رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

پەڕاوی نۆبێڵ: براوەکانی ٢٠٢١

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: راڤین کامەران

لە بواری فیزیا

ئەکادیمیای شاهانەی سویدی سێ زانای وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢١ لە بواری فیزیادا دەستنیشان کرد، کە بریتین لە (سوکۆرو مانابی)، (کلاوس هاسلمان) و (جۆرجیۆ پاریسی).

نیوەی خەڵاتەکە بە هاوبەشی بەخشرا بە سوکۆرو مانابی و کلاو هالسمان بۆ دۆزینەوەی مۆدێلی ئاووهەوا و سیستمە ئاڵۆزە فیزیاییەکەی و پێشبینیکردنی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی ئاووهەوای زەوی.

نیوەکەی دیکەی خەڵاتەکە بەخشرا بە (جۆرجیۆ پاریسی)  بۆ دۆزینەوەی ڕۆڵی لەرەلەری ناڕێکی لەسەر ئاستی ئەتۆم.

هەر سێ زاناکە هەوڵیانداوە کار لەسەر سیستەمی هەڕەمەکی و ئاڵۆزی بکەن و بتوانن لەڕێگەی بەکارهێنانی بیرکارییەوە وەسفی سیستمە ئاڵۆزەکان بکەن.

لە بواری ئەدەبیات

خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بەخشرایە ڕۆماننووس (عەبدولڕەزاق گورنا).

هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە لەبەر باسکردنی کاریگەرییەکانی دەستتێوەردانی کۆڵۆنیاڵیزم و چارەنووسی پەنابەران لەنێوان کولتوورەکان و کیشوەرەکاندا.

گورنا لە ساڵی ١٩٤٨ لە دوورگەی زانزیبار لەدایکبووە و گەورە بووە، بەڵام دواتر لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٦٠ وەک پەنابەر ڕوویکردۆتەوە ئینگلتەرا. تاوەکو ئێستا دە ڕۆمان و چەندین کورتەچیرۆکی بڵاوکردۆتەوە. تێمای خراپیی گوزەرانی پەنابەران لە سەرجەم کارەکانیدا بەکارهاتووە.

لە بواری ئاشتی

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە (ماریا ڕیسا) و(دیمیتری موراتۆڤ).

 هۆکاری پێدانی خەڵاتەکە لەپای هەوڵ و کۆششەکانیان لەپێناو پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین کە ئەمەش مەرجێکی سەرەکیی دیموکراسی و بەرقەرارکردنی ئاشتییە. هەردوو براوەکە، ڕیسا و موراتۆڤ بەهۆی بوێرییان و خەباتکردنیان لەپێناو ئازادیی ڕادەربڕین لە وڵاتی فیلیپین و ڕووسیا خەڵاتەکیان پێبەخشرا. کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ ڕایانگەیاند هەردوو براوەکە توانییان ببنە نوێنەری تەواوی ئەو ڕۆژنامەنووس و جۆرناڵیستانەی کە لە جیهاندا بەگژ جەور و ستەمدا دەچنەوە.

لە بواری کیمیا

خەڵاتی نۆبڵی کیمیا بەخشرا بە دوو زانا کە ئەوانیش (بنیامین لیزت) و (دەیڤد ماکمیلان) بوون.

 هۆکاری وەرگرتنی خەڵاتەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنی چالاکی ئۆرگانۆکاتالیسیس و بەکارهێنانی کاتالیسیتی گەردیلەی بچووکی ئۆرگانی بۆ دروستکردنی وێنەی ئاوێنەیی هەرزان و چالاک.

لە بواری فیزیۆلۆجی و پزیشکی

خەڵاتی فیزیۆلۆجی و پزیشکی بەخشرا بە ( دەیڤد جولیانس) و( ئەردەم پاتاپۆتیان).

هۆکاری وەرگرتنی خەڵاتەکە لەبەر دۆزینەوەی ڕیسێپتەرەکانی دەستلێدان و پلەی گەرمی بوو لەلایەن هەردوو زاناوە.

ئەکادیمیای خەڵاتی نۆبڵ نووسیویەتی: هەستەکانمان سەبارەت بە ساردی، گەرمی و دەستلێدان یەکێکن لەو هۆکارە گرنگانەی وای کردووە مرۆڤ باشتر بمێنێتەوە و کاردانەوەی بەرامبەر جیهانی دەوروبەری هەبێت. ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆماندا بەردەوام بەرخوردمان لەگەڵ ئەم هەستانە هەیە، بەڵام چۆن دەمارەکان پێوانی پلەی گەرمی و دەستلێدانەکان وەردەگرن؟ هەردوو براوەکە هەوڵیانداوە وەڵامی پرسیارەکە بدەنەوە و کۆمیتەی نۆبڵ بە شایستەی خەڵاتەکەی زانیون بۆ ساڵی ٢٠٢١.

لە بواری زانستە ئابوورییەکان

ئەکادیمیای زانستەکانی شاهانەی سویدی بڕیاریدا خەڵاتی سڤێرگیس ڕیکسبانک لە زانستە ئابوورییەکان و لەیادی ئەلفرێد نۆبڵ ببەخشێتە سێ زانا.

نیوەی خەڵاتەکە بەخشرا بە (دەیڤید کارد)، مامۆستای زانکۆ لە کالیفۆرنیا.

هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵە ئەزموونگەرییەکانی لەپێناو ئابووریی کاردا.

نیوەکەی دیکەش بەخشرا بە هەردوو زانا (جۆشوا د. ئەنگریست) و (گویدۆ و. ئیمبێنز).

خەڵاتەکەش لەبەر بەکارهێنانی میتۆدۆلۆجیانەی لەپێناو شیکاریی پەیوەندییەکانی هۆکردیدا.

سەرچاوە کلیک بکە