رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ د. نیاز نەجمەدین

Facebook
Twitter
LinkedIn

تاک لە ئابورییدا

سازدانی: ئاراس ئەنوەر

د. نیاز نەجمەدین پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانكۆی سلێمانیی و بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەیە لە گروپی كۆمپانیاكانی فاروق بۆ وەبەرهێنان. هەڵگری دکتۆرایە لە زانستی ئابورییدا، توێژەری میوان بووە لە زانكۆی ئۆپسالە و لوند لە وڵاتی سوید بۆ ماوەی دوو ساڵ. نوسەری كتێبی “ماكرۆئابوریی: تیۆریی و سیاسەت” لەگەڵ پرۆفیسۆر د.هۆشیار مەعروف و نوسەری كتێبی “كێ چارەنوس دیاری دەكات؟” لێكۆڵینەوە لە گەشەسەندنی مرۆیی و نایەكسانیی ئابوریی لە هەرێمی كوردستاندا. دوو توێژینەوەی بە زمانی ئینگلیزیی بڵاوبۆتەوە. یەكێكیان بە ناوی” The Failure of Economic Reform in the Kurdistan Region” لە گۆڤاری “British Journal of Middle Eastern Studies” و ئەویتریان وەك چاپتەرێك لە كتێبی “The Palgrave Handbook of Ethnicity”.

پ/ ئایا پەیوەندیی نێوان ئازادیی تاك و گەشە و قەیرانی ئابوریی چییە؟

زانستی ئابوریی لە سەرەتای دروستبونییەوە گرنگی بە رۆڵی تاك لە گەشە و قەیرانی ئابورییدا داوە. ئابوریناسانی كلاسیك، واتە ئابورییناسانی بەر لە جۆن ماینارد كینز (بەر لە سەدەی بیستەم)، بە وردی باسی ئەوەیان كردووە كە گەشەی ئابوریی لەسەر ئازادی تاك وەستاوە.

ئادەم سمیس، كە بە باوكی زانستی ئابوریی ناسراوە و ئابورییناسێكی سكۆتلەندییە، رای وایە بۆ ئەوەی نەتەوەكان لە هەژاریی رزگاریان ببێت، دەبێت رێگا بدەن دەستی شاراوە ئیشی خۆی بكات. مەبەست لە دەستی شاراوە بەرژەوەندیی تایبەتییە. لای ئەو، تاكەكان دڵخۆش بكە، نەتەوە دڵخۆش دەكەیت. دڵخۆشیی تاكەكان بەوەوە بەندە بەربەستەكانی بەردەمیان لاببرێت. ئەگەر ئارەزووی قەسابیی یان بیرەفرۆشیی دەكەن، ئەوا نابێت لە ژێر هیچ بەهانەیەكدا بوەستێنرێن. بەپێچەوانەوە، سەركوتكردنی ئارەزووەكانیان هۆكاری دروستبوونی رقە لە نیشتمان. ئازادی تاك دەبێت سنوری وڵاتان ببڕێت و بازرگانییش بگرێتەوە. پرۆسەی تێكەڵبوون لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە رزگاربوونەوە لەوەی بیرۆكەی تاكەكان لە چوارچێوە بدرێت. ئازادكردنی تاك و تێكەڵبوون لەگەڵ نەتەوەكانی تر عەقڵی كۆمەڵگە فراوان دەكات. لە كۆمەڵگەی داخراودا، هزری تاك لە قاڵب دەدرێت و ناتوانێت بە بیرۆكەكانی چارەسەری كێشەكانی خۆی و كۆمەڵگەكەشی بكات.  

ئازادی تاك وادەكات هەر تاكێك لە بوارێكدا شارەزا بێت، ورد و قوڵ ببێتەوە، بەمەش واز لە بوارەكانی دیكە دەهێنێت. ئاكامی قوڵبوونەوە لە بوارێك و وازهێنان لە بوارەكانی دیكە زیادبوونی كارامەیی كارمەند و بەرهەمە. زیادبوونی بەرهەمیش واتا دەوڵەمەندبوونی سامانی نەتەوە، ئەوەی دواتر بە كەڵەكەبوونی سەرمایە ناسرا و وەك بەردی بناغەی گەشەی ئابوریی و رزگاربوون لە هەژاریی دانرا.

كەواتە بۆ ئەوەی لە هەژاریی رزگارمان بێت، ئەبێت سامانی نەتەوەكان كەڵەكە ببێت. بۆ ئەوەی سامانی نەتەوەكان كەڵەكە ببێت، پێویستمان بە پسپۆڕیی و دابەشكردنی كارە. ئەمەش پێویستی بە ئازادبوونی تاكە. 

پ/ گریمان تاك ئازاد دەبێت، بەو هۆیەشەوە گەشەی ئابوریی دروست دەبێت. ئەمەش واتای ئەوەی باری گوزەرانی تاكەكان باشتر دەبێت. دوای ئەوە چی روودەدات؟ لە قەیران رزگارمان دەبێت؟

نەخێر. كۆی ئابورییناسان، بە كلاسیك و مۆدێرنەوە، لەسەر ئەوە كۆك بوون كە زۆر سەختە گەشەی ئابوریی بەردەوام بێت. ماڵتۆس لە ریزی ئەو ئابورییناسانەیە كە رای وایە هەر گەشەی ئابوریی خۆی قەیران دروست دەكاتەوە، لەبەرئەوەی كاتێك ئاستی گوزەرانی تاكەكان باش دەبێت، دەمودەست بیر لە هاوسەرگیریی دەكەنەوە و دەست دەكەن بە منداڵ خستنەوە. لەدایكبوون بە رێژەیەكی هێندە خێرا زیاد دەكات زیادبونی بەرهەم دەرەقەتی نایەت. لە ئاكامدا، ئەو سەرمایەی كەڵەكە بووە دەخورێت و قاتوقڕی دروست دەبێت. ئەو رقێكی تەواوی لە تاكەكانی چینی كرێكار و هەژارە و رای وایە گەمژەیی ئەوان نەخۆشییەكە دەرمانی نییە، چونكە واز لە منداڵخستنەوە ناهێنن و كاتێكیش منداڵ دروست دەكەن بیر لەوە ناكەنەوە چارەنوسی منداڵەكانیان چیی دەبێت. ماڵتۆس رای وایە حكومەت دەبێت دەستوەربداتەوە ژیانی تاكەكان و نەهێڵێت سەرقاڵی منداڵ دروست كردن بن.

ئایا بۆچونەكەی راستە؟ نەخێر، تەكنۆلۆجیا بوو بە یەكێك لەو دەرمانانەی توانای بەرهەمهێنانی زیاد كرد، كە لێرەدا بوار نییە باسی بكەم. لەوەشدا غەدرێكی گەورە دەكات كە چینی كرێكار بە گەمژە و دەبەنگ لە قەڵەم دەدات و كێشەكە بەسەری ئەواندا دەشكێنێتەوە. بەڵام زیادبوونی دانیشتوان لە زەمەنێكی دیاریكراودا بە دڵنیاییەوە فشار دەخاتە سەر گەشەی ئابووریی. بۆ نمونە قوتابخانەی پێویست بۆ ئەو هەموو منداڵەی لە دایكدەبن و گەورە دەبن پەیدا نابێت.

پ/ كەواتە دەتوانن بڵێین لە زانستی ئابورییدا تاك شتێكە و چین شتێكی دیكە؟

بەڵێ، كلاسیك و كلاسیكی نوێ پتر باسی ئەوە دەكەن كە تاك مەخلوقێكی عەقڵانییە و خۆی بەپێی بەرژەوەندیی و ئارەزوو و داهاتی بڕیار لەسەر كڕین و فرۆشتن دەدات، جا بەكاربەر بن یان بەرهەمهێن. تاك خۆیان لە بازاڕدا تێكەڵ بە یەكتر دەبن و هەر دەستوەردانێك لە پەیوەندییان، واتە لە پەیوەندیی كڕیار و فرۆشیار، قەیران دروست دەكات. بۆ نموونە، نرخی بەنزین دەستنیشان بكە، قەیران روودەدات، چونكە تاكی فرۆشیار ئامادە نابێت ئیدی بەپێی پێویست بەنزین بهێنێت. دانانی نرخ سنورداركردنی قازانجە، واتە سنورداكردنی بەرژەوەندیی تاكە. بە هەمان شێوە، حكومەت نرخی شوقە دەستنیشان بكات، دەتوانێت نەهێڵێت نرخی شوقە بەرز ببێتەوە، بەڵام قەیران دروست دەكات بەو هۆیەوە ئیدی فرۆشیارانی بواری خانوبەرە ئامادە نابن خانوو دروست بكەن.

بەڵام ئابوریناسێكی وەك ماركس (بە هەمان شێوە داڤید ریكاردۆش بەر لە ماركس)، سەرنجی لەسەر چینەكانی كۆمەڵگەیە. ئەم رای وایە شتێك نییە ناوی تاكی ئازاد بێت لە سەرمایەدارییدا. تاك بۆ كەسێكی دیكە ئیش دەكات، كە چینی سەرمایەدارە، لەبەرئەمەش بۆ بەرژەوەندیی ئەو چینە كار دەكات. تاك بوونەوەرێكی پێگەیوو نییە و پێش ناگرێت، ئەوەی هەیە تاكی كرێكار و تاكی سەرمایەدار. كرێكارەكە كاردەكات بۆ سەرمایەدارەكە، لەم پرسەیەشدا قازانجی سەرمایەكە كەڵەكە دەكات و موچەیەك لە بەرامبەریدا وەردەگرێت. سەرمایەدارەكە كەی ویستی دەتوانێت نانبڕاوی بكات و ناشهێڵێت كەسی كرێكار كە خاوەنی ئەسڵیی بەرهەمەكەیە لە دابەشكردنی داهاتەكەدا بەشدار بێت. بۆ نمونە، قازانجی كۆمپانیایەك لە ساڵێكدا 100 ملیۆن دۆلار بێت، خۆ نایەت بە كرێكارەكانی بڵێت: چی لەم پارەیە بكەین؟ بیخەینە چی بوارێكەوە؟ بەڵكو بەپێی بەرژەوەندیی خۆی تەرخانی دەكات لە كاتێكدا خۆی كەمترین رۆڵی هەبووە لە دروستكردنیدا.

بۆیە لای ماركس چین هەیە نەك تاكی ئازاد. هەتا ئەم مۆدێلی بەرهەمهێنانەش هەبێت، واتە هەتا سەرمایەدار و كرێكار هەبن، ئێمە بەرژەوەندیی چینمان هەیە نەك تاك. لە سیستمێكیشدا چینی زۆرینەكان بۆ كەمینەكان كار بكەن، قەیران حەتمییە.  

ماركس لەوەدا لەسەر هەقە كە باسی دابەشبوونی كۆمەڵگەی كردووە بەسەر دوو چیندا و كاریگەریی ئەمەی لەسەر گەشە و قەیران روون كردۆتەوە، بەڵام موبالغەیە كە تەواوی كۆمەڵگە لە دوو چییندا كورت بكەیتەوە و هەموو شتێك لە كڵاورۆژنەیەوە ببینیت. 

پ/ ئایا ئەم تیۆرییانە چۆن بۆ خوێندنەوەی دۆخی ئابوریی هەرێمی كوردستان سودیان لێ دەبینین؟

تیۆری كلاسیك (لەناویاندا تیۆرییەكانی ئادەم سمیس) و كلاسیكی نوێ (لەناویاندا تیۆرییەكانی میڵتن فرەیدمان)، بەرچاوروونیمان دەكەن لەوەدا كە ئێمە خاوەنی حكومەتێكی گەورەین و تاك كەمترین رۆڵی پێ دراوە لەم ئابورییەدا. تاك زیاتر بەكاردەهێنرێت بۆ مەرامی سیاسی، نەك بۆ مەرامی ئابوریی. تاك بۆ خۆی ئازاد نییە بەڵكو دروست كراوە بۆ وەزیفەیەك كە بەر لە دایكبونی بڕیاری لەسەر دراوە. لەناو ئەو وەزیفانەدا، مەسەلەی نیشتیمانە. بڕوانە ووشەی “پێشمەرگە”. ئێمە ئەم وشەیەمان بۆ هەیە؟ چونكە تاك بوونی نییە. تاكی پێشمەرگە كەسێكە كە نابێت بۆ خۆی ژیانێكی باشی هەبێت، بەڵكو دەبێت “مەرگ” بخاتە “پێش خۆی” و بیكاتە قوربانیی نیشتمان. هەمان شتیش بۆ شەهید راستە. لەم دەستەواژانەدا، شتێك نییە ناوی تاك بێت، یان با بڵێین تاكی سەربەخۆ و پێگەیوو بوونی نییە، ئەوەی هەیە كەسێكە لە ئاستی كەلتورییدا یان وەزیفەی نان پەیداكردنە (مەبەستم پیاوانە) یان وەزیفەی ماڵدارییە (مەبەستم ژنانە). لە پرۆژەی سیاسییدا، بۆ خزمەتی نیشتمان لەدایك بووە. هاوتەریب بەم پرۆژەیەی ناسیۆنالیستەكان، پرۆژەی شوێنكەوتووانی ئایین هەیە بە بەرگ و شێوازی جیاوازەوە. بەشی زۆری ئەم ڤێرژنانەی ئایینیش تاك وەك مەخلوقێك سەیر دەكەن كە بۆ وەزیفەیەكی پێش وەخت بڕیارلەسەردراو هاتۆتە سەر زەوی. ئەو ئامرازێكە بۆ بڵاوبوونەوەی ئایین و بوونەوەرێكە لە تاقیگەی ئیلاهییدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت لەو تاقیكردنەوە ناڕەحەتانەی بۆی دانراوە دەردەچێت یان دەكەوێت. ئەگە ردەرچوو، ئەوا بەهەشتییە و ئەگەر كەوتیش ئەوا دۆزەخییە. تاك یان شەیتانە یان فریشتە. لە سۆشیالیزمدا، تاك ئامرازە بۆ روخاندنی سەرمایەداریی و دامەزراندنی سۆشیالیزم. (تێبینیی: لە هەموو ئەم پرۆژانەدا، مەبەستم لە ڤێرژنە كوردییەكەیەتی كە تا ئێستا ئەپدەیت نەكراونەتەوە!).

هەر مەزهەبێك دەهێنیتە ناو ئەم كۆمەڵگەیانەوە، لەوەدا كۆكن كە تاك ئامرازە، ئامانج نییە. ئەو بۆ خۆی مافی ژیانی نییە بەڵكو دەبێت بۆ شتێكی دیكەی دەرەوەی خۆی بژی. لە تەواوی ئەم مەزهەبانەدا، تاك مەخلوقێكی عەقڵانییە تەنها كاتێك كە بتوانێت شتێك بڕوخێنێت و لە جێیدا ئامانجی مەزهەبەكە بهێنێتەدی.

ئەم مەخلوقە هێشتا فێرنەكراوە پاشەكەوت بكات، بیرۆكەی نوێ بهێنێت، چارەسەر بۆ كێشەی خۆی و كۆمەڵگەكەی بدۆزێتەوە. ئەوەی لەسەریەتی بەخشینی ژیانێتی بە شۆڕش و نیشتمان و ئەودونیا.

پ/ ئایا ئەتوانم بڵێم تۆ رات وایە دەبێت تاك تا دوا ئەندازە ئازاد بكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرێت ئەوا ئابوریی دەكەوێتە قەیرانەوە؟

نا، من وا ناڵێم. لای كەم لە ئابوریناسی بەریتانیی جۆن ماینارد كینزەوە ئەوە یەكلابۆتەوە كە دەبێت لەوە بترسین ئابوریی بەبێ پلانی هاوبەش و رۆڵی حكومەت توشی قەیرانی قوڵ دەبێت. زۆربەی ئابورییناسان، لەوانە دۆگڵاس نۆرس و ئەمارتییە سێن، باسی ئەوە دەكەن كە نابێت تاك وەك ئامراز سەیر بكەین گوایە ئەركێتی گەشەی ئابوریی بۆ كۆمەڵگە بهێنێت و نیشتمان رزگار بكات و شەیتان لەناو ببات، بەڵكو خۆی ئامانجە و پێویستە ژیانێكی شایستە بژی. بەڵام ئەوەش لە یاد ناكەین كە دەبێت سنوری هەبێت، دەنا ژینگە پیس دەكات، خۆی و كۆمەڵگەش لە پێناوی پارە و قازانجدا بە چەندین شێوە زیان پێ دەگەیەنێت، وەزیفەی ئینسانیی خۆیشی تێك دەدات. بۆیە راگرتنی هاوسەنگیی لە نێوان بەرژەوەندیی تایبەتیی و گشتییدا گرنگە.