رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ ئالان بادیۆ

Facebook
Twitter
LinkedIn

دەربارەی سیاسەت

ئاشڤیل گڵۆبال ڕڤیو: ٢٠٠٥

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

پرسیار: جارێک باست لەوە کردبوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەڵتەرناتیڤی هەژموونی خۆرئاوا دروست بکەین پێویستە جۆرێک لە بۆشایی دروست بکەین لەپێناو ئەزموونکردندا. دەتوانیت لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام بیت و زیاتر قسەمان بۆ بکەیت مەبەستت لەمە چییە؟

ئالان بادیۆ: بەڵێ. پرسیارەکە هەر بۆخۆی درێژەدانە بە شێوازێکی نوێ لە کایەی سیاسەتدا، خۆی لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی دوو پرسیارە دەبینەوە. یەکەمیان پرسیارێکی زۆر گشتییە لە کایەی تیۆریدا و پێویستە فەلسەفەیەکی نوێی کرداری بدۆزینەوە، فەلسەفەیەک کە دەستتێوەردانی سیاسیی و هتدی لەخۆگرتبێت. کەواتە ئەمە پرسیارێکی فەلسەفی و تیۆرییە، هەرگیز پرسیارەکە بەتەنها ئەوە نییە کە چۆن بارودۆخەکان شیکار بکەین بەڵکوو ڕەنگبێت پرسیارەکە ئەوەبێت: ئەگەرەکانی سوبێکتیڤ لە تێکەڵبوونی لەگەڵ سیاسەتدا چین [و چۆن سوبێکت دەتوانێت بەشداریی سیاسەت بکات]؟

پێشووتر گرنگترین ئایدیا سەبارەت بە ئەڵتەرناتیڤی جیهان پرسی شۆڕش بوو. بۆ گۆڕینی جیهان ئەوەی پێویست بوو شۆڕش بوو. بەڵام وشەی شۆڕش لەمڕۆدا وشەیەکی ناڕوونە و لەوانەیە پێویست بکات وشەی شۆڕش بپارێزین، نازانم بەڵام ناوەڕۆکی وشەکە زۆر ڕوون نییە لەمڕۆدا. هەربەڕاست بەتەواوی بەچ واتایەک دێت، گۆڕینی جیهان؟ گشتێکی تازە؟ بۆ من و لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی مندا پرسیارەکە ئەوەیە سیاسەتی ڕاستەقینە چییە. تەواوی پرسیارەکەش سەبارەت بە پرسی سیاسەتی ڕاستەقینە دیالێکتیکییە، تیۆری دژبەیەکەکان و مارکس و…هتد. پێویستە چەمکی شۆڕش هەر وەک چەمکێکی دیالێکتیکانە لێی بڕوانین. کێشە و زەحمەتییەک کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە بریتییە لەوەی ئێمە بەتەواوی لە شێوازێکی نوێی سیاسەت لەناو فەلسەفەی دژبەیەکدا تێناگەین و ناتوانین ئەو شێوازە دابڕێژین. پێموانییە من چارەسەرەکەیم دۆزیبێتەوە، بەڵام سیستمێکی بیرکردنەوەی فەلسەفیم هەیە و لەنێوان فەیلەسووفانی کایەی سیاسەتی هاوچەرخ مشتومڕ دەکەین.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی دیکە سەرهەڵدەدات، کە لەڕاستیدا پرسیارێکی پراکتیکییە. لەبەرئەوەی نابێ پرسیار [سەبارەت بە سیاسەت] تەنیا لە کایەی فەلسەفی و تیۆریدا کورت بکرێتەوە. بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ جۆرێک لە ئەزموونی کۆمەڵایەتی و کۆگەرایەتی دەکات، فۆڕمێکی تازە لە ڕێکخستن، شێوازی نوێ لە خەباتکردن، فۆڕمی تازە لە پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەکان و بزووتنەوەی تازە و…هتد. وەک دەزانن تەنانەت بۆ خودی مارکسیش بەرلەوەی خەسڵەت و تایبەتمەندیی تیۆری و بناغەی شێوازێکی نوێی بیرکردنەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیمان هەبێت، سەرەتا هەندێک فاکتمان پێویستە. لە فەڕەنسادا یاخیبووانی کارێکارانمان هەیە، زۆر بزووتنەوەی گەورەمان هەیە و هەروەها خاوەنی شۆڕشی فەڕەنسیشین. کەواتە لەهەر بارودۆخێکی پرسی سیاسیدا هەمیشە تێکەڵەیەک لە کێشەی تیۆریی و ئەزموونی پراکتیکی لەئارادایە و بۆیە پێویستە ئەمڕۆ سەبارەت بە ئەزموونە سیاسییەکان ڕوون بین کە لە چ کایەیەکدا و لەگەڵ چ خەڵکێکدا [ئەزموونی سیاسی و تیۆریی فەلسەفی] دێتە ئاراوە. هەروەها لە دروستکردنی شێوازێکی نوێی ئەگەرەکان بەتەنیا پرسی دروستکردنی هەندێک بۆشایی تیۆریی نییە.

پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە چۆن هەندێک ئەزموونمان هەبێت کە تەواو پۆپیلار بن و لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا ئەنجام بدرێت کە تەنیا تایبەت نەبێت بە چینی ڕۆشنبیران و خوێندکاران. لە سەردەمی پیشوودا ساتی مارکسیزم بریتی بوو لە چەمکی چینی کرێکار و چینی فەرمانڕەوا و ئەوەی گرنگ بوو بریتیبوو لەوەی کام لایەن دەسەڵات دەگرێتە دەست. ڕەنگە تەنیا وەهمێک بێت و لەوانەشە بناغەیەک بێت، ئەگەری ئەوەش هەیە [ئەم دابەشکاریی چینایەتییە] ڕاست نەبێت. ئەمەش بۆخۆی مشتومڕێکی ترە، بەڵام سەرئەنجام تۆ بەڕاستی چەمکێکت هەیە کە پەیوەندیی بە ڕێکخستنی تەواوەتی هەیە لە کایەی پراکتیکیدا. وەک دەزانی بۆ نموونە دەبێت کرێکارانی کارگە ڕێکبخەیت، یەکێتیی بازرگانی دروست بکەیت و بازنەیەکی شۆڕشگێریی ڕۆشنبیران و کرێکاران دروستبکەیت. بەڵام ئەمڕۆ هەمووشتەکان زیاتر ناڕوونن و لەوانەیە پێویست بکات لە پەیوەندی بە خەڵکی ئاسایی، کرێکاران، کرێکار بەمانای چەمکێکی گەورەی وەک پڕۆلیتاریا نا، بەڵام لەژێر هەندێک بیرکردنەوەی ورد و پێناسەدا، ئەزموونێکی نوێ دروست بکەین.

پرسیار: گوتووتە کە زۆرینەی خەڵکی جیهان هیچ شتێکیان نییە، بەو مانایەی تەنیا شتێک هەیانبێت دیسیپلینە و ئەم دیسیپلینەش پۆتێنشاڵێتی و ماتەوزەیەکی تێدایە لەپێناو کردارێکی سیاسیی کۆگەرا، دەتوانیت باسی ئەمە بکەیت؟ بەر لەهەرشتێک چۆن  بزووتنەوەی دژە جیهانگیری و ڕۆڵی چالاکوانانی خۆرئاوا دەبینی لە دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەو کێشانەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی خەڵکی جیهانی باشوور[1] دەبێتەوە؟

ئالان بادیۆ: پرسیارەکە بریتییە لە دۆزینەوەی پەیوەندییەک لەنێوان بزووتنەوەی دژە جیهانگیری و ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لە باشوور، چونکە سیاسەت لە ئێستادا، بەپێویستی، بۆتە شتێکی نێونەتەوەیی. ناکرێت بەتەنها هیوامان بە یەک نەتەوە و بە یەک بۆشایی هەبێت، چونکە سەرمایەداری بەتەواوەتی بزووتنەوەیەکی جیهانگیرییە و بێگومان بۆ ڕێکخستنی شێوازێکی نوێی سیاسەت دەبێت لە ئاستێکی نێونەتەوەییدا بێت. بەڵام دواجار پرسیارەکە هەر هەمان شتە، لە بۆشاییەکی بچووکتری وەک فەڕەنسا، بێگومان پێویستە هەندێک سیاسەتی ڕاستەقینەت هەبێت، بۆ نموونە دروستکردنی پەیوەندییەک لەنێوان ڕۆشنبیران و کرێکاران بەبێ [نێوانگریی کتێب و نووسین و وتار] و لاپەڕە. بەبێ ئەم شتانە زۆر زەحمەتە ئەزموونێکی نوێ لە کایەی کۆمەڵایەتیدا دروست ببێت.

لە ئاستێکی گەورەدا هەمان شتە، پێویستە پەیوەندیی نێوان ناڕەزایی ڕۆشنبیری، یاخیبوونی ڕۆشنبیری دژ بە جیهانگیری و بارودۆخی خەڵکانی هەژار و لاوازی باشوور دروست بکەیت. لە هەر حاڵەتێکدا بێت، پێویستە شێوازێکی تازە بدۆزینەوە، پێویستە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان ئەو کەسانەی لە ڕاستی جیاکراونەتەوە بدۆزینەوە. خوێندکارێک لە جیهانی خۆرئاوا و جووتیارێکی ئەفریقی تەواو لەیەک دابڕاون و جیاکراونەتەوە. ئەوان چیتر لە هەمان جیهاندا ناژین. ئەم جۆرە لە دابەشکارییە بنچینەی گەشەکردنی خودی سەرمایەدارییە. پرسی دیسیپلین هاوکات پرسی یەکێتییشە، بەڵام چ یەکێتییەک؟ لە سەردەمی کۆندا بێگومان پەیوەندیی هەندێک لە ڕۆشنبیران و کرێکاران بوو، بۆماوەی سەدەیەک و زیاترش ئەمە دۆخەکە بوو. بەڵام لەمڕۆدا پرسیارەکە چییە؟ لە بواری نێونەتەوەیی پێویستە شتێکی تازە بدۆزینەوە کە بریتییە لە پەیوەندییەک لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی باشوور. هەروەها بۆ ماوەیەکیش پرسیارەکە بەم جۆرە دەبێت: فۆڕمی تازەی نێونەتەوەییگەرایی چییە؟ ڕێکخستنێکی نوێ نەک بەتەنیا دژ بە جیهانگیری، بەڵکوو چەسپاندنی ئیرادەیەکی هاوبەشی سیاسیش. لەئێستادا لە پراکتیکدا هیچ شتێک لە ئارادا نییە. بەڕاستی ئێمە لە سەرەتای پرسەکەداین.

پرسیار: دەتوانین پەیوەندیی نێوان دروستکردنی کرداری ڕێکخراو و خۆڕسک باس بکەیت؟ و باس لە سەرکەوتنی ئاکتی سیاسی بکەیت بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بکەیت ئەگەر بارودۆخەکان  بەجۆرێکی تر بوونایە.

ئالان بادیۆ: پرسیار سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ڕێکخراوێتی و خۆڕسکێتی، لەنێوان ڕێکخراو و بزووتنەوە پرسیارە سەبارەت بە گۆڕانی ئەو دوانە نەک بەتەنیا ڕێکخراوەکان. پێموایە دەتوانین هیوامان بە بزووتنەوەی تازە هەبێت و نەک تەنیا هیوامان بە ڕێکخراوگەلێکی وەک حیزب هەبێت. حیزبی کلاسیک شتێک بوون وەک مۆنۆپۆلێکی مەعریفەی سیاسیی و مۆنۆپۆلی ئاڕاستەی سیاسی. بێگومان پێویستە ئەو شێوازە بگۆڕدرێت. دروستکردنی ڕێکخراوی تازە بریتییە لە دروستکردنی رێکخستنێک کە زۆر لە خەڵکەوە نزیک بێت نەک مۆنۆپۆلی ئاڕاستەی سیاسی و ئەو شتانە بێت. من چەند ئەزموونێکم لەو بارەیەوە هەیە، چەند ئەزموونگەلێکی ڕێکخراوەیمان هەیە کە بریتی نین لە مۆنۆپۆلی مەعریفە.

لەوانەیە خاڵە قورسەکە پرسیار بێت سەبارەت بە بزووتنەوە نوێیەکان، ئەو بزووتنەوانەی بڕیاریان داوە هەنگاوی جیاواز بگرنە بەر، بزووتنەوەیەک تەنیا ئەرکی دروستکردنی ساتێکی جوان و دواتر فەوتان و لەناوچوون نەبێت. شێوازی تازە دەبێت خۆشەویستیی بۆ سیاسەت هەبێت، ئەم جۆرە خۆشەویستییەش پێویستە لەدەرەوەی ڕێکخراودا لەناو بزووتنەوەکانیشدا هەبێت و کاتێکیش ئەمەت هەبوو، ئەوا بزووتنەوە تەنیا نابێتە شتێکی نەرێنی و ببێتە بزووتنەی دژ بە شتێک یان یاخیبوون دژ بە دۆخی دادپەروەرانەی دەوڵەت. بەڵکوو دەبێت بزووتنەوە لەلایەن ئامانجێکی دیاریکراوەوە ئاڕاستە بکرێت و بتوانێت شتێک پێشکەش بکات تا بتوانێت ببێتە بزووتنەوەیەکی حەقیقی لە پراکسیسدا. پێموایە ئەمڕۆ ئەگەری ئەزموونکردنێک لەناو بزووتنەوەکاندا هەیە بەتەنها یاخیبوونێکی هەژاران نییە دژ بە بارودۆخی خراپیان، بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەڵێن: پێویستە بەشێوەیەکی جیاواز بژین، پێویستە فۆرمێکی نوێی جیهان پێشکەش بکەین، پێویستە ئەزموونی شتێکی دیکە بکەین. جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بزووتنەوەی ڕاستەقینە و بزووتنەوەی کاردانەوە [بەرامبەر دۆخێکی دیاریکراو] هەیە.

لە جیهانی کۆندا پرسیارەکە بەتەواوی ئەمە نەبوو، بۆچی؟ چونکە بزووتنەوە دەکرا نەرێنی [و دژ بە شتێک]  بێت و حیزب لایەنگر و داخوازیکار بێت. کەواتە حیزب ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤی بزووتنەوەی نێگەتیڤە. دەتوانی یاخی ببیت و دوای ئەوە حیزب دەست بەسەر یاخیبوونەکەدا دەگرێت وەک هێزێکی تازە لەگەڵ خۆی دەیگونجێنێت. ئەمڕۆکە چیتر ناتوانین لەسەر ئەم جۆرە جیاکارییە بەردەوام بین. حەقیقەتێک هەیە: پێویستە لەنێوان بزووتنەوە و رێکخراودا هاوبەش بین. با نموونەیەک لە وڵاتەکەی خۆم بهێنمەوە، لە بزووتنەوەی کرێکارانی بێمۆڵەتی فەڕەنسا، بەرئەنجامی ڕاستەقینەی بزووتنەوەکە و ئەگەریی پەیوەندیی ڕاستەقینەی نێوان بزووتنەوە و ڕێکخراو ئەو کاتەیە کە کرێکارەکان خۆیان بەتەنیا نەیاندەگوت “گوزەرانم زۆر خراپە و مۆڵەتم دەوێت…”، بەڵكوو ئەمە بوو “ئێمە لەم وڵاتەدا کرێکارین و کاتێکیش لە وڵاتێکدا کرێکاری دەکەیت ئەوا تۆ هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی”. ئەوان تەنیا نەیاندەگوت “شتێکم دەوێت” بەڵکوو شتێکیان لەسەر خۆیان دەخستەڕوو و خۆیان وەک خەڵکی ڕاستەقینەی فەڕەنسا لەقەڵەم دەدا، کە بەڕاستیش ئەوان ژن و پیاوی فەڕەنسین. بۆچی؟ چونکە لێرە کار دەکەن و ئەگەر کەسێکیش لێرە کار بکات ئەوا خەڵکی ئێرەیە. ئەمەش بۆخۆی ئەگەری پەیوەندییەکی نوێی نێوان بزووتنەوە و ڕێکخراوە، چونکە نابێت تەنیا بزووتنەوەیەکی نێگەتیڤ دروست بکەیت، بەڵکوو لە کرداری بە کۆمەڵدا شتێکی پۆزەتیڤ بخەیتەڕوو.

پرسیار: دەتوانیت هەندێک لە ڕوانینەکانی خۆتمان سەبارەت بە شۆڕشی ٦٨ـی پاریس بۆ باس بکەیت؟

ئالان بادیۆ: تاکە مەزنێتیی ٦٨ بریتیبوو لە پەیوەندیی نێوان دوو بزووتنەوە. یەکەمیان بزووتنەوەی گەورەی خوێندکاران کە بزووتنەوەیەک بوو لەپێناو شێوازێکی نوێی خوێندن و…هتد. هەروەها کاردانەوەیەک بوو دژ بە پەیوەندیی کۆنی کۆمەڵایەتی لەنێوان ژنان و پیاوان، سێکسواڵیتە، هونەر، داهێنان و…هتد. لەگەڵ بزووتنەوەیەکی تەواو جیاواز کە بریتی بوو لە مانگرتنی ملیۆنان کرێکار. کەواتە دوو بارودۆخی تەواو تازە هاتنە ئاراوە چونکە بەشێوەیەکی گشتی هەردوو بزووتنەوەکە لەیەک جیابووبوونەوە. تاقانەیی ٦٨ بریتی بوو لە پەیوەندیی هەردوو بزووتنەوەکە. بەڕاستی ئەمەش ئەگەری دروستکردنی شتێکی تەواو تازە بوو کە ئاڕاستەی پەیوەندیی نێوان خوێندکارانی لاو و کرێکارانی گەنج بکرێت.

بۆچی تەواو تازە بوو؟ چونکە بەر لە ٦٨ نوێنەرانی سیاسیی کرێکاران لەلایەن حیزبی کۆمەنیستی فەڕەنسییەوە مۆنۆپۆلکرا بوو و حیزبی کۆمەنیستی فەڕەنسی مانگرتنی دوور لە ڕێکخراوی سیاسیی کرێکاران دروست دەکرد، کە لەناو حیزبدا ڕۆشنبیران هەبوون و ڕۆشنبیرانی سیاسی بوون مانیان دەگرت، بەڵام ئەوان هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە جیهانی کرێکارانەوە نەبوو. حیزب باسی لە ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاران دەکرد: کە بزووتنەوەکە بەتەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی حیزبدا بوو. بۆیە لە سەردەمی شۆڕشی ٦٨ـدا وەک ئەوەی تەقینەوەیەک ڕووبدات، شتێکی تەواو جیاواز لە ئەگەری دروستکردنی گرووپی بچووک لەگەڵ خوێندکاران و کرێکارانی لاودا کە پێکەوە لەلایەن حیزبی کۆمەنیستی فەڕەنسییەوە ئاڕاستە دەکران. کەواتە ئەوە بووە فاکتێکی سیاسیی تازە، بۆشاییەکی نوێ. بەڕاستی بووە هۆی دروستکردنی بۆشاییەکی نوێ.

لەوانەیە هێشتا هەموو بەرئەنجامەکانی ئەم ڕووداوە بەتەواوەتی کەشف نەکرابێت. ئێمە لە بەرئەنجامەکەیداین. ئێمە کاریگەرییەکی کلاسیکمان هەیە کە [پێمانوایە] بزووتنەوەکان بۆ هەمیشە درێژە ناکێشن. بەڵام ئایدیای جۆرێکی تر لە ڕوانین لە بزووتنەوەی سیاسی ئەگەری ڕاستەوخۆی دروستکردنی پەیوەندییەکە لەنێوان ڕۆشنبیران و کرێکاران و دروستکردنی ئەگەرێتیی بزووتنەوەی نوێ لەم ڕووداوەوە دەستی پێکرد.
من سوورم لەسەر ئەو ڕاستییەی کە وێنەی ٦٨ وێنەیەکی هەڵەیە، کە وەک یاخیبوونێک دژ بە پرسی کۆمەڵایەتی بەگشتی سەیر دەکرێت، یاخیبوونی گەنجان دژ بە جیهانی دێرین، لەپێناو ئازادیی سێکسی و…هتد، وەک ئاهەنگێکی گەورە [سەیر دەکرێت]. بێگومان ئەو شتانەشی تێدابوو، بەڵام ئەوە ناوەڕۆکی راستەقینەی ٦٨ نەبوو. ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ٦٨ بریتی بوو لە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی مۆنۆپۆلکەری حیزبی کۆمەنیستی فەڕەنسی بۆ خەڵکی ئاسایی و دروستکردنی ئەگەریی نوێی ڕێکخراوەیی بزووتنەوەکان.

پرسیار: کەمێک سەبارەت بە جەنگی عێراق قسەمان بۆ بکە، “جەنگ دژ بە تیرۆر” و ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا لەژێر بەڕێوبەرایەتیی جۆرج بوشدا.

ئالان بادیۆ: بەر لە هەرشتێک پێویستە ئێمە شیکار و لێکدانەوەیەک بۆ خودی جەنگ پیشکەش بکەین. ڕێک ئەم جەنگە چییە؟ بۆچی ئەم جەنگە؟ وەک هەمیشە گرنگترین پرسیار پیشکەشکردنی تێگەیشتنێکی تەواوە لەم بارودۆخە کۆنکرێتییە و نەک بەشێوەیەکی گشتی قسە لەسەر ئیمپڕیالیزم بکرێت. بەسروشتی ئەمە یەکەم جەنگی ئیمپڕیالیستانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: چی شتێک تازەیە؟ لەم جەنگەدا چی شتێک تازەیە؟ پێموایە تازەیی جەنگ بریتییە لەوەی جەنگ بەتەواوەتی گاڵتەجاڕە. لەڕاستیدا ئەمە جەنگێکی ئیمپڕالیستیانەیە کە هیچ پاساوێکی نییە، نەک پاساوهێنانەوە سەبارەت بە چەک و لەناوبردنی بەکۆمەڵ و..هتد، بەڵکوو لەو شوێنەی کە بوش و بلێر وەک بەراز درۆ دەکەن، بەڵام بەبێ هیچ پاساوێکی ئیمپڕیالیستانەی کلاسیکی. پاساوی ئیمپڕیالیستی کلاسیک ئەمانە بوون: پێویستە ئەم پارچەیە داگیر بکەم چونکە ئیمپڕیالیستێکی تریش هەیە یاخود یاخیبوونێک هەیە و پێویستە من بچم دوژمنەکەم لەناو ببەم. بەڵام لەم جەنگەدا هیچ کام لەو پاساوانە لەئارادا نەبوو. سەدام حوسەین بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو. لە سەروەختی جەنگی دژ بە ئێران عێراق لەلایەن هەموو وڵاتانی خۆرئاواوە پشتگیری دەکرا و چەکی پێدەدرا، نەک بەتەنیا ئەمریکاش هەر بۆ نموونە فەڕەنسا چەک و پارەیان بە سەدام حوسەین دەدا.
بۆیە تازەیەتیی ئەم جەنگە بریتییە لە ئارەزوویەکی پەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو بڕیار لەسەر شتەکان بدات. جەنگە کە بە هەموو جیهان دەڵێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت ئازاد بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە شوێنە کە بڕیاری سیاسی بریتییە لە بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان. دەبێت ئێمە بڕیار بدەین و دەبێت ئێمە هەموو شتەکان بەڕێوە ببەین.

هەروەها پاساوهێنانەوەی ئایدۆلۆژیش زۆر سەرنجڕاکێشە. پاساوی ئایدۆلۆژیانەی جەنگ لە ئەمڕۆدا بریتییە لە دیموکراسی. ئەمەش زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوە ببینین کە دیموکراسی سەرئەنجام دەبێتە جەنگ.
کەواتە ئەوەی زۆر گرنگە  بەڕاستی لە هەموو شوێنێک گەشە بە شتێک بدرێت دژ بەم جەنگە. نەک بە تەنیا لێرە، بەڵکوو لە هەموو ئەورووپادا. پێموایە ئەوە زۆر گرنگە. هێندەی خەباتکردن دژ بە شەڕی ڤێتنام گرنگە. هەرچەندە لەوانەیە زەحمەت بێت، بەڵام پێویستە بەو جۆرە بین.

پرسیار: مادەم باسی بەرخۆدانی شەڕی ڤێتنام و بەرگریی دژ بەم جەنگەی ئێستامان کرد و تۆش باسی دیسیپلینت کرد وەک بوونی پەیوەندی بە ئەویترەوە لە ئاکتی سیاسیی بەکۆمەڵدا، کارکردن بۆ کۆتایی ئەمانە لە غیابی توندوتیژیدا، ئایا پێتوایە هەندێک جار توندوتیژی بۆ کاریگەرییدانان لەسەر کۆتایی سیاسیی پێویستە؟

ئالان بادیۆ: پرسی توندوتیژی پرسێکی زۆر ئاڵۆزە. بەڵام بۆچی؟ چونکە مەحاڵە بڵێی “هەرگیز توندوتیژی نابێت”. ئێمە ناتوانین وا بڵێین چونکە دەزانین توندوتیژی چەندین دۆخی هەیە، بۆ نموونە توندوتیژیی بەرگری شتێکە زۆر پێویستە. بەڵام ئەوەش دەزانین کە توندوتیژی هێزێکی وێرانکەرە دژ بە سیاسەت. بۆ نموونە بەکارهێنانی توندوتیژی لە سەردەمی شۆڕشی بەلشەڤیکدا، بە باوەڕی من، بەشێوەیەکی هێواش گرنگیی خودی شۆڕشەکەی لەناوبرد. تەنیا قسە لەسەر ستالین نییە، بەڵکوو پێشووتر لەسەروەختی شەڕی ناوخۆی ڕووسیادا. لە کاتی شەڕی ناوخۆ و دوای شۆڕشیش بۆ ساڵانێک لە دوو لایەنەوە توندوتیژییەکی تۆقێنەر لەئارادا بوو. کاتێک ئەم هەموو توندوتیژییەت هەبێت ئەوا سوبێکتیڤییش دەگۆڕێت. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە. پرسەکە هەر ئەوە نییە کە توندوتیژی شتێکی باش نییە و …هتد. بەڵکوو بەکارهێنانی توندوتیژی بەشێوەیەکی بەردەوام تاکیش دەگۆڕێت. سەرئەنجام سوبێکتیش زۆر سادە و زۆر دڕندە دەبێت، بە ئایدیایەک کە کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبیتەوە دەتوانی خەڵک بکوژیت و هیچ کێشەیەکیشت نەبێت. ڕێک لە سیاقی دۆخێکی ئەو جۆرەدا بوو کە دەوڵەتی تیرۆریستیی ستالین لەدایکبوو. دەوڵەتەکەی ستالین بەرئەنجامی شەڕی ناوخۆ بوو. بێگومان بەلشەڤیکییەکان شەڕی ناوخۆیان بردەوە، بەڵام بە ئەنجامێکی تۆقێنەر.
کێشەی من بریتی نییە لە بەکارهێنان یاخود بەکارنەهێنانی توندوتیژی. بەڵکوو ئەوە بەندە بە بارودۆخەکانەوە. تۆ ناتوانیت بەدڵنیاییەوە حوکمێک لەسەر ئەوە بدەیت. لەهەندێک حاڵەتدا توندوتیژی پێویستییە: هەمووانیش ئەوە دەزانن. ئەمە کیشەکە نییە. بەڵکوو کیشەکە ئەوەیە کە توندوتیژی سوبێکت گەندەڵ دەکات و بۆیە پێویستە پێوانەی توندوتیژی بکەین، تا ئەو شوێنەی کە دەکرێت پێویستە توندوتیژییەکی مامناوەند هەبێت. بێگومان یاساکە ئەوەیە: کاتێک بتوانیت کێشەکان بەبێ توندوتیژی چارەسەر بکەین، ئەوە رێگەیەکی باشترە. بەڵام لە سەردەمی شۆڕشی بەلشەڤیکیدا ئەم جۆرە تێگەیشتنە لەئارادا نەبوو. بەڵکوو یەک تێگەیشتن هەبوو و ئەویش بریتی بوو لە: ئەگەر بتوانین کێشەکان بە توندوتیژی چارەسەر بکەین، ئەوە رێگەیەکی باشترە و چارەسەرێکی ڕاستەقینەیە.
زۆرجار، ئەگەر بەوردی لە کیشەکان ورد ببینەوە و بە هەموو شێوەیەک لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین، ئەوا دەتوانین بگەین بە ئەنجامی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکە بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی، یاخود بەکارهێنانی توندوتیژیی کەمتر. پیویستە زۆر بەڕوونی بڵێین ئەمە رێگەیەکی باشترە.


[1] مەبەست لە جیهانی باشوور لەو وڵاتانەی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە خاوەن تایبەتمەندییەکی هاوبەشن و زیاتر وەک جێگرەوەیەک بۆ چەمکی “جیهانی سێیەم” بەکاردەهێنرێت.

سەرچاوە کلیک بکە