فیکریی ئێمە، بەها کۆمەڵایەتییەکانە، بەهای مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە، یەکسانیی نێوان ژن و پیاوە بە واتای کارکردن لەسەر کێشەی جێندەر. فەلسەفەی ئێمە تاکگەراییە بەو واتایەی کە تاکەکان هەموویان بەهای کۆمەڵایەتییان هەیە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان تاکەکاندا نییە، لەگەڵ ئەوەی بڕوامان بە تایبەتمەندی و حەز و ئارەزووی تاکەکان هەیە، کە هەر تاکەکەسێک حەز بە جۆرێک لە کار و پیشە و خوێندن دەکات و دەخوازێت لە بوارێکدا شارەزایی و پسپۆڕی و ئەزموونی خۆی پەرە پێ بدات، هەڵبەت هەموو تایبەتمەندییەکانی تاکەکان، هەموو شارەزاییەکانیان، هەموو تواناکانیان، هەموو حەز و ئارەزووەکانیان گشتێک دروست دەکات، کە ئەو گشتە وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، لەسەر نەختیلەکان وەستاوە، واتە لەسەر تایبەتمەندیی هەر تاکەکەسێک وەستاوە. ئەوەی زۆر گرنگە لامان، بەها کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە، کە پاراستن و کەرامەتی کۆمەڵگەی لێ دەکەوێتەوە. فەلسەفەی ئەم ڕێکخراوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوکێشەیەیە کە لە نێوان چینی سەردەست و چینی ژێردەستدا دروست بووە، واتا دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان مرۆڤەکاندا و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی جیاوازییە چینایەتییەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵدانی بێوچان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوکێشەی نێوان نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی ژێردەست، کە هەر نەتەوەیەک مافی ڕەوای خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆی بدات، تا دەگات بە بڕیاردان لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان.

ماڵپەڕی ئازادبوون: ئەو میکانیزمانە چین کە ڕێکخراوی ئازادبوون دەیەوێت لە ڕێیانەوە ئامانجەکانی بهێنێتە دی؟

جیهاد محەمەد: هەر کەسێک بخوازێت میکانیزمەکان بزانێت، دەتوانێت زەحمەت بکێشێت و پەیڕەوی ڕێکخراوەکە بخوێنێتەوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم دووبارەیان بکەمەوە.

ماڵپەڕی ئازادبوون: بەشێک لە خەڵک و چاودێرانی باشووری کوردستان، لە کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێئومێد بوون، ڕێکخراوی ئازادبوون چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەکات؟

جیهاد محەمەد: ئەوەی خەڵکی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێئومێد کردووە، ئەوەیە کە زۆربەی ڕێکخراوەکان سەر بەم حیزب و بەو حیزب بوون، کەم ڕێکخراو لە کوردستاندا هەیە سەربەخۆ و ئازاد بووبێت، ڕێکخراوی حیزبی هەیە ساڵانە دەیان هەزار دۆلاری پێ دراوە، بێ ئەوەی توانیبێتی یەک قسەی خێر بۆ خەڵکی کوردستان بکات، بە پێچەوانەوە، وەک تیڤی و سۆشیالمیدیاکانی حیزبەکان، هەمیشە پشتیوانییان لە حکومەت و ئیدارە خراپەکەی کوردستان کردووە. بەڵام ڕێکخراوی ئازادبوون بە تەواوەتی سەربەخۆ و ئازادە، دوور لە هەموو قسەیەکی بێ بنەما و بێ بەڵگە، بەوپەڕی ئازادییەوە قسەی خۆی دەکات، قسەی ئەم ڕێکخراوە بە هیچ جۆرێک نابێت بە پشتیوانیی هیچ حیزبێک، بە تەواوەتی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ، بە تایبەتی مافی مرۆڤی کورد، کاری ئێمە بەرگریکردنە لە مافی خەڵکی بەشمەینەت، هەوڵ و تێکۆشانە بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی کۆمەڵگە، کە بۆ ئەمەیش لە تاکەوە دەست پێ دەکەین. بۆیە بڕوامان بە پەروەردەی نوێ و سەردەم هەیە، ئەوەی زۆر بەهەند وەری دەگرین، پەروەردەی نوێیە، لە منداڵی یەک ساڵەوە تا گەورەبوونی. ئەم ڕێکخراوە لە هەوڵی ئەوەدایە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەموو ئەو ڕێکخراو و ئۆرگانانەدا هەبێت کە بە ڕاستی سەربەخۆ و ئازادن و کار بۆ حیزب ناکەن. لە ڕاستیدا لای ئێمە وایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێکی زۆر بەهێزی کۆمەڵگەیە، کەرتی گشتی کە حکومەت و دامودەزگا دەوڵەتییەکان دەگرێتەوە، هەروەها کەرتی تایبەت و کەرتی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوی ئازادبوون لە هەوڵێ ئەوەدایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بخاتە سەر پێ و هاوکار و یارمەتیدەری ڕاستەقینەی هەموو ئەو ڕێکخراوانە بێت کە کۆمەڵگەی مەدەنییان بەلاوە گرنگە و هەوڵی پەرەپێدانی دەدەن.

ماڵپەڕی ئازادبوون: پلانتان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ حیزب و حکومەت و ڕێکخراوەکانی تردا هەیە؟

جیهاد محەمەد: ڕێکخراوی ئازادبوون دژایەتیی هیچ حیزبێک ناکات، دۆستایەتییشمان لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت کە ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە بە هیچ جۆرێک بەدکاری بەرامبەر بە مرۆڤەکان و کۆمەڵگە نەکات، بۆ مەبەستی تایبەتی و بەرژەوەندیی خۆی بە کاریان نەهێنێت. ئایا حیزبی وا هەیە لە کوردستاندا؟ ئەگەر هەیە، ئێمە ئامادەی دۆستایەتیین لەگەڵیدا، بێگومان لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکگەرایی و تواناسازیی مرۆڤەکان لە هەرێمی کوردستاندا.