رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ خالید سلێمان

Facebook
Twitter
LinkedIn

پرسی ژینگە و کاریگەرییەکانی تاک

سازدان: ئاراس ئەنوەر

خالید سلێمان ڕۆژنامەنووسی بواری ژینگەیە و خەڵکی باشووري کوردستانە . نووسەری کتێبی (پاسەوانانی ئاو، وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق)ە. لەگەڵ زیاتر لە ١٥ ساڵ کارکردن لە مینبەرەکانی میدیایی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە ئاو و ژینگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پسپۆڕی لە بواری چارەسەری ڕۆژنامەوانی و پرسی گۆڕانی کەشوهەوا هەیە. بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی میدیا لە ڕووبەڕووبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا، هەروەها لەگەڵ “Free Press Unlimited” و “Planetary Security Initiative” هاوکاری دەکات. لەم ڕێگایەوە سەرکەوتووانە پڕۆژەکانی ڕاهێنان و میدیا سەبارەت بە ئاسایش و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەدەبات. خالید سولەیمان وتار و کتێبی لێکۆڵینەوەیی جۆراوجۆری سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەوی و هەرێمی MENA، بەتایبەتی عێراق، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە. بۆ پلاتفۆڕمی ڕاگەیاندنی دەراج لە لوبنان و دەزگای دیکەی ڕاگەیاندنی وەک ڕۆژنامەی المدا لە بغداد دەنووسێت. جگە لەوەش وەک ڕاهێنەرێکی ڕاگەیاندن لەگەل دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی وەک ئاژانسی فەڕەنسی گەشەپێدانی میدیایی CIF و ئینتەرنیوز Internews سەبارەت بە مەسەلە ژینگەییەکان، و ڕاپۆڕتی هەستیاری ڕەگەزی و بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ هاوکاری دەکات. لە ڕێگای شارەزایی میدیاییەوە، خالید سولەیمان چەندین پڕۆژەی ڕاهێنانی ڕۆژنامەنووسانی سەرانسەری عێراق و هەرێمی MENA ئەنجامداوە. هەروەها بۆ دەزگا میدیاییە نەتەوەیی و نێونەتەوەییە جیاوازەکانی وەک پەیمانگای واشینتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیویەتی. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەرهێنانی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە دراماتیکەکانی عێراق/هەرێمی کوردستان هەیە و بڕوانامەی پیشەیی ڕۆژنامەوانی لە “Free Press Unlimited” و “US Agency for Global Media” وەرگرتووە. ناونیشانی دوا کتێبی؛ لەدایکبوونی نەخۆشی،،، گەرمبوونی زەوی و بڵاوبوونەوەی پەتا، بە زمانی عەرەبی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی (عالی) لە بەیروت بڵاویان کردەوە.

پرسیار / بۆچوونی بەڕێزت لەسەر ژینگەی ئێستای جیهان و ژینگەی کوردستان بە تایبەتی چییە؟

وەڵام/ پێش ئەوەی هەردوو بەشی پرسیارەکە بە جیاجیا وەڵام بدەمەوە، ئەمەوێت بڵێم، ئەمڕۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ژینگەدا دروستبوون، بە هۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری گازی گەرمەوە لە کەشدا هەموو جیهانی گرتووەتەوە. واتە شوێنێک نییە لە دەرەوەی ئەم قەیرانە قوڵەبێت. لەوانەیە جیاوازی هەبێت لە نێوان شوێنێک و شوێنێکی تر، بۆ نمونە شوێنێک ڕیژەی سەوزایی زۆرترە، ئاوی زۆترە، سەرچاوەکانی تری زۆرترە ڕەنگە کەمتر کاریگەر بووبێت بەم گۆڕانکارییە، بەڵام شوێنی تر بە نمونە وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لەبەر ئەوەی شوێنێکی زۆری بیابان و ووشکانی تێدایە و کوردستانیش بەشێکە لەم ناوچەیە، زیاتر کاریگەر بووە و گۆڕانکارییەکان بەشێوەیەکی ڕوونتر ئەبینرێت. لێرەوە دێمە سەر وەڵامی پرسیارەکە بە دوو بەش. بەشی یەکەمیان، ئەگەر ئێمە تێبینی ئەو ڕاپۆرتانە بکەین کە لەلایەن سەنتەرە جیهانییەکانەوە دەرچوون، بەتایبەت سەنتەرێکی گەورە هەیە کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە بە ناوی “دەستەی نێودەوڵەتی حکومی بۆ گۆڕانکاری ژینگە” لە ڕۆژانی پێشووی ئەم مانگەدا (واتە مانگی هەشتی ٢٠٢١)، ڕاپۆڕتێکیان بڵاوکردەوە. ئەو ڕاپۆرتە زەنگێکی مەترسیدارە سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە ژینگەدا دروستبوون. تێیدا باس لەوە دەکات، کە بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری گازی گەرم لە کەشدا، کە بوونەتە هۆی گەرمبوونی زەوی، کاریگەرییەکی زۆریان هەیە، ڕەنگدانەوەیەکی زۆریان هەیە لەسەر کۆی سیستەمی ژینگەیی، واتە لەسەر خۆراک، ئاو، سەرچاوەکانی کشتوکاڵ، و ئیکۆسیستەم و هەروەها لەسەر هەموو ئاژەڵ و بوونەوەرەکان لەسەر گۆی زەوی. ئێستا پلەی گەرەمی زەوی ١.٢وە، ئێمە لەم گەرمییەدا ئەژین، ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت ئەوا لە نیوە سەدەدا، واتە لە نزیکەی ٢٠٥٠ دەگاتە ٢ پلە، کەواتە جیهان ئەوەنەیتر گەرم دەبێت. ئەمەش واتە کۆی سیستەمی ژینگەیی و بوونی مرۆڤایەتی و بوونەوەران بە گشتی دەکەونە مەترسییەوە. بۆ ئەوەی لە بیرم نەچێت لەم چوارچێوەیەدا، هۆکارەکان زۆرن، بۆ نمونە، زیاتر لە ٧ ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی دەژین، پێویستیان بە ووزەیە، پێویستیان بە جێی نیشتەجێبوونە، بە خۆراکە، بە هۆکاری گواستنەوەیە و زۆر شتی تر، هەموو ئەمانەش بە ووزە دەکرێن. ئەم ووزەیەش تا ئێستا لە جیهاندا، بە ڕێژەیەکی زۆر لە ڕێی سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە بەرهەم دەهێنرێن، ئەوانیش نەوت و غاز و خەڵوزە. بۆیە وەها مەزەندە دەکرێت، ئەگەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەتا نزیکەی نیوەی سەدە نەگەنە ئاستێک کە پێێ دەوترێت نێت زیرۆ، واتە ئەگەر ڕێژەی بەکارهێنانی ئەم سێ سەرچاوەیە تا ئاستی سفر کەمنەکرێنەوە، ئەوا پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە و گۆڕانکارییەکانیش زیاتر دەبن. بۆیە ئێستا وەها مەزەندە دەکرێت، کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی زۆر جدی بنێت، بە تایبەت لە کۆنگرەی داهاتووی کۆبوونەوەی ترۆپکی سەرکردە جیهانییەکان لە گلاسگۆی سکۆتلاند (Glasgow -Scotland)، دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەبەسترێت، وەها بیردەکرێتەوە کە بڕیاری گرنگ لەم بارەیەوە بدرێت. تێکچوونی ژینگەی جیهان، لە زۆر شوێن بووەتە هۆی ووشکەساڵی و لە زۆر شوێن بۆتە هۆکاری دابارینێکی زۆر، ئەمەش گۆڕانکاری ژینگەییە. ڕەنگە هەڵەتێگەشتنێک هەبێت لەوەدا بڵێن، لەبەر ئەوەی باران ئەبارێت کەوایە گۆڕانکاری ژینگەیی لە ئارادا نییە، بەڵام ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە، چونکە لە زۆر شوێن، گۆڕانی ژینگەیی دەبێتە هۆی ڕێژەیەکی زۆر لە باران بارین، و پاشان دروستبوونی لافاو، لە زۆر شوێنی تر ئەبێتە هۆی دانەبارین، بەوەش ووشکەساڵی دروست دەبێت. دوو نمونەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کەم بارانییان تێدا دروست دەبێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە وڵاتێکی وەک فلیپین بارانبارین زۆر دەبێت. ئەمەش بۆخۆی زیانێکی زۆری هەیە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر خواردن لەو وڵاتانە بەرهەم دێت بەتایبەت برنج.

ئەوەی تایبەتە بە کوردستان، گۆڕانکارییەکان ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاویان هەیە، ئەم گۆڕانکارییانەش لە زۆر شوێندا تیبینییان دەکرێت. من لەم مانگی حەوت و هەشتە، زۆربەی زۆری ناوچە و چیاکانی کوردستان گەڕاوم، شوێن هەیە لە مێژوودا وەک ئەم ساڵ کەم ئاوی بەخۆییەوە نەبینیووە، چەم هەیە لە کوردستان بۆ یەکەمجارە ووشک دەبێت، دەبینین کانیاوەکان ئاویان تێدا نییە. ئەگەر ساڵێکی تری ووشکەساڵی بەم جۆرە دووبارە ببێتەوە ئەوا لە زۆر بەی شوێنەکاندا کۆچ دروست دەبێت، واتە لە جێگا کەم ئاوەکانەوە بەرەو سەرچاوەکانی ئاو، ئەمە لەکاتێکدا سەرچاوەکانی ئاو خۆیان لە ووشکبووندان، یەکێک لەو نمونانە، کوێستان و چیاکانی نزیک پشدەر کە لە مێژوویاندا بۆ یەکەم جارە هێندە لە بێ ئاویدابن، من بۆخۆم وێنەم گرتوون، تۆمارم کردوون و دۆکیومێنتم کردوون. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کشتوکاڵ و باخ و ژیانی ئاژەڵان و ئیکۆسیستەمی کوردستان بە گشتی. هەڵبەتە ئێمە دەبێت ژیانی ئاژەڵێک و دارێک و مرۆڤێک لەیەک جۆدا نەکەینەوە، هەموو بوونەوەران بە گشتی هەر چەشن و جۆر و سپێشیسێک بەشی خۆی گرنگی و کاری هەیە لە سیستەمی ژینگەدا. ئەگەر درەختێک ووشک ببێت، ئەگەر ژیانی هەر ئاژەڵ یان بوونەوەرێک مەترسی بۆ دروست ببێت لە چۆلەکەیەوە یان لە زیندەوەرێکی بچووکەوە هەتا ئاژەڵێکی زەبەلاح ئەوا هەڕەشە بۆ کۆی سیستەمی ژینگەیی و مرۆڤەکانیش دروست دەبێت.

پرسیار/ ئایا پرسی ژینگە پرسێکی تاکگەراییە یان کۆمەڵگەراییە؟ چۆن؟

وەڵام/ لە ڕاستییدا پرسی ژینگە هەردووکیانە. من وەک ڕۆژنامەنووسێک ئەم وەڵامەت ئەدەمەوە. کێشە ژینگەییەکان لە زۆر ئاستدا پێویستی بە بڕیاری سیاسی یاخود بڕیاری نێودەوڵەتی هەیە، پێش باسی تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی، شتێک هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێی دەوتریت ناوچەیی یان هەرێمایەتی (Territorial)، وە شتێکی ترهەیە پێی دەڵێن (Inter-territorial). بۆ نمونە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا کە ڕێژەیەکی زۆر ئۆتۆمۆبێل بەرهەمدەهێنێت، لە ناو کارگەکانی خۆیاندا، کە ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ کاردەکەن، و ئاسنێکی زۆر بەکاردەهێنن، ئەمانە پێویستیان بە ووزەیەکی زۆر هەیە، کەواتە ئەم کارگانە ڕێژەیەکی زۆری گاز دەخەنە هەواوە، ئەمە لەسەر ئاستی وڵاتەکە. بەڵام کاتێک ئەم ئۆتۆمبێلانە دەنێردرێن بۆ هەر وڵاتێکی تر، واتە هەناردە دەکرێن، گواستنەوەیان دیسانەوە بەرهەمهێنانەوەی گازی گەرمکەرە بۆ ناو کەش و هەوا، کاتێک دەگەنە دەستی کڕیار، لەلایەن تاکەوە بەکاردەهێنرێن و دیسانەوە کاربۆن و گازی گەرم بڵاودەکەنەوە، بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە گاز و بەنزین کاردەکەن. کەوایە پرسەکە لە ئاستی دەوڵەتانیشدا، ئاستی لۆکاڵی و ئەنتەرلۆکاڵی هەیە. بێینە سەر باسی تاکگەرایی کە پرسێکە ڕاستەوخۆ بە تاکەکانەوە گرێدراوە. ئەگەر تەماشای هەرێمێکی وەک کوردستان بکەین، بەکارهێنانێکی لە ڕادەبەدەری ئۆتۆمبێل هەیە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە وڵاتی ئێمە سیستەمێکی گواستنەوەی گشتگیر و پتەوی تیانییە. دوای ٢٠٠٣ لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەپۆلێک دروست بوو، لە ئیشکردن و پارەیەکی زۆر هاتە بازاڕەوە، هێنانی ئۆتۆمبێلیش کارئاسانییەکی زۆری بۆ کرا، ئەمەش وایکرد زۆربەی زۆری هاوڵاتییان و تاکەکانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی ئۆتۆمبێلی خۆیان. بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ شوێنی کار، و سەردان و کاری خێزانی، ڕێژەیەکی زۆر گاز فڕێئەداتە ناو کەش و هەواوە. لەسەر ئاستی گروپەکانیش بە هەمان شێوەیە. کۆمەڵگای کوردستانی بە گشتی کۆمەڵگایەکی چاولێکەرە، ئەم ڕەفتارە تاکەکەسییانە ڕەنگی لە کۆمەڵگادا داوەتەوە و بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، بۆ نمونە، ئەبێت هەموو ئۆتۆمبێلی هەبێت، ماڵی هەبێت، زەوی و باخی هەبێت، کەرەستەی ناوماڵی هەبێت. گۆڕینی کەرەستەی ماڵ، لە کۆمەڵگای ترادیسیۆنی کوردستاندا بەم جۆرەی ئێستا ئەم زیادەڕەوییە نەبووە،ئەم هەموو ڕشتنی خواردنە زیادەیەی ناو ماڵ و چێشتخانە و سەیرانگەکان، ئەم هەموو مەسروفە زیادەیە لە گۆڕینی پارچەی ژوورەکاندا و یاخود بوونی ماڵی زیادە کە ئێستا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دروستکردنی باخ و ماڵی زیادە بۆتە مۆدێل. هەموو ئەمانەش بە ووزە دەکرێن. کەواتە تێبینی ئەکەین ئەم جۆرە رەفتارە چاولێکەرییە کاریگەرییەکی خراپی هەیە، بەتایبەت کە ئێمە لە بەکارهێنانی ووزەدا ووشیارییەکی ئەوتۆمان نییە، کە زیادەڕەوییەکی زۆر لە بەکارهێنانی ووزەدا دەکرێت. لەلایەکی ترەوە، ئەو هەموو شارە (سیتی) نوێیانەی لە کوردستان بە دەوروبەری شارەکانەوە دروستکراون، هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی عەشوائی دروستکراون، هیچ پێوەرێکی ژینگەیی لە دروستکردنیاندا بەکارنەهێنراوە، بۆ نمونە لە بەکارهێنانی ئاو، ووزە، کارەبا، کەرەستەکانی هاتوچۆ و بونیادنانیاندا. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە، ئەم شارانە لەسەر حسابی ژینگە و سروشتی کوردستان دروستکراون. نمونەی زیندوو، ئەودیوو شاری سلێمانیی – سیتەکە، پێش ئەوەی ببێتە شارێکی گەورە، سیستەمێکی ژینگەیی خۆی هەبوو لەبوونی داری سروشتی و بوونی مایکرۆئۆرگانیزمەکان و بەرهەمهێنانی سەوزاییدا، بەڵام بەداخەوە، ئەمرۆ ئەو سیستەمە ژینگەییە لەناوبراوە. یەکێک لە گرفتەکان لەناوبردنی درەختە بەتەمەنەکانە، کە بەرگرییەکی زیاتریان هەبوو لەچاو ئەم درەختە نوێ و گەنجانەی کە ئێستا چێنراون، کە ئەگەر بێت و هەفتەیەک ئاو نەدرێن ووشک دەبن، بەڵام درەختە سروشتییە بەتەمەنەکان توانای مانەوە بەرگری زیاتری گەرما و بێ ئاوییان هەبوو. هەموو ئەمانە بوونەتە ڕەفتارێکی گشتی، ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی، و بەداخیشەوە هیچ پلانێک بۆ کەمکردنەوەی ئەم زیادەڕەویی و زیاد مەسروفییە و دروستکردنی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی نییە.

پرسیار/ ئایا هەستی بەرپرسیارێتی و هۆشیاری بەرامبەر ژینگە لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی کۆمەڵ واتە بە دەستەجمعی لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت کەشێک هەیە بە بەرخۆریبوونی تاک ناوی لێ نراوە، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

وەڵام/ لەڕاستیدا ڕەوشی هۆشیاری تاک و کۆمەڵ بەرامبەر بە ژینگە پێویستی بە دیتێڵ و ووردەکاریی هەیە. ئەتوانم بڵێم لە سێ ئاستدا ئەتوانرێت ڕۆڵی تاک و کۆمەڵگا دیاری بکرێت. وە هەروەها ڕۆڵی دامەزراوەکانی ناو کۆمەلگاش، با ئێمە لە میدیاوە دەست پێ بکەین. ئەمڕۆ زۆربەی زۆری میدیاکانی جیهان بە بەرپرسیارێتییەوە لەم بوارەدا کاردەکەن، زۆرێک لە سایتە جیهانییەکان، وەک چۆن لە کەتیگۆڕی کردنی بابەتەکانی وەک سیاسەت، کەلتوور، ئابووری،، هتد هەیە، ژینگەش هەیە. نەک تەنها ووشەی ژینگە، بابەتی گۆڕانکاری ژینگەیی خراوەتە ناو کەتیگۆرییەکانیانەوە، و ئەم بەشە دراوەتە دەست کەسی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون لە بواری ژینگە و گۆڕانکارییە ژینگەییەکاندا. چۆن زانیارییەکانی ژینگە بە خەڵک دەگەیەنرێت؟ ئێمە تا ئێستا لە میدیاکانی کوردستاندا زۆر سەرەتایی لەم بوارەدا ئیشەکان دەبینین. بەڵێ ڕاستە ڕەنگە بە گشتی خەڵک زۆر حەز بە زانستی ئەبستراکت نەکەن، بەڵام میدیاش لە تەشویقدان بەو باسە ڕۆڵی نەگێڕاوە. بەڵام کاتێک ڕۆژنامەنووسێک زانستە ئەبستراکتەکان دەکاتە بابەتی چیرۆک ئامێز، و بە ژیان و بوونی خەڵکەوە پەیوەستی دەکات، ئەو کات لێک تێگەشتن زیاتر دەبێت. خاڵێکی تر یاسایە،،، نەبوونی یاسایەکی توندوتۆڵ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ژینگە، وایکردووە کاری شەڕەنگێزانە بەرامبەر سروشت و ئاژەڵان و سەرچاوەکانی ئاو بکرێت. ئەتوانم بڵێم چەسپاندنی یاسا بۆ ماوەی دوومانگ ، شەش مانگ، ساڵێک و دوو ساڵ، ئیتر ئەو یاسایە ئەبێتە ئەخڵاقی گشتی، بەڵام لەبەر ئەوەی یاساکە نییە، ئەو بەرپرسیارێتییەش لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ بەوجۆرە نییە. ئاستی سێیەم، ئاستی پەروەردەیە. ئێمە لە خوێندنگا سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەکانمان، هەتا لە پەیمانگا و زانکۆکانیش، پەروەردەی ژینگەیی نەخراوەتە سیستمی فێرکردنەوە،لەسەر ئاستی زانکۆکانیش، تا ئێستا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی کەم هەیە لە بواری ژینگەدا لە هەردوو ڕوانگەی سیستمی ژینگەی ووشکانی و ئاویش. کە دەڵێێن سیستمی ژینگەی ئاوی ئێمە لەژێر مەترسیدایە، لەوانەیە خەڵکانی ئاسایی لێی تێنەگەن، ئەمەش دووبارە ڕۆڵی میدیا و تاک و هەموو ڕێکخراوەکانە ئەمە ڕوون بکەنەوە. کاتێک خەڵکانێک بە بۆمبێکی دەنگی ئەچن ڕاوی ماسی ئەکەن، ئەمە تەنها ماسییەکان ناکوژێت، بەڵکو خۆراکی ماسییەکانیش لە ناو ئاودا لەناو دەبرێت، چونکە لە ناو ئاودا میکرۆئۆرگانیزمەکان هەن، کە هەم وەک خۆراکی ماسی و هەم بەشدارن لە سیستمە ژینگەییەکەدا، لەناوبردنی ئەمانەش واتە بەتاڵکردنەوەی ئەو ژینگە ئاوییە لە ژیان. ئەوەی پێی دەوترێت زنجیرەی خۆراک کە ماسییەک لەسەر بونەوەرێکی تر دەژی و ئەو بوونەوەرەش لەسەر بوونەوەرێکی تر دەژی، بەهۆی ئەو بۆمبانەوە لەناو دەچن. بۆیە من وەک ڕۆژنامەنووسێک ئەوە دەڵێم کە ئەم باسە پێویستی بە هۆشیاری و پەروەردەی میدیایی و بانگەشەی دروست هەیە بۆ ئەوەی خەڵک چیتر زیان بە ژینگەکەی خۆی و ژیانی خۆی نەگەیەنێت و بخرێنە دۆخی بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر خۆیان و بوونەوەران.

پرسیار/ بەڕێز کاک خالید ئەزموونی کەسی خۆتم بۆ گرنگە و پێم خۆشە وەک تاکێک باسێک لە ڕۆڵی خۆت و چۆنێتی و هۆکاری دەست بەکاربوونت لە بواری ژینگەدا بکەیت.

وەڵام/ زۆرکات ئەم پرسیارەم لە میدیاکاندا هەم لە ناوەوە و هەم لە میدیاکانی دەرەوەشدا لێ دەکرێت. دەپرسن تۆ لە ناو بواری میدیای سیاسیدا کارتدەکرد، بۆچی چوویتە ناو بواری ژینگەوە؟ پێشتر کتێبێکم نووسی لەسەر ئاو لە عێراقدا، کە ئەم پرسیارە هۆکاری دەستپێکی کتێبەکە بوو. من لە گەرمیان لە لادێیەکدا گەورەبووم، لادێکە بە گشتی زۆر کەم ئاوبوو، تاکە سەرچاوەی ئاوی ئێمە چەند بیرێک بوو. ئاوی بیرەکان تەنها بەشی خواردنەوەی خۆمان و ئاژەڵەکانی ئەکرد. ئەو ئاوەی لە ناو کۆلی ئاژەڵەکاندا ئەمایەوە، بۆ کشتوکاڵ کردن بەکارمان دەهێنایەوە. بۆ نمونە باخچەیەکی بچووکمان هەبوو، تەماتە و بامێ و چەند بەربوومێکی تری هاوینەییمان تێدا ئەچاند، ئەم باخچە بچووکە سەرچاوەی خۆراکمان بوو. (ئەمە باسی منداڵیمە دەیگێڕمەوە). ئەو وێنەیەی کە لە یادەوەری مندا ماوەتەوە، وێنەی دارتوویەک بوو، ئەم دارتووە لە حەوشەکەماندا بوو، باوکم لەگەڵ دروستکردنی ماڵەکەدا و پێش لە دایکبوونی ئێمە ئەو تووەی چاندبوو. من و براوخوشکەکانم لەگەڵ گەورەبوونماندا تووەکەشمان لەگەڵ ئێمە گەورەدەبوو. تا گەیشتە ئەوەی کە ئیتر توو بگرێت، بەڵام ئاومان نەبوو کە بەردەوام ئاوی بدەین. بیرمە باوکم ڕۆژانە چەند جار دەستنوێژی دەگرت، ئەو ئاوەی لێی دەمایەوە، دار تووەکەی پێ ئاو دەدا. ئەمە وەک کەلتوورێکی خۆڕسکانەی لێ هاتبوو بۆ ئیدارەکردنی ئاو، و چۆن ئاوی بەکارهاتوو، بەکار دەهێنیتەوە، ئەمە وایکرد نە ئاوەکەش بە فیڕۆ بڕوات و نە دارتووەکەش ووشک ببێت. بەڕاستی ئەمە یەکێکە لەو یادەوەرییانەی منداڵیم تا ئێستاش وێنەکەیم لە مێشکمدایە. ئێستا لەسەر ئاستی جیهان، کۆنسێپتێک هەیە، تیۆرییەکە بە ناوی (Nature based solutions) واتە حەلکردنی سروشت بە سروشت خۆی. بەو جۆرەی کە ئاوی پاشماوە بۆ ئاودانی باخ و کشتوکاڵ بەکاربهێنرێت، یاخود لە خانوو دروستکردندا، هەمان کەلوپەلەکانی پێشوو بەکاربهێنرێتەوە، ئەو هەموو کۆشک و باڵەخانەیە کە دروست دەکرێن، هەم بۆ ساردکردنەوە و هەم بۆ گەرمکردن ووزەیەکی زۆریان دەوێت، کەوایە لێرەیا تۆ چۆن پشت بە سروشت ببەستیت، بۆ نمونە سودوەرگرتن لە ووزەوی خۆر. ئەم جۆرە چیرۆکانە لە هۆشیاریمدا خۆی ماتدابوو بوونە هۆکاری کارکردنم لە ژینگەدا. هۆکارێکی تر بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ کە بۆ یەکەم جار وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەرەتایی دەستم بە کارکرد، ڕۆژێک سەرپەرشتیاری میدیاکە ووتی هەندێک سەرچاوە و میدیای عەرەبیم دۆزیوەتەوە کە لەسەر جۆرێک لە باڵندە لە زۆنگاوەکانی ناوەڕاستی عێراق، کە ئەو کات حکومەتی عێراق خەریکبوو زۆنگاوەکان ووشک بکات، ئاو باڵندانە لەو زۆنگاوانەدا جێنشین بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئاوەوە باڵندەکان کۆچیان کردبوو بۆ شوێنی تر. ئەم وێنەیەش کاریگەری هەبوو لەسەرم، بەردوام ژیانی ئەم باڵندانەم پەیوەست ئەکرد بە ژیانی خۆمانەوە، ئەم ووت ئەگەر ئاو نەمێنیت، دەبێت ئەم شوێنە جێ بهێڵێن و بچینە شوێنێکی سەرچاوەی ئاوی، ئەمانە لە یادەوریمندا هەن. بەڵام وەک ڕۆژنامەنووسێکی تایبەت کە دەستم کرد بە کاری ژینگەیی، ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠بوو، کاتێک لە کەنەداوە گەڕامەوە کوردستان، بووم بە سەرنووسەری گۆڤاری هەفتانەی خەندان، لەو گۆڤارەدا، چەند دۆسییەیەکی جیاجیای ژینگەییم کردەوە. لە ڕاستیا ئەوکاتە ڕەواجێکی ئەوتۆی نەبوو خەڵکیش بە گرنگییەوە تەماشای بابەتەکەی نە ئەکرد، چونکە دۆخێکی تری سیاسی و ئابووری هەیە و مەسەلەی ژینگەش لەناو میدیا و ووشیاری خەڵک و ووتاری سیاسیدا گرنگییەکی ئەوتۆی نەبوو. ئەتوانم بڵێم لە ٢٠١٠وە هەتا ئێستا نزیکەی یانزە ساڵە بەردەوام لەم بوارەدا کاردەکەم.

پرسیار/ بەڕێزتان باسی ئەوەتان کرد کە چۆن دەکرێت بە یاسا خەڵک محکوم بکرێت بە ژینگە، ئەی ئایا ڕۆڵی کەلتوور لەو جۆرە مەحکوم کردن و بوونی هۆشیاریی گشتییەدا چۆن دەبینیت؟ ئایا تەنها بە یاسا یان بە کەلتوور دەکریت یان دەکرێت جۆرێک لە بەرکەوتنی کەلتووری و یاسایی بۆ هۆشیاری گشتی و بوونی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە هەبێت؟

وەڵام/ هەردووکیان ڕۆڵ دەبینن. پێشتریش ئاماژەم پێی کرد، بوونی یاسایەک کارپێکراو بۆ ماوەیەک ساڵێک یان چەند ساڵێک، دەبێت ئەخلاقێکی گشتی و ئەبێتە کەلتوور، بۆ نمونە، ڕێگریکردن لە شۆردنی ئۆتۆمبێل لە چەم و ڕووبارەکان، یان ڕێگری کردن لە تێکدانی هێلانەی باڵندەکان و بەتایبەت لەکاتی ڕاوکردن و ڕێگری کردن لە ڕاوکردن. لەلایەکی ترەوە لە دوو کەناڵەوە دەکرێت کەلتووری بەرپرسیارێتی و ووشیاری ژینگەیی  پەخشبکرێت ئەوانیش میدیا و پەروەردەیە. لە ڕێی میدیاوە دەکرێت زانیارییەکان دەربارەی ژینگە بە هەموو خەڵک بگەیەنیت، و لە ڕێی پەروەردەشەوە دەتوانیت نەوەیەک فێر بکەیت کە چۆن مامەڵە لەگەل ژینگەدا بکات، بۆ نمونە فێرکردنی کارکردنی سیستەمی ژینگەیی و گرنگی بوونی تەنها ئاژەڵێک لەو سیستەمەدا. بۆچی؟ چونکە تاکەکان پێویستە بزانن، لە ناو ئیکۆسیستەمدا هەمان ڕۆڵ کە مرۆڤ دەیبینێت ئاژەڵێکیش دەیبینێت. تا ئێستا لە کەلتوور و ئەفسانە و ئایینەکاندا وەها هاتووە کە مرۆڤ سەروەرە لەم جیهانەدا، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕووی ژینگەییەوە وەها نییە، چونکە ئەو ڕۆڵەی درەختێک و ئاژەڵیک و تەنانەت میکرۆبێکی بچووکیش دەیبینێت لە ڕۆڵی ئێمە کەمتر نییە. هەموو ئەمانە باڵانسی سروشت ئەپارێزن. بە نزیکەی سەدا حەفتای ئەو خۆراکەی دەگاتە مرۆڤ، هۆکارەکەی مێرووەکان و بونەوەرە بچووکەکانن بەرهەمیان هێناون، بەهۆی پیتاندنەوە، ئەوە مێرووەکانن کاری پیتاندن ڕێکدەخەن نەک مرۆڤ. کەواتە ئەبێت مرۆڤ لەوە تێ بگات کە بوونی ئەو پەیوەستە بە بوونی بوونەوەرەکانی ترەوە. هەتا ئاژەڵەکانی وەک مار و دووپشک و گورگ و ئەوانی تر، کە لێرە باوە دەیانکوژن، لە نەزانییەوەیە، چونکە کوشتنی ئەو ئاژەڵانەش مەترسییە بۆ سەر باڵانستی سیستمەکە و دواجار بۆ سەر خودی مرۆڤ. ئەبێت لەوە تێبگەین کە هیچ ئاژەڵێک نییە ژیانی ئێمە هەراسان بکات مەگەر ئەوەی لە هابیتاتی ئەو نزیک ببینەوە. ئێمە هەتا لە هابیتاتی ئەژەڵەکانی تر نزیک ببینەوە، ئەوا زیاتر نەخۆشی لە ناو ئێمەدا بڵاو دەبێتەوە، چونکە زۆر ئاژەڵ هەیە بەرگەی زۆر ڤایرۆس دەگرێت بەڵام مرۆڤ ڕەنگە نەتوانیت بەرگەیان بگرێت، بۆ نمونە ڤایرۆسی کۆرۆنا. کەواتە ئەبێت لەوە تێبگەین هەر مەترسییەک بۆ سەر ژیان و سیستمی ژینگەیی ئاژەڵەکان دروست ببێت لە ئەنجامدا مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ دروست دەبێت، هەم لە ڕوانگەی خواردن و تەندروستییەوە و هەم لە ڕوانگەی کۆی باڵانسی سیستمەکەوە بە گشتی.

پرسیار/ هەندێک جار کە ئازادی وورد ئەکەینەوە، دەچێتە ناو کایەس، فەوزا و جۆرێک ناهۆشیاری و نابەرپرسیارێتییەوە، بەتایبەت بەرامبەر ژینگە. بۆ نمونە فڕێدانی دەبە لە جامی سەیارەوە، یان ئەو گەنجانەی لە کاتی خواردنەوەیا پاشماوەکانیان جێ دەهێڵن، من بۆخۆم بە خێزانی هەفتەیەک چووین گۆیژەمان پاککردەوە. کاتێک موخاتەبەی گەنجەکان ئەکەین، ئەڵێن ئێمە ئازادین، لێرەیا گرفت بۆ چەمکی ئازادی دروست بووە. پێم خۆشە بەڕێزت لەسەر ئەم دیاردەیە قسەم بۆ بکەیت.

وەڵام/ ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی زۆر ناشرین و نابەرپرسانەیە. پێویستە لەوە تێبگەین کە فڕێدانی دەبەیەک و وشیبوونەوەی لە ناو زەویدا کاتێکی زۆری دەویت، کە شیبووەیەوە دەبێتە مایکرۆ پلاستیک، دەچێتەوە ناو ئاو و هەواوە، و دووبارە زیان بە مرۆڤ و بە ئاژەڵەکان دەگەیەنێت. حەز ئەکەم باسی دوو جۆر سیستەمی ژینگەییت بۆ بکەم. سیستەمی شار و سیستەمی سروشتی. بەردوام مرۆڤەکانی ناوشار وەها مەزەندە دەکەن کە سروشت هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکات.لەبەر ئەوەی بەرکەوتنیان لەگەل سروشت کەمە و کە دەچێتە مارکێتێک یان بازاڕەوە هەموو پێداویستیەکانی خواردەمەنی و جل و هیتر بە حازری لەبەردەستدایە، ئۆتۆمبێلەکانمان پڕدەکەین لە خواردن و دەچینەوە ماڵەوە بەبێ ئەوەی بپرسین ئەم خۆراکە لە کوێوە دێت. با بیرلەوە بکەینەوە ئەگەر ئێمە بەردەوام لە تێکدانی سوڕی بالانسی ژینگەییدا دەستوەردان بکەین، ئەوا ڕۆژێک دێت کە ئەم هەموو چەشنە خواردنەمان دەست ناکەوێت. ناکرێت بەو جۆرە تەماشای زەوی بکرێت کە هەتاهەتایە بەرهەم دێنێت. ئێستا زەوی کەوتۆتە ژێر بارگرانییەکی زۆر گەورەوە. ئێستا زەوی وەک ئەو دایکەیە کە لە جیاتی کۆرپەیەک دەیان کۆرپەی لە سکدابێت، ئێمە ئەوە دەزانین هەر کۆرپەیەک هەمان ئەو خواردنە دەخوات کە دایک دەیخوات، کەوایە ئەو دەیان کۆرپەیە ئەم هەموو خواردنەیان چۆن لە تەنها دایکێکەوە دەست بکەوێت. ڕەنگە نیوە یان سێ بەشیان ئەگەر کۆتاییان پێ نەیەت گرفتی ناکامی و گەشەیان بۆ دروست بێت، ڕەنگە هەر بە گشتی بە هۆی تووشبوون بە بەدخۆراکییەوە بە کەمووکوڕییەوە بێنە ناو ژیانەوە. ئێمەش ئێستا لەسەر زەوی هەمان کێشە و چارەنووسمان هەیە. وەک پێشتریش ووتم، ئێمە پێویستمان بە ئاو، خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستی و کەرەستەیە، هەموو ئەمانەش لە هەناوی زەوییەوە دێنە دەر. ئەم هەموو ووزەیە لە زەوی وەردەگیرێت و پاشان بە نادروستی دەدرێتەوە بە ژینگە و زەوی. کەواتە بە دڵنیاییەوە، نەک ئەوەی دەبێت بیر لە ژینگەی شار بکرێتەوە، پێویستە بیر لە ژینگەی سروشتی و سەرچاوە ژینگەییەکان و بەشداری فرەلایەن لە پارێزگاری لە ژینگە بکرێتەوە. ئەم خەمە خەمێکی تاکی و گروپی یاخود لۆکاڵی نییە، ئەم خەمە خەمێکی گلۆبالی و جیهانییە و هەموومان دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە تێیدا بەشداربین.