رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ یوڤاڵ نوح هەراری

Facebook
Twitter
LinkedIn

ناسیۆنالیزم لەبەرامبەر گڵۆباڵیزم

سازدانی: کریس ئەندیرسن

وەرگیڕانی: ڕاڤین کامەران

کریس ئەندرسن: سڵاو، بەخێربێن بۆ ئەم دیالۆگەی (تێد)، ئەمە یەکەم زنجیرە گفتوگۆی کراوەیە کە سەبارەت بە وەڵامی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم چەند ساڵەی پێشوو ئەنجامدراوە. زانیاریم سەبارەت بە [ئایدیاکانی تۆ هەیە]، بەڵام من تەواو نیگەرانم بەرامبەر دۆخی ئەم وڵاتە و جیهان بەگشتی. کەس ئامادەی گوێگرتنی نییە لەوی تر، وانییە؟ بۆیە مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە بەڕاستی پێویستیمان بە جۆرێکی جیاوازی گفتوگۆ هەیە، کە لەسەر بنەمای ئەقڵ، گوێگرتن و تێگەیشتن لە چوارچێوەیەکی فراواندا دامەزرابێت. ئێمە هیچ کەسێکی باشترمان دەست نەدەکەوت – کە من بێئەندازە بە جۆشوخرۆشم دەستپێکی ئەم زنجیرە دیالۆگەی لەگەڵدا دەست پێبکەم.

ئەندرسن:  لە ساڵی ٢٠١٧، لە شاری نیویۆرک سەرۆککۆمارێکی نوێ هاتە سەر دەسەڵات و هەموو جیهانی خستە لەرزە، بەڕاست خەریکە چی ڕوودەدات؟

یوڤاڵ نوح هەراری: پێموایە ئەو شتە بنچینەییەی کە لە ڕووداوی سیاسیدا ڕوودەدات بریتییە لەوەی کە چیرۆکەکەمان ون کردووە. مرۆڤ بەشێوەی چیرۆکی بیردەکاتەوە و هەوڵدەدات لەڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکەوە مانا بە جیهان ببەخشێت. لە چەند دەیەی ڕابردوودا چیرۆکی زۆر سادە و سەرنجڕاکێشمان سەبارەت بەوەی چی لە جیهاندا ڕوودەدات هەبووە. چیرۆکەکەش دەیگوت ئەوەی کە ڕوودەدات بریتییە لەوەی ئابووری لە دۆخی بەجیهانگیربووندایە و سیاسەت لە دۆخی بەلیبڕاڵبووندایە و پێکەوە لکاندنی ئەم دوانە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەهەشت لەسەر زەوی. تەنیا ئەوەی پێویستە بەردەوام بین لە بەجیهانگیرکردنی ئابووری و بەلیبڕاڵکردنی سیاسەت، ئیتر هەموو شتێک پێرفێکت دەبێت. ساڵی ٢٠١٦ ساتێکە کە زۆرێک لە وڵاتەکان، تەنانەت لە جیهانی خۆرئاواشدا دەستبەرداری بڕواهێنان بەم چیرۆکە بوون. کاتێکیش کە چیرۆکت نەبێت، ناتوانی تێبگەیت کە خەریکە چ شتێک ڕوودەدات.

ئەندرسن: زۆر کەس وەک تۆ بڕوایان وایە چیرۆک بەڕاستی کاریگەرە؟

هەراری: بەڵێ، تاڕادەیەک. لە هەندێک ڕووی پێوانەییەوە ئێمە لە باشترین قۆناغی مرۆڤایەتیداین. ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لەمێژوودا خەڵکێکی زۆر بەهۆی زۆرخۆری و قەڵەوییەوە دەمرن وەک لە برسێتی، کە لەڕاستیدا ئەمە دەستکەوتێکی نایابە. هەروەها بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا خەڵکێکی زۆر بەهۆی پیرییەوە دەمرن وەک بەهۆی نەخۆشییە کوشندەکان و هەروەها توندوتیژی کەمتربۆتەوە و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا زۆر خەڵک بەهۆی خۆکوژییەوە دەمرن وەک لە کوشتن و کاری تیرۆرستی و شەڕی بەکۆمەڵ. کەواتە لەڕووی ئامارییەوە تۆ گەورەترین دوژمنی خۆتی، واتا ئەگەری ئەوە هەیە کە تۆ بەدەستی خۆت خۆت بکوژیت، کە ئەمەش بەبەراورد بەو ڕێژە توندوتیژییەی لە قۆناغەکانی پێشووتردا هەبووە هەواڵێکی باشە.

ئەندرسن: بەڵام پڕۆسەی پەیوەندیی جیهانی (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) بووەتە هۆی ئەوەی زۆر کەس بەتەواوتی دوورەپەرێز بن و هەست بە تەنیایی بکەن. مەبەستم ئەوەیە لەو شتانەی کە ئێستا لە جیهاندا ڕوودەدەن چ ئەنجامگیرییەکت هەیە؟ بۆ نموونە شێوازی کلاسیکییانەی بیرکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە سیاسەت، کە لەنێوان چەپڕەو و ڕاستڕەودا دابەش بووبوون، ئەم دابەشبوونە لەناوچووە و نەماوە، دەبێت چۆن هەڵسەنگاندنێک سەبارەت بەمە بکەین؟

هەراری: بەڵێ، شێوەی مۆدێلی سیاسیی کۆنی سەدەی بیستەم چەپ لەبەرامبەر ڕاستدا چیتر بێسوودە. بەڵکوو دابەشبوونی ڕاستەقینەی جیهان لە ئێستادا لەنێوان ناسیۆنالیزم و گڵۆباڵیزمدایە، جیهانی و لۆکاڵی. دەتوانی ئەمەش لە تەواوی جیهاندا بەدی بکەیت، ئەمە ململانێ سەرەکییەکەیە. ڕەنگە پێویستیمان بە مۆدێلێکی سیاسیی تەواو تازە و شێوەیەکی تەواو تازە بۆ بیرکردنەوە لە سیاسەت هەبێت. لەڕاستیدا دەتوانی بڵێی لەئێستادا ئیکۆلۆجییەکی جیهانی و ئابوورییەکی جیهانیمان هەیە، بەڵام سیاسەتی نەتەوەییمان هەیە و ئەم دوانەش بەیەکەوە کارناکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی سیستمی سیاسی چونکە توانای جڵەوکردنی ئەو هێزانەی نابێت کە ژیانی ئێمە ڕێکدەخەن. لە ئەسڵدا دوو ڕێگەچارەی ئەم ناهاوسەنگییە لە ئارادایە: یا دەبێت ئابووری لە بەجیهانگیری دابماڵدرێت و بگەڕێتەوە بۆ ئابووریی نەتەوەیی، یاخود دەبێت سیستمی سیاسی بەجیهانی بکرێت.

ئەندرسن: پێموایە زۆر لیبڕاڵ هەن کە ترامپ و حکومەتەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە بەتەواوی بەخراپ و شەیتانی لە قەڵەم دەدەن. ئایا هیچ شیکردنەوەیەکی بنچینەی فەلسەفەی سیاسی دەربارەی ئەمە دەبینیت، چۆن لەمە دەڕوانیت، ئایا ئەمە فەلسەفەی ناسیۆنالیزمە؟

هەراری: پێموایە یاخود وا هەست دەکەم کە سیستمی سیاسی شتێکە لەوێ تێکشکاوە. چیتر ڕێگە نادەن مرۆڤی ئاسایی بگات بە دەسەڵات، چیتر مرۆڤی ئاسایی هیچ نرخێکی نییە و گرنگیی پێنادرێت، پێموایە ئەمە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکی سیاسییە. ئەو شتەی کە دەیبینین کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆی مرۆییە، ئەگەر شتێک وەرنەگریت، با بگەڕێینەوە بۆ دواوە. ئەمەش لە تەواوی جیهاندا دەبینیت، کە لەناو سیستمی سیاسیی ئەمڕۆدا هیچ کەس ڕوانگە و بۆچوونێکی نییە سەبارەت بەوەی مرۆڤ لەداهاتوودا بەرەو کوێ دەڕوات! بەڵکوو لە هەموو شوێنێک بۆچوونی گەڕانەوە بۆ دواوە هەیە: “با دووبارە ئەمریکا بەهێز بکەینەوە”، واتا ئەو کاتەی ئەمریکا مەزن و گەورە بووە [لە ڕابردوودا]، کەی، نازانم؟ ڕەنگە دەیەی پەنجا و دەیەی هەشتاکان… کەواتە با بگەڕیینەوە بۆ ئەو کاتە. ئەگەر بچیت بۆ ڕووسیا، هەمان شت بەدی دەکەیت، سەد ساڵ دوای لینین، ڕوانگەی پوتین بۆ داهاتوو ئەمەیە “با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی قەیسەر”. هەروەها لەو شوێنەی من لێوەی هاتووم، واتا ئیسڕائیل، گەرمترین ڕوانگەی سیاسیی ئەمڕۆ بریتییە لەمە “وەرن با دووبارە پەرستگا دروستبکەینەوە”، واتا وەرن با دوو هەزار ساڵ بگەڕێینەوە دواوە. بەشێوەیەکی گشتی خەڵک پێیان وایە ئێمە لە جێیەکی ڕابردوودا ون بووین [ڕێگە ڕاستەکەمان ون کردووە]. بۆ نموونە کاتێک لە شاردا ڕێگەکەت ون دەکەیت دەڵێیت زۆر باشە با بگەڕێیمەوە ئەو شوێنەی هەستم بە ئارامی دەکرد و دووبارە دەست پێدەکەمەوە. من بڕوام وا نییە ئەمە هیچ سوودێکی هەبێت، بەڵام زۆر خەڵک ئارەزووی ئەمە دەکەن.

ئەندرسن: بۆچی وا نەکەن؟ بۆ نموونە دروشمی “ئەمریکا بەهێزە” بۆ زۆر لایەن سەرنجڕاکێشە، هەم نیشتیمانپەروەرانەیە و زۆریش خانەدانانەیە. بۆچی نابێت جیهان بخرێتە سەر شێوازێک کە هەرکامێکیان خۆی لەوی تر بە پیشەنگ بزانێت؟

هەراری: بەدرێژایی چەندین سەدە، هەزاران ساڵ نیشتیمانپەروەری زۆر بەباشی کاری دەکرد. بێگومان بووەتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ و زۆر شتی دیکە، بەڵام نابێت تەنیا سەرنجمان لەسەر خاڵە نەرێنییەکان بێت، چونکە بێگومان زۆر زۆر لایەنی ئەرێنی لە نیشتیمانپەروەریدا بوونی هەیە. نیشتیمانپەروەری توانای ئەوەی هەیە زۆرێک لە مرۆڤە باشەکان لە پاڵ یەکدا کۆبکاتەوە کە گرنگی بە یەکتر بدەن و هاوخەمی یەکتر بن و بۆ کارێکی هاوبەش پێکەوە بن. ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ یەکەم نەتەوە، هەزاران ساڵ پێش ئێستا ئەو خەڵکانەی لە تەنیشت ڕووبارەی زەرد لە چین دەژیان، لە چەند خێڵێکی زۆر پێکهاتبوون. هەموو ئەو خێڵانەش بۆ مانەوە و سەرکەوتنیان پێویستیان بەم ڕووبارە بوو. بەڵام هاوکات هەمووشیان لە کاتی لافاو وتۆفان و وشکەساڵیدا تووشی کێشە دەبوون. هیچ خێڵێک بەتەنیا نەیدەتوانی چارەسەری بکات چونکە هەر کام لەو خێڵانە بەشێکی بچووکی ڕووبارەکەیان بەدەستەوە بوو. دواتر لە پڕۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزدا خێڵەکان یەکیان گرت و نەتەوەی چینیان پێکهێنا کە تەواوی ڕووباری زەردی کۆنتڕۆڵ کرد و توانای ئەوەی هەبوو سەدان هەزار کەس لەتەنیشت یەکتر کۆبکاتەوە تا بەنداوێک لەسەر ڕووبارەکە دروست بکەن و کۆنتڕۆڵی ڕووبارەکە بکەن و ڕێگری لە خراپترین لافاو و وشکەساڵی بکەن، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆشبەختی بۆ هەمووان. هەمان شت لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ڕوویدا. بەڵام لە سەدەی بیستویەکدا تەکنۆلۆژی ئەمەی لە بناغەوە گۆڕی ئێستا ئێمە، تەواوی خەڵکی جیهان، هەموومان لە تەنیشت ڕووبارێکی وەک فەزای مەجازیدا دەژین و هیچ نەتەوەیەک بەتەنیا ناتوانێت هەر خۆی ئەم ڕووبارە بەڕێوە ببات، هەموومان پێکەوە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین کە بەهۆی کارەکانی ئێمەوە کەوتۆتە ژێر هەڕەشە و ئەگەر جۆرێک لە هاوکاریی جیهانیمان نەبێت، ناسیۆنالیزم بەتەنیا بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە: جا چ گۆڕانی کەشوهەوا بێت یاخود کیشەکانی تەکنۆلۆژیا.

ئەندرسن: ئایدیایەکی جوان بوو کە جیهانێکمان هەبێت زۆربەی ئاکت و پرسەکان لەڕووبەری نەتەوەییدا بێت، بەڵام تۆ پێت وایە کە زۆربەی ئامرازە گرنگەکانی ئەمڕۆ چیتر لە ئاستی نەتەوەییدا نەماون، بەڵکوو لە ئاستی جیهانیدان.

هەراری: دروستە، تەواوی کێشە سەرەکییەکانی دنیای ئەمڕۆ جیهانین. ئەم کێشانە ئەگەر بەشێوەی جۆرێک لە هاوکاری جیهانی نەبێت چارەسەر نابن، تەنیا مەسەلە گۆڕانی کەشوهەوا نییە کە بەڕوونی بەرئەنجامی کارەکانی مرۆڤە، بەڵام من زیاتر بیر لە کێشە تەکنۆلۆژییەکان دەکەمەوە. بۆ نموونە ئەگەر بیر لە زیرەکیی دەستکرد بکەنەوە ئەوا لە بیست بۆ سی ساڵی ئایندەدا دەبێتە هۆی فڕێدانە دەرەوەی سەدان ملیۆن مرۆڤ لە بازاڕی کاردا، ئەمەش کێشەیەکە کەسەرتاسەری جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئابووری تەواوی وڵاتان تێکدەدات. بەهەمان شێوە، ئەگەر بیر لە بایۆئەندازیاری بکەنەوە، کە خەڵک لە لێکۆڵینەوەی ئەندازیاریی جینەتیکیی مرۆڤ دەترسن، ئەگەر بۆ نموونە بەتەنیا ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا تەواوی لیكۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤ قەدەغە بکات و چین و کۆریای باکوور خەریکی ئەنجامدانی بن، هیچ یارمەتیدەر نابێت. کەواتە ئەمریکا بەتەنیا ناتوانێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکات و هەر زوو فشارێک لەسەر ئەمریکا دروست دەبێت بۆ ئەوەی هەمان کار ئەنجام بدات. چونکە ئێمە لێرەدا قسە لەبارەی تەکنۆلۆژیای پڕ لە ڕیسک و قازانج دەکەین. ئەگەر کەسێکی تر ئەو کارە بکات ناتوانم ڕێگە بە خۆم بدەم دوابکەوم. تەنیا رێگەیەکی کاریگەرانە سەبارەت بە بابەتگەلێکی وەک ئەندازیاریی جینەتیکی بریتییە لە ڕێگرییەکی گڵۆباڵ و جیهانی. ئەگەر تەنیا ڕێگریی نەتەوەییمان هەبێت، ئەوا هیچ کەس نایەوێت دوابکەوێت.

ئەندرسن: ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە. بە بڕوای من دەشێت ئەمە کلیلێک بێت لانیکەم بۆ هاندان و دروستکردنی گفتوگۆیەک لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا. چونکە پێموایە ئەمە خاڵی دەستپێکی ئەم هەموو تووڕەییە کە ئێمەی گەیاندۆتە ئێرە، مافی خۆمانە دەربارەی لەناوچوونی کارەکانمان نیگەران بین، کار و فۆڕمی ژیانی ترادیسیۆنی لەناودەچێت. هیچ سەیر نییە خەڵک تووڕەن سەبارەت بەوەی کە ڕوودەدات و خەڵک گڵۆباڵیزم سەرکۆنە دەکەن بەوەی شتگەلێکیان بەسەردا هاتووە بەبێ ئەوەی ئەمان ویستبێتیان، بەڵام پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە هۆکاری بێکاری چییە؟ لە ئێستا و داهاتوودا؟ تاڕادەیەک پەیوەندیی بە گڵۆباڵیزمەوە هەیە، دواتر کاردانەوەکان دەبن بەوەی بڵێن بەڵێ بۆ داخستنی سنوورەکان. بەڵام ئەوەی تۆ دەیڵێیت ئەوەیە کە هۆکاری بێکاری و هۆی سەرەکیی لەدەستدانی کار پەیوەندیی بەم شتانەوە نییە و بنەڕەتی پرسیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ تەکنۆلۆژیا و هیچ ئەگەرێکی چارەسەرکردنمان نییە تەنیا لە دۆخی جیهانێکی پێکەوەیی و هاوکار نەبێت.

هەراری: بەڵێ. بۆ ئێستا نازانم، بەڵام بە سەیرکردنی ئایندە ئەوە مەکسیکی یاخود چینییەکان نین کە کاروکاسپی لە خەڵکی پەنسیلڤانیا داگیردەکەن، بەڵكوو ڕۆبۆرت و ئەلگۆریتمەکان ئەم کارە ئەنجام دەدەن، مەگەر ئەوەی بتەوێت دیوارێکی بەرز بەدەوری کالیفۆڕنیا دروست بکەیت، چونکە دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری مەکسیک کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو. کاتێک مێزگرد و دیبەیتی پێش هەڵبژاردنەکانم بینی بیرم لەوە کردەوە کە بێگومان ترەمپ تەنانەت نەیویستووە بە گوتنی ئەوەی ڕۆبۆرتەکان شوێنی کارەکانتان داگیر دەکەن، بترسێنێت. تەنانەت ئەگەر قسەکەشی ڕاست نەبێت گرنگ نییە – دەکرێت ڕێگەیەکی کاریگەر بێت بۆ ترساندنی خەڵک – کە لەڕاستیشدا وا دەکات خەڵک بترسن لەوەی ڕۆبۆتەکان شوێنی کارەکەیان داگیر بکەن. بەڵام ئەوەی من دەترسێنێت ئەوەیە کە خەڵك بێئاگان لەم کێشە گەورەیەی تەکنۆلۆژیا، نەک لە دووسەت ساڵی داهاتوودا، بەڵكوو لە دە، بیست، سی ساڵی داهاتوودا و دەبێت ڕێک ئێستا بیر لە ئەنجامدانی کارێک بکەینەوە. چونکە هەموو ئەو شتانەی ئێستا لە زانکۆ و قوتابخانەکاندا فێری منداڵەکانمانی دەکەین، بۆ بازاڕی کاری ساڵی ٢٠٤٠ یاخود ٢٠٥٠ بەتەواوەتی ناگرنگ و ناپێویست دەبن. کەواتە ئەمە شتێک نییە هەڵیبگرین بۆئەوەی لە ساڵی ٢٠٤٠ بیری لێبکەینەوە، بەڵكوو دەبێت لە ئێستاوە بیرلەوە بکەینەوە پێویستە گەنجەکانمان فێری چی ببن.

ئەندرسن: بێگومان ڕاستە. تۆ زۆربەی کات دەربارەی ساتە مێژووییەکان دەنووسیت، کە مرۆڤایەتی بەبێ ویستی خۆی دەچێتە ناو قۆناغێکی تازەوە. وەکئەوەی بڕیارێکە و دراوە و تەکنۆلۆژیایەک گەشە دەکات و لەناکاو جیهان دەگۆڕێت. وەک چۆن لە کتێبی “هۆمۆ ساپیان” باسی ئەوەت کردووە شۆڕشی کشتوکاڵ بریتیبوو لە کێڵان و چاندن و کارکردنی دوانزە کاتژمێری لە کاتێکدا پێشتر تەنیا شەش کاتژمێر خەریکی ڕاو و شکار بوون، ئایا ئێمەش بەو جۆرە لەبەردەم ئەگەریی گۆڕانکارییەکی تازەداین، ئایا بێ ویستی خۆمان بەرەو داهاتوویەک دەڕۆین کە لەڕاستیدا هیچ کەس نایەوێت؟

هەراری: بەڵێ، ڕێک بەم جۆرەیە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵیدا پەرەسەندنێکی فراوان لە ئامێر و ئابووریدا ڕوویدا، کە بووە هۆی دەستەڵاتداری و بەهێزیی هەندێک لە خەڵک. بەڵام کاتێک تەماشای ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک دەکەیت، ژیانی کەمینەیەکی بچووک زۆر باشتر دەبێت و ژیانی زۆرینەی خەڵکیش زۆر خراپ دەبێت. و دەشێت ئەمە لە سەدەی بیست و یەکدا دووبارە ببێتەوە. گومان لەوەدا نییە کە تەکنۆلۆژیای تازە کۆمەڵێک لە کەمینەی خەڵک بەهێز دەکات و ئەگەری ئەوە هەیە چەند کەسێک تەواوی سوودەکان بۆخۆیان ببەن و زۆرینەی خەڵک خۆیان لە ژیانێکی زۆر خراپدا ببینەوە بەبەراورد بە ژیانی پێشوویان.

ئەندرسن: تەنانەت دەشێت ئەم نوخبە و چینە دەسەڵاتدارە مرۆڤ نەبن، دەشێت سایبۆرگ یاخود…

هەراری: بەڵێ. دەشێت سایبۆرگ بێت یاخود شتێکی تەواو نائۆرگانی یاخود ئەلگۆریتمە ناهۆشمەندەکان بێ. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا دەیبینم گواستنەوەی دەستەڵاتە لە دۆخی مرۆڤەوە بۆ ئەلگۆریتمەکان. بڕیارەکان، چەندە پەیوەست بن بە ژیانی شەخسیشەوە، سەبارەت بە بابەتە ئابووری و سیاسییەکان بەڕاستی لەلایەن ئەلگۆریتمەکانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت لە بانک قەرز بکەیت، ئەگەری ئەوە هەیە چارەنووسی قەرزەکەت لەلایەن ئەلگۆریتمێکەوە دیاری بکرێت نەک لەلایەن مرۆڤەوە. بۆیە جێگای سەرسووڕمان نییە کە زیاتر و زیاتر دەسەڵات لە دەستی مرۆڤەوە دەچێتە دەستی ئەلگۆریتمەکانەوە.

سەرچاوە کلیک بکە