رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ کاروان عومەر

Facebook
Twitter
LinkedIn

دەربارەی هونەری سەما

سازدانی: ئاراس ئەنوەر

کاروان عومەر، لە ١٤ی ٥ی ١٩٧٠ لە شاری سلێمانی کوردستانی باشوور لەدایک بووە، لە ساڵی١٩٨٥\١٩٩٠ بڕوانامەی دیبلۆمی لە نواندندا لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان بەشی شانۆ لە سلێمانی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٩٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی شانۆی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغداد تەواو کردووە. لەساڵی ١٩٩٨ەوە لە وڵاتی سویسرا دەژی. لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ دەستی کردووە بە فێربوونی سەمای هاوچەرخ لە چەند قوتابخانەیەکی جیاواز و پاشان بڕوانامەی دیبلۆمی لە دوای ساڵێک خوێندنی سەما لە ماڵی سەمای زیوریخ و ساڵێک لە تەکنیکی ئیڤان ڤۆڵف لە سەمای مۆدێرندا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا وەک سەماکار بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٧\٢٠٠٩ بڕوانامەی ماجستێری لە بواری پەروەردەی سەمای هاوچەرخدا لە خوێندنی باڵای زیوریج لە سەما ئەکادیمی زیوریج بەدەستهێناوە. تا ئێستا نزیکەی ٥٠ بەرهەمی لە بواری نمایشی سەمادا پێشکەشکردووە، سۆلۆ سەما، جوت سەما و سەمای کۆمەڵ و لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستی کردووە بە پرۆژەی گەورە و بەرهەمهێنانە سەربەخۆکانی کە یەکەمین بەرهەمی سەمای ”فڕینی سپی” بوو. لە ساڵی ٢٠١٢ وە کۆمپانیایەکی سەمای دامەزراندووە و بەردەوامە لەکاری توێژینەوە و وانەوتنەوە، دوا توێژینەوەی بە ناوی “بە سەماكردن كرۆكی خۆت ئاشكرابكە” كە دوو ساڵی خایاندووە. لە بواری سەمای منداڵاندا نەوەی پێگەیاندوە بە درێژایی ١٠ ساڵی وانەوتنەوە. بەرهەم و ۆرکشۆپە سەماکانی لە وڵاتانی یابان، فەرەنسا، نەرویج، سوید، ئەڵمانیا، بەغداد و کوردستان و سویسرا پێشکەشکراون. تا ئێستا ٣ خەڵاتی کولتووری لە بواری سەمادا بەدەستهێناوە لە کانتۆنی تسوگی وڵاتی سویسرا.

پرسیار/ هونەری سەماکردن چییە و چەند جۆر سەما هەیە؟

وەڵام/ کاتێک باسی هونەر دەکەین، دەچێتە چوارچێوەیەکی قوڵی زانستی و ئەکادیمییەوە. سەماکردن بەشێوەیەکی هونەری، یاخود سەمای هونەری واتە، هونەرێکە کە ئامانج و بەرئەنجامی خۆی هەیە و پیادەی ئەکات. کەوایە کاتێک سەما دەبێتە هونەر، لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمیدا، قۆناغ بە قۆناغ، جەستەیەک هەیە بۆ ئەو جۆرە هونەری سەمایە بونیادنراوە. سەرەتا لە جەستەوە دەست پێدەکەین. ئەو جەستەیە بارگاوییە و پڕ زانیارییە بە هەموو توانستەکانی جەستە، وە میتۆدی سەما هەیە لە پشت ئەم فێربوونەوە. کەواتە سەما بەشێوەیەکی هونەری بەبێ میتۆد ناکرێت. سەماکارێک یان ڕاهێنەرێک لە ئەکادیمیایەکی هونەری فێری سەمای هونەری نەبووبێت، ناتوانێت سەمای هونەری بکات. ڕاستە ئەکرێت لەملاولا فێرببێت، بەڵام هێشتا ئەو قوڵاییەی کە لە ماوەی فێربووندا هەیە، کە ماوەی بونیادنانی جەستەیە، کە ڕۆژانەی فێربوونی جوڵەکان و میتۆدەکانی سەمایە وڕۆژانەی ئەزموونکردنە، بەڕاستی تۆ ناتوانیت بیچوێنیت بەوەی کەسێک لە کتێبێک، ڤیدیۆیەک کە دەکەوێتە بەردەستی، یان ڕاهێنەرێک بەڕێکەوت ڕێی دەکەوێتە وڵاتەکەت و بەپەلە هەندێک شتی لێوە فێرببێت بەبێ قوڵبوونەوەی ڕۆژانە. لەلایەکی ترەوە، لە دوای وەرگرتنی بڕوانامە، ئیشکردنێکی سەماکار و ڕاهێنەر و کۆریۆگرافییە “Choreography” لەگەڵ خودی جەستەی خۆیدا، چونکە دواجار لە جەستەی خۆیەوە کۆمەڵێک شت ئاشکرا ئەکات، ئەو کۆمەڵە شتە، جوڵەی نوێیە، کۆریۆگرافی نوێیە وە ڕاهێنانی نوێیە. سەمای هونەری ناکرێت بەبێ ڕیتم و ڕیتواڵی مۆسیقابێت. مۆسیقا پاشخانێکی زۆر قوڵ و گرنگی هەیە لە سەمای هونەریدا، چونکە زەمەنی مۆسیقا و زەمەنی سەما پێکەوە گرێ ئەدرێن. لە هەندێک دۆخیشدا، مۆسیقای ناوەوەی سەماکار، زەمەنی جوڵە و زەمەنی کاری کۆریۆگرافی ئەبات بەڕێوە. سەمای هونەری گرنگی ئەدات بە هەموو بنەما سەرەکییەکانی سەمای ئەکادیمی و قۆناغ بە قۆناغ ئەم سەمایە دەکرێت. بنەما سەرەکییەکان وەک کۆریۆگرافی، ڕووناکی، جلوبەرگ، بەکارهێنانی شوێن، بەکارهێنانی جوگرافیای جەستە و جوگرافیای شوێن بە بەریەک کەوتن لە کات و ساتی نمایشدا، سەمای هونەری بەبێ کۆنسێپت و بەبێ بیرۆکە ناکرێت، بەبێ پێکهاتە و ناوەڕۆک و چوارچێوەدانان و سنوردانان ناکرێت، بەبێ پیادەسازی و ئامادەسازی بوونی سەمایەکی هونەری مەحاڵە. کۆنسێپتێک کە دەرهاویشتەی ژیانی ڕۆژانە، ئەدەب، میوزیک یان کۆمەڵگا یان میتۆلۆجی ئەفسانەناسییە، وە هەروەها ناوەڕۆک و چوارچێوەی بابەت هەیە لە سەمای ئەکادیمیدا، ڕێگا و شێوازی دەربڕین هەیە لە هونەری سەمای ئەکادیمیدا، کەسێتی هەیە، پاڵپێوەنەر هەیە، بۆ هەموو ئەو دۆخانەی کە سەمایان تێدا دەکرێت. بەڕێوەبردنی هەموو ئەمانەش لە ڕێگای جوڵە و جەستەوەیە. بەرامبەر بەمە سەمای فۆلکلۆر هەیە. سەمایەکە، فۆلکلۆری گەلانە، یاخود سەمایەکە ئەکرێت لە هەموو شوێنێکدا بە کاری ڕاگوزەری ڕووبدات، جوڵەی خۆڕسکی جەستەیە. کەواتە لە دەرەوەی سەمای ئەکادیمی، سەمای خۆڕسکمان هەیە، جوڵەی خۆڕسکمان هەیە، سەمای فۆلکلۆرمان هەیە. ئەمانە ئەکرێت زۆر باش لە دەرەوەی ئەکادیمییەکان فێریان ببیت، بەڵام ناشتوانین بڵێین شوێنی فێربوونی سەمای فلامینگۆ یان سەڵسە یاخود سەمای تانگۆ سەمای فۆڵکلۆری گەلان نییە، دیارە ئەمانەش لە چەند ئاستێکدا و بە قۆناغ فێردەکرێن بەڵام بەو شێوە قوڵەی کە سەمای ئەکادیمی هەیە نا. سەمای ئەکادیمی بەر تواناکانی جەستە و بەروپێش بردنی جەستە و بونیادنانی جەستە ئەکەوێت. لەم سەمایانەی تردا ئەوەنەی لە سنوری سەما فۆلکلۆرییەکە ئەمێننەوە زۆر نایەنە ناو ئەکادیمییەکەوە، هەرچەندە جاروبار ڕێگە ئەگرن و دێن بەڵام دواجار ئەوە سەمایەکی فۆلکلۆرییە، سەمایەک نییە بەر ئێستای مرۆڤ بکەوێت، سەمایەک نییە چیرۆکی قوڵی پێ بگێڕێتەوە، سەمایەک نییە باسی ژیانی ڕۆژانە یاخود کۆمەڵگای پێ بکەیت. ناتوانین بڵێین هەر نەکراوە، بەڵام زۆر سنوردارە کارەکانیان.

بڕگەیەکی تری پرسیارەکە، چەند جۆر سەما هەیە؟ لە سەمای ئەکادیمیدا، سەمای کلاسیکمان هەیە و سەمای شانۆی، مۆدێرن، سەردەم یاخود سەمای هاوچەرخمان هەیە. هەریەک لەمانەش پەلی هاویشتووە و چەند ڕێچکە و شێوازی وەرگرتووە، بە پێی مۆرکی ئەو شوێنانەی کە ئیشی تێدا دەکرێت جیاوازن. جۆرە سەماکانی تر کە ئێستا لە بەردەمماندا بێت سەمای فۆلکلۆری گەلانە. بەڵام ئەگەر بچینە وڵاتێکی وەک هندستان بە سەداها جۆری سەمایان هەیە، سەمای ڕۆژهەڵاتی کە لە وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتی فارسدا سەریهەڵداوە، وە لە وڵاتانی ئاسیاشدا سەیردەکەین چەندەها ڕێچکەی وەرگرتووە، بەڵام ئەمانە هیچی نەچوونەتە بواری میتۆدەوە، بڵێین میتۆدێک هەیە و بەشێوەیەکی زانستی ئیشیان لەسەر کراوە. بۆیە من ناتوانم بە تەواوی پێتبڵێم چەند جۆر سەما هەیە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا چەندین جۆری سەما هەیە و هەر مرۆڤێکیش دەتوانێت بە پێی خواست و وویستی خۆی سەمای دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت. لە کۆتایدا ئەمەوێت بڵێم، سەمای هونەری واتە کارێکی هونەری مەبەستدار، وە کاریگەر بە بوون و دروستکردنی جەستەیەکی بەرگریکار و بەرەنگارکار، نەک تەنها جەستەیەکی نمایشکار و بێ ووتار و گوفتار و کردار، کەواتە لە سەمای ئەکادیمیدا، ووتارێکی ئەقڵانی هەیە بەر بینەر دەکەوێت. بابەت بەس تەنها پشاندانی جەستە و نمایش و فڕینەکان و جوڵەکان نییە بەڵکو باس لە ئێستای مرۆڤی دوای پۆستمۆدێرن و ئێستای دۆخی پەتای جیهانی و کێشەکانی مرۆڤە بە گشتی لە ئێستادا. ناتوانین بڵێن جۆری سەماکانی تر سەمانین، بەڵام پرسیار لەسەر مەبەست و پەیامی سەمایە. ئێستا لێرە و لەوێ سەما دەکرێت بۆ هەندێک بۆنە، ئەوەی لەم ماوەیەیا لە کوردستان بیستوومە، بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی دەوڵەمەندێک کراوە، ئەمانە ناچنە ناو چوارچێوەی سەمای هونەری و ئەکادیمی و خاوەن مەبەست و پەیامەوە، جگە لە نمایشێکی کاڵ و کرچ هیچی تر نین.

پرسیار/ ئایا سەماکردن کردەیەکی تاکەکەسییە یان کردەیەکی بە کۆمەڵە؟ واتە ئایا جۆرەکانی سەما لە ڕووی بەشداری تاک و کۆمەڵەوە چۆنە و جیاوازییان چییە؟

وەڵام/ سەماکردن هەم کردەیەکی تاکەکەسییە و هەم کردەیەکی بە کۆمەڵە، بەڵام جۆری سەماکە، ئەم کردەیەی بە مۆتیڤکردووە، یاخود جۆری سەماکە ئەم کردەیەی بە بابەت کردووە. یان ئەتوانین بڵێن بە هۆی ناوەڕۆکەوە جۆری سەماکان ئەگۆڕێت. بۆ نمونە، لە سەمای ئەکادیمیدا، هەم سەمای تاکەکەسیمان هەیە و هەم سەمای بە کۆمەڵمان هەیە، بەڵام لەناو پرۆسەی بونیادنانی کۆریۆگرافی سەماکەدا هەموو ئەژماردێک کراوە کە بۆچی سەماکە سۆڵۆیە کە تاکە کەسییە یان دوێتە کە دوو کەسییە یان تریۆیە کە سێ کەسییە و بۆ سەمای گروپ هەیە، واتە مەبەستدارە، و پابەندە بە چیرۆک و کۆنسێپتی ئیشەکەوە. دەربڕینی بابەتێک، دوای ئەوەی لە دەربڕینی تاکەکەس یان سۆڵۆیەکدا نییە، بیر لەوە دەکرێتەوە کە سەماکارێکی تریش بێتە ناوەوە بەرامبەری بێت، یاخود بکرێت بە کاری گروپ. کەواتە ئێمە لە سەمای ئەکادیمی، بالێت، یان سەمای هاوچەرخدا، بە مەبەستداری سەماکان تاکەکەسییە و یان بە کۆمەڵە. بەڵام لە سەمای فۆلکلۆردا، بابەتەکە تەنها چێژبینین و پشاندانی مۆرکی میلی گەلێکە، یان بەشێک لە ئاهەنگێکە، و لێرەدا زیاتر بابەتەکە چێژبینین و کاری بە کۆمەڵە کە هەموو وەکویەک ئەجوڵێن و هەموو وەکویەک بیر ئەکەنەوە، و بابەتێکی تایبەتیان نییە گوزارشتی لێ بکەن یان دەربڕینی لەسەر بکەن. ئەمە بە شێوەیەکی گشتی جیاوازییەکەیە. لە سەمای هاوچەرخدا، ئێمە ئیش لەسەر تاک دەکەین، جەستەی تاک ئازاد دەکەین، ئەمانەوێت تاک دەربڕینی خۆی هەبێت، و بە هیچ شێوەیەک تاک نابێتە کۆپییەک یان وێنەیەکی ئەویتر. بەڵام لە سەمای ئەکادیمی بالێتدا بە جیاوازییەوە، زۆربەی کات ئەبنە وێنەیەکی یەکتر و هەموویان لە یەک دەچن. واتە، لە سەمای فۆلکلۆردا وەک هەڵپەڕکێی کوردی، کە هەموو پێکەوە دەست دەگرن، تاک تێیدا وونە، تا ئاستێک تاک تێیدا ئەمرێت، بوونی وەک تاک تێیدا ئەمرێت. وەک چۆن لە سەمای ئەکادیمی بالێتدا بە هەمان شێوە، جۆری جوڵەکان و شێوەی هەڵکەوتوویان تا ئاستی پێوانەی جەستەیان هەژماردەکرێت، کە دەبێت بە یەکەوەبن هەتا ئەگەر ئیشی گروپیش بێت. بەڵام لە سەمای هاوچەرخدا، ئێمە ئیش لەسەر تاک دەکەین، ئەگەر ئیشێ گروپیش بێت پێکەوە، هەر یەک بە بوونی خۆی لە ناو ئەو گروپەدا ئیش ئەکات، ئەمە جیاوازییەکەیە. بەبوونی جەستەیی، بە توانای جەستەیی، و بە توانای دەربڕینی خۆی بەشێکە لە گروپەکە، واتە بەشێک پێک ئەهێنێت لە وێنەی گشتی گروپەکە، نەک ئەوەی گروپەکە هەموو بەیەکەوە یەک بەشبن. سەمای هاوچەرخی ئەکادیمی تاکە هونەرێکە کە تاک تێیدا بەرخۆی دەکەوێت، بەر جەستەی خۆی و بەر هێز و توانا و ووزە و هەستی خۆی دەکەوێت، و ئیش لە ناوەوەی خۆی دەکات بەرەو دەرەوە، بە پێچەوانەی سەمای بالێتەوە، کە شتەکان لە دەرەوە خۆیان ئەخەنە ناوەوە. کەواتە تۆ لە خۆتەوە، پەخشی جوڵە و هەڵڕژان و هەڵکشانی تەقینەوەکانی جەستە ئەکەیت، وەک لەوەی لە دەرەوە بێتە ناوەوە. وەک ئەوەی تۆ لە جەنگێکدایت لەگەڵ خودی خۆتدا، بۆ دەرەوە، بۆ کۆمەڵگا، بۆ نەریتەکان، بۆ ئایین، و بۆ هەموو ئەو بابەتانەی ئیش لەسەر تاک دەکات.

پرسیار/ جیاوازی نێوان سەمای کلاسیک و سەمای مۆدێرن چییە؟

وەڵام/ کاتێک ئێمە بیر لە سەمای بالێت ئەکەینەوە، زۆربەی کات وێنە و ئیشێکی زۆر ڕوون لە مێشکماندا دروست دەبێت. سەماکاران ئەبێت تەنورەی کورت لە پێ بکەن، کە بە توتوس “Tootoos skirts” بەناوبانگە. زۆر بە هێواشی و سووک لەسەر شانۆکە دەفڕن و لەنگەردەگرن. بەڵام سەمای هاوچەرخ چۆن دەر ئەکەوێت؟ بەپێی ساڵانێکی دوورودرێژی ئەزموونکردنم لە هونەری سەمادا، زۆرینەی ئەوانەی کە وویستوویانە دەست بە سەما بکەن، یان ئەو کەسانەی کە هیچ شارەزاییەکیان لەگەڵ هونەری سەمادا نەبووە، پێشتر هیچ بیرۆکەیەکی ڕاستیان لەسەر سەمای مۆدێرن لەبەردەستدا نەبووە، چونکە ئەوان ئەزانن چ شتێک چاوەڕوانکراوە لە نێو سەمادا ڕووبدات، واتە سەمای مۆدێرن زۆر زۆر کراوەیە و سنوری زۆر فراوانترە لە سەمای کلاسیک. دیارە من نامەوێت بە خاڵ قسەبکەم، بەڵام ووردە ووردە کە دەخوێنرێتەوە خەڵک ئیتر تێدەگات من تێڕوانینم چۆنە. دیارە پاساو و هۆکارەکە ئەوەیە، بەهۆی ئەوەی کە سەمای هاوچەرخ شێوازێکی سەمایە کە کەمتر ناسراوە لەلای خۆمان وەک لە بالێتی کلاسیک یان هیپۆپ، بەڵام زۆرێک لایەنی باش و چاوەڕوان نەکراو پێشکەش دەکات. بۆ نمونە، لە سەمای هاوچەرخدا ئێمە سەمای چارەسەریمان هەیە، لە سەمای هاوچەرخدا ئیشکردن لەسەر تاک هەیە، دەربڕین و هەستەکان گەورە دەکرێن و ئیش بە ووزە دەکرێت. بەسوکی لەسەر تەختەی شانۆ لەسەر خۆ فڕین و لەنگەرگرتن، بە درشتی و ڕاستی ووتراوە کە لە بالێتدا دەست کەسێک ئەکەوێت، واتە یەکێک لە ئامانجەکانی بالێت ئەمەیە: لەم شێوازی سەمایەدا، بەردەوام لەش بە هێزی ڕاکێشان، واتە هێزی ڕاکێشانی زەویی کاردەکات. دۆخی ڕێک و گرژبوونی جەستە گرنگییەکی فراوان و گەورەی هەیە، کە ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییەکان. هەتا سەماکار بتوانێت جوڵەی سەمای بالێت بەشێوەیەکی ڕاست بەرجەستە بکات، پێویستی زیاتری بە گرژبوون و دۆخی ڕێکی هەیە، وە فڕینێکی زۆر بەرەو سەرەوە. ئەم بابەتە تەواو جیاوازە لە سەمای مۆدێرندا. لە سەمای نوێ، هاوچەرخ یان مۆدێرندا، مرۆڤ لەنێوان گۆڕانکاری گرژبوون و خاوبوونەوەدا کاردەکات کە زۆربەی کات سەرنجدان لەسەر خاوبوونەوەیە، جوڵەکان بە ڕوانگەی زەمین دەڕوات بە بەکارهێنانی هێزی ڕاکێشانی زەمین. کەواتە باڵێت دژ بە هێزی ڕاکێشانی زەمینە بەڵام لە مۆدێرندا ئێمە بە ڕاکێشانی هێز و کێشی زەمین کاردەکەین. هەر ئەمەش وادەکات کە سەمای مۆدێرن بە زەمینی ناودەبرێت، ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان. زەمینی بە واتای ڕەگ داکوتاو لەسەر زەمین، بەو واتایەی، بەهۆی بوونی هەردوو قاچەکانەوە لە ژیاندا بووەستە، یان بە واتای پێیەکانم لەسەر زەمین ڕەگیان داکوتاوە. زەمینی واتە زەمین و ڕەگ. بە واتایەکی تر، لە چیرۆک و دەربڕین و ئاماژەکاندا بە هەموو ئەو بابەت و دەسەڵات و کەسانە دەوترێت کە زەمینیان گەندەڵ کردووە یاخود گەندەڵی دەکەن، واتە چیرۆکەکان گرنگی بە ئێستا ئەدات. زەمینی واتە مانەوە لە شوێنێک و بە تێپەڕبوونی زەمەن زەمینەسازی بۆ بونیادنان، واتە مەنزڵگەیەک بۆ خۆت و بینین و فڕینی جەستە و گەڕانەوەی خێرا بۆ زەمین و پشویەک و دووبارە بەرپابوون و بابەتی نوێ و مۆتیڤی هونەری نوێ، نەک مانەوە لە یەک بەرگ و شوێن و زەمەن و تەنها چیرۆکێکدا، بەردەوام چیرۆکی نوێ و گێڕانەوە و دەربڕین هەیە لە سەمای مۆدێرندا. زەمینی بەواتای ژینگە. ژینگەیەک بۆ جەستە و سەما، ژینگەیەک کە لە توانایدایە بومەلەرزەیەک بێنێتە کایەوە، قڵیشانێک، تەقینەوەیەکی ناوەکی ڕوو ئەدات لە ژێر زەمینەوە لە باری جەستەدا و دواتر شەپۆلی شۆکهێنەر هاوەڵی دەکەن، دوور زۆر دوور لە پنتی قڵیشان بڵاودەبنەوە، ئەو پنتەی کە بە سەرچاوە و چەقی ژێرەوە ناودەبرێت، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جوڵەی سەرسامکەر لەسەر پێستی زەمین، کە پاساوەکەی ئازادبوونی پەستانی کۆبونەوەی جەستەیە لە ڕێگای قڵیشان و درزەکانی دەربڕین و چالاکییە گڕکانییەکانەوە. لێرەوە مەبەستمە بڵێم، کە دەڵێن زەمینی، واتە سەمای هاوچەرخ پەیوەندییەکی تەواوی بە گەردوونەوە هەیە. بەلایەکی تردا جیۆگرافیای زەمین و جیۆگرافیای جەستە و سینۆگرافیای شوێن پێکەوە کاردەکەن و کارلێک دەکەن. ڕووبەری زەمین و بەشە سروشتییەکان نوێنەری جەستەیەک دەکات، جەستەیەکی داخراو لە پەڕەیەکی بەهێزدا. زەمین بەواتای جەستەیەک کە ئارەقەی لە زەمیندا هەیە، واتە جەستەیەک کە کێشی هەیە و فراوان بووە، هەتا ئەوکاتەی جێگیربووە. زەمینەیەکی پڕ فەڕ بۆ جەستە وە زەمینەیەکی پڕ فەڕ بۆ خەون و فڕینەکانی جەستە. زەمین واتە پایەدار یاخود بە پراگماتی و نائاڵۆز، بە دەستێکی بەهێز و بەرکەوتنێکی بەهێز لەسەر زەمین بە ڕاستییەکان بە ووشیارییەکان بە ڕیاڵیتی ژیان، واتە هەموو هەڵسوکەوتێکی پراکتیکی لەسەر ووشیاری و مێشکێکی تیۆری داڕێژراو و بە ووشیارییەوە کراوەبێت. وەک ئەزانین پراگماتی رەتکردنەوەی ناگۆڕانکارییە لە پرەنسیپدا، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەمایەکی زەمینی واتە ڕەتی هەموو ئەو بەربەستانە ئەکات کە لە گۆڕانکاریدا هەن، واتە بەردەوام جەستە لە گۆڕانکاریدایە. ئەمە وەک تەنها پێناسەیەکیش بۆ سەمای مۆدێرن زۆر گرنگە. بەڵام لە بالێتدا مرۆڤ لە گەڕاندایە و هەمیشە شوێنکەوتەی حەزێکە کە بەرەو سەرەوەی ببات لەپێناو بەدەست هێنانی ئاسانی و سانایی جوڵەکان، کە یارمەتیدەری بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو شێوە سەمایە. کەواتە سەماکاری باڵێت، ئەوەنەی سەیری ئاسمان دەکات ئاگاداری لە مرۆڤی بەرامبەری لەسەر زەمین نییە، ئەمە جۆری جوڵەکان ئەم جۆرە کارەکتەرەی پێ دەبەخشێت، هەموو ئەو کەسانەی پێشتر بالێتیان تاقی کردووەتەوە لە ڕاستیدا ئەوە دەزانن کە بەرگەگرتنی ئەو شێوە سەمایە شتێکی ئاسان نییە، کە زۆر ئیش لەسەر گرژبوون و بەرزبوونەوە ئەکات ، لەبەر ئەوەی گەر بەدوای خاوبوونەوەدا بگەڕێین ئەوا سەمای هاوچەرخ هەڵبژێریت باشترە. لەگەڵ ئەوەی سەمای هاوچەرخ جوڵەکانی ماندوت ئەکەن، بەڵام بەشێواز و ڕێگایەکی تر وەک لە بالێت جوڵەکان بە ئەنجام دەگەیەنێت. لە سەمای هاوچەرخدا هەناسە زۆر گرنگە، هەناسە کاری پێدەکرێت و هاوکاری کارئاسانی جوڵەکان دەکات، زۆربەی کات هەناسەدان لە کاتی گرژبوون و خاوبوونەوەدا یارمەتیدەرە و لەگەڵ هەموو گرژییەکدا، هەناسەدان گرنگی خۆی هەیە کە نابێت لە بیر بکرێت و دیارە ئەمەمان لە سەمای بالێتدا نییە. هەندێک دۆخی جوڵەی جەستەمان هەیە کە لە سەمای بالێت و سەمای مۆدێرندا هەمان شتە، ئەویش جوڵەکانی قاچ و دەستە پێی دەوترێت پلییە. دۆخی جوڵەی قاچەکان لە سەمای بالێتدا بەردەوام بەرەو دەرەوە لە سوڕاندان هەروەک چۆن سوڕانی قاچ بەرەو دەرەوە بۆ بەکارهێنانی جومگەی سێبەندە بەکاردێت، بەڵام لە سەمای مۆدێرندا قاچ بە شێوەی هاوسەنگی بەکاردێت زۆربەی کات، بەدڵنیاییەوە سوڕانی قاچەکان بەرەو دەرەوە لە سەمای مۆدێرنیشدا هەندێک جار ئەمە ڕوودەدات، شتێکی تر کە لەنێوان ئەم دوو سەمایەدا هاوبەشە، بەکارهێنانی زۆرترین ماسولکەکانی جەستەیە.

پرسیار/ مەبەست لە سەماکردن چییە؟ ئایا سەماکردن جۆرێکیترە لە دەربڕینی مرۆڤ لەوەی کە بە زمان ناتوانێت بیگەیەنێت بە جوڵە دەیگەیەنێت؟

وەڵام/ سەماکردن بە لایەنە تیۆرییەکەی، واتە ژیانکردن لە ئاستێکی باڵاتردا لە چاو ژیانێکی ئاسایی یاخود ئاستێکی باڵایە لە ئاست ژیانی سروشتی مرۆڤەکاندا. بۆ؟ لێرە مەبەست چییە؟ ئێمە کە سەما ئەکەین، بەڕاستی ئەجوڵێین. ئەگەر جوڵە وەربگرین وەک ووشەیەک، جوڵە خۆی بۆ خۆی، واتە بەردەوامی، ووزە، واتە بەرەنگاربوونەوەی وەستان و خەفەبوون، کە ئەمە بۆخۆی ژیانکردنە. ئەگەر گەردوون بە نمونە وەربگرین، مانگ و ئەستێرە و زەوی بەردەوام لە جوڵەدان، پاشان بە هۆی بوونی هەوا و باران و هەموو کەشەکانی تر کە بەسەر گۆی زەویدا دێت، وە بوونی ئاگر و خۆڵ، جۆرە جوڵەیەک هەیە لە گۆی زەویدا بۆیە هەست ئەکەین ژیان هەیە. ئەگەر ئەم جوڵانە بوەستێت ژیان ئەوەستێت. کەواتە هەر لەو ئاستەوە کە سەما بەکاربردنی ووزەیە، وە لە هەمان کاتدا وەرگرتنی ووزەیە، کەواتە خۆی بۆ خۆی ژیانکردنە لە ئاستێکی باڵاتردا. ئەم ئاستە باڵایە مەبەستمان چییە؟ ئەو کاتەی ئێمە سەما ئەکەین، بەر خۆمان ئەکەوین، بەر جەستەی خۆمان ئەکەوین، وە هۆشیارانە و ناهۆشیارانە، جەستەمان بە جۆرێکی جیاواز لە بەسەربردنی ژیانی ئاسایی ئێمە لەسەر کارەکانمان ئەجوڵێین، ئەبزوێین، بیر ئەکەینەوە، بەس لە سەماکردندا جوڵە و بزوان و بیرکردنەوەکان زۆر جیاوازترن. لە سەماکردندا ناتوانین بەبێ پێدانی ووزە و وەرگرتنی ووزە لە هەوا و زەوی وە سەماکاری بەرامبەر پشتگوێ بخەین. بەس لە ژیانی ئاساییدا و لە شوێنی ئیشمان جاری وا هەیە ئەگەیتە ئەوەی وەک ڕۆبۆتێک ئیش بکەیت بۆ ئەوەی شتەکان بەردەوام بێت، بەڵام بەبێ  هەستکردن بەو قوڵاییەی کە لە سەمادا دێتە کایەوە. ئێمە لە سەمادا دەچینەوە ناخی خۆمان، و دەست ئەبەین بۆ شتەکانی ناوەوەی خۆمان و ئیش لە خۆماندا ئەکەین لە ڕێی دەربڕینەکانەوە. وە دواجار هەر بۆیە سەماکردن ژیانکردنە لە ئاستێکی باڵاتر لە ژیانی ئاسایی، ئەمە بە لایەنە تیۆرییەکەی. بە لایەنە پراکتیکییەکەی مەبەست لە سەماکردن وەرگرتنی ووزەیە لە هەوا و زەمین لە کاتی سەماکردندا ، هەر وەک چۆن وێنەکێشان و نەخشاندنی جوانترین هێڵ و چێوەیە بۆ تابلۆیەکی پڕ لەڕەنگ و دەنگ و هەست و نەست و بیرکردنەوە. کەواتە ئەکرێت بەلایەنە پراکتیکیەکەی سەما وەرگرتنی خۆشەویستی و ووزەی ژیانیش بێت لە جوڵە و ترازان و لێک خشان وبەریەککەوتنی تەواوی ماسوڵکە و ئێسکی لەش، بە تایبەتی ئاشکراکردن و دەرهێنانی ووزەی شاراوەی ناو جومگەکان، ئەو جومگانەی کە پارچەکانی لەش پێکەوە دەبەستێتەوە و پێکەوە گرێیان ئەدات. سەماکردن بە شێوە پراکتیکیەکەی لە ئاستێکی تردا یاریکردن و خۆ گونجاندن و بەکارهێنان و داگیرکردن و لەهەمانکاتدا ئازادکردنی هێزی ڕاکێشانی زەوییە لە پێناو پتەوکردن و تۆکمە کردن و بەهێزی جوڵە و هاوسەنگی هێز و ووزە و هەست و بیرکردنەوە و دەربڕینە جەستەییەکان. کەواتە بە لایەنە پراکتیکەکەی ئەگۆڕێت، بە لایەنە تیۆرییەکەی باس لە ژیان بکەین سەما مەبەستدارییەکی تری هەیە. بێمە سەر بڕگەی دووەم، ئایا دەکرێت بڵێین سەما جۆرێکی تری زمانی جەستەیە؟ بەڵێ، زۆر جیاوازە لە بەکارهێنانی جەستە لە کاتی یەکتر بینیندا، وەک لە سەمادا. لە کاتی یەکتر بینیندا، زۆر کەس ئەوەی لەسەر دەمییەتی ئەگەر بتوانی زمانی جەستەی بخوێنییەوە، زۆر جیاوازە لەوەی لە بیرکردنەوەیایەتی یان ئەوەی ئەیڵێت هەست ئەکەیت لێرە، زۆر دوالیزمێکی جیاواز هەیە لە کاتی ژیانی ئاسایی، بەس لە سەمادا ئەو جوڵەیەی دەکەیت، هەمان ئەو جوڵەیەیە کە لە هۆش و هەستەوە دێت و شتێک نییە شاراوە بێت. من لەلای خۆمەوە بەردەوام بە خوێندکارەکانم ئەڵێم، بەس بجوڵێ بەبێ ئەوەی هیچ ووشەیەک بڵێت تێ ئەگەم لە کاتی سەمادا تۆ ئەتەوێت بڵێی چی، چونکە سەما هەمان کاری دەربڕینی هەستی ناوەکی دەکات.