رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ خەندان حمە جەزا

Facebook
Twitter
LinkedIn

دەربارەی کۆمەڵگا

سازدانی: ئاراس ئەنوەر

خەندان جەزا، چالاکی مافی مرۆڤ، داکۆکیکەری پرسی ژن، خاوەنی چەندین توێژینەوە لە بوارەکانی (لەشفرۆش، هۆمۆسێکسوال، ناپاکی هاوسەری، جیاوازی نێوان پێکەوەبوون لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا). لەساڵی 1993 لەڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کاری کردووە و وەک یەکەمین ژن کاری لەسەر منداڵی سەرشەقامەکان کردووە، پاشان لەگەڵ رێکخراوی منداڵپارێزی بەریتانیا بۆ ژنانی ئەنفال کاری کردووە، هەروەها لەساڵی 1996- 2008 وەک بەڕێوەبەر لەڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد سەر بە ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی سەرپەرشتی پرۆژەی گرتوخانە و کێشەکۆمەڵایەتیەکانی کردووە، دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئاسوودەیە، ئەندامی بۆردی دژ بە توندوتیژی منداڵان و ژنان بووە، هەروەها بەشداری لە ژمارەیکی زۆر سیمینار و کۆنفرانسەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات کردووە و خاوەنی کتێبی بەناوبانگی (ئۆقیانووسێک لە تاوان)ە، لەئێستادا لە وڵاتی نەرویج دەژی.

پرسیار/ کۆمەڵگا چییە و ئێستای کۆمەڵگای کوردی چۆن دەبینن؟ بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مێژووی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی؟

وەڵام/ کۆمەڵگە بەواتای کۆمەڵێکی رێکخراو و لە خەڵک کە هاوزمان و هاورەنگ و هاونیشتمانێک بن. کە مەرجنییە هاو بیرورای ئاینی و سیاسیبن، لە دەوروبەری ھەزارەی دووەمی پێش زایین خەڵکانێک بە ناوی ھیندوئورووپی یان ئاریایی کە دانیشتووی باشووری قەفقاز و دەوروبەری دەریای ڕەش بوون ھاتنە ناوچەکە. دوایی لەو ئاریاییانە خەڵکانێکی نوێتر لە ناوچەکەدا سەریان ھەڵدا بە ناوی ماد. بە سەرھەڵدانی مادەکان لە ناوچەکەدا تەواوی خەڵکانی ئەو ناوچەیە لە ناو ئەواندا توانەوە.  

لە ھەزارەکانی چوارەم و سێھەمی پێش لە زاییندا خەڵکانێک لە کوردستان دەژیان کە پێیان دەوترێ قەفقازییەکان یا ئاسیایییەکان و ئەمانە بریتی بوون لە کۆمەڵێ ھۆز و تیرەی جۆربەجۆر وەکوو گۆتی، لۆلۆ، کاسی، نایری، میتانی، سۆباری و ھتد. ئەمانە زۆر جار لەگەڵ دانیشتووانی میسۆپۆتامی بە شەڕ دەھاتن. لەو شوێنەوار و پاشماوانەی کە لە سەردەمی بابلییەکان بەدەست ھاتووە.

دووا بەدوای قۆناغەکان میرنشینە کوردییەکان دروستبوون کە فەرمان رەوای ناوچە جیاوازەکانیان کردووە کە وەکوو دەوڵەت ھەڵسووکەوتیان کردووە بەڵام دواتر بەھۆی دەوڵەتی سەفەوی و عووسمانی سەرجەم میڕنیشینەکان ڕووخان لەگرنگترین و ناودارترینیان ئەمانەن: میرنشینی حەسنەوی، میرنشینی ڕەوادی، میرنشێنی دۆسکی و مەڕوانی، میرنشینی ئەردەڵان، میرنشینی سۆران، میرنشینی بادینان، میرنشینی بابان، هیج کات کۆمەڵگەی کورد سەقامگیری و ئارامی بەخۆوە نەبینییوە بەحوکمی هڵکەوتەی جوگرافی و کەش و هەواو و سامانی سروشتی و بەپیتی خاکەکەی.

پرسیار/ کەلتوور لە هەناوی کۆمەڵگاوە دروست دەبێت و هاوشان لەگەڵ ڕێڕەوی گەشەسەندنی کۆمەڵگەدا گەشە دەکات، بۆچوونی بەڕێزتان لەسەر کەلتووری کۆمەڵگای کوردی چییە؟ بە لەبەرچاو گرتنی کەلتووری باڵا و کەلتووری ئاست لاواز و کاریگەری کەلتوور لەسەر ژینگەی کۆمەڵایەتی تاک و کۆمەڵ؟

وەڵام/ بەگشتی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی کلتوورە، بەڵام کلتووری کورد بەدرێژای مێژوو هیرشی کراوەتەسەر، کەرت کەرت و پچر پچڕ کراوە، سوتێنراوە و خنکێنراوە سەرکوتکراوەو شێوێنراوە بەئاشکرا، کەچی سەرەرای ئەوەی یەک سەدە لە دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی دەمارگیر و شەڕو دەرکردن و جینۆساید هێشتاش زیندووماوەتەوە و بەرەنگاری دەکات لە مانەوەی، بەهۆی نەبوونی ئازادی رادەربڕین و چاپەمەنی و ئاخاوتن و کەوتنەژێر گوشآری سەخت لەشآرەکاندا لەپیناو پاراستنی زمان و جل وبەرگ و مۆزیک و داب و نەریت، زیاتر پەنای بردۆتە بەر ژیانی شاخ و گوند و خێزان تا پشتی یەکبگرن هەربۆیەش زیاتر بەکۆمەڵگایەکی عەشیرەتی گوندی ناسراون.

دەکرێ بپرسین لەئیستادا چی؟

ئێستا لەبەردەم لەناوچونێکی سەختترین هێرشی دەرەکی و ناوخۆیدایە، لەڕووی فەرهەنگ، زمان، جل وبەرگ، موزیک، داب ونەریت، سنور، جوگرافیا، مێژوو.

پرسیار/ مرۆڤبوون لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا چۆن دەبینیت؟ (مەبەستم ئەوەیە پێناسەیەک یان شوناسێکی گشتی جیهانی بە پێی کۆمەڵناسەکان بۆ مرۆڤ هەیە، بەڕێزتان لە خوێندنەوەتەوە بۆ کۆمەڵگای کوردی (مرۆڤبوونی)، تاکی کورد چۆن دەبینی؟)بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی کۆمەڵگا و کەلتوور لەسەر تاکی کورد، وە بە لەبەرچاوگرتنی میژووی پێشهاتەکان و کاریگەریی ڕووداوەکان لەسەر تاکی کورد؟

وەڵام/ زۆرێک لەدەرونناسان هاوڕان کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ژیرە و زیندەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. بەبروای من مرۆڤ بوونەوەرێکی ئالۆزە و هیچ تاکێک لەهیچ تاکێکیتر ناچیت تەنانەت زۆرجار تێگەشتن و پیناسە بۆخودی خۆشت سەختە.

مرۆڤ کاتێ لەدایک دەبێ جگە لە سیفەتە بۆماوەییەکان و پاڵنەرە فیسۆلۆجیەکان چیتر لەهەگبەیدا نییە، بەڵام لەگەڵ هەنگاوەکانیدا بەکاریگەری خێزان و پەروەردەو داب و نەریت وسیاسەت و بەرزوونزمی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ژینگەی و سروشتی گۆرانکاری لەمرۆڤیشدا روودەدات و کەسێتییەکی لێدروست دەبێ.

بێگومان مرۆڤی کوردیش بەدەر نییە لەوپێناسەیە و لەئێستادا لەنێو گرژی و ئاڵۆزیی و جەنگ و ناسەقامگیری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ژیانێکی سەخت دەگوزەرێنێ، لەبەرامبەردا بەئاگایە لەدوونیای دەرەوەی سنور و جوگرافیای خاکی خۆی پێشکەوتنە مرۆی، تەکنەلۆژی، خزمەتگوزاریەکان دەبینیت، ماف و ئەرک و پیناسەی سەردەمیانەی مرۆڤ دەناسێ. کەوایە دەکرێ بلێێن مرۆڤی کورد لەشەری دەستە و یەخەدایە بەرامبەر مافی سەرەتای و بەدەستهێنانی ئازادی تاک.

لە سیستمی نوێی جیهانیدا وا سەیری هێزی مرۆیی دەکرێت، کە هەر تاکێک بۆ خۆی سەرمایەیە، بەڵام بەو مەرجە لە سیستەمێکی پەروەردەی کارادا پەروەردە بکرێت و لە تاکێکی بەکاربەرەوە بۆ تاکێکی وەبەرهێن بگۆڕێت.

پرسیار/ دۆخی تاک، تاکبوون، تاکگەرایی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا چۆن دەبینیت؟ بە بۆچوونی تۆ ئیمکانی درووستبوونی تاک هەبووە، یاخود هەیە؟ بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری؟

وەڵام/ کوردستان بەگشتی سیستمێکی خێلەکی کشتوکاڵییە تائێستا، کەواتە خێزان گەورەترین دامەزراوەیە بۆیە هێشتا رووبەڕوبوونەوەیەکی گەورە دەبینی لە پەراندنەوەی قۆناغی سیستمی حوکمرانی خێزان بۆ تاک. لەکاتێکدا هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان وە کرانەوەی بەرووی جیهانی گەورەدا و کۆچێکی زۆری دانیشتوانی بۆ خۆرئاوا رێخۆشکەرە بۆ هەوڵدان و بەدەستهێننای سەربەخۆی تاک. لەکۆمەڵگای پێشکەوتودا سیستم و یاسا و تاک هەماهەنگن و ژیان رێکخراوە لە تەواوی بریارو هەڵبژاردندا.

لە کوردستان خێزان و عەشیرەت و یاسای خێڵ و بنەماڵە، بەرپرسی یەکەمن لە بریاردان و هەڵبژاردنی چارەنوس بۆ تاک، جا چ وەک خوێندن، ئایدۆلۆژیا، رەنگ، هاوسەرگیری، جیابوونەوە، ئارەزوو، خواست، ئاین، بیرورا،…. زۆریتر. سەقفی کەسێتی تاک لەهەموو دنیادا سەقفێکی ستاندارە کە راوەستاوە لەسەر چوار پایەی سەرەکی پەروەردەیی، بەبروای من کاتێ دێیتە دنیا یەکێ لەپایەکان پەروەردەی خیزان بۆت دروست دەکات، پاشان قوتابخانە پایەکەی ترە، وە کۆمەڵگا سێهەمیانە، پایەی چوارەم لەقۆناغی هەرزەییەوە دەستپێدەکات کە خوت درووستی دەکەیت، کەسێتی تۆ وەک تاک، وەک مرۆڤێک دادەرێژی و دەبیتە خاوەنی. ”ژان ژاک رۆسۆ” پەروەردە بە کەشتییەک دەشوبهێنێت کە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان رزگار بکات. ئەو پێی وایە پەروەردە بنەڕەت و ژێرخانێکە کە دەکرێت سەرخانی کۆمەڵگایەکی تەندروستی لەسەر دروست بکەیت. بۆیە پەروەردە جۆرێک سەرمایەگوزاریی درێژخایەنی نیشتمانییە.

پرسیار/ دەزانین کە نۆرم و دابوونەریتە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی کۆمەڵگاکان جیاوازە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە، ئایا بە خوێندنەوەی بەرێزتان کۆمەڵگای کوردی دەستی بەو بەها و نۆرمانەی خۆیەوە گرتووە کە لەگەڵ ڕەوتی گەشەسەندنی مێژووی کۆمەڵگاکاندا دروست دەبێت، یاخود کەم تا زۆر گۆڕانکاری تێدا دەبینن، ئەگەر گۆڕانکاری تێدا دەبینن، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە چۆنە؟

وەڵام/ هەموو کۆمەڵگایەک بەپێی پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و زانستی و پەروەردەییەکان دەگۆڕێ و هەوڵی خۆگونجاندن دەدات لەنێوان نەوەی نوێ و نەوەی باوان لەرووی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئایین و داب و نەریتدا. لەکۆمەڵگای کوردیدا بەهۆی نەبوونی پەروەردە بەگشتی سەرلێشێوان دروست بووە. خۆگونجاندن نابینی بەڵکو دابەشبوون زیاتر دەبینرێ کە لایەنێک لەپێناو پاراستنی دابونەریت و بەهاکان، پەیڕەوی سیستمێکی چەق بەستوی نەگۆر دەکات و بکوژو و ببڕ داکۆکی لەنەریتە باوەکان دەکات لەهەموو روویەکەوە.

لایەنێکی تر لەپێناو گەیشتن بەئازادی تاکگەرا و مومارەسەکردنی ژیان لە سیستمێکی دیموکراسی ئازاد و نوێدا تەواو یاخین و بێ پەروەردەکردن و ئامانج و ئاراستە بە سەرکێشی دەجەنگن و بوونەتە قوربانی نەریتی باو و نەریتی نوێ. بوونی ئومێدێک لەم نێوەندەدا سەر هەڵدەدا کە رۆشنفکری و تێگەشتنی کەسانێک خۆرسکانە یاخود خۆیان دەبنە رابەری پەروەردەکردنی خۆیان و لەسەر بنەمای زانست و توێژینەوە و سەرمایە مرۆییەکان و هزرییەکان دوور لە ئایدۆلۆژیای بۆماوەیی و مەزهەب و مینبەر و مەرجەعیەت، هاوکێشەکان شیکاردەکەن.

پرسیار/ بەوەی بەڕێزتان چالاکەوانێکی دیاری بواری مافەکانی ژنان بوون، دۆخی ئێستای خانمان لە کۆمەڵگای کوردیدا چۆن دەبینن؟ بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەری میدیا و سۆشیاڵ میدیا لەسەر شێوازی ژیانی ژنان و ئەو ڕەوشەی بۆ دۆخی خێزانی کورد دروست بووە، و کاریگەری مۆدێرنە لەسەر ژنان بە گشتی؟

وەڵام/ ئێستا کوردستان لەدۆخێکی نائارامی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدایە ، ژن وەک تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە لەژێر زۆرترین فشاردایە، بەپێی شەری پەرینەوەی یاسا و نەریت و فەرهەنگ لەدۆخێکەوە بۆ دۆخێکیتر. سەرباری نەبوونی سیستمێکی پەروەردەی هاوچەرخ و میدیا و دامودەزگا رۆشنبیریەکان بەڵکو لەبەرامبەردا بوونی سەدان  مینبەر و میدیای سەرلێشێواو، کار لەسەر کەسێتی مێینەدەکات کە بەگشتی لەسێ فۆرمدا خۆی دەبینێتەوە؛

یەکەم- ژن دەبێ قارەمان و شەرەڤان بێ، پێشمەرگە بێ و بجەنگێ.

دووهەم- ژن دەبێ ئازاد بێ و بوکەلەیەکی پۆرنۆی یا مۆدێلێکی کیم کارداشیان بێ لە نێو سیستمێکی خێلەکی چەق بەستوی بیاباندا.

سێهەم- ژن دەبێ داپۆشراوبێ و کالایەکی دەستەمۆی بێ هەڵوێستی شەرمنۆک بێ و جێبەجێکاری خواستی نێرینە و تەواوی نەریت و بەهاکان بێ.

بەدەر لەم سێ فۆرمە ژنانێکن کەدەبێ دەست بە سەرپۆشەکانیانەوە بگرن لەپێناو پاراستنی شەرەف و حەیا ئەوا ناچنە هیچ بەرەیەک و سەرکزی ماڵی خۆیانن و تەماشادەکەن. هەڵبەت لەم دۆخەدا میدیا رۆڵی سەرەکی بینییوە کە زیاتر غەریزە هاردەکا و ئەقڵ پاسیڤ دەکات، ئەویش لەغیابی سیستمی تۆکمەی دامودەزگا پەروەردەی و رۆشنبیرییەکاندا. بۆیە ئاستی توندوتیژی زۆر روو لەزیاد بوونە و هەموو جۆرەکانی پەیرەودەکرێ. رۆژانە تەحەروشی جنسی، دەستدرێژی، ئیهانە، لێدان، کوشتن،…..هتد دەبینرێ و دەبیسترێ.

بەداخەوە تەکنەلۆژیا و ئابووری سەربەخۆ و بروانامە و پێگەی سیاسی و ئازادی لە مێینەدا هێندەی بۆتە هۆکار بۆ توندوتیژی و بەکاڵاکردن نەبۆتە ئامرازێک بۆ ئاسانکاری و خۆشگوزەرانی یاخود بەهێزی کەسێتی مێینە. کاتێ تاک دەتوانێ مومارەسەی ئازادی بکات کە ژینگەی کۆمەلایەتی و یاسای لەباربێ و پارێزگاری لە خواستەکانی بکات. ئازادی تاک بەدلیڤەری و مۆدێل نایەت وە ناشکرێ  بەلکو دەبێ لەبنەڕەت و ریشەوە کاری بۆ بکرێ، کاتێ ژینگەی کۆمەڵگایەکی خێلەکی سیاسەتێکی دیکتاتۆر و سیستمێکی چینایەتی و یاسا و رێسایەکی بیابانت هەبێ چۆن تاکێ ئازاد دەبێ؟

کەوایە تاک دەکەیتە بوکەڵە و کاڵا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی خۆت. هەروەک ئەوەی دەیبینی لەکوردستان پارەی دزارو بەرێگەی کەسانێک بەناوی ئازادی سپی دەکەنەوە  بەتایبەت ژن بۆ ئەم مەبەستە بەکارهاتووە.

پرسیار/ پێمخۆشە لەبارەی مۆدێل و کچەمۆدێلەوە قسەمان بۆ بکەن، بۆچوونی بەڕێزت لەسەر ئەو دۆخە چییە؟ هەتا چەند کاریگەری لەسەر خێزان و پەروەردەی دروستی تاک و کۆمەڵگا هەیە؟

وەڵام/ مۆدێل بەواتای بەکالاکردنی مرۆڤ.

بەداخەوە سەدان مێینە کەوتونەتە بەر لێشاوی سیستمی سەرمایەداری و قوربانی ساغکردنەوەی کاڵاو شتومەکە بێ ئەرزشەکانی فریودانی مرۆڤ وە بەشێکی زۆریان دەستەڵات و کەسانێکی لەپشتە، هۆکاریش سپیکردنەوەی سامانی دزراوی کەڵەکەبووی زۆریک لە بەرپرسان و بازرگانە سیاسیەکانە بەڕێگەی ئەم کچانە، بەڵگەش کاتێ گوزارشت لەدۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆیان دەکەن.

دەزانم لەتەواوی دونیا مۆدێل هەیە بەڵام بەوجۆرە مەترسیدارەی کوردستان نییە.

 پرسیار/ بەوەی بەڕێزتان لە دەرەوەی وڵات دەژین، بێگومان بەرکەوتنتان لەگەڵ کەشی ژیانی جیاوازی کۆمەڵگای جیاواز هەبووە و هەیە؟ ئەم دەرککردنە چی لە زهنییەتی بەرێزتاندا بەرهەم هێناوە؟ چۆن دەکرێت بەراوردی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگایەکی تری ئەوروپی بکرێت؟

وەڵام/ ئەزموونکردن لەنێو کۆمەلگایەکی مۆدێرنەدا بێگومان کاریگەری دەبێ لەسەر تاک، بەتایبەت بۆ ئەوکەسانەی لەکۆمەڵگای دوواکەوتووەوە کۆچ دەکەن. هەڵبەت ئەمەش رێژەییە، ئایا تۆ لەکۆمەڵگای نوێدا چی دەکەیت؟ ئامانجت چییە؟ هەندێک خۆرئاوا بە بانقێکی قازانجکەر دەبینێ بۆ سەرماگوزاری و خۆدەوڵەمەندکردن، هەندێک بە بانقی زانیاری و زانست و مەعریفە هەندێک بەبانقی دەستکەوتە ئازادییە رەهاکان و چی پێخۆشە بیکات .

بۆمن ئەزمونێکە لە تێگەشتن سەبارەت بە ماف و ئەرک لەسیستمێکی دیموکراسیدا.

پرسیار/ پێمخۆشە لەبارەی پیاوانەوە قسەیەکمان بۆ بکەن، پیاوی کوردی چۆن دەبینن؟ بەڕێزتان پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆچوونتان توندبوو لەسەر پیاوی کورد، ئایا ئێستا بۆچوونتان گۆڕاوە؟ هەڵبەت بەدڵنیایییەوە کەشی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کرانەوە بە ڕووی دنیادا، بە بەراورد بە پێشتر کاریگەری لەسەر تێڕوانینی ئێستای پیاوان هەیە؟

وەڵام/ پێم وایە ئەم بۆچونە نادروستبێ هەر بەوپێیەی من چەندین جار نوسراوم بڵاوکراوەتەوە کەدەڵێم خۆشم دەوێ پیاو! شەڕی من لەگەڵ رەگەزی نێرینە نییە بەڵکو شەڕی من دژی سیستمی نیرسالارییە کەخودی پیاویش تێێدا قوربانییە.

سیستمی چەق بەستو لە تەلەفونێکی زیرەکەوە ناخوێندرێتەوە و نابینرێ، من دژی پیاوەکان نیم دژی نەریت و یاساورێسا خوێناویەکانم، دژی نادادپەروەری و جیاکاری رەگەزیم، دژی بەکاڵاکردنم، دژی توندوتیژیم هەرکەس پیادەیکات.

کاتێ دێمەسەر پیاوی کورد دەلێم تۆ کە دێیتە خۆرئاوا هەمووشتێ تاقیدەکەیتەوە و لەگەڵ دەیان جۆری ژن دەخەوی و دەچیتە دیسکۆ، کەهاتیتەدەر زەرورنییە بەشوێن گۆشتی حەڵاڵدا بگەرێێ بۆماڵ و مناڵی بەریتەوە.

کەواتە من دژی دەبڵ مۆڕاڵیم، توندم بەرامبەر لەشکڕ و لەشفرۆش، لای من پیاوی شەرمن شانەیەک ناهێنێ و ژنی شەرمن شارێک ناهێنێ، بەڵکو مرۆڤ دەبێ ئازاد بێ لەدەربڕینی خواست و ئارەزوو و مافەکانیدا.